هاوڵاتی سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رایگەیاند پێیان وایە بە بەراورد بە گەڕی یەکەم، ئەنجامی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار زووتر رادەگەیەندرێت. ئەحمەد یەنەر سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا دوای دەنگدانی وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە و رایگەیاند: هاووڵاتییان هاوشێوەی گەڕی یەکەم، لەگەڕی دووەمیشدا چ لە دەرەوەی وڵات و چ لە ناوخۆ بە گرنگییەکی زۆرەوە بەشدارییان هەڵبژاردنەکاندا کردووە. وتیشی: "هیوادارم ئەنجامەکان ببنە خێر و خۆشی بۆ گەل و دیموکراسیی تورکیا و پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکانمان، هەڵبژاردنەکانمان تا ئێستا بەبێ هیچ کێشە و گرفتێک بەڕێوە دەچێت، دووبارە هیوای بەختێکی باش بۆ خەڵکی تورکیا دەخوازم". سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان وتی: "وەک دەزانرێت هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار بە بەشداریی کاندیدانی سەرکۆمار و 24 پارتی سیاسیی بەڕێوەچوو، بەو پێیەی لەم هەڵبژاردنەدا تەنها کاندیدەکانی سەرکۆمار کێبڕکێ دەکەن، پێمان وایە زووتر ئەنجامەکان رادەگەیەندرێت".

هاوڵاتی لە ناوچەی کانیا خەزالان-ی پارێزگای روحای باکوری کوردستان، لایەنگرانی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر چاودێرانی سندوقەکانی دەنگدان کە رێگەیان نەداوە بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. بەگوێرەی دیمەنێکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و مالپەڕە هەواڵییەکانی باکوری کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک لایەنگری پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار لە ناوچەی کانیا خەزالانی روحا هەوڵیانداوە بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. چاودێرانی پارتە سیاسیەکانیش رێگەیان لەم خروقاتە گرتووە و بۆیەش لەنێوانیاندا ئاڵۆزی دروست بووە. باسی ئەوە دەکرێت کە لە ناوچەی ئەیوبیەی روحاش لایەنگرانی ئاکەپە هەوڵیانداوە بە کۆمەڵ دەنگ بدەن، بەڵام لەو کاتەدا عەلی شەکەر پەرلەمانتاری جەهەپە لەوێ بووە و چاودێری سندوقەکانی دەنگدانی کردووە و هەوڵیداوە رێگری بکات، بەڵام لایەنگرانی ئاکەپە هێرشیان کردووەتە سەری.  

هاوڵاتی سەلاحەدین دەمیرتاش داوای لە هاوڵاتیانی تورکیا کرد ئەمڕۆ بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و هاوسەرۆکی هەدەپەش دەڵێت، بڕوایان وایە سبەینێ رۆژێکی نوێ دەبێت. خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئەمڕۆ دەستی پێکرد. پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتی گەلان هاوشێوەی خولی یەکەمی هەڵبژاردن کە ١٤ی ئایار بەڕیوەچوو، پشتگیری لە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەکەن. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە حەوت ساڵە لە زینداندایە لە تویتێکدا بە رستەیەک باسی لە پرۆسەی دەنگدان کرد. سەلاحەدین لە تویتەکەیدا وتی، " تکایە مافی دەنگدانتان بەکار بهێنن." لەلایەکی دیکەوە میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە کە لە ئەنقەرە دەنگیدا رایگەیاند کە تورکیا لە قۆناغێکی مێژووییدایە. سانجار کە بۆ رۆژنامەنووسان قسەی کرد ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە هاوشێوەی چاودێران، هەموو هاوڵاتیەک ئاگاداری دەنگەکەی بێت و بیپارێزێت .  وتیشی، " تاوەکو هەڵبژاردن کۆتایی دێت و ژماردنی دەنگەکان تەواو دەبێت، پێویستە چاودێری بکرێت و دەنگەکان بپارێزرێن. ئێمە بۆ داهاتوویەکی رۆناک ئەرکی سەرشانمان جێبەجێ کردووە. بڕوامان وایە سبەینێ رۆژێکی جیاواز دەبێت."

هاوڵاتی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئەمڕۆ کاتژمێر هەشتی بەیانی دەستی پێکردووە و تاوەکو پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش حەوت رێوشوێن و رێنمایی راگەیاندووە. رێنماییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تورکیا بەم شێوەیەیە: ئەمڕۆ فرۆشتنی هەموو جۆرە خواردنەوەیەکی کحولی تاوەکو 12ی شەو قەدەغەیە. ئەمڕۆ هەموو قاوەخانە، کافێ و شوێنە گشتیەکان دادەخرێن. هۆڵی زەماوەند و ئاهەنگەکان دوای کاتژمێر شەشی ئێوارە دەکرێنەوە. جگە لە هێزە ئەمنیەکان، کەس بۆی نییە چەک هەڵبگرێت. بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەکو کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو قەدەغەیە. تاوەکو هەموو سندوقەکان نەکرێنەوە نابێت هیچ هەواڵ و زانیاریەکی جیاواز بڵاوبکرێنەوە. ئەمڕۆ لەنێوان کاتژمێر شەش و بۆ نۆی شەو تەنیا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا زانیاری بڵاودەکاتەوە. دوای کاتژمێر نۆی شەو قەدەغەی سەر ڕۆماڵ و هەواڵ هەڵدەگیرێت.

پێکدادان لە سنورێکی نێوان ئەفغانستان و ئێران رویدا و پۆلیس رایگەیاند چوار کوژراو و برینداری لێکەوتوەتەوە و رەتی دەکاتەوە موشەکی دژی تاڵیبان بەکارهێنابێت. میدیای فەرمی ئێران بڵاوی کردوە؛ ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 10:00 ی پێش نیوەڕەو لە سنوری ساسولی لە شاری زابول سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان پێکدادان لە نێوان پاسەوانانی سنور و چەکدارانی تاڵیبان رویداوە کە بەهۆیەوە دوو پاسەوان کوژراون و دوو پاسەوانی دیکە برینداربون. میداکانی ئەفغانستان کوژرانی هیچ چەکداراێکی تاڵیبانیان پشتڕاست نەکردوەتەوە بەڵام ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئێران موشەکی دژی چەکدارانی تاڵیبان بەکارهێناوە. ناوەندی فەرماندەیی سەر بە پۆلیسی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردوە کە تاڵیبان بە چڕی تەقەی لە بنکەی پاسەوانانی سنور لە ساسولی کردوە و موشەکیش دژی ئەو چەکدارانە بەکارنەهێنراوە. بە پێی راگەیەنراوەکە ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی پۆلیسی ئێران فەرمانی کردوە بە توندترین شێوە وەڵامی هەر چەکدار و هێزێک بدرێتەوە کە هێرش دەکاتە سەر سنوری وڵاتەکە بە تایبەت لە سنورەکانیان لەگەڵ ئەفغانستان. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و تاڵیبان لەسەر ئاو و گومرگی سنورەکانی نێوانیان گرژییان بەخۆیەوە بینیوە و چەند جارێک پێکدادان لە سنورەکانیاندا رویداوە.

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی سوودان داوای لە کارمەندە سەربازییە خانەنشینکراوەکانی وڵاتەکە کرد بە مەبەستی پڕچەککردنیان بۆ پاراستنی ژیانیان سەردانی نزیکترین ناوەندی سەربازیی بکەن. لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە پێکدادان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای نیمچە سەربازی لە وڵاتەکە بەردەوامە. وەزیر بەرگریی سوودان، یاسین ئیبراهیم لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمی دەوڵەت گوتی: " پێشێلکردنی ئاگربەستە مرۆییەکە و هێرشکردنە سەر چەند دامەزراوەیەک لەلایەن هێزە بەرهەڵستکارەکانەوە بەردەوامە". یاسین ئیبراهیم هێزەکانی پشتیوانیی خێرای بە سووکایەتیکردن بە کەسایەتییە دیارەکانی نزیک لە دەوڵەت و دەستبەسەرکردنی کارمەندە خانەنشینکراوەکانی سوپا تۆمەتبار کرد و گوتی: "داوا لە سەرجەم ئەفسەر، پلەدار، سەربازی خانەنشینکراوی سوپا و هەموو ئەوانەی کە دەستیان چەک دەگرێت دەکەین بۆ پاراستنی خۆیان، خێزانیان، دراوسێکانیان و ئابڕویان بە مەبەستی پڕچەککردن سەردانی نزیکترین ناوەندی سەربازی بکەن". پارتی کۆمۆنیستی سوودان ئەوەی راگەیاند کە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە گەڕەکی دووی خەرتوومی پایتەخت هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوەندی گشتیی پارتەکە و هەندێک پێداویستییان تاڵان کردووە و زیانێکی جیددیان بە ناوەندەکە گەیاندووە.

هاوڵاتی ژمارەی دانیشتوانی ئێران لەمانگی پێنجی ئەمساڵدا بۆ زیاتر لە 85 ملیۆن کەس زیادیکرد بەڵام ئەوە لەجیاتی ببێتە مایە دڵخۆشیی بووەتە جێگەی مەترسیی، چونکە گەشەی ئەو کۆمەڵگەیە بەردەوامە لە کەمکردن و بەوتەی شارەزایانیش کۆمەڵگە بەرەو نوقمبوون لەپیریدا هەنگاو دەنێت. محەمەد تەباتەبایی، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران رایگەیاند؛ گەشەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە لە 3.9% لەساڵی 1986 بۆ 0.6% لەساڵی 2021 دابەزیوەو خواستی وەچەخستنەوە لەناو خێزانەکاندا کەمبووەتەوە. بەوتەی تەباتەبایی، ژمارەی ئێستای دانیشتوانی وڵاتەکەی  زیاترە لە 85 ملیۆن کەسە و ئەگەر وەچەخستنەوەو گەشەی ژمارەی دانیشتوان لەڕێژەی ئێستادا بمێنێتەوە ئەوا کۆمەڵگەی وڵاتەکە رووبەڕووی پیربوونی خێرا دەبێتەوە. لەئامارەکاندا دەرکەوتووە رێژەی گەشەی ژمارەی دانیشتوانی ئێران لەسەرجەم وڵاتانی رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا کەمترەو لە 20 ساڵی داهاتوودا گەشەی وڵاتەکە بۆ ژێر سفر دادەبەزێت کەمەترسیدارە. بەپێی پیشبینییەکانی جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان؛ لەساڵی 2050 رێژەی 30% کۆمەلگەی ئێران دەچێتە قۆناغی پیری و بەساڵاچوونەوەو لەهەرسێ دانیشتوی وڵاتەکە، کەسێک بەساڵاچوو دەبێت. لەتووێژینەوەدا دەرکەوتووە زۆربەی خێزانەکانی دانیشتوی ئێران بەهۆی دڵنیانەبوون لەداهاتووی منداڵەکانیان لەدۆخی ناسەقامگیری ئابورییدا خواستی وەچەخستنەوەیان نییەو هاوکات ژمارەی کەمتری منداڵ بەگونجاوتر دەزانن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دوو راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی تورکیا بڵاوکرانەوە و بەگوێرەی راپرسیەکیان ئەردۆغان و بەگوێرەی راپرسیەکەی دیکە کلچدارئۆغلۆ سەردەکەوێت. خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا سبەینی ٢٨ی ئایار بەڕێوە دەچێت و دەنگدەران کاتژمێر هەشتی بەیانی دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و پێنجی ئێوارە هەڵبژاردنەکە کۆتایی دێت. راپرسیەک لەلایەن کۆمپانیای بەتیمارەوە ئەنجامدراوە کە تایبەتە بە لێکۆلینەوە و راپرسیەکان و بەگوێرەی راپرسیەکە ئەردۆگان 52.19٪ی دەنگەکان و کەمال کلچدارئۆغلۆش 47.81٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ ی) راپرسیەکی بڵاوکردەوە کە ٦ هەزار و ٦٠١ کەس بەشداریان تێیدا کردووە. بەگوێرەی راپرسیەکە، کلچدارئۆغلۆ 51.4٪ی دەنگەکان و ئەردۆغانیش 48.6٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنن.

دوای ئەوەی عێراق ناڕەزایەتیی دژی کەمکردنەوەی غازی ئێران دەربڕی، تاران دەڵێت هۆکارەی کەمکردنەکە کێشەی تەکنیکییە. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی کردەوە بەهۆی ئەوەی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق 20 ملیۆن مەتر سێجا کەمی کردوە بڕیارە وەفدێکی عێراق سەردانی تاران بکات. دوێنێ هەینی فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ناڕەزایەتیی وڵاتەکەی بە حسێن ئەمیرعەبدوڵاههیان، وەزیری دەرەوەی ئێران راگەیاندوە. ئێران رایگەیاندوە هۆکاری کەمبونەوەی هەناردەی غاز کێشەی تەکنیکییە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدرێت. رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە؛ قەرزەکانی عێراق بۆ ئێران بە 18 ملیارد دۆلار دەخەمڵێنرێت کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا ناتوانێرێت رادەستی ئێران بکرێت و ئەوەش وای کردوە هەناردەی غاز کەم بکرێتەوە. عێراق رۆژانە 49 بۆ 50 ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات و لە ساڵێکدا بە بەهای نزیکەی چوار ملیارد دۆلار غاز و کارەبا لەو وڵاتە دەکڕێت. پێشتر مەجید چگێنی، راوێژکاری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری غاز رایگەیاندبو بڕیارە گرێبەستی فرۆشتنی غاز بۆ عێراق نوێ بکرێتەوە بەڵام ئەو وڵاتە هەشت ملیارد یۆرۆ پارەی غازی ئێران قەرزدارە و لەگەڵ یەکلاییبونەوەی چۆنیەتی گەڕانەوەی ئەو قەرزانە، گرێبەستەکە نوێ دەکرێتەوە.  

هاوڵاتی سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا سەربازانی ئەمریکا و پەکەکە و پەیەدە لە سوریا و عێراق دەردەکەن. سولیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی ئایاردا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە تورکیا وڵاتێک نییە کە بە فەرمانی هیچ کەس و وڵاتێک بجووڵێتەوە و رەخنەی لە ئەمریکا گرت کە دەیەوێت لە سوریا دەوڵەتی کوردی دروست بکات کە وەک (دەوڵەتی تیرۆر) ناوی هێناوە. سۆیلو دەڵێت، " ئەو قسانەی کە دەڵێن، پێویستە سەربازانی تورکیا لە عێراق و سوریا بکشێنەوە، قسەی ئەمریکایە. ئەمریکا بە هەزاران بارهەڵگر دەنێرێتە سوریا. ئێمە باش دەزانین کە ئەوانەی لەدژی ئێمە شەڕ دەکەن پەکەکە و پەیەدە نین. باش دەزانین کە ئەمریکا هەیە." وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوکرد کە لە ماوەی ٥ ساڵی رابردوودا هیچ سەربازێکی ئەمریکا و هیچ پەکەکە و پەیەدەیەک لە سوریا و عێرق ناهێڵین. شایەنی باسە، ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی ئاکەپە لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکاندا، زۆر بە توندی دژی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا قسە دەکەن و دەڵێن، ئەو وڵاتانە پشتگیری لە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەکەن و دەیانەوێت تورکیا دابەش بکەن.

هاوڵاتی ناوەندی چاودێریی کۆچ لەئێران ئاشکرای کردووە؛ ساڵانە 86 هەزار کەس کەوڵاتەکەیان جێهێشتوە داوای مافی مانەوەو پەنابەرییان لەئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا کردووەو رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ بۆ دەرەوەی وڵات 75% بەرزبووەتەوە. محەمەد موقیمی، سەرۆکی زانکۆی تاران بە رۆژنامەی (خوراسان) لەوڵاتەکەی راگەیاندووە؛ شێوازی پەروەردەکردنی خوێندکارانی زانکۆ لەئێران لەئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەلی کاری گونجاو رێژەی کۆچی خوێندکاران و بەتایبەت دەستەبژێرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بووە. بەوتەی موقیمی: رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران لە 20 ساڵی رابردوودا 75% بەرزبووەتەوەو لەساڵی 2000 نزیکەی 17 هەزار خوێندکاری زانکۆ وڵاتەکەیان جێهێشتووەو لەساڵی 2020 ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوەو زیاتر لە 66 هەزار خوێندکاری وڵاتەکە کۆچیان کردووەو ئەوەش وادەکات سەرمایەو هێزی مرۆیی لەئێران زۆر کەم ببێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری تورکیا تەنها ساڵی 2021 زیاتر لە 80 هەزار هاوڵاتیی ئێران بۆ ئەو وڵاتە کۆچیان کردووە. چاودێریی کۆچ لەئێران ئەوەی خستووەتەڕوو کەسەرەڕای خوێندکاران  73%ی پزیشکانی و پەرستارانی ئەو وڵاتە خواستی کۆچیان هەیەو هاوشانی ئەوانیش زیاتر لە 60%ی مامۆستایانی زانکۆ دەیانەوێت کۆچ بکەن بەرەو وڵاتانی رۆژئاواو دەرکەوتووە 59% خوێندکارانی زانکۆ، 69%ی مامۆستایانی زانکۆ تەنها بەهۆی دۆخی ئابورییەوە دەیانەوێت ئێران جێبهێڵن و بەرەو وڵاتانی دیکە کۆچ بکەن. بەهۆی کوچ و جێهێشتنی وڵاتەوە ئێران رووبەڕووی کێشەی کەمیی پەرەستار بووەتەوەو رۆژنامەی (دنیای ئیقتیساد) لەئێران بڵاویکردووەتەوە ؛ وڵاتەکە پێویستی بە 70 هەزار پەرستار هەیەو حکومەت رازیی بووە بەدامەزراندنی 25 هەزار پەرستار، بەڵام کەمترین خواست و  داواکاریی بۆ دامەزراندن پێشەکەشدەکرێت. کۆچی پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستیی لەساڵی رابردودا دوو هێندە بەرزبووەتەوە و نزیکەی 10 هەزار پزیشک ئێرانیان بەمەبەستی کۆچ و کارکردن لەوڵاتانی دەرەوە جێهێشتووەو تەنها لەیەک ساڵدا نزیکەی 30 هەزار پەرەستارو خوێندکاری بواری تەندروستیی وڵاتەکە روویان لەوڵاتانی کەنداوو ئەمریکاو ئەوروپا و کازاخستان و هەولێر لەهەرێمی کوردستان کردووە.

هاوڵاتی كۆمپانیای سۆدەڤ كە لەبواری لێكۆڵینەوەو راپرسی كاردەكات، راپرسیەكی لەنێو ئەو كەسانەدا ئەنجامدا كە لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا دەنگیان بە سینان ئۆغان داوە. كۆمپانیای سۆدەڤ ئاماژەی بەوەكرد كەپرسیار لەهەزارو 906 دەنگدەری پێشووی سینان ئۆغان كراوە كە لەخولی دووەمدا دەنگ بەكام كاندید دەدەن؟ ئەنجامەكەی بەم شێوەیە بووە: كلیچدار ئۆغلۆ ٤٠%، ئەردۆغان ٢٢.١%، دەنگ نادەم ٢٨.٦% و ٤.٣ی دەنگدەرانی پێشووی ئۆغانیش خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە. هەروەها لەزۆربەی ئەو راپرسیانەی كە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بەرەوڕوو لەشەقامەكاندا ئەنجامدەدرێن، هاووڵاتیانی توركیا رەخنەی توند لە سینان ئۆغان دەگرن، بەهۆی ئەوەی پشتگیری لە ئەردۆغان كردووە. ماڵپەڕی ئارتی گەرچەكی نزیك لەهەدەپەش لەهەواڵێكی رایگەیاند، تەنیا لەتویتەردا زیاتر لە ٦٠ هەزار كەس، وەك كاردانەوەیەك لاپەڕەی تایبەتی ئۆغانیان ئەن فۆڵۆ كردووە. پارتی چەپی سەوز جەخت لەسەر دەنگدان بەكلیچدار ئۆغلۆ دەكاتەوەو دەڵێن هیوایان هەیە پەرلەمانتارێكی هەدەپە بۆ هاوڵاتی ئەوە ئاشكرادەكات كەژمارەی كورسیەكانی پارتی چەپی سەوز بۆ 65 كورسی لەپەرلەمانی توركیا بەرزبووەتەوە، هاوكات هەڵوێستی خۆیان دووپاتدەكەنەوە كە لەخولی دووەمیشدا دەنگ بە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ دەدەن بۆ سەرۆكایەتی توركیا. حەسەن ئوزگونەش پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە پارتەكەی لەسەر پارتی ناوی پارتی چەپی سەوز بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بەشدارییان كرد، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا بەهۆی ئەو سكاڵایانەی پارتی چەپی سەوز كردوونی، ژمارەی كورسیەكانی بەرزبووەتەوە بۆ 65 كورسی». وتیشی:» تائێستا سوورین لەسەر ئەوەی دەنگ بە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بدەین بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا». سەبارەت بەو هەواڵەی گوایە جەهەپە داوای لە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كەئێستا لەزیندانە كردووە ریكلام بۆ كلیچدار ئۆغلۆ نەكات، پەرلەمانتارەكەی هەدەپە رەتیكردەوەو وتی:»ئەوە بانگەشەی ئاكپارتییەو بەهیچ شێوەیەك راست نییە». بەوتەی حەسەن ئوزگونەش پارتی چەپی سەوز تانەی لە 193 هەزار سندوقی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا داوەو چاوەڕێی ئەنجامەكەیەتی، ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت « ژمارەیەك پارتی دیكە پشتیوانی خۆیان بۆ كلیچدار ئۆغلۆ راگەیاندووەو ئامادەن لەخولی دووەمدا دەنگی پێبدەن، ئەمەش رەنگە ئەنجامەكە بگۆڕێت».    

هاوڵاتی بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی سى ئێن بی سى ئەمریکی، هۆکاری سەرەکی لەپشت هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێم خودی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیایە. وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان پەیوەستە بە ئەنجامی خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیاوە. ئاژانسی (سی ئێن بی سی) ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە بۆ بازاڕەکانی جیھان کە لە ٢٥ ئاداری ئەمساڵەوە راگیراوە و رۆژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل بووە، تائێستا بەھۆی خەمساردی حکومەتی تورکیاوە دەستیپێنەکردووە و خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەش کە ١٤ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، ھۆکارێکی سەرەکی دەستپێنەکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانە. راشیگەیاندووە، بیانووەکەی تورکیا کە بریتییە لە پشکنینی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت نەک بەھۆی بومەلەرزەکەی چەند مانگی رابردوو زیانی بەرکەوتبێت، بیانوویەکی زۆر لاوازە، بەڵکو راستییەکەی ئەوەیە ئەنجامی خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا وادەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە دیاری دەکات و ھۆکارە سەرەکییەش خودی رەجەب تەیب ئەردۆغانە.

هاوڵاتی  گەشەی کۆمەڵگەی ئێران بۆ کەمترین ئاستی زیاتر لە 30 دادەبەزێت و وەزیری تەندروستیی وڵاتەکەش دەڵێت: زەنگی مەترسیی لەسەر کۆمەڵگە لێدراوەو بەرپرسێکیش دەڵێت چارەسەری ئەو قەیرانە پێویستی بە 150 ساڵ زیاترە. ئەمیرحسێن بانکی پور، سەرۆکی دەستەی یاسا لەپەرلەمانی ئێران هۆشدارییداوە کەژمارەی گەنج و لاوی وڵاتەکە زۆر کەمیکردووەو دەبێت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە رێژەی وەچەخستنەوە لەپێنج ساڵدا بۆ هەر خێزانێک بگاتە زیاتر لەدوو منداڵ. سەرەڕای قەیرانە ئابورییەکان، کەمبوونەوەی رێژەی هاوسەرگریی بۆ نزیکەی نیوەو  نەزۆکی و لەباربردنی کۆرپەلەو کێشەی شوێنی نیشتەجێبوون بەهۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی گەشەی کۆمەڵگەی ئێران لەقەڵەمدەدرێت کەدەوترێت بەرەو هەڵدێر دەڕوات و پیریی بەرۆکی گرتووە. بەوتەی بەهرام عەینوڵڵاهی، وەزیری تەندروستیی ئێران گەورەترین ئاستەنگی سەدە لەئێستادا کەقەیرانی مەترسیداری پیربوونی کۆمەڵگەی وڵاتەکەمانە. ئاستی مەترسییەکانی ئەو قەیرانە وایکرد تەنانەت عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم دامەزراوەکانی وڵاتەکەی بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە راسپاردو داوای هاوسەرگیریی  و وەچەخستنەوەی لەگەنجان و لاوان کرد. لەساڵی 1970 گەشەی کۆمەڵگەی ئێران زیاتر بووە لە 3% و لەساڵی 2016 زیاتر بووە لە 1% ، بەڵام دەرکەوتووە ئەو رێژەیە لەئێستادا بۆ کەمتر لە 07% کەمیکردووە کەئەوەش وایکردووە کۆمەڵگە گیرۆدەی ناهاوسەنگیی نێوان نەوەی گەنج و پیر بووەتەوە.   گەشەی ئێران بەرەو نوقمبوون ژمارەی دانیشتوانی ئێران لەمانگی پێنجی ئەمساڵدا بۆ زیاتر لە 85 ملیۆن کەس زیادیکرد بەڵام ئەوە لەجیاتی ببێتە مایە دڵخۆشیی بووەتە جێگەی مەترسیی، چونکە گەشەی ئەو کۆمەڵگەیە بەردەوامە لە کەمکردن و بەوتەی شارەزایانیش کۆمەڵگە بەرەو نوقمبوون لەپیریدا هەنگاو دەنێت. محەمەد تەباتەبایی، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران رایگەیاند؛ گەشەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە لە 3.9% لەساڵی 1986 بۆ 0.6% لەساڵی 2021 دابەزیوەو خواستی وەچەخستنەوە لەناو خێزانەکاندا کەمبووەتەوە. بەوتەی تەباتەبایی، ژمارەی ئێستای دانیشتوانی وڵاتەکەی  زیاترە لە 85 ملیۆن کەسە و ئەگەر وەچەخستنەوەو گەشەی ژمارەی دانیشتوان لەڕێژەی ئێستادا بمێنێتەوە ئەوا کۆمەڵگەی وڵاتەکە رووبەڕووی پیربوونی خێرا دەبێتەوە. لەئامارەکاندا دەرکەوتووە رێژەی گەشەی ژمارەی دانیشتوانی ئێران لەسەرجەم وڵاتانی رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا کەمترەو لە 20 ساڵی داهاتوودا گەشەی وڵاتەکە بۆ ژێر سفر دادەبەزێت کەمەترسیدارە. بەپێی پیشبینییەکانی جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان؛ لەساڵی 2050 رێژەی 30% کۆمەلگەی ئێران دەچێتە قۆناغی پیری و بەساڵاچوونەوەو لەهەرسێ دانیشتوی وڵاتەکە، کەسێک بەساڵاچوو دەبێت. لەتووێژینەوەدا دەرکەوتووە زۆربەی خێزانەکانی دانیشتوی ئێران بەهۆی دڵنیانەبوون لەداهاتووی منداڵەکانیان لەدۆخی ناسەقامگیری ئابورییدا خواستی وەچەخستنەوەیان نییەو هاوکات ژمارەی کەمتری منداڵ بەگونجاوتر دەزانن.   نەزۆکیی هاوژینەکان رێژەی ئەو هاوسەرو هاوژینانەی لەئێران منداڵیان نابێت و نەزۆکن بەرزبووەتەوە کە ئەو بەرزبوونەوەیە زۆرترە لەستانداردو پێوەرە جیهانییەکان. لەبنکۆڵکارییەکان و تووێژینەوەکاندا دەرکەوتووە رێژەی 20.3%ی هاوسەرەکان لەوڵاتەکە توانای منداڵبوون و وەچەخستنەوەیان نییەو لەئێستادا سێ ملیۆن و 260 هەزار کەس لەئێران توانای وەچەخستنەوەیان نییەو نەزۆکن. بەوتەی تەباتەبایی رێژەو ژمارەی کەسانی نەزۆک لەئێران بەراورد بەوڵاتانی دیکەو ستانداردی جیهانی زۆر زیاترە، روونیکردووەتەوە کەساڵانە نزیکەی 88 هەزار کەس بەژمارەی کەسانی نەزۆک لەئێران زیاد دەبێت، ئەو هۆشدارییداوە کەئەگەر وەچەخستنەوە بەشێوەی ئێستا کەم بێت ئەوا کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە رووبەڕووی قەیرانی گەشە دەبێتەوە.   لەباربردنی کۆرپەلە کۆڵەکەی کۆمەڵگە سست دەکات فاتیمە محەمەد بەیگی ئەندامی دەستەی تەندروستی و دەرمان لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە ساڵانە 250 بۆ 650 هەزار کۆرپەلە لەوڵاتەکە لەباردەبرێت و 85%ی ئەو لەباربردنانە لەڕێگەی خێزان و بەهاندانی دایک و باوک و لەژێر کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدەرمانی قاچاخ و نایاسایی دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە سلێمان حەیدەری بەڕێوەبەڕی گشتی چاودێریی دەرمان سەر بەوەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند؛ بەهۆکاری پزیشکی و تەندروستی، ساڵانە 10 هەزار کۆرپەلە لەوڵاتەکە لەباردەبرێن و ژمارەیەکی زۆریش بەنایاسایی و ناتەندروست لەباردەبرێن. بەوتەی حەیدەری لەباربردنی کۆرپەلە بەشێوەیەکی نایاسایی و ناتەندروست لەماڵەکان و لەشوێنی نهێنی و لەڕێگەی دەرمانی خوێنبەربوونەوە لەئێران ئەنجامدەدرێت  کەنزیکەی 70 بۆ 80% لەباربردنەکانی کۆرپەلەکان بەشێوەی نایاسایی و بەبێ بوونی پزیشکی پسپۆڕو لەدەرەوەی کلینیکە پزیشکییەکان و نەخۆشخانەکان ئەنجامدەدرێت. ئامارە فەرمییەکانی ئێران دەریدەخەن جگە لە لەباربردنی یاسایی و رێگەپێدراو لانیکەم ساڵانە نزیکەی 370 هەزار بۆ 530 هەزار کۆرپە بەشێوازی جیاوازو بەنایاسایی لەباردەبرێن.   گەنجان و پزیشکان کۆچ دەکەن ناوەندی چاودێریی کۆچ لەئێران ئاشکرای کردووە؛ ساڵانە 86 هەزار کەس کەوڵاتەکەیان جێهێشتوە داوای مافی مانەوەو پەنابەرییان لەئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا کردووەو رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ بۆ دەرەوەی وڵات 75% بەرزبووەتەوە. محەمەد موقیمی، سەرۆکی زانکۆی تاران بە رۆژنامەی (خوراسان) لەوڵاتەکەی راگەیاندووە؛ شێوازی پەروەردەکردنی خوێندکارانی زانکۆ لەئێران لەئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەلی کاری گونجاو رێژەی کۆچی خوێندکاران و بەتایبەت دەستەبژێرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بووە. بەوتەی موقیمی: رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران لە 20 ساڵی رابردوودا 75% بەرزبووەتەوەو لەساڵی 2000 نزیکەی 17 هەزار خوێندکاری زانکۆ وڵاتەکەیان جێهێشتووەو لەساڵی 2020 ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوەو زیاتر لە 66 هەزار خوێندکاری وڵاتەکە کۆچیان کردووەو ئەوەش وادەکات سەرمایەو هێزی مرۆیی لەئێران زۆر کەم ببێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری تورکیا تەنها ساڵی 2021 زیاتر لە 80 هەزار هاوڵاتیی ئێران بۆ ئەو وڵاتە کۆچیان کردووە. چاودێریی کۆچ لەئێران ئەوەی خستووەتەڕوو کەسەرەڕای خوێندکاران  73%ی پزیشکانی و پەرستارانی ئەو وڵاتە خواستی کۆچیان هەیەو هاوشانی ئەوانیش زیاتر لە 60%ی مامۆستایانی زانکۆ دەیانەوێت کۆچ بکەن بەرەو وڵاتانی رۆژئاواو دەرکەوتووە 59% خوێندکارانی زانکۆ، 69%ی مامۆستایانی زانکۆ تەنها بەهۆی دۆخی ئابورییەوە دەیانەوێت ئێران جێبهێڵن و بەرەو وڵاتانی دیکە کۆچ بکەن. بەهۆی کوچ و جێهێشتنی وڵاتەوە ئێران رووبەڕووی کێشەی کەمیی پەرەستار بووەتەوەو رۆژنامەی (دنیای ئیقتیساد) لەئێران بڵاویکردووەتەوە ؛ وڵاتەکە پێویستی بە 70 هەزار پەرستار هەیەو حکومەت رازیی بووە بەدامەزراندنی 25 هەزار پەرستار، بەڵام کەمترین خواست و  داواکاریی بۆ دامەزراندن پێشەکەشدەکرێت. کۆچی پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستیی لەساڵی رابردودا دوو هێندە بەرزبووەتەوە و نزیکەی 10 هەزار پزیشک ئێرانیان بەمەبەستی کۆچ و کارکردن لەوڵاتانی دەرەوە جێهێشتووەو تەنها لەیەک ساڵدا نزیکەی 30 هەزار پەرەستارو خوێندکاری بواری تەندروستیی وڵاتەکە روویان لەوڵاتانی کەنداوو ئەمریکاو ئەوروپا و کازاخستان و هەولێر لەهەرێمی کوردستان کردووە. هەژاریی مەیلی وەچەخستنی نەهێشتووە هێڵی هەژاریی ئێران لە 18 ملیۆن تمەن کەدەکاتە 320 دۆلار بۆ 21 ملیۆن کەدەکاتە نزیکەی 380 دۆلار بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا نێوەنجی موچەی کرێکارێک هەشت ملیۆن تمەنە کەدەگاتە نزیکەی 140 دۆلار. هەر خێزانێکی دانیشتوی ئێران ئەگەر داهاتی لە 380 دۆلار کەمتر بێت لەهێڵی هەژاریدا دەژیت و بەوپێیە زیاتر لە 75%ی دانیشوانی وڵاتەکە بەهەژار ئەژمار دەکرێن. فەرامەرز تۆفیقی، چالاکوانی کرێکاریی و نوێنەری پێشووی کرێکاران لەئەنجومەنی باڵای کار لەئێران رایگەیاند؛ حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە تەنها بەڕێژەی 27% موچەی کرێکارانی بەرزکردووەتەوە لەکاتێکدا هەڵاوسانی ئابوریی زیاتر لە 50% بەرزبووەتەوە، بۆیە بەهۆی کەمیی داهاتەوە گۆشتی سور لەسەر سفرەی خێزانی کرێکاران و زۆربەی موچەخۆراندا نەماوەو توانای کڕین بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بەهۆی دابەزینی رۆژانەی بەهای تمەن هێڵی هەژاریی لە 15 ملیۆن تمەنەوە بۆ 21 ملیۆن تمەن بەرزبووەتەوە و بەپێی ئامارێکی نێودەوڵەتی لەکۆی نزیکەی 85 ملیۆن دانیشتوی ئێران زیاتر لە 60 ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و تەنانەت بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و پێدوایستییەکانی ژیان وایکردووە کەبانکی جیهانی هۆشداریی بدەدات لەدۆخی هەڵاوسان. بانکی جیهانی لەنوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاویکردەوە؛ ئێران لەڕیزبەندی ئەو 10 وڵاتی جیهانەیە کەزۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک تۆماردەکات و هەڵاوسان بەردەوامە لەبەرزبوونەوە و هەڵاوسانی ئابوریی تایبەت بەبەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لەوڵاتەکە گەیشتووەتە 73% و بەوەش چوارەم وڵاتی جیهانە دوای لوبنان و ئەرجەنتین و زیمبابوێ کەزۆرترین هەڵاوسانی تۆمارکردووە. لەلایەکی دیکەوە پێگەی (تجارەت نیوز) بڵاویکردووەتەوە؛ هەڵاوسانی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لەئێران گەیشتووەتە 78% کەئەوە ژمارەیەکی پێوانەییە لەمێژووی ئابوریی وڵاتەکەدا.   شکستی گەنجبوونەوەی ئێران لەساڵی 2021 پەرلەمانی ئێران پلانێکی بۆ گەشەی کۆمەڵگەو خستنەوەی وەچە لەوڵاتەکە خستەڕوو و خرایە بواری جێبەجێکردنەوەو لەچوارچێوەی ئەو پلانەدا سەرجەم دامەزراوەکانی وڵاتە بەرپرسیارکراون لەهاندان بۆ زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان. بودجەی تەرخانکراوی ئەو بەرنامەو پلانەش بەهۆی قەیرانە داراییەکانەوە 40% کەمکراوەتەوەو لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بڕی 220 ملیۆن دۆلار بودجە بۆ گەنجبوونەوەی کۆمەڵگە تەرخانکرابوو، بۆیە هەموو پلان و هەنگاوەکان پەیوەستن بەدۆخی ئابوریی وڵاتەکەوە، بەڵام لەئامارە فەرمییەکانیشدا دەرکەوتووە ئێران لەقووڵترین قۆناغی قەیرانە داراییەکاندایەو مەترسیی سۆنامی هەڵاوسانی ئابوریی لەو وڵاتە هەیە. لەئێستادا 44%ی دانیشتوانی ئێران بەتەمەنی ناوەند ئەژماردەکرێن بەڵام ئەگەر ئەو وڵاتە نەتوانێت چارەسەری کێشەی گەشەی کۆمەڵگەکەی بکات ئەوا لە 30 ساڵی داهاتوو کەژمارەی دانیشتوانی دەگاتە 92 ملیۆن کەس زیاتر لە 30 ملیۆن کەسی تەمەنیان لەسەروو 60 ساڵەوە دەبێت. محەمەد بەیگی، پەرلەمانتاری ئێران رایگەیاندووە؛ بەرنامەی گەنجبوونەوە تەنها 30%ی جێبەجێکراوە چونکە 21 ئاستەنگی لەبەردەمدایە کەسەرەکیترینیان دروستکردنی هەلی کارو باشکرنی ئابوریی و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونە. ژمارەی هاوسەرگیریی لە 12 ساڵی رابردوودا ساڵانە بە 900 هەزار کەس لەئێران مەزەندە کراوە، بەڵام ئەو ژمارەیە 40% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوەو لەساڵیکدا 500 هەزار هاوسەرگریی تۆماردەکرێت. زۆربەی کێشەکانی ئێستای ئێران و بەتایبەت قەیرانی گەشەی کۆمەڵگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئابوریی و هەموو پلانەکانی رزگاربوون لەقەیرانە کۆمەڵایەتیی و مرۆییەکان پەیوەستە بەدۆخی ئابورییەکەیەوە کەهیچ ئاسۆیەکی روونی تێدا بەدیناکرێت.

هاوڵاتی سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل  رایگەیاند، پێشهاتی نەرێنی سەبارەت بەچەكی ئەتۆمی ئێران هەیە كە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی كردەوەی سەربازی و ئێرانیش ئەوە دووپاتدەكاتەوە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پڕۆسەی ئاشتی و وزەی وڵاتەكە بەكاردەهێنن. هێرزی هێلڤی، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل، رۆژی سێشەممە  23ی ئایار لەكۆنفرانسی هەرزلیە، رایگەیاند: «ئێران لەهەموو كاتێك زیاتر پێشكەوتنی لەپیتاندنی یۆرانیۆمدا بەدەستهێناوە، ئێمە سەیری دەكەین و دەڵێم پێشهاتی نەرێنی لەئاسۆدا هەیە كەدەتوانێت ببێتە هۆی كردار». ناوبراو لەدرێژەی قسەكانیدا راشیگەیاند كەتوانای لێدانی ئێرانیان هەیەو بێباك نین لەوەی ئێران هەوڵی ئەوەی لەدەوروبەریان بنیات بنێت و ئەستەمە تاران بێباكانە بێت بەرامبەر بەو هێڵەی كە دەیگرینەبەر. پێشتریش یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی لەئێران كرد كەئەگەر بڕیار بدات رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90% بەرز بكاتەوە، باجێكی قورس دەدات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كەهەموو بژاردەكان لەسەر مێزی ئیسرائیلن بۆ رێگریكردن لەئێران لەدەستكەوتنی چەكی ئەتۆمی. وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەوتارێكدا لەكۆنفرانسی هەرزلییە بۆ لێكۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیجی رایگەیاند، ئەگەر ئێران بەڕێژەی 90% پیتاندنی یۆرانیۆم بكات، ئەوە هەڵەیەكی گەورە دەكات و رژێمی تاران پێویستە بزانێت ئەم هەنگاوە باجێكی قورس و ترسناكی دەبێت و دەرئەنجامەكانی لەئەستۆی خۆیاندا دەبێت». ئیسرائیل لەناو خاكی سوریا چەندین جار بەرپرسە سەربازیی و ئەمنییەكانی ئێرانی كردووەتە ئامانج و بەمەترسی گەورەی دەزانن بۆ سەر قەوارەكەیان.  وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەلێكنزیكبوونەوە لەگۆڕەپانەكانی دەوروبەردا كرد كەمەترسی بۆ سەر ئیسرائیل لەخۆدەگرێت، ئەوەی خستەڕوو كەئێران بەشێكی هاوبەشی ئەو هەڕەشانە  وتی: «ئێران ساڵانە یەك ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەتیرۆر دەكات و گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەكەو سەقامگیری جیهان». ژمارەی كوژراوانی ئێرانی لەئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا لەمساڵدا زیاتر لەپەنجا چەكدارو بەرپرسی ئەمنی ئێرانی لەخۆگرتووەو لەگەڵ ئێرانییەكانیشدا بەرپرس و سەربازانی سوریا كراونەتە ئامانجی مووشەكەكانی ئیسرائیل. ئیسرائیل بەردەوام مەترسییەكانی ئێرانی لای ئەمریكییەكان و وڵاتانی ئەوروپا باس كردووە، بەڵام هێشتا هەنگاوی سەربازی دژ بەئێران تەنها وەك «لێدوان» ماوەتەوەو ناو بەناو ئیسرائیل هێرش دەكاتەسەر ئەو كەس و لایەنانەی ئێران كە لەخاكی سوریادان.  ئاژانسی هەواڵی مێهری نیمچە فەرمی ئێران لەڕاپۆرتێكدا ئەوەی ئاشكرا كردبوو كەڕاوێژكارێكی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران دوای هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل لەنزیك پایتەختی سوریا بەهۆی برینەكانیەوە گیانی لەدەستداوە. ئاژانسەكە رایگەیاندووە، «میقداد میقدانی لەكاتی هێرشی زایۆنیستەكان بەرەبەیانی رۆژی هەینی بریندار بووەو شەهید بووە». بەپێی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، میلاد حەیدەری راوێژكاری سەربازی دیكەو ئەفسەری سوپای پاسدارانیش كوژراوە. ئیسرائیل ساڵانێكە هێرش دەكاتەسەر ئەو شوێنانەی كە بەوتەی خۆی ئامانجی پەیوەست بەئێرانن لەسوریا، ئێرانیش  ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە» ئەفسەرەكانی لەسەر بانگهێشتی دیمەشق رۆڵی راوێژكاری لەسوریا دەگێڕن»، لەكاتێكدا كە دەیان ئەندامی سوپای پاسداران لەنێویاندا ئەفسەری پلە باڵا لەسوریا لەكاتی شەڕدا كوژراون. ئاژانسی هەواڵی سوریا، سانا، لەزاری سەرچاوەیەكی سەربازییەوە بڵاویكردەوە، «میدیای بەرگری ئاسمانیمان وەڵامی دەستدرێژییەكی ئیسرائیلی دایەوە كە بەمووشەك خاڵەكانی لادێكانی دیمەشقی كردە ئامانج». ئەو سەرچاوەیە هێمای بۆ ئەوە كردووە ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی بەتەقینەوەی مووشەك لەئاراستەی جۆلانی داگیركراوی سوریا ئەنجامداو شوێنێكی لەلادێكانی دیمەشق كردە ئامانج.  وەزارەتی بەرگری سوریا لەبەیاننامەیەكدا كەمیدیای فەرمیی سوریا بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە، «سوپای ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی ئەنجامدا لەئاراستەیەكی باكووری رۆژهەڵاتی بەیروتەوەو هەندێك خاڵی لەشاری حومس و لادێكانی كردە ئامانج». سەرچاوەیەكی سەربازی سوریا بەمیدیای فەرمیی راگەیاند، هێرشەكان هەندێك زیانی ماددی لێكەوتەوەو پێنج سەربازیش برینداربوون. هەڵپەساردرنی كۆبوونەوەكانی پێنج زائید یەك لەگەڵ ئێران بووەتەهۆی ئەوەی كەتاران هەرەشەی پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم دەكات، ئەڵمانیاو فەرەنساش لەوبارەیەوە هۆشداری توندیان داوەتە ئێران كەدۆخەكە ئەوەندەی دیكە ئاڵۆز دەكات. كۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاواوە گەمارۆی ئابووری خراوەتەسەرو بەپاڵپشتیكاری تیرۆرو دروستكردنی بۆمبی نەوەوی تۆمەتبار دەكرێت و تارانیش ئەوە رەتدەكاتەوەو دەڵێن پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پڕۆسەیەكی ئاشتی وزەی وڵاتەكەیان بەكاردەهێنن.