مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە توانەو هێزو دەستکەوتە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی ئەوەندە هەیە کەڕێگە بە هیچ وڵاتێک نەدات هێرش بکاتە سەری هێزو توانا سەربازیەکانی ئێرانیش تەنها بۆ بەرگرییە و بۆ هێرشکردنە سەر هیچ کەس و وڵاتیک نییە. لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر نوێترین دەستکەوتەکانی بەرگری و بۆشایی ئاسمانی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان لە بنکەی بۆشایی ئاسمانی ئیمام خومەینی، سەرۆک کۆمار ئێران وتی: ئەم دەستکەوتانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دوژمنان ناتوانن بە ئاسانی هەرچییەکیان بوێت بەرامبەر خاکی ئێران بیکەن. ناوبراو زیادی کرد: ئەم دەستکەوتانە بە مەبەستی بەرگری لە نیشتمان و شۆڕشی ئیسلامی و سیستەمی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتوون و بە مەبەستی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە نین. مەسعود پزیشکیان پێیوابوو، هیچ وڵاتێک بەهۆی دەستکەوتە بەرگرییەکانییەوە ناوێرێت هێرش بکاتە سەر ئێران. ئەو ڕوونیشی کردەوە کە پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بەجۆرێک دەبێت کە هیچ وڵاتێک ناوێرێت هێرش بکاتە سەر خاکی وڵاتەکەى. لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا و دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا، پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە بوونی زلهێزە بیانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە، ئاماژەی بەوەشدا کە کێشەکانی ناوچەکە دەبێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە چارەسەر بکرێت.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس بە پشتبەستن بە چەند بەرپرسێکی عێراقی و ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە کە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سوریا لایەنە عێراقییەکانی هاوپەیمانی ئێران چیدیکە پێداگری ناکەن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا و عێراق ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند کە تێیدا ڕازیبوون لەسەر ئەوەی تاوەکو مانگی نۆی ساڵی 2025 ئەرکە سەربازییەکەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی بێت، هێزەکانی ئەمەریکاش هەندێک لەو بنکە سەربازییانەیان جێهێشت کە ماوەی دوو دەیەیە لە عێراقدا بەکارییان هێناون. لایەنە سیاسی و چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق لە نێو ئەو دەنگە دیارانەدا بوون کە داوای کشانەوەی ئەمەریکایان کردووە لە عێراقدا، بە تایبەتی دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە. کاتێک ڕێککەوتنەکە واژۆ کرا بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکەکەی هاوپەیمانان لە عێراق، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق وتییان مەترسی داعش لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و چیتر پێویستییان بە یارمەتی ئەمەریکا نیە بۆ شکستهێنان بەو خانانەی داعش کە هێشتا لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە. بەڵام ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا لە ڕێی هێرشێکی کتوپڕی یاخیبووە ئیسلامییە سوننییەکانەوە لە مانگی دوانزەدا بووە هۆی ئەوەی لە عێراق جارێکی دیکە پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەدا بکرێتەوە، بە ئەندامانی چوارچێوەی کاری هەماهەنگیشەوە کە بریتییە لە هاوپەیمانییەکی پارتە شیعەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراقدا. ڕووخانی ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران، تارانی لە ناوچەکەدا لاواز کرد، وایکرد گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق هەست بە لاوازی بکەن. زۆرێک لە عێراق لەوە دەترسن داعش سوود لەو بۆشاییە بگرێت کە لە ئاسایشی وڵاتەکەدا هەیە و بگەڕێتەوە، هاوکات سەرکردە نوێیەکانی سوریاش هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی سەرانسەری وڵاتەکە و پێکهێنانی سوپایەکی نیشتیمانی دەدەن. بەرپرسێکی چوارچێوەی کاری هەماهەنگی وتی " زۆرێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی کاری هەماهەنگی شیعەکان دەیانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە و نایانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەنجامی ئەوەی کە لە سوریادا ڕوویدا عێراق جێبهێڵن. لەوە دەترسن داعش سوود لەو بۆشاییە وەربگرێت کە ئەمەریکا دروستی دەکات ئەگەر عێراق جێبهێڵێت و دۆخەکەی ناو عێراق تێکبچێت." چەندین بەرپرسی سیاسیی و ئاسایشی دیکەی عێراق هەمان هەڵسەنگاندنییان هەبوو، بەرپرسەکان نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا بکەن چونکە ڕێگەپێدراو نەبوون بە ئاشکرا باس لە بابەتەکە بکەن. عێراقییەکان لەوە دەترسن داعش سەرهەڵبداتەوە و سوود لە بێسەروبەرییەکەی دوای ڕووخانی ئەسەد وەربگرێت، لەو چەکە زۆرانەش دەترسن کە سوپای پێشووی سوریا جێیهێشتوون. گروپە چەکدارییەکانی عێراقیش پەیوەندییەکانییان لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا ئاڵۆز کردووە، هەندێک لەو گروپانە هەندێک جار هێرش دەکەنە سەرییان و لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا دەبنە هاوپەیمانیان لە شەڕی دژ بە دوژمنێکی هاوبەشدا.

حکوومەتی عێراق تاوتوێی سەردانێکی فەرمیی وەزیری دەرەوە بۆ دیمەشق دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مشتومڕێکی سیاسی لەسەر کرانەوە لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە سووریا هەیە، لە کاتێکدا سیاسەتمەدارێکی کورد ئامۆژگاری بەغدای کرد بەڕووی سووریادا بکرێتەوە. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێرق لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، سەقامگیری سوریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی عێراق هەیە، هۆشداریشیدا لە بوونی 10 بۆ 12 هەزار ئەندامى داعش لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە ڕەنگە مەترسی ئەمنیی بۆ دروستبکەن عێراق ئەگەر ئازاد بکرێن. وتیشى: ئەمە پێویستی بە بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوە لەسەر سنووری هاوبەشمان. فواد حسێن، بوونی پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا، سەرەڕای نەبوونی سەردانێکی فەرمی بۆ دیمەشق لە ئێستادا" پشتڕاستکردەوە و "رێنمایی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە سەردانی وەزیری دەرەوە بۆ سوریا وەک بەشێک لە جددی" ئاشکرا کرد هەنگاوەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات. هاوکات لەچەند گفتوگۆکانی نێوان وەزیری عێراق و هاکان فیدان هاوتا تورکییەکەی هەفتەی ڕابردوو لەسەر دۆخی سوریا و ئەو مەترسییانەی داعش دروستی دەکەن، بەپێی داتاکانی حکومەت. هەر لەو پێوەندییەدا، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووی دەرەوەى عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە “لە بەرژەوەندی عێراقدایە مامەڵەی ئەرێنی لەگەڵ بارودۆخی ئێستای سوریادا بکات”، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ئاژاوەگێڕییەی لەم دۆخەدا هەیە وڵاتی دراوسێ “ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق دەکات”. زێباری لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” ڕایگەیاندووە کە “حکومەتی عێراق دواکەوتووە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سوریا، بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبی شام، بە تایبەتی: ئوردن، سعودیە، کوەیت، قەتەر، فەلەستین، لوبنان، عومان، و بەحرەین.”

هەپەگە ڕایگەیاند، لە وەرزی زستاندا لە زەوی و ئاسمانەوە ٦٣ جار گەریلا چالاکی ئەنجامداوە و دەوڵەتی تورکیش هێرشەکانی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو بەردەوامە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە دەربارەی شەڕی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و قڕکەر و حکومەتی ئاکەپەی فاشیست لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا هێرشەکانی لە باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەبێ وەستان بەردەوامە و لە مانگی ڕابردوودا لە باکووری کوردستان لە دێرسیمەوە تا سەرحەد، لە خەرزانەوە تا ئامەد، لە مێردینەوە تا بۆتان، لە جۆلەمێرگ و بۆتان سەدان ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام داوە، بەڵام هەموو ئەم ئۆپەراسیۆنانە بێ ئەنجام مانەوە. دەشڵێن: وێڕای هێرشە داگیرکارییە ئاسمانییەکان لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکان لەسەر گەلەکەمان لە باکووری کودستان بەردەوامە و تێیدا چەندین هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە جەختەکاتەوە لەسەر سیاسەتی قڕکردن، بە بەرچاوی جیهانەوە کەسانی مەدەنی تیرۆر دەکات و بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو لە دژی گەریلا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات. ئاماژە بەوەکراوە، دەوڵەتی تورک لە ناو مانگی کانوونی دوووەمدا پێنج جار بە چەکی کیمیایی، نۆ جار بە درۆنی بۆردوومانکەر و ١١٣ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشی سەر تونێلەکانمانی کردووە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. هاوکات گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان ٢٣٥ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ٥٩ جار بە هێلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومان کراون. هاوکات، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لەبەرانبەر ئەم هێرشانەدا لە باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە بێ ناوبڕ درێژە دەدەن بە تێکۆشانیان. لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانمان کە بە بوێری و پێرفۆرماسیۆنێکی بەرزەوە لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا لە بەرخۆداندان، لە ناو بارودۆخی وەرزی زستاندا بە تاکتیکی جیاواز ١٣ جار لە ئاسمانەوە، ٥٠ جاریش لە زەمینەوە، بەگشتی ٦٣ جار چالاکی ئەنجام داوە و لەم چالاکییانەدا شەش داگیرکەر سزادراون و داگیرکەرێکیش بریندار کراوە. هەروەها چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی، کەرەستە و پێداویستی سەربازی لەناوبردراون و گورزییان لێ وەشێندراوە. لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە بەرانبەر هەموو هێرشەکاندا بە تێکۆشانی هەبوون و ئازادی گەلی کورد بە ڕۆحی فیدایی ئاپۆییەوە لەبەرخۆداندان و وەک ئەوەی هەموو کاتێک ئەنجامیان داوە، لە ئێستا و دواتریشدا وەڵامی بەرپەرچدانەوەی پێویست دەدەنەوە. هەپەگە ئاماری مانگی کانوونی دووەمی بەم شێوەیە خستووەتە ڕوو: هێرشەکانی سوپای تورک: هێرشی فڕۆکەی جەنگی: ٢٣٥ هێرشی هێلیکۆپتەر: ٥٩ هێرشی چەکی کیمیایی: ٥ هێرشی درۆنی خۆکووژ: ٩ هێرشی تەقەمەنی قەدەغەکروا: ١١٣ چالاکییەکانی گەریلا: چالاکی ئاسمانی: ١٣ چالاکی زەمینی: ٥٠ زیان و لەدەستدانەکانی دووژمن: داگیرکەری سزادراو: ٦ داگیرکەری بریندار کراو: ١ ئەو کەرەستانەی لە ناوبردراون: سیستەمی ڕادار: ٢ کۆنتێنەر: ٥ درۆن: ٦ کامێرای چاودێری: ٢ چەکی قورسی دۆشکە: ١ مۆڵگە: ٢ خێمەی سەربازی: ٤ بڕی ٤٠ کیلۆ تەقەمەنی کامێرای وێنەهەڵگر: ١ ئەوانی گورزییان لێ دراوە: تانک: ١ زێپۆشی سەربازی: ٢ چەکی قورسی دۆشکە: ١ مۆڵگە: ١

ــ ١٨ زیندانی کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە ئازاد دەکرێن ــ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە جێنین و تولکەرم بەردەوامە لیواکانی قاسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، ئەمڕۆ شەممە سێ بارمتەى  رادەستى خاچى سور کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل،  یەکێکیان خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکییە. لە ١٤هەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست، لە کەرتی غەززە ڕێکارەکانى چوارەمین گروپى بارمتەکان ئاڵوگۆڕکرا، هەر یەکە لە ئوفەر کاڵدرۆن و یاردەن بیباس کە وەک دیل لەبەردەست حەماس'دا بوون، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی خان یونس ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران، بەڵگەنامەی تایبەت بە ڕادەستکردنی دیلەکانی واژۆکرا. دەزگاى زیندانەکانى ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە دەستیان بە ڕێکارەکانی ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەمە دوای ڕادەستکردنی دەستگیرکراوەکانی ئیسرائیل ڕوودەدات. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە جێنین و تولکارم لە کەرتی ڕۆژئاوا بەردەوامن و هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر چەند ناوچە و شارۆچکەیەک لەوانە نابلوس و خابرۆن و ڕامەڵڵا. دەسەڵاتدارانی فەلەستین دەڵێن ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی دەیان زیندانی لە خولی چوارەمی ئاڵوگۆڕەکاندا. نووسینگەی ڕاگەیاندنی زیندانیانی فەلەستین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی وەجبەی چوارەمی ڕێکەوتنەکە ناوی زیندانییەکان ڕادەستی زیندانییەکان دەکات، ١٨ زیندانی کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە ئازاد دەکرێن”. هەروەها 54 زیندانی بە سزای جیاوازو و سزای هەتاهەتایی. ١١١ زیندانی لە کەرتی غەززە کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر دەستگیرکراون. بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە فەلەستینیەکان لەوان هاووڵاتیانی مەدەنی و چەکداری بریندار، بۆ یەکەمجار لە دوای کردنەوەی دەروازەی ڕەفەحەوە بۆ میسر گەشت بکەن.

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان دەڵێن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 60 هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی سنە، پیرانشار، سنە، مەهاباد و سەردەشت دەستبەسەر کراون. بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ناوەندە ئەمنییەکانی ئیڕان لە دوایین هەوڵەکانیان بۆ سەرکوتکردنی چالاکوانان، پێنج هاووڵاتی و چالاکوانی کوردیان بە ناوەکانی مەحیدین خالیدیان، وەهاب خەدیریپوور، ڕەحمان ڕەحیمپوور، جەلال پەرهیزکار و سەروەر حەمەنازدار لە شارەکانی سنە، مەهاباد و سەقز دەستبەسەر کردووە. هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە دوو ڕاپۆرتی جیادا کە ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی ئەم مانگە بڵاوکراونەتەوە، ڕایگەیاندووە پێنج هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ئاتیلا عەبدی، ڕەزا کامەرانی، سەتار بابایی، زەکەریا فیروزبەخت و ئیدریس عەبدوڵڵاهی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو شارە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی لە شاری کرماشان و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان دیار نییە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەی رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوە کراوە دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەرسەلان فەتاحی و سامان سەفەری کە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و خەڵکی ناحیەی گەهوارەی کرماشانن، لە شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت ژمارەی دەستبەسەرکراوان "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای مانگرتنی شارەکانی کوردستان دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی گەیشتوەتە نزیکەی 60 کەس کە زۆربەیان لەپەیوەند بەو مانگرتنەوە و بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە حزبە کوردییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئاماژەی بەوەشکرد دەستبەسەرکردنەکان لە شارە کوردنشینە جیاجیاکان ئەنجامدراوە و دەستبەسەرکراوانیش تاکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و لە مافی وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش کراون. شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانانی کورد لە 22ی مانگی یەک دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی خەڵکی شارە کوردنشینەکان لە وەڵامی بانگەوازی شەش حزبی کوردی بۆ مانگرتن دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، بازار و دوکان و شوێنی پیشەکانیان داخست. حزبە کوردییەکان لە بانگەوازەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە مانگرتنی گشتی چارەسەرێکی مەدەنییە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی.

هاوڵاتى وەزارەتی نەوتى عێراق، وردەکاری ئەو پڕۆژانەی خستەڕوو کە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی واژۆیان کردووە، هاوکات بوونی دانوستانەکانی پشتڕاستکردەوە بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای بەریتانی پترۆلیۆم بۆ پەرەپێدانی 4 کێڵگەی نەوتی لە کەرکوک. باسم محەمەد خزه‌یر، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت، ئەمڕۆ هەینى ڕایگەیاند: وەزارەتی نەوت پلانێکی تایبەتی داڕشتووە 4 ئامانجی لەخۆگرتووە کە ئامانج لێی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتە، دووەم، داخستنی دۆسێی غازی سووتاو، سێیەمیش گەڕان بەدوای کێڵگە نوێیەکانی غازدا کە بڕێکی زیاتری غاز زیاد دەکات، بۆ بەرهەمهێنانی وزە، گەیشتن بە ئامانجی چوارەم کە عێراق لە هاوردەکارێکەوە دەگۆڕێت بۆ هەناردەکاری غاز". ئەو بەرپرسەى وەزارەتى نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، لە 10ی 1، وەزیری نەوت بەردی بناغەی پڕۆژەی خێراکردنی غازی لە کێڵگەی ئارتاوی دانا لە چوارچێوەی گرێبەستەکانمان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال، کە بریتین لە پڕۆژەیەک بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەی ئارتاوی بۆ 210 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەروەها پڕۆژەیەک بۆ وەبەرهێنانی غاز لە ٦ کێڵگەی گرنگدا بە توانای ٦٠٠ ملیۆن پێی سێجا ستاندارد بە دوو قۆناغ: قۆناغی یەکەم ٣٠٠ ملیۆن و قۆناغی دووەم ٣٠٠ ملیۆن پێی سێجا ستاندارد. باسم محەمەد خزه‌یر، هه‌روه‌ها هێماى بۆ ئەوەکرد پڕۆژەکان بریتین لە پڕۆژەیەکی ئاوی دەریا بە توانای دیزاینکردنی 7 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و توانای کارپێکردنی 5 ملیۆن بەرمیل.  چوارەم پڕۆژەی گرنگ، بۆ یەکەمجار لە عێراق، پڕۆژەی وزەی خۆرە ، وێستگەیەک دەبێت بە توانای هەزار مێگاوات لە چوار قۆناغدا، هەر قۆناغێک 250 مێگاوات، و تا کۆتایی ساڵی 2025 دەست بە کاردەکات قۆناغی یەکەمی خزمەتگوزارییەکە.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە ئیسرائیل لای لیژنەی سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستی لوبنان کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکات، سکاڵای کردووە کە دیپلۆماتکارانی ئێران و لایەنی دیکەش دەیان ملیۆن دۆلار پارە بە جانتا بۆ حزبوڵا دەگوازنەوە بۆ دابینکردنی دارایی ئەو گرووپە بۆ ئەوە بتوانێت خۆی بەهێز بکاتەوە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی هەینی 31ی مانگی یەک بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکاوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئیسرائیل لە سکاڵاکەیدا ڕایگەیاندووە نێردراوانی ئێران بە جانتای پڕ لە دۆلاری ئەمەریکاییەوە لە تارانەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیروت گەشت دەکەن. ئیسرائیل هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هاووڵاتیانی تورکیاش لە ڕێگەی ئیستەنبوڵەوە پارەیان بۆ بەیروت گواستووەتەوە. لیژنەی ئاگربەست کە بەرپرسیار نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتننامەکە، ئەم سکاڵایانەیان ئاراستەی حکومەتی لوبنان کردووە. لیژنەکە نوێنەرانی ئیسرائیل، لوبنان، ئەمەریکا، فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆدەگرێت. بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتانی ئەندامی ئەو لیژنەیە ڕایانگەیاندووە کە ئاگادارن لە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی بەیروت لەلایەن ئێرانەوە بۆ بە قاچاخ بردنی پارە و ئەو بانگەشانە بە باوەڕپێکراو دەزانن. بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست، لوبنان پێویستە کۆنترۆڵی چوونە ژوورەوە بۆ وڵاتەکەی بکات و ڕێگری لە گواستنەوەی چەک و کەرەستەی پەیوەندیدار بۆ گروپەکانی وەک حزبوڵا بکات، بەڵام لە ڕێککەوتنەکەدا بە تایبەتی باس لە گواستنەوەی پارەی نەختینەیی نەکراوە. حیزبوڵا گرووپێکی نیمچە سەربازییە و لە هەمان کاتدا پارتێکی سیاسییە کە بەشێکی زۆری باشووری لوبنانی کۆنترۆڵ کردووە. ئەمەریکا حزبوڵا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت، بەڵام یەکێتی ئەوروپا باڵی سەربازی حزبوڵای خستوەتە لیستی رەش و پارتە سیاسیەکەی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نازانێت. باڵی سیاسی حزبوڵای لوبنان نوێنەریشی لە پەرلەمانی لوبنان هەیە. حکومەتی لوبنان و هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی شاندی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حیزبوڵای لوبنان تا ئێستا وەڵامی ئەو هەواڵانەیان نەداوەتەوە. بەڵام بێهنام خوسرەوی دیپلۆماتکار لە باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان لەم دواییانەدا بە میدیای دەوڵەتی ئێرانی ڕاگەیاند کە تاران فڕۆکەی نەفەرهەڵگر بۆ گواستنەوەی پارە بۆ لوبنان بەکارناهێنێت. ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ نووسیوێتی دەسەڵاتدارانی تورکیا هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەر جۆرە گواستنەوەیەکی پارەی بەرچاو لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ بە ئامێری تیشکی ئێکس و ڕێوشوێنی ئەمنی دیکە دەستنیشان دەکرێت و تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی لەو شێوەیە بەدی نەکراوە.

وەزیرى دارایی حکومەتى کاتى سوریا، ئاشکراى دەکات ناوى 400 هەزار فەرمانبەری خەیاڵی و بن دیوار لەتۆمارەکانى دەوڵەتدا هەیەو وەکخۆى دەڵیت چاوەڕوانی ئەم هەموو گەندەڵییەمان نەدەکرد. لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتە کاتیەکەى ئەحمەد شەرع، کەمتر لە دوو مانگ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا، ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە لە کارەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوە وێرانەکانی دەوڵەت بەردەوامە. باسیل عەبدولحەننان، وەزیری ئابوری حکومەتى ڕاگوزەرى سووریا، بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى وتوە: لەتۆمارەکانى دەوڵەتى پێشووى ئەسەددا ناوى 400 هەزار فەرمابەرو کارمەندى نادیارو خەیاڵ، هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لابردنی ئەوان سەرچاوەیەکى گەورەیە بۆ گەڕانەوەى داهات بۆ دەوڵەت. وەزیرى ئابوورى حکومەتى سووریا، وتیشى: ئیدارەی نوێ چاوەڕوانی گەندەڵی لەو وڵاتەدا بوون، بەڵام بە خەیاڵیاندا نەدەهات کە بگاتە ئەم ئاستە، پێدەچێت هەندێک کۆمپانیا و فەرمانگەی دەوڵەتی تەنها بۆ دزینی سەرچاوەکانى داهات بوونیان هەبێت بۆیە دادەخرێن. دوای 13 ساڵ شەڕی ناوخۆی خوێناوی، سوریا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبێتەوە، دیارترینیان ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی و دامەزراوە فەرمییەکان، جگە لە پێکهێنانی سوپا و هێزە چەکدارەکان و بوژاندنەوەی ئابووریی وێرانە. لەلایەکى دیکەوە، محەممەد زەید وەزیری گەشەپێدانی کارگێڕی سوریا ئاشکرایکرد، دەوڵەت پێویستی بە 550 بۆ 600 هەزار کرێکار هەیە، کە ئەمەش کەمترە لە نیوەی ژمارەیەى ئێستا هەیە. وەزیرەکانی دیکەی ئەو حکومەتەی کە پاش ماوەیەکی کەم لە ڕووخانی ئەسەد پێکهێنراون، بۆ ماوەیەکی ڕاگوزەر، پێشتر باسیان لە ڕادەی گەندەڵی و لایەنگری لە وڵاتدا لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا کردبوو.

 ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا ڕایگەیاند، گرنگيى بە پاراستنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان له‌ عێراق و سووريا و داكۆكييان له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد له‌ سووريا دەکەینەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى سەرۆکایەتى هەرێم، شه‌وى ڕابردوو، پێنجشه‌ممه‌ 2025/1/30 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی له‌ ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه‌ پێگه‌یشتووە. تیایدا ده‌ر‌باره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى سووريا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. هەر لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ گرنگ بۆ سه‌قامگيريى عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا. هاوکات ڕاگەیەندراوەکە باس لەوەدەکات لاى خۆيه‌وه‌ ماكرۆن جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و تيشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ فه‌ره‌نسا به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت. هه‌ر له‌ په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا ماكرۆن پيرۆزباييى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى له‌نێچيرڤان بارزانى كرد، تيشكيان خسته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان له‌ عێراق و سووريا و داكۆكييان له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد له‌ سووريا كرده‌وه‌ و چه‌ندين بابه‌تى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان، تاوتوێ كرد.

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ كۆشكی سپی بە ڕۆژنامه‌نوسان ڕایگه‌یاند: هه‌ردو وڵاتی ئوردن و میسر پێشوازی له‌ دانیشتوانی غه‌ززه‌ ده‌كه‌ن و له‌ئێستاشدا بارودۆخی سوریا ناجێگیرە. تره‌مپ وتیشی ئه‌مریكا زۆر كاری بۆ میسر و ئوردن كردوه‌، ئه‌وانیش ئه‌وه‌ی ئێمه‌ داوامان كردوه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. سه‌باره‌ت به‌ بونی ئه‌مریكاش  له‌ سوریا، تره‌مپ ڕه‌تیكرده‌وه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا بكشێنێته‌وه‌ و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ واشنتن ده‌ستی به‌و روداوانه‌دا نیه‌ كه‌ له‌ سوریا ڕوده‌ده‌ن، به‌و پێیه‌ی پشێوی له‌و وڵاته‌دا زاڵه‌، ئێمه‌ش نه‌مانوتوه‌ هێزه‌كانمان له‌ سوریا ده‌كشێنینه‌وه‌، به‌ڵام بڕیاری پێویستیان له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ین. پێشتر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوای له‌ هه‌ردو وڵاتی ئوردن و میسر كرد كه‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌ وه‌ربگرن، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ ده‌كرێت چاره‌سه‌رێكی كاتی یان هه‌میشه‌یی بێت. ئه‌م بانگه‌وازه‌ش له‌لایه‌ن ئەو دوو وڵاته‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و تێكدانی مافی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان ده‌زانن. پەیوەست بەو بابەتە لەوەڵامى ئەو پێشنیارەى ترەمپ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوثیکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی ئەمرۆ سێشەممە دەڵێت: پێم وایە ئەمە پڕۆژەیە کە زۆرێک لە ڕابردوودا هەوڵیان داوە بەڵام هەموویان شکستیان هێناوە، فەلەستین لە نەخشەی ناوچەکەدا ناسڕدرێتەوەو دەرناکرێن. وەزیرى دەرەوەى ئێران وتیشى: کەواتە پێشنیارەکەم شتێکی ترە لەبری فەلەستینییەکان هەوڵبدەن ئیسرائیلییەکان دەربکەن، بیانبەن بۆ گرینلاند تا بتوانن بە یەک بەرد دوو باڵندە بکوژن. هەم کێشەی گرینلاند و هەم ئیسرائیلییەکان چارەسەر بکەن.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزەکانی سەر بە تورکیا لە سوریا بۆ سەر ئەمبولانسێکی مانگی سووری کوردی پێدەچێت تاوانی جەنگی بێت و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەنکەرە دەبێت لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام بدات و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو تاوانانە بکات. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، لە 18ی مانگی یەکی ئەمساڵ هێرشێکی ئاسمانی هێزی سوپای نیشتیمانی سوریا(SNA) کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، ئەمبولانسێکی مانگی سووری کوردی لە ڕۆژئاوا کردوەتە ئامانج. بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، پێدەچێت ئەم هێرشە تاوانێکی جەنگی بێت.  شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە هێرشەکە ئامبولانسێکی کردۆتە ئامانج کە هاووڵاتییەکی مەدەنی گواستوەتەوە کە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەو هێزانەوە بۆ سەر خۆپیشاندەران لە بەنداوی تشرین برینداربووە. لە هێرشەکانی ئەو ڕۆژەدا شەش هاووڵاتی سڤیل کوژران کە یەکێکیان ئەکتەرێکی بەناوبانگی کورد بوو و لانیکەم 16 کەسی دیکەش بریندار بوون. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەکاونتێکی سەر بە سوپای نیشتمانی سوریا گرتەیەکی ڤیدیۆیی کامێرای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بڵاو کردوەتەوە کە هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەرانی بەنداوی تیشرین پیشان دەدات و نووسیوێتی بەڵام تا ئێستا ئەو ڕێکخراوە نەیتوانیوە پشتڕاستی بکاتەوە کە ئایا هێرشەکان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە ئەنجام دراون یان سوپای نیشتمانی سوریا کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات. لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا خۆپیشاندەران لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کۆبوبوونەوە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ناوچەکە، چونکە نیگەرانی هەبوو لەوەی بەنداوەکە بڕووخێت. بەپێی ئامارەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن لە ماوەی مانگی یەکدا لانیکەم چوار هێرشی هێزەکانی هاوپەیمانی تورکیا و یاخیبووان بۆ سەر خۆپیشاندەرانی لە نزیک بەنداوی تشرین بووەتە هۆی کوژرانی 20 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 120 هاووڵاتی کورد. هیبا زەیەدین، لێکۆڵەری باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا و تورکیا شێوازێکی ڕوون و پڕ لە کێشەی هێرشی نایاسایییان لە دژی خەڵکی سڤیل و کەرەستەی مەدەنی نیشانداوە و تەنانەت وا دیارە کە بەم بۆنەشەوە ئاهەنگ دەگێڕن. تورکیا وەک پشتیوانی سەرەکی سوپای نیشتمانی سوریا ئەرکی ئەوەی لەسەرە کۆنتڕۆڵی ڕەفتارە خراپەکانی ئەو هێزانە بکات یان مەترسی ئەوەی لەسەئەوەیە دەستی لەو تاوانانەدا تێکەڵ بێت." ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ چاوپێکەوتنی لەگەڵ دوو بەشداربووی ناڕەزایەتییەکانی 18ی مانگی یەک و شۆفێری ئەمبولانسەکە ئەنجامداوە. ڕێکخراوەکە ڕەسەنایەتی ڤیدیۆکانی هێرشی سەر خۆپیشاندەرانی بەنداوی تیشرینی پشتڕاستکردووەتەوە کە لە نێوان کاتژمێر 1 بۆ 2ی پاشنیوەڕۆ ڕوویداوە. بە پشتبەستن بە سێ ڤیدیۆ و لێدوانی شایەتحاڵەکان، ڕێکخراوەکە نەیتوانی هیچ ئامانجێکی سەربازی لە نزیک شوێنی ناڕەزایەتییەکە دەستنیشان بکات. ئارمانج محەممەد، تەمەن 37 ساڵ، خەڵکی قامیشلۆ بە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی ڕاگەیاندوە "ئێمە چووبووینە بەنداوی تشرین بۆ ئەوەی دژی لەشکرکێشی تورکیا و گروپەکانی سەر بە تورکیا خۆپیشاندان بکەین بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەمان و داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکان بۆ سەر ئاو، کارەبا، و ژێرخانی ناوچەکە بکەین" و ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێمە گۆرانی کوردیمان دەوت و سەمامان دەکرد، هەروەها ژنان و منداڵان و بەساڵاچووانیش ئامادەی چالاکییەکە بوون و هیچ هێزێکی سەربازی و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شوێنی ناڕەزایەتییەکە ئامادە نەبوون. خۆپیشاندەران نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە هێڵی پێشەوە دوور بوون." ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە کەناڵێکی تێلێگرامی چەکدرانی سەر بە تورکیا بڵاوکراونەتەوە و لە لایەن ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤەوە پشتڕاستکراونەتەوە، دەریدەخەن کە دوو تەقەمەنی لە ئاسمانەوە کەوتوونەتە خوارەوە و بەر قەرەباڵغییەک کە لە ژن و پیاو پێکهاتووە، لە بەنداوی تیشرین دەتەقێتەوە. ئەوان ناڕەزایەتیان دەردەبڕی و سەمای نەریتی کوردییان دەکرد. لە ژێرنووسی یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا هاتووە "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار پیرۆزبایی و هیوای خۆشی دەنێرێت بۆ ئاهەنگەکانی هێزەکانی دیموکرات لە بەنداوی تیشرین." ئەو ڤیدیۆیانەی دوای هێرشەکە لە سۆشیال میدیاشدا بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە خۆپیشاندەرانی بێ چەک بەپەلە بە هانای بریندارەکان و ئەو کەسانە دەچن کە پێدەچێت کوژراون. هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە سوریا لە کۆتاییەکانی مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە بووەتە هۆی پچڕانی ئاو و کارەبای ملیۆنان کەس. هێرشی دووبارە بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی چەندین دامەزراوەی گرنگیان لەناوبردووە، لەوانە وێستگەکانی ئاو و کارەبا، دامەزراوە نەوتییەکان و وێستگەکانی غاز، هەروەها نەخۆشخانە و نانەواخانە و دامەزراوە ئاوییەکانی پەک خستووە.

دەقی بەیاننامەکە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی:   بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی سڵاوی خواتان لێ بێت. سەرەتای نامەکەمان بە پێشکەشکردنی رێزو پێزانینێکی زۆر بۆ بەڕێزتان دەست پێدەکەین، بۆ هەڵوێستی بەرپرسیارانەتان لە ئیدارەی کاروباری وڵاتداو هەوڵەکانتان بۆ فەراهەمکردنی بەرژەوەندیەکانی گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. ئەم گوتارەتان ئاڕاستەدەکەین بەناوی کۆمەڵێک لە چالاکی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا، بۆ باسکردنی مەسەلەیەکی گرنگ و بنەڕەتی، کە پەیوەندی بە مافەکانی گەلی کوردستانەوە هەیە لە تورکیاداو هیواکانی ئەم گەلە بۆ مافی چارەی خۆنوسین و مافی فەراهەمکردنی ژیانێکی ئاسودەو دور لە زوڵم و زۆرو چەوساندنەوە، بەجۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ ئەو یاساو پەیماننامە نێودەوڵەتیانەدا کە مافی گەلان زامن دەکەن. بۆ چەند سەدەیەک دەچێت کە گەلی کورد لەتورکیادا بەدەستی دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکاندا روبەڕوی چەوساندنەوەو پەراوێزخستن و کارەسات دەبێتەوە. فەرامۆشکردنێکی بەرنامەرێژکراو بۆ ناسنامەو کلتور، هەڵمەتی سەربازی، پیادەکردنی سیاسەتی پاکتاوکردنی رەگەزی، هەڵمەتی لەناوبردنی بەکۆمەڵ هەروەک ئەوەی لە دێرسيم لە ساڵی ١٩٣٨ دا رویدا، ئەمانە هەمووی سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی بزاڤە سیاسی و کۆمەڵایەتیە کوردییەکان. هەموو ئەمانە بەڵگەی ئەو زوڵموزۆرەن کە گەلەکەمان لە کوردستانی تورکیادا روبەڕوی بۆتەوە. لێرەدا دەمانەوێت نیگەرانی قوڵی خۆمان دەربڕین لەسەر هەوڵە جۆراوجۆرانەی دەسەڵاتی تورکیا دەیاندات، لە نێویاندا سەردانەکانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەیان بۆ فشارخستنەسەر دەوڵەتانی دراوسێ لەنێویاندا عێراق بۆ شەرعیەتدان بەو شەڕەی دژی بزوتنەوەی کوردایەتی لە تورکیادا بەرپایان کردووە، هەرەوا هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی پارت و بزوتنەوە کوردیەکان بخەنە ناو لیستی تیرۆری جیهانیەوە. ئێمە بڕوامان وایە کە وەڵامدانەوەی عێراق بۆ ئەم داوایە، بەهیزکردنی هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیایەو بەشداریکردێنتی لەو زوڵم و چەوساندنەوەیەی دەرهەق بە مافەکانی پێکهاتەیەکی رەسەنی ناوچەکە دەکرێت. لەسەر بنەمای ئەوانەی لەسەرەوە باسمان کردوون و پاڵپشت بە تێبینیەکانمان لەسەر هەوڵەکانی تورکیا بۆ لایەندارکردنی عێراق و هێنانی بۆ ناو بەرەی خۆی لەم ناکۆکیەدا، داوا لەبەڕێزتان دەکەین کە هەڵوێستێکی دادپەروەرانە وەربگرن پاڵپشت بەو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتیانەی مافی چارەی خۆنوسینی گەلان دەپارێزن. هەروەها داواکارین کە نەکەونە ژێر فشاری ئەو هەوڵانەی کار بۆ دامرکانەوەی خەباتی گەلێک دەکەن لەپێناوی مافە رەواکانیدا.   بە زمانی عەرەبی: إلى/ دولة رئيس مجلس وزراء جمهورية العراق السيد محمد شیاع السوداني  المحترم  سلام الله عليكم ورحمته وبركاته نستهل هذه الرسالة بتقديم خالص الاحترام والتقدير لدولتکم ولموقفكم المسؤول في إدارة شؤون البلاد والسعي لتحقيق مصلحة الشعب العراقي بكافة مكوناته. نخاطبكم اليوم باسم مجموعة من النشطاء المدنيين في اقليم کوردستان – العراق  لطرح قضية هامة وأساسية تمس حقوق شعب كوردستان في تركيا وتطلعه  الی تقرير مصيره وحقه في حياة كريمة خالية من الظلم والاستبداد، و ذلک بما یتماشی مع القوانین و الاتفاقات الدولية التي تکفل حقوق الشعوب. منذ قرون، والشعب الكوردي يواجه ممارسات القمع والتهميش والنكبات على أيدي السلطات المتعاقبة في تركيا، التجاهل الممنهج لهويتهم وثقافتهم، والحملات العسكرية، وسیاسة التطهير العرقي وحملات الابادة الجماعية کما حصل في مذبحة دیرسیم عام ١٩٣٨، بالاضافة الی قمع الحركات السياسية والاجتماعية الکوردية ، كل هذە الاحداث  تشهد على الظلم الذي تعرض لە شعبنا في کوردستان ترکیا. نود أن نعرب عن قلقنا العميق من المحاولات التي تقوم بها السلطات التركية بشتی الاساليب منها الزیارات التي یقوم بها وزیر خارجیتها، لإضفاء شرعية على محاربتها للحركة الكوردية في تركيا، من خلال الضغط على الدول المجاورة، وبينها العراق، لتصنيف الأحزاب والحركات الكوردية ضمن قوائم الإرهاب العالمي. نؤمن أن استجابة العراق لهذا الطلب سوف تكون مساهمة في تكريس مزيد من الظلم والاضطهاد وتقوية الموقف الذي ينتهك حقوق مكون أصيل من المنطقة، ويتعارض مع الاتفاقات الدولية المتعلقة بحقوق الإنسان وحق تقرير المصير. و بناءا علی ما تم ذکرە اعلاه واستنادا الی ملاحظاتنا حول محاولات ترکیا لاستقطاب العراق الی جانبها في هذا الصراع، نطالب معاليکم باتخاذ موقف عادل یستند الی احترام القوانين والمواثيق الدولية التي تكفل حقوق الشعوب في تقرير مصيرها. کما نرجو عدم الانجرار وراء الضغوط التي تسعى لتقويض نضال شعب يسعى لنيل حقوقه المشروعة. مع كامل التقدير والاحترام،   التواقيع: کاوان فرج علي ...ناشط مدني و مستشار مالي صفوت صدقي.....محامي وعضو مجلس مفوضية الانتخابات للمرحلة الانتقالية شونم محمد غريب... مهندسة وناشطة مدنية محمد کريم ... نائب رئیس منتدی اقتصادیی کوردستان و وزير اسبق في حکومة اقليم کوردستان طیب جبار ... مهندس و ناشط مدني – وکيل وزير اسبق في حکومة اقليم کوردستان خبات عبداللە ... کاتب وصحفي گەشە دارا حفيد  محامية ونائبة سابقة لبرلمان اقليم کوردستان وعضوة في منظمة ازادبون. د. رازاو  محمود فرج ... اکاديمية ونائبة سابقة لبرلمان اقليم کوردستان. تحسین قادر ... وزير اسبق في حکومة اقليم کوردستان وعضو منظمة ازادبون. ئارام جمال...رئیس منظمة المعهد الکوردي للانتخابات شورش امین ... ناشط مدني. بختیار زهدي .... رئیس منظمة اغاثة کوردستان صلاح رشيد ... وزير اسبق في حکومة اقليم کوردستان هومر محمد... کاتب و ناشط مدني د. شێرکۆ محمد امین ... اکادیمي ونائب سابق لبرلمان اقليم کوردستان شوان محمد ... صحفي ابوبکر عمر (ابوبکر هەڵەدنی) ... ناشط سیاسي و نائب سابق لبرلمان اقليم کوردستان. پەروا عەلی... نائبة سابقة لبرلمان اقليـم کوردستان ستارە عارف... کاتبة وصحفية. نهاد القاضي ... ناشط في مجال حقوق الانسان والشعوب د. پروین عارف ... اکاديمية وخبيرة في التأريخ الشفاهي محمود رضا امین ... کاتب و نائب سابق لمجلس الوطني العراقي. جمال جلال علي... موظف متقاعد د. کامران قرداغي ... طبيب استشاري د. ابراهيم احمد صالح ... استاذ جامعي – العلوم السیاسية سردار عبداللە ... کاتب و ناشط سیاسي- نائب اسبق لمجلس الوطني العراقي. د. محسن اديب ... باحث و اکاديمي طارق فاتح حسن... صاحب امتیاز جريدة هاوڵاتی نوزاد مجيد شريف... محامي و ناشط سیاسي فریدون عمر ... موظف حکومي بابکر درەیی ... حقوقي و ناشط سیاسي   هەڵویست عبداللە ... ایکوفیمینست -  رئیسة منظمة ازادبون (التحرر) بابان جعفر... ناشط مدني عبداللە ملا نوري ... ناشط مدني و نائب سابق لبرلمان اقليم کوردستان. اراس محمد غريب ... موظف متقاعد رحمن غریب ... صحفي سردار قادر علي ... محافظ سابق بالوکالة وناشط سیاسي نیاز عبداللە ... ناشطة و مدافعة عن حقوق الانسان د. شيرکو کرمانج ... باحث و اکاديمي – جامعة کویە د. محمد حسین شوانی ... استاذ جامعي د. بدرخان علي حسن ... طبيب و استاذ جامعي رەوا هەژار ... باحث و اکاديمي – لندن ئاسۆ رحيم ابراهيم ... ناشط سیاسي محمد امين ... ناشط مدني - کرکوک ستار بزینی ... ناشط مدني – سويد ئاراس ابراهيم ... پیشمرگە متقاعد دەشتی سلیمان برزواری ... کاتب عبدالکريم هەڵەدني ... کاتب و صحفي علي کريم حمە علي ... موظف قانوني کنێر عبداللە ... کاتبة یاسين قادر برزنجي ... کاتب و فنان مسرحي بختیار حمە علي هەڵەبجەیی ... فنان تشکيلي (نحات) عادل عثمان ... کاتب ئاسو هاشم ...محامي استشاري ئاریان اکرم احمد ... اعلامي ئاوات غفور مصطفی ... مهندس زراعي شهلا محمد احمد ... ناشطة مدنية سيران عبدللە ... باحثة اجتماعية سوز عبدالقادر بابان ... ناشطة مدنية نسرين حسین صالح ... کاتبة و ناشطة مدنية جیهان محمد صالح ... ناشط مدني علي محمد امین ... کاتب و صحفي ئارام بۆگدی ... اعلامي انور قادر رشيد ... کاتب ابراهیم مجيد فرج ... استاذ جامعي روشن احمد قاسم ... صحفية سمکو صابر شريف ... کاتب و ناشط في مجال جینوساید پروین عزيز سعيد ... ناشطة مدنية حسن حمە امین مارف ... ناشط مدني د. بڕوا رسول احمد ... اکاديمي – جامعة کوية د. چیا علي مصطفی ... استاذ جامعي – کوية عثمان محمد وسو ... موظف متقاعد - کوية عباس قادر عبداللە ... حقوقي – کویە برزان شلال احمد ... استاذ - شاعر وناشط مدني – کوية د. مجيد صالح ... باحث واکاديمي عطا محمود محمد (عطا هەوڵۆیی)... موظف حکومي جبار احمد  ... باحث في مجال الابادات الجماعية لقمان حسن ... فنان مسرحي بیستون شهيد جبار ... ناشط مدني شورش خضر توفیق ... ناشت سیاسي لقمان سليم ... فنان غنائي دلسوز شفيق خلف ... ناشطة في مجال حقوق الانسان. بختیار مصطفی قادر ... اعلامي سیروان رشيد ... صحفي فاروق عبداللە عبدالرحمن ... مهندس کارزان فاضل توفيق ... محامي استشاري هونەر توفیق ... کاتب بختیار شەمەیی ... کاتب و مترجم – امستردام، هولندا وریا هادي محمد امین ... متقاعد هیمن احمد حمە امین ... صحفي ئاراس ابراهيم ... صحفي باران گەرمیانی ... صحفي محسن کريم رشيد ... صحفي سۆما خالد ... صحفية ڤانیست مهد ... صحفية گوڵاڵە محمود ... صحفية ارکان محمد ... صحفي بنار هدایت ... صحفي نجاة حسن هادي ... موظفة حکومية عثمان حمە سعيد ... موظف متقاعد سمکو رشيد سيدا ... ناشط مدني بيخال حسين رسول ... معلمة عمر محمد یونس ...موظف متقاعد __________________________________________________________  

بەپێى کارنامەى دانیشتنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق، دەنگدان دەکرێت بۆ هەموارى یاساى بودجەى گشتى کە تایبەتە بە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان. ئەمرۆ خشتەى کۆبوونەوەی رۆژى یەکشەممە ٢ى مانگى ٢ بڵاوکرایەوە، کە لە چوار بڕگە پێکهاتووەو یەکەمین بڕگەشى دەنگدانە لەسەر هەموارى یاسای بودجە. هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات. ئێوارەی چوارشەممە 29-01-2025 محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خرایەڕوو. هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا، دوایین هەموارکردنەوەى بودجە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کرا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات. لەڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: سودانى ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران ئەم هەموارکردنە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات، و پلانەکانی گەشەپێدان تەواو بکات، بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئابووری عێراق و ئەو تێڕوانینەی کە لەبەرنامەی حکومەت پەسەندکراوە و ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەندی کردووە. ڕۆژی 5 ی مانگی یانزەی 2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەند کرد و ڕۆژی 26 مانگی یانزەی 2024 خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی کێشەوە نەتوانرا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە ئەنجام بدرێت، دواتر لە 13ی مانگی یەک خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە کرا و وا بڕیار بوو ئەمڕۆ دەنگی پێبدرێت، بەڵام جارێکی تر کێشە لەبەردەم تێپەڕاندنی یاساکە دروستکرا ،دەنگدان بە یاساکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. هەموارکردنی یاسای بودجە تەنها بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج) ە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە حکومەتى فیدڕاڵ رەزامەندی نیشاندا بۆ دیاریکردنی خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک لە نەوت لە عێراق نزیکەی 6 دۆلارە. بەمەش بەشێکی زۆر لە فراکسیۆنە عێراقیەکان پێیان وایە 16 دۆلاری نەوتی هەرێم زۆرە و غەدرە لە حکومەتی ناوەندی.

هەسەدە ڕایگەیاند لە چالاکییە بەرچەکدانەوەکانی هێزەکانییاندا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتاکنییدا، لە قەرەقۆزاق بارەگایەکی چەتەکان کراوە بە ئامانج و بەتەواوەتی وێران کراوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک ئاماری چالاکییە وەڵامدانەوەکانی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ی لە دژی سووپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە کراونتەسەر گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج و هاتووە: "لە تۆپبارانی هێرشە داگیرکارییەکاندا چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە تۆپهاوێژ بۆردوومانی دەروبەری بەنداوی تشرینیان کردووە. لەم تۆپبارانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە." هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە هێزەکانی قەسەدە لە گردی قەرەقۆزاق چەندین چالاکییان ئەنجامداوە، بەڵام ئەنجامی زیانەکانی ئەم چالاکییانەی دژ بە چەتەکان نەزانراوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لە چالاکییەکانی یەکنەکانی شەهید هاروون کراوە و هاتووە: "یەکنەکانی شەهید هاروون لە گردی قەرەقۆزاق گورزییان لە بارەگایەکی چەتەکان داوە، لە ئەنجامدا بارەگاکە بە تەواوەتی وێران بووە." لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆردوومانی ماڵی هاوڵاتییەکەی کردووە لە شاری کۆبانێ. لە ئەنجامدا ٢ مەدەنی شەهید بوون و ژنێکیش بە سەختی بریندار بووە." ئاماژەش بەوەکراوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بەرەی دێر حافیر خاڵێکی هێزەکانی قەسەدەی کردووە، بەڵام بۆردوومانەکە تەنها زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە.