هاوڵاتی سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، بۆ گۆڕانکاری و دیموکراسی و ئاشتی پێویستە دەنگ بە پارتی چەپی سەوز و کەمال کلچدارئۆغلۆ بدرێت. لە کاتێکدا کە سێ رۆژی دیکە لە تورکیا و باکوری کوردستان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بەڕێوە دەچێت، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆچی دەبێت دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدرێت؟ دەمیرتاش دەڵێت بەم هۆکارانە پێویستە دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدرێت: " ژنان ٪50 ێ پێکهاتەی پارتی چەپی سەوز پێک دەهێنن و بەهێزترین پارتە بۆ ژنان. لەبەرئەوەی گەنجان خاوەنی قسە و بڕیاری خۆیانن. جگە لە گەل هیچ خاوەنێکی دیکەی نییە و گەل بڕیار دەدات لەبەرئەوەی لە پەرلەماندا لەبەرامبەر دەسەڵات کاریگەرە و هاوسەنگی دەپاریزێت و ئەدای ئۆپۆزسیۆنێک جێبەجێ دەکات کە ئەنجامی دەبێت." وتیشی، "دەیەوێت کێشەی کورد لە پەرلەمان بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکات. لەبەرئەوەی بۆ عەرەب، تورکمان، سوریانی، عەلەوی، ئێزدی، سونی، مەسیحی، کورد، ئازەری و هەموو جیاوازییەکان تێدەکۆشێت. تاوەکو ئێستا دەنگەکانمان بە فیڕۆ نەچوون. ئەوانەی دەنگیان بە ئێمە داوە، پەشیمان نەبوونەتەوە. شەرمەزار نەبوون. ئەم جارەش بەو شێوەیە دەبیت. چاوەڕێ دەکەین، بێن و لەژێر داری پارتی چەپی سەوز کۆببنەوە."

ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداو دەست بەسەر کەشتییەکی ئێراندا دەگرێت کە هەڵگری بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر بوە. هێزەی دەریاوانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ رۆژی چوارشەممە لە ئاوەکانی سنوری کەنداوی عومان دەستی بەسەر کەشتییەکی ئێراندا گرتوە کە لە بەندەری (چابەهار)ی وڵاتەکەوە نزیکەی دوو تەن ماددەی هۆشبەری بەرەو ئاوەکانی کەنداو گواستوەتەوە. لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە؛ کەشتیگەلی ئەمریکا تایبەت بە کاردانەوەی خێران دوای چاودێریکردنی ئەو کەشتییە توانیویانە دەستی بەسەردا بگرن کە بڕی یەک تۆن و (964) کیلۆ ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆئینی پێبوە کە بەهاکەی دەکاتە نزیکەی 130 ملیۆن دۆلار. بە پێی ئامارەکان، ئەمریکا لە پێنج ماگی ئەمساڵدا دەستی گرتوە بەسەر چەند جۆرێک ماددەی هۆشبەر لە ئاوەکانی کەندا کە بەهاکەی بە 250 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە. هێزە دەریاوانییەکانی ئەمریکا لە ساڵی رابردودا دەستی بەسەر یەک ملیۆن دۆلار ماددەی هۆشبەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرتوە.

گەڵالەی بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەرلەمانی سوید خرایە دەنگدانەوە و بڕیارە حکومەتی ئەو وڵاتە هەوڵەکانی بۆ بەتیرۆریست ناساندنی ئەو سوپای لە ئەوروپا دەست پێبکات. ئەمڕۆ چوارشەممە دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی سوید گەڵالەی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی لە دانیشتنی پەرلەماندا خستە دەنگدانەوە و هەر هەشت پارتەکەی ئەو وڵاتە و 349 پەرلەمانتار دەنگیان پێدا و بڕیارە وەک پڕۆژە یاسایەک لە لایەن حکومەتەوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بە پێی پڕۆژە یاساکای  پەرلەمان (ریکسدا) دەبێت حکومەتی سوید هەوڵەکانی بۆ تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لە کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەست پێبکات. مارکوس ویشێل، پەرلەمانتاری سوید لە پەیامێکیدا لە تویتەر، رایگەیاند؛ ئەمڕۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی پێشنیاری ئەوی پەسند کردوە تا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵە لەگەل سوپای پاسدارانی ئێران بکرێت. ئەو لە پەیاماکەیدا پشتیوانیی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکان لە ئێران دەربڕیوە و نوسیویەتی "بەو هەنگاوە لاپەڕەیەکی دیکەمان لە مێژودا کردوەتەوە". پێشتر پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای بەتیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسدارانی لە ئەوروپا پەسند کرد بەڵام دەبێت وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمیسیۆنی یەکێتییەکە ئەو پڕۆژە یاسایە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.  

رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ و داوای پەنابەرێتیی هاوڵاتییانی ئێران لە ئەمریکا و ئەروپا بەرز دەبێتەوە و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی دەڵێت: نەبونی دۆخی گونجاو و هەلی کار هۆکاری سەرەکیی زۆربونی جێهێشتنی وڵاتەکەیە. ناوەندی چاودێریی کۆچ لە ئێران ئاشکرای دەکات؛ ساڵانە 86 هەزار کەس کە وڵاتەکەیان جێهێشتوە داوای مافی مانەوە پەنابەرییان لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا کردوە و رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ بۆ دەرەوەی وڵات 75% بەرز بوەتەوە. محەمەد موقیمی، سەرۆکی زانکۆی تاران بە رۆژنامەی (خوراسان) لە وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ شێوازی پەروەردەکردنی خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران لە ئاستی وڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهاندایە بەڵام بەهۆی نەبونی هەلی کاری گونجا رێژەی کۆچی خوێندکاران و بە تایبەت دەستەبژێرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بوە. بە وتەی موقیمی: رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران لە 20 ساڵی رابردودا 75% بەرز بوەتەوە و لە ساڵی 2000 نزیکەی 17 هەزار خوێندکاری زانکۆ وڵاتەکەیان جێهێشتوە و لە ساڵی 2020 ئەو ژمارەیە بەرز بوەتەوە و زیاتر لە 66 هەزار خوێندکاری وڵاتەکە کۆچیان کردوە. ئەو بەرپرسە هۆشداریی داوە کە بەهۆی زۆربونی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ، سەرمایە و هێزی مرۆیی لە ئێران زۆر کەم ببێتەوە. لێدوانی ئەو بەرپرسە و ئامارەکانی ناوەندی چاودێریی کۆچ لە کاتێکدا، ناوەندی ئاماری تورکیا ئاشکرای کردوە کە تەنها ساڵی 2021 زیاتر لە 80 هەزار هاوڵاتیی ئێران بۆ ئەو وڵاتە کۆچیان کردوە و هاوڵاتییانی عێراق دوای ئێران دووەم وڵات بون کە بە مەبەستی کۆچ رویان لە تورکیا کردوە.

پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند؛ بەهۆی نەبونی بەشی فریاگوزاریی خێرا، ژمارەیەکی زۆری قوربانییانی روداوەکانی هاتوچۆ لە نەخۆشخانەکاندا گیان لەدەست دەدەن. کەمال هادیانفەر، بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند؛ 43%ی بریندارانی روداوەکانی هاتوچۆ لە نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەدا دەبنە قوربانیی نەبونی خزمەتگوزاریی پێویست و خێرا بۆ رزگاکردنیان و هەر بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست دەدەن. هادیانفەر وتویەتی: وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە ساڵێکدا نزیکەی 220 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت بۆ ئەوەی فریاگوزاریی و خزمەتگوزاریی بێبەرامبەر بۆ بریندارانی روداوی هاتوچۆ پێشکەش بکات بەڵام زۆربەی نەخۆشخانەکان بەشی فریاگوزاریی گونجاو و خێرایان نییە. بە پێی یاسای ئێران چارەسەری برینداری روداوی هاتوچۆ لە سەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکان بێبەرامبەرە و حکومەت ساڵانە بودجەی تایبەت بە قوربانییانی روداوی هاتوچۆ لە وڵاتەکە تەرخانی دەکات. لە دوایین ئامارەکانی ئەو وڵاتەدا دەرکەوتوە ساڵانە 17 هەزار کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن کە رێژەی 51% لە شوێنی روداوەکان و 6% لە کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە و 43%یان لە ناو نەخۆشخانەکان گیانیان لەدەست دەدەن.

نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند؛ جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ئێران گەیشتوەتە قۆناغێکی مەترسیدار و دامەزراوەیەک  ئاشکرای دەکات ئەو وڵاتە لە روی ئازادیی ئابورییەوە لە داویین ریزبەندی وڵاتانی جیهانە. ڤۆلکەر تورک، سەرۆکی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان  رایگەیاند؛ زۆربونی ژمارەی لەسێدراەدان لە ئێران "تۆقێنەرە" و داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە وڵاتەکە راگرن. هاوکات کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 209 کەس لە ئێران لەسێدارەدراوەن و پێدەچێت ئەگەر لەسێدارەدانەکان بەم خێراییەی ئێستا بەردەوام بێت، هاوشێوەی ساڵی 2022 ژمارەی لە سێدارەدان بەرز ببێتەوە. بە پێی ئامارەکان ساڵی رابردو لە ئێران لانیکەم 580 کەس لەسێدارە دراون. لە لایەکی دیکەوە دامەزراوەی فرەیزەر (Fraser Institute) کە ناوەندەکەی لە وڵاتی کەنەدا-یە بڵاوی کردوەتەوە؛ ئێران لە روی ئازادیی ئابورییەوە دەکەوێتە پلەی 159 لە ریزبەندی 166 وڵاتی جیهاندا. ئەو ناوەندە رونی کردوەتەوە ئێران لە روی ئازادیی ئابورییەوە لە ساڵێکدا 14 پلە لە ئاستی جیهاندا دابەزیوە و دۆخی ئەو وڵاتە تەنها لە وڵاتانی(لیبیا، ئەرجەنتین، سوریا، زیمبابوە، سودان، ڤەنزوێلا) باشترە.

هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، ملیۆنێک و ٧٩٨ هەزار و ٥٠٥ کەس لە دەنگدانی دەرەوەی وڵاتدا دەنگیانداوە. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رێژەی بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانی دەرەوەی وڵاتی ئاشکرا کرد. بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لە کۆی زیاتر لە سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس، ملیۆنێک و ٧٩٨ هەزار و ٥٠٥ کەس دەنگیانداوە کە دەگاتە نزیکەی ٥٣٪ی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات. دەنگدانی دەرەوەی وڵات لە ٢٧ی نیساندا دەستیپێکردبوو. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ٧٣ وڵات سندوقی دانابوو. دەنگدان لە دەروازە سنوریەکان بەردەوامە و رۆژی ١٤ی ئایاریش هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە دەچێت. بە گشتی زیاتر لە ٦٤ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە. ٥.٦٥٪ی دەنگدەران ژنن و پێنج ملیۆن گەنجیش بۆ یەکەم جار دەنگ دەدەن.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکەن لە 10 رۆژی رابردودا لانیکەم 40 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون و لە هەر شەش کاتژمێردا کەسێک لەسێدراە دراوە. رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە؛ تەنها دوێنێ دوشەممە پێنج کەس لە ئێران لەسێدارە دراون و بەوەش ژمارەی لەسێدارەدراونی ئەمساڵ لەو وڵاتە گەیشتوەتە 210 کەس. لە ئامارەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەرکەوتوە لە نۆ رۆژی رابردودا 26 هاوڵاتیی بە رەچەڵەک بەلوچ لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە دوو کەسیان ژن بون. ئەو رێکخراوانە ئاماژەیان بەوە کردوە لە پێنج رۆژی رابردودا و لە هەر شەش کاتژمێردا کەسێک لەسێدارە دراوە و ئەوەش ئاماژەی بەرزبونەوەی ژمارەی لەسێدارەدان لەو وڵاتەکە. پێشتر ئەوە خرابوەڕو کە لە 120 رۆژی سەرەتای ئەمساڵدا لە هەر 14 کاتژمێردا کەسێک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارە دراوە و بەوەش ئاماری ژمارەی لەسێدارەدراون زۆر بەرزبوەتەوە.      

٢٧ی نیسان دەنگدانی دەرەوەی وڵات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا ملیۆنێک ٧٥٠ هاوڵاتی تورکیا دەنگیانداوە و راپرسیەکیش باسی شکستی ئەردۆغان دەکات. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەی تورکیا رێژەی دەنگدانی دەرەوەی وڵاتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئاشکرا کرد. کۆمسیۆنەکە ئاماژەی بەوەکرد، لە ٢٧ی نیسانەوە و تاوەکو ئەمڕۆ ٨ی ئایار، لە دەرەوەی وڵات و دەروازە سنوریەکان ملیۆنێک و ٧٥٠ هەزار کەس دەنگیانداوە کە دەکاتە ٥٧.٤٧٪ی کۆی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات کە ژمارەیان نزیکەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسە. کۆمسیۆنی هەڵبژاردن راشیگەیاند، سبەینێ ٩ی ئایار کۆتایی بە هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات دێت، بەڵام لە دەروازە سنوریەکان تاوەکو کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ١٤ی ئایار، واتە رۆژی هەڵبژاردنە گشتیەکان، دەنگدان بەردەوام دەبێت. بە گشتی زیاتر لە ٦٤ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا لە دەرەو و ناوەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە کە نزیکەی ٥ ملیۆنیان بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن. ئێوارەی ١٤ی ئایار ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئاشکرا دەکرێت. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لە پێشەوەیە. ئەمڕۆش کۆمپانیای ماکی تایبەت بە راپرسیەکان دوایین راپرسی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، کەمال کلچدارئۆغلۆ دەتوانێت زیاتر ٥١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و شكست بە ئەردۆغان بهێنێت.

ئێران رایگەیاند بە تۆمەتی کوشتنی قاسم سولەیمانی بڕیاری دەستگیرکردن و ئامادەبون لە دادگا بۆ 73 هاوڵاتیی ئەمریکا دەرچوە. عەلی ساڵحی، داواکاری گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تاران رایگەیاند؛ ئەمڕۆ دوشەممە لە لایەن ئەنجومەنی باڵای دەزگای داد بڕیاری گرتن بۆ تۆمەتبارانی دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانی دەرچوە. بە وتەی ساڵحی، دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سەر بە سوپای پاسداران 12 هەزار لاپەڕەیە کە 97 تۆمەتباریان ئەمریکین و لەو ژمارەیەش بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 73 کەسیان دەرچوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشو و مایک پۆمپیو، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکا لەو کەسانەن. پێشتر کازم غەریب ئابادی، ئەمینداری مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند؛ دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی لە عێراق و ئێران بە کراوەیی ماوەتەوە و تا ئێستا سێ گەڕی دانیشتن و دانوستان لە نێوان تاران و بەغداد بەڕێوەچوە بۆ ئاشکرابونی راستی روداوەکە و یەکلابونەوەی ئەو دۆسیەیە. غەریب ئابادی ئاماژەی بەوە کردبوە کە 94 کەس تۆمەتبارن بە کوشتنی سولەیمانی کە بریتین لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ-ی وەزیری دەرەوە و ژنەڕال مەکێنزی فەرماندەی پێشوی هێزە چەکداراەکانی ئەو وڵاتە . بە وتەی غەریب ئابادی، هاوڵاتییانی حەوت وڵاتی جیهان تۆمەتبارن بە کوشتنی سولەیمانی و پێنج تۆمەتباری سەرکەیی لە عێراق و 17 کەسی دیگەش هەر لەو وڵاتە گومانیان لەسەرە کە هاوکاربوبن بۆ تیرۆری ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگیری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی. بەرەبەیانی سێی کانونی دوەمی ساڵی 2020 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا ئۆتۆمبێلەکانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس-یان لە نزیک فرۆکەخانەی بەغداد کردە ئامانج و بەهۆیەوە ئەو دوکەسە و ژمارەیەک پاسەوانیان کوژران و ئەمڕۆش لە عێراق و ئێران رێوڕەسمی سێیەم ساڵیادی کوژرانیان بەڕێودەچێت.

هاوڵاتی دەنگدانی هاوڵاتیانی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوێنێ کۆتایی هات و ئەمڕۆش ژمارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ئاشکرا کرا. لە بەغدا لە کۆی ١٧٧٥ دەنگدەری تۆمار کراو ٤١٥ کەس دەنگیان داوە. لە هەولێر لە ٣ هەزار و٨٣٤ دەنگدەر ١٢٩٠ کەس دەنگیان داوە. لە بەسرە ١٣٢ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام ٧٤ کەس دەنگیان داوە. لە بەغدا ٢، لە بەسرە ١ و لە هەولێریش ٣ سندووقی دەنگدان دانرابوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی دەنگدەرانی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ٥ هەزار و ٧٤١ کەس بوو. لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا ریژەی بەشداربوون لەسەدا ١٠.٠٥ بوو، ئەمسال رێژەکە بۆ لەسەدا ٢٦.٤٤ بەرزبووەتەوە. هاوکات  بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، بە گشتی لە دەرەوەی وڵات تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار کەس دەنگیانداوە کە ژمارەی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات نزیکەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس بوو.

هاوڵاتی پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، پێکەوە لە سندوقەکانی دەنگدان، وانەی دیموکراسی فێری ئاکەپە دەکەن و لە ١٤ی ئایاردا گڵۆپەکانی ئاکەپە لێدەکەنەوە و دووریان دەخەنەوە. پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە هەمان کاتدا کاندیدی پارتی چەپی سەوزە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەشداری لە کۆبونەوەیەکی جەماوەری لە شاری قەرسی باکوری کوردستان کرد. پەروین بوڵدان لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی رایگەیاند، هەموو رۆژێک گوێ لە قسەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەگرن و دوایین قسەی ئەوە بوو کە وتی، 'من فەرمان لە خوا وەردەگرم'. خۆی بە پەیامبەر دەبینێت. ئایین بۆ مەرامی سیاسی بەکار دەهێنێت و هیچ شەرم دایناگرێت و وتی، " ئەوانەی ئایین بۆ مەرامی خۆیان بەکاردەهێنن، ١٤ی ئایار رووبەرووی وڵامی گەل دەبنەوە. ئەردۆغان دەڵێت، 'هەلێکی دیکەم پێببەخشن'. باشە بۆچی ئەم داواکارییە دەکات. بۆ ئەوەی گەندەڵی و دزی بکات و یاساکان پێشێل بکات." بوڵدان هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، "٢١ ساڵە لەم وڵاتەدا گەندەڵی، دزی دەکەن و ئەم دۆخە نالەبارە بۆ خەڵکی تورکیا بە رەوا دەبینن. لە پشت پەروەی پەمبەیی کۆشکەکانیانەوە سەیری گەل دەکەن. بەڵام ئێمە پەردە پەمبەییەکانیان لێدەکەینەوە و لە ١٤ی ئایاردا گڵۆپەکانی ئاکەپە لێدەکەینەوە و دووریان دەخەینەوە." پەروین بوڵدان باسی ئەوەشی کرد کە لە پارێزگای قەرسی باکوری کوردستان کە بەگوێرە رێژەی دانیشتووان، سێ پەرلەمانتاری بەردەکەوێت، سێ بە سفر سەردەکەون. شەش رۆژی دیکە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوە دەچێت. رکابەریەکی توندی لەنێوان کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی سەرۆکایەتی ئۆپۆزسیۆن و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی سەرۆکایەتی دەسەڵاتدایە. هەدەپە و هاوپەیمانەکانیشی دەنگ بە کلچدارئۆغۆ دەکەن. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان، کلچدارئۆغلۆ لە خولی دووەمی هەڵبژاردندا سەردەکەوێت.

بەرپرسێکی ئێران ئاشکرای دەکات فرۆشی نەوتی وڵاتەکە بەرز بوەتەوە و رۆیتەرز بڵاوی کردەوە فرۆشی نەوتی وڵاتەکە بەهۆی چاوپۆشی ئەمریکا گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردو. موحسین مەنسوری، جێگری جێبەجێکاری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند؛ سەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەکان، فرۆشی نەوتی وڵاتەکە گەیشتوەتە یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەو بەرپرسەی ئێران هۆکار و وردەکاریی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەی ئاشکرا نەکردوە لە کاتێکدا سزاکانی ئەمریکا بە ئامانجی کەمکردنەوەی هەناردە و فرۆشتنی نەوتی ئێران بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی کردوەتەوە فرۆشتن و هەناردەی نەوتی ئێران لە سێ مانگی ئەمساڵدا گەیشتوەتە یەک ملیۆن و 137 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کە ئەوەش زۆرترین هەناردەی نەوتەکەیەتی لە چوار ساڵی رابردودا. ئەمریکا لە ساڵی 2018 و دوای کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی رایگەیاند؛ سزاکانی واشنتۆن نەوتی ئێران دەکاتە ئامانج و هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ بازاڕەکانی جیهان بۆ نزیکەی سفر دادەبەزێنێت. رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردوە کە زیادبونی هەناردەی نەوتی ئێران پەیوەندیی بە چاوپۆشیی ئەمریکا لە فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتەوە هەیە. وڵاتی چین سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا رۆژانە زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێران کڕیوە و بە پێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش ئێران نەوتەکەی بە ناوی نەوتی عێراق و بە نهێنی لە رێگەی کەشتی نەوتهەڵگری بێ ناو و نیشان ساخ کردوەتەوە. هەناردەی نەوتی ئێران پێش سزاکانی ئەمریکا رۆژانە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل بوە کە لە ساڵی 2019 بەهۆی ئەو سزایانەوە هەناردەی نەوتەکی بۆ کەمتر لە 250 هەزار بەمیلی رۆژانە دابەزی.

هاوڵاتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رەخنەی لە بڕیاری گەڕانەوەی سوریا بۆ سەر کورسییەکەی لە کۆمکاری عەرەبی گرت و رایگەیاند، دیمەشق شایستەی ئەو هەنگاوە نییە و خواستی سەرۆکی سوریای بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە خستە ژێر پرسیارەوە. نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا پێیوایە "هاوبەشە عەرەبییەکان بەنیازن پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی سوریا بەکاربهێنن بۆ فشارخستنە سەر چارەسەری قەیرانی درێژخایەنی سوریا و واشنتنیش لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەسەر ئامانجی کۆتایی ئەم بڕیارە هاوڕایە"، بەڵام "دیمەشق شایستەی ئەو هەنگاوە نییە". ئەوەشی خستوەتەڕو،  دیمەشق شایستەی ئەوە نەبووە بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی، چونکە تائێستا ھیچ ھەوڵێکی کرداری بۆ چارەسەری کێشەکان نەناوە. وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی لە کۆبونەوەی بەپەلەی دوێنێ یەکشەممەدا لە قاهیرە رێککەوتن لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ کورسییەکەی لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، دوای نزیکەی 12 ساڵ لە هەڵپەساردنی ئەندامێتی وڵاتەکە.  

ئێران دوو بەشداربوی تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بە تۆمەتی سوتاندنی قورئان لەسێدارە دەدات. دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بە تۆمەتی سوتاندنی قورئان و بێڕێزیی بە پێغەمبەری موسوڵمانان دوو کەس لەسێدارە دراون. ئاماژە بەوە کراوە؛ ئەو دوو کەسە کە یەکیان خەڵکی شاری خەڵکی ئەردەبیل و باوکی سێ منداڵ و یەکێکی دیکەشیان دانیشتوی شاری یاسوج بوە لە ساڵی 2020 تۆمەتبار کراون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێڕێزیی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و موسوڵمانان دەکەن. پێشتر ئەمریکا لەسەر ئەگەری لەسێدارەدانی ئەو دوو کەسە هۆشداریی دابو و رایگەیاندبو کە دەبێت کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی ئازادیی بیروباوڕدا جێبەجێکردنی سزای سێدارە راگرێت. رێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاندوە؛ ئەو دوو کەسە لە ژێر ئەشکەنجەدا دانیان ناوە بەو تۆمەتانەی کە لە لایەن دەسەڵاتەوە روبەڕویان کراوەتەوە. ئێران لە ماوەی رابردودا جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداریی دەدەن کە لەسێدارەدان بە ئامانجی چاوترسێنکردنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە زیادی کردوە.