هاوڵاتی کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند، ئێمە ئاشتی و دیموکراتی دەهێنینە تورکیا و کەس بەهۆی ئایین و ناسنامەکەیەوە ئیدی گۆشەگیر ناکرێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی و سەرۆکی گشتی جەهەپە بە یاوەری ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و شاندێکی جەهەپە لە شاری وان باکوری کوردستان کۆبونەوەیەکی گەورەی جەماوەری ئەنجامدا. لە کۆبونەوە جەماوەریەکەدا کە زۆربەی بەشداربووان لایەنگرانی پارتی چەپی سەوز (هەدەپە) بوون، ئاڵاکانی جەهەپە و پارتی چەپی سەوز بەرز کرانەوە و پشتگیری خۆیان بۆ کلچدارئۆغلۆ دیار کرد. کلچدارئۆغلۆ بۆ جەماوەر قسەی کرد و ئاماژەی بە کێشەکانی شاری وانی باکوری کوردستاندا و بەڵێنی خزمەتکردنی بە خەڵکی شارەکەدا و وتی، " من لە ناوچەی ئەرجیشی وان دەستم بە خوێندن کرد. ئێستا لە یەکێک لە شارە جوانەکانی جیهان میوانم. هەموو کێشەکانی ئەم شارە دەزان. دەزانم کێ چی کردووە. بەڵێنێکم بۆ هاوڵاتیانی شارەکە ئەمەیە. ئارامی و ئاشتی دەهێنینە وڵات. هیچ کەسێک ئیدی بەهۆی ئایین و ناسنامەکەیەوە گۆشەگیر ناکرێت." باسی ئەوەشی کرد کە دەسەڵات هەموو یاساکانی پێشێل کردووە و ئاماژەی بەوەکرد، هەموو کێشەکان چاتەسەر دەکەم. بڕۆن دەنگ بدەن. دەنگ بدەن و دەسەڵات دەرووخێنین. دەمانەوێت بە ئارامی لە وڵاتەکەمان بژین. ئیدی سەردەمی جیاکاری تەواو بووە. " هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە لە هەدەپە و شەش پارتی چەپ پێک دێت، دوای ئەوەی چەند بەڵێنێکی لە کلچدارئۆغلۆ وەرگرت، چەند رۆژ لەمەوبەر بە شێوەیەکی فەرمی رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا پشتگیری لە کلچدارئۆغلۆ دەکەن و تاکە ئامانجیان ئەوەیە کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنن

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردەوە، كۆی هەناردە و داهاتی نەوت بۆ مانگی نیسان، بەم شێوەیە بووە، بڕی ٩٨ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار و ٩٤٧ بەرمیل نەوتی خاو هەناردە كراوە، دەشڵێن، داهاتەكەشی حەوت ملیار و ٧٩٦ ملیۆن دۆلار بووە. وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO (، بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراوی بۆ مانگی نیسان بڵاوکردووەتەوە کە لە مانگی نیسانی رابردوودا، رۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و 288 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە و یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە 79،04 دۆلار فرۆشراوە. ئەوەش لە کاتێکدایەـ داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئاداردا، حەوت ملیار و 404 ملیۆن دۆلار بووە، بەمەش داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی ئاداردا، 392 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.  

هێڵی هەژاریی لە ئێران بەرز دەبێتەوە و نوێنەرێکی کرێکارانیش دەڵێت خواردنی گۆشتی سور لە سفرەی خێزانەکانیان نەماوە. لە نوێترین ئامارەکانی ئێراندا هێڵی هەژاریی لە 18 ملیۆن تمەن کە دەکاتە 320 دۆلار بۆ 21 ملیۆن کە دەکاتە نزیکەی 380 دۆلار بەرز دەبێتەوە لە کاتێکدا ناوەندی موچەی کرێکارێک هەشت ملیۆن تمەنە کە دەگاتە نزیکەی 140 دۆلار. هەر خێزانێکی دانیشتوی ئێران ئەگەر داهاتی لە 380 دۆلار کەمتر بێت لە هێڵی هەژاریدا دەژیت و بەو پێیە زیاتر لە 75%ی دانیشوانی وڵاتەکە بە هەژار ئەژمار دەکرێن. فەرامەرز تۆفیقی، چالاکوانی کرێکاریی و نوێنەری پێشوی کرێکاران لە ئەنجومەنی باڵای کار لە ئێران رایگەیاند؛ حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە تەنها بە رێژەی 27% موچەی کرێکارانی بەرز کردوەتەوە لە کاتێکدا هەڵاوسانی ئابوریی زیاتر لە 50% بەرز بوەتەوە. بە وتەی تۆفیقی بەهۆی کەمیی داهاتەوە گۆشتی سور لەسەر سفرە خێزانی کرێکاران و زۆربەی موچەخۆراندا نەماوە و توانای کڕین بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بەهۆی دابەزینی رۆژانەی بەهای تمەن هێڵی هەژاریی لە 15 ملیۆن تمەنەوە بۆ 21 ملیۆن تمەن بەرز بوەتەوە و بە پێی ئامارێکی نێودەوڵەتی لە کۆی نزیکەی 85 ملیۆن دانیشتوی ئێران زیاتر لە 60 ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.    

هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردو، فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل  فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی لە پارێزگاکەدا بۆردوومان کردووە و لەئەنجامیشدا ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.  بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 2ـی ئایاری 2023، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە: "نزیکەی کاتژمێر 11:35 شەوی دووشەممە، ئیسرائیل بە چەند مووشەکێک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و چەند ناوچەیەکی دیکەی دەوروبەری حەلەبییان کردە ئامانج." لە هێرشەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی سووریا، "سەربازێکی سوپای سووریا کوژراوە، 7 کەسی دیکەش برینداربوون و فڕۆکەخانەی حەلەبیش لە کارکەوتووە." سەرچاوەکانی کار لە یەکەکانی چاودێری و بەدواداچونی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایانگەیاندوە، هێرشەکەی ئیسرائیل، هەریەک لە فڕۆکەخانەی سەربازی نەیراب لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب، بارەگای سەربازیی هێزە ئێرانییەکان کە دەکەوێتە نزیک کەتیبەی بەرگری ئاسمانی لە ناوچەی سەفیرەی باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردۆتە ئامانج. لە ماوەی شەڕی 10 ساڵەی نێوخۆی سووریادا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا و بەشێوەیەکی سەرەکی پێگەکانی هێزەکانی نزیک لە ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای سووریا دەکاتە ئامانج.

رۆژنامەیەکی ئەمریکی سیخوڕیی بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی بۆ بەریتانیا پشتڕاست دەکاتەوە و بڵاوی کردەوە کە ئەو بەرپرسە زانیارییە نهێنییەکانی تایبەت بە بەرنامە و دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی تارانی ئاشکرا کردوە. رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکا لە ژمارەی ئەمڕۆ دوشەممەدا بڵاوی کردوەتەوە؛ عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری پێشوتری وەزیری بەرگریی و راوێژکاری ئەنجمونی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بوە لە ساڵی 2004 زانیارییە نهێنییەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی و هاوکاریی مۆسکۆ بۆ تارانی بۆ یەکەمجار رادەستی بەریتانیا کردوە. رۆژنامەکە ئاشکرای کردوە ئەکبەری بەهۆی ئەوەی بە بەردەوامی پلە و پۆستی هەستیاریی لە ناو کۆماری ئیسلامی هەبوە و خاوەنی کەسایەتییەکی توندڕەوی ئایینییی بوە زیاتریین زانیاریی لەسەر بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە دەستکەوتوە و گومانی لێنەکراوە و ئەو زانیارییانەشی رادەستی بەریتانیا کردوە و دواتر بەریتانیا زانیارییەکانی گەیاندوەتەوە دەست بەرپرسانی  ئیسرائیل. نیویۆرک تایمز نوسیویەتی: ئەکبەری بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ سیخوڕیی بۆ بەریتانیا کردوە و زانیاریی هەستیاری گەیاندوەتە ئەو وڵاتە و ناسنامە و زانیارییەکانی بەرپرسان و زانایانی بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەکیی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کردوە و یەک لەو کەسانەشی ئەو زانیارییەکانی ئاشکرا کردوە موحسین فەخریزادە بوە کە لە ساڵی 2020 لە لایەن ئیسرائیلەوە لە ئێران کوژرا. ئەو رۆژنامەیە باسی لەوە کردوە ساڵی 2010 ئەکبەری توشی جەڵتەی دڵ دەبێت و هەر بەو هۆیەوە لە بەریتانیا نیشتەجێ دەبێت بەڵام لە ساڵی 2019 کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی راوێژ لە بەرنامەیەکی ئەتۆمیدا داوای لێدەکات بگەڕێتەوە وڵاتەکە و لە کاتی گەڕانەوەی و گەیشتنی بە ئێران دەستگیر دەکرێت. برای ئەکبەری رایگەیاندوە؛ براکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ژێرزەمینێکدا و لە ژورێکی تاکەکەسی زیندانیی کراوە و دواتر بڕیاری سێدارەی بەسەردا جێبەجێکرا.

هاوڵاتی کۆمپانیای سۆسیۆ پۆلیتیکی تایبەت بە راپرسیەکان لە تورکیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە دواین زانیارییەکان لە بارەی سەرکەوتنی کلچدار ئۆغلۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بەرامبەر ئەردۆغان دەخاتە ڕوو. لە ڕاپرسییەکەدا ئەوە ڕونکراوەتەوە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا بە جیاوازیەکی زۆر شکست بە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات دەهێنێت. کۆمپانیای سۆسیۆ پۆلیتیک راپرسیەکی مەیدانی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامداوە کە هەزار و ٥٦٩ کەس بەشداریان لە راپرسیەکەدا کردووە. ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن ٥١.٧٪ و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات ٤٤.١٪ موحەڕەم ئینجە کاندیدی پارتی مەملەکەت ٣٪ سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا ١.٢٪  دەهێنن. هەروەها بەپێی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییەکانیش بەم شێوەیە دەبێت: ئاکەپە ٣٢.٣٪ جەهەپە ٢٨.٧٪ پارتی چەپی سەوز -هەدەپە ١١.٧٪ پارتی باش ١١.٣٪ مەهەپە ٦.١٪ پارتی دەڤا ٣.٤٪ پارتی سەرکەوتن ٢٪ پارتی مەملەکەت ١.٤٪ پارتی ئاییندە ١.١٪ پارتی کرێکارانی تورکیا ١.١٪ پارتی سەعادەت ٠.٩٪ بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 14 ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمارلە تورکیا بەڕێوەبچێت و ململانێیەکی بەهێز لە نێوان لیست و لایەنەکاندا هەیە.

بەهای تمەن بەردەوامە لە دابەزین و بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ کڕین و فڕۆشی دراوەکان لە بازاڕدا سنوردار دەکات و داوا لە خەڵک دەکرێت رو لە شوێنە فەرمییەکان بکەن بۆ دابینکردنی دۆلار. محەمەدڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ بانکی ناوەندیی هەوڵ دەدات بازاڕی نافەرمیی ئاڵوگۆڕی دراوەکان و بە تایبەت دراوی دۆلار سنوردار بکات، چونکە ئەو بازاڕانە بونەتە شو‌ێنی سپیکردنەوەی پارە و زیان بە ئابوریی وڵاتەکە دەگەیەنێت. فەرزین وتویەتی: رێگریی لە ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕە نافەرمییەکان و ئەو شوێنانە دەکرێت کە هەماهەنگییان لەگەڵ بانکی ناوەندیی نییە. لە دوای وتەکانی فەرزین بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران بەرزبونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی و بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە نزیکەی 56 هەزار تمەن لە کاتێکدا ئەمڕۆ سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکان لەو وڵاتە بەهای یەک دۆلار 55 هەزار و 100 تمەن بو. لە لایەکی دیکەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرای کردوە؛ ناوندێکیان لە ناو حکومەتەدا پێکهێناوە بۆ رێگریی لە ئەنجامدانی بازرگانیی بە دراوی دۆلار لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی بەهای دراوی تمەن. هەوڵەکانی ئێران بۆ دابەزینی زیاتری بەهای تمەن دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لە مێژودا بەهای یەك دۆلار گەیشتە 60 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دۆلار لە مێژوی وڵاتەکە لەقەڵەم دەدرێت.

هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایانگەیاند، ئاگربەستی مرۆیییان بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژکردووەتەوە. هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە داوە، بە مەبەستی کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان و دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن بگەنە شوێنە سەلامەتەکان، لەمڕۆ بە دواوە ئاگربەستی مرۆیی بۆ سێ رۆژی دیکە درێژکرایەوە. هەروەها سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، بە هەوڵی سعوودیە و ئەمریکا، بڕیاریانداوە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژ بکەنەوە. سەرەڕای ئاگربەست کە شەوی ٢٨ی نیسان دەستی پێ کرد، لە خاڵە ناوچە جیاوازەکانی خەرتومی پایتەخت، پێکدادانەکان لە نێوان سوپای وڵات و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوام بوو وهەردوولا یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد.  عەمید نەبیل عەبدوڵڵا گوتی: "ئەگەری زۆرە بە نێوەندگیری ئەمەریکا و سعوودیە و ژمارەیەک لە وڵاتان ئاگربەستە راگەیەندراوەکە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژ بکرێتەوە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک بە هێز". ئەو بەرپرسەی سوپای سوودان لەبارەی داخرانی باڵیۆزخانەی ژمارەیەک وڵاتان لە خەرتوومی پایتەخت، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی هاتووەتە ئاراوە، ژمارەیەک وڵات باڵیۆزخانەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی داخستووە و لە ئێستادا سەرقاڵی بردنەوە دەرەوەی هاووڵاتییانیان، بەڵام دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

شارەوانیی پایتەختی ئێران رایگەیاند پابەندنەبون بە بڕیارەکانی حکومەت بۆ سەرپۆش و باڵاپۆش سزای لێدەکەوێتەوە و سەرۆکی شارەوانی تاران دەڵێت 12 ساڵە دوژمنان دژی باڵاپۆشیی هەنگاو دەنێن. عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی ئێران رایگەیاند؛ پێنج مانگە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی خانمان دەدرێت بۆ پابەندبون بە سەرپۆش و باڵاپۆشەوە و هەوڵەکانیش 70 وێستگەی میترۆی لە تاران گرتوەتەوە. بە وتەی زاکانی رێوشوێنی کاریگەریان لە دژی خانمانی بێسەرپۆش گرتوەتەوەبەر و لە قۆناغی یەکەمدا هۆشیاریی و لە قۆناغی دەوەمەدا ئەو خانمانە ئاگادار دەکرێنەوە و لە قۆناغی سێیەمدا هاتوچۆیان بۆ میترۆ و بەکارهێنانی هێڵەکانی شەمەندەفەر لەو خانمانە قەدەغە دەکرێت. سەرۆکی شارەوانیی تاران وتویەتی: پابەندنەبونی کچان و ژنان بە یاساکانی باڵاپۆشبون لە کۆماری ئیسلامی 12 ساڵە لە لایەن دوژمنانەوە کاری بۆ دەکرێت بۆیە بەرەنگاری ئەو دیاردەیە دەبنەوە. ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە رێوشوێنەکانی سەپاندنی سەرپۆش و باڵاپۆش لە شوێنە گشتییەکانی تاران توندبوەتەوە و دەیان ناوەندی بازرگانیی و خواردنگە و مارکێت و بازاڕ بە بیانوی بونی خانمانی بێسەرپۆش داخراون.

سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، دوای هەڵبژاردن دەردەکەوێت کە ژمارەیەک کاندیدی لایەنەکان و رۆژنامەنووسان لەلایەن دەسەڵاتەوە کڕدراون. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تویتێکدا، هەندێک زانیاری بڵاوکردەوە کە لە میدیاکانی تورکیادا دەنگی دایەوە. دەمیرتاش رایگەیاند، ژمارەیەک کاندیدی لایەنەکان و رۆژنامەنووسان کە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن لەقەڵەم دەدەن، کار بۆ دەسەڵات دەکەن و کڕدراون و وتی، " دوای هەڵبژاردن راستی ئەو کەسانە ئاشکرا دەبێت." هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە حەوت ساڵە لە زینداندایە بانگەوازێکی ئاڕاستەی گەنجان کرد و رایگەیاند، "بڕیاری خۆیان بدەن، دەنگتان بۆ کاندیدە بێبنەماکان مەسووتێنن. کلیلەکە لای ئێوەیە و بێهیوا مەبن و دەست بە گۆڕانکاری بکەن." هەروەها دەشڵێت، داهاتووی کۆمەڵگا گەنجەکان و هاوپەیمانی کۆماری وەک هاوپەیمانی 'تالیبان' لەقەڵمدا و راشیگەیاند، بۆ ئەوەی هاوپەیمانی تالیبان رابگرن، هەلێکی گەورە هەیە و گۆڕانکاری بکەن.

هاوڵاتی لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان ٤٧ سەربازی تورکیا گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون. لە سەر رێگەی شاروچکەی سێگرکیی سەر بە ناوچەی قلەبانی شڕنەخی ئۆتۆبۆسێکی سەربازانی تورکیا وەرگەڕا. بەگویرەی زانیاریەکانی میدیاکانی تورکیا لە رووداوەکەدا، دوو سەربازی تورکیا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها باسی ئەوەش دەکرێت کە ٤٤ سەربازی تورکیا و شۆفێری ئۆتۆبۆسەکە بریندار بوون کە برینی ژمارەیەکیان سەختە. بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شڕنەخ گواستراونەتەوە و تیمەکانی سەر بە سوپای تورکیا لە ناوچەکە دەستیان بە لێکۆلینەوە کردووە.

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و تورکیا دادەبەزێت و هاوردەکردنی غازی ئێرانیش دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت. تورکیا بڵاوی کردەوە؛ لە سێ مانگی ئەمساڵدا ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتی ئێران یەک ملیارد و 370 ملیۆن دۆلار بوە و بڕی زیاتر لە یەک ملیارد و 500 ملیون مەتر سێجا غازی لەو وڵاتەوە هاوردە کردوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 14% کەمی کردوە و لەو ماوەیەدا تورکیا بە بڕێ 702 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە ئێران کردوە کە 2% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام کڕینی کاڵا و هاوردەکردنی لەو وڵاتەوە 677 ملیۆن دۆلار بوە کە بەراورد بە رابردو 27% کەمی کردوە. تورکیا ئاماژەی بەوە کردوە لە سێ مانگی ئەمساڵدا بڕی یەک ملیارد و 567 ملیۆن مەترسێجا غازی لە ئێران کڕیوە کە ئەوەش بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 17% کەمی کردوە. ئێران لە سێ مانگی ساڵی رابردودا یەک ملیارد و 891 ملیۆن مەتر سێجا غازی بە تورکیا فرۆشتوە و ئەو بڕە لە ئەمساڵدا کەمی کردوە. بڵاوبونەوەی ئەو ئامارانە لە کاتێکدایە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.  

کەمال کلچدارئۆغلۆ رایدەگەیەنێت کە دوو حەفتە بۆ هەڵبژاردن ماوە و داوای کرد، کۆتایی بە زمانی قێزەون بهێندرێت کە دەسەڵات بەکاری دەهێنێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا پیشاندا و وتی، " دەبێت دەسەڵات دەست لە زمانی قێزەون بهێنێت. خەڵکەکەمان دەزانێت کە دەسەڵات بە یاری پیس و تاوانبارکردن دەیەوێت چی بکات. دەزانم لە ١٠ رۆژی بەر لەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت دەست بە کاری قێزەون دەکەن و پێیان دەڵێم کە عەقڵێکی باش بەکار بهێنن. کلچدارئۆغلۆ باسی ئەوەشی کرد، پێویستە دۆخێک بڕەخسێنرێت کە هاوڵاتیەکانمان بە زەردەخەنەوە بچنە سەر سندوقەکان و بە دڵێکی ئارام بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و دەڵێت، " ئیدی لە جەمسەرگیری بێزار بووین. دەمانەوێت بە راستی ئەم ماوەیە لە دۆخ و کەشوهەوای هەڵبژاردندا تێپەڕ بکەین. ئیدی پێویستە دەست لە نائارامکردنی وڵاتەکانمان هەڵبگرن." کەمال کلچدارئۆغلۆ ئاماژەی بە قسەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەسەڵات کرد کە هەڵبژاردنەکانیان وەک کودەتا لەقەڵەمدابوو و وتی، " دەڵێن هەڵبژاردن کودەتایە. لەدژی گەلەکەتان شەڕێکی وەک شەڕی ئۆهۆدیان دەست پێکردووە. گەلەکەمانتان وەک داگیرکەر بەناو کردووە و نازانم ئەمە چ هەڵوێستێکە! ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی راپرسیەکان باس لە شکستی ئەردۆغان و پارتەکەی لە هەڵبژاردندا دەکەن و میدیاکانی جیهانیش گۆمانیان لەوە هەیە کە ئەردۆغان بە ئاسانی دەسەڵات جێناهێڵێت.

کۆمپانیای کۆندا کە تایبەتە بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدا کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە ١٤ی ئایار بەڕێوە بچێت. بەگوێرەی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییە سەرەکییەکان بەم شێوەیە دەبێت: پارتی داد و گەشەپێدان ٣٦.٢٪ پارتی گەلی کۆماری ٢٤٪ پارتی باش ١٣.٧٪ پارتی چەپی سەوز ١٠.٣٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٧.٤٪ ئەوانەی دیکە ٨.٥٪ هەروەها بەگوێرەی راپرسیەکە هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ناتوانن، دەنگی پێویست بۆ سەرکەوتن بەدەست بهێنن و بۆیەش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەکەوێتە خولی دووەم و ئەنجامیش بەم شێوەیە دەبێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ (ئۆپۆزسیۆن) ٥١٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان (دەسەڵات) ٤٩٪  

رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کرد بۆ بەرەنگاربونەوەی ئێران و چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق و سوریا بۆمبی نوێ بەکار دەهێنرێت و فڕۆکەی جەنگیی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) لە زاری سەرچاوەکانی و بەرپرسان و فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو سوپایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێژەی 50% زیاد دەکرێن و بۆمبی تایبەت بە سەنگەرشکێن بەکاردەهێنرێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەمریکا بۆمبی 113 کیلۆیی لە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (وارتاگ) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت کە بە ئامانجی تێکشکاندانی سەنگەر و وێرانکاریی حەشارگەکان و بڕینی ئەو شوێنانەیە کە لە ژێر زەویی بە مەبەستی سەربازیی دروست کراون. ژەنەڕاڵ ئەلێکسوس گرینکویچ، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا رایگەیاندوە ئەو بۆمبانە بە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لە فڕۆکە جەنگییەکانی وارتاگ لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنرێن و لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەشدا فڕۆکەی جەنگیی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکرێت. رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ جەختی لەوە کردوەتەوە کە ناکۆکییەکان و گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندتر بوەتەوە و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆماری ئیسلامی و هێرشکردنە سەر چەکدارانیەتی لە عێراق و سوریا.