هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمشەویدا شەش ماددەی لە پڕۆژەیاسای بودجە پەسند کرد و دانیشتنەکەی بۆ نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی هەڵگرت. ئەکۆبونەوەکەی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەریەک لە ماددەکانی (یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت، هەشت) پەسەندکران، دەنگدان لەسەر ماددەی دو بۆ کاتێکی دیکە دواخرا، هەروەها ماددەی چوارەمیش لەناو پرۆژەیاساکە لابرا و سڕدرایەوە". ئەو ماددانەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کە پەسەند کران: ماددەى یەک: تایبەتە بە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار و دیاریکردنى نرخى نەوت بە 70 دۆلار و پێشبینى بڕى نەوتى هەناردەکراو. ماددەى دوو: دواخرا کە تایبەت بوو بە خەرجییەکان ماددەى سێ: تایبەتە بە پاڵپشیى دارایی کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى و دەسەڵاتى وەزیرى دارایی بۆ ئەو کارە و پەسند کرا. ماددەى چوار: لادرا کە تایبەتە بە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ گواستنەوە لە پارەى تەرخانکراو لە قەرزەکان و گۆڕینى ئەو لایەنەى کە سوودمەند دەبێت لە قەرزەکان. ماددەى پێنج: تایبەتە بە دەسەڵاتى راستەوخۆى خەرجکردنى و رێگرى لە تێپەڕاندنى بڕى تەرخانکراو و، پەسند کرا. ماددەى شەش: تایبەتە بە دەسەڵاتى گواستنەوەى بودجە و پەسند کرا. ماددەى حەوت: تایبەتە بە دەسەڵاتى بەکارهێنانى یەدەگى بارى لەناکاو و پەسند کرا. ماددەى هەشت: تایبەتە بە سنووردارکردنى داهات بۆ یەک ساڵ و تاوەکو کۆتایی 2023، پەسند کرا. کۆبونەوەکە بۆ کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی هەڵگیراوە و بڕیارە بەردەوامی بەکۆبونەوەکە بدرێت بۆ پەسەندکردنی تەواوی بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاساکە.
هاوڵاتی ناوەندی لێکۆلینەوەی بواری کۆمەڵایەتی – سیاسی تورکیا باسی ئەوەی کرد کە توندوتیژی سەر ژنان زیادی کردووە و لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا 94 ژن کوژراون. ناوەندی لێکۆلینەوەی بواری کۆمەڵایەتی – سیاسی تورکیا ئاماری توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا لە تورکیا و باکوری کوردستان ئاشکرا کرد. راپۆرتەکە تایبەتە بە یەکێ ئازار تاوەکو 31 ی ئایاری ئەمساڵ و پشتی بە ئامارەکانی پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان رادەگرین، بیانێت، ژن نیوز، ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئانت سایاچ بەستووە. لە ئامارەکەدا هاتووە، بە گشتی لەو سێ مانگەدا 94 ژن کوژراون و 84 ژنیش بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە. 185 ژن رووبەرووی توندوتیژی بوونەتەوە، ٩ ژن بریندار بوون. هەڕەشە لە 34 ژن کراوە، 14 ژن رووبەرووی سوکایەتی و 7ژنیش رووبەرووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە.
ئێران کاردانەوەی ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر بەرنامە موشەکییەکەی رەت دەکاتەوە و بەرپرسێکی ئیسرائیل دەڵێت رێگە نادەن کۆماری ئیسلامی ببێت بە کۆریای باکور. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند؛ بەرنامە موشەکییەکانی ئەو وڵاتە ئاساییەوە و لە چوارچێوەی مافی بەرگرییدایە. کەنعانی وتی: وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا و ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپا کە مێژویەکیان هەیە لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی و چەکی نائاسایی، نابێت کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار بکەن بە پابەندنەبون بەو یاسایانە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: ئێران لە چوارچێوەی مافی رەوا بۆ بەرگریی لەخۆی بەردەوامە لە چالاکییە موشەکییەکانی. لە لایەکی دیکەوە ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە کە رێگە نادەن کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەرنامە موشەکیەکانی ببێتە وڵاتێکی هاوشێوەی کۆریای باکور. کۆهین لە گەشتەکەی بۆ کۆریای باشور وتویەتی ؛ کۆماری ئیسلامی ئێران هاوشێوەی کۆریای باکور بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی و بەرنامەی موشەکی بوەتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و هۆکارە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی جیهان. ئێران رۆژی سێشەممەی رابردو موشەکێکی کیشوەربڕی بە ناوی (فەتاح) تاقی کردەوە کە بە وتەی بەرپرسانی سوپای پاسداران ئەو موشەکە دەتوانێت بە خێرایی 13 هێندەی دەنگ مەودای زیاتر لە پێنج هەزار و 500 کیۆمەتر ببڕێت بەڵام لە ئێستادا مەوداکەی بۆ هەزار و 400 کیلۆمەتر سنوردار کراوە.
هاوڵاتی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، تورکیا، روسیا و ئێران لە ئاستانای پایتەختی کازاخستان کۆدەبنەوە و پرسی سەرەکی کۆبونەوەکە قەیرانی سوریا دەبێت. بڕیارە رۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە بەرپرسانی چوار وڵاتەکە کۆببنەوە و درێژەی ئەو کۆبونەوانە دەبێت کە پێشتر لەبارەی کێشەکانی سوریا ئەنجام دراون. کورهان کاراکوش بەرپرسی دۆسیەی سوریا لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بۆ میدیایەکی نزیک لە حزبوڵلای لوبنان قسەی کرد و رایگەیاند، دانوستانەکانی تورکیا و سوریا بە چاودێری روسیا و بەشداری ئێران، ڕۆڵێکی گرنگیان دەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا. ١٠ی مانگی ئایار، وەزیرانی دەرەوەی سوریا، تورکیا، ئێران و روسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و تەئکیدیان لەسەر بەردەوامیدان بە کۆبونەوەکان کرد. لە کۆتایی ساڵی رابردوو، تورکیا دەستی بە پرۆسەیەک کرد بۆ ئەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ سوریا ئاسایی بکاتەوە کە ١١ ساڵ بوو وەک دوژمن مامەڵەیان لەگەڵ یەکدیدا دەکرد. لە دانوستانەکاندا حکومەتی دیمەشق مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە تورکیا دەست لە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارە رادیکاڵەکانی سوریا هەڵبگرێت و بێ مەرج سەربازانی لەنێو خاکی سوریادا بکشێنێتەوە. مەرجی سەرەکی تورکیاش ئەوەیە کە دیمەش هاوکاریان بکات کە پێگەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەناو ببرێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستان بهێندرێت.
هاوڵاتی لیرەی تورکی دوای هەڵبژاردنی 28ی ئایار، رۆژ بە رۆژ زیاتر بەهاکەی لە دەست دەدات و لە ئیستادا بەهای دۆلارێک گەیشتووەتە 23 لیرە و 57 قوروش و یەکەم جارە لە مێژووی تورکیادا کە لیرە بەم ئەندازەیە بەهاکەی لەدەست دەدات. لە بانکەکاندا دۆلارێک بە 23.57 لیرە و یۆرۆیەک بە 25.16 لیرە و پاوەنێکیش بە 29.24 لیرە مامەڵەی پێدەکرێت. بەم شێوەیە دۆلار بۆ یەکەمجار ئاستی 23 لیرەی تێپەڕاند، یۆرۆش بە 25 لیرە گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی مێژوویی. دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەدابوو کە لیرە بە شێوەیەکی چاوەڕوانکراو بەهاکەی لەدەست دەدات. کۆمپانیای کۆمێرزبانک کە بنکەکەی لە ئەڵمانیایە پێشبینی کردبوو کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024، نرخی 100 دۆلار دەبێتە سێ هەزار لیرە.
ژمارەیەک رێکخراوی مرۆڤ داوای راگرتنی شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران دەکەن و لە شەش مانگدا زیاتر لە 300 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو وڵاتە لەسێدارە دراون. ئەمڕۆ چوارشەممە 12 رێکخراوی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای راگرتنی بە پەلەی ئەو شەپۆلە لەسێدارەدانەیان کردوە کە لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران جێبەجێ دەکرێت. رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە کردوە ؛ کۆماری ئیسلامی لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی کردوە بە لەسێدارەدانی بەلێشاوی دەستگیرکراونی ناڕەزایەتییەکان و بەندکراوانی پێشو کە بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدان. بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 314 کەس لەسێدارە دراون کە بە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی 15 ساڵی رابردو ئەژمار کراوە.
هاوڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا هەولێر و بەغدا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن لەبارەی رێکارەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل. باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "بە ئامانجی جێبەجێکردنی بڕیاری 215ی ساڵی 2009 کە پەیوەستە بە رێکاری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت لە فەرمانگەکانی هاتووچۆی گشتی و گومرگ و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق." لەبارەی ئامانجی لیژنە هاوبەشەکە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی "لیژنەکە پڕۆژەبڕیارێک ئامادەدەکات لەبارەی رێکار و رێنوێنییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کە ناوەند و هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەسەر بکەن بۆ گەرەنتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە." ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی ئەنجومەنی وەزاری بۆ وزە پەسەندکردووە، کە تایبەتە بە بەکارھێنانی غاز وەک سوتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێل، بە ئامانجی گێڕانەوەی ھاوسەنگی بۆ نرخی سوتەمەنی لە عێراق. رۆژی پێنجشەممە، 5-1-2023، وەزارەتی پلاندانانی عێراق دوایین ئاماری لەبارەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەوە لە عێراق راگەیاند، بەپێی ئامارەکە، لە کۆتایی ساڵی 2022دا حەوت ملیۆن و 460 هەزار ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەکاتێکدا ژمارەی ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2021دا حەوت ملیۆن و 27 هەزار ئۆتۆمبێل بووە، واتە بەڕێژەی 6٪ زیادیکردووە. بەپێی وەزارەتەکە، بۆ هەر هەزار کەس، 128 ئۆتۆمبێل هەیە و هەر کیلۆمەترێک رێگەی قیرکراویش 127 ئۆتۆمبێلی بەردەکەوێت.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ئەو هەواڵانە رەتدەکەنەوە ، کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت وەزیری دارایی لە رەشنوسی بودجەی گشتی ساڵی 2023دا گۆڕانکاری کردوە لە رێگەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە. وەزارەتی دارایی عێراق ئەمشەو لە رونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەو زانیاریانە ڕەتدەکەنەوە کە لە رێگەی سۆشیال میدیا و ئاژانسەکانی هەواڵەوە دەسوڕێنەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات (وەزیری دارایی لە ڕەشنوسی بودجەی گشتی ساڵی 2023دا گواستنەوەی کردوە)، کە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامی دەدات. ئەوەش خراوەتەڕو، تەیف سامی جەختی لەوەکردوەتەوە، ئەوەی حکومەت لە پڕۆژەکەدا جێگیری کردوە بەپێی لێکۆڵینەوە و پێویستی وەزارەت و پارێزگاکان بوە، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم مەرجەکان بەپێی دیدگای حکومەت لە بەرنامەی حکومەتەکەیدا، هەر گۆڕانکارییەک دەبێتە رێگر لەبەردەم ئەو کارانەی خەرجکردن کە لەلایەن حکومەتەوە داڕێژراون بۆ دابینکردنی هەمو پێداویستییەکان. ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی حوزەیرانی 2023، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 8ـی حوەزەیرانی 2023 پەرلەمان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی کارنامەکە؛ دانیشتنەکەی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی عێراق و کاتژمێر 01:00 بەڕێوەدەچێت.
ئەمریکا تۆڕێکی نێودەوڵەتیی و ژمارەیەک بازرگانی بەهۆی بەرنامە موشەکییەکانی ئێرانەوە سزا دەدات و رۆژنامەیەکی ئیسرائیل ئاشکرای دەکات کە واشنتۆن بە نهێنی هەوڵی رێککەوتنی کاتی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران دەدات. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە سزادانی تۆرێکی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و 10 کەسی راگەیاند کە لە روی تەکنەلۆژییەوە هاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردوە لە بەرنامە موشەکییەکانی. یەکێک لەو کەسانەی کە لە لایەن وەزارەتەکەوە سزا دراوە بەrپرسێکی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوی داود دامغانی بوە. بە پێی بەیاننامەکە کە لە پێگەی ئەلیکترۆنی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە؛ ژمارەیەک کۆمپانیای ئێران، مەکزیک، هۆنگکۆنگ و چین سزا دراون. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردوە؛ تۆڕی کۆمپانیاکان و ئەو کەسانەی سزا دراون، بە نهێنی کاری کڕین و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازیی تایبەت بە دروستکردنی موشەکیان بۆ کۆماری ئیسلامی کردوە. لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی ئیسرائیل بڵاوی کردوەتەوە؛ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن هەوڵی رێککەوتنی کاتیی لەگەڵ ئێران دەدات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکان روبەڕوی کێشە نەبێتەوە. زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە دەریخستوە کە ئەمریکا داوای لە ئێران کردوە پیتاندنی یۆرانیۆم لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی کاتیدا رابگرێت و لەبەرامبەردا واشنتۆن چاوپۆشی لە دروستکردنی وێستگەی نوێی ئەتۆمیی لە وڵاتە دەکات. جۆرۆسەلیم پۆست نوسیویەتی: بڵابونەوەی هەواڵی رێککەوتنی کاتیی نێوان واشنتۆن و تاران نیگەرانیی ئیسرائیلی لێکەوتوەتەوە بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا بەڵێنیان داوە بە پابەندبونی وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.
هاوڵاتی سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی حەفتەیەکی رابردوودا لە تورکیا دوو هەزار و ٩٢٠ پەنابەر دەستگیرکراون و هەزار و ٧٦١ پەنابەر دیپۆرت کراونەتەوە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا باسی ئەوەی کرد کە لە ماوەی حەفتەیەکدا، ٧٨٨ هاوڵاتی ئەفغانی، ٩٥ هاوڵاتی پاکستانی و دوو هەزار و ٢٧ کەسیش خەڵکی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەن. بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەش مانگی رابردوودا، ٤١ هەزار و ٣٣٧ هەزار کۆچبەر دیپۆرتکراون. لەو ژمارەیە ١٣ هەزار و ٢٣٣ کەسیان ئەفغانی و هەزار و ٨٤٨ کەس پاکستانی و ٢٦ هەزار و ٢٥٦ کەسیش خەڵکی وڵاتانی دیکەن. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئیستادا ١٦ هەزار و ٥٨٩ کۆچبەر لە ناوەندی دیپۆرتکردنەوەدا دەمێننەوە.
ئێران بۆ یەکەمجار دروستکردنی موشەکی کیشوەربڕ رادەگەیەنێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمیی هەیە. ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبونی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران موشەکی بالیستی کیشوەربڕ بە ناوی (فەتاح) نمایش کرا. میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بەوە کردوە کە فەتاح توانای هەیە پێنج هێندەی خێرایی دەنگ بە دوریی پێنج هەزار و 500 کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت و ئەو جۆرە لە موشەکانە بە مەبەستی هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمیی بەکاردەهێنرێن. ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران رایگەیاندوە؛ ئەو موشەکە بالیستییە دەبێتە هۆی ئەوەی کڕیارانی چەک رو لە ئێران بکەن و چیتر بۆ دابینکردنی ئەو جۆرە لە موشەکانە پەنا بۆ ئەمریکا نەبرێت. بە وتەی حاجیزادە ئێران بە دروستکردنی موشەکی بالیستی (Hypersonic speed) فەتاح بوەتە شەشەم وڵاتی جیهان کە دوای ئەمریکا،روسیا، چین، هندستان و کۆریای باکور بوەتە خاوەنی ئەو جۆرە موشەکەی سەروی دەنگەوە. ساڵی رابردو حاجیزادە لە کاتی نمایشی موشەکێکی دیکەی بالیستی کە توانای بڕینی دوو هەزار کیلۆمەتری هەبو، وتی وەک رێز لە ئەوروپا موشەکی کیشوەربڕمان دروست نەکردوە و هیوادارن ئەو وڵاتانە رێز لە خۆیان بگرن .
هاوڵاتی وهزارهتی تهندروستی عێراق رایگهیاند، تا ئێستا 140 حاڵهتی تووشبووی ئێستا به تای خوێنبهربوون تۆماركراون، لهو ژمارهیهش 20 كهس گیانیان لهدهستداوه. سهیف بهدر، گوتهبێژی وهزارهتی تهندروستی عێراق، رایگەیاند، تا ئێستا 20 کەس گیانیان لەدەستداوە. جهختیشیكردهوه، دۆخی نهخۆشییهكه لەژێر كۆنترۆڵدایه و تا ئێستا به سهدان كهس لهو پهتایه چاكبوونهتهوه. وتیشی "خاڵی ههره گرنگ كه جهختمان لهسهری كردووهتهوه، ئاگاداربوونه له نیشانهكانی نهخۆشییهكه و سهردانیكردنی بنكهكانی تهندروستی بهزووترین كات". سهیف بهدر، دووپاتیشیكردهوه، ئهگهر كهسانی تووشبوو لهكاتێكی زوودا سهردانی پزیشك بكهن، ئهوا بهئاسانی كۆنترۆڵ دهكرێن، بهپێچهوانهوه، ئهگهرهكانی مردن بههێزترن. تای خوێنبەربوون، یهكێكه له نهخۆشییه ڤایرۆسییه گوازراوهكان، كه دهبێته هۆی تێكچوونی تهندروستی مرۆڤ و دیواری دهمار و موولوولهی خوێن لهناو دهبات، كاریگهرییه لاوهكییهكانی ئهو نهخۆشییه له ماوهی دوو ههفتهدا دهردهكهون، له ههفتهی یهكهم كهسی تووشبوو ههست به نیشانهكانی ئهنفلۆنزا دهكات، كه تووشی تایهكی توند، ژانهسهر، رشانهوه، سكچوون، ژانی ماسولكهكان و ئێسك و جومگهكان دهبێت. هاوکات تا ئێستا دوو هاوڵاتی لە هەرێێمی کوردستانیش بەم نەخۆشییە گیاننیان لەدەستداوە. نەخۆشیەکە له ساڵی 1944 له جهنگی جیهانی دووهمدا سهریههڵداوه و به گشتی له ئاژهڵهوه بۆ مرۆڤ دهگوازرێتهوه.
بەڵگەنامە نهێنییەکانی فرۆشتنی چەکی ئێران بە روسیا بڵاو دەکرێنەوە و ئاشکرا بوە جگە لە فرۆکەی بێفڕۆکەوان کەرەستەی دروستکردنی موشەک و تۆپی تانک و زرێپۆش رادەستی مۆسکۆ کراوە. تۆڕی هەواڵی (سکای نیوز) بڵاوی کردەوە 18 لاپەڕە لە بەڵگەنامە و گرێبەستە نهێنییەکانی فڕۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئێرانی لە سەرچاوەیەکی ئەمنی و ئاسایشییەوە دەست کەوتوە کە دەریدەخات لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیا جگە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە های یەک ملیارد دۆلار کەرەستەی سەربازیی ئێران بە روسیا فڕۆشراوە. لەو بەڵگەنامانەدا کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردو واژۆی لەسەر کراوە، دەرکەوتوە ئێران کەرەستەی تایبەت بە تۆپ و موشەک و زرێپۆش و تانکی بە روسیا فرۆشتوە کە دژی ئۆکرانیا بەکارهێنراون. بەرپرسانی ئۆکرانیا لە دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە رایانگەیاندوە لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان هەوڵەکانیان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەخەنە کار بۆ رێگریی لە فرۆشتنی چەک و کەرەستەی زیاتر لە لایەن ئێرانەوە بۆ روسیا. سکای نیوز بە بێ ئاشکراکردنی سەرچاوەکەی جەختی لەوە کردوەتەوە کە زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامە و گرێبەستەکانی فرۆشتنی چەکی ئێران بە روسیا پشتڕاست کراونەتەوە.
ئاژانسی ئەتۆمیی ئاشکرای دەکات ئێران رێژەی یۆرانیۆمی پیێتێنراوی زیاد کردوە و بەرپرسێکی ئەمریکا هۆشداریی دەدات لە هەنگاوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. رافایل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە سێ مانگی رابردودا بۆ زیاتر لە 100 کیلۆ گرام زیادی کردوە کە رێژەی پیتاندنەکەی 60% بوە. گروسی ئاماژەی بەوە کردوە؛ دوو ساڵ و سێ مانگە ئاژانسی ئەتۆمیی نەیتوانیوە وەک پێویست چاودێریی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات چونکە لە لایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە رێگریی لێکراوە. لە لایەکی دیکەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ واشنتۆن رێگە بە کۆماری ئیسلامی ئێران نادات چەکی ئەتۆمیی دروست بکات و لەو چوارچێوەیەشدا هەمو بژاردەکان لەسەر مێزن. بلینکن لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ هۆشداریی بە ئێران رایگەیاند؛ ئەمریکا بەهەموشێوەیەک پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و دانوستان لەسەر ئەو پرسە ناکات. بە وتەی بلینکن سەرەکیترین هەڕەشەی ئێستای سەر ئیسرائیل هەنگاوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیهان و ناوچەکە.
گومرگی ئێران ئاشکرای دەکات ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو وڵاتە و ئەوروپا بۆ کەمترین ئاستی 14 ساڵی رابردو دابەزیوە. لە ئامارەکانی گومرگی ئێراندا دەرکەوتوە؛ لە دوای ساڵی 2017 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینوە و هاوکات هەناردەی نانەوتیی ئەو وڵاتە بۆ ئەوروپا 64% کەمی کردوە. ئاماژە بەوە کراوە هەناردەی نانەوتیی ئێران بۆ ئەوروپا لە دوو ملیارد یۆرۆ بۆ 725 ملیۆن یۆرۆ کەمی کردوە. لە لایەکی دیکەوە و بە پێی ئامارەکانی ئەوروپا، لە ساڵی 2017 بڕی هاوردەی 27 وڵاتی ئەندامی ئەوروپا لە ئێرانەوە 10 ملیارد یۆرۆ بوە کە لە ساڵی 2021 بۆ 922 ملیارد یۆرۆ کەمی کردوە. هاوکات هەناردەی ئەوروپا لە ساڵی 2017 بۆ ئێران 10 ملیارد و 50 هەزار یۆرۆ بوە کە بۆ کەمتر لە چوار ملیارد یۆرۆ لە ساڵی 2021 دابەزیوە. کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی لە ساڵی 2018 بە سەرەکیترین هۆکاری ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانەی نێوان ئێران و ئەوروپا لەقەڵەم دەدریت کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەو وڵاتانەی زیاتر لە 15 ملیارد یۆرۆ کەم کردوە.