هاوڵاتی هاوڵاتییەکی بیانی دوای ئەوەی هەوڵیدا 37 هەزار دۆلار بە قاچاغ بباتە دەرەوەی وڵات دەستگیرکرا ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گومرگی فڕۆکەخانەى بەسرە دەستگیرکردنی گەشتیارێکی بیانی ڕاگەیاند کە بڕێکی زۆر پارەی پێبوو کە ویستویەتى لە فڕۆکەخانەی بەسرەوە بە قاچاغ بیباتە دەرەوە. بەپێى راگەیەنراوى پۆلیس، کەسە بیانییەکە کە لەشێوەى گەشتیار خۆى ناساندووە بڕى 37 هەزار و 500 دۆلارى پێبوە کە لەناو جانتایەکدا شاردویەتییەوەو ویستویەتى بەقاچاغ بیباتە دەرەوە.  

هاوڵاتی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجە و یەکلاکردنەوەی ماددەکانی پەیوەست بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە سەرکردەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد لە کۆبوونەوەدایە و دواپێشھاتەکانی پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجە و ناکۆکییەکان لەسەر ماددەکانی ( ١٣ و ١٤)کە پەیوەستن بە پشکی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. ھاوکات مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندووە، یەکێتی بە پاڵپشتی ئەوان بڕگەی گەڕاندنەوەی ١٠%ی پاشەکەوتی ناچاریی مووچەی فەرمانبەرانی زیادکردووە، بەڵام پارتی داوای لابردنی ئەو ماددەیەی کردووە و رایگەیاندووە، ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە، کە رەنگە ھێزە سیاسییەکان وەڵامی داواکەی پارتی بدەنەوە. هەروەها  سالم عەنبەکی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە چاوەڕێی وەڵامی کوردە.

هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، پەلە بکات لەدیارکیردنی رۆژێک بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و راشیدەگەیەنێت، "ئەم یاسایە گرنگییەکی گەورە و هەستیاری هەیە کە پەیوەندی بە بەهێزی گەلی عێراق و کاریگەرییە ئابوری و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە". عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە: دوای گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەوڵدان بۆ پێگەیشتن بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت و مافەکانی خەڵکی ئازیزمان مسۆگەر بکەین، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین بەپەلە بڕیاری دانیشتنی دەنگدان لەسەر یاساکە بدات لەم هەفتەیەدا." ئاماژەی بەوەشکردوە، "جەختکردنەوەمان لەسەر گرنگی خێراکردنی پەسەندکردنی بودجەی گشتی لە پێناو دەستپێکردنی پلانی گەشەپێدان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری، بەردەوامبونی چاکسازی ئابوری، گرنگیدان بە پڕۆژە لەپێشینەکان بەتایبەتی تەندروستی، نیشتەجێبون، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان و کەرتی تایبەتە". سەرۆکی لیژنەی دارای ڕاشیگەیاند، "داوا لە دەستی هێزە سیاسییەکان دەکەین بەسەر جیاوازییەکانیاندا زاڵ بن و بە ڕۆحێکی نیشتمانی کاربکەن بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی لەلایەن پەرلەمان و نوێنەرانی خەڵکەوە دراوە بۆ خزمەتکردنی وڵات ."

گروپێکی هاککەر پێگەی ئەلیکترۆنی و سێرڤەرەکانی تایبەت بە سەرۆکایەتی کۆماری ئێران هاک دەکات و زانیارییە نهێنیەکانیش بڵاو دەکاتەوە و بەرپرسانی ئێرانیش رەتی دەکەنەوە سایتەکە هاک کرابێت. گروپی سەرهەڵدان تا روخان (قیام تا سرنگونی) بڵاوی کردوەتەوە سەرجەم پێگە ئەلیکترۆنییەکان و 120 سێرڤەری سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانی هاک کردوە کە سەدان بەڵگەنامەی نهێنی کۆماری ئیسلامی لەخۆدەگرێت. لە بەشێک لەو بەڵگەنامە نهێنییەدا نامەکانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرپرسانی سوپای پاسدارن بڵاو کراوەتەوە کە فەرمانی بە سەرکوتی توندی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی کردوە. ئەو گروپە سەرجەم بەڵگەکانی لە ئەژماری تێلێگرامی خۆی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە؛ سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران چاوەڕوانی ئەوەیان نەکردوە کە ناڕەزایەتییەکان بەوشێوەیە بەرفراوان بن و سەرجەم دامودەزگا هەواڵگریی و ئەمنیی و سەربازییەکا راسپێردراون بۆ سەرکوتی توندی خۆپیشاندەران بە تایبەت لە زانکۆکان. لە بەشێکی دیکەی ئەو زانیارییە نهێنییانە دەرکەوتوە کە تا ساڵی 2020 رژێمی سوریا بڕی 11 ملیارد دۆلاری ئێران قەرزدار بوە. گروپی سەرهەڵدان تا روخان زانیارییە نهێنییەکانی 25 پاسەوانی ئیبراهیم رەئیسی بڵاو کردوەتەوە. ئەو گروپە هاککەرە کە سەر بە رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێرانە لە کاتی هاککردنی پێگەکانی سەرۆک کۆماریدا وێنەی سەرکردەکانی رێکخراوەکە لە لاپەڕەی یەکەمی پێگە ئەکلیترۆنییەکان داناوە. پێشتریش ئەو گروپە پێگەکانی تایبەت بە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی هاک کردبو و دوای چەند رۆژێک لە وەستان دەستی بەکارەکانی کردەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، وەرگرتنی گەنم ئازاد دەکرێت لە سایلۆکان و هەر جوتیارێك چەند بەرهەمی هەبێت دەتوانێت ڕادەستی بکات. بێگەرد تاڵەبانی ئەمڕۆ دوشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، "بۆ لەمەودوا وەرگرتنی گەنم ئازاد دەکرێت لە سایلۆکان، جوتیاران دەتوانن گەنمەکانیان راستەوخۆ بەرهەمەکانیان تەسلیمی سایلۆکان بکەن، بەپێی ئەو پشتیگریەی لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆیان دەکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردرا بە کردنەوەی دەروازەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق بەرووی هەناردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان. ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو د. حەیدەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق وتى: لە ئێستادا بڕیار دراوە 375 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگیرێت، ئەگەر ئەو بڕە وەرگیرا و بەرهەمەکان زیادتر بون ئەوا بە دڵنیاییەوە بڕى وەرگرتنەکە زیاد دەکەن و هەوڵدەدەن تەواوى بەرهەمى جوتیارانى هەرێمى کودستان بۆ ئەمساڵ وەربگرین. وتیشی، "جوتیار لەگەڵ رادەستکردنی گەنمەکەی پارەکەی رادەست دەکرێت و دەوامی سایلۆکانیش تاوەکو کاتژمێر 10:00ی شەو بەردەوام دەبێت لەسەرجەم پارێزگاکاندا بۆ ئەوەی خاوەن بارهەڵگرەکان بۆماوەیەکی درێژ نەمێننەوە".  

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ھەر بازرگانێک بە دۆلار مامەڵە بکات، روبەڕووی سزای زیندانی کردن بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەبێتەوە. حسێن تەمیمی، بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکانی تاوانی رێکخراو لە وەزارەتی ناوخۆى عێراق رایگەیاند: لە ناوەراستی مانگی رابردو، بەهاوکاری بانکی ناوەندی بریاریانداوە لە گشت پارێزگاکانی عێراق جگە لەهەرێمی کوردستان مامەڵەکردن لەلایەن خاوەن ناوەندە بازرگانیەکان، پیشانگاکانی ئۆتۆمبێل لەبری دۆلار بەدینار بێت و وتیشی: تائێستا خاوەن ناوەندە بازرگانییەکان وەڵامیان بۆ بریارەکە ئەرێنی بوە، بەڵام سەرەڕای بەردەوامی هەڵمەتی چاودێری تائێستا هەندێک لە بازرگانان بەردەوامن لە سەرپێچیکردنی بریارەکە. حسێن تەمیمی جەختیشکردەوە هەر بازرگانێک ببێتە سەرپێچیکارى ئەو بڕیارە سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت.

هاوڵاتی دەسەڵاتدارانی فرەنسا رایانگەیاند، لە دوو شەوی رابردودا 63 کەس لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بریتانیا بە بەلەمی بچوک لە دەریاوە لە نۆکەندی ئینگلیزی  رزگارکران. سەنتەری ئۆپەراسیۆنە ناوچەییەکان بۆ چاودێری و ڕزگارکردن لە گرێ-نی (باکوری فڕەنسا) لە دو شەوی رابردو دو ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی لە گەروی پاس دی کالای ئەنجامدا. 46 کەس لە کۆچبەرەکان لەلایەن کەشتییەکی کۆمەڵگەی نیشتمانیی فریاگوزاری دەریایی فەرەنساوە رزگارکراون کە لە بەلەمێکدا بوون و بزووێنەرەکەی لەکارکەوتووە؛ 17 کۆچبەرەکەی دیکەشیان دوای شکانی بەلەمەکەیان رزگارکردووە. ئۆپەراسیۆنی گەڕانەکان چەند رۆژێک دێت لە سزادانی 5 ئەفسەری دەریایی فەرەنسا، بە تۆمەتی خەمساردی لە رزگارکردنی 27 کۆچبەر بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیانەوە لە نۆکەندەکەدا لە ساڵی 2021 کە بووە هۆی خنکانی کۆچبەرەکان. سەرەڕای مەترسییەکانی بەزاندنی یەکێک لە قەرەباڵغترین ڕێگا دەریاییەکانی جیهان، کۆچبەرانیش تادێت زیاتر لە کەناڵەکە دەپەڕنەوە نزیکەی 46  هەزار پەناخواز لە ساڵی 2022دا کەناڵەکەیان بەزاندوە کە زۆربەیان ئەفغانی و ئێرانی و ئەلبانی بون و هەشت هەزار پەناخوازیش لە ئاوەکانی فڕەنسا ڕزگارکراون.

ئۆکرانیا رایگەیاند لە شەوێکدا بە 50 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران هێرش کراوەتە سەر کیێڤ و بەرپرسێک وڵاتەکەش دەڵێت کۆماری ئیسلامی بە بێ زیان دەربازی نابێت. نوسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بڵاوی کردەوە؛ تەنها لە شەوی رابردودا بە 50 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (شاهید) پایتەختی وڵاتەکەیان و چەند ناوچەیەکی دیکە هێرشیان کراوەتە سەر و زیانی ماددی لێکەوتوەتەوە. سەرۆکی نوسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا لە پەیامێکدا کە لە تویتەر بڵاوی کردوەتەوە ئاماژەی بەوە کردوە بە فەرمانی ڤلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گەلاڵەی سزای درێژماوەی 50 ساڵی ئێران رەوانەی پەرلەمان کراوە و کار دەکرێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەدا. بە پێی ئەو سزایانە گواستنەوە کاڵای ئێران لە سەرجەم سنورە ئاسمانی و وشکانییەکانی ئۆکرانیا قەدەغە دەکرێت و کار دەکرێت بۆ سزادانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی. میخائیل پۆدۆلیاک، راوێژکاری نوسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا رایگەیاند؛ دەسەڵاتی تاران راستەوخۆ لەگەڵ روسیا دژی ئۆکرانیا شەڕ دەکات و ئەو هەنگاوەیان بە بێ زیان نابێت. بە وتەی پۆدۆلیاک کۆماری ئیسلامی نابێت پێی وابێت بەهۆی دوری جوگرافیاکەیەوە یان سەرقاڵبونی ئۆکرانیا بە بەرگریی دژی روسیا، پارێزراو دەبێت لە کاردانەوەی کیێڤ. جەختی لەوە کردەوە: کردنە ئامانجی کیێڤ بە 50 فڕۆکەی خۆکوژی جۆری شاهید لە لایەن ئۆکرانیاوە بێ وڵام نابێت و کارێک دەکەن ئەو فڕۆکانە بگەڕێنەوە ئەو وڵاتەی کە بەرهەمی هێناون. کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبارە بە پشتیوانیکردنی روسیا لە جەنگی ئۆکرانیا و زیاتر لە دوو هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رادەستی مۆسکۆ کردوە.

هاوڵاتی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پێنج ساڵی دیکە بە سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە و پێش کەمال کڵچدارئۆغڵو کەوت. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان و جیاکردنەوەی (99.1٪)ی دەنگەکان، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرێژەی لە 52%ـی دەنگەکان، سەرکەوتنی بەسەر کەمال کڵچدارئۆغڵو بەدەستهێنا کە رێژەی 47%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. ئەردۆغان کە کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بو، لە گەڕی دووەم زیاتر لە 27 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، کە کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بو، نزیکەی 24 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.  

بەهۆی پابەندنەبون بە سەرپۆشەوە دەزگای دادی ئێران هۆشداریی دەداتە کچان و ژنان و ئەمینداری ناوەندی فەرمان بە چاکە و دوریی لە خراپەی کۆماری ئیسلامی دور دەخرێتەوە. ناوەندی راگەیاندنی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ بە پێی رێوشوێنەکانی ئەو دەزگایە هەر خانمێک پابەندی سەرپۆش نەبێت جگە لە سزای ماددی کارکردنی لێ قەدەغە دەکرێت. هاوکات بەهزاد پورسەید جێگری جێبەجێکاری یاسایی دەزگای داد بۆ کاروباری پەرلەمان رایگەیاند؛ ئەو خانمانەی کەسایەتی ناسراون لە کۆمەڵگەدا و پابەندنی سەرپۆش نابن سزاکانیان بەراورد بە خانمانی دیکە توندتر دەبێت و کار و پیشەکانیان لێ قەدەغە دەکرێت. لێدوانی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خانمە ئەکتەرەکانی ئێران وەک ناڕەزایەتیی بە سەرکوت لە لایەن دەسەڵاتەوە بە بێ سەرپۆش لە شوێنە گشتییەکاندا دەرکەوتون و دەزگای داد هۆشداریی داوەتە ئەو خانمانە کاردنیان لە دراما و سینەمای ئێران لێ قەدەغە دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە ئەمڕۆ یەکشەممە محەمەد حسێن تاهیری، وەک ئەمینداری نوێی ناوەندی (فەرمان بە چاکە دوریی لە خراپە)ی کۆماری ئیسلامی دەستنیشان کراوە و هاشمی گوڵپایگانی ئەمینداری پێشو لەو پۆستە دورخراوەتەوە. ئەو ناوەندەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەزانرێت و تا ئێستا لە لایەن وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.    

هاوڵاتی سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رایگەیاند پێیان وایە بە بەراورد بە گەڕی یەکەم، ئەنجامی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار زووتر رادەگەیەندرێت. ئەحمەد یەنەر سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا دوای دەنگدانی وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە و رایگەیاند: هاووڵاتییان هاوشێوەی گەڕی یەکەم، لەگەڕی دووەمیشدا چ لە دەرەوەی وڵات و چ لە ناوخۆ بە گرنگییەکی زۆرەوە بەشدارییان هەڵبژاردنەکاندا کردووە. وتیشی: "هیوادارم ئەنجامەکان ببنە خێر و خۆشی بۆ گەل و دیموکراسیی تورکیا و پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکانمان، هەڵبژاردنەکانمان تا ئێستا بەبێ هیچ کێشە و گرفتێک بەڕێوە دەچێت، دووبارە هیوای بەختێکی باش بۆ خەڵکی تورکیا دەخوازم". سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان وتی: "وەک دەزانرێت هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار بە بەشداریی کاندیدانی سەرکۆمار و 24 پارتی سیاسیی بەڕێوەچوو، بەو پێیەی لەم هەڵبژاردنەدا تەنها کاندیدەکانی سەرکۆمار کێبڕکێ دەکەن، پێمان وایە زووتر ئەنجامەکان رادەگەیەندرێت".

هاوڵاتی لە ناوچەی کانیا خەزالان-ی پارێزگای روحای باکوری کوردستان، لایەنگرانی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر چاودێرانی سندوقەکانی دەنگدان کە رێگەیان نەداوە بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. بەگوێرەی دیمەنێکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و مالپەڕە هەواڵییەکانی باکوری کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک لایەنگری پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار لە ناوچەی کانیا خەزالانی روحا هەوڵیانداوە بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. چاودێرانی پارتە سیاسیەکانیش رێگەیان لەم خروقاتە گرتووە و بۆیەش لەنێوانیاندا ئاڵۆزی دروست بووە. باسی ئەوە دەکرێت کە لە ناوچەی ئەیوبیەی روحاش لایەنگرانی ئاکەپە هەوڵیانداوە بە کۆمەڵ دەنگ بدەن، بەڵام لەو کاتەدا عەلی شەکەر پەرلەمانتاری جەهەپە لەوێ بووە و چاودێری سندوقەکانی دەنگدانی کردووە و هەوڵیداوە رێگری بکات، بەڵام لایەنگرانی ئاکەپە هێرشیان کردووەتە سەری.  

هاوڵاتی سەلاحەدین دەمیرتاش داوای لە هاوڵاتیانی تورکیا کرد ئەمڕۆ بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و هاوسەرۆکی هەدەپەش دەڵێت، بڕوایان وایە سبەینێ رۆژێکی نوێ دەبێت. خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئەمڕۆ دەستی پێکرد. پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتی گەلان هاوشێوەی خولی یەکەمی هەڵبژاردن کە ١٤ی ئایار بەڕیوەچوو، پشتگیری لە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەکەن. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە حەوت ساڵە لە زینداندایە لە تویتێکدا بە رستەیەک باسی لە پرۆسەی دەنگدان کرد. سەلاحەدین لە تویتەکەیدا وتی، " تکایە مافی دەنگدانتان بەکار بهێنن." لەلایەکی دیکەوە میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە کە لە ئەنقەرە دەنگیدا رایگەیاند کە تورکیا لە قۆناغێکی مێژووییدایە. سانجار کە بۆ رۆژنامەنووسان قسەی کرد ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە هاوشێوەی چاودێران، هەموو هاوڵاتیەک ئاگاداری دەنگەکەی بێت و بیپارێزێت .  وتیشی، " تاوەکو هەڵبژاردن کۆتایی دێت و ژماردنی دەنگەکان تەواو دەبێت، پێویستە چاودێری بکرێت و دەنگەکان بپارێزرێن. ئێمە بۆ داهاتوویەکی رۆناک ئەرکی سەرشانمان جێبەجێ کردووە. بڕوامان وایە سبەینێ رۆژێکی جیاواز دەبێت."

هاوڵاتی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئەمڕۆ کاتژمێر هەشتی بەیانی دەستی پێکردووە و تاوەکو پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش حەوت رێوشوێن و رێنمایی راگەیاندووە. رێنماییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تورکیا بەم شێوەیەیە: ئەمڕۆ فرۆشتنی هەموو جۆرە خواردنەوەیەکی کحولی تاوەکو 12ی شەو قەدەغەیە. ئەمڕۆ هەموو قاوەخانە، کافێ و شوێنە گشتیەکان دادەخرێن. هۆڵی زەماوەند و ئاهەنگەکان دوای کاتژمێر شەشی ئێوارە دەکرێنەوە. جگە لە هێزە ئەمنیەکان، کەس بۆی نییە چەک هەڵبگرێت. بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەکو کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو قەدەغەیە. تاوەکو هەموو سندوقەکان نەکرێنەوە نابێت هیچ هەواڵ و زانیاریەکی جیاواز بڵاوبکرێنەوە. ئەمڕۆ لەنێوان کاتژمێر شەش و بۆ نۆی شەو تەنیا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا زانیاری بڵاودەکاتەوە. دوای کاتژمێر نۆی شەو قەدەغەی سەر ڕۆماڵ و هەواڵ هەڵدەگیرێت.

پێکدادان لە سنورێکی نێوان ئەفغانستان و ئێران رویدا و پۆلیس رایگەیاند چوار کوژراو و برینداری لێکەوتوەتەوە و رەتی دەکاتەوە موشەکی دژی تاڵیبان بەکارهێنابێت. میدیای فەرمی ئێران بڵاوی کردوە؛ ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 10:00 ی پێش نیوەڕەو لە سنوری ساسولی لە شاری زابول سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان پێکدادان لە نێوان پاسەوانانی سنور و چەکدارانی تاڵیبان رویداوە کە بەهۆیەوە دوو پاسەوان کوژراون و دوو پاسەوانی دیکە برینداربون. میداکانی ئەفغانستان کوژرانی هیچ چەکداراێکی تاڵیبانیان پشتڕاست نەکردوەتەوە بەڵام ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئێران موشەکی دژی چەکدارانی تاڵیبان بەکارهێناوە. ناوەندی فەرماندەیی سەر بە پۆلیسی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردوە کە تاڵیبان بە چڕی تەقەی لە بنکەی پاسەوانانی سنور لە ساسولی کردوە و موشەکیش دژی ئەو چەکدارانە بەکارنەهێنراوە. بە پێی راگەیەنراوەکە ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی پۆلیسی ئێران فەرمانی کردوە بە توندترین شێوە وەڵامی هەر چەکدار و هێزێک بدرێتەوە کە هێرش دەکاتە سەر سنوری وڵاتەکە بە تایبەت لە سنورەکانیان لەگەڵ ئەفغانستان. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و تاڵیبان لەسەر ئاو و گومرگی سنورەکانی نێوانیان گرژییان بەخۆیەوە بینیوە و چەند جارێک پێکدادان لە سنورەکانیاندا رویداوە.