هاوڵاتی لیرەی تورکی دوای هەڵبژاردنی 28ی ئایار، رۆژ بە رۆژ زیاتر بەهاکەی لە دەست دەدات و لە ئیستادا بەهای دۆلارێک گەیشتووەتە 23 لیرە و 57 قوروش و یەکەم جارە لە مێژووی تورکیادا کە لیرە بەم ئەندازەیە بەهاکەی لەدەست دەدات. لە بانکەکاندا دۆلارێک بە 23.57 لیرە و یۆرۆیەک بە 25.16 لیرە و پاوەنێکیش بە 29.24 لیرە مامەڵەی پێدەکرێت. بەم شێوەیە دۆلار بۆ یەکەمجار ئاستی 23 لیرەی تێپەڕاند، یۆرۆش بە 25 لیرە گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی مێژوویی. دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەدابوو کە لیرە بە شێوەیەکی چاوەڕوانکراو بەهاکەی لەدەست دەدات. کۆمپانیای کۆمێرزبانک کە بنکەکەی لە ئەڵمانیایە پێشبینی کردبوو کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024، نرخی 100 دۆلار دەبێتە سێ هەزار لیرە.

ژمارەیەک رێکخراوی مرۆڤ داوای راگرتنی شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران دەکەن و لە شەش مانگدا زیاتر لە 300 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو وڵاتە لەسێدارە دراون. ئەمڕۆ چوارشەممە 12 رێکخراوی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای راگرتنی بە پەلەی ئەو شەپۆلە لەسێدارەدانەیان کردوە کە لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران جێبەجێ دەکرێت. رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە کردوە ؛ کۆماری ئیسلامی لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی کردوە بە لەسێدارەدانی بەلێشاوی دەستگیرکراونی ناڕەزایەتییەکان و بەندکراوانی پێشو کە بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدان. بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 314 کەس لەسێدارە دراون کە بە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی 15 ساڵی رابردو ئەژمار کراوە.

هاوڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا هەولێر و بەغدا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن لەبارەی رێکارەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل. باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "بە ئامانجی جێبەجێکردنی بڕیاری 215ی ساڵی 2009 کە پەیوەستە بە رێکاری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت لە فەرمانگەکانی هاتووچۆی گشتی و گومرگ و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق." لەبارەی ئامانجی لیژنە هاوبەشەکە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی "لیژنەکە پڕۆژەبڕیارێک ئامادەدەکات لەبارەی رێکار و رێنوێنییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کە ناوەند و هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەسەر بکەن بۆ گەرەنتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە."   ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی ئەنجومەنی وەزاری بۆ وزە پەسەندکردووە، کە تایبەتە بە بەکارھێنانی غاز وەک سوتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێل، بە ئامانجی گێڕانەوەی ھاوسەنگی بۆ نرخی سوتەمەنی لە عێراق. رۆژی پێنجشەممە، 5-1-2023، وەزارەتی پلاندانانی عێراق دوایین ئاماری لەبارەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەوە لە عێراق راگەیاند، بەپێی ئامارەکە، لە کۆتایی ساڵی 2022دا حەوت ملیۆن و 460 هەزار ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەکاتێکدا ژمارەی ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2021دا حەوت ملیۆن و 27 هەزار ئۆتۆمبێل بووە، واتە بەڕێژەی 6٪ زیادیکردووە. بەپێی وەزارەتەکە، بۆ هەر هەزار کەس، 128 ئۆتۆمبێل هەیە و هەر کیلۆمەترێک رێگەی قیرکراویش 127 ئۆتۆمبێلی بەردەکەوێت.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ئەو هەواڵانە رەتدەکەنەوە ، کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت وەزیری دارایی لە رەشنوسی بودجەی گشتی ساڵی 2023دا گۆڕانکاری کردوە لە رێگەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە. وەزارەتی دارایی عێراق ئەمشەو لە رونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەو زانیاریانە ڕەتدەکەنەوە کە لە رێگەی سۆشیال میدیا و ئاژانسەکانی هەواڵەوە دەسوڕێنەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات (وەزیری دارایی لە ڕەشنوسی بودجەی گشتی ساڵی 2023دا گواستنەوەی کردوە)، کە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامی دەدات. ئەوەش خراوەتەڕو، تەیف سامی جەختی لەوەکردوەتەوە، ئەوەی حکومەت لە پڕۆژەکەدا جێگیری کردوە بەپێی لێکۆڵینەوە و پێویستی وەزارەت و پارێزگاکان بوە، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم مەرجەکان بەپێی دیدگای حکومەت لە بەرنامەی حکومەتەکەیدا، هەر گۆڕانکارییەک دەبێتە رێگر لەبەردەم ئەو کارانەی خەرجکردن کە لەلایەن حکومەتەوە داڕێژراون بۆ دابینکردنی هەمو پێداویستییەکان. ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی حوزەیرانی 2023، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 8ـی حوەزەیرانی 2023 پەرلەمان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی کارنامەکە؛ دانیشتنەکەی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی عێراق و کاتژمێر 01:00 بەڕێوەدەچێت.

ئەمریکا تۆڕێکی نێودەوڵەتیی و ژمارەیەک بازرگانی بەهۆی بەرنامە موشەکییەکانی ئێرانەوە سزا دەدات و رۆژنامەیەکی ئیسرائیل ئاشکرای دەکات کە واشنتۆن بە نهێنی هەوڵی رێککەوتنی کاتی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران دەدات. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە سزادانی تۆرێکی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و 10 کەسی راگەیاند کە لە روی تەکنەلۆژییەوە هاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردوە لە بەرنامە موشەکییەکانی. یەکێک لەو کەسانەی کە لە لایەن وەزارەتەکەوە سزا دراوە بەrپرسێکی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوی داود دامغانی بوە. بە پێی بەیاننامەکە کە لە پێگەی ئەلیکترۆنی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە؛ ژمارەیەک کۆمپانیای ئێران، مەکزیک، هۆنگکۆنگ و چین سزا دراون. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردوە؛ تۆڕی کۆمپانیاکان و ئەو کەسانەی سزا دراون، بە نهێنی کاری کڕین و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازیی تایبەت بە دروستکردنی موشەکیان بۆ کۆماری ئیسلامی کردوە. لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی ئیسرائیل بڵاوی کردوەتەوە؛ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن هەوڵی رێککەوتنی کاتیی لەگەڵ ئێران دەدات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکان روبەڕوی کێشە نەبێتەوە. زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە دەریخستوە کە ئەمریکا داوای لە ئێران کردوە پیتاندنی یۆرانیۆم لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی کاتیدا رابگرێت و لەبەرامبەردا واشنتۆن چاوپۆشی لە دروستکردنی وێستگەی نوێی ئەتۆمیی لە وڵاتە دەکات. جۆرۆسەلیم پۆست نوسیویەتی: بڵابونەوەی هەواڵی رێککەوتنی کاتیی نێوان واشنتۆن و تاران نیگەرانیی ئیسرائیلی لێکەوتوەتەوە بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا بەڵێنیان داوە بە پابەندبونی وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.

هاوڵاتی سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی حەفتەیەکی رابردوودا لە تورکیا دوو هەزار و ٩٢٠ پەنابەر دەستگیرکراون و هەزار و ٧٦١ پەنابەر دیپۆرت کراونەتەوە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا باسی ئەوەی کرد کە لە ماوەی حەفتەیەکدا، ٧٨٨ هاوڵاتی ئەفغانی، ٩٥ هاوڵاتی پاکستانی و دوو هەزار و ٢٧ کەسیش خەڵکی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەن. بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەش مانگی رابردوودا، ٤١ هەزار و ٣٣٧ هەزار کۆچبەر دیپۆرتکراون. لەو ژمارەیە ١٣ هەزار و ٢٣٣ کەسیان ئەفغانی و هەزار و ٨٤٨ کەس پاکستانی و ٢٦ هەزار و ٢٥٦ کەسیش خەڵکی وڵاتانی دیکەن. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئیستادا ١٦ هەزار و ٥٨٩ کۆچبەر لە ناوەندی دیپۆرتکردنەوەدا دەمێننەوە.

ئێران بۆ یەکەمجار دروستکردنی موشەکی کیشوەربڕ رادەگەیەنێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمیی هەیە. ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبونی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران موشەکی بالیستی کیشوەربڕ بە ناوی (فەتاح) نمایش کرا. میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بەوە کردوە کە فەتاح توانای هەیە پێنج هێندەی خێرایی دەنگ بە دوریی پێنج هەزار و 500 کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت و ئەو جۆرە لە موشەکانە بە مەبەستی هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمیی بەکاردەهێنرێن. ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران رایگەیاندوە؛ ئەو موشەکە بالیستییە دەبێتە هۆی ئەوەی کڕیارانی چەک رو لە ئێران بکەن و چیتر بۆ دابینکردنی ئەو جۆرە لە موشەکانە پەنا بۆ ئەمریکا نەبرێت. بە وتەی حاجیزادە ئێران بە دروستکردنی موشەکی بالیستی (Hypersonic speed) فەتاح بوەتە شەشەم وڵاتی جیهان کە دوای ئەمریکا،روسیا، چین، هندستان و کۆریای باکور بوەتە خاوەنی ئەو جۆرە موشەکەی سەروی دەنگەوە. ساڵی رابردو حاجیزادە لە کاتی نمایشی موشەکێکی دیکەی بالیستی کە توانای بڕینی دوو هەزار کیلۆمەتری هەبو، وتی وەک رێز لە ئەوروپا موشەکی کیشوەربڕمان دروست نەکردوە و هیوادارن ئەو وڵاتانە رێز لە خۆیان بگرن .

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، تا ئێستا 140 حاڵه‌تی تووشبووی ئێستا به‌ تای خوێنبه‌ربوون تۆماركراون، له‌و ژماره‌یه‌ش 20 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.  سه‌یف به‌در، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، رایگەیاند، تا ئێستا 20 کەس گیانیان لەدەستداوە. جه‌ختیشیكرده‌وه‌، دۆخی نه‌خۆشییه‌كه‌ لەژێر كۆنترۆڵدایه‌ و تا ئێستا به‌ سه‌دان كه‌س له‌و په‌تایه‌ چاكبوونه‌ته‌وه‌. وتیشی  "خاڵی هه‌ره‌ گرنگ كه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ری كردووه‌ته‌وه‌، ئاگاداربوونه‌ له‌ نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه‌ و سه‌ردانیكردنی بنكه‌كانی ته‌ندروستی به‌زووترین كات". سه‌یف به‌در، دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سانی تووشبوو له‌كاتێكی زوودا سه‌ردانی پزیشك بكه‌ن، ئه‌وا به‌ئاسانی كۆنترۆڵ ده‌كرێن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ره‌كانی مردن به‌هێزترن. تای خوێنبەربوون، یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ ڤایرۆسییه‌ گوازراوه‌كان، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی ته‌ندروستی مرۆڤ و دیواری ده‌مار و موولووله‌ی خوێن له‌ناو ده‌بات، كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ده‌رده‌كه‌ون، له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌م كه‌سی تووشبوو هه‌ست به‌ نیشانه‌كانی ئه‌نفلۆنزا ده‌كات، كه‌ تووشی تایه‌كی توند، ژانه‌سه‌ر، رشانه‌وه‌، سكچوون، ژانی ماسولكه‌كان و ئێسك و جومگه‌كان ده‌بێت. هاوکات تا ئێستا دوو هاوڵاتی لە هەرێێمی کوردستانیش بەم نەخۆشییە گیاننیان لەدەستداوە. نەخۆشیەکە له‌ ساڵی 1944 له‌ جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و به‌ گشتی له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌.

بەڵگەنامە نهێنییەکانی فرۆشتنی چەکی ئێران بە روسیا بڵاو دەکرێنەوە و ئاشکرا بوە جگە لە فرۆکەی بێفڕۆکەوان کەرەستەی دروستکردنی موشەک و تۆپی تانک و زرێپۆش رادەستی مۆسکۆ کراوە. تۆڕی هەواڵی (سکای نیوز) بڵاوی کردەوە 18 لاپەڕە لە بەڵگەنامە و  گرێبەستە نهێنییەکانی فڕۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئێرانی لە سەرچاوەیەکی ئەمنی و ئاسایشییەوە دەست کەوتوە کە دەریدەخات لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیا جگە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان  بە های یەک ملیارد دۆلار کەرەستەی سەربازیی ئێران بە روسیا فڕۆشراوە. لەو بەڵگەنامانەدا کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردو واژۆی لەسەر کراوە، دەرکەوتوە ئێران کەرەستەی تایبەت بە تۆپ و موشەک و زرێپۆش و تانکی بە روسیا فرۆشتوە کە دژی ئۆکرانیا بەکارهێنراون. بەرپرسانی ئۆکرانیا لە دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە رایانگەیاندوە لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان هەوڵەکانیان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەخەنە کار بۆ رێگریی لە فرۆشتنی چەک و کەرەستەی زیاتر لە لایەن ئێرانەوە بۆ روسیا. سکای نیوز بە بێ ئاشکراکردنی سەرچاوەکەی جەختی لەوە کردوەتەوە کە زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامە و گرێبەستەکانی فرۆشتنی چەکی ئێران بە روسیا پشتڕاست کراونەتەوە.

ئاژانسی ئەتۆمیی ئاشکرای دەکات ئێران رێژەی یۆرانیۆمی پیێتێنراوی زیاد کردوە و بەرپرسێکی ئەمریکا هۆشداریی دەدات لە هەنگاوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. رافایل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە سێ مانگی رابردودا بۆ زیاتر لە 100 کیلۆ گرام زیادی کردوە کە رێژەی پیتاندنەکەی 60% بوە. گروسی ئاماژەی بەوە کردوە؛ دوو ساڵ و سێ مانگە ئاژانسی ئەتۆمیی نەیتوانیوە وەک پێویست چاودێریی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات چونکە لە لایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە رێگریی لێکراوە. لە لایەکی دیکەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ واشنتۆن رێگە بە کۆماری ئیسلامی ئێران نادات چەکی ئەتۆمیی دروست بکات و لەو چوارچێوەیەشدا هەمو بژاردەکان لەسەر مێزن. بلینکن لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ هۆشداریی بە ئێران رایگەیاند؛ ئەمریکا بەهەموشێوەیەک پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و دانوستان لەسەر ئەو پرسە ناکات. بە وتەی بلینکن سەرەکیترین هەڕەشەی ئێستای سەر ئیسرائیل هەنگاوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیهان و ناوچەکە.

گومرگی ئێران ئاشکرای دەکات ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو وڵاتە و ئەوروپا بۆ کەمترین ئاستی 14 ساڵی رابردو دابەزیوە. لە ئامارەکانی گومرگی ئێراندا دەرکەوتوە؛ لە دوای ساڵی 2017 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینوە و هاوکات هەناردەی نانەوتیی ئەو وڵاتە بۆ ئەوروپا 64% کەمی کردوە. ئاماژە بەوە کراوە هەناردەی نانەوتیی ئێران بۆ ئەوروپا لە دوو ملیارد یۆرۆ بۆ 725 ملیۆن یۆرۆ کەمی کردوە. لە لایەکی دیکەوە و بە پێی ئامارەکانی ئەوروپا، لە ساڵی 2017 بڕی هاوردەی 27 وڵاتی ئەندامی ئەوروپا لە ئێرانەوە 10 ملیارد یۆرۆ بوە کە لە ساڵی 2021 بۆ 922 ملیارد یۆرۆ کەمی کردوە. هاوکات هەناردەی ئەوروپا لە ساڵی 2017 بۆ ئێران 10 ملیارد و 50 هەزار یۆرۆ بوە کە بۆ کەمتر لە چوار ملیارد یۆرۆ لە ساڵی 2021 دابەزیوە. کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی لە ساڵی 2018 بە سەرەکیترین هۆکاری ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانەی نێوان ئێران و ئەوروپا لەقەڵەم دەدریت کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەو وڵاتانەی زیاتر لە 15 ملیارد یۆرۆ کەم کردوە.

هێزە دەریاوانییەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیا روبەڕوی بەلەمەکانی سوپای پاسداران لە ئاوەکانی کەنداو بونەتەوە و بە بێ ئەوەی پێکدادان رو بدات کەشتییەکی بازرگانییان رزگار کردوە. دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردەوە؛ یەکەی پێنجەمی هێزی دەریاوانی ئەوا وڵاتە لەگەڵ هێزە دەریاوانییەکانی بەریتانیا کەشتییەکی بازرگانیی لە مەترسیی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە گەروی هۆرموز رزگار کردوە. هێزە دەریاوانییەکانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رونی کردوەتەوە ؛ بەلەمەکانی سوپای پاسداران هەوڵیان داوە دەست بەسەر ئەو کەشتییە بازرگانییەدا بگرن کە ویستویەتی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی گەروی هۆرموز لە کەنداو بپەڕێتەوە بەڵام لە رێگەی بێتەلەوە داوای هاوکاریی لە هێزەکانی بەریتانیا و ئەمریکا کردوە. ئەو کەشتییە رایگەیاندوە؛ لە لایەن بەلەمەکانی سوپای پاسدارانەوە بێزار کراوە و ناچاربوە پەیوەندیی بکات بە هێزە دەریاوانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و دوای نزیکەی کاتژمێرک رزگار کراوە. ئەمریکا رایگەیاندوە کەشتیگەلی (یو ئێس ئێس مەک فەڵ) و کەشتی (ئێچ ئێم ئێس)ی بەریتانیا لە رێگەی رەوانەکردنی هێلیکۆپتەر و هێزی سەربازیی توانیویانە دوێنێ یەکشەممە دوای کاتژمێرێک کەشتییەکە بە بێ پێکدادان لەگەڵ سوپای پاسدارن رزگا بکەن. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئاوەکانی کەنداوە زۆر بوە و ئێران دەستی بەسەر چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرتوە کە یەکێک لە کەشتییەکان نەوتی بۆ ئەمریکا گواستوەتەوە و دوای ئەو روداوانەش واشنتۆن رایگەیاند ژمارە هێزەکان و فڕۆکەی جەنگی و کەرەستەی سەربازیی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دووری دەزانێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە کۆببێتەوە. لەكاتێكدا هێشتا پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسەند نەكراوە، بەڵام پەرلەمانی عێراق لە نۆی مانگەوە دەكەوێتە پشووەوە و ئەگەر تائەو كاتە پەسەند نەكرێت، ئەوا چەند مانگێك دوادەكەوێت. لەمبارەیەوە مسته‌فا كه‌رعاوی، ئەندامی ‌لیژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، كاره‌كانی لیژنه‌ی دارایی راگیراون و هێشتا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاره‌كانیان نه‌كراوه‌، بۆیه‌ پێناچێت رۆژی سێشه‌ممه‌ دانیشتنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌بچێت. به‌گوته‌ی كه‌رعاوی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ پێویستی به‌ بڕیاری سیاسییه‌ و هێشتا كاروباره‌كانی لیژنه‌ی داراییش ته‌واو نه‌بوونە. هاوکات ئیمان عەبدولرەزاق، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش ڕایگەیاند، وەرزی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران بە کراوەیی دەمێنێتەوە تا پەسەندکردنی بودجە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی کە لە ئێستا یەکلاییکردنەوەی بودجە کەوتوەتە تونێلێکی تاریک و لەدەستی لیژنەی داراییدا نەماوە. باسی لەوەشکردوە، تائێستا ھیچ ھەواڵێک نییە کە ئاماژەبێت بۆ رێککەوتنی سیاسی بەمەبەستی پەسەندکردنی بودجە، بۆیە لەم ھەفتەیەشدا بودجە پەسەند ناکرێت. یەکێک لە ناکۆکییە دیارەکانی بودجە پەیوەستە بە پشکی ھەرێمی کوردستان، کەو ئەویش تایبەتە بە شێوازی ھەژمارکردنی ھەناردەی نەوت و چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داھاتەکەی لەگەڵ داھاتی دەروازە سنورییەکان.

هاوڵاتی میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست لە پۆستی هاوسەرۆکایەتی هەدەپە بکێشنەوە. میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداریان لە بەرنامەیەکی (میدیا هابەر تی ڤی) دا کرد. هاوسەرۆکانی هەدەپە رایانگەیاند، لە کۆنگرەی پارتەکەیاندا، خۆیان بۆ پۆستی هاوسەرۆکایەتی کاندید ناکەنەوە. لە کۆنگرەکەدا هیچ پوستێک وەرناگرن و ئەرکی هاوسەرۆکایەتی رادەستی هاوڕێکانیان دەکەن. لە بەرنامە تەلەلەڤزیۆنیەکەدا، پەروین بوڵدان وتی، " دوای هەڵبژاردن رامانگەیاند کە کۆنگرە ئەنجام دەدەین. لەبەرئەوەی بە ئامانجەکانمان نەگەیەشتین. لە هەموو قۆناغێکدا من ئامادەم بەرپرسیاری خۆم جێبەجێ بکەم. بەڵام بەگوێرەی رەخنەکان، بە سەربەرزیەوە پۆستی هاوسەرۆکایەتی بۆ هاوڕێکانمان جێ دەهێڵم. لە کۆنگرەکەدا بەشداری لە هیچ میکانیزمێکی بڕیاردان نابم." میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپەش کە بە هەمان شێوە خۆی بۆ هاوسەرۆکایەتی هەدەپە هەڵنابژێرێتەوە، باسی لە راگەیەندراوەکەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد کە وتبووی، " دەست لە سیاسەتی چالاک هەڵدەگرم." و وتی، " دەمیرتاش هاوڕێیەکی زۆر بەنرخە. ئێمە پێشتر سەردانی دەمیرتاشمان کرد و پێمان راگەیاند کە لە رووی یاساییەوە ناتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکات. دواتر ئێمە چووینە زیندانی کاندرا و بۆچوونی فیگەن یوکسەکداغ و گوڵتەن کشاناکمان وەرگرت. پێشنیازیان کرد کە ئەگەر کاندیدێک هەبێت، پێویستە ژن بێت. ئەو پێشنیازەمان هەڵسەنگاند. باسی ئەوە دەکرا کە ژنێک هەڵبژێرین. ئەو بڕیارەش بە دەمیرتاش راگەیەندرا و ئەویش پشتگیری لە پێشنیازەکە کرد."

هاوڵاتی کەناڵێکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا رایگەیاند، ئیبراهیم کالن وتەبێژی پێشووی سەرۆکایەتی تورکیا بە سەرۆکی میت دیاری کراوە. کەناڵی سوزجوی سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، ئیبراهیم کالن وتەبێژی پێشووی سەرۆکایەتی تورکیا بە سەرۆکی میت دیاری کراوە. دوای ئەوەی هاکان فیدان سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) لە کابینەی نوێی سەرۆکایەتی تورکیادا بە وەزیری دەرەوە دیاری کرا، چاوەڕێ دەکرا کە کەسێک بکرێتە سەرۆکی میت. کەناڵی سوزجوی سەر بە جەهەپە پشتڕاستی کردەوە کە ئیبراهیم کالن بۆ ئەو پۆستە دیاری کراوە و سبەینێ بە شێوەیەکی فەرمی هاکان فیدان پۆستەکە رادەستی ئیبراهیم کالن دەکات. کەناڵەکە باسی ئەوەی کرد، بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، لە ١ی ئەم مانگەوە، ئیبراهیم کالن بۆ وەرگرتنی پۆستەکە دیاری کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی رانەگەیەندراوە. ئیبراهیم کالن لە ساڵی ١٩٧١ لە خانەوادەیەکی خەڵکی پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکوری کوردستان لە ئەستەنبوڵ لە دایک بووە. بەشی وێژەیی زانکۆی ئەستەنبوڵی خوێندووە. خوێندنی باڵای لە فکر و فەلسەفەی ئیسلامی لە مالێزیا تەواو کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا بووەتە راوێژکاری یەکەمی سەرۆکوەزیرانی تورکیا. لە ٢٠١٢دا بووەتە یاریدەدەری موستەشاری سەرۆکایەتی تورکیا. بە هەڵبژاردنی ئەردۆغان وەک سەرۆککۆمار وەک یاریدەدەری سکرتێری سەرۆکایەتی تورکیا دەستی بەکار کردووە. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەلایەن ئەردۆغانەوە راستەوخۆ کراوەتە وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا. لە ساڵی ٢٠١٨دا بووەتە سەرۆکی دامەزراوەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکایەتی تورکیا.