هاوڵاتی  دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، 11 كەسیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە کاری قاچاغچێتی دراو  لە شاری هەولێر.   ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئابی 2023، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت بە "هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم توانرا 11 تۆمەتبار لە شاری هەولێر دەستگیر بکەن" کە کاریان قاچاغچێتی دراو بووە.  هەروەها ئەوەش هاتووە کە هەڵمەتەکە لە چوارچێوەی بەدواداچونەکانی قاچاغچییەتی دراوە و "لەژێر رۆشنایی دانپیدانانی تۆمەتبارانی پێشتر لە بەغدا" ئەو 11 کەسە دەستگیکراون. لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، دانپێدانانی تۆمەتبارەكان تۆماركراون و رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست تا نەتوانرێت دەستوەردان لە ئاسایشی ئابوری وڵاتدا بکرێت.

هاوڵاتی ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دوانیوەڕی ئەمڕۆ دەگاتە بەغدا و لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵا کۆدەبێتەوە.  ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئابی 2023، ئەحمەد سەحاف رایگەیاند، هاکان فیدان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا و ماوەی دوو رۆژ دەمێنێتەوە. بڕیارە وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەروەها فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆببێتەوە. بڕیارە رۆژی پێنجشەممەش هاکان فیدان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای حکومی کۆببێتەوە.

هاوڵاتی ئیسرائیل لە رێگەی موشەکەوە هێرشی کردەسەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە نزیک دیمەشق و زانیاری جیاواز لەسەری بڵاودەکرێتەوە. بەپێی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵ درەنگانی شەوی دووشەممە 21ی  ئابی 2023،  ئیسرائیل هێرشی کردووەتەسەر چەند بنکەیەکی ئێرانییەکان لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا. هاوکات کەناڵی ئەلعەرەبییە لەبارەی هێرشەکەوە نوسیویەتی، "ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بارێکی  چەک و چۆڵی ئێرانییەکان نزیک بە فڕۆکەخانەی دیمەشق." روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر هێرشەکە رایگەیاندووە کە دوو سەربازی سوری کوژراون و بنکەی سەربازی هێزەکانی نزیک ئێران کراونەتەئامانج. بەڵام ئاژانسی هەواڵی سانا کە سەر بە حکومەتی سوریایە رایگەیاندووە تەنها سەربازێکی سوری برینداربووە.  

هاوڵاتی دوێنێ  یەکشەممە ٢٠ی ئاب، بەڕێوەبەری کتێبخانەی، " فرهنگان فرشتە" لە گەڕەکی ئیلاهییەی تاران، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند کتیبخانەکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بیانووی لەبەرچاو نەگرتنی حیجابی زۆرە ملێ داخراوە. ئەمە سێهەمین کتێبخانەیە لە تاران لە ماوەی رابردوودا بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دادەخرێت. لەم پەیوەندەدا رۆژی ١١ی ئاب، کتێبفرۆشی "دیدآور" بە بیانووی ئەوەی ئەو کەسانەی سەردانیان کردووە حیجابیان نەپاراستووە لە لایەن هێزەئەمنییەکان و پۆلیسی ئەخلاقەوە داخرا. هاوکات رۆژی ٢٠ی نیسانیش، رۆژنامەی " اعتماد" بڵاوی کردەوە کتێبفرۆشی " روباە قرمز" کە تایبەتە بە مناڵان، لە کۆمەڵگەی بازرگانی ( ئەی ئێس پی) تاران، بە بیانووی نەپاراستنی حیجاب داخراوە. چالاکوانانی مەدەنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیگەرانی خۆیان لە داخستنی ئەم کتێبخانانە دەربڕیوەو بە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراویان داناوە دژ بە رۆشنبیری کۆمەڵگا. ئەسەدوڵڵا ئەمرایی وەرگێڕی ناسراوی ئێرانی لە پەیجی خۆی لە ئێنستاگرام نووسیویەتی :" ئێوە بە داخستنی کتێبخانەکان ئەتانەوێ تاریکستانێک دروست بکەن، بەڵام دڵنیا بن ئەم شەمەنەفەڕە ناوەستێ".

هاوڵاتی دوای زیاتر لە دوو مانگ کەشتییە نەوتییەکەی ئێران لە ویلایەتی تەکساس بەتاڵ دەکرێت، سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران دژی بەتاڵکردنی کەشتییەکە. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، کەشتی نەوتهەڵگری سوێز راجانی ئێرانی کەماوەی دوو مانگ و نیوە دەستی بەسەردا گیراوە  لە نزیک گاڵڤستۆن لەدووری 70 کیلۆمەتر لە شاری هیوستنی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا بەتاڵ دەکرێت. کەشتییە نەوتهەڵگرەکە دوو مانگ و نیو لەمەوبەر لە دەریای چینی باشوور و لە کەنارەکانی باشووری رۆژهەڵاتی سەنگاپوورە راگیرابوو، کتوپڕ بەرەو کەنداوی مەکسیک بەڕێکەوت. میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن کە واشنتن دەستی بەسەر کەشتییە ئێرانییەکەدا گرتووە. کەشتییەکە هەڵگری 800 هەزار بەرمیل نەوتی خاوە کە مەزندە دەکرێت بەهاکەی 56 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بێت. بڕیار بووە نەوتی کەشتییەکە لەڕێی کەشتییەکی بچوکتر بەناوی MR Euphrates بەتاڵ بکرێت کە نزیکی کەشتییە ئێرانییەکە کەوتووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر بەرپرسانی ئێران هەڕەشەیان کردبوو لە داگرتنی بارە نەوتەکەی کەشتییەکە و عەلیرەزا تەنگیسەری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداریدا کە ئەگەر باری کەشتییەکە دابگیردرێت بێدەنگ نابن و تۆڵە دەکەنەوە.

هاوڵاتی روداوێکی سەختی هاتوچۆ لە یەکێک لە شارۆچکەکانی تورکیا رویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 19 کەسی تر.  میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئابی 2023، پاسێک لە شارۆچکەی سۆرگۆن لە پارێزگای یۆزگات کۆنترۆڵی لەدەستداوە و کەتووەتە نێو دۆڵێکەوە، لە ئەنجامی روداوەکەشدا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندارێکیش کە برینەکەی سەخت بووە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.  هاوکات، لە رووداوەکەدا 19 کەسی تریش برینداربوون و دۆخی هەشت لە بریندارەکان ناجێگیرە. بەرپرسانی شارەکە رایانگەیاند، پاسەکە لە سێواسی باکوری کوردستانەوە بەڕێکەوتووە بۆ شاری ئەستەنبوڵ، بەڵام لە رێگای خێرای سێواس-یۆزگات کۆنترۆڵی لەدەستداوە.

هاوڵاتی  پێشەوا هەورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشکرایکرد کە له‌م هه‌فته‌یه‌دا هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە. پێشه‌وا هه‌ورامانی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له  فه‌یسبووك رایگەیاندووە، "لەم هەفتەیەدا بەڕێز وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و لە هەولێر لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە". پێش سەردانەکەی بۆ هەولێر، هاکان فیدان سەرەتا سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەند بەرپرسێکی باڵای تر کۆدەبێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، رۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و جگە لە کۆبونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، هاکان فیدان بەجیا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و هەروەها قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە. هاکان فیدان پێشتر بەرپرسی دەزگای هەوڵگری تورکیا (میت) بوو پێش ئەوەی لە 4ی حوزەیرانی 2023 وەک 43یەمین وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستنیشان بکرێت. 

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ هێزەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییدا توانیویانە پێنج تیرۆرستی داعش لە پارێزگای دیالە دەستگیر بكەن. لە ڕاگەیاندراوەكەیاندا هاتووە، لە چوارچێوەی زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆن هێزەكانیان دژی پاشماوەكانی چەتەكانی داعش، توانیویانە پێنج داعش دەستگیر بكەن، كە لە دوو گرووپ پێكهاتبوون. ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو پێنج داعشە  دانیان بەوەدا ناوە كە پەیوەندییان بە گرووپی تیرۆرستی داعشەوە هەیە، هەروەها لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین تاوانیان دژی بە هاوڵاتییان و هێزە ئەمنییەكان ئەنجامداوە، لەوانە دانانی تەقەمەنی لە ناوچەكانی پارێزگای دیالە. ئەوەش خراوەتە ڕوو، دانیان بەوەدا ناوە ئامانجیان لە دانانی ئەو تەقەمەنیانە بە ئامانجگرتنی مەفرەزەكانی پۆلیس و كۆنتڕۆڵكردنی خاڵە سەربازییەكان بووە، هەروەها تەقەمەنییەكی دیكەیان داناوە بە مەبەستی بە ئامانج گرتنی دادوەرێكی پارێزگاكە و چەندین بەرپرسی دیکە.

هاوڵاتی وەزارەتی ناوۆخی عێراق دواین هۆشداری دەداتە ئەفسەر و پلەدارە سەربازییەکان کە کێشی خۆیان داببەزێنن بەپێچەوانەوە رووبەرووی سزای قورس دەبنەوە. لە نوسراوێکی وەزارەتی عێراقدا هاتووە کە هەر ئەفسەرێک کێشی دوو کیلۆ زیاتر بێت لە کێشی ئاسایی ئەوا پلە بەرزکردنەوەی رادەگیرێت. بەپێی نوسراوەکە پێویستە سەرجەم ئەفسەران لە سەرەتایی مانگی داهاتوو تا دوو مانگی تر خۆیان لە بەرێوبەرایەتی خزمەتگوزاری پزیشکی بکێشن، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی پلەبەزرکردنەوەی ساڵی داهاتوو بیانگرێتەوە. هاوکات ئەوانەی عەمید یان لیوان پێویستە کێشیان پێنج کیلۆ لەسەروو کێشی ئاسایی خۆیان نەبێت ئەگەرنا مۆڵەتی ساڵێکیان پێ دەدرێت بۆ دابەزاندنی کێشیان، پاشان ئەگەر گۆرابکاری رووینەدا ئەوان خانەنشین دەکرێن. ئەفسەرە قەڵەوەکانی سوپای عێراق پێشتر رووبەڕووی دۆخێکی هاوشێوە بوونەتەوە، دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 دوو بژاردەی پێدان، ئەوانیش خانەنشینبوون یان دابەزاندنی کێش بوو.  

هاوڵاتی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، حکومەتی عێراق ئیرادەی خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری زۆرێک لە کێشەکان دەربڕیوە. جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراقنلەمیانی وتارێکیدا لە مەراسیمی یادی بیستەمین ساڵیادی بۆردومانی بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، رایگەیاند: حكومەتی عێراق ئیرادەی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەی دۆسیەی ئاو، حوكمڕانی، كارەبا و بەدەستهێنانی چاكسازی ئابوری و دارایی و زۆر شتی تر دەربڕیوە. پلاسخارت ئاماژەی بەوەشداوە، كە ئەو هێرشە تیرۆریستییەی لە ساڵی 2003 بارەگای نەتەوەیەكگرتوەكانی كردە ئامانج، سەرەتای شەپۆلێكی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی بو كە عێراقییەكانیان كردە ئامانج و 20 ساڵی رابردو شایەتی گۆڕانكاریی زۆرن لە عێراقدا و نەتەو یەكگرتوەكانیش لە بەرپرسیارێتی خۆی بۆ گەیشتن بە ئاشتی نەوەستاندوە لە عێراق. پلاسخارت وتیشی، "لە بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکانەوە کە 20 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن تیرۆریستانەوە کرایە ئامانج، سەنتەری چاکسازی دامەزرا کە بۆ چارەسەری بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بەکاردێت و بە پلانەکانی وەزارەتی تەندروستیش زۆرێک لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان سودمەند دەبن لەو خزمەتگوزارییانە لەم ناوەندە".

هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگکەیاند، وڵاتەکەی لە ساڵی 2014وە زیاتر لە 3.4 ملیار دۆلار هاوکاری مرۆیی پێشکەش کردوە، کە یارمەتیدەر بوە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاوارەبونی نزیکەی پێنج ملیۆن عێراقی. ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئەمڕۆ شەممە لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X  ڕایگەیاند  "ئەمریکا گەورەترین تاکە بەخشەری هاوکاری مرۆییە لە عێراق". باڵوێزی ئەمریکا دەشڵێت،" ئێمە لە ساڵی 2014ەوە زیاتر لە 3.4 ملیار دۆلار هاوکاری مرۆییمان پێشکەش کردوە، کە یارمەتیدەر بوە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاوارەبونی نزیکەی پێنج ملیۆن عێراقی". ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی کاری مرۆییە ڕۆمانۆسکیش دەڵێت، وڵاتەکەی بەردەوامە لە هاوکاریکردنی ئەو 1.2 ملیۆن کەسەی کە لە ناوخۆی عێراقدا هێشتا بە ئاوارەیی ماونەتەوە.

هاوڵاتی لەچەند هەفتەی رابردووداو بەتایبەت لەناوەڕاستەکانی مانگی تەمموزەوە، کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا زۆر ئاڵۆز دەرئەکەوێت. لەسەرەتای مانگی تەمموزەوە ئەمریکا هێزی ئاسمانی و سەربازی خۆی لەکەنداو زیاتر کردووە. ئەمریکا رایگەیاندووە مەبەست لەپتەوکردن و بەهێزکردنی هێزی سەربازی و فڕۆکەوانی لەکەنداو، رێگریکردنە لەوەی ئێران دەست بەسەر کەشتییە بارهەڵگرەکاندا بگرێت لەکەنداو. بەپێی راپۆرتی ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس، ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی جێگیرکردنی سەربازە لەسەر کەشتییە بارهەڵگرەکان. ناردنی فڕۆکەی (ئێف- ١٦) و (ئێف-٣٥) و (ئەی-١٠) بۆ ناوچەکە و ناردنی کەشتی  جەنگی و هێزی سەربازی، دەرخەری قووڵتربوونەوەی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بوو. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ئەمریکا و ئێران لەڕۆژانی رابردوودا رێککەوتننامەیەکیان واژۆ کردووە کە بەپێی ئەو رێککەوتننامەیە پێنج هاووڵاتی ئەمریکی دەستبەسەرکراو لەئێران ئازاد بکرێن لەبەرامبەردا ژمارەیەک لەئێرانییە زیندانییەکان لەئەمریکا بەهەمانشێوە ئازاد بکرێن و شەش میلیار دۆلار پارەی ئێران کە لەبانکەکانی کۆریای باشوورە ئازاد بکرێت و بگوزارێتەوە بۆ قەتەرو لەوێوە بگاتە دەست ئێران. ئەم رێککەوتننە ئاڵۆزە کەدوای چەند مانگ لەگفتوگۆی ناڕاستەوخۆی بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکی واژۆ کراوە، سەرەنجام بوو بە هۆی ئەوەی رۆژی 10ی ئاب، چوار کەس لەپێنج هاووڵاتییە ئەمریکییەکان  لەزیندانەکانی ئێرانەوە بگوازێنەوە بۆ هۆتێلێک کە ناوی نەبراوە. لەهەمانکاتدا بەپێی راپۆرتی ئەسۆشەیەتد پرێس، ئێران رێژەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ٦٠٪ کەم کردووەتەوەو ئەمەش بەشێکە لە رێککەوتننامەکە. تا ئێستا وردەکاری شێوەی گواستنەوەی پارەکە و کاتی تەواوبوونی و ئازادی زیندانییەکان دیار نییە. بەڵام بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکی  پێیانوایە لەمانگی ئەیلولدا  ئەم رێککەوتننامەیە بەتەواوەتی جێبەجێ دەکرێت. ئەم رێککەوتننامەیە لەناوخۆی ئەمریکا ناڕەزایەتی کۆمارییەکان و بەشێک لەدیموکراتەکانی لێکەوتووەتەوەو مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەردەمی دۆناڵد ترامپ، بە رێککەوتنی خراپ و مەترسیدار ناوی بردووە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لەڕێکخراوەکانی  مافەکانی مرۆڤ پێیانوایە ئەمجۆرە رێککەوتننامەیە دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر ئێران هان بدات هاووڵاتیانی وڵاتانی تر بەبارمتە بگرێت بەمەبەستی ئابووری. ئەوان پشت بەقسەکەی موحسین رەزایی، راوێژکاری ئابووری سەرۆککۆماری ئێران دەبەستن کە وتبووی: دەتوانین هاووڵاتیانی ئەمریکی و ئەوروپی بگرین و لەبەرامبەر سەدان میلیۆن دۆلاردا ئازادیان بکەین.   چی دەربارەی رێککەوتنامەکە دەزانرێت؟ تائێستا وردەکاری رێککەوتنامەکەی ئێران و ئەمریکا بەتەواوەتی بڵاونەکراوەتەوە. بەڵام ئەوەی زانراوە ئەوەیە ئەمریکا مۆڵەتی بەکۆریای باشوور داوە بەوەی سەرمایە دەستبەسەرکراوەکانی ئێران کە لەبانکەکانیدان، لەدراو وۆنەوە بکرێت بە یۆرۆو ئامادەبکرێت بۆ گواستنەوەیان بۆ ئەو بانکە ئێرانیانەی لەقەتەردان. ئەم پارانە کە گوازراونەتەوە بۆ قەتەر لەژێر چاودێری ئەمریکاو تەنها بەو مەبەستانە بەکاردەهێنرێن کە گەمارۆیان لەسەر نییە، وەک دەرمان و خواردن.   گواستنەوەی پارە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی پارەکەی بەدۆلار یان یۆرۆ پێبگات و رایگەیاندووە پێویستە ئەو پارەیە بە دۆلار یان یۆرۆ بێت، لەبەرئەوەی دراوی ۆونی کۆریای باشوور لەبازرگانییەکاندا سوودی بۆ ئێران نییە. بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندووە کۆریای باشوور ئامادەیی دەربڕیوە ئەم پارەیە بە دۆلار یان یۆرۆ بگاتە دەستی ئێران، بەڵام نیگەرانن لەوەی گۆڕینی ئەم بڕە زۆرە پارەیە بۆ دۆلار یان یۆرۆ، کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە و نرخی پارەی ئەو وڵاتە هەبێت. هەربۆیە پرۆسەی گواستنەوەی پارە بەخاوی ئەڕواتە پێش و ماوەیەکی زۆری پێویستە بەوەی ئەم پارەیە بەتەواوەتی لەلایەن کۆریاوە بگاتە بانکەکانی قەتەر. جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، «ئێمە بەشێوەی بەربڵاوو هەمەلایەنە لەگەڵ کۆریای باشوور لەم بارەوە کارمان کردووەو هیچ رێگرییەک نییە بۆ ئەوەی ئەم پارانە بگەنە قەتەر». محەممەد عەبدولعەزیز ئەلخەلیفی، وەزیری ناوخۆی قەتەر لەدەوحە لەو بارەیەوە وتی، «ئەوەی لەم رێککەوتننامەیە دەستمان کەوتووە دەرخەری متمانەی هەردوولایە بە قەتەر وەک وڵاتێک کە نێوەندگیری بێلایەن و هاوبەشی نێونەتەوەییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەمەبەستی ئاشتی و ئارامی». ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا ئاخۆ ئەم رێککەوتنە بە مانای کەمبوونەوەی ململانێ و کێشەی نێوان ئێران و ئەمریکایە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ بۆ رووداوەکانی ئەم چەند مانە بگەڕێینەوە. هەر لەجێگیرکردنی فڕۆکەی (ئێف-١٦) و (ئێف-٣٥) و (ئەی -١٠) و کەشتیی جەنگی و هێزی سەربازییەوە بگرە تائەگەری ناردنی سەرباز بۆ سەر کەشتییەکان. نزیکبوونەوەی سعودیەو ئیسرائیل و گەورەتربوونەوەی رێککەتننامەی ئاشتی ناسراو بەپەیماننامەی (ئیبراهیم) تا ئەو ئاستەی سعودیە باڵیۆزی دیاریکردووە بۆ کاروباری ئیسرائیل. کێشەکانی ئێران و ئیمارات لەسەر سێ دوورگەی (تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبوومووسا) و هەروەها کێشەکانی نێوان ئێران و سعودیە و کوێت لەسەر کێلگەی گازی الدرە( ئارەش). هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کەم ناکات و نەیکردووە، بەڵكو ئەم رێککەوتننامەیە تەنها بۆ ئازادکردنی ئەم پێنج زیندانییەیە لەگەڵ ئەو شەش میلیار دۆلارەی ئێران.   نیگەرانییەکان و وەڵامی بەرپرسانی ئەمریکی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە لەتویتێکدا لەتویتەر دەربارەی ئەم رێککەوتننە نووسی، «ئەمریکا بە ئازادکردنی شەش میلیار دۆلار، یارمەتی تیرۆریزم دەدات لەناوچەکە و جیهان، ئەمە باجدانێکی گەورەیە بە گەورەترین سەرچاوەی تیرۆریزم لەناوچەکە». بەرپرسانی ئەمریکی لەبەرامبەر نیگەرانییەکانی لایەنگرانی مافی مرۆڤ و هەروەها ئیسرائیلدا، رایانگەیاندووە ئەم پارەیە لەژێر چاودێری توندی ئەمریکایدا بەکاردەبرێت و بۆ ئەو مەبەستانەیە کە گەمارۆیان لەسەر نییە. بەپێچەوانەی وتەی بەرپرسانی ئەمریکی، بەرپرسانی ئێران باس لەوە دەکەن ئەوان سەرپشکن بەوەی چۆن ئەو پارەیە بەکاردەهێنن. وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی هەیینی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووە، «کۆماری ئیسلامی ئازادە لەشێوەی بەکارهێنان و کەڵک وەرگرترن لەو سەرچاوەو داراییانەی ئازادکراون و ئەم سەرچاوە مادییانە بەو مەبەستانەی کەبەرپرسانی شارەزا پێیان باش بێت بەکاردەهێنرێن». هەروەها بە پێچەوانەی راپۆرتەکانی نیۆیۆرک تایمزو CNN و وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، محەممەد مەرەندی، راوێژکاری میدیایی تیمی راوێژکاری ناوکی ئێران، رۆژی پێنجشەممە لەم بارەوە لەتویتێکدا نووسی، «ئێران بەشێوەی راستەوخۆ دەستی بەسەرجەم داراییە ئازادکراوەکان ئەگات هیچ کۆمپانیایەکی قەتەری وەک نێوەندگیر بوونی نییە».   رێککەوتننامەی ناوکی بەڕێوەیە؟ زۆرکەس ئەم ریککەوتننامەیەی نێوان ئێران وئەمریکا بەسەرەتایەک ئەزانن بۆ ریكکەوتننامەی گەورەترو گشتیگیرتر کە ئەویش رێککەوتننامەی ناوکییە لەگەڵ ئێران. بەڵام بەهۆی ئاڵۆزی دۆسیەی ناوکی ئێران و هەروەها نزیکبوونەوە لەوادەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و لەهەمانکاتدا جیاوازییە بەرچاوەکانی هەردوولا لەخواستەکانیان و هێڵە سوورەکانیان، پێناچێت وتووێژە ناوکییەکان دەستپێبکاتەوە. بەرپرسانی ئەمریکا جەخت لەسەرئەوە دەکەنەوە هیچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ناەکی لەگەڵ ئێران. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی ٢٤ی تەمموز وتی، « ئیتر دەربارەی گفتوگۆ ناوکییەکان لەگەڵ ئێران قسە ناکات و ئەم باسە داخراوە». هاوکات جەیک سەڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش پێشتر جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە واشنتۆن و تاران زۆر دوورن لەیەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. بەرپرسانی ئەمریکا باس لەوە ئەکەن پێش چەند مانگێک چوارچێوەو رەشنووسی رێککەوتنی ئازادکردنی زیندانییەکان ئامادە کرابوو و خرابووە بەردەست ئێرانییەکان و ئەوە لایەنی ئێرانی بوو کەکەمتەرخەمی تێدا دەکرد.

هاوڵاتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی سەرھەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی”، ڕژێمی ئێران فشارەکانیان بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنیی، سیاسیی و بە تایبەتی ژنان چڕ کردووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک ژنە چالاکوان دەستگیر کراون. سەرچاوەکانی ھەواڵی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، دوێنێ چوارشەمە ھێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە شارەکانی تاران، ڕەشت، فومەن، بەندەر ئەنزەلی و لاھیجان ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەک لە چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان و دەست بەسەریان کردوون و بەرەو شوێنێکی نادیار بردوویانن. بە پێی زانیارییەکان، زوهرە و زەهرا دادڕەس، جلووە جەواهری، فرووغ سەمیع نیا، مەتین یەزدانی ( فۆتۆگرافەر) لە شاری ڕەشت و یاسەمین حەشدەری ( شاعیر) لە شاری ئەنزەلی و نگین رەزایی لە شاری فوومەن، دەستگیرکراون و تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم ژنە چالاکوانانە دیار نییە و نازانرێت بۆ کوێ گوێزراونەتەوە. ھەندێک لەو ژنە چالاکوانانە پێشتریش لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە چەندین جاری تر دەستگیر کراون. لە16ی ئەیلولی 2022,  دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە تاران، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوان، کە بە سەرھەڵدانی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ ناسراوە، ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە.

هاوڵاتی کەمی بەنزین و سەرەگرتنی زۆر لە ئێران سەریهەڵداوە و میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن، کێشەکە بەتەواوی کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک داناوە. میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە، بەنزینخانەکانی تاران و  بەشێکی زۆر لە شارەکانی تری ئێران بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 16ی ئاب، سەرەی دوور و درێژی تێا دەبینرا و هاوڵاتیانی ئێرانی چوونەتە سەرەی بەنزین و هەندێکیان بەنزینیان دەستناکەوێت. رۆژنامەی ئیعتمادی ئێرانی لە راپۆرتێکدا لەمبارەوە ئاماژەی بە قەرەباڵغی و سەرەی بەنزین، لە بەنزینخانەی "شەقامی دەوڵەت" لە تاران کردووە کە لە کاتژمێر 2ی بەرەبەیانەوە دەستی پێکردوە و نووسیویەتی، "دەنگۆی گرانبوونی بەنزیک بە تەواوەتی کاریگەری لەسەرخەڵک داناوەو نیگەرانن." دەنگۆی گرانبوونی بەنزین لە رۆژی شەممەوەو دوای قسەکانی عەلی ئەکبەر نژاد عەلی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەتەوەیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی تاران دەستی پێکرد کە باسی لەوە کرد، "ئاستێک بۆ پێدانی نەنزین بە ئۆتۆمبێلەکان لە بەنزیخانەکان دادەنرێت و لەو ئاستە بە سەرەوە ئەبێ هاوڵاتیان بەنزین بە نرخی ئازاد بکڕن و کۆبۆن ئەدرێت." ساڵی 2019 نرخی بەنزین بۆ یەک لیتر لە هەزار تمەنەوە بەرزبوویەوە بۆ سێ هەزار تمەن، ئەمەش نارەزایەتی لێکەوتەوە و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە وڵاتەکە دەستیپێکرد. بەپێی راپۆرتی میدیا جیهانییەکان لەوانە ئاژانسی رۆیتەرز، لە خۆپیشاندانەکانی ئێران هەزار کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون. سەرەی بەنزین لە ئێستادا شارە کوردییەکانیشی گرتووەتەوە و هاوڵاتییەکی شاری مەریوان لەمبارەوە بە هاوڵاتی وت، " کێشەی بەنزین لە شاری مەریوان هەفتەیەک زیاترە هەیە. سەرەتا دەوترا بەهۆی ناردنی بەنزینەوەیە بۆ باشووری کوردستان و عێراق، بەڵام دواتر دەرکەوت بەنزین بە بەنزینخانەکان ناگات و بەشێکیان دایانخستووە". ئەم هاوڵاتییە مەریوانییە وتیشی، "رۆژی دووشەممە زیاتر لە یەک کاتژمێر لە سەرەدا بووم توانیومە 15 لیتر بەنزینم دەست بکەوێت". لە شاری بۆکانیش بە هەمانشێوە سەرەی بەنزین دەبینرێت. هاوڵاتییەکی بۆکانی لەم بارەوە بە هاوڵاتی راگەیاند،"دەنگۆی ئەوە هەیە بەنزین زۆر گران ئەبێت، ئەمە کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە. هەر ئێستە کاریگەرییەکانی خۆی دەرخستووەو هەموو خەڵک نیگەرانن." لە بەرامبەر دەنگۆی گرانبوونی بەنزین جەواد ئەوجی وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، " دەوڵەت لە بەرنامەیدا نییە کە نرخی بەنزین گران بکات و ئەوەی دەوترێت تەنها دەنگۆیە". لە لایەکی ترەوە ئاژانسی "رکنا"ی ئێرانی باسی لەوە کردووە کە بەنزین بە کارت (کۆبۆن) دەدرێت و هەرئۆتۆمبیلێک لە مانگێگدا 30 بۆ 40 لیتر بەنزینی پێ دەدرێت و باسی لەوەش کردووە سەرەی بەنزین بەهۆکاری ئەم رێنماییە نوێیەیە.

هاوڵاتی رۆژنامەی فایننشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە کە ئەمریکا فشاری لەسەر ئێران دروستکردووە تا ئەوەی فرۆشتنی درۆنی ئێرانی بە روسیا رابگرێت، بەڵام تاران دەڵێت، درۆنەکانی ئەوان لەلایەن روسیاوە لە جەنگی ئۆکرانیا بەکار نایەت. لە راپۆرتێکیدا فایننشاڵ تایمز لە سازی سەرچاوەیەکی ئاگادار نوسیویەتی، ئەمریکا فشاری خستووەتە سەر ئێران بەوەی فرۆشتنی درۆن بە رووسیا رابگرێت و رێککەوتننامەیەکی نەنووسراو لە نێوانیاندا هەیە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و کۆنتڕۆڵی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران." بەپێی ئەم راپۆرتە ئەم گفتوگۆیانە هاوکات لەگەڵ گفتووگۆ بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان بەڕێوەچووە کە لە هەفتەی رابردووەوە ئازاد کردنی زیندانییەکان و لە بەرامبەردا ئازاد کردنی شەش میلیار دۆلار پارەی ئێران چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. بەڵام چەند بەرپرسێکی ئێران بە فایننشاڵ تایمزیان راگەیاندووە، "تاران بە فەرمی ئەوەی رەت کردووەتەوە کە درۆنی ئێرانی لە جەنگی ئۆکرانیا لە لایەن رووسیاوە بەکارهاتبێت و چەندین جار داوای لە مۆسکۆ کردووە بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانە رابگرێت، بەڵام واشنتن خوازیاری هەنگاوی جیدیتر و کاریگەرترە." ئەمریکا و ژمارەیەکیتر لە وڵاتانی رۆژئاوایی و بە تایبەت ئۆکراین ، بەردەوام ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە درۆنەکانی خۆی خستووەتە خزمەت رووسیاوە و مۆسکۆ لەهێرشە ئاسمانییەکانیدا بەکاری هێناوە دژ بە ئۆکرانیا. ئەم راپۆرتەی فایننشاڵ تایمز لە کاتێکدایە کە لە رۆژانی رابردوودا پێشانگای سەربازی رووسیا بەڕێوەچوو و ئێران بەشداری چالاکانەی لەو پێشانگایەدا هەبوو کە تێیدا چەند چەکێکی نمایش کرد.