گومرگی ئێران ئاشکرای دەکات ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو وڵاتە و ئەوروپا بۆ کەمترین ئاستی 14 ساڵی رابردو دابەزیوە. لە ئامارەکانی گومرگی ئێراندا دەرکەوتوە؛ لە دوای ساڵی 2017 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینوە و هاوکات هەناردەی نانەوتیی ئەو وڵاتە بۆ ئەوروپا 64% کەمی کردوە. ئاماژە بەوە کراوە هەناردەی نانەوتیی ئێران بۆ ئەوروپا لە دوو ملیارد یۆرۆ بۆ 725 ملیۆن یۆرۆ کەمی کردوە. لە لایەکی دیکەوە و بە پێی ئامارەکانی ئەوروپا، لە ساڵی 2017 بڕی هاوردەی 27 وڵاتی ئەندامی ئەوروپا لە ئێرانەوە 10 ملیارد یۆرۆ بوە کە لە ساڵی 2021 بۆ 922 ملیارد یۆرۆ کەمی کردوە. هاوکات هەناردەی ئەوروپا لە ساڵی 2017 بۆ ئێران 10 ملیارد و 50 هەزار یۆرۆ بوە کە بۆ کەمتر لە چوار ملیارد یۆرۆ لە ساڵی 2021 دابەزیوە. کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی لە ساڵی 2018 بە سەرەکیترین هۆکاری ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانەی نێوان ئێران و ئەوروپا لەقەڵەم دەدریت کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەو وڵاتانەی زیاتر لە 15 ملیارد یۆرۆ کەم کردوە.

هێزە دەریاوانییەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیا روبەڕوی بەلەمەکانی سوپای پاسداران لە ئاوەکانی کەنداو بونەتەوە و بە بێ ئەوەی پێکدادان رو بدات کەشتییەکی بازرگانییان رزگار کردوە. دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردەوە؛ یەکەی پێنجەمی هێزی دەریاوانی ئەوا وڵاتە لەگەڵ هێزە دەریاوانییەکانی بەریتانیا کەشتییەکی بازرگانیی لە مەترسیی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە گەروی هۆرموز رزگار کردوە. هێزە دەریاوانییەکانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رونی کردوەتەوە ؛ بەلەمەکانی سوپای پاسداران هەوڵیان داوە دەست بەسەر ئەو کەشتییە بازرگانییەدا بگرن کە ویستویەتی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی گەروی هۆرموز لە کەنداو بپەڕێتەوە بەڵام لە رێگەی بێتەلەوە داوای هاوکاریی لە هێزەکانی بەریتانیا و ئەمریکا کردوە. ئەو کەشتییە رایگەیاندوە؛ لە لایەن بەلەمەکانی سوپای پاسدارانەوە بێزار کراوە و ناچاربوە پەیوەندیی بکات بە هێزە دەریاوانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و دوای نزیکەی کاتژمێرک رزگار کراوە. ئەمریکا رایگەیاندوە کەشتیگەلی (یو ئێس ئێس مەک فەڵ) و کەشتی (ئێچ ئێم ئێس)ی بەریتانیا لە رێگەی رەوانەکردنی هێلیکۆپتەر و هێزی سەربازیی توانیویانە دوێنێ یەکشەممە دوای کاتژمێرێک کەشتییەکە بە بێ پێکدادان لەگەڵ سوپای پاسدارن رزگا بکەن. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئاوەکانی کەنداوە زۆر بوە و ئێران دەستی بەسەر چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرتوە کە یەکێک لە کەشتییەکان نەوتی بۆ ئەمریکا گواستوەتەوە و دوای ئەو روداوانەش واشنتۆن رایگەیاند ژمارە هێزەکان و فڕۆکەی جەنگی و کەرەستەی سەربازیی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دووری دەزانێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە کۆببێتەوە. لەكاتێكدا هێشتا پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسەند نەكراوە، بەڵام پەرلەمانی عێراق لە نۆی مانگەوە دەكەوێتە پشووەوە و ئەگەر تائەو كاتە پەسەند نەكرێت، ئەوا چەند مانگێك دوادەكەوێت. لەمبارەیەوە مسته‌فا كه‌رعاوی، ئەندامی ‌لیژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، كاره‌كانی لیژنه‌ی دارایی راگیراون و هێشتا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاره‌كانیان نه‌كراوه‌، بۆیه‌ پێناچێت رۆژی سێشه‌ممه‌ دانیشتنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌بچێت. به‌گوته‌ی كه‌رعاوی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ پێویستی به‌ بڕیاری سیاسییه‌ و هێشتا كاروباره‌كانی لیژنه‌ی داراییش ته‌واو نه‌بوونە. هاوکات ئیمان عەبدولرەزاق، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش ڕایگەیاند، وەرزی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران بە کراوەیی دەمێنێتەوە تا پەسەندکردنی بودجە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی کە لە ئێستا یەکلاییکردنەوەی بودجە کەوتوەتە تونێلێکی تاریک و لەدەستی لیژنەی داراییدا نەماوە. باسی لەوەشکردوە، تائێستا ھیچ ھەواڵێک نییە کە ئاماژەبێت بۆ رێککەوتنی سیاسی بەمەبەستی پەسەندکردنی بودجە، بۆیە لەم ھەفتەیەشدا بودجە پەسەند ناکرێت. یەکێک لە ناکۆکییە دیارەکانی بودجە پەیوەستە بە پشکی ھەرێمی کوردستان، کەو ئەویش تایبەتە بە شێوازی ھەژمارکردنی ھەناردەی نەوت و چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داھاتەکەی لەگەڵ داھاتی دەروازە سنورییەکان.

هاوڵاتی میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست لە پۆستی هاوسەرۆکایەتی هەدەپە بکێشنەوە. میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداریان لە بەرنامەیەکی (میدیا هابەر تی ڤی) دا کرد. هاوسەرۆکانی هەدەپە رایانگەیاند، لە کۆنگرەی پارتەکەیاندا، خۆیان بۆ پۆستی هاوسەرۆکایەتی کاندید ناکەنەوە. لە کۆنگرەکەدا هیچ پوستێک وەرناگرن و ئەرکی هاوسەرۆکایەتی رادەستی هاوڕێکانیان دەکەن. لە بەرنامە تەلەلەڤزیۆنیەکەدا، پەروین بوڵدان وتی، " دوای هەڵبژاردن رامانگەیاند کە کۆنگرە ئەنجام دەدەین. لەبەرئەوەی بە ئامانجەکانمان نەگەیەشتین. لە هەموو قۆناغێکدا من ئامادەم بەرپرسیاری خۆم جێبەجێ بکەم. بەڵام بەگوێرەی رەخنەکان، بە سەربەرزیەوە پۆستی هاوسەرۆکایەتی بۆ هاوڕێکانمان جێ دەهێڵم. لە کۆنگرەکەدا بەشداری لە هیچ میکانیزمێکی بڕیاردان نابم." میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپەش کە بە هەمان شێوە خۆی بۆ هاوسەرۆکایەتی هەدەپە هەڵنابژێرێتەوە، باسی لە راگەیەندراوەکەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد کە وتبووی، " دەست لە سیاسەتی چالاک هەڵدەگرم." و وتی، " دەمیرتاش هاوڕێیەکی زۆر بەنرخە. ئێمە پێشتر سەردانی دەمیرتاشمان کرد و پێمان راگەیاند کە لە رووی یاساییەوە ناتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکات. دواتر ئێمە چووینە زیندانی کاندرا و بۆچوونی فیگەن یوکسەکداغ و گوڵتەن کشاناکمان وەرگرت. پێشنیازیان کرد کە ئەگەر کاندیدێک هەبێت، پێویستە ژن بێت. ئەو پێشنیازەمان هەڵسەنگاند. باسی ئەوە دەکرا کە ژنێک هەڵبژێرین. ئەو بڕیارەش بە دەمیرتاش راگەیەندرا و ئەویش پشتگیری لە پێشنیازەکە کرد."

هاوڵاتی کەناڵێکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا رایگەیاند، ئیبراهیم کالن وتەبێژی پێشووی سەرۆکایەتی تورکیا بە سەرۆکی میت دیاری کراوە. کەناڵی سوزجوی سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، ئیبراهیم کالن وتەبێژی پێشووی سەرۆکایەتی تورکیا بە سەرۆکی میت دیاری کراوە. دوای ئەوەی هاکان فیدان سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) لە کابینەی نوێی سەرۆکایەتی تورکیادا بە وەزیری دەرەوە دیاری کرا، چاوەڕێ دەکرا کە کەسێک بکرێتە سەرۆکی میت. کەناڵی سوزجوی سەر بە جەهەپە پشتڕاستی کردەوە کە ئیبراهیم کالن بۆ ئەو پۆستە دیاری کراوە و سبەینێ بە شێوەیەکی فەرمی هاکان فیدان پۆستەکە رادەستی ئیبراهیم کالن دەکات. کەناڵەکە باسی ئەوەی کرد، بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، لە ١ی ئەم مانگەوە، ئیبراهیم کالن بۆ وەرگرتنی پۆستەکە دیاری کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی رانەگەیەندراوە. ئیبراهیم کالن لە ساڵی ١٩٧١ لە خانەوادەیەکی خەڵکی پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکوری کوردستان لە ئەستەنبوڵ لە دایک بووە. بەشی وێژەیی زانکۆی ئەستەنبوڵی خوێندووە. خوێندنی باڵای لە فکر و فەلسەفەی ئیسلامی لە مالێزیا تەواو کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا بووەتە راوێژکاری یەکەمی سەرۆکوەزیرانی تورکیا. لە ٢٠١٢دا بووەتە یاریدەدەری موستەشاری سەرۆکایەتی تورکیا. بە هەڵبژاردنی ئەردۆغان وەک سەرۆککۆمار وەک یاریدەدەری سکرتێری سەرۆکایەتی تورکیا دەستی بەکار کردووە. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەلایەن ئەردۆغانەوە راستەوخۆ کراوەتە وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا. لە ساڵی ٢٠١٨دا بووەتە سەرۆکی دامەزراوەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکایەتی تورکیا.

بەرپرسێکی ئێران رایگەیاند لە چوارچێوەی هاندان بۆ وەچەخستنەوەی زیاتر ژمارەیەک زەوی لە ئەسفەهان بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش کراوە کە لە سێ منداڵ زیاتریان هەیە. ئەمیرحەسەن زەڕگەری، بەڕێوبەری رێگاوبان و ئاودەناکردنەوەی پارێزگای ئەسفەهان رایگەیاند؛ ئەمڕۆ 59 زەوی نیشتەجێبون لە شاری ئەردستان بەسەر ژمارەیەک لەو خێزانانەی پارێزگاکە دابەش کراوە کە زیاتر لە سێ منداڵیان هەیە. ئەو رونی کردوەتەوە زۆربەی ئەو خێزانانە منداڵەکانیان لە سالی 2021 بەرەو ئەمساڵ لەدایکبون و لە چوارچێوەی بەرنامەی وەچەخستنەوەی زیاتری وڵاتەکەدا زەویی نیشتەجێبونیان پێدراوە. ئاماژەی بەوەش کرد؛ جگە لە ئەسفەهان لە شارەکانی دیکەش زەویی نیشتەجێبون دەدرێت بەو خێزانانەی کە لە دوای ساڵی 2020 و 2021 زیاتر لە سێ منداڵیان بوە. لە ماوەی رابردودا و بە پێی نوێترین توێژینەوە؛ گەشەی کۆمەڵگەی ئێران بۆ کەمتر لە 1% دابەزیوە و زۆربەی خێزانەکانی ئەو وڵاتەش بەهۆی کەمبونەوەی هیوا بۆ داهاتو، ژمارەی منداڵەکانیان لە نێوان یەک بۆ دوو منداڵدال کەمی کردوە کە ئەوەش بوەتە هۆی مەترسیی زوو پیربونی کۆمەڵگەکە. بە پێی توێژینەوەکان لە 30 ساڵی داهاتودا کۆمەڵگەی ئێران دەکەوێتە قۆناغی پیربونەوە و ئەگەر وەچەخستنەوە بەمشێوەیەی ئێستا لەو وڵاتەکەدا بەردەوام بێت ئەوا مەترسیی پیربونی خێرای ئەو کۆمەڵگەیە هەیە. لە چوارچێوەی پلانێکدا بە ناوی (گەنجبونەوەی کۆمەڵگە) کە لە ئێران راگەیەنراوە؛ بە پێدانی ئۆتۆمبێل بۆ دایکان و کەمکردنە و لێخۆشبونی ماوەی سەربازیی ئەو باوکانەی منداڵیان هەیە هانی خێزانەکان دەدرێت وەچەی زیاتر بخنەوە و ژمارەی منداڵەکانیان زۆر بکەن.  

هاوڵاتی لە ناوچەی شەڕای عەفرین حکومەتی تورکیا دەستی بە دروستکردنی ئۆردوگایەکی دیکە بۆ لایەنگرە سوریەکانی کرد، هەوڵەکانی تورکیا بۆ گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین بەردەوامە کە پێنج ساڵە داگیرکراوە. بەگوێرەی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان لە گوندی کەفەر رومی سەر بە ناوچەی شەڕای عەفرین، حکومەتی تورکیا دەستی بە دروستکردنی ئۆردوگایەکی نوێی نیشتەجێبوون بۆ خێزانی چەکدارەکان کردووە. بەگوێرەی زانیاریەکان، ئۆردوگا نوێکە لە ٥٠ باڵەخانەی چوار نهۆمی پێک دێت و بەسەر خێزانی چەکدارەکاندا دابەش دەکرێت. دەوڵەتی تورکیا تاوەکو ئیستا بە دەیان یەکەی نیشتەجێبوون و ئۆردوگای دروست کردووە و هیچ کوردێکیش سوودمەند نابێت و هەوڵ دەدات، عەفرین لە کورد چۆڵ بکات.

هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا کابینەی 67ەمین کابینەی نوێی حکومەتی وڵاتەکەی رادەگەیەنێت و ناوی سەرجەم وەزیرە نوێیەکانیش بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، تورکیا ئەمڕۆ لە دوێنێ بەهێزترە. رەجەب تەیب ئەردۆگان لەوتارێکدا کابینەی نوێی حکومەتەکەی راگەیاند و جەختیشیکردەوە، "تورکیا ئەمڕۆ بەهێزە لە دوێنێ، هەمو هەوڵێکیشمان دەخەینەگەڕ بۆ خزمەتکردنی تەواوی تورکیا و بەبێ جیاوازی خزمەتی سەرجەم ناوچەکان دەکەین". بەوتەی ئەردۆگان، "رۆژی سێشەمە یەکەمین کۆبونەوەی کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا دەکرێت". کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا لەمانە پێکدێت:   جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار  یڵماز توونج، وەزیری داد  ماهینوور ئۆزدەمیر گۆگتاش، وەزیری کۆمەڵایەتی و خێزان  ڤێدات ئشکهان، وەزیری کار و بیمەی کۆمەڵایەتی  محەممەد ئۆزهەسەکی، وەزیری ژینگە و شارەوانی  هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە  عوسمان ئاشکن باک، وەزیری وەرزش و لاوان ئاڵپارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکان  محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی  عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ محەممەد نووری، وەزیری کولتوور و گەشتیاری  یوسف تەکین، وەزیری پەروەردە  یەشار گیولەر، وەزیری بەرگری  فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی  محەممەد فاتیح کاجر، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیا  عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی  عەبدوڵقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن  ئیبراهیم یوماكڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستان       

هاوڵاتی ئابوریناسان ئاسۆی ئایندەی ئابووری توركیا بە «نادیار» وەسف دەكەن. ئابوریناسان ئاسۆی ئایندەی ئابووری توركیا بە «نادیار» وەسف دەكەن، ، بەڵام پێیانوایە ئەگەر حكومەتی توركیا بتوانێت چارەسەری ئەو تەحەددایانە بكات كەڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوا ئابووری توركیا توانای گەشەكردنی هەیە بەخێراییەكی تەندروست، بەڵام ئەگەر ئەردۆغان لەسەر سیاسەتە نازانستیە ئابووریەكانی بەردەوام بێت توركیا رووبەڕووی قۆناغێكی درێژخایەنی قەیران دەكاتەوەو بەهای لیرە زیاتر دادەبەزێت و 100 دۆلار دەگاتە دوو هەزارو 500 لیرە لەماوەی دووساڵی داهاتوودا. نرخی لیرەی توركی بەرامبەر بەدۆلار نزیكە لەئاستە نزمە مێژووییەكان هەر 100 دۆلارێك، بەرامبەر 2040 لیرەی توركیە كەتەنها لەماوەی ئەم مانگەدا بەهای لیرە 6% دابەزیوەو لەماوەی ئەمساڵیشدا بەڕێژەی 38% بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی دابەزیوە. هەروەها لەماوەی مانگی نیسانی رابردوو رێژەی بەرزبونەوەی نرخەكان گەیشتە 55%، دوای ئەوەی لەمانگی تشرینی یەكەمی 2022 ئاستێكی پێوانەیی تۆماركرد كە 85.5% بوو، بەپێی پەیمانگای توركیا. پێداگری ئەردۆغان لەسەر دابەزاندنی رێژەی سوود بۆ بەرزكردنەوەی گەشەی ئابووری بووەتەهۆی لاوازبوونی بەهای لیرە ، كە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بەرامبەر بەدۆلار نزیكەی لەسەدا ٨٠ دابەزیوە». رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای سەركەوتنی لەهەڵبژاردنەكاندا ئەوەی دووپاتكردەوە كەبەردەوام دەبێت لەو سیاسەتەی لەپێنج ساڵی داهاتوودا، ئەمەش راستەوخۆ بەهای لیرەی دابەزاندو لەسەدا چوار رێژەی هەڵاوسانی بەرزكردەوەو بەو هۆیەوە بەشێكی زۆر لەسەرمایەدارانی توركیا سەرمایەكانیان دەبەنە دەرەوەی توركیا وەك روسیاو ئیمارات و سعودیەو مالیزیا كەوەبەرهێنانی پێوە دەكەن.

هاوڵاتی ئەردۆغان ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ لە پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخوات و شەویش کابینەکەی رادەگەیەنێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە ٢٨ی ئایاردا لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا جارێکی دیکە سەرکەوت و بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێردرایەوە، ئەمرۆ ٢ی پاشنیوەڕۆ لە پەرلەمان سوێدنی یاسایی دەخوات. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا کاتژمێر ٣ی لەگەڵ سەرۆکانی پارتەکانی ئەندام لە هاوپەیمانی کۆماردا، لە ناوچەی بێشتەپەی ئەنقەرە سەردانی گۆڕی ئەتاتورک دەکەن. ئەردۆغان کاتژمێر ٥ى ئێوارە، چاوی بە میوانەکان دەکەوێت کە بۆ پیرۆزبایی سەردانی دەکەن و دواتر لە کۆشکی چانکایا لەگەڵ کابینە تازەکەى کۆدەبێتەوە و کاتژمێر ١٠ شەو کابینەکە رادەگەیەنێت. لە رێورەسمی سوێندخواردنی ئەردۆغاندا ٢٠ سەرۆکوەزیری وڵاتانی جیهان، سکرتێری ناتۆ و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیر و پەرلەمانتارانی وڵاتانی جیهان بەشداری دەکەن. باسی ئەوە دەکریت کە ئەردۆغان لە پۆستە گرنگەکاندا گۆڕانکاری ئەنجامداوە و بڕیارە ئەمشەو ناوی وەزیرە نوێیەکان ئاشکرا بکات.

بەهۆی رەچاونەکردنی پێوەرە جیهانییەکان، بەکارهێنانی بەنزین لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و بەرپرسێکیش دەلێت وڵاتەکەی بۆ دابینکردنی سوتەمەنیی ئۆتۆمبێل، ناچارە بەنزین هاوردە بکات. جەلیل سالاری، بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای پاڵاوتن و دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران رایگەیاند؛ 23%ی ئۆتۆمبێلەکانی ئێستای وڵاتەکە تەمەنیان لە 20 ساڵ زیاترە و بەراورد بە ئۆتۆمبێلە نوێیەکان پێویستییان بە سوتەمەنییەکی زیاتر هەیە. سالاری وتویەتی: ؛ رۆژانە بڕی 112 بۆ 115 ملیۆن لیتر بەنزین لە پاڵاوگەکانی وڵاتەکەدا بەرهەم دەهێنرێت لە بەرامبەردا بەکارهێنانی بەنزین بەراورد بە ساڵی رابردو 11% زیادی کردوە. ئەو وتوشیەتی کێشەی ئێستای وڵاتەکە تەنها ئۆتۆمبێلە کۆنەکان نین و تەنات ئەو ئۆتۆمبێلە نوێیانەشی کە لە ناوخۆی ئێران دروست دەرکرێن سێ هێندەی پێوەرە جیهانییەکان بەنزین دەسوتێنن. بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوی ژینگەی ئێران نزیکەی 30 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە ئێران هەیە کە زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 هەزاریان بەهۆی زۆربونی رێژەی سوتاندنی بەنزین تێیاندا زیانی زۆر بە ژینگەی وڵاتەکە دەگەیەنن. بەرهەمهێنانی بەنزینی ئێران لە رۆژێکدا 115 ملیۆن لیترە بەڵام ئاستی بەکارهێنانی بەنزین دەگاتە زیاتر لە 144 ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا. مالیک شەریعەتی، ئەندامی دەستەی وزە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند حکومەت لە ساڵی 2022 بڕی 600 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوردەی بەنزین تەرخان کردوە و ئەمساڵیش پێویستی بە کڕینی بەنزین لە دەرەوەی وڵات هەیە.  

کۆمپانیایەک ئاشکرای دەکات ئێران بەهۆی ساخنەبونەوە، بڕێکی زۆر لە نەوتەکەی هەڵگرتوە و وەزیری نەوتی وڵاتەکەش دەڵێت: 78 ملیۆن نەوت و سوتەمەنیی کۆگاکراو ساخ کراوەتەوە. ناوەندی ئامار و زانیارییەکانی کۆمپانیای کپلێر بڵاوی کردەوە؛ ئێران بە ناچاریی بڕی 50 ملیۆن بەرمیل نەوت و سوتەمەنیی لە وڵاتەکەی کۆگاکردوە کە کڕیاری نییە. بە پێی زانیارییەکانی کۆمپانیاکە تا کۆتایی ساڵی 2021 ئێران نەیتوانیوە 44 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی وڵاتەکەی ساخ بکاتەوە و کڕیاری نەبوە بەڵام ئەو بڕە لە ئەمساڵدا گەیشتوەتە زیاتر لە 50 ملیۆن بەرمیل. لە لایەکی دیکەوە جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران بە میدیای وڵاتەکی راگەیاندوە؛ لە سەرەتای دەستبەکاربونی ئیبراهیم رەئیسی، وەک سەرۆک کۆمار، بڕی 78 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و سوتەمەنیی لە بازاڕەکانی جیهان ساخ کراوەتەوە. کۆمپانیای کپلێر ئاماژەی بەوە کردوە زیاتر لە 16 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێران لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندان کە لە ئاوەکانی کەنداو لەنگرەیان گرتوە. پێشتر ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرای کردبوە کە ئێران لە چوارچێوەی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی داوای لە ئەمریکا کردوە رێگە بدات ئەو وڵاتە 100 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ماوەی شەش مانگدا بفرۆشێت بەڵام واشنتۆن پێشنیارەکەی تارانی رەت کردبوەوە. دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی لە ساڵی 2018 ، ژمارەیەک سزای توند بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپێنرا و ئەوەش وای کرد فرۆشی نەوتی وڵاتەکە لە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ کەمتر لە 850 هەزار بەرمیل کەم بکات.

هاوڵاتی بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دەركەوت كەدەنگی كلیچدار ئۆغڵۆ لەزۆربەی پارێزگاكانی باكوری كوردستان كەمی كردووەو ئەمەش بووە جێگەی پرسیار لەلایەن چاودێرو هاووڵاتیانەوە. لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا لەشارەكانی باكوری كوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان چوار ملیۆن و 479 هەزارو 423 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام بەپێی ئەنجامی بەرایی خولی دووەم، چوار ملیۆن و 576 هەزارو 854 دەنگی بەدەستهێناوە. واتر بەبەراورد بەخولی یەكەمی هەڵبژاردن، 97 هەزارو 431 دەنگی زیادكردووە. لەبەرامبەردا كەمال كڵیچدار ئۆغڵۆ، لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سێ ملیۆن و 992 هەزارو 119 دەنگی لەپارێزگاكانی باكووری كوردستان بەدەستهێنابوو، بەڵام لەخولی دووەمدا سێ ملیۆن و 877 هەزارو 203 دەنگی بەدەستهێناوە. بەو پێیە، كڵیچدار ئۆغڵۆ لەخولی دووەمدا، بە بەراورد بەخولی یەكەمی هەڵبژاردن، 114 هەزار و 916 دەنگی لەباكوری كوردستان لەدەستداوە. بەپێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی توركیاو جیهان، كەمی دەنگی كلیچدار ئۆغڵۆ بەپێی خولی یەكەمی هەڵبژاردن بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە كلیچدار ئۆغڵۆ پرۆتۆكۆلێكی لەگەڵ ئومید ئوزداغ سەرۆكی پارتی سەركەوتن واژۆ كرد كە بەیەكێك لەدوژمنە سەرسەختەكانی هەدەپە دەناسرێت و باسی ئەوە دەكرێت كە باپیری یەكێك لەو كەسانە بووە كە شێخ سەعیدی پیرانی لەسێدارە داوە. هۆكارێكی دیكەش ئەوە بووە كە كلیچدار ئۆغڵۆ لەبانگەشەی خولی دووەمدا، زیاتر لە لایەنە نەتەوەپەرستەكان نزیك بووەتەوەو لێدوانی توندی لەدژی پەكەكە داوەو رایگەیاندووە كە بەردەوامی بەیاسای قەیوم لەژێر ناوێكی دیكەوە دەدات. ئەمەش وایكردووە كەدەنگدەرە كوردەكان لە كلیچدار ئۆغڵۆ سارد ببنەوەو بەشێكی كەمیان بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا نەكەن.  

هاوڵاتی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان خەباتی كورد لەباكور سەختتر دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافەكان و چاوەڕواندەكرێت ئەردۆغان مامەڵەكانی توندتر بكاتەوە بەو هۆیەی دەنگیان بۆ كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بووە. ئەردۆغان: دەمیرتاش ئازاد ناكرێت ئەردۆغان لەیەكەم گوتاریدا لەبەرامبەر لایەنگرانی لەكۆشكی بێشتەپە لەئەنقەرە، هێرشی كردەوە سەر ئۆپۆزسیۆن و جارێكی دیكە كلیچدار ئۆغڵۆ و سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەی كردە ئامانج. ئەردۆغان وتی، ئەوانەی دژایەتی توركیایان كرد لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتن و باسی دەمیرتاشی كردو رایگەیاند، كلیچدار ئۆغڵۆ باسی لەهەوڵەكانی ئازادكردنی دەمیرتاش دەكردو دەیوت ئەگەر دەتانەوێت سەلۆ (سەڵاحەدین دەمیرتاش) لەزیندان ئازاد بكرێت، دەنگ بە من بدەن، بەڵام گەل چی وت؟ چونكە گەلەكەی من باش ئەمە دەزانێت كەئەو كەسەی لەئامەد بووە هۆكاری گیانلەدەستدانی 51 برای كوردم، ئەو سەلۆ (تیرۆریستە) بوو و بۆیەش ئازاد ناكرێت.»   كڵیچدار ئۆغڵۆ: بەردەوامی بەخەباتی دیموكراسی دەدەین لەبەرامبەردا، كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ كاتژمێر نۆو نیوی شەوی هەڵبژاردن كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی ئەنجامداو وتی، « كارەكانمان تەواو نەبووەو بەردەوامی بەخەباتی دیموكراسی لەتوركیا دەدەین. ناحەقی زۆر بەرامبەر خەڵكەكەمان دەكرێت و منیش نەمتوانی بێدەنگ بم، هەوڵمدا گەل لەم دۆخە دەربهێنم.»   ‹لەدوو كەس كەسێك گۆڕانكاری دەوێت› دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و سەرنەكەوتنی كلیچدار ئۆغڵۆ، چاوەكان زیاتر لەسەر هەدەپەو پارتی چەپی سەوز بوون كەهەڵوێستیان چی دەبێت كەپشتگیری تەواوی خۆیان بۆ كلیچدار ئۆغڵۆ دەربڕیبوو. دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكە، هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوزو میدحاد سانجار هاوسەرۆكی هەدەپە، كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا. سانجار لەكۆنفڕانسە رۆژنامەنووسیەكەدا رایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردن بە روونی دەریدەخات كە لەدوو كەس لەتوركیا كەسێك گۆڕانكاری دەوێت. بۆیە ئەركی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە كەهەوڵ بۆ گۆڕینی سیستم بدات و وتی، «لەئێستادا جەمسەرگەرایی لەنێو كۆمەڵگادا دروست بووەو ئەمەش هۆكارە بۆ لەناوبردنی بنەماكانی دیموكراسی.»   دەنگەكانی كلیچدار ئۆغڵۆ لەباكوری كوردستان كەمی كرد بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دەركەوت كەدەنگی كلیچدار ئۆغڵۆ لەزۆربەی پارێزگاكانی باكوری كوردستان كەمی كردووەو ئەمەش بووە جێگەی پرسیار لەلایەن چاودێرو هاووڵاتیانەوە. بەپێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی توركیاو جیهان، كەمی دەنگی كلیچدار ئۆغڵۆ بەپێی خولی یەكەمی هەڵبژاردن بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە كلیچدار ئۆغڵۆ پرۆتۆكۆلێكی لەگەڵ ئومید ئوزداغ سەرۆكی پارتی سەركەوتن واژۆ كرد كە بەیەكێك لەدوژمنە سەرسەختەكانی هەدەپە دەناسرێت و باسی ئەوە دەكرێت كە باپیری یەكێك لەو كەسانە بووە كە شێخ سەعیدی پیرانی لەسێدارە داوە. هۆكارێكی دیكەش ئەوە بووە كە كلیچدار ئۆغڵۆ لەبانگەشەی خولی دووەمدا، زیاتر لە لایەنە نەتەوەپەرستەكان نزیك بووەتەوەو لێدوانی توندی لەدژی پەكەكە داوەو رایگەیاندووە كە بەردەوامی بەیاسای قەیوم لەژێر ناوێكی دیكەوە دەدات. ئەمەش وایكردووە كەدەنگدەرە كوردەكان لە كلیچدار ئۆغڵۆ سارد ببنەوەو بەشێكی كەمیان بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا نەكەن. لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا لەشارەكانی باكوری كوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان چوار ملیۆن و 479 هەزارو 423 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام بەپێی ئەنجامی بەرایی خولی دووەم، چوار ملیۆن و 576 هەزارو 854 دەنگی بەدەستهێناوە. واتر بەبەراورد بەخولی یەكەمی هەڵبژاردن، 97 هەزارو 431 دەنگی زیادكردووە. لەبەرامبەردا كەمال كڵیچدار ئۆغڵۆ، لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سێ ملیۆن و 992 هەزارو 119 دەنگی لەپارێزگاكانی باكووری كوردستان بەدەستهێنابوو، بەڵام لەخولی دووەمدا سێ ملیۆن و 877 هەزارو 203 دەنگی بەدەستهێناوە. بەو پێیە، كڵیچدار ئۆغڵۆ لەخولی دووەمدا، بە بەراورد بەخولی یەكەمی هەڵبژاردن، 114 هەزار و 916 دەنگی لەباكوری كوردستان لەدەستداوە. رۆژهەڵاتییەكان خۆشحاڵ و رۆژئاواییەكان نیگەرانن دوای ئەوەی جارێكی دیكە ئەردۆغان وەك سەرۆككۆماری توركیا هەڵبژێردرایەوە، سەرۆكانی وڵاتانی جیهان، دەستیان بە پەیامی پیرۆزبایی بۆ ئەردۆغان نارد. ڤیلادیمیر پوتی سەرۆكی روسیا وتی ‹دۆستی ئازیزمان سەركەوت›. ئێران، ئازەربایجان، پاكستان، قەتەرو چەندین وڵاتی دیكە پیرۆزبایی گەرمیان لەئەردۆغان كرد. لەئاستی هەرێمی كوردستانیشدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو و عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریش خۆشحاڵی خۆیان بەسەركەوتنی ئەردۆغان دەربڕی. لەلایەکی دیكەوە، رۆژئاواییەكان، تێبینیەكانی خۆیان بەئاشكرایی دەربڕی، سەرۆكەكانی ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیاو بەگشتی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ناتۆ داوایان لە ئەردۆغان كرد لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا كاربكات و لەئەوروپاو ئەمریكا نزیك بێتەوە.   ‹ئەردۆغان ماوەیەكی كەمی لەبەردەمدایە كە چێژ لەسەركەوتنەكەی ببینێت› هەڵبژاردن كۆتایی هات و ئەردۆغان هەڵبژێردرایەوە، بەڵام ئەو كێشە كەڵەكەبووانەی كەتوركیا بەرەو كەشێكی ناسەقامگیر پاڵ پێوە دەنێت، چاوەڕێی ئەردۆغان دەكەن و بەتایبەتی پرسی قەیرانی ئابوری، بێكاری، گرانی. بەپێی ئامارە فەرمیەكان، لەئێستادا، رێژەی بێكاری 10٪، رێژەی هەڵاوسان 43٪یـــە. بەڵام ئۆپۆزسیۆن دەڵێت، رێژەی هەوسان 100٪ی تێپەڕاندووە. سنوری برسیبوون گەیشتووەتە 12 هەزار لیرە كەنزیكەی هەشت هەزار لیرە وەك موچە بەكارمەندان دەدرێت. توركیا 230 ملیار دۆلار قەرزداری وڵاتانی جیهان و بانكی ناوەندیە. نرخی لیرە بەشێوەیەك دابەزیوە كە لەمێژووی توركیادا هاوشێوەی نەبووەو نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی دوو هەزار لیرەی تێپەڕاندووە. بۆیە چاودێرانی ناوخۆیی و دەرەوە ئاماژە بەوە دەكەن كەدۆخێكی سەخت چاوەڕێی توركیاو ئەردۆغان دەكات. لەم بارەیەوە رۆژنامەی فایناشناڵ تایمزی ئەمریكی راپۆرتێكی لەبارەی سەركەوتنی ئەردۆغان و لێكەوتەكانی بڵاوكردەوە. بەپێی راپۆرتەكە، ئەگەر ئەردۆغان قەیرانی ئابوری چارەسەر نەكات، متمانەی نامێنێت و بۆیە ماوەیەكی كەمی لەبەردەمدایە كەچێژ لەسەركەوتنەكەی ببینێت.   قەیرانی ئابوری سەركەوتن لەئەردۆغان تاڵ دەكات؟ دوای كێبڕكێیەكی سەخت، دوای هەموو تێبینیەكان سەرەنجام رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پێنج ساڵی دیكە، وەك سەرۆككۆماری توركیا هەڵبژێردرایەوەو كەمال كلیچدار ئۆغلۆ ركابەرە سەرسەختەكەی بۆ هەمیشە چانسی بوون بەسەرۆككۆماری لەدەستدا. لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا كە 28ی ئایار بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێژەی 52.18%ی دەنگەكان، كەمال كڵیچدار ئۆغڵوی شكستپێهێنا كە رێژەی 47.82%ـی دەنگەكانی بەدەستهێنا. رێژەی بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكاندا 86.09٪ بوو و بەگشتی ئەردۆغان 27 ملیۆن و 833 هەزارو 991 دەنگ و كلیچدار ئۆغڵۆش 25 ملیۆن و 503 هەزارو 703 دەنگیان بەدەستهێنا. بەو پێیەش كلیچدار ئۆغڵۆ بەپێی خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نزیكەی ملیۆنێك دەنگ و ئەردۆغانیش نزیكی 700 هەزار دەنگیان زیاد كردو بەم شێوەیە كۆتایی بەكەشی هەڵبژاردن لەتوركیا هات و داشەكان شوێنی خۆیان گرتەوە.

هاوڵاتی لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا، ئەمڕۆ هەینی بە فەرمی كارەكانی 28هەمین پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستپێدەكات و بڕیاریشە سبەینێ رەجەب تەیب ئەردۆگان وەك سەرۆك كۆماری نوێ سوێندی یاسایی بخوات. بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی تورکیا، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا، لە ماوەی 48 کاژێردا ئەنجوومەنی گشتیی یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەدەبات کە تایبەت دەبێت بە سوێندخواردنی یاسایی پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکان.  کاتژمێر 2 ی ئەمڕۆ هەینی، 2ی حوزەیرانی 2023، یەکەمین دانیشتنی یاسایی وەرزی یەکەمی 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار، بەشێوەیەکی کاتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان بەڕێوەدەبات. ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا لە هۆڵی پلینۆمی پەرلەمانی توركیا بەشداری لە چالاكیی سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی خولی نوێی پەرلەمانی وڵاتەكەی دەكات، بڕیاریشە سبەینێ وەك سەرۆك كۆماری نوێ سوێندی یاسایی بخوات. پەرلەمانی توركیا لە 600 ئەندام پێكدێت و لە هەڵبژاردنەكانیشدا كە لە 14ی ئایاردا بەڕێوەچو، بەپێی ئەنجامە فەرمییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە توركیا: پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی ئەردۆگان 268 كورسی بەدەستهێناوە.  و پارتی گەلی كۆماری گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە بە سەرۆكایەتی كەمال كلیچدارئۆغڵو كە كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمار بو، 169 كورسی بەدەستهێناوە. پارتی ئۆپۆزسیۆنی خەیری نیشتمانی 43 كورسی بەدەستهێناوە.  پارتی نەتەوەپەرستی 50 كورسی، پارتی رەفا پێنج كورسیان بەدەستهێناوە، هەروەها پارتی سەوزیش 61 كورسی و پارتی كرێكارانی توركیاش شەش كورسیان بەدەستهێناوە.