هاوڵاتی لە کاتێکدا کە یەکشەممەی داهاتوو هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت، پۆلیسی تورکیا ١٢ کەسی دیکەی لە باکوری کوردستان دەستگیرکرد. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، لە ناوچەکانی کەربۆران و ئارتوکلوی مێردین و ناوچەی هەزەخی شڕنەخ پۆلیسی تورکیا دەسی بە ئۆراسیۆنێک لەدژی ئەندام و بەڕێوەبەرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کردووە. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسەکە، پۆلیسی تورکیا هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ئەندام و بەڕێوەبەرانی هەدەپە و بەو هۆیەوە ١٢ کەس دەستگیرکراون. باسی ئەوەشی کرد کە ئۆپراسیۆنەکە لەسەر فەرمانی داواکاری گشتی شاری ئامەد ئەنجامدراوە و زۆربەی ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون، ئەندامی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپەیە. دوێنیش لە چەندین پارێزگا و ناوچەی باکوری کوردستان و تورکیا، نزیکەی ٦٥ ئەندام و بەڕێوەبەری هەدەپە دەستگیرکربوون.

هاوڵاتی ئومید ئوزداغ سەرۆکی پارتی سەرکەوتن کە پێشتر هاوپەیمانی سینان ئۆغان بوو، ئاشکرای کرد کە دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەدات. ئەمڕۆ ئومید ئوزداغ سەرۆکی پارتی سەرکەوتن کە لە خولی یەکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا هاوپەیمانی سینان ئۆغان بوو و کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن، کۆبونەوە. دوای کۆبونەوەکە ئومید ئوزداغ بە فەرمی رایگەیاند کە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدەن. چەند رۆژ لەمەوبەریش پارتی دادپەروەری کە هاوپەیمانی سینان ئۆغان بوو، رایگەیاند کە پشتگیری لە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەکات. سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لە خولی یەکەمدا، پشتگیری خۆی بۆ ئەردۆغان راگەیاندبوو و بەم شێوەیە هاوپەیمانی ئاتا هەڵوەشایەوە و بەسەر هەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا دابەش بوو. سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ٥.١٧٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو و بەم پێیەش نەیتوانی بۆ خولی دووەم سەربکەوێت.

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەوروپا و ئێران دادەبەزێت و لە بەرامبەردا هۆڵەندا و ئیتاڵیا و فەڕەنسا زیاترین کاڵا رەوانەی ئەو وڵاتە دەکەن. ناوەندی ئاماری ئەوروپا (یۆرۆستات) بڵاوی کردەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ ئێران یەک ملیارد و 180 ملیۆن یۆرۆ بوە کە بەراورد بە رابردو 11% دابەزینی بەخۆیەوە بینوە. لە ئامارەکاندا ئەوە خراوەتە رو ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی نێوان وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ ئێران گەیشتوەتە یەک ملیارد و 330 ملیۆن یۆرۆ بەڵام ئەو بڕە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ بۆ یەک ملیارد و 180 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە و ئەو وڵاتانە تەنها بە بڕی 220 ملیۆن کاڵایان لە ئێرانەوە هەناردە کردوە. هەناردەی کاڵا لە ئەوروپاوە بۆ ئێران لەو سێ مانگی ئەمساڵدا 960 ملیۆن یۆرۆ بوە کە 9% دابەزیوە و هاوکات هاوردەی ئەو وڵاتانەش لە ئێرانەوە 275 ملیۆن یۆرۆ بوە کە 20% بەچاو رابردوەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. یۆرۆستات رونی کردوەتەوە؛ سەرەڕای دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێران بەڵام هەناردەی هۆڵەندا بۆ ئێران 63% بەرز بوەتەوە و دوای ئەو وڵاتەش، ئیتاڵیا بە بەرزبوەنەی هەناردەی 24% و فەڕەنسا بە بەرزبونەوەی 17% زیاترین کاڵایان لە چوارچێوەی ئەوروپا هەناردەی ئێران کردوە.  

هاوڵاتی هێزە ئەمنیەکانی تورکیا لە چەند شارێکی تورکیا ٢٤ رۆژنامەنوس و ئەندامی هەدەپەیان دەستگیرکرد. لەسەر فەرمانی داواکاری کۆماری مێرسین، ئەمڕۆ هێزە ئەمنیەکانی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەک رۆژنامەنوس و ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە). ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکە لە شارەکانی مێرسین، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا، ئەدەنە و ئیزمیر بەڕێوەبراوە. هەروەها باسی ئەوەی کرد کە دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی ٢٨ کەسی داوە، بەڵام تاوەکو ئیستا ٢٤ کەس دەستگیرکراون و دەڵێت، " لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا دەرگای ماڵان شکێندراون و دەست بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەنوسی و لاپتۆپی داواکراوەکاندا گیراوە. دوێنیش لە ئەنقەرە ئۆپراسیۆن لەدژی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی هەدەپە ئەنجامدرا و بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا ١٩ کەس دەستگیر کرابوون. دەستگیرکردنی ئەندام و بەڕێوەبەرانی هەدەپە و رۆژنامەنوسان لە کاتێکدایە کە یەکشەمەی داهاتوو ٢٨ی ئایار، خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوە دەچێت. بەر لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانیشدا کە ١٤ی ئایار بەڕێوەچوو، نزیکەی ٢٠٠ ئەندام و بەڕێوەبەری هەدەپە و رۆژنامەنوسی کورد دەستگیرکرابوون.

بەرپرسێکی ئێسرائیل زانیارییەکانی تایبەت بە هێرشکردنە سەر بنکە و چەکدارانی ئێران لە سوریا بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت ئەو هێرشانە دوو هێندەی رابردو زیادی کردوە. یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، زانیارییە سەربازییەکانی ئێران لە سوریا و لوبنان بڵاو دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ لە کاتی دەستبەکاربونی ئەو وەک وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی، هێرشەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامی لە خاکی سوریا دوو هێندە زیادی کردوە. بە وتەی گاڵانت: ئێران ساڵانە 700 ملیۆن دۆلار رادەستی رێکخراوی (حیزبوڵڵا) لە لوبنان دەکات و هاوکات لە روی تەکنەلۆژیای تایبەت بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان راهێنان و هاوکاریی ئەو رێکخراویە دەکات. وتوشیەتی: کۆماری ئیسلامی جگە لە هاوکاریی داریی حیزبوڵڵا، ساڵانە بڕی 100 ملیۆن بە رێکخراوی (حەماس) و 10 ملیۆن دۆلار بۆ رێکخراوی (جیهادی ئیسلامی) لە فەلەستین تەرخان دەکات. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەوەی خستوەتەڕو کە هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کەنداو بە مەبەستی جموجۆڵی سەربازیی و کۆنتڕۆڵی سنورە ئاوییەکان، کەشتیی مەدەنی و بازرگانیی بەکاردەهێنن و سوپای پاسداران سود لە شەش کەشتی ئاسایی بۆ ئەو مەبەستە وەردەگرێت.

ئاژانسێک ئاشکرای دەکات ؛ ئێران وێستگە ئەتۆمییەکانی بۆ ئەگەری هێرشی ئەمریکا نۆژەن دەکاتەوە و وێستگەی نوێ لە قوڵایی زەویدا دروست دەکات. ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشیەتدپرێس) بڵاوی کردەوە؛ ئێران دەستی کردوە بە دروستکردنی وێستگەیەکی ئەتۆمیی لەنزیک لوتکەی شاخێکی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس کە دوایین تەکنەلۆژیای جەنگی ئەمریکا توانای بڕینی قوڵاییەکەیی نییە. بە پێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە؛ وێستگە ئەتۆمییە نوێکەی ئێران دەکەوێتە 225 کیلۆمەتر لە دوریی باشوری تاران و لە قوڵایی 80 بۆ 100 مەتری زەویدا دروست دەکرێت لە کاتێکدا نوێترین تەکنەلۆژیای موشەکی و بۆمبی ئەمریکا توانای بڕینی 60 مەتر لە قوڵایی زەویی هەیە. زانیارییەکانی ئەسۆشیەتدپرێس پشتی بەستوە بە وێنەکانی مانگی دەستکرد و ناوەندی توێژینەوەی جەیمس مارتین بۆ رێگریی لە بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمیی و ئەوەش ئاشکرا کراوە کە ئێران هەوڵی پاراستنی وێستگە ئەتۆمییەکانی دەدات لە ئەگەری شکستی دانوستانەکانی لەگەل واشنتۆن. لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی رۆژنامەیەکی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە؛ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی و سەربازیی کۆبوەتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەکارهێنانی بژاردەی سەربازیی لە دژی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران. لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بە هێرشی ئەمریکا بۆسەر وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ لە پارێزگای قوم لە ئێران کرابو.    وێنەیەکی مانگی دەستکرد لە دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمیی نوێی ئێران

ژمارەیەک فەرش لە کۆشکێکی سەرۆکایەتی ئێران دیار نامێنێت و سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی پێشوی حکومەت بە بردنی فەرشەکان تۆمەتبار دەکرێن. میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە؛ 48 فەرشی مێژویی و کەلتوریی لە کۆشکی سەعدئاباد کە تایبەتە بە سەرۆکایەتیی کۆمار لە وڵاتەکەدا زیاتر لە پێنج ساڵە دیار نەماون و بەهاکەشیان دەگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار. ئاژانسی هەواڵی (فارس) سەر بە سوپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە بەرپرسانی پێشوی کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتیی حەسەن رۆحانی تۆمەتبار کردوە بە بردنی ئەو فەرشانە کە لە بینای حافزیە لە کۆشکی سەعدئاباد بون. ئاماژە بەوە کراوە 10 فەرش لە کۆی ئەو 48 فەرشەی کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئێران کە دیار نەماون لە ئاسەوارە مێژوییە گرانبەهاکانی وڵاتەکە بون. ناوەندی راگەیاندنی کۆشکی سەعدئاباد دیارنەمانی ئەو فەرشانەی پشتڕاست کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە روبەڕی زەوی کۆشکی سەعدئاباد بە بینا و باخەکانییەوە نزیکەی 900 دۆنمە کە پاراستنی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کۆماری ئێراندایە.  

وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، بە مەرجێک پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا ئاسایی دەکەنەوە کە سوپاکەی کە خاکەکەیان بکشێنێتەوە. فەیسەڵ مەقدید وەزیری دەرەوەی سوریا دوای ئەوەی وڵاتەکەی گەڕایەوە نێو کۆمکاری عەرەبی، بۆ کەناڵی روسیا تۆدەی، لەبارەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا و ناوچەکە قسەی کرد. فەیسەڵ مەقدید لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە کە تورکیا هەموو هێزەکەی لە باکوری سوریا بکشێنێتەوە. وەزیری دەرەوەی سوریا دەشڵێت، لە کاتێکدا کە ئەنقەرە بەشێک لە خاکی سوریای داگیرکردووە، حکومەتی سوریا ناتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی بکاتەوە. بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریاش، مانگی ئازار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی روسیا رایگەیاندبوو، تاوەکو سوپای تورکیا لە خاکی سوریا نەکشێتەوە، هیچ واتایەکی کۆبونەوەی نێوان ئەو و ئەردۆغان نییە و وتبووی، " پێویستە تورکیا دەست لە پشتگیریکردنی گروپە تیرۆریستیەکان هەڵبگرێت و هەوڵ بدات دۆخی سوریا بگەڕێتەوە بەر لە شەڕی ناوخۆیی وڵات، ئەو کاتە پەیوەندیەکان دەتوانرێت ئاسایی بکرێنەوە." پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان سوریا و تورکیا لە کۆتایی ساڵی رابردوو دەستی پێکرد. تورکیا لە رێگەی روسیاوە دەستپێشخەری کرد و تاوەکو ئێستا چەندین جار بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری تورکیا و سوریا بە نێوەندگیری روسیا و چاودێری ئێران لە مۆسکۆ کۆبونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نزیکبوونەوەیەک رووی نەداوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمینداری نوێ بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەستنیشان دەکات و عەلی شەمخانی لەو پۆستە لادەبات. بە بڕیاری ئیبراهیم رەئسیی، سەرۆک کۆماری ئێران عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران دەبێتە ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی. رەئیسی لە فەرمانێکدا سوپاس و پێزانینی بۆ 10 ساڵ کارکردنی عەلی شەمخانی وەک ئەمینداری پێشوی ئەنجومەنەکە دەربڕیوە و ئەحمەدیانی وەک ئەمینداری نوێ دەستنیشان کردوە. عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان لە دایکبوی شاری کرمان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێرانە کە تەمەنی 62 ساڵە و یەکێکە لە فەرماندە دەریاوانییەکانی سوپای پاسداران و بەشداریی لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران کردوە و هەڵگری بڕوانامەکانی مەستەر لە زانستی بەرگریی و دکتۆرا لە بواری بەڕێوبەرایەتیی ستراتیژییە. لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەنگۆی ئەوە هەبوە بەهۆی ناکۆکییەکانی دوو باڵی محافزکار و ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی، عەلی شەمخانی کە بە رۆحی قاسم سولەیمانی ناوی دەهێنرا لە پۆستی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران لادەبرێت. دوێنێ یەکشەممە شەمخانی بە دانانی هۆنراوەیەک باسی لە رۆیشتنی و ئاماژەی بە راست دەرچونی ئەو دەنگۆیانە کرد. شەمخانی کە بە رەچەڵەک لە نەتەوەی عەرەبە، بەرزترین پلەی سەربازیی لە نێو کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە و بەهۆی هەنگاوەنکانی بۆ یەکخستن و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو مەدالیای (عەبدولعەزیز)ی وڵاتی سعودیەی پێبەخشراوە. لە ماوەی رابردودا بە بڕیاری عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەرپەرشتیی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز-ی کرد و هاوکات زیاترین هەوڵی دا بۆ چەک کردن و دورخستنەوەی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان. خامنەیی، راستەوخۆ گرێکوێرەکانی پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێی دەداتە دەست شەمخانی و بەوەش رۆڵی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی سوپای قودس دەگێڕا کە ساڵی 2020 لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کوژرا. شەمخانەی تەنها کەسی سەربازیی ئێرانە کە پلەی دەریاوانی هەیە و لە روی سەربازییەوە فەرماندەیی دەیان شەڕی لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق گێڕاوە و تەنها کەسێکە کە لە ماوەی 40 ساڵدا هیچ کاتێک پەراوێز نەخراوە و باڵی ریفۆرمخواز و محافزکاری کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی لە پۆستە هەستیارەکاندا پشتیان پێبەستوە. ئەو کە بە نوێنەری عەلی خامنەیی لە ئەنجومەنی ئاسایش لەقەڵەم دەدرا لە ماوەی رابردودا جموجۆڵەکانی بەشێوەیکی بەرچاو زیادی کردبو بە جۆرێک وەزیری دەرەوەی ئێران لە ماوەی دوە هەفتەدا بە قەدەر شەمخانی گەشتی بۆ چین و عێراق و ئیمارات  وڵاتانی دیکە نەکردوە و دەوترێت شەمخانی وەزیری دەرەوەی ناو بازنەی سیاسەتی دیپلۆماسیی خامنەیی وەک لوتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.    

بەهۆی جێبەجێ نەکردنی یاسای تایبەت بە پشتیوانیی لە کەمئەندامان و خاوەن پێدوایستی تایبەت لە ئێران باری ژیان و گوزەرانیان قورستر بوە و ئەو موچەی پێیان دەدرێت پێدوایستییەکانی ژیانی رۆژێکیان دابین ناکات. ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران (ئیلنا) بڵاوی کردوەتەوە؛ موچەی ئێستای هەر کەمئەندامێکی وڵاتەکە 655 هەزار تمەنە لە کاتێکدا هێڵی هەژاریی گەیشتوەتە 20 ملیۆن تمەن. ئاماژە بەوە کراوە؛ بە پێی ماددەی 27 یاسای پشتیوانیی لە کەمئەندامان و خاوەن پێدوایستییەکانی ئێران دەبێت موچەی هەر کەسێکیان هاوشانی لانیکەمی موچە بێت لە وڵاتەکە کە لە ئێستادا نزیکەی حەوت ملیۆن تمەنە. ئیلنا رونی کردوەتەوە؛ پێنج ساڵە یاسای تایبەت بە پشتیوانیی لە خاوەن پێدوایستی تایبەت دەرچوە بەڵام حکومەت پابەند نییە بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایەوە و ئەوەش ژیانی ئەوانی زۆر قورس کردوە چونکە زۆربەی کەمئەندامانی وڵاتەکە پێویستیان بە خزمەتگوزاریی پزیشکی و تەندروستیی هەیە.    

بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و پێدوایستییەکانی ژیان لە ئێران بەردەوامە و بانکی جیهانی هۆشداریی دەدات لە بەرزبونەوەی زیاتری هەڵاوسانی ئابوریی ئەو وڵاتە. بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردەوە؛ ئێران لە ریزبەندی ئەو 10 وڵاتی جیهانە کە زۆرترین بەرزبونەوەی نرخی خۆراک تۆمار دەکات و هەڵاوسان بەردەوامە لە بەرزبونەوە. بە پێی راپۆرتی بانکی جیهانی؛ هەڵاوسانی ئابوریی تایبەت بە بەرزبونەوەی نرخی خۆراک لە ئێران گەیشتوەتە 73% و بەوەش چوارەم وڵاتی جیهانە دوای لوبنان و ئەرجەنتین و زیمبابوێ کە زۆرترین هەڵاوسانی تۆمار کردوە. لە لایەکی دیکەوە پێگەی (تجارەت نیوز) بڵاوی کردوەتەوە؛ هەڵاوسانی بەرزبونەوەی نرخی خۆراک لە ئێران گەیشتوەتە 78% کە ئەوە ژمارەیەکی پێوانەییە لە مێژوی ئابوریی وڵاتەکەدا. بانکی جیهانی ئاماژەی بەوە کردوە؛ نرخی خۆراک لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە بەرزبونەوەدایە بەڵام رێژەی بەرزبونەوەی هەڵاوسانی هەندێک وڵاتی وەک لوبنان بە (352%) و ئەرجەنتین بە (107%) و زیمابوێ بە (102%) و ئێران بە (73%) مەترسییە بۆسەر ئاسایشی خۆراک و ژیانی دانیشتوانی ئەو وڵاتانە.

رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات هاوسەرگریی ئەو کچانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە لە سەرتاسەری وڵاتەکە زۆر بوەتەوە و کۆمەڵناسێکیش هەژاریی و یاساکانی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری هاوسەگریی کچان کەم تەمەن لەقەڵەم دەدات. رۆژنامەی (ئیعتیماد) لە چاپی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردوەتەوە؛ لە ماەی نۆ مانگی سەرەتای زستانی 2021 تا پاییزی ئەو ساڵە لانیکەم 27 هەزار و 448 کچ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران هاوسەرگیرییان کردوە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە. ئاماژە بەوە کراوە لە ساڵی 2017 ریژەی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام دوبارە ئەو رێژەیە لە ساڵی 2019 دەستی بە بەرزبونەوە کردوەتەوە. بە پێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران 31 هەزار و 646 کچی کەم تەمەن لە ساڵی 2020 و 32 هەزار 655 کچی دیکە کە ئەوانیش تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە لەو وڵاتە هاوسەرگیرییان کردوە. شەهەلا کازمیپور، کۆمەڵناس بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ هەژاریی و یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هاوسەرگیریی کچانی 13 ساڵ تەمەن بە یاسایی لەقەڵەم داوە دوو هۆکاری سەرەکین بۆ زۆربونی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن.

لە هێرشێکی چەکداریدا بۆسەر بنکەیەکی پاسەوانی سنوری ئێران شەش کەس دەکوژرێن و داواکاری گشتی سیستان و بەلوچستان گروپێکی نەیاری کۆماری ئیسلامی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات. مەهدی شەمس ئابادی، داواکاری گشتی پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند؛ بەهۆی هێرشی چەکدارانی گروپی (جەیشولعەدل) لە ناوچەی سنوریی (سوختێ مۆک) سەر بە شاری سەراوان لە پارێزگاکە شەش پاسەوانی سنور کوژراون. شەمس ئابادی ئاماژەی بەوە کردوە هێرشە لە درەنگانی شەوی رابردودا ئەنجام دراوە، جگە لە کوژرانی ئەو شەش پاسەوانی سنورە دوو ئەندامی دیکەی پاسەوانی سنور بریندارن. پێشتر سەرۆکی هێزەکانی پۆلیس رایگەیاندوە؛ لە هێرشەکەدا دوو ئەفسەر و سێ سەرباز کوژراون و دوو ئەفسەری دیکە برینداروبون. داواکاری گشتی پارێزگای سیستان و بەلوچستان ئاماژەی بەوە کردوە یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. ناوچەی سەراوان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی پاکستان و گروپە بەلوچە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە بونیان هەیە و زۆرجار پێکدادان لەو سنورانە رودەدات.  

هاوڵاتی عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا رایگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی تورکیادا سەربکەوێت، هەموو کەلوپەل و پێداویستیەک گران دەبێت. چینی ناوەڕاست دەرووخێت و برسیەتی و هەژاری روو لە تورکیا دەکات. ئەمڕۆ هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرکایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەستی پێکرد و تاوەکو ٢٤ی مانگ بەردەوام دەبێت. زیاتر لە سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە و پارتە سیاسیەکان و هاوپەیمانێتیەکانیش دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووەتەوە و سەرۆکی پارتەکانیش لەدژی یەکدی قسە دەکەن. عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) کە هاوپەیمانی کەماڵ کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپە و کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە تۆماریکی ڤیدیۆیی لەبارەی دۆخی تورکیا لە ئەگەری سەرکەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بڵاوکردەوە. عەلی باباجان لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، " دەسەڵات لە ئێستادا باسی کێشە سەرەکییەکانی تورکیا ناکات و لەسەر پرسی تیرۆر بانگەشە لەدژی ئۆپۆزسیۆن بڵاودەکاتەوە. " باباجان راشیگەیاند، " من تەنیا وەک سەرۆکی پارتێک قسە ناکەم لە هەمان کاتدا وەک ڕۆڵەیەکی وڵاتپەروەر قسە دەکەم و دەڵێم، ئەگەر ئەردۆغان سەربکەوێت هەموو شتێک گران دەبێت. بە سەرکەوتنی ئەردۆغان چینی ناوەڕاست دەرووخێت و پارەکانتان دەبێتە پولێک. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای بێنرخبوونی پارەی تورکیا و قەرزاری دێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای ئەوە دێت کە هاوڵاتیان ناتوانن گۆشت، مریشک و پەنیر بۆ منداڵانیان بکڕن. بە واتای هەژاری و برسیەتی دێت. بە واتای دواکەوتنی ئابوری تورکیا دێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای خوڵکردنە سەر دیموکراسی دێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای مەترسی ئاسایشی نەتەوەیی دێت."

هاوڵاتی ئێران جارێکی دیکە هەڕەشە لەهێزە کوردیەکانی دژبەری دەکات کە لەهەرێمی کوردستانن، فەرماندەیەکی سوپای پاسداران دەڵێت ئەگەر عێراق ئەو هێزانە دەرنەکات هێرش دەکەنەسەریان. محەمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ڕاگەیاند: “چاوەڕێی ئەوە دەکەین حکومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و کاتمان پێداون بۆ ئەو کارە و ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەوا هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو حزبانە بەردەوام دەبن.” لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و بە تایبەتی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی ئێران، بنکە و بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەندین جار لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کراوەتە سەر. ئێران حزبە کوردیەکان تۆمەتبار دەکات بە هاندانی ناڕەزایەتیەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران و ناردنی چەک لە ڕێگای قاچاغەوە بۆ ئەو وڵاتە.تۆمەتەکەش بەردەوام لەلایەن حزبە کوردیەکانەوە ڕەتدەکرێتەوە.