ئەوروپا رایگەیاند بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی قۆناغێکی دیکەی سزای دژی کۆماری ئیسلامی لە ئێران دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ دوشەممە نۆیەم پاکەیجی سزاکانی دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، راگەیاند کە حەوت بەرپرسی دەزگای داد و فەرماندە سەربازییەکانی سوپای پاسدارن و پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی گرتوەتەوە. لە لیستی نوێ سزاکانی ئەوروپا ناوی داواکاری گشتیی شاری ئەسفەهان و راوێژکاری دادگای تاوانی ئەو شارە هاتوە کە بەرپرس بون لە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر سێ گەنجی ئەو پارێزگایەدا. هاوکات هەر لەو لیستەدا ئاماژە بە ناوەکانی فەرماندەی ناوەندی( ساحیب زەمان)ی سەر بە سوپای پاسداران لە پارێزگای ئەسفەهان کراوە کە بەر بەرپرسی سەرەکیی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەسفەهان لەقەڵەم دراوە. ناوی قئیمقامی شاری گیلان و فەرماندەی هێزەکانی پۆلیسی ئەو شارە کە تۆمەتبار کراون بە کوشتنی خۆپیشاندەران لە لیستە نوێیەکەی سزاکانی یەکێتی ئەوروپادا هاتوە. قائیمقامی شاری ئامول لە پارێزگای مازەندەران و فەرماندەی ناوەندی سوپای پاسداران لە کەرەج لە ناو لیستی قۆناغی نۆیەمی سزاکانی یەکێتی ئەوروپادان. یەکێتی ئەوروپا بەم سزا نوێیانەوە لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران لە نۆ قۆناغ و پاکەیجدا سزای دژی بەرپرسانی ئەمنیی و سەربازیی و دادوەریی کۆماری ئیسلامی سەپاندوە. سەرجەم ئەو کەسانەی ناویان لە لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپادا هەیە گەشت بۆ وڵاتانی ئەوروپایان لێ قەدەغە دەکرێت و دەست بەسەر سامەنەکان یان ئەژمارە بانکییەکانیان لەو وڵاتانەدا دەگیرێت.  

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی ناجێگیریی بەھای دۆلار و دینار بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە. موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی ناوخۆ ناسەقامگیری بەھای دراو بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە ژمارەیەکی زۆر لە کەس فێڵ لە بانکی ناوەندی و بانکەکانی تر دەکەن و بڕێکی زۆر دۆلار بە ١٣٠ ھەزار دینار وەردەگرن و لە بازاڕیشدا بە زیاتر لە ١٤٥ ھەزار دەیفرۆشنەوە. ئاماژەى بەوەشکرد، تا ئەو کاتەی بردنەدەرەوەی دۆلار بە قاچاخ و رێگەی نایاسایی بەردەوام بێت بەھای دراویش جێگیر لە عێراق نابێت. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەى خستەڕوو، لەسەر ئاستی دەرەکیش ھۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری بەھای دراو لە عێراق، بانکی فیدراڵی ئەمریکایە، چونکە بە بیانووی ڕێگرتن لە بردنەدەرەوەی دۆلار، ڕێگە نادات بازرگانان حەواڵەکان ڕاستەوخۆ لە بانکی ناوەندی وەربگرن، بۆیە ناچار دەبن لە بازاڕدا دۆلار دابین بکەن و ئەوەش ھۆکارێکی سەرەکی جێگر نەبوونی بەھای دینارە بەو نرخەی بانکی ناوەندی و یاسای بودجە دیارییانکردووە

هاوڵاتی رۆژ بە رۆژ لیرەی تورکی زیاتر بەهاکەی لەدەست دەدات و ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 26 لیرەی تورکی. دوای بەرزکردنەی رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندی تورکیاوە، بەهای لیرەی تورکی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکای زیاتر دابەزی و ریکوردێکی مێژوویی شکاند و یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە. بانکی ناوەندی تورکیا 22ی حوزەیرانی ئەمساڵ، بڕیاریدا رێژەی سوودی بانکی زیاد بکات، ئەمەش کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر بەهای لیرەی تورکی دروست کرد. ئەمڕۆ دوای کاتژمێر 12، بەهای دۆلارێک گەیشتە 26 لیرە و بەهای یۆرۆیەکیش گەیشتە 28 لیرە و 29 قوروش. لیژنەی گشتی بانکی ناوەندی تورکیا، دوای زیاتر لە دوو ساڵ، رێژەی سوودی بانکی لە 8.5٪ەوە بۆ 15٪ زیادی کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا 18ی ئەم مانگە لە کۆنگرەی ئەنجومەنی هەناردەکارانی تورکیادا رایگەیاندبوو کە رێژەی هەڵاوسان بۆ یەک ژمارەیی دادەبەزێنن، کە بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا نزیکە لە 45٪. بەڵام لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێن، رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە لە دوو ئەوەندەی ئەو ئامارە زیاترە کە حکومەت رایدەگەینێت.

هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی کوشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت یەکێک لە گەورەترین ئاڵانگارییەکانی بەردەام عێراق دۆسیەی ئاوەوتورکیاش هاوکار نییە ،دەشڵێت، پارەیەکی زۆر وەکو پاڵپشتی بۆ دابینکردنی تەکنینی نوێی ئاودێری تەرخانکراوە.  فالح خەزعەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند،" ئاڵەنگاری گەورەی عێراق لە دوای دۆسیەی ئاسایش ئاوە و تورکیاش هاوکار نییە لە زیادکردنی بەشەئاوی وڵاتدا. " سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی کوشتوکاڵ و ئاو ئاماژەی بەوەکرد، " لە بودجەی ئەمساڵدا 300 ملیۆن دۆلار وەکو پاڵپشتی بۆ دابینکردنی تەکنینی نوێی ئاودێری تەرخانکراوە و ئەو هەنگاوەش بۆ ڕاستکردنەوەی دۆسیەی ئاودێری و پشتیوانی کشتوکاڵە لە وڵاتدا. " دەشڵێت، ئەوان کاریان کردوە بۆ هەموارکردنەوەی ڕێنماییەکان بۆ هاوردەکردنی دارخورمای دەگمەن، کە بوەتەهۆی زیادبوونی پاڵپشتی جوتیاران و زیادکردنی ژمارەی دار خورما بۆ زیاتر لە 20 ملیۆن دار خورما.

دەزگای دادی ئێران ئاشکرای دەکات بەهۆی لێبوردنەکانەوە ژمارەیەک زۆر لە بەندکراوانی ئەو وڵاتە ئازاد کراون و زیاتر لە 500 کەسیش لە سزای سێدارە رزگاریان بوە. غوڵامحسێن موحسین ئێژەی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ بەهۆی لێبوردنەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لانیکەم 98 هەزار بەندکراوی زیندانەکانی ئێران ئازاد کرابون کە بە وتەی ئەو دوژمنانی دەسەڵات پلانیان بۆ داڕشتبون. بە پێی وتەکانی ئێژەیی پێدەچێت سەرجەم ئەو کەسانەی کە ئازاد کراون بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی زیندانیی کرابن بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەواڵی ئازادکردنی زۆربەی زیندانیانی ناڕەزایەتییەکانیان پشتڕاست نەکردوەتەوە. ئێژەی وتیشی: دۆسیەکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی 120% زیادی کردوە و لێکۆڵینەوە لە  20 هەزار دۆسیەی تایبەت بە بەندکراوانی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە کراوە. تا ئێستا هیچ دەزگایەکی کۆماری ئیسلامی ژمارەی راستەقینەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی ئاشکرا نەکردوە و تەنها بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لانیکەم 10 هەزار کەس لە رۆژهەڵات و 60 هەزار کەس لە شارەکانی ئێران دەستگیرکراون. سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەوەش کردوە: 551 بەندکراو کە بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکاندا بون بە هەوڵی چالاکوانان و کەسانی خێرخواز بە رەزامەندیی سکاڵاکارەکانیان سزای سێدارەیان هەڵوەشێنراوەتەوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کردوە؛ لە نزیکەی شەش مانگی ئەمساڵدا 352 بەندکراو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون. لە ئێران 268 زیندانی ئاشکرا هەیە کە لەو ژمارەیە تەنها 108زیندان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چاودێریی و بەڕێوەدەبرێن چونکە 51 زیندان سەر بە دەزگای هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) و 29زیندان لە ژێر دەسەڵات و چاودێریی سوپای پاسداران-دایە.  

هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی حەفتەیەکدا لە هەموو تورکیا و باکوری کوردستان سێ هەزار و 192 پەنابەر دەستگیرکراون و لەو ژمارەیە هەزار و 831 پەنابەر دیپۆرت کراونەتەوە. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە ئەکاونتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا رایگەیاند، رێگرییەکانیان بۆ کۆچی نایاسایی بەردەوامە. یەرلیکایا رایگەیاند کە لە 16 تاوەکو 22ی ئەم مانگە، لە هەموو تورکیا کە باکوری کوردستانیش دەگرێتەوە، سێ هەزار و 192 پەنابەر دەستگیرکراون کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتونەتە نێو تورکیا و لەو ژمارەیە هەزار و 831 پەنابەر دیپۆرت کراونەتەوە. دوای هەڵبژاردنەکان، سیاسەتی تورکیا لەبەرامبەر پەنابەران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ژمارەی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنی پەنابەران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەگوێرەی ئامارێک کە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا بڵاوی کردووتەوە، لە ئێستادا 17 هەزار پەنابەر لە تورکیا دەستگیرکراون و کاروبارەکانیان بۆ دیپۆرتکردنەوە بەردەوامە.

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی  سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوەی خولیی خۆی لە نوسینگەی هادی عامری ئەنجامدا" بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکانی وڵات." هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتیی خۆیان بۆ "ئەو بڕیار و ڕێوشوێنانەی حکومەت لەخزمەتی هاوڵاتیدا گرتویەتیەبەر دەربڕی، هەروەها پێشوازیان لە بەردەوامی جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگەکان و تەواوکردنی سەرجەم ئەو پلانانەی لە پرۆگرامی وەزاری حکومەتدا هاتوە بۆ پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکان و بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام کرد."

هاوڵاتی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا لە ئیدلب هێرشیان کردە سەر گروپە چەکدارەکان دژی حکومەتی سوریا و لانیکەم 7 کەس کوژران. رامی عەبدولرەحمان سەرۆکی مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، هێرشە ئاسمانیەکە لە ناوچەی جسر شوگوری ئیدلب ئەنجامدراوە و بەو هۆیەوە سێ چەکداری نزیک لە تورکیا و چوار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. سەرۆکی مەرسەدی سوریا دەشڵێت، ئەمڕۆ بە گشتی لە هێرشەکاندا 25 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. روسیا لە ساڵی 2015ەوە بە شێوەیەکی بەهێز و لە رێگەی سەربازیەوە پشتگیری لە حکومەتی سوریا دەکات. هەرێمی ئیدلیب بە گشتی لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپی هەیئە تەحریر شامدایە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەلقاعیدەوە هەیە. لە باکوری ئیدلبیش ژمارەیەک گروپ هەن کە راستەوخۆ پشتگیری لە تورکیا بە دەست دەهێنن. هەر ئەمڕۆ بەگوێرەی میدیاکانی سوریا، لە گوندێکی رۆژئاوای پارێزگای دەرعای سوریا، مینێک بە کاروانێکی پۆلیسی سوریاوە تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە چوار پۆلیس گیانیان لەدەستداوە و پۆلیسێکیش بریندار بووە. بەگوێرەی ئامارێکی مەرسەدی سوری، لە سەری ساڵەوە، تەنیا لە پارێزگای دەرعا 254 هێرشی جیاواز روویانداوە و بەو هۆیەوە 197 کەس کوژراون کە زۆربەیان ئەندامی هێزەکانی حکومەتی سوریا و خەڵکی مەدەنین.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل کۆماری ئیسلامی بە شێرپەنجە ناودەبات و دەڵێت بونی لە هەر شوێنێک زیانی لێدەکەوێتەوە. ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە وتارێکیدا بۆ بڵاوکراوەی (تەلەگراف) چاپی لەندەن، کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێرپەنجە ناودەهێنێت و دەڵێت: ئەو دەسەڵاتە جیهانی کردوەتە شوێنێکی مەترسیدار. لە وتارەکەی کۆهیندا هاتوە: ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمیی بگات ئەوا دەبێتە ئامرازێک بۆ ئەنجامدانی تاوانی گەورە و هۆڤانە چونکە ئەو دەسەڵاتە لە ئاستی ناوخۆی وڵاتەکەشیدا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، تاوانکاریی دژی خەڵک دەکات. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای کردوە: بە فشاری زیاتری ئابوریی و سیاسیی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی لە ئاستی ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئەو وڵاتەدا بدرێت. بە وتەی  کۆهین دەبێت جیهان کۆتایی بەو بێدەنگییە بهێنێت کە ئێستا لە ئاستی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە چونکە دەسەڵاتی تاران هاوشێوەی شێرپەنجە لە هەر شوێنێک بونی هەبوبێت زیانی لێکەوتوەتەوە. وتارەکەی ئێلی کۆهین لە کاتێکدا بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رایانگەیاندوە؛ لە ئەگەری رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران ئەوان پابەندی ئەو رێککەوتنە نابن و بە بێ رەچاوکردنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی دەوەستنەوە.    

هاوڵاتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ژنێک و دوو منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی حکومەتی دانیمارک کردەوە. بەگوێرەی سایتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شاندێکی حکومەتی دانیمارک سەردانی بەرێوەبەرێتیەکە کردووە لە شاری قامشلۆ. شاندی حکومەتی دانیمارک بە سەرۆکایەتی نیکۆلاس هاریس نوێنەری حکومەتی دانیمارک بۆ کاروباری سوریا، لەگەڵ خەلیل ئیبراهیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆبووەتەوە. بەگوێرەی هەواڵەکە، هەردوولایەن قسەیان لەسەر دۆخی سوریا و هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) کردووە و ئاماژەیان بە بەیاننامەی چارەسەری ئاڵۆزی سوریا داوە کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە ئامادە کرابوو. هەروەها دۆخی ئابوری و مرۆیی لە سوریا و دۆخی تیرۆریستانی داعش و خانەوادەکانیان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ بەشێکی دیکەی پرسی کۆبونەوەکە بوون. خالید ئیبراهیم لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاندووە، بەیاننامەکەیان لەسەربناگەیەکی نیشتیمانی ئامادە کراوە و بەگوێرەی پرۆژەکە پێویستە هەموو گەلانی سوریا بەشداری لە دیالۆگی چارەسەرکردنی ئاڵۆزیەکانی سوریا بکەن کە بەیاننامەکە لە نۆ خاڵ پێک دێت. خالید ئیبراهیم ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامی شەڕی دژی داعش کردووە و رایگەیاندووە کە پێویستە وڵاتانی جیهان هاوڵاتیەکانیان کە لەنێو داعشدا بوون بگەڕێننەوە و ئەم هەنگاوەش بەشێکی بچووکی چارەسەری کێشەی داعشە. نیکۆلاس هاریس نوێنەری حکومەتی دانیمارک بۆ کاروباری سوریاش لە کۆبونەوەکەدا باسی ڕۆڵی رۆژئاوای کوردستان و بە تایبەتی هەسەدە کردووە کە هاوپەیمانی نێدەوڵەتی دژی داعشدا و وتوویەتی، دانیمارک بە وردی چاودێری دۆخی، سیاسی، ئابوری، مرۆیی و ئەمنی هەرێمەکە دەکات و لەگەڵ نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئەوروپا لە پەیوەندیدایە. لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەگوێرەی پرۆتۆکۆلێک ژنێک و دوو منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی شاندی دانیمارک کردەوە.

هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، پشتگیری خۆی بۆ ڤیلادیمیری پوتین سەرۆکی روسیا پیشاندا. دوای ئەوەی روپی ڤاگنەر یاخی بوو و لە سوپای روسیا هەڵگەڕایەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندیەکەی تەلەفونی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین ئەنجامدا. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، پوتین باسی لە پێشهاتە تازەکانی وڵات و دۆخی روسیای بۆ ئەردۆغان کردووە. هاوکات کریملین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیری تەواوی بۆ پوتین دەربڕیوە.

هاوڵاتی ئێران و ئەمریكا لە گەرمەی بانگەشەی دژ بەیەكدا دانوستانی ناڕاستەوخۆیان دەست پێكردووە و ئەمریکا دەیەوێت ئێران لە ڕوسیا داببڕێت. سەرەڕای ئەوەی كۆشكی سپی لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەمریكا رەتی كردوەتەوە هیچ دانوستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بكات بە مەبەستی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ، بەڵام دەركەوتوە بەرپرسانی ئەمریكا و و ئێران لە دەوحە و نیویۆرك و مەسقەت دانوستانیان كردووە. ئیسرائیل و رۆژنامەیەكی ئەمریكا ئاشكرایان كردووە ئازادكردنی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری ئێران لە عێراق و چاوپۆشیی واشنتۆن لە بەرزبونەوەی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە بەشێك بووە لە و رێككەوتنە نهێنییەی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا کراوە. هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە كە» واشنتۆن هەوڵ دەدات ئێران رازی بكات موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە روسیا نەفرۆشێت بە ئامانجی بەكارهێنانی لە جەنگی ئۆكرانیا و بە گەشتی بڕیارە زیاتر لە بیست ملیار دۆلاری ئێران ئازاد بكرێت هەر لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كە ئەمریكا بە لێكتێگەیشتن ناوی هێناوە». هاوکات بە وتەی جۆن كیربی مۆسكۆ و تاران سەرقاڵی بەرفراوانكردنی ئاستی هاوكارییە سەربازییەكانیانن و ئێران لە مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا 400 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جۆری (خۆكوژ)ی رادەستی روسیا كردەوە و سوپای پاسداران بە رێگریی و دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە بازرگانییەكان و نەوتهەڵگرەكان لە گەروی هورمز بووەتە هۆی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی كەنداو. بە پێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردوەتەوە ئامانجی سەرەكی ئێستای كۆشكی سپی لە دانوستانەكان راگرتنی هاوكاریی سەربازیی نێوان ئێران و روسیایە و هاوكات بە دەركەوتنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لە هەڵبژادنەكانی داهاتوی وڵاتەكە نایەوێت واشنتۆن روبەڕوی قەیران یان پێكدادانی توند لەگەڵ ئێران ببێتەوە. لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی تەواوی زانیارییەکان لەسەر ڕێکەوتنە ژێربەژێرەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا بخوێنەرەوە: لێرە کلیک بکە  

بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران ئەو وڵاتە ناتوانێت قەرزەکانی بە شێوەیەکی فەرمی وەرگرێتەوە و ناچارە پارەی فرۆشتنی نەوتەکەی بە کاڵای دیکە ئاڵوگۆڕ پێبکات. وڵاتی سریلانکا کە 250 ملیۆن دۆلاری پاڕەی کڕینی نەوتی ئێران قەرزارە بڕیاری داوە بە رێککەوتنێکی دوولایەنە مانگانە بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار چایی رەوانەی ئێران بکات. بە پێی زانیارییەکان؛ سریلانکا لە ماوەی 48 مانگدا و لە بەرامبەر 250 ملیۆن دۆلاردا مانگانە بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلاریی چایی رەوانە دەکات بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕە چاییەوە بۆ کەمتر لە دوو ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا کەمی کردوە. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشکرای کردوە؛ بەهۆی بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی ژمارەیەک سزای نێودەوڵەتیی دژی ئێران سەپێنراوە کە رەوانەکردنی پارەی بۆ سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئەو وڵاتە راگرتوە و ئێران بە ناچاریی داهاتی فرۆشی نەوتەکەی بە کاڵا ئاڵوگۆڕ پێدەکات. رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردوە ؛ لە ساڵی 2021 سریلانکا و ئێران رێککەوتون لەسەر ئاڵوگۆڕی نەوت بەرامبەر چایی. جواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندوە؛ لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی جیهان رێککەوتنیان کردوە بۆ ئەوەی نەوتیان بۆ رەوانە بکرێت و لە بەرامبەردا شتومەک و کاڵای خۆراکیی بۆ ئێران رەوانە بکرێتەوە. ئێران پێش سزا نێودەوڵەتییەکانی ساڵی 2018، رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی بە شێوەی فەرمی رەوانەی بازاڕەکان کردوە بەڵام لە ئێستادا بە شێوازی نهێنی و بە ناوی وڵاتانی دیکەوە بڕێک لە نەوتەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا ساخ دەکاتەوە.

هاوڵاتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دوو كۆنفڕانسی گرنگ لەئەستەنبوڵ و لەئامەد ئەنجامدەدات لەمانگی ئابی ئەمساڵداو بڕیار دەدرێت لەژێر ناوی هەدەپەوە بمێنێتەوە یان پارتی چەپی سەوز بكرێتە پارتی سەرەكی. هەدەپە لەهەڵبژاردنی 14ی ئایاری پەرلەمانی توركیا لەژێر ناوی «پارتی چەپی سەوز» بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردو زیاتر لە 10%ی دەنگەكانی توركیای بەدەستهێناو 65 كورسی مسۆگەر كرد لەكۆی 600 كورسی پەرلەمان، بەڵام بڕیاریانداوە  هەڵسەنگاندن بۆ كەمبوونەوەی دەنگەكانیان ئەنجامبدەن. لەقۆناغی دوای هەڵبژاردنەكاندا وەك ئەوەی پێشبینی دەكرا، هیچ گۆڕانكاریەك لەهەڵوێستی حكومەتی هاوبەشی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) نەهات، لەبەرامبەر پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) و لەم ماوەیەدا كە زیاتر لەمانگێك بەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیدا تێپەڕبووە، بەبەردەوامی ئەندام و بەرپرسانی پارتەكە دەستگیردەكرێن. زیاتر لە 12 هەزار كەس لەئەندامان و بەرپرسانی هەدەپە لەزیندانەكانی توركیادان و هەدەپە ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە لەخەباتكردنی مەدەنی لەتوركیادا بەردەوام دەبن، ئەردۆغانیش دەیەوێت لەڕێگەی زیندانیكردن و ئەشكەنجەدانیانەوە لەخەباتكردن بۆ گەلی كورد لەباكوری كوردستان ساردیان بكاتەوە.   لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە بەدەیان كەس دەستگیركراون هێزە ئەمنیەكانی توركیا كەئیدی وەك هێزی ئاكەپەو ئەردۆغان بەناو دەكرێن، شەوی ١٧ی ئەم مانگە هەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی هەدەپە لەناوچەی شیشلی ئەستەنبوڵ، پۆلیس سێ كاتژمێر لەباڵەخانەكەدا مایەوەو بەپێی ئەو دیمەنانەی كە لەمیدیاكاندا بڵاوبوونەوە، دەست بەسەر ژمارەیەكی زۆر ئاڵاو كتێب و بەڵگەدا گیراو عەلی باڵ سەرۆكی رێكخستنی پارتەكە لەناوچەی شیشلی بۆ وەرگرتنی وتەكانی بانگهێشتی بنكەی پۆلیس كرا. هاوكات لەشاری تەكرداغ، پۆلیس هەڵیكوتایە سەر ماڵی ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە. لەئۆپراسیۆنەكەدا پێنج كەس دەستگیركران كەیەكێكیان كاندیدێكی پارتی چەپی سەوز بوو كە لەهەڵبژاردنەكاندا نەیتوانیبوو دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، دەستگیركراوەكان بۆ بەشی سیاسیەكانی زیندانی تەكرداغ رەوانە كران. كەسێكی دیكە كە رووبەڕووی هەڵمەتی دەستگیركردن بووەوە، خدر چیچەك سەرۆكی پێشووی رێكخستنی هەدەپە بوو لەدەرسیم كەتۆمەتی ئەندامێتی پەكەكەی خراوەتەپاڵ و تائێستا لەزینداندایە. ئۆپراسیۆنێكی دیكە لەدژی ئەندامانی هەدەپە لەناوچەی بێشەبابی پارێزگای شڕناخی باكوری كوردستان ئەنجامدرا، لەئۆپەراسیۆنەكەدا سەرەتا ١٠ كەس دەستگیركران، بەڵام دواتر پێنج كەس ئازادكران و پێنج كەسی دیكە بەتۆمەتی ئەندامێتی پەكەكە رەوانەی زیندانكران كەیەكێكیان زەریفە بۆراك سەرۆكی رێكخستنی هەدەپەیە لەناوچەی بێشەباب. لەناوچەی پاتنۆسی ئاگریش هێزە ئەمنیەكان هەڵیانكوتایە سەر ماڵی بەرپرسانی هەدەپەو لەئەنجامدا، موشەرەفە گەچەر و عەمروللا كلچ هاوسەرۆكانی شارەوانی ناوچەی پاتنۆس و ئەندامێكی ئەنجومەنی شارەوانی پاتنۆس لەسەر لیستی هەدەپە دەستگیركران. لەئەنقەرەش ئەندامێكی ئەنجومەنی ناوەندی هەدەپە بەناوی دۆغان ئەرباش دەستگیركرا. لەناوەندی شاری شڕناخیش پێنج بەرپرسی هەدەپە دەستگیركران و بەگشتی لەماوەی مانگێكی رابردوودا، بەدەیان ئەندام، بەڕێوەبەرو لایەنگری پارتی دیموكراتی گەلان دەستگیركراون.   حكومەتی توركیا بڕیاری دادگای باڵای ئەوروپا جێبەجێ ناكات لەلایەكی دیكەوە، هەرچەندە هەفتەی رابردوو، دادگای باڵای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاندبوو كەبەرپرسە باڵاكانی پێشووی هەدەپە هیچ تاوانێكیان نییەو پێویستە بەزووترین كات ئازاد بكرێن و بەتایبەتی داوای ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە كرابوو، بەڵام دادگای توركیا بی ئەوەی گوێ بەداواكاری دادگای ئەوروپا بدات، دوای حەوت ساڵ لەزیندانیكردن، سزای ساڵێك و ١٥ رۆژی دیكەی بەسەر فیگەن یوكسەكداغدا سەپاند. هەروەها ماوەی زیندانیكردنی سەلچوك مزراكلی سەرۆكی شارەوانی ئامەدی درێژ كردەوە. دەستگیركردن و فشارەكانی سەر بەرپرس و ئەندامانی هەدەپە لەكاتێكدایە كەدادگای دەستوری توركیا، دەیەوێت هاوكاری خەزێنەی دەوڵەت بۆ پارتە سیاسییەكان، لەسەر هەدەپە ببڕێت. بۆ ئەم مەبەستەش، دادگای دەستوری بڕیارە كۆبێتەوەو ئەم پرسە تاووتوێ بكات. دادگای دەستوری هۆكاری بڕینی هاوكاری خەزینەی هەدەپە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كەهەدەپە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا نەكردووەو نەچووەتە پەرلەمان و بەپێی یاساكانی توركیا هەر پارتێك بەندی لەسەدا حەوتی هەڵبژاردن تێنەپەڕێنێت، ناتوانێت لەهاوكاری خەزێنەی حكومەت سوودمەند بێت كە هەدەپە پێشتر نزیكەی ٤٠٠ ملیۆن و ٢٢٨ هەزار لیرەی وەردەگرت.   هەدەپە مانگی ئاب دوو كۆنفڕانسی گرنگ ئەنجامدەدات پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە لەڕێگەی پارتی چەپی سەوزەوە، بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا كرد، ئەو ئەنجامەی بە دەستنەهێنا كەچاوەڕێی دەكرد. پارتەكە رووبەڕووی رەخنەی زۆری ئەندام و لایەنگرانی بووەوەو بۆیە دەستی بەزنجیرەیەك كۆبوونەوە كردووەو دەیەوێت بەگوێرەی رەخنەكان خۆی نوێ بكاتەوە. رێكخستنەكانی پارتەكە لەهەموو پارێزگاكانی باكوری كوردستان و زۆربەی پارێزگاكانی توركیا لە ١٧ی ئەم مانگەوە دەستیان بەكۆبوونەوە كردووەو كۆبوونەوەكان تا ٢٥ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن. رێكخستنەكانی هەدەپە پێشنیازەكانیان بۆ ئەنجومەنی ناوەندی پارتەكە دەنێرن و ئەندامانی ئەنجومەن پێشنیازەكان هەڵدەسەنگێنن. دواتر لەمانگی ئابدا، هەدەپە دوو كۆنفڕانسی گرنگ لەئەستەنبوڵ و لەئامەد ساز دەكات. لەكۆنفڕانسەكاندا، بڕیار دەدرێت كەئایا هەر لەژێر ناوی هەدەپەوە درێژە بەكارو خەبات بدرێت یاخود، پارتی چەپی سەوز بكرێتە پارتی سەرەكی. هەروەها پێشبینی دەكرێت، گۆڕانكاری بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند بێت و هاوسەرۆكی نوێ هەڵبژێردرێن.

هاوڵاتی  گەندەڵییەكان لەرۆژهەڵاتی كوردستان زیادی كردووەو دەیان بەرپرس دەستگیركراون كە بەشداربوون لە وەرگرتنی بەرتیل و داگیركردنی زەوی موڵكی گشتی ئەوەش دۆخی هاوڵاتیانی خراپتر كردووەو بەو هۆیەوە رێژەی هەژاری زیادی كردووە.  بە پێی ریزبەندییەكانی ئێران لە رووی گەندەڵی ئیداری و بەرپرسانەوە، سنە بە دووەم پارێزگا دوای (كۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد) لەقەڵەم دەدرێت و لە روی نا شەفافی داهاتەوە دەكەوێتە ریزبەندی چوارم پارێزگای ناشەفاف و تەنها لە ساڵێكدا 82 دۆسیەی گەندەڵی دژی بەڕێوەبەران و بەرپرسانی كراوەتەوە. ژمارەی دانیشتوانی 10 شاری پارێزگای سنە دەگاتە زیاتر لە یەك ملیۆن و 300 هەزار كەس و تەنها لە ساڵدا  زیاتر لە 50 بەڕێوبەری دامودەزگاكانی حكومەت لە شارەكانی ئەو پارێزگایە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون كە زۆرینەیان لە شاری مەریوان بوون و تۆمەتەكانی وەك بەرتیل و داگیركردنی زەوی و موڵك و بە هەدەردانی سامانی گشتییان لەسەر ساغ كراوەتەوە. ئاستی گەندەڵی بەرپرسانی باڵا لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی كوردستان بەشێوەیەك بووە كە سەرۆكی دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی ئێران راستەوخۆ دەستوەردانی لە دۆسیەكەدا كردوە و رایگەیاندووە ئەو ناوچەیە بەهۆی گەندەڵییەوە گیرۆدەی هەژاری و كەمی خزمەتگوزارییەكان بووەتەوە. دانیشتوانی رۆژهەڵاتی كوردستان گومانیان لە هەنگاوەكانی دژە گەندەڵییەوە هەیە و دەڵێن:» دەستگیركردنی بەرپرسان پەیوەندیی بە ململانێكانی ناو دامودەزگاكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە.   دەزگای داد دەستوەردان لەدۆسیەكانی گەندەڵی دەكات غوڵام حسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆكی دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی لە گشتێكی بۆ شاری سنە رایگەیاند:» نەهێشتنی گەندەڵی لە پارێزگاكە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كاری زیاتر و كەمبونەوەی هەژاریی و باشبونی ئاستی بژێویی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بۆیە داواكاری گشتیی پارێزگاكە راسپێردراوە لە هەڵمەتێكی گشتگیردا ئەركی بنبڕكردنی گەندەڵی لە ئەستۆ بگرێت». بە وتەی ئەو بەشێك لە كارگەكان و كانەكانی سنە بەهۆی گەندەڵییەوە داخراون و لەكاركەوتون بۆیە دەبێت بە زووترین كات چارەسەری ئەو دۆخە بكرێت. سەرەتای ئەمساڵ بەڕێوبەری گشتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی (ستاندارد) پارێزگای سنە و كارمەندێكی بەڕێوبەرایەتییەكە بە فەرمانی داواكاری گشتی و لە لایەن دەزگای ئەمنی و هەواڵگریی كۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی دزینی پارە و گەندەڵی دەستگیر كران و رەوانەی زیندان كران. داواكاری گشتی سنە ئاماژەی بە ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی پارێزگاكە كرد كە لەو دۆسیەوە گلاون كە ئەوانیش دوای ساغبونەوەی تۆمەتەكانیان دەستگیرراون رەوانەی و زیندان دەكرێن. عیسا هەواسی، لێكۆڵەرەوەی دەزگای چاودێری پارێزگای سنە ئاشكرای كردووە لە دۆسیەیەكدا هەزار و 148 دۆنم زەوی لە ناو شارەكانی ئەو پارێزگایە كە پێشتر بە ناوی جیاوازەوە داگیركرابوو بۆ موڵكی گشتی گەڕێنراوەتەوە و زیاتر لە 304 دۆنم زەوی كشتوكاڵیش ساغ كراوەتەوە. بە وتەی ئەو تەنها لە یەك دۆسیەدا 13 هەزار مەتر زەوی لە شوێنێكی گرنگی ناو شاری سنە بە بەهای زیاتر لە 13 ملیۆن دۆلار هەوڵی داگیركردنی دراوە و هاوكات چارەنوسی چوار هەزار دۆنم زەوی تایبەت بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون ساغ كراوەتەوە كە لەو دۆسیانەشدا دەستی بەرپرسانی حكومی تێدابووە. هەواسی وتوشیەتی: تەنها لە 10 مانگدا 77 جار هۆشداریی دراوەتەوە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی پارێزگای سنە بەهۆی كەمتەرخەمی و جێبەجێ نەكردنی ئەركەكانیان.   بنبڕكردنی گەندەڵی یان پشكی زیاتر لە دوو هەفتەی رابردوودا ژمارەیەك بەرپرسی شاری مەریوان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون و ژمارەیەكی دیكەش رەوانەی زیندان كراون كە تۆمەتی زۆرینەیان داگیركردنی زەوی و بەرتیل وەرگرتن بووە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبون و رێگاوبانی شارەكەدا. داواكاری گشتی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان رایگەیاند؛ هەشت كەس لە بەڕێوبەران و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی مەریوان بە تۆمەتی گەندەڵیی دەستگیر كراون و 10 كەسی دیكەشیان فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە. داواكاری گشتی ئاماژەی بەوە كردوە؛ سەرپەرشتی ئێستای شارەوانی مەریوان و براكەی و سێ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی و سێ كەسی دیكە بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن و بەكارهێنانی خراپی موڵك و داهاتی گشتی دەستگیركراون. حسێن حسێنی، سەرۆكی داواكاری گشتیی سنە بە میدیاكانی راگەیاندوە؛ جگە لە دەستگیركردنی ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانە لە مەریوان، 10 كەسی دیكە لە چوارچێوەی هەمان دۆسیەدا فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە. بە وتەی حسێنی ئەو كەسانە دەستیان هەبووە لە وەرگرتنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی 440 هەزار دۆلار وەك بەرتیل لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوندا جگە لەوەی گەندەڵیان لە داگیركردنی زەوی و خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی شاری مەریواندا كردووە. گەندەڵی ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانە لە كاتێكدایە بودجەی شارەوانیی مەریوان 14 ملیۆن دۆلار بووە و هەر بەهۆی گەندەڵییەوە لە ساڵێكدا زیاتر لە دووجار سەرپەرشت و سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە دورخراونەتەوە و دواتر دەستگیركراون. دانیشتوانی مەریوان وەك توانجێك بۆ گۆڕینی سەرۆك و سەرپەرشتیاری شارەوانی شارەكەیان وتویانە « گەندەڵی بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت هەموو دانیشتوانی مەریوان بۆ جارێكیش بێت دەبنە سەرۆكی شارەوانی شارەكەیان» چونكە ماوەی پۆستی سەرۆكی شارەوانی تەنها چەند رۆژێكە. خەڵكی مەریوان ئاماژەیان بەوە كردووە شارەوانی شارەكەیان زیاتر لە 15 ساڵە گیرۆدەی گەندەڵییەوەو تا ئێستا چارەسەر نەكراوە. لە ماوەی رابردودا زیاتر لە پەنجا بەرپرس و بەڕێوەبەری شار و شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە تۆمەتی داگیركردنی موڵكی گشتی و گەندەڵی لە بەكار‌هێنانی داهات و سامانی ئەو بەشە لە كوردستان دەستگیر كراون. سەرچاوەكانی هەواڵی رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاویان كردوەتەوە؛ ژمارەیەك لە سەرۆكی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شار و شارۆچكەكانی پارێزگای سنە لە دۆسیەكانی داگیركردنی زەوی  و موڵك، ئەنجامدانی كاری نایاسایی و بەرتیل وەرگرتن تێوەگلاون. سەرۆكی داواكاری گشتیی پارێزگای كوردستان(سنە) رایگەیاندوە؛ تا ئێستا تۆمەتی 30 بەرپرس و بەڕێوەبەری شار و شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگای سنە ساغ بوەتەوە و ژمارەیەكیان دادگایی دەكرێن و ژمارەیەكیشیان سزا دراون، بەڵام دەیان دۆسیەی دیگە لەژێر لێكۆڵینەوەدان. ئاماژە بەوە كراوە ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانە دەستیان هەبووە لە ساختەكاریی بەڵگە فەرمییەكان و مامەڵەی خراپ بە داهاتی گشتیی و حكومی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانیان بە مەبەستی دزینی سەروەت و سامان و داگیركردنی زەوی و موڵكی گشتیی. زۆربەی ئەو كەسانەی لە دوو هەفتەی رابردودا لە شار و شارۆچكەكانی سەر بە سنە  لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی و جێگر و راوێژكار دورخراونەتەوە دەستگیركراون و ژمارەیەكیان سزای زیندانی و ماددیان بەسەردا سەپێنراوە. لەچەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەی بەرچاو لە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەكان بانە و مەریوان و سنە  بە تۆمەتی داگیركردنی موڵك و زەوی و بەرتیل وەرگرتن دەستگیركراون، بەڵام بە بڕوای دانیشتوانی ئەو بەشە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركردنی ئەو كەسانە نەبووەتە هۆی كەمكردنەوەی گەندەڵی و تەنها بووەتە هۆی زەقبونەوەی ململانێی ئەوانەی لە گەندەڵییەكاندا پشكێكی كەمتریان بەركەوتووە.