هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، لەدواى بانگەوازەکەى موقتەدا سەدر، هەزاران کەس لە بەردەم بینای باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا خۆپیشاندانیان کرد، بە خوێندنى قورئان و تونەوەى چەند دروشمێک، ئیدانەى سوتاندنى کۆپییەکى قورئانیان کرد. لاى خۆشییەوە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند؛ عێراق شوێنی سویدییەکان نیە، پێویستە حکومەتی عێراق دەستبەجێ هەمو تیمە دیپلۆماسیی و سەربازییەکانی سوید لە عێراق بکەنە دەرەوە. هاوکات هەر ئەمڕۆ، وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، باڵیۆزخانەى عێراق لە ستۆکهۆڵم نامەیەکى لە جان کنۆستن، بریکاری وەزارەتى دەرەوەى سوید پێگەیشتوە کە ئاڕاستەى عێراق و وڵاتانى ئەندامى رێکخراوى هاریکاریی ئیسلامى کراوە و تیایدا هاتوە "لە قوڵایی دڵەوە گوزارشت لە نیگەرانی خۆمان دەکەین سەبارەت بە روداوى سوتاندنى قورئان لەبەردەم مزگەوتى گەورەى ستۆکهۆڵم". هاوکات سەرۆکوەزیرانی سوید باسی لە کاردانەوەکان بەرامبەر بە سووتاندنی قورئان کرد لە دەرەوەی سوێد و باسی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکانی سویدی کرد و رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە ئەوە شتێکی قبووڵکراو نییە کە خەڵک لە وڵاتانی دەرەوەی سوید بەشێوەیەکی نایاسایی خۆیان بگەیێننە نێو باڵیۆزخانەی سوید." ئەو قسانەی سەرۆکوەزیرانی سوید دوای ئەوە هات کە خۆپێشاندەران لە بەغدا خۆیان گەیاندە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵآتە لە بەغدا. هەروەها لەبارەی سووتاندنی قورئان، سەرۆکوەزیرانی سوید دەڵێت: "تەنیا لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی هەندێک شت یاسایین، مانای ئەوەی نییە گونجاو بێت."  هەموو ئەم ڕوداوانە دوای ئەوە هات پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بە ناوی سەلوان مۆمیکا، لە یەکەمین رۆژی جەژنی قوربان، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم، کۆپیێکی قورئانی  سووتاند. سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئان  لە سەرانسەری وڵاتانی زۆرینە موسڵمانان و چەند وڵاتێکی دیکەش ناڕەزایی و سەرکۆنەکردنی بەدوای خۆیدا هێنا.  

هاوڵاتی بەهۆی شەپۆلێکی خۆڵبارین کە ماوەی شەش رۆژە پارێزگای سیستان – بەلوچستانی لە باشووری رۆژھەڵاتی ئێران گرتووەتەوە، هەزار و ١٩٠ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و کەسێکیش گیانی لەدەست داوە. ئاژانسی ھەواڵی ئێرنا بڵاوی کردەوە، ماوەی شەش ڕۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین، پارێزگای سیستان-بەلوچستانی گرتووەتەوە کە بەھۆیەوە تا ئێستا، هەزار و ١٩٠ کەس تووشی ھەناسە تەنگی بوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە. هاوکات لەو هەزار کەسە کە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان دوای وەرگرتنی چارەسەریی پێویست نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە،چارەسەریی١٧٠ کەس بەردەوامە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.

هاوڵاتی دوای بانگەوازەکەی سەدر، بەشێک لە لایەنگرانی رەوتی سەدر لەدژی سوتاندنی قورئان لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لەبەغداد گردبوونەوە و ئامادەکاریش دەکرێت بۆ ئەوەی سبەینێ خۆپیشاندانی ملیۆنی رێکبخرێت. موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدڕ، لە تویتێکدا داوای لە شوێنکەوتووانی کرد لە عێراق خۆپیشاندانێکی فراوان دژی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە وڵاتی سوید ئەنجامبدەن، داوا لە حکومەتی عێراق بکەن، باڵیۆزی سوید لە عێراق دەربکات و سەرجەم پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بپچڕێنێت. دوای بانگەوازەکەی سەدر، ژمارەیەک لەلایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لەبەغداد گردبوونەوە و داوایانکرد باڵیۆزی سوید دەربکرێت. لای خۆیەوە، لیژنەی ناوەندی رەوتی سەدر رایگەیاند، ئێوارەی ھەینی خۆپیشاندانی ملیۆنی لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.  

هاوڵاتی پۆلیسی پارێزگاى کەربەلا رایگەیاند، سێ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی پیاوێک دەستگیرکردووە کە هاوژینی پیاوەکە هاوکاری کردوون. بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسی پارێزگاى کەربەلا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، سێ کەسیان لە قەزاى عەین تەمر لەو پارێزگایە دەستگیرکردووە، ئەو سێ کەسە پیاوێکیان کوشتووە و هاوسەری پیاوەکەش هاوکاری کردوون. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، کوژراوەکە لە قەزاى عەین تەمر دیارنەماوە، لەدواى لێکۆڵینەوە ، تۆمەتبارانى سەرەکى ئەو رووداوە دەستگیرکراون و لە کاتى لێکۆڵینەوە دانیان بەوەدا ناوە، بە هاوکارى هاوسەرەکەی، ئەو پیاوەیان کوشتووە و دواتر تەرمەکەیان لە یەکێک لە کێڵگەکانى قەزاى عەین تەمر شاردووەتەوە.  پۆلیسی کەربەلا ئاماژەى بەوەشداوە، بەپێى لێکۆڵینەوەکان هۆکارى کوشتنى ئەو پیاوە، بوونى ناکۆکیى بووە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنبار، دەستگیرا بەسەر 250 هەزار دەنک حەبى هۆشبەرى جۆرى کاپتاگۆن و یەک کیلۆ مادەى هۆشبەرى حەشیش، کە لە قوتابخانەیەکى ئەوشارە شاردرابووەوە.  وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێزێکى یەکەى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر لە پارێزگاى ئەنبار دەستیگرتووە بەسەر ئەو مادە هۆشبەرانەدا، کە لە قوتابخانەیەکى شارى روومادى ناوەندى پارێزگاکە شاردرابوونەوە کە لە قۆناخى نۆژەنکردنەوەدابووە. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، رێوشوێنە یاسایی گیراوەتەبەر بۆ دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى تۆمەتبارن بە شاردنەوەى ئەو مادە هۆشەبەرانە . بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەرى عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخیکردن بە مادەى هۆشبەر، دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.  

هاوڵاتی لە تورکیا گرانی تەنگی بە هاوڵاتیان چنیوە و بەگوێرەی ئامارێک، خانەوادەیەکی چوار کەس لە مانگێکدا پێویستی بە هەزار و 300 دۆلار هەیە. کۆنفیدراسیۆنی سەندیکا کرێکاریەکانی تورکیا ئامارێکی لەبارەی دۆخی هاوڵاتیانی تورکیا و سنوری هەژاری لەو وڵاتەدا بڵاوکردەوە. کۆنفیدراسیۆنەکە دەڵێت، خانەوادەیەکی چوار کەسی لە تورکیا بۆ خەرجی مانگێک، پێویستیان بە 33 هەزار و 788 لیرە هەیە، کە دەکاتە هەزار و 300 دۆلار. بەگوێرەی ئامارەکە، گەنجێکیش لانیکەم پێویستی بە 13 هەزار و 471 لیرە هەیە کە بتوانێت لە مانگێکدا پێداویستیەکانی دابین بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ یەک دۆلاری ئەمریکی 26 لیرەی تورکی تێپەڕ کرد و رۆژ بە رۆژ زیاتر نرخی شتومەک و خواردن گران دەبێت. ناوەڕاستی مانگی حوزەیران حکومەتی تورکیا کەمترین موچەی لە وڵاتدا بە 500 دۆلار خەمڵاند، بەڵام بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار، لە ئێستادا کەمترین موچە نزیکەی 450 دۆلارە کە ئەمەش نارەزایەتی لەلای هاوڵاتیان دروست کردووە. لە دوو رۆژی رابردووشدا، نرخی نان، کرێی خانووبەرە و کرێی هاتوچۆ بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند  رێژەی بێکاری گەیشتووەتە 16.5 % بەتایبەت دوای، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەچەند ساڵی رابردوو،کە بە ھۆکارێکی سەرەکی زیادبوونی بێکاری دادەنرێت. عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بێکاری بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٢١، گەیشتووەتە ١٦.٥%، ئەوەش بەھۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١. هاوکات سەبارەت بە پرسی سەرژمێریی دانیشتووان رایگەیاند، بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ، ھۆکارە بۆ بەڕێوەنەچوونی سەرژمێریی دانیشتووان، بەڵام ١٠٠% ساڵی داھاتوو ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەدەچێت. ھەروەھا بەپێی ئامارەکان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٤٢ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و رەنگە تاکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە ٤٣ ملیۆن کەس.

ئەمریکا رایگەیاند بڕێک لە پارەی قەرزەکانی غاز و کارەبای عێراق بە مەرج ئازاد کراوە و ئەو پارانە دەبێت تەنها بۆ بوارە مرۆییەکان و ئەو بوارانەی سزا نەیگرتونەتەوە بەکار دەهێنرێت. میتو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ نزیکەی سێ ملیارد دۆلاری بلۆککراوی ئێران لە عێراق ئازاد کراوە و سیاسەتی واشنتۆن لە ئاست بەغداد و تاران گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتوە. میلەر وتی: ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی سزاکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەو چوارچێوەیەشدا ئەو پارانەی لە عێراق ئازاد کراون تەنها دەبێت بۆ بوارە مرۆییەکان بەکاربهێنرێت. بە وتەی میلەر: لە ساڵی 2018 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ژمارەیەک لێخۆشبون لە سزاکانی بە راوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە (کۆنگرێس) بۆ عێراق دەرکردوە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بتوانێت تێچوی کڕین یان دابینکردنی کارەبا لە ئێران بخاتە سەر ئەژمارێکی بانکیی. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رونی کردوەتەوە؛ بەهۆی سزاکانی واشنتۆن دژی دژی کۆماری ئیسلامی ئەو پارانە تەنها لە چوارچێوەی بوارە مرۆییەکانی وەک دابینکردنی خۆراک و دەرمان و ئەو بوارنە بەکار دەهێنرێت کە سزاکانی ئەمریکا نەیگرتبنەوە. لە ماوەی رابردودا بەرپرسانی عێراق و کۆماری ئیسلامی رایانگەیاند؛ بە رەزامەندیی ئەمریکا بڕی زیاتر لە دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلار لە کڕینی قەرزەکانی غاز و کارەبای ئێران ئازاد کراوە بەڵام بەهۆی سزاکانەوە ناتوانرێت ئەو پارەیە بخرێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئێران.

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند بەهۆی سزاکانی ئەمریکا ناتوانرێت پارەی قەرزی غاز و کارەبا رادەستی ئێران بکرێت. ئەحمەد موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند؛ وەزارەتەکەیان سەرجەم قەرزەکانی کڕینی غاز لە ئێرانی رادەستی بانکی بازگانیی عێران (TBI) کردوە بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا ناتوانرێت ئەو بڕە پارەیە بچێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئێران. بەرپرسانی ئێران لە ماوەی رابردودا رایانگەیاندبوە؛ دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلاری فرۆشتنی غاز بە عێراق ئازاد کراوە. پێشتر بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبو عێراق زیاتر لە 11 ملیارد دۆلار قەرزاری کارەبا و غازی ئێرانە و ئەگەر ئەو قەرزە رادەست نەکرێت ئەوا گرێبەستی فرۆشتنی رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سیجا غاز بە عێراق نوێ ناکرێتەوە.

سەرۆک کۆماری ئێران پەیوەندیی بە سەرۆکی روسیا دەکات سەبارەت بە گرژییەکانی ئەو وڵاتە و وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئاشکرای دەکات ئۆکرانیا دانوستانی لەگەڵ تاران رەت کردوەتەوە. ئەمڕۆ دوشەممە دوو رۆژی دوای هەوڵەکانی گروپی ڤاگنەر، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی بۆ مۆسکۆ راگەیاند و وتی: کۆماری ئیسلامی پشتیوانیی لە دەسەڵاتی نیشتیمانیی روسیا دەکات. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد داوا لە ئۆکرانیا کراوە بەڵگەکانی بۆ بونی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران لە جەنگی وڵاتەکەی ئاشکرا بکات و لەسەر ئەو پرسە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات بەڵام رەت کراوەتەوە. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند؛ خولێکی دانوستان سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا لە نێوان بەرپرسانی ئەو وڵاتە و کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی عوممان بەڕێوەچوە بەڵام هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتەڕو کە بیسەلمێنت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران هێرش کرابێتە سەر ئۆکرانیا. کەنعانی وتویەتی بڕیاربوە خولی دووەمی دانوستانەکان بەڕێوبچێت بۆ خستنەڕوی بەڵگەکانی ئۆکرانیا بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە دانوستانیان رەت کردوەتەوە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیاوە تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران رادەستی سوپای روسیا کراوە بۆ بەکارهێنانیان دژی سوپای ئۆکرانیا.

ئەوروپا رایگەیاند بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی قۆناغێکی دیکەی سزای دژی کۆماری ئیسلامی لە ئێران دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ دوشەممە نۆیەم پاکەیجی سزاکانی دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، راگەیاند کە حەوت بەرپرسی دەزگای داد و فەرماندە سەربازییەکانی سوپای پاسدارن و پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی گرتوەتەوە. لە لیستی نوێ سزاکانی ئەوروپا ناوی داواکاری گشتیی شاری ئەسفەهان و راوێژکاری دادگای تاوانی ئەو شارە هاتوە کە بەرپرس بون لە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر سێ گەنجی ئەو پارێزگایەدا. هاوکات هەر لەو لیستەدا ئاماژە بە ناوەکانی فەرماندەی ناوەندی( ساحیب زەمان)ی سەر بە سوپای پاسداران لە پارێزگای ئەسفەهان کراوە کە بەر بەرپرسی سەرەکیی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەسفەهان لەقەڵەم دراوە. ناوی قئیمقامی شاری گیلان و فەرماندەی هێزەکانی پۆلیسی ئەو شارە کە تۆمەتبار کراون بە کوشتنی خۆپیشاندەران لە لیستە نوێیەکەی سزاکانی یەکێتی ئەوروپادا هاتوە. قائیمقامی شاری ئامول لە پارێزگای مازەندەران و فەرماندەی ناوەندی سوپای پاسداران لە کەرەج لە ناو لیستی قۆناغی نۆیەمی سزاکانی یەکێتی ئەوروپادان. یەکێتی ئەوروپا بەم سزا نوێیانەوە لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران لە نۆ قۆناغ و پاکەیجدا سزای دژی بەرپرسانی ئەمنیی و سەربازیی و دادوەریی کۆماری ئیسلامی سەپاندوە. سەرجەم ئەو کەسانەی ناویان لە لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپادا هەیە گەشت بۆ وڵاتانی ئەوروپایان لێ قەدەغە دەکرێت و دەست بەسەر سامەنەکان یان ئەژمارە بانکییەکانیان لەو وڵاتانەدا دەگیرێت.  

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی ناجێگیریی بەھای دۆلار و دینار بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە. موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی ناوخۆ ناسەقامگیری بەھای دراو بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە ژمارەیەکی زۆر لە کەس فێڵ لە بانکی ناوەندی و بانکەکانی تر دەکەن و بڕێکی زۆر دۆلار بە ١٣٠ ھەزار دینار وەردەگرن و لە بازاڕیشدا بە زیاتر لە ١٤٥ ھەزار دەیفرۆشنەوە. ئاماژەى بەوەشکرد، تا ئەو کاتەی بردنەدەرەوەی دۆلار بە قاچاخ و رێگەی نایاسایی بەردەوام بێت بەھای دراویش جێگیر لە عێراق نابێت. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەى خستەڕوو، لەسەر ئاستی دەرەکیش ھۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری بەھای دراو لە عێراق، بانکی فیدراڵی ئەمریکایە، چونکە بە بیانووی ڕێگرتن لە بردنەدەرەوەی دۆلار، ڕێگە نادات بازرگانان حەواڵەکان ڕاستەوخۆ لە بانکی ناوەندی وەربگرن، بۆیە ناچار دەبن لە بازاڕدا دۆلار دابین بکەن و ئەوەش ھۆکارێکی سەرەکی جێگر نەبوونی بەھای دینارە بەو نرخەی بانکی ناوەندی و یاسای بودجە دیارییانکردووە

هاوڵاتی رۆژ بە رۆژ لیرەی تورکی زیاتر بەهاکەی لەدەست دەدات و ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 26 لیرەی تورکی. دوای بەرزکردنەی رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندی تورکیاوە، بەهای لیرەی تورکی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکای زیاتر دابەزی و ریکوردێکی مێژوویی شکاند و یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە. بانکی ناوەندی تورکیا 22ی حوزەیرانی ئەمساڵ، بڕیاریدا رێژەی سوودی بانکی زیاد بکات، ئەمەش کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر بەهای لیرەی تورکی دروست کرد. ئەمڕۆ دوای کاتژمێر 12، بەهای دۆلارێک گەیشتە 26 لیرە و بەهای یۆرۆیەکیش گەیشتە 28 لیرە و 29 قوروش. لیژنەی گشتی بانکی ناوەندی تورکیا، دوای زیاتر لە دوو ساڵ، رێژەی سوودی بانکی لە 8.5٪ەوە بۆ 15٪ زیادی کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا 18ی ئەم مانگە لە کۆنگرەی ئەنجومەنی هەناردەکارانی تورکیادا رایگەیاندبوو کە رێژەی هەڵاوسان بۆ یەک ژمارەیی دادەبەزێنن، کە بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا نزیکە لە 45٪. بەڵام لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێن، رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە لە دوو ئەوەندەی ئەو ئامارە زیاترە کە حکومەت رایدەگەینێت.

هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی کوشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت یەکێک لە گەورەترین ئاڵانگارییەکانی بەردەام عێراق دۆسیەی ئاوەوتورکیاش هاوکار نییە ،دەشڵێت، پارەیەکی زۆر وەکو پاڵپشتی بۆ دابینکردنی تەکنینی نوێی ئاودێری تەرخانکراوە.  فالح خەزعەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند،" ئاڵەنگاری گەورەی عێراق لە دوای دۆسیەی ئاسایش ئاوە و تورکیاش هاوکار نییە لە زیادکردنی بەشەئاوی وڵاتدا. " سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی کوشتوکاڵ و ئاو ئاماژەی بەوەکرد، " لە بودجەی ئەمساڵدا 300 ملیۆن دۆلار وەکو پاڵپشتی بۆ دابینکردنی تەکنینی نوێی ئاودێری تەرخانکراوە و ئەو هەنگاوەش بۆ ڕاستکردنەوەی دۆسیەی ئاودێری و پشتیوانی کشتوکاڵە لە وڵاتدا. " دەشڵێت، ئەوان کاریان کردوە بۆ هەموارکردنەوەی ڕێنماییەکان بۆ هاوردەکردنی دارخورمای دەگمەن، کە بوەتەهۆی زیادبوونی پاڵپشتی جوتیاران و زیادکردنی ژمارەی دار خورما بۆ زیاتر لە 20 ملیۆن دار خورما.

دەزگای دادی ئێران ئاشکرای دەکات بەهۆی لێبوردنەکانەوە ژمارەیەک زۆر لە بەندکراوانی ئەو وڵاتە ئازاد کراون و زیاتر لە 500 کەسیش لە سزای سێدارە رزگاریان بوە. غوڵامحسێن موحسین ئێژەی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ بەهۆی لێبوردنەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لانیکەم 98 هەزار بەندکراوی زیندانەکانی ئێران ئازاد کرابون کە بە وتەی ئەو دوژمنانی دەسەڵات پلانیان بۆ داڕشتبون. بە پێی وتەکانی ئێژەیی پێدەچێت سەرجەم ئەو کەسانەی کە ئازاد کراون بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی زیندانیی کرابن بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەواڵی ئازادکردنی زۆربەی زیندانیانی ناڕەزایەتییەکانیان پشتڕاست نەکردوەتەوە. ئێژەی وتیشی: دۆسیەکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی 120% زیادی کردوە و لێکۆڵینەوە لە  20 هەزار دۆسیەی تایبەت بە بەندکراوانی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە کراوە. تا ئێستا هیچ دەزگایەکی کۆماری ئیسلامی ژمارەی راستەقینەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی ئاشکرا نەکردوە و تەنها بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لانیکەم 10 هەزار کەس لە رۆژهەڵات و 60 هەزار کەس لە شارەکانی ئێران دەستگیرکراون. سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەوەش کردوە: 551 بەندکراو کە بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکاندا بون بە هەوڵی چالاکوانان و کەسانی خێرخواز بە رەزامەندیی سکاڵاکارەکانیان سزای سێدارەیان هەڵوەشێنراوەتەوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کردوە؛ لە نزیکەی شەش مانگی ئەمساڵدا 352 بەندکراو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون. لە ئێران 268 زیندانی ئاشکرا هەیە کە لەو ژمارەیە تەنها 108زیندان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چاودێریی و بەڕێوەدەبرێن چونکە 51 زیندان سەر بە دەزگای هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) و 29زیندان لە ژێر دەسەڵات و چاودێریی سوپای پاسداران-دایە.