هەپەگە ڕایگەیاند، سوپای داگیرکەری تورک چوار جار بە بۆمبی فسفۆڕی قەدەغەکراو هێرشی کردووەتە سەر گەریلاکانی ئازدیی، ٣٤ جاریش لە ئاسمانەوە بە تۆپ و چەکی قورس و ٩١٩ جاریش هێرشی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر هێزەکانی گەریلا. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکانی سوپای داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هەپەگە ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕۆژانی ٦ و ٧ـی ئادار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ تونیلەکانی گەریلا لە گۆڕەپامانی بەرخۆدانی شاخی ئاێدی چوار جار بە بۆمبی فسفۆر بۆردومان کراون کە بەکارهێنانیان لە شەڕدا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە. هەروەها ڕاشیگەیاند، و ٦، ٧ و ٨ـی ئادار لە هەرێمی خواکورک گۆڕەپانی بەرخۆدانی لۆلان و گۆشین، ، گۆڕەپانەکانی خێرێ، گرێو ڕەشید، دەشتا کافیە، مێرانێ، دێرێشێ، بێبادە، خالەتا، شاخی بابیل لە هەرێمی گارێ، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بێشیلی و گۆڕەپانی سەری مەتینا، گۆڕەپانەکانی شاخی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژاوای زاپ، بە گشتی ٢٣ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومان کراون. هەپەگە باسی لەوەشکردوە، لە ڕپژانی ٧ و ٨ـی ئادار گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، ١١ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردوومان کراوە. لە بەردەوامیدا دەشڵێت: لە ڕۆژانی ٦ و ٧ و ٨ـی ئاداردا گۆرەپانەکانی بەرخۆدانی بەربەزینە، شەهید شەریف، لولان و کەندەکۆلا لە خاکورک ٥٣ جار بۆردوومان کران، گۆرەپانەکانی شاخی ڕەشید، دێریشە، گرگاشە، سپیندارە، مژە، مێرانە، شاخی زەنگل، دەرییە حرچ، زوکە لە گارێ ١٩٦جار بۆردومان کران، هەروەها ناوچەکانی بەرخۆدان سەرێ مەتینا و بێشیلی و شێلازە لە هەرێمی مەتینا ١٥١ جاران بۆردومان کراون و گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شاخی ئامەدیە و شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژاوای زاپ ٥١٩ جاران بۆردومان کراون؛ بە گشتی دەبێتە ٩١٩ جار بە چەکی قورس، تۆپخانە و دوورهاوێژەکانی بۆردوومان کراون. هەروەها، لە ٦ـی ئادار بە چەکی قورسی دۆشکە، کاتێک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی تونێلەکانی بەرخۆدانی گەریلای تۆپباران کرد، لەلایەن هێزەکانمانەوە بەئامانج گیرا و تێکشکا. لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، هەروەها لە هەرێمی ماکۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەندێک کۆنترا بە پۆشینی جلوبەرگی گەریلا و ناساندنی خۆیان بە ناوی گەریلا پارە لە خەڵک وەردەگرن، دەبێت گەلەکەمان متمانەی بەم جۆرە کەسانە نەبێت و پێویستە وریا بن.

  ماڵپەرى ئەلعالەم جدید، ڕایگەیاند لەدوێنوە بەغدا نا ئارامەو بەردەوامیش باران دەبارێت و لەچەند شوێنێکیش لافاو دروستبووە، حکومەتیش ناتوانێت قەیرانی ئاوەڕۆی ئاوی باران کۆنتڕۆڵ بکات، بەیانی ئەمڕۆش پایتەخت بەهۆی ئەوەى زۆربەی فەرمانبەران نەیانتوانى بچنە دەوام فەرمانگە فەرمییەکانیان دۆخێکی ئیفلیجی بەخۆیەوە بینی. بەپێى ڕاپۆرتێکى ئەو ماڵپەرە، لەکاتژمێرەکانى سەرەتای بەیانیەوە وەزارەتەکان و فەرمانگە حکومیەکان کارەکانیان وەستا، بەهۆى ئەوەى کارمەندى تەواو نەگەیشتبوون، چونکە بەهۆى باران و لافاوو داخستنى شەقامەکان ڕێگاى هاتووچۆیان لێ گیرابوو، بەشێکى زۆریشیان ماڵەکانیان ژێرئاوکەوتووە بەهۆى ئاوی بارانەوە. هەروەها بە پێى پێشبینییەکانی فەرمانگەى کەشناسی بەغدا، ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەری باران بارین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەردەوام دەبێت، لەگەڵ هۆشدارییەکانی لافاو و هەورە بروسکە لە هەندێک ناوچە، لەنێویاندا بەغدای پایتەخت. سەرەڕای کۆکردنەوەی تیمە خزمەتگوزارییەکان بۆ چارەسەرکردنى لافاوو کردنەوەى شەقامەکان، هێشتا دۆخی سەر زەوی و هاتووۆچۆ سەختە، چونکە هاوڵاتیان بەسەختى  لە جوڵەدان، هاوکات داواى ئەوەش دەکەن ڕێوشوێنی بەپەلە  بگیرێتە بەر بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی ئاوەڕۆی ئاوە شارەکە. هاوکات پەرلەمانتار کامل عەکەیلی، ڕۆژی یەکشەممە داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کرد، بەڕێوەبەری بەشی ئاوەڕۆ لە کارەکەی دووربخاتەوە و پڕۆژە وەستاوەکان ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی بکات. ئەو پەرلەمانتارە وتى: پڕۆژەکانی ناوچەى  زەورا لە ئاستی پێویستدا نەبوون زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت  خزمەتگوزاری پێویستیان پێنەگەیشتوەو ئاو چوەتە ماڵەکانەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڕێوەبەری گشتی ئاوەڕۆی بەغدا بووە هۆی بەهەدەردانی پارەی گشتی لە قەزای زەورا و دەوروبەری لەسەر پڕۆژە وەستاوەکان".

  قەسەدە ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شوێنی کرێکارانی گرێدراو بە بەنداوی تشرینیان بۆردوومانکردەوە و هەروەها دەورووبەری پردی قەرەقۆزاقیان تۆپباران کرد و دەشڵێن: شەڕڤانان وەڵامی هێرشی چەتەکانیان بۆ سەر دێرحەفیر دایەوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە، سەبارەت بە ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی و وەڵامدانەوەی شەڕڤانان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە مانگی سێیەمیدا بەردەوامە، بەهۆی بەرخۆدانی قارەمانانەی شەڕڤانانمانەوە، داگیرکەران و چەتەکان ناتوانن پێشڕەوی بکەن. ڕاشیگەیاند، دوێنێ (شەممە) فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج بۆردوومانی شوێنی کرێکارانیانی گرێدراوی بەنداوی تشرینیان کردوە،  هەروەها بە تۆپ و هاوەن بە چڕی گوندەکانی دەورووبەری بەنداوی تشرینیان تۆپباران کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانی ماددی کەوتووەتەوە. هەروەها، لە بەرەی دێر حەفیر شەڕ لە نێوان شەڕڤانانمان و چەتەکاندا ڕوویدا، لە ئەنجامدا چەند چەتەیەک کوژران، بەڵام ژمارەیان دیاری نەکرا. قەسەدە باسی لەوەشکردوە، گوندەکانی تینا، جادا، بیر حەسۆ، دیکان، مەلحا و سینا، گری شێڤێ و قەرەقۆزاق و دەوروبەری پردی قەرەقۆزق بە زیاتر لە ٣٠ گولـلە تۆپ، هاوەن، تانک و مووشەک تۆپباران کراون، لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر ماڵ و موڵکی دانیشتووان کەوتەوە. لە کۆتاییشدا دەڵیت: بە درێژایی ڕۆژ فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر کۆبانێ، عەین عیسا و گوندەکانیاندا دەسووڕایەوە.

  ئەميحای چیكلی، وەزیری تاراوگەی ئیسرائیلی، دەڵێت، ئیسرائیل جوڵە دەكات بۆ پاراستنی دروزییەكان لەناوچەكانی نزیك لە سنورەكانی، بەپێویستیشی دەزانێت كورد لە كۆمەڵكوژی بپارێرێت. وەزیری تاراوگەی ئیسرائیلی، لە نوسینێكدا لەتۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێكس) كە هاوپێچی وێنەی چەكدارێكی هێزە ئەمنیەكانی سوریای كردووە، كە قاچی خستووەتە لەسەر تەرمی ئافرەتێك، نوسیوتی، ئەو وێنانەی لە سوریا بڵاودەبنەوە ترسناکن، ئەمە روخساری رژێمێکە كە تیرۆریستانی داعش سەرۆکایەتی دەكەن و  جلوبەرگی سەربازییان لەبەردایە. ئەو وەزیرە دەڵێت: ئیسرائیل هەنگاو دەنێت بۆ پاراستنی کەمینەی دروزەکان لە ناوچەکانی نزیک لە سنورەکانی، هەروەها دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ بەرگریکردن لە هەموو کەمینەکانی سوریا، بە جەختکردنەوە لەسەر کورد، لە کۆمەڵکوژی جیهادییەکان کە لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە ئەنجام دەدرێت. ئەميحای چیكلی وتیشى: ڕۆژئاوا دەبێ هەموو هەوڵێک بدات بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئەم رژێمە تیرۆریستییە و سەرپەرشتیارەكانی، ئەردۆغان و قەتەر. هەفتەى پێشوو ڕۆژنامەی"وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرای کردوەوە، ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر زلهێزەکانی جیهان، بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بە لاوازی بمێنێتەوەو، دەوڵەتی نوێی سوریا بکرێتە دەوڵەتێكی ئۆتۆنۆمی لەسەر بنەمای نەتەوەیی، لەگەڵ ئەوەی ناوچە سنورییەکانی باشور لەلایەن ئیسرائیلەوە لە چەك داماڵراوبێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدەكات، بەدرێژایی دوو دەیەی رابردوو دراوسێی تەنیشت ئیسرائیل بەشار ئەسەد بووە، دیکتاتۆرێکی دوژمنکار کە بەهۆی دابەشبونە تائیفیەکانی سوریاوە لاواز ببوو، ئێستا ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەو ئەو پرسە لە خۆی دوربخاتەوە كە بەرپرسانی ئەمنی وەک هەڕەشەی  دەبینن، كە ئیسلامیەکانی سەر بە تورکیا هەوڵدەدەن سوریا یەکبخەن. لە چەند رۆژی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل ناوچەی زیاتری لە باشوری سوریا کردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەی رێگریكردن لە گەیشتنی چەک بە دەستی حکومەتی دیمەشق یان هەر لایەنێکی دیکە. هەفتەی رابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای کرد باشوری سوریا لە چەك دابماڵرێت، جەختیشی کردەوە: لەوەی رێگە نادەن رژێمی نوێی ئیسلامی توندڕەو لە سوریا زیان بە دروزەکان بگەیەنێت.

  سەرۆکی پەرلەمانى ئێران پێیوایە "کردەوەکانی ترەمپ لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بانگەشەکانی سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ تاران تەنیا فێڵێکە بۆ داماڵینی چەک. دوای ئەو پەیامەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ تاران بەمەبەستی دانوستان و وەڵامدانەوەی عەلی خامنەیی، سەرۆکی پەرلەمانى ئێران، محەممەد باغر قالیباف، لێدوانی لەسەر لێدوان دەیدات. لە لێدوانەکانیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە محەممەد باغر قالیباف دەڵێت: هیچ دانوستانێک لە ژێر سایەی هەڕەشە و زەلیلکردن بە فەرمانی سەپاندنی ئیمتیازاتی نوێ نابێتە هۆی هەڵگرتنی سزاکان و ناگاتە هیچ ئەنجامێک. ئەو وتیشى: چاوەڕێی هیچ نامەیەکی ئەمریکا نین،  پێمان وایە بە کەڵک وەرگرتن لە توانا و دەرفەتى زۆر لەناوخۆی وڵات و هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە، دەتوانین بگەینە پێگەیەک کە دوژمن هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبێت جگە لە هەڵگرتنی سزاکان. هاوکات دوینێ شەممە عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دژی وڵاتەکەی سەرکۆنەکردن کە هەڕەشەی کردبوو هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رەتیدەکاتەوە هیچ نامەیەکیان لە ترەمپەوە پێ گەیشتبێت.  خامنەیی وتی: "هەندێ حکومەتی کەڵەگا پێداگری لەسەر دانوستاندن دەکەن، ئامانجی دانوستاندنیان چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، ئامانجیان سەپاندنە."   ڕۆژی هەینی ترەمپ رایگەیاندبوو، نامەیەکی بۆ رێبەری ئێران ناردووە و داوای لێ کردووە بێن گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بکەن، ئەگەرنا چاوەڕێی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بکەن.  خامنەیی رۆژی شەممە وتی، "حکومەتە خۆسەپێنەکان" دەیانەوێت بە زۆر داواکارییەکانیان بەدیبێنن.  خامنەیی بێ ئەوەی ناوی ئەمریکا بێنێت یان باسی نامەکەی ترەمپ بکات، گوتی: "ئەوان ئێستا داواکاریی نوێ دەخەنەڕوو کە بێگومان ئێران جێبەجێیان ناکات." شەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "ئێمە گوێمان لە بابەتی نامەکە بووە، بەڵام هیچ شتێکمان پێ نەگەیشتووە."

  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ لێخشوبوونەکانی بۆ عێراق بۆ کڕینی کارەبا لە ئێران نوێ نەکردۆتەوە. تامی بروس وتیشی، واشنتۆن رێگە بە تاران نادات هیچ بڕە یارمەتیەکی ئابوری و دارایی پێبگات. جەختیشی کرد، هەڵمەتی زۆرترین فشاری سەرۆک ترەمپ، ئامانجی کۆتاییهێنانە بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران و بچوكکردنەوەی بەرنامە موشەکییە بالیستیکەی و رێگرتنە لە ئێران لە پشتیوانیکردنی گروپە تیرۆریستییەکان. وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە سەرچاوەی جێگرەوەی گازی ئێران داوە و دەڵێت: "هیوادارین، هەموو عێراقییەک سوود لە سەرچاوەکانی گازی سرووشتی و توانای بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانی عێراق وەربگرێت. ئەمە دەرفەتێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە نێوخۆییەکانی عێراق."   وتەبێژەکە هەروەها دەڵێت: "کۆمپانیاکانی ئەمریکاش ئامادەن و چاویان لەوەیە هاوکاریی حکومەت بکەن لە زیادکردنی بەرهەمی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق".  لە ساڵی 2018ـەوە، حکومەتی ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە، تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت، بەڵام رۆژی شەممە، لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتاییهات و ئەمریکاش بۆ دواجار نوێی نەکردەوە.   بەهۆی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران، بەغدا ناتوانێت پارەی کاش بداتە تاران، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، پارەکە دەخاتە سەر هەژمارێکی بانکی و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان.   لەبارەی رێکارە نوێیەکەی ئیدارەی ترەمپ، جەیمس هیوت، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، رایگەیاندووە "سەرۆک ترەمپ زۆر روون بووە لەوەی دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەست لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم هەڵبگرن. هیواداراین دەسەڵاتدارانی ئێران، بەرژەوەندیی خەڵکەکەیان و ناوچەکەش لەبەرچاو بگرن."  عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ ئێران کردووە، کە رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی پێ بفرۆشێت، کە ئەو بڕە گازە 30٪ی کارەبای عێراقی پێ بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام بەمدواییانە ئێران هەناردەی گاز و کارەباکەی بۆ عێراق زۆر کەم کردبووەوە.

وەفدێکی بزووتنەوەی حەماس گەیشتووەتە قاهیرە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی میسر سەبارەت بە دوایین پێشنیارەکانی ئەمریکا و پلانی میسر و عەرەبی. لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پلان دادەڕێژن بۆ پەرەپێدانی ململانێکان لەگەڵ حەماس و فشارخستنە سەری بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی کە لە کەرتی غەززە دەستبەسەرکراون، بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانیان. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، دوای داخستنی دەروازەکانی کەرتی غەززە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، ڕەنگە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دابینکردنی کارەبا و ئاو بۆ کەرتی غەززە ڕابگرن.  ئەگەر ئەم ڕێوشوێنانە سەرنەگرن، ڕەنگە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنە تاکتیکییەکان لە کەرتی ناوچەکە دەستپێبکاتەوە. هەروەها ڕەنگە ئیسرائیل سەدان هەزار فەلەستینی ناچار بکات جارێکی دیکە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، کە لە کاتی ئاگربەستدا گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە کە بە تێپەڕبوونی کات و نەبوونى هیچ پێشکەوتنێک لە ئازادکردنی بارمتەکاندا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەتوانن ئۆپەراسیۆنی شەڕکەر لە کەرتی غەززە ئەنجام بدەن. بەتایبەتی دوای پڕکردنەوەی کەڵەکەبوونی چەک و تەقەمەنی لەلایەن ئیسرائیلەوە، و ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک دۆناڵد ترەمپدا چیتر فشار ناخاتە سەر ئیسرائیل. هەر لە هەمان چوارچێوەدا، دوێنێ هەینی، دەسەڵاتی فەرمی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەرکردایەتی سیاسی لە ئیسرائیل ئاڕاستەی سوپای وڵاتەکەی کردووە بۆ ئەوەی دەستبەجێ خۆی ئامادە بکات بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕی کەرتی غەززە، ئەمەش لەنێو ئەو چەقبەستووییەی کە ڕووبەڕووی دانوستانەکان بووەتەوە. دەسەڵاتی پەخش لە زاری سەرچاوە سیاسی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل کە ناویان نەهێنراوە ڕایگەیاندووە، "سەرکردایەتی سیاسی سوپای ئاڕاستەی سوپای وڵاتەکەی کردووە کە دەستبەجێ خۆی ئامادە بکات بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە، لە نێوان چەقبەستوویی دانوستانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکاری زیاتر بکات.

یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، دەبێت پـ.ـارتی کـ.ـرێکارانی کوردستان دەستبەجێ‌ چەکەکانیان رادەست بکەن، ئەوەشى خستەڕوو ڕاگەیاندنى هیچ ئاگربەستێک لەلایەن تورکیاوە لەئاردادا نییە. رۆژنامەی "زەمان"ی توركی لە زاری یەشار گولەرەوە بڵاویكردووەتەوە، رێکخراوی پـ.ـەکە.کەو سەرجەم درێژکراوەکانی کە لە ناوچە جوگرافییە جیاوازەکان و بە ناوی جیاواز کاردەکەن، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ بن، دەبێت دەستبەجێ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆیان بدەن و دەستبەجێ و بێ مەرج چەکەکانیان رادەست بکەن، هەر لێدوانێک یان کارێک کە پێچەوانەی ئەمە بێت، هیچ بەرامبەرێكی نییە. وەزیری بەرگری توركیا راشیگەیاندووە، پرسی وەك ئاگربەست لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، کە نەخراوەتە ناو دەقی بەیاننامەکەی عەبدوڵا ئـ.ـۆجەلان، نابێ بخرێنە بەرنامەی کارەوە، چونکە هەرگیز شتێکی وا لەسەر مێز نییە. گولەر وتیشى: ئامانجی کۆتایی ئێمە ئەوەیە؛ خواستی هاوبەشی ٨٥ ملیۆن هاوڵاتیمان ئەوەیە کە تیرۆر کۆتایی پێبێت، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەتەواوی تەسفیە بکرێن و هەموو هەڕەشەکانی سەر وڵاتەکەمان نەهێڵن.  ئەوەشى وت: ڕێگە نادرێت پرۆسەکە تێکبدرێت، سووکایەتی پێ بکرێت و درێژخایەن بکرێت؛ ڕێبازێکی وریا و عەقڵانی وەک بنەما دەگیرێتەبەر. دەشڵێت "پێویستە هەمووان متمانەیان بە ئەزموون و دووربینی بەرفراوانی دەوڵەتەکەمان هەبێت و هاووڵاتیانمان لەو بوارەدا ئاسوودە بن".

  بەپێى دواین ئامارى ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریا و چەکدارانی سەر بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوو لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە ٣٠٠. ڕامى عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى ڕوانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ باس لە کوژرانى  لانیکەم 304 کەس دەکەین کە زۆرینەیان هاوڵاتى مەدەنین لەشارەکانى بانیاس و جەبلە و لادێکانی دۆکیۆمێنت کراون لاى ئێمە، هەروەها لە لادێکانی قرداخ و لازقیە، جگە لە بوونی زانیاری لەبارەی کۆمەڵکوژییەکانی دیکە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەدیکۆمێنت دەکرێن. ناوبراو ئەوەش دەخاتەڕوو سەبارەت ژمارەى کارمەندە سەربازییەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، ئەو ژمارەیەی کە ڕوانگە بەڵگەی لەسەر کردووە، لانیکەم ٨٩ کەسە، وتیشى: ترسمان لەوە هەیە کە ئەم کۆمەڵکوژییانە کاریگەرییان لەسەر ئاشتی مەدەنی لە سوریا هەبێت لە داهاتوودا. ڕامى عەبدولڕەحمان ئاماژە بۆ ئەوەدەگات ئێستا شەقامەکە دابەش بووە لە نێوان ئەوانەی کۆمەڵکوژ کران و ئەوانەی سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، واتە لایەنگرانی حکومەتی سوریا بەڵام براوەی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە ناکۆکی لە نێوان گەلی سوریادا دروستکرد. وتیشى: هیوادارین لیژنەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان لە دیمەشقەوە دەنێردرێت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بۆ ئەو کۆمەڵکوژییانە بکەن کە ئەنجامدراون بۆ ئەوەی نەبنە سەرەتای ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی تاوانباران پێیان وایە سزا نادرێن. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا لە ناوچەکانی بانیاس، لازقیە و جەبلە "134 کەسی سڤیلی عەلەوییان کوشتووە،" لەنێویاندا 13 ژن و 5 منداڵ هەن. ئاماژە بەوەش دەکات، 45 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 50 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا کوژراون، بەوەش کۆی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکە بۆ لانیکەم 229 کەس بەرزبووەوە.   بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە چەکدارانی لایەنگری ئەسەد هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی سووریایان خستە بۆسەیەکەوە و سەرووی 15 کەسیان کوشتن. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو ڕووداوەکانی کەنارەکانى سوریا لەسەر بنەمای تائیفی ڕوونادەن و نەگەیشتوونەتە ئاستی شەڕی تائیفی، بەو پێیەی هێرشەکانی ئەو ناوچانە لە نێوان چەکدارانی ناو سوپای ڕژێمی لەکارکەوتوو و هێزەکانی حکومەتی نوێ لە دیمەشق ڕوودەدەن. بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریى وتیشى: داوا لە هەموو سوورییەکان و حکوومەتی نوێ دەکەین، خەڵکی سڤیل لە هەموو گەلی سووریا بپارێزن، چونکە ئەمە ئەرکی ئەوانە. ڕامى عەبدولڕەحمان دەڵێت ئەو کەسەى کە بەرپرسیارییەتى ئەم شەڕ و ئاڵۆزییەى دەکەوێتە ئەستۆ، ئەو کەسەیە کە ناوى غەیاس دەللایە، فەرماندەى سەربازیى بووە لە کاتى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، بووەهۆى هەڵگیرسانى فیتنە لەنێوان سونە و عەلەوییەکان، عەلەوییەکانى هاندا دژى دەسەڵاتى نوێى سووریا بجەنگن، ئەو بەرپرسی یەکەم و کۆتایی کێشەکانە.

  وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی کاتیی سووریا و بە "تیرۆریستێکی سەر بە قاعیدە" ناوی دەبات؛ دەشڵێت، ئیسرائیل خۆی لە هەموو هەڕەشەیەک دەپارێزێت. یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "جۆلانی (ئەحمەد شەرع) جلەکەی خۆی گۆڕی و کردییە قات و بۆینباخ، دەموچاوێکی میانڕۆی پیشاندا. ئێستا جۆلانی ماسکەکەی خۆی فڕێداوە و رووخساری راستەقینەی خۆی دەرخست."   کاتس لە باسی شەرع نووسی: "تیرۆریستێکی جیهادی سەر بە قوتابخانەی قاعیدەیە، تاوانی تۆقێنەر بەرامبەر هاووڵاتییانی سڤیل دەکات." رۆژی 05-03-2025 لە پارێزگەی لازقیەی رۆژئاوای سووریا، چەند چەکدارێکی عەلەوی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی سووریایان خستە بۆسەیەکەوە و سەرووی 15 کەسیان کوشت.   شەڕەکە گەورەبوو و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای سووریا، لەوانەش جەبلە، تەرتووس و بانیاسی گرتەوە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل راشیگەیاند: "ئیسرائیل دژی هەر هەڕەشەیەکی سووریا بەرگری لەخۆی دەکات"، بەڵێنیشدا سوپاکەیان لەو ناوچەیەی سووریا دەمێنێتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتیدایە.   کاتس گوتی: "پارێزگاری لە درووزەکان دەکەین؛ هەرکەسێک ئازاری ئەوان بدات، پێویستە وەڵامی ئێمە بداتەوە".  روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا لە ناوچەکانی بانیاس، لازقیە و جەبلە "134 کەسی سڤیلی عەلەوییان کوشتووە،" لەنێویاندا 13 ژن و 5 منداڵ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، 45 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 50 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا کوژراون، بەوەش کۆی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکە بۆ لانیکەم 229 کەس بەرزبووەوە.   شەوی هەینی، ئەحمەد شەرع لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە چەکدارانی عەلەوی کرد " پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، خۆتان بەدەستەوە بدەن"، داوای لە هێزەکانی سەر بە حکومەتی وڵاتەکەشی کرد، لە دیلەکان نەدەن و پێشێلکارییەکان کۆنترۆڵ بکەن. شەرع رایگەیاند، بەشێک لە پاشماوەکانی رژێمی کەوتوو، هەوڵیاندا سووریای نوێ تاقیبکەنەوە و گوتی: "سووریا یەک و یەکگرتووە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا و لە باکوورەوە بۆ باشوور. ئەگەر دڕکێک بە پارێزگەیەکی سووریادا بچەقێت، هەموو پارێزگاکانی دیکە بۆی هەڵدەستن."  

  سەرۆکى کاتى کۆماری سووریا، لەدواى ڕوداوەکانى دووڕۆژى ڕابردوو ڕایگەیاند دەبێت پاشماوەکانی ڕژێم پێش ئەوەی درەنگ بێت چەکەکانیان و خۆیان ڕادەست بکەن. بەشێک لەناوەڕۆک و قسەکانى ئەحمەد شەرع  سوریا بەرەو پێشەوە چووە و یەک هەنگاو بۆ دواوە نانێرێت هەندێک لە پاشماوەکانی ڕژێمی کەوتوو هەوڵیان دا ئەو سوریا نوێیە تاقی بکەنەوە کە ئەوان لێی بێئاگا بوون. سوریا یەک و یەکگرتووە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا و لە باکوورەوە بۆ باشوور. سەرۆککۆماری سووریا داوا لە چەکدارانی عەلەوی دەکات "خۆیان بەدەستەوە بدەن، پێش ئەوەی زۆر درەنگ ببێت." داوا لە هێزەکانی سەر بە حکومەتی وڵاتەکەشی دەکات، لە دیلەکان نەدەن و پێشێلکارییەکان کۆنترۆڵ بکەن. ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند، بەشێک لە پاشماوەکانی رژێمی کەوتوو، هەوڵیاندا سووریای نوێ تاقیبکەنەوە، "سووریا یەک و یەکگرتووە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا و لە باکوورەوە بۆ باشوور." "ئەگەر دڕکێک بە پارێزگایەکی سووریادا بچەقێت، هەموو پارێزگاکانی دیکە بۆی هەڵدەستن،" لە بەشێکی پەیامەکەیدا شەرع وای گوت. سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە دەشڵێت، لە سووریای ئەمڕۆدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان دەسەڵات و گەلدا نییە، ئەو وڵاتە بۆ هەمووان گرنگە و واتای بۆ هەمووان هەیە، "نابێت ترس لەسەر وڵاتێک هەبێت کە خاوەن ئەم جۆرە گەل و رۆحە بێت." شەرع رووی دەمی کردە پاشماوەکانی رژێمی پێشووی سووریا و گوتی، "ئێمە لە شەڕی ئازادکردندا دژیان جەنگاین، سەرەڕای هەوڵدانیان بۆ کوشتنمان. ئێمە چاکسازیی وڵاتەکەمان دەوێت کە ئێوە وێرانتان کردووە و هیچ مەبەستێکمان لە خوێنی ئێوەدا نییە." هەر پەیوەست بە پاشماوەکانی رژێمی پێشووی سووریا گوتی، "هێشتا لەسەر نەزانیی خۆیان بەردەوامن، ئێوە بە کردەوە ناشیرینەکانتان دەستدرێژیتان کردە سەر هەموو سوورییەکان." هاوکات پیرۆزبایی لە هێزەکانی سوپا و ئاسایشی وڵاتەکەی کرد، "بۆ پابەندبوونیان بە پاراستنی هاووڵاتییان و خێرایی ئەدایان." ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی هەندێک سەرچاوە، 90 لەو کەسانەی کە لە پێکدادانەکاندا کوژراون، هاووڵاتیی سڤیلین. بە گوتەی سەرۆککۆماری سووریا، "پاشماوەکانی رژێمی رووخاو بەدوای تێکدان و وروژاندندا دەگەڕێن. ئێمە بەدوای پاشماوەکانی رژێمی رووخاودا دەگەڕێین، ئەوانەی تاوانیان دژی گەل ئەنجام داوە." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا شەرع هۆشداریی دا و ئەوەی خستەڕوو، "هەر کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر هاووڵاتییان، بە تووندی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت." جەختیشی لەوە کردەوە، "سەرەڕای ئەو ناپاکییەی بەرامبەرمان کراوە، دەوڵەت هەر زامنی ئاشتیی ناوخۆیی دەکات."

  وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناونابرێت و  هەر هێرشێکی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئێران، ئاگرێکی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەگیرسێنێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دەربڕی، بە مەبەستی دانوستان و گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ناردووە.  ئێوارەى ئەمرۆ هەینی، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "فرانس پرێس" جەختیكرد، وڵاتەکەی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجام نادات، تا ترەمپ درێژە بە سیاسەتی زۆرترین فشاری خۆی بدات. عراقچی، لە پەراوێزی کۆبونەوەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە شاری (جەدە)وتی: ئێمە ناچینە ناو هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، تا ئەو کاتەی واشنتۆن درێژە بە سیاسەتی زۆرترین فشار و هەڕەشەی خۆی بدات. ئەو وتیشی، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو ناچێت، ئەمە تەکنۆلۆژیایەکە کە بەدەستمان هێناوە، تەکنۆلۆژیاش لە مێشکدایە و ناتوانرێت بۆردومان بکرێت. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ده بێتە هۆی هەڵگیرساندنی ئاگرێكی بەرفراوان له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ئیسرائیلییه کان خۆیان ده زانن هەر کردەوەیەک دژ به ئێران کردەوەیەکی هاوشێوەی دژ به ئیسرائیل بەدوادا دێت. بەگوێرەی رۆیتەرز، ترەمپ لە نامەکەیدا داوای لە خامنەیی کردووە ئامادەبێت بۆ دانوستان چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی ئێراندایە و وا باشترە مل بۆ دانوستان بدات. گوتوشیەتی، پێموایە تاران دەیەوێت ئەو نامەیەی بەدەست بگات. ئەلتەرناتیڤ ئەوەیە لە ئێستادا ئێمە و ئێرانیش بیر لە رێگەچارەیەکی دیکە بکەینەوە، چونکە تاران هەرگیز نابێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆم.

  وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناونابرێت و  هەر هێرشێکی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئێران، ئاگرێکی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەگیرسێنێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دەربڕی، بە مەبەستی دانوستان و گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ناردووە.  ئێوارەى ئەمرۆ هەینی، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "فرانس پرێس" جەختیكرد، وڵاتەکەی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجام نادات، تا ترەمپ درێژە بە سیاسەتی زۆرترین فشاری خۆی بدات. عراقچی، لە پەراوێزی کۆبونەوەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە شاری (جەدە)وتی: ئێمە ناچینە ناو هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، تا ئەو کاتەی واشنتۆن درێژە بە سیاسەتی زۆرترین فشار و هەڕەشەی خۆی بدات. ئەو وتیشی، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو ناچێت، ئەمە تەکنۆلۆژیایەکە کە بەدەستمان هێناوە، تەکنۆلۆژیاش لە مێشکدایە و ناتوانرێت بۆردومان بکرێت. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ده بێتە هۆی هەڵگیرساندنی ئاگرێكی بەرفراوان له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ئیسرائیلییه کان خۆیان ده زانن هەر کردەوەیەک دژ به ئێران کردەوەیەکی هاوشێوەی دژ به ئیسرائیل بەدوادا دێت. بەگوێرەی رۆیتەرز، ترەمپ لە نامەکەیدا داوای لە خامنەیی کردووە ئامادەبێت بۆ دانوستان چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی ئێراندایە و وا باشترە مل بۆ دانوستان بدات. گوتوشیەتی، پێموایە تاران دەیەوێت ئەو نامەیەی بەدەست بگات. ئەلتەرناتیڤ ئەوەیە لە ئێستادا ئێمە و ئێرانیش بیر لە رێگەچارەیەکی دیکە بکەینەوە، چونکە تاران هەرگیز نابێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆم.

لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە کە ناکۆکی لەسەر بەڕێوەبردنی سامانەکان هەیە، ئەمەش بووە هۆی ئاستەنگ لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، و تێپەڕاندنی ڕەتکردەوە لە خولی هەڵبژاردنی ئێستادا. ئەمڕۆ هەینی باسم نەغمیش غەریباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمان، ڕاگەیاند: “یاسای نەوت و گاز لە ساڵی 2007ەوە داواکارییەک بووە، بەڵام هەوڵەکان بۆ یاسادانانی بەهۆی ناکۆکی سیاسی و ڕێککەوتن نەبوون لەگەڵ هەرێمی کوردستان شکستی هێنا”. ئەو ڕوونیشیکردەوە، یاساکە بەشێک بووە لە بەرنامەی ئێستای وەزاری، و بڕیاربوو لەم خولەی پەرلەماندا یاسا دەربکرێت، بەو پێیەی لە ساڵی 2023ەوە لیژنەکان پێکهێنران بۆ گفتوگۆکردن لەسەری، هەروەها دوو ڕەشنووس خرانەڕوو کە یەکەمیان لە حکومەتی فیدراڵەوە و دووەمیان لە هەرێمەوە، هەروەها لیژنە هاوبەشەکان پێکهێنران بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا. ئەندامەکەى لیژنەى نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی پرسە تەکنیکییەکان ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام جیاوازییەکان لەسەر لایەنە کارگێڕییەکان و دەسەڵاتەکان و نوێنەرایەتیکردنی هەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجومەنی نەوتی فیدراڵیدا بووە، جگە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی سەرچاوەکان، هەروەها مافەکانی پێشوو و ئێستا. باسم نەغمیش غەریباوی، وتى: لیژنەی نەوتی پەرلەمان جموجۆڵی چڕوپڕی لەگەڵ سەرکردەکانی قەوارە سیاسییەکان ئەنجامدا بۆ ڕوونکردنەوەی گرنگی دەرکردنی یاساکە، بەو پێیەی ئەو سامانە نەوتییە ڕێکدەخات کە بەتەواوی دارایی دەوڵەت دابین دەکات، هاوکات بەشدارە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم، ئەمەش بەشدارە لە گەیشتن بە سەقامگیری سیاسی و ئابووری. ئاماژەی بەوەشکرد، دیارترین خاڵی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر پەیوەندی بە سامانی نەوت و پابەندبوونی هەرێم بەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی و دادگای نێودەوڵەتییەوە هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم یاسایە یەکێکە لەو یاسایانەی کە تەواوکەری دەستوورە". سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، غەریباوی پشتڕاستی کردەوە کە "ئەو لیژنانەی کە پێکهاتبوون نەیانتوانی بگەنە کۆدەنگییەکی سیاسی، ئەمەش وایکردووە دەرکردنی یاساکە لەم خولەی هەڵبژاردنەدا بابەتێکی چاوەڕواننەکراو بێت".

  دوو سەركردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بە پێویستی دەزانن ئەردۆغان هەڵوێستێکی روونی هەبێت لەسەر پرۆسەی ئاشتی، دەشڵێن، باخچەلی هەڵوێستی روونە، بەڵام ئەردۆغان تەمومژاوییە. عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا و ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە، لە کۆبونەوەی گروپی پەرلەمانيی پارتی ڕێبازی نوێ (یەنی یۆل) قسەیان لەبارەی پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان و راگەیاندنی ئاگربەستی پەكەكە كرد، جەختیان لەوە کردەوە  پڕۆسەی چارەسەری تەنیا بە ئیرادەی سیاسی و نەخشە رێگایەکی روون و دیاریکراو دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت، داواشیان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کرد، هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو پرسە روون بکاتەوە. داود ئۆغڵو، سەبارەت بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پێشهاتەکانی ئەم دواییە وتی: ئۆجەلان ئێستا باس لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکخراوە دەکات، لەبری ئەوەی تەنها گروپە چەکدارەکان لە تورکیا بکشێنێتەوە، وەك ئەوەی ساڵی (2013) روويدا، جگە لەوەش ئەم بەیاننامەیە پەیکەری دەوڵەت ناخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو باس لە دیموکراسی دەکات لە چوارچێوەی سیستەمێکی یەکگرتوودا، بەپێویستيشی زانی پێناسەی تورکبوون لە دەستوردا بگۆڕدرێت. لای خۆیەوە، عەلی باباجان، جەختی لە گرنگی چارەسەری ئاشتیانە کردەوە و وتی: ئاشتی باشترە لە شەڕ، ئێمە بە گەشبینیەکی وریاییەوە بەدواداچون بۆ پرۆسەکە دەکەین، بەڵام بەبێ ئیرادە و نەخشە رێگای روون، سەرکەوتن قورسە.  ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا هەڵوێستی باخچەلی جێگیر دەردەکەوێت، هەڵوێستی ئەردۆغان تا ئێستا تەمومژاویە، وتیشی: یان دەبێت بۆ  پێشەوەیە بڕوانین و پێکەوە هەنگاوبنێین، یان شكستدەهێنین و ئەم دەرفەتە لەدەست دەدەین. وتیشی: هاوڵاتیانی کورد لە وڵاتەکەمان کێشەیان هەیە، کێشەی کوردی بوونی هەیە، گۆڕەپانی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش لە ژێر سەقفی ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیادایە.  ئەم کێشەیە بە روونی دەركەوت، كاتێك شاندی ئیمرالی بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەیان راگەیاندو، بۆ یەكەمجار دەقی بانگهێشتنامەکەیان بە زمانی كوردی خوێندەوە، ئایا نەتانبینی لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان چی روویدا؟ هەندێکیان نەیاندەزانی چی بکەن، لەترسا پەخشەکەیان بڕی، هەندێکیان گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆیان و قەدەغەکردنیان لە باوەش گرتەوە، ئەم ڤایرۆسە پاوانخوازییە، ئەم ڤایرۆسە دژە دیموکراسییە، ئەم ڤایرۆسەی پۆپۆلیزمە، ئەم ڤایرۆسە جیاکارییە ڤایرۆسێکە لە ڕێگەی سیاسەتەوە بڵاودەبێتەوە.  باباجان جەختیكرد، چارەسەر دەبێت لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی درێژخایەنی نێوان تورکیا و کوردەكان بێت، وتیشی، ئێمە دەمانەوێت کورد لە سوریا بە ئازادی بژین و پەیوەندی سیاسی هەمەچەشن و دۆستانەیان لەگەڵ تورکیا هەبێت، بۆیە دەبێت هەموو ئەو چەکانەی ئاراستەی تورکیا دەکرێن وەلا بنرێن.