ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی نیسان، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی کۆبوونەوەکانی لە هەرێمی کوردستان، نووسیویەتی: هەمیشە فەرەنسا پشتیوانی لەکوردەکان دەکات و لە پاڵیان دەمێنێتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، پێکەوە لەگەڵ کوردەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوام دەبین. لە کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێم دۆخی سیاسیی سووریا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەشداربوونی کوردان و پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات، گەیشتن بە سەقامگیری سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵات کرایەوە. شەوی ڕابردوو، هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(قەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری هەولێری باشووری کوردستان لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. بەپێی ئەوەی قەسەدە ڕوونی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان نوێل بارۆ، ستایشی ڕۆڵی قەسەدە لە تێکۆشان دژی تیرۆردا کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو جۆرە پشتگیرییەکان بۆ ئەم هێزە دابین بکرێت تا شەڕی دژی چەتەکانی “داعش” بەردەوام بێت، سەقامگیری و ئەمنی سووریا بە گشتیی بەهێز بکرێت. وەزیری فەرەنسا جەختی لەسەر بەشداری کوردان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات کردەوە، کە سووریا بگەیەنێتە سەقامگیرییەکی سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بونیادنانەوەی وڵات. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وتی: وڵاتەکەمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات 10 ساڵە شان بە شانی یەکدی لە ڕووبەڕوونەوەی داعش لە ناوچەکە بەردەوامن. ژان نوێل بارۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد لە حکوومەتی سووریا لەبەرچاو بگیرێت. دوێنێ پێنجشەممە 23ـی نیسانی 2025، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر، لەمیانی سەردانەکەدا گەڵ هەر یەکە لە بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.

  وەزیری دادی تورکیا ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکە هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند، گرنگترین بابەتی کۆبوونەوەکە باشترکردنی هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالانە و پێویستە لەم بارەیەوە بەبێ هیچ بیانوویەک هەنگاو بنرێت. ئەمڕۆ، لە وەزارەتی دەوڵەتی تورکیا، کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی یەکسانیی و دیموکراستیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ یەڵماز تونچ، وەزیری داد بەڕێوەچوو و ماوەی دوو کاتژمێری خایاند، دوای کۆبوونەوەکە گوڵستان کلچ کۆچیگیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا. گوڵستان کلچ کۆچیگیت لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کۆبوونەوەکە لەسەر ئەو بابەتانەبووە کە وەزارەت دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ پرۆسەکە و ڕایگەیاند، پێم خۆشە ڕایبگەیەنم کە سەرەتاییترین بابەتی گفتوگۆکانمان دۆخی کارکردن و تەندروستی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بوو، کە لە ئیمرالی دایە و بە بانگەوازی ٢٧ـی شووبات قۆناغێکی نوێی لە تورکیا کردەوە، دەرگای چارەسەرکردنی دیموکراسییانەی کێشەی کورد کردەوە، ئێمە بە بەڕێز وەزیرمان ڕاگەیاند کە لە ژێر دۆخی گۆشەگیریدا، بەڕێز ئۆجالان ناتوانێت بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکات و دۆخی بەڕێز ئۆجالان گرنگترین بابەتە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە و ئەم دۆخە دەبێت بەبێ هیچ بیانوویەک هەنگاوی بۆ بنرێت. لەم بارەیەوە، لە داهاتوودا دەتوانین هەندێک پێشکەوتن ببینین. گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتیشی: کێشەی زۆر جددی لە سیستەمی دادپەروەری تورکیادا هەیە و ئێمە دەرفەتی ئەوەمان هەبوو کە بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی بکەین، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان بەندکراوە نەخۆشەکانە، دەزانین کە ئەمە نە مرۆییە و نە یاساییە، بیروڕای خۆمان دەربڕی دەربارەی پێویستی ئەنجامدانی ڕێکخستنێکی خێرا بۆ بەندکراوە نەخۆشەکان، بەخێرایی ئازاد بکرێن، ئێمە داواکارییەکانمان بۆ ئەم بابەتە پێشکەش کرد. هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا گوڵستان کلچ کۆچیگیت دەستنیشانی کرد، کە ئەوان ڕێکخستنی یاسایی لە کاتی پەتای کۆرۆنادا بۆ مەرجەکانی ئازادکردنی مەرجدار کە دەرکرابوو بەڵام “تاوانە ڕێکخستنییەکان” لەوە بەدەربوو، ئێمە لەوێ وتمان کە پێویستە ئەو بابەتەی تاوانە ڕێکخستنییەکان لە دەرەوەی یاسا دەهێڵێتەوە چارەسەر بکرێت و یاسایەکی یەکسان بێت، وەک ئێوەش دەزانن دادگای دەستووری تاوانی ‘هەرچەندە ئەندامی ڕێكخستن نەبێت بەڵام بە ناوی ڕێکخستنەکە تاوانی کردووە’ـی گەڕاندبووەوە، بەڵام سەرەڕای بڕیاری دادگای دەستووری، بەداخەوە پەرلەمان بە هەمان شێوە ئامادەی کرد و پەسەندی کرد، هەندێک زانیاری گەیشتە دەستمان کە دیسان دەیخەنە پاکێجی نوێوە، پێویستە ئەم بابەتە بەبێ بیانوو هەڵبگیرێت، داوامان لێکرد کە ڕێکخستنێک بەپێی بڕیاری دادگای دەستووری ئامادە بکرێت. گوڵستان کلچ کۆچیگیت ڕاشیگەیاند، یەکێک لە بابەتەکانی تری کۆبوونەوەکە لیژنەکانی بەڕێوەبردن و چاودێری بوون کە ڕێگر دەبن لە ئازادکردنی بەندکراوان، داوامان کرد ئەم لیژنانە سەرلەنوێ هەڵبسەنگێندرێن و دیموکراتیزە بکرێن، لەگەڵ ئەمەشدا؛ وتمان کە پێویستە ئەم لیژنانە بڕیارەکانیان بەپێی پێوەری بابەتی بدەن، ئەم میکانیزمە، وەکو میکانیزمی سزادانی دووەم بەکاردەهێنرێن و داوامان کرد دیموکراتیزە بکرێن و بەم شێوەیە لە پاکێجەکەدا جێگیر بکرێن. گوڵستان کلچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوە کرد، باس لە سزا دیسپلینەکان دژی بەندکراوان کران و وتی: ئەم سزا دیسپلینانە دەبێت بەڕاستی سەرلەنوێ ڕێک بخرێنەوە و ئەو چالاکییانەی بەندکراوان کە بۆ باشترکردنی دۆخی بەندیخانە ئەنجامیان دەدەن، وەک تاوانی دیسپلین هەژمار دەکرێن نابێت قبوڵ بکرێت. گوڵستان کلچ کۆچیگیت پاشان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە، لە وەڵامی پرسیاری “وەڵامی وەزیر چی بوو دەربارەی گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان و ئەو دەستکارییانەی داوا دەکەن لە یاسای لێبوردن؟”، گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتی: دەرفەتمان هەبوو کە هەموو ئەمانە بە دووقۆڵی باس بکەین، بەڕێز وەزیر بە وردی تێبینی هەموو ئەمانەی کرد، بەڕاستی هەندێک بابەتی دەستکاری یاسایی هەیە کە لەلایەن هەموومانەوە هاوبەشن، هەموو کەسێک دەزانێت کە چەندین دەستکاری یاسایی نادادپەروەرانە، ناهەق و دژی یەکسانی هەن، بۆ نموونە، کاتێک یاساکە دەرچوو، پەتای کۆرۆنا تەنها بەندکراوانی مەدەنی دەگرتەوە، مەترسی بۆ هەمووان هەبوو بەڵام تاوانی ڕێکخستن لەدەرەوەی ئەمە جێهێڵدرا، ئێمە ڕامانگەیاند کە ئەمە نادادپەروەرانەیە و قبوڵ ناکرێت، ئەوانیش ڕایانگەیاند کە لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن. ئەوان بە وردی تێبینی هەر بابەتێک دەکەن کە ئێمە باسمان کرد و پشتڕاستیان کردەوە کە لەسەر ئەم بابەتانە کار دەکەن و لە داهاتوودا بە دووقۆڵی بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەین. هەڵسەنگاندنمان دەرباری دۆسییەی کۆبانێ و چەند بابەتێکی دیکەش کرد.

لە ١٥ی ئازارەوە ئەمریکا  ڕۆژانە بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن و هەڕەشەی زیاتریان لێدەکات. هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ کەناڵی ABC News ئاشکرای کردوە کە ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکان لە ١٥ی ئازارەوە بۆ نزیکەی ٧٥٠ هێرش بەرزبووەتەوە. هەروەها ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، حوسییەکان لە سەرەتای مانگی ئازارەوە حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان MQ-9 Reaper ی هێزی ئاسمانی ئەمریکایان خستۆتە خوارەوە، کە شەش فڕۆکەیان لە 15ی ئازارەوە و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هەفتەی ڕابردوودابووە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی MQ-9 Reaper زانیاری چاودێری و سیخوڕی لە کاتی ڕاستەقینەدا دەدەن و لە دیاریکردنی ئامانجەکان بۆ هەڵمەتەکان زۆر گرنگن. بەپێی ئاماری خزمەتگوزاری توێژینەوەی کۆنگرێس، هێزی ئاسمانی ئەمریکا نزیکەی ٢٨٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9 Reaper لە کۆگاکانیدا هەیە، کە هەریەکەیان نزیکەی ٢٨ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بە فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی دەریایی F/A-18 ئەنجام دراون کە لە دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری ناوچەکەوە هەڵدراون، هەروەها 12 فڕۆکەی جەنگی دزێوی B-2 لە دیێگۆ گارسیا کە دوورگەیەک لە زەریای هیندستانە. هاوکات، تێچووی هەڵمەتە ئاسمانییەکە زیادی کردووە، بەهۆی گواستنەوەی سەروەت و سامانی زیادە بۆ ناوچەکە، بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، کە ڕایانگەیاندووە، تێچووی تەقەمەنی لە سەرەتای مانگی نیساندا نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بووە لە تەقەمەنی و پێشبینی دەکرێت بەم زووانە تێچوونەکانی بۆ یەک ملیار دۆلار بەرزبێتەوە.

  پێچەوانەی ئەو لێدوانانەی باس لەکشانەوە دەکەن، ئەمریکا لەم مانگه‌دا (نیسان) ڕەوانەکردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان زیادکردوە. سەرەڕای زیادبونی لێدوانەکان سەبارەت بەنیازی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)، پێشهاتەکانی سەر زەوی ئاماژەی بەپێچەوانەوە دەدەن، بەوپێیەی گەیاندنی هاوکاریی سەربازیی‌و لۆجستی بۆ بنکەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەتی لەپارێزگاکانی حەسەکەو حەلەب لەم مانگه‌دا زیادیانکردوە، ئەوەش بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ. ڕوانگەكه‌ لەڕاپۆرتێکدا پوختەی جوڵە سەربازیی‌و گەیاندنی هاوکارییە سەربازیی‌و لۆجیستییەکانی ئەمریکای بۆ بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لەمانگی نیساندا بڵاوکردوه‌تەوە کە به‌گوێره‌ى ئەوە، ئەمریکا بەپێچەوانەی ئەوەی لەمیدیاکاندا باسی لێوەدەکرێت، بونی سەربازیی خۆی لەڕۆژئاوای کوردستان بەهێزترکردوە، بەمشێوەیە: 1ـ بەهێزکردنی بونی سەربازیی: لەم مانگەدا هاتنی 7 فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی‌و 279 بارهەڵگری پڕ چەک‌و هاوکاریی لۆجیستیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەخۆوە بینیوە، کە سیستەمی ڕادارو ئامێری سەربازیی پێشکەوتوو و زرێپۆش‌و مۆلیدەی کارەبایی‌و تانکەری سوتەمەنییان گەیاندوە. 2ـ بەهێزکردنی ئەو بنکانەی پێشتر بەئامانج گیراون: بەهێزکردنەکان زیاتر فۆکەسی لەسەر بنکەکانی خەراب جیر، قەسرەک، شەدادی، غوەیران بوە، جگە لەبنکەکانی ڕەققەو کۆبانێ. 3ـ ئاسایشی ئاسمانیی‌و چاودێریی: هێلیکۆپتەرو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەیاوەری زۆرێک لەکاروانەکان بون، لەگەڵ فڕینی چڕی فڕۆکە جەنگییەکان لەکاتی پڕۆسەکانی دابەزاندنی هاوکارییەکان. 4ـ سیستەمی ڕادارو چاودێریی: هەندێک بنکەکان بەئامێری چاودێریی‌و موشەکیی دژە فڕۆکەو کامێرای گەرمیی خوێنەوە تەیارکراون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئامادەییە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر هەڕەشەیەکی گریمانکراو. 5ـ لێدوانی دژبەیەک: سەرەڕای بەردەوامی بەهێزکردنەکان، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەنیازی ئەمریکیەکان دەکەن بۆ کەمکردنەوەی بونی سەربازییان لەڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات هێشتنەوەی چەند بنکەیەکی سنوردار لەشەدادی‌و قەسرەک‌و ناوچەکانی باکوری حەلەب‌و ڕەققە. لێدوانەکان سەبارەت بەکەمکردنەوەی بونی سەربازیی لەگەڵ چالاکییە ڕاستەقینەکانی سەر زەویدا ناگونجێت، ئەمەش پرسیار لەسەر ستراتیژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لەسوریا لەماوەی داهاتودا دروستدەکات، چ لەڕوی جێگیرکردن‌و چ لەڕوی ئامانجە سەربازیی‌و سیاسییەکانەوە.

  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، لەگەڵ ئێران ناگەنە ڕێککەوتن، ئەگەر ئەو وڵاتە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت. مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران بیەوێت لەگەڵ واشنتن ڕێکبکەوێت، پێویستە لەسەری دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت، بەپێچەوانەوە هیچ ڕێککەوتنێک ناکرێت.  وەکوو ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی کرد "ئەگەر ئێران ئامانجی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتیانەیە، دەتوانێت وەکو وڵاتانی دیکە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە دەرەوە هاوردە بکات نەک خۆی بیپیتێنێت." لەبارەی ئەوەی گفتوگۆکانی ناڕاستەوخۆی نێوان واشتن و تاران گەیشتوونەتە چ ئاستێک، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا "هێشتا لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر دوورن، بەڵام دەخوازن بگەنە ڕێککەوتن." لە 12ـی نیسانەوە ئێران و ئەمەریکا دووجار بە ناڕاستەوخۆ کۆ بوونەتەوە و دانوستانیان لەسەر چەکی ئەتۆمی کردووە، یەکەمیان لە عوممان و دووەمیشیان لە ڕۆما بووە. وەزارەتی دەرەوەی عوممان ڕایگەیاندووە، سێیەم دانوستان لە 26ـی نیسان لە مەسقەت بەرێوە دەچێت.

  شەوی رابردوو لە هەولێر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە و لە دیدارەکەیان جەختیان لە "پێويستيى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێو هێز و لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى سووريا دا" کردەوە.     دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:   شه‌وى ڕابردوو 2025/4/23 لە هەولێر، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ مه‌زلووم عه‌بدى، فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كرد.   له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سووريا و په‌يوه‌ندييه‌كانى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات و لايه‌نه‌ سياسييه‌ كوردييه‌كان‌ له‌ سووريا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى سووريا تاوتوێ كران و ده‌رباره‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.   هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاوبه‌شى و به‌شداريى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كانى سووريا له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاته‌كه‌دا و مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانى هه‌مووان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌يى له‌نێو پێكهاته‌كانى سووريادا بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسى و ئاڵنگارييه‌كان.   پێويستيى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێو هێز و لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى سووريادا وه‌ك گارانتييه‌ك بۆ به‌ديهێنانى داوا و مافه‌ ڕه‌واكانى كورد له‌و وڵاته‌، دۆخى كامپى هۆڵ و ڕۆڵى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سووريا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

  شەپۆلێکی خۆڵبارین شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە، کەشناسیی عێراق پێشبینیدەکات، سێ رۆژ بەردەوامبێت، دواتر باران ببارێت و پلەکانی گەرما دابەزێت. دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کردووە، دوو بۆ سێ رۆژ بخایەنێت، هەروەها خۆڵبارینەکە بەو رادەیە چڕ نابێت مەترسی دروستبکات، بەڵام گرنگە هاووڵاتیان دەمامک بەکاربهێنن. عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، کەشوهەوای گشتیی وڵات جۆرێک لە ناسەقامگیری بەخۆیەوەدەبینێت و ئەم حاڵەتە لەم مانگەدا باوە. جابری دەڵێت، شەپۆلی خۆڵبارینەکە لە سعودیەوە بەرەو باشوور و رۆژئاوای عێراق هاتووە، ئاستەکەی هێشتا نەگەیشتووە بەوەی هۆشداری لەسەر بدرێت و هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان دروستناکات، بەڵام گەر دۆخەکە خراپتر بوو داوا لە دامەزراوەکان و هاووڵاتیان دەکرێت رێوشوێنی پێویستیی خۆپارێزی بگرنەبەر.

  لیژنەی ئامادەکاری بۆ "کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریا"، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشكرایكرد، سەرجەم رێوشوێنەكانی  تەواوکردووە، لە ئەمڕۆوە بانگهێشتنامەی بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا دەنێردرێت. عەبدولوەهاب خەلیل، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری كۆنفرانس، بە ئاژانسی "نۆرس پرێس" وتووە، دوێنێ چوارشەممە لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە کۆبووەتەوەو بڕیاریداوە بانگهێشتنامە ئاڕاستەی ئەو ئەندامانە بكات کە لەلایەن لیژنەی ئامادەکارییەوە دەستنیشانکراون، لەگەڵ  لایەنە کوردستانییەکانی بەشداربوی کۆنفرانسەکە. رونیشیکردەوە، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ناوی ئەو ئەندامانەی ناردووە کە هەڵیبژاردووە بۆ لیژنەی ئامادەکاری، ئێمەش لای خۆمانەوە بانگهێشتیان دەکەین. ئاماژەی بەوەشداوە، نوێنەری لایەنە کوردییەکان بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.  پێشتریش، سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا راگەیاند، زیاتر لە (300)کەس بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، ئامادەبون سنوردار دەبێت بۆ ئەوانەی ئێستا لە (رۆژئاوا) باکوری سوریا نیشتەجێن. لە کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریادا، بڕیار دەدرێت بە پێکهێنانی وەفدێكی هاوبەش بۆ پێشکەشکردنی دیدگای سیاسی كورد بە ئیدارەی دیمەشق، هەر لە كۆنفرانسەكەدا  ناوی وەفدەكەو ژمارەی ئەندامەكانی دیاری دەكرێن. جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رۆژی سێ شەممەی رابردوو  رایگەیاند، کۆنفرانسی یەك هەڵوێستی کورد لە سوریا لە (٢٦)ی نیسان بەڕێوەدەچێت.

  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئێران مەترسییەکی جدی بۆ سەر ئیسرائیل دروست دەکات و مەترسییە بۆ سەر داهاتووی هەموو مرۆڤایەتی. هاوکات جەختی لەسەر ئیرادەی حکومەتەکەی کرد بۆ بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە بە مەترسی ئێران وەسفی کرد، تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل ناچار بێت بە تەنیا مامەڵەى لەگەڵ بکات. سەرباری دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران و رێژەی پیتاندانی یۆرانیۆم كە دو گەڕی بەڕێوەچوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: ئەگەر جەنگەكە بەرامبەر بەئێران بدۆڕێنن، دواتر تاران هێرش دەكاتە سەر وڵاتانی رۆژئاوا. وتیشی: بۆ لێپرسینەوە لە ئێران، هیچ وڵاتێك رێگیریمان لێناكات، بۆیە ئەگەر پێویستیش ئیسرائیل بەتەنیا دەمێنێتەوە و بەردەوامی بەجەنگ لەگەڵ ئێران دەدات. سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەڵێن بێت رێگری لە تاران بكات و ئەو وڵاتە نەتوانێت ببێت بەخاوەەنی چەكی ئەتۆمی. لەگەڵ نزیکبوونەوەی چرکەساتی یەکلاکەرەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران، دژایەتییەکی توند لە نێوان ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ و حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرهەڵدەدات و هاوکێشەکانی ڕێگری و سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە. رۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.   دوای کۆتاییهانتی گفتوگۆکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دانوستاندنەکانیان "لە کەشێکی بونیادنەردا" بەڕێوەچوون؛ ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی چوارشەممە شاندە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە عومان کۆدەبنەوە و دواتر شاندە دیپلۆماسییەکان رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەمان وڵات دانوستاندن دەکەن.   گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.

  مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەو ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤا، لە هەولێر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كۆبونەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد لەوانە؛ سەقامگیریی رۆژاڤای كوردستان، پتەوكردنی گفتوگۆ و دیالۆگ. ئاژانسەکانى هەواڵى ڕؤژئاوا بڵاویانکردەوە، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جان نویل بارۆت لە هەولێر کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ڕێگاکانی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە، بەرزکردنەوەی دیالۆگ لە نێوان لایەنە سوریاییەکان و ڕۆڵی فەرەنسا لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی چارەسەری سیاسی. ئەم دیدارە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامانەیە کە لە لایەن ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە ئەنجام دراوە، بە ئامانجی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراسی و بەرزکردنەوەی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی سوریادا. فەرەنسا پێشتر پاڵپشتی خۆی بۆ ڕێککەوتنی سیاسی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەربڕیبوو، بە هەنگاوێکی ئەرێنی زانیبوو بەرەو چارەسەری ئاشتیانە کە گەرەنتی یەکڕیزی سوریا و مافی هەموو پێکهاتەکانی بکات بە کوردیشەوە.

  کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە سەرکەوتنێکی گەورەوە کۆتاییهاتنی نوێکردنەوەی گشتگیر و پێشکەوتووی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS) رادەگەیەنێت، وەک بەشێک لە پلانی ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و بەرزکردنەوەی ئامادەیی تەکنیکی بۆ خزمەتکردنی ملیۆنەها بەشداربوو بە بەرزترین و فراوانترین ئاستی دیجیتاڵی بێ کەموکوڕی.  گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS) پاش نوێکردنەوەکە، بریتییە: •    پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو و پۆلێنی جیاواز: سیستەمەکە ڕووماڵی گشتگیر بۆ سەرجەم بەشداربووان لە تاکەکان و هەروەها کۆمپانیاکان دابین دەکات و خزمەتی بەشداربووانی هێڵەکانی پریپەید و پۆستپەید دەکات لە رێگای رووکارێکی کارپێکردنی یەکگرتووەوە کە دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و بەرزکردنەوەی کارامەیی. ●    خێرایی خستنەبەردەستی تازەترین ئۆفەرەکان (Time To Market): ئاسیاسێڵ، لەمەودوا دەتوانێت خزمەتگوزاری بازرگانی لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا بخاتەبەردەست، ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوکردنی تواناکانی بۆ داهێنان و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ داواکاری و پێداویستییەکانی بازاڕ. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ئاسیاسێڵ بە سەرکەوتوویی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS)ی نوێکردەوە وپابەندییەکانی بە پێشخستنی تۆڕەکەی و باشترکردنی ئەزموونی بەکارهێنەران دووپاتدەکاتەوە. سلێمانی، عێراق 22ی نیسانی 2025 کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە سەرکەوتنێکی گەورەوە کۆتاییهاتنی نوێکردنەوەی گشتگیر و پێشکەوتووی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS) رادەگەنێت، وەک بەشێک لە پلانی ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و بەرزکردنەوەی ئامادەیی تەکنیکی بۆ خزمەتکردنی ملیۆنەها بەشداربوو بە بەرزترین و فراوانترین ئاستی دیجیتاڵی بێ کەموکوڕی.  رۆژی هەینی بەرواری 11ـی نیسان، لە پێناو گەرەنتیکردنی بەردەوامبوونی خزمەتگوزاری و کاریگەری نەخستنەسەر بەشداربووان، ئاسیاسێڵ دەرفەتی بەخشییە سەرجەم بەشداربووانی کە دەستیان بە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و پەیوەندی بێبەرامبەر و بێ کۆنترۆڵ بگات. ئاسیاسێڵ ئەمەی لە ئەنجامی راستەوخۆی پلانێکی تەکنیکی تۆکمەوە جێبەجێکرد بۆ کۆتایهێنان بە کاری نوێکردنەوەکە بێ گیروگرفت و گەرەنتیکردنی لە کارداهێشتنەوەی خزمەتگوزاریەکان و نەپچراندنی پەیوەندی. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS) پاش نوێکردنەوەکە، بریتییە: •    پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو و پۆلێنی جیاواز: سیستەمەکە ڕووماڵی گشتگیر بۆ سەرجەم بەشداربووان لە تاکەکان و هەروەها کۆمپانیاکان دابین دەکات و خزمەتی بەشداربووانی هێڵەکانی پریپەید و پۆستپەید دەکات لە رێگای رووکارێکی کارپێکردنی یەکگرتووەوە کە دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و بەرزکردنەوەی کارامەیی. ●    خێرایی خستنەبەردەستی تازەترین ئۆفەرەکان (Time To Market): ئاسیاسێڵ، لەمەودوا دەتوانێت خزمەتگوزاری بازرگانی لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا بخاتەبەردەست، ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوکردنی تواناکانی بۆ داهێنان و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ داواکاری و پێداویستییەکانی بازاڕ. ●    ژێرخانێکی گونجاو و پاڵپشتیکراو بە ژیری دەستکرد: سیستەمە نوێیەکە پشت بە ژێرخانی Cloud-native دەبەستێت کە بە یەکەی زیرەک بۆ پرۆسێسکردن و شیکردنەوەی داتا، کە یارمەتیدەرە بۆ فراوانبوونی توانا تەکنیکییەکان بە سانایی و پارێزگاریکردن لە بەرزترین ئاستی کارایی. ●    دیدگای بێ کەموکوڕی بۆ بەرێوەبردنی خزمەتگوزاری بەشداربوو (360 پلە): سیستەمەکە ئەزموونی بێخەوشی بەکارهێنان لە رێگای کۆکردنەوەی زانیارییەکانی پسوڵە، گواستنەوە، بەرێوەبردنی پەیوەندی بەشداربووان (CRM) و بەرێوەبردنی ڤاوچەرەکان و بەشەکانی تر لە یەک سیستەمدا کە رێگا خۆشدەکات بۆ پشتگیریکردنی وەڵامدانەوە بەشێوازێکی خێراتر و وردتر. ●    کارامەیی بەرزتری کارپێکردن: سیستەمە نوێیەکە کارامەیی ئاسیاسێڵ بەرزتر دەکاتەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری متمانەپێکراوتر، ئەم هەنگاوە بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدانی کارە ناوخۆییەکان و باشترکردنی بەرێوەبردنی دیجیتاڵی بۆ کۆمپانیا ئەژماردەکرێت.  دەربارەی ئەم سەرکەوتنە، بەرێز عامر سونناع، بەرێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ دووپاتیکردەوە کە نوێکردنەوەی سیستەمی پشتگیری کارەکان بەشێکە لە پابەندبوونە بەردەوامییەکانی بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی دیجیتاڵی بێ کەموکوڕی لە عێراق و  پتەوکردنی ئەو ژێرخانەی کە خزمەتی نزیکەی 20 ملیۆن بەشداربوو دەکات، هەروەها وا لە سێکتەرە ئابوورییە جیاوازەکان دەکات بگەنە چارەسەری تەکنیکی متمانەپێکراو و پێشکەوتوو. بەرێز عامر سونناع – بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاسیاسێڵ- زیاتر لەم بارەیەوە دوا و رایگەیاند: "ئەمرۆ ئاهەنگ دەگێرین بە بۆنەی سەرکەوتنێکی ستراتیژییەوە کە شوێنی ئاسیاسێڵ پتەوتر دەکات لە پێشەنگی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا. نوێکردنەوەی سیستەمی پشتگیری کارەکان (BSS)، پابەندییەکانمان دەچەسپێنێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێشکەوتوو و ئامادەیی تەواومان دەسەلەمێنیت بۆ خستنەبەردەستی نەوەی پێنجەم (5G) کە ئەزمونێکی خێراتر و زیرەکتر دەخاتە بەردەستی بەشداربووانمان." ئاسیاسێڵ پابەندی خۆی بۆ پێشەنگایەتی بواری پەیوەندییەکان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی دووپاتدەکاتەوە لە عێراق. ئەوەش لە رێگای وەربەهێنان لە نوێترین تەکنۆلۆجیاکان و پێشکەشکردنی تاقیکردنەوەی داهێنەرانە کە داواکارییەکانی بازار پڕبکاتەوە و بەشداری لە بەرەوپێشبردنی رەورەوەی ئابووی دیجیتاڵیدا بکات.________________________________________ دەربارەی ئاسیاسێڵ: "ئاسیاسێڵ، کۆماندەکاتەوە" دابینکاری سەرەکییە لە خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و  دیجیتاڵی لە عێراقدا. کە خزمەتی نزیکەی 20 مليۆن بەشداربوو دەکات. تۆرە نیشتیمانییەکەی زیاتر لە %99.06 ی دانیشتووان دەگرێتەوە و ئاستبەرزترین خزمەتگوزاری 4G لە سەرجەم پارێزگاکاندا پێشکەش دەکات. ئاسیاسێڵ، شانازی بە رۆلی پێشەنگەکەیەوە دەکات لە چەسپاندنی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا لە رێگای وەبەرهێنانە بەردەوامەکانی لە ژێرخان و تەکنۆلۆجیا پێشکەتووەکان. بۆ زانیاری زیاتر:  www.asiacell.com بەشی پەیوەندییە گشتییەکان – ئاسیاسێڵ:  [email protected] 

  كەسێكی دیكە لە شاری كەركوك بەهۆی تای خوێنبەربونەوە گیانی لەدەستدا و تەندروستی كەركوكیش ئاشكرای دەكات حاڵەتێكی دیكەیان تۆماركردوە، ئەمەش سێیەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، لە ماوەی کەمتر لە 10 ڕۆژدا تۆمارکراوە. سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕایگەیاند، ئەو کەسەى گیانى لەدەستداوە، ناوى (ز، ق) تەمەن (52) ساڵ دانیشتوی گەڕەكی روناكی لەشاری كەركوك و پیشەی گۆشتفرۆش بوە، یەكێك بووە لە توشبوانی تای خوێن بەربون، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە گیانی لەدەستدا. ئەو هاووڵاتیەی گیانی سپاردووە، ماوەیەکی زۆر لەژێر چاودێریی پزیشکدا بوو، چەند نەخۆشیەکی درێژخایەنی هەبوو، لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک گیانی سپاردوە. بەوتەى سەرچاوەکە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كەركوك حاڵەتێكی دیكەی توشبون بەتای خوێن بەربون كە كارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەكەیانە، تۆمار كردووە. تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە. فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لە شەوی چوارشەممە 16ی نیسانەوە هەڵمەتێكی بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربون لەڕێی پەیجی تایبەتی فەرمانگەكەوە  لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك راگەیاندووە، ئەوەش لەڕێی گرافیك و وێنە و زانیاریی كە تیایدا چۆنیەتی خۆپاراستن و زانیارییەكانی تر لەوانە نیشانەكانی پەتاكە بۆ خوێنەر روندەكاتەوە. لە ئایاری 2022ش حاڵەتێكی مردن بە هەمان پەتا لە كەركوك تۆماركرا، ئەوكات حكومەت هەندێك رێكاریی بۆ گۆشتفرۆش و سەربڕەكان دەركرد و هەڵمەتێكی فراوانی بۆ قەدەغەكردن و سزادانی گۆشتفرۆشە گەڕۆكەكان راگەیاند.

  سەرچاوە عێراقیەکان، ڕایانگەیاند پرسی بەشدارینەکردنى ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆمارى سوریا لەکۆبوونەوەى داهاتووى لووتکەى عەرەبى هێشتا چارسەر نەکراوە.  بڕیاره‌ سه‌رۆكى سووریا به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى لووتكه‌ى عه‌ره‌بى سه‌ردانى به‌غدا كه‌ له‌ ڕۆژى 17- 5 - 2025 به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ڕۆژنامەى شەرقلئەوسەت، لەڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردوە، هەوڵە سیاسییەکان بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەڵمەتانەى دژى بەشداریکردنی ئەحمەد شەرع گیراوەتەبەر، سەرەڕای ئەوەی زانیارییەکان باس لەوەدەکەن لەبرى شەرع، پێدەچێت ئه‌سعه‌د شه‌یبانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی راگوزەری سوریا نوێنەرایەتی وڵاتەکەی بکات لە بەغدا لە مانگی داهاتوودا. هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە ڕژێمی نوێ لە دیمەشق نەرمترەو جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆدایە بۆ پاراستنی "میوانەکانی"، ئەگەری ئەوەی ڕەتکردەوە کە "هەر لایەنێک دیپلۆماسی عێراق شەرمەزار بکات". هاوپەیمانی سەرکەوتن بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە "حکومەتی عێراق ئەرکی دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ سەرۆک و پاشاکانی عەرەبی لە نێویاندا ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریای پێسپێردراوە. عەقیل ڕوداینی، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەوانەی دژایەتی سەردانەکەی سەرۆککۆماری سوریا دەکەن، پلانیان نییە حکومەت و دیپلۆماسی عێراق شەرمەزار بکەن". لە کاتی بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 2025-04-16 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بانگهێشت دەکرێت بۆ لووتکەکە؟"  گوتی، "بەڵێ، بە فەرمی بانگهێشتنامەمان بۆ ناردووە، بەخێربێت بۆ ئامادەبوون و بەشداریی لە کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیدا."    ئەو قسەیەی سوودانی ناڕەزایی بەشێک لە شیعەکانی لێکەوتەوە و داوا دەکەن، بڕیاری دادگە لەبارەی دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع جێبەجێبکرێت. ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، رایگەیاند، ئەگەر لەکاتی هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ عێراق، کە بە "سەرۆکی ئێستای سووریا" ناوی برد، یاسا جێبەجێ بکرێت و دەستگیر بکرێت، لێکەوتەی دەبێت. له‌دواى 2003 ـه‌وه‌، پەیوەندییەکانی عێراق و سوریا بەهۆی کێشە ئاڵۆزەکانی ئەمنی و تیرۆر و دۆسیە یاساییەکانی پەیوەست بە پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان لە سەردەمی ئەو توندوتیژییە تائیفیانەی رووی لە عێراق کرد، تێکچوبوو.

  مازن فرایا وەزیری ناوخۆی ئوردن ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە دەستبەجێ کارکردنى ئیخوان موسلمین هەڵدەوەشێنرێتەوەو لەمەودوا بە ڕێکخراوێکی نایاسایی دەزانێت. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتی ناوخۆی ئوردن، ئیخوان موسلمین تێوەگلاوە لە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و کاری تێکدەرانە، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو کە کوڕی یەکێک لە سەرکردەکانی ئیخوان بۆمبی دروستکردووە. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە لە میانیدا بەیاننامەیەکی فەرمی خوێندەوە، وەزیرى ناوخۆى ئوردن قەدەغەکردنی سەرجەم چالاکییەکانی گروپى ئیخوان مسلمینى لە ئوردن ڕاگەیاند، هەر چالاکیەک بە هەر جۆرێک بێت بە پێشێلکردنی یاسا دادەنرێت و پەیوەندی بە لێپرسینەوەی یاساییەوە هەیە. مازن فرایا جەختی لەسەر خێراکردنی کارەکانی لیژنەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە کردەوە کە ئەرکی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی جوڵاو و نەجووڵاوی گروپەکەی پێسپێردراوە، بەپێی بڕیارە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان. جەختی لەوە کردەوە کە ئەندامێتی لە گروپەکەدا قەدەغەیە، هەروەها بەرەوپێشبردنی بیرۆکەکانی، بەپێی سزای لێپرسینەوەی یاسایی. هەروەها بڕیارەکە ڕاگەیەندرا کە هەر فەرمانگەیەک یان بارەگایەک کە گروپەکە لە سەرانسەری شانشینی یەکگرتوودا بەکاریدەهێنێت، تەنانەت ئەگەر هاوبەشی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەشدا بن، بە سزای لێپرسینەوەی یاسایی.

ئاسایشی رۆژئاوا، کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنێکی شەش رۆژەی لە کامپلی هۆل راگەیاند، کە 20 ئەندامی داعش و چەندین چەک و کەرەستەی سەربازییان دەستبەسەردا گرتووە و شانەیەکی مەترسیداری داعشیان دەستگیرکردووە. ئەمرۆ چوارشەممە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و بە پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆتایی هات، کە لە رۆژی 18ـی مانگەوە دەستی پێکردوە و بۆ ماوەی شەش رۆژ بەردەوام بوو. بەپێی راگەیەندراوی ئاسایش، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەی کامپی هۆل بۆ گرەنتی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و روبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەیە کە رێکخستنی داعش لەماوەی رابردوودا دروستیان کردووە، ئامانجێکی دیکە هەڵوەشاندنەوەی شانە نوستوەکانی داعشە لە ناوەوە و دەرەوەی کامپی هۆل، بۆ ئەوەش پرۆسەیەکی کیۆماڵی وورد و ئۆپەراسیۆنیان لە بەشە جیاوازەکانی ناو کامپی هۆل و ناوچەکانی دەوروبەری ئەنجامداوە. ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە - دەستگیرکردنی 20 ئەندامی داعش و هاوکارەکانیان. - دەستبەسەرداگرتنی چەکێکی جۆری کڵاشینکۆف و سێ دەمانچە و ژمارەیەکی زۆر گولـلە و کەرەستەی سەربازیی کە لەناو خێمەکاندا شاردرابونەوە. - شکستپێهێنانی هەوڵێکی هەڵاتنی بە کۆمەڵ، کە شانەکانی داعش لە ناوەوە و دەرەوەی کامپەکە پلانیان بۆ دانابوو، لەگەڵ دەستگیرکردنی سەرجەم ئەندامانی شانەکە. - هەڵوەشاندنەوەی شانەیەکی مەترسیداری داعش، کە بە هەماهەنگی شانەیەکی دیکە پلانیان بۆ کاری تێکدەرانە و تیرۆریستی داڕشتبوو. ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندووە؛ پرۆسەکە زۆر سەرکەوتوو بووە و گورزێکی کاریگەر بووە بۆ داعش، کە ویستوویەتی دۆخی مرۆیی ناو کامپەکە بقۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانی. هەروەک داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بەرپرسیارێتی یاسایی و مرۆیی هەڵگرێت بەرامبەر دۆسیەی کامپی هۆل و بە رژدی کاربکات بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانی لە کامپەکە و پاڵپشتی پێیوستی ئیدارەی خۆسەر بکات لەو دۆسیەیەدا.