هاوڵاتی جاکووب سالیڤان، راوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی، رۆژی یەکشەممە ١٦ی حەوت، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی (سی بی ئێس) ی ئەمریکا لە وەڵامی چەند پرسیارێکدا وتی :"" واشنگتن هەموو هەوڵێکی خۆی ئەدات بۆ ئازادی چوار زیندانی ئەمتیکایی لە ئێران، ئەگەری رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئەمریکا نزیک نییە" رۆبیرت مالی، راوێژکاری تایبەتی ئەمریکا بۆ کار و باری ئیران، مانگی رابردوو کارەکانی هەڵپەسێردرا. هەڵپەساردنی کارەکانی  پەرچەکرداری زۆری لە ناو سیاسییەکانی ئەمریکا لێکەوتەوە. سالیڤان دەربارەی ئەوەی ئاخۆ ئەمریکا رێککەوتنێکی کردووە لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئازادی چوار زیندانی ئەمریکایی لە ئێران یان نا وتی :" لەو کاتەوەی بایدن بە دەسەڵات گەیشتووە، ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان داوە بۆ ئەوەی  چوار زیندانی ئەمریکا ئازاد بکرێن، ئازاد بوونیان گەرنتی بکەین." وتیشی "ئێمە هەوڵمان ئەوەیە رێکەوتنێکمان ببێت بۆ ئەوەی ئەو چوار کەسە ئازاد بکرێن و بە شێوەی ناراستەوخۆ لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیداین. تا ئێستە رێککەوتنێکمان نەبووە کە ببێت بە هۆی ئازادیان. بەردەوامین لە سەر هەوڵەکانمان. هیوادارین سەرکەوتوو بین، بەڵام بە داخەوە ئەمڕۆ هیچ شتێکم نییە رایگەیەنم." ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی ئاخۆ ئەگەری هەیە بەمزوانە رێککەوتنێکی راستەقینەیان سەبارەت بە پرسی ناوکی ببێت لەگەڵ ئێران. لە وەڵامدا وتی :" لەپەیوەند لەگەڵ پرسی ناوکی، ئەگەری ئەوە نییە بەمزوانە هیچ رێککەوتنێک ببێت".    

هاوڵاتی رۆژی دووشەممە ١٧ی حەوت پێنتاگۆن رایگەیاند  بە مەبەستی پاراستینی ئەمنیەتی کەشتییە بازرگانییەکان کە ئێران دەیەوێت دەستیان بەسەردا بگرێت ، فڕۆکەو و کەشتنی جەنگی زیاتر دەنێرێتە گەرووی هۆرمۆز. بە وتەی پێنتاگۆن، بڕیار وایە ئەمریکا ژمارەیەک فڕۆکەی شەڕکەری (ئێف -٣٥) و پاپۆڕ شکێنی ( تۆماس هۆندەر) کە پێشتر لە دەریای سوور سەقامیان گرتبوو، بنێرێتە ئەو ناوچەیە. بەرپرسانی بەرگری ئەمریکا هەروەها هەفتەی رابردوو باسیان لە دامەزراندنی ژمارەیەک فڕۆکەی (ئێف- ١٦) کردبوو. هەروەها بۆ ماوەی دوو هەفتە ئەبێت، فڕۆکە جەنگیەکانی (ئەی -١٠) بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە چالاکییەکانی ئێران، لە ناوچەکە دامەزراون. دوابەدوای ئەوەی ئێران لە سەرەتای مانگی حەوتدا لە نزیک گەرووی هۆرمۆز، هەوڵیدا دەست بە سەر دوو کەشتی نەوت هەڵگردا بگرێت و تەقەی لە یەکیان کرد، ئەمریکا بڕیاریدا فڕۆکەی شەڕکەری زیاتر بێرێتە کەنداو. بڕیاروایە فڕۆکە ئەمریکییەکان ئاگایان لەو کەشتییە بازرگانیانە بێت کە لەم رێگا دەریاییەوە هاتووچۆ ئەکەن، هەروەها بڕیار وایە توانا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بە مەبەستی بەرگرتن بەوەی ئێران دەست بە سەر کەشتییەکاندا بگرێت ببەنە سەرەوە.  

هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێران دەبنە دووەم خراپترین هێڵەکانی جیهان لە روی کێشەی بڕان و سنوردارکردنەوە و وەزیرێکی وڵاتەکەش دەڵێت ژمارەی پێوانەییمان لە خێراییدا تۆمار کردوە. بە پێی زانیارییەکانی 300 پێگەی ئەلیکترۆنی بواری تەکنەلۆژیا لە 50 وڵاتی جیهان، ئێران دوای چین دووەم وڵاتە کە زیاترین فیلتەر و سنوردارکردن لە ‌هێڵەکانی ئینتەرنێت جێبەجێ دەکات و هاوکات زیاترین کێشەی بڕان و خاوەیی تۆمار کردوە. ئاماژە بەوە کراوە ئینتەرنێتی ئێران دوای وڵاتی میامنمار زیاترین کێشەی بڕین و خاویی تۆمار کردوە و بەوەش دووەمین وڵاتی جیهانە کە زیاترین کێشە لە هێڵەکانی ئینتەرنێتدا هەیە. لە کاردانەوەی ئەو هەواڵەدا عیسا زارعپور، وەزیری گواستنەوە و تەکنەلۆژیای زانیاریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەرلەمانی وڵاتەکە رایگەیاند؛ 600 پێگەی نەوەی پێنجەمی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە وڵاتەکەدا دامەزراوە و ئینتەرنێتی وڵاتەکەش خێرایی 6.5 تێرابایت لە چرکەیەدا تۆمار دەکات. وتەکانی وەزیرەکەی ئێران لە کاتێکدا لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران قەدەغە و فیلتەرکردنی سەرهێڵەکانی ئینتەرنێت لە لایەن دەسەڵاتەوە زیادی کردوە و ئەوەش خەڵکی ناچار کردوە دژە فیلتەر و ڤی پی ئێن بەکاربهێنن. مەهدی ساڵحی، پسپۆری ئینتەرنێت ئاشکرای کردوە لە ساڵی 2018 مانگانە بە بڕی 50 ملیارد تمەن ئەپلیکەیشنی (VPN) لە ئێران بە مەبەستی دەربازبون لە فیلتەر و قەدەغەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار هێنراوە بەڵام لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوەوە ئەو بڕە بۆ مانگانە 500 ملیارد تمەن بەرز بوەتەوە. ئێران بۆ چاودێریی و سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا قەدەغە و فیلتەری خستوەتە سەر زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداربوانی ئەو تۆڕانە ناچارن دژە فیلتەر (antifilter) و تۆڕی تایبەتی گریمانەیی (VPN) بکڕن. بە پێی ئامارەکان بڕین و چاودێریی ئینتەرنێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی نۆ ملیارد دۆلار زیانی لێکەوتوتەوە. مەجید سەدری، سەرۆکی دەستەی ئابوریی بەشی داهێنان و گۆڕانکارییەکانی دیجیتاڵ لە ژوری بازرگانیی تاران، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبو؛ زیانی راستەوخۆی بڕین و دروستبونی کێشە لە هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێران لە یەک مانگدا 770 ملیۆن دۆلار بوە و زیانی ناڕاستەوخۆشی نزیکەی یەک ملیارد دۆلار بوە. بە وتەی سەدری: زیانە گشتییەکانی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە مانگێکدا یەک ملیارد و 760 ملیۆن دۆلار بوە و لە کاتێکدا بڕینی ئینتەرنێت لە دوای ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردوە لە رابردودا تەنها چاودێریی و سنورداکردنی لەسەر بوە. لە پێنج مانگی دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان کە دۆخی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاسایی نەبوە، لانیکەم هەشت ملیارد و 800 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوریی لێکەوتوەتەوە. پێشتر ناوەندی داتا و زانیاریی لە ئێران ئاشکرای کردبو زیانەکانی بڕینی ئینتەرنێت لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 25٪ی ئابوریی ئێرانی گرتوەتەوە و بە زیاتر لە دو ملیارد و 574 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. لە ئامارەکانی ئەو ناوەندەدا ئاماژە بەوە کراوە ساڵی 2022 لانیکەم یەک ملیۆن و 700 هەزار پیشە لە رێگەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەچو و سەرچاوەی داهات و بژێویی نۆ ملیۆن کەس لە ئێران بوە.  لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئەوەی هەواڵ و وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی خۆپیشاندان و دۆخی وڵاتەکە بڵاو نەکرێتەوە ، هێڵەکانی ئینتەرنێت روبەڕوی بڕان و سانسۆر کرایەوە و ئەوەش زیانی زۆری بە ئابوریی ئۆنلاین و فرۆشگا ئەلیکترۆنییەکان گەیاندوە.

هاوڵاتی   بەرپرسێکی باڵای پەروەردەی ئێران رایگەیاند لە ساڵی داهاتووی خوێندنەوە، قوتابیانی ئێرانی ئیتر ناچار نین زمانی ئینگلیزی فێر بن، بەڵام پێویستە لە سەریان زمانی عەرەبی بخوێنن و فێر بن. رۆژی یەکشەممە ١٥ی حەوت ، فاتمە رەمەزانی دەبیری کۆمیسیۆنی بەرنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی ئێران بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاند:" لەمە بەدواوە قوتابییەکان ناچار نین زمانی ئینگلیزی لە خوێندنگەدا بخوێنن و ئەوان ئەتوانن جگە لە زمانی ئینگلیزی یەکێک لە زمانەکانی فەرەنسی، ئەڵمانی، رووسی، چینی و ئیسپانی  هەڵبژێرن، بەڵام خوێندنی زمانی عەرەبی کە زمانی قورعانە لە قوتابخانەکاندا ناچارییە." لە خوێندنگەکانی ئێران، لە قۆناغی ناوەندییەوە زمانی ئینگلیزی وەک یەکێک لە وانەکان دەوترێتەوەو قوتابی ناچارە بیخوێنێت. بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام باس لەوە کراوە پێویستە زمانێکیتری بیانی جێگەی زمانی ئینگلیزی بگرێتەوە. لابردنی خوێندنی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکان نیگەرانی ژمارەیەک لە شارەزایانی بواری پەروەردەی لێکەوتۆتەوەو ئەوان لایان وایە لابردنی زمانی ئینگلیزی، سەرەنجامی خراپی لە سەر کۆی سیستەمی پەروەردەی ئێران ئەبێت. عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران، زۆرجار لە وتاردانەکانی خۆیدا دژی وتنەوەی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکان وتاری داوە. هەفتەی رابردوو،ئاژانسەکانی هەواڵ باسیان لەوە کرد لەمەو بەدوا زمانی چینی دەبێت بە یەکێک لەو زمانانەی کە لە قوتابخانەکاندا دەوترێنەوە. بە پێی پەسەندکراوی نوێی شۆرای باڵای پەروەردە و بارهێنان کە لە لایەن ئیبراهیم رەئیسییەوە واژۆ کراوە، لەمەو بەدوا زمانەکانی "چینی" و "عەرەبی" لەو زمانانە ئەبن کە دەکرێت لە قوتابخانەکاندا بوترێنەوە لەگەڵ زمانەکانیتر. عەلیرەزا دێهقانی، شارەزا لە بواری پەروەردە و بارهێنان، ئەم هەنگاوەی پەروەردەی ئێران بە پێچەوانەی سیستەمی پەروەردەیی ئەمڕۆیی دەزانێ و دەڵێت:" هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی زمانی چینی یان رووسی بکەن بە جێگرەوەی زمانی ئینگلیزی لە سیستەمی پەروەردە، بەڵام ئەمە زیاتر لەوەی بە پێی لێکدانەوەی پەروەردەیی بێت بە هۆی بڕیاری سیاسییەوەیە. زمانی ئینگلیزی ئەمڕۆ زمانی یەکەمە لە هەموو دونیا و بێبەریکردنی قوتابییەکان لەو زمانە پێچەوانەی لێکدانەوە پەروەردەییەکانە."

هاوڵاتی دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، پێنج ملیۆن دۆلار و دوو ئۆتۆمبێلیان لە بەرپرسێک وەرگرتووەتەوە کە بەشێوەیەکى نایاسایی دەستی کەوتووە. حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دەستەکە توانیویەتی بڕە پارەیەکی زۆر لە بەڕێوەبەری پێشوی خانەنشینی ئەنبار وەربگرێتەوە کە پێنج ملیۆن دۆلار و دوو ئۆتۆمبێلە وەرگرێتەوە. وتیشی "یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانى لە جۆرى مارسیدز - جى کڵاس بووە، نرخەکەى 250 هەزار دۆلار بووە."  لە درێژەی قسەکانیدا، حەیدەر حەنون دەڵێت: تواندراوە حیجز بخرێتە سەر ماڵ و موڵکی یاریدەدەری هونەری پارێزگاری ئێستای بەغداد بەهۆی ئەوەی زۆربونی سامانەکەیەوە و دەستەی دەسپاکی بەردەوام دەبێت لە نەهێشتنی گەندەڵی لەڕێگەی ''ئەوەت لە کوێ بوو؟''.  

هاوڵاتی لە راگەیاندنێکدا کە رۆژی یەکشەممە ١٥ی حەوت، لە رۆژنامەی (شرق) بڵاوکرایەوە؛  ژمارەیەک لە باڵیۆز و دیپلۆماتەکانی ساڵانی پێشووتری ئیران، لە راگەیاندنێکدا ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە رووسیا و رەفتارەکانی رووسیا ، سەبارەت بە خاوەندارێتی سێ دوورگەی ( تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبوومووسا) و پشتیوانی کردنی رووسیا لە ئیمارات لە راگەیاندنێکیان بڵاو کردۆتەوەو وتوویانە :" رووسیاش بە هەمان شێوەی چین، پرسی دوورگەکان دەکاتە کەرەستەیەک بۆ رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو" لەم راگەیاندنەدا هاتووە:" بە داخەوە جارێکیتر ئەوەمان بینی لە پەیوەندی دیپلۆماتیک لەگەڵ وڵاتانیتر، فێدراسیۆنی رووسیا جارێکیتر وەک کۆماری گەلی چین بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی ئامانجەکانی خۆی لە ناوچەکەو بەرژەوەندییەکانی، پرسی یەکپارچەیی خاکی ئێرانی کردووە بە کەرەستەی مامەڵەکردنو لەم رێگاەوە پرسی بەرژەوەندییەکانی ئێرانی لە پانتای نێونەتەوەییدا پشتگوێ خستووە". ئەم دیپلۆماتانە هەروەها نووسیویانە:" دیپلۆماسی سەربەرزانە ئەوەیە کە بە هەموو شێوەیەک بەر بەوە بگیردرێت کە ئەمجۆرە هەڵوێستگرتنانە دووبارە بێتەوە لە مامەڵەی وڵاتانی دۆستدا". هەروەها جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە :" پرسی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و بەتایبەت یەکپارچەیی خاکی ئێران، پرسێک نییە کە بکرێت مامەڵەی لە سەر بکرێت لەگەڵ هیچ وڵات و سیستەمێکی سیاسیدا". لە بەشێکیتری راگەیاندنەکەی دیپلۆمات و باڵیۆزەکانی ساڵانی پێشتری کۆماری ئیسلامیدا رەخنە لە جۆری هەڵسووکەوتیان لەگەڵ جەمسەری رۆژهەڵات (چین و رووسیا) گرتووەو سیاسەتی دژە رۆژئاوایی براوەتە ژێر پرسیارەوەو نووسیویانە:" سیاسەتی بەرەو رۆژهەڵات چوونی یەکلایەنە و دژە رۆژئاوایی بوونی زێدەڕۆیانە و دروست نەکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتان و هێزە جیهانییەکان، بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێویستییە ژئۆپۆلیتیکییەکانی ئێران، زیانی گەورەی بۆ وڵات و بەرژەوەندییەکانی وڵات دەبێت." نامەی ئەم دیپلۆماتانە ئاماژەیە بە راگەیاندنی دانیشتنی کۆتایی رووسیا و شەش وڵاتی عەرەبی کەنداو لە سەر پرسی سێ دوورگەی کەنداو، کە لە ئێستادا ئێران خاوەندارێتی ئەکات و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئەو سێ دوورگەیە بە موڵکی خۆی ئەزانێت. لەم دانیشتنەدا کە رۆژی ١٠ی جوولای بەڕێوەچوو کۆبوونەوەیەداوڵاتانی کەندوا و رووسیا  جارێکیتر پشتیوانی  خۆیان  خۆیان لە هەوڵەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەربڕی بەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران کێشەی خاوەندارێتی ئەو سێ دوورگەیە یەکلایی بێتەوە و چارەسەر بکرێت. بڵاوبوونەوەی ئەو راگەیاندنە ناڕەزایەتی بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی ئێستای و پێشتری کۆماری ئیسلامی لێکەوتۆتەوە. زۆربەی بەرپرسان واژۆکردنی ئەو راگەیاندنە بە پشتکردنی رووسیا لە ئیران لێک ئەدەنەوە.

هاوڵاتی وڵاتی سوودان کە لەڕووی رووبەرەوە سێیەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقایە و خاوەنی سامانێکی زۆری سرووشتییە، ماوەی چوار مانگە بەهۆی پێکدادانی نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە دۆخێکی ناهەمواردایە و پێناچێت بەزوویی ئەم پێکدادانانە کۆتاییان بێت. پێکدادانەکان لە ١٥ی نیساندا لە خەڕتوومی پایتەخت دەستیانپێکرد و بەرەو شارەکانی باشوور و رۆژئاوای ئەو وڵاتە تەشەنەیان سەند، بەمهۆیەشەوە هەزاران کەس کوژران و زیادتر لە سێ ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون. سوپای سوودان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە دەستپێکردنی پێکدادانەکان تۆمەتبار دەکات و رووداوەکان وەک یاخیبوون وەسف دەکات، لە بەرامبەریشدا هێزەکانی پشتیوانی خێرا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سوپا لەژێر کۆنترۆڵی لایەنگرانی رژێمی پێشوو و ئەندامانی بزووتنەوە ئیسلامییەکاندایە و پێکدادانەکان وەک خەباتی خۆیان لەپێناو دیموکراسی و ئازادی ناودەبەن  

هاوڵاتی سێناتۆر رۆبیرت مێندێز، بەرپرسی کۆمیتەی  پەیوەندییەکانی  دەرەوەی مەجلیسی سێنای ئەمریکا، رۆژی هەینی ١٤ی جولای، بە بڵاوکردنەوەی تویتێک  پشتیوانی خۆی لە " ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران" دەربڕێ و وتی :" خەڵکی ئیران شایستەی ئەوەن پشتیوانیان لێ بکەین و ئێمە لەگەڵیانین". بەڕیوەبەری کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی سێنای ئەمریکا، ئاماژەی بەوە هەردوو حیزبی دیمۆکرات و کۆماریخواز پشتیوانی لەم راگەیاندنە ئەکەین  و نووسی :" جێی شانازییە بۆ من لەگەڵ هاوکارەکان  بە کۆی دەنگ، دەنگمان بە پەسەندکراوی ژمارە ٢ی سێنا دا دەربارەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و پێکەوەو بە هاودەنگ راگەیاندێکمان بڵاوکردەوە". ئەم سێناتۆرە جەختی کردەوە لە سەر " پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئێران" و هەروەها وتی :" رژێمی ئێران بریندارە ناڕازییەکان بە شێوەی بێ بەزەییانە قۆڵبەست و ئیعدام ئەکات. ئێمە پشتیوانی خۆمان لەو ژن و پیاوانە دەرئەبڕین کە خوازیاری گەیشتن بە ئازادین لە دەست ئەو ستەمکارییە رادەبەدەرەی کە بەسەریاندا زاڵە" پێشتر بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلێسی سنای ئەمریکا، وتبوو تۆتالیتەر و دیکتاتۆرەکان " لە ژوورە تاکەکەسییە تاریکەکانی زیندانەوە لە تاران" تا" زیندانی رێکخراوی ئەمنییەتی رووسیا لە مۆسکۆ" هاوڵاتییە بێتاوانەکانی ئەمریکا بە شێوەی ناعادڵانە قۆڵبەست ئەکەن و بە بارمتەیان دەگرن.

رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات پۆلیسی ئەخلاق دوای نزیکەی ساڵێک لە مەرگی ژینا ئەمینی دەستی بەکارەکانی کردوەتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لە شەقامەکان بڵاوەیان پێکراوە.   رۆژنامەی (ئیعتیماد) بڵاوی کردەوە؛ هێزەکانی سەر بە پۆلیسی ئەخلاق لە زۆربەی شەقامەکانی تارانی پایتەختی ئێران بەدی دەکرێن و بڵاوبونەوەی وێنەکانیشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی لێکەوتوەتەوە. رۆژنامەکە نوسیویەتی دوبارە دەستبەکاربونەوەی ئەو پۆلیسە لە کاتێکدایە لە کاردانەوەی دەستگیرکردن و مەرگی ژینا ئەمینی نزیکەی هەشت مانگ ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان رویدا و تا ئێستاش دۆخی وڵاتەکە ئاسایی نەبوەتەوە. ئیعتیماد ئاماژەی بەوە کردوە کە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران پێشتریش جەختی لەوە کردوەتەوە کە پۆلیسی ئەخلاق لە جیاتی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت پلان و بەرنامەی سەرپۆش و باڵاپۆشبونی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ بکات. دەستبەکاربونەوەی پۆلیسی ئەخلاقی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە ژینا ئەمینی دوای دەستگیرکردنی لە لایەن یەکەیەکی ئەو پۆلیسە لە تاران رەوانەی نەخۆشخانە کرا و سێ رۆژ دوای بێهۆشبونی، ژینای تەمەن 22 ساڵ لە 16 ئەیلولی ساڵی 2022  گیانی لەدەستدا و ئەوەش ناڕەزایەتییی بەرفراوانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لێکەوتەوە.

هاوڵاتی ژمارەی ئەو كەسانەی بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی و جوانكاریی پزیشكی دەچنە وڵاتی ئێران بەرزدەبێتەوە كە خەڵكی عێراق دووەم گەشتیاری بیانین كە بە مەبەستی چارەسەریی سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن. هاشم دەریاباری، سەرپەرشتیاری ناوەندی چاودێریی دەرمان و چارەسەری وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند؛ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بە مەبەستی چارەسەریی و جوانكاریی پزیشكی رو لە وڵاتەكە دەكەن بەرز بوەتەوە و لە سێ مانگی ئەمساڵیشدا 247 ناوەندی تەندروستی تایبەت كراوە بە گەشتیاران.      بە پێی زانیارییەكانی ناوەندی چاودێریی دەرمان سەر بە وەزارەتی تەندروستیی ئێران زۆربەی ئەو كەسانە بە مەبەستی چارەسەریی رویان لە وڵاتەكە كردوە تایبەت بون بە بوارەكانی ژنان و منداڵبون، نەشتەرگەرییەكانی چاو، جوانكاریی ، دڵ و دەمار، شێرپەنجە، چارەسەری سروشتی و نەشتەرگەریی گشتیی. هەروەها  ئێران لە رووی سەردانی گەشتیاری تەندروستییەوە دەكەوێتە ریزبەندی 46-ەمین وڵاتی جیهان كە زۆرترین گەشتیار بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی و جوانكاری رووی تێدەكەن. بە پێی راپۆرتێكی ئەنجومەنی پسپۆڕانی پزیشكیی ئێران؛ هەرزانبونی دەرمان لە ئێران بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی وەك عێراق و پاكستان و ئەفغانستان وای كردوە ساڵانە 300 بۆ 400 ملیۆن دۆلار دەرمان كە 80%ی هاوردەی دەرمانە بۆ ئێران، بە قاچاخ رەوانەی وڵاتانی دراوسێ بكرێتەوە بۆیە دەبێت نرخی دەرمانەكان لە ناوخۆی وڵاتەكە بەرز بكرێتەوە تا هەناردەی ئەو وڵاتە نەكرێت. لە راپۆرتەكەدا رون كراوەتەوە ئەو دەرمانانەی كە لە وڵاتانی جیهانەوە هاوردەی ئێران دەكرێن بە دۆلاری حكومی و هەرزان دەكڕدرێن و بە نرخی هەر دۆلارێك بۆ 50 هەزار تمەن رادەستی خەڵكی وڵاتەكە و گەشتیاران دەكرێت و هاوكات بەشێكیشی رەوانەی وڵاتانی دراوسێ دەكرێن كە بەهۆیەوە قەیرانی كەمی دەرمان رو دەدات و زیانمەندی سەرەكی ئەو حاڵەتەش دانیشتونی ئێران. دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار وای كردووە زۆربەی نرخی دەرمان و چارەسەرە پزیشكییەكانی لە ئێران بەرز ببێتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی گرنگیدانی زیاتر بە گەشتیارانی تەندروستی كە لە دەرەوەی وڵاتەكە روو لە ناوەندە پزیشكی و تەندروستیەكان دەكەن.  

هاوڵاتی بە پێی هەواڵی ماڵپەڕەکانی سەر بە بەلووچستان، تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک بە میرجاوە لە سیستان و بەلووچستان روویداوە کە بەم هۆیەوە ٤ ئەندامی سوپای پاسداران برینداربوون. ماڵپەڕی "رصد بلوچستان" رۆژی هەینی ١٤ی حەوت، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە نووسیویەتی ئۆتۆمبێلێکی سوپاس پاسداران کراوەتە ئامانج و لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەنگی تەقینەوەکە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی نێردراونەتە ناوچەکە. ماڵپەڕی (تسنیم) سەر بە سوپای پاسداران تەقینەوەکەی پشتڕاستکردۆتەوەو باسی لەوە کردووە کە ٤ ئەندامی سوپا بریندار بوون. تا ئێستە هیچ گرووپ و دەستەیەک بەرپرسایەتی ئەم تەقینەوەیان نەگرتۆتە ئەستۆ. هاوکات پێشتریش بەرەبەیانی شەممە ٨ی ئەم مانگە ، لە لایەن دەستەیەکی ٤ کەسی چەکدارەوە، هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە شاری زاهیدان لە پارێزگای بەلووچستان و بەو هۆیەوە ٢ چەکداری سەر بە دەسەڵات و ٤ کەسی هێرشبەریش کوژراون. هەر لەم پەیوەندەدا، گرووپی چەکداری "جەیش العدل" کە گرووپێکی چەکداری دژبەری کۆماری ئیسلامین لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئێران،  لە تویتێکدا بەرپرسایەتی ئەم هێرشەیان گرتۆتە ئەستۆ.  

هاوڵاتی ئێران بووەتە دەروازەیەكی گرنگ بۆ گەشتیارانی عێراق و هەرێمی كوردستان كە بەشێك لە گەشتیاران بۆ چارەسەری پزیشكی روو لەو وڵاتە دەكەن، هۆكارەكەشی بۆ خراپی كەرتی تەندروستی عێراق و هەرێم دەگەرێتەوە. لە ساڵێكدا زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 هەزار كەس بۆ چارەسەری تەندروستیی دەچنە ئێران و لەو ژمارەیەش  زۆربەیان خەڵكی عێراقین كە بووەتە هۆی ئەوەی داهاتی گەشتیاری وڵاتەكە بەرز بكەنەوە. ماوەی چەند ساڵێكە هاوڵاتییانی عێراق و دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گەشت و چارەسەری تەندروستی بەشێوەیەكی بەرچاو سەردانی ئێران و ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن و كرماشان بە سەرەكیترین شاری ئەو بەشە لە كوردستان ئەژمار دەكرێت كە زۆرترین خەڵك لە هەرێمەوە بە مەبەستی چارەسەری پزیشكی روی تێدەكەن. لە دوایین ئاماری ناوەندێكدا دەركەوتوە خەڵكی عێراق و هەرێم پشكی سەرەكییان بەردەكەوێت لە گەشت بۆ ئێران و زیاتر لە نیوەی گەشتیارانی وڵاتەكە پێكدەهێنن كە زیاتر لە یەك ملیار دۆلاریان بە داهاتەكەی زیاد كردووە. ئامانجی بەشێكی بەرچاوی گەشتیارانی هەرێم و عێراق بۆ ئێران بە مەبەستی تەندروستی و جوانكاریی پزیشكی بووە لە كاتێكدا دانیشتوانی ناوخۆی ئێران گیرۆدەی كەمی دەرمان و بەرزی نرخی چارەسەری پزیشكی و تەنانەت جوانكارییەكانیشن.   زیاتر لە نیوەی گەشتیارانی ئێران هاووڵاتیانی عێراقن ئەنجومەنی جیهانی گەشتیاری بڵاوی كردەوە؛ رێژەی سەردانی گەشتیاران بۆ ئێران لە ساڵی 2022 زیاتر لە 39% بەرز بووەتەوە و داهاتەكەشی نزیكەی یەك ملیار دۆلار بووە. بە پێی ئامارەكانی ئەنجومەنەكە 55%ی سەرجەم ئەو كەسانەی گەشتییان بۆ ئێران كردوە لە عێراقەوە بوون و بەوەش لە ریزبەندنی یەكەم وڵاتدا بون كە زۆرترین خەڵك بە مەبەستی گەشت رویان لە ئێران كردووە. ئەنجومەنەكە ژمارەی گەشتیارانی عێراقی بۆ ئێران بڵاو نەكردوەتەوە، بەڵام هاشم دەریاباری، سەرپەرشتیاری ناوەندی چاودێریی دەرمان و چارەسەریی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاندبوو؛ لە ساڵی 2022 یەك ملیۆن و 223 هەزار و 896 كەس بۆ چارەسەری تەندروستی روویان لە ناوەندە پزیشكی و نەخۆشخانەكانی ئێران كردووە. ئەنجومەنی جیهانی گەشتیاری ئاماژەی بەوە كردوە؛ ساڵی رابردوو گەشتیارانی بیانی لە ئێران زیاتر لە شەش ملیار دۆلاریان خەرج كردوە كە 97.9%ی بە مەبەستی بەسەربردنی كات و گەشتیاریی بوە و 2.2%ی مەبەستی گەشتەكان بازرگانیی بووە. دوای عێراق 12% گەشتیارانی ئێران خەڵكی توركیا و ئازەربایجان بون و هاوڵاتییانی پاكستان بە 5% و كوەیت بە 2% زۆرترین گەشتیاریان رویان لەو وڵاتە كردوە.   هەرزانی نرخ؛ نەخۆشەكان بەرەو ئێران دەبات محەمەد حسێن نیكنام، راوێژكاری وەزیری تەندروستی ئێران رایگەیاندوە ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس لە وڵاتانی جیهانەوە سەردانی ئێران دەكەن بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی كە زۆربەیان لە وڵاتانی دراوسێن. ئەنجومەنێكی گەشتیاریی ئاشكرای دەكات زۆرترین گەشتیار لە عێراقەوە سەردانی ئێرانی كردوە و رێژەی گەشتیش بۆ ئەو وڵاتە بەرز بوەتەوە. بە وتەی راوێژكاری وەزیری تەندروستی ئێران بەهۆی كەمیی نرخەكان و ئاستی گونجاوی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پزیشكییەكان، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی وڵاتانی دراوسێ وەك گەشتی تەندروستیی روو لە ئێران دەكەن بۆیە پلان هەیە ئاسانكاریی بكرێت بۆ ئەوەی لانیكەم لە ساڵێكدا شەش ملیۆن كەس بە مەبەستی چارەسەریی تەندروستی ورو لە وڵاتەكە بكەن. هەروەها دیاكۆ عەباسی، سەرۆكی ئەنجومەنی گەشتیاریی تەندروستیی رایگەیاند؛ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی كە پێش سەردەمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رویان لە ئێران كردوە زۆر زیاتر بوە لە ئێستا و داهاتی ساڵانەشی یەك ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بوە كە بۆ 700 ملیۆن تا 800 ملیۆن دۆلار كەمی كردووە. عەباسی ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە زۆربەی ئەو كەسانەی بە مەبەستی تەندروستی روو لە ئێران دەكەن خەڵكی عێراق، ئەفغانستان و عومان بوون.   خەڵكی عێراق لە ریزبەندی دووەمی سەردانی نەخۆشخانەكانی ئێراندا ژمارەی ئەو كەسانەی بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی و جوانكاریی پزیشكی دەچنە وڵاتی ئێران بەرزدەبێتەوە كە خەڵكی عێراق دووەم گەشتیاری بیانین كە بە مەبەستی چارەسەریی سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن. هاشم دەریاباری، سەرپەرشتیاری ناوەندی چاودێریی دەرمان و چارەسەری وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند؛ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بە مەبەستی چارەسەریی و جوانكاریی پزیشكی رو لە وڵاتەكە دەكەن بەرز بوەتەوە و لە سێ مانگی ئەمساڵیشدا 247 ناوەندی تەندروستی تایبەت كراوە بە گەشتیاران.      بە پێی زانیارییەكانی ناوەندی چاودێریی دەرمان سەر بە وەزارەتی تەندروستیی ئێران زۆربەی ئەو كەسانە بە مەبەستی چارەسەریی رویان لە وڵاتەكە كردوە تایبەت بون بە بوارەكانی ژنان و منداڵبون، نەشتەرگەرییەكانی چاو، جوانكاریی ، دڵ و دەمار، شێرپەنجە، چارەسەری سروشتی و نەشتەرگەریی گشتیی. ئێران لە رووی سەردانی گەشتیاری تەندروستییەوە دەكەوێتە ریزبەندی 46-ەمین وڵاتی جیهان كە زۆرترین گەشتیار بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی و جوانكاری رووی تێدەكەن.   دەرمانی گەشتیاران و دەردی  دانیشتوانی ئێران بە پێی راپۆرتێكی ئەنجومەنی پسپۆڕانی پزیشكیی ئێران؛ هەرزانبونی دەرمان لە ئێران بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی وەك عێراق و پاكستان و ئەفغانستان وای كردوە ساڵانە 300 بۆ 400 ملیۆن دۆلار دەرمان كە 80%ی هاوردەی دەرمانە بۆ ئێران، بە قاچاخ رەوانەی وڵاتانی دراوسێ بكرێتەوە بۆیە دەبێت نرخی دەرمانەكان لە ناوخۆی وڵاتەكە بەرز بكرێتەوە تا هەناردەی ئەو وڵاتە نەكرێت. لە راپۆرتەكەدا رون كراوەتەوە ئەو دەرمانانەی كە لە وڵاتانی جیهانەوە هاوردەی ئێران دەكرێن بە دۆلاری حكومی و هەرزان دەكڕدرێن و بە نرخی هەر دۆلارێك بۆ 50 هەزار تمەن رادەستی خەڵكی وڵاتەكە و گەشتیاران دەكرێت و هاوكات بەشێكیشی رەوانەی وڵاتانی دراوسێ دەكرێن كە بەهۆیەوە قەیرانی كەمی دەرمان رو دەدات و زیانمەندی سەرەكی ئەو حاڵەتەش دانیشتونی ئێران. دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار وای كردووە زۆربەی نرخی دەرمان و چارەسەرە پزیشكییەكانی لە ئێران بەرز ببێتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی گرنگیدانی زیاتر بە گەشتیارانی تەندروستی كە لە دەرەوەی وڵاتەكە روو لە ناوەندە پزیشكی و تەندروستیەكان دەكەن.      

پنتاگۆن ئاشکرای دەکات بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانیی و نەوتهەڵگرەکان لە کەنداو ئەمریکا فڕۆکەی جەنگیی رەوانەی ئەو سنورە دەکات. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا(پنتاگۆن) بڵاوی کردوەتەوە؛ بە ئامانجی رێگریی لە هەوڵەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەروی هورموز فڕۆکەی ئێف 16 رەوانەی ئەو سنورە ئاوییەی کەنداو دەکرێت و لەمەوداو سودوەرگرتن لەو جۆرە فڕۆکەیە زیاتر دەبێت. بە پێی لێدوانێ بەرپرسێکی باڵای پنتاگۆن لە کۆتایی ئەم هەفتەدا ژمارەیەک فڕۆکەی ئێف 16 رەوانەی کەنداو دەکرێن کە مەبەستی سەرەکییان رێگریی و بەرەنگاربونەوەی هەوڵەکانی ئێرانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان. پێشتر یەکەی پێنجەمی هێزی دەریاوانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ رۆژی چوارشەممە (5/7/2023) هێزەکای کۆماری ئیسلامی ئێران تەقەیان لە دوو کەشتی گواستنەوەی نەوت لە کەنداو کردوە و هەوڵیان داوە دەست بەسەر ئەو کەشتیانەدا بگرن. هێزی دەریاوانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردوە هێز ئێران لە رێگەی بەلەمە تیژڕەوەکانییەوە هەوڵی راگرتنی کەشتییەکانی داوە لە سنوری ئاوە نێودەوڵەتییەکانی کەنداو و دواتر ئەو هێزانە روبەڕوی ئاماژە و ئاگادارکردنەوەی هێزە دەریاوانییەکانی ئەمریکا لەو سنورە بونەتەوە و بە ناچاری شوێنەکەیان جێهێوشتوە. بە پێی بەیاننامەکە؛ سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی ئێران تەقەیان لەو کەشتیانە کردوە بەڵام هێزی دەریاوانی ئەمریکا رێگەی نەداوە ئەو دوو کەشتییە بکەوێتە دەست هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و شکست بە هەوڵی داگیرکردنی کەشتییەکان هێنراوە. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆ شیەتێدپرێس) بڵاوی کردوەتەوە؛ بەلەمەکانی ئێران لە دوریی 28 میلی دەریایی لە دوری مەسقەتی پایتەختی عۆمان تەقەیان لە دوو کەشتی یۆنان کردوە کە نەوتی وڵاتی ئیمارات-یان گواستوەتەوە. ئەمریکا رایگەیاندوە؛ لە دوو ساڵی رابردود لانیکەم پێنج کەشتی گواستنەوەی نەوت لە لایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و سوپای پاسداران و هێزەکانی ئەو وڵاتە کێشەیان بۆ ژمارەیەک کەشتی دیکەی بازرگانیی دروست کردوە.  

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی "حال وش" کە هەواڵ و زانیارییەکانی بەلووچستان بڵاو ئەکاتەوە، ئەمڕۆ هەینی ١٤ی حەوت ، هاوکات لەگەڵ نوێژی هەینی زاهیدان و شارەکانیتری پارێزگای سیستان و بەلووچستان، ئەنتەرنێتی ئەو پارێزگایە پچڕاوە. ماڵپەڕی ( نێت بلاکس) رێکخراوێک کە چاودێری سنووردارکردنی ئەنتەرنێت ئەکات لە دونیا، پچڕانی ئەنتەرنیتی لەو ناوچەیە پشتڕاستکردۆتەوە. هاوکات خەڵکی زاهیدان و شارەکانیتری ئەو پارێزگایە بە دەم بانگەوازی مەولەوی عەبدولحەمید، پێش نوێژی سوننەکانی زاهیدانەوە رۆشتن و بە شێوی بێدەنگ خۆپیشاندانیان کرد. لە خاش، یەکێکیتر لە شارە گەورەکەکانی سیستان و بەلووچستان، خەڵک هاتنە سەر شەقام و خوازیاری ئازادی زیندانییە سیاسییەکان بوون و پشتیوانی خۆیان لە مەولەوی عەبدولحەمید ، دەربڕی. لە چەند رۆژی رابردوودا و دوای ئەوەی لە لایەن گرووپی چەکداری "جیش العدل"ەوە هێرش کرایە سەر کەڵانتەری ١٦ی زاهیدان، ماڵپەڕە حکوومەتییەکان هەڕەشەیان لە مەولەوی عەبدولحەمید و خەڵکی بەلووچستان کرد بەوەی تۆڵەی خۆێنی ئەو دوو کەسەیان لێ دەسێننەوە کە لەو بنکە سەربازییەدا کوژراون. ماڵپەڕی "تسنیم" سەر بە سپای پاسداران، مەولەوی عەبدولحەمیدی بە هۆکاری ناڕەزایەتی و بشێوییەکانی بەلووچستان ناوبرد و داوای دەستگیرکردن و دادگایی کردنی بوون. حسێن شەرێعەتمەداری سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهان، رۆژی یەکشەممەی رابردوو (٩ی جولای)  داوای سزادانی مەولەوی عەبدولحەمید و ئەوانەی کرد کە پشتتیوانی ئەکەن و بۆ جاری چەندەم مەولەوی عەبدولحەمیدی بە بەکرێگیراو و سیخوڕی ئیسرائیل و مووساد ناوبرد. ەرەبەیانی شەممە ٨ی جوولای، لە لایەن دەستەیەکی ٤ کەسی چەکدارەوە، هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە شاری زاهیدان لە پارێزگای بەلووچستان و بەو هۆیەوە ٢ چەکداری سەر بە دەسەڵات و ٤ کەسی هێرشبەریش کوژراون.   هەر لەم پەیوەندەدا، گرووپی چەکداری "جەیش العدل" کە گرووپێکی چەکداری دژبەری کۆماری ئیسلامین لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئێران،  لە تویتێکدا بەرپرسایەتی ئەم هێرشەیان گرتۆتە ئەستۆ. کەڵانتەری ١٦، ئەو بنکە سەربازییەیە کە هێرشی کراوتە سەر و ئەم بنکە سەربازییەی رژیم بە هۆکاری سەرەکی روودوای "هەینی خوێناوی" زاهیدان دەناسرێت. رۆژی هەینی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ و لە هەفتەکانی یەکەمی دەستپێکی شۆڕشی ژینا، خەلکی زاهیدان بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە کوردستان، دوای نوێژی هەینی، رژانە سەر شەقام و دژی دەسەڵات دروشمیان وتەوە، بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان لە لایەن "کەڵانتەری ١٦"ەوە خۆپیشاندەران درانە بەر دەستڕێژ و زیاتر لە ١٠٠ کەس کە ژمارەیەکیان مناڵبوون کوژران و ئەو رووداوە بە هەینی خویناوی ناسراوە. هەر لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی "ژینا"وە، خەڵکی زاهیدان و سیستان و بەلووچستان، هەموو رۆژانی هەینی دوای نوێژی هەینی، دژی کۆماری ئیسلامی و هەڵاواردنە ئایینزایی، نەتەوەیی و جوگرافیاییەکان خۆپیشاندان ئەکەن. مەولەوی عەبدولحەمید وەک کەسایەتییەکی ئایینی رێبەری ناڕەزایەتییەکانی بەلووچستان ئەکات و سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان لە خواستەکانی خۆی پاشگەز نەبۆتەوە.  

هاوڵاتی بەغدادو تاران بازرگانییەكانی وزەی نێوانیان بەرز دەكەنەوە ئاڵوگۆڕی نەوتی كەركوك و گرێبەستی فرۆشتنی غاز بەعێراق درێژ دەكرێتەوەو زیادكردنی بەرهەمهێنان لەكێڵگە هاوبەشەكانیاندا بەرز دەكرێتەوە. ئێران و عێراق كە چەند كێڵگەی هاوبەشی نەوتیان لە سنوری رۆژئاوای روباری كارون لە باشوری ئێران هەیە بڕیاریان داوە بەرهەمهێنانەكانیان زیاد بكەن. ئێران كە لە ساڵی 2016 و بە پێی دوو گرێبەست غاز بە عێراق دەفرۆشێت، لە پەراوێزی هەشتەمین كۆبونەوەی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) قسەیان لەسەر پێشخستن و زیادكردنی بەرهەمهێنان لە كێڵگە هاوبەشەكانیان كردوە و بە وتەی وەزیری نەوتی ئێران بەغداد و تاران رێككەوتن بۆ ئەوەی هەنگاوەكانیان لە بواری نەوت و غازدا پێش بخەن. ئەگەرچی ئێران نوێكردنەوەی سەرجەم گرێبەستەكانی فرۆشی غازی بە عێراق پەیوەست كردوە بە دانەوەی قەرزەكان، بەڵام بەرپرسانی هەردولا دانیان بەوەدا ناوە هیچ قەرزێكی غاز نەماوە تەنها بەهۆی سزاكانی ئەمریكا ناتوانرێت مامەڵە بەو پارانەوە بكرێت كە عێراق وەك پێدانەوەی قەرزەكانی خستویەتیە سەر ئەژمارێكی بانكی ئێران لە بانكی بازرگانیی عێراق.   گرێبەستەكانی ئێران و عێراق لەكەركوكەوە تا ئیلام لە ساڵی 2013 لە بەغداد و ساڵی 2016 لە بەسڕە دوو گرێبەستی كڕینی غاز لە ئێران لە نێوان تاران و بەغدا كراوە كە بە پێی گرێبەستەكەی بەسڕە كە بۆ ماوەی شەش ساڵە، رۆژانە 35 ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ئێرانەوە رەوانەی عێراق دەكرێت، بەڵام هەر بە پێی ئەو گرێبەستە لە وەرزی سەرمادا هەناردەی رۆژانەی غازەكە بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا كەم دەكات. گرێبەستی بەغداد كە ساڵی 2013 واژۆ كراوە لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی كوردستانە غاز هەناردەی بەغدادی پایتەختی عێراق دەكرێت. تەنها لە ساڵی 2022 ئێران 17 ملیار مەتر سێجا غازی بە عێراق فرۆشتوە، بە وتەی بەرپرسانی ئێران لە ئێستادا ئاستی هەناردەی رۆژانەی غاز بۆ عێراق 35 ملیۆن مەتر سێجایە كە پارەكەشی مانگانە دەخرێتە سەر ئەژمارێكی بانكی بۆ ئێران. ژوری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق ئاشكرای كردوە جگە لە گرێبەستەكانی غاز ئامادەكاریی كراوە بۆ گرێبەستێكی پیشەسازیی غاز لەگەڵ تاران كە داهاتەكەی بۆ ئێران دەبێتە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار و كەمبونەوەی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق قەرەبو دەكرێتەوە. ئەو هەنگاوەی ئێران لە كاتێكدایە وڵاتی فەڕەنسا گرێبەستێكی پیشەسازیی بواری غازی لەگەڵ عێراق كردوە كە بەهاكەی 27 ملیار دۆلارە، بەڵام بەرپرسانی تاران بانگەشەی ئەوەیان كردوە كە دەتوانن لەو بوارەدا هاوكارییە پیشەسازییەكانی غازیان تا 50 ملیار دۆلار لەگەل عێراق. یەكێتی هەناردەكانی نەوت و غازی ئێران رایگەیاندوە قۆناغی ئاڵوگۆڕی نەوتی كەركوك دەستی پێكردوە و لەو چوارچێوەیەشدا رۆژانە 80 تەنكەر نەوتی خاو لە كەركوكەوە رەوانەی سنورەكانی ئێران دەكرێت و بڕیارە لە بەرامبەردا ئێران لە روی پیشەسازیی بواری غازی شلەوە هاوكاریی عێراق بكات. لە ساڵی 2016 دوای كۆنتڕۆڵی كەركوك لە لاین حەشدی شەعبی-یەوە هەناردەكردنی نەوتی خاوی كەركوك رەوانەی ئێران كراو و لە بەرامبەردا بەنزین لەو وڵاتەوە رەوانەی شارەكانی عێراق كراوە بەڵام وردەكارییەكانی ئەو ئاڵگۆڕەی نەوتی كەركوك كە بە سیستمی (SWAP) ناو دەهێنرێت رون نییە، بەڵام چەند جارێك رەوانەكردنی نەوتی خاو بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی توركیا راگیراوە.   كەچەڵ تیماری سەر خۆی پێناكرێت پێشتر جواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لە لێدوانێكدا لە بەغداد بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیانبدو رێككەوتنێك لە نێوان تاران و بەغداد واژۆ كراوە بە مەبەستی پەرەپێدانی ئەو كێلگە غازی و نەوتانەی كە لە نێوان دوو وڵاتەكەدا بە هاوبەشی بەڕێوەدەچن. وەزیری نەوتی ئێران وتویەتی: لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا جگە لە دروستكردنی هێڵی بۆڕی نەوت و غاز لە نێوان دوو وڵاتەكەدا، ئێران كار دەكات بۆ نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك لە پاڵاوگەكانی عێراق. بەهۆی بەرزبونەوەی خواست لەسەر غاز و نەبونی بودجە بۆ چاكسازیی لە سیستمی بەرهەمهێنان و بەكارهێناندا، ئێران روبەڕوی قەیرانی غاز دەبێتەوە و بەڵگەكانیش ئاشكرای دەكەن ئەگەر ئەو وڵاتە چاكسازیی نەكات ناچارە غاز هاوردە بكات. بە پێی ئەو بەڵگە نهێنییانەی كە گروپێكی هاككەر لە پێگەی ئەلیكترۆنی سەرۆكایەتی كۆماری لە ئێران دزەیان پێكردوە، نۆژەنكردنەوە ئامێرەكانی كێلگە و پاڵاوگەكانی نەوت و غازی وڵاتەكە پێویستی بە 25 بۆ 30 ملیار دۆلار هەیە و هەر بەو هۆیەوە چەند ساڵێكە بەرهەمهێنانی غاز زیادی نەكردوە. لەو بەڵگانەدا دەركەوتوە؛ ناهاوسەنگیی لە بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی غازی رۆژانە لە ئێران گەیشتوەتە 350 ملیۆن مەترسێجا و ئەگەر تا سێ ساڵی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بەرز نەكرێتەوە و چاكسازیی لە شێوازی بەكارهێنانی ئەو سوتەمەنییەدا نەكرێت، وڵاتەكە ناچارە غاز لە دەرەوە هاوردە بكات. غاز سەرچاوەیەكی سەرەكی سوتەمەنیی بزوێنەری كارگە و ئۆتۆمبێلەكانە لە ئێران و زۆرینەی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەش بە مەبەستی گرمكردنەوە لە وەرزی زستاندا سودی لێوەردەگرن. بڵاوبونەوەی ئەو بەڵگانە لە كاتێكدایە ئێران خاوەنی 44 تریلیۆن سێجا غازە و وەك دووەم وڵات دوای روسیا  ئەژمار دەكرێت كە خاوەنی 21%ی یەدەگی غازی جیهانە.