ماوەى دوو ڕۆژە شەڕو پێکدادان لە نێوان گروثیک کە خۆیان بەدڵسۆزانى ئەسەد ناساندوە لەگەڵ ئیدارەى نوێى سورسا لەچەند ناوچەیەکى ئەو وڵاتە ڕویداوەو تائێستاش گرژى و ئاڵۆزیەکان بەردەوامن. بەپێى ئامارێکیش 16 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانى حکومەتى ئەو وڵاتە کوژراون. بەپێى زانیاریە بڵاوکراوەکان هاوکاتى ئەو گرژیانە، عەلەوییەکان لەچەند ناوچەیەکى سووریا دەستیان بە راپەڕین و خۆپیشاندان کردوە دژی ئەحمەد شەرع داوا ئەکەن ناوبراو دەسەڵات بەجێ بهێڵێت. وەزارەتی ڕاگەیاندنی سوریا ڕاگەیاندووە، پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی کەناراوەکان لە ناوچەى جەبل، بەڵام توانیویان تاڕادەیەک کۆنترۆڵی بکەن. بەپێی ئامارێکی نوێ کە لەلایەن ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤەوە ئاشکراکراوە، ڕۆژی پێنجشەممە 16 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە هێرشەکانی چەکدارانی دڵسۆز بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراوی سوریا لە ڕۆژئاوای سوریا کوژران. ڕوانگەکە ڕایگەیاندووە: ژمارەی کوژراوانی هێرش و بۆسەی چەکدارانی لایەنگری ئەسەد لە شارۆچکەی جەبلە و لادێکانی بۆ 16 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سوریا بەرزبووەتەوە، ئەمەش توندوتیژترین هێرشەکانی دژ بە دەسەڵاتی نوێیە لەدوای ڕووخانی ئەسەد" لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا. پێشتر هێزە ئەمنییەکانی سووریا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاندبوو کە لە ڕۆژاوای ئەو وڵاتە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەفسەری پێشووی سوهەیل حەسەن کە یەکێک بوو لە دیارترین سەرکردەکانی سوپا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد، سەرقاڵی شەڕو پێکدادانن. ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانا لە زاری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای لازقییە بڵاویکردەوە، "ئەو گروپە چەکدارانەی کە هێزە ئەمنییەکانمان لە لادێکانی لازقیە لەگەڵیاندا پێکدادان دەکەن، سەر بە تاوانباری جەنگ سوهەیل ئەلحەسەنن". لای خۆیەوە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە هەلیکۆپتەرە سەربازییەکان هێرشیان بۆ سەر چەکدارانی لازقیە دەستپێکردووە، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرانی یەکێک لە ئەندامەکانیان لەو ناوچەیە ڕاگەیاند. https://t.me/hawlatinews/23144
ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی بەشداری لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵییەکەى بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. پێنج سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە واشنتۆن بەردەوامە لە فشارەکانى بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتى هەرێم. وەزارەتی نەوتی عێراق میوانداری دانوستانەکانی خێراکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات. بەهۆی ناکۆکی لەسەر مەرجەکانی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی نەوت تا ڕۆژی پێنجشەممە دواکەوتوون. یەکێک لە سەرچاوەکان کە بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراقە و زانیاری ڕاستەوخۆی لەسەر کۆبوونەوەکە هەیە، وتی ئامادەبوونی پلان بۆ داڕێژراوی ئەو دیپلۆماتکارە کە بنکەکەی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدایە، لە وەڵامی داواکارییەکی واشنتۆن بووە. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتی عێراق وتی: ئامادەبوونی ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە ئامانجی یارمەتیدانی هاندانی دانوستانەکانە بۆ پێشەوە و گەیشتن بە چارەسەر بۆ ئەو پرسانەی کە ڕێگری لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەکەن بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان ڕازی بکات. ڕۆیتەرز مانگی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە عێراق کەوتۆتە ژێر فشاری زیاتری ئەمریکاوە بۆ ئەوەی ڕێگە بدات بە هەناردەکردنی نەوتی کورد لە ڕێگەی تورکیاوە، بەمەش دابینکردنی نەوت بۆ بازاڕی جیهانی بەرز دەبێتەوە لە کاتێکدا واشنتۆن دەیەوێت هەناردەی نەوتی ئێران کەم بکاتەوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران. ئێران عێراقی دراوسێ و هاوپەیمانی خۆی بە گرنگ دەزانێت بۆ هێشتنەوەی ئابوورییەکەی لەناو گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان. بەڵام سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، بەڵام بەغدا کە هاوبەشی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێرانە، ئاگادارە لە گیرخواردن لە سزاى سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ فشاری تاران. بەرپرسێکی حکومی نزیک لە دانوستانەکان وتی: پێداگرییەکی بەهێز لەلایەن لایەنی ئەمریکاوە هەیە لەسەر دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی دانوستانەکان (لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کورد) بەهەر شێوەیەک بێت. "هیوادارین ڕۆڵی ئەمریکا یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مەعقول و قبوڵکراو بۆ حکومەتی عێراق." بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06-03-2025) حەیان عەبدولغەنی لە بەغدا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراقی-تورکی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە لە وەزارەتەکانی عێراق. وەزیری نەوت جەختی لە گرنگیی ئەو دۆسیانە کردەوە، کە پەیوەندییان بە کارەکانی لیژنەکەوە هەیە، بەتایبەتی دۆسیەی ئاو و نەوت. وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، بەم زیکانە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا، کارا دەکەن.
سبەینێ دوا وادەی ئەو رێگەپێدانەیە کە دەرفەت بە عێراق دراوە غازی ئێران هاوردە بکات بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، لە ئەگەری رێگەپێنەدانی ئەمەریکا بۆ تازەکردنەوەی ئەو گرێبەستە، عێراق روبەڕووی قەیرانێکی گەورەی غازو کارەبا دەبێتەوە. سایتی (ریل کلیەر ئینێرجی) ئەمەریکی تایبەتمەند بە کەرتی ووزە بڵاوی کردەوە: رۆژی 7ی ئازار، گرێبەستی کڕینی غازی ئێران بۆ دابینکردنی کارەبای عێراق کۆتایی دێت و ئیدارەی نوێی ترەمپ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، بۆ ئەوەی عێراق لە کۆتی وزەی ئێران رزگاربکات، لە هەمانکاتدا، قەیرانی غاز و کارەبا لە عێراق سەر هەڵدەدات ئەگەر بەزووی فریای خۆی نەکەوێت و دەرچەیەک نەدۆزێتەوە. ئەو دەرفەتە 120 رۆژییەی ئیدارەی بایدن لە کۆتایی دەسەڵاتیدا بە عێراقیدا بۆ بەدەرکردنی لە سزاکانی سەر کەرتی وزەی ئێران بۆ کڕینی کارەبا و غاز بۆ وێستگەگانی بەرهەمهێنانی کارەبا سبەینێ هەینی کۆتایی دێت، ئیدارەی ترەمپیش نیەتی ئەوەی نییە جارێکی دیکە ئەو دەرفەتە بداتەوە بە عێراق بۆ کڕینی کارەبا و غاز، ئەوەش بەپێی یاداشتی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا تایبەت بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە 4ـی شوباتی ئەمساڵ ئیمزای کرد بۆ ئەوپەڕی فشارخستنە سەر ئێران. ئەمەریکا پێیوایە، بە نوێ نەکردنەوەی گرێبەستی نێوان ئێران و عێراق بۆ کڕینی کارەبا و غاز، عێراق سەربەخۆیی زیاتر لە رووی وزە و کارەباوە بەدەستدەهێنێت، کە زۆر پشت بە ئێران دەبەستێت و ناچاری دەکات بۆ هاوینی 2025 لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت یان دەرچەی دیکە بدۆزێتەوە. هەروەها ئامانجێکی دیکەی ئەمەریکاش بەدەستدێت، کە دەیەوێت هەموو سەرچاوەکانی پارەدارکردنی ئێران وشک بکات، کە عێراق دەروازەیەکی سەرەکیی ئێران بۆ ساغکردنەوەی سوتەمەنی و هەناردەکردنی بەشێکی زۆری سوتەمەنییەکەی بۆ ئەو وڵاتە بەناوی دابینکردنی غازەوە، بەوەش دۆلارێکی باشی دەستدەکەوێت، کە بەپێی سزاکانی ئەمەریکا، قەدەغەیە ئێران لە هیچ سەرچاوەیەکەوە دەستی بە دۆلار و سەرچاوەی داهات بگات. راپۆرتی سایتە ئەمەریکییەکە نوسیویەتی: بەشێکی زۆری باڵ و لایەنگرانی ئێران، بەتایبەتی حەماس و حیزبوڵڵا و رژێمی ئەسەد کە لایەنگری ئێران بوون و هەژمونی بەسەریاندا هەبوو، لەناوچوون یان بە تەواوەتی لاواز بوون، بە بڕینی باڵەکەی عێراقیشی، ئەو وڵاتە بە تەواوەتی لاواز دەبێت، عێراقییەکانیش چاوەڕوانی سیاسەتی ئەمەریکان بەرامبەر بە وڵاتەکەیان، کە لەماوەی نزیکەی 85 رۆژی سەرۆکایەتی تائێستا هیچی روون نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت توندبێت و جیاوازبێت لە سەردەمی بایدن و تەنانەت ویلایەتی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپیش. شارەزایان پێیانوایە فشارەکانی سەر عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە بۆ ئەم قۆناغە گونجاو نییە، چونکە بەوهۆیەوە عێراق 40%ی وزەی کارەبای بۆ ئەم هاوینە لەدەست دەدات و ناشتوانێت دەستوبرد ئەو دۆسیەیە چارەسەر بکات و جێگرەوەی کارەبا و غازی ئێران بۆ ئەم هاوینە دابین بکات. ئەو سزا ئابووریانەی کە چاوەڕوان دەکرێت، ئەمەریکا بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، کاریگەرییەکانی زیاتر لەسەر عێراق دەردەکەوێت، چاوەڕوان دەکرێت ئەو سزایانە لە هاوینی گەرمی ئەمساڵدا عێراق بێکارەبا بکات و گەرما تاقەت پڕوکێنەکەی بیسوتێنێت.
عەبدولڕەزاق ئەلخەتیب، سەرکردە لە ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆى شارۆچکەى درعاى باشوری سوریا ڕایگەیاند، تا ئێستاش پێکدادانەکان لەگەڵ گروپێکی چەکداری دەرەوەی یاسا لە گەڕەکی باشووری ڕۆژئاوای شاری ئەلسەنمەین لە لادێکانی باکوری دارا چڕن. ئەلخەتیب لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دەڵێت پێکدادان لەنێوان گروپە چەکدارەکان لە شاری ئەلسەنمەین ڕوویداوە و لە ئەنجامدا بریندار و گیانلەدەستدانی هەردوو لایەن و هاوڵاتی مەدەنی ڕوویداوە. ئەلخەتیب دەشڵێت: دوابەدوای ئەوە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئامادەبوو لە شارەکە دەستبەجێ دەستوەردانیان کرد و خاڵی پشکنینیان لەناو شارەکەدا جێگیرکرد و یەکێک لە خاڵەکانیش بەر تەقەی ڕاستەوخۆ کەوت، ئەمەش بووە هۆی برینداربوونی ئەفسەرێکی ئاسایشی ناوخۆ. ئەو سەرکردەیەی ئەمنی ئاماژەی بەوەدا کە "هێزە سەربازییەکانی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری بە یاوەری ئاسایشی ناوخۆ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتنە دەوروبەری شارەکە، بۆ هەڵکوتانە سەر بوونی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا".
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەو دانیشتنەی بۆ لێپرسینەوە لەگەڵی و دواتریش لەکارلابردنی رێكخرا، بە نادروست و پێشێلکردنی یاساکان ناودەبات. ئەمڕۆ، ئەنجومەنى پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەى دەنگ “ئەحمەد حاسوود”ـی لە سەرۆکی ئەنجومەنەکە بەتۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەکەی دوورخستەوە، لەبەرامبەریشدا حاسوود تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەکەی رەتدەکاتەوە. دوای بڕیارەکە، هاوپەیمانی (پەیمانی نیشتمانی) بەیاننامەیەکی بڵاوكردەوەو، تیادا ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەحمەد حاسود، جەختدەكات، ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی دانیشتنی لێپرسینەوەوە روویدا، پێشێلکردنی بڕگەکانی یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی (٢٠٠٨) هەموار کراو بووە، هەروەها مادەی(٣٠)ی پەیڕەوی ناوخۆ، کە بە روونی دیاری کراوەو دەبێت پرسیارەکان حەوت رۆژ پێش بەرواری دانیشتنەکە، بگاتە دەستی ئەو کەسەی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکراوە، پرسیارەکانی پەیوەست بە لێپرسینەوە لەماوەی یاسایدا نەگەیشتونەتە بەردەم وەڵامدەرەوە، ئەوەش وا دەکات ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر پێشێلكاری یاسایى بن لەرووی فۆرم و بابەتیەوە. ڕاگەیەندراوەکە جەخت دەكات، بەو پێیە هەر بڕیارێک یان رێکارێک لەو دانیشتنە دەربچێت، لە رووی یاساییەوە بە نادروست دادەنرێت، هەموو هەنگاوێكی یاسایش دەگرنەبەر بۆ زامنكردنی رێزگرتن لە یاسا و رێسا بەركارەكان.
ڕووسیا ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێران نیشاندا، لەئەگەرى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتۆن و مۆسکۆ لەم دواییانەدا نزیکبوونەوە بە شێوەیەکی نافەرمی. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بلومبێرگ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسیەکەی کردووە کە ئاسانکاری بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بکات سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی و پرسەکانی دیکەی ئەمنی وەکو وەکیلەکانی ناوچەکە، بەگوێرەی زانیارییەکان سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پوتین لە 12ی شوباتدا ئەو بیرۆکەیەی وروژاندووە. پاشان جارێکی دیکە بابەتەکە هاتە ئاراوە کاتێک مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە ١٨ی شوبات لە سعودیە بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا کۆبوونەوە. دواتر لاڤرۆڤ سەفەری ئێرانی کرد و دەگوترێ لەوێدا عەباس ئاراغچی وەزیری دەرەوەی ئێرانی سەبارەت بە گفتوگۆ ئەگەرییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئاگادار کردۆتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملینەوە هاتووە کە “پێویستە ئەمریکا و ئێران هەموو کێشەکان لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکەن”، جەختی لەوە کردووەتەوە کە مۆسکۆ “ئامادەیە هەموو هەوڵێک بدات بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە”. دانوستانەکان بە نێوەندگیری ڕووسیا حەوت ساڵ دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ لە خولی یەکەمی ترەمپدا تێدەپەڕێت. هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا هەوڵدەدات سیاسەتی “زۆرترین فشار”ی خۆی بەسەر تاراندا زیندوو بکاتەوە لە ڕێگەی سەپاندنی قورسی سزاکان و هەڕەشە جیۆپۆلەتیکیەکانەوە، بەڵام ئاماژەی بە ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانە نوێکراوەکانی بەرەو ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی کردووە. بەڵام ئێران و ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران تا ئێستا بە ئاشکرا دانوستانەکانیان لەگەڵ واشنتۆن ڕەتکردۆتەوە، بەڵام دەرفەتێک لەگەڵ ڕووسیا – هاوپەیمانی تاران – چونکە نێوەندگیری دەتوانێت ئەو هەڵوێستە بگۆڕێت.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە وەڵامی عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاک پارتیی دەسەڵاتدار کە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەی کردبوو دەبێت تەواوی درێژکراوەکانی پەکەکە لە سوریا و عێراق جا بە هەر ناوێکەوە بن خۆیان هەڵبوەشێننەوە، دەڵێت: "ئەوا عومەر چەلیکە ئاوای لێ تێگەیشتووە، نەک دەوڵەت". لە هۆڵی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە لەبارەی ئەو پرۆسە نوێیەی لە تورکیا و باکوری کوردستان دەستی پێکردووە. هاتیمئۆغوڵڵاری لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئیدارەی خۆسەریش لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەدا لە دەقی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا باسی یەپەگە و هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری نەکراوە. هاتیمئۆغوڵڵاری سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە نایەوێت لەمبارەیەوە لێدوان بدات و دەڵێت: "ناتوانین لەوبارەیەوە بدوێین. لە ئەگەری هاتنەدی ئاشتیدا، کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت. ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەربگرێت، دەبێتە مۆدێل بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. گۆڕانکاری لە سوریا ڕووی داوە و کێشەی جدی دروست بوون. ئەگەر تورکیا هەنگاوێکی باش بنێت، کاریگەری دەکاتە سەر سوریایش. پرسی هەسەدە پرسێکی ناوخۆیی سوریایە و لە تێکستەکەی ئۆجەلان ناوی نەهێندراوە". لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکیشدا کە ئاماژەی بەوەدا ئەوەی بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک وا لێکدانەوە بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بکات کە مەبەستی هەسەدەیشە ئەوەیە لە بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا گوزارەی 'سەرجەم گروپەکان'ی بەکارهێناوە، باکرهان گوتی: "ئەوا عومەر چەلیکە ئاوای لێ تێگەیشتووە، نەک دەوڵەت". باکرهان جەختی لەوە کردەوە لە دوایەمین کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان کە چوار کاتژمێری خایاند تەنیا باسی پەکەکەی کردووە و بە هیچ جۆرێک باسی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریای نەکردووە، دەڵێت: "پەکەکە ڕێکخراوێکە لە تورکیا و باکوری کوردستان و ئەو باسی لە کێشەیەک کردووە کە 50 ساڵە لە تورکیا بەردەوامە. ئۆجەلان تەنیا باسی لە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کردووە کە خۆی دامەزرێنەریەتی. بەڕێز ئۆجەلان بنکەیەکی جەماوەی تایبەت بە خۆی هەیە. هەنگاوەکانی بە دیموکراسیکردن، کاریگەریش دەکاتە سەر سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان. لە ڕاستیدا بەڕێز سری سورەییا ئۆندەریش ئەوەی گوت". باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وێڕای دانانی قەییوم بۆ ژمارەیەک لە شارەوانییەکان و دەستگیرکردنی ئەندامانی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان کەچی لەپێناو بە دیموکراسیکردنی تورکیا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان و دەڵێت: "ئێمە تەنیا دیموکراسیمان بۆ کورد و مافی هاوڵاتیی یەکسانمان بۆ عەلەوییەکان ناوێت. وەک ئەوەی لە دەقی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا بەدی دەکرێت، ئۆجەلان تەنیا سەرنج ناخاتە سەر ناسنامەی کورد و لە خەمی بە دیموکراسیکردنی تورکیایە بۆ تەواوی هاوڵاتییان". باکرهان جەختی لەوە کردەوە هیچ شتێکی ژێر بە ژێر لەنێوان دەوڵەت و حکومەت لەگەڵ ئۆجەلان و دەم پارتی و پەکەکەدا نییە و ئەوەی هەیە ڕای گشتی لێ ئاگادار کراوەتەوە، هاوکات هۆشداریشی دا لەوەی ئەو زمانە ژەهراوییەی کاربەدەستانی تورکیا بەکار دەهێنن، زیانی زۆر بەو پرۆسە نوێیە دەگەیەنێت. باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەوەی دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و بە دەمەوە هاتنی پەکەکە بۆ بانگەوازەکە، هیچ هەنگاوێک لە لایەن حکومەتی تورکیاوە نەنراوە و تائێستاش نازانرێت ئەگەر گەریلاکان چەکیان دانا دەبێت بۆ کوێ بچن و چۆن تێکەڵی کۆمەڵگا دەبنەوە.
ڕۆژنامەی"وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرای کردوەوە، ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر زلهێزەکانی جیهان، بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بە لاوازی بمێنێتەوەو، دەوڵەتی نوێی سوریا بکرێتە دەوڵەتێكی ئۆتۆنۆمی لەسەر بنەمای نەتەوەیی، لەگەڵ ئەوەی ناوچە سنورییەکانی باشور لەلایەن ئیسرائیلەوە لە چەك داماڵراوبێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدەكات، بەدرێژایی دوو دەیەی رابردوو دراوسێی تەنیشت ئیسرائیل بەشار ئەسەد بووە، دیکتاتۆرێکی دوژمنکار کە بەهۆی دابەشبونە تائیفیەکانی سوریاوە لاواز ببوو، ئێستا ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەو ئەو پرسە لە خۆی دوربخاتەوە كە بەرپرسانی ئەمنی وەک هەڕەشەی دەبینن، كە ئیسلامیەکانی سەر بە تورکیا هەوڵدەدەن سوریا یەکبخەن. لە چەند رۆژی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل ناوچەی زیاتری لە باشوری سوریا کردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەی رێگریكردن لە گەیشتنی چەک بە دەستی حکومەتی دیمەشق یان هەر لایەنێکی دیکە. هەفتەی رابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای کرد باشوری سوریا لە چەك دابماڵرێت، جەختیشی کردەوە: لەوەی رێگە نادەن رژێمی نوێی ئیسلامی توندڕەو لە سوریا زیان بە دروزەکان بگەیەنێت. رۆژنامەی ئەمریكییەكە ئەوەشی نوسیوە، لە کاتێکدا ئیسرائیل هەوڵدەدات سنورەکانی خۆی بپارێزێت و ناوچەیەکی پارێزراو دروست بکات، بەڵام کردەوەکانی، ڕێگە خۆش دەکەن بۆ دیدی ئیسرائیل بۆ سوریایەکی فیدراڵی، کە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە ژێر کۆنترۆڵی دروزەکاندا بەدرێژایی سنوورەکانی دەستەبەربكات. ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیار دۆلار خەرج دەکات بۆ یارمەتیدانی دروزەکان لە باکوری ئیسرائیل، ئەوەش هەنگاوێکە کە شرۆڤەکارانی ئەمنی دەڵێن، بۆ رازیکردنی دروزەكانە تا حكومەتی نوێی سوریا رەتبكەنەوە.
هاوسەرۆکی دەبەپە، ڕایدەگەیەنێت داواکاری درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سیاسی و سەربازییەکانی دەوڵەت دوای ڕاگەیاندنی هەڵوێستی ئەرێنی لەلایەن پەکەکەوە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر پرۆسەی ئێستا، دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بچێت. کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) ڕایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دۆخی نێودەوڵەتی و هاوکێشە ناوچەییەکان و هاوسەنگییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیای هەڵسەنگاندووە و لە کاتێکی مێژووییدا ئەو بانگەوازەی کردووە. هاوسەرۆکی دەبەپە جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت، پێویستە دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە زەمینە بۆ ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالان دروستبکرێت، دەشڵێت: دەبێت هەلومەرجێک بۆ ئۆجالان دروستبکرێت کە بتوانێت بە ئاسانی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و بازنەی جۆراوجۆر دروست بکات". کەسکین بایندر وتیشى: هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت وەک هەنگاوی یەکەم هەلومەرجی ئازادی ئۆجالان دروست بکرێت. گەورەترین گەرەنتی سەلامەتی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە چالاکانە سەرکردایەتی بکات، گەورەترین بەرپرسیارێتی لەم بابەتەدا لە ئەستۆی دەوڵەت و ئەوانەی دەسەڵاتدان". بایندر ئاماژەی بەوەدا کە لە تورکیا، کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان پشتیوانییەکی زۆر بۆ ئەو بانگەوازە هەیە و وتی: پێش هەموو شتێک؛ بەڕێز ئۆجالان ئەم بانگەوازەی بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای جیهان و ناوچەکە و تورکیا کرد. دووەم؛ لە سەردەمێکدا کە سیاسەتی جەنگ لە سەرانسەری جیهاندا خەریکی پەرەپێدانی فۆرمولەکانە، نەخشەڕێگای چارەسەری جیهانی و ناوچەیی و نیشتمانیی زۆر جیاواز هاتۆتە ئاراوە. "هەر بۆیە زۆر ژاوەژاوی دروست کرد." هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) بەردەوام بوو لە ڕاکێشانی سەرنج بۆ بەرنامەی ئەو دیدارانەی کە بڕیارە لە زیاتر لە ١٠٠ ناوەند لەگەڵ خەڵکدا ئەنجام بدرێت و وتی: دەمانەوێت بانگەوازەکەی ئۆجالان بە تەندروستترین شێوە لەگەڵ خەڵکدا هاوبەش بکەین. وتیشى: لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ خەڵک کۆدەبینەوە. ئەم کارە هەفتەی داهاتوو دەست پێدەکات. ئەم هەشتی مارس و نەورۆزە بۆ ئێمە کەمێک جیاواز دەبێت لە چاو ئەوانەی پێشوو. پێویستە زیاتر حەماسەتیان هەبێت. نەورۆز نەورۆزێکی ئاشتی و ئازادی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دەبێت. بەڕای من نەورۆزی ٢٠٢٥ دەبێتە نەورۆزی چارەسەری پرسی کورد و ئازادی کاک ئۆجالان و دەربڕینی ئیرادەی ملیۆنان کەس. هەمووان بەم بەرپرسیارێتییە لە گۆڕەپانی نەورۆز دەبن. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕۆژی ٢٧ی مانگى ڕابردوو لە ڕێگەی شاندی ئیمرالی پارتی دەمەوە، "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتی"ی بڵاوکردەوە. بانگەوازەکە کە بە "بانگەوازی سەدە" وەسف کراوە، پشتیوانی ئێران، عێراق، سوریا، تورکیا، ئیسرائیل، یەکێتی ئەوروپا (یەکێتی ئەوروپا)، ئەمریکا و چەندین بازنەی جیاوازی دیکەی وەرگرتووە. دوای ئەو بانگەوازە، پارتی ئاگربەستیشی ڕاگەیاند و پشتیوانی خۆی دەربڕی.
باسم محەمەد خزەیر، بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان دەڵێت، لایەنی تورکیا ئاگاداری کردوینەتەوە، بەندەری جەیهان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی نەوت، پشکنینی بۆری هەناردەکردنی نەوتی خاویش لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری تورکیا تەواو بووە. خزەیر، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنانەی (الصباح) وتی: وەزارەتی نەوت هەموو پابەندییەكانی جێبەجێ کردووە، چاوەڕێین هەرێم گڵۆپ سەوز هەڵبكات بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەناردەکردنی نەوت بە تێكڕای (١٨٥) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، تا دەگاتە ئەو توانایانەی کە دەبێت دواتر هەناردە بکرێت، بەپێی ئەو بڕەی کە لە بودجەی فیدراڵیدا دیاری کراوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (2)ی شوباتدا، هەمواری بودجەی پەسەند کرد، کە بڕی قەرەبووی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی دیاری کرد، هەموارکە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند دەکات بە گواستنەوەی بەرهەمی نەوتی خۆی بۆ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵیەوە بەڕێوەدەبرێت. سەبارەت بە ڕێککەوتنی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوکیش، بریكاری وەزارەتی نەوت رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای (بی پی)ی بەریتانی گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکوکمان تەواوکردووە و، خراوەتە بەردەم کۆمپانیای راوێژکاری (کلڤن لاین) بۆ پێداچوونەوە بە مۆدێل و مەرجی گرێبەستییەکان، پێشبینیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکرێت. بریكاری وەزارەتی نەوت رونیشیکردەوە، گرێبەستەکە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی چوار کێڵگەی (بای حەسەن، کەرکوک بە دوو قوبەکەی "بابا و ئاڤانا"، جەمبور، و خەبات) بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجی بەرهەمهێنانی (420) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵدا، هەروەها وەبەرهێنانی (400) ملیۆن پێ سێجا لە غازی هاوەڵ و نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی غاز لە باکورو، دامەزراندنی وێستگەیەکی کارەبا بە توانای (٤٠٠) مێگاوات.
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت ڕادەستکردنی 69 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەو کۆمپانیا ئیماراتیەی کە کار لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات لەگەڵ کورتهێنانی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەشێکن لەبەربەستەکانی پێش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و دەشڵێت،" هەوڵەکان و گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی بەربەستەکان، بەڵام هیچ کەس ناتوانێ پێشبینی بکات کەی نەوتی کوردستان هەناردە دەکرێت." دکتۆر ئاسۆ فەریدون، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی ڕێکەوتوون وەک سەرەتایەک ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکەن تا سۆمۆش لە ڕێگای تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان هەناردەی بکات، تەبعەن ئەمە بەشێکە لە جێ بەجێکردنی یاسای بودجە کە دەبێت هەرێم پابەند بێت بەهەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی سۆمۆوە." وتیشی،"ئێستا هەرێم توانای تەنها 300 هەزار بەرمیلی نەوتی هەیە، 185 هەزاری ئامادەیە بۆ هەناردەکردن و 46 هەزار بەرمیلیش وەکو پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دانراوە، لەگەڵ ڕادەستکردنی 69 هەزار بەرمیل نەوتی ڕەش بە خامی بەو کۆمپانیا ئیماراتیەی کە کێڵگەی نەوتی کۆر مۆر بەڕێوە دەبات وەکو حەق دەست، ئەم 69 هەزار حکومەتی عێراقی لێی ئاگادار نیە کە دەدرێت بەو کۆمپانیایە و لە یاسای بودجەدا نەچەسپاوە." ئەو ئەندامە کوردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەم ژمارانە هەمووی دەقیقن و کێشەیەکی تر لەپێش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان ئەوەیە 100 هەزار بەرمیلی دیکەی نەوت کورتهێنان هەیە و دەشڵێت،" پێویستە گفتوگۆی زیاتر بکرێت و کێشەی ئەو 100 هەزار بەرمیلە و ئەو 69 هەزار بەرمیلەی کە دەدرێتە ئەو کۆمپانیایە چارەسەر بکرێت، بۆیە کەس ناتوانێ پێشبینی بکات کەی نەوتی کوردستان دەست بەهەناردەکردنی دەکرێت." کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنوری ناحیەی قادر کەرەم ی سەربە قەزای چەمچەماڵ، بە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی گازو کارەبای هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لەلایەن کۆمپانیای دانا گازی ئیماراتی بەڕێوەدەبرێت. بڕیاربوو ئەمڕۆ سێ شەممە 4ی مانگی سێی 2025 کۆبوونەوەی باڵای نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو کۆمپانیایەی کە کار لە دەرهێنانی نەوتی کوردستان دەکات کۆببنەوە و بەشێک لەبەربەستەکان چارەسەر بکەن، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار کۆبوونەوەکە دواخرا. گەرچی ڕۆژی شەممە 01-03-2025، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، بانگهێشتی کۆمپانیا بیانییە جیهانییەکانی سەر بە (ئەپیکور)ی کردووە کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش کە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە 04-03-2025 لە بەغدا ئامادەبن. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە،کۆبوونەوەکە بە مەبەستی گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێک کە خزمەت بە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بکات بە باشترین شێواز و بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکات.
هێزەكانی سوریای دیموكراتیك هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند "دوێنێ دووشەممە چەتەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر لە دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق هێرشیان كردە سەر خاڵی هێزەكانمان، بەڵام شەڕڤانانمان سەرجەم هێرشەكانیان تێكشكاند". هەسەدە دەڵێت "سوپای توركی داگیركەر و چەتەكانی گوندەكانی تینا، جعدە، بیر حسۆ، خەسەق، دیكان، مەلحە، قەلهیدە، سیا، كەژ و بەرزاییەكانی سێڤێ و پردی قەرەقۆزاقیان تۆپباران كرد. جێی ئاماژەیە زیاتر لە ٦٠ گولـلە هاوەن، تانك و مووشەكیان بەسەر ئەو ناوچانە باراندووە. لەئەنجامی تۆپبارانەكاندا، زیانی ماددی زۆر بەر ماڵ و موڵكی دانیشتووانی ناوچەكە كەوتووە. هێزەكانی داگیركەر بە پشتیوانی تۆپخانەكانیان هێرشیان كردە سەر پێگەكانمان. بەڵام شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەكانیان دایەوە و شەڕێكی توند هاتە ئاراوە. لە ئەنجامدا چەتەیەكی زۆر كوژران و ئەوەندەش كە ڕوون بووەوە ٣ ئەندامی چەتەكان بریندار بوون. هەروەها یەكینەكانی شەهید هاروون گورزیان لە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی چەتەكان وەشاند". ئاماژەی بەوەشكردووە، هەروەها شەڕڤانانمان لە دەوروبەری پردەكە هێرشی دووەمیان تێكشكاند. لە ئەنجامدا ژمارەیەك لە چەتەكان كوژراون و ژمارەیەكی دیكەشیان برینداربوون، جێی ئاماژەیە ژمارەی كوژراو و بریندارەكان بە روونی نەزانراوە". هەروەها لەبارەی بەرەیەكی دیكەی شەڕ رونیكردەوە "لە بەرەی عەین عیسا سوپای داگیركەری توركیا و چەتەكانی گوندی ئەبو سرایان لە ڕۆژئاوای عەین عیسا بە چڕی بۆردومان كرد. لە ئەنجامدا تۆپبارانەكە زیانی ماددی بە ماڵ و موڵكی مەدەنی هاوڵاتیان گەیاند. هەروەها فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی داگیركەر بە درێژایی ڕۆژ بەسەر ئاسمانی عەین عیسا، شاری كۆبانێ و دەوروبەریدا سووڕاونەتەوە."
بەرخۆدانی سێ مانگی رابردووی شەڕڤانانی هەسەدە لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و خستنەخوارەوەی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقداری تورکیا، زیانی گەورەی بە بازاڕی چەک و تەقەمەنی تورکیا گەیاندووە و خواستی لەسەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا کەمکردووە. لە دوا روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، تورکیا و گروپە چەکدارە سورییەکانی سەر بەو وڵاتە هێرشەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و دەوروبەری کۆبانێ چڕکردوەتەوە، تورکیا بە هێرشی ئاسمانی و موشەکی پاڵپشتیی ئەو گروپانە دەکات و بە چڕی بۆردومانی ناوچەکە دەکات، لەبەرامبەردا شەڕڤانانی هەسەدە بەرەنگاری هێرشەکان بونەتەوە و نەیانهێشتووە پێشڕەویی بۆ ناوچەکە بکەن. بەپێی راگەیەندراوی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی ئەو هێزانە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا پشتڕاستی کردەوە، تائێستا چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری بەیرەقداری تورکیایان خستوەتە خوارەوە، سەرەڕای تێکشکاندنی ژمارەیەک سیستمی رادار و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەی چاودێری و هێرشکار. نرخی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی تورکیا نزیکەی 25 ملیۆن دۆلارە، بەوەش تەنها لە خستنەخوارەوەیان زیاتی 100 ملیۆن دۆلار لە تورکیا کەوتوە و لەسەر ئاستی جیهانیش کە زۆرترین خواستی لەسەر بووە، بازاڕی بە تەواوەتی شکاوە. کۆمپانیای بایکار، کە فڕۆکەی (بەیرەقدار تی بی 3) دروست دەکات، شەشەم کۆمپانیای تەکنەلۆجی بەرهەمهێنەری ئەو فڕۆکانەیە لەسەر ئاستی جیهان. فڕۆکەکە، درێژییەکەی هەشت مەترە، بەرزی دو مەتر و درێژی هەر باڵێکی 14 مەترە. ئیسلام سەعدی، ئەفسەری خانەنشینی هێزی ئاسمانی سەربازی عێراقی و شارەزای بواری فڕۆکەوانی سەربازی رایگەیاند: کێشی بەیرەقدار 1600 کیلۆگرامە، توانای فڕۆینی یەک رۆژی تەواوی هەیە، زۆرترین ماوەی خۆڕاگرتنی هەیە لە ئاسماندا. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ، بەهۆی شەڕی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەوە، ئەو وڵاتانەی کە کڕیاری سەرەکیی بەیرەقدار بوون، پێداچونەوە بە گرێبەستەکانی پێشوویان دەکەن، لەکاتێکدا پێشتر لە شەڕی ئۆکراینا و روسیا، ئازەربایجان، عێراق، لیبیا و سوریا، ئەو فڕۆکانە رۆڵی گەورەیان هەبووە و خواستی زۆریان لەسەر بووە، بەڵام شەڕڤانانی کورد بە تەکنیکی سەرەتایی و ناوخۆیی توانیان شکۆی ئەو ئەفسانەیە بشکێنن و لە چەند رۆژێکی کەمدا چوار دانەیان لێ بخەنە خوارەوە ئەو پڕۆسەیە، تەنها کاریگەریی لەسەر بازاڕی بەیرەقدار دروست نەکردووە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر هەناردەی چەک و کەرەستەی سەربازیی تورکیاش دروستکردوە، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی تورکی، خواست لەسەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەک و تەقەمەنی تورکیا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بۆ نزیکەی نیوە دابەزیووە. ئامارە فەرمییەکان دەری دەخەن، ساڵی 2020 تورکیا بە بەهای 11 ملیار دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازیی فڕۆشتووە، بەڵام ساڵی 2023 بۆ کەمتر لە 6 ملیار دۆلار دابەزیووە، ساڵی رابردووش رێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام هێشتا ژمارەی کۆتایی رانەگەیەندراوە.
ــ عێراق هەر جۆرە ئامادەبوونێك یان پەیوەندیكردنێك لەگەڵ ئەو كەسانە ڕەتدەكاتەوە، كە دەستیان لە تاوانەكانی دژی عێراقییەكان هەبووە ــ ئەحمەد شەرع بەشێك بووە لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعـ.ـش، دەستەكانی بە خوێنی عێراقییەكان سوورە. دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بانگهێشتی ئەحمەد شەرع (محەمەد جولانی) سەرۆكی دەستەی تەحریر شامی بۆ بەغدا كرد، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت، عێراقییەكان بە توندی وتەی تائیفی ڕەتدەكەنەوە، هەروەها جولانی دەستی لە كوشتنی عێراقییەكاندا هەیە، بۆیە هەر مامەڵەكردنێكیش لەگەڵ تیرۆریستان ڕەتدەكەینەوە. قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەبارەت بە سەردانی محەمەد جولانی سەرۆكی دەستەی تەحریر شامی بۆ بەغدا و بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی، بۆ میدیا ناوخۆییەكان ڕایگەیاند، عێراق هەمیشە ڕێز لە ئیرادەی گەلی سووریا دەگرێت، سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ بەغدا لەسەر بنەمای داواكاری تایبەتی خۆی دواخرابوو. ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق هەر جۆرە ئامادەبوونێك یان پەیوەندیكردنێك لەگەڵ ئەو كەسانە ڕەتدەكاتەوە، كە دەستیان لە تاوانەكانی دژی عێراقییەكان هەبووە، محەمەد جولانی بەشێك بووە لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، دەستەكانی بە خوێنی عێراقییەكان سوورە. ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندبوو، بانگهێشتی سەرجەم سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی بۆ بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی لە مانگی ئایار لە بەغدا دەكەین، لەنێویشیاندا بانگی جۆلانی دەكەن.
بڕیارە ئەمڕۆ لوتکەى نائاسایى قاهیرە بە بەشدارى ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانى عەرەبى بەڕێوەبچێت و تێیدا پەرەسەندنەکانى کەرتى غەززە و خاکى فەڵەستین گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت. لە لوتکەی قاهیرەدا باس لە پێشهاتە نوێیەکانی پرسی فەڵەستین دەکرێت، لەگەڵ ئەگەری هەڵوێستی یەکگرتووی عەرەبی سەبارەت بە کەرتى غەززە و رەتکردنەوەى گواستنەوەیان بۆ شوێنێکى دیکە. رۆژى دووشەممە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردەى وڵاتانى عەرەبى بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکە گەیشتوونەتە میسر. بڕیارە مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین لە لوتکەکەدا وتارێک پێشکەش بکات سەبارەت بە پێشهاتەکانی دۆخی فەڵەستین، هەروەها لە پەراوێزی لوتکەکەدا چەند کۆبوونەوەیەک دەکات. هاوکات، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە یاوەری شاندێک، گەیشتووەتە قاهیرە و بەگوێرەى میدیاکانى سووریا بڕیارە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناغى راگوزەر بەشداری لە لوتکەکەدا بکات. لە کۆبوونەوەى شەوى رابردوویاندا وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبى گفتوگۆیان لە بارەى هەڵوێستێکى یەکگرتووی عەرەبى کردووە لەگەڵ پەیڕەوکردنى پلانێکى گشتگیر بۆ دووبارە بنیادنانەوەى کەرتى غەززە. بەگوێرەى ئاژانسى رۆیتەرز، پلانە میسریيەکە خۆدەبینێتەوە لە فەرامۆشکردنى بزووتنەوەى حەماس لە کەرتەکە و بەڕێوەبردنى لەلایەن دەستەى کاتییەوە بەسەرپەرشتى وڵاتانى عەرەبى، ئیسلامى و رۆژئاوایى. ئەوە لەکاتێکدایە کە وادەى جێبەجێکردنى پلانەکە ئاشکرا نەکراوە جگە لەوەى چۆنیەتیی پارەدارکردنى پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى کەرتى غەززە نەخراوەتەڕوو. رۆژى 25ـى کانوونى دووەم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانی بۆ راگواستنى غەززە دانا بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک میسر و ئوردن، بەڵام ئەو دوو وڵاتە رەتیانکردەوە.