هاوڵاتی جەمیل بایک رایگەیاند، کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و دەوروبەرەکانی ئەردۆغان هەموو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتووەتە سەر زار. جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئاماژەی بە پرسی هەڵبژاردن، بومەلەرزە و گەندەڵی لە تورکیادا کرد. جەمیل بایک وتی، "بومەلەرزە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دادەبێت. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بەدڵنیاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات. تاکە کارت کە بەدەستیانەوە ماوە نەتەوەپەرستیە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا لە هەموو ئاستێکدا برسی کراوە، گەندەڵی و کردەوەی چەوت دەکرێن، گوشار و ستەم لەسەر کۆمەڵگا هەیە، کۆمەڵگا وەک پێشتر ناکەوێتە ژێر کارتێکەری پرۆپاگەندەی نەتەوەپەرستی، لەو بڕوایەدا نیم کە وەک پێشوو پاڵپشتی لە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بکات." بایک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، ئاشکرایە کە لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە پێشەنگایەتی هەدەپە یەکلاکەرەوە دەبێت. هاوپەیمانی کۆمار و گەل باش ئەوە دەزانن. بە بێ پشتیوانی هەدەپە نە هاوپەیمانی کۆمار و نە هاوپەیمانی گەل ناتوانن بیبەنەوە و دەڵێت، "هەڵبژاردن دوابخرێت و دوانەخرێت ئەو راستیە ناگۆڕێت. بە بڕوای من کامە کاندید یاخود هاوپەمانی بە شێوەیەکی ئەرێنی و یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیبوونی تورکیا بکات، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش پشتیوانی ئەوان دەکات. هەدەپە و پێکهاتەکانی ئەو دۆخە یەکلاکەرەوە و گرنگەی خۆی بەو تێگەیشتنە بەرپرسیارانەیە هەڵدەسەنگێنێت.هەڵبژاردن لە کاتی خۆیشیدا بکرێت بە بڕوای من هەدەپە و هێزە دیموکراسییەکان بۆ ئەوە ئامادەن." هاوسەرۆکی کەجەکە لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، " لە راستیدا ئاکەپە دۆڕاندوویەتی. وای بۆ دەچم لە مێژووی تورکیادا هەرگیز وەک ئێستا کاری گەندەڵی، دزی و پێشێلکاری نەکراوە. کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و دەوروبەرییەکانی ئەردۆغان هەموو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتووەتە سەر زار. کۆمەڵگا باش ئاگاداری ئەوەیە. لەماوەی دەسەڵاتداری ٢٠ ساڵەدا بە ئاشکرا دەرکەوتووە کە دەسەڵاتداری ئاکەپە چەندە نادادپەروەرە، بەرژەوەندیپەرستە. کۆمەڵگاش ئەوەی بۆ دەرکەوتووە. ئابووری تورکیا دەتوانرێت بوترێت لەناوچووە، هەڵاوسان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ٤٠ ساڵی رابردوو. هەژاری و بێکاری لە بەرزترین ئاستدایە. هاوکات ناسەقامگیری سیاسی زۆر دەبێت. ئاکەپە لەگەڵ سیاسەتی ئێستای جیهانیش یەکناگرێتەوە و ناتەبایە. ئەردۆغان بە مێشکی عوسمانی و نەتەوەپەرستی وشکی خۆی هەموو کەسی کردووە بە دوژمن. هەربۆیە مسۆگەرە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئاکەپە لە دەسەڵات لادەدرێت." بایک لەبارەی چارەسەری پرسی کوردیش دەڵێت، " ئەوە ڕاستییەکە کە ئەمریکا لە دژی هە بوونی گەلی کورد و خەباتی ئازادی، پشتیوانیی سەربازی، ماددی، سیاسی و دەروونی بێکۆتایی بە دەوڵەتی تورک کردووە. ئەگەر وا نەبوایە دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی شەڕێکی وەها درێژخایەن لە دژی گەلی کورد و پەکەکە ئەنجام بدات و نەیدەتوانی هێندە بە ئاسانی مامەڵە بکات و هەموو جۆرە شەڕێک ئەنجام بدات، نەیدەتوانی تاوان و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات، چونکە لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرا. ئاشکرایە کە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و هێزە نێودەوڵەتییەکان پشتگریەکی زۆریان لە دەوڵەتی تورک کردووە. تاوانیان ئەنجامداوە کە پێویستە بەپێی یاسای شەڕ و تاوانی قڕکردن دادگایی بکرێن، بەڵام کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکات. ئێمە چاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بە تایبەت لە ئەمریکا. بەڕاستی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانن زۆر شت بکەن. ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەوڵەتی تورک هەیە. هۆکاری ڕوون بۆ ئەمە هەیە. لەبەرئەوەی ئەمریکا لە هەموو ئاستێکدا پشتیوانی دەوڵەتی تورک دەکات، لە شەڕی کورد و پەکەکەدا. کێشەی متمانە لە نێوانیاندا لەم بابەتەدا نییە. وەک ڕوونم کردەوە دەوڵەتی تورک ناتوانێت بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لەم شەڕە بەردەوام بێت ئەگەر لە دژی ناڕەزایەتی ئەمریکا بێت. ئێمە و دەوڵەتی تورکیش زۆر باش ئەمە دەزانین. لەم ڕووەوە ڕۆڵی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە. پێویستە فشار بخاتە سەر تورکیا، هانی بدات کە دەستبەرداری ستراتیژ و پیلانی شەڕ بێت و چارەسەری دیموکراسی و سیاسی قبوڵ بکات. ئەگەر وابێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە چارەسەرکردندا."
هاوڵاتی بانکى رافیدەن ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لە 5ى ئادارەوە دەست دەکات بە وەرگرتنى دینار لە گەشتیاران لە لقەکانى، بۆ ئەوەى گەشتیاران لە فڕۆکەخانەى بەغدا بە دۆلار وەریبگرنەوە، لەبرى ئەوەى پرۆسەى ئاڵۆگۆڕەکە لەنێو فڕۆکەخانەکە بکرێت. بانکى ناوەندیى عێراق لە راگەیێندراوێکدائاماژەى بەوەداوە، لە 5ى ئادارەوە دەست دەکەن بە وەرگرتنى دینار لە هەژمارەکانى بانکەکەیان، بۆ گۆڕینى بە دۆلار و ئەو پرۆسەیە لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە دەکرێت. ئەم بڕیارەى بانکى رافیدەین بە مەبەستی ئاسانکاریکردنە بۆ گەشتیاران بۆ کڕینى دۆلار بە نرخى فەرمى بانکى ناوەندى کە 132 هەزار دینارە بەرامبەر بە 100 دۆلار،هاوکات گەشتیاران دەتوانن تاوەکو 7000 دۆلار بکڕن. بانکى رافیدەین ئاماژەى بەوەشداوە کە لە دواى دانانى پارە لە بانکەکەیان لە رێگەى دەروازەکانیانەوە لە بانکى رافیدەین لە فڕۆکەخانەى بەغدا دۆلارەکە وەردەگیرێت و پرۆسەى دانانى دیناریش لە رێگەى هەشت لقی بانکەکەوە دەبێت لە بەغدا، ئەو رێکارەش بۆ ئەوەیە، قەرەباڵخى لەنێو فڕۆکەخانە دروست نەبێت لەکاتى وەرگرتنى ئەو بڕە دۆلارە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بڕیارە لە 5ى ئادارەوە بانکى ناوەندى پشکى هەفتانەى گرووپى ئەى کۆمپانیاکان لە فرۆشتنى دۆلار بۆ دوو ملیۆن دۆلار زیاد بکات کە ئەمەش 25٪ـى لە بڕى پێشوو زیاترە.
هاوڵاتی دوای 10 ساڵ دواجار ئێران بە كردنەوەی تونێلێكی 36 كیلۆمەتری دەیەوێت قەیرانی وشكبونی دەریاچەی ورمێ چارەسەر بكات كە بڕیارە ساڵانە 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە پیرانشار بەرەو دەریاچەكە بگوازێتەوە، بەڵام ئەو پڕۆژەیە بە بانگەشەیەكی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دەدرێت كە زیانەكانی لە سودەكانی زۆر زیاترە. زیانی ئەو پڕۆژەیە جگە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە چونكە دەبێتە مایەی كەمبونەوەی ئەو سەرچاوانەی كە دەڕژێنە زێ بچوك. ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە تەنها لەو كاتانەدا ئاوی بەنداوی كانی سێو بۆ دەریاچەی ورمێ بەر دەدرێتەوە كە كاتی كشتوكاڵ نەبێت و زیان بە دانیشتوانی ناوچەكە نەگەیەنێت و رەچاوی مافی ئاوی وڵاتانی دراوسێ دەكرێت، بەڵام بڕیارە رێژەی ئەو ئاوەی كە رەوانەی دەریاچەكە دەكرێت بەپێی توانا و پێویستی بۆ دوو هێندە زیادبكرێت كە ئەوەش دەبێتە مایەی كەمبونەوەی زۆربەی سەرچاوە ئاوییەكانی سەر زەوی و ژێر زەوی لە سنوری نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان. محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندوە پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بە بودجەی (150) ملیار تومەن لە رابردودا كە دەكاتە نزیكەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لە ماوەی حەوت مانگدا لە لایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بە سوپای پاسداران جێبەجێكراوە. ئێران گەیاندنی ئاوی لە بەنداوی كانی سێو لە سەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بە گەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا ناودەهێنێت لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە بە هۆكارێك بۆ وشكبونی سەرچاوەكانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەم دەرێت كە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان. پلانی سوپای پاسداران لە كانی سێو بۆ زێی بچوك لە (24/2/2023) بە ئامادەبونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لە پارێزگای ورمێ بەشی یەكەمی گواستنەوەی ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ لە بەنداوی كانی سێو دەستی پێكرد كە شەش ساڵی خایاندوە و ئەوەش لە میدیاكانی سەر بە دەسەڵاتی وڵاتەكەوە بە پڕۆژەیەكی گەورەی ژینگەیی وەسفكرا كە گوایە لەلایەن كابینەی حكومەتی ئێستا جێبەجێكراوە. بەنداوی كانی سێو لە پیرانشار روبەرەكەی لە 20 كیلۆمەتر نزیك دەبێتەوە و توانای گلدانەوەی ئاوی لە نێوان 221 ملیۆن بۆ 713 ملیۆن مەتر سێجا هەیە و كە ئاوی گلدراوەی ئەو بەنداوە لە رێگەی 36 كیلۆمەتر تونێل كە هەشتا مەتر دەكەوێتە قوڵایی زەوی و 11 كیلۆمەتر جۆگە و كەناڵی ئاو و 28 كیلۆمەتر روباری گادەر دواجار دڕژێتە دەریاچەی ورمێ. بە گشتی دەیان روباری بچوك و گەورە دەڕژێنە بەنداوی كانی سێو كە بەرچاوترینیان چەمەكانی (كەڵوێ، كەڵۆسێ، ریزی، خدراوێ، خاسی، بادیناوێ، پردانان)ە. كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە بڕی 980 ملیۆن دۆلار بۆ قۆناغی یەكەمی گەیاندن و گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بۆ دەریاچەی ورمێ خەرجكراوە و 26 پڕۆژەی دیكە بۆ بوژاندنەوەی دەریاچەكە جێبەجێ دەكرێت كە زۆربەیان لە لایەن كۆمپانیاكانی سەر ناوەندی خاتەمولئەنبیا كە خاوەندارێتییەكانیان دەگەڕیتەوە بۆ سوپای پاسداران جێبەجێكراوە. كەمال حسێن پور، نوێنەری پیرانشار لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە؛ ئەو پڕۆژەیە و گەیاندنی ئاو بە تونلێل بۆ دەریاچەی ورمێ، كانی و بیری ئاوەكانی ناوچەكە وشك دەكات و ئەوەش قەیرانی دیكەی كەمئاویی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروست دەكات. یەكەم قۆناغی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بەرۆكی سەرجەم ئەو روبارو سەرچاوانە دەگرێت كە دەڕژێنە زێی بچوك لەهەرێمی كوردستان و هاوشێوەی ساڵانی رابردو كێشەی گلدانەوە و گرتنەوەی ئاو لە لایەن ئێرانەوە دەبێتە كارتێكی فشار دژی هەرێم و تەنانەت عێراقیش. ئاوی كانی سێو دادی دەریاچەی ورمێ نادات لەلێكۆلینەوە زانستییەكاندا سەبارەت بە بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دەركەوتوە كە دەبێت ئاوی ئەو دەریاچەیە بگاتە ئاستی هەزار و 274 مەتر بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا ئاو لە ساڵێكدا هەیە، بەڵام پڕۆژەكەی ئێستای ئێران تەنها 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگەیەنێتە دەریاچەكە. بە پێی دوایین ئامار لە 10 ساڵی رابردوودا بڕی سێ ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوای دەریاچەی ورمێ بەهۆی زیادەڕوییەكانەوە كەمی كردوە و تەنها لە ساڵی رابردودا هەزار و 500 كیلۆمەتر لە روبەڕەكەی بە تەواوەتی وشكبوە لە كاتێكدا برێار بوو چوار ملیار دۆلار لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا بۆ بوژانەوەی دەریاچەكە تەرخان بكرێت. بیابانێكی وشك و سوێر دەریاچەی ورمێ كە بە دەریاچەی خوێ ناو دەهێنرێت بە گەورەترین دەریاچەی كوردستان و لە ساڵی 1998 بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان لەقەڵەم دراوە، ئەگەر ئەو دەریاچەیە لە قەیرانی بێ ئاویی رزگاری نەبێت مەترسی رودانی خوێبارین هاوشێوەی خۆڵبارین هەیە كە ئەوەش بە روداوێكی مەترسیداری ژینگەیی ناودەهێنرێت. روبەری دەریاچی ورمێ كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كوردستان لە ساڵی رابردوودا سێ هەزار و 607 كیلۆمەتر دوجا بوە بەڵام ئەمساڵ روبەرەكەی بۆ دوو هەزار و 396 كیلۆمەتر كەمی كردوە. وشكبوونی ئەو دەریاچەیە ژیانی 14 ملیۆن كەس دەخاتە مەترسییەوەو رووبەری پێنج هەزار و 257 كیلۆمەتر زەویش لە نزیك ورمێ دەبێتە بیابانی خوێ. دەریاچەی ورمێ 22 ساڵە روبەڕوی وشكەساڵی دەبێتەوە و ساڵی 2015 لە وێنەكانی مانگی دەستكرددا دەركەوتوە نزیكەی 88٪ی وشكبوە و ئەمساڵیش بە پێی خەمڵاندنەكان و وێنەكانی مانگی دەستكرد زیاتر لە 95٪ی ئاوەكەی وشكبوە و دەریاچەكە بوەتە بیابانێك لە خۆڵ و خوێ. دەسەڵاتی ئێران لەساڵی 2012 ناوەندی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێی پێكهێنا و بڕیاربوو لەچوارچێوەی پلانێكی 10 ساڵیدا قەیرانی وشكبونی دەریاچەكە چارەسەر بكرێت. لە سەرەتای بەهاری ساڵی رابردوودا تەنها 25 سانتیمەتر ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەرزبوەتەوە كە ئەویش بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما 22 سانتیمی بووە بەهەڵم و تەنها سێ سانیتم لەئاوی ساڵی رابردوی تێداماوە. ئاستی ئاوی ئێستای دەریاچەی ورمێ دوو ملیار و 480 ملیۆن مەتر سێجایە، ئەو بڕە لە ساڵی رابردوودا یەك ملیار و 440 ملیۆن سێجا بووە، لەكاتێكدا ئەو دەریاچەیە دەبێت لە حاڵەتی ئاسایی خۆیدا 13 ملیار مەتر سێجا ئاو لەخۆی بگرێت. لە راپۆرتەكانی تیمی كۆنتڕۆڵی قەیرانی دەریاچەی ورمێ دەركەوتووە ئەو دەریاچەیە پێوییستی بە پێنج تا 12 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ ئەوەی كارەساتی سروشتی لەو ناوچەیەی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەوروبەری روونەدات. پێشتر بەڕێوبەری كۆنتڕۆڵی قەیرانەكانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: 95٪ی ئاوی دەریاچەكە كەمی كردوە و دەریاچەی ورمێ لە هەموو كاتێك زیاتر مەترسیی وشكبونی لەسەرە. پلانی هەڵەی بەكارهێنانی ئاو و گۆڕینی رێڕەوی ئەو سەرچاوانەی كە پێشتر دەڕژایە دەریاچەی ورمێ، هۆكاری سەرەكی وشكبونی دەریاچەكە بووە چونكە ئاوی ئەو دەریاچەیە بەشێوەیەكی نەگونجاو بۆ كشتوكاڵ و كارگە پیشەسازییەكانی پارێزگای تەبرێز و چەند ناوچەیەكی دیكە لەئێران بەكار دەهینرێت. ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 تۆن سێو لەپارێزگای ورمێ بەرهەمدەهێنرێت كەسەرچاوەی ئاودانی باخە سێوەكانی ئەو سنورە ئاوی دەریاچەكەیەتی، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی پارێزگاكە نزیكەی 500 تۆن لەو سێوە لەژێر دارەكاندا دەمێنێتەوەو دەڕزێ و خراپ دەبێت چونكە بە سیستمی كشتوكاڵی ئێستای ئێران هەر كیلۆیەك سێو زیاتر لە 100 لیتر ئاوی پێویستە كەئەوەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەمبوونەوەی ئاوەكە هەیە. ئێران و ئاو ئێران كە لە رابردودا دەیانجار بە بیانوی بونی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ئاگر و ئاسن و بەهەموشێوەیەك هێرشی سەربازیی دژی هەرێم ئەنجام داوە دور نییە بە بیانوی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان وشك نەكات بە تایبەت كە پڕۆژەی بەناو بوژانەوەی ورمێ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە جێبەجێ دەكرێت.
بەریتانیا رایگەیاند ئەگەر رێککەتنی ئەتۆمیی بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران شکست بێنێت ئەوا بژاردەی دیکە دژی ئەو وڵاتە بەکاردەهێنرێت. بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی (ئەلعەرەبیە) رایگەیاند؛ ئاشکرابونی یۆرانیۆمی پیتێنراو 90% لە ئێران ئاماژەیەکی رونە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە ئاشتیخوازانە نییە و دەبێت بە زوترین کات رێگریی لێبکرێت. بێن واڵاس وتویەتی: لە ئەگەری شکستی دانوستانە ئەتۆمییەکان هەمو بژاردەکان بۆ رێگریی لە ئێران بە ئامانجی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لە سەر مێزە. بە وتەی وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە ئێستادا هەڵسوکەوت و جموجۆڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران شەڕەنگێزانەیە و بەرپرسیارێتیی تێدا بەدی ناکرێت. ئەوە جەختی کردوەتەوە کە بەریتانیا وەک لایەنێکی بەشداری رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ راگرتنی گەیشتنی ئێران بە قۆناغی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ئاشکرای کردوە یۆرانیۆمی پیتێنراوی 84% لە یەکێک لە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران دۆزراوەتەوە و بەرپرسانی ئێرانیش وتویانە پیتاندی یۆرانیۆم لە ژمارەیەک لە وێستگەکانی وڵاتە تەنها بە رێژەی 60% بوە و ئەوەی دۆزراوەتەوە بە هەڵکەوت بوە. بە پێی رەشنوسی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ، نابێت پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لە رێژەی 5% زیاتر بەرز بکرێتەوە بەڵام بە کشانەوەی ئەمریکا لەو رێککەوتنە تاران بڕیاریدا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 60% بەرز بکاتەوە.
نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا لەسەر ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ لە ئیران هۆشداریی دەدەن و وەزیری ناوخۆ وڵاتەکەش دەڵێت تا ئێستا هیچ کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو کارە دەستگیر نەکراوە. نوسینگەی سندوقی منداڵان-ی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان (یونیسێف) لە ئێران هۆشداریی داوە لە زنجیرەی روداوی ژەهراویکردنی کچان و خوێندکاران لە وڵاتەکە و رایگەیاندوە؛کاریگەریی خراپی لەسەر باری دەرونیی ئەو خوێندکارانە و کۆمەڵگە دروست کردوە و پڕۆسەی خوێندن روبەڕی کێشە بوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە کۆنگرەیەکەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچن و تا ئێستا هیچ کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو کارە دەستگیر نەکراوە و هیچ ماددەیەکی کیمیایی کە ژەهراویکردنەکەی پێ ئەنجام درابێت نەدۆزراوەتەوە. وحیدی وتویەتی: نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدەن بە هەمو شێوازو رێگایەک دۆخی وڵاتەکە ئاڵۆز بکەن و تەنات ئامانجیانە پڕۆسەی خوێندن رابگیرێت بەڵام ئەوە رونادات و لە چەند رۆژی داهاتودا لەگەڵ دەرکەوتنی سەرەداوەکان ، زانیارییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا دەکرێن. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە رایگەیاند؛ خوێندن مافی کچان و ژنانە و واشنتۆن چاوەڕێی ئەوەیە هۆکارەکانی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ لە ئێران ئاشکرا ببێت. نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتویەتی: نیگەرانین لە ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار لە ئێران و چاوەڕێین لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت و هۆکارەکانی ئەو روداوانە ئاشکرا بکرێن. لە ماوەی رابردودا نزیکەی هەزار خوێندکاری کچ لە 60 خوێندگەی ناوەندیی و دواناوەندیی کچان ژەهراویی کراون و هەر بەو هۆیەوە توشی رشانە و سکچون بون و ژمارەیەکیشیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و تەنانت هەندێک کەسیان رەوانەی ژوری چاودێریی وردی پزیشکیی کراون. ژمارەیەک گروپی نەناسراوی شیعە و لایەنگری توندڕەوی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبارکراون بە ئەنجامدانی ژەهراویکردنی کچان بە مەبەستی رێگریی لە خوێندنی کچان و ژنان و هاوکات دەوترێت ئەو روداوانە تۆڵەکردنەوەیە لە کچانی خوێندکار وەک ئامادەبونی بەرچاویان لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی.
هاوڵاتی پسپۆڕێکی بومەلەرزە و کارەساتەکان لە تورکیا ئامارێکی مەترسیداری بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتی باکوری کوردستان و تورکیای راگەیاند و وتی، " ژمارەی گیانلەدەستانی بومەلەرزە کەڕەتی پێنج بکەن." پرۆفیسۆر دکتور کوبیلای کاپتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، نووسینێکی لەبارەی دۆخی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزە و ژمارەی قوربانیان بڵاوکردەوە. کاپتان لە نووسینەکەیدا دەڵێت، " پرۆسەی رزگارکردن و بەهاناچوونی قوربانیان بومەلەرزە زۆر خاو بەڕێوەچووە. ئەمەش وادەکات، ئاماری راستی گیانلەدەستدان رانەگەیەندرێت. بۆچوونی منیش بەم شێوەیەیە؛ پێنج ئەوەندەی ئاماری ئێستا هاوڵاتیەکانمان گیانیان لەدەستداوە، واتە ئاماری ئەمڕۆ کەڕەتی پێنج بکرێت، ئاماری راستەقینەی گیانلەدەستدان دیاری دەبێت." ئەو پرۆفیسۆرە تورکە وتیشی، " بۆ زانینی ئاماری راستەقینە، پێویستە بە دروستی ئاماری باڵەخانە رووخاوەکان ئاشکرا بکرێت." ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، ژمارەی گیانلەدەستدانی بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات گەیشتووەتە نزیکەی ٤٥ هەزار کەس. ئەگەر بەقسەی ئەو پسپۆڕە بێت و ئەو ٤٥ هەزارە کەڕەتی پێنج بکرێت، ژمارەی گیانلەدەستدان دەکاتە ٢٢٥ هەزار کەس.
هێمن مەحموود وادەردەكەوێت سەردانەكەی وەفدی عێراق بەسەرۆكایەتی وەزیری دەرەوە بۆ ئەمریكا لەماوەكانی رابووردوودا بەستەڵكی ساردو سڕی پەیوەندییەكانی واشنتۆن و كابینەكەی محەممەد شیاع سودانی تواندبێتەوەو دەوڵەتی یاساش بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی رایدەگەیەنێت سودانی تا ئەم ساتە سەركەوتووبووە لەبەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپادا، هاوكات راوێژكارێكی سودانی دەڵێت: پەیوەندی ئەمریكا و عێراق بە شەرت و مەرج بەڕێوەناچێت، بەڵكو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوانمانە، باڵوێزی پێشووی ئەمریكاش لەعێراق بڕوای وایە ئیدارەی ئەمریكا بانگهێشتنامە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەنێرێت تا سەردانی واشنتۆن بكات. دوای رووخانی رژێمەكەی پێشوو لەساڵی 2003 بەسەرۆكایەتی ئەمریكا و درووستكردنی سیستەمی نوێی سیاسی عێراق، پەیوەندییەكانی واشنتۆن و بەغداد زۆرجار بەئاستی بەرزونزمیدا تێپەڕیوون كە هۆكاری سەرەكی ئەمەش بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمریكا دەستوەردانەكانی ئێران بوون لەكاروبارەكانی عێراق و چەكداركردنی گرووپە شیعە توندڕەوەكان بووە، لەدوای زنجیرەك گۆڕانكاریش، دواجار محەممەد شیاع سوودانی كاندیدی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیك لەئێران لەئۆكتۆبەری 2022 بووبە سەرۆك وەزیران و كۆتایی بەململانێكان هێنا، بەڵام سودانی جیاواز لەوانەی پێشووتر هەر لەسەرەتاوە رایگەیاند كە ئەو سەر بەهیچ بەرەیەك نییەو دەیەوێت لەگەڵ هەموو وڵاتان پەیوەندییەكانی یەكسان بن بەتایبەت لەگەڵ ئەمریكا، بۆ ئەم مەبەستەش لەماوەكانی رابووردوودا شاندێكی بەسەرۆكایەتی وەزیری دەرەوە ناردە واشنتۆن تاگفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا سەبارەت بەچەندین پرسی گرنگ بكات كە گرنگترینیان گەندەڵی و سەربەخۆیی وزە و رێژەی ئاڵوگۆڕی دراو و رێوشوێنەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سەبارەت بە ناردنی دۆلار بۆ عێراق. رەنگە ئەوەی زیاتر پرسەكەی تاڕادەیەك ئاڵۆزكردبێت لەو سەروبەندەدا دابەزینی بەهای دیناربێت لەبەرامبەر دۆلاردا ئەویش بەهۆی گوشاری ئەمریكییەكان بۆ جێبەجێكردنی چەندین رێوشوێنن سەبارەت بەرێگەگرتن لە ناردە دەرەوەی دۆلار لەعێراقەوە بۆ ئێران وڵاتانی دژە ئەمریكایی دیكە، كە حكومەتەكەی سودانی خستە بەردەم هەڵوێستێكی شەرمهێنەرەوە لەبەرامبەر خەڵكیداو ناچاریكرد جارێكی دیكە بەهای دینار لە 1470بۆ هەر دۆلارێك دابەزێنێت بۆ 1300 دینار، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی كێشەكەی كۆنترۆڵ نەكردووە. دۆگلاس سلێمان باڵوێزی پێشوی ئەمریكا لەعێراق رایدەگەیەنێت: یەكێك لەو بابەتە ئیجابییانەی كە لەسەردانەكەی وەفدی عێراق كەوتۆتەوە ئەوەیە چاوەڕواندەكرێت ئیدارەی ئەمریكا بانگهێشتنامە بۆ سودانی بنێرێت تا سەردانی واشنتۆن بكات و چاوی بەسەرۆكی ئەمریكا بكەوێـت. سلێمان باس لەوەدەكات هەرچەندە سەردانی وەفدەكەی عێراق لەكاتێكی زۆر باشدا نەبوو بەتاییەت جەنگی ئۆكرانیا و فشارەكانی وەزارەتی گەنجینەو نامەی چەند كۆنگرێسمانێك لەدژی پەیوەندییەكانی ئیدارەی سودانی و ئێران و فشارەكانی بەغدا بۆ سەر هەرێم، بەڵام سەردانەكە توانی ئامانجەكانی خۆی تاڕادەیەك بپێكێت بەتایبەت وەفدەكە ئەو هەنگاوانەیان خستەروو كە سوودانی لەدژی هەژموونی ئێران گرتویەتیەبەر و لە وتارێكیشدا پشتگیری خۆی بۆ مانەوەی سوپای ئەمریكا لەعێراق رایگەیاندبوو، هەر بۆیە چاوەڕواندەكرێت ئیدارەی ئەمریكی لەواشنتۆن پێشوازی لە سوودانی بكات. سەبارەت بە بڵاوبونەوەی هەواڵی مەرجی ئەمریكاش بۆ سودانی، هیشام ركابی، راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند: پەیوەندی ئەمریكا و عێراق بە شەرت و مەرج بەڕێوەناچێت، بەڵكو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوانمانە، و هەر قسەكردنێك لەسەر هەبوونی مەرجی پێشوەخت بۆ سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن تەنها بۆ سەرقاڵكردنی رای گشتییە، لەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی حكومەتی خزمەتی نیشتمانی لە بوارە جیاجیاكاندا دەیدات. هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاساش بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی لەراگەیەندراوێكدا دەڵێت: سوودانی تا ئەم ساتە سەركەوتووبووە لەبەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا و ئەورووپادا، و هەوڵەكانی سودانی رووەو ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتە عەرەبییەكان هاوسەنگانەیە و تائێستا سەركەوتوبوە كە لەبەرژەوەندی عێراقییەكان تەواودەبێت، جەختیش لەوەكراوەتەوە سودانی دەیەوێت لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ناوچەكەو جیهان پەیوەندییەكی سەركەوتووی باشی هەبێت. هاوكات لەكۆبوونەوەیەكشدا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لەبەغداد پشتگیری وڵاتەكەی بۆ حكومەتەكەی سودانی و بەرنامە وەزارییەكەی دووپاتكردۆتەوەو باسیان لە چالاككردنەوەی رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات كردووە. هەوڵەكانی كابینەكەی سودانی بۆ بەستنی پەیوەندییەكی باش هەر بەتەنیا بە ئەمریكاوە نەوەستاوە، بەڵكو هەر بەتەنیا لەمانگی شوباتدا جگە لەپەیوەندیی تەلەفونی نێوان جۆ بایدن و سودانی و ناردنی وەفدێك بۆ ئەمریكا و رۆیشتی سوودانی بۆ كۆنگرەی میونیخ و چاوپێكەوتنی لەگەڵ زۆرێك لەسەركردەو سیاسیەكانی جیهان، لەسعودیە هەردوو وەزیری ناوخۆی عێراق و سعودیە پرۆتۆكۆڵی هاوكاریی ئاسایشی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆكرد سەبارەت بە ژمارەیەك پرۆژەی هاوبەش كە جێگەی بایەخی هاوبەشن لە بوارەكانی ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر، هاوكات وەزیری بەرگری عێراقیش سەردانی ئێرانی كرد و كۆنگرەی یەكێتی پەرلەمانتارانی عەرەبیش لەبەغدا بەسترا. وادەردەكەوێت حكومەتەكەی سودانی هەر بەوەندەشەوە نەوەستێت بەڵكو هەوڵی رێككەوتنی نێوان سعودیەو ئێرانیش بدات، هەر لەو چوارچێوەیەشدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقیش سەردانی ئێرانی كردو لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەو بەرپرسانی دیكەدا كۆبوویەوەو بەپێی زانیارییە میدیاییەكان عێراق دەیەوێت گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوەكانی ئێران-سعودیە لەبەغدا بەڕێوەبچێت. وادەرناكەوێت كە هەموو ئەوانەی لەواشنۆتنن پشتگیری لەسودانی و كابینەكەی بكەن، هاوكاتی سەردانەكەی وەفدی عێراق بۆ ئەمریكا، سێ ئەندامی كۆنگرێس لە نامەیەكی هاوبەشدا داوا لە سەرۆكی ئەمریكا دەكەن، سیاسەتەكەی بەرامبەر عێراق تووندتر بكات، چونكە پێیانوایە حكومەتەكەی محەممەد شیاع سودانی هێشتا لەسەر هێڵی ئێران دەڕوات. نیكی هیلی كاندیدی كۆمارییەكانیش بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا رایگەیاند ئەگەر ببێت بەسەرۆكی ئەمریكا هەموو هاوكارییەك لەعێراق دەبڕێت، راشیگەیاندووە دەبێت باجدەرە ئەمریكییەكان بزانن پارەكانیان بۆ كوێ دەڕوات، گەلی ئەمریكا توشی شۆك دەبن كاتێك دەزانن پارەكانیان بۆ ئەو وڵات و لایەنانە دەڕوات كە دوژمنی ئەمریكان. بەبروای بەشێك لەچاودێرانی دۆخی عێراقیش پێناچێت مانگی هەنگوینی نێوان كابینەكەی سودانی و ئیدارەی ئەمریكا زۆر بخایەنێت ئەویش بەهۆی ئەوەی دواجار هاوشێوەی كابینە حكومییەكانی نزیك لەئێران، چارەنوسی ئەم كابینەی سودانیش لایەنگریكردنی ئێرانە ئەویش بەهۆی هەژموونی گرووپە شیعە چەكدارییەكانەوە لەزۆربەی پۆستە باڵاكانی وڵاتداو رۆڵیانە لەگۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی كاركردنی حكومەتدا بەرەو رووی ئێران و بەرژەوەندییەكانی ئێران.
هاوڵاتی دەستەی دەستپاکی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە له بهیاننامهیهكدا رایگەیاند، 11 تۆمەتباريان لە پارێزگای نەینەوا دەستگير كردووە، کە بڕی 8 ملیار دیناریان لە هاووڵاتیان کۆکردووەتەوە. فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، حەوت فەرمانبەر و دوو پارێزەر و دوو کەسی دیکەیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە کۆکردنەوەی پارە لە هاوڵاتیان بەرامبەر گۆڕینی ڕەگەزی زەوی بۆیان لە کشتوکاڵیەوە بۆ نیشتەجێبوون و تێپەڕکردنی مامەڵەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی. دهستهكه ئهوهشی روونكردهوه، "ئەندامانی کۆمەڵەکە بڕە پارەیەکیان لە هاووڵاتیان وهرگرتووه، لە بەرامبەر پێشخستنی مامەڵەی گۆڕینی جۆری زەوی لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون، ههروهها بڕە پارەیەکی تر وەک دەرماڵەی پەیوەستبوون بە کۆمەڵەکە و رێکخستنی وەسڵەکانی ئاڵوگۆڕ لە بەرژەوەندی کۆمەڵە بۆ وەرگرتنی ئەو قیستانەی کە دەبێ لە هاووڵاتیان وەربگرن، جگه لهوهی دادوەر بڕیاری دابوو هیچ بڕە پارەیەک بە شێوەی قیست لههاووڵاتیان وهرنهگیرێت" . له بهشی كۆتایی بهیاننامهكدا ئامەژە بەوەکراوە، "دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە وەسڵەکانی ئاڵوگۆڕکردندا گیراوه، کە کۆی گشتی بڕی 7,731,100,000 ملیار دینار بوو.
هاوڵاتی دوای بومەلەرزەکانی ٦ی مانگی شوبات کە کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتەوە، بەهۆی سەرقاڵبوون بە رزگاکردنی قوربانیان و هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان، پرسی هەڵبژاردن لە تورکیا کپکرابووەوە، بەڵام چەند رۆژێکە جارێکی دیکە، مشتومڕەکان لەبارەی ئەم پرسە دەستی پێکردووەتەوە. ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، لە کۆبونەوەی حەفتانەی پارتەکەیدا، ئاماژەی بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی کرد و وتی، " گەلی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا وڵامی پێویست دەداتەوە" قسەکانی ئەردۆغان لە شەقامی سیاسی تورکیادا، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. زۆر پێنەچوو، کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی سوزجوی سەر بە پارتەکەی باسی هەڵبژاردنەکان کرد و ئەوەی خستەڕوو کە سبەینێ ٢ی ئازار شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن کە هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە، کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا یەکلایی دەکەنەوە. کلچدارئۆغلۆ ئاماژەی بە گۆتارێکی ئەردۆغان کرد کە بڕیارە رۆژی ١٠ی ئازار پێشکەشی بکات و تێیدا بە فەرمی رۆژی هەڵبژاردنەکان دیاری بکات کە ماوەیەک لەمەوبەر دەسەڵات هەوڵی دواخستنی دەدا کە ئەویش ١٤ی ئایارە و وتی، " دوای گۆتارەکەی ئەردۆغان، واتە لە رۆژی ١١ی ئازاردا، ناوی کاندیدی هاوبەشیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ رای گشتی و هاوڵاتیانی تورکیا ئاشکرای دەکەن. دواتر ساروخان ئولوچ جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە پەرلەمانی تورکیا، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا. ساروخان ئولوچ باسی قسەکانی ئەمڕۆی ئەردۆغان کرد کە وتبوی ' گەلی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا وڵامی پێویست دەداتەوە' و ئاماژەی بەوەکرد، " ئەردۆغان ئەم جارە قسەی راستی کرد. گەلی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا وڵامی ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی دەداتەوە و حساب لە دەسەڵاتی ئاکەپە دەپرسێت کە بەرپرسیاری کارەساتی بومەلەرزەیە." ئێوارەی ئەمڕۆ کەمال کچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە و ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆکی پارتی دوارۆژ لە ماڵی داودئۆغلۆ لە ئەنقەرە کۆبونەوە. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، لە کۆبونەوەکەدا کە دوور لە چاوی کامێراکان ئەنجامدراوە، باسی کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن کراوە. دوێنێ کورشاد ئۆزەر وتەبێژی پارتی باش کە پارتەکەی یەکێکە لە شەش پارتەکەی ئۆپۆزسیۆن کە هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە رایگەیاند، رێککەوتنێکی سەرەتایی لەبارەی کاندیدی سەرۆککۆماری کراوە و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سەرۆککۆماری داهاتوو یەک جێگری دەبێت، ئەویش لە پێکهاتەی پارتی باش دەبێت.
هاوڵاتی پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی كۆتایی نەهاتوە و پێدەچێت بەهۆی دۆخی خراپی ئابوریی و دابەزینی بەهای تومەن بەرامبەر دۆلار و بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكان روبدات. هەڵاوسانی ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی خۆراك و كەلوپەل و پێدوایستییە سەرەتاییەكانی ژیان تەنگی بە زۆربەری چین و توێژەكان هەڵچنیوە، لە كاسبكاری بانە تا پزیشك و بەڵێندەرانی تاران بەهۆی ئەو دۆخە ئابورییەوە، گردبونەوەی ناڕەزایەتی و دەربڕینی نیگەرانی بە دەیان شێوەی جیاواز بەردەوامە و لەئێستادا تەنها ناوی ژینا و دروشمەكان تا ئاستێك كەم دەردەكەوێت، بەڵام ناڕەازیەتییەكان كەم و كپ نەبونەتەوە و تەنها خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شار و شەقامەكان بەڕێوەناچێت. رۆژانە لانیكەم لە دەیان شار و شارۆچكەی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، كاسبكار و خانەنشین و مامۆستا و كرێكار و پزیشك و ئەندازیاریش لە شێوەی گردبونەوە و چونە بەردەم دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی دەسەڵاتی ئێران ناڕەازیەتیی دەردەبڕن لە كەمیی موچە و بەرزبونەوەی نرخەكان لەو وڵاتە و دەسەڵاتیش لەگەڵ ئەوەی ناتوانێت چارەسەری ئەو كێشانە بكات لە میدیاكانەوە بەڵێنی بەهێزبونەوەی ئابوریی و زیادكردنی فرۆشی نەوت و جێبەجێكردنی رێككەوتن و گرێبەستە ئابورییەكان لەگەڵ چین دەدات بە هیوای دامركاندنەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە. دوانیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لە مێژودا بەهای یەك دۆلار لە ئێران گەیشتە 60 هەزار و 50 تومەن و ئەوەی مایەی سەرنج بوو میدیاكانی دەسەڵات كە پێشتر حاشایان لە بەرزبونەوەی بەرچاوی بەهای دۆلار دەكرد بە بڵاوكردنەوەی بڕیاری بانكی ناوەندیی و هەرسێ سەرۆكایەتیی وڵاتەكە وایان وێناكرد كە دۆلار لە 61 هەزار تومەنەوە دەستی بە دابەزین كردوەتەوە. بەرزبونەوەی دۆلار كە زۆرترین كاریگەریی لەسەر بازاڕەكانی ناوخۆی ئێران هەیە بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان، نرخی یەك كیلۆ گۆشتی نەرمە گەیشتە 850 هەزار تومەن لە كاتێكدا كرێكارێك ئەگەر 30 رۆژ لە مانگێكدا كاربكات تەنها شەش ملیۆنی دەست دەكەوێت. حكومەت بەڵێنی داوە لە رێگەی پڕۆژە یاسایەكی پەرلەمانەوە موچەی خانەنشینان بۆ 20% بەرزبكاتەوە و ئەو بەرزبونەوەیەش موچەی خانەنشینان دەكاتە شەش ملیۆن و 300 هەزار تومەن لە كاتێكدا هەڵاوسانی ئابوریی لە زاری بەرپرسانی حكومەتەوە 54% و لە زاری شارەزایانی ئابوریی وڵاتەكەش گەیشتوەتە زیاتر لە 70%. بە پێی ئەو بەڵێنانەی حكومەت داویەتی لانی كەمی موچەی كارمەندان لە وڵاتەكە دەگاتە حەوت ملیۆن و 200 هەزار تومەن بەڵام بە پێی نوێترین خەمڵاندن هێڵی هەژاریی بۆ هەر خێزانێك 15 ملیۆن بۆ 18 ملیۆن تومەنە لە كاتێكدا كە هەر دۆلارێك بە 36 هەزار تومەن بوو، هێڵی هەژاریی 10 ملیۆن تومەن بوە بۆ هەر خێزانێك. زیاتر لە پێنج مانگە ناڕەزایەتییەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە دوای مەرگی ژینا ئەمینییەوە ئەگەرچی كپ و بێدەنگ دیارە، بەڵام بەهێزتر بوە و چاوەڕێ دەكرێت لە شێوەی بوركانێك لە ئان و ساتێكدا بتەقێتەوە.
هاوڵاتی ئەردۆغان ڕۆژی ١٤ی ئایاری وەک وادەی هەڵبژاردنی تورکیا دەستنیشان کرد ودەڵێت، " بە ئیزنی خودا ئەم گەلە لە ١٤ی ئایاردا هەرچی پێویست بێت ئەنجامی ئەدات". ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئاکەپەدا ڕایگەیاند، هەڵبژاردنەکان دواناخرێت و لەوادەی خۆیدا کە ١٤ی ئایارە ئەنجام دەدرێت. لە ئێستاشدا گومانەکان چربوونەتەوە لەسەر ئەوەی تورکیا بتوانێت لەو وادەیەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات ئەوەش بەهۆی وێرانبوونی ئەو پارێزگایانەی تورکیا لە بومومەلەرزەکەی مانگی ڕابردوو کە وادەکەن بانگەشەکانی هەڵبژاردن سەخت بێت، لەلایەکی دیکەشەوە ناڕەزایی و ڕەخنەکانی تورکیا لەمەڕ سستی هاوکاریەکان و خراپی باڵەخانەکان لە تورکیا کە بەهۆیەوە زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە چاودێران دەڵێن هەڵبژاردنەکان پێویستە تا کۆتایی ساڵ دوابخەن، لەلایەکی دیکەوە هەندێکی تریش دەڵێن پێویستە لە ١٨ ی مانگی شەش، لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن. هاوکات ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە مانگی کانوونی یەکەمدا لە تویتێکدا وتی، "هەڵبژاردنەکان پێش کاتی ئاسایی خۆیان ئەنجام دەدرێن هەستمان بە پێویستی نوێکردنەوەی ١٨ ی مانگی شەش کرد کە وادەی ئاسایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانە، بەو پێیەی هاوکاتە لەگەڵ سەروبەندی جەژنی قوربان و تاقیکردنەوەکانی ساڵانەی منداڵەکانمان کە خۆیان بۆ زانکۆ ئامادە دەکەن، لەگەڵ پشووی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانمان و قوتابخانە ناوەندییەکان." ئەو 14 ی پێنجی بە گونجاوترین کات بۆ هەڵبژاردن دانا".
نزیکەی مانگێکە رۆژانە دەیان خوێندکاری کچ لە ئێران ژەهراوی دەکرێن و ژمارەیەکیان رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون، بە وتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتەش دەستی نەیارانی دەسەڵات لە پشت روداوەکانەوە هەیە و گومانیش دەکرێت گروپێکی توندڕەوی سەر بە دەسەڵات لە پشت ئەو روداوانەوە بن کە خەڵک و پەرلەمان و حکومەتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە. میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە؛ سەرەتای روداوی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار لە شاری قوم دەستی پێکردوە کە بە پایتەختی شیعە لە وڵاتەکە ناوەدهێنرێت و لە ئێستاش دیاردەکە گەیشتوەتە تارانی پایتەخت و شارەکانی تەبرێز، کەرەج، بروجەر و و چەند شارێکی دیکە. تا ئێستا نزیکەی هەزار کەس کە لانیکەم 850 کەسیان خوێندکارانی کچ بون توشی ژەهراویبون بون. ئاماژە بەوە کراوە لانیکەم لە 60 خوێندگەی ناوەندیی و دواناوەندیی کچان دەیان کچ ژەهراویی کراون و هەر بەو هۆیەوە توشی رشانە و سکچون بون و ژمارەیەکیشیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و تەنانت هەندێک کەسیان رەوانەی ژوری چاودێریی وردی پزیشکیی کراون. رۆژنامەی (هەم میهەن) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چەند خوێندگەیەک شتێک هاوشێوەی تۆپی یاریی لە دەرەوە خراوەتە ناو حەوشە و بینای خوێندگەکان و دواتر بۆنی میوەی رزیو و پرتەقاڵ و نارنگیی بڵاو بوەتەوە و لە ئەنجامدا خوێندکاران بەو بۆنە ژەهراویی بون. ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێستا هیچ کەسێک یان هێرشکارێک لە کامێراکانی چاودێریی و لە لایەن خەڵکەوە نەبینراوە کە راستەوخۆ هێرشی کردبێتە سەر خوێندگایەکی کچان یان ئەو شتەی لەشێوەی تۆپە هەڵیدابێتە خوێندگەکانەوە. ژمارەیەک سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئەو کچانە لە رێگەی سپرا ژەهراویی کراون و پێشتر گروپێک بە ناوی فیداییانی ویلایەت وەک ئاماژەیەک بە پشتیوانیی لە بازنەی دەسەڵاتی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو روداوانەیان گرتە ئەستۆ بەڵام لە ئێستا تەنها گروپی هێزارەگەرا تۆمەتباری سەرەکیی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچە. گروپی فیداییانی ویلایەت لە ساڵی 1988 لە ئێران دەرکەوتوە کە هیچ ناوەند و شوێنێکی فەرمیی نییە و تەنها بانگەشەی ئەوە دەکەن پشتیوانیی لە کۆماری ئیسلامیی دەکەن. محەمەد تەقی فازڵ مەیبودی، ئەندامی دەستەی زانایانی ناوەندی مامۆستایانی ئایینیی شاری قوم بە رۆژنامەی (شەرق) لە ئێرانی راگەیاندوە؛ روداوەکە بە ئەنقەستە و دەستی گروپێکی توندڕەوی لە پشتە کە دژی خوێندنی کچانن. بە وتەی ئەو گروپێکی توندڕەوی شیعە بە ناوی (هێزارەگرا) لە ئێران دەستیان لە ژەهراویکردنی خوێندکاران و قوتابیانی کچدا هەیە و کە بە بوکوحەرام-ی ئێران ناویان دەهێنرێت. لە لایەکی دیکەوە راوێژکاری وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندوە؛ ئامانجی ئەو ژەهراویکردنە داخستنی کاتیی خوێندگەکانی تایبەت بە کچان بوە. مەولەوی عەبدولحەمید، رێبەر و پێشەوای سوننەکانی سیستان و بەلوچستان رایگەیاندوە؛ ژەهراویکردنی کچان تۆڵەی دەسەڵاتە چونکە کچان و خوێندکاران زیاترین بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردوە. لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەیان وێنە و تۆماری ڤیدیۆی خوێندکارانی کچ بڵاو کرایەوە کە وێنەکانی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێرانیان دەسوتاند و هاوکات . پەرلەمانی وڵاتەکەش هەر لە سەر ئەو روداوانە کۆبوەتەوە و ژمارەیەک پەرلەمانتار داوای راگرتنی کاتیی پڕۆسەی خوێندنی کچانیان لە ئێران کردوە.
هاوڵاتی دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و رووداوی لەناکاوی تورکیا- ئافاد ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023ەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ 45 هەزار و 89 کەس بەرزبووەوە. ئافاد بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 1-3-2023 بڵاویکردەوە،لە پارێزگاکانی قەهرەمانمەڕەش، غازی عەنتاب، شانڵیئورفا، دیاربەکر، ئادانا، ئادیامان، عوسمانییە، هاتای، کلیس، ماڵاتیا و ئەلعەزیز بە تێکڕایی 45 هەزار و 89کەس گیانیان لەدەستداوە ژمارەی ئەو کەسانەیش کە لە ناوچەکەوە گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی تورکیا، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٩٧١ هەزار کەس هاوکات دوای بوومەلەرزەکەی 6-2-2023ی مەرەش، 11 هەزار و 20 پاشلەرزە روویانداوە. بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی مانگ زیانی گەورەی بە باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا گەیاند و قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە جگە لەوەی ژمارەی زۆر باڵەخانە ڕوخاون و خەڵکی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بومەلەرزەکان لەناو خێمەو سەر شەقامەکان دەمێننەوەو ژمارەیەکی زۆر منداڵ بێدایک و باوک بوون. هاوکات ژمارەی قوربانیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، نزیکەی 6 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی 1000 کەسیان لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون. بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە شەشی شوباتەوە 40هەزار هاوڵاتی سوری تورکیایان جێهێشتووە و گەڕاونەتە سوریا. مازین عەللوش بەرپرسی هێزەکانی گروپێکی چەکداری سوریا لە دەروازەی باب ئەلهەوا (جیلڤەگوز) بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، لە دەروازەکانی باب ئەلهەوا، جەرابلوس، باب ئەلسەلام و گرێ سپێ، نزیکەی 40 هەزار هاوڵاتی سوریا تورکیایان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و پرۆسەی گەڕانەوەی سوریەکان تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، تەنیا لە باکوری کوردستان و تورکیا بەهۆی بومەلەرزەکانەوە، زیاتر لە سێ هەزار و 500 ئاوارەی سوریا گیانیان لەدەستداوە. لە 17ی هەشتی 1999دا لە ئیزمیتی توركیا بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.6 پلە ڕوویدا و نزیكەی 18 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا. دوای نزیكەی چوار مانگ و لە 12ی یانزەی 1999دا بوومەلەرزەیەكی تر بە گوڕی 7.2 پلە لە پارێزگای دوزجە ڕوویدا و لەوەشدا نزیكەی هەزار كەسی تر گیانیان لە دەستدا. لەو كاتەوە دەوڵەتی توركیا باجێكی خستووەتە ئەستۆی هاوڵاتییەكانی بە ناوی باجی ڕووبەڕووبوونەوەی بوومەلەرزە و رووداوە سروشتییەكان. ئەوە بە چاوكردن لە هەندێك وڵات كرا بۆ ئەوەی بیناسازی لە توركیا بگەیەنرێتە ئاستێك، كە لە كاتی روودانی بوومەلەرزەدا بیناكان بەرگە بگرن و زیانیان كەمتر پێ بگات و هاووڵاتییان پارێزراو بن .بەڵام بە گوێرەی ئەو کاولکارییەی لە ٦ی دووی ئەمساڵدا ڕویدا دەردەکەوێت یاساکە شوێنی خۆی نەگرتووە.
هاوڵاتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان درەنگانی شەوی رابردوو سێشەممە (28ـی شوبات/فێرێوەری 2023)، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەخی عێراق و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هیوادارم عێراق ئایندەیەکی گەشی هەبێت." سەردانەکەی گۆتێرێز، بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، "لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراقە لە هەموو ئاستەکاندا و گوزارشتە لە رۆڵی هاوسەنگی لە عێراق کە ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی بەهێز دەکات." گۆتێرێز و فوئاد حوسێن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکرد، تێیدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بۆ عێراق دەربڕی و رایگەیاند، دڵنیایە لەوەی گەلی عێراق دەتوانێت ئالنگاری و کێشە و گرفتەکان تێبەڕێنێت. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گۆتێرێز ئاماژەی بەوەکرد، چەندین جار سەردانی عێراقی کردووە و هیواخوازە کاتی پێویست هەبێت بۆ ئەوەی سەردانی کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بکات. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانی ئەو هاووڵاتییانەی عێراقی کردووە کە ئاوارەی سووریا بوونە، کە وەکو خۆی دەڵێت، "بە بارودۆخێکی سەختی ژیاندا تێدەپەڕن"، پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییان لە دەرەوەی وڵاتیش دەکات. هاوکات، د. فوئاد حوسێن گوتی: سەردانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەغدا لەسەر داوای ئێمە بووە و سوپاسی دەکەین کە بەدەم داواکەمانەوە هاتووە. وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی، "پێویستمان بە پشتیوانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان."
هاوڵاتی بەگوێرەی ئامارێک، لە ئامەد بومەلەرزە زیانی بە دوو هەزار و ٢٩٥ باڵەخانە گەیاندووە و پێویستە ٥٧ باڵەخانە بو زوترین کات بڕووخێندرێن. پلاتفۆرمی یەکگرتن و پاراستنی شاری ئامەد کە دوای بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات لەگەڵ تیمەکانی وەزارەتی ژینگە و شارستانی، دەستی بە دەستنیشانکردنی زیانەکانی بومەلەرزە کردبوو، ئاماری زیانەکانی بومەلەرزەی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاماری پلاتفۆرمەکە، لە شاری ئامەد ٢٢ باڵەخانە بە تەواوی ڕووخاون، ٥٧ باڵەخانە بە زوترین کات پێویستە بڕووخێندرێن، زیانێکی زۆر بە دوو هەزار و ٢٩٥ باڵەخانە گەیشتووە و زیانێکی کەمیش بە دوو هەزار و ٢٣٦ باڵەخانە گەیشتووە. پلاتفۆرمەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا لێکۆلینەوە لە دوو هەزار و ٧٦٩ باڵەخانە نەکراوە و ٧٢ هەزار و ٢٢٩ باڵەخانە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە. شەشی شوبات، سێ بومەلەرزەی بەهێز پارێزگاکانی مەڕەش و دیلۆکی باکوری کوردستانیان هەژاند و لە ١١ پارێزگا بووە هۆی کاولکاری و کارەساتێکی مرۆیی زۆر. بەگوێرەی دوایین ئاماری فەرمی کە ژمارەی گیان لەدەستدان تەنیا لە باکوری کوردستان و تورکیا، گەیشتووەتە ٤٤ هەزار و ٣٧٤ کەس و زیاتر لە ١١٥ هەزار هاوڵاتیش بریندار بوون.