زیاتر لە 100 رۆژە دیاردەی ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچان لەئێران سەریهەڵداوەو ئەو رووداوانەش باڵی بەسەر وڵاتەكەدا كێشاوە بەتایبەت كەدەركەوتووە بەماددەی كیمیایی دەگمەن هێرش دەكرێتەسەر خوێندنگاكانی كچان كەدەستكەوتنی ئاسان نییە. ژەهراویكردنەكە لەچەند رۆژی رابردوودا گەیشتە خوێندگاكانی كچانی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەشارەكانی كرماشان، سنە، ورمێ و ئیلام دەیان كچ رەوانەی نەخۆشخانەكان كران و تائێستا بەگشتی رووداوی ژەهراویبوون 18 پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە. رووداوەكە سەرجەم میدیاو دامەزراوە فەرمییەكان و سەرۆكایەتییەكان و پەرلەمانی ئێرانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووەو بەبێ ئەوەی یەك سەرەداو لەئەنجامدەرانی رووداوەكە دەركەوتبێت یان حكومەت هیچ زانیارییەكی بۆ خەڵك دركاندبێت، چونكە زۆربەی ئەو خوێندنگانەی رووبەڕووی ئەو دیاردە بوونەتەوە تۆماری كامێراكانی چاودێرییان هیچ ئاماژەیەكی تۆمار نەكردووە كە كەسێك یان كەسانێك ئەو هێرشەیان ئەنجامدابێت. بەسەرنجدان لەوێنەو تۆمارە ڤیدیۆییەكانی ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا دەردەكەوێت ئامادەبوونی كچانی خوێندكارو ژنان لەناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەرچاوەو هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە كچان و ژنان بەشێوازێكی جیاواز لەناڕەزایەتییە باوەكان پێشەنگ بوون بەجۆرێك كە بەشۆڕشی ژن ناودەهێنرا. دەیان تۆماری ڤیدیۆیی كچانی خویندكار بڵاوبووەوە كەوێنەكانی خومەینی و خامنەیی لەناو هۆڵەكانی خوێندن دەسوتێنن و تەنانەت ئەو كچانە سەرجەم لاپەڕەی ئەو كتێب و پەرتوكانەی خوێندن كەوێنەی ئەو دوو كەسی تێدابوایە لێدەكردەوەو دەیاندڕاندو دەیانسوتاند. هەموو ئەو وێنەو تۆمارانەی كە لەناڕەزایەتییەكانی كچانی رۆژهەڵات و ئێران تۆماركراوە بەسە بۆ ئەوەی گومان لەوەنەكرێت ژەهراویكردنیان تۆڵەی ئەو رۆژانەیەو تەنانەت هەندێك چالاكوان و كەسایەتییە ناودارە ئاینییەكانیش حاشایان لەوە نەكردووە كەدەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەكیمیایی تۆڵە لەو كچە خوێندكارانە دەكاتەوە.   هێرش دەكرێتە سەر خوێندنگاكانی كچان رۆژنامەی (هەم میهەن) لەئێران بڵاویكردووەتەوە؛ لەچەند خوێندگەیەك شتێكی هاوشێوەی تۆپی یاریی لەدەرەوە خراوەتە ناو حەوشەو بینای خوێندگەكان و دواتر بۆنی میوەی رزیوو پرتەقاڵ و نارنج بڵاوبووەتەوەو لەئەنجامدا خوێندكاران بەو بۆنە ژەهراویی بوون. ئەوەی جێگەی سەرنجە تائێستا هیچ كەسێك یان هێرشكارێك لەكامێراكانی چاودێریی و لەلایەن خەڵكەوە نەبینراوە كەڕاستەوخۆ هێرشی كردبێتەسەر خوێندنگایەكی كچان یان ئەو شتەی لەشێوەی تۆپە هەڵیدابێتە خوێندنگەكانەوە. چەند سەرچاوەیەك لەناو ئێران ئاماژەیان بەوە كردووە كەئەو كچانە لەڕێگەی سپرا ژەهراویی كراون و پێشتر گروپێك بەناوی فیداییانی ویلایەت وەك ئاماژەیەك بەپشتیوانیی لەبازنەی دەسەڵاتی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو رووداوانەیان گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام لەئێستا تەنها گروپی هێزارەگەرا تۆمەتباری سەرەكیی ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچەكانە. پزیشكێك ئاشكرای كردووە لە رووداوی بەكارهێنانی ماددەی كیمیایی دژی خوێندكارانی كچ، چەند ماددەیەك بەتێكەڵكراوی بەكارهێنراون كەدەست كەسانی ئاسایی ناكەوێت. محەمەد رەزا هاشمیان، پسپۆڕی بواری چاودێریی وردی پزیشكی لەنەخۆشخانەیەكی تاران رایگەیاندووە لەنزیكەوە چاودێریی ژمارەیەك خوێندكاری كچی كردووە كەژەهراویبوون و هۆكارەكەشی هەڵمژینی چەند جۆرێك ماددەی كیمیاییە كەتێكەڵكراوەو كەسانی ئاسایی ناتوانن ئەو ماددە كیمیاییانە دەستخەن  یان بەكاریبهێنن. عەلی كیمایی ئێران‌ رووداوی ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار لەئێران كە بەهێرشی كیمایی لەقەڵەمدەدرێت و پەنجەی سەرەكیی تۆمەتەكان بۆ لایەنگرانی دەسەڵاتی خامنەیی رادەكێشرێت.  عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی بەهۆی رووداوەكانی ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار بە «عەلی كیمیایی ئێران» ناوی دەهێنرێت وەك ئاماژەیەك بە عەلی حەسەن مەجید كەتاوانباری كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بوو. لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئێران زۆربەی تیرو توانجەكان لەسەر رووداوەكانی ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار ئاڕاستەی دەسەڵات دەكرێت و تائێستا دوو گروپ بەناوەكانی (هێزارەگەرا) و (فیداییانی ویلایەت) تۆمەتبارن بەئەنجامدانی ئەو ژەهراویكردنانە كەهەردوو گروپەكە لایەنگری خامنەیین. گروپی فیداییانی ویلایەت لە ساڵی 1988 لە ئێران دوای تەواوبونی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئەو وڵاتەوە رژێمی بەعس دەركەوتوە كە هیچ ناوەند و شوێنێكی فەرمیی نییە و تەنها بانگەشەی ئەوە دەكەن پشتیوانیی لە كۆماری ئیسلامیی و بە دیاریی كراوی ویلایەتی فەقهـی یان بەیتی رەهبەری واتا خامنەیی و دەوروبەرەكەی دەكەن. محەمەد تەقی فازڵ مەیبودی، ئەندامی دەستەی زانایانی ناوەندی مامۆستایانی ئاینیی شاری قوم بەڕۆژنامەی (شەرق)ی  ئێرانی راگەیاندوە؛ رووداوەكە بەئەنقەستەو دەستی گروپێكی توندڕەوی لەپشتە كەدژی خوێندنی كچانن، بەڵام دواتر مەیبۆدی لەژێر فشاری دەزگا ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیدا ناچاربوو لەلێدوانەكانی پاشگەز ببێتەوە. بەوتەی ئەو گروپێكی توندڕەوی شیعە بەناوی (هێزارەگرا) لەئێران دەستیان لەژەهراویكردنی خوێندكاران و قوتابیانی كچدا هەیە كە بە بۆكۆحەرام-ی ئێران ناویان دەهێنرێت. مەولەوی عەبدولحەمید، رێبەرو پێشەوای سوننەكانی سیستان و بەلوچستان رایگەیاندووە؛ ژەهراویكردنی كچان تۆڵەی دەسەڵاتە، چونكە كچان و خوێندكاران زیاترین بەشدارییان لەناڕەزایەتییەكاندا كردووە.   ژەهراویكردنی كچان هاوشێوەی ئەفغانستان و چیچان ساڵی 2004 و ناوچەی خۆبەڕێوبەری كۆماری ئەوسیتیای باكوری (ئالانیا) گروپێكی توندڕەو بۆ رێگریی لەخوێندنی كچان نزیكەی 800 خوێندكاریان بەبارمتە گرت و 160 خوێندكاریان كوژران، تەنها لەبەرئەوەی ئەو گروپە دژی خوێندنی كچان و ژنان بوون و ساڵیك دوای ئەو رووداوەش زنجیرەیەك ژەهراویبوونی خوێندكاران لەناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی چیچان روویدا. ئەو رۆژنامەنووسەی لێكۆڵینەوەی لەهۆكاری ژەهراویبوونی خوێندكارانی چیچانی دەكرد ساڵی 2007 لە رووداوێكی گوماناویدا كوژراو روسەكان تۆمەتباركران بەكوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە، چونكە رەخنەگری هەیمەنەو دەسەڵاتی ڤلادیمیر پوتین لەڕوسیاو ناوچەكە بوو. ساڵی 2016 لەئەفغانستان بەماددەیەكی كیمیایی هێرش كرایەسەر خوێندنگەیەكی كچان لەشاری هەرات لەو وڵاتەو دواتر رێكخراوی تاڵیبان هێرشەكەی لەئەستۆ گرت و رایگەیاند ئەو هێرشە وەك كاردانەوەیەكە بەرامبەر بەخوێندنی كچان و ژنان لەوڵاتەكەدا. رۆژی شەممە (4/3/2023) ژەهراویبوونی كچانی خوێندكار لە 33 شاری ئێران و چوار شاری رۆژهەڵاتی كوردستان روویداو دەیان كچ بەهۆی رشانەوەو كێشە لەهەناسەدان رەوانەی نەخۆشخانەكان كران و تەنها لەتاران رووداوی ژەهراویبوون لە 27 خوێنگەی كچان روویدا. رۆژی یەكشەممە (5/3/2022) تەنها لەشاری زاهیدان لەپارێزگای سیستان و بەلوچستان نزیكەی 800 خوێندكاری كچ بەهۆی ژەهراویبوون رەوانەی نەخۆشخانە كراون كە 200 كەسیان پێویستیان بەچاودێریی پزیشكی بووە لەو رۆژەدا لانیكەم رووداوی هاوشێوە لە 80 خوێندنگەی سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان روویدا. ئەگەرچی پێشتر ئەو دیاردەیە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەدی نەدەكرا، بەڵام نزیكەی هەفتەیەكە دەیان خوێندكاری كچ لەخوێندنگەكانی ئەو بەشە لەكوردستان بەهۆی ژەهراویبوونەوە رەوانەی نەخۆشخانەكان كراوە. شارەكانی ورمێ، سنە، كرماشان، ئیلام و دەیان شاری دیكەی رۆژهەڵات گیرۆدەی دووبارەبوونەوەی زنجیرەی رووداوی ژەهراویبوونی كچان بوون و رۆژ نییە دەیان خوێندكار رەوانەی نەخۆشخانە نەكرێن، بەڵام تائێستاش هیچ كەس یان كەسانێك بەتۆمەتی ئەنجامدانی ئەو كارە دەستگیرنەكراوە.   قوم لەسەر ژەهراویكردنی كچان دەێتە دەنگ ئەنجومەنی زانایان و تووێژەرانی ناوەندی زانستی ئاینیی قوم كە بەپایتەختی ئاینیی شیعە لەقەڵەمدەدرێت لەبەیاننامەیەكدا؛ ئیدانەی ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچی لەوڵاتەكە كردو رایگەیاند؛ ئەو هێرشە كیمیایی و بایۆلۆژییانە بۆ سەر كچان تەنها قەیرانی وڵاتەكە قووڵتر دەكاتەوە. لەبەیاننامەكەدا هۆشداریی دراوە بەدەسەڵاتداران كە ئەو هێرشانە بۆ رێگریی لەخوێندنی كچانەو ئامانجی ترس و تۆقاندنی گشتیی ئەنجامدەدرێت و لەگەڵ كێشەی بژێوی و ناكارامەیی حكومەت ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی نایاسایی بوونی دەسەڵاتی وڵاتەكەو قوڵبوونەوەی قەیران و ناڕەزایەتییەكان. ئەو ئەنجومەنە كەنزیكە لەباڵی ریفۆرمخوازانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبەیاننامە توندەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كەلێدوانی دژبەیەك و ناڕاستی بەرپرسان هێندەی دیكە دۆخەكەی ئاڵۆز كردووەو تەنانەت ئەو هێرشانە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو لایەنە توندڕەوە ئاینییەی كە لەڕێگەی پەروەردەی ئاینییەوە دژی خوێندنی كچانەو لەژێرەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پشتیوانیی لێدەكرێت.   یونیسێف هۆشداریی دەداتە ئێران نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا لەسەر ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچ لەئێران هاتنەدەنگ و نووسینگەی سندوقی منداڵان-ی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان (یونیسێف) هۆشداریی داوە لەزنجیرەی رووداوی ژەهراویكردنی كچان و خوێندكاران لەوڵاتەكەو رایگەیاندووە؛ كاریگەریی خراپی لەسەر باری دەروونیی ئەو خوێندكارانەو كۆمەڵگە دروستكردووە و پڕۆسەی خوێندن رووبەڕووی كێشە بووەتەوە. هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەڕێگەی وتەبێژەكەیەوە رایگەیاند؛ خوێندن مافی كچان و ژنانەو واشنتۆن چاوەڕێی ئەوەیە هۆكارەكانی ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچ لەئێران ئاشكرا ببێت. نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتوویەتی: نیگەرانین لەژەهراویكردنی كچانی خوێندكار لەئێران و چاوەڕێین لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت و هۆكارەكانی ئەو رووداوانە ئاشكرا بكرێن.   گومانەكان لەسەر دەسەڵاتە ئەگەرچی تائێستا دەسەڵات لەئێران هیچ هۆكارێك یان كەسانێك كەدەستیان لەو رووداوانەدا هەبێت ئاشكرا نەكردووە، بەڵام زۆربەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی رایانگەیاندووە كە ئەو رووداوانە گەورە كراونەتەوەو دوژمنان و نەیاران دژی دەسەڵاتی وڵاتەكە بەكاریدەهێنن. شارەزایانی سیاسی و پسپۆڕانی كۆمەڵایەتیی لەئێران بەبەیاننامەیەك هۆشدارییان داوە كەئەو رووداوانە ئەنجامی ژووری بیركردنەوەی دەسەڵاتە بەرامبەر نەیاران بۆ ئەوەی دۆخی وڵاتەكە بگەڕێتەوە بۆ دواوەو دواكەوتوویی باڵ بەسەر ئێراندا بكێشێتەوە. ژمارەیەك لەپەرلەمانتارانی ئێران لەڕۆژی یەكشەممەدا داوایانكرد بابەتی سەرەكیی كۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بكرێت بە رووداوی ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار بەڵام لەلایەن محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانەوە رێگریی لەو كارەو لێدوانی پەرلەمانتاران كراو ئەوەش وایكرد پەرلەمان گرژیی و دەمەقاڵێی تێبكەوێت.   دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن و نەیاران تۆمەتبار دەكات میدیاو بەرپرسانی سەر بەدەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو رووداوانەشدا ئۆپۆزسیۆن و راگەیاندنەكانی دەرەوەی وڵاتەكە تۆمەتباردەكەن بەوەی كە رووداوەكانیان زۆر زیاتر لەقەبارەی خۆی گەورەكردووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆكارێك كە باری دەروونیی كچانی خوێندكار تێكبچێت. دەسەڵاتدارانی ئێران بەوەشەوە نەوەستاونەتەوەو رایانگەیاندووە ئەگەر ئەو ژەهراویكردنانە دەستی لەپشت بێت ئەوا روونە كەئەو جۆرە كارانە لەكێ دەوەشێتەوەو لەبەرژەوەندیی چ لایەنێكە، چونكە دەسەڵات هیچ كاتێك كار لەسەر تێكچوونی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەكە ناكات. ئاژانسی تەسنیم كەزمانحاڵی باڵی توندڕەوی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، بڵاویكردووەتەوە؛ كۆماری ئیسلامی لەكاتی جەنگی ئێران و رژێمی بەعس لەعێراق دەستی لەبەكارهێنانی چەكی كیمایی نەبووە، بەڵام رێكخراوی موجاهیدینی خەلق هاوشانی رژێمی بەعس هاوكاریی لەكیمایابارانی هەندێك ناوچەی ئێران و عێراق كردووە. رۆژنامەی كەیهان كە سەر بەباڵی توندڕەوی كۆماری ئیسلامییە نووسیویەتی: ئەو رووداوانە بەشێكە لەجەنگی تایبەت دژی كۆماری ئیسلامی كە لەڕێگەی كلك و كۆیلەكانی دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی رۆژئاوا بەڕێودەچێت. بەگشتی بەهۆی ژەهراویبوونی كچانی خوێندكارەوە دۆخێكی ناسەقامگیر بەسەر ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستاندا زاڵ بووەو دەسەڵاتیش بەئاشكرانەكردنی سەرەداوەكان بووەتە هۆی قوڵبوونەوەی گومانەكان.    

هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرای دەکات؛ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمیی کۆنتڕۆڵ ناکرێت و ئەو وڵاتە دەتوانێت لە زوترین کاتدا چەکی ئەتۆمیی دروست بکات. ناوەندی بەڕێوبەرایەتی هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا (Director of National Intelligence) بڵاوی کردەوە؛ ئێران لە رێگەی بەرنامە موشەکی و دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و چیتر بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە بە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کۆنتڕۆڵ ناکرێت. بە پێی نوێترین راپۆرتی ئەو ناوەندە؛ ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە وێستگەی ئەتۆمیی (فۆردۆ) بۆ زیاتر لە 83% بەرز کردوەتەوە بۆیە هەر کاتێک تاران مەبەستی بێت دەتوانێت چەکی ئەتۆمیی دروست بکات. ئاماژە بەوە کراوە؛ ئێران بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆسەر ئیسرائیل و بە هاوکاریی (حیزبوڵڵای لوبنان) و چەکدارانی دیکەی لە ناوچەکەدا مەترسیی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات. ئێڤریل هێنس، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ناوەندی هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا؛ وتویەتی راپۆرتی نوێی هەواڵگریی سەبارەت بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان دوێنی چوارشەممە رادەستی ئەنجومەنی پیران کراوە. هێنس وەک لە راپۆرتەکەی ناوەندی هەواڵگریدا ئاماژەی پێکراوە جەختی لەوە کردەوە؛ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی راستەقینەیە و ئەو دەسەڵاتە بە نزیکبونەوە لە روسیا و بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەڕەشەی سەرەکییە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل. بەڕێوبەری هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەی سەرەکیی ساڵی 2023ی بۆ بەرژەوەندییەکان و هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبردوە و رایگەیاندوە چیتر رێککەوتنی ئەتۆمیی ناتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران راگرێت و ئەو وڵاتە هەر کاتێک بڕیار بدات دەتوانێت چەکی ئەتۆمیی دروست بکات.  

هاوڵاتی سەرۆکی دەزگای ڕۆشنبیری نەتەوەیەکگرتوەکان  لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی دووشەممە بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە هاوکاریکردن بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی دەیان ساڵ شەڕەوە بەر شوێنە مێژووییەکانی عێراق کەوتووە. لە سەردانێکیدا بۆ بەغدا پێش یادی ٢٠ ساڵەی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، ئۆدری ئەزولەی سەرۆکی یونسکۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەنێویاندا محەممەد شیاع سودانی ، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و هەروەها سەردانی گەڕەکە مێژووییەکانی بەغدا و مۆزەخانەی نیشتمانی وڵاتەکەی کرد کە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا تاڵان کرا وبەڵینی دا کە پابەندەبێت بە چاکردنەوەی ئەو شوێنانەی کە زیانیان بەرکەوتووە. عێراق خاوەنی شەش شوێنی میراتی جیهانییە کە لە لیستی یونسکۆدا خراونەتە لیستی میراتی جیهانییەوە، لەنێویاندا شاری دێرینی بابل کە شوێنی چەندین ئیمپراتۆریەتی کۆن بووە لە سەردەمی فەرمانڕەواکانی وەک حاموڕابی و نەبوخودنەسر، بەڵام دەیان هەزار شوێنەوار لە شوێنەکانی سەرتاسەری وڵات لە ساڵانی شەڕ و پێکدادانەکانی دواتردا دزران. هەر لەوبارەیەوە ئۆدری ئەزولەی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە مۆزەخانەی نیشتمانی، وتی یونسکۆ "زۆر پابەندە بە هاوکاریکردنی عێراق بۆ وەرگرتنەوەی ئەو کاڵا و شوێنەوارە ڕۆشنبیرییانەی کە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا تاڵان کراون" "هەر لەدرێژەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی دەزگای ڕۆشنبیری نەتەوەیەکگرتوەکان وتیشی هەموومان دەزانین لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا عێراق بە چیدا تێپەڕیوە" وە هەروەها دەزانین شارستانیەتەکانی ئەم جیهانە چی قەرزاری عێراقن". هاوکات بڕیاریشە لە میانی سەردانەکەیدا ئۆدری ئازولەی سەردانی موسڵ و هەولێریش بکات کە یەکێک لە هەرە شوێنە دێرینەکانی کە لە لیستی شوێنەوارەکانی یونسکۆدایە قەڵای هەولێرە. ئەمە لە کاتێکدایە کە  لە عێراق لەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتەکە دەستکراوە بە هەڵکەندنی شوێنەوارەکان ، بودجەی نێودەوڵەتیش بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە زیانلێکەوتوەکان تەرخانکراوە.

ئەمریکا ژمارەیەک سزای نوێی دژی بەرپرسان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەپاند و رایگەیاند ئەوانە زیاترین رۆڵیان لە سەرکوتی خەڵک و خۆ دەربازکردن لە سزا نێودەوڵەتییەکان هەبوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا؛ ئەمڕۆ چوارشەممە سزادانی شەش بەرپرس و سێ کۆمپانیای کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند کە ژمارەیەکیان فەرماندەی سەربازین. لە لیستی نوێ سزاکانی ئەمریکا ناوی عەبدولڕەحیم موسەوی فەرماندەی سوپای ئێران و حەبیب شەهسەواری، فەرماندەی سوپای پاسدارن و سەرۆکی ناوەندی (شوهەدا) لە پارێزگای ورمێ و داریوش بەخشی، سەرۆکی زیندانی ورمێ و عەلی چەهارمەحاڵی، سەرۆکی زیندانی ئەلبورز و ژمارەیەک کۆمپانیا و بەرپرسی دیکەی کۆماری ئیسلامی هاتوە. وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوە کردوە کە سزا نوێیەکانی ئەمریکا دوو هۆکاری سەرەکیی هەیە کە خۆیان لە سەرکوتی خەڵک لە چوارچێوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و دەربازکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سزا نێودەوڵەتییەکاندا دەبینێتەوە. بە هۆی سزاکانی ئەمریکا دەست بەسەر دارایی و داهاتی ئەو نۆ بەرپرس و کۆمپانیا و دامەزراوانەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەگیرێت و سەرجەم بەرپرسەکانیش گەشتیان بۆ ئەمریکا لێ قەدەغە دەکرێت. هاوکات لەگەڵ ئەمریکا ئەمڕۆ بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا ژمارەیەک سزای نوێیان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند.  

بەریتانیا رایگەیاند بەهۆی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان، دامەزراوەیەکی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆکەکەی سزا دەدات. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا سەپاندنی سزای وڵاتەکەی دژی ناوەندی (فەرمان بە چاکە و دوریی لە خراپە)ی کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند و دەڵێت: ئەو دامەزراوەیەی کۆماری ئیسلامی زیاترین رۆڵی هەبوە لە پێشێلکردنی مافەکانی ژنانی وڵاتەکە. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە؛ هاوکات لەگەڵ ئەو دامەزراوەیەی کۆماری ئیسلامی، محەمەد ساڵح هاشمی گوڵپایەگانی وەک لێپرسراو و سەرۆکی ناوەندەکە لە لایەن بەریتانیاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە. بە پێی سزاکانی بەریتانیا دەست بەسەر سەرجەم داراییەکانی پەیوەندیدار بەو دامەزراوەیە و سەرۆکەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت و گەشتی بۆ بەریتانیاش لەو بەپرسانە قەدەغە دەکرێت کە ناویان لە لیستی سزاکاندا هاتوە. بەریتانیا هاوکات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ژمارەیەک سزای لە سوریا و ئەفریقای ناوەندیی و باشوری سودان بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لەو وڵاتانە راگەیاند. جەیمز کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندوە؛ ئەو سزایانە پەیامێکی رونە کە وڵاتەکەی دژی توندوتیژییە و هەمو ئامرازێک بەکار دەهێنن بۆ بەرەنگاربونەوەی نایەکسانیی و سزادانی پێشێلکارانی مافەکانی ژنان. لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەریتانیا بە سەپاندنی نزیکەی 400 سزا زیاترین سزای بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندوە.

هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری باڵای عێراق کۆبووەوە وتاوتوێی پڕۆژە یاساکانی دادگای باڵای فیدراڵی و نەوت وگازیان کرد. میدیای فەرمی نزیک لەپارتی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەیدا  لە پایتەختی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دادوەر فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق باسیان لە دواین گۆڕانکاری وهەنگاوەکانی ئامادەکردنی هەردوو پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی کرد. هەروەها  لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی پرسی نەوت وگازیان کرد و هەردوولا هەماهەنگ وهاوڕابوون لەسەر بوونی دەرفەتێکی ئەرێنی بۆ چارەسەری گرژی وئاڵۆزیەکان لەنێوان بەغدا وهەولێردا لەسەر بنەمای دەستور. ئەمەش لەکاتێکدایە کە کێشەکان لەسەر پرسی نەوت وگاز ویاساکانی دیکەی پەیوەست بەمافەکانی کورد لەنێوان بەغدا وهەولێر بەردەوامی هەیە ولەماوەی چەندین هەفتەی ڕابردووشدا بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پرسە لە لایەن چەندین شاندی نێودەوڵەتیەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە و هەر ئەمڕۆش وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئانالینا بێربوک لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی جەختی لەسەر هەمان خاڵ کردەوە و ڕایگەیاند سەقامگیری عێراق پێویستی بە بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەریەک لە بەغدا و هەولێر هەیە.

كاردانەوەكانی دزینی سەدە لەعێراقدا بەردەوامی هەیەو هێشتا ئەو دۆسیەیە دانەخراوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا فەرمانی دەستگیركردن بۆ چوار بەرپرسی پێشووی حكومەتەكەی كازمی و دەستبەسەراگرتنی موڵك و ماڵی وەزیری پێشووی دارایی عێراق و بەرپرسێكی دیكە دەرچوو، چوارچێوەی هەماهەنگیش ترسیان لەسەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوو هەیە بۆ ئێران  و  هەربۆیە بەپەلە خوێندنەوەی دووەمیان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان  كردو دەیانەوێت سیستەمی یەك بازنەیی (سانت لیگۆ) بچەسپێنن ، بەپێی هەموو پێشبینییە سیاسی و میدیاییەكانیش كابینەكەی سوودانی لەبەردەم هەڕەشەدایە و ئەگەری تێكچوونی دۆخی سیاسی عێراق بەهۆی یاسای هەڵبژاردن و دۆلارو ئەنجامنەدانی هیچ چاكسازییەكەوە لەئان و ساتدا بێت. جارێكی تر دۆسیەی دزینی سەدە لەعێراق كە بەگەورەترین پرۆسەی دزی دادەنرێت و تیایدا زیاتر لە دوو ملیارو 500 هەزار دۆلار لەفەرمانگەی باج بەهۆی چەند مامەڵەیەكی بانكییەوە دزرا زۆر بەتوندی سەریهەڵدایەوەو بەو هۆیەوە دەستەی دەستپاكیی عێراق، بەهۆی دەركەوتنی بەڵگەی نوێ كە ئاماژە بەتێوەگلانی ژمارەیەك بەرپرسی پێشووی حكومەتی عێراق دەكات لە «دزینی پارەكانی سپاردنەكانی باج» فەرمانی دەستگیركردنی بۆ چوار گەورە بەرپرسی حكومەتەكەی كازمی دەركرد كەبریتین بوون لەهەریەكە لە ئەحمەد نەجاتی، سكرتێری تایبەتیی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، موشریق عەباس، راوێژكاری مستەفا كازمی، عەلی عەلاوی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق و رائید جۆحی، بەرپرسی نووسینگەی كازمی پێكهاتوون. ئەو دزییەی كەئەنجامدراوە، لەنێوان سێپتەمبەری 2021 و ئابی 2022 لەڕێگای 247 چەكی بانكییەوە، بڕی دوو ملیارو 500 هەزار دۆلار لەپارەی فەرمانگەی باجی بەغدا لەبانك راكێشراوە، هەرچەندە حكومەتەكەی سوودانی باس لەڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی دەكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكان تائێستا لەسەر ئەو دزییە گەورەیە تەنیا لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەشت تۆمەتباردا كراوەو تەنیا دوو كەسیان دەستگیركراون (كە یەكێكیان كەسێك بوو بەناوی نور زوهێر كەدوای هێنانەوەی چەندین ملیۆن دۆلار ئازادكرا)، تائێستاش هیچ دانپیادانانێك لەسەر ئەو دۆسیەیە بڵاونەكراوەتەوەو بەپێی وتەی شارەزایانی بواری عێراق دزە گەورەكان دەستگیرنەكراون، حكومەتی عێراقیش رایگەیاندووە توانیویانە سەدان ملیار دینار بگەڕێننەوە. ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە ئاماژە بەوەدەكەن ئەو بڕە پارە زۆرە بەچەند بارهەڵگرێكی گەورە رەوانەی ئێران كراون، بەشە بچووكەكانیش ئەوانەی بەر ئەو كەسانە كەوتووە كەنێوەندگیربوون بەئۆتۆمبیلی بچووك رەوانەی توركیا كراون یاخود لەعێراقدا ماونەتەوە. هەر لەچوارچێوەی لێپێچینەوەكان لەدزی سەدە، بەگوێرەی نووسراوێكی دادگای دووەمی كەرخ، بە تۆمەتی ئاسانكاری بۆ دەستگرتن بەسەر پارەی سپاردەی دارایی دەستەی گشتیی باج دوای فەرمانی دەستگیركردن، بڕیاردراوە دەست بەسەر موڵك و ماڵی گواستراوەو نەگواستراوەی چوار كەسدا بگیرێت، كە عەلی عەللاوی، وەزیری پێشووی دارایی و رائید جوحی، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی سەرۆكوەزیران دووان لەو بەرپرسانەن، كە ئەو بڕیارەیان بۆ دەركراوە. بەپێی راپۆرتێكی  لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی عێراقیش، عەلی عەللاوی، وەزیری پێشووی دارایی، بەپێچەوانەی یاسا دەسەڵاتی داوەتە كەسێك بە ناوی «حسێن قەنبەر ئاغا» بۆ سەرپەرشتیاری پەیوەندی لەگەڵ دەستەی گشتیی باج و بانكەكان و وەكو راوێژكاری وەزیر بەشداریی كۆبوونەوەكانی كردووە و زانیاریی هەبووە لەبارەی خەرجكردن ئەو پارانە، بەڕێوەبەری بەشی چاودێریی دەستەی گشتیی باج پێی راگەیاندووە كە «راكێشانێكی نائاسایی پارە هەیەو ئەویش گوتوویەتی، وەزیری دارایی ئاگادارە.»لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لەڕێگەی میوانداریكردنی عەلی عەللاوی ئەوە ئاشكرابووە، كەناوبراو سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانكی نازك-ە و حسێن قەنبەر ئاغا، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بووەو ئەوەش گومانی لەسەر ئەو پەیوەندییە دروستكردووە. بەگوێرەی راپۆرتەكە، نووسینگەی سەرۆك وەزیران ئاگاداری ئەوە بووە ئەو بڕە پارەیە لەسپاردەی دارایی دەستەی گشتیی باج هەیە، بەو پێیەی چەند نووسراوێكی دیوانی چاودێریی دارایی لە 26ی تشرینی دووەمی 2017 دراوەتە نووسینگەكە، كەئاماژە بەوە دراوە، چوار ترلیۆن و 910 ملیار دینار لەو هەژمارەدا هەن، كەتایبەتن بەساڵانی 2015، 2016 تاوەكو مانگی نیسانی 2017. پێناچێت رووداوەكان و فشارەكانی هەردوو بەرەی دژ بەیەك (چوارچێوەی هەماهەنگی) و (سەدرییەكان) هەر بەوەندە بوەستێ و ئاماژەكان و پەیامە سیاسییەكان باس لەوەدەكەن ئەگەری تێكچوونی ئەو ئارامییەی كە لەدوای درووستكردنی كابینەكەی سوودانییەوە درووستبووە بەبێدەنگی موقتەدا سەدرو شەقام و رێككەوتنی لایەنە ناكۆكەكان لەسەر پۆستەكانی حكومەت دروستبووە لەئارادایە. رۆژنامەی (الجریدە)ی كوەیتی لەزاری چەند سەرچاوەیەكی سیاسییەوە ئاماژەی بەوەكردووە ئەو ئارامییە سیاسی و ئەمنییەی عێراق كە لەدوای دەستبەكاربوونی سوودانییەوە لەعێراقدا هاتۆتە ئاراوە كۆتاییهاتووە، ئەویش لەدوای سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ ئێران  كەهاوپەیمانەكانی ئێرانی لەعێراق لەجۆری نوری مالیكی و خەزعەلی و گرووپە چەكدارەكان نیگەران كردووە بەجۆرێكی وا وەهایكرد مالیكی و هاوپەیمانەكانی بەپەلە خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان لەپەرلەمان ئەنجامبدەن و دووبارە سیستەمی (سانت لیگۆ) بهێننەوە نێو یاساكە كە سەدر لەدژییەتی و پێی وایە ئەو یاسایە وسیستەمی یەك بازنەیی لەبری فرە بازنەیی سەردەمی بەسەرچووەو دەبێت وەك هەڵبژاردنی پێشووتر عێراق بەسیستەمی فرە بازنەیی بەڕێوەبچێت. هاوكات ئەمریكاش تائێستا بڕیاری نەداوە لەكێشە قووڵەكاندا مامەڵە لەگەڵ سوودانی بكات، تارانیش هەستی بەوەكردووەو چەندین پرسیاری لە مستەفا كازمی كردووە لەبارەی دۆسییە لەهەڵپەسێردراوەكانی لەگەڵ واشنتۆن، بەتایبەت توندكردنەوەی حەواڵەی دۆلار بۆ عێراق كە شڵەژانێكی توندی لەبازاڕەكانی عێراقدا دروستكردوەو زیانێكی گەورەی بەهەناردەكانی ئێران گەیاندووە.   لەلایەكی ترەوە رۆژنامەی (ئەلمەدا) بڵاویكردووەتەوە بەهۆی بەردەوامی بێدەنگی موقتەدا سەدرو نەناردنی هیچ پەیام و ئاماژەیەك، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا نیگەرانییەكی زۆر هەیە و بەتایبەت لەسەروبەندی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكاندا مەترسییەكان زیادیان كردووەو هەندێك لەسەركردەكان شیعە پێیانوایە لەهەر ئان و ساتێكدابێت لایەنەگرانی رەوتی سەدر دەڕژێنە سەر شەقامەكان، هەربۆیە چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵیداوە بەپشتیوانی ئێران نێوەندگیر رەوانەی لای سەدر بكات و دەنگۆی دیداری ناڕاستەوخۆ لەگەڵ سەدرییەكان لەئارادایە، بەڵام سەركردەكانی رەوتی سەدر رەتیدەكەنەوە، ئەو رۆژنامەیە لەزاری چەند سەرچاوەیەكی سیاسی نزیك لەچوارچێوەی هەماهەنگییەوە بڵاویانكردووەتەوە چوارچێوەكە بەنیاز نییە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەمساڵدا ئەنجامبدات، لەبەرئەوەی دوای ئەوە ناچاردەبێت هەنگاوی دووەم ئەنجامبدات كەئەویش هەڵبژاردنی پێشوەختەو ئەمەش بەبەرژەوەندی خۆی نازانێت. بەپێی ئەو زانیارییە میدیایانەی كە لەبەغداوە بڵاوكراونەتەوە باس لەوەدەكەن خودی سوودانیش ناكۆكی لەگەڵ هەندێك سەركردەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ درووستبووە بەوەی دەیەوێت دەستی هەندێك حزب لەناو كاروباری حكومەتدا كەمبكاتەوە لەبەرامبەر رازیكردنی ئەمریكاو لەو چوارچێوەیەشدا سوودانی بەئاشكرا رەخنەی لەدەستتێوەردانی حزبەكان گرت و رەخنەشی ئاراستەی ژمارەیەك وەزیر كرد بەوەی كارەكانیان بەچاكی ئەنجامنادەن و دەبێت ئەو دەستوەردان و سستییانە بوەستێنن، داواشیكرد هەر وەزیرێك حزب فەرمانی پێكرد ئاگاداری بكەنەوە. بەبڕوای بەشێك لەچاودێرانی دۆخی عێراقیش پێناچێت لەماوەكانی داهاتوودا دۆخەكە بەمشێوەیە بمێنێتەوەو هەموو ئەگەرەكان كراوەدەبن، بەڵام هەر ئەگەری بەهێز ئەوەیە چیدی ئەم مات و بێدەنگییەی شەقامی عێراقی بەردەوامی نابێت.  

خالد شەماڵ وتەبێژی وەزارەتی سامانە ئاوییەکانى عێراق دەڵێت:" ئەو قەیرانی ئاوەی وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت ئاڵۆزەو بەشێکی زۆری هۆکاری دەرەکی هەیە". وتەبێژەکە ، باسی لە بڕیارەکانی محەمەد شیاع سودانی  کرد و ئاشکرای کرد،سەرۆکوەزیرانى عێراق رێنمایی دەرکردووە کە هەموو رێوشوێنێکی پێویست لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بگرنەبەر بۆ دەستەبەرکردنی پشکی ئاو". پلانی وەزارەتەکەیانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانەکە ئاشکرا کرد و وتی، وەزارەتەکەیان رێوشوێنی لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەمیی ئاوی رووبارەکان، لەوانەش بەردانەوی بڕە ئاوی پێویستە لە بەنداوی دوکان و دەربەندیخانەوە بەرەو رووباری دیجلە و زیادکردنی ئاوی موسڵ”. باسی لەوەش کرد:" ڕێوشوێنەکان بریتیبوون لە بەردەوامبوونی هەڵمەتی بەرزکردنەوە و لابردنی زیادەڕەووییەکان و دەستەبەرکردنی گەیاندنی ئاو بۆ پارێزگاکانی بەسرە، میسان، مووسەناو  زیقار".

هاوڵاتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر بارودۆخی ژنان ڕایگەیاند لە ماوەی یەک ساڵی ڕبردوودا بارودۆخی ژنان لە کوردستان زۆر دژوار بووە و لانی کەم ٢٥ ژن لە شارە جیاوازەکانی کوردستان کوژراون کە ٥ حاڵەتیان بە پاساوی نامووس و شەرەف بووە. ڕێکخراوی هەنگاو ڕایگەیاند ،بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە مارسی ٢٠٢٢ هەتا مارسی ٢٠٢٣، لانی کەم ٢٤٥ چالاکی ژن لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون یان ڕفێندراون. هەروەها دەزگای دادیکۆماری ئیسلامی ئێران سزای بەندکران و سێدارەی بەسەر لانی کەم ٣٠ چالاکی ژندا سەپاندووە. هەروەها لەم ماوەدا،لانی کەم ٢٥ ژن لە شارە جیاوازەکانی کوردستان کوژراون کە ٥ حاڵەتیان بە پاساوی نامووس و شەرەف بووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە داتاکان بەم شێوەیەن: دەستبەسەرکرانی ٢٤٥ چالاکی مەدەنیی ژن لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٢٤٥ چالاکی ژنی کورد لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستان و باقی شارەکانی دیکەی ئێران لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون، کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی زۆربەی ئەم کەسانە بەهۆی چالاکی سیاسییەوە بووە. بە تۆمارکردنی ١٣٧ حاڵەت پارێزگای سنە زۆرترین حاڵەتی دەستبەسەرکرانی هەبووە. هۆکاری دەستبەسەرکران؛ چالاکی سیاسیی؛ ٢١ حاڵەت بەرانبەر ٨.٥٪ی کۆی گشتی. چالاکی مەدەنی؛ ٣ حاڵەت بەرانبەر بە ١.٥٪ کۆی گشتی. شۆرشی ژینا؛ ٢٢١ حاڵەت بەرانبەر بە ٩٠٪ی کۆی گشتی.   پۆلێنبەندی بەپێی پارێزگاکان  پارێزگای سنە؛ ١٣٧ حاڵەت پارێزگای ئورمیە؛ ٣٩ حاڵەت پارێزگای کرماشان؛ ٢٥ حاڵەت پارێزگای ئیلام؛ ٢٤ حاڵەت شارەکانی دیکەی ئێران؛ ٢٠ حاڵەت   سەپاندنی سەرجەم سزای ٧٧ ساڵ بەندکران بەسەر چالاکانی ژن   لە مارچی ٢٠٢٢ەوە هەتا مارچی ٢٠٢٣ بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانی کەم ٣٠ چالاکی ژن بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی، بەشداری لە ڕاپەڕینی ژینا و چالاکی مەدەنی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٧٧ ساڵ و ٢ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و دوو چالاکی LGBTQیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.   شیاوی ئاماژە پێدانە کە ١٤ کەس لەم ژنانە کە لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەستبەسەرکراون.   تۆمارکرانی ٢٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ٨ی مارست ٢٠٢٢ەوە هەتا ٨ی مارسی ٢٠٢٣ لانی کەم ٢٥ ژن لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا کوژراون کە ٥ حاڵەتییان قەتڵی نامووسی بووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە پارێزگای کرماشان ٨ حاڵەت، سنە ٧ حاڵەت، ئیلام ٥ حاڵەت، ئورمیە ٥ حاڵەتی ژن کوشتن تۆمارکراوە. هەروەها لەم ژمارەیە، ١٠ ژن لەلایەن هاوژین، ٧ ژن لەلایەن هاوژینی پێشوو، ٤ ژن لەلایەن برا و ٢ ژن لەلایەن هاوکارەکانییانەوە کوژراون و بکوژی ٢ کەسیشیان نادیارە. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا پێنج حاڵەتی کوشتنی ژنان لەژێر ناوی پاراستنی نامووس و شەرەف تۆمارکراوە. ١٥ حاڵەت بەهۆی ناکۆکی بنەماڵەیی و هۆکاری کوشتنی ٥ حاڵەتیش نادیارە. داگرتنی فایلی PDF ی لیستی ناوەکان

هاوڵاتی دوای نزیكەی ساڵێك لەناكۆكی و دانوستانەكان، دواجار ئێوارەی شەشی ئازار، هاوپەیمانی گەل كە لە «پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بەسەرۆكایەتی كەمال كڵچدارئۆغلۆ، ئیی پارتی (پارتی باش) بەسەرۆكایەتی مەراڵ ئاكشەنەر، پارتی سەعادەت بەسەرۆكایەتی تەمەل كارامۆللا ئۆغلۆ، پارتی پێشكەوتن و دیموكراسی (دەڤا) بەسەرۆكایەتی عەلی باباجان، پارتی ئایندە بەسەرۆكایەتی ئەحمەد داودئۆغلۆ و پارتی دیموكرات بەسەرۆكایەتی گولتەكین ئویسال پێكدێت، كاندیدی هاوبەشی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا دیاریكرد كەئەویش كەمال كڵچدارئۆغلۆیە.   مەرجی پارتی باش بۆ كڵچدارئۆغلۆ رۆژی هەینی سێی ئازار، دوای كۆبوونەوەیەكی شەشقوڵی شەش سەرۆكەكەی هاوپەیمانی گەل، مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش، كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی ئەنجامداو رایگەیاند، پارتەكەی لەگەڵ كاندیدكردنی كڵچدارئۆغلۆ نییەو داوای لەئەكرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ و مەنسور یاڤاش سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەنقەرە كرد، یەكێكیان خۆیان كاندید بكەن و بەو شێوەیە لەهاوپەیمانی گەل كشایەوە، بەڵام بەدەستپێشخەری پارتەكانی دیكەی نێو هاوپەیمانێتیەكە ئاكشەنەر رازیكراو دواجار بەشداری دوایین كۆبوونەوەی لایەنەكانی بۆ دیاریكردنی كاندیدی هاوبەش كرد، بەڵام مەرجێكی ئەویش لەكۆبوونەوەكەدا پەسەندرا. مەرجەكەی ئاكشەنەر ئەوەیە كە ئیمامئۆغلۆو یاڤاش بكرێنە جێگری یەكەم و دووەمی كەمال كڵچدارئۆغلۆ، ئەگەر لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا توانی شكست بەڕكابەرەكەی بهێنێت كە بەئەگەرێكی زۆر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری ئێستاو سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدانە.   كڵچدارئۆغلۆ: من كاندیدی ٨٥ ملیۆن كەسم كەمال كڵچدارئۆغلۆ دوای دیاریكردنی وەك كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن لەناوەندی گشتی پارتەكەی لەئەنقەرە، بۆ لایەنگرانی قسەی كرد. كڵچدارئۆغلۆ وتی، « لەكاندیدێك زیاتر، نوێنەری گۆڕانكاریم لەتوركیا. من و هاوپەیمانەكانم نوێنەرایەتی پێشكەوتن، بیری عەلمانی دەكەین. من بەتەنیا كاندیدی سەرۆك كۆماری نیم، بەڵكو كاندیدی، بەرەكەت، ئارامی و دادپەروەریم لەم وڵاتەدا. كاندیدم بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پێكەنین بخەمەوە سەر لێوانتان. من كاندیدی ٨٥ ملیۆن هاووڵاتی توركیام.» یەكەم كەس كە لەبارەی كاندیدكردنی كڵچدارئۆغلۆ بۆچوونی خۆی دەربڕێ. مەڕال ئاكشەنەر بوو. ئاكشەنەر لەتویوتێكدا وێنەی خۆی و پێنج سەرۆكەكەی هاوپەیمانی گەلی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ گەلەكەیان مێژوو دەنووسنەوە. تویتێكی كورتیش لەلایەن بولەنت توران جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە)ەوە بڵاوكردەوە. توران پیرۆزبایی لەكەمال كڵچدارئۆغلۆ كرد و ئاماژەی بەوەكرد كە گەل باشترین ناوبژیوانە. هەدەپە: چاوەڕێی كڵچدارئۆغلۆین میدحاد سانجار هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە لەساتی ئاشكراكردنی كاندیدی ئۆپۆزسیۆن لەبەرنامەیەكی كەناڵی (هابەر تورك)دا میوان بوو، وەڵامی پرسیاری پێشكەشكارەكەی لەبارەی كاندیدكردنی كڵچدارئۆغلۆ چۆن دەبینن؟ وتی، « ئێمە وەك هاوپەیمانی رەنج و ئازادی كۆدەبینەوە و بڕیار لەسەر دیاریكردن یان نەكردنی كاندیدەكەمان دەدەین، بەڵام لەئێستادا كەمال كڵچدارئۆغلۆ وەك كاندیدی هاوپەیمانی گەل دیاریكراوە. من داوای بەختێكی باشی بۆ دەكەم و بەخۆشحاڵییەوە لەبارەگاكەمان چاوەڕێی بەڕێزیان دەكەین.» سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەش كەشەش ساڵە لەزینداندایە، تویتێكی بڵاوكردەوەو وێنە و قسەكانی میدحاد سانجاری بڵاوكردەوە و پیرۆزبایی لەكڵچدارئۆغلۆ كرد.   ١٠ی ئازار وادەی هەڵبژاردن بەفەرمی رادەگەیەندرێت هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی هاوپەیمانی گەل و دیاریكردنی كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن، كابینەی حكومەتی توركیا بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆبووەوە. دوای چەند كاتژمێرێك لەكۆبوونەوەكە، ئەردۆغان كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی ئەنجامداو ئاماژەی بەوەكرد كە لەكۆبوونەوەی كابینەی حكومەتدا دوو پرسی گرنگ تاووتوێ كراون كەئەوانیش دۆخی بومەلەرزەو پرسی هەڵبژاردن بووە. ئەردۆغان رایگەیاند: هەرچەندە پرسی سەرەكی ئەوان دۆخی بومەلەرزەو زیانلێكەوتووانی بومەلەرزەكەیە، بەڵام پرسی هەڵبژاردنەكانیش گرنگەو لە ١٠ی ئازاردا، بەفەرمی لەڕۆژنامەكاندا وادەی هەڵبژاردن ئاشكرادەكرێت. ئەو قسانەی ئەردۆغانیش لەكاتێكدایە، چەندین جار، جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە لە ١٤ی ئایاری ئەمساڵدا، هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.   ئایا هەدەپە پشتگیری لە كڵچدارئۆغلۆ دەكات؟ لەئێستادا چوار هاوپەیمانی ركابەرایەتی یەكدی دەكەن، كەئەوانیش هاوپەیمانی گەل، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی و هاوپەیمانی كۆمارن. بەگوێرەی راپرسییەكان، دەنگی هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن بەچەند خاڵێك لەپێش هاوپەیمانی كۆماری دەسەڵاتەوەیە، بەڵام دەنگی هیچ یەك لەلایەنەكان ناگەنە سەرووی ٥٠٪ كە بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، پێویستە كاندیدی سەرۆكایەتی توركیا ٥١٪ی دەنگی هاووڵاتیان بەدەستبهێنێت، بۆیە لێرەدا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی كە لەهەدەپە و پێنج لایەنی چەپ و سۆسیالیست پێكدێت، رۆڵی یەكلاییكەرەوە لەهەڵبژاردنەكاندا دەبینێت. بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، دانوستان لەنیوان جەهەپەو هەدەپە هەیە كە لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، پشتگیری لەكڵچدارئۆغلۆ بكەن. هەرچەندە نزیكایەتیەك لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا دەبینرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا هەدەپە ئامادەیی خۆی دەرنەبڕیوە كە بەفەرمی پشتگیری لەكڵچدارئۆغلۆ بكات. بۆ پشتگیریكردن لەكڵچدارئۆغلۆ پێدەچێت، هەدەپەش مەرجی خۆی هەبێت، بەڵام لەبەرنامەی حكومەتی هاوپەیمانی گەلدا دوو خاڵی گرنگ هەیە كە لەبەرژەوەندی هەدەپەدایە كەئەوانیش، هەڵگرتنی یاسای قەیومە لەنێو یاساكانی توركیادا كە رێگەدەدات، حكومەت بەڕێوەبەرێك لەجێگەی سەرۆك شارەوانی و پۆستە خۆجێیەكانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان دابنێت كەهەدەپە لەماوەی رابردوودا زیانێكی زۆری بەو هۆیەوە بەركەوتووە. دووەمیش، جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپایە بۆ ئازادكردنی سیاسەتمەدارو كەسایەتیە دیارەكانی توركیاو باكوری كوردستان كە هەدەپە پشكی شێری لەو یاسایە بەردەكەوێت. چونكە تاوەكو ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار، هاوسەرۆكی پێشوو، پەرلەمانتار، سەرۆك شارەوانی، ئەندام و بەڕێوەبەری ئەو پارتە لەزیندانەكاندان و لەگەڵ ئەوەی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادكردنیان دەكات، بەڵام حكومەتی ئاكەپەو مەهەپە ئامادە نییە، بڕیارەكان جێبەجی بكات. بۆیە ئەو دوو خاڵە كە هاوپەیمانی گەل دەیەوێت لەحكومەتەكەیدا جێبەجێ بكات (ئەگەر سەربكەوێت) ئەگەر هەیە هەدەپە لەبەرئەوە نەرمی بنوێنێت و ئەگەر لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنەكانیشدا نەبێت لەخولی دووەمدا پشتگیری لەكەمال كڵچدارئۆغلۆ بكات.

هاوڵاتی بەرپرسێکی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان  ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە  مەزەندە دەکرێت زیانەکانی بومەلەرزە وێرانکەرەکانی مانگی ڕابردوو لە تورکیا ١٠٠ ملیار دۆلار تێپەڕێنن. لویزا ڤینتۆن، نوێنەری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی سێشەممە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێكەوە لە غازی عەنتابەوە ڕایگەیاند: "لەو حیساباتانەی تا ئێستا دەکرێت ڕوونە کە ژمارەی زیانەکان کە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەش دەکرێت و لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتگیری دەکرێت زیاتر دەبێت لە 100 ملیار دۆلار". ئەمەش لەدوای ئەوەی  باشووری تورکیا و باکووری ڕۆژئاوای سووریا بە هۆی بوومەلەرزەکانی ٦ی شوبات زیاتر لە ٥٢ هەزار کەس گیانیان لە دەست دا. لویزا ڤینتۆن وتیشی، ئاماری زیانە کاتییەکان کە  تەنها تورکیا دەگرێتەوە، وەک بنەمایەک بۆ کۆنفرانسی خێرخوازان لە ١٦ی ئازار لە برۆکسل بەکاردەهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ ڕزگاربووان و ئاوەدانکردنەوە. هاوکات لویزا ڤینتۆن لەبارەی زیانەکانی بومەلەرزەکەوە وتی، دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لەناوچەکەدا بەهۆی بومەلەرزەکەوە ئاوارەبوون و نزیکەی ٦٠٠ هەزار باڵەخانە و شوێن و بنکەی کار ڕووخاون. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بانکی نێودەوڵەتی پێشتر زیانە ڕاستەوخۆکانی تورکیای بە ٣٤.٢ ملیار دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام ڕایگەیاندووە، تێچووی بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوە زۆر زیاتر دەبێت و زیانەکانیش بۆ بەرهەمی ناوخۆیی گشتی تورکیا کە پەیوەندییان بە پچڕانی ئابوورییەوە هەیە کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە دروستبووە، تێچووی ئەو وڵاتە زیاد دەکات.

هاوڵاتی کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ جی) تورکی راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئەنجامدا و بەگوێرەی راپرسیەکە، کڵچدارئۆغلۆ بە بەدەستهێنانی ٥٦.٨٪ی دەنگەکان شکست بە ئەردۆغان دەهێنێت. کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ جی) تورکی کە تایبەتە بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئەنجامدا. لە راپرسیەکەدا کە لە ٢٨ پارێزگای تورکیا ئەنجامدراوە و هەزار و ٨٥٠ کەس بەشداریان تێیدا کردووە، پرسیار لە بەشداربووان کراوە، لەنێوان کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات کامیان هەڵدەبژێریت، ئەنجامەکەی بەم شێوەیە بووە:  کەمال کلچدارئۆغلۆ ٥٦.٨٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان ٤٣.٢٪ ئەم راپرسیە لەکاتێکدایە کە بڕیارە ١٠ی ئەم مانگە، وادەی هەڵبژاردن بە فەرمی لە رۆژنامەکاندا بڵاوبکرێتەوە کە بە ئەگەرێکی زۆر ١٤ی ئایار وەک رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا دیاری دەکرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە  هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لوێد ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا کۆبوویەوە  ولە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، سوپاسی وەزیری بەرگری ئەمریکا و وڵاتی ئەمریکا دەکەین لە هەوڵەکانیان بۆ پشتگیری بەردەوامی عێراق وهەرێمی کوردستان و هەروەها وتی کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو، وتیشی ئێمە بەرژەوەندی و بەهای هاوبەش کۆماندەکاتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، پاش کۆبوونەوەی هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و وەزیری بەرگری ئەمریکا، نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە  گرنگی پەیوەندیەکانی نێوان  ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرد  لە  چوارچێوەی ستراتیژی عێراق و ئەمریکادا، هاوکات جەختیشی لەوەکردەوە کە هاتنی لوید ئۆستن پەیامێکی گرنگە بۆ دڵنیاکردنەوەی پشتگیری ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان عێراق و هەرێمی کوردستان. ‏ لەدرێژەی لێدوانەکانیدا نێچیرڤان بارزانی لەمەڕ ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەوە وتی،  باسمان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا له‌سه‌ر بنه‌ماى ‏ڕێككه‌وتنى ‏چوارچێوه‌ى ستراتيژيى عێراق و ئه‌مه‌ريكا كرد و جه‌ختمان له‌ پێويستيى ‏به‌رده‌وامي هاريكاريى ‏هاوبه‌ش و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانانی نێوده‌وڵه‌تى بۆ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ ‏بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر،  هه‌روه‌ها باسمان ‏له‌ گرنگيى هاريكاريى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق ‏كرد بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش.‏ هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وتی، جه‌ختمان له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى پشتيگريى ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى دۆست له‌ پرۆسه‌ى ‏چاكسازى له‌ ‏وه‌زاره‌تی پێشمەرگە و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ دڵنياشمان  كرده‌وه‌ كه‌ ‏سوورين‌ له‌سه‌ر ‏ڕيكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ته‌گه‌ره‌كانى به‌رده‌میان تێده‌په‌ڕێنين وله‌ هه‌وڵه‌كانمان ‏به‌رده‌وام ده‌بين بۆ يه‌كڕيزى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی ‏ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان. ‏ هەروەها نێجیرڤان نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی لێدوانەڕۆژنامەوانیەکەیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی، هاوڕا بووين كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ئارامى و سه‌قامگيريى ‏سياسى و ‏ئه‌منى و ئابوورى بۆ عێراق له‌گه‌ڵ خۆيدا ده‌هێنێت و له‌سه‌ر ‏گرنگيى پشتگيرى له‌ ‏حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و كاركردنى پێكه‌وه‌ى هاوبه‌شمان له‌ ‏ناوچه‌كه‌ بۆ پاراستنى ‏سه‌قامگيرى. دووپاتیشمان  كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ فاكته‌ر‌ى ئارامى و ‌‏سه‌قامگيرى ده‌بێت.‏ ‏هاوکات لوێد ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکاش لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کودستانی کرد لە پاراستنی سەقامیگری و ئارامی ناوچەکە وجەنگی دژی داعش، لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەو یاداشتە لێکتێگیەشتنەش کردەوە کە ساڵی پار لەگەڵ وەزارەتی  پێشمەرگە واژۆیان کردبوو و ئامادەیی بەردەوامی هاوکاریەکانیانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دووپاتکردەوە. لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لوێد ئۆستن وتی، جێگای خۆیەتی جەخت لەوە بکەوە کە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق هێزەکانمان لە عێراقدا دەمێننەوە لە جەنگی دژی داعش، هەروەها باسی لە خەباتی شان بەشانی هاوبەشی دەیان ساڵی  نێوان هێزەکانی پێشمەرگە کرد لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وتیشی ئەمەریكا و عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەنگاوی زۆر مەزنمان بۆ گەڕانەوەی سەروەریی ‏عێراق ناوە   لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بۆ تێكشكاندنی داعش، زیاتر لە پەنجا هەزار ‏كیلۆمەتری دووجامان لە مۆتەكەی داعش ئازاد كردووە، هەروەها زیاتر لە چوار ملیۆن و پێنجسه‌د ‏هه‌زارمان لە خەڵكی عێراق ڕزگار كردووە.‏   ‎لە کۆتای قسەکانیدا لوێد ئۆستن ئاماژەی بەوەدا کە داعش بەردەوامە لە هەڕەشە لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی عێراق، بۆیە هاوبەشی و هاوكاریی ‏بەردەوامی ئێمە زۆر گرنگە، هەروەها هەماهەنگیی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ‏لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی عێراقی پێویستە، بەتایبەتی لە لیوا هاوبەشەكاندا. هەروەها ڕاشیگەیاند بەداخەوە داعش تاكە هەڕەشەی سەر هەرێم نییە و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەركۆنەی ‏هێرشە بەردەوامەكانی ئێران دەكات كە لەودیوی سنوورەوە دەكرێن.

بەرپرسێکی ئێران رایگەیاند؛ زیاتر لە 50%ی دانیشتوانی تاران کرێچین و بەهۆیی دۆخی خراپی ئابورییەوە خەڵک گەرەگە گرانبەهاکان چۆڵ دەکەن. مەهدی هیدات، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی بوژاندنەوەی شاری تاران بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند؛ کێشەی سەرەکیی پایتەختی وڵاتەکە کەمیی یەکەی نیشتەجێبونە و بۆ تۆکمەکردنەوەی ئەو شارە پێویستە زیاتر لە یەک ملیۆن بینا و یەکەی نیشتەجێبونی نوێ دروست بکرێت. ئەو رونی کردوەتەوە پێویستە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست بکرێت کە هەر یەکەیەک لە بیناکان لانیکەم پێنج شوقەی نیشتەجێبون لەخۆی بگرێت. بە وتەی هیدایەت ئێران لە بواری بیناسازیدا پێویستی بە هاوردەکردنی کەرەستەی بیناسازیی نییە و بەرزبونەوەی بەهای دۆلار کاریگەریی لەسەر پلانی نۆژەنکردنەوەی شاری تاران نابێت. بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2021 ژمارەی دانیشتوانی تاران نۆ ملیۆن و 39 هەزار کەس بوە لە کاتێکدا لە ئامارەکانی ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارەی ئێران زیاتر لە 13 ملیۆن و 267 هەزار کەس بوە کە بە دووەمین شاری قەرەباڵخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 34ەمین شاری قەرەباڵخی جیهان ئەژمار دەکرێت.

هاوڵاتی تەیب تەمەل جێگری هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدە*پە) رایگەیاند، پێویستە هۆکاری راستەقینەی کشانەوە و گەڕانەوەی پارتی باش بۆ نێو هاوپەیمانی گەل ئاشکرا بکرێت. دوای ساڵێک لە دانوستان، دواجار دوێنێ ٦ی ئازار هاوپەیمانی گەل کە لە شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پێک دێت، کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهە*پە) بە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دیاری کرد. رۆژی هەینی رابردوو، مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی ئیی پارتی (پارتی باش)  پارتەکەی لە هاوپەیمانێتیەکە کشاندەوە و رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ کاندیدکردنی کلچدارئۆغلۆدا نین، بەڵام ئێوارەی دوێنێ و بەر لە کۆبونەوەی لایەنەکانی هاوپەیمانی گەل گەڕایەوە نێو هاوپەیمانێتیەکە. لەمبارەیەوە تیب تەمەل جێگری هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، کشانەو و گەڕانەوەی پارتی باش بۆ نێو هاوپەیمانی گەل، گۆمانی لەسەر دیموکراسی لایەنەکان دروست کردووە و وتی، " هێزە تاریکەکان کە لەدژی ئیرادەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتین، دەیانەوێت دەست بەسەر دیموکراسی گەلدا بگرن و گەمارۆی بدەن." تەمەل دەشڵێت، دوای کاتژمێرێک لە کشانەوەی ئاکشەنەر، پارتەکەی بێواتە بوو و عەقڵیەتێکی بەم شێوەیە وڵات بەرەو دۆخێکی خراپ دەبات و دۆمان دروست دەکات. ئێمە لێرەوە دەڵێین، چارەسەری و گۆڕانکاری بە گۆڕانکاری رادیکالانە و دیموکرات یان سیاسەتی رێگەی سێیەم دەبێت و وتی، " ئێمە ناومان بەلاوە گرنگ نییەم بەڵکو رەگەزەکانمان بەلاوە گرنگە. ئەو شتانەی لەسەر مێزەکە قسەیان لەسەر کراوە دوای هاتنەوەی ئاکشەنەر، بۆ گەل ئاشكرا نەکراوە. پێویستە بزانرێت کە بەبێ هەدەپە چارەسەری دروست نابێت. ئەوە هەدەپەیە کە چارەنووس دیاری دەکات."