هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای نەوت و گاز گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی. لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2023ـش دەڵێت، 12.06%ـە و پێشتر لەسەر ئەوە رێککەوتن کراوە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای پەسندکرنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد و گوتی، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە رێککەوتن. سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی قەبارەی بودجەی 2023 گوتی، 197 ترلیۆن و 828 ملیار دینارە. ئهمڕۆ دووشهممه ، نووسینگهی راگهیاندنی سهرۆكوهزیرانی عێراق بڵاویكردووهتهوه، ئهنجوومهنی وهزیرانی عێراق له كۆبوونهوهی ئاسایی ئهمڕۆیدا به سهرۆكایهتی محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 پهسهند كرد و رهوانهی پهرلهمانی عێراقی كرد. هاوکات ئەنجومەنی وەزیران رێکارە کارگێڕییەکانی بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەشی پەسەندکرد و وەک 19هەمین پارێزگای عێراق ناساندی.
دەزگای داد لە ئێران بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکات لانیکەم 22 هەزار کەس لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی بەندکراون و سەرۆکی ئەو دەزگایەش دەڵێت لێبوردنی گشتیی 85 هەزار بەندکراوی وڵاتەکەی گرتوەتەوە. غوڵامڕەزا موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی دوشەممە ئاشکرای کرد 22 هەزار کەس لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران بەر لێبوردنی گشتیی دەکەون و ژمارەیەکیشیان بە دانانی بارمتە لە دەرەوەی زیندانەکان لە ژێر چاودێریدان. ئێژەیی ئاماژەی بەوە کردوە؛ لێبوردنی گشتیی کە لە لایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیەنراوە 82 هەزار زیندانیی گرتوەتەوە و پێدەچێت ئەو ژمارەیە زیاتر بکات و تا ئێستا 25 هەزار کەس لە زیندانەکان ئازاد کراون بەڵام ئەو لێبوردنە تۆمەتبارانی توندوتیژیی و دزیی نەگرتوەتەوە. وتەکانی ئێژەیی لە کاتێکدا بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران لە ماوەی 150 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم 28 هەزارکەس دەستگیرکراون کە نزیکەی هەشت هەزار کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە. بە پێی هەندێک بەڵگەنامەی سوپای پاسداران نزیکەی 39 هەزار کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون کە ژمارەیەکیان لە زیندانە نهێنییەکاندا بەندکراون و چارەنوسیان نادیارە و ناویان وەک زیندانی یان دەستبەسەرکراو تۆمار نەکراوە.
سعودیە رایگەیاند رێککەوتنی تاران و ریاز بەرهەمی دوو ساڵ کۆبونەوە لە عێراق و عومان-ە و مەرج نییە هەمو کێشەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێبێت. فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە رۆژی دوشەممە بە رۆژنامەی (شەرقلئەوسەت)ی راگەیاند؛ بڕیارە لە دوو مانگی داهاتودا هەندێک لە پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و کۆماری ئیسلامی ئێران دەست پێبکەنەوە و مەرج نییە هەندێک کێشە و ناکۆکیی نێوان دوو وڵاتەکە چارەسەر بکرێت و کۆتایی پێبێت. فەرحان وتویەتی: سعودیە ئامادەکاریی دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و لەو چوارچێوەیەشدا بۆ ئەوان ئاساییە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کۆببینەوە. وەزیری دەرەوەی سعودیە ئاماژەی بەوە کردوە ریاز و تاران دوای دوو ساڵ دانوستان و کۆبونەوە لە عێراق و عوممان بە نێوەندگیریی چین رێککەوتنی نێوانیان واژۆ کردوە. لە لایەکەی دیکەوە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزرەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد دوای رێککەوتن لەگەڵ سعودیە رەنگە بەمزوانە لەگەڵ هەندێک وڵاتی ناوچەکە و بە تایبەت وڵاتی ئۆردون بگەنە رێککەوتن. ئێران بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی کەنداو کێشە و ناکۆکیی تێکەوتوە، پێدەچێت دوای رێککەوتنی ریاز و تاران هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بدات.
واشنۆن رایگەیاند هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران نەکراوە بۆ ئازادکردنی سێ هاوڵاتیی ئەمریکی-ئێرانی و سەرچاوەیەکیش ئاشکرای دەکات هەوڵی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە عێراق و دوو وڵاتی دیکە دەدرێت. جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند؛ لێدوانی بەرپرسانی ئێران لەسەر رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن بۆ ئازادکردنی سێ هاوڵاتیی ئەمریکی-ئێرانی راست نییە . کێربی وتی: بەداخەوە بەرپرسانی ئێران دەستبەرداری لێدوانی ناڕاست نابن و ئەو درۆیانە کاریگەریی خراپی لەسەر باری دەرونیی بنەماڵەکانی سێ هاوڵاتی دەستگیرکراوی ئەمریکا لە ئێران داناوە. وتەکانی کێربی دوای لێدوانی حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دێت کە رایگەیاند؛ پێشکەوتنی باش بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی ئەمریکا لە ئێران هەیە و تاران و واشنتۆن گەیشتونەتە رێککەوتنێکی ناڕاستەوخۆ. لە لایەکی دیکەوە پێگەی (ئەلعەربیە)ی سعودیە لە زاری سەرچاوەکانیەوە بڵاوی کردوەتەوە کە ئەمریکا دەیەوێت لە بەرامبەر ئازادکردنی (سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی، موراد تەهباز) بڕی 10 ملیارد دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە وڵاتانی عێراق،ژاپۆن و کۆریای باشور بە مەرج ئازاد بکات. مەرجەکانی ئەمریکا بریتین لەوەی کە ئەو پارانە نابێت راستەوخۆ رەوانەی ئەژمارەکانی کۆماری ئیسلامی بکرێن و دەبێت بۆ مەبەستی کڕینی خۆراک و دەرمان و پێداویستییە سەرەکی و مرۆییەکانی خەڵکی ئێران بەکاربهێنرێن.
هاوڵاتی وەزیرى دارایی عێراق :" پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023 ئامادەکراوە و رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کراوە بۆ تاوتوێ و پەسندکردنى". تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، وەزارەتەکەى رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023ى ئامادەکردووە و رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى کردووە بۆ تاوتوێکردن و دواتر دەنگدان لەسەری. وتیشی " ئامادەکردنى ئەو پڕۆژەیاسایە لە دۆخێکى تایبەتدایە کە ئابوورى جیهان پێیدا تێپەڕ دەبێت و پڕۆژەکە هاوتەریب دەبێت لەگەڵ کارنامەى حکومەت و چاکسازى دارایی و ئابوورى، بەگوتەى ئەو، وەزارەتەکەى کار لەسەر جێبەجێکردنیان دەکات." ئەوەشی ڕونکردەوە، پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023، " زیاتر گرنگى بە بوژاندنەوە، پاڵپشتى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى، پارەدارکردنى پڕۆژەی ستراتیژیی و بوژاندنەوە بەردەوامەکان دەدات." جێگەیباسە،ساڵى 2022 عێراق پڕۆژەیاسای بودجەى پەسند نەکرد و کارى بە سیستمى خەرجکردنى یەک لەسەر 12ى بودجەى خەرجکراوى ساڵى 2021 کرد.
هاوڵاتی فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆرئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کوشتنی والی داعشی لە میانی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە پارێزگای دیالە راگەیاند. لیوا عەبدولوەهاب الساعدی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا قەیس ئەلمحەمەداوی، ڕایگەیاند، "له ئهنجامی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە دیالە 22 تیرۆریست کوژران، لەنێویاندا والی داعش له فەللوجە كه ناوی بەرزان عەلییه". وتیشی، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی هێزهكانیان "چالاکییەکانی داعش لە پارێزگای دیالە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە و هەمو ئەو تیرۆریستانەی کە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە پشتێنی تەقینەوەیان لەبەردا بوە". هاوکات محەمەد شیعاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردو سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی ئەمنی کرد، دوای ڕوداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای دیالە و رایگهیاند، "مەلەفی ئەمنی لە هەمو عێراقدا گرنگییەکی زۆری لەلایەن حکومەتەوە پێدهدرێت، بەو پێیەی بنەمایەکی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابورییە".
هاوڵاتی پاسەوانی سنووری عێراق دوێنێ شەممە رایگەیاند، لەسەر سنووری سووریا، دەستیان بەسەر سێ ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا گرتووە؛ کە مادەیەکی وزەبەخشی قەدەخە کراوە. له راگهیهندراوێكدا كه لهلایهن نووسینگهی رۆژنامهوانیی فهرمانگهی دهروازه سنوورییهكانهوه بڵاوكراوهتهوه، ئاماژه بهوهكراوه بهرهنگاربوونهوهی تۆڕهكانی ماددهی هۆشبهر كه هاووڵاتییانی بێتاوان دهكهنه ئامانج، درێژهی ههیه. عێراق کە دەکەوێتە نێوان سووریا، سعودیە، ئێران، کوێت، ئوردن و تورکیا، بووەتە رێڕەوی گواستنەوەی حەبی کاپتاگۆن، کە لە بنەڕەتدا لە سووریا دروست دەکرێت، بەڵام گەورەترین بازاڕی لە وڵاتانی کەنداوە هاوکات لەم ساڵانەی دواییدا، لە عێراقیش بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە. پاسەوانی سنووری عێراق رۆژی شەممە ڕاشیگەیاند ، حەبەکان لەنێو سندووقی سێودا شاردرابوونەوە، لە "بارهەڵگرێکی ساردکەرەوەدا بار کرابوون" و لە دەروازەی سنووریی قائیم، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگای دێرەزووری سووریا و ئەنباری رۆژئاوای عێراق، دۆزراونەتەوە. بەگوێرەی هێزە عێراقییەکە، شوفێری بارهەڵگرەکە دەستگیر کراوە. بەرپرسێکی هێزی پاسەوانیی سنووری عێراق، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، ئەو حەبانەی لە سووریاوە هێندراونەتە عێراق، دروستکراوی چەند شوێنێکی جیاجیان.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا، رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئاشکرا کرد کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە ١٤ی ئایار بەڕێوە بچێت. بەگوێرەی رێوشوێنەکان، تاوەکو کاتژمێر ١٨:٠٠، نابێت هیچ میدیایەک باسی ئەنجامی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردنەکان بکات. میدیاکان دەتوانن لە کاتژمێر ٢١:٠٠ بەدواوە دەست بە ڕۆماڵ و هەڵسەنگاندن بکەن، بەڵام ئەگەر کۆمسیۆن بە پێویستی ببینێت، دەتوانرێت بەر لە کاتژمێر ٢١:٠٠ رۆماڵی کەناڵەکان دەست پێبکرێت. رۆژی دەنگدان، جگە لە ئەو هێزانەی کە ئەرکیان پێسپێردراوە، نابێت هیچ کەسێک چەک هەڵبگرێت. دوکان و مارکێتەکانی تایبەت بە ماددە کحوڵیەکان نابێت بکرێنەوە. لە باڕ و مەیخانەکاندا، فرۆشتنی ماددە کحوڵیەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەبێت. هەموو هۆڵێکی بۆنە، ئاهەنگ و کۆبوونەوەکان دادەخرێن. لە رێستۆرانتەکان، بە هەموو شێوەیەک ماددە کحوڵیەکان قەدەغە دەبێت. هاوکات قاوەخانە، چایخانە، ئینتەرنێت کافێ و ناوەندە هاوشێوەکان بە هەموو شێوەیەک پێویستە دابخرێن. هەموو جۆرە قەدەغەیەک کە بە فەرمی راگەیەندراوە، دوای کاتژمێر ١٨:٠٠ دەتوانرێت بکرێنەوە.
ئێران رایگەیاند ژمارەیەک کەسی دەستگیر کردوە کە هۆکاری سەرەکی بون بۆ ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار و لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکرابونی راستی روداوەکان بەردەوام دەبێت، هاوکات سوپای پاسدارانیش بەریتانیا تۆمەتبار دەکات. وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ تا ئێستا 100 کەس لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون کە دەستیان هەبوە لە روداوەکانی ژەهراویکردنی کچان لە خوێندگەکانی وڵاتەکەدا. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە بە بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بۆندار و بە بێ مەترسیی ئامانجیان بوە خوێندگەکان داخرێت و پڕۆسەی خوێندن راگێرێت و ژمارەیەک لەو تۆمەتبارانەش لە ژێر کاریگەریی کەشی دەرونیی زاڵ بەسەر دۆخی ئێستای وڵاتەکە تەنها بە ئامانجی سەرکێشی ئەو کارانەیان کردوە. وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی دەستی گروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی و گروپە تیرۆریستییەکان لەو روداوانە بەردەوام دەبێت. ئەو وەزارەتە رەتی کردوەتەوە لە روداوی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ ، غازی کیمیایی جەنگی و مەترسیداربەکارهێنرابێت. لە لایەکی دیکەوە پێگەی (مەشرق نیوز) کە نزیکە لە ناوەندی هەواڵگریی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ روداوەکانی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ دەستی باڵیۆزی بەریتانیا لە تارانی لە پشتە بە ئامانجی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکان لە وڵاتەکە.
هاوڵاتی سەرۆکی دەزگای کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد دەڵێت، گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023 و بوومەلەرزەکانی رۆژانی دواترەوە بۆ 47 هەزار و 975 کەس بەرزبووەوە. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ شەممە یونس سهزهر سهرۆكی سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاوی توركیا (AFAD) ئاشكرایكرد، بههۆی بوومهلهرزهكانی 6ـی شوباتی باكووری كوردستان و توركیا، كه چهقهكهی شاری مهڕهش بوو، 47 ههزار و 975 كهس گیانیان لهدهستداوه. سهزهر باسی لهوهشكرد، كارهكانی چاككردن و باشكردن له ناوچهی بوومهلهرزهكانی 6ی شوبات، به چڕی بهردهوامه و ههڵدانهوهی داروپهردووهكانیش درێژهی ههیه. ئهوهشی خستهڕوو، ژمارهی ئهو كهسانهی له ئهنجامی بوومهلهرزهكاندا گیانیان لهدهستداوه، زیادیكردووه و رایگهیاند، تا ئێستا 47 ههزار و 975 كهس گیانیان لهدهستداوه، لهوانه شهش ههزار و 278 یان سووری و خهڵكی بیانین". سەرۆکی دەزگای ئافاد گوتیشی، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە زیان بە ماڵ و حاڵیان گەیشتووە و ئێستا لە خێوەت و میوانخانە و شوێنە کاتییەکانی دیکە دەمێننەوە نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار کەسە. ئاماژەی بەوەشکرد، 935 هەزار و 722 کەس لە پارێزگا بوومەلەرزەلێدراوەکانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە گوێزراونەتەوە. بەرەبەیانیی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. لەو کاتەوەش بە گوێرەی ئافاد. 14 هەزار و 144 پاشلەرزە روویانداوە کە 10 پاشلەرزەیان شەش پلە و 55یان پێنج پلە بوون،
هاوڵاتی بەگوێرەی دواییین راپرسی کە لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکان لە تورکیا ئەنجامدراوە، لە کاتێکدا کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا پارتی داد و گەشەپێدان ئاکەپە ٤٢.٦ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، بەڵام دەنگەکانی بۆ ٣١٪ دابەزیوە. کۆمپانیای لێکۆلینەوەی ئاکسسۆی لە ٢٦ پارێزگای تورکیا بە بەشداری هەزار و ٥٣٧ کەس راپرسیەکی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا ئەنجامدا کە ئەمجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٣١٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٢٨.٤٪ ئیی پارتی (پارتی باش) ١٢٪ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ١٠.٣٪ کۆمپانیای “پیار”ی تایبەت بە راپرسی و لێکۆڵینەوەکانیش بەیانی ئەمڕۆ، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەنجامدابوو، کە ئەمجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە بوو: پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 32.3٪ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) 30.8٪ پارتی دیموکراتی گەکان (هەدەپە) 11.6٪ ئیی پارتی (پارتی باش) 8.3٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) 7.1٪ پارتی ئاییندە 3.7٪ پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی (دەڤا) 2.1٪ پارتی گەورە تورکیا (بەتەپە) 1.8٪ ئەوانەی دیکە 2.3٪ هەروەها راپرسیەکەی کۆمپانیا پیار لەبارەی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار بەم شێوەیە بوو: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەل 57.1٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەگەری زۆرە بە فەرمی ببێتە کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار 42.9٪
هاوڵاتی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆسەر ژمارەیەک هاوڵاتی کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دومەڵان بون سنوری پارێزگای حەلەب، سێ هاوڵاتی کوژران و 25ی دیکەش رفێندران. روانگەی سوریا بۆ مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ناوچەکانی خەناسری سنوری حەلەبی باشوری رۆژهەڵاتی سوریا، ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش هێرشیانکردوەتەسەر ژمارەیەک هاوڵاتی و سەرەڕای کوشتنی سێ کەس بەچەقۆ، 25 کەسی دیکەشیان رفاندوە کە سەرجەمیان کرێکار بون و لەنێویشیاندا ژن هەیە، تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە. هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر هاوڵاتییان لە چەند ناوچەیەکی سوریا بەرەو گەشەسەندن دەچێت و بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی سوریا، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە لە ئەنجامی هێرشە لەناکاوەکانی چەکدارانی داعش لەڕێگەی دەستڕێژی گوللـە و تەقینەوەوە، نزیکەی 139 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان هاوڵاتی مەدەنین. هاوکات سەرەڕای مەترسییەکان، دانیشتوانی ئەو ناوچانەی هاوسنورن لەگەڵ بیابانی سوریا بەردەوامن لە کۆکردنەوەی دومەڵان کە وەرزەکەی تا مانگی (نیسان/4)ی ئەمساڵ دەخایەنێت و بە نرخێکی زۆر دەفرۆشرێت، نرخی هەر کیلۆیەک لە نێوان پێنج بۆ 25 دۆلاردایە، بەپێی کوالێتی و قەبارەی دومەڵانەکان.
شارەزایەکی بواری ژینگە لە ئێران هۆشدارایی دەدات کە بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکە مەترسیی رۆچونی لەسەرە و کاریگەریی لەسەر ژیانی نیوەی ژمارەی دانیشتوانی جوگرافیای ئەو وڵاتە دەبێت. عەلی بەیتوڵڵاهی، ئەندامی دەستەی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران، رایگەیاند؛ لە دوایین توێژینەوە و خەمڵاندنەکاندا دەرکەوتوە بەهۆی وشکەساكی و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەویی ئێران روبەری زیاتر لە 46 ملیۆن دۆنم لە خاک کە دەکاتە 11%ی روبەری وڵاتەکە روبەڕوی رۆچون بوەتەوە. بە وتەی ئەو رۆچونی ئەو روبەرە کاریگەریی لەسەر ژیانی 39 ملیۆن کەس دەبێت کە دەکاتە 49%ی کۆی دانیشتوانی ئێران. بەیتوڵڵاهی رونی کردوەتەوە لە روبەری خاکی 380 شار و شارۆچکە و نۆ هەزار و 200 گوند رۆچونی زەویی بە رێژەی جیاواز رویداوە. لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتوە؛ زیاترین مەترسیی رۆچون لەسەر روبەری پارێزگاکانی تاران، ئەسفەهان و خوراسان هەیە و تەنها لە ناوچە دەشتاییەکانی مەشهەد سەر بە پارێزگای خوراسان لە هەندێک شوێن سێ سانتیم بۆ 17 سانتیم رۆچونی زەویی رویداوە. ئەو ئەندامی دەستەی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە کە رۆچونی زەوی کاریگەریی قوڵی لەسەر ژینگە و تەنانەت بوارەکانی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دەبێت و دۆخی ئێستای رۆچونی ئەو 11% لە خاکەی وڵاتەکە گەیشتوەتە لوتکەی قۆناغی قەیران. بە وتەی بەرپرسانی ئێران وڵاتەکە نزیکەی 30 ساڵە گیرۆدەی وشکەساڵیی بوە و پێشبینیی کراوە تا 10 ساڵی داهاتو قەیرانی کەمئاوایی و وشکەساڵیی لە وڵاتەکە بەردەوام بێت.
هاوڵاتی کاریگەری ڕێکەوتنی ئێران- سعودیەی عەرەبی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای نزیکەی هەشت ساڵ لە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزیی وگرژیەکانی نێوان ئێران و سعودیە، هەردوولا دوێنێ لە پەکینی پایتەختی چین ڕێکەوتننامەیەکیان واژۆکرد لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان، ئەمەش کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ململانێکان وگۆڕینی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کەمبوونەوەی ململانێکان لە یەمەن: دوای ڕێکەوتنی هەریەک لە سعودیە و ئێران شارەزایانی سیاسی پێشبینی دەکەن ململانێکان لە یەمەن بەرەو کەمبوونەوە بچن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردوو وڵات بە قووڵی تێوەگلاون لە شەڕی ناوخۆی چەند ساڵەی یەمەن، سعودیە لە ساڵی ٢٠١٥ هاتە ناو ململانێکانەوە و پشتگیری لە حکومەتی دەربەدەرکراوی وڵاتەکەی کرد، ئێرانیش پشتگیری لە یاخیبووانی حوسییەکانی کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت. بەرپابوونی ئاشتەوایی سیاسی لە لوبنان: کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕیاز و تاران دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی هەردووکیان کاربکەن بۆ ئاشتەوایی سیاسی لە لوبنان کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی بێ وێنە بووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئێران لە مێژبوو پشتگیری لە حزبوڵای میلیشیای شیعەی لوبنانی بەهێز کردووە ، لە کاتێکدا سعودیە پشتگیری لە سیاسەتمەدارانی سوننەی وڵاتەکەی دەکات و ئەمەش ئاڵۆزی وگرژیەکانی نێوانیان زیاترکردبوو وببووە هۆکارێکی ئاژاوەی گەورە لە وڵاتەکە. پەیوەندیەکانی ئیمارات- ئیسرائیل وئەگەری هێرشکردنە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕێکەوتنی نێوان سعودیە و ئێران پێشبینی دەکرێت ببێتە ئەوەی کە ئیماراتی عەرەبیش بیر لەوە بکاتەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران بەرەو پێش ببات، لەکاتێکدا کە لەماوەی رابردوودا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردبۆوە، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆکاری ئەوەی کە ئیسرائیل بەتەنها دژی گەیشتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەی چەک لە ئێران بوەستێتەوە وپەیوەندیەکانی نێوان ئیسرائیل- ئیمارات بەرەو لاوازبوون و گرژی ببات. ئێران و دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا وڕۆژئاوا ڕێککەوتنی سعودیە و ئێران دەتوانێت ڕێگەی نوێ بۆ تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکان دابین بکات، کە لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ئێستاوە ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا قووڵتر کردووەتەوە و مۆسکۆی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری بۆمب لە شەڕی دژی ئۆکرانیا چەکدار کردووە. سعودیە و دەستکەوتەکانی لە فرۆشتنی نەوتی خاودا لەسەروبەندی ڕێوشوێنەکان دژی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەیەوێت دەیان ملیار دۆلار لە پرۆژەی گەورەدا خەرج بکات بۆ ئەوەی شانشینی سعودیە لە نەوتی خاودا پەرەبستێنیت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سەپێنراون بەسەر ئەو وڵاتەدا. سوریا ونزیکبوونەوەی بەشار ئەسەد لە سعودیە لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ١٣ ساڵەی سوریا، بەردەوام ئێران پشتگیری لە سیاسەتی ئەسەد کردووە، لەبەرامبەریشدا سعودیە پشتگیری لە گروپ وبزوتنەوەکانی دژ بە سیاسەتیی ئەسەد وحکومەتەکەی کردووە، بەڵام بەهۆی لێک نزیکبوونەوەی سعودیە وئێران دەشێت سیاسەت ودۆخی سوریا گۆڕانکاری بەسەردا دەبێت و ببێتە هۆکاری نزیکبونەوەی سعودیە لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا.
سەرۆکی ئەمریکا دۆخی نائاسایی وڵاتەکەی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە و رایگەیاند جموجۆڵەکانی سوپای پاسداران و چەکدارانی سەر بەو سوپایە مەترسی و هەڕەشەن بۆ ئاسایشی وڵاتەکە. رۆژی هەینی کۆشکی سپی ئەمریکا بڵاوی کردەوە؛ جۆ بایدن ، سەرۆکی وڵاتەکە لە نامەیەک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران(کۆنگرێس) دۆخی نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران درێژ کردوەتەوە و فەرمانەکە لە 15ی ئەم مانگەوە نوێ دەبێتەوە. بایدن رایگەیاندوە؛ جموجۆڵ و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەرەپێدان و بەرفراوانکردنی موشەک و چەکی نائاسایی، دروستکردنی تۆڕی چەکداریی تیرۆریستی و هەوڵە تێکدەرانەکانی سوپای پاسداران و هاوشێوە جێگرەوەکانی تا ئێستاش هەڕەشەی راستەقینەن بۆ ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوە و ئابوریی ویلایەتەیەکگرتوەکان بۆیە فەرمانی دۆخی نائاسایی دژی کۆماری ئیسلامی بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کراوەتەوە. فەرمانی دۆخی نائاسایی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی بە ژمارە (12957) لە ساڵی 1995 راگەیەنراوە و لەو ساڵەوە بۆ ماوەی 28 ساڵە بە بەردەوامیی نوێ کراوەتەوە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1995 ئەو فەرمانە لە لایەن بیل کلیۆنتۆن، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرکرا و دوای شەش مانگ لە فەرمانەکە، واشنتۆن زنجیرەیەک سزای دژی دەسەڵاتی تاران سەپاند.