هاوڵاتی حکومەتی تورکیا بڕیاریداوە ئەمساڵ ٢٠ گرتووخانەی دیکە بکاتەوە و بەمەش ژمارەی گرتووخانەکانی تورکیا بۆ ٤١٩ گرتووخانە بەرز دەبێتەوە. رۆژنامەی سوزجوی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیایە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزارەتی دادی تورکیا ئاشکرای کرد، حکومەتی تورکیا دەیەوێت ئەمساڵ ٢٠ گرتووخانەی دیکە لە وڵاتەکە بکاتەوە. بەگوێرەی زانیاریەکانی رۆژنامەکە، لە بودجەی ئەمساڵدا، دوو ملیار و ٥٦٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیرە بۆ کردنەوەی گرتووخانەکان تەرخان کراوە.  بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەکە کە لەلایەن رۆژنامەنووس دەنیز ئایهانەوە ئامادە کراوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپەدا ٢٦٩ گرتووخانەی نوێ لە تورکیا کراونەتەوە و ژمارەی گرتووخانەکانی تورکیا گەیشتووەتە ٣٩٩ گرتووخانە و بە کردنەوەی ٢٠ گرتووخانەی دیکە، ژمارەکە دەکاتە ٤١٩ گرتووخانە. لەو ژمارەیە ٢٧٩ گرتووخانەی داخراو و ٨٩ گرتووخانەی کراوەی پیاوان هەیە و گرتووخانەکانی دیکەش بۆ ژنان و منداڵان ئامادە کراون و لە ئێستادا نزیکەی ٣١٥ هەزار کەس لە زینداندان. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن بەرپرسانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بڵاوکراونەتەوە، نزیکەی ١١ هەزار ئەندام، بەرپرس و لایەنگری ئەو پارتە کە کوردن لە زیندانەکانی تورکیادان.

سەرچاوەیەکی هەواڵی ئێران ئاشکرای دەکات: ئەندامانی سوپای پاسداران، بە هاوکاریی سێ کەسی عێراقی، دۆلاریان لە عێراقەوە بە قاچاخ بردوەتە وڵاتەکەیان.  تەلەڤزیۆنی (ئیران ئینتەرناشناڵ) کە ناوەندەکەی لە بەریتانیایە، بڵاوی کردوەتەوە: سێ ئەندامی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، دەیان ملیۆن دۆلاریان لە عێراقەوە بەقاچاخ بردوەتەوە ئێران. ئاشکرای کردوە، ئەندامانی فەیلەقی قودس، بە هاوکاریی سێ هاوڵاتیی عێراقی، دۆلارەکانیان لە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە وڵاتەکەیانەوە رەوانەی تاران کردوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوی کردونەتەوە: محەمەد تەجەن جاری، بەڕێوەبەری دارایی یەکەی 400ی سەر بە فەیلەقی قودس، پارەی پێویستی بۆ کڕینی دۆلار رادەستی ئەندامانی دیکەی سەر بە سوپای پاسداران کردوە، تا بە قەبارەیەکی زۆر لە نوسینگەکانی ئەو وڵاتە دۆلار بکڕن. لەو بەڵگەنامانەدا کە تەلەڤزیۆنەکە دەستی کەوتون، پڕۆسەی کڕینی دۆلار لە عێراق لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی مستەفا پاک باتن، جێبەجێ کراوە کە کارمەندی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدایە و هاوکات ئەندامی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانە.  

هاوڵاتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هیچ بۆ کورد پێنییە! ئەمڕۆ شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کارنامەیەکی هاوبەشیان بۆ حکومەتی داهاتوو، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن، ئاشکرا کرد، لە کارنامەکەدا بە هیچ شێوەیەک باسی پرۆسەیەکی ئاشتی یاخود کرانەوەیەک بەرووی کورددا نەکراوە. هاوپەیمانی گەل کە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی باش، پارتی دیموکرات، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن و پارتی دوارۆژ پێک دێت، ئەمڕۆ لە کۆبونەوەیەکی فراواندا لە ئەنقەرە، بە بەشداری سەرۆک و ئەندامانی پارتەکان، کارنامەی حکومەتەکەیان ئاشکرا کرد کە ئەگەر توانییان لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەون، جێبەجێ دەکەن. کارنامەی حکومەتەکەی هاوپەیمانی گەل لە ٩ تەوەر پێک دێت کە لەنێویاندا زیاتر لە دوو هەزار مادە هەیە. لە کارنامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە گۆڕانکاری لە بوارەکانی، پەروەردە و فێرکردن، سیاسەتی دەرەوە، دامەزراوە حکومییەکان، سیاسەتی وەزارەتی دەرەوە، پەیوەندیەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، خۆنزیککردنەوە لە یەکێتی ئەوروپا و چەند بابەتێکی دیکەدا دەکرێت. لە مادەکانی نێو تەوەرەکاندا، بە تەنیا دوو بابەتی تێدایە کە پەیوەندی بە هەدەپەوە هەیە، ئەویش پرسی قەیومەکانە کە لە جێگەی سەرۆکشارەوانییەکانی هەدەپە دانراون و باسی ئەوە دەکرێت کە بڕیاری دانانی قەیوم (بەڕێوەبەری حکومی) لە جێگەی ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بوونەتە نوێنەری هاوڵاتیان هەڵدەوەشێندرێتەوە. مادەیەکی دیکەش ئەوەیە کە ئەگەر تورکیا ببێتە ئەندامی کۆنسەی ئەوروپا، حکومەتی تورکیا هەموو بڕیارەکانی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ دەکات کە چەندین جار دادگاکە داوای ئازادکردنی گیراوانی هەدەپە و بە تایبەت سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و چەند پەرلەمانتارێکی پێشووی دیکەی کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە دوێنێ ئاشکرای کردبوو کە لە ١٣ی شوباتدا کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەل ئاشکرا دەکەن. هەدەپەش پێناچێت لەم حاڵەتەدا کە لە کارنامەی حکومەتەکەی هاوپەیمانی گەلدا بە هیچ شێوەیەک نزیکبوونەوەیەک بۆ پرسی کورد نییە، دەنگ بە کاندیدی هاوبەشی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بدات.

هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کۆبووەتەوە و هەردوولا سووربوون لەسەر ئەوەی دەبێت بە زووترین کات سەقامگیری دارایی بۆ بازارەکانی عێراق و نرخی دۆلار بگەڕێتەوە. نوسینگەی راگەیاندنی موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەشڵێت "پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی لە رێکارەکانی جێگیرکردنی نرخی دۆلار کردووە و پلانێکی خستووەتەڕوو، بەڵام هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە لەسەر پلانەکە." ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا موحسین مەندەلاوی جەختی لەسەر پێویستبوونی پابەندبوون بە رێکارە یاساییەکانی تایبەتبە ئاڵوگۆڕی دراو و پاراستنی ئابووری عێراق کردووەتەوە. باسی لەوەشکردووە، جێبەجێکردنی رێکارە جیهانیەکان و بەدواداچوون بۆ گواستنەوەی دراوەکان و کاری بانکە ناحکومییەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن گرنگە. دەشڵێت، "پێویستە بەپێی یاساکانی بانکی ناوەندی عێراق لێپرسینەوە لەگەڵ سەرپێچییەکان بکرێت."

بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی ڕایدەگەنێت، دەفتەری پاسپۆرت لە سەرانسەری عێراقدا نەماوە بەڕێوبەراتیەکە دەشڵێت: تەنها پاسپۆرت بۆ ئەو کەسانە دەردەکرێت کە مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە. ئەمڕۆ دووشەممە 30ی1ی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئاگاداری هاوڵاتییانی پارێزگای سلێمانی دەکەین، دەفتەری پاسپۆرت لە سەرانسەری عێراقدا نەماوە، داوا دەکەین چاوەڕێبکەن تا ئاگادارتان دەکەینەوە. بەڕێوبەراتیەکەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا پاسپۆرت تەنها بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە بە هۆکاری نەخۆشیی. ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەڵەبجە هاوڵاتییانی سنورەکەی لە بوونی هەمان حاڵەت ئاگادارکردەوە.

کچ و کوڕێک لە ئێران بە بیانوی سەماکردن لە شوێنی گشتی سزای 22 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا. سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردەوە ؛ ئاستیاژ حەقیقی و ئەمیرمحەمەد ئەحمەدی لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە هەر کەسێکیان سزای 10 ساڵ و شەش مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە ئەوەش تەنها بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی سەماکردنیان. ئاستیاژ حەقیقی تەمەن 22 ساڵە و ئەمیرمحەمەد ئەحمەدی تەمەن 21 ساڵ لە (1/11/2023) تۆمارێکی ڤیدیۆییان بڵاو کرایەوە کە پێکەوە بەرامبەر مەیدانی ئازادی شاری تارانی پایتەختی ئێران سەما دەکەن و رۆژێک دوای بڵاوبونەوەی ڤیدۆکە دەستگیرکران و تا ئێستا لە زیندانن. دادگای شۆڕی ئێران ئەو کچ و کوڕەی تۆمەتبار کردوە بە بڵاوکردنەوەی (بێ رەوشتی) و بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر ئەوەش بوەتە هۆی سەپاندنی سزای قورس بۆ ئەو کوڕ و کچە. جگە لە سەپاندنی سزای 22 ساڵ بۆ ئەو دوو کەسە دادگا بڕیاریداوە بۆ ماوەی دوو ساڵ چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بکارهێنانی سۆشیال میدیا و گەشت بۆ دەرەوەیان لێ قەدەغە بکات.      

هاوڵاتی بە گوێرەی بەیاننامەیەکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنقەرە، حکومەتی ئەمریکا هاووڵاتیانی خۆی لە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی دژی کڵێسا و کەنیسەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە ئیستانبوڵ و چەند ناوچەیەکی دیکە ئاگاداردەکاتەوە. لە بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوەتە هاووڵاتیان تا سەردانی شوێنە قەرەباڵغەکان نەکەن و ئاگاداری ئەو شوێنانەبن کە کەسانی بیانی لە تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی دەکەن، بەتایبەتی بیئۆغڵو، گالاتا، تەقسیم و شەقامی ئیستیقلال. هاوکات داواش لە هاوڵاتیانی دەکات چاویان لەسەر میدیا ناوخۆییەکان بێت. ئەم ئاگادارییەی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە لە سوید و دانیمارک کۆپی قورئانی پیرۆز سوتێندراو چەندین وڵات و دامەزراوەی ئیسلامیش هەڵوێستی خۆیان لەدژی سوتاندنی قورئان راگەیاند و بەشێك لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کردەوەکەیان سەرکۆنەیان کرد.

هاوڵاتی بەپێی هەواڵی میدیای ئێرانی سێ درۆن هێرشیانکردۆتە سەر کارگەیەکی وەزارەتی بەرگریی ئێران لە نێوەڕاستی پارێزگای ئیسفەهان و دووان لە درۆنەکان شکستیان هێناوە و لەلایەن سیستمی بەرگریی ئەوانەوە خراونەتە خوارەوە، ئەوەی دیکەش زیانی ئەوتۆی نەبووە، دیمەنی پارچەکانی ئەو درۆنانەش بڵاوکرایەوە کە خراونەتە خوارەوە. ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2023، محەممەد رەزا جان نساری، جێگری سیاسی و ئاسایشی پارێزگاری ئیسفەهان رایگەیاند، "ئەو دەنگی تەقینەوەیەی کە بیسترا، دەنگی سیستمی بەرگری بوو کە درۆنەکانی کردە ئامانج. سەرەتا خەڵکی تووشی شڵەژان بوون، بەڵام سوپاس بۆ خودا هەواڵەکە هەر زوو بڵاوکرایەوە. " تەلەڤزیۆنی ئێرانی دیمەنی "پارچە تەقێندراوەکانی" ئەو درۆنانەی بڵاوکردەوە کە پێشتر وەزارەتی بەرگری رایگەیاندبوو، دووانیان خراونەتە خوارەوە و گوتی، "کۆنتڕۆڵی درۆنە بچووکەکان بە بەکارهێنانی سیستمی جەنگی ئەلیکترۆنی لە دەستی کارپێکەرەکە دەرهێندرا." دوای رووداوەکە، محەممەد مەرەندی، راوێژکاری میدیایی سەرۆکی ئێران پەنجەی تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشە درۆنییەکەی بۆ ئیسرائیل و "هاوپەیمانەکانی لە باکووری عێراق" درێژکرد و هۆشداری تووندی دا و لە تویتەر نووسی، "حەفتەیەکی باش نییە بۆ رژێمی رەگەزپەرستیی چ لە ناوەوەی وڵات یان لە دەرەوە، هەرچەندە سەرەڕای ئەوەی ناتەنیاهوو و هاوپەیمانە تیرۆریستە پاڵپشتیکراوەکان لەلایەن رۆژئاواوە لە باکووری عێراق شکستیان هێناوە، کاردانەوە دەبێت، ئەوان هەردووکیان پێویستە فێربن لەگەڵ شکستیش سزا هەر دەبێت."

هاوڵاتی کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیایە رایگەیاند، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ١٣ی شوبات، کاندیدی هاوبەشی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا دەکەن. کلچدارئۆغلۆ بەشداری بەرنامەی (مێزی سەرۆکەکان)ی کەناکی خەلک تی ڤی تورک کرد و ئاماژەی بە کۆبونەوەی ١٣ی شوبات لە بارەگای پارتی سەعادەت کرد کە پێکەوە و لەگەڵ چوار لایەنی دیکەدا، هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە. سەرۆکی جەهەپە ئەوەی خستەڕوو کە دوای کۆبونەوەکەی ١٣ی شوبات، هەمان رۆژ کاندیدی هاوبەشی خۆیان ئاشکرا دەکەن. لە وڵامی پرسیارێکی پێشکەشکارەکەدا کە ئایا کاندیدە هاوبەشەکە ئەو دەبێت، کلچدارئۆغلۆ وتی، " ئاساییە کە هەر پارتێکی نێو هاوپەیمانێتیەکە دەیەویت سەرۆکەکەی کاندید بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە، لەم چەند رۆژەی کە لە بەردەمماندایە، ئەگەر لایەنەکانی دیکە بە تەواوی رازی بن، ئەوا من دەبمە کاندید." تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانێتیەک کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا نەکردووە و یەکلاییش بووەتەوە کە لە ١٤ی ئایاردا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی پێکەوە بەڕێوە دەچن.

هاوڵاتی دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ بە درۆن هێرشکرایەسەر دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی لە شاری ئیسفەهانی ئێران، رۆژنامەیەکی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردوەتەوە کە "ئیسرائیل لەپشت هێرشەکەی ئیسفەهانەوە بوە". رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەمڕۆ لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بەرپرسانی باوەڕپێکراوی ئەمریکاوە دەستیانکەوتوە، "ئیسرائیل لەپشت هێرشەکەی ئیسفەهانەوە بو کە ژمارەیەک دامەزراوەی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی بەئامانج گرت". باسلەوەشکراوە،"ئیسرائیل لەرێگەی ژمارەیەک درۆنەوە دامەزراوەی بەرگری ئێرانی کردوەتە ئامانج، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ چۆنیەتی لەباربردنی خواستی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم". هاوکات،وەزارەتی بەرگریی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا هێرشی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر کارگەیەکی دروستکردنی چەک و تەقەمەنی لە شاری ئەسفەهان پشتراستکردەوە و رایگەیاند دوو لەو فڕۆکانەیان  تێکشاندوە. هەروەها،وەزارەتی بەرگریی ئێران دانی بەوەدا ناوە، سەربانی یەکێک لە کارگەکان زیانی بەرکەوتوە، بەڵام "کێشەیەکی بۆ دامودەزگا و چالاکییەکانی کۆمەڵگەکە دروست نەکردوە."

ئەو دادوەرەی دەستی لە سەپاندنی سزای سێدارە و زیندانیی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێراندا هەبو، لە لایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی خەڵات کرا. لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بەخشرایە ئەبولقاسم سەڵەواتی، دادوەری بەرپرسی دۆسیەی سزای سێدارەی زۆبەی چالاکوانی سیاسی کورد و ئێران بوە ئەو دادوەرە سزای سێدارەی بەسەر شیرین عەلەم هولی چاکوانی کورد، فەرزدا کەمانگەر مامۆستا و چالاکوانی کورد و محەمەدعەلی زەمانی و زانیار مورادی دا سەپاندوە و سەرجەمیان لەسەر دەستی ئەو دادوەرە لەسێدارە دراون. سەڵەواتی کە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا زیاترین دەرکەوتنی بەهۆی سزای قورسی دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکاندا بوە سزای سێدارەی بەسەر سامان سەیدی، هونەرمەندی  شاری کرماشان و محەمەد قوبادلودا سەپاندوە.

هاوڵاتی ئێران هه‌نارده‌كردنی غاز بۆ عێراق راده‌گرێت و وه‌زیری كاره‌بای عێراقیش رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌فته‌ی داهاتوو بۆ به‌ستنه‌وه‌ی كاره‌بای عێراق به‌ وڵاتانی كه‌نداو، له‌گه‌ڵ سعوودیه‌ كۆده‌بینه‌وه‌. وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ماوەی ١٢ رۆژە، ھەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنان بەمەبەستی چاککردنەوەی بۆری گواستنەوەی غاز، بەپێی ئەوەی لایەنی ئێرانی رایگەیاندووە، راگیراوە. راشیگەیاندووە کە بەھۆی ئەو ھەنگاوەی ئێران، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، حەوت ھەزار و ٥٠٠ میگاوات کەمبووەتەوە کە ئەوەیش بەشێوەیەکی بەرچاو، کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانیی بە ھاووڵاتییان دروست کردووە. باسی لەوەش کردووە کە وەزارەتی کارەبا رێوشوێنی بەپەلەی گرتووەتەبەر و لەسەر ئاستی باڵا ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کردووە بۆ ئەوەی بڕی زیاتر لە سووتەمەنی جێگرەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور دابین بکات، تا بتواندرێت کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە پێ قەرەبوو بکرێتەوە". هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ زياد عه‌لی فازڵ، وه‌زیری كاره‌بای عێراق به‌ رۆژنامه‌ی شه‌رقی سعوودیه‌ رایگه‌یاندووه‌، ئێران رێژه‌ی هه‌نارده‌كردنی غازی بۆ وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای گه‌یاندووه‌ته‌ سفر، بۆیه‌ عێراق له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ دانوستانی به‌رده‌وامدایه‌ و به‌مه‌به‌ستی به‌ستنه‌وه‌ی كاره‌بای عێراق به‌ تۆڕی كه‌نداو، هه‌فته‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ لایه‌نی سعوودیه‌ كۆده‌بنه‌وه‌.

هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانى عێراق راوێژکارێک بۆ کاروبارى دەستوورى دادەمەزرێنێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی سەرۆکایەتییەکانی دەسەڵاتەکانى جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەریى بە مەبەستى هەموارکردنی دەستوور. ئەمڕۆ یەکشەممە نووسینگەى رۆژنامەوانیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد،سەرۆکوەزیرانى عێراق راوێژکارێک بۆ کاروبارى دەستوورى دادەمەزرێنێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی سەرۆکایەتییەکانی دەسەڵاتەکانى جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەریى بە مەبەستى گەڵاڵەکردنى نەخشەڕێگەیەک بۆ هەموارى دەستوور. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، حەسەن نیعمە یاسرى، وەک راوێژکارى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ کاروبارى دەستوورى دەستنیشان کراوە. ئاماژەبەوەشدراوە، ئەو هەنگاوە بۆ جێبەجێکردنى نێوەڕۆکى بەشێک لە کارنامەى حکومەتە کە لە 27ـى تشرینى یەکەمى 2022 لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە دەنگى لەسەردراوە، ئەوەش لەبەر رۆشنایی رێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانە . هاوکات بۆ رێکخستنى کارى جومگەکانى دەوڵەتە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بڕیارەکانى پێشووى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق و هەڵوێستەکانى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و ویستى راى گشتى بۆ ئەنجامدانى ئەو هەموارە دەستوورییانە.

هاوڵاتی نرخی تابلویەکی هاکان یاشار نیگارکێشی کورد کە لە نەرویچ دەژی گەیشتە حەوت هەزار و ٥٠٠ دۆلار کە بۆ پشتگیریکردنی دارایی بۆ هەدەپە خستوویەتیە مەزادێکی کراوەوە. دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەدژی بڕینی بودجەکەی لەلایەن دادگای دەستووریەوە، کەمپەینێکی بەناوی ' گەلەکەمان گەنجینەی ئێمەیە' راگەیاند، هاکان یاشار نیگارکێشی کورد کە لە نەرویچ دەژی بۆ پشتگیریکردنی دارایی بۆ هەدەپە، تابلویەکی خۆی خستە مەزادێکی کراوەوە. نرخی تابلوکە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە حەوت هەزار و ٥٠٠ دۆلاری ئەمریکی. تابلۆکە کە لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان نمایشکراوە، بووەتە جێی سەرنجی هاوڵاتیان. چەند رۆژ لەمەوبەریش باش دەمیرتاش هاوسەرۆکی سەلاحەدین دمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، سەردانی پێشانگای هاکان یاشاری کردبوو و ئەم تابلویەی پەسەند کردبوو و بۆیەش هاکان یاشار تابلوکەی بۆ پشتگیریکردن لە هەدەپە خستە مەزادەوە.

ئەمریکا رێوشوێنی نوێ بۆ توندکردنەوەی سزاکانی سەر روسیا دەگرێتەبەر بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی سەردانی تورکیا و ژمارەیەک وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. بەپێی هەواڵی میدیا ئەمریکییەکان، لە هەفتەی داهاتودا بەرپرسی سزاکان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەردانی چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و تورکیا یەکەم وێستگەی سەردانەکەی دەبێت. ئاماژە بەوەشکراوە؛ ئەمریکا دەیەوێت هۆشداریی بداتە ئەو وڵاتانەی کە بانگەشەی ئەوەیان کردوە مامەڵەی هاوسەنگ لەگەڵ روسیا دەکەن و بە پێی ئامارەکانیش هاوڵاتییان و بازرگانانی روسیە زیاترین خانوبەرەیان لە تورکیا کرێوە. واشنتتۆن  ئامانجی ئەوەیە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادار بکاتەوە کە ئەگەر لەروی دارایی و بازرگانییەوە پشتیوانیی روسیا بکەن، ئەوا لە هەر مامەڵەیەکی بازرگانیی لەگەڵ ولاتانی  پیشەسازیی جیهان ناسراو (جی 7) قەدەغە دەکرێن. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە؛ تورکیا لە سێ مانگدا بڕی دو ملیارد دۆلار کاڵای بۆ روسیا هەناردە کردوە کە بەراورد بە رابردو 30٪ زیادی کردوە. بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە کاتێکدایە تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاترین پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ روسیا هەیە و هاوکات ئەندامی ناتۆ و بە هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە لەقەڵەم دەدریت.