هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی پیشەسازیی شاری گەرمسار لە پارێزگای سمنانی ئێران،  دەنگێکی بەهێز بیستراو قایمقامی گەرمساریش دەڵێت هۆکارەکەی شکاندنی دیواری دەنگی بووە لە لایەن فڕۆکەیەوە. لە بارەی ئەو دەنگە بەهێزەی لە لایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە بیستراوە  رەزا خانی، قایمقامی گەرمسار بە میدیای فەرمی ئێرانی راگەیاندووە، بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە لە پارێزگای سمنانی ئێران دەنگێکی بەهێز بیسترا کە بووە هۆی دروستبونی دڵەڕاوکێ و ترس.  وتیشی " هاوڵاتیان دڵنیا دەکەمەوە کە هیچ جۆرە تەقینەوەیەک لە ناوچەکە ڕووی نەداوە." باسی لەوەشکردووە کە هۆکاری دروستبونی ئەو دەنگە شکاندنی دیواری دەنگی بووە لە لایەن فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێرانەوە  هەرلەم بارەیەوە  بێهنام بەختیاری بەرپرسی بەشی پیشەسازی و کانەکان و بازرگانی گەرمسار بە ماڵپەڕی فەرمی ئیرنای ڕاگەیاندووە،  :" هێزەکانی فریا کەوتن نێردراونەتە شارۆچکە پیشەسازییەکە". . پارێزگای سمنان دەکەوێتە باکووری ئێران و لە نزیک تاران و قووم هەڵکەوتووە.

هاوڵاتی  وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند هەرێم لەساڵی رابردوودا هیچ داهاتێكی رادەستی بەغدا نەكردوە، تەنها رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی پاڵاوگە حكومییەكان كردوە. ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت وەزیری دارایی پێڕاگەیاندین مانگانە ناردنی پارە بۆ مووچە بەردەوام دەبێت بەو مەرجەی هەرێم پابەندبێت بەناردنی زانیاری تەواوی لیستی ناوی مووچەخۆران و بڕی موچەكانیان و دەرماڵەو لێبڕینەكان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كە تائێستا نەیان ناردوە.  ئەمڕۆ یەكشەمە 21ی كانونی دووەمی 2024، دوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق،  عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەیی هەبوەو وەزیری دارایی دووپاتیكردوەتەوە، هەرێمی كوردستان لەساڵی 2023 دا هیچ داهاتێكی دارایی رادەستی حكومەتی فیدراڵی نەكردوە، تەنها رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی پاڵاوگە حكومییەكان كردوە". عەتوانی ئەوەشی خستوەتەڕوو "لەگەڵ وەزیری دارایی تاووتوێی ئەو كێشانەیان كردووە كە روبەڕووی جێبەجێكردنی بودجە بونەتەوە، بەتایبەت بڕگەكانی دامەزراندن و گرێبەستەكان، رێشكەوتون لەسەر تەواوكردنی خشتەكانی هەژماركردنی خەرجییە داراییەكان بەئامانجی دەستپێكردنیان لەساڵی 2024". هاوكات د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە كە كۆبوونەوەكەی لیژنەی بەئامادەبوونی وەزیری دارایی فیدڕاڵ بۆ بەدواداچوون بووە سەبارەت بەجێبەجێكردنی بودجەی ساڵی رابردوو گفتوگۆكردن لەبارەی ئامادەكاری  هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2024.  ئەوەشی خستوەتەڕوو كە لەوەڵامی پرسیارێكیدا لەوەزیری دارایی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم پێیڕاگەیاندین "خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵی لەمانگی یەكی ئەمساڵەوە كە بەبڕی 618 ملیار دیاریكراوە مانگانە بەردەوامدەبێت، بەمەرجێك هەرێم پابەندبێت بەناردنی زانیاری تەواویی لیستی ناوی مووچەخۆران و بڕی موچەكانیان و دەرماڵەو لێبڕینەكان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەك ئەوەی لەناوەڕۆكی نوسراویان لە 16ی ئەم مانگە ئاماژەی پێدراوە".     

هاوڵاتی  كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكرد، سەرەڕای بوونی چەندین تانەش بەڵام كورسی لایەنەكان لەكەركوك وەك خۆی مایەوە. ئەمڕۆ یەكشەممە 21ی كانونی دووەمی 2024، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی ئەو تانانەی یەكلاییكردەوە كە لەپرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان درابوون و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەندكرد. رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2023 پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق جگە لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، حزبە كوردستانیەكان لەكەركوك و نەینەواو دیالەو سەڵاحەدین بەشداری هەڵبژاردنەكەیان كردو لەكەركوك و نەینەواو دیالە كورسیان بەدەستهێنا.  لەپاش راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنیش، كۆمسیۆن دەرگای تانەدانی لەپرۆسەكە بەڕووی پاڵێوراو و قەوارە و هاوپەیمانیەتیەكان كردەوە، 338 تانە لەپرۆسەكە دران و ئەمڕۆ پاش یەكلاییكردنەوەی تانەكان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد.

هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەمە سەرچاوە ئەمنییەکانی لوبنان ئاشکرایان کرد ، دوو ئەندامی حزبوڵای لوبنانی لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەکەیان لە نزیک خاڵێکی پشکنینی سووپای لوبنان، لەلایەن درونێکی ئیسرائیلییەوە لە باشووری لوبنان کوژراون. ژمارەیەک شایەتحاڵیش بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە :دوابە دوای رووداوەکە بە پەلە ئەمبوڵانس و تیمی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنەکە و تەرمی کوژراوەکانیان گواستۆتەوە. ئەمەو هەتا ئێستا ناسنامەی کوژراوەکان ئاشکرا نەکراون .

هاوڵاتی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە  سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان سکاڵای تایبەت بە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم و مافی خاوەندارێتی زەوییەکانی کەرکوک دواخران. ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١-١ - ٢٠٢٤ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە هەرێم دانیشتنی ئەنجام دا کە بریتی بوون لە : ١-  داواکردنی مافی خاوەندارێتیی زەوییەکان لە کەرکووک ٢- هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان  ٣- سکاڵا دژی پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ٤- سکاڵایەک بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەران مانگانە بدرێت پلەبەرزکردنەوە دەستپیبکاتەوە ٥- سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی سەبارەت بە نادەستوری ناساندنی یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر  تائێستاش کە کۆبونەوەکە بەردەوامە سێ لەو کەیسانە دانیشتنەکانی دواخراون : دانیشتنی دادگەی فیدراڵی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ 18-02-2024  دانیشتنی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 04-02-2024 دواخران.  دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەبارەی کێشەی خاوەندارێتیی زەوییەکانی شاری کەرکووک بۆ 21-02-2024 دواخراوە. جێگەیباسە یەکێک لە سکاڵاکان تایبەتە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان، کە تاوەکو ئێستا شەش دانیشتنی لەسەر کراوە سکاڵاکانی سەر ئەم یاسایە  دوو سکاڵان و یەکخراون، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان . هاوکات سەبارەت بە سکاڵای تایبەت بە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم دادگای فیدڕاڵی دەڵێت سکاڵاکە بەهۆی نەناردنی داتای میلاکی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ 18-02-2024 دواخراوە. ئەوەشلەکاتێکدایە ، سکاڵای پێنەدانی موچەی فەرمانبەران لەلایەن عەدالەت رەحیم و بوخاری جەمیل و حەیدەر عوسمان دژی محەمەد شیاع سودانی تۆمارکراوە و داوا لە دادگا دەکات بڕیار دەربکات بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.          

هاوڵاتی دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دوو ئەفسەری عێراقی دەرکەوتون و بە شێوەی "گاڵتەکردن" یەکێکیان لەوی دیکەیان دەدات، ئەفسەرەکەی دیکەش دەگری و ڤیدیۆکەیان لە تۆڕەکۆمەڵآیەتییەکان دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەلایەن وەزیری بەرگری عێراقەوە لە کارەکانیان ڕاگیران. وەک لە ڤیدیۆکەدا دیارە کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان  بڵاوبۆتەوە تیایدا  ئەفسەرێک بە پلەی موقەدەم بەبێ رێزگرتن لە پلەی سەربازی، لە ئەفسەرێکی دیکە بە پلەی عەقید دەدات بەهۆی ئەوەی هەڵەیەکی لە چاپکردنی نووسراوێکدا کردووە.   موقەدەمەکە دووجار بە زللـە لە عەقیدەکە دەدات و سەرکۆنەی دەکات، لە بەرامبەردا ئەفسەرە عەقیدەکە دەست بە گریان دەکات و دەڵێت سکاڵات لێدەکەم و موقەدەمەکەش بێ منەتی خۆی نیشان دەدات و پێی دەڵێت دەچیت لەکوێ سكاڵا دەکەیت، بیکە. دوای بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر ڕوداوەکە هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، هەردوو ئەفسەرەکە لە کارەکانیان ڕاگیراون و دەستگیر دەکرێن بەهۆی ئەوەی هەڵسوکاوتیان لەگەڵ سوپای عێراق و مێژووەکەی یەکناگرێتەوەو ناگونجێت. وتیشی ڕەفتاری هەردوو ئەفسەرەکە منداڵانە بووە و بەگوێرەی یاسای خزمەت و خانەنشینی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت..    

هاوڵاتی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە ڕاگەیندراوێکدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: سەرەڕای ھەوڵەکانی حکومەت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، بەڵام عێراق لە مەترسیدایە کە بکەوێتە ناو ململانێکەوە. جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی دژواردا تێدەپەڕێت و عێراقیش بەدەر نییە لەو ململانێیانە، ئەوەش ھەڕەشەی سەرھەڵدانی رووبەرووبوونەوەیەکی گەورەتر دەکەن. پلاسخارت دەشڵێت، سەرەڕای ھەوڵەکانی حکومەت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، بەڵام عێراق لە مەترسیدایە کە رابکێشرێتە ناو ئەو ململانێیەوە. دووپاتیشیکردەوە، ئەو ھێرشە بەردەوامانەی لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن، دەبێتە ھۆی تێکدانی ئەو سەقامگیرییەی دوای ھەوڵێکی زۆر لە عێراقدا بەدەست ھاتووە. راشیگەیاند، سەقامگیری و ئاسایشی عێراق لە پێشینەی کارەکانیانە و بانگەوازی خۆیان بۆ ھەموو لایەنەکان دووپاتدەکەنەوە کە زیاتر دان بەخۆیاندا بگرن. هۆشدارییەکەی یونامی لەکاتێکدایە، شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە 100 رۆژی تێپەڕاندووەو تا دێت گرژییەکانی ناوچەکە فراوانتر دەبن، حوسییەکانی یەمەن هێرشدەکەنە سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان لە سنوورە ئاوییەکان و ئێران هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و سووریا و پاکستان و پاکستان وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە. هاوکات  بەیانی ئەمڕۆش شەممە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دیمەشق، بەگوێرەی زانیارییەکان لانی کەم 10 کەس کوژراون، لەنێویاندا دوو فەرماندەی سوپای پاسداران هەبوون.  

هاوڵاتی مقاومه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق به‌پرسیارێتیی خۆی له‌و هێرشه‌ موشه‌كییه‌ راگه‌یاند كه‌ دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ كرایه‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ بنكه‌ی سه‌ربازیی عه‌ین ئه‌سه‌د و بەرپرسێکی ئەمریکیش دەڵێت  ژمارەیەک سەربازی عێراقی برینداربوون. ئەمڕۆ شەممە(20ی کانوونی دووەمی 2024)، به‌ 20 مووشه‌‌ بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی به‌كاری ده‌هێنێت، بۆردومانكرا، بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز کە لە بەرپرسێکی ئەمریکایان وەرگرتووە، بە مووشەکی بالیستی  بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد هێرشی کراوەتە سەر کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا نیشتەجێیە. ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، ژمارەیەک لە سەربازانی عێراقی بەو هێرشەی مووشەکیە بالیستیەی کراوەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد بەسەختی برینداربوونە. دوا بەدوای هێرشەکەش مقاومه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق به‌پرسیارێتیی خۆی له‌و هێرشه‌ موشه‌كییه‌ راگه‌یاند و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ دوای هێرشه‌كه‌ ده‌ریكردوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ به‌ گورزه‌ موشه‌كێك هێرشیانكردوه‌ته‌سه‌ر بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د و به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌ گورزه‌كانیان بۆسه‌ر "مۆڵگه‌كانی دوژمن". له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه‌، وه‌ڵامه‌ بۆ ئه‌و "كۆمه‌ڵكوژییه‌"ی قه‌واره‌ی زایۆنی ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكی غه‌ززه‌ ده‌یكات. هەر لەم بارەیەوە یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، بنکەی عەین ئەسەد، چەند بارەگایەکی سەربازی عێراقی لێیە لەگەڵ بوونی سەربازگەیەکی راهێنانی عێراقی لە بنکەکە و لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێوارەی رۆژی شەممە کرانەتە ئامانج. وتیشی: موشەکەکان لە نزیک بنکەی لیوای 29ی فیرقەی حەوتی سەر بە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی جەزیرە لە بنکەی عەین ئەسەد کەوتونەتە خوارەوە و سه‌ربازێكی عێراقی برینداربووە. بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د ده‌كه‌وێته‌ سنووری پارێزگای ئه‌نبار له‌ رۆژئاوای عێراق و تایبه‌ته‌ به‌ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش، كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت. پێشتریش چه‌ندینجار له‌ رێگه‌ی هێرشی مووشه‌كی و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌ كراوه‌ته‌ ئامانج.

هاوڵاتی  دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشی ئیسرائیل لە دیمەشقی پێتەختی سووریا، بۆ سەر بنكەكانی سوپای پاسداران، هەواڵنێری تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران  رایگەیاند چوار ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران كە وەك راوێژكار ناسراون، كوژراون. بە هۆی هێرشەكانی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 20ی كانونی دووەمی 2024ی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق، ناوەندی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەك نزیك لە بەرەی ناوچەیی پشتیوانی سووریا، بڵاویكردەوە "بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسداران لەم هێرشەدا كوژراوەو ژمارەیكی تریش بریندار بوون". رۆیتەرز بەپشت بەستن بە سەرچاوەكانی خۆی بڵاویكردۆتەوە "بینایەكی چەند نهۆمی كە لەلایەن ئەندامانی سوپای پاسدارانەوە لە سووریا بەكار دەهێنرا، لەم هێرشەدا رووخاوە". چەند كاتژمێرێك دواتر هەواڵنێری نور نیوز، سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، رایگەیاند "سادق ئومێد زادە، جێگری هەواڵگری هێزەكانی قودس لەگەڵ جێگرەكەی بە ناو حاج غوڵام لەم ‌هێرشەدا كوژراون". ماڵپەڕی تەسنیم تەنها ئاماژەی بەوە داوە كە چوار ئەندامی باڵای سوپای پاسداران كە وەك راوێژكار ناوی بردوون كوژراون و ئاماژەی بە ناوی كەسەكان نەداوە میدیاكانی سووریا باسیان لەهێرشی ئیسرائیل بۆ ناوچەی مەززە كردوە. سەرچاوەكانی تری سووریا رایانگەیاندووە دەنگی تەقینەوە لە هەموو شوێنێكی دیمەشق بیستراوە. هاوكات كەناڵی حەدەسی سەر بە سعوودیە بڵاویكردەوە "فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل دوو مووشەكیان بەرەو ناوچەی مەززەوە ناوەو هۆیەوە پێنج كەس كوژراون. هەر لەم بارەوە رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا، كە گروپێكی نەیاری حكومەتی بەشار ئەسەدەو بنكەكەیان لە بەریتانیایە، سەرەتا باسی لە كوژرانی چوار كەس كرد بەهۆی ئەم هێرشانەوەو نووسیبوی بینایەك كە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانی و رێكخراوی جیهادی ئیسلامی فەلەستینەوە بەكار دەهێنرێت كراوەتە ئامانج. هاوكات كەناڵی تەلەفیزیۆنی سكای نیوزی عەرەبی باسی لەوەكرد (ئەكرەم ئەلعجوری) یەكێك لە ئەندامانی پلە باڵای جیهادی ئیسلامی فەلەستین لەم هێرشەدا كوژراوە. بەڵام ماڵپەری تەسنیم، سەر بە سوپای پاسداران لە زاری  ئیسماعیل ئەلسەنداوی نوێنەری جیهادی ئیسلامی فەلەستین لە سووریاوە نوسیویەتی"هیچكام لە ئەندامانی ئەم رێكخراوەیە بە هۆی هێرشەكانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق نەكوژراون". هەروها كەناڵی ئەلعەرەبیەی بڵاویكردوەتەوە "جیهادی ئیسلامی كوژرانی  زیاد نەخالە سكرتێری گشتی ئەم رێكخراوەیە بە درۆ دەخاتەوە". ئەوەشی خستوەتەڕوو "پێدەچێت ئەكرەم ئەلعەجوری، بەرپرسی بەشی سەربازی جیهادی ئیسلامی فەلەستین و بەرپرسی دابینكردنی چەك و چۆڵ بۆ سەرایای قودس، لقی سەربازی ئەم رێكخراوەیە، لەم هێرشەدا كوژرابێت". ئەكرەم ئەلعەجووری ناوی لە لیستی ئەمریكایی تیرۆریستە نێونەتەوەیەكاندایە. میدیا ئیسرائیلییەكان هەواڵی هێرش بۆ سەر دیمەشقیان بڵاوكردۆتەوە بەڵام هیچكام لە بەرپرسانی ئیسرائیلی باسیان لەوە نەكردووە ئیسرائیل دەستی بووە لەم هێرشانەدا. رۆژی 25ی كانونی یەكەمی 2023، ئیسرائیل بە مووشەك هێرشیكردە سەر خانوویەك لە گەڕەكی زەینەبییەو رەزی مووسەوی بەرپرسی پلە باڵای سوپای قودس لە ماڵەكەی خۆی لەگەڵ كچە هاوڕێكەیدا كوژران. رەزی مووسەوی بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ لە سووریە بووەو ئەركی پشتیوانی و لۆجستیكی هێزەكانی قودس بوو لە سووریا و لوبنان. بێنیامین نتانیاهۆ رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لەكۆنفرانسێكی میدیایدا لە تەلئەڤیڤ لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی هێرش بۆ سەر ئێران وتی"وڵاتەكەی راستەوخۆ هێرش دەكاتە سەر ئێران، بەڵام هیچ شتێكی زیاتری لەو بارەوە نەوت".

هاوڵاتی  راگەیاندنەكانی بەلووچ بڵاویانكردەوە لە شاری زاهیدان وەك هەینییەكانی پێشووتر خەڵك دوای نوێژ هاتوونەتە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان كردووە، چەند هەفتەبوو خۆپیشاندانەكان كەمڕەنگ ببوو، بەڵام ئەم هەفتەیە خەڵكی زاهیدان ناڕەزایەتیان دژ بە كێشەكانی نیوان ئێران و پاكستان و كوژرانی  17 هاولۆاتی بەلووچ لە هەردوو وڵات، خۆپیشاندانیان كردو دژی هەردوو وڵاتی ئێران و پاكستان دروشمیان وتەوە. بە پێی راپۆرتی كەمپەینی چالاكانی بەلووچ، هێزە سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە، وەك سەرجەم هەینییەكانی ساڵی رابردوو، لەدەوری مزگەوتی مەكی و شەقامەكانی نزیك ئەو مزگەوتە بەڵاوەیان كردبوو و خەڵیان دەپشكنی. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوونەتەوە، هاوڵاتیانی بەلووچ لە زاهیدان دوای نوێژی هەینی، بەناڕەزایەتی بە هێرشە موشەكییەكانی سوپای پاكستان و سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچە سنوورییەكانی بەلووچستان، دژی كۆماری ئیسلامی و پاكستان دروشمیان وتەوە. خۆپیشاندەران دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی"، " مەرگ بۆ پاكستان" و " سوپا داعشی ئێمە تۆی"یان دەوتەوەو مووشەكبارانی بەلووچستانیان لەلایەن دوو وڵاتەوە شەرمەزار كرد. شەوی سێ شەممە كۆماری ئسیلامی بەفڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و مووشەك هێرشی كردە سەر چەند شوێنێك لە پاكستان و رایگەیاند چەند بنكەیەكی جەیشی عەدلیان لە خاكی پاكستان لە ناو بردووە. لە راگەیاندنێكدا گرووپی جەیشی عەدل رایانگەیاند "بەهۆی هێرشەكانی سوپای پاسدارانەوە دوو منداڵ كوژراون". ئەمكارە بوو بەهۆی ئەوەی پاكستان باڵیۆزی خۆی لەتاران بكێشێتەوەو بە باڵیۆزی ئێران رابگەیەنێت بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆ پاكستان لە ئێستادا. بەرەبەیانی پێنج شەممە سوپای پاكستان وەك وەڵامدانەوە هێرشیكردە سەر چەند بنكەیەكی هێزە دژبەرەكانی خۆی لە ئێران لە سنووری بەلووچستان.  ماڵپەڕی (حال وەش) كە زانیارییەكانی سیستان و بەلووچستانی ئێران بڵاو ئەكاتەوە نووسیویەتی " زۆربەی كوژراوەكان ئەندامانی بنەماڵەی لایەنە سەربەخۆیخوازەكانی بەلووچ و دانیشتوانی گوندە سنوورییەكانن لە شاری سەراوان لانیكەم پێنج منداڵ و چوار ژن و پیاوێك كوژراون و ژن و پیاوێكیش بریندارن."

هاوڵاتی  وتەبێژی رێكخراوی یونسێف رایگەیاند لەدوای رووداوەكانی غەزەوە نزیكەیی 20 هەزار منداڵ لەغەزە لەدایكبوون و  نزیكەی 135 هەزار منداڵیش خوار تەمەن دوو ساڵانیش بەدەست خراپی خۆراكەوە دەناڵێنن. رێكخراوی منداڵانی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان (یونیسێف) رایگەیاند " لەدوای  رووداوەكانی 7ی تشرینی یەكەمی 2023ی غەزەوە تا ئێستا نزیكەی 20 هەزار منداڵ لە غەززەدا لەدایكبوون و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێكاری پێویست بۆ رزگاركردنی ئەو منداڵە ساوایانە بگرێتەبەر". لەدوای سەردانی بۆ كەرتی غەززە تێس ئەنگرام، وتەبێژی رێكخراوەكە وتی "بەشێك لە دایكان لەدۆخێكی زۆر خراپدان، جگە لەوەی لەهەشت هەفتەی رابردوودا پەرستارەكان بۆ رزگاركردنی منداڵە ساواكان  نەشتەرگەری منداڵبونیان بۆ شەش ژنی دووگیان ئەنجامداوە كە گیانیان لەدەستدابوو، بەڵام تا منداڵەكانیان زیندو بوون". پێشتریش وتەبێژەی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەكرد بوو دۆخی ئێستای غەززە مەترسیدارترین شوێنە بۆ دایكان و ئەو منداڵانەی لەدایك دەبن، جگە لەوەی نزیكەی 135 هەزار منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵان بەدەست خراپی خۆراكەوە دەناڵێنن. بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، بەهۆی هێرشەكانی سوپای ئیسرائیلەوە لەكەرتی غەززە، تا ئێستا 24 هەزار و 762 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 61 هەزار كەسی دیكە برینداربوون.

هاوڵاتی وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند  بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆمسیۆن پشت بەتۆماری دەنگدەرانی عیراق دەبەستێت، لەبەرئەوەی تۆمارەكەپاكراوەتەوە لەدەنگی مردو و زیادە. جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە میدیای فەرمی یەكێتی وتوە" كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە پێی یاسای هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕ‌ێوەدەبات، هاوكات كۆمسیۆن كۆمەڵێك ڕ‌ێنمایی و بڕ‌یار دەردەكات، لەگەڵ ئەو تۆمارو ئامێرانەی لەبەردەستدا هەیە، گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف دەدات". وتەبێژی كۆمسیۆن ئەوەشی خستوەتەڕوو " كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشت بەتۆماری دەنگدەرانی عیراق دەبەستێت، چونكە پێیوایە تۆمارەكەپاكراوەتەوە لەدەنگی مردو و زیادەو هەروەها لەدایكبوانی ساڵی 2006یش كە بۆ ئەمساڵ مافی دەنگدانیان هەیە زیاد كراون". " كۆمسیۆن مافی خۆیەتی رێكارە پێویستەكان بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە پاك و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، هەروەها هەژماركردنی دەنگەكان بە هەردوو سیستمی ئەلكترۆنی و دەستی دەبێت، وەك چۆن لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا پەیڕ‌ەو كرا"جومانە غەلای وا دەڵێت.

هاوڵاتی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كار دەكەن لەسەر خەرجكردنی پارەكانیان هۆكاری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمە. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆڕبەندی داڤۆسی  سویسرا لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی لەبارەی دەستپێكردنەوە بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم رایگەیاند "ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، لەسەر خەرجكردنی پارەكانیان، هۆكاری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە نزیكەی 10 مانگە راگیراوە".   سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو "كۆمپانیاكانی نەوت، پرسێكیان هەیە لەگەڵ خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوتەكە، گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوینەتە رێككەوتنێكی فەرمی". سودانی باسی لەوەشكردوە "لە مانگی رابردووەوە لەنێو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی هەڵسەنگاندنێكن بۆ گۆڕانكاری لە بودجەی عێراق، تاوەكو لە رێگەی گۆڕانكارییەكانەوە بتوانن پارەی كۆمپانیا بیانییەكان بدەن".   رۆژی 25ی ئاداری 2023، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕیارێكی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا.    

هاوڵاتی دادگایەکى بابل سزاى لەسێدارەدانى بۆ ئەو ژنە دەرکرد کە کچێکى نۆ ساڵانى لەو پارێزگایە رفاند و لەدواى کوشتنى پارچە پارچەى کرد  ئەو کچە ناوى ریتاج بو، لە مانگی ئەیلولی 2023دا لەلایەن ئەو ژنەوە لە ناحیەى ئەسکەندەریەى باکوورى پارێزگای بابل رفێندرا و دواى ماوەیەک بە کوژراوى دۆزرایەوە کە جەستەیشی پارچە پارچە کرابو، وە هەروەها سوتێندرابوو. بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئەو ژنە لە کاتى لێکۆڵینەوەدا دانى بەوەدا ناوە کە کچەکەی کوشتووە، پارچە پارچەى کردووە و سووتاندویەتى تاوەکو تاوانەکەى بشارێتەوە.  تاوانبارەکە دراوسێى ماڵى ریتاج بووە، بەگوێرەى مادەى 406ـی یاسای سزادانى عێراقى سزاى لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە کە تایبەتە بە کوشتى ئەنقەست.     

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٨-١-٢٠٢٤ لەگەڵ ئەوەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران پشتڕاست کردەوە رایگەیاند، هێرشمان کردۆتە سەر حاشارگەی تیرۆریستەکان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران. دوای ئەوەی ئێران شەوی سێ شەممە هێرشی کردە سەر پاکستان بە بیانووی لێدانی بنکەکانی جەیش العدل، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند مافی وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی ئێران بۆ خۆیان بە ڕەوا ئەزانن، لە هەمانکاتدا رێز لە سەروەری خاکی ئێران ئەگرن. هاوکات رۆژی پێنج شەممە روەیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی پاکستانییەوە نووسی، ئەو وڵاتە بە هێزەوە وڵامی هەرچەشنە هێرشێکی ئێران ئەداتەوە. ئەم بەرپرسە ئەمنیەی پاکستان رایگەیاندووە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان. وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بەرە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممەش رایگەیاند هێرشەکان زۆر ورد و بە پێی زانیاری لە چالاکی تیرۆریستەکان ئەنجام دراون. وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیاندنەکەی خۆیدا باسی لەوە کرد ژمارەیەک کەس کە ئەو وڵاتە بە تیرۆریست ناویان دەبا کوژراون. لەم راگەیاندنەدا ئاماژە بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی جەیش العدل نەدراوە، تەنها نووسراوە " مەبەست لەم هێرشەی ئەمڕۆ دابینکردنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی پاکستانە کە لە گرینگترین پرسە بۆ ئەو وڵاتە و ناکرێت بخرێتە مەترسییەوە". لە کاتێکدا پاکستان باس لە کوژرانی چەند تیرۆریست ئەکات لە خاکی ئێران، بە پێی زانیاری سەرچاوە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم هێرشەدا ٢ پیاو و ٣ ژن و ٤ مناڵ کوژراون و کوژراوەکان ئێرانی نین. ماڵپەڕی (حال وەش٩ کە زانیارییەکانی سیستان و بەلووچستانی ئێران بڵاو ئەکاتەوە نووسیویەتی :" زۆربەی کوژراوەکان ئەندامانی بنەماڵەی لایەنە سەربەخۆیخوازەکانی بەلووچ و دانیشتوانی گوندە سنوورییەکانن لە شاری سەراوان لانیکەم ٥ منداڵ و ٤ ژن و پیاوێک کوژراون و ژن و پیاوێکیش بریندارن. وتەبێژی گرووپی سەربەخۆییخوازی بەلووچ کە بە ( BLF) دەناسرێن،  کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی خۆی بە هۆی هێرشەکانی پاکستانەوە پشتڕاست کردۆتەوەو هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی کردووە. مێجەر گەهرام بەلووچ لەم راگەیاندنەدا وتوویەتی :" ئێستە بەرەی رزگاریخوازی بەلووچ(BLF)  بێدەنگ نابێت و تۆڵەی ئەم هێرشە ئەکاتەوە، لە ئێستاوە جەنگ دژی پاکستان رادەگەیەنین. هاوکات ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران نووسیویەتی: ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکانی بەرەبەیانی ٥ شەممەی پاکستان بۆ چەند گوندێکی سەر سنووری ئیدانە کردووەو داوایان لە بەرپرسانی پاکستان کردووە بە زووترین کات وەڵامدەرەوە بن لە هۆکارەکانی ئەم هێرشانە. عەلیڕەزا مەرحەمەتی، جێگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، کاتژمێر ٤:٣٠ بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە دەنگی چەند تەقینەوەی گەورە نزیک شاری سەراوان بیستراوەو دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت پاکستان بە مووشەک هێرشی کردۆتە سەر گوندە سنوورییەکانی ئێران. پێشتر بەرپرسێکی باڵای پاکستان بە روەیتەرزی راگەیاندبوو هێرشێ ئاسمانیان کردۆتە سەر چەند شوێنێک لە ئێران. شەوی سێ شەممە کۆماری ئسیلامی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک هێرشی کردە سەر چەند شوێنێک لە پاکستان و رایگەیاند چەند بنکەیەکی جەیش العدلیان لە خاکی پاکستان لە ناو بردووە. لە راگەیاندنێکدا گرووپی جەیش العدل رایانگەیاند بە هۆی هێرشەکانی سوپای پاسدارانەوە ٢ مناڵ کوژراون. ئەم کارە بوو بە هۆی ئەوەی پاکستان باڵیۆزی خۆی لەتاران بکێشێتەوەو بە باڵیۆزی ئێران رابگەیەنێت بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆ پاکستان لە ئێستادا. جەلیل عەباس جەیلانی ، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی کاتی پاکستان رۆژی چوارشەممە ١٧-١-٢٠٢٤ لە وتووێژی تەلەفۆنی لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پاکستان بە مافی خۆی ئەزانێت وەڵامی هێرشەکانی ئێران بداتەوە.