هاولاتی وەزارەتی تەندروستی عێراق دواین ئاماری توشبووانی شێرپەنجەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شێرپەنجەی سییەکان و مەمک و بۆرییەکانی ھەوا بەربڵاوترینییانە.   خزەیر رواق ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، بە پێی دواین ئاماری توشبووانی شێرپەنجە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ تۆمارکراوە، ٣١ ھەزار کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و  شێرپەنجەی مەمک لەنێو ژنان و بۆرییەکانی ھەوا لە نێو پیاواندا باوترین جۆری نەخۆشییەکەیە. رونیشیکردەوە، راپۆرتی ساڵی ٢٠٢١ ئامادەکراوە و  پێشبینی دەکرێت ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە  بگاتە نزیکەی ٣٧ ھەزار کەس . ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی شێرپەنجە راشیگەیاند، وەزارەتی تەندروستی ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ  دابینکردنی دەرمان و چارەسەری بێبەرامبەر بۆ توشبووانی شێرپەنجە، بەتایبەت ھەندێک دەرمانی تایبەت بە بەرگری کە لە نەخۆشخانەکاندا کەمبووەتەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی ئەو بارانە بەلێزمەیەی لە شەودا باریوە ئاستی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات، بەرز بوونەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتەکە، حاتەم حەمید لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق "INA" رایگەیاند "رێژەی باران بارینەکە بەگوێرەی شارەکان گۆڕاوە. بەهۆی چەندین کاتژمێر بارانەوە ئاستی ئاوی دیجلە و فورات، بەرز بوونەتەوە". حەمید، باسی لەوەش کرد کە ئەو ئاوەی لە شەقامەکاندا کۆبووەتەوە چووەتە ناو رووبارەکان، ئاماژەی بەوەشدا کە بەشێک لە ناوچەکانیش رووبەڕووی ئەو لافاوە بوونەتەوە کە لە ئێرانەوە هاتووە. سەرۆکی شارەوانی بەغدا، عەمار موسا ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی بارانی بەلێزمەوە ئاو لە شەقام و کۆڵانەکانی بەغدا کۆبووەتەوە و تواناکانی شارەوانی بۆ رێگری کردن لە بارانە بەلێزمەکە وەک پێویست نەبوون.

هاوڵاتی دەیان چیرۆكی سەرنجڕاكێش لەژیانی ئەو گەنج و لاوانەی كەژیانیان لەپێناو ناڕەزایەتیی لەدەسەڵاتی ئێران لەدەستداوە هەیە كۆمارو مەهساو غەزالە لەو سەدان كەسەن كە ناویان چووەتە تۆماری پاڵەوانەكانی ناڕەزایەتییەكان. كۆمار دەرئۆفتادە لە (30/10/2022) لەناڕەزایەتییەكانی شاری پیرانشار لەرۆژهەڵاتی كوردستان بەتەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژرا. كۆمار كە لاوێكی تەمەن 16 ساڵ بوو بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەكان لەمەودای سێ مەترییەوە تەقەیان لێكردبوو بڕێكی زۆر ساچمە بەر لەشی كەوت و دوای رۆژێك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. كۆمار تەنها 12 كاتژمێر پێش ئەوەی بپێكرێ لەپۆستێكدا لەئینیستاگرام بەزمانی كوردی دەنووسێت: ئێمەی خەڵكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەندێكمان لەجەنگ دەكوژرێین، هەندێكمان لەبەندیخانە، هەندێكمان لەشەقام دەمرین، هەندێكمان لەدەریا نوقم دەبین، تەنانەت كەژو چیا سەربەرزەكانیش تۆڵەی تەنیاییان لەئێمە دەكەنەوە، چونكە ئێمە كارمان مردنە. كۆمار لەپۆستێكی دیكەدا نووسیویەتی: لەهەر شتێك زۆرتر، ئازادیتان خۆشبووێت، پۆست و پەیامەكانی كۆماری ئاماژەیەكی روونن بۆ تێڕوانینی ئازادیخوازانەی ئەو لاوەی رۆژهەڵاتی كوردستان تەنانەت باوكی لەكاتی بەخاكسپاردنەكەیدا وتی: ئەگەرچی جەرگ سوتان ئاسان نییە، بەڵام مایەی شانازییە كە كۆمار لەپێناو ئازادی و نیشتیمان گیانی لەدەستداوە. یەكێكی دیكە لەو كەسانەی كەهەر لەناڕەزایەتییەكان گیانی لەدەستدا كچێكی یاریزان و پاڵەوانی تایكواندۆ بەناوی مەهسا مەوگویی بوو كە تەمەنی 19 ساڵ بوو. ئەو كچە وەرزشكارە خاوەنی زایاتر لە 100 میدالیاو خەڵاتی وەرزشی بوو، بەڵام رۆژی (22/9/2022) تەنها شەش رۆژ دوای مەرگی ژینا ئەمینی لەناڕەزایەتییەكانی فولادشەهر لەپارێزگای ئەسفەهان بەچەكی تاپڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژرا. باوكی مەهسا رایگەیاند؛ كچەكەی من كەخاوەنی پشتێنی رەشی تایكواندۆو پەڵەوانێكی وەرزشی بوو بەم شێوەیە كوژرا، بۆیە نابێت لەئاست كوشتنی گەنجان و كچاندا بێدەنگ بین. رێوڕەسمی چلەی مەهسا مەوگویی یەكێك لەجەماوەریترین چلەی كوژراوانی ئێران بوو كەزیاترین خەڵكی شارەكەو دانیشتوانی شاری ئەسفەهان بەشدارییان تێدا كردو لەسەر گۆڕەكەشی بەڵێندرا بەتۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئەو كچە پاڵەوانە. یەكێكی دیكە لەو كەسانەی كە بەپاڵەوانی خۆپیشاندانەكان ناودەهێنرێت غەزالە چەلابی تەمەن (33) بوو كە بەكامێرای مۆبایلەكەی دوایین چركەساتەكانی ژیانی خۆی تا پێش تەقەلێكردن و كوشتنی تۆمار كردووە. بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەی كە غەزالە تەنها چەند چركەساتێك پێش مەرگی تۆماری كردووە، داوا لەخۆپیشاندەران دەكات نەترسن، چونكە ئەوان پێكەوەن، ئەو لەباڵای كچێكی ئازا، هانی خۆپیشاندەران دەدات لەپێناو ئازادی و داوجار بەتەقەی راستەوخۆ هێزە ئەمنییەكانی شاری ئامۆل لەپارێزگای مازندەران لەباكوری ئێران گیانی لەدەستدا. ئەوەی مایەی سەرنجە لەژیانی ئەو كچەدا ئەوەیە دوای ئەوەی گوللـە بەر سەری دەكەوێت و هیچ هیوایەك بۆ زیندوبونی بەدی ناكرێت، لەسەر وەسیەت و راسپەردەیەك كە پێشتر بەكەسوكاری راگەیاندووە؛ ئەندامانی جەستەی ئەو كچە شاخەوان و وەرزشكارە دەبەخشرێتە هەشت نەخۆش. بەخشینی ئەندامانی جەستەی غەزالە ژیانی بۆ زۆر كەس گەڕاندەووەو رەنگە ئەوەش ناوی ئەو وەك پاڵەوانێكی ئازادی و بەخشندەیی بۆ ساڵانێكی زۆر بەزیندویی بهێڵێتەوە.  

هاوڵاتی ناوەندێکی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد هەناردەى نەوتی ئێران زیادی کردوە و سەرەڕای ئەوەش نزیکەی 100 ملیۆن بەرمیلی لە کۆگاکاندا راگرتوە و کڕیاری نییە. ناوەندنی نێودەوڵەتیی ڤۆرتسکا بۆ بازاڕی نەوت، بڵاوی کردەوە؛ مانگی رابردو هەناردەی نەوتی ئێران زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل بوە لە کاتێکدا پێشتر تەنها 850 هەزار بەرمیل نەوتی لە بازاڕەکاندا بۆ ساخ بوەتەوە. ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردوە ئێران بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر بفرۆشێت نرخی نەوتەکەی بەراورد بە بازاڕەکانی جیهان و تەنانەت نەوتی روسیا دابەزاندوە. بە پێی ئامارەکانی ناوەندنی ڤۆرتسکا، ئێران لە ئێستادا 98 ملیۆن بەرمیلی لە کۆگانی وڵاتەکەیدا هەیە کە ناتوانێت لە بازاڕەکانی جیهاندا بیفرۆشێت و ئەو نەوتەی کڕیاری نییە. پێشتر بەرپرسانی ئێران بە نێوەندگیریی قەتەر بڕیاربو لە چوارچێوەی گەڕانەوە و چالاکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، ئێران لە شەش مانگدا 100 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بفرۆشێت بەڵام ئەمریکا ئەو داواکارییەی رەت کردەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشکرایکرد پێشنیازێکیان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ زیادکردنی ماددەکانی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان. محه‌مه‌د حه‌نون وته‌بێژی وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق ڕایگه‌یاند كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراك توێژینه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزده‌كاته‌وه‌ كه‌ تیایدا داوا كراوه‌ دوو ماده‌ی خۆراكیی نوێ بۆ به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌ی هاوڵاتیان زیاد بكرێت. وتیشی ،به‌پێی ڕوپێوییه‌كی وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق، ئاماده‌كارییه‌كانی ساڵی ڕابردوو زۆر باش بوون و بۆ ئه‌مساڵیش به‌پێی له‌به‌رچاوگرتنی خواستی عێراقییه‌كان داوا كراوه‌ ماده‌ی شیر بۆ گه‌وره‌ و ئاردی سفر بۆ به‌شه‌خۆراكی هاووڵاتیان زیاد بكرێت و شه‌كریش له‌ كیلۆیه‌كه‌وه‌ بكرێت به‌ كیلۆیه‌ك و 500 گرام بۆ هه‌ر كه‌سێك. ئەوەشی ڕونکردەوە،زیادکردنی ئەو ماددانە پێویستیان بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران هەیە وئامانجیان لەم پێشنیارە پاڵپشتی خەڵکی کەمدەرامەتە.

هاوڵاتی نزیكەی 60 رۆژە ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامەو بەپێی دوایین ئامار نزیكەی 320 كەس لەو ناڕەزایەتییانەدا كوژراون و بەبڕوای چاودێران ژنان رۆڵی گەورەیان لەدرێژەكێشانی ئەو ناڕەزایەتییانە هەبووە كە دەسەڵاتی لەرزۆك كردووە. ئەگەرچی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەزموونی زۆری لەسەركوتی ناڕەزایەتییەكانی وڵاتەكەیدا هەبووەو لە رابردووشداو لەخراپترین دۆخدا نزیكەی هەشت ساڵ لەگەڵ رژێمی سەدام حسێن لەجەنگدا بووە، بەڵام ئەوەی لەئێستای ئەو دەسەڵاتەدا بەدیدەكرێت گەورەترین پەشۆكاویی و ئاڵۆزییە كە بەرۆكی دەسەڵات و سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەو كۆمارەی گرتووە. خۆپیشاندانەكان دژی دەسەڵاتی ئێران بە دوورودرێژترین ماوەی ناڕەزایەتیی دژی ئەو دەسەڵاتە ئەژماردەكرێت لە 43 ساڵی رابردوودا بۆیە دەوترێت ئەو ناڕەزایەتییانە زیاتر لەهەمیشەی دەسەڵاتی تارانی لەزۆرك كردووە. بەرفراوانبوون و درێژەكێشانی ناڕەزایەتییەكان وای لەتوندڕەوەكانی باڵی محافزكاری كۆماری ئیسلامی ئێران كرد كەداوای دەستلەكاركێشانەوەی عەلی شەمخانی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەن و تەنانەت تۆمەتی ئەوە خرایە پاڵ شەمخانی كە ئەو تەنها جێی متمانەی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی وڵاتەكە بووە. بابەك نیگەهداری، بەڕێوەبەری ناوەندی تووێژینەوەی ئابوریی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە؛ 11 ساڵە ئابوریی ئێران لەپاشەكشێدایەو لەساڵی نوێشدا هیچ ئاسۆیەك بۆ باشتربوونی ئابوریی وڵاتەكە بەدیناكرێت. لەلایەكی دیكەوە دەسەڵاتداران رایانگەیاندوە بەدەر لەوەی بەزیانی زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار ئامێرو ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی گشتی سووتێنراوە، بەڵام زیانی گەورە بەر كەتی سەرمایەی بیانیی لەوڵاتەكەدا كەوتووە چونكە سەرمایەدارانی بیانی ترسیان لەسەرمایەكانیان لەناوخۆی ئێران بۆ دروست بووەو تەنانەت سەرمایەدارانی ناوخۆش پارەكانیان دەبەنە دەرەوە. رۆژنامەی (ئیعتماد) بڵاویكردووەتەوە هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لەیەك ساڵدا بە رێژەی (100%) زیادی كردووە و ئێران بۆ بەرزكردنەوەی بەهای تمەن ناچارە لەهەر چركەیەكدا 45 ملیۆن تمەن دراو چاپ بكات و پێشبینی دەكرێت بەدابەزینی زیاتری بەهای تەمەن چاپكردنی ئەو دراوەش زیاتر بكات، چونكە زۆربەی سەرچاوەكانی داهاتی ئەو وڵاتە كەمیان كردووە. بانكی ناوەندیی ئێران رایگەیاندووە كە پارەی چاپكراوی وڵاتەكەی لەئێستادا پێنج ترلیۆن و 401 ملیار تمەنە.   ژنان پێشەنگی ئازادی و ئازایەتی ژنان كەپێشەنگی ناڕەزایەتییەكان بوون لەپێناو ئازادیدا لەئێستادا رۆڵیان وەك دایك و خوشكیش ئازایەنەیە چونكە زۆربەی ئەوانەی لەباڵای دایكی كوژراوەكان دەردەكەون تەنها شین و رۆڕۆ بۆ رۆڵەكانیان ناگێڕن بەڵكو دەیان تۆماری ئەو دایكانە دەبینرێت و بڵاوكراوەتەوە كە هانی گەنجان دەدەن بۆ بەردەوامبوون لەسەر رێبازی رۆڵە كوژراوەكانیان، بۆیە لەدوای رێوڕەسمی بەخاكسپاردن یان چلەی مەرگی هەر كوژراوێك سەرهەڵدانەكان بەهێزتر دەبنەوە. بەبڕوای كۆمەڵناسانی ئێران ناڕەزایەتییەكانی مەرگی ژینا ئەمینی لەسەرەتادا بۆ ئازادییە كۆمەڵایەتیەكان بوون، بەڵام بەهۆی مامەڵەی خراپی دەسەڵات و بەكارهێنانی توندوتیژیی، شێوازو داواكاریی خۆپیشاندەران گۆڕاوە بۆ داواكاریی سیاسی و نەمانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران و هەر لەو چوارچێوەیەشدا لەزۆربەی دروشمی ناڕەزایەتییەكان كەسی یەكەمی كۆماری ئسیلامی و دەسەڵات كە عەلی خامنەیی-ە دەكرێتە ئامانج. ئەوەی روونە لەخۆپیشاندانەكانی  رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران 25 كچ و ژن كوژراون كەهەشت كەسیان كورد بوون.   زانكۆكان كۆڵەكەی ناڕەزایەتییەكان زانكۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لەیەكەم رۆژی ناڕەزایەتییەكانەوە بەردەوامبوون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی و ئەوەش وایكرد هێزە ئەمنییەكان هێرش بكەنەسەر ژمارەیەك زانكۆ بەتایبەت لەتاران و سنە. بەگشتی  لە 135 زانكۆی گەورەی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان رۆژانە ناڕەزایەتیی بەڕێوەدەچێت و پڕۆسەی خوێندن لەزۆربەی زانكۆكان هەڵپەسێردراوەو تەنانەت سەرۆكایەتیی زانكۆكانی ئێران بڕیاری داوە چیتر نابێت خوێندكارانی زانكۆ دەمامك بەكاربهێنن.   بۆرسەی تاران بەرەو داڕمان دەڕوات بۆرسەی تاران بەرەو داڕمان دەڕوات و لە 10 رۆژدا زیاتر لەیەك ملیار دۆلاری سەرمایەكەی لەدەستداوە. میدیاكانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە لەماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، رۆژانە زیاتر لە 100 ملیار تمەن لەبۆرسەی تاران كشێنراوتەوە و تەنها لە رۆژی شەممە (29/10/2022) 900 ملیار كەدەكاتە نزیكەی 27 ملیۆن دۆلار لەو بۆرسەیە كشێنراوەتەوە. پێگەی ئێكۆ ئێران ئاشكرایكردووە رۆژی یەكشەممە نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لە بۆرسەی تاران كشێنراوەتەوە. بەگشتی تەنها لە 10 رۆژدا سێ ترلیۆن و 650 ملیۆن تمەن كە دەكاتە زیاتر لە یەك ملیارو 20 ملیۆن دۆلار لەبۆرسەی تاران كشێنراوەتەوەو پێشبینی دەكرێت ئەگەر ئەو كشانەوەی سەرمایەیە بەو شێوەیە لەبۆرسەی تاران بەردەوام بێت ئەوە لەماوەیەكی كوردتدا تووشی داڕمانی ئابوریی دەبێت. دۆلار نرخی پێوانەیی هەڵاوسان نرخی دۆلار لەبازاڕەكانی ئێران بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و پێشبینی دەكرێت نرخی هەر دۆلارێك بگاتە 40 هەزار تمەن و دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەش دەستوەردانی بەپەلەی كرد. لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوەوە نرخی دۆلار لەئێران بەبەردەوامیی بەرزدەبێتەوەو لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی دراوی ئەو وڵاتە لە رۆژی شەممەدا هەر دۆلارێك بەزیاتر لە 36 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەكرا. لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بەهای زێڕیش بە رێژەی 4% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و میدیاكانی سەر بەدەسەڵاتیش لەئێران رایانگەیاند بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەهۆی نەفرۆشتنی ئەو دراوە بووە لەلایەن نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەوڵاتەكەدا. لەگەڵ دەستپێكردنی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران نرخی دۆلار لە 50 رۆژی رابردوودا بەرامبەر تمەن ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردووە . پێگەی (تیجارەت نیوز) بڵاویكردووەتەوە رۆژی شەممە (5/11/2022) لەكاتژمێر (4:00)ی ئێوارە بەكاتی تاران نرخی رەسمی هەر دۆلارێك لەئێران 29 هەزار تمەن بووە، بەڵام لە بازاڕەكاندا بە 36 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەكراوە. هاوكات راگەیاندنی سەر بەوەزارەتی هەواڵگریی ئێران ناسراو بە (ئیتلاعات) لەبەیاننامەیەكدا ئێوارەی ئەو رۆژە رایگەیاند؛ چەند تۆڕێكی كڕین و فڕۆشی دۆلارو دراوی دەستگیر كردووە كە بەشێوەی وەهمی مامەڵەیان بەدۆلارەوە كردووە. ئیتلاعات ئاشكراشی كرد دەستی بەسەر دوو هەزارو (300) ئەژماری بانكیدا گرتووە كە یارییان بەنرخی دۆلار لەبازاڕەكانی ئێران كردووە.   ئەمریكا كەرتی نەوتی ئێران دەكاتەوە ئامانج واشنتۆن لەدوای خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و  ئێران شەش بەرپرس و 17 كۆمپانیاو 11 كەشتی نەوتهەڵگری سزادا كەزۆرینەیان سەرقاڵی ساغكردنەوەی نەوتی ئێران بوون لەبازاڕەكانی جیهاندا. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند: ئەو شەش بەرپرس و بازرگانانەی كەهەڵگری رەگەزنامەی سویسراو لوبنان و فەرەنسا بوون لەبازاڕی رەشدا نەوتیان بۆ ئێران فرۆشتوەو 11 كەشتیش بە ئاڵای پەناما، جیبۆتی، لیبری و چەند وڵاتێكی دیكە نەوتی ئێرانیان گواستوەتەوەو 17 كۆمپانیاش لەئیمارات، سویسراو جەزائیرو سەنكافورەو توركیا دەستیان هەبووە لە ساغكردنەوەی نەوتی ئەو وڵاتە لەبازاڕەكانی جیهاندا. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا روونیكردووەتەوە سەرجەم ئەو بازرگان و كەشتی و كۆمپانیایانە لەچوارچێوەی تۆڕێكدا ساختەكارییەكان بۆ ساغكردنەوەی نەوتی ئێران لەبازاڕە نێودەوڵەتییەكاندا كردووە. روسیا مشت لەوزەی ئێران خۆشدەكات كۆنستانتین سیمۆنۆڤ، بەڕێوەبەری سندوقی ئاسایشی نیشتیمانی روسیا بۆ وزە لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیی وڵاتەكەی ئاشكرایكرد؛ فشارەكانی رۆژئاواو بەتایبەت ئەمریكا دژی تاران لەبەرژەوەندیی مۆسكۆ دەشكێتەوەو چونكە ئەوە وادەكات روسیا لەبواری نەوت و غاز لەئێران لانیكەم 40 ملیار دۆلار قازانج بكات. ئەگەرچی لێدوانی ئەو بەرپرسەی مۆسكۆ ناڕەزایەتیی تارانی لێكەوتەوە، بەڵام روسیا هیچ روونكردنەوەیەكی بڵاو نەكردەوە. ئەو بەرپرسەی روسیا رایگەیاندووە پەیوەندییەكانی تاران و مۆسكۆ لەسەردەمی سۆڤیەت و دوای سۆڤیەتیش هەر ئاڵۆز بووە، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران دوای سزا زۆرەكانی ئەمریكاو ئەوروپا بەتایبەت بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی وڵاتەكە رێبازێكی نوێی سیاسەتی لەگەڵ روسیا گرتووەتەبەر كەئەوەش مایەی خۆشحاڵییە. بەڕێوەبەری سندوقی ئاسایشی نیشتیمانیی روسیا بۆ وزە جەختی لەوە كردووەتەوە كە وڵاتەكەی پلانی درێژ مەوداوی بۆ كەرتی نەوت و غازی ئێران هەیە كە لانیكەم قازنجەكەی بۆ مۆسكۆ دەگاتە 40 ملیار دۆلار. لێدوانی ئەو بەرپرسەی روسیا لەكاتێكدایە لەدوای ساڵی 2018و لەگەڵ توندبوونی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی نەوت و غازی ئێران بەوتەی بەرپرسانی تاران ساڵانە زیاتر (100) ملیار دۆلار لەداهاتی فرۆشی نەوت و غازو  بەرهەمە پتڕۆكیماییەكانی وڵاتەكە نەماوە.  

هاوڵاتی به‌هۆی كه‌می ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ په‌تای كۆلێرا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوخۆییش به‌ به‌كارهێنانی حه‌بی كلۆر و پێكوته‌ هه‌وڵی ڕێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ ده‌ده‌ن. زه‌هیر ئه‌لسه‌هوی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشیه‌ گواستراوه‌ و درێژخایه‌نه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سوریا له‌ ڕاگه‌یاندنێكدا ڕونیکردەوە، ڕۆژانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتیان ڕۆژانه‌ به‌هۆی سكچونه‌وه‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كه‌ن به‌ڵام پاش پشكنین ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌یان نییه‌. هه‌روه‌ها وتی، تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی 46 كه‌س به‌هۆی دواكه‌وتن له‌سه‌ردانی پزیشك و ڕاوێژی پزیشكیه‌وه‌ گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌، ژماره‌ی توشبووان تاوه‌كو ئه‌م ساته‌ له‌ هه‌موو پارێزگاكاندا گه‌یشتووه‌ته‌ 1249 كه‌س . لە هەمان کاتدا بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکە، داوای پێكوته‌ی له‌ ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی كرد.

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌رگریی شارستانیی به‌غدا ئاشكرایكرد كه‌ هۆكاری ئه‌و ئاگره‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ ته‌لارێكی ناوچه‌ی وه‌زیره‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌و شاره‌ كه‌وته‌وه‌، باركردنی زیاد له‌پێویست بووه‌ له‌ یه‌كێك له‌ به‌رزكه‌ره‌وه‌كاندا. ئه‌مڕۆ هه‌ینی 11ی تشرینی دووه‌می 2022، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌رگریی شارستانیی به‌غدا ئاشكرایكرد كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌یانخستوه‌ ئاگره‌كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ به‌رزكه‌ره‌وه‌كاندا روویداوه‌و هۆكاره‌كه‌ش دانانی باری زیاد له‌ رێژه‌ی دیاریكراو بووه‌ تیایدا. رونیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ پریشكی ئاگر داویه‌تی له‌و بۆ نانه‌ی كه‌ له‌ به‌رزكه‌ره‌وه‌كه‌دا بوون كه‌ ئه‌وانیش غازیان تێدایه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ئاگر و كاره‌ساته‌كه‌ دروست بووه‌. رۆژی 6ى تشرینى دووەمى 2022، باڵەخانەیەکى سێ نهۆمى لە ناوچەى وەزیرییەى بەغدا گڕى گرت و لەکاتى کوژاندنەوەیدا دوو نهۆمى داڕما و بەهۆیەوە 32 کەس بریندار بوون، کە زۆرینەیان کارمەندى بەرگریى شارستانى بوون.

هاوڵاتی هەرچەندە وابڕیاربوو لەدانیشتنی رۆژی یەكشەممەی سەرەتای ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ بكات، بەڵام پرۆژە یاسای (خزمەتی ئاڵا) كە بەسەربازیی زۆرەملێ ناسراوە خوێندنەوەی بۆ نەكراو دواخرا. ئەم پرۆژە یاسایە كە لەساڵی ٢٠٢١و لەسەردەمی كابینەكەی مستەفا كازمی ئامادەكراوەو لە ٦٦ ماددەو ٨٨ لاپەڕە پێكدێت، لەنێوان لایەنگران و ئەوانەی دژی وەستاونەتەوە مشتومڕێكی زۆری دروستكردووەو تەنانەت ناكۆكی و مشتومڕەكانیشی گەیشتووەتە شەقامی عێراق و هاووڵاتیانی لەنێوان دوو بەرەدا دابەشكردووە كەبەشێكیان بۆ دۆخی ئێستای عێراق و ئەو ململانێ مەزهەبی و بێكارییەی گەنجان لەئارادایە بەباشی دەزانن و بەشێكی دیكەشیان بەگەڕانەوەی سیماكانی دەسەڵاتە سەركوتكارەكانی پێشووی عێراق وەسفی دەكەن. بەپێی پرۆژەیاساكە خزمەتی سەربازی بۆ هەر گەنجێك كە تەمەنی لەنێوان ١٨ ساڵی بۆ ٣٥ ساڵی دەبێت و ماوەكەی لەنێوان 18 مانگ تاوەكو سێ مانگ دەبێت، لەدوای پەسندكردنی پرۆژەیاساكە كە لەدوای دوو ساڵ جێبەجێدەكرێت.  بەگوێرەی ئەو زانیارییانەشی كەبڵاوكراونەتەوە ئەگەر بێت و ئەم یاسایە جێبەجێبكرێت ئەوا ١٤ تەمەن دەگرێتەوەو نزیكەی دوو ملیۆن كەس دەچنە خزمەتی سەربازی. هەر بەگوێرەی یاساكە خزمەتی سەربازی زۆرەملێ بەمجۆرەیە: بۆ ئەوانەی بڕوانامەیان نییە 18 مانگ دەبێت، بۆ ئەوانەی ئامادەییان تەواوكردووە 12 مانگ، دەرچوانی كۆلێژو پەیمانگا نۆ مانگ، هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر شەش مانگ، هەڵگرانی بڕوانامەی دكتۆرا، سێ مانگ دەبێت. دەربارەی موچەی سەربازەكانیش بەگوێرەی پرۆژەیاساكە لەنێوان 600 بۆ 700 هەزار دینارە، لەبارەی ئەوەی ئەگەر كەسێك نەچێتە خزمەتی سەربازی، ئەوا بەبڕی 250 هەزار دینار تاوەكو پێنج ملیۆن دینار وەكو سزای پێبژاردن سزا دەدرێت، یاخود بەسزای ساڵێك تا سێ ساڵ زیندانی دەكرێت. هەر بەپێی پرۆژە یاساكە ئەوەی كەكێشەی تەندروستی هەیەو ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە سێ ساڵ لەسەر یەك نەیتوانی سەربازی بكات دەبەخشرێن، هاوكات تاقانەكانیش دەبەخشرێن. هەر بەپێی یاساكە هەر پیاوێكی عێراقی كە ١٩ ساڵی تەواوكردبێت و هێشتا نەگەیشتبێتە ٤٥ ساڵی ناتوانێت سەفەری دەرەوە بكات جگە لەوانەی بۆ خوێندن گەشت دەكەن ئەگەر بێت و خزمەتی سەربازی ئەنجامنەدابێت یاخود نەبەخشرابێت. بەپێی ئەو زانیارییانەشی كە بڵاوكراونەتەوە جگە لەسوننەكان كە پشتگیری ئەم پرۆژەیاسایە دەكەن (بەخودی سەرۆكی پەرلەمانیشەوە)، بەشێكی زۆری هێزە شیعییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە كوردییەكان دژی تێپەڕاندنی ئەم پرۆژە یاسایەن. هاوكات بەشێكی زۆری ئابوریناسان بڕوایان وایە دروستكردنی سوپایەكی زەبەلاح بارگرانییەكی گەورە دەخاتەسەر بوودجەی عێراق و ئەوەی ئەم وڵاتە پێویستییەتی درووستكردنی كارگەو دابینكردنی هەلی كارە نەك سوپا، لەبەرامبەردا بەشێكی دیكە لەهاووڵاتیان بڕوایان وایە بۆ نەمانی تائیفەگەری و یەكسانی و دادپەروەری لەسوپادا پێویستە خزمەتی سەربازی زۆرەملێ بگەڕێتەوە. خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لەعێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەكان كەتیایدا بەزۆر گەنجانیان دەبردە سوپاكانیانەوە، بەڵام لەعێراقدا ئەمە زۆر بەچاكی جێبەجێ نەدەكرا، ئەویش بەهۆی یاخیبوونی خێڵەكان و پەیوەستنەبوونیان بەیاساكانی دەوڵەتی عوسمانییەوە، بۆیە زۆرجار لەبەرامبەردا لەبری خزمەتی سەربازی پارە دەدرا بەدەوڵەت و بەمەش خێڵەكان گەنجەكانی خۆیان نەدەناردە ریزی سوپاوە. لەساڵی ١٩٣٥ەوە لەعێراقدا سەربازیی زۆرەملێ بوونی هەبووە تاوەكو ساڵی ٢٠٠٣ كە لەلایەن حاكمی مەدەنی ئەمریكی (پۆڵ برێمەر)ەوە هەڵوەشایەوەو تائێستاش پرۆسەی سەربازیی خۆبەخشییەو زۆرەملێی نییە.      

هاوڵاتی 55 رۆژە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و گەنجانی چەند شارێکی رۆژهەڵات رژانە سەر شەقامەکان و لە تاران و رەشت و چەند شارێکی دیکەش بە شێوازی جیاواز ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون و هاوڵاتییەکی بیانی دیکەش لەو وڵاتە دەستگیر کرا. بڕیارە رۆژی هەینی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی بۆ یادی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوبچێت و هێزە ئەمنی و چەکدارییەکانیش کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. لە شاری مەهاباد رۆژی پێنجشەممە بۆ جاری 14یەم مانگرتن لە دو مانگی رابردودا بەڕیوچو و دوکان و بازاڕەکانی ئەو شارە نەکرانەوە. ئێوارەی پێنجشەممە گەنجانی شاری مەهاباد رژانە سەرشەقامەکان و بە کرتنەوەی ئاگر چەند شەقامێکی شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و دژی دەسەڵاتی ئێران دروشمیان وتەوە. گەنجانی شاری مەریوان هاوشێوەی مەهاباد رژانە سەرشەقامەکان و لە چەند شوێنێکی ئەو شارە ئاگریان کردەوە دروشمیان وتەوە. گەنجانی شارۆچکەی (موچش) سەر بە شاری کامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان شەوی پێنجشەممە رژانە سەر شەقامەکان و تابلۆ و هێماکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەو شارۆچکەیە سوتاند. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەسەڵات بۆ رێگریی لە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە کێشەی بڕینی ئاوی ماڵانی دروست کردوە و لە زۆربەی گەڕەکەکانی ئەو شارە ئاوی خواردن نەماوە. لە شاری مەشهەد بۆ رێگریی لە سوتاندنی پەیکەرەکانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسداران، پاسەوانی (24) کاتژمێریان بۆ دانرا ئەوەش لە کاتێکدایە پەیکەری ئەو فەرماندەیە لە زۆربەی شارەکانی ئێران سوتێنراوە و بە شێوازی جیاواز وێنەکانی و پەیکەرەکانی دەکرێنە ئامانجی گەنجانی ناڕازی. هەر شەوی پێنجشەممە لە چەند شەقامێکی سەرەکیی تاران شۆفێران بە لێدانی هۆڕنی دورودرێژ ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە گۆڕستانی دارسەیران لە شاری مەریوان چلەی مەرگی موختار ئەحمەدی بەڕێوەچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی یەکشەممەی (1/10/2022) شاری مەریوان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرابو. موختار ئەحمەدی تەمەنی 19 ساڵ بو کە بۆ بژێوی دەستفرۆشیی دەکرد. مامۆستا فاتمە زەندکەریمی لەسەر گۆڕی مۆئمین زەندکەریمی کە لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردو شاری سنە کوژرا ، رایگەیاند خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان 43 ساڵ پێش ئێستاشەوە هەر دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بون و لە ئێستادا خەڵکی شارەکانی ئێران هاوشانی کوردستان دژی ئەو دەسەڵاتە وەستاونەتەوە... لە شاری رەشت لە پارێزگای مازندەران گردبونەوەی نارەزایەتیی بەڕێوەچو هێزە ئەمنییەکانیش بە لێدان و بەکار‌هێنانی چەکی ساچمەیی بڵاوەیان بە ناڕەزایەتیی ئەو شارە کرد. گەنجانی ناڕەزای بە ئاهەنگ گێران و سەما کردن لە گۆڕەپانی سەرەکیی شارەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە زانکۆی فیردەوسی شاری مەشهەد رێگە نەدرا بە خوێندکارانی ناڕازیی بچنە هۆڵی کۆبونەوە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتیی دژی وتەبێژی حکومەت کە سەردانی زانکۆکەی کردبو دەرنەبڕن. خوێندکارێکی زانکۆ لە وتەبێژی حکومەتی ئێران دەپرسێت ئێوە کە بە لێدوانەکانتان پاساوتان هەیە بۆ هەموشتێک چ پاساوێکتان هەیە بۆ کوشتنی هەزار و 500 کەس لە ساڵی 2019؟.. دۆخی سەربازیی بەسەر شاری زاهیدان جێبەجێ دەکرێت و لە ترسی خۆپیشاندان ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لەو شارەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان بڵاوەیان پێدەکرا. ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە رۆژی پێنجشەممە هاوڵاتییەکی دیکەی ئیسپانیا لە ئێران دەستگیر کراوە و ئەوەش دوەم هاوڵاتیی ئەو وڵاتەیە کە لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە دەستگیر کراون پێشتر دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) رایگەیاندبو 11 هاوڵاتیی بیانیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکردوە لە بەرامبەردا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە هۆشدارییان داوە کە گەشت بۆ ئێران نەکەن و ئەو هاوڵاتییە بیانیانەشی کە لەو وڵاتەن بگەڕێنەوە.

هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی ئێران ئاشکرای کرد نرخی دەرمان زیاتر لە حەوت هێندە بەرز بوەتەوە و کۆگا ستراتیژییەکانی وڵاتەکەش دەرمانی پێویستیان تێدا نەماوە. محەمەدجواد نیک پەیک، پەرلەمانتاری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ نرخی زۆربەی دەرمانەکان لەو وڵاتە بە رێژەی زیاتر لە 700% بەرزبونەتەوە و دەرمانی دژی هەوکردن (ئانتی بایۆتیک) و شروبی منداڵان لە کۆگاکانی وڵاتەکەدا نەماوە، ئەوەش کارەساتی لێدەکەوێتەوە. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کردوە زۆربەی ئەو دەرمانانەی نرخەکەیان بەرزبوەتەوە و لە کۆگاکاندا نەماون لە ناوخۆی وڵاتە بەرهەم دەهێنرێن بەڵام دەستێک لە پشت ئەو کارەوەیە لە پێناو بەرژەوەندیی ماددی و قازانجی نایاسایی. نیک پەیک داوای لە دەزگاکانی چاودێریی تەندروستیی ئێران کردوە چاودێریی گارکەکان و شوێنەکانی دروستکردنی دەرمان بکەن بۆ رێگریی لە سەرهەڵدانی قەیرانی گەورەی دەرمان کە بەردەوامبونی ئەو قەیرانە مەرگەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.

ڕاپۆرت: هێمن مه‌حموود نزیكەی مانگێكە بازاڕەكانی عێراق بەگشتی و بازاڕەكانی دراو بەشێوەیەكی تایبەتی جۆرە نائارامی و شڵەژانێكیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەویش بەهۆی بەرزونزمی نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكییدا كەنرخە فەرمییەكەی لەلای بانكی ناوەندی بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێك ١٤٦ هەزار دینارە، بەڵام لەبازاڕدا نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێك تا ١٤٥ هەزار دینار دابەزیوە، ئەویش لەسەروبەندی ئەو دەنگۆیانەی كە باس لەوەدەكەن گوایە حكومەتی عێراق بەنیازی بەرزكردنەوەی بەهای دینارە لەبەرامبەر دۆلاردا بۆ هەمان نرخی پێشوو كەهەر ١٠٠ دۆلارێك ١١٨ هەزار دیناربوو، هەربۆیە بازرگانان دۆلارێكی زۆریان خستووەتە بازاڕەوەو بەمشێوەیە نرخی دۆلار بەرامبەر دینار كەمتر بووەتەوە. لەتازەترین هەنگاویشدا بۆ هاوسەنگ راگرتنی نرخی دۆلارو دینار بەو مەبەستەی كەخۆی دەیەوێت، بانكی ناوەندی ئەم هەفتەیە كەمترین بڕە دۆلاری رۆژانەی خستە بازاڕەوە بەشێوەیەك كە لەماوەی دوو ساڵی رابووردوودا ئەمە یەكەمین جارە ئەم بڕە پارەیە بەكەمی دەخاتە بازاڕەوە. رۆژی یەكشەممە بڕی ١٢٦ ملیۆن و ٩١٢ هەزار دۆلار، رۆژی دووشەممە بڕی تەنیا ٧٣ ملیۆن و ٥٣٧هەزار و ٥٨٢ دۆلار و رۆژی سێشەممە ٨٦ ملیۆن و ٤١٠ هەزار دۆلاری بەنرخی ١٤٦٠ دینار بۆ هەر دۆلارێك خستە بازاڕەوە كە بڕە پارەی رۆژی دووشەممە كەمترین بڕی رۆژانەیە لەدوو ساڵی رابووردوودا كە خستبێتیە بازاڕەوە. هەرچەندە یەكێك لەهۆكارەكانی ئەم یاریكردنەی نرخی دینارو دۆلار لێدوانی سیاسییەكان بوو كەپێش هەڵبژاردنەكان باسیان لەوەدەكرد ئەگەر بێنە دەسەڵات نرخی دینار وەك خۆی لێدەكەنەوە، بەڵام دواتر لەبەڵێنەكانیان پەشیمانبوونەوەو رایانگەیاند دەستكاریكردنی نرخی دینار لەدەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایە. هەر بۆ نموونە محەممەد شیاع سودانی پێشتر رایگەیاندبوو دەستكاری نرخی دینار دەكات، بەڵام كاتێك بوو بەسەرۆكوەزیران رایگەیاند كە گۆڕانكاری لەنرخی دیناردا لەدەسەڵاتی ئەودا نیەو لەدەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایەو حكومەتیش پەیوەستە بەسیاسەتەكانی بانكی ناوەندییەوە، كەچی لەو نێوەندەدا تویتەكەی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا كەداوایكردبوو نرخی هەر دۆلارێك لەبری ١٤٥٠ دینار كەمبكرێتەوە بۆ ١٣٧٥ دینار، جارێكی تر ئاڵۆزی خستەوە بازاڕەكان. بانكی ناوەندی عێراقیش هاوشانی كەمكردنەوەی خستنەڕووی رۆژانەی دۆلار، لەڕاگەیەندراوەكانیشدا جەختی لەوەكردووەتەوە كە لەبەرنامەیاندا نیە بەمنزیكانە نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلاردا بەرزبكەنەوەو هەر یاریكردنێكیش بەنرخ دەرئەنجامی كوشندەی بۆ ئابووری وڵات دەبێت. ساڵی ٢٠٢٠ بانكی ناوەندی لەهەنگاوێكدا بۆ قەرەبووكردنەوەی داهاتی نەوت كە بەهۆی نزمی نرخەكەیەوە لەبودجەدا كورتهێنانی درووستكردبوو، نرخی هەر دۆلارێكی بۆ ١٤٦٠ دینار بەرزكردەوە لەكاتێكدا كە نرخە فەرمییەكەی ١١٨٢ دیناربوو، بەمەش داهاتێكی زۆری بۆ بودجە دەستەبەركردو لەئێستاشدا بەهۆی ئەو سیاسەتەو بەرزی نرخی نەوتەوە چاوەڕواندەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ یەدەگی نەختینەیی عێراق بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار. بەپێی یاسای ٢٠٠٤ی بانكی ناوەندیش دەسەڵاتی دیاریكردنی نرخ و سیاسەتی نەختینەیی تەنیا لەدەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایەو كەس ناتوانێت دەستوەردان لەدەسەڵاتەكانیاندا بكات، هەربۆیە بەبڕوای چاودێرانی دۆخی ئابووری جارێكی تر قورسە دەستكاریكردنی نرخی دینارو دۆلار، بەتایبەت لەكاتێكدا بەپێی ئەو پلانە داراییەی كە بە (لاپەڕەی سپی) ناسراوەو وەزیری دارایی پێشوی عێراق لەسەردەمی كابینەكەی كازمیدا پێشكەشیكردووە نرخی دینار لەسێ ساڵ تا پێنج ساڵی دیكە هەر بەوجۆرە دەبێت كەدیاریكراوە. هاوكات هەندێك لەسیاسییەكانیش باس لەوەدەكەن لەپرۆژەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دەستكاری نرخی دینار دەكرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی رەتیكردووەتەوەو بەبڕوای ئابووریناسانیش هەر دەستكاریكردنێكی بێ بەرنامەی نرخ دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووری عێراق نزیكەی ٥٢ ترلیۆن دینار زیان بكات و ناسەقامگیری دارایی درووستبكات. هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە بانكەكە رایگەیاندووە كە بەهۆی دابەزینی نرخی دینارەوە لەبەرامبەر دۆلار بەنیازە دراوی جۆری ٢٠ هەزاری دەربكات، هاوكات لەنوێترین هەنگاویشدا بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بانكەكە مامەڵە لەگەڵ چوار بانكی ئیسلامیدا راگرت و رایگەیاندووە وردبینی بۆ كارەكانیان دەكات و دۆلاریان پێنافرۆشێت، دەربارەی لابردنی سفرەكانیش بانكەكە رایگەیاندووە ئەوە پێویستی بەیاسا هەیەو كەشێكی گونجاوی ئابووری تا ئەو گۆڕانكارییەكانە هەزمبكرێت.

هاوڵاتی پارێزگارى واست داوا لە دەستەى دەستپاکیى عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە دەروازەى سنووریى پارێزگاکەى بکات بەتۆمەتى ئەوەى لێخوشبوونى بۆ 80%ـى ئەو بارهەڵگرانە کردووە کە لەو دەروازەیەوە چوونەتە نێو شارەکە. پەرلەمانتارێکى عێراق لە پشکى واست دەڵێت: "بەهۆى ئەو هەنگاوە داهاتى شارەکە لە یەک ملیارەوە بۆ 200 ملیۆن دینار کەمی کردووە". بەگوێرەى نووسراوێکى "نهێنى" کە لە 3ى تشرینى دووەمى 2022 ئاراستەى دەستەى دەستپاکیى عێراقى کردووە، محەممەد مەیاحى، پارێزگارى واست داوا لەو دەستەیە دەکات دۆسیەى لێکۆڵینەوە لەسەر دەروازەى سنووریى زرباتیەى ئەو پارێزگایە بکاتەوە، بەهۆی ئەوەى لە مانگى تشرینى یەکەمى 2022، رێژەى لێخوشبوونى گومرگى لەسەر بارهەڵگرەکان لەو دەروازەیە گەیشتووەتە 80%، لە کۆى 11 هەزار و 201 بارهەڵگر کە لەو دەروازەیەوە چوونەتە پارێزگاى واست، لێخۆشبوون بۆ هەشت هەزار و 185 بارهەڵگر کراوە. لە نووسراوەکەدا هاتووە: "ئەو لێخۆشبوونەى دەروازەى سنووریى زرباتیە بەهەدەردانى پارەى لێکەوتووەتەوە، ئەوە جگە لەوەى کە بەشێک لەو لێخۆشبوونانە دامەزراوەى حکومى و ئەو وەبەرهێنەرانەى گرتووەتەوە کە پڕۆژەى نیمچە وەهمییان هەیە، پێویستە بەڵگەنامەکانى تایبەت بەو دۆسیەیە لە دەستەى گشتیى گومرگ داوا بکرێت لە ساڵى 2019 هەتاوەکو ئێستا". پارێزگاى واست لە باشوورى عێراق هاوسنوورى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانە، دەروازەى سنووریى زرباتیە یەکێکە لە رێگەکانى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتە لە سنوورى شارى میهران.

هاوڵاتی لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئەمرۆ چوارشەممە، بڕیاری یەكلاكردنەوەی بودجەی 2023ی لەماوەی دوو هەفتەدا دەركرد و هاوكات ئاماژەی بەئەگەری كردنەوەی دامەزراندنی نوێ كرد لەسێ كەرتدا. ئەندامی لیژنەكە ڕاید ئەلمالیكی بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: پێشبینی دەكرێت لەماوەی دوو هەفتەدا بودجەكە بنێردرێت بەڵام ئەوە ئاسان نییە چونكە وەزارەتی پلاندانان لەئێستادا كاری لەسەر دەكات مەگەر وەك هەر وەشانێكی بودجەی پێشوو و گۆڕانكاری تێدا نەبێت بۆ خێراكردنی پێشكەشكردنی. ئەوەشی خستەڕوو: پێشنیارێكم پێشكەش كرد بۆ بودجەی سێ ساڵ كە دەبێتە بودجەیەكی مامناوەندی بەپێی مادەی 43ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو كاردانەوە و هەلومەرجە سیاسی و ئابوورییانەی كە ساڵانە وڵات پێیدا تێپەڕدەبێت كاتێك بودجەكە پەسەند دەكرێت. وتیشی:  لەلایەن پەرلەمانتارانەوە پێشوازی دەكرێت لە كردنەوەی دەرگای دامەزراندن لە چەند كەرتێكدا و خودی پەڕاوی دامەزراندنەكەش پێویستی بە دروستكردنی نمرە هەیە و ئەگەری كردنەوەی مەوعیداتی نوێ بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و تەندروستی و هەروەها لە كۆمپانیا براوەكانی نەوت. پێشتر وەزارەتی دارایی دەستپێكردنی ڕاستەقینەی ئامادەكردنی یاسای بودجەی ساڵی 2023ی ڕاگەیاند دوای ئەوەی تەیف سامی وەزیری دارایی جەختیكردەوە كە یەكێك لەگرنگترین ئەولەویاتەكانی حكومەتی نوێ و وەزارەت بریتییە لەخستنەروو و پەسەندكردنی ڕەشنووسی بودجەی فیدراڵی.

هاوڵاتی شاندێکی ئەمریکی کە لە تورکیاوە هاتبوون، لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەوە. بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، نەورۆز ئەحمەد-یش کە فەرمانداری هێزەکانی یەپەژەیە، بەشدار بووە لە کۆبوونەوەکەدا و شاندە ئەمریکییەکە لە تورکیاوە سەردانی کوردستانی سووریایان کردووە. ئیسان گۆڵدریچ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرۆکایەتیی شاندەکەی ئەمریکای کردووە بە یاوەریی هەریەک لە یان ماککێری لەهاوپەیمانیی دژی تیرۆر و جێگری یاریدەدەری نووسینگەی کاروباری نیشتەجێ و کۆچبەر و ئاوارە و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا سەردانی کوردستانی سووریایان کردووە. شاندەکە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە گرنگیی ئاگربەست و پرسی زیندانی کراوانی داعشی تاوتوێ کردووە لە کەمپەکانی داڵدەدان و دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، شاندەکەی ئەمریکا لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیش کۆبووەتەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، شاندە ئەمریکییەکە لە تورکیاوە هاتوونەتە کوردستانی سووریا و پاش چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنکەرە، سەردانی حەسەکەیان کردووە.