هاوڵاتی رێکخراوێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بڵاوی دەکاتەوە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 500 کەس بە دەستی دەسەڵات کوژراون. موجاهیدینی خەڵقی ئێران بڵاوی کردەوە لە 52 رۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا 550 کەس بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و نزیکەی 30 هەزار کەسیش دەستگیرکراون. موجاهیدن جەختی لەوە کردوەتەوە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها کوژراوانی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی بڵاو کردوەتەوە کە نزیکەی 40 کەسن بەڵام ژمارەی راستەقینەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی شاردوەتەوە و بڵاوی ناکاتەوە. بڵاوکردنەوە ئامارەکانی موجاهیدن لە کاتێکدایە بە پێی دوایین ئاماری ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە 52 رۆژ ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا 321 کەس کوژراون و 14 هەزار و 823 کەسیش دەستگیرکراون.
هاوڵاتی تورکیا دەستگیرکردنی ژمارەیەک ئەندامی نەیاری دەسەڵاتی راگەیاند ئاشکرای دەکات تەنها لە دو مانگدا زیاتر لە 700کەسی سەر بە گروپێکی نەیاری دەسەڵات دەستگیر کراون. ئاژانسی (فرانس پرێس) لە زاری بەرپرسانی تورکیا بڵاوی کردوەتەوە؛ رۆژی سێشەممە 27 ئەندامی گروپی فەتحوڵڵا گولەن دەستگیر کراون کە ژمارەیەکیان ئەسفەر بون لە سوپای تورکیا. ئاژانسەکە ئاشکرای کردوە لەو 27 دەستگیرکراوە یەکێکیان جەنەڕاڵ بوە لە سوپای تورکیا و دوو دەستگیرکراویشیان ئەفسەری پلەبەرزی ناو سوپاکە بوون. بە پێی ئامارەکان تەنها لە مانگی رابردودا زیاتر لە 700 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گروپی فەتحوڵڵا گولەن لە تورکیا دەستگیر کراون کە تۆمەتی سەرەکیشیان بەشداریی بوە لە کودەتای ساڵی 2016 لە دژی دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردٶغان، سەرۆک کۆماری ئێستای وڵاتەکە.
هاوڵاتی رژێمی سوریا ئاشکرای دەکات هاوردەی کاڵا بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی کەمی کردوە و لە بەرامبەردا هاوردەی کاڵای قاچاخ بۆ ئەو وڵاتە زیادی کردوە. وەزارەتی ئابوریی و بازرگانیی دەرەوەی رژێمی سوریا دەری بڵاوی کردوەتەوە؛ هاوردەی کاڵا لە ساڵی 2020 و 2021دا کەمبوەتەوە بۆ چوار ملیار و 100 ملیۆن یۆرۆ، بەراورد بە ساڵی 2010 و پێش تێکچونی دۆخی سوریا بە رێژەی (75.9٪) کەمی کردوە. ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی 2010دا بڕی هاوردە بۆ ناو سوریا بە بەهای 17 ملیار یۆرۆ بوە، بەڵام لەساڵى 2021 دا هاوردەى کاڵا بەشێوەى قاچاغ زیادیکردوە و بەبەهاى 113 ملیار لیرەى سورى کاڵا وکەلوپەل بەو شێوەیە هاوردەى سوریا کراوە و هەر لەو ساڵەدا زیاتر لە سێ هەزار حاڵەتى قاچاغچێتى لە سنورەکان تۆمارکراوە. رۆژنامەی (وەتەن)ی سەر بە رژێمی سوریا لە زاری پسپۆڕانی ئابورییەوە بڵاوی کردوەتەوە قاچاخچێتی شوێنی هاوردەکردنی فەرمی گرتوەتەوە کە بەو هۆیەوە حکومەت زیانی گەورەی بەرکەوتوە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی شەوی رابردوومامۆستایەکی ئەمریكی لە بەغداد تیرۆرکرا، ئاژانسی ڕۆیتەرزچۆنیەتی تیرۆکردنەکە ئاشکرا دەکات، هاوکات ڕێکخراوێکی چەکداری نەناسراو کوشتنەکە دەخاتە ئەستۆی خۆی. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز،شەوی ڕابوردوو چەند چەكدارێك هەوڵی رفاندنی هاوڵاتییە ئەمریكییەكەیان داوە، بەڵام هەوڵەكەیان شكستیهێناوە و نەیانتوانیوە بیخەنە ئەو ئۆتۆمبێلەی بۆ رفاندنی ناوبراو تەرخانیان كردبوو، لە ئەنجامدا تەقەیان لێكردووە و كوشتوویانە. ستیڤن ترۆڵ هاوڵاتییەکی ئەمریكی بوو، لە رێكخراوێكی پەرەپێدان لە عێراق كاریدەكرد و وانەی زمانی ئینگلیزی لە هەمان رێكخراو بە فێرخوازانی عێراقی دەوتەوە، شەوی رابردوو لە ناوچەی كەڕادەی بەغداد لە چەند چەكێكی بێدەنگەوە تەقەی لێكرا و كوژرا. هاوکات گرووپێکی چەکداری بەناوی (سەرایای ئەهلی کەهف) کوشتنی ناوبراویان لەئەستۆگرت و ڕایانگەیاند لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سلێمانی ئەو کارەیان ئەنجامداوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، لێكۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.
هاوڵاتی وابڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 8ى تشرینى یەکەمى 2022 دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تاوتوێى دوو سکاڵا بکات کە لەبارەى پارەى بەشەخۆراکى مانگانە و جێبەجێکردنى یاسای خانەنشینی یەکگرتوو لەسەر سەرۆکى حکومەت و دوو وەزیرى هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. سکاڵاى یەکەمیان لەلایەن بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیى بازرگانیى خۆراکى حکومەتى فیدڕاڵى لە دژى هەریەک لە وەزیرى بازرگانی و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانی تۆماری کردووە. لە سکاڵاکە داوا دەکات ئەو پارانە بگەڕێنەوە کە لە ئەستۆیاندایە و تایبەتە بە بەشە خۆراکى مانگانە کە لە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانیان وەرگرتووە، لە یەکى کانوونى دووەمى 2004ـەوە تاوەکو 30ى ئەیلوولی 2021. رۆژی 4ى تشرینى یەکەمى 2022، فەتحى محەممەد، گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: نوێنەرى یاسایی وەزارەتەکەیان لەو دانیشتنەى دادگە ئامادە دەبێت و گوتى: "ئەگەری زۆرە ئەو سکاڵایە بکشێندرێتەوە، چونکە 23ى تشرینى یەکەم وەزیرى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان چووەتە بەغدا و لەگەڵ وەزیرى بازرگانیى عێراق یاداشتێکى لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە کە ئەو پرسەى یەکلایی کردووەتەوە". سکاڵاى دوووەمیان لەلایەن کەسێک بە ناوى ئەحمەد عەلى سادق بە نوێنەرایەتى چەند کەسێک تۆمارکراوە لە دژى هەریەک لە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دارایی. سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات دادگەکە کارکردن بە یاساى ژمارە 27ى ساڵى 2006ى هەموارکراوى خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات و سکاڵالێکراوان ناچار بکات کە کار بە یاسای خانەنشینى یەکگرتووى ژمارە نۆى ساڵى 2014 بکرێت لە هەرێمى کوردستان.
هاوڵاتی 52 شەو و رۆژە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران بەردەوامە و دادگایەکى کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر هونەرمەندێک کورددا دەسەپێنرێت. تا ئێستا 319 کەس لە ناڕەزەیتییەکانی ئێراندا کوژراون کە 61 یان لە رۆژهەڵاتى کوردستان بون، نزیکەى 15 هەزار کەسیش لە خۆپیشاندەران و چالاکانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە بیانوی بەشدارىی کردن لە خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون. سەرەڕای هەمو رێگرییەکانی هێزە ئەمنییەکان 52 شەو و رۆژە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێودەچێت. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەلاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە لە خۆپیشاندانەکانی شەوی یەکشەممە و رۆژی دوشەممەی مەریوان لانیکەم 40 کەس بریندرابون. بەپێی بڕیارێکی دادگای کەرەجیش، میوزیکژن و راپەری کورد سامان یاسین کە ئێستا لە زینداندایە بە تۆمەتی هاندان بۆ ناڕەزایەتییەکان و دژایەتی لەگەڵ خودا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤیش هۆشداریی دەدەن لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە. لە شارەکانی مەریوان و بۆکان و چەند شارێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون و لە چەند شارێکی ئەو بەشە لە کوردستان رۆژی دوشەممە دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە. گەنجانی بۆکان رۆژی دوشەممە لە زۆربەی شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارە ئاگریان کردەوە و شەقامەکانیان کۆنتڕۆڵ کرد. لە شاری سیاکەل سەر بە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران رێگریی چلەی مەرگی عیرفان زەمانی کرا و سەرەڕای ئەوەش خۆپیشاندان بەڕێوەچون، هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر خەڵک. لە ئەردەبیل کە پارێزگایەکی تورکنشینی باکوری رۆژئاوای ئێران و هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی ئازەربجایجان ناڕەزایەتیی بەڕێوچو. خوێندکاران لە شاری سەبزەوار لە پارێزگای خوراسان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران خۆپیشاندانیان کرد و دروشمیان دژی دەسەڵاتی وڵاتەکە وتەوە. بازاڕیان و کەسبکارانی شەقامی وەلیعەسر لە تارانی پایتەخت مانگرتنیان راگەیاند و دوکان و بازاڕەکانیان نەکردەوە. خوێندکاران لە شەقام و لە زانکۆکانیش گردبونەوە خوێندکارانی زانکۆی پیشەیی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و بە دروشم رایانگەیاند " خوێندکار دەمرێت و سەرشۆڕی قبوڵ ناکات" خوێندکارانی زانکۆی نەوشیروان لە بابۆڵ لە پارێزگای مازەندەران گردبوەنەوە و دروشمی "تۆپ و تانک کارگەریی نەماوە"یان وتەوە. خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی رەشت لە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران پڕۆسەی خوێندنیان راگرت و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. خوێندکارانی زانکۆی دەماوەند لە تاران دژی بونی هێزە ئەمنییەکان لە چواردەوری زانکۆکە دروشمیان وتەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. خوێندکارانی زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی شاری تاران رێپێوانیان ئەنجام دا و بە دروشم وتنەوە رایانگەیاند" رزگاربون مافی ئێمەیە و هێزی ئێمە یەکێتیدایە" سەرۆکایەتیی زانکۆی شەریف لە تاران کە بە گرنگترین زانکۆی ئێران و یەکێک لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت بڕیاریدا بە دانانی 60 کامێرەی چاودێریی کە 20 کامێرایان هەستیارن بە جوڵە. خوێندکارانی کەرەج لە شەقامەکانی ئەو شارە رێپێوانیان کرد و مەرگ بۆ دیکتاۆریان وتەوە. لە لایەکی دیکەوە رۆژی دوشەممە 600 مامۆستای زانکۆ هۆشداریی ئەوەیان داوە ئەگەر حکومەت داواکاریی خوێندکاران لەبەرچاو نەگرێت و خوێندکارە دەستگیرکراوەکان ئازاد نەکات ئەوا ئەو مامۆستایانەش بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەکەن. شەوی دوشەممە تاران بە هێزی ئەمنی تەنرا و دەیان پۆلیسی ئەسپسوار لە گۆڕەپان و شوێنە سەرەکییەکانی تارانی پایتەخت جێگیر کران.
هاوڵاتی هاوڵاتییەکی هەڵگری جنسێی ئەمەریکی لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری لە ناوەڕاستی بەغدا دەکوژرێت. بە پێی هەواڵێکی سۆمەریە نیوز ئەمڕۆ ڕۆژی دووشەممە هاوڵاتییەکی ئەمریکی لەکاتی هێرشێکی چەکداریدا لە ناوەڕاستی بەغدا کوژراوە. سەرچاوەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەلسومەریە نیوز گوتی" هێرشێکی چەکداری ئوتومبێلێکی مەدەنی کردە ئامانج کە هاوڵاتییەکی ئەمریکی لەناویدا بوو لەناو شەقامی پیشەسازی لە ناوەڕاستی بەغدا " وتیشی: "ئەو هاوڵاتییە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە کاتی بردن بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە" میدیاکان ئاماژە بەوەشدەکەن، هێرشەکە بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری پرادۆ بووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسە رەگەزی نێر بووە و ناوی ستیڤن روڵە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧ بووە، لە بەغدا کاری کردووە و مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە.
هاوڵاتی ژمارەی کامێرکانی چاودێریی لە زانکۆکانی ئێران زیاتر دەکرێن و 600 مامۆستای زانکۆ داوای راگرتنی سەرکوتی و زیندانیکردنی خوێندکارانی زانکۆ دەکەن. سەرۆکایەتیی زانکۆی شەریف لە تاران کە بە گرنگترین زانکۆی ئێران و یەکێک لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت بڕیاریدا بە دانانی 60 کامێرەی چاودێریی کە 20 کامێرایان هەستیارن بە جوڵە. دوای دانانی ئەو 60 کامێرایە ناڕەزایەتییەکان لەو زانکۆیە بەرفراوان بون و خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. پێشتر بە بڕیاری دەستەی پارێزگاریی زانکۆکانی تاران بەکارهێنانی دەمامک قەدەغەکرا و دەبێت خوێندکارانیش پێش چونیان بۆ ناو زانکۆ جانتا و کەلوپەلەکانیان بپشکێنرێت. لە لایەکی دیکەوە رۆژی دوشەممە 600 مامۆستای زانکۆ هۆشداریی ئەوەیان داوە ئەگەر حکومەت داواکاریی خوێندکاران لەبەرچاو نەگرێت و خوێندکارە دەستگیرکراوەکان ئازاد نەکات ئەوا ئەو مامۆستایانەش بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەکەن. بە پێی زانیارییەکان تا ئێستان نزیکەی چوار هەزار خوێندکاری زانکۆ لە سەرتاسەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران روبەڕوی سزای زانکۆ بونەتەوە و زیاتر لە دو هەزار خوێندکاریش دەستگیر کراون کە ژمارەیەکیان دوای ئازکردنیان بە بارمتە رێگەیان پێنادرێت بچنەوە زانکۆکانیان.
هاوڵاتی پارێزگارى پێشووى زیقار لەسەر بڕینى 200 هەزار دینارى مووچەى هێزێکى ئەمنى بە بڕیارى دادگا بەند دەکرێت،بەگوێرەى ماددەى 331ى یاسای سزادانى عێراقى ،کە تایبەتە بە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیى گشتى بەمەبەستى سوودى کەسی لەلایەن فەرمانبەرانەوە. رۆژی دووشەممە 7ى تشرینى یەکەمى 2022، فەرمانگەى لێکۆڵینەوەى دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى 3ى کەرخ لە بەغدا، پارێزگارى پێشووى زیقاری بە بەندکردن سزاداوە، بەهۆى ئەوەى بەشێوەیەکى نایاسایی 200 هەزار دینارى لە مووچەى کارمەندانى ئەنجوومەنى رابوون بڕیوە بەمەبەستى سوودى کەسى. ئەنجوومەنى رابوون، هێزێکى ئەمنى بوو کە لە ساڵى 2006 بەپاڵپشتى هێزەکانى ئەمریکا لە خێڵە عێراقییەکان پێکھێندران بۆ شەڕکردن لە دژى رێکخراوى قاعیدە.
هاوڵاتی سەرۆکی دەزگای داد لە ئێران رایگەیاند سزای سێدارە بەسەر ژمارەیەک دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکاندا جێبەجێ دەکرێت کە چەک و چەقۆ-یان بەکارهێناوە. غوڵامحسێن ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای داد-ی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی دوشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەوانەی چەک یان چەقۆیان لە خۆپیشاندانەکان بەکارهێناوە و بە دەستی دەرەکی هاندراون بۆ تێکدانی ئاسایسی نیشتیمانیی و بونەتە هۆکارێک بۆ دروستبونی ترس و تۆقان و یان دەستیان لە کوشتنی کەسانێکدا هەبوە سەرجەمیان سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت. لێدوانەکەی ئێژەیی دوای ئەوە هات کە رۆژی یەکشەممە 227 پەرلەمانتار لە کۆی 290 پەرلەمانتاری ئێران داوای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکانیان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردبو. رۆژی یەکشەممە دادگایەکی ئێران بڕیاری داوە بە لەسێدارەدانی سامان یاسین، موزیسیەن و راپەری کورد بە تۆمەتی بەشداریی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان و جەنگ لە دژی خودا. بڕیاری لەسێدارەدانی سامان یاسین لە کاتێکدایە ناوبرا چەکی ساچمەیی یان موروی لە ماڵەکەیدا هەبوە و بە وتەی خۆی تەنها لە شاخ و کێو بەکاری هێناوە چونکە ئەو چەکە توانای مرۆڤ کوشتنی نییە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران. جەختی لە گرنگی دووبارە جێگیرکردنەوەی ئەمنی لە شارەکان و سەروەری یاسا و سەپاندنی شکۆمەندی دەوڵەتی کردەوە، هاوکات جەختی لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی پارە دزراوهکانی وڵات کردەوە. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران لەگەڵ جەواد پوڵانی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی و ژمارەیەک لە ئەندامەکانی کۆبووەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی گشتی ئەمنی وڵات کرا، لە پێش هەموویانەوە پرسی ئاوارەکان و خولانەوەی کاری سەرکردە ئەمنییەکان و مەلەفی حەشدی شهعبی". سودانی جەختی لەوە کردەوە، "گرنگی جێگیرکردنی ئەمنی لە شارەکاندا، سەروەری یاسا، سەپاندنی شکۆمەندی دەوڵەت، هەروەها جەختی لەسەر دوورخستنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان لە وەبەرهێنانی حزبی و سیاسی کردەوە، متمانەی خۆی دەربڕی کە مەنهەجی حکومەت تایبەتە بەو چارەسەرکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتیان”. سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سودانی جەختی لەوە کردەوە کە "دەبێت ئەو بڕە پارە دزراوانە بگەڕێندرێتەوە، هەروەها هیچ متمانەیەک لە هەوڵەکانی دژە گەندەڵی نامێنێت، مەگەر بۆ ئەو هاووڵاتییە عێراقییە نەسەلمێنین ئەگەری وەرگرتنەوە و پاراستنی ئەو پارانە".
هاوڵاتی 51 شەو و رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و لە شاری مەریوان ناڕەزایەتییەکانی دوای بەخاکسپاردنی نەسرین قادریی فراوانتر بوە و بە پێی داویین ئامار نزیکەی 40 کەس لەو شارە بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکانەوە برینداربون. ئەمڕۆ 51 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و لە مەریوان و سنە و سەقز و بۆکان و کرماشان ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەڕێوەچو و لە زانکۆکانی تاران و مەشهەد و تەبرێز گردبونەوە و ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و لە تاران و زاهیدان و ئەسفەهان و نیشابوریش خەڵک بە شەویش رژانە سەر شەقامەکان و نارەزایەتییان دژی دەسەڵاتی ئێران دەربڕی . ئەو خۆپیشاندانانە بە دوردرێژترین ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران لە مێژوی 43 ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەژمار دەکرێن. بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە دوای بەخاک سپاردنی نەسرین قادری ئەو کەچە کوردەی خەڵکی مەریوان کە لە نارەزایەتیەکانی تاران گیانی لەدەستدابو، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی زۆربەی شەقامەکانی مەریوانی گرتەوە. نەسرین قادری خەڵکی مەریوان تەمەن 35 ساڵ و خاوەنی بروانامەی دکتۆرای فەلسەفە بوە، ئەو رۆڵی بەرچاوی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران بۆ مەرگی ژینا ئەمینی هەبوە و بەهۆی لێدانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناڕەزایەتییەکانی چند رۆژی رابردوی ئەو شارە بە بێهۆشی رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت و دواتر شەوی هەینی گیانی لەدەست دەدات، بەرپرسانی دەسەڵاتیش لە مەریوان رێگرییان کرد کە تەرمی نەسرین رۆژی یەکشەممە بە بەشداریی جەماوەربەخاک بسپێردرێت، ئەوەش توڕەیی خەڵکی مەریوانی لێکەوتەوە. لە مەریوان خۆپیشاندانەکان بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سوپای پاسدران توندوتیژیی تێکەوت و هێزە چەکدراەکانیش هەڵیانکوتایە سەر ژمارەیەک ماڵی خەڵک بۆ دەستگیرکردنی گەنجان. بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی یەکشەممەی مەریوان لانیکەم 40 کەس برینداربون. لە لایەکی دیکەوە لە شاری بۆکان کچان و ژنان لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا بە جلوبەرگی کوردییەوە لە شەقام و کۆڵانەکاندا رێپێوانیان کرد. شەوی یەکشەممە هاوکات لەگەڵ مەریوان لە شارەکانی سەقز و سنە و کرماشان ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون. لە شاری کرماشان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بە شەو لە شەقامەکانی شارەکە دەستی پێکردەوە و گەنجان بە کردنەوەی ئاگر رێگا سەرەکییەکانی شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد. هاوکات لەگەڵ شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆربەی زانکۆکانی تاران و کەرەج و مەشهەد و ئەسفەهان گردبونەوە و ناڕەزایەتیی خوێندکاران بەڕێوەچو. خوێندکارانی پایتەخت لە چەند شوێنێکی تاران خۆپیشاندانیان کرد و دروشمی مەرگ بۆ دیکیاتۆریان وتەوە و هاوکات خوێندکارانی شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان رژانە شەقامەکانی شارەکەوە دروشمیان دژی دەسەڵات وتەوە. خۆپیشاندانەکان بە شەو لە چەند گەڕەکێکی شاری تاران دەستی پێکردەوە و لە ناوچەی سادقیە و حەفت حەوز-ی شارەکە گەنجان و کچان رژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە. لە شاری ئەهواز لە باشوری ئێران گەنجان ئاگریان لە بنکەیەکی بەسیج سەر بە سوپای پاسداران بەردا و لە شاری شیراز بە هۆرن لێدانی ئۆتۆمبێلەکان و دروشموتنەوەی گەنجان ، ناڕەزایەتیی بەڕێوچو. لە زانکۆی بابۆل لە پارێزگای مازندەران لە باکوری ئێران گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو لە زانکۆی مەشهەد پەیکەری قاسم سولەیمانی خوێناویی کرا. خوێندکارانی زانکۆ پزیشکی تەبرێز رێگەیان نەدا بە ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو زانکۆیە قسە بکات و بە هوتاف کێشان و دروشم دژی سوپای پاسداران ئەو بەرپرسە بێدەنگ کرا. تا ئێستا لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 61 کەس کوژراون و لە سەرتاسەری ئێرانیش ژمارەی کوژراوان زیاترە لە 317 کەس. هێڵی بۆری نەوتی ماهشەهر لە باشوری رۆژئاوای ئێران ئاگری گرت و سەرچاوەکانی هەواڵیش ئاماژە بەوە دەکەن کۆگای نەوتی ئەو ناوچەیە تەقێنراوەتەوە و بەهۆی شەڕ و پێکدادانیش لەو ناوچە نەوتییە کەسێک کوژراوە. لە پەرلەمانی ئێرانیش لە کۆی 290 پەرلەمانتار 227 پەرلەمانتار داوای لەسێدارەدانی ئەو کەسانەیان کرد کە بە هۆکاری ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەقەڵەم دراون.
هاوڵاتی زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا خۆپیشاندەرانیان بە ئاژاوەگێڕ ناوهێناو داوای لەسێدارەدانی دەستگیرکراوانیان کرد. لە دانیشتی رۆژی یەکشەممەی پەرلەمانی ئێران 227 پەرلەمانتار لە کۆی 290 پەرلەمانتار لە بەیاننامەیەکدا دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتەیان بە ئاژاوگێڕ ناوهێنا و تۆمەتباریان کردن بە "جەنگ لە دژی خودا" ئەو پەرلەمانتارانە کە زۆرینەیان سەر بە باڵی توندڕەوی محافزکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانن داوایان کردوە دەستگیرکراوان بە زوترین کات سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت. لە بەیاننامەکەی ئەو پەرلەمانتارانەدا هاتوە ناڕەزایەتییەکان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە ئێران رویداوە و دەبێت دادگای ئێران توندترین سزا بۆ ئەو کەسانە ببڕێتەوە کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان کردوە و خەڵکیان هان داوە بۆ خۆپیشاندان. بە وتەی ئەوان بۆ ئەوەی ئەمریکا تێبگات کۆماری ئیسلامی هیچ پاشەکشێیەکی بۆ ناکات دەبێت دادگا سزای سێدارە بەسەر دەستگیرکراواندا بسەپێنێت. لێدوانی ئەو پەرلەمانتارانە لە کاتێکدایە تا ئێستا زیاتر لە 315 خۆپیشاندەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.
هاوڵاتی وەزیری پەیوەندییەکانى عێراق کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایلى پەسەندکرد و رایگەیاند، ئەو پرسە دەخرێتە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقەوە. هیام یاسیری، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند: لێکۆڵینەوەیەکی تۆکمەمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی نرخی کارتەکان بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی پێشتر هەبووە. وەزیری پەیوەندیەکانی عێراق ئاشکراشیکرد، ئەم دۆسیەیە لە نزیکترین دانیشتنی کابینەی حکومەتدا پێشکەش دەکرێت و دەخرێتە ناو بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ پێش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدات. جێگەی باسە بە ھۆی دانانی باج لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لەسەر کارتەکانی تەلەفۆن بەھای کارتەکان بە رێژەی ٢٠٪ لەسەر ھاوڵاتیان زیادکرا.
هاوڵاتی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، رۆژانە 10 کەس لە عێراق بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانلەدەستدەدەن، ساڵی رابردوو 3300 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و ئەمساڵیش نزیکە لەو ژمارەیە؛ هۆکارەکانیش بە پلەی یەکەم بۆ خراپیی رێگەوبانەکان دەگەڕێنێتەوە. رۆژی یەکشەممە 06-11-2022 حازم ردێنی، جێگری سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق سەبارەت بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە عێراق بە کهناڵی ڕووداوی ڕاگهیاندووه، "رووداوەکانی هاتووچۆ لە عێراق زۆر بوون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە هەزاران عێراقی بەهۆیانەوە گیان لەدەستبدەن، دەبێت حکومەت چارەسەری گونجاو و رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆ." سەبارەت بە ژمارەکانی گیانلەدەستدان و قوربانییانی رووداوەکانی هاتووچۆ ناوبراو روونیکردەوە، "بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆمان وەرگرتووە، لە ساڵی 2021دا 3300 کەس گیانیان لەدەستداوە، واتە رۆژانە 10 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە لە عێراق گیان لەدەستدەدەن، ئەوەش زۆرترە لە ژمارەی قوربانیانی کردەوە تیرۆریستییەکان." گوتیشی، "ساڵی رابردوو 11 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە." لەبارەی هۆکاری رووداوەکانیشەوە حازم ردێنی گوتی، "خراپیی رێگەوبانەکان لە عێراق، بەتایبەت رێگە خێراکانی نێوان پارێزگاکان، یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکانی زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆ، هۆکاری دووەم بوونی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلە. نزیکەی نیوەی ئەوانەی شۆفێری دەکەن و ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن مۆڵەتی شۆفێرییان نییە، هەروەها خێرایی شۆفێرەکان و بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا دوو هۆکاری سەرەکیی دیکەی زۆربوونی رووداوەکانی هاتووچۆن." بەپێی وەزارەتی پلاندانانی عێراق حەوت ملیۆن و 26 هەزار و 106 ئۆتۆمبێل تۆمار کراون، لە کاتێکدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2019 بریتی بوو لە شەش ملیۆن و 888 هەزار و 201 ئۆتۆمبێل. بەپێی لێدوانێکی پێشتری عەمید ئەسعەد مەلا کەریم، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 4000 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەو هۆیەوە 662 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7220 کەسیش بریندار بوون.