هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2024، وەزارەتی تەندرووستی غەززە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە. وەزارەتی تەندرووستی غەززە لە ڕاگەیەندراوەکدا دەڵێت، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا 40 هەزار و 70 هاوڵاتیی لە غەززە كوژراون. ئەوەشخراوەتەڕوو، ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە 92 هەزار و 537 كەس . وەزارەتی تەندروستی غەززە لە ڕاگەیەندراوەکیدا ئاماژە بەوەشدەکات، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 69 كەس لە غەزە كوژراون و 136ی دیكەش بریندار بوون. لە بەشێکی تری ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، 316 ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها 10 هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و 404 كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.

هاوڵاتی هەپەگە دەڵێت، لە شەڕێکدا کە 8ی ئابی 2024 لە هەرێمی گلیداغ هاتە ئاراوە فەرماندەی ئەیالەتی سەرحەدی یەژاستار، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەپەگە و یەژاستار بەروار دێرسیم بە قارەمانی شەڕیکرد و شەهیدبوو. ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی فەرماندەیەک کە لە هەرێمی گلیداغ شەهید بوو ڕاگەیاند. هەپەگە دەڵێت، لە نێوان 7 تا 10ی ئاب لەلایەن سوپای تورکیای داگیرکەرەوە لە هەرێمی گلیداغ هێرشێکى بەرفراوان ئەنجامدرا، لە نێوان داگیرکەران و هێزەکانماندا شەڕ هاتە ئاراوە، هێزەکانمان بە چالاکی کاریگەر بەرپەرچی ئەو هێرشانەی داگیرکەرانیان دایەوە، لە شەڕەکەدا بە تاکتیکی سابۆتاژ گورزی گەورە لە داگیرکەران درا و زیانی گەورە بەر دوژمن کەوت، لەگەڵ گەیشتنی زانیاری زیاتر بۆ گەلە وڵاتپارێزەکەمان و ڕای گشتی بڵاوی دەکەینەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، لەو شەڕەدا کە 8ی ئابی 2024 لە هەرێمی گلیداغ هاتە ئاراوە فەرماندەی ئەیالەتی سەرحەدی یەژاستار، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەپەگە و یەژاستار بەروار دێرسیم بە قارەمانی شەڕی کرد و شەهیدبوو. لە ڕاگەندراوەکەی هەپەگەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، هەڤاڵمان بەروار کە ئەوینی ئازادیی، خۆشەویستی وڵات و هۆگریی بۆ گەلەکەی کردە ڕێنیشاندەری مێشک و دڵی خۆی، ژنێکی کورد بوو کە خاوەن ئازایەتی و لەخۆبوردەیی گەورەبوو، بەروار کە لەپێناو دۆزی هەبوون و ئازادی گەلەکەماندا ڕووی کردە چیاکان، بە ناسنامە و ڕاستی ژنی ئازاد خۆی گەیاندە حەقیقەت و بە ئایدۆلۆژیای ئاپۆیی سەرلەنوێ خۆی ئافراندەوە، بوو بە جەنگاوەر و فەرماندەیەکی فیدایی ئاپۆیی. هەپەگە باسلەوەشدەکات، دوایین جار لە ئەیالەتی سەرحەد ئەرکی فەرماندەیی ئەیالەتی یەژاستاری لە ئەستۆبوو، بۆ ئەوەی گەریلایەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، تاکتیکی نوێی سەردەمیانە و شێوازی شەری تیمە پسپۆڕەکان بە سەرکەوتوویی بەجێبگەیەنێت، بەشێوەی بێ کۆتایی لەخۆبووردەیی کرد، هەڤاڵمان بەروار کە ئەوینداری لوتکەکانی چیاکانی کوردستان بوو بە خۆشەویستیەکی زۆرەوە هەنگاوی دەنا، بەرەو لوتکەی چیای ئاگری هەڵکشا بە ناوەکەی تریەوە واتە گلیداغ و ئاڵای تێکۆشانی خۆی لەوێ شەکاندەوە، هەموو هەبوونی خۆی لەپێناو ئازادی گەلەکەمان و هەموو ژناندا بەخت کرد، بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی لە هەموو شوێنێک بە شێوەی شایستە بەجێگەیاند و سەلماندی کە فەرماندە و شۆڕشگێڕێکی پێشەنگە. هەپەگە لە کۆتای ڕاگەندراوەکدا ئاماژەبەوەدەکات، بەڵێن دەدەین کە هەرگیز فەرماندە بەروار کە خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین بوو لە بیرنەکەین، دەنگی دلێر و ئاڵای بەروارەکان لە لوتکەی چیاکانی کوردستان نەبڕین، لەسەر ئەو بنەمایە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی وڵاتپارێزی هەڤاڵمان، گەلی سەرحەد و هەموو گەلی کوردستان دەکەین. هەپەگە زانیاری لەسەر ناسنامەی فەرماندە شەهیدەکە بەم جۆرە خستەڕوو:  ناسناو: بەروار دێرسیم ناو و پاشناو: سەیران چۆماک شوێنی لەدایکبوون: وان ناوی دایک- باوک: مەهناز- سوڵتان کات و شوینی شەهیدبوون: 8ی ئابی 2024/ سەرحەد

هاوڵاتی دوای ئەوەی ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەواڵی تێكچوونی پەیوەندی ئەردۆغان و کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی تیرۆرکراوی مەکتەبی سیاسی حەماسی بڵاوکردەوە، تورکیا ڕەتی دەکاتەوە. ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ناکۆکی کەوتووەتە نێوان کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە و ئەردۆغان لەسەر ئەوەی داوای ئەو سێ ملیار دۆلارەیان کردووە کە لە هەژماری بانکی تورکیا بە ناوی باوکیان هەڵگیرابوو، ئەردۆغان ڕەتی کردووەتە ئەو پارەیان بداتەوە. لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: ئیسرائیلی کۆمەڵکوژ بەم جۆرە تۆمەتانە دەیەوێت سەرنجمان لەسەر دۆخی غەززە دووربخاتەوە کە ئەمەش مەحاڵە.

هاوڵاتی به‌ره‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ی ئابی 2024، له‌ بۆردوومانێكی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سه‌ر ناوچه‌یه‌ك له‌ باشووری لوبنان، 10 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا. ڕۆژنامەی "الشرق الأوسط" بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، كه‌ له‌ بۆردوومانێكی سوپای ئیسرائیدا له‌ بۆ سه‌ر دۆلێ كه‌فوری ناوچه‌ی نه‌به‌تییه‌ له‌ باشووری لوبنان، 10 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا كه‌ له‌نێویاندا ژن و منداڵ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها سێ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ هەینی 16ی ئابی 2024، ئیسرائیل چەند هێرشێکی دیکەیان بۆ چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان ئەنجام داوە لە ئەنجامدا کەسێک برینداربوو.

هاوڵاتی دوای دوو ڕۆژگفتوگۆی بەردەوام، دانووستانەكانی غەززە لە دەوحە وەستان، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستپێبكەنەوە. ئەمریكا، میسر و قەتەر لە هەوڵی ئەوەدان لە گەڕی داهاتووی دانوستانەكاندا بگەنە ڕێككەوتنێك لە كۆتایی بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بهێنێت و بەردانی بارمتەكانی لێ بكەوێتەوە.  جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، ڕایگەیاند: لە ڕێككەوتن نزیكن، بەڵام هێشتا پێی نەگەیشتوون. پێشنیازی نوێی ئەمریكا بۆ ئاگربەست لەسەر بنەمای پێشنیازە كۆنەكانی خراوەتە ڕوو.

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستیی عێراق تیمی پزیشکی لە هەموو پارێزگا و فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان بڵاوە پێدەکات، ئەویش بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون. نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون لە بەشێکی زۆر وڵاتان بڵاوبووەتەوە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی لە عێراق هەیە. ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گشتیی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند: ڕێکاری خۆپارێزییمان لە هەموو پارێزگاکان گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی هەر حاڵەتێکی تووشبوون بە نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون. وتیشی: تیمی پزیشکی لە دەروازە سنووری و فڕۆکەخانەکان جێگیرکراون لەپێناو دڵنیابوون لە پێشتر سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاندبوو"هیچ تووشبوویەک بەو نەخۆشییە لە عێراقدا تۆمار نەکراوە".

هاوڵاتی ماوەی دوو ڕۆژە دانوستانەکانی میسر و قەتەر و ئەمریکا لەگەڵ ئیسڕائیل بەبێ بەشداری حەماس بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە بەردەوامە، حەماسیش مەرجە نوێیەکانی ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە. ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم دانوستان لە نێوان هەریەکە لە وڵاتانی ناوبژیوانی میسر و قەتەر و ئەمریکا بەڕێوەچوو و دەڵێن: پێش کۆتایی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە بەرپرسانی باڵای ئەو سێ وڵاتە لە قاهیرە کۆدەبنەوە تاوەکو بتوانن بگەن بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئاگربەست. تیمی ناوبژیوانی ئاگربەستی غەززە لەڕاگەیاندراوێکدا دەڵێن: سەرجەم تیمە تەکنیکییەکان بەردەوام دەبن لە کارکردن لەسەر وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی پێشنیاری ئەمریکا بۆ ئاگربەست و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی ماونەتەوە لەبەردەم ئاگربەستدا. ئیسرائیل لە دەوحە، داوایکردووە مافی ڤیتۆکردنی ئازادکردنی هەندێ بەندکراوی فەڵەستینی هەبێت، هەروەها بتوانێت هەندێ لە بەندکراوە فەڵەستینییەکان دیپۆرتی شوێنەکانی دیکە بکات، نەک غەززە.  بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماسییش ڕایگەیاند، ئەو "مەرجە نوێیانە" ڕەتدەکەنەوە کە ئیسرائیل بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لەم دوو رۆژەدا لە دەوحە پێشکێشی کردوون. دەشڵێت: یەکێک لە مەرجە نوێیەکانی ئیسرائیل بریتییە لە هێشتنەوەی سەربازانی ئیسرائیلی لە نێو غەززە بە درێژایی سنووری میسر، لە کاتێکدا حەماس داوای کردووە سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە ناوچە فەڵەستینییەکان بکشێتەوە، ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و بەندکراوە فەڵەستینییەکانیش لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێن.   ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئیسرائیل جارێکیتر داوای لە ئاوارەبووانی فەڵەستینی کرد ناوچەی دێر بەلەح بەجێبهێڵن چونکە هێزەکانیان هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانە.

هاوڵاتی تەڤگەری ئازادیی دەڵێت، وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و بۆ بەردەوامیی دان بە پیلانگێڕیی و داگیرکاریی سەر باشوری كوردستان و جینۆسایدی گەلی كورد. ئەمڕۆ هەینی، 16ی ئابی 2014، دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، لەبارەی سەردانی شاندی عێراق بەسەرۆکایەتی فواد حسێن وەزیری دەرەوە لەسەر پشکی پەدەکە، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە. دەقی ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەری ئازادیی: جارێكی تر وەزیری دەرەوەی عێراق کە پارتییە (فواد حسێن) و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورك ھاکان فیدان، بۆ بەردەوامیی دان بە پیلانگێڕیی و داگیرکاریی سەر باشوری كوردستان و جینۆسایدی گەلی كورد، لە ئەنقەرە كۆبونەوە و دەستیان بە داڕشتنی پیلانێكی نوێ كرد، دژ بە بزوتنەوەی ئازادیی کوردان و  ھێڵی نیشتمانیی و ئازادییخوازیی. لە دوای بەناو رێککەوتنە ٢٧ خاڵییەکەی نێوان حکومەتی ئەردۆغان و  حکومەتی سودانیی لە بەغداد و بارزانیی  لە ھەولێر، ھێرشەکانی سوپای تورکیا بە ھاوکاریی پارتی-بارزانیی لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بۆ سەر ھەرێمەکانی زاپ و گارا و مەتینا دەستی پێکرد، بەئامانجی داگیركردنی خاڵە ستراتیژییەکانی سنوری خاكی باشوری كوردستان، بەڵام بەھۆی بەرگری ئازایانەی ھێزەکانی پارێزەرانی گەل، ھێشتا لە روی سەربازییەوە نەیان توانیوە بگەنە ھیچ ئامانجێک، لە بەرامبەر دا حکومەتی عێراق لە رێگەی دادگا،  داخوازیی تورکیای جێبەجێکرد، بە شێوەیەکی زۆر نایاسایی بڕیاری قەدەغەی لەسەر سێ پارتی موڵەتپێدراوی نیشتمانیی وەک: (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، پارتی ئازادیی ئیزیدی، بەرەی دیموکراسی گەل) دا  بە تۆمەتی ناڕەوا و  نایاسایی، تەنھا تاوانێک کە ھەبێت پێشەنگایەتیی کردنی ناڕەزایەتییەکان بووە، دژبە ھێرشەداگیرکارییەکانی تورکیا، بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان و عێراق. لەکاتێکدا فواد حسین كە وەزیری دەرەوەی عێراقە، ئەركی ئەو پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسمانی وڵاتەکەیەتی، بەڵام لە ھەڵوێستەکانیدا وەک بەشێک لە ھێڵی خیانەت و ھاوکاریی دەوڵەتی تورک دەردەکەوێت، هەر بۆیە پێویستە ھێزە نیشتمانییەکانی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو سوکایەتیی و شەرمەزارییە قبوڵ نەکەن کە دژ بە یاسا، سەروەریی خاک و ھەر ھاووڵاتییەکی نیشتمانپەروەری عێراقیی دەکرێت. ئێمە وەكو تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، دژی هەموو پیلانێكی داگیركاریی و لەشكركێشیی سوپای داگیركەرانین. هەروەها داوایش لە هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكوردییەكان و عێراقییەکان دەكەین، بێ دەنگ نەبن و خاوەن ھەڵوێستی نیشتمانیی بن. ئەوەی گرنگە حكومەتی عێراق، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پێویستە کە ھەڵوێست و دەسەڵاتی خۆیان بەکاربهێنن، بۆ لێپرسینەوەی تەواو، لە وەزیری دەرەوەی عێراق،  لە بەرامبەر بەكاریهێنانی پێگەکەی، دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلان و خاكی عێراق.

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 16ی ئابی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی دوو گەریلا کە لە زاپ شەهید بوون ڕاگەیاند. هەپەگە دەڵێت، ئەندامی فەرماندەیی گواستنەوە و ئیدارەی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و کۆنسەی فەرمانداری هەپەگە و هەڤاڵانمان ئالان ملازگر و دکتۆر سارا تۆلهەلدان لە 21ی حوزەیرانی 2024ی لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سیدای زاپ لە چالاکی هێرشی فیدای لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر شەهید بوون. ئاماژە بەوەشکراوە، لە زاپ کە سوپای تورکیای داگیرکەر لە 24ی نیسانی 2021ەوە بە ئاستێکی زۆر بەرفراوان، وە لە 14ی نیسانی 222ش لەسەر هەمان بنەمای داگیرکاری بەرفراوان هێرشی کرد، بۆیە لەو قۆناغەدا یەكێک لە هەرە بەرخۆدانە مێژوویەکان بەڕێوەدەچێت، لە قۆناغی بەرخۆدانی چیای ڕەش، شەهید شاهین، چلۆی بچوک، شاخی جەهەنم، ئەشکەوتی برینداران، کورەژارۆ، کارکەر، وەرخەلی، کۆرکەر، چەمچۆ، سیدا، شاخی ئێف ئێم، شاخی جودی، شاخی ئامێدی و شاخی بەهار داستانی مێژووی تێدا نووسرایەوە، ئەم گۆڕەپانانە کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەیویست لەماوەی چەند هەفتەیەکدا داگیری بکات،  لە پای بەرخۆدانی مێژووییەوە کە ماوەی 3 ساڵە بەردەوامە، هەرێمی زاپ بووە بە قەڵای بەرخۆدان کە ناتوانرێت داگیربکرێت. هەپەگە باسلەوەشدەکات، فەرماندەی قارەمانی فیدای ئاپۆی ئالان ملازگر و ژنە قارەمانی کورد دکتۆر سارا تۆڵهەلدان لە 21ی حوزەیرانی 2024دا بۆ پاراستنی هەڤاڵانیان گیانی خۆیان کرد بە سەنگەری بەرگری و لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەر چالاکی هێرشی فیداییان کرد، بە ڕۆحی گەورەی فیداییەوە هێرشییان کردە سەر بارەگاکانی سوپای تورکیای داگیرکەر و گورزی کەمەرشكێنیان لە بارەگای داگیرکەران وەشاند و گەیشتن بە ئاستی شەهادەت. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل لە کۆتای ڕاگەندراوەکەدا دەڵێن، هەڤاڵانمان ئالان و سارا بە بەرخۆدانی ڕەسەن و چالاکی فیداکارییانەوە بۆ هەمیشە دەبنە رێبەری ئێمە، بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە خاوەنداری لە یادکردنەوەیان بکەین و هەمیشە بەزیندووی ڕایگرین، تێکۆشانیان بڵند بکەین، ئامانجەکانیان بەسەر بخەین، تۆڵەکردنەوە و بەرخۆدانی مێژووییان بکەین بە پاساوی سەرکەوتنێکی گەورە، بە دڵنیاییەوە هەڵوێست و بەرخۆدانی بە شکۆی ئالان و ساراکان سەردەکەوێت، لەسەر ئەم بنەمایە سەرەخۆشی خۆمان بۆ بنەماڵەی بەڕێزی ئالان و سارا و گەلی وڵاتپاریزمان دەرەبڕین. هەپەگە ناسنامەی هەردوو شەهیدی بەم شێوەیە خستۆتەڕوو: ناسناو: سارا تۆڵهەلدان ناوی پاشناو: لەیلا ئایکوت شوێنی لە دایک بوون: ئەدەنە ناوی دایک و باوک: گەورێ- عەزیز شوێن و کاتی شەهید بوون: 21ی حوزەیرانی 2024/زاپ. ناسناو: ئالان ملازگر ناوی پاشناو: ئەندەر بودانجەر شوێنی لەدایکبوون: موش ناوی دایک و باوک: خەزال- نوسرەت شوێن و کاتی شەهید بوون: 21ی حوزەیرانی 2024/زاپ.

هاوڵاتی جارێکی دیکە دیوانى چاودێرى دارایی عێراق لیژنە بۆ وردبینى لە لیستى مووچە و خەرجی و داهاتی هەرێمی کوردستان دەنیرێت. ئەمڕۆ هەینی 16ی ئابی 2024، سۆران عومەر، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایگەیاند، "سەرۆکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لە رۆژى 14ـى ئەم مانگە بەفەرمانێکى ژمارە 21 هەزار و 787، بڕیاریداوە بە ناردنى لیژنەیەکى 15 کەسى بۆ هەرێمى کوردستان". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتی، "لیژنەکە وردبینی لە خەرجى و داهات و لیستەکانى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەکات". ئەمەش لەکاتێکدایە سەرەتاى ئەم مانگەى سەرۆکى دیوانى چاودێریى دارایى عێراق رایگەیاندبوو، وردبینى تەواو بووە و چیتر وردبینى پێویست نییە.

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی پاکستان  ڕایگەیاند، حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون لە نەخۆشێکدا پشتڕاستکراوەتەوە، کە لە وڵاتێکی کەنداو گەڕابووەوە. بەوتەی وەزارەتی تەندروستی پاکستان، ئەو حاڵەتە پشتڕاستکراوەتەوە و پشکنین بەردەوامە، هێشتا ڕوون نییە کە نەخۆشەکە کام جۆری mpox ی هەیە تاوەکو پرۆسەکە تەواو دەبێت. سەرهەڵدانی سەرلەنوێی ڤایرۆسەکە نیگەرانی جیهانی لێکەوتووەتەوە، چونکە پێدەچێت بە ئاسانی بڵاوبێتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە حاڵەتێکی ئەم جۆرە نوێیە لە سوید پشتڕاستکرایەوە، کە پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە هەیە لە ئەفریقا، ئەمەش یەکەم نیشانەیە بۆ بڵاوبوونەوەی لە دەرەوەی کیشوەرەکە. پێشتر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە دابوو و داوایکردووە ڕێکاری زیاتر بگیرێتە بەر.

هاوڵاتی وەزیرى نەوتى عێراق رایدەگەیەنێت؛ لە چوار ساڵی داهاتوودا کۆتایی بە سوتاندنى گازى سروشتى دەهێنن. حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی (عێراق)ی راگەیاند، "هیچ کێشە و ئاستەنگییەکى هونەرى نییە لە بەردەم پرۆسەى پەرەپێدانى کێڵگە و پێگە دۆزراوەکان لە چوارچێوەى گەڕەکانى پێنجەم و تەواوکارى شەشەمى مۆڵەتپێدان، سەرجەم ئەو زانیارییانەشى کۆمپانیاکان پێویستییانە بەردەستە". ئاماژەی بەوەشکرد، "تێکڕاى بەرهەمى چاوەڕوانکراو لە پێگەیەک بە 700 بۆ 750 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا مەزەندە دەکرێت، لەگەڵ وەبەرهێنانى رۆژانەى 850 پێ سێجا لە گازى سروشتى. بەڵام پێشبینى دەکەن ئاستى راستەقیینە زیاتربێت لە ئاستى مەزەندەکراو". وەزیرى نەوتى عێراق دەڵێت، "وەزارەتی نەوت پلانی هەیە تا سەرەتای ساڵی 2028 بە تەواوی سوتانی غاز ڕابگرێت، و هەمو ئەو غازەی بەرهەم دێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا و پیشەسازییەكانی دیكە بەكاربهێنێت". وەک وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی پێداوە، "غازی عێراقی لە ئاستی جیهانیدا بە تایبەتمەندییەك جیادەكرێتەوە كە جیاوازە لە جۆرەكانی تری غاز، بەو پێیەی ڕێژەیەكی بەرزی پێكهاتەی ئیسانی تێدایە، كە دەتوانرێت لە پیشەسازییەكانی پترۆكیمیاییدا بەكاربهێنرێت".  

هاوڵاتی  وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دواخستنی ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ پێشهاتەکانی ناوچەکە. نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەعێراقدا بوونی نییە، جگە لە ڕاوێژکاری سەربازی نەبێت کە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا کاردەکەن . ئەوەشی خستەڕوو: لیژنەی باڵای سەربازی سەر بەهێزەکانی هاوپەیمانان  ھەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی داعشیان کرد بۆ سەر ناوچەکە و نزیک بوون لەڕاگەیاندنی وادەی کشانەوەی سەرجەم ڕاوێژکارەکان لەعێراق، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی ناوچەکە ڕاگەیاندنی ئەو پرسە دواخرا. هێزی ئەمریكا لە ساڵی 2001 ەوە لە عێراقدان، بەڵام دوای هاتنی چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی عێراق، ئەمریکا هێزی زیاتری ڕەوانەی عێراق کرد، دوای نەمانی داعش بەشێک لە هێزە عێراقییەکان داوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا دەکەن.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی عێراق لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند "باسی پەکەکە و نەهێشتنی ماددەی هۆشبەریان کردووە". فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا توركییەكەی ڕایگەیاند: "ڕێککەوتووین سەربازگەی باشیک دەبێتە بنکەی مەشقی هێزە عێراقییەکان، لەگەڵ هاكان فیدان باسمان لە دۆسیەی پەكەكە و نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر كرد". لەلایەن خۆشیەوە هاکان فیدان،  وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: "لە 2024-9-ڤیزە لەسەر هاوڵاتییانی عێراقی تەمەن کەمتر لە 15 و زیاتر لە 60 ساڵ هەڵدەگیرێت".

هاوڵاتی ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كرد، تائێستا 550 چەكداری سووری لە هەرێمی كوردستان و بەهۆی شەڕكردن لەگەڵ پەكەكە كوژراون. ڕوانگەكە دەڵێت ئەو چەكدارانە زۆربەیان توركمانی سوورین و توركیا بە پارەیەكی كەم دەیانهێنێتە هەرێمی كوردستان و لە دژی پەكەكە شەڕیان پێدەكات، زۆربەشیان لە گرووپەكانی سوڵتان سلێمان و سوڵتان موراد و حەمزەن. وەك ڕوانگەی سووریا باسی دەكات، توركیا دۆخی ئابووری سووریای قۆستووەتەوە و بەپارەیەكی كەم گەنجانی سووریا هەڵدەخەڵەتێنێت و دەیانكاتە چەكداری خۆی و بۆ مەرامە سیاسییەكانی بەكاریان دەهێنێت. لە 22 ی مانگی ڕابردوو، ژمارەیەك لەو چەكدارانە لە پێكدادانێكدا پەكەكە گەمارۆی داون و دەستگیری كردوون، ئەمەش ڕوانگەی سووریا ئاشكرای كردووە.