هاوڵاتی دوای ئەوەی زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقیدا تێپەڕدەبێت و دوای دەیان كۆبوونەوەی چەندین كاتژمێری ئاشكراو نهێنی، پەرلەمانی عێراق تەنیا توانیویەتی لەهەڵبژاردنی سەرۆكێك بۆ خۆی و هەردوو جێگرەكەی و درووستكردنی لیژنەكاندا سەركەوتوو بێت، تاوەكو ئێستاش نەیتوانیوە حكوومەت درووستبكات و دۆخ و گرفتە سیاسییەكانی وڵاتیش ئاڵۆزتربووەو پەرلەمانیش كەوتووەتە بەردەمی رەخنەی زۆرینەی عێراقییەكان. بەپێی ماڵپەڕی ئەنجومەنی نوێنەرانیش لەو ماوەیەدا ئەم خولەی پەرلەمان تەنیا نۆ دانیشتنی فەرمی ئەنجامداوە جگە لە دوو دانیشتنی نائاسایی و كتوپڕ، هەر ئەمەش وایكردووە كەئەم دەزگا تەشریعییە لەبەر كەمی كارەكانیان بەرامبەر هاووڵاتیان و بەخشینی سودو بەرژەوەندییەكی زۆر بۆخۆیان بكەوێتە بەر رەخنە. بەپێی راپۆرتەكە هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران كەژمارەیان (329) كەسە، 6 ملیۆن و 400 هەزار دینار وەردەگرن، ئەمەجگە لەئیمتیازاتی تر كەنزیكدەبێتە لە 12 ملیۆن دینار. ئەحمەد تەها روبێعی پەرلەمانتار بەڕۆژنامەی سەباحی نیمچە رەسمی حكومەتی عێراق راگەیاندووە:" ئەركی سەرەكی پەرلەمانتار بەپێی دەستورو پەیڕەوی ناوخۆیی ئەنجومەنی چاودێری و یاسادانانە"، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەو رێگرییانەی كەئێستا هەیەو وایكردووە كەدانیشتنەكان كەمببێتەوە مانای ئەوە نییە پەرلەمانتاران بەكاری خۆیان هەڵناسن و چاودێری دەزگاو دامەزراوە تەنفیزییەكان ناكەن، بەتایبەت زۆرینەیان دابەشی سەر لیژنەكان كراون و ژمارەیەكی زۆر لەهاوكارانی كارەكانی خۆیان ئەنجامدەدەن". هەر دەربارەی ئەو دۆخە حەیدەر سەلمانی چاودێری سیاسی دەڵێت: " لەگرنگترین ئەو خاڵانەی كەئێستا مایەی مشتومڕی كۆمەڵگای عێراقییە سودی ئەم پەرلەمانەیە لەبەرامبەر ئەو ئیمتیازاتە زۆرەی كە وەریدەگرن"، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات " ئەم خولی پێنجەمە هیچ شتێكی پێشكەشنەكردووە، دۆخی سیاسیی هەروەك خۆیەتی و ئاڵۆزە، ئەمە جگە لەدەستلەكاركێشانەوەو كشانەوەو داگیركردنی باڵەخانەی ئەنجومەنەكەش". ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت:" ئەندامانی پەرلەمان بۆ خزمەتگوزارییەكانی ماڵەكانیان پارەیەكی زۆر وەردەگرن، ئەمە جگە لەخەرجی و مەسروفاتی بەنزین و پاسەوان و میوانداری، بەپێی یاساش ئەگەر یەك ساڵیش پەرلەمانتاربن بەڕێژەی لەسەدا 80ی موچەكانیان خانەنشین دەكرێن". جەختیش لەوەدەكاتەوە: "ئەم پەرلەمانە ناچالاكترین پەرلەمانی جیهانەو ئەندامەكانیان وادەزانن دەركردنی بەیاننامەو درووستكردنی گرووپ چاتی وەتسئاپ چالاكیی گەورەیە". بەبڕوای بەشێك لەچاودێرانیش گرفتی سەرەكی ئەم خولەی پەرلەمان جێبەجێنەكردنی زۆرینە خاڵەكانی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانەو تائێستاش هیچ چاودێرییەكی راستەقینەو كاریگەر لەسەر كارەكانی پەرلەمان نییە. دەربارەی بوونی ئیمتیازاتێكی زۆریش بۆ ئەندامەكانی ئەنجومەن، چاودێران بڕوایان وایە شێوازی سیستەمەكە وایكردووە پەرلەمانتار ئەو هەموو ئیمتیازەی هەبێت و بەپێی یاسا دەركراوەكانی خولەكانی پێشووتر جێبەجێدەكرێت. بەپێی زانیارییەكانیش بودجەی ساڵانەی (سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران و پەرلەمانتاران و وەزیرەكان و پلەتایبەتەكان) و فەرمانبەران و پاسەوانەكانی هەرسێ دەزگا باڵاكەی عێراق زیاتر لە 308 ملیار دینارە، كەهەر بەتەنیا بودجەی پەرلەمانی عێراق بە(سەرۆك و جێگرەكان و پەرلەمانتاران و پلەتایبەتەكان و پاسەوان و فەرمانبەرەكانیەوە) زیاترە لە 229 ملیار دینار.

 هاوڵاتی تادێت دیمەنی ئاڵۆزی و نائارامی سیاسی لەعێراقدا لێڵتر دەبێت و ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پەرلەمان و تەواوی دامەزراوە دەستوورییەكانی دیكە قوڵتر دەبێتەوە و بەرەو تونێلێك هەنگاو دەنێت كە ئەوسەری دیار نەبێت، تەنانەت هەر بەتەنیا لەسنورێكی دیاریكراودا رانەوەستاوە، بەڵكو درێژبووەتەوە  بۆ ناو كۆی كایە سیاسییەكانی ئێستای حوكمڕانی. هەرچەندە لەچەندڕۆژی رابردوودا جێنین پلاسخارت بەناوی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە لەگەڵ زۆرینەی سەركردە سیاسییەكانی عێراقدا كۆبوەوەو هەوڵیدا دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەری ناكۆكییەكان بەئەنجام بگەیەنێت، بەڵام وادیارە ناكۆكییەكان لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی چوارچێوەی حوكمڕانی و سیاسی و دەستووری ئەوەندە قوڵبێت كە بەئاسانی هیچ لایەنێك نەتوانێت سازشی لەسەر بكات، بەتایبەت كە لەئێستادا سەدر داوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان دەكات و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش هەرچەندە بەئاشكراو راستەوخۆ دژی ئەو بۆچوونە نەوەستاونەتەوە بەڵام مەرجی وا سەختیان داناوە كەجارێكی تر عێراقی گەڕاندووەتەوە بۆ خاڵی سفر و چوارچێوەی سەرەتای پرۆسەی سیاسی لەساڵی 2003. ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك لایەن هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەچارەسەرێكی سیحری دەزانن بۆ دۆخی عێراق، بەڵام ئەو پرسیارەی كە لێرەدا سەرهەڵدەدات ئەوەیە ئایا دووبارە ئەنجامدانەوەی نمایشەكە هەمان دەرئەنجامی نییە؟ ئایا حزب و لایەنێك بەتەنیا دەتوانێت زۆرینەی كورسییەكان بباتەوەو حكومەت دروستبكات؟. بەڵام ئایا شێوازەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە چۆن دەبێت؟! لەكاتێكدا دۆخی عێراق ئێستا لەسەر لێواری تەقینەوەدایەو 10 مانگ نابێت هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی دیكە ئەنجامدراوە. سازدانی هەر هەڵبژاردنێكی نوێ لەعێراق بەر لەهەموو شێك پێویستی بەهەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانە، كەئەمەش پێویستی بەدانیشتنی پەرلەمانی هەیەو لەئێستادا بەهۆی پەكخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە ئەمە قورسە. لەدەستوری عێراقیشدا بەپێی ماددەی (64)ی تەنیا دوو رێگەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دیاریكردووە: رێگای یەكەم: یەك لەسەرسێی ئەندامانی پەرلەمان واتە لەكۆی (329) ئەندام (110) ئەندام نووسراوێك پێشكەش بكەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن و پەرلەمان بەزۆرینەی رەها واتە (50+1)ی دەنگی ئەندامەكانی داواكارییەكە پەسەندبكات. بەگوێرەی ئەم رێگا دەستورییە دوای پێشكەشكردنی داواكاری، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی (165) ئەندامی پەرلەمان هەیە لەكۆی (329) ئەندام. رێگای دووەم: سەرۆكوەزیران بەڕەزامەندی سەرۆك كۆمار داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات. ئەم رێگایەش لەئێستادا ناتوانرێت پەنای بۆ ببرێت چونكە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار هەردووكیان  لەئێستادا كاربەڕێكەرن و لەبەردەم خولی ئێستای پەرلەماندا هەڵنەبژێردراون و ناتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن. ئەمیر دەعمی پسپۆڕی یاسایی عێراقی لەلێدوانێكیدا بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) دەڵێت:" هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەپێی میكانیزمی پێشكەشكردنی داواكاری لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بۆ سەرۆك كۆمار نادروستە، چونكە سەرۆك كۆمار لەلایەن پەرلەمانی ئێستاوە هەڵنەبژێردراوە‌و سەرۆك وەزیرانیش ویلایەتەكەی تەواو بووە، بۆیە ناكرێت بودجە بۆ حكومەت تەرخانبكرێت بەمەبەستی سازدانی هەڵبژاردن". ئەو پسپۆڕە یاساییە جەخت لەوەدەكاتەوە:  "كە تاكە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتە بۆ ماوەیەكی كاتی دیاریكراو، تاوەكو شەرعیەت وەربگرێت بەئاڕاستەی تەرخانكردنی بودجە بۆ سازدانی هەڵبژاردن". لەبارەی دادگای فیدڕاڵیشەوە ئەو پسپۆڕە پێی وایە" دادگای فیدراڵی جەختی لەسەر ئەوە كردووە كەحكومەتە كاربەڕێكەرەكان ناتوانن ئەو بڕیارانە بدەن كە رەهەندی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتییان هەیە، واتە بەپێی ئەم میكانیزمە ناتوانرێت پەرلەمان هەڵوەشێندرێتەوە". واشدەردەكەوێت بەم نزیكانە ئەوسەری تونێلەكەی دۆخی عێراق دیارنەبێت و هەموو دەستپێشخەری و چارەسەرە سیاسییەكان بەهۆی ناڕازیبوونی لایەنەكانەوە لەبازنەیەكی بۆشدا بخولێنەوە و دووبارە بگەڕێینەوە چوارچێوەی یەكەم.

هاوڵاتی راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ، سه‌باره‌ت به‌ پەسەندكردنی بودجەی زیاتر لە ساڵێكی دارایی بۆ عێراق ڕوونکردنه‌وه‌ ده‌دات، هاوكات ئاماژەی بە مەرجەكانی جێبه‌جێکردنی بڕیارێکی له‌و جۆره‌ كرد.  له‌و باره‌یه‌وه‌ مەزھەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی مسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق به‌ ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵی عێراقی ڕاگه‌یاندووه: "لە یاسای هەمواركراوی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 ئاماژە بە پەسندكردنی بودجەی گشتی دەكات لەسەر بنەمای ساڵانە، بەو پێیەی ئەو رەشنووسە یاسایەی كە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران وەک یاسایەک کە پێی دەوترێت یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی. هاوکات ئاماژە بەوەشدەکات کە"عێراق ستراتیژێك دەگرێتەبەر بۆ بودجەی گشتی كە بۆ سێ ساڵی داهاتوو درێژدەبێتەوە و هاوتەریبە لەگەڵ پێوەرەكانی پلانی گەشەپێدانی ئابووری ئەو وڵاتە، بەڵام ساڵانە هەمواردەکرێتەوە .   وتیشی " پێشنیارێک ھەیە کە بودجەی گشتی بۆ زیاتر لە ساڵێکی دارایی پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای کاریگەرانەی بەڕێوەبردنی دارایی هەیە، وازهێنان لە بودجەی ساڵانە و گۆڕینی شێوازەکانی بودجە کە بۆ ژمارەیەک ساڵ پەسەند دەکرێن. روونیشیکردەوە کە "پێشنیاره‌كه‌ له‌ ئه‌زموونه‌ داراییه‌كانی جیهاندا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ رێكخراوه‌ داراییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ فره‌لایه‌نه‌كان، كه‌ عێراق ئه‌ندامه‌تی ئه‌و پرسه‌ تاوتوێبکرێت‌، بۆ ئه‌وه‌ی دیراسە بكرێت به‌ گوێره‌ی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ و سیستەمی پەسەندکراو لە دارایی گشتی و بەکارهێنانە جیهانییەکانی و بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە یاساییەکان ، ھەروەھا حیساباتی پەیوەست بە بنەماکانی حوکمڕانی بودجەی گشتی لەم جۆرە.    

هاوڵاتی بەشدار حەسەن پارێزەری گیراوانی بادینان بە هاوڵاتی رایگەیاند: "یاداشتێكیان داوەتە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەدروستكردنی ئاستەنگ بۆ ئازادكردنی بەمەرجی دەستگیركراوانی بادینان". وتیشی: یاداشتێكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان گەیەندراوەتە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق تا بگەیەندرێتە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی گیراوان و داواكاریان بۆ ئازادكردنیان بەمەرج. هەر ئەمرۆ لەسلێمانی ژمارەیەك چالاكوان و رۆژنامەنوس و  كەسوكاری بەشێك لەگیراوانی چاكسازی هەولێر، لەبەردەم دادگای سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان كرد دەستگیركراوانی بادینان ئازاد بكرێن. سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لە فەیسبووكی خۆی نوسیوێتی: "لەئێستادا ٥۳ دەستگیكیراو بیست ڕۆژە زۆرینەیان لەزیندان مانیان گرتووەو لەدۆخێكی خراپی تەندروستیدا  بەهۆی ئەوەی ئاستەنگیان خستۆتە بەردەم ئازادكردنی بەمەرج".  راشیگەیاند: "گیراوانی بادینان باجی هەڵوێستە مەدەنیەكان دەدەن و ئەو سزایەی بەسەریاندا سەپێنرا تۆڵەی سیاسی و بەكارهێنانی دادگابوو بۆ سەركوتی ئازادی".

هاوڵاتی بۆ ئەنجامدانی مه‌راسیمی عاشورا و سه‌ردانیکردنی مه‌زاره‌ پیرۆزه‌کانی شیعه‌ له‌نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا زیاتر لە ١٧ هەزار كەس سەردانی عێراقیان كردووە. له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی ئاشکرای کردووه‌ "فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف 12 هەزار و 150 سەردانكەری پێشوازیلێكراوە، هاوكات فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداش لەم رۆژانەدا 5 هەزار و 500 سەردانكەری پێشوازی لێكراوە لە نەتەوە جیاوازەكان، بە مەبەستی ئەنجامدانی مەراسیمی سەردانكردنی ئیمام حوسێن درودی خوای لەسەر بێت، بەبۆنەی یادی عاشوراوە”.  ئاماژەی بەوەشکرد، "هەوڵی خزمەتگوزاریی گەورە لەلایەن ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و نەجەفەوە دەکرێت لەڕێگەی هەماهەنگییەکی گەورە لەنێوان لایەنە پاڵپشتەکان و دەسەڵاتی گەشتوگوزار بەمەبەستی دابینکردنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ سەردانکەران".  مه‌راسیمی عاشورا ساڵانه‌ له‌لایه‌ن په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌بی شیعه‌وه‌ له‌پارێزگاکانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ئه‌نجامده‌درێت.

هاوڵاتی دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی موسڵ ، پارێزگاری نەینەوا واژۆی لەسەر گرێبەستی نوژەنکردنەوەی فڕۆکخانەی مۆسڵی نێودەولەتی دەکات. رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆکاروباری کارگێری بە هاوڵاتی وت"ئەمڕۆ لەمەراسیمێکی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا هەروەها بەرپرسانی ئیداری پارێزگایەکە ، واژۆ لەسەر پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکخانەی نێودەوڵەتی مۆسڵ کرا" "فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی موسڵ لەلایەن کۆمپانیاییەکی تورکییەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق بەردی بناغە بۆ نوژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکە دانرا، بێگومان ئەمە دەبێتە هەنگاوێکی زۆر باش لەبواری ئاوەدانکردنەوەی شارەکە هەروەها بەتەواوبونی پرۆژەکە تەواوی خەڵکی مۆسڵ و عیراق سوود لێی وەردەگرن" فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ لە1920بنیاتنراوە، ئەوکاتەی بەریتانیا حوکمی عیراقی دەکرد، لەساڵی1922لە فڕۆکەخانەی سەربازییەوە بۆ مەدەنی گۆڕا، ئەمە دووەمجارە ئیمزا لەسەر پڕۆژەی نوژەنکردنەی فڕۆکەخانەکە دەکرێت، پارساڵ لەکانونی دووەمی2021 کۆنوسێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عیراق و کۆمپانیای فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی پاریس واژۆکرا. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ حەوت ساڵە دەرگاکانی داخراون، لەناوەراستی 2014داعش دەستیگرت بەسەر فڕۆکەخانەدا وکردی بە بنکەیەکی سەربازی،جگە لە روخاندنی و وێرانکرنی، دەیان بۆمبی مەترسیداریشی دوای خۆی بەجێهێشت، بۆمبە چێنراوەکان بەهاوکاری دارایی ئەمریکا و لەرێی دوو کۆمپانیای تایبەتمەندەوە بە 18مانگ هەڵگیرانەوە، لەتشرینی دووەمی2019یشدا رادەستی حکومەتی خۆجێیی نەینەوا کرایەوە تا نۆژەنی بکاتەوە.

هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا حەشدی شەعبی ئاشکرای کردووە بەهاوکاری سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای دیالە دەستپێکردووە. فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی عێراق، تاڵب موسەوی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگاگە راگەیاند. بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی، تاڵب موسەوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای دیالە رایگەیاندووە: پشت بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان، سوپای عێراق و ھێزەکانی لیوای ٢٠، ٢٤، ٦٢ و ١١٠ی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە، ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان لە باکووری قەزای میقدادییە (شارەبان) باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگاکە دەست پێ کردووە. ئاماژەی بەوەیشداوە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە چوار میحوەری باکووری قەزای میقدادییە ئەنجام دەدرێت. موسەوى راشیگەیاندووە کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشە لە ناوچەکانی باکووری قەزای میقدادییە.

هاوڵاتی پسپۆڕێکی یاسایی عێراقی بڕوای وایە لەئێستادا سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کاربەڕێکەرن و ناتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکەن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات تاكە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەڵبژاردن سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتە بۆ ماوەیەكی كاتیی دیاریكراو. ئەمیر دەعمی پسپۆڕی یاسایی عێراقی لەلێدوانێکیدا بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە" هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەگوێرەی میكانیزمی پێشكەشكردنی داواكاری لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بۆ سەرۆك كۆمار نادروستە، چونكە سەرۆك كۆمار لەلایەن پەرلەمانی ئێستاوە هەڵنەبژێردراوە‌و سەرۆك وەزیرانیش ولایەتەكەی تەواو بووە، بۆیە ناكرێت بودجە بۆ حكومەت تەرخان بكرێت بەمەبەستی سازدانی هەڵبژاردن. ئەو پسپۆڕە یاساییە جەخت لەوەدەکاتەوە کە "تاكە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەڵبژاردن سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتە بۆ ماوەیەكی كاتیی دیاریكراو، تاوەكو شەرعیەت وەربگرێت بەئاڕاستەی تەرخانكردنی بودجە بۆ سازدانی هەڵبژاردن". لەبارەی دادگای فیدڕاڵیشەوە ئەو پسپۆڕە پێی وایە" دادگای فیدراڵی جەختی لەسەر ئەوە كردووە حكومەتە كاربەڕێكەرەكان ناتوانن ئەو بڕیارانە بدەن كە رەهەندی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتییان هەیە، واتە بەگوێرەی ئەم میكانیزمە ناتوانرێت پەرلەمان هەڵوەشێندرێتەوە".

هاوڵاتی هەزاران كەس بە دروشمی “ئێمە چارەسەرین” لە مەیدانی كارتال لە ئەستەنبوڵ بەشداری میتینگی هەدەپەیان كرد و هاوسەرۆكی هەدەپەش ڕایگەیاند:" هیچ كێشەیەك بەبێ شكاندنی گۆشەگیریی لە ئیمرالی چارەسەر نابێت". پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بە دروشمی “ئێمە چارەسەرین نەك شەڕ و داگیركاری” لە مەیدانی كارتالی لە شاری ئیستەنبول میتینگێكی جەماوەری ئەنجامدا و بە هەزاران كەس بەشداریان تیادا كرد. سەدان ژنی ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازاد (TJA) بە پۆستەری گەورەی سیاسەتمەداری بەندكراوی كورد ئایسەل توغلوك بەشداریان لە میتینگەكە كرد و داوای ئازادكردنی زیندانییە نەخۆشەكانیان كرد. پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی هەدەپە و ژمارەیەك لە سەركردەی پارتە هاوپەیمانەكان و نوێنەری چەندین ڕێكخراوی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەی گردبونەوەكە بوون. هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە رایگەیاند: "ئەوانەی كە “دەڵێن من دەسەڵاتم” بە باشی سەیری ئەم وێنەیە بكەن و ئەو كەسانە ببینن كە دەڵێن “ئێمە چارەسەرین”. بوڵدان، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" دوای گردبونەوە مەزنەكەی ئامەد، ئەمڕۆ جارێكی تر لەگەڵ گەلی توركیا و گەلی كورد كۆبووینەوە و جارێكی تر دەڵێین ئێمە چارەسەرین و نەخێر بۆ شەڕ". هاوسەرۆكی هەدەپە باسی لەوەشكرد:" هیچ كێشەیەك بەبێ شكاندنی گۆشەگیریی لە ئیمرالی چارەسەر نابێت و  هەدەپە كە دەنگ و توانای بەهێزی هەیە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەیەك لە توركیا، پارتێكە لەم وڵاتەدا تێدەكۆشێت ئێمە پێمان وایە تاكە چارەسەر بۆ هەموو كێشەكان و هەموو قەیرانەكانی ئەم وڵاتە جێبەجێكردنی بیرۆكەی هەدەپەیە چونكە ئێمە بەرخۆدانمان هەیە".  

هاوڵاتی  مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و محمد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەو پێشنیازەكەی كازمییان بۆ  بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی ئێستا تاوتوێكرد. نوسینگەی راگەیاندنی  حەلبوسی رایگەیاند: لەو كۆبونەوەكەیەدا تاوتوێی دوا پێشهاتە سیاسیەكان و دۆخی پەرلەمان كرا، لەگەڵ رێگەكانی پتەوكردنی لێكتێگەیشتن لەسەر ئاستی هێزە سیاسیە نیشتمانییەكان لە چوارچێوەی ئەو پێشنیارەی كازمی پێشكەشی كردبوو بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی ئێستای عێراق. ئاشكراشیكرد: هەردوولا بۆچوونی هاوبەشیان خستەڕوو بۆ پتەوكردنی رێرەوی دەستوری و یاسایی كە بەرژەوەندی هاووڵاتیان لە پێشینەبێت، ئەنجامەكانیش لەبەرچاوبگیرێن كە گوزارشتی ڕاستەقینە لە ئیرادەی گەلی عێراق و خواستەكانی بكات لە پاستنی ئاسایش و سەقامگیری.

هاوڵاتی  هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە رایگەیاند: 39 سەربازی توركیامان كوشتووەو دەستیشمان بەسەر چەندین كەلوپەلی سەربازیدا گرتووە". ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هیزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە ڕایگەیاند:“هێزەكانمان گورزی گەورەیان لە سوپای توركیا داوەو 39  سەربازی توركیامان كوشتوەو 5ی تریشیان برینداركردووە 2 سیستمی ڕادار و 2 سەنگەر و 2 سیستمی كامێرای حەراری و تەقەمەنیمان تێكشكاندووە". رونیشیكردەوە:" گورز لە 1 ئۆتۆمبێلی شۆفڵی دوو سەنگەر وەشێندراوە،  جگە لەوەش هێزەكانمان هەڵیانكوتایە سەر سوپای توركیا و دەستیان بەسەر 20 كیلۆگرام تەقەمەنی و چەندین كەلوپەلی سەربازیدا گرتووە". هەپەگە ڕاشیگەیاند: "سوپای توركیا 28 جار بە چەكی ئەتۆمی تاكتیكی، چەكی كیمیایی، بۆمبی دوكەڵ و  دەستی هێرشی كردە سەر ناوچەكانمان 9 جار بە فڕۆكەی جەنگی و 18 جار  بە كۆپتەری هێرشبەر و دەیان جار بە تۆپ و هاوەن و تانك و چەكی قورس هێرشیان كردووە".  

هاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق وادەی تەواوکردنی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ سعودیە ئاشکراکرد، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە مەلەفی هاوردەکردنی غاز لە قەتەرەوە پێویستی بە هاوکاری ٤ وەزارەت هەیە.  لەوبارەیەوە ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا، ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، "وەزارەتی کارەبا لەگەڵ لایەنی سعودیە رێڕەوی هێڵەکان و خاڵەکانی بەستنەوە و میکانیزمی کارکردنی دەستنیشانکردووە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە هەزار مێگاوات لەخۆدەگرێت”.  ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێڵەکان لەڕێگەی دەروازەی سنووریعەرعەرەوە، و وێستگەی یوسفیە دادەمەزرێن"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەستنەکە لە ماوەی ٢٤ بۆ ٣٦ مانگدا تەواو دەبێت".  سەبارەت بە دۆسیەی هاوردەکردنی غاز لە قەتەرەوە، موسا ڕوونیکردەوە کە "تێگەیشتنێکی ئەرێنی لە لایەنی قەتەرەوە هەیە سەبارەت بە هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "مەلەفەکە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە لەلایەن وەزارەتەکانی دارایی و گواستنەوە و نەوت و کارەباوە". بۆ دامەزراندنی سەکۆی تایبەت بۆ غازی شل و ئامادەکردنی بەندەر و بەندەرەکان، هەروەها تەرخانکردنی پارە دارایی بۆ هاوردەکردنی غاز.  موسا جەختی لەوە کردەوە کە "مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران خێراکردنی ئەم دەستکەوتانەی ئاراستەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە کردووە، وە وەزارەتەکەش لەم ڕووەوە بەرەو پێشەوە دەڕوات".

هاوڵاتی بەپێی راگەیەندراوێک دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینی ده‌کات لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، شەپۆلێکی خۆڵبارین زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و بەشێک لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە. دەستەکه‌ لە راگەیەندراوێکدا، پێشبینییه‌کانی کەشوھەوای تا رۆژی پێنجشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌، سبەی دووشەممە، شەپۆلێکی خۆڵبارین زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە کە تا رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت. ئاشکراشیکردووه‌، لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور روو لە دابەزین دەکەن. دەستەی کەشناسی عێراق باسی لەوەش کردووە رۆژی چوارشەممە ١٠ی ئابی ٢٠٢٢، خۆڵبارین لە زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەردوام دەبێت و بەشێک لە ناوچەی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام پلەکانی گەرما لە باشوور زیاتر بەرزدەبنەوە. ئاشکراشیکردووە کەشوھەوای رۆژی پێنجشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٢ لە ناوەڕاست و باشوور ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرمایش روو لە دابەزین دەکەن.

هاوڵاتی  كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە، رەتیكردەوە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرابێت. جومانا غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: كۆمسیۆن دەزگایەكی پیشەیی بێلایەنە كە بڕیار لەسەر هەڵبژاردن و ڕیفراندۆم و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بە كاری هەڵبژاردن جێبەجێ دەكات. ئاشكراشیكرد: ئەنجومەنی كۆمسیاران دەسەڵاتی باڵای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانە و بەرپرسیارە لە دیاریكردنی ئەو كات و وادەیەی كە پێویستە بۆ هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردن بە ڕاوێژ لەگەڵ حكومەتدا لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردن بەركار. وتیشی: ئەنجومەنی كۆمسیاران هیچ بڕیارێك و ڕاگەیەندراوێكی لەو بارەیەوە دەرنەكردووە.

هاوڵاتی لەبەشی یەكەمی ئەم بابەتەدا بەئامارو وردەكارییەوە باسی بەشێك لەكۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەباكوری كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە كرا. لەم بەشەدا باس لەكۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەباشووری كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دەكرێت.   كۆمەڵكوژیەكانی توركیا لەباشووری كوردستان دەوڵەتی توركیا لەگەڵ ئۆپراسیۆنەكانی بۆ «دەرەوەی سنوور»و بۆردومان و تۆپبارانەكانیداو هاوكات لەگەڵ هێرشكردنە سەر گەریلاكانی پەكەكە، هاووڵاتیانی مەدەنیشی كردووەتە ئامانج و كۆمەڵكوژی كردوون. كۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەلایەن سوپای توركیاوە بەشێوەیەكی زۆر روون و ئاشكرا و بەبەرچاوی هەموو جیهان، ناتۆ، نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمریكاو روسیاوە ئەنجامدراون. جگە لەهەندێك لێدوان، یان راگەیاندراو لەلایەن هیچ یەك لەناوەندە سیاسی و سەربازییە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی زلهێزو كاریگەرەكانی سیاسەتی جیهانی هیچ كارێك نەكراوە بۆ رێگریكردن لەتوركیا بۆ ئەوەی كۆتایی بەكوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی بهێنێت. نەك رێگری لەتوركیا نەكراوە، بەڵكو لەڕووی سەربازیی، میدیایی، سیاسی و ئابوورییەوە پشتیوانی لەدەوڵەتی توركیاو سیاسەتەكانی كراوە. رێككەوتننامەی لەگەڵ ئیمزا كراوەو ئاسانكاریی بۆ كراوەو چرای سەوزی بۆ بەكارهێنانی زەوی و ئاسمان بۆ هەڵكراوە. ئەوەش وایكردووە توركیا بێباكانە بەربێتە گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و یەك لەدوای یەك كۆمەڵكوژی ئەنجام بدات. توركیا لەساڵی ١٩٨٣ەوە تاوەكو ئێستا هێرش و ئۆپراسیۆن بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان ئەنجام دەدات. بەگشتی تاوەكو ئێستا ٣٢ ئۆپراسیۆنی گەورە و فەرمیی بۆ سەر باشووری كوردستان ئەنجامداوە لەگەڵ سەدان هەزار بۆردومان و تۆپبارانكردنی خاك و گوندو رەزو رەوەند و خەڵكی باشووری كوردستان. توركیا لەمانگی ئابی ١٩٨٦ و لەسێیەم ئۆپراسیۆنی بۆ دەرەوەی سنوور، لەخواكورك لەیەك كاتدا هێرشی كردەسەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و پارتی، لەو هێرشەدا زیاتر لە ١٠٠ پێشمەرگەی پارتی شەهید بوون. ئەو گورزە وای لەپارتی كرد، كە سیاسەتی چوونە ئامێزی توركیا بگرێتە بەر و لەوكاتەوە هاوكارو هاوبەشی توركیا بووە لەئۆپراسیۆنەكانیدا بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە لەخاكی باشووری كوردستاندا. لەبەر ئەوەش بەشێك لەكوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی بەهاوكاریی پارتی ئەنجامدراون.   جەنەڕاڵ ئیسماعیل مەتین تەمەل بەجامانە و كەواو پانتۆڵی پێشمەرگەوە جەنەڕاڵ ئیسماعیل مەتین تەمەل بەهۆی چەپەڵە زۆرەكانی بۆ ئەردۆغان و پشتیوانیكردنی لەهەڵبژاردنی ئەردۆغان بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار لەساڵی ٢٠١٨دا زومی كامێراكانی لەسەر بوو، بۆیە یەكێك لە گرنگترین دۆسیەكانی ئەو جەنەڕاڵە لەلایەن موحەڕەم ئینجە پاڵێوراوی جەهەپە ئاشكراكرا. ئەویش بڵاوكردنەوەی  ژمارەیەك وێنەی ئەو جەنەڕاڵە بوو بەجامانەو جلوبەرگی پێشمەرگەوە، كە مێژووی وێنەكان دەگەڕانەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٠ لەباشووری كوردستان. گەرچی ئینجە وتبووی «ئەستێرەكانی سەرشانی لادەبەم»، بەڵام ئەردۆغان كردی بەفەرماندەی ئۆپراسیۆنی داگیركردنی عەفرین ناسراو بە(چڵە زەیتون) و پلەكەی بەرزركرایەوە بۆ «جەنەڕاڵی باڵا». وێنەكانی ئەو جەنەڕاڵە توركە بەجلوبەرگی پێشمەرگەوە پەیوەندیی بەو كردە سەربازییانەی سوپای توركیاوە هەبوو، كە تیمە تایبەتەكانی سوپای توركیا لەساڵانی ١٩٩٠دا لەخاكی باشووری كوردستان لەدژی پەكەكەو لایەنگرانی پەكەكە ئەنجامیان دەداو خۆیان پێی دەڵێن، «ئەرك» لەو ساڵانەدا چەندین تاوان و رووداوی كوشتن و رفاندن و تیرۆر لەباشووری كوردستان روویانداو تەنانەت بەهۆی هەندێك رووداوی گوماناوییەوە شەڕی نێوان پارتی و یەكێتی دەستیپێكردو ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام بوو. سەربازانی توركیا لەزۆر دۆسیەدا دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە. لەباكووری كوردستان جلوبەرگی گەریلایان لەبەر كردووەو بەرامبەر بەهاووڵاتیان تاوانیان ئەنجامداوە. دۆسیەكانی دەزگای هەواڵگریی جەندرمە (ژیتەم / JİTEM) پڕە لەو دانپیادانانانەدا. بەدران ئاكداغ شایەتحاڵی دۆسیەی ئەیلولی ٢٠١٧ی ژیتەم لەقۆسەری مێردین، باسی ئەوەی كردووە، ژیتەم تاوانی ئەنجام دەداو دەیخستە ئەستۆی  پەكەكە. بەدران لەو كاتەدا وتی، «من ئەندامان و كاربەدەستانی سەربازیم دەبینی، كەجلوبەرگی گەریلایان لەبەر دەكردو تاوانیان ئەنجامدەدا». كوردان دەیان ساڵ ئەو تاوانانەیان بینی و بوونە شایەتحاڵ و قوربانیی ئەو تاوانانە. ئەو تاوانانەش لە باشووری كوردستان روویانداوە، كە لێرەدا چەند نموونەیەكیان دەخەینەڕوو.   كوشتن، رفاندن و رادەستكردنەكان لە دوای راپەڕین دەوڵەتی توركیا لە دوای راپەڕینی مانگی ئازاری ١٩٩١ سێ ئۆپراسیۆنی لەمانگەكانی نیسان و ئاب و تشرینی یەكەمی ١٩٩١دا بۆ سەر خاكی باشوری كوردستان ئەنجامدا. دەوڵەتی توركیا ئۆپراسیۆنی مانگی تشرینی یەكەمی ١٩٩١ بەهاوبەشیی پارتی و یەكێتی و بەرەی كوردستانی لەدژی پەكەكە ئەنجامدا. هاوكات لەگەڵ پارتیدا دەستیان بەكوشتنی لایەنگرانی پەكەكە لەبادینان كرد، كە كەسانی وەك عەلی شەعبان ئامێدی، سادق عومەر سندی، رەئوف ئاكرێیی تیادایە. هەروەها هۆشەنگ میرزا، زەكی ئامێدی، بەكر هیرانی لەدهۆك و هەوڵیر رفێنران و شەهید كران. جگە لەوەش لە ١٢ ی كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٩١دا ٢٣ ئەندامی پارتی  ئازادیی كوردستان (پاك) لەشاری دهۆك دەستگیركران و لە دوای ٢٠ رۆژ لە ٨ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩١ لەسنوری ئیبراهیم خەلیلەوە رادەستی دەوڵەتی توركیا كرانەوە. لەساڵی ١٩٩٢شدا نەجات مەلا ئەحمەدو محەمەد نەزیر لەنزیك شارۆچكەی سێمێلی پارێزگای دهۆك شەهیدكران. لەساڵی ١٩٩٥ یاسین مستەفا، ناسراو بەیاسین مستۆ كەسایەتیی ناسراوی عەشیرەتی نهێلێ لە نێوان گوندەكانی گوهرز و دێرەلۆك لەئامێدی كوژرا. ئەحمەد عەلی نهێلی و ئەمین سەرگەلی بەچەكی قەناس كوژران.   كۆمەڵكوژییەكانی خنێرەو خواكوڕك و زەڵێ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا ساڵی ١٩٩٢ گوندی ژیلە-یان لەناوچەی خواكورك بۆردومانكردو  هەشت كەسیان كۆمەڵكوژكرد. لە ساڵی ١٩٩٥ لە بۆردومانكردنی دەشتی هەرتێ لەخواكوڕك شرش كەسی تری مەدەنی شەهیدبوون. ساڵی  ١٩٩٧ ماڵێكیان لەبرادۆست بۆردومان كردو حەوت كەسیان شەهیدكرد. فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ساڵی ١٩٩٨ هاووڵاتیانی ناوچەی لۆلان-یان بۆردومان كردو بەو هۆیەوە ٨٤ ژن، منداڵ، هاووڵاتی و كەسی بەتەمەن شەهیدبوون. لە ‹ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنوور›ی ٢٨ی كانوونی دووەمی ١٩٩٤ لەدژی كامپی زەڵی، كەگەورەترین و بەرفراوانترین ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنوری دەوڵەتی تورك بوو تاوەكو ئەو كاتە، ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانە كرانە ئامانج، كە بەهۆی كاولكردن و سوتاندنی گوندەكانیانەوە لەلایەن دەوڵەتی تورك لەباكووری كوردستان بەناچار روویان لەباشووری كوردستان كردبوو و لەزەڵێ گیرسابوونەوە، لەو بۆردومانكردنەی كامپی زەڵیدا ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیانی مەدەنیی ئاوارەی باكووری كوردستان شەهیدو بریندار بوون.   كۆمەڵكوژیی بازاڕی زاخۆ لە ٢٧ی شوباتی ١٩٩٥ لەبازاڕی چەك فرۆشانی زاخۆدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی پڕ لە تی ئێن تی تەقێنرایەوە، كە بووە هۆی كوژرانی ٩٠ كەس و برینداركردنی ٣٠ كەس و خاپوركردنی دەیان دوكان و شوێنی كاری هاووڵاتیان. دەوڵەتی توركیا ئەو تاوان و كۆمەڵكوژییەی بۆ ئەوە ئەنجامدا تاوەكو پەكەكە نەتوانێت لەو بازاڕەدا چەك بكڕێت.   مام رەشۆ و ئاریس و فاریسی كوڕی لەئاڤاشین   سوپای توركیا لەئایاری ١٩٩٥ بە ١٠ هەزار سەربازەوە هێرشی كردە سەر ناوچەی ئاڤاشین و لەو هێرشەیەدا چوونە سەر رەشماڵەكەی مام رەشۆ و خۆی و دوو كوڕی بەناوەكانی ئاریس و فاریس-یان دەستگیركرد. مام رەشۆ، كەتەنانەت دەستی سوپاكەی سەدامی پێ نەگەیشتبوو و خۆی پاراستبوو، سوپای توركیا داوای لێدەكەن هاوكارییان بكات لەدۆزینەوەی شوێنی گەریلاكانی پەكەكەدا، كاتێك ئەوە رەتدەكاتەوە ئەشكەنجەیەكی زۆری خۆی و كوڕەكانی دەدەن، بەئەشكەنجە دەیانبەنە ناو هەلیكۆپتەرەكانیان و یەك بەیەك لەئاسمانەوە هەڵیاندەدەن خوارەوە، بەڵام هیچ هاوكارییەكی سوپای توركیا ناكەن. دوای ئەو رووداوە گەریلاكان تەرمی مام رەشۆو كوڕەكانی دەبنەوە بۆ رەشماڵەكەیان لەوێ بە خاكی دەسپێرن بۆ یادیان سێ شاخی ئەو ناوچەیان بەناویانەوە ناودەنێن، مام رەشۆ لەناوەڕاستیاندا و ئاریس و فاریسیش لەملاولایدان، سوپای توركیا لەساڵی ٢٠٢١ دیسانەوە ویستی ئەو ناوچەیە بگرێت، بەڵام لەوەدا سەرنەكەوت و لەئەنجامدا بەچڕی چەكی كیمیایی بەكارهێنا، هەشت گەریلا بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ لەو شاخەدا لەژێر چەكی كیمیایی دا بەرەنگاری سوپای توركیا بوونەوە و تائێستاش شەڕ تیایدا بەردەوامە.   كۆمەڵكوژییەكەی هەولێر لە ١٤ی ئایاری ١٩٩٧دا سوپای توركیا و پارتی پێكەوە ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانیان لەدژی پەكەكە ئەنجامدا. لە ١٦ی ئایاردا لەناو شاری هەولێر هەڵیانكوتایەسەر بارەگای یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان (یەنەدەكە)، ناوەندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا، یەكێتیی ئازادیی ژنانی كوردستان (یاژك) رۆژنامەی وڵات و رۆژنامەی عەرەبی (شمس الوطن) و نەخۆشخانەی مانگی سووری كوردستان. لەو هێرشەدا ٨٣ كەس كۆمەڵكوژكران، كە ١٩ كەسیان قۆژنامەنووس بوون، ٥٢ كەسیان گەریلای برینداری بێچەك بوون لەنەخۆشخانە و ١٢ كەسەكەی تریشیان كەسانی هونەرمەندو سیاسەتمەدار بوون و لەناوەندە مەدەنی و هونەرییەكانیاندا كۆمەڵكوژكران.   كۆمەڵكوژیی كەندەكۆڵ دەوڵەتی تورك لە ١٥ی ئابی ٢٠٠٠دا لەكەندەكۆڵ بەرامبەر بەدۆڵی قاشموك و ئاڤخوار لەنێوان خنێرەو خواكوڕك بەفڕۆكەی جەنگی هێرشی كردەسەر ١٠٠ قەشماڵی هاووڵاتیانی ئەو كوێستانەو لەو كۆمەڵكوژییەدا ٣٨ هاووڵاتی ەوەندی هەركی شەهیدكران، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و وەك هەموو ساڵێك چووبوونە كوێستانەكانی خۆیان و دەیان كەسی تریش بریندار بوون. كۆمەڵكوژییەكانی كورتەك - ٢٠١١ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ٢١ی ئابی ٢٠١١دا لەڕێگای كورتەك – رانیە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەكی مەدەنییان كردە ئامانج بەو هۆیەوە هەریەك لەحسێن مستەفا، ئۆسكار حسێن تەمەن ١٠ ساڵ، زانا حسێن تەمەن ١١ ساڵ، رێزان حسێن تەمەن ٣٤ ساڵ، مێر حاجی، سۆنیا شەماڵ تەمەن چوار ساڵ، سۆلین شەماڵ تەمەن حەوت مانگ، كە دانیشتوی گوندی بۆڵێ بوون و ئەندامی یەك خانەوادە بوون كۆمەڵكوژكران.   كۆمەڵكوژییەكانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٢ بەپێی ئاماری رێكخراوی تیمەكانی بنیاتنانی ئاشتی لەكوردستانی عێراق (سی پی تی) دەوڵەتی توركیا لەساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەكو ئێستا دەیان كۆمەڵكوژیی ئەنجامداوە و بەگشتی ١٣٨ هاووڵاتیی مەدەنی شەهیدو كۆمەڵكوژ كردووەو زیاتر لە ١٨٠ هاووڵاتیی تری مەدەنیی بریندار كردووە، كە بەشێكیان بەمشێوەیەی خوارەوەن: جارێكیتر لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا دوو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی لەناوچەی كورتەك و لەنزیك گوندی بەرد كوڕان-ی رانیە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیاوە كرانە ئامانج، كە لەسەر باخ و رەزی خۆیان دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوەو بەو هۆیەوە عەبدوڵا عەلی مینە ئاڵی ناسراو بەعەبدوڵا چاوشین تەمەن ٥٣ ساڵ و كوردستان عەبدوڵای كچی تەمەن ٣٠ ساڵ، هەریاد عەبدوڵا تەمەن ١٩ ساڵ شەهید بوون. هەروەها تەیب محەمەد عەبدڵا، محەمەد عەبدوڵا، بەناز عەبدوڵا، رابێ محەمەد دایكی قوربانیەكان بریندار بوون.    دیار غەریب لەكورتەك فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ٥ی تەمموزی ٢٠١٩دا دیار غەریب ناسراو بەهەڵمەت ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە  لە ئۆتۆمبێلێكدا بۆردومانیان كرد و لەگەڵ دوو هەڤاڵیدا شەهیدیان كرد.   كۆمەڵكوژیی زارگەلی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ١ی ئابی ٢٠١٥دا و لەكاتژمێر ٤:٠٠ بەرەبەیاندا گوندەكانی بناری قەندیل-یان بۆردومانكرد. یەكێك لەو گوندانە كەكرایە ئامانج، گوندی زارگەلی بوو. فڕۆكە جەنگییەكانی تورك سەرەتا هێرشیان كردەسەر ماڵی مام خدر. لەو هێرشەدا پورە ئایشێ هاوسەری مام خدر شەهید بوو و چەند هاووڵاتییەكی تر لەگوندەكەدا بریندار بوون. دوای ئەوەی خەڵك بەڕووداوەكەیان زانی بەهانای مام خدرەوە رۆیشتن. فڕۆكە جەنگییەكان ئەمجارە ئەو هاووڵاتییانەیان بۆردمانكرد، كە بەهانای ماڵی مام خدرەوە رۆیشتبوون، بەگشتی ١٩ موشەكیان بەگوندەكەوەو هاووڵاتیانی گوندەكەوە نابوو. لەئەنجامدا هەشت هاووڵاتی تر شەهیدو ١٢ كەسی تریش بریندار بوون و هەشت خانوی گوندەكە رووخان و زیانیان پێگەیشت و چەند ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیان سوتان. هەروەها لەئەنجامی ئەو بۆردومانەدا ژینگەی گوندەكە ژەهراوی بوو و سەرچاوەكانی ئاو، زەوی، رەز و باخی هاووڵاتیان سوتان و پیس بوون. توركیا لەو هێرشەدا بۆمبی قەدەغەكراوی بەكارهێنا و یەكێك لەموشەكەكان پاشماوەی مابوویەوە، كە دریژییەكەی دوو  مەترو نیوو و قورسیەكەیشی یەك تۆن بوو.   كۆمەڵكوژیی گۆشینە سوپای توركیا ئەمجارە لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩دادا لەئۆپراسیۆنی «پەنجە»دا بەفڕۆكەی جەنگی لەناوچەی گۆشینەی سەر بەقەزای سۆران لەپارێزگای هەولێر ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیانی كردە ئامانج و دوو سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەكە كە برا بوون شەهید بوون و برایەكی تریشیان بریندار بوو.   كۆمەڵكوژكردنی گەشتیاران و هاووڵاتیانی مەدەنی لەسەیرانگاكاندا دەوڵەتی توركیا لەبەردەوامیی كۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنیدا سەیرانگاكان و گەشتیاران دەكاتە ئامانج و لەم چەند ساڵەدا سەیرانگاكانی ئامێدی، بامەڕنی، كونەماسی، گوێژە، شیلادزێ، شارباژێڕ، باتوفا و دێرەلوك كردووەتە ئامانج و چەندین هاووڵاتی و گەشتیاری شەهید كردووە. لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، فڕۆكە شەڕكەرەكانی دەوڵەتی تورك سەیرانگەی كونەماسیی لە شاڕباژێری سلێمانی بۆردومان كردو لەئەنجامدا دوو هاووڵاتی كۆمەڵكۆژ كردو هەشت هاووڵاتیی تری بریندار كرد، كە پێنج كەسیان ئەندامی یەك خێزان بوون. لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢١دا؛ دوو گەشتیاری عەرەبی خەڵكی موسڵ بەناوەكانی ئەحمەد شاكری تەمەن ٤٠ ساڵ و یوسف عامر تەمەن ٢٦ ساڵ، لەناحیەی باتوفای سەر بەزاخۆ لەئەنجامی تۆپبارانی ئەرتەشی توركدا كوژران. لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢دا نزیكەی ١٠٠٠ هاووڵاتیی مەدەنیی خەڵكی گوندی زێوا سەرێ بەشدارییان لەفیستیڤاڵی ساڵانەی گوندەكەیاندا لەشارەدیی بامەڕنی كردبوو. لەدەمەو ئێوارەدا سوپای توركیا ئاهەنگی هاووڵاتیانی بۆردمانكردو بەو هۆیەوە یوسف كۆڤانی ١٣ ساڵان و ئاڤەند هۆشیاری ١١ ساڵان گیانیان لەدەستدا و سیپان فەرهادی هەشت ساڵانیش بەسەختی برینداربوو.  دوایین كۆمەڵكوژیی هاووڵاتیانی مەدەنی و گەشتیاران لەلایەن سوپای توركیاوە لەباشووری كوردستان كۆمەڵكوژكردنی گەشتیارانی عێراقی بوو لەگوندی پەرەخێ لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٠دا بوو، كە نۆ گەشتیاری كۆمەڵكۆژو ٢٦ كەسیشی بریندار كرد.   كۆمەڵكوژییەكانی دەوڵەتی توركیا لەشەنگال دەوڵەتی توركیا بۆ یەكەمجار لە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٧ چیای شەنگالی بۆردومان كرد و لەو كاتەوە ماوە ماوە شەنگال و خەڵكەكەی بۆردومان دەكات. لە ١٥ی ئابی ٢٠١٨دا، مام زەكی شەنگالی، لە ١٦ی ئابی ٢٠٢١دا سەید حەسەن و برازاكەی عیسا خوەدێدا، لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٠دا فەرماندە زەردەشت شەنگالی، پیر حەمید، ئێزێدین شەنگالی و جەلۆ شەنگالی و لە ١٧ی ئابی ٢٠٢١دا بەفڕۆكەی جەنگی هێرش كرایە سەر نەخۆشخانەی ناوچەی سكێنێ شەنگال و بەو هۆیەوە حەمید سعدون «قیران سیبا»، شەڕڤانی یەبەشە خدر شەرەف «پیر خدر»، شەڕڤانی یەبەشە  رامی ئەلسالم «رۆنی»، شەڕڤانی عەرەبی یەبەشەی خەڵكی بەعاج  بەناوی مەیتەم خدر خەلەف «سەرحەد زەمار»، شەڕڤانی یەبەشەی عەرەب، عەلی رەشۆ خدر، خەباتكاری نەخۆشخانە سەیدۆ ئەلیاس رەشۆ، حەجی خدر، موخلیسە سیدار و هەروەها لە ٧ی كانوونی ٢٠٢١دا هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال مەروان بەدەل-ی كۆمەڵكۆژ كرد. لە ١١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢١دا ئەنجومەنی گەلی خانەسوری بۆردومانكرد و زۆربەی باڵەخانەی ئەنجوومەنەكە رووخا. دواین جاریش لە ١٥ی حۆزەیرانی ٢٠٢٢ بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردە سەر ئەنجوومەنی گەلی سنوون و منداڵێك و باپیرەی بەناوی خدر شڤان ناسۆ و كوڕەزاكەی ساڵح خدر ناسۆ كۆمەڵكۆژ كران.   بۆردومانكردنی مەخمور   لەوەتەی دەوڵەتی توركیا هەیە هەمیشە چاوی لە بۆردومانكردن و كۆمەڵكوژكردنی هاوڵاتییانی مەدەنیی كامپی مەخمور بووە. توركیا تا ئێستا بە گشتی زیاتر لە ٢٠٠ جار كامپەكەی بە دۆشكا، هاوەن، توپخانە و فڕۆكەی جەنگی بۆردومان كردووە. لەو هێرشانەشەدا زیاتر لە ١٠٠ كەس شەهید و بریندار بوون، كە ژن، منداڵ، بە تەمەن و نەخۆشیان تیادا بووە. شاردنەوەی تاوان و كۆمەڵكوژییەكانی دەوڵەتی توركیاو پاساوهێنانەوە بۆیان و سوككردنی خوێنی هاووڵاتیانی كورد لەدوای ساڵی ٢٠١٥ەوە كاتێك كەسوكاری شەهیدانی بۆردومانەكانی توركیا هەوڵیانداوە راپۆرتی پزیشكی وەك خۆی ئامادە بكەن و لەدادگاكان سكاڵا لەدژی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا تۆمار بكەن، پێشهاتی سەیر روویاندا، بۆ نموونە محەمەد ساڵح رەسوڵ خەڵكی گوندی بۆكریسكان لەو بارەی راپۆرتی پزیشكی بۆ شەهیدانی گوندی زارگەلی دەڵێت، لەراپۆرتی پزیشكیی ئەو شەهیدانەدا لەنەخۆشخانەی قەزای سۆران بەهیچ شێوەیەك ئاماژە بەوە نەكراوە، كە بەفڕۆكەی جەنگیی توركیا شەهید بوون، بەڵكو هەر كەسە و سیناریۆیەكیان بۆ رێكخستوەو نووسیویانە یەك بە قەزای ئۆتۆمبێل و یەك بە تەقینەوە و بۆ هەر كەسەوە شتێكیان نووسیوە!، بەڵام ناكرێت بەو شێوەیە دەستكاریی چۆنیەتیی شەهیدبوونی هاووڵاتیان بكرێت.  هەروەها هاووڵاتییەكی تری بناری قەندیل بەناوی محەمەد ئەمین خدر باسی ئەوە دەكات، حكومەتی هەرێم لەئاست بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیا بێ هەڵوێستە.  یەك لەچیرۆكە زۆر سەیرو سەمەرەكان لەبارەی پاساو هێنانەوە بۆ تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا چیرۆكی كەریم قادرە، كەدانیشتوی گوندی سولییە لەبناری قەندیل. كەریم قادر لەدوای ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا خانوەكەی بۆردومان دەكەن كەیسی بۆردومانكردن و خاپووركردنی خانووەكەی دەباتە دادگا، دوای هەشت جار لەدانیشتنی دادگا، دادوەری دادگای قەڵادزێ پێی دەڵێت، تۆ یەكەم شت نازانی فڕۆكەی جەنگیی كام وڵات بووەو پاشان تۆ ناوی ئەو كەسەش نازانیت، كە فڕۆكەوان بووەو فڕۆكەكەی لێخوڕیوە، بۆیە كەریم قادر لەوە تێدەگات، كە دەیانەوێت نەك مافی بۆ بگەڕێننەوە، بەڵكو مافەكەشی زەوت دەكەن و كاریش بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە دەوڵەتی توركیا دەكەن، بۆیە لەئەنجامدا بەپێی ئەو رەفتارو هەڵسوكەوتانەو بەهۆی بێ پشت و پەناییەوە لەپێناو شاردنەوەی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیادا بەزۆر كەیسەكە بەو هاووڵاتییە دەدۆڕێنن و هیچ قەرەبویەك ناكرێتەوە. پاساوی دامودەزگاكانی هەرێم دەرەنجامی سیاسەتی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەو كاتێك حكومەتی هەرێم پاساو بۆ شاردنەوەی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا بهێنێتەوە ئیدی كاتێك وڵاتانی تر بۆ خوێنی هاووڵاتیان دنیا دەهێننە جۆش، هەر بۆ نموونە ئەوەی حكومەتی بەغدا بۆ خوێنی گەشتیارەكان لەپەرەخ كردی، دەبێتە جێگای سەرسوڕمانی بەرپرسانی حكومەت و دەڵێن، نابێت جیاوازی لەنێوان خوێنی كوردو عەرەبدا بكرێت، بەڵام بەداخەوە لەمێژە دەسەڵات و حكومەت خۆی بەدەستی خۆی خوێن و بەهاو شكۆو سیادەی هاووڵاتیی كوردو خاكەكەی سووك كردووە، بۆیە هیچ دەوڵەتێك بۆی گرنگ نییە رۆژانە چەند هاووڵاتیی مەدەنیی كورد بەناهەق و ناڕەوا شەهید دەكرێن.   دەوڵەتی توركیا بە بەردەوامی نكۆڵی لەتاوانەكانی دەكات   دەوڵەتی توركیا گەرچی توانای سەربازیی زۆرە، بەڵام لەهەمان كاتدا بەڕادەیەك لاوازە، كە توانای داننان بەتاوانەكانی خۆیدا نییە و لەئەنجامدا هەمیشە نكۆڵی لەو تاوان و كۆمەڵكوژییانە دەكات، كەئەنجامی دەدات. ئەردۆغان لە دوای كۆمەڵكوژكردنی گەشتیاران لەپەرەخێ رایگەیاند، ئەوە كاری سوپاكەیان نەبووە. قلیچدار ئۆغڵوش وتی، سوپاكەیان كەسانی مەدەنی ناكوژێت. دەسەڵات و ئۆپۆزیسونی توركیا پێكەوە چەواشەكاری دەكەن و تاوانەكانی سوپا دەشارنەوە. تا ئێستا حزبەكانی توركیاو دەسەڵات و حكومەت و دەزگای دادوەری ئامادە نەبوون تاوانەكانی سوپاكەیان و كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی ئیدانە بكەن. سەرباری بوونی دەیان بەڵگە، شایەتحاڵ، ڤیدیۆ، وێنە و وتەی پسپۆڕان، بەڵام ئەوان هەر نكۆڵی تاوانەكانیان دەكەن، ئەوەش بەمانای ئەوەیە، سیستمی سیاسیی توركیا لەگەڵ كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی دا بە دەستی سوپاو جەندرمە و میتی توركیا.