هاوڵاتی لەتوركیادا باس باسی شكستی ئەردۆغانە بەرامبەر ركابەرەكەی كەمال كلیچدار ئۆغلو، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەزینداندا كۆڵ نادات و دەستی بەبانگەشەی هەڵبژاردن كردووە دژی دەسەڵاتی ئێستای توركیا. هاووڵاتیانی توركیا 10 رۆژی دیكە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ كەمال كلچدارئۆغلۆ یاخود هەڵبژاردنەوەی سەرۆكە كۆنەكەیان رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لەپەرلەماندا دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان. گەرمترین بانگەشەی هەڵبژاردن لەمێژووی توركیادا دەستیپێكردووە، هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی كۆماری دەسەت ركابەری سەرسەختی یەكن و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش كە لەكوردو چەپەكانی توركیا پێكدێت، لەم نێوەندەدا رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕن كەبڕیاریانداوە دەنگەكانیان بۆ كلیچدار ئۆغلو بێت. دەنگێك بۆ پارتی چەپی سەوزو دەنگێك بۆ كلچدار ئۆغلۆ پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە لەڕێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا كردووە، لەدوو لاوە هاوپەیمانی پێكهێناوە، هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ پارتە سۆسیالیست و چەپەكانی توركیا لەژێر ناوی هاوپەیمانی رەنج ئازادی و هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ پارتە كوردیەكانی باكوری كوردستان بەناوی هاوپەیمانی پارتە كوردستانییەكان. هەرچەندە ئەم بەرەیە هیچ كاندیدێكی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی دیاری نەكردبوو، بەشێوەیەكی فەرمی پشتگیری خۆی بۆ كاندیدێكی دیكە ئاشكرا نەكردبوو، بەڵام لەم هەفتەیەدا هەم هاوپەیمانی پارتە كوردستانییەكان و هەم هاوپەیمانی رەنج و ئازادی ئاشكرایان كرد كە لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، دەنگ بە كەمال كلچدارئۆغلۆ سەرۆكی گشتی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) و كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن دەدەن. پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە لەكۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا لەشاری وانی باكوری كوردستان رایگەیاند، ئەوان یەك ئامانجیان هەیە لەم هەڵبژاردنەدا، ئەویش كۆتاییهێنانە بەدەسەڵاتی هاوبەشی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)و هەروەها شكستی رەجەب تەیب ئەردۆغان. لەم چوارچێوەیەدا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی داوای لەدەنگدەرانی كرد، لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگێك بەپارتی چەپی سەوزو دەنگێكیش بە كلچدار ئۆغلۆ بدەن. دەنگدان لەدەرەوەی وڵات ٢٧ی نیسان دەنگدانی دەرەوەی وڵات لەكونسوڵخانە، باڵیۆزخانە، فڕۆكەخانەو دەروازە سنوریەكانی توركیا دەستیپێكرد كە نزیكەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار كەس لەدەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدانی دەرەوەی وڵات بەپێی دابەشكاری لە وڵاتاندا تا ٩ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت كە ١٧٧ ناوەندی هەڵبژاردن لەزیاتر لە ٦٠ وڵات كراونەتەوەو لەهەرێمی كوردستان و عێراقیش سێ ناوەندی هەڵبژاردن كراونەتەوە كە ٧ی ئەم مانگە هاووڵاتیانی توركیا دەتوانن لەو ناوەندانە دەنگ بدەن. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاند، لە ١٠ی مانگدا، بەسێ فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی توركیا، دەنگەكانی دەرەوەی وڵات بۆ فڕۆكەخانەی ئەستەنبوڵ دەگەڕێندرێنەوە كەدەنگەكانی دەرەوەی وڵات رۆڵێكی گەورەیان لەیەكلاییكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردندا هەیە. چاودێرە بیانییەكان جگە لەچاودێرانی پارتە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی مەدەنی توركیا، چاودێرانی بیانیش خۆیان ئامادە دەكەن لەنزیكەوە چاودێری هەڵبژاردنەكەی ١٤ی ئایار بكەن و ئامادەكاریان كردووە سەردانی توركیا بكەن بۆ ئاشكراكردنی ساختەكاری هەر لایەنێك كەبیەوێت ئەنجامی بدات تا زانیارییەكان بیگەیەننەوە وڵاتەكەیان. بەپێی هەواڵێكی بەشی توركی ماڵپەڕی دۆیچە ویللەی ئەڵمانی، رێكخراوی دیموكراتی ئاسایشی ئەوروپاو ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ، كۆنسەی ئەوروپا، گروپی سۆسیالیست، دیموكرات و پارتی سەوز، فراكسیۆنەكانی دیموكراتە كریستیانەكان، لیبڕال، چەپ و موحافزكارەكانی كۆنسەی ئەوروپاو بەگشتی وەفدی پەرلەمانەكانی ئوستورالیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، رۆمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، پۆڵۆنیا كەژمارەیان زیاتر لە ٥٠٠ كەس دەبن دوای ٧ی ئایار سەردانی توركیا دەكەن و بەگشتی چاودێری، چۆنیەتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن، كارنامەی كاندیدەكان و میدیاكان دەكەن. ئۆپۆزسیۆن گومانی لەشكستی ئەردۆغان نییە پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن كە لەهاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیدا كۆبوونەتەوە، دەستیان بەبانگەشەیەكی گەورە كردووەو گوند بەگوند، شار بەشارو پارێزگا بەپارێزگا كۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجامدەدەن. دروشمی ئۆپۆزسیۆن بەگشتی لەم هەڵبژاردنەدا، باشكردنی بژێوی خەڵك، دادپەروەری، ئازادی، دیموكراسی، كۆتاییهێنان بەگەندەڵی و چارەسەری پرسی كوردە لەپەرلەماندا. هەرچی بەرەی دەسەڵاتیشە، بانگەشەی ئەوە دەكات كە هاوپەیمانی گەل خۆی رادەستی پەكەكەو هەدەپە كردووەو ئەردۆغانیش هەموو رۆژێك پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری و سەربازی رادەگەیەنێت. ئەردۆغان بە نهێنی وەفد دەنێرێتە لای پەکەکە و بە ئاشکرا خەڵک بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵیاندا تۆمەتبار دەکات ئەوەی جێگەی سەرنجە، مەتمانە بەخۆبوونی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنە زۆر باسی شكستی دەسەڵاتە ٢١ ساڵیەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و كۆتاییهێنان بەهاوپەیمانی مەهەپەو جەهەپە دەكەن. كەمال كلچدارئۆغلۆ لە وكۆبوونەوە جەماوەرییەكەی شاری ئیزمیردا كە بەقەڵای جەهەپە ناسراوە رایگەیاند كاتی گۆڕانكاری هاتووەو كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەردۆغان دەهێنێت. هەروەها چیدەم كلچگون ئوچار هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لەكۆبوونەوە جەماوەریەكەی پارتەكەیدا لەشاری دێرسیمی باكوری كوردستان رایگەیاند، دەنگێك بەشكستی رژێمی فاشیست و دەنگێك بەنوێنەری رەنجدەرانی توركیا دەدرێت و پێكەوە دەسەڵات دەگۆڕن. یەكێكی دیكە لەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی سەربەخۆ دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلانە كە حەوت ساڵە لەزینداندایە. دەمیرتاش كە لەزۆربەی كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی ئاكەپەدا، ئەردۆغان قسەی لەسەر دەكات و دەڵێت ‹تاوەكو من مابم دەمیرتاش لەزینداندا دەبێت› لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی دێر شپیگڵی ئەڵمانی، رایگەیاند، گومانی لەوە نییە كە ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا شكست دەهێنێت. ئەردۆغان وەفدی بۆ ئیمڕالی و قەندیل ناردووە؟ رۆژنامەی یەنی یاشامی توركی لەزاری ئامەد دیجلە میدیاكارێكی پەكەكەوە رایگەیاند، ئەردۆغان لەچوارچێوەی پرسی هەڵبژاردندا، وەفدی بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە لەئیمڕالی و بەرپرسانی ئەو پارتە لەقەندیل ناردووەو داوای لێكردووە كە هەدەپە و دەنگدەری كورد رازی بكەن دەنگی پێبدەن، بەڵام هەم لە ئیمڕالی و هەم لەقەندیل وەفدەكانی ئەردۆغان بێ هیچ دەستكەوتێك گەڕاونەتەوە. هەرچەندە ئیبراهیم كالن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا ئەو هەواڵەی رەتكردەوەو رایگەیاند، دوورە لەڕاستیەوە، بەڵام مەڕال ئاكشەنەر سەرۆكی ئیی پارتی (پارتی باش) هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، ناوی ئەو كەسەش دەزانێت كە ئەردۆغان رەوانەی ئیمڕالی كردووە. لەو بارەیەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند كە هەواڵەكە راستەو ئەمەش دووڕوویی ئەردۆغان پیشاندەدات كە لەلایەك هەدەپە بەپشتگیریكردن لەپەكەكە تاوانبار دەكات و لەلایەكی دیكەوە چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكە ئەنجامدەدات و داوای دەنگیان لێدەكات. كەجەكە: ١٤ی ئایار گرنگترین هەڵبژاردن لەمێژووی توركیادا بەڕێوەدەچێت پەكەكە لایەنێكی دیكەیە كە راستەوخۆ پەیوەندی بەپرۆسەی هەڵبژاردنەكانی توركیاوە هەیەو بەرپرسانی ئەو پارتە رۆژانە شیكردنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردنەكان دەكەن و دەڵێن، پێویستە بۆ كردنەوەی رێگەی دیموكراسی لەتوركیا كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنرێت و بەم هۆیەشەوە، بڕیاری بێ چالاكی و راگرتنی شەڕیان بۆ دوای هەڵبژاردنەكان درێژكردووتەوە كە بەهۆی بومەلەرزەكەی ٦ی شوباتەوە رایانگەیاندبوو. بەسی هۆزات هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەدوایین قسەكانیدا كە میدیاكانی حزبەكەی رایگەیاند:» هەڵبژاردنەكانی ١٤ی ئایار یەكێك لەگرنگترین و مێژووییترین هەڵبژاردنەكانی كۆمارە، هۆكاری سەرەكی گرنگی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە كە رژێمی فاشیستی قڕكەری ئاكەپەو مەهەپە دەیەوێت لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە هەبوونی خۆی هەمیشەیی بكات». هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو كە:» ئەم رژێمە فاشیستە لەسەر بناغەی تەواوكردنی قڕكردنی كورد، دەیەوێت ١٠٠مین ساڵیادی پەیمانی لۆزان و كۆمار بەڕژێمی دیكتاتۆری فاشیستی دەستوری بنەڕەتی پیرۆز بكات، ئەگەر دەسەڵاتی فاشیست لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەوێت، فاشیزم بەتەواوی سیستمی خۆی دادەكوتێت و سیاسەتی لەناوبردن و قڕكردنی كورد، پلانی شەڕی گشتی زیاتر قوڵ دەكاتەوە». بەسێ هۆزات داواشی لەخەڵكی توركیاو بەتایبەتی كوردانی باكوری كوردستان كرد، دەنگ بەپارتی چەپی سەوز بدەن و كۆتایی بەدەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە بهێنن. راپرسییەكان لەبەرژەوەندی ئەردۆغاندا نین رۆژانە راپرسی و شیكردنەوەی جیاواز لەبارەی دەنگی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی و پارتە سیاسییەكانی توركیا بڵاودەكرێتەوە، تائێستا بەپێی زۆربەی راپرسیەكان، كلچدار ئۆغلۆ لەپێش ئەردۆغانەوەیە، بەڵام ژمارەیەكی بەرچاوی كۆمپانیاكانی بواری راپرسی دەڵێن، لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا پێشبڕكێكە یەكلایی نابێتەوە، بەڵام لەخولی دووەمدا كلچدار ئۆغلۆ سەردەكەوێت. دوایین راپرسی لەلایەن كۆمپانیای (پیئار) ئەنجامدراوە كەكۆمپانیایەكی سەربەخۆی توركیایە. كۆمپانیاكە لە ٤٠ پارێزگای توركیا رای پێنج هەزارو ٤٠٠ كەسی بەشێوەیەكی رووبەڕوو وەرگرتووەو رایگەیاندووە كە كلچدار ئۆغلۆ لەخولی یەكەمدا لەسەركەوتن زۆر نزیك دەبێت و ئەنجامەكەی بەم شێوەیەیە: كەمال كلچدارئۆغلۆ رێژەی لەسەدا 49.4% و رەجەب تەیب ئەردۆغان 47.1% و سینان ئوغان 2.3% و موحەڕەم ئینجە 1.2% بەدەستدەهێنن. سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زینداندا کۆڵ نادات و دەستی بەبانگەشەی هەڵبژاردن دژ بە ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی کردووە
بەرپرسێکی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت ئێران دەتوانێت ژمارەیک بۆمبی ئەتۆمیی دروست بکات و هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە سوریا دەدات. یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیدارێکیدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی یۆنان رایگەیاند؛ ئێران لە ئێستادا کەرەستەی پێویستی بۆ دروستکردنی پێنج بۆمبی ئەتۆمیی هەیە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ ئەو مەبەستە بەرز کردوەتەوە. گاڵانت لەو دیدارەدا وتویەتی: ئێران بە پشتیوانیی کردن لە چەکدارانی فەلەستین و بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانی لە سوریا و پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ زیاتر لە 90% ، دەبێتە مەترسییەکی گەورە لە ناوچەکە. بە وتەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: لە شەش مانگی رابردودا ئێران ژمارەی هێزەکان و بنکە سەربازییەکانی لە سوریا زیاتر کردوە و لەو ماوەیەدا لە رێگەی فڕۆکەوە چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ ئەو وڵاتە رەوانە کردوە. وەزیری بەرگریی هۆشداریی داوە کە وڵاتەکەی رێگە نادات پێگەی سەربازیی ئێران لە سوریا بەهێزتر بێت و هەر هێرشێک لە خاکی ئەو وڵاتەوە بە توندترین شێوە وەڵام دەداتەوە.
هاوڵاتی سوریا دەگەڕێتەوە بۆ نێو کۆمکارەکە و بەشدارى کۆبونەوەى سعودییە دەکات. ئەحمەد ئەلبولغەیس، ئەمیندارى گشتى کۆمکارى عەرەبى رایگەیاند، وڵاتانى ئەندامى کۆمکارەکە رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر گەڕانەوەى سوریا بۆ نێو کۆبوونەوە عەرەبییەکانى کۆمکارى عەرەبى. سوریا ماوەى ١٢ ساڵە لە کۆمکارى عەرەبى دەکراوە، بەهۆى بەکارهێنانى توندوتیژى دژ بە هاوڵاتیانى وڵاتەکەى لە سەروبەندى خۆپیشاندانەکانى ساڵانى ٢٠١١ و ٢٠١٢ دا. سوریا یەکێکە لە وڵاتە بنەڕەتییەکانى کۆمکارى عەرەبى و بەدرێژاى مێژووى کۆمکارەکە رۆڵى سەرەکى بینیوە لە چەند بڕیارێکى گرنگدا.
نیوزلەندا بەهۆی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ روسیا ژمارەیەک سزا دژی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و دامەزراوەکانی ئێران رادەگەیەنێت . وەزارەتی دەرەوەی نیوزلەندا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد بەهۆی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا دژی ئۆکرانیا، چوار بەرپرس و دوو دامەزراوەی ئێران دەخرێنە لیستی سزاکانی وڵاتەکەیەوە. بە پێی ئەو لیستەی کە نیوزلەندا بڵاوی کردوەتەوە؛ بەڕێوبەری ناوندنی قودس بۆ پیشەسازیی ئاسمانیی و فەرماندەیی هێزە دەریاوانییەکانی سەر بە سوپای پاسداران و بەڕێوبەری کۆمپانیای (پەرئاورێ پارس) و خاوەنی کۆمپانیای (سلین تەکنیک) خراونەتە لیستی سزادانەوە. هەر لەو بەیاننامەیەدا ناوی ناوەندی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسداران و کۆمپانیای سەفیران لە ئێرانی بەهۆی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا خراونەتە لیستی سزاکانی نیوزلەندا. سزاکانی نیوزلەندا دوای ئەوە دەێت کە وڵاتی کەنەدا رۆژی چوارشەممە (4/5/2023) ژمارەیەک سزای دژی فەرماند و بەرپرسی ئێرانی بڵاو کردەوە و رایگەند بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا سزای ئەو بەرپرسانە دەدات.
لەم هەفتەیەدا زیاترین هاوڵاتیی بەلوچ لە ئێران لەسێدارە دەدرێن کە دوو کەسیان ژن بون و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤیش هۆشداریی دەدەن لە زۆربونی سێدارە. پێگەی (حال ڤش) تایبەی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی ناوچەی بەڵوچستان بڵاوی کردوەتەوە لە پێنج رۆژی ئەم هەفتەیەدا لانیکەم 18 هاوڵاتیی بەلوچ لە ئێران سزای سێدارەدانیان جێبەجێ کراوە. ئاماژە بەوە کراوە لەو 18 هاوڵاتییە بەلوچەی کە لەسێدارە دراون ،دوو کەسیان ژن بوە و زۆربەیان بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر و کوشتنی بەئەنقەست لەسێدارەدراون. 23 رێکخراوی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ دژی زۆربونی سێدارە لە ئێران و بە تایبەت پارێزگای سیستان و بەلوچستان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و جەختیان لەوە کردوەتەوە دەسەڵاتی وڵاتەکە بە ئامانجی بڵاوکردنەوە ترس و تۆقاندان، بێباکانە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردوە. پارێزگای سیستان بەڵوچستان کە دەکەوێتەوە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران بە هەژارترین ناوچە لەقەڵەم دەدرێت لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانیشدا زۆرترین کوژراو لەو ناوچانە تۆمار کرا و تا ئێستاش رۆژانی هەینی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی جەماوەریی لە شاری زاهیدان لەو پارێزگایە بەردەوامە.
ئەمریکا داوا لە ئێران دەکات ئەو کەشتییەکی نەوتهەڵگر ئازاد بکات کە لە گەروی هورموز دەستی بەسەردا گرتوە و کۆشکی سپی زانیاریی و تۆماری چۆنیەتی دەستبەسەرداگردنی کەشتییەکە بڵاو دەکاتەوە. دەنگی ئەمریکا (VOA) بڵاوی کردوەتەوە؛ ئەمڕۆ چوارشەممە کۆشکی سپی داوای ئازادکردنی ئەو کەشتییەی لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە کە لە ئاوەکانی کەنداو بە ئاڵای پەنەما لە لایەن سوپای پاسدارنەوە دەستی بەسەردا گیراوە. ئەمریکا وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی چۆنیەتی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی بڵاو کردوەتەوە و رایگەیاندوە؛ بەلەمەکانی سوپای پاسداران ئەو کەشتییەیان ناچار کردوە رێڕەوی خۆی بە ئاڕاستەی سنورە ئاوییەکانی ئێران بگۆڕێت و داواتر دەستی بەسەردا بگیرێت. وتەبێژێک بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە؛ ئەو کارەی ئێران پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە بە دەستوەردانی ئێران لە مافی کەشتیوانیی سنوری نێودەوڵەتیی ئاوەکانی کەنداو لەقەڵەم دەدرێت بۆیەوە واشنتۆن ئەو هەنگاوە رەت دەکاتەوە. بە وتەی ئەو بەرپرسەی ئەمریکا کە ناوی ئاشکرا نەکراوە؛ هەنگاوەکەی سوپای پاسداران بۆ دەسەتبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە نابەرپرسیارانەیە و هەڕەشەیەکە بۆ ئاسایشی دەریایی و ئابوریی جیهان. رۆژی چوارشەممە سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد؛ دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی کەنداودا گرتوە و ئەوەش دووەمین کەشتی نەوتهەڵگرە کە ئێران لە ماوەی پێنج رۆژدا دەستی بەسەردا گرتوە.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند؛ ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانی بەهۆی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەخاتە لیستی سزای وڵاتەکەیەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ شەش بەڕێوەبەری کۆمپانیای (پەرئاوەرێ پارس)ی لە ئێران سزا داوە بەهۆی دروستکردن و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا. لەو بەیاننامەیەدا ناوی پەرەستو سەفەری و عەلی خۆشنام وەند، کە ئەندامی دەستەی دەستگیرکردنی ژینا ئەمینی لە تاران بون بەهۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ خراونەتە لیستی سزاکانی کەنەدا. ئەو وڵاتە جگە لەو دوو کەسە، پەرویز ئابسالان، جێگیری فەرماندەی سوپای پاسدارانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێرانی بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە خستوەتەوە لیستی سزاکانییە. کەنەدا رونی کردوەتەوە بە پێی سزاکان دەست بەسەر دارایییەکانی ئەو بەرێوبەر و بەرپرس و ئەندامانەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە وڵاتەکەی دەگرێت و رێگەی گەشت و مافی مانەوە لە کەنەدایان لێ قەدەغە دەکات.
هاوڵاتی بەگوێرەی نوێترین راپرسی کە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە، کلچدارئۆغلۆ لەپێش ئەردۆغانەوە، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکەوێتە قۆناغی دووەمەوە. کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ جی) لە کاتێکدا کە ١١ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ١٤ی ئایاری تورکیا ماوە، راپرسیەکی لەبارەی دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی و دەنگی پارتە سیاسییەکان بڵاوکردەوە. راپرسیەکە لەنێوان ٢٩ی نیسان و 1ی ئایار لە ٤١ پارێزگای تورکیا ئەنجامدراوە و سێ هەزار و ٩٥٠ کەس بەشداریان تێیدا کردووە. بەگوێرەی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییەکان بەم شێوەیەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٣٣.٢٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٢٨٪ پارتی باش (ئی پارتی) ١٥.٥٪ پارتی چەپی سەوز (هەدەپە) ٩.٦٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (٥.٧٪) پارتی کرێکارانی تورکیا (٢٪) پارتی مەملەکەت (١.٩) هەروەها بەگوێرەی راپرسیەکە دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی بەم شێوەیەیە: کەمال کلچدارئۆغلۆ (هاوپەیمانی گەل) ٤٨٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان (هاوپەیمانی کۆمار) ٤٤.٦٪ پارتی مەملەکەت ٤.٣٪ سینان ئۆغان (هاوپەیمانی ئاتا) ٣.١٪ ب ەگوێرەی راپرسیەکە هیچ کاندیدێک ناتوانێت لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا 51٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و بۆیەش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دکەوێتە خولی دووەمەوە.
هاوڵاتی هاوڵاتی ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری ناسراوی باکوری کوردستان رایگەیاند، گەلی کورد بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی فشار، توندوتیژی و رەتکردنەوە، لە ١٤ی ئایاردا وڵامی پێویست دەدەنەوە و وتی، " هەڵبژاردنەکان هەلێکی گەورەیە بۆ چارەسەری پرسی کورد." ئەحمەد تورک لە شاری میرسینی تورکیا بەشداری لە کۆبونەوەیەکی فراوانی پارتی چەپی سەوز لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ١٤ی ئایار کرد. تورک لە قسەکانیدا باسی گرنگی ئەم هەڵبژاردنانە کرد و وتی، " لە تورکیا بە گشتی کێشەی دیموکراسی هەیە، ئەگەر دیموکراسی جێگیر ببێت، سیستمێکی دیموکرات بنیات بنرێت، کێشەی کوردیش لەو نێوەندەدا چارەسەر دەبێت." هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە چارەسەری کێشەکان لە دەوری بەهاکانی دیموکراسی دەبێت. بە تایبەتی گەلی کورد بۆ مسۆگەرکردنی دیموکراسی باجێکی زۆری داوە و بەردەوامە لە قوربانیدان. ئەمڕۆ ١٠ هەزار سیاسەتمەداری کورد لە زندانەکاندان. لە تورکیا فشارێکی زۆر لەسەر شۆڕشگێر و دیموکراتخوازان هەیە. بۆیەش دەبێت ئامانجەکە کۆتاییهێنان بێت بە فاشیزم." قسەکانی ئەحمەد تورک لە کاتێکدایە کە نۆ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار ماوە و پارتی چەپی سەوز لە ٦٥ پارێزگای تورکیا دەستی بە بانگەشە کردووە و وەک بەرپرسانی پارتەکە رایانگەیاندووە، ئامانجی هەیە زیاتر لە ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.
سوپای پاسداران دەست بەسەر کەشتییەدا لە کەنداو دەگرێت و سوپای ئەمریکاش دەڵێت ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە لە کاتی پەڕینەوە لە گەروی هورمز دەستی بەسەردا گیراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد؛ دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی کەنداودا گرتوە و ئەوەش دووەمین کەشتی نەوتهەڵگرە کە ئێران لە ماوەی پێنج رۆژدا دەستی بەسەردا گرتوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەر پێشتر ئاشکرای کردبو کە ئێران لە رۆژی هەینی (28/4/2023) دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەنداودا گرتوە کە هەڵگری ئاڵای دورگەکانی مارشاڵ بوە و بڕیاربوە نەوتەکەی بۆ ئەمریکا بگوازێتەوە. سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرەی ئەمڕۆ دەستی بەسەردا گیراوە هەڵگری ئاڵای پەنەما بوە و زانیاریی زیاتری ئاشکرا نەکردوە. لە لایەکی دیکەوە یەکەی پێنجەمی هێزە دەریاوانییەکانی سوپای ئەمریکا رایگەیاندوە کەشتییە نەوتهەڵگرەکە بە ئاڵای پەنەما لە کاتی تێپەڕین لە گەروی هورمز لە لایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. دەستبەسەردا گرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە لایەن ئەمریکا و ئێرانەوە گرژییەکانی ئەو دوو وڵاتەی توندتر کردوە لە ماوەی رابردوشدا سوپای پاسداران ڤیدیۆیەکی هۆشداریی بۆ کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکا بڵاو کردەوە کە داوای دورکەوتنەوەی ئەو کەشتییەی سوپای ئەمریکا لە ئاوەکانی سنوری ئێران لە کەنداو دەکات. گەروی هورمز یەکێکە لە گرنگترین سنورە ئاوییەکان کە زیاترین گواستنەوەی نەوت و گەشتییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
هاوڵاتی کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند، ئێمە ئاشتی و دیموکراتی دەهێنینە تورکیا و کەس بەهۆی ئایین و ناسنامەکەیەوە ئیدی گۆشەگیر ناکرێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی و سەرۆکی گشتی جەهەپە بە یاوەری ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و شاندێکی جەهەپە لە شاری وان باکوری کوردستان کۆبونەوەیەکی گەورەی جەماوەری ئەنجامدا. لە کۆبونەوە جەماوەریەکەدا کە زۆربەی بەشداربووان لایەنگرانی پارتی چەپی سەوز (هەدەپە) بوون، ئاڵاکانی جەهەپە و پارتی چەپی سەوز بەرز کرانەوە و پشتگیری خۆیان بۆ کلچدارئۆغلۆ دیار کرد. کلچدارئۆغلۆ بۆ جەماوەر قسەی کرد و ئاماژەی بە کێشەکانی شاری وانی باکوری کوردستاندا و بەڵێنی خزمەتکردنی بە خەڵکی شارەکەدا و وتی، " من لە ناوچەی ئەرجیشی وان دەستم بە خوێندن کرد. ئێستا لە یەکێک لە شارە جوانەکانی جیهان میوانم. هەموو کێشەکانی ئەم شارە دەزان. دەزانم کێ چی کردووە. بەڵێنێکم بۆ هاوڵاتیانی شارەکە ئەمەیە. ئارامی و ئاشتی دەهێنینە وڵات. هیچ کەسێک ئیدی بەهۆی ئایین و ناسنامەکەیەوە گۆشەگیر ناکرێت." باسی ئەوەشی کرد کە دەسەڵات هەموو یاساکانی پێشێل کردووە و ئاماژەی بەوەکرد، هەموو کێشەکان چاتەسەر دەکەم. بڕۆن دەنگ بدەن. دەنگ بدەن و دەسەڵات دەرووخێنین. دەمانەوێت بە ئارامی لە وڵاتەکەمان بژین. ئیدی سەردەمی جیاکاری تەواو بووە. " هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە لە هەدەپە و شەش پارتی چەپ پێک دێت، دوای ئەوەی چەند بەڵێنێکی لە کلچدارئۆغلۆ وەرگرت، چەند رۆژ لەمەوبەر بە شێوەیەکی فەرمی رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا پشتگیری لە کلچدارئۆغلۆ دەکەن و تاکە ئامانجیان ئەوەیە کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنن
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردەوە، كۆی هەناردە و داهاتی نەوت بۆ مانگی نیسان، بەم شێوەیە بووە، بڕی ٩٨ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار و ٩٤٧ بەرمیل نەوتی خاو هەناردە كراوە، دەشڵێن، داهاتەكەشی حەوت ملیار و ٧٩٦ ملیۆن دۆلار بووە. وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO (، بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراوی بۆ مانگی نیسان بڵاوکردووەتەوە کە لە مانگی نیسانی رابردوودا، رۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و 288 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە و یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە 79،04 دۆلار فرۆشراوە. ئەوەش لە کاتێکدایەـ داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئاداردا، حەوت ملیار و 404 ملیۆن دۆلار بووە، بەمەش داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی ئاداردا، 392 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.
هێڵی هەژاریی لە ئێران بەرز دەبێتەوە و نوێنەرێکی کرێکارانیش دەڵێت خواردنی گۆشتی سور لە سفرەی خێزانەکانیان نەماوە. لە نوێترین ئامارەکانی ئێراندا هێڵی هەژاریی لە 18 ملیۆن تمەن کە دەکاتە 320 دۆلار بۆ 21 ملیۆن کە دەکاتە نزیکەی 380 دۆلار بەرز دەبێتەوە لە کاتێکدا ناوەندی موچەی کرێکارێک هەشت ملیۆن تمەنە کە دەگاتە نزیکەی 140 دۆلار. هەر خێزانێکی دانیشتوی ئێران ئەگەر داهاتی لە 380 دۆلار کەمتر بێت لە هێڵی هەژاریدا دەژیت و بەو پێیە زیاتر لە 75%ی دانیشوانی وڵاتەکە بە هەژار ئەژمار دەکرێن. فەرامەرز تۆفیقی، چالاکوانی کرێکاریی و نوێنەری پێشوی کرێکاران لە ئەنجومەنی باڵای کار لە ئێران رایگەیاند؛ حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە تەنها بە رێژەی 27% موچەی کرێکارانی بەرز کردوەتەوە لە کاتێکدا هەڵاوسانی ئابوریی زیاتر لە 50% بەرز بوەتەوە. بە وتەی تۆفیقی بەهۆی کەمیی داهاتەوە گۆشتی سور لەسەر سفرە خێزانی کرێکاران و زۆربەی موچەخۆراندا نەماوە و توانای کڕین بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بەهۆی دابەزینی رۆژانەی بەهای تمەن هێڵی هەژاریی لە 15 ملیۆن تمەنەوە بۆ 21 ملیۆن تمەن بەرز بوەتەوە و بە پێی ئامارێکی نێودەوڵەتی لە کۆی نزیکەی 85 ملیۆن دانیشتوی ئێران زیاتر لە 60 ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.
هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردو، فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی لە پارێزگاکەدا بۆردوومان کردووە و لەئەنجامیشدا ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 2ـی ئایاری 2023، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە: "نزیکەی کاتژمێر 11:35 شەوی دووشەممە، ئیسرائیل بە چەند مووشەکێک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و چەند ناوچەیەکی دیکەی دەوروبەری حەلەبییان کردە ئامانج." لە هێرشەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی سووریا، "سەربازێکی سوپای سووریا کوژراوە، 7 کەسی دیکەش برینداربوون و فڕۆکەخانەی حەلەبیش لە کارکەوتووە." سەرچاوەکانی کار لە یەکەکانی چاودێری و بەدواداچونی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایانگەیاندوە، هێرشەکەی ئیسرائیل، هەریەک لە فڕۆکەخانەی سەربازی نەیراب لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب، بارەگای سەربازیی هێزە ئێرانییەکان کە دەکەوێتە نزیک کەتیبەی بەرگری ئاسمانی لە ناوچەی سەفیرەی باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردۆتە ئامانج. لە ماوەی شەڕی 10 ساڵەی نێوخۆی سووریادا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا و بەشێوەیەکی سەرەکی پێگەکانی هێزەکانی نزیک لە ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای سووریا دەکاتە ئامانج.
رۆژنامەیەکی ئەمریکی سیخوڕیی بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی بۆ بەریتانیا پشتڕاست دەکاتەوە و بڵاوی کردەوە کە ئەو بەرپرسە زانیارییە نهێنییەکانی تایبەت بە بەرنامە و دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی تارانی ئاشکرا کردوە. رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکا لە ژمارەی ئەمڕۆ دوشەممەدا بڵاوی کردوەتەوە؛ عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری پێشوتری وەزیری بەرگریی و راوێژکاری ئەنجمونی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بوە لە ساڵی 2004 زانیارییە نهێنییەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی و هاوکاریی مۆسکۆ بۆ تارانی بۆ یەکەمجار رادەستی بەریتانیا کردوە. رۆژنامەکە ئاشکرای کردوە ئەکبەری بەهۆی ئەوەی بە بەردەوامی پلە و پۆستی هەستیاریی لە ناو کۆماری ئیسلامی هەبوە و خاوەنی کەسایەتییەکی توندڕەوی ئایینییی بوە زیاتریین زانیاریی لەسەر بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە دەستکەوتوە و گومانی لێنەکراوە و ئەو زانیارییانەشی رادەستی بەریتانیا کردوە و دواتر بەریتانیا زانیارییەکانی گەیاندوەتەوە دەست بەرپرسانی ئیسرائیل. نیویۆرک تایمز نوسیویەتی: ئەکبەری بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ سیخوڕیی بۆ بەریتانیا کردوە و زانیاریی هەستیاری گەیاندوەتە ئەو وڵاتە و ناسنامە و زانیارییەکانی بەرپرسان و زانایانی بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەکیی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کردوە و یەک لەو کەسانەشی ئەو زانیارییەکانی ئاشکرا کردوە موحسین فەخریزادە بوە کە لە ساڵی 2020 لە لایەن ئیسرائیلەوە لە ئێران کوژرا. ئەو رۆژنامەیە باسی لەوە کردوە ساڵی 2010 ئەکبەری توشی جەڵتەی دڵ دەبێت و هەر بەو هۆیەوە لە بەریتانیا نیشتەجێ دەبێت بەڵام لە ساڵی 2019 کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی راوێژ لە بەرنامەیەکی ئەتۆمیدا داوای لێدەکات بگەڕێتەوە وڵاتەکە و لە کاتی گەڕانەوەی و گەیشتنی بە ئێران دەستگیر دەکرێت. برای ئەکبەری رایگەیاندوە؛ براکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ژێرزەمینێکدا و لە ژورێکی تاکەکەسی زیندانیی کراوە و دواتر بڕیاری سێدارەی بەسەردا جێبەجێکرا.
