هاوڵاتی بەهای تمەن لەدوو رۆژی رابردوودا بۆ نزمترین ئاستی نیو سەدەی رابردوو لەمێژووی دراو لەئێران دابەزیی و بەهای هەر دۆلارێك لەو وڵاتە گەیشتە زیاتر لە 33 هەزار تمەن و بەرپرسانی وڵاتەكەش رایانگەیاند:» داهات 50% زیادی كردووەو لەسێ مانگیشدا زیاتر لەهەشت ملیار دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە». دابەزینی بەهای تمەن لەڕۆژی یەكشەممەی رابردوو 12ی حوزەیرانی 2022 بەگەورەترین و مێژوویترین هاڕەی تمەن لەمێژووی ئەو دراوەدا لەقەڵەمدەدرێت كەهاوشێوەی بۆمبێكی ئابوریی بووەو بووە هۆی هەژاندنی بازاڕەكانی دراو لەئێران و هەندێك وڵاتی دیكەی جیهانیش. پۆلیسی ئێران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی بازاڕی دراوی وڵاتەكە ژمارەیەك دەلڵاڵ و بازرگانی زێڕو دراوی وڵاتەكەی دەستگیر كردو رایگەیاند:» ئەو كەسانە یارییان بە بەهای دراو و زێڕەوە كردووەو هەر ئەوانیش هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر تمەندا بوون». ئەوەی روونە لە ماوەی رابردوداو لە رۆژی پێنجشەممە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڕیارێكی لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەكی ئێران دەركردو هەر ئەو كات پێشبینیی كرا بەهای تمەن دابەزین بەخۆیەوە ببینێت و ئابوریی وڵاتەكەش رووبەڕووی كێشە ببێتەوە بەتایبەت كە بەرپرسانی تاران كاردانەوەی توندیان بەرامبەر بڕیارەكە پیشانداو ژمارەیەك كامێرای چاودێریی نێودەوڵەتیی وێستگە ئەتۆمییەكانیان كوژاندەوەو هاوكات ژمارەیەك كورەی ئەتۆمیی دیكەیان پێچەوانەی رێككەوتنی ئەتۆمیی خستەوە گەڕ. بەرپرسانی تاران بەو هەنگاوانەش نەوەستانەوە هەڕەشەی كاردانەوە دژی ئەمریكاو ئەو وڵاتانەیان كرد كەدژی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی بڕیاریان داوە كە هەموو ئەمانە بووە هۆی شۆڕبونەوەی بەهای ئەو تمەنەی كە پێشتر بەرەو بەرزبوونەوە هەنگاوی دەنا. ژمارەیەك شارەزا و پسپۆڕی ناو ئێران لەنامەیەكدا بۆ سەرۆك كۆماری وڵاتەكە رایانگەیاند ئەوەی حكومەت بە نای نەشتەرگەریی ئابوریی دەیكات چارەسەری دۆخی وڵاتەكە ناكات و تەنها ئاساییكردنەوە پەیوەندییە سیاسی و نێودەوڵەتییەكان بە تایبەت لەبواری ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریكا پردی پەڕینەوەیە بۆ چارەسەری قەیرانە ئابورییەكان. هاڕەی مێژویی تمەن نرخی هەر دۆلارێك رۆژی یەكشەممە (12/6/2022) بە كردنەوە بازاڕەكانی دراو لە ئێران گەیشتە زیاتر لە 33 هەزار و 250 تمەن لە كاتێكدا حكومەت نرخی هەر دۆلارێكی لە شوێنە فەرمییەكانی ئاڵوگۆری دراو بە 27 هەزارتمەن بۆ 27 هەزار و 34 تمەن دەستنیشان كردبو واتە جیاوازیی نرخی دەستنشانكراوی فەرمی لەگەڵ بازاڕەكاندا بۆ هەر دۆلارێك زیاتر لە شەش هەزار تمەن بوو.  بەرزبونەوەی بەهای دۆلار و هاڕەی تمەن بە بومەلەرزەیەكی گەورەی ئابوریی لە مێژوی ئێران ئەژمار دەكرێت، چونكە تمەن زۆرترین بەهای مێژوویی خۆی لەدەستداو لەماوەی 43 ساڵیشدا ئەو دراوە زیاتر لەسێ هەزار و 200 هێندە بەهاكەی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەست داوە. بەو پێیە تمەن لەساڵی نوێداو لەماوەی شەش مانگدا لەئێران نزیكەی 30٪ی بەهاكەی لەدەستداوە و لە ساڵی 1979 تا 2022 واتە لە 43 ساڵدا بەهای دۆلار، سێ هەزار و 200 هێندە جار لە بەرامبەر دراوی تمەندا بەرز بووەتەوە. بەهای هەر دۆلارێك لەسەرەتای مانگی پێنج و لەگەڵ ئاماژەكانی پێداگریی تاران و ئەمریكا بۆ بەردەوامبونی دانوستانەكانی ڤیەننا لەپێناو زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بە جۆرێك لە (7/5/2022) بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار 12٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر دۆلارێك لە ئێران لە 30 هەزار تمەنەوە بۆ 25 هەزار و 651 تمەن دابەزی. داوای ئەوەی لە ماوەی رابردودا 14٪ی بەهاكەی لەدەست دا، تمەن بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر دۆلارێك لە 30 هەزار تمەنەوە بۆ نزیكەی 26 هەزار تمەن لە بازاڕەكانی ئێران دابەزی. بەرزبونەوەی بەهای تمەن لەلەرامبەر دۆلار لەو كاتەدا بەهۆی راگرتنی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا لەدوو هەفتەدا 14٪ی بەهاكەی لەدەستدا، بەڵام قەتەر لەگەڵ راگەیاندنی هەوڵی نێوەندگیریی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بوە هۆی بەرزبونەوەی بەهای تمەن ئەو هەنگاوی قەتەر وای كرد دەستپیكردنەوەی دانوستانەكانی ڤیەننا رابگەیەنرێت كە64  رۆژ بو راگیرابو بۆیە هەر هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەتوانێت تمەن و تاران رزگار بكات. پۆلیسی ئابوریی ئێران هەوڵی رزگاركردنی تمەن و دەستگیردنی فرۆشیارانی دۆلار دەدات پۆلیسی ئابوریی ئێران رۆژی یەكشەممەی رابردو و لەكاتی بەرزبونەوەی دۆلار ئاشكرای كرد ژمارەیەك دەڵال و بازرگانی بەتۆمەتی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار دەستگیركردوە. بە وتەی سۆهراب بەهرامی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاسایشی ئابوریی ئێران 31 كەس بەهاوكاریی بانكی ناوەندیی بە تۆمەتی  تێكدانی بازاڕەكانی دراو لە ئێران دەستگیركراون و ئە كەسانە یارییان بە نرخی دۆلار كردوە و بە مامەڵەی هەوایی زێر و ئاڵتون و دۆلار هۆكاری سەرەكیی بەرزبونەوەی نرخەكان بون. حكومەت لە رۆژی بەرزبونەوە مێژوییەكەی بەهای دۆلار لە ئێران رایگەیاند؛ هەر جۆر مامەڵە و كڕین و فرۆشتنێكی هەوایی دۆلار و زێر و ئاڵتون یاسایی رێگەپێدراو نییە و هەركەسێك پێچەوانەی یاسا مامەڵە بە زێڕو دراو بكات دەستگیر دەكرێت. ئەگەرچی دەستگیركردنی ئەو كەسانە بە هەنگاوێكی گرنك لە لایەن پۆلیسی ئابوریی ئێران وەسف كرا بەڵام ئەوەش دادی تمەنی نەدا و لە كاتی داخستنی بازاڕیشدا دۆلار بەردەوامبو لە تۆماركردنی ژمارەی پێوانەیی لە وڵاتەكە و پۆلیس سەركەوتو نەبو لە راگرتنی. ئێران دۆلاری زیاد دەكات و چاپكردنی تمەن كەم حكومەتی ئێران رایگەیاندوە بانكی ناوەندی لە دوو مانگ و 20 رۆژدا زیاتر لە هەشت ملیار و 100 ملیۆن دراوی دۆلاری خستوەتە بازاڕەكانەوە لە كاتێكدا ئەو ژمارەیە لەو ماوە دیاریكراوەی ساڵی رابردودا چوار ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بوە بەواتایەكی دیكە بەراوردی ژمارەكە دەریدەخات داهاتی حكومەت بەراورد بە ساڵی 2021 زیاتر لە 50% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. عەلی ساڵح ئابادی، بەڕێوبەری بانكی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ رۆژانە 200 بۆ 300 ملیۆن دۆلار حەواڵەی فەرمی و ئاڵوگۆری یاسایی دۆلار لەناوخۆی ئێران بۆ وڵانی دیكە روو دەدات بۆیە لە ئێران كێشەیەك بە ناوی كەمیی دراوی دۆلار بوونی نییە. ساڵح ئابادی جەختی كردوەتەوە خستنە بازاڕی دۆلار لە ئێران زۆر زیاترە لە ئاستی داواكاریی و خواست بۆ كڕینی بۆیە گومان هەیە لە یاریكردن بە بەهای ئەو دراوەوە و هاوكات بەهۆی ئەوەی ئابوریی وڵاتەكە زیاتر لە 50 ساڵە روبەڕوی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بوەتەوە توانای كڕینی دراوی دۆلار لەناوخۆدا زۆر كەمە. هەروەها بانكی ناوەندی ئاشكرای كردوە قەبارەی پارەی چاپكراوی لە ئەمساڵدا چوار ترلیۆن و 828 هەزار ملیار تمەن بووە كە بەراورد بەساڵی 2021 زیاتر لە 10هەزار كەمی كردوە ئەوەش وای كردووە چاپكردنی پارە بۆ 4% لەئێران كەم بكات بەوتەی بەڕێوبەری بانكی ناوەندی كەمكردنەوەی چاپكردنی دراوی تمەن ئاماژەی باشە بۆ چارەسەریی و رێگریی لە هەڵاوسان. تەقینەوەی ئابوریی ئێران 61 شارەزا و پسپۆڕی ئابوریی ئێران بەنامەیەك هۆشدارییان داوەتە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری وڵاتەكە كە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ قۆناغی سێ ژمارەیی، واتە 100% تێدەپەڕێنێت. ئەو پسپۆرە ئابورییانە لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاندووە پشتبەستنی 90%ی وڵاتەكە بەفڕۆشتنی نەوت و بەدەستهێنانی دۆلار لەئەنجامی فرۆشتنی نەوت  و ئەوەی حكومەت ناوی ناوە نەشتەرگەریی ئابوریی كە بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی كاڵاو پێدوایستییە سەرەكییەكانی لێكەوتووەتەوە، كۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو تەقینەوەی ئابوریی و كۆمەڵایەتیی بردووە لە كاتێكدا دەتوانرێت بەپلانی گونجاو داهاتی نانەوتیی ئێران كە لەساڵێكدا 35 ملیار دۆلار بگاتە سالڵانە زیاتر لە 70 ملیار دۆلار. پسپۆرەكان ئاماژەیان بەوەكردووە لەئێستادا چارەنووسی هەموو خەڵكی ئێران بە رێككەوتنی ئەتۆمیی و فرۆشتنی نەوت و پەیوەندیی ئابوریی تاران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەستراوەتەوە كە ناكر‌ێت بە بێگوێدان بەوانە خەڵكی وڵاتەكە لەنوقمبون لەقەیرانە ئابورییەكان رزگا بكرێن لە هەمانكاتیشدا نابێت نەوت و داهاتەكەی هەموو ژیانی خەڵكی ئەو وڵاتە یەكلایی بكاتەوە. بەوتەی شارەزایانی ئابوریی ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی ئێستای ئێران سنوری 50%ی تێپەڕاندوە. لەنوێترین راپۆرتی نێودەوڵەتییدا كە ئەمساڵ بڵاو كراوەتەوە پێگەی ئێران لە رووی شەفافبوونی ئابورییەكەی لەنێوان 180 وڵاتدا بووەتە 150 كە بە زمانێكی دیكە، ئەو وڵاتە یەكێك بووە لە 30 وڵاتە هەرە ناشەفافەكانی جیهان لە رووی ئابورییەوە. هاوكات هەر بەپێی راپۆرتێكی دیكە پلەی ئێران لە رووی حوكمڕانی و دەسەڵاتەوە لە نێوان 200 وڵاتە 127ەمین وڵات بووە كە لەوەشدا دەردەكەوێت یەكێكە لە وڵاتە خراپەكانی جیهان لە رووی حوكمڕانییەوە. لەنوێترین راپرسیی ناوخۆی ئێراندا دەركەوتووە ساڵی 1980 متمانەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بەكۆماری ئیسلامی و حوكمڕانییەكەی 70% بووە بەڵام لە ساڵی 2022 بۆ ئەو متمانەیە بۆ كەمتر لە 20% دابەزیووە و ئەوەش زەنگی ئاگاداركردنەوەیە بۆ دەسەڵاتدارانی هەر وڵاتێك كە متمانەی خەڵكەكە بە رێژەی 50% لەدەست بدات. گرانبوونی خۆراك و نان حكومەتی ئێران لەسەرەتای مانگی پێنج بەفەرمی نرخی مریشك و هێڵكە و رۆن و شیرەمەنییەكانی لە وڵاتەكەی بەرز كردوەو رایگەیاند ئەو بەرزكردنەوەیە دوای چاكسازیی لەبودجەی وڵاتەكە بڕیاری لەسەر دراوە، ئەویش بە نەهێشتنی دۆلاری چوار هەزارو 200 تمەنیی كە پێشتر رادەستی بازرگانەكان دەكرا بۆ هاوردەكردنی خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكان. ئەو بڕیارە لە كاتێكدا بوو كە لەماوەی یەك ساڵدا زۆربەی پێدوایستییە خۆراكییەكان 25 بۆ 60٪ بەرزبووەوە و لەهەندێك حاڵەتیشدا نرخی ئارد لە نانەواخانەكان زیاتر لە 12 هێندە بەرز بووەوە. حكومەت، هاوكات لەگەڵ بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی كاڵا و پێداویستییەكان رایگەیاندووە 46 هەزار ملیار تمەنی وەك هاوكاریی ماددیی خستوەتەسەر ئەژماری 47 ملیۆن و  360 هەزار كەس لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەكە لە 84 ملیۆن كەس زیاترە. هاوكارییەكەی حكومەت لەئێران كە بە یارانە ناودەبرێت دەكاتە یەك ملیار و 700 هەزار دۆلار كە دەبێت بەسەر زیاتر لە 84 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەكە دابەش بكرێت، بۆیە هەر كەسێك لەئێران تەنها 13 دۆلاری بەردەكەوێت. بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی زیاتر لە 60 ملیۆن دانیشتوانی ئێران بەهەژار ئەژمار دەكرێن و لەو ژمارەیە 13 ملیۆن كەسیان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و برسیەتی هەڕەشە لەژیانیان دەكات. ئێران بەچوارەم وڵاتی دەوڵەمەند بەنەوت و غاز ئەژمار دەكرێت بەڵام سزاكانی 40 ساڵی رابردوی ئەمریكا و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتەكە وای كردووە خەڵكەكەی خێر لەو سەرچاوانە نەبینن و بەبەردەوامی چاوەڕوانی رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا بن بۆ دەركەوتنی ئاسۆیەك بۆ باشبوونی ژیانیان. ئەتۆم سەری تمەن دەخوات بەرپرسانی حكومەت و میدیاكانی ئێران لە رۆژانی رابردوو هۆشدارییان دابوو كە ناكۆكییەكانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی كاریگەریی لەسەر بازاڕەكان و دراوی تمەن لە وڵاتەكە دەبێت. ئێوارەی پێنجشەممە ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەكۆی 35 ئەندام بە 30 دەنگ بڕیارێكیان لەدژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەركردو لەبەرامبەردا ئێران كامێراكانی چاودێریی ئەو ئاژانسەی لەوێستگە ئەتۆمییەكانی لەكارخست و نەوەی نوێی كوڕەی ئەتۆمیی لەژمارەیەك ویستگە خستەكار. ئەو هەنگاوەی ئێران، بەسەركێشیی لەبەرامبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی وەسف كرا بەتایبەت كە ئەو وڵاتە بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی، نابێت پیتاندنی یۆرانیۆمی لە 5٪ زیاتر بەرزبكاتەوە، بەڵام ئەو وڵاتە پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی گەیاندووەتە زیاتر لە 60٪ و جەختی لەوە كردەوە لەبەرامبەر هەر هەنگاوو سزایەكی دیكەدا كاردانەوەی دیكەی دەبێت. ئێران كە لەبەرامبەر هەر سزایەكی ئەمریكا و بڕیارێكی نێودەوڵەتیدا پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزدەكاتەوە و ئەوەش وادەكات بەهای دراوی وڵاتەكەی دابەزێت و دۆلاریش بەرز ببێتەوە بۆیە رێككەوتنی ئەتۆمیی چارەنووسی دراوی تمەن و پێگەی نێودەوڵەتی تاران دیاری دەكات.

هاوڵاتی سوپاكەی ئەردۆغان لە ناوچەی بادینانی باشووری كوردستان، لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا گیریان خواردووە و توانای دەرچوون و گەرانەوەیان نەماوە و گورزی كەمەرشكێنیان لێدراوە. ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە ئاماری دوو مانگی رابردووی شەرو پێكدانانەكانی لەگەڵ سوپای داگیركەری سوپای توركیا بڵاوكردووەتەوە كە تا ئەمڕۆ هەزارو شەش سەربازی ئەردۆغان كوژراون. رۆژی 14ی نیسان تا 14ی حوزەیرانی 2022، كوژراوانی سوپاكەی ئەردۆغان گەیشتووەتە 985 كەس و لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا 21 كەسی دیكەیان كوژراوە بەو پێیە بێت دەگاتە هەزارو شەش سەرباز كە دوانیان ئەفسەری باڵای سوپای توركن. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ئاماژەی بەوەكردووە كە هێزەكانی گەریلا 744 چالاكییان ئەنجامداوە، 15 فرۆكەی بێ فڕۆكەوان و دوو ئوتومبێلی زێپۆش تێكشكێندراون. ئەوەش خراوەتەروو كە هێرشی داگیركاریی لەسەر هەرێمەكانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینای باشووری كوردستان دوو مانگ زیاتری تێپەڕاند، گەریلاكانی ئازادیی كوردستان لەدژی هێرشەكان، لە هەموو گۆڕەپانێك كە داگیركەران لەوێن، دەستیان بە قۆناغی شەڕێكی مێژوویی كردووە، دەوڵەتی داگیركەری تورك بە تەكنیكی شەڕی پێشكەتووی سەردەم، بە پشتگیریی ناتۆ و جاشەكان بە هەزاران جار بە تۆپ، هاوەن، فڕۆكە و هەلیكۆپتەری شەڕ، هێرشی كردووەتە سەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا، بەڵام نەیتوانیوە ئەنجام بەدەست بهێنێت. هاوكات باسی ئەوەشكراوە كە كە سوپای داگیركەری تورك لە زاپ گیریخواردووە، دەشڵێن:" بۆیە شەوی ٢٥ی ئایار هێرشی خۆی فراوان كرد و چووە ڕۆژئاوای ئاوی زاپ، بەڵام هێزەكانمان لەو گۆڕەپانە، لەسەر بناغەی هەنگاوی شۆڕشگێریی بە چالاكی بەهێز وڵامی سوپای داگیركەری توركیان دایەوە، سوپای تورك ویستی لە دۆخی گیرخواردووی خۆی لە زاپ بچێتە دەرەوە، بەڵام زیاتر بووەتە ئامانجی هێزەكانی گەریلا و هیچ ئەنجامێكی بەدەستنەهێناوە. ناوەندی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ئەوەشیان خستۆتەروو كە ؛ سوپای داگیركەری تورك دوو هەزار و 65 بۆردوومان بە فڕۆكەی جەنگیی و هەزار و 493 بۆردوومان بە هێلیكۆپتەری جەنگیی كردووە. هەروەها 779 جار سوپای تورك چەكی كیمیایی لە دژی گەریلا بەكارهێناوە، لەبەرانبەردا گەریلا 15 جار هەڵیكوتاوەتە سەر سوپای تورك و 11 چالاكی دەستبەسەراگرتن و 101 چالاكی تەقاندنەوە، 132 چالاكی پێكدادان و دوو چالاكی بۆسەدانان و 151 چالاكی بەچەكی قورس و 288 گورز وەشاندن و كە لە ئەنجامدا لە 14ی نیسان تا 14 حوزەیران 985 سەرباز كوژراون كە دوانیان ئەفسەری پلە باڵان و 166 سەربازی دیكەی ئەردۆغان برینداربوون. هاوكات، گەریلا بە بەرخودان و گیانفیدایی خۆی دەستیان بەسەر 915 چەك و تەقەمەنی و تۆپهاوێژ و كەلوپەلی سەربازی سوپاكەی ئەردۆغاندا گرتووە.  " 96 هێلیكۆپتەر، فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، تانك و زرێپۆش، سەنگەر و ڕادار و كامێرای چاودێرییان تێكشكاندووە، كە سیانیان هێلیكۆپتەر و 15 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بوون، گورزیش لە 62 هێلیكۆپتەر و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و سەنگەری سوپای تورك دراوە"، ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە وا دەڵێن. ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە لە دوو مانگی رابردوودا 58 گەریلا شەهید بوون كە 13 یان بە چەكی كیمیایی بووە.

هاوڵاتی سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا، كە نوری مالكی سەركردایەتی دەكات دەڵێت" لەكۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و عەزم و یەكێتی نوری مالكی بە فەرمی نەبووەتە كاندید تەنها چەند ناوێك باسكراون". وائیل ركابی، سەركردە لە دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێكی تایبەتدا بەهاوڵاتی وت:" لەكۆبونەوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و عەزم و یەكێتی بریار نەدراوە نوری بكرێتە كاندیدی سەرۆك وەزیران، بەڵام لێرەو لەوێ باسكراوەو هیچ شتێكی فەرمی نییە". ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كە نوری مالكی مافی خۆیەتی وەك هەر سەركردەیەكی دیكە كاندید بێت، وتیشی:" چەند ناوێك باس كراون، بەڵام بڕیار لەسەر هیچ كاندیدێك نەدراوە و هێڵدراوەتەوە بۆ كۆبونەوەكانی دیكە و وەرگرتنی بۆچونی لایەنەكانی دیكە". رۆژی سێشەممە 14ی حوزەیران، لەنوسینگەی مالكی، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوپەیمانی عەزم و بابیلۆن كۆبونەوەو تێیدا باسیان لەوەكرد پەلە بكرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی تەوافوقی، لەپاش كۆبونەوەكە میدیا عێراقییەكان ئەوەیان خستەروو كە نوری مالكی بەهێزترین كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق. نوری مالكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسایە و خاوەنی 37 كورسی پەرلەمانەو لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكاندایە كە بەهەموویان خاوەنی 81 كورسی پەرلەمانن و بە نزیك لە كۆماری ئیسلامی ئێران هەژمار دەكرێن. دوای دەستلەكاركێشانەوەی هەموو پەرلەمانتارانی سەدر كە 73 كورسی هەبووە، دۆخێكی سیاسی نوێ هاتۆتە ئاراوەو چاوەروان دەكرێت لایەنەكانی دیكە حكومەت پێكبهێنن بەبەشداری سونەو كورد.

هاوڵاتی لە باكوور و باشووری كوردستان 18 سەربازی دیكەی سوپاكەی ئەردۆغان كوژران  سێ سەنگەریشیان بە تەواویی خاپووركران. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێكدا ئاماری چالاكیەكانی گەریلای لەو هەرێمانە بڵاوكردەوە كە شەڕیان تیادا ڕوودەدات و ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە" هێزەكانمان لە تونێلەكانی شەڕ خۆڕاگری دەكەن و تیمە گەڕۆكەكانمان بە شێوەیەكی هەماهەنگ بە چەكی قورس، نیشانشكێن و چوونەسەر چالاكی ئەنجام دەدەن". دەقی راگەیەندراوی هەپەگە:  لەو چالاكیانەدا كە بە شارەزایی گەورە ئەنجامدران و زیانی گیانیمان نەبوو، ١٨ داگیركەر سزادران، ٢ سیستمی رادار و ٣ سەنگەر بە تەواوەتی رووخێنران.  لە گۆڕەپانەكانی بەرخودانیش لەلایەن سوپای توركی داگیركەرەوە ١٥ جار بە هەلیكۆپتەر، ٢٤ جار بە فڕۆكەی شەڕ و ٣ جاریش بە تەقەمەنی تونێلەكانی شەڕی بۆردومان كردان. لە هەرێمی جودیی بۆتان، سوپای توركی داگیركەر لە ٢٧ی ئایار بە فڕۆكەی شەڕ ١١ جار هەرێمی جودیی  – بۆتانی بۆردومان كرد. دوای ئەو بۆردومانە داگیركەران دەستیان بە هێرشێك كرد و بە بێ ئەنجام كشانەوە. راگەیاندنی شەڕی تایبەتی تورك رایگەیاند، كە لەو هێرشەدا ٣ هاوڕێمان شەهیدبوون. بەڵام ئەو زانیاریانەی راست نین، لە چوارچێوەی ئەو هێرشەدا زیانی گیانیمان بەرنەكەوتووە. ئەنجامی چەند چالایەكی لە هەرێمی مەتیناش خستووەتە ڕوو كە لە ڕۆژی ١٣ی مانگدا لەلایەن گەریلاوە ئەنجام دراوە.  لەبارەی هەرێمی زاپ لە دوو چالایدا ٣ داگیركەر لەو ناوچەیە سزادراون،  لە هەرێمی خواكورك لە دوو چالاكیدا ٤ داگیركەر سزادراون.

هاوڵاتی  سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا (مەهەپە) رایگەیاند:" نوێنەرانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) "سوكایەتی" بە دەوڵەت و هێزەكانی پۆلیس دەكەن، بۆیە داوا لە دادگای دەستوری وڵاتەكەی دەكات هەدەپە دابخات. ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، دەوڵەت باخچەلی كە حزبەكەی هاوپەیمانی حزبەكەی ئەردۆغانە، رایگەیاند:" لەكاتێكدا پەرلەمانتارانی هەدەپە موچە لە دەوڵەت وەردەگرن، لە هەمان كاتدا سوكایەتی بە دەوڵەتیش دەكەن و هێرشدەكەنەسەر كارمەندانی پۆلیس، بۆیە دەبێت رێكاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر و لە پەرلەمان دەربكرێن و هەدەپەش دابخرێت".  رۆژی 12ی ئەم مانگە بەشێك لەلایەنگران و پەرلەمانتارانی هەدەپە لە ئیستانبوڵ دژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی كورد خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، لەكاتی خۆپیشاندانەكەشدا شەڕە بۆكس لەنێوان پەرلەمانتارێكی هەدەپە و كارمەندێكی پۆلیس رویدا، ئەوەش لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی توركیادا كاردانەوەی لێكەوتەوە. پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)، یەكێكە لە پارتە بەهێزەككانی توركیاو  خاوەنی 59 پەرلەمانتارەو سێیەم پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا

هاوڵاتی مالیكی بەهێزترین كاندیدە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، داوا لە بارزانی و حەلبوسی دەكرێت بچنە سەر مێزی گفتوگۆ. بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەسەردانێك گەیشتە شاری بەغداو ڕاستەوخۆ چووە ماڵی نوری مالیكی بۆ بەشداریكردن لەكۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان سەبارەت بەئاڵۆزیە سیاسییەكان بەتایبەت دوای كشانەوەی ڕەوتی سەدر لەپرۆسەی سیاسیی. بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیانكردەوە، قۆناغی داهاتوو گرنگەو پێویستی بەپەلەكردن لەدەستپێكردنی هەنگاوە كردەییەكانی تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكان‌و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی گونجاو هەیە كە توانای جێبەجێكردنی داواكاری عێراقییەكانی هەبێت‌و ژیانێكی شایستە دابینبكات‌و ئاسایش‌و سەقامگیریش بۆ هەمووان بپارێزێت. ئەوانەی بەشداربووی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ پشتیوانی تەواویان بۆ نوری مالكی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران پیشانداوەو بەڵێنیانداوە كار بۆ سەرخستنی بكەن. فازڵ مەواد ئەندامی دەوڵەتی یاسا بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند:" نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كاندیدی بەهێزی چوارچێوەكەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتووی عێراق". هەروەها راشیگەیاند:"وەك چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لەبارزانی‌و حەلبوسی دەكەین بچنەسەر مێزی گفتوگۆو كار بۆ پێكهێنانی حكومەت بكەن، خواستی زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیە نوری مالیكی ببێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو". هاوكات ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە ئەگەر سەدر سوربێت لەسەر بڕیارەكەی، ئەوا دەبێت شوێنی پەرلەمانتارەكانیان پڕبكرێتەوەو دواتر لەگەڵ كوردو سوننەكان‌و پێكهاتەكان حكومەت پێكبهێنرێت. هەریەك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی  كە خاوەنی 31 كورسییە لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، نوێنەری زۆرینەی سونەكان كە خاوەنی 37 كورسییە، لەگەڵ موقتەدا سەدر كە خاوەنی 73 كورسی پەرلەمانی عێراق بوو هاوپەیمانی(رزگاری نیشتمان"یان پێكهێنا، بەڵام دوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی سەدر، هاوپەیمانییەكە هەڵوەشاوەتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە بە نزیك ئێران هەژمار دەكرێن، كشانەوەی سەدر وەك سەركەوتن لە پرۆسەی سیاسی تۆمار دەكەن كە بە نزیك لە ئەمریكاو وڵاتانی كەنداو توركیا تۆمەتباریان دەكرد.  

هاوڵاتی هەریەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم و بزوتنەوەی بابل لەسەر ئاستی لوتكە كۆبونەوە و رایانگەیاند:" پێویستە هەنگاوەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت خێراتر بكرێن". ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی و و بزوتنەوەی بابل بە سەرۆكایەتی ڕەیان كلدانی كۆبونەوەیەكی ئەنجامدا. بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە باسیان لە پێشهاتەكانی بارودۆخی سیاسی ئێستا و ڕێگاكانی پەلەكردن لە تەواوكردنی شایستە دەستورییەكان بە بەشداری هەمو هێزە نیشتمانییەكان كردووە. هاوكات، ئامادەبوان جەختیانكردەوە قۆناغی داهاتوو گرنگە و داوای پەلەكردنی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەكان دەكەن، بۆ تەواوكردنی رێكارە دەستورییەكان بۆ"هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوو كە لە توانایدا بێت داواكاریەكانی هاوڵاتیانی عێراق بەدیبهێنێت و ژیانێكی شایستەیان بۆ مسۆگەر بكات لەگەڵ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەمووان". چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییە كاراكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كردووە، بەشداری بكەن لەدیالۆگ و دانوستانەكان، ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە بۆ نزیكبونەوە لە لایەنەكان كە "حكومەتی داهاتو دەبێت حكومەتێكی بەهێز و بەتوانا بێت كە خزمەتگوزاری پێشكەش بكات".  

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی  لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی بابلیوون، هاوپەیمانی عەزم و بەشێك لە سەربەخۆكان لە نووسینگەی نووری مالیكی لە كۆبوونەوەدان بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق. نوری مالكی، سەرۆكی كوتلەی دەوڵەتی قانون سەرۆكایەتی كۆبونەوەكە دەكات و گفتوگۆ دەكەن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە پاش دەستلەكاركێشانەوەی 73 ئەندامەكەی كوتلەی موقتەدا سەدر. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە پێكهاتوون لە(نوری مالكی، هادی عامری، قەیز خەزعەلی، حەیدەر عەبادی، عەمار حەكیم) چەندین كەسایەتی دیكەی شیعەكان كە بە نزیك لە ئێران هەژمار دەكرێت.  

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە بە نزیك لە ئێران دادەنرێن دەڵێن:" رێز دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكانی سەدر لە پەرلەمان دەگرین و كاردەكەین بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی". دوای ئەوەی فراكسیۆنی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای رەوتی سەدر دەستیان لەكاركێشایەوە، ئێوارەی ئەمرۆ چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاند "رێز لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدر دەگرین، و كار دەكەن بۆ تەواوكردنی بنەما دەستوورییەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی نوێ". هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەی خستۆتەروو كە لەگەڵ هەموو لایەنەكان كار دەكەن بۆ بەشدارییەكی فراوان لەپێناو بەدیهێنانی هیواكانی گەلی عێراق بۆ ئاسایش و ئارامی. بریارە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆكانیان دەست پێبكەن و بریارە بەم زوانە هادی عامری، بە نوێنەرایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ پارتی و یەكێتی كۆبونەوە ئەنجام بدات. كشانەوەی سەدر لە پەرلەمانی كوردستان بە سەركەوتنی ئێران لە ناوەندە سیاسییی و میدیاییەكانی عێراق وەسف دەكرێت كە چوار چێوەی هەماهەنگی شیعەكان ئامادە نەبوون سەدر حكومەت پێكبهێنێت بەبێ لایەنەكانی نێو هەماهەنگی شیعەكان كە پێكهاتوون لە(مالكی، هادی عامری، خەزعەلی، عەبادی، عەمار حەكیم) چەندین كەسایەتی دیكەی شیعەكان.  

هاوڵاتی محەمەد حەلبوسی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا لە ئوردن رایگەیاند:" ناوچەكە پێویستی بە دەستوەردانی دەرەكی نیە"، راشیگەیاند:" ئەندامیەتی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لە پەرلەمان كۆتاییهاتوە و پێویستی بەدەنگدانی ئەندامانی پەرلەمان نییە". ئەمڕۆ دووشەممە 13ی حوزەیرانی 2022، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:"ئێمە دڵسۆزانەو راستگۆیانە هەوڵماندا، تا سەماحەتی موقتەدا سەدر لەم هەنگاوە پاشەكشەبكات، بەڵام ئەو پێی باش بو قوربانی بێت نەك پەكخەر، لە پێناوی نیشمان و گەلدا سوربو لەسەر بڕیارەكەی". ناوبراو راشیگەیاند:"ئێمە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدرمان لە پەرلەمان پەسەندكردوە، بەو پێیەش ئەندامیەتی هەر پەرلەمانتارێك كۆتایی دێت، دوای ئەوەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كرد و ئەو بابەتەش پێویستی بە دەنگدانی پەرلەمان نیە". هاوكات حەلبوسی ئەوەی خستەروو كە بەگرنگی دەزانن لەم كاتەدا هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت و چارەسەری كێشەكانیش كاری لەپێشینەی لایەنەكان بێت. دوای ئەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكەی كرد دەستلەكاركێشانەوەكەیان كە چەند رۆژێك لەمەوبەر نوسیبویان، پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن، شەوی رابردو محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی سەدری پەسەندكرد.  

هاوڵاتی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بە یەك كاندیدی سەرۆك كۆمار رووبەرووی ئەردۆغان دەبنەوە لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوودا و ئەردۆغانیش وەڵامیان دەداتەوە. رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند:" هیچ بەرنامەیەكیان نیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023 هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پەرلەمان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەدەچن داوا لە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) دەكەم كاندیدی خۆی بۆ پۆستەكە رابگەیەنێت". رەجەب تەیب ئەردۆگان راشیگەیاند:"هەڵبژاردنی پێشوەخت لە توركیا ئەنجام نادرێت و مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023 هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت". 31ی ئایاری ئەمساڵ سەرۆكی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەبێ بەشداری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەنقەرە بۆ جاری پێنجەم كۆبونەوە، لەكۆبونەوەكەدا هەر شەش پارتەكە لەسەر ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، گەڕاندنەوەی سیستمی پەرلەمانی و بونی كاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێككەوتن. پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێن، لەكۆبونەوەكەدا لایەنەكان زانیاری ئەوەیان دەستكەوتوە كە ئاكەپە رێكخستنەكانی خۆی راسپاردوە كە "ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بكەن"، بۆیە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش لەسەر ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت رێككەوتون. ئەو كۆبونەوانە بێ بەشداری هەدەپە بەڕێوەدەچن، لە كاتێكدا هەدەپە یەكێكە لە پارتە بەهێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی توركیا و خاوەن جەماوەرێكی زۆرە؛ لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا كە 2019 بەڕێوەچو، هەدەپە پشتیوانی لە جەهەپە كرد و بەوجۆرە ئۆپۆزسیۆن گەورەشارەوانییەكانی وەكو ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا و چەندین شارەوانیی دیكەی گرنگ لە ئاكپارتی وەرگرتەوە.  

ئارا ئیبراهیم ئەندامێكی خولی پێشووی پەرلەمان ئەوە دووپاتدەكاتەوە دوای دەستلەكاركێشانەوەی 73 پەرلەمانتارەكەی سەدر، عێراق بەرەو هەڵبژاردنێكی دیكەی پێشوەختە دەروات. رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراو لەوكاتەوە تا ئێستا لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن و ناكۆكییەكانیان زیاتر بوو، بەو هۆیەوە سەدر دەستلەكاركێشانەوەی بە 73 پەرلەمانتارەكەی كردو ئەمڕۆ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان واژۆیانی لەسەر كرد. كاوە محەمەد، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدر بەشێكە لەو چەقبەستوویە سیاسییەی كە عێراقی پێدا تێپەر بووە كە لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن و سازان". هەروەها وتیشی:" ئەگەر هاوپەیمانەكانی سەدر، كە محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر لە سونەكان و مەسعود بارزانی، پارتی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیش رێكبكەون ئەوكات ئەوەندەی دیكە سەدر توورە دەكات، ئیتر سەدر چالاكییەكانی لە پەرلەمانەوە بۆ سەر شەقامەكان دەگوازێتەوەو خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام دەدات". كاوە محەمەد پێشیوابوو، ئەگەر حكومەتێكیش لەدایك ببێت لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان و حەلبوسی و بارزانی، ئەو حكومەتە زۆر ناخایانێت و هەڵبژاردنێكی دیكەی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت، وتیشی:" هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگی پێشوازیان لە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر كردووەو ئامادەییان نیشانداوە حكومەتێكی تەوافوقی پێكبهێنن، بەڵام سەركەوتوو نابێت". ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەتایبەت وڵاتانی كەنداو و بەریتانیاو ئەمریكا لەگەڵ حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی بوون كە دروشمی سەدر بوو، بەڵام روون نییە حەلبوسی و بارزانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی حكومەت پێك دەهێنن یان نا، وتیشی:" سیناریۆی بەهێز ئەوەیە كە عێراق هەنگاو دەنێت بەرەو هەڵبژاردنێكی دیكەی پێشوەختە كە وڵاتانی نێودەوڵەتی و ئەمریكاو وڵاتانی كەنداو پشتیوانی دەكەن". محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنی سەدری قبوڵكرد كە 73 پەرلەمانتارن و بەو شێوەیەش هاوپەیمانی سەردو حەلبوسی و بارزانی هەڵوەشایەوە. هەر ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی حوزەیران، موقەتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر نامەیەكی بڵاوكردەوە كە ئاراستەی سەرۆكی فراكسیۆنی سەدری كردووە تیایدا هاتووە:" پێویستە سەرۆكی فراكسیۆنی سەدر، برای بەرێزم حەسەن عەزاری نامەی دەستلەكاركێشانەوەی براو خوشكانمان لە فراكسیۆنی سەدر پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن. لەبەشێكی دیكەی نامەكەیدا سەدر ئاماژەی بەوەداوە، سوپاسی هاوپەیمانەكانی لە "هاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتیمان" كرد بۆ ئەو ماوەیەی پێكەوە كارییان كردووە و لە پێناو نیشتیماندا ئەوەی پێشكەشیان كردووە. رۆژی پێنجشەممە 9ی حوزەیرانی 2022 موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، بەهیچ شێوەیەك بەشداری ناكەن لە پێكهێنانی حكومەتی سازان و گەندەڵ و لایەنداری بۆ دەوڵەتانی هەرێم.  

هاوڵاتی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنی سەدری قبوڵكرد كە 73 پەرلەمانتارن و بەو شێوەیەش هاوپەیمانی سەردو حەلبوسی و بارزانی هەڵوەشایەوە. هەر ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی حوزەیران، موقەتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر نامەیەكی بڵاوكردەوە كە ئاراستەی سەرۆكی فراكسیۆنی سەدری كردووە تیایدا هاتووە:" پێویستە سەرۆكی فراكسیۆنی سەدر، برای بەرێزم حەسەن عەزاری نامەی دەستلەكاركێشانەوەی براو خوشكانمان لە فراكسیۆنی سەدر پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن. لەبەشێكی دیكەی نامەكەیدا سەدر ئاماژەی بەوەداوە، سوپاسی هاوپەیمانەكانی لە "هاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتیمان" كرد بۆ ئەو ماوەیەی پێكەوە كارییان كردووە و لە پێناو نیشتیماندا ئەوەی پێشكەشیان كردووە. هەروەها دەشڵێت:" سوپاسی ئامۆزام بەڕێز جەعفەر سەدر دەكەم لەوەی وەك كاندیدێكی سەربەخۆ دەستنیشانمان كرد بۆ پۆستی سەرۆك وەیزرانی. رۆژی پێنجشەممە 9ی حوزەیرانی 2022 موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە چوارچێوەی پێشەكەشكردنی وتارێكیدا داوای لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی رەوتی سەدر كرد دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان بنوسن و ئامادەی بكەن و هەركاتێك داوای لێكردن پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن. موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، بەهیچ شێوەیەك بەشداری ناكەن لە پێكهێنانی حكومەتی سازان و گەندەڵ و لایەنداری بۆ دەوڵەتانی هەرێم.  

هاوڵاتی سەدان رۆژنامەنوسی هەرێمی كوردستان دژی دەستگیركردنی 21 رۆژنامەنوس لە باكوری كوردستان دەڵێن:" بەو ڕەشبگیرییە دەوڵەتی تورکیا بنەماکانی دیموکراسییەت پیشێل دەکات و دژ بەو یاسایە کار دەکات، کە بەندەکانی بانگەشەی فەراهەمکردنی ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانیی دەکات لە تورکیا و باکووری کوردستان". رۆژی 8ی حوزەیرانی 2022، پۆلیسی تورکیا هەڵمەتێکی ڕەشبگیریی بۆسەر ڕۆژنامەنووسانی کورد لە باکووری کوردستان دەستپێکرد و لەو چوارچێوەیەدا 21 ڕۆژنامەنووسی ئاژانسەکانی( ژن نیوز، مەزۆپۆتامیا، ڕۆژنامەی خوەبوون، کۆمەڵەی دیجلە و فورات و پرۆدیکشنی پێل و پیا-یان) دەستگیرکرد. لە بەیاننامەیەكدا كە رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان و چەندین میدیاكاری دیكە ناویان هەیە ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە" دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانی باکووری کوردستان دابڕاو نییە لەو هێرشە بەرفراوانەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵێکە بۆ چاو و گوێ داخستنی هاوڵاتیان لە هێرشەکان". هەروەها دەشڵێن:"بەو ڕەشبگیرییە دەوڵەتی تورکیا بنەماکانی دیموکراسییەت پیشێل دەکات و دژ بەو یاسایە کار دەکات، کە بەندەکانی بانگەشەی فەراهەمکردنی ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانیی دەکات لە تورکیا و باکووری کوردستان". هاوكات ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە وەک ڕۆژنامەنووسان ومیدیاکارانی باشووری کوردستان و عێراق و ڕۆژنامەنووسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە باشووری کوردستان کاری ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دەدەن، "دژی دەستگیرکردنی هاوپیشەکانمانین و هەر هەوڵێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانیی ئیدانە دەکەین، داواش لە ڕێکخراوەکانی داکۆکییکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان دەکەین، فشار لە دەوڵەتی تورک بکەن بۆ ئازادکردنیان". ناوی رۆژنامەنوسان و میدیاكاران بۆ پشتیوانی رۆژنامەنوسانی باكوری كوردستان: -کەمال ڕەئوف/ڕۆژنامەنووس -تاریق فاتیح/ڕۆژنامەنووس لەتیف فاتیح فەرەج/ڕۆژنامەنووس -کەمال چۆمانی/ڕۆژنامەنووس -ئارا ئیبراهیم/ڕۆژنامەنووس -هەڤاڵ محەمەد/ڕۆژنامەنووس -هاوکار عیزەت میکە/ڕۆژنامەنووس -ڕێنوار نەجم/ڕۆژنامەنووس -نەسیم عەبدوڵا علێوی/ بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق  هادی جەلۆ مەرعی/ سەرۆکی چاودێری عیراقی بۆ ئازادی رۆژنامەنووسان  -زانکۆ سەردار/ڕۆژنامەنووس -هێمن مامەند/ڕۆژنامەنووس -سەلاح خدر/ڕۆژنامەنووس -ئومید بەرۆشکی/ڕۆژنامەنووس -هیوا ئەحمەد/ڕۆژنامەنووس -ئامانج وەرتی/ڕۆژنامەنووس -وریا فەتاح/ڕۆژنامەنووس -عەبدوڵا گۆران/ڕۆژنامەنووس -بەرهەم ئەحمەد/ڕۆژنامەنووس -جووتیار قادر/ڕۆژنامەنووس -ئەڤین نەسرین/ڕۆژنامەنووس -تەوار عادل/ڕۆژنامەنووس -محەمەد جبوری/بەغدا/ڕۆژنامەنووس -ئەرکان محەمەد/ڕۆژنامەنووس -سەرچین ساڵح/ڕۆژنامەنووس -بێریڤان شاهۆ/ڕۆژنامەنووس -کەمال ڕەسوڵ/ڕۆژنامەنووس -ئەحمەد کەرکوکی/ڕۆژنامەنووس -گوڵستان تارا/ڕۆژنامەنووس -بڕیار عەفرین/ڕۆژنامەنووس -دەریا محەمەد/ڕۆژنامەنووس -ژینا ئیسماعیل/ڕۆژنامەنووس -نامۆ سەربەست/ڕۆژنامەنووس -نێچیر لەتیف/ڕۆژنامەنووس -ئامانج بەکر/ڕۆژنامەنووس -ڕێبین کەریم/ڕۆژنامەنووس -کارزان قادر/ڕۆژنامەنووس -سەمیرە سەعید/ڕۆژنامەنووس -هێڤی سەلاح/ڕۆژنامەنووس هەوار محەمەد/ڕۆژنامەنووس -بینایی عیزەدین/ڕۆژنامەنووس -بینایی عومەر/ڕۆژنامەنووس -کاروان مەحمود/ڕۆژنامەنووس -هێرۆ بەهادین/ڕۆژنامەنووس -محەمەد مەحمود/ڕۆژنامەنووس -خالید خەلیل/ڕۆژنامەنووس -موحسین کەریم/ڕۆژنامەنووس -میران محەمەد/ڕۆژنامەنووس -هاوژین شوانە/ڕۆژنامەنووس -ئەمیر محەمەد/ڕۆژنامەنووس -ئاڤان نادر/ڕۆژنامەنووس -زاگرۆس محەمەد/ڕۆژنامەنووس -سنوور ڕەحمان/ڕۆژنامەنووس -ئاراس ئیبراهیم/ڕۆژنامەنووس -عابد کار/ڕۆژنامەنووس -کاروخ کامەران/ڕۆژنامەنووس -توانا مستەفا/ڕۆژنامەنووس -کارزان کەلهوڕی/ڕۆژنامەنووس -محەمەد بابانی/ڕۆژنامەنووس -بۆتان گەرمیانی/ڕۆژنامەنووس -بڕوا ئەسعەد/ڕۆژنامەنووس -بەرهەم لەتیف/ڕۆژنامەنووس -عەلی دیفاع/بەغدا/ڕۆژنامەنووس -نوری/ڕۆژنامەنووس -بێخاڵ قادر/ڕۆژنامەنووس -نوپەلدا دەنیز/ڕۆژنامەنووس -ئارژین بێستا/ڕۆژنامەنووس -ڕێباز حەسەن/ڕۆژنامەنووس -گۆران عەلی/ڕۆژنامەنووس -ڕێبەر جۆلەمێرگ/ڕۆژنامەنووس -هاوڕێ کرێکار/ڕۆژنامەنووس -سۆران محەمەد/ڕۆژنامەنووس -هەرێم قادر/ڕۆژنامەنووس -ناسیار مستەفا/میدیاکار -دێتسیم بۆتان/ڕۆژنامەنووس -ڕزگار چەلێ/ڕۆژنامەنووس -کاروان هەورامی/ڕۆژنامەنووس -ژیان پیران/ڕۆژنامەنووس -غوربەت تاڵی/ڕۆژنامەنووس -ئارمانج هەرەکۆل/ڕۆژنامەنووس -بێریڤان عەلی/ڕۆژنامەنووس -بێریڤان تونج/ڕۆژنامەنووس -قەدەر کار/ڕۆژنامەنووس -مزگین ماریبنۆس/ڕۆژنامەنووس -ئیدریس کارا/ڕۆژنامەنووس -وەیسی تالی/ڕۆژنامەنووس -عەزیز کۆیلوئۆغڵو/ڕۆژنامەنووس -شایی ئارام/ڕۆژنامەنووس -مەروان ئۆزدەمیر/ڕۆژنامەنووس -شیار کارا/ڕۆژنامەنووس -فارقین کارا/ڕۆژنامەنووس -لاڤین مەحمود/ڕۆژنامەنووس -سۆزیار عەلی/ڕۆژنامەنووس -شنیار بایز/ڕۆژنامەنووس -ئایسەڵ ئاجی/ڕۆژنامەنووس -تەرزە تەها/ڕۆژنامەنووس -ساکار ئەرسەلان/ڕۆژنامەنووس -هەڵگهورد بناری/ڕۆژنامەنووس -دڵشاد خۆشناو/ڕۆژنامەنووس -هیوا خۆشناو/چالاکوان -هاوژین غەریب/ڕۆژنامەنووس -وەرزێر سەردار/ڕۆژنامەنووس -ئارام هادی/ڕۆژنامەنووس عەلی  تالیب / سەرۆکی ئاژانسی ئەکەد خەلیل شەنگالی/ ڕۆژنامەنووس  پەریان ئەحمەد/ ڕۆژنامەنووس ئەحمەد زەردەشت/ ڕۆژنامەنووس  ئیسرا مەحموود/ چالاکوان عەلی توێجەری/ رۆژنامەنووس ئەحمەد کازم هاشم/ ڕۆژنامەنووس -سەردەم سلۆ/ڕۆژنامەنووس -یەکتا ئەرەن/ڕۆژنامەنووس -سان نەرمین/میدیاکار -ئاسۆ تەیمور/ ڕۆژنامەنووس نیزام زەکەریایی ، میدیاکار و چالاکی کۆمەڵایەتیی...سویسرا کامیل عومەر. مامۆستای میدیا لە زانکۆی سلێمانی باڵا ئاکۆ- میدیاکار چۆمان عوسمان/ ڕۆژنامەنووس کاروان سالار/ ڕۆژنامەنووس د.نەوزاد سدیق محەمەد/  مامۆستای زانکۆ و میدیاکار رەزا مەنوچەهری/ ڕۆژنامەنووس -دانا هەڵەبجەیی/ڕۆژنامەنووس -ڕەنجدەر گڕاوی/چالاکوان -هیدایەت ئیبراهیم/ڕۆژنامەنووس -کارزان عەلی عوسمان/ڕۆژنامەنووس -نەسرین خدر/ڕۆژنامەنووس ئیبراهیم ئیزیدی/ڕۆژنامەنووس خیری شنگالی/میدیاکار هادی ئەلیاس/میدیاکار خێری عومەر/میدیاکار عامر شنگالی/میدیاکار زنار شنگالی/میدیاکار نەسرین حسێن/میدیاکار ئارگەش شنگالی/میدیاکار عەلی پیر/میدیاکار سەلاح بەرجەس/میدیاکار سەعدوون قیرانی/میدیاکار جوودی شنگالی/میدیاکار جیلان شنگالی/میدیاکار مەروان خدر/میدیاکار حەسەن عەمۆ/میدیاکار مەروان ئێزیدی/میدیاکار ئێزدین شنگالی/میدیاکار ئەفین زەندا/میدیاکار سالم شنگالی/ڕۆژنامەنووس سالم داوود/ڕۆژنامەنووس خەلیل شنگالی/ڕۆژنامەنووس دڵخوەش خالتی/ڕۆژنامەنووس سەنا قیرانی/ڕۆژنامەنووس رۆژبین دەنیز/ڕۆژنامەنووس  ستیی رۆز/ڕۆژنامەنووس بێریفان شنگالی/ڕۆژنامەنووس  ناییف شنگالی/ڕۆژنامەنووس ئەمیرا سمۆقی/ڕۆژنامەنووس نیسان ژیان/ڕۆژنامەنووس رانیا عیدۆ/ڕۆژنامەنووس هێمن حەسەن/ڕۆژنامەنووس ئارام قەرەداغی/ڕۆژنامەنووس ڕەنج ئازاد ئەفەندی/ڕۆژنامەنووس سورێن ئیبراهیم/ڕۆژنامەنووس جووتیار قادر/ڕۆژنامەنووس لەیلا محەمەدی/ڕۆژنامەنووس  ھەندرێن ھەورامی/ڕۆژنامەنووس دابان ئەیوب/ڕۆژنامەنووس ئاکۆ مەجید/ڕۆژنامەنووس  فەرمان محەمەد/ڕۆژنامەنووس تریفە حەسەن/ڕۆژنامەنووس نەهرۆ داود ساڵح/ڕۆژنامەنووس کارزان حەمە/ڕۆژنامەنووس ڕێباز مەجید/ڕۆژنامەنووس وەهبی دەمیر/ڕۆژنامەنووس -کارزان حەمە/ڕۆژنامەنووس -نەهرۆ داود/ڕۆژنامەنووس -ئەبوبەکر حسێن حەمە/ میدیاکار -ئەیوب عەلی/ڕۆژنامەنووس -دڵشاد سەید عەلی/ڕۆژنامەنووس  -مەسعود هادی/ڕۆژنامەنووس -شکار بێستوون/میدیاکار -شوان خورشید/میدیاکار -هیوا ڕەئوف/ڕۆژنامەنووس -شەیما ئەحمەد/ڕۆژنامەنووس -زانیار بەهادین/ڕۆژنامەنووس -سامان شەهابی/ڕۆژنامەنووس -شنا فایەق/ڕۆژنامەنووس  

هاوڵاتی سەرۆكی گشتیی پارتی ئایندە  لە ئامەدی باكوری كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ كورد دەبری و رایگەیاند:" توركیا پێویستە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ كورد دا بكات"، راشیگەیاند:" هەڵوێستمان روون لە بابەتی دانانی قەییووم لەسەر شارەوانییەكانی هەدەپە". ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆكی گشتیی پارتی ئایندە  لە ۆركشۆپێكدا  دەربارەی پرسی كورد لە ئامەدی باكووری كوردستان رایگەیاند:"لە پارتەكەیاندا گفتوگۆیان لەسەر پرسی كورد و مافەكانی كورد كردووە و پارتی ئایندە یەكەمین پارتی سیاسی بوو لە پرۆگرامەكەیدا باس لە مافی زمانی دایك كرابێت.". هەروەها راشیگەیاند"پارتەكەی هەڵوێستی روون و ئاشكرای لە بابەتی دانانی قەییووم لەسەر شارەوانییەكانی هەدەپە نیشانداوە".  هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە "توركیا پێویستە لەگەڵ تەواوی هاومێژوو و هاونەژادەكانی دەرەوەی سنوورەكانیدا لە پەیوەندییەكی بەرپرسیارانەدا بێت. وەكو بنەمایەك رایبگەیێنێت لە چوارچێوەی ئەو دیدگەیەوە سەیری ناوچەكە دەكات كە لەگەڵ ئەواندا بەیەكەوە پێكیانهێناوە. ئێمە لەم چوارچێوەیە سەیری كوردانی دەرەوەی سنوورەكانمان دەكەین كە بە هاومێژوو و هاونەژاد دەیانبینین." ئەحمەد داود ئۆغلۆ بۆ ماوەیەكی زۆر لە پارتەكەی ئەردۆغاندا بوو، دواتر جیابونەوەی خۆی راگەیاند و پارتی ئایندەی دامەزراند، ئێستا یەكێكە لەو پارتانەی رەخنەی توند لە ئەردۆغان و پارتی ئەكەپە دەگرێت. بڕیارە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا ئەنجام بدرێت، ئەردۆغان و دەوڵەت باغچەلی كە دوو هێزی هاوپەیمانن پێكەوە ترسیان لە هەڵبژاردنەكان هەیە كە بیدۆرێنن بەرانبەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا.