هاوڵاتى دوێنێ‌ هەینی دەنگدانی تایبەت لە سەرتاسەری عێراق دەستیپێكرد و  ئەمڕۆ پرۆسەی بانگەشە ڕاگیرا و سبەینێ‌ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت. ئەمڕۆ شەممە،  9ی تشرینی یه‌كه‌می 2021  پێش 24 کاتژمێر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵمەتی بانگەشەی لیست و کاندیدەکان ڕاگیرا و سبەینێ‌ دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێ. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی عێراقییە، فەریق، عەبدولئەمیر شەممەری سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە: "ڕاگرتنی بانگەشە هەڵبژاردن و بانگەشەی کاندیدەکان لە ئەمڕۆ شەممەوە جێبەجێدەکرێت". ئاماژەی بەوەشکردووە، "داوای لە سەرجەم کاندید و لیستەکان دەکەین، پابەندبن بە ماوەی بێدەنگیی بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەیی دەنگدان، لە حاڵەتی سەرپێچیشدا هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی هەموو پێشێلکارییەک دەبنەوە". سبەینێ یەکشەممە لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی، دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لەسەرتاسەری عێراق دەکرێنەوە.

  هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر رایگەیاند: "ڕێکەوت محەمەد هیاس، کە لەشەڕی ڕوبەڕووبونەوەی تیرۆر لە کەرکوک برینداربوو گەشتە کاروانی شەهیدانمان". ئەمرۆ شەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2021، دەزگای دژە تیرۆە بڵاویکردەوە، "بەدڵێکی پڕ لە خەمناکەوە ڕایدەگەیەنین بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرمان (ڕێکەوت محەمەد هیاس) کەلەشەڕی ڕوبەڕووبونەوەی تیرۆر بۆ پارێزگاریکردن لە کەرکوکی قودسی کوردستان بریندار بوو گەشتە کاروانی شەهیدانمان". دەزگاکە ئاماژەشی بەوەکردووە، "بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و سەرجەم کارمەند و هێزەکانی (دژەتیرۆر)ەوە، پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادە و خۆمان و هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی دەکەین". دەزگاکە دەربارەی گیانلەدەستدانی ئەو کارمەندەی زانیاری زیاتری بڵاونەکردۆتەوە. دەقی ڕاگەیەندراوەکە/ بەدڵێکی پڕ لە خەمناکەوە ڕایدەگەیەنین بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرمان (ڕێکەوت محەمەد هیاس) کەلەشەڕی ڕوبەڕووبونەوەی تیرۆر بۆ پارێزگاریکردن لە کەرکوکی قودسی کوردستان بریندار بوو گەشتە کاروانی شەهیدانمان. بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و سەرجەم کارمەند و هێزەکانی (دژەتیرۆر)ەوە، پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادە و خۆمان و هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی دەکەین، لە خودای گەورە داواکارین ئەمە دواین ناخۆشی خانەوادە و هاوسەنگەرانی بێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر

  هاوڵاتى راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا هیچ بوارێک بۆ ساختەکاریکردن و دەستکاریکردنی دەنگی دەنگدەران نەهێڵراوەتەوە. ئەمڕۆ شەممە،  9ی تشرینی یه‌كه‌می 2021حسێن هنداوی راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئێندپێندێنتی عەرەبی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، کەرۆژی دەنگدانی گشتییە، دەبێتە رۆژێکی زۆر باش و مێژوویی. وتیشی، "پێشبینیمان وایە، هەڵبژاردنی ئەمجارە بەگوێرەی هەموو پێوەر و پێودانگەکان بێگەرد و قەبوڵکراوبێت لەسەر هەردوو ئاستی نیشتیمانی و نێودەڵەتی". حسێن هنداوی ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت ئەم هەڵبژاردنە بە هەلێکی مێژوویی دەزانێت بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی گۆڕانکاریی دروست. لەبارەی ئەگەری روودانی ساختەکارییەوە، حسێن هنداوی راوێژکاری کازمی باسی لەوەشکرد، حکومەت و کۆمسیۆن هەموو هەوڵێکی خۆیانداوە تا هیچ بوارێک بۆ ساختەکاری و دەستکاریکردنی دەنگی دەنگدەران نەهێڵرێتەوە. هەربۆیە واشدەبێت. ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت بڕیاریداوە بەتوندی مامەڵە لەگەڵ ساختەکاریدا دەکات. راوێژکارەکەی کازمی ئاشکراشی کرد، گرتنەبەری میکانیزمەکانی دابەشکردنی بازنەکانی دەنگدان و خۆکاندیدکردنی کەسی و سەربەخۆ، سەرکەوتنی کاندید لە رێگەی یەکدەنگەوە و رێگەنەدان بەگۆڕانی دەنگەکە بۆ کەسێکی دیکە، پشتبەستن بە سیستمی بایۆمەتری و ئامادەبوونی چاودێرانی بیانی و نیشتیمانی و پێداگری میللەت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف هۆکارن بۆ نەهێشتنی هیچ بوارێک بۆ ساختەکاری. لەبارەی تەواوی ئامادەکارییەکانەوە، حسێن هنداوی ئاماژەی بەوەدا، کۆمسیۆن رایگەیاندووە تەواوی ئامادەکاریی کردووە بۆ بەڕێووەچوون و سەرخستنی هەڵبژاردنەکە، شانبەشانی ئەوانیش حکومەت تەواوی پشتیوانی خۆی دەربڕیوە و بەردەوام لەسەر خەتە بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەکە. دوێنێ‌ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن. بڕیاریشه‌ یه‌كشه‌ممه‌ی سبەینێ‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، دەنگدانی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و به‌پێی ئاماره‌كان نزیکەی 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

هاوڵاتی  به‌ بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ژماره‌یه‌ك كاندید له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دورخرانه‌وه‌ و ئه‌و ده‌نگانه‌شیان سڕ ده‌كرێت كه‌ له‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت هێناویانه‌. كۆمسیۆنی باڵا له‌ 3 نوسراوی جیادا ناوی نزیكه‌ی 15 كاندیدی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دورخراونه‌ته‌وه‌ و هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڕوانامه‌ به‌ده‌ستهێنراوه‌كانیان له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری فه‌رمی پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌ یان بڕوانامه‌كانیان ساخته‌یه‌. له‌ نوسراوه‌كانی كۆمسیۆندا ناوی (عومه‌ر ره‌سوڵ حامد ئه‌حمه‌د) كاندیدی هه‌ولێر و (هانی ره‌شید حه‌سه‌ن) كاندیدی كه‌ركوك هه‌ن. ئه‌مڕۆ هه‌ینی ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئاواره‌ و به‌ندكراوان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش له‌دوای داخستنی سندوقه‌كانی ده‌نگدان رایگه‌یاند كه‌ رێژه‌ی به‌شداری 69% بووه‌.

هاوڵاتى پەیوەندییەكانی ئێران و ئازەربایجان تەمەنیان لەسەدەیەك زیاترە، بەڵام قەرەباغ و ئیسرائیل و توركیا پەیوندیی دۆستانەی ئەو دوو وڵاتە بەرەو دوژمنایەتی بردووە و دوور نییە نمایشی سەربازیی ئێران بۆ جەنگ لەدژی باكۆ بگۆڕدرێت. ئێران لەئێستادا دەستیكردوە بە نمایش و مانۆڕی سەربازیی لەسنورەكانی ئازەربایجان و سەرۆكی ئازەربایجانیش دەڵێت (30) ساڵە هەڵسوكەوتی لەو جۆرە لەتاران بەدی نەكراوە بەرامبەر باكۆو ئەوەش مایەی نیگەرانییە. پێگەیەكی هەواڵگریی ئیسرائیل ئاشكرای كردووە كە بنكەیەكی نهێنی دروستكردنی موشەك لەئێران كراوەتە ئامانج كە زیانێكی زۆری پێگەیشتووە و سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێیوایە ئەو بنكە موشەكییە لەخاكی ئازەربایجانەوە كراوەتە ئامانج، چونكە ئیسرائیل ماوەی چەند ساڵێكە خاكی ئازەربایجان دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بەكاردەهێنێت. هاوپەیمانیی نێوان توركیا، پاكستان و ئازەربایجان و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی (سێ برا) و بوونی بنكەی سەربازیی ئیسرائیل و جێگیربوونی چەكدارانی داعش لەسنوورەكانی نێوان ئازەربایجان و ئێران، وای كردووە سوپای ئێران نمایشە سەربازییەكی وەك جەنگ لەدژی جولەكە ناوزەد بكات. هەروەها لەگەڵ ئەو نمایشە سەربازییەش دانانی سێ مەسینە بە رەنگی ئاڵای ئێران لەبەردەم باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەباكۆ توڕەیی تارانی لێدەكەوێتەوە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دۆست و دراوسێیەی بەرەو ئاڵۆزیی بردووە. ئێران بۆ لەدۆستەوە دەبێتە دوژمنی ئازەربایجان ئێران و ئازەربایجان زیاتر لە (432) كیلۆمەتر سنوری هاوبەشیان هەیەو ژمارەی دانیشتوانی ئازەربایجان كە زۆرینەیان تورك زمانن و (85%)یان شیعەن لە رووی كۆمەڵایەتی و كەلتورییەوە پەیوەندییەكی قوڵیان هەیە لەگەڵ هاووڵاتیانی تورك لەئێران كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی (15) ملیۆن كەس. ئەوانیش هاوشێوەی ئازەرییەكان زۆرینەیان شیعەن و تەنانەت رەچەڵەكی خۆیان بە ئازەری دەزانن بەتایبەت كە ئازەربایجان دوو سەدە پێش ئێستا بەشێك بووە لەخاكی ئێران، بۆیە زۆر ئاساییە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دۆستانە بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە كە وڵاتێكی وەك ئیسرائیل بۆ بكرێتە بیانوی سەرەكیی تێكچونی پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە، دۆستایەتیی (200)ساڵە بۆ دوژمنایەتیی بگۆڕدرێت. ئیسرائیل ساڵی (2019) رێككەوتنێكی سەربازیی، ئەمنیی و هەواڵگریی بە رەسمی لەگەڵ كۆماری ئازەربایجان ئیمزا دەكات و ئەوەش كۆماری ئیسلامی ئێران نیگەران دەكات. لەلایەكی دیكەوە سایتی ویكی لیكس ئاشكرای دەكات كە لەساڵی (2009) ئیسرائیل رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆماری ئازەربایجان كردووە كە بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت باكۆ لەبەرەی جەنگ لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت و پابەند بێت بە رێككەوتنەكەوە. لەگەڵ ئیسرائیل وڵاتی توركیاش لەجەنگی قەرەباغ دژی ئەرمینیا پشتیوانیی خۆی بۆ ئازەربایجان راگەیاندو ئەوەیش بەواتەی ئەوە دێت كە ركابەرە دێرینیەكەی ئێران جیاواز لەكۆماری ئیسلامی بەبێ گوێدانە ئایین پشتیوانیی لەئازەرییە توركەكان دەكات، بۆیە پەیوەندیی و ململانێ مێژووییەكانی توركیا و ئێران پێچەوانەی رابردوی عوسمانییەكان و سەفەوییەكان، ئەمجارە لەسەر بنەمای نەتەوەو رەچەڵەك خۆی لەئازەربایجان دەردەخات نەوەك ئایین و مەزهەب. هەستیاریی ئێران بەرامبەر بەتوركیا لەپشتیوانیی ئازەربایجان بە رادەیەكە كە خوێندنەوەی هۆنراوەی شاعیرێكی ئێرانی سەبارەت بە رووباری ئاراس  لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ پشتیوانی لە ئازەربایجان لەدەستبەسەرداگرتنی ناوچەی قەرەباغ بووە مایەی كاردانەوەی توندی ئێران و دواتر دەركەوت ئەردۆغان هۆنراوەكەی بەهەڵە خوێندوەتەوەو تەنانەت ئێرانیش كەوتبووە هەڵەوە كە بەشێك لەو هۆنراوە پەیوەندیی تەنها بەو شاعیرەی ئێرانەوە نەبووە كە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناوی هێناوە. مانۆڕەكەی ئێران جەنگە لەدژی ئیسرائیل سوپای رەسمیی ئێران (ئەرتەش) و هێزە چەكدارەكانی دیكەی ئێران لە رۆژی هەینی (1/10/2021) نمایشێكی سەربازیی گەورەیان بەناوی (سەركەوتووانی خەیبەر) دەستی پێكرد كە ئەو ناوە رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی سوپای موسوڵمانان لەدژی جولەكەكان لەساڵی حەوتەمی كۆچی لەخەیبەر، چونكە خەیبەر ببووە چەقی پیلانی جولەكەكان دژی موسوڵمانان و هەر بەم هۆیە لەلایەن سوپای موسوڵمانانەوە دەستی بەسەرداگیرا، بۆیە ئەو مانۆڕە سەربازییەی ئێران بەو ناوەوە ئاماژەیەكی روونە كە بۆ دژایەتیی ئیسرائیلە. كەیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای ئێران لەلێدوانێكدا لەگەڵ دەستپێكردنی مانۆڕی سەركەوتووانی خەیبەر رایگەیاند پەیامی ئێران لەئەنجامدانی ئەو مانۆڕە لەسنورەكانی باكوری رۆژئاوای وڵاتەكە روونە و پێویستە چەك و كەرەستە نوێیەكان تاقی بكەینەوە.  ئیلهام عەلێڤ، سەرۆك كۆماری ئازەربایجان ئەو مانۆڕەی بەنامۆ و مەترسیدار ناوبردو رایگەیاند:» ئێران دوای (30) ساڵ بیری كەوتووەتەوە مانۆڕی سەربازیی لەسنوری ئازەربایجان ئەنجام بدات، بۆیە ئەو مانۆڕە جێی گومان و نیگەرانیی ئێمەیە». گروپی ئیمەیج سات ئینتێل (imagesatintl) كە تایبەتە بەزانیاریی ئاسمانی و هەواڵگریی وڵاتی ئیسرائیل ژمارەیەك وێنەی مانگی دەستكردی لەبنكەیەكی موشەكی ئێرانی بڵاوكردوەتەوە كە بەشێكی بەتەواوەتی لەناوچوە و ئاشكرای كردووە ئەو بنكەیە شوێنی دروستكردنی موشەكی بالیستی سوپای پاسدارانی ئێران بووە و لەلایەن ئیسرائیلەوە كراوەتە ئامانج و یەك لەسەر چواری ئەو شوێنە وێران بووە.  هاوكات میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە ئەو شوێنە ناوەندێكی تایبەت بە تووێژینەوە و لێكۆڵینەوەی پیشەسازی و تەكنەلۆژیای سوپای پاسداران بەناوی (شەهید هیمەت) بووە كە بەهۆی ئاگركەوتنەوەوە دوو كەس تێیدا كوژراون. لەساڵی (2019) ئەو بنكەیە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا بەهۆی بەرنامەی موشەكیی ئێرانەوە خستبووە لیستی سزادانەوە. ئێران گومانی هەیە ئەو هێرشە لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئەو بنكە موشەكییە ئەنجامدرابێت كە ماوەی چەند ساڵێكە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئیسرائیل لەخاكی ئازەربایجانەوە بەرەو خاكی ئێران دەفڕن و چاودێریی جموجۆڵە سەربازییەكانی ئێران دەكەن. باج و گومرگ ئێران تووڕە دەكات بەپێی زانیارییەكان دوای ئەوەی ساڵی رابردو ئازەربایجان توانی دەست بەسەر ناوچەی قەرەباغدا بگرێت ئاگربەستی لەگەڵ ئەرمینیا راگەیاند، بەڵام ئازەربایجان ژمارەی چەك و سەربازەكانی خۆی لەسنوری ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد كردووە و ئەو رێگە سەرەكییەی كە ئێران و ئەرمینیا پێكەوە گرێ دەداتەوەو نزیكەی (21) كیلۆمەترە كەوتووەتە دەست ئازربایجان و سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە ئێرانیانەی كە كاڵا و شتومەك بۆ ئەرمینیا دەگوازنەوە دەبێت بەو رێگایەدا تێپەڕن و لەمانگی رابردووشەوە حكومەتی ئازەربایجان باج و گومرگی بۆ هەر بارهەڵگرێك لە (100) دۆلار بۆ (150) دۆلار زیاد كردووە. ئیلهام عەلێڤ بەئاژانسی هەواڵی (ئەنەدۆڵ)ی توركیای راگەیاندووە زیاتر لە (60) بارهەڵگری ئێرانی بەشێوەیەكی نایاسایی چوونەتە ناوچەی قەرەباغ و باج و گومرگیان رادەستی حكومەتی ئازەربایجان نەكردووە، بۆیە پێویستە ئەوان لەوە تێبگەن بە خاكی هەر وڵاتێكدا تێپەڕ ببن دەبێت باج و گومرگ بدەن. دوای ئەوەی ئازەربایجان لەمانگی هەشتی ئەمساڵدا رایگەیاند لەسنوری نێوان ئەرمینیا و ئێران سەربازێكی وڵاتەكەیان لەلایەن سەربازێكی ئەرمینیاوە بریندار كراوە باكۆ رێگای (گوریس قاپان) لەسنورەكانی خۆی بەڕووی بارهەڵگرو پاسە گەشتیارییەكانی ئێران كەدەیانویست بڕۆنە ئەرمینیا داخست و دوو شۆفێری ئێرانیی بەتۆمەتی سەرپێچی لەبڕیارەكە دەستگیركرد، ئەوەش ناڕەزایەتیی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێكەوتەوە داوای ئازادكردنی ئەو دوو شۆفێرە ئێرانییە كرا كە تائێستاش ئازاد نەكراون لەزیندانێكی باكۆ دەستبەسەرن. رێگای گوریس قاپان  كە نزیكەی (21) كیلۆمەترە دەكەوێتە ناوچەی قەرەباغەوەو نزیكەی ساڵێكە لەلایەن حكومەتی ئازەربایجانەوە بەڕێوەدەبرێت و هەر بارهەڵگرێك یان ئۆتۆمبێكی ئێرانی پێویستە بەو رێگایەدا بڕواتە یەریڤان-ی پایتەختی وڵاتی ئەرمینیا لەبەرامبەردا باج و گومرگ رادەستی حكومەتی ئازەربایجان بكات لەكاتێكدا پێشتر حكومەتی ئەرمینیا هیچ بڕە باج و گومرگێكی لە ئۆتۆمبێلە ئێرانییەكان وەرنەگرتووە بۆیە ئێرانییەكان پێیان وایە ئازەربایجان لەژێر كاریگەریی توركیاو ئیسرائیل باج و گومرگ لەو وڵاتە وەردەگرێت. مەسینە و موشەك ململانێكانی ئازەربایجان دوای ئەوەی ئێران دەستیكرد بەمانۆڕە سەربازییەكەی لە سنوری ئەو وڵاتە قوڵتر بووەوە و لە نوێترین كاردانەوەدا رۆژی هەینی عەباس موسەوی، باڵیۆزی ئێران لەباكۆ رایگەیاند دەستدرێژی و بێڕێزی كراوە بە باڵیۆزخانەكەیان و چەند مەسینەیەك بە رەنگی سەوزو سپی و سور بەواتای ئاڵای ئێران لەبەردەم دەرگای باڵیۆزخانەكە دانراون. پۆلیسی ئازەربایجان لەیەكەم كاردانەوەی بەلێدوانی موسەوی رایگەیاند چوار كەس بەهۆی بێڕێزیی بە باڵیۆزخانەی ئێران لەئازەربایجان دەستگیركراون. دانانی ئەو مەسینانە لەبەردەم باڵیۆزخانەكەی ئێران هاوكات بوو لەگەڵ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی ئەو وڵاتە لەسنوری ئازربایجان كە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی سەربازیی ئێران تەكنەلۆژیای نوێی موشەكی و سەربازیی تێدا تاقیكراوتەوە. سێ برا دژی ئێران ئێران پێیوایە ئیسرائیل بەشداربووە لەو مانۆڕە سەربازییەی كە لە رێككەوتی (12/8/2021) بەناوی (سێ برای 2021) لەنێوان پاكستان و ئازەربایجان و توركیا بەڕێوەچوو، بۆیە لەوكاتەوە بەهەستیاریی زیاتر مامەڵە لەگەڵ ئازەربایجان دەكات و تەنانەت ئەو نمایشە سەربازییەی سێ وڵاتەكەی بەمانۆڕی چوار برا ناوەزد كرد وەك ئاماژەیەك بە بەشداربوونی ئیسرائیل لەمانۆڕی سێ برادا. بەرپرسێكی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا)ی راگەیاندووە ئەو مانۆڕە سەربازییەی مانگی رابردووی نێوان چوار وڵاتی (ئیسرائیل، توركیا، پاكستان، ئازەربایجان) بە مەبەستی ئەوە بووە كە كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەكە هەستیار بكەنەوە و پەیامێك بووە بۆ كاردانەوەی تاران، بۆیە لەبەرامبەر ئەو مانۆڕەدا سوپای ئێران مانۆڕی سەركەوتووانی خەیبەر ئەنجامدەدات. بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسە بۆ ئیسنا كەناوی بڵاونەكراوەتەوە؛ لەماوەی جەنگی (44) رۆژەی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان ژمارەیەك چەكداری داعش لەسوریاوە هێنراونەتە سنورەكانی ئێران و ئەوەش واتای ئەوەیە ئازەربایجان هێڵە سوورەكانی تێپەڕاندووە و لەژێر كاریگەریی ئیسرائیل ئەو كارانەی دژی خاكی ئێران ئەنجامداوە لەبەرامبەردا كۆماری ئیسلامی ئێران وەك براگەورەیەك كەزیاترین خەڵكی شیعە لەخۆدەگرێت و ئازەربایجانیش زیاترین شیعەی تێدا نیشتەجێیە، تاران تەنها هۆشداریی بە باكۆ داوە و هیچ كاردانەوەیەكی توندی بەرامبەر ئەو وڵاتە نەبووە. ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەوە كردووەتەوە كە وڵاتەكەی دانی بەخۆیدا گرتووەو گەورەیی نواندووە كە تائێستا هاوشێوەی ئازەربایجان هەڵسوكەوتی نەكردووە كە ئەوەش بەواتای لاوازیی ئێران نییە. لەلایەكی دیكەوە محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە مانۆڕی سەركەوتووانی خەیبەر پەیامێكی روون و ئاشكرایە بۆ دراوسێكان كەكۆماری ئیسلامی ئێران هەر جۆرە گۆڕانكارییەك لەسنورەكانی بەهێڵی سوور دەزانێت. ئێران و جەنگی خەیبەر هەستیاربوونەوەی ئێران لەناوچەكەدا و بەتایبەت لەسنورەكانی باكوری رۆژئاوای وڵاتەكەی ئاماژەیە بەو گورزە كاریگەرانەی كە لەلایەن وڵاتی ئیسرائیلەوە بەری كەوتووە چونكە وێناكردنی ئەو مانۆڕە سەربازییەی لەسنوری ئازەربایجان بەجەنگی موسوڵمان لەدژی جولەكە ئاماژەیەكی روونە كە دەیەوێت ئیسرائیل وەك كاراكتەرێكی سەرەكی تێكدانی گەمەكان لەناوچەكەدا پێناسە بكات و بەو بیانوەشەوە هێزی سەربازیی خۆی زۆر زیاتر لەجاران پیشان بدات و پێشوەختە ئەو پلانانە پووچەڵ بكاتەوە كە پێدەچێت لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەكەدا بەڕێوەبچێت چونكە ئێران لەئێستادا گیرۆدەی قەیرانی قووڵی ئابورییە و توانای بۆ بەڕێوەبردنی جەنگێكی چەند لایەنەی سەربازیی سنوردارە، بەڵام دەیەوێت لە رێگەی جوڵاندنی هەستی ئاینیی موسوڵمانانەوە لەدژی ئیسرائیل، ئەو وڵاتە رووبەڕووی فشار بكاتەوە بەهیوای ئەوەی تاران لەقەیرانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان دەرباز ببێت.  

هاوڵاتی رابه‌ری ره‌وتی سه‌در په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ "داستان" ناوبرد. ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2021،  موقته‌دا سه‌در له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر نوسیویه‌تی "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ رووی رێكخستن و خۆشه‌ویستیی نیشتمان داستانێكی جوانی هه‌ڵبژاردنیان تۆمار كرد." سه‌در ده‌ڵێت "چه‌ند گه‌وره‌یه‌ تفه‌نگه‌كانیان بۆ پاراستنی نیشتمان و ده‌نگه‌كانیشیان بۆ خۆشه‌ویستیی نیشتمان بێت". له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ رابه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای له‌ هاوڵاتیانی عێراق كرد پشتیوانی له‌ پرۆژه‌ی جساكسازی بكه‌ن و وتی "ئێمه‌ خوێندكاری چاكسازین و له‌ رابردودا ده‌نگی ره‌هامان بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌". سه‌در به‌ڵێنی سه‌ركه‌وتنی بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا و رایگه‌یاند كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی نیشتمان گه‌نده‌ڵه‌كان لا ده‌به‌ن.

هاوڵاتی رێژه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ پارێزگای سلێمانی سه‌دا 80 بووه‌ و له‌ كه‌ركوكیش 62%بووە، هه‌روه‌ك له‌ رانیه‌ و قه‌زای پشده‌ریش رێژه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت سه‌دا 90 بووه‌. كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان كۆتایی هات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ كاتژمێر حه‌وتی به‌یانیه‌وه‌ ده‌نگدان ده‌ستیپێكردبوو. كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی ته‌مموزی 2021، دوای ته‌واوبوونی پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: كه‌ ئامێره‌كانی ده‌نگدان خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی له‌كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ له‌كار وه‌ستاون و بڕیاره‌ له‌ كاتژمێر حه‌وت ئامیره‌كان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان دابگیرسێنه‌وه‌. كۆمسیۆن ده‌ڵێت كه‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتویی و به‌بێ هیچ پێشێلكارییه‌ك به‌ڕێوه‌چووه‌ و ئه‌نجامه‌كانیش له‌ رێگه‌ی مانگی ده‌ستكرده‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێن و هاوكات چه‌ند سندوقێك به‌ ده‌ستی جیاده‌كرێنه‌وه‌ تا بزانرێت له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنیدا هاوكاته‌ یان نا. دووپاتیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ دزه‌پێكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ تاوان داده‌نرێت و هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك له‌ پشتییه‌وه‌ بێت، سزا ده‌درێت. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لەپارێزگاکان بەم شێوەیە بوە؛ کەرکوک 62%، نەینەوا 70%، دیالە 74% و لەسەڵاحەدینیش 70%ی دەنگدەران بەشداری پرۆسەکەیان کردوە. ئەوەش هاتوە، رێژەی بەشداریکردن ئەنبار 59%، کەربەلا 74%، نەجەف 69% و لە بەغدا-رەسافەش 62% ی دەنگدەران بەشداری پرۆسەکەیان کردوە. هاوکات لقی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان ڕێژەی  (88%) بوە و لەکۆی 90.054 دەنگدەر،  ژمارەی دەنگدەرانی  هێزە ئەمنییەکان 79.434 بو.   له‌ باره‌ی رێژه‌ی به‌شداری كردنی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێم، نوسینگی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ دەنگدانی هێزە ئەمنیەکان ڕێژەی (88%) بووه‌ لەکۆی 79.434 دەنگدەر، ژمارەی دەنگدەران  هێزە ئەمنیەکانیش  90.054 بوو، ئاشكراشیكرد كه‌ دەنگدانی ئاوارەکان  ڕێژە(28%) بووه‌، ژمارەی دەنگدەرانیش  7260، بووه‌ لە کۆی  25.200 دەنگدەر. له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی رێژه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت سه‌رو سه‌دا 80 بووه‌، له‌ كه‌ركوك رێژەی دەنگدانی تایبەت سه‌دا 62 بووه‌، له‌ كۆی 47 هه‌زار و 500 ده‌نگ، 30 هه‌زار و 772 ده‌نگ دراوه‌، هه‌روه‌ك رێژەی بەشداری ئاوارەکانیش 56%بووە، لەکۆی شه‌ش هه‌زار و 451 ده‌نگ، سێ هه‌زار و 663 ده‌نگ دراوه‌. له‌ قه‌زای رانیه‌ و پشده‌ر رێژەی دەنگدانی تایبەت %90.5 بووه‌، له‌ كۆی 16 هه‌زار و 556 ده‌نگ، 14 هه‌زارو 894 ده‌نگ دراوه‌.

هاوڵاتی مەکتەبى ساسى یەکێتى رایگەیاند" لە دوایین ساتەکانی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیک دەبینەوەو بە گڕوتینی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و رۆژانی راپەڕین و رزگارکردنی کوردستان لە چنگی بەعسی داگیرکەر و بەرەنگاربوونەوەی تاریکپەرستانی داعش بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەچین." ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، مەکتەبى ساسى یەکێتى رایگەیاند" لە دوایین ساتەکانی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیک دەبینەوەو بە گڕوتینی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و رۆژانی راپەڕین و رزگارکردنی کوردستان لە چنگی بەعسی داگیرکەر و بەرەنگاربوونەوەی تاریکپەرستانی داعش بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەچین." ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەمڕۆ پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو، بە سوپاسێکی زۆرەوە پێشمەرگە قارەمانەکان، ھێزەکانی ناوخۆ بە گڕوتینەوە بەشداری پڕۆسەکە بوون و دەنگیان دا، ئومێدەوارین ئێمەش بە ھەمان رۆحیەتی ئەوانەوە لە پرۆسەکە بەشداربین. مەکتەبى سیاسى یەکێتى راشیگەیاندوە"یەکێتی وەک ھێزێکی رەسەنی خاوەن مێژوویەکی پاک و پڕشنگدار، پێشەنگ لە خەبات و قوربانیدان، داھێنەر لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمن و تێکشکێنەری پیلانەکان، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە لەگەڵ ھەڤاڵانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان لە پڕۆسەکە بەشدارین، بە پشتیوانی و پاڵپشتی تێکۆشەرانی گەلەکەمان و خەڵکی دڵسۆزو قارەمانی کوردستان چاومان لە سەرکەوتنی گەورەیە، دەمانەوێ سەرکەوین و سەرکەوتنمان بکەینە دیاری بۆ رۆحی رابەرانمان مام جەلال و کاک نەوشیروان و سەرجەم تێکۆشەرانی گەلەکەمان". هەروەها مەکتەبى سیاسى یەکێتى جەختیکردوەتەوە کە بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە پڕۆسەی دەنگدان مافێکی سەرەتایی خۆتانەو بە بەشداریکردنتان لە پرۆسەکە دەتوانن ببنە بەشێک لە رێڕەوی بڕیاردان لەم وڵاتە، دەنگدانتان بە کاندیدانی ھاوپەیمانی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەھێزترکردنی پێگەی کوردە لە بەغدا. هەروەها مەکتەبی سیاسی یەکێتى دەشڵێت، یەکێتییەکی بەھێز لە بەغدا زامنی ژیانێکی سەقامگیرە لە ھەرێمی کوردستان و راستکردنەوەی رێڕەوی بڕیاردانە لە بەرژەوەندی گەلەکەمان. هاوکات مەکتەبى سیاسى یەکێتى روونیکردوەتەوە کە ئەمجارەش بە بەشداری یەکێتیانەتان لە پڕۆسەکە و سەرخستنی کاندیدانمان دەتوانین بۆ یارو نەیاری بسەلمێنین کە یەکێتی ھێزێکی رەسەنەو خاوەنی جەماوەرێکی پۆڵاینەو ھەرگیز ناکەوێ، دەبێ ئەمجارە ھەموومان پێکەوە بیسەلمێنین کە یەکێتی ھێزێکە لەھەناوی خەڵکی کوردستانەوە ھەڵقوڵاوە، ھەر خەڵکی تێکۆشەرو بە شەرەفی کوردستانیشن یەکێتی سەردەخەن و دەیسەلمێنن کە مامی ھەموومان مام جەلال راستی فەرموو کە وتی سەفین لەبن بێ یەکێتی لەبن نایە. لە کۆتاییشیدا مەکتەبى سیاسى یەکێتى داوا لە ھەموو کادیرو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی، کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان، کەسوکاری پێشمەرگە قارەمانەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر، خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان، بە تایبەت گەنجان و لاوان و ژنان، تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات دەنگ بدەن بە ھاوپەیمانی کوردستان. هاوكات لەراگەیاندراەوكەی یەكێتیدا باس لە بۆردومانەكەی ئەم ئێوارەی توركیا دەكات لەسنوری ناوچەی چەمچەماڵ و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە "ئەرکی دەستووری و نیشتمانیی خۆی لە داکۆکیکردن لە خاکی عێراق بە کوردستانیشەوە راپەڕێنێت و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە حکومەتی تورکیا لەم پێشێلکارییە ئاگاداربکاتەوە."

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانى عێراق بەبۆنەى کۆتاییهاتنى پڕۆسەى دەنگدانى تایبەت رایگەیاند، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت سەرکەوتوو ئەوەش ئەنجامی کاری زۆری ماوەی رابردوویان بووە. مستەفا کازمی رایگەیاند، پرۆسەى دەنگدانى تایبەت بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانمان بێ گرفت دەنگی خۆیاندا، ناوەڕۆکى گۆڕانکارى لە وڵاتدا دەرخست و هەنگاوی یەکەمى بەشداریکردنی گەلەکەمان بۆ گۆڕانکاریکردن سەرکەوتوو بوو. سەرۆک وەزیرانى عێراق لە وتاریکدا بۆ میدیاکان وتیشی: هەنگاوی گرنگمان نا بۆ سەرخستنى پڕۆسەى هەڵبژاردن کە خۆشبەخستانە ئەو هەنگاوانە سەرکەوتوو بوون. ستایشى عەلی سیستانى مەرجەعی باڵای شیعەکانی عیراقی کرد بۆ پشتیواینکردن و رێنماییەکانى بۆ حکومەت و دەنگدەران. کازمی وتیشی: شەرەفێکى مەزنە بۆ من کە سەرپەرشتى پڕۆسەکە بکەم و خۆم و تیمەکەم لە حکومەت نەچووینە هیچ رکابەرێکەوەو لایەنى هیچ حزبێکى سیاسیمان نەگرتووە.

هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەت پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "سوپاسی ھەموو دەزگا ئەمنییە قارەمانەکانمان دەکەم بۆ بەشداریکردنی بەهێزیان له‌ ده‌نگدانی ئەمڕۆ لە سەرانسەری کوردستان." ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، لە تویتێکدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکات بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە "پاراستنی کۆمەڵگە." دەشڵێت، "متمانەی تەواوم بە تواناکانیان هەیە بۆ پاراستنی دەنگدەران لە رۆژی دەنگدانی گشتی له‌ ڕۆژی یەکشەممە".

هاوڵاتی  ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە بۆردوومانی ئامانجێکی لە گوندی سەیدانی سەر بە قەزای چەمچەماڵ کرد و بەهۆیەوە قوربانی لێکەوتووەتەوە. ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، فڕۆکە بۆردوومانی ئامانجێکی لە گوندی سەیدانی سەر بە قەزای چەمچەماڵ کرد و بەهۆیەوە قوربانی لێکەوتووەتەوە. لە بۆردومانەكەدا ئوتۆمبێلێك بۆردومان كراوە و بریندار هەیە، بەڵام تائێستا پشتراست نەكراوەتەوە. فڕۆکەکان ئۆتۆمبێلێکیان کردووەتە ئامانج کە دەگوترێت، گەریلای پەکەکەی تێدابوون. ئەم هەفتەیە تورکیا ئەو گوندەی بۆردوومان کرد، بۆیە گومان دەکرێت فڕۆکەی تورکیا بن.  لەماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوە جاری دووەمە فڕۆکە سنووری ئەو گوندە بۆردوومان دەکات.  

  هاوڵاتی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت، لە سێ مانگی بانگەشەی هەڵبژادندا و دەنگدانی تایبەتدا 41 پێشێلكاری بەرامبەر بە 36 رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، كەمترین پێشێلكاریش پەیوەندی بە بانگەشەوە هەبووەو زۆرترینیان پەیوەندیداربوون بەرووداوەكانی دەرەوەی بانگەشە. ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند: لە ماوه‌ی سێ مانگی بانگەشەی هەڵبژادنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و دەنگدانی تایبەت كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌ڕێوه‌چوو، 41 پێشێلكاری بەرامبەر بە 36 رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، كەمترین پێشێلكاریش پەیوەندی بە بانگەشەوە هەبووەو زۆرترینیان پەیوەندیداربوون بە رووداوەكانی دەرەوەی بانگەشە. هاوكات سایتی عه‌هد نیوز به‌پێی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ كه‌ ده‌ستی كه‌وتوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان به‌رووی ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت تا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراق ئه‌م پێشێلكارییانه‌ كراون: - بردنه‌ ژوره‌وه‌ی مۆبایل له‌ زۆرێك له‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان و تۆماركردنی وێنه‌ و ڤیدیۆی كاتی ده‌نگدان. - بانگه‌شه‌كردن بۆ چه‌ند كاندید و لیستێك له‌ نزیك ناوه‌نده‌كانی ده‌نگداندا. - ئاماده‌نه‌بونی ئاشكرای چاودێرانی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كان. - ده‌مه‌بۆڵه‌ی نێوان ئه‌ندامانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و هێزێكی سه‌ربه‌ سوپای عێراق له‌ ناوه‌ندێكی ده‌نگدان له‌ پارێزگای ئه‌نبار. - هوتافكێشان و به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی چه‌ند لیستێكی به‌شداربوی هه‌ڵبژاردن له‌ناو ناوه‌ندێكی ده‌نگداندا. ده‌قی راپۆرته‌كه‌ی سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان بەم شێوەیە: • روداوەكانی دەرەوەی بانگەشەو دەنگدانی تایبەت لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەدا: (30) پێشێلكاری، بیریتیبوو لە:  (1) حاڵەتی تەقەلێكردن  (8 ) حاڵەتی هێرش و سوكایەتی  (3) حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی (4)حاڵەتی دەستبەسەركردن بە بێ بڕیاری دادگا  (12) حاڵەتی رێگریكردن لە روماڵ  (2) حاڵەتی پركردنەوەی بەڵێنامە بە رۆژنامەنوس • لە كاتی بانگەشەدا: (2) پێشێلكاری تۆمار كراوە، بریتیبوو لە:  (2) حاڵەتی هەڕەشە لێكردن • لەكاتی دەنگدانی تایبەتدا: (9) پێشێلكاری، بریتیبوو لە: (2) حاڵەتی هەڕەشە لێكردن  (7) حاڵەتی رێگریكردن لە روماڵ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ناوەند و رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە ئازادی رۆژنامەگەری جەخت لەوە دەكەنەوە كە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن یەكێكی ترە لە ئەركە گرنگەكانی میدیا لە سیستمی دیموكراسیدا، میدیای ئازادو فرە رەنگ فاكتەری گرنگی چەسپاندنی شەفافییەت و لێپرسینەوە و كۆڵەكەی (حوكمداری باش)ە، كە تیایدا مافەكانی مرۆڤ بە پرۆسەی گەشەسەندن گرێدەدات. لەم سۆنگەیەوە هۆكارەكانی راگەیاندن بینراو، بیستروا، نوسراو، ئەلیكترۆنی، میدیای نوێ بە گشتی، رۆڵی گرنگیان لە پرۆسەی دیموكراسیدا هەیە، بە بێ میدیا و ئازادی كاركردنیان ناتوانین باس لە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكەین. بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، تەنها لە دەنگدان و بژاردنی دەنگەكاندا كورت ناكرێتەوە، بەڵكو مەرجی گرنگی سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە بەرێوەچوونی گفتوگۆی كراوە و بوونی زانیاری دەربارەی لیست و كاندیدە ركابەرەكان و و بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە دەربارەی پرۆسەكە، تا دەنگدەر بە زانیاری تەواو دەربارەی پرۆژەی كاندیدو لیستە ركابەرەكان بچێتە سەر سندوقی دەنگدان، ئازادانە ئەم مافەی خۆی پراكتیك بكات. رێزگرتن لە میدیاكاران و زەمینە خۆشكردن بۆ كارەكانیان هانی بەشداری گشتی دەكات لە پرۆسەی بەشداری لە بریاردان، ئەمەش كاتێك كاریگەری بەهێز دەبێت كە دەزگاكانی میدیا بە شێوەیەكی پیشەییانە ئەم ئەركە جێبەجێبكەن و دەزگاكانیان ببنە سەكۆیەك بۆ گوزارشتكردن لە فرەیی سیاسی. میدیاكان لەم هەڵبژاردنەدا روماڵی درێژترین پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنیان كرد ئەنجومەنی باڵای كۆمسیارانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق،  لە 30ی ئەیلولدا رایگەیاند بە بەشداربوونی فراوان و چڕی میدیای ناوخۆیی و عەرەبی و جیهانی دەكاتە شەریكی ئامانجەكەمان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەكان. چاودێریكردنی میدیا بۆ ئەم پرۆسەیە، رۆڵبینینی میدیاكان فاكتەرێكی گرنگی پێدانی زانیاری و گفتگۆی كراوەی نێوان كاندەیدەكان بوو، تا دەنگدەر بە زایانیاری تەواوە بچێتە سەر سندوقی دەنگدان و ئازادانە دەنگی خۆی بدات. سەنتەری میترۆ لەگەڵ سەرنجی لەسەر رووماڵی هەندێ میدیا، بەڵام بە شێوەیكی گشتی هەوڵی زۆر هەبوو بۆ پەیرەو كردنی پرەنسیپی بابەتیانە و بێلایەنی، هەروەها پابەندبوون بە بریارو رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و پێودانگە نێودەوڵەتییەكانی روماڵی میدیا بۆ هەڵبژاردن.    بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عیراق لە 8ی تەمموزەوە دەستی پێكردووە بۆ 9ی تشرینی یەكەمی 2021،  بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوو، ئەمە بە گەورەترین ماوەی بانگەشە ئەژمار دەكرێت لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی عیراقدا. لەو ماوەیەدا زۆرینەی میدیاكانی هەرێمی كوردستان، بینرواو، بیستراو، ئەلیكترۆنی، بەرنامەكانیان تەرخانكردبوو بۆ ناساندانی كاندیدی حزب و هاوپەیمانییە سیاسیەكان و كاندیدە سەربەخۆكان، لەگەڵ ئەوەشدا بەدەر نەبوو لە پێشێلكاری بەرامبەریان، چ ئەو جۆرە پێشێلكاریانەی كە پەیوەندیان بە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق بوو، یان ئەوانەی لە پەراوێزی بانگەشەكاندا بەرامبەریان ئەنجام دراوە. ئۆفیسەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) باجی تایبەتی بۆ راگەیانكارانی ناوخۆو دەرەوە، بۆ تیمەكانی راگەیاندن و پەیامنێران، دابەشكرد. فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەكاتی بەرێوەچوونی دەنگدانی تایبەتدا داواكارییەكی ئاراستەی هێزە ئەمنییەكان و رۆژنامەنووسان كرد، بۆ ئەوەی لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردندا رێز لە ئەركی یەكدی بگرن و داوای لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی كرد رێز لە كاری میدیاكاران بگرن و هاوكارییان بكەن. تا نووسینی ئەم راپۆرتە دەربارەی دروستكردنی ئاستەنگ بۆ میدیاكاران لە پێدانی باجی راگەیاندنكاران هیچ دەزگایەكی راگەیاندنی ناوخۆو دەرەوە سكاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆمار نەكردوە. سەنتەری میترۆ لە 8ی تەمموز بۆ 8ی تشرینی یەكەم، ئەم سكاڵایانەی لە پەیامنێرانی دەزگاكانی راگەیاندن پێگەیشتووە، بەم شێوەیە: • 11ی شەوی یەكشەممە 18ی تەمووز لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی، تەقە بەسەر ئۆتۆمبێلی پشتیوان زاهیر حسێن، سەرنووسەری سایتی راچڵەكین كرا، بە پێی لێدوانی بۆ میترۆ ئاسایش تەقەكەرانی دۆزیوەتەوە. • كاتژمێر 10ی شەوی هەینی 23ی تەمووز، لەبەردەم نەخۆشخانەی شار، لە سلێمانی هێرش كرایە سەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی كارزان تاریق و محه‌مه‌د حەسەن، بۆ ماوەیەك لە ئۆتۆمبێلێكی ئاسایشی ناوخۆ دەستبەسەر كران، كەلەوپەلی رۆژنامەوانیان لێ زەوتكرا، پاش یەك كاتژمێر ئازاد كران. • رۆژی شەممە 7ی ئاب لە قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر، لە كاتی رووماڵی هەواڵدا هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی تیمی (تۆری میدیای ئێستا) (ئەیوب عەلی _ هەنگاو غەفور) بۆ ماوەیەك دەستبەسەر كردو كەلوپەلی رۆژنامەوانیان زەوتكردو هەرەشەیان لێكردوون جارێكی تر نەیەنەوە ناوچەكە. •  رۆژی یەكشەممە 8ی ئاب، لە لایەن هێزێكی ئەمنی لەبەردەم دادگای هەولێر، رێگری لە پەیامنێری پەیام ( ئیدریس محمد) كران كە روماڵی دادگاییكردنی راگیراوانی دهۆك بكەن. • رۆژی دووسەممە 9ی ئاب لە گرەكی سەركارێزانی شاری هەولێر، لەكاتی روماڵی كێشەی كەم ئاویدا، لە لایەن هێزێكی مەدەنییەوە هێرش كرایە سەر (تۆری میدیای ئێستا) ( ئەیوب عەلی و هەنگاو غەفور). • كاتژمێر 1 و نیوی پاش نیوەرۆی رۆژی چوارشەممە 11ی ئاب، لە گەرەكی باداوان لە هەولێر، لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێكدا لەسەر گردبونەوەی نارەزایەتی، موختاری ئەو گەرەكە هێرشی كردە سەر پەیامنێری ئین ئارتی ( چۆمان مەحمود). • كاتژمێر 10و نیوی بەیانی رۆژی شەممە 21ی ئاب، لەبەردەم بینای قائیمقامییەتی هەولێر، كاتی ئاماەكردنی راپۆرتێك لەسەر گردبونەوەی نارەزایەتی خاوەن نانەواخانەو سەمونخانەكان، لەلایەن هێزێكی مەدەنییەوە هێرشكرایە سەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( هێرش قادر، شیروان مەولود). • كاتژمێر 11ی بەیانی رۆژی دوو شەممە 30ی ئاب، لە گەرەكی ژینی شاری هەولێر، لەكاتی روماڵی كێشەی كەم ئاوی، لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە هێرش كرایە سەر تیمی رۆژنامەوانی ئین ئارتی( رزگار ناسیح، محمەدی كامێرامان)، كەلەوپەلی رۆژنامەنوسییان زەوت كراوە. •   كاتژمێر 12 ی نیوەرۆ رۆژی یەك شەممە 5ی ئەیلولی، لەبەردەم بانكی توی مەلیك، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە هێرشكرایە سەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( هاودێر زۆراب، گۆران لوقمان) كەلوپەلی رۆژنامەوانیان لێ زەوتكردن. • كاتژمێر 1:30 ی پاش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە 9ی ئەیلول، لە ناحییەی بازیان هێزێكی ئەمنی لەكاتی پەخشی راستەوخۆدا 2 جار رێگرییان لە تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( كارزان تاریق، محمد حسن) كرد. • كاتژمێر 11ی رۆژی سێشەممە، 14ی ئەیلول، لەناو بازاڕی قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆك، رێگری لە تیمی ئین ئارتی( وحید نیعمەت، بارزان حەسەن) كرا كە روماڵی گردبونەوەیەكی نارەزایەتی ئەو هاوڵاتیانە بكەن كە لە سەردەمی ئەنفالدا بەرەو توركیا ئاوارە بوون. •  كاتژمێر 11ی رۆژی سێ شەممە، 14ی ئەیلول، لەناو بازاڕی قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆك، رێگری لە تیمی كەناڵی سپێدە ( ئەكرەم ئەمین، حاتەم ئیبراهیم كرا كە روماڵی گردبونەوەیەكی نارەزایەتی ئەو هاوڵاتیانە بكەن كە لە سەردەمی ئەنفالدا لە توركیا ئاوارە بوون. • شەوی  پێنج شەممە 9ی ئەیلول، لەبەردەم كەناڵی ئین ئارتی گوندی ئەڵمانی شاری سلێمانی، هێزێكی ئەمنی رێگری لە كامێرەمانی تیمی ئین ئارتی ( بریار عەلی) كرد روماڵی هۆكاری بوونی ئەو هێزە بكات نزیك كەناڵەكەیان. • كاتژمێر 11ی بەیانی رۆژی شەممە 18ی ئەیلول، لە بازگەی سحێلانی سەر بە پارێزگای دهۆك، رێگری لە تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( وحید سندی، شەهباز نیعمەت) كرا، پاشان براون بۆ بارەگای سەربازی لە سیحیلان و بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە جارێكی تر نەیەنەوە بۆ ناوچەكە. •    رۆژی دوو شەممە 27ی ئەیلول لە قەزای سەید سادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە لایەن سەركردەیەكی سەربازی ناووچەكە بە تەلەفون هەرەشە لە پەیامنێری ئین ئارتی ( وریا حەمە كەریم كرا، پاش ئەوەی روماڵی هەواڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی كردوە. • رۆژی یەك شەممە 29ی ئەیلول، پاش ئامادەكردنی راپۆرتێكی هەستیار، لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە هەرەشە لە فۆتۆجورانالیست ( سەنگەر ئاكرێیی) كرا. •  بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، لە بنكەی دەنگدانی تایبەت لە ناحییەی بەكرەجۆی شاری سلێمانی، چەند پێشمەرگەیەك هێرشییان كردە سەر بەرێوەبەری (جار میدیا) و ئازاریان دا. • بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، لە كاتی بەرێوەچوونی دەنگدانی تایبەت لە بنكەی غەفور ژاژڵەیی، رێگری لە پەیامنێری كوردسات (شاڵاو عەلی) كرا، پاساویان ئەوەبووە بە مۆبایل وێنەی گرتووە. • بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم لە قەزای بەردەرەشی باشوری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆك، لە كاتی پەخشی راستەوخۆی پەیامنێری دهۆكی ئین ئارتی ( سەباح سۆفی) كەسێك بەرگی مەدەنی پۆشیبوو، دەستی هێنایە بەردەم زوومی كامێرای كەناڵەو رێگری لێكرد. • بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، رۆژنامەنوس (ئەمیر عەلی) پێی راگەیاندین كە لە كردنەوەی بنكەی دەنگدان تا 9:30 رێگە نەدراوە رۆژنامەنوسان روماڵی دەنگدان بكەن لەناو بنكەكە كە بۆ رۆژنامەنوسان تەرخان كراوە. •  بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، پەیامنێری شارپرێس مەروان یەحیا، پێی راگەیاندین كە لە قوتابخانەی ئاڤا لە ناوەندی شاری دهۆك هێزی ئەمنی و سەرپەرشتیارانی بنكەكە، رێگرییان لێكردوە روماڵ بكات. • پاش نیوەڕۆی هەینی، رۆژنامەنوس (مەحمود یاسین كوردی) لە رێی تۆری كۆمەڵایەتی نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكایەتییەكانی: (هەرێم، حكومەت، پەرلەمان) و سەندیكاو میترۆ كردووە لەبارەی هەرەشەكردنی ئەفسەرێكی پێشمەرگە لەو رۆژنامەنوسە. • كاتژمێر 4:30ی ئێوارەی  رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، لە كاتی بەرێوەچوونی دەنگدانی تایبەت لە بنكەی غەفور ژاژڵەیی، رێگری لە تیمی راگەیاندنی پۆلەتیك پریس (دونیا مەجید، ئاودێر بەكر) كرا، پەخشی راستەوخۆ بكەن.

   هاوڵاتی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق كۆتایی هاتنی واده‌ی ده‌نگدانی تایبه‌تی له‌ كاتژمێر6ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ راگه‌یاند و ده‌ڵێت كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و پێشێلكاریی تێدا نه‌كراوه‌. كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه‌ ئامێره‌كانی ده‌نگدان خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی له‌كاتژمێر 6ی ئێواره‌ له‌كار وه‌ستاون و بڕیاره‌ له‌ كاتژمێر 7 ئامیره‌كان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان دابگیرسێنه‌وه‌. كۆمسیۆن ده‌ڵێت كه‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتویی و به‌بێ هیچ پێشێلكارییه‌ك به‌ڕێوه‌چووه‌ و ئه‌نجامه‌كانیش له‌ رێگه‌ی مانگی ده‌ستكرده‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێن و هاوكات چه‌ند سندوقێك به‌ ده‌ستی جیاده‌كرێنه‌وه‌ تا بزانرێت له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنیدا هاوكاته‌ یان نا. دوپاتیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ دزه‌پێكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ تاوان داده‌نرێت و هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك له‌ پشتییه‌وه‌ بێت، سزا ده‌درێت. كاتژمێر 7ی سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2021،  دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدەستیپێکرد و تاوەکو كاتژمێر 6ی ئێواره‌ پرۆسه‌كه‌ كۆتایی هات. ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن. بڕیاریشه‌ یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، دەنگدانی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و به‌پێی ئاماره‌كان نزیکەی 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

هاوڵاتی  مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق فەرمانی كردووە رێگەنەدرێت بە فشاركردن لە هێزە ئەمنییەكان و ئەوانەی مافی بەشداریكردنیان هەیە لە دەنگدانی تایبەت.   ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسی فەرمی عیراق، مستەفا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق فەرمانی كردووە رێگەنەدرێت بەهیچ جۆرە فشارێك لە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتدا.   سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت دەستی پێكردووە بۆ هەڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، لە سەرتاسەری عیراقیش یەك ملیۆن و 75 هەزار و 727 كەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەكەن كە كارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە. هاوكات 120 هەزار و 126 ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان هەیە، لە گرتووخانەكانیش 671 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.                 

 هاوڵاتی  نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق - یونامی رایگەیاند:" چاودێرەکانیان ئەمڕۆ هیچ سکاڵایەکیان نەگەیاندووەتە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان". یونامی دەڵێت، "ئێمە راپۆرتی رۆژنامەوانیمان بینیوە، گوایە چاودێرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سکاڵای گەیاندووەتە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە چەند نادروستییەکی هەڵبژاردن. ئەمە سەرلەبەری ناڕاستە". ئەو راگەیێندراوەی یونامی کە لە پێگە فەرمییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەگەر چاودێرانمان هەر شتێکی جێی نیگەرانی ببینن، بە راپۆرت بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەینێرن". هەر ئەمڕۆ یونامی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە رۆژی هەڵبژاردندا، پێویستە عێراقییەکان بە متمانەوە و بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن لە کەش و هەوایەکی خاڵی له پاڵەپەستۆ و تۆقاندن و هەڕەشە"، هاوکات داوا لە هەموو لایەنەکانیش دەکات "رێز لە ئازادیی هەموو عێراقییەکان بگرن لە دەنگدانیان بۆ ئەو نوێنەرانەی کە خۆیان هەڵیاندەبژێرن". ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.