هاوڵاتى  سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تووندی رەخنە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەگرێت و  باڵیۆزى پێشوى ئه‌مریكا له‌سوریا دەڵێت :" ئیدارەی خۆسەر له‌ڕۆژئاواى كوردستان دەبێتە دەوڵەتۆکەیەک لەناو سوریادا". جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ماوەی بڕیاری جێبەجێکاریی ژمارە 13894ی تایبەت بەو "هەڕەشانە" درێژکردەوە کە لە ئەنجامی دۆخی سووریا بۆسەر "ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان" دروستدەبن. بڕیارەکە لە 14ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 واژۆکرا.  بایدن لە نامەکەیدا کە دەبێت لە تۆماری فیدراڵیی ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە و رادەستی کۆنگرێسیش بکرێت، دەنووسێت: "بارودۆخی نێو سووریا و پەیوەندیدار بە سووریا، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندیی بە هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیاوە هەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر هەڵمەتەکانی تایبەت بە تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام – داعش دەبێت، ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە، دەبنە هەڕەشەی زیاتر بۆسەر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە؛ ئەو کارانە بەردەوام دەبن لەوەی هەڕەشەیەکی نائاسایی بن بۆ ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان". بایدن دەڵێت، لەبەر ئەو هۆکارانەی کە باسی کردوون، دەبێت ئەو بارە نائاساییە نیشتمانییەی لەسەر بنچینەی بڕیاری جێبەجێکاریی ژمارە 13894 لە 14ی ئۆکتۆبەری 2019 دەرچووە بۆ دوای 14ی ئۆکتۆبەری 2021یش بەردەوام بێت و بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکە درێژدەکرێتەوە.  نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا تورکیا دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە.  هاوكات لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"، دوای لێدوانەکەی ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) بەوەی واشنتۆن بەڵێنی تەواوی پێداون كه‌ ڕۆژئاوای کوردستان جێناهێڵن‌و بەردەوامدەبن لەپێشخستنی ژێرخانی ناوچەکەیان، ڕۆبەرت فۆرد باڵیۆزی پێشوی ئەمریکا لەسوریا ڕایگه‌یاند: "ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەردایە، بەرەو ئەوە دەچێت لەژێر سێبەری ئەمریکادا ببێتە دەوڵەتۆکەیەک لەناو سوریادا". باڵیۆزی پێشوی ئەمریکا لەدیمەشق وتویەتی:"ئەمریکا لەبەرامبەر گروپە ئیسلامییەکانی سەر بەهاوپەیمانی نیشتیمانیی سوری‌و پشتیوانیکردنی تورکیا لێیان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا ئاسودە نییە، لەبەرامبەردا واشنتۆن سوپاسگوزاری ئیدارەی خۆسەرە کە ئیدارەیەکی سیکۆلارەو یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ش بەسەرکەوتویی جەنگی دژی داعشیان کردوە". ڕۆبەرت فۆرد بەڕۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی ڕاگەیاندبوو، ئەمەریکا بەڵێنی دەستبەردارنەبونی کوردی پێداون، وتى:"لێدوانەکانی واشنتۆن بەوەی پشتگیریی سەقامگیری ناوچەکە دەکات بەومانایە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێننەوەو لەبەرامبەر هەڕەشەکانی دیمەشق‌و ڕوسیاو ئێران‌و تورکیا، پارێزگاری لەئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوای کوردستان دەکەن". سەبارەت بەئەگەری بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەریی لەلایەن کوردانی سوریا، جەیمس فۆرد وتویه‌تى:"هەرچەندە ئەمریکا ناتوانێت ئەسەد ناچاربکات سازش بۆ کوردەکان بکات، بەڵام لەژێر سایەی بەردەوامبونی ئەو دۆخەدا، ئیدارەی خۆسەر لەژێر سایەی پاراستنی سەربازیی ئەمریکا، دەبێتە دەوڵەتۆکەیەک لەناو سوریادا". لە کانوونی دووەمی 2018دا سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر هەرێمی عەفرین و دوای نزیکەی 2 مانگ شەڕ، شاری عەفرین و بەشی زۆری هەرێمەکەیان کۆنترۆڵکرد.  هەروەها لە تشرینی یەکەمی 2019شدا تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر سنوورێکی دیکەی رۆژئاوای کوردستان و سەرێ کانی، گرێ سپی و گوندەکانی دەوروبەریان کۆنترۆڵکرد.

  هاوڵاتى  هەپەگە ڕایگەیاند:"لە ئەنجامی هێرشێکی کیمیایی دەوڵەتی تورکیا لە مەیدانی وەرخەلێ، پێنج گەریلامان شەهیدبون".  ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ى تشرینى یه‌که‌مى 2021، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر کردەوە دژمرۆڤانەکانی دەوڵەتی دەوڵەتی تورکیا، کە هەموو یاساکانی شەڕ پێشێل دەکات، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەکراوە کە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە، لە مەیدانی وەرخەلێ، دەوڵەتی دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی دیکەی بە چەکی کیمیایی ئەنجامداوە. هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشە کیمیاییەدا، پێنج گەریلا بە ناوەکانی “جومالی، چاڤڕێ، ئارام، ماهیر و دلڤان” شەهیدبوون.

هاوڵاتى پارێزگاری هەولێر رایگەیاند:" دەستکراوە بە دروستكردنی چەند بەنداوێكە لەسەروی هەمویانە بەنداوەكانی گۆمەسەپان، بەستۆرە و مەنداوایە كە بەنداوی بنەڕەتی دەبن بۆ گلدانەوەی ئاو لەسنوری پارێزگای هەولێر، دەشڵێت:" کۆی بودجەی خەرجکراو بۆ چارەسەربونی دۆخی وشکەساڵی لە پارێزگای هەولێر بریتی بووە لە هەشت ملیار و 643 ملیۆن و 411 هەزار و 900 دیناری عێراقی، کە سەرچاوەکانی بریتی بوون لە پاڵپشتی راستەوخۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و بودجەی تەرخانکراوی وشکە ساڵی".  ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ى تشرینى یه‌که‌مى 2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی كەم ئاوی و وشكەساڵی لە پارێزگاكە رایگەیاند، 76 بیری جێگرەوە لەو شوێنانە لێدراون كە بیرەكان بەتەواوەتی وشك بون، 25 بیری دیكەش ئێستا لە پڕۆسەدایە و هەندێكیان لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا كاریان تێدا دەكرێت، دەشڵیت، لە ماوەی رابردوو چارەسەری كێشەی 513 بیرمان كردوە لەوانە شۆڕكردنەوەی بۆری و ماتۆڕیان بۆ ئەنجامدراوە.   باسیلەوەشکردووە، گەیاندنی كارەبای جێگر دانراوە و موەلیدە بۆ 46 بیر كە ئەوانیش تەواو كراون،  لەگەڵ 133 پڕۆژەی راكێشانی تۆڕی ئاو و گەیاندنی كارەبا جێبەجێ كراون. ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو كارانەی كە كراون بۆ دەربازبونی كاتییە لە دۆخێك، بۆ چارەسەربونی ئەو دۆخە لە هەولێر چەند پلانێكی ستراتیژیمان هەیە و باش چونەتە پێشەوە یەكێك لەوانە تەواوكردنی پڕۆژەی ئیفراز 4 كە هۆكارێكی سەرەكی دەبێت كە هەولێر لە قەیرانی گرفتی كەمئاوی رزگاری ببێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، دروستكردنی چەند بەنداوێكە لەسەروی هەمویانە بەنداوەكانی گۆمەسەپان، بەستۆرە و مەنداوایە كە بەنداوی بنەڕەتی دەبن بۆ گلدانەوەی ئاو لەسنوری پارێزگای هەولێر. 

هاوڵاتى لەسەر داوای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەھۆی دەنگدانی گشتییەوە دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دادەخرێن. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ى تشرینى یه‌که‌مى 2021،  لەسەر داوای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کاتژمێر ٩:٠٠ی شەوی  ٩-١٠-٢٠٢١ تاکو کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی رۆژی دووشەممە ١١-١٠-٢٠٢١ سەرجەم دەروازە سنورییەکان ئاسمانی و زەمینی دادەخرێن و رێگە بە ھیچ جۆرە ھاتووچۆیەکی گەشتیاری و بازرگانی نادرێت. لەهەمانكاتدا وتەبێژی فەرماندەيی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق له‌ئاگاداریه‌كدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سبه‌ینێ به‌سه‌ر ئاسمانى زۆرێك له‌پارێزگاو به‌رزاییه‌كانى عێراق فڕۆكه‌كانمان ده‌فڕن"، ده‌شڵێت:"پێویسته‌ هاوڵاتیان له‌كاتى بیستنى ده‌نگى فڕۆكه‌كان توشى هیچ دڵه‌ڕاوكێیه‌ك نه‌بن". له‌و ئاگاداریه‌دا لیوا یەحیا ڕەسوڵ عەبدوڵڵا وتەبێژی فەرماندەيی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق وتویه‌تى:"حەزدەکەین بەرچاو ڕونى به‌هاوڵاتیانمان بدەین کە ڕۆژی یەکشەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی بەسەر ئاسمانی ژمارەیەک پارێزگاو لەبەرزایییەکی گونجاودا دەفڕن". ده‌شڵێت:"ڕەنگە ببێتە هۆی بیستنی دەنگی ئەو فڕۆکانەو دوپاتیدەکەینەوە کە ئەو جۆرە فڕینە بۆ ناسینەوەو دابینکردنی ئاسایش‌و ئارامییە بۆپڕۆسەی دەنگدانی گشتیی کە وا پێویستە تێبینی بکرێت".  سبه‌ینێ 10ى 10ى 2021 هه‌ڵبژاردنى گشتى له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق‌و هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ عێراق دوێنێ له‌زارى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ ئاشكرایكرد، ئارامى ته‌واو بۆ به‌ڕێوه‌چونى هه‌ڵبژاردن دابینده‌كه‌ن".

  هاوڵاتى  بڕیار وایە ئەمڕۆ شەممە یەکەم دانوستانی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا دوای کشانەوەی سەربازەکانی لە ئەفغانستان لەگەڵ تاڵیبان دەست پێدەکات و واشنتۆن داوا لە تاڵیبان دەکات رچاوی ماف و ئازادییەکان بکات. ئاژانسی هەواڵی فرانسپرێس بڵاویکردوە، وەفدێكی دیپلۆماسیی کۆشکی سپی سەردانی شاری دۆحە-ی پایتەختی قەتەر دەکات بە مەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان و ئەو کۆبونەوانەش دو رۆژ دەخایەنێت. بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دیپلۆماتێکی ئەمریکا، ئەو کۆبونەوەیە لەگەڵ تاڵیبان بە یەکەم دانوستانی سیاسیی واشنتۆن و ئەو گروپە لەقەڵەم دەدرێت کە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بەڕێوەدەچێت، بڕیارە لەو کۆبونەوەیەدا داوا لە تاڵیبان بکرێت کە رەچاوی مافەکانی مرۆڤ بکات بە تایبەت مافی ژنان و کچان لەو وڵاتە. دیپلۆماتەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، کە لە دانوستانەکاندا داوا لە تاڵیبان دەکات کە بە لەبەرچاوگرتنی مافەکانی ژنان و کچان هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی هەمە لایەن بدات کە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی ئەفغانستان لەخۆبگرێت.

هاوڵاتى حزبى سۆسیالیست لەچەند بازنەیەك كاندیدەكانی خۆی كشاونه‌ته‌وه‌، ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیستیش ئه‌و زانیاریانه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت:"لەچەند بازنەیەك دەنگ بەكاندیدەكانی پارتی ده‌ده‌ین".به‌ڵام محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ته‌واوى ئه‌و زانیاریانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، ده‌شڵێت:"هیچ كاندیدێكمان نه‌كشاوه‌ته‌وه‌". بەپێی ڕاگه‌یه‌نراوێكى ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، ئه‌وان ڕایانگه‌یاند، بڕیاریانداوه‌ لەچەند بازنەیەك‌و "لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی دەنگ بەكاندیدەكانی پارتی بده‌ن". کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 7ى 10ى 2021 ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست لەشاری هەولێر کۆبۆوە، ئه‌وه‌ى زانراوه‌ له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا باسیان له‌وه‌كردوه‌، ئه‌وان چۆن بتوانن ده‌نگبده‌ن به‌کەسانی چالاک‌و نیشتمانپەروەر "تاوه‌كو له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ پارێزگاری لەپێگەی هەرێم‌و بەرگری لەماف‌و دواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بكه‌ن". وه‌كو سه‌ركردایه‌تى سۆسیالیست له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى پێكردوه‌، "ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیاریدا لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی‌و یەکخستنی هەوڵ‌و دەنگەکان لەژمارەیەک لەبازنەکانی هەرسێ پارێزگای سلێمانی‌و هەولێرو دهۆک‌و بازنەکانی شارەزورو هەڵەبجە، پشتیوانیی لەکاندیدەکانی پارتی دیموكراتی کوردستان بکرێت". وه‌كو سه‌ركردایه‌تى سۆسیالیست ئاماژه‌ى پێكردوه‌، بەپێی بڕیاری ئەنجومەن لەبازنەکانی (3)ی سلێمانی‌و (1)ی هەولێرو تەواوی پارێزگای کەرکوک‌و خانەقین‌و موسڵ کار بۆ سەرخستنی کاندیدانی حزبه‌كه‌یان خۆیان بكه‌ن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌شدا محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود سكرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان له‌ڕێگه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و زانیاریانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت:"‎ئەو دەنگۆیانە دورن له‌ڕاستیەوەو هیچ کاندیدێكى سۆسیالیستیش نه‌کشاوەتەوە". لەهەمانكاتدا  محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود سكرتێرى حزبى سۆسیالیست  رایگەیاند: "ئه‌وانه‌ قسەی ناحەزانی سۆسیالیستە، گوایە کاندیدەکانی سۆسیالیست  پاشەکشە دەکەن‌و خۆیان کاندید ناکەن، بەپێچەوانەوە تەواوی کاندیدانی سۆسیالیست لەتەواوی بازنەکان‌و پارێزگاکان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی دەنگی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان‌و کۆڵنەدان لەلای کاندیدانی سۆسیالیست مەحاڵە". وه‌كو سكرتێرى حزبى سۆسیالیست باسیكردوه‌، "ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ تەنها بۆ ساردکردنەوەی دەنگدەرانی سۆسیالیستە کە نەچن بۆ دەنگدان، بۆیە داوا لەخەڵکی کوردستان‌و تەواوی ئەندام‌و لایەنگرو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان‌و کەمئەندامان دەکەم دەستبخەنەسەر ویژدانی زیندوی خۆیان‌و لەڕۆژی  10ى 10 هەموتان بچن بەرەو سندوقەکانی دەنگدان‌و دەنگی خۆتان دوبارە بدەنەوە بەکاندیدانی حزبی شەهیدان حزبی سۆسیالیست".  

هاوڵاتى سه‌رۆک کۆمارى پێشوترى ئێران له‌ ته‌مه‌نى 89 ساڵیدا له‌ پاریسى پایه‌ختى فه‌ڕه‌نسا گیانى له‌ده‌ستدا. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ى تشرینى یه‌که‌مى 2021، ئه‌بو حه‌سه‌ن به‌نى سه‌در، سه‌رۆک کۆمارى پێشوترى ئێران له‌ یه‌کێک له‌ نه‌خۆشخانه‌ى پاریسى پایته‌ختى فه‌ڕه‌نسا به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ ته‌مه‌نى 89 ساڵیدا گیانى له‌ده‌ستدا. به‌نى سه‌در دواى ئه‌وه‌ى له‌ ساڵانى سه‌ره‌تاى شه‌ڕى ئێران و عێراق له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى کۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ به‌ خیانه‌تى تۆمه‌تبار کرا، پۆسته‌که‌ى به‌جێ هێشت و له‌وکاته‌وه‌ به‌ یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانى ئێران له‌ تاراوگه‌ ناو ده‌برێت.  

 هاوڵاتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: " دوای ھەڵبژاردن بڕیارێکی توند دەدات، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش ده‌ڵێت:"هەرکەسێک ڤاکسینی کۆرۆنای لەخۆی نەدابێت، ئەوا ناتوانێت لەشوێنە گشتییەکان کاربکات". ئەمڕۆ شەممە،  9ی تشرینی یه‌كه‌می 2021  سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند، "دوای هەڵبژاردن هەرکەسێک ڤاکسینی کۆرۆنای لەخۆی نەدابێت، ناتوانێت لەشوێنە گشتییەکان کاربکات". بەوتەی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، کۆرۆنا لەسلێمانی ڕوو لەپاشەکشەیەو دەیانەوێت کارێک بکەن ڕێگە بەگەڕانەوەی کۆرۆنا نەدەن. ئەمەش لەكاتێكدایە هەر لە سەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان زۆرترین حاڵەتی توشبون لەم پارێ.گایە بووە و بەردەوام هۆشداری دراوە كە هاوڵاتیان بچن و ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن.

 هاوڵاتى وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: " ئەنجامى بەراوردکاریى جیاکردنەوەى دەنگدانى دەستى‌و ئەلیکترۆنى  لە100% هاوتابون". جمانە غلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكرد، دوای تەواوبونى پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، ئەنجامی ئەلیکترۆنی دەنگدان بەسەر بریکارەکاندا دابەشکراوە تا بەشێوەی دەستی جارێکی دیکە دەنگەکان جیابکرێنەوەو هەژماربکرێن. جەخت لەوەشدەکاتەوە، "ئەنجامى جیاکردنەوەو هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی ئەو بنکانەی کە دەستنیشانکرابون، بەراوردکران بەو دەنگانەی بەدەست جیاکرابونەوەو هەژمارکرابوون،  دەرکەوت کە ئەنجامەکان  لە100٪ هاوشێوەبون‌و جیاوازى نەبوو". هاوكات به‌رپرسێكى باڵاى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ئاشكرایده‌كات:"12ى مانگ ئه‌نجامى كۆتایی هه‌ڵبژاردن ئاشكراده‌كه‌ین". فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی بەرپرسى هۆبەى ئەحزاب‌ و لایەنە سیاسییەکان لەئۆفیسى هەولێرى کۆمسیۆى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق له‌لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند:" ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان ئێواره‌ى 11ى مانگ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت‌و ئێواره‌ى 12ى مانگیش ئه‌نجامى گشتیی‌و كۆتایی هه‌ڵبژاردن ئاشكراده‌كه‌ین". ئه‌وه‌شى وت:"سبه‌ینێ ئه‌گه‌ربێت‌و له‌ده‌نگدانى گشتیدا كاندیده‌كان بانگه‌شه‌ ڕانه‌گرن، ئه‌وا ئه‌گه‌رى چه‌ند هێنده‌ زیادكردنى غه‌رامه‌كه‌یان هه‌یه‌، بۆیه‌ داوایان لێده‌كه‌ین چیتر بانگه‌شه‌ ڕابگرن". دوێنێ ده‌نگدانى تایبه‌ت بۆ هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆو پێشمه‌رگه‌و گیراوان‌و ئاواره‌كان به‌ڕێوه‌چوو، بڕیاریشوایه‌ سبه‌ینێ 10ى 10 هه‌ڵبژاردنى گشتى بۆ په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌بچێت

 هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "  خۆشحاڵم ده‌نگدانى تايبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان  بە سەرکەوتوانە کۆتایی هات ". ئەمڕۆ شەممە،  9ی تشرینی یه‌كه‌می 2021 نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی کۆتایی هاتنی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: "خۆشحاڵم ده‌نگدانى تايبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان سه‌ركه‌وتووانه‌ كۆتايى هات". نێچیرڤان بارزانی سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ به‌شداريى فراوانى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و ئاواره‌کان ناردووە و هیوای خواستووە کە ده‌نگدانى گشتيش سه‌ركه‌وتووانه‌ و بێ کێشە به‌ڕێوه‌ بچێت. دوێنێ هەینی ٨-١٠-٢٠٢١،، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەستیپێکرد و رۆژی یەکشەممە ١٠ی تشرینی یەکەم دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێت. بە گوێرەی ئامارەکان، یەک ملیۆن و ١٩٦ هەزار و ٥٢٩ دەنگدەرە لە هێزە ئەمنییەکان، ئاوارە و بەندییەکان لە سەرانسەری عیراقدا مافی بەشداریی کردنیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەبوو. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئاماری سەرەتایی تایبەت بە رێژەی بەشداریکردنی لە دەنگدانی تایبەت بڵاوکردەوە و دەڵێت، رێژەی بەشداریکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق 69٪ بووە. بە گوێرەی ئامارەکە، رێژەی بەشداریکردن لە هەولێر 75٪، سلێمانی 78٪، دهۆک 69٪، کەرکووک 62٪، نەینەوا 70٪، دیالە 74٪ و سەڵاحەدین 70٪ بووە.  لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، سێ هەزار و ٢٤٩ کاندید کە ٩٥٠ یان ئافرەت و ٧٨٩ یان سەربەخۆن و ژمارەکەی دیکەیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی و پارتی سیاسییدان، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنەکە دەکەن کە ٨٣ کورسی بۆ کۆتای ئافرەت دیارییکراوە.

   هاوڵاتى دوێنێ‌ هەینی دەنگدانی تایبەت لە سەرتاسەری عێراق دەستیپێكرد و  ئەمڕۆ پرۆسەی بانگەشە ڕاگیرا و سبەینێ‌ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت. ئەمڕۆ شەممە،  9ی تشرینی یه‌كه‌می 2021  پێش 24 کاتژمێر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵمەتی بانگەشەی لیست و کاندیدەکان ڕاگیرا و سبەینێ‌ دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێ. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی عێراقییە، فەریق، عەبدولئەمیر شەممەری سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە: "ڕاگرتنی بانگەشە هەڵبژاردن و بانگەشەی کاندیدەکان لە ئەمڕۆ شەممەوە جێبەجێدەکرێت". ئاماژەی بەوەشکردووە، "داوای لە سەرجەم کاندید و لیستەکان دەکەین، پابەندبن بە ماوەی بێدەنگیی بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەیی دەنگدان، لە حاڵەتی سەرپێچیشدا هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی هەموو پێشێلکارییەک دەبنەوە". سبەینێ یەکشەممە لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی، دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لەسەرتاسەری عێراق دەکرێنەوە.

  هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر رایگەیاند: "ڕێکەوت محەمەد هیاس، کە لەشەڕی ڕوبەڕووبونەوەی تیرۆر لە کەرکوک برینداربوو گەشتە کاروانی شەهیدانمان". ئەمرۆ شەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2021، دەزگای دژە تیرۆە بڵاویکردەوە، "بەدڵێکی پڕ لە خەمناکەوە ڕایدەگەیەنین بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرمان (ڕێکەوت محەمەد هیاس) کەلەشەڕی ڕوبەڕووبونەوەی تیرۆر بۆ پارێزگاریکردن لە کەرکوکی قودسی کوردستان بریندار بوو گەشتە کاروانی شەهیدانمان". دەزگاکە ئاماژەشی بەوەکردووە، "بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و سەرجەم کارمەند و هێزەکانی (دژەتیرۆر)ەوە، پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادە و خۆمان و هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی دەکەین". دەزگاکە دەربارەی گیانلەدەستدانی ئەو کارمەندەی زانیاری زیاتری بڵاونەکردۆتەوە. دەقی ڕاگەیەندراوەکە/ بەدڵێکی پڕ لە خەمناکەوە ڕایدەگەیەنین بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرمان (ڕێکەوت محەمەد هیاس) کەلەشەڕی ڕوبەڕووبونەوەی تیرۆر بۆ پارێزگاریکردن لە کەرکوکی قودسی کوردستان بریندار بوو گەشتە کاروانی شەهیدانمان. بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و سەرجەم کارمەند و هێزەکانی (دژەتیرۆر)ەوە، پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادە و خۆمان و هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی دەکەین، لە خودای گەورە داواکارین ئەمە دواین ناخۆشی خانەوادە و هاوسەنگەرانی بێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر

  هاوڵاتى راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا هیچ بوارێک بۆ ساختەکاریکردن و دەستکاریکردنی دەنگی دەنگدەران نەهێڵراوەتەوە. ئەمڕۆ شەممە،  9ی تشرینی یه‌كه‌می 2021حسێن هنداوی راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئێندپێندێنتی عەرەبی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، کەرۆژی دەنگدانی گشتییە، دەبێتە رۆژێکی زۆر باش و مێژوویی. وتیشی، "پێشبینیمان وایە، هەڵبژاردنی ئەمجارە بەگوێرەی هەموو پێوەر و پێودانگەکان بێگەرد و قەبوڵکراوبێت لەسەر هەردوو ئاستی نیشتیمانی و نێودەڵەتی". حسێن هنداوی ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت ئەم هەڵبژاردنە بە هەلێکی مێژوویی دەزانێت بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی گۆڕانکاریی دروست. لەبارەی ئەگەری روودانی ساختەکارییەوە، حسێن هنداوی راوێژکاری کازمی باسی لەوەشکرد، حکومەت و کۆمسیۆن هەموو هەوڵێکی خۆیانداوە تا هیچ بوارێک بۆ ساختەکاری و دەستکاریکردنی دەنگی دەنگدەران نەهێڵرێتەوە. هەربۆیە واشدەبێت. ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت بڕیاریداوە بەتوندی مامەڵە لەگەڵ ساختەکاریدا دەکات. راوێژکارەکەی کازمی ئاشکراشی کرد، گرتنەبەری میکانیزمەکانی دابەشکردنی بازنەکانی دەنگدان و خۆکاندیدکردنی کەسی و سەربەخۆ، سەرکەوتنی کاندید لە رێگەی یەکدەنگەوە و رێگەنەدان بەگۆڕانی دەنگەکە بۆ کەسێکی دیکە، پشتبەستن بە سیستمی بایۆمەتری و ئامادەبوونی چاودێرانی بیانی و نیشتیمانی و پێداگری میللەت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف هۆکارن بۆ نەهێشتنی هیچ بوارێک بۆ ساختەکاری. لەبارەی تەواوی ئامادەکارییەکانەوە، حسێن هنداوی ئاماژەی بەوەدا، کۆمسیۆن رایگەیاندووە تەواوی ئامادەکاریی کردووە بۆ بەڕێووەچوون و سەرخستنی هەڵبژاردنەکە، شانبەشانی ئەوانیش حکومەت تەواوی پشتیوانی خۆی دەربڕیوە و بەردەوام لەسەر خەتە بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەکە. دوێنێ‌ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن. بڕیاریشه‌ یه‌كشه‌ممه‌ی سبەینێ‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، دەنگدانی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و به‌پێی ئاماره‌كان نزیکەی 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

هاوڵاتی  به‌ بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ژماره‌یه‌ك كاندید له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دورخرانه‌وه‌ و ئه‌و ده‌نگانه‌شیان سڕ ده‌كرێت كه‌ له‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت هێناویانه‌. كۆمسیۆنی باڵا له‌ 3 نوسراوی جیادا ناوی نزیكه‌ی 15 كاندیدی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دورخراونه‌ته‌وه‌ و هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڕوانامه‌ به‌ده‌ستهێنراوه‌كانیان له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری فه‌رمی پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌ یان بڕوانامه‌كانیان ساخته‌یه‌. له‌ نوسراوه‌كانی كۆمسیۆندا ناوی (عومه‌ر ره‌سوڵ حامد ئه‌حمه‌د) كاندیدی هه‌ولێر و (هانی ره‌شید حه‌سه‌ن) كاندیدی كه‌ركوك هه‌ن. ئه‌مڕۆ هه‌ینی ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئاواره‌ و به‌ندكراوان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش له‌دوای داخستنی سندوقه‌كانی ده‌نگدان رایگه‌یاند كه‌ رێژه‌ی به‌شداری 69% بووه‌.

هاوڵاتى پەیوەندییەكانی ئێران و ئازەربایجان تەمەنیان لەسەدەیەك زیاترە، بەڵام قەرەباغ و ئیسرائیل و توركیا پەیوندیی دۆستانەی ئەو دوو وڵاتە بەرەو دوژمنایەتی بردووە و دوور نییە نمایشی سەربازیی ئێران بۆ جەنگ لەدژی باكۆ بگۆڕدرێت. ئێران لەئێستادا دەستیكردوە بە نمایش و مانۆڕی سەربازیی لەسنورەكانی ئازەربایجان و سەرۆكی ئازەربایجانیش دەڵێت (30) ساڵە هەڵسوكەوتی لەو جۆرە لەتاران بەدی نەكراوە بەرامبەر باكۆو ئەوەش مایەی نیگەرانییە. پێگەیەكی هەواڵگریی ئیسرائیل ئاشكرای كردووە كە بنكەیەكی نهێنی دروستكردنی موشەك لەئێران كراوەتە ئامانج كە زیانێكی زۆری پێگەیشتووە و سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێیوایە ئەو بنكە موشەكییە لەخاكی ئازەربایجانەوە كراوەتە ئامانج، چونكە ئیسرائیل ماوەی چەند ساڵێكە خاكی ئازەربایجان دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بەكاردەهێنێت. هاوپەیمانیی نێوان توركیا، پاكستان و ئازەربایجان و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی (سێ برا) و بوونی بنكەی سەربازیی ئیسرائیل و جێگیربوونی چەكدارانی داعش لەسنوورەكانی نێوان ئازەربایجان و ئێران، وای كردووە سوپای ئێران نمایشە سەربازییەكی وەك جەنگ لەدژی جولەكە ناوزەد بكات. هەروەها لەگەڵ ئەو نمایشە سەربازییەش دانانی سێ مەسینە بە رەنگی ئاڵای ئێران لەبەردەم باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەباكۆ توڕەیی تارانی لێدەكەوێتەوە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دۆست و دراوسێیەی بەرەو ئاڵۆزیی بردووە. ئێران بۆ لەدۆستەوە دەبێتە دوژمنی ئازەربایجان ئێران و ئازەربایجان زیاتر لە (432) كیلۆمەتر سنوری هاوبەشیان هەیەو ژمارەی دانیشتوانی ئازەربایجان كە زۆرینەیان تورك زمانن و (85%)یان شیعەن لە رووی كۆمەڵایەتی و كەلتورییەوە پەیوەندییەكی قوڵیان هەیە لەگەڵ هاووڵاتیانی تورك لەئێران كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی (15) ملیۆن كەس. ئەوانیش هاوشێوەی ئازەرییەكان زۆرینەیان شیعەن و تەنانەت رەچەڵەكی خۆیان بە ئازەری دەزانن بەتایبەت كە ئازەربایجان دوو سەدە پێش ئێستا بەشێك بووە لەخاكی ئێران، بۆیە زۆر ئاساییە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دۆستانە بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە كە وڵاتێكی وەك ئیسرائیل بۆ بكرێتە بیانوی سەرەكیی تێكچونی پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە، دۆستایەتیی (200)ساڵە بۆ دوژمنایەتیی بگۆڕدرێت. ئیسرائیل ساڵی (2019) رێككەوتنێكی سەربازیی، ئەمنیی و هەواڵگریی بە رەسمی لەگەڵ كۆماری ئازەربایجان ئیمزا دەكات و ئەوەش كۆماری ئیسلامی ئێران نیگەران دەكات. لەلایەكی دیكەوە سایتی ویكی لیكس ئاشكرای دەكات كە لەساڵی (2009) ئیسرائیل رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆماری ئازەربایجان كردووە كە بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت باكۆ لەبەرەی جەنگ لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت و پابەند بێت بە رێككەوتنەكەوە. لەگەڵ ئیسرائیل وڵاتی توركیاش لەجەنگی قەرەباغ دژی ئەرمینیا پشتیوانیی خۆی بۆ ئازەربایجان راگەیاندو ئەوەیش بەواتەی ئەوە دێت كە ركابەرە دێرینیەكەی ئێران جیاواز لەكۆماری ئیسلامی بەبێ گوێدانە ئایین پشتیوانیی لەئازەرییە توركەكان دەكات، بۆیە پەیوەندیی و ململانێ مێژووییەكانی توركیا و ئێران پێچەوانەی رابردوی عوسمانییەكان و سەفەوییەكان، ئەمجارە لەسەر بنەمای نەتەوەو رەچەڵەك خۆی لەئازەربایجان دەردەخات نەوەك ئایین و مەزهەب. هەستیاریی ئێران بەرامبەر بەتوركیا لەپشتیوانیی ئازەربایجان بە رادەیەكە كە خوێندنەوەی هۆنراوەی شاعیرێكی ئێرانی سەبارەت بە رووباری ئاراس  لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ پشتیوانی لە ئازەربایجان لەدەستبەسەرداگرتنی ناوچەی قەرەباغ بووە مایەی كاردانەوەی توندی ئێران و دواتر دەركەوت ئەردۆغان هۆنراوەكەی بەهەڵە خوێندوەتەوەو تەنانەت ئێرانیش كەوتبووە هەڵەوە كە بەشێك لەو هۆنراوە پەیوەندیی تەنها بەو شاعیرەی ئێرانەوە نەبووە كە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناوی هێناوە. مانۆڕەكەی ئێران جەنگە لەدژی ئیسرائیل سوپای رەسمیی ئێران (ئەرتەش) و هێزە چەكدارەكانی دیكەی ئێران لە رۆژی هەینی (1/10/2021) نمایشێكی سەربازیی گەورەیان بەناوی (سەركەوتووانی خەیبەر) دەستی پێكرد كە ئەو ناوە رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی سوپای موسوڵمانان لەدژی جولەكەكان لەساڵی حەوتەمی كۆچی لەخەیبەر، چونكە خەیبەر ببووە چەقی پیلانی جولەكەكان دژی موسوڵمانان و هەر بەم هۆیە لەلایەن سوپای موسوڵمانانەوە دەستی بەسەرداگیرا، بۆیە ئەو مانۆڕە سەربازییەی ئێران بەو ناوەوە ئاماژەیەكی روونە كە بۆ دژایەتیی ئیسرائیلە. كەیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای ئێران لەلێدوانێكدا لەگەڵ دەستپێكردنی مانۆڕی سەركەوتووانی خەیبەر رایگەیاند پەیامی ئێران لەئەنجامدانی ئەو مانۆڕە لەسنورەكانی باكوری رۆژئاوای وڵاتەكە روونە و پێویستە چەك و كەرەستە نوێیەكان تاقی بكەینەوە.  ئیلهام عەلێڤ، سەرۆك كۆماری ئازەربایجان ئەو مانۆڕەی بەنامۆ و مەترسیدار ناوبردو رایگەیاند:» ئێران دوای (30) ساڵ بیری كەوتووەتەوە مانۆڕی سەربازیی لەسنوری ئازەربایجان ئەنجام بدات، بۆیە ئەو مانۆڕە جێی گومان و نیگەرانیی ئێمەیە». گروپی ئیمەیج سات ئینتێل (imagesatintl) كە تایبەتە بەزانیاریی ئاسمانی و هەواڵگریی وڵاتی ئیسرائیل ژمارەیەك وێنەی مانگی دەستكردی لەبنكەیەكی موشەكی ئێرانی بڵاوكردوەتەوە كە بەشێكی بەتەواوەتی لەناوچوە و ئاشكرای كردووە ئەو بنكەیە شوێنی دروستكردنی موشەكی بالیستی سوپای پاسدارانی ئێران بووە و لەلایەن ئیسرائیلەوە كراوەتە ئامانج و یەك لەسەر چواری ئەو شوێنە وێران بووە.  هاوكات میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە ئەو شوێنە ناوەندێكی تایبەت بە تووێژینەوە و لێكۆڵینەوەی پیشەسازی و تەكنەلۆژیای سوپای پاسداران بەناوی (شەهید هیمەت) بووە كە بەهۆی ئاگركەوتنەوەوە دوو كەس تێیدا كوژراون. لەساڵی (2019) ئەو بنكەیە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا بەهۆی بەرنامەی موشەكیی ئێرانەوە خستبووە لیستی سزادانەوە. ئێران گومانی هەیە ئەو هێرشە لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئەو بنكە موشەكییە ئەنجامدرابێت كە ماوەی چەند ساڵێكە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئیسرائیل لەخاكی ئازەربایجانەوە بەرەو خاكی ئێران دەفڕن و چاودێریی جموجۆڵە سەربازییەكانی ئێران دەكەن. باج و گومرگ ئێران تووڕە دەكات بەپێی زانیارییەكان دوای ئەوەی ساڵی رابردو ئازەربایجان توانی دەست بەسەر ناوچەی قەرەباغدا بگرێت ئاگربەستی لەگەڵ ئەرمینیا راگەیاند، بەڵام ئازەربایجان ژمارەی چەك و سەربازەكانی خۆی لەسنوری ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد كردووە و ئەو رێگە سەرەكییەی كە ئێران و ئەرمینیا پێكەوە گرێ دەداتەوەو نزیكەی (21) كیلۆمەترە كەوتووەتە دەست ئازربایجان و سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە ئێرانیانەی كە كاڵا و شتومەك بۆ ئەرمینیا دەگوازنەوە دەبێت بەو رێگایەدا تێپەڕن و لەمانگی رابردووشەوە حكومەتی ئازەربایجان باج و گومرگی بۆ هەر بارهەڵگرێك لە (100) دۆلار بۆ (150) دۆلار زیاد كردووە. ئیلهام عەلێڤ بەئاژانسی هەواڵی (ئەنەدۆڵ)ی توركیای راگەیاندووە زیاتر لە (60) بارهەڵگری ئێرانی بەشێوەیەكی نایاسایی چوونەتە ناوچەی قەرەباغ و باج و گومرگیان رادەستی حكومەتی ئازەربایجان نەكردووە، بۆیە پێویستە ئەوان لەوە تێبگەن بە خاكی هەر وڵاتێكدا تێپەڕ ببن دەبێت باج و گومرگ بدەن. دوای ئەوەی ئازەربایجان لەمانگی هەشتی ئەمساڵدا رایگەیاند لەسنوری نێوان ئەرمینیا و ئێران سەربازێكی وڵاتەكەیان لەلایەن سەربازێكی ئەرمینیاوە بریندار كراوە باكۆ رێگای (گوریس قاپان) لەسنورەكانی خۆی بەڕووی بارهەڵگرو پاسە گەشتیارییەكانی ئێران كەدەیانویست بڕۆنە ئەرمینیا داخست و دوو شۆفێری ئێرانیی بەتۆمەتی سەرپێچی لەبڕیارەكە دەستگیركرد، ئەوەش ناڕەزایەتیی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێكەوتەوە داوای ئازادكردنی ئەو دوو شۆفێرە ئێرانییە كرا كە تائێستاش ئازاد نەكراون لەزیندانێكی باكۆ دەستبەسەرن. رێگای گوریس قاپان  كە نزیكەی (21) كیلۆمەترە دەكەوێتە ناوچەی قەرەباغەوەو نزیكەی ساڵێكە لەلایەن حكومەتی ئازەربایجانەوە بەڕێوەدەبرێت و هەر بارهەڵگرێك یان ئۆتۆمبێكی ئێرانی پێویستە بەو رێگایەدا بڕواتە یەریڤان-ی پایتەختی وڵاتی ئەرمینیا لەبەرامبەردا باج و گومرگ رادەستی حكومەتی ئازەربایجان بكات لەكاتێكدا پێشتر حكومەتی ئەرمینیا هیچ بڕە باج و گومرگێكی لە ئۆتۆمبێلە ئێرانییەكان وەرنەگرتووە بۆیە ئێرانییەكان پێیان وایە ئازەربایجان لەژێر كاریگەریی توركیاو ئیسرائیل باج و گومرگ لەو وڵاتە وەردەگرێت. مەسینە و موشەك ململانێكانی ئازەربایجان دوای ئەوەی ئێران دەستیكرد بەمانۆڕە سەربازییەكەی لە سنوری ئەو وڵاتە قوڵتر بووەوە و لە نوێترین كاردانەوەدا رۆژی هەینی عەباس موسەوی، باڵیۆزی ئێران لەباكۆ رایگەیاند دەستدرێژی و بێڕێزی كراوە بە باڵیۆزخانەكەیان و چەند مەسینەیەك بە رەنگی سەوزو سپی و سور بەواتای ئاڵای ئێران لەبەردەم دەرگای باڵیۆزخانەكە دانراون. پۆلیسی ئازەربایجان لەیەكەم كاردانەوەی بەلێدوانی موسەوی رایگەیاند چوار كەس بەهۆی بێڕێزیی بە باڵیۆزخانەی ئێران لەئازەربایجان دەستگیركراون. دانانی ئەو مەسینانە لەبەردەم باڵیۆزخانەكەی ئێران هاوكات بوو لەگەڵ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی ئەو وڵاتە لەسنوری ئازربایجان كە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی سەربازیی ئێران تەكنەلۆژیای نوێی موشەكی و سەربازیی تێدا تاقیكراوتەوە. سێ برا دژی ئێران ئێران پێیوایە ئیسرائیل بەشداربووە لەو مانۆڕە سەربازییەی كە لە رێككەوتی (12/8/2021) بەناوی (سێ برای 2021) لەنێوان پاكستان و ئازەربایجان و توركیا بەڕێوەچوو، بۆیە لەوكاتەوە بەهەستیاریی زیاتر مامەڵە لەگەڵ ئازەربایجان دەكات و تەنانەت ئەو نمایشە سەربازییەی سێ وڵاتەكەی بەمانۆڕی چوار برا ناوەزد كرد وەك ئاماژەیەك بە بەشداربوونی ئیسرائیل لەمانۆڕی سێ برادا. بەرپرسێكی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا)ی راگەیاندووە ئەو مانۆڕە سەربازییەی مانگی رابردووی نێوان چوار وڵاتی (ئیسرائیل، توركیا، پاكستان، ئازەربایجان) بە مەبەستی ئەوە بووە كە كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەكە هەستیار بكەنەوە و پەیامێك بووە بۆ كاردانەوەی تاران، بۆیە لەبەرامبەر ئەو مانۆڕەدا سوپای ئێران مانۆڕی سەركەوتووانی خەیبەر ئەنجامدەدات. بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسە بۆ ئیسنا كەناوی بڵاونەكراوەتەوە؛ لەماوەی جەنگی (44) رۆژەی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان ژمارەیەك چەكداری داعش لەسوریاوە هێنراونەتە سنورەكانی ئێران و ئەوەش واتای ئەوەیە ئازەربایجان هێڵە سوورەكانی تێپەڕاندووە و لەژێر كاریگەریی ئیسرائیل ئەو كارانەی دژی خاكی ئێران ئەنجامداوە لەبەرامبەردا كۆماری ئیسلامی ئێران وەك براگەورەیەك كەزیاترین خەڵكی شیعە لەخۆدەگرێت و ئازەربایجانیش زیاترین شیعەی تێدا نیشتەجێیە، تاران تەنها هۆشداریی بە باكۆ داوە و هیچ كاردانەوەیەكی توندی بەرامبەر ئەو وڵاتە نەبووە. ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەوە كردووەتەوە كە وڵاتەكەی دانی بەخۆیدا گرتووەو گەورەیی نواندووە كە تائێستا هاوشێوەی ئازەربایجان هەڵسوكەوتی نەكردووە كە ئەوەش بەواتای لاوازیی ئێران نییە. لەلایەكی دیكەوە محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە مانۆڕی سەركەوتووانی خەیبەر پەیامێكی روون و ئاشكرایە بۆ دراوسێكان كەكۆماری ئیسلامی ئێران هەر جۆرە گۆڕانكارییەك لەسنورەكانی بەهێڵی سوور دەزانێت. ئێران و جەنگی خەیبەر هەستیاربوونەوەی ئێران لەناوچەكەدا و بەتایبەت لەسنورەكانی باكوری رۆژئاوای وڵاتەكەی ئاماژەیە بەو گورزە كاریگەرانەی كە لەلایەن وڵاتی ئیسرائیلەوە بەری كەوتووە چونكە وێناكردنی ئەو مانۆڕە سەربازییەی لەسنوری ئازەربایجان بەجەنگی موسوڵمان لەدژی جولەكە ئاماژەیەكی روونە كە دەیەوێت ئیسرائیل وەك كاراكتەرێكی سەرەكی تێكدانی گەمەكان لەناوچەكەدا پێناسە بكات و بەو بیانوەشەوە هێزی سەربازیی خۆی زۆر زیاتر لەجاران پیشان بدات و پێشوەختە ئەو پلانانە پووچەڵ بكاتەوە كە پێدەچێت لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەكەدا بەڕێوەبچێت چونكە ئێران لەئێستادا گیرۆدەی قەیرانی قووڵی ئابورییە و توانای بۆ بەڕێوەبردنی جەنگێكی چەند لایەنەی سەربازیی سنوردارە، بەڵام دەیەوێت لە رێگەی جوڵاندنی هەستی ئاینیی موسوڵمانانەوە لەدژی ئیسرائیل، ئەو وڵاتە رووبەڕووی فشار بكاتەوە بەهیوای ئەوەی تاران لەقەیرانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان دەرباز ببێت.