هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی ئێران لە نوسراوێكدا رایگەیاند ماوەیەكی نزیكدا ناردنی بەنزین و گازو بەرهەمە نەوتییەكان بۆ دەرەوەی وڵات رابگرێت. ئەمڕۆ پێنجشهممه 7ی تشرینی یهكهمی 2021، وەزارەتی نەوتی ئێران لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی هەناردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی وڵاتەكەی كردوە و نوسراوەكە لە بەشێك لە میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاوكراوەتەوە تیایداهاتووە، لە ماوەیەكی نزیكدا ناردنی بەنزین و گازو بەرهەمە نەوتییەكان بۆ دەرەوەی وڵات رابگرێت. جێی ئاماژەیە، بەپێی ئەوەی هەرێمی كوردستان لە 80% بەنزین بۆ پێداویستی ناوخۆ لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە دەكات، لەئەگەری جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە قەیرانی بەنزین دروست دەبێت و جارێكی دیكە كێشە بۆ شۆفێران و هاوڵاتیانی هەرێم دروست دەبێتەوە.
هاوڵاتی دەستەی ئیدارەی کارەساتەکان لە پاکستان رایگەیاند:" لەئەنجامی ئەو بومەلەرزە بەھێزەی لە باشوری ئەو وڵاتەی داوە 20 کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەسی دیکە برینداربوون. ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی تشرینی یهكهمی 2021، نەسیر ناسر، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی ئیدارەی کارەساتەکان لە پاکستان رایگەیاند، بومەلەرزەیەکی بەھێز لە باشووری ئەو وڵاتەی داوە و بەھۆیەوە 20 کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەسی دیکە برینداربوون. دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی رایگەیاند: گوڕی بومەلەرزەکەی پاکستان 5.7 پلە بووە بە پێوەری رێختەر و لە قوڵایی 20 کیلۆمەترەوەبووە و چەقی بومەلەرزەکەش 102 کیلۆمەتر لە دووری خۆرھەڵاتی کویتاوە بووە. لەلایەن خۆیەوە سوھەیل ئەنوەر جێگری پارێزگاری پارێزگای ھارنای بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، بەھۆی بومەلەرزەکەوە زیتر لە 100 خانوی لە قوڕ دروستکراو خاپوربوون و زیانێکی زۆر بە خانو و باڵەخانەکان گەیشتووە بە باڵەخانە حکومییەکانیشەوە. ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا سەدان کەس بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە. بومەلەرزە؛ رووداوێکی سروشتییە، بەھۆی جوڵانی پلێتەکانی ژێرزەوییەوە دروستدەبێت و لەسەر ئاستی جیھان چەند چرکەیەک جارێک بومەلەرزە روودەدات، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەمیان ئەوەندە بەھێزن کە ھەستیان پێبکرێت.
هاوڵاتی دەستەی سەرپەرشتیارانی ناڕەزایی ناوچەى باڵەکایەتی هۆشدارى دەدەنە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەگەرى دابیننەکردنى نەوتى سپى بەهەمان نرخى ساڵانى پێشوو، کات و شوێن بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندانی سەرتاسەری لە ناوچەکەیان رادەگەیەنن. ئەمڕۆ پێنجشهممه 7ی تشرینی یهكهمی 2021، لە راگەیەندراوێکدا دەستەى سەرپەرشتیارانی ناڕەزایی ناوچەى باڵەکایەتی ئاماژە بەوە دەکەن حکومەتى هەرێم نرخى بەرمیلێک نەوتى سپى ماڵانى لە ٤٠ هەزار دینارەوە بۆ ٥٧ هەزار دینار بەرزکردۆتەوە. لە راگەیەندراوەکەدا دەستەکە ئەو نرخە رەتدەکاتەوە و داوا دەکەن نرخەکەى بۆ نرخى ساڵانى پێشوو بگەڕێنرێتەوە کە ٤٠ هەزار دینار بوو. داواش لە هاوڵاتیانى ناوچەکە دەکەن بە هیچ شێوەیەک بڕە پارەی داواکراو کە ٥۷ هەزارە ڕادەستی بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک نەکەن و ئەوانەشی پارەکەیان داوە، پارەکانیان وەربگرنەوە. لە راگەیەندراوەکەدا دەستەکە هۆشداری بەلایەنی پەیوەندیدار دەدەن ئەگەر بەزوترین کات و بە ئیجابی وڵامی داواکارییەکەی خەڵکی ناوچەکە نەدەنەوە و نرخی نەوتەکە کەمنەکرێتەوە بۆ نرخی ساڵانی پێشوو ، بێدەنگ و بێ هەڵوێست نابن و لەچەند ڕۆژی داهاتوودا، کات و شوێن بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندانی سەرتاسەری لەباڵەکایەتیی ڕادەگەیەنن.
هاوڵاتى بڕیاروایه ئهمڕۆ مهسرور بارزانى بهسهردانێك بگاته ئیدارهى گهرمیانو لهمهراسیمێكدا سایلۆى كهلار بكاتهوه. ئەمڕۆ پێنجشهممه 7ی تشرینی یهكهمی 2021، بهگوێرهى ڕاگهیهنراوێكى ئهنجومهنى وهزیران، مهسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی گەرمیان دەکات. ئهوهش ڕونكراوهتهوه، سهردانهكهى بارزانى بۆ گهرمیان، تایبهته بهكردنهوهى سایلۆی کەلار بەگوژمەی 21 ملیار دینار کە توانای عەمبارکردنی 40 هەزار تەن گەنمی هەیەو دەتوانرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ گەنمی تێدا هەڵبگیرێت. باس لهوهشكراوه، سایلۆى كهلار توانای تێستکردنو دیاریکردنی جۆرو کوالێتی گەنمیشى هەیە.
هاوڵاتی وتەبێژی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی رەتیدەکاتەوە هیچ داوایەکی مەسعود بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە پێگەیشتبێت و رایگهیاند :" بەهیچ جۆرێک مەسعود بارزانی داوای وای نەکردووە.مەسعود بارزانیش رەمزێکە و پێشەوایەکی بەرجەستەی کورد و کوردایەتییە. ئەمڕۆ چوارشهممه 6ی تشرینی یهكهمی 2021، وەفدێكی پارتی بە سەرۆکایەتی عارف تەیفوور، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی-هەڵەبجە، سەردانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتی کەسنەزانییان کرد. دوای ئەو سەردانە وا بڵاوکرایەوە کە شاندەکەی داوای سەرۆک بارزانییان گەیاندووەتە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتی کەسنەزانی بۆ پشتیوانی لە لیستی پارتی. لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە 6-10-2021 بەناوی "قسەکەرێک بەناوی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی" بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە: "جەنابی شێخ نەهرۆ، سەرۆکی تەریقەتی قادریی کەسنەزانی ئەو هەواڵانەی بەدرۆخستەوە کە لە هەندێ سایت و دەزگای راگەیاندنەوە بڵاوکابووەوە کە لە میانی سەردانەکەی وەفدێكی پارتی بۆ لای جەنابی گوایە بەڕێز مەسعود بارزانی لە رێگەی وەفدی پارتی داوای پشتگیریی کردبێت تاوەکو دەنگی لایەنگرانی بۆ پارتی کۆبکاتەوە". لە راگەیێندراوەکەدا ئەو هەواڵانە رەتکراوەتەوە و هاتووە: "ئەو هەواڵانە دورن لە راستییەوە و تەنها لەگەڵ ئەو وەفدە باسیان لە دۆستایەتیی کۆن لەگەل بارزانی و دۆستایەتیی یەکڕیزی و یەک ماڵیی کورد کراوە و بۆ راگرتنی هاوسەنگیی لە پەرلەمانی عێراق هانی هاوڵاتیان دەدەینکە بە پەرۆشەوە بڕۆن بۆ بنکەکانی دەنگدان و باشترین و شایستەترین کەس هەڵبژێرن بە مەبەستی داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد لە رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە". جارێکی دیکە لە راگەیێندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی کە ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و وتەبێژی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دەڵێت: "بەهیچ جۆرێک مەسعود بارزانی داوای وای نەکردووە لە رێگەی ئەو وەفدەوە، ئەو هەواڵانە لە کەسانێکەوەن تەنها ئاژاوەگێڕ و یاریکەرن لە تەنگەبەر و ئاوی لێڵدا بۆ تێکدانی یەکڕیزیی ماڵی کورد، بارزانیش رەمزێکە و پێشەوایەکی بەرجەستەی کورد و کوردایەتییە".
هاوڵاتى پاش ئهوهى هاوڵاتى راپۆرتێکى لهسهر رووداوهکانى ئهم دواییهى شهنگال بڵاوکردهوه لهسهر ململانێ و ناکۆکییهکانى پارتى و یهبهشه، پارتى له کۆمسیۆن سکاڵاى لهسهر یهکینهکانى پاراستنى شهنگال(یهبهشه) که به "چهکدارى پهکهکه" ناویان دهبات تۆمار دهکات. ئهمڕۆ چوارشهممه له ژماره (1938) رۆژنامهى هاوڵاتى، لهلاپهره دووى رۆژنامهکهدا راپۆرتێکى ورد لهسهر ناکۆکى و ململانێکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و یهکینهکانى پاراستنى شهنگال(یهبهشه) بڵاوکردووهتهوهو تێیدا لهسهر رووداوهکانى رۆژى شهممه 2/10/2021، جێگرى ئهنجومهنى خۆسهرى دیموکرات له شهنگال ئهوه دووپات دهکاتهوه که پارتى بۆ بانگهشه نههاتبونهوه بۆ شهنگال. حهسۆ ئیبراهیم، جێگرى ئهنجومهنى خۆسهرى دیموکرات له شهنگال بههاوڵاتى وت:"پارتى بهنیازى بانگهشه نههاتبوو، بهڵکو دهیویست جارێکى تر بارهگاى خۆى بکاتهوه، چونکه وهفدهکه زیاتر له 50 ئۆتۆمبێل بوون، جگه لهمهش هێزێکى گهورهى لهگهڵ بووه، دهیانویست جارێکى تر ئیرادهى خۆیان لهسهر خهڵکى شهنگال بسهپێنن، ئێمهش ئهو شته قبوڵ ناکهین". ههروهها وتیشى:"ئهگهر تهنها کاندیدهکانیان بێن و بۆخۆیان بانگهشه بکهن هیچ کێشهمان نیه و ئێمه بهرگرییان لێ دهکهین تا دهگهڕێنهوه ناوچهکانى خۆیان، ههر کهسێک دهستدرێژییان بکاته سهر یان رهفتارێکى ناشیرینیان لهگهڵ بکات ئێمه لێى بهرپرسین ". دوا بهدواى بڵاوبونهوهى راپۆرتهکهى هاوڵاتى، هاوار محهممهد، بریکارى یاسایى پارتى دیموکراتى کوردستان، به تۆڕى میدیایى رووداوى راگهیاند: "ئێمه سکاڵامان تۆمارکردووه و داوامان له کۆمیسیۆن کردووه رێگه لهو چهکدارانه بگرێت له رێگهى کهناڵه فهرمییهکانهوه، ئهگهر نا ئهو رووداوه رێگره له بهردهم بانگهشهى بهربژێرانى پارتى دیموکراتى کوردستان که نامانهوێت بههێز و بهزهبرى چهک بچینه بانگهشهوه و ئهو رۆژهى رووداوهکه روویدا ئهوهنده هێز ههبوون بتوانن رێگهکه بکهنهوه، بهڵام نامانهوێ خوێنى کهس بڕژێت". لهو سکاڵانامهیهى پارتى بۆ کۆمیسیۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنهکانى عێراقى ناردووه، تێیدا هاتووه: "رۆژى 02-10-2021 له دهروازهى قهزاى شنگال و بهدیاریکراوى له دووڕێیانى کۆهبهل (ئهندهلوس)ى سهر بهقهزاى شنگال، بهربژێران و کادیران و بهشێک له سهرکردهکانى پارتى رێگرییان لێکرا و رێگهى چوونه ژوورهوهیان بۆ شنگال پێنهدرا پارتى دیموکراتى کوردستان له سکاڵانامهکهیدا دهشڵێت ئهوان پابهندى فهرمانى سهرکرده سهربازییهکانى عێراق نابن و رێگه به کاندیدهکانى پارتى نادهن بچنهوه بۆ شنگال، ئهمهشى به "پێچهوانهى دهستوورى عێراق و سهرجهم یاسا و رێنماییهکانى ئازادیى بانگهشهى ههڵبژاردن بهپێى یاساى ههڵبژاردنى ژماره 9ى ئهنجوومهنى نوێنهران وهسف کردووه".
هاوڵاتی دوانزە وڵاتی جیهان ڕاگەیاندراوێكی هاوبەش لەبارەی هەڵبژاردنی عێراقەوە بڵاودەكەنەوە و پێشوازی لە ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن و رایانگهیاند :" داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێز لە سەروەریی یاسا و بێگەردیی پڕۆسەی هەڵبژاردن بگرن". ئەمڕۆ چوارشهممه 6ی تشرینی یهكهمی 2021، حکومەتەکانی ئەمریکا، ئوسترالیا، کەنەدا، دانیمارک، فنلەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نیوزلەندا، نەرویج، سوێد و بەریتانیا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی رۆژی 10ی ئەم مانگەی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "وەزیرانی دەرەوەی ئوسترالیا، کەنەدا، دانیمارک، فنلەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نیوزلەندا، نەرویج، سوێد، بەریتانیا و ئەمریکا پێشوازی لە ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر دەکەن. ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە دەرفەتێکە بۆ دەنگدەرانی عێراق تاوەکو بەشێوەیەکی دیموکراسی بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن". لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە لە گرنگیی ئەم چرکەساتە لە مێژووی عێراقدا تێدەگەین. لە وەڵامی داواکارییەکانی گەلی عێراقیش"، بڕێکی زۆر پێداویستی بۆ پاڵپشتیکردن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و خاوێن لەو وڵاتە دابینکرا. راگەیێندراوە هاوبەشەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئایاری 2020دا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەرکی یونامی بۆ پاڵپشتیکردنی لە هەڵبژاردنی عێراق کاراتر کرد و وەک ئەنجامی ئەوەش، ئەو ئەرکەی یونامی گەورەترینی لەو جۆرەیە لە جیهاندا و پێنج بەرامبەری ئەرکەکەی یونامییە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2018. حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەڵێن، لە کۆتایی ساڵی 2020دا عێراقییەکان پاڵپشتییان لەو بیرۆکەیە کرد، کە چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ رەوایەتیی هەڵبژاردنەکەی عێراق پێویستە. لەسەر ئەو بنچینەیە، حکومەتی عێراق داواکارییەکی پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد. رۆژی 27ی ئایاری 2021، ئەنجوومەنی ئاسایش بە کۆی دەنگ پڕۆژە بڕیاری 2576ی پەسندکرد و بەو جۆرەش ئەرکی چاودێری بە تیمێکی چاودێریی هەڵبژاردنی سەر بە یونامی بەخشی. رۆژی 21ی حوزەیرانی 2021، یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، کە تیمێکی تایبەت لە چاودێرانی لە عێراق دەبن بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکە و ئەوانیش پسپۆڕن لە وڵاتانی جیاوازی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپاوە دەچن. ئێستاش چاودێری هەردوو لایەنی ئاماژەپێکراو لە عێراقن و ئەم هەوڵانەش ئاماژەن بە ویستی پاکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی عێراقییەکان و بەهێزکردنی بێگەردی هەڵبژاردنەکە. لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئێستا گەلی عێراق دەرفەتی ئەوەی لە بەردەمدایە کە مافی بنچینەیی خۆی بۆ دەنگدان پراکتیزە بکات. ئێمە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی ژینگەیەکی سەلامەت، ئازاد و خاوێن بۆ هەموو عێراقییەکان بڕەخسێندرێت، لەوانەش بۆ گەنج و ژنانی وڵات کە ماوەیەکی زۆرە داوای چاکسازی دەکەن و لەو رێگەیەشدا رووبەڕووی تووندوتیژی و چاوسوورکردنەوە بوونەتەوە. ئێمە هەروەها پاڵپشتی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی خەڵکی ئاوارە دەتوانن لە کەشێکی ئارامدا بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە رێز لە سەروەریی یاسا و بێگەردیی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە بگرن".
هاوڵاتی وهزیری پێشمهرگهی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بڵاوکردەوە و داوا لە پێشمەرگەکان دەکات بەشداریی پرۆسەکە بکەن "بۆ پاراستن و زامنکردنی مافە دەستووری و یاساییەکانی خۆتان و خەڵکی کوردستان". ئەمڕۆ چوارشهممه 6ی تشرینی یهكهمی 2021، شۆڕش ئیسماعیل، وهزیری پێشمهرگهی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "پێشمهرگه قارهمانهكان، وا نزیكدهبینهوه له دهستپێكردنی پرۆسهی دهنگدان، لێرهوه داواتان لێدهكهین ههمووان بهشداربن لهم پرۆسهیه بۆ پاراستن و زامنكردنی مافه دهستووری و یاساییهكانی خۆتان و خهڵكی كوردستان". وەزیری پێشمەرگە جەخت لەوە دەکاتەوە، پابهندی یاسا و دیسپلینه سهربازییهكانی وهزارهتەکەیان و رێنوێنییهكانی كۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان دەبن. هەروەها بهناوی وهزارهتی پێشمهرگهوه، سوپاسی هێزی پێشمهرگهی كوردستانی کردووە "كه نهبوون به بهشێك له بانگهشهی ههڵبژاردنهكان و پابهندی یاسا و رێسا سهربازییهكان بوون". شۆڕش ئیسماعیل دەشڵێت، پێشمەرگەکان "دوای بهشداریشتان له دهنگدان، كه ئهركێكی نهتهوهیی و نیشتمانیی چارەنووسازە؛ راستهوخۆ دهبنهوه پارێزهری سهلامهتیی بهڕێوهچوونی پرۆسهكه و، بەشێکیش دەبن لە پاراستنی ئارامی و سهقامگیریی ههرێم و دهنگدهران و خهڵكی كوردستان بهگشتی". بڕیارە رۆژی هەینی 08-10-2021 هەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوەبچێت کە تێیدا هێزە ئەمنییەکان دەنگ دەدەن. رۆژی 10-10-2021یش هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
عەمار عەزیز ئێزیدییەكان ماوەی چەند مانگێكە كۆچكردنیان بۆ گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا دەستی پێكردووەتەوەو لەماوەی دوو مانگدا زیاتر لەسەد ئێزیدیی لەڕێگەی بیلاڕوسیاوە هەوڵی گەشتن بۆ ئەوروپا دەدەن. ئاماری ئەو ئێزدییانەی كۆچ دەكەن بۆ دەرەوەی وڵات بەرز دەبێتەوە و لەنوێترین ئاماریشدا تەنها لە دوو مانگی رابردوو 100 ئێزیدی كۆچیان كردووە ، ئەمە لەكاتێدایە لە 2014 تائێستا ژمارەكە گەیشتووەتە سەرووی سەد هەزار كەس . لەدوای رووداوەكانی داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە، ئێزیدیەكان بوون بەچەند بەشێكەوە، بەشێكیان خۆیان گەیاندە هەرێمی كوردستان و بەشێكی لەشاخی شەنگال مانەوەو بەشێكیشیان بوونە قوربانی دەستی داعش، ئەوانەی خۆیان گەیاندە هەرێم زۆربەیان روویان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە. ڤینۆس حەسەن، تەمەن 29 ساڵ لەگەڵ خوشكەكەی سێ مانگ پێش ئێستا كۆچیان كردووەو بە هاوڵاتی وت: « لە كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ لەگەڵ قاچاغچیەك رێككەوتین تا ئێمە بگوازێتەوە بۆ لیتوانیا و دواتر بچینە ئەوروپا، سەرەتا چووینە بەغدا دوای دوو رۆژ بەفرۆكە گەیشتینە بیلاڕوسیا، سێ رۆژ لەوێ بووین و رۆژی 5ی حوزەیران بە ئۆتۆمبێل چووینە سنوری لیتوانیا «. ڤینۆس باسی لەوەشكرد دوای گەیشتنیان بە لیتوانیا لەوێوە ناچاربووین دابەزین و بەدارستانێكدا بەناو خاكی لیتوانیا رۆیشتوون، لەنزیك گوندێكی ئەو وڵاتە پۆلیس دەستگیریان كردوون، وتیشی:» ئێستا لەكەمپێكی ئەو وڵاتەدا دەژین، رۆژانە خواردنێكی زۆر كەممان پێدەدەن، زۆر جار سەرمامان دەبێت ، لەو كەمپەی ئێمە 300 كۆچبەری عێراق و وڵاتانی تر هەن، لەم ژمارەیە نزیكەی 80 كەسیان ئێزیدین». ئەو كچە ئێزیدییە ئاماژەی بەوەشكرد لەكەمپ لەپارێزگای دهۆك هەلی كار نەبووە، بێزاربوون لەژیانی ئاوارەیی و هیچ هیوایەك نەبووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ شەنگال»بەناچارییەوە رێگای مەرگمان هەڵبژاردوە، هیچ كەسێك ئەم رێگایەی پێ خۆش نیە، بەڵام بەتەواوی بێ هیوابووین هیچ رێگای ترمان نەبینی جگە لەكۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات». وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاند ژمارەی ئەو عێراقییانەی لە لیتوانیا گیریانخواردوە 275 كەسن، كە 14 خێزانیشیان تێدایە ، كە لەنێویاندا خەڵكی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە و لە 29 كەمپدان و دەیانەوێت خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ عێراق. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست رۆژنامەی هاوڵاتی كەوتوون تەنها لە دوو مانگی رابردوو زیاتر لە 100 گەنجی ئێزیدی لەسنوری پارێزگای دهۆك روویان لەدەرەوە كردووە كە ئێستا بەشێكیان لەوڵاتی لیتوانیا و بیلاڕوسیا لەناو هەندێك كەمپدا دەژین . بەرێوەبەری رێكخراوی هوارس لە شەنگال ئاماژە بەوە دەدات كۆچكردنی ئێزیدییەكان رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندایە. لوقمان حسێن، بەڕێوەبەری رێكخراوی هوارس لە شەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « كۆچكردن لەناو كۆمەڵگای ئێزیدی رۆژ بەڕۆژ روو لە زیادبوونە كە نەبوونی هەلی كارو دامەزراندن و چارەسەرنەكردنی كێشەكانی شەنگال بەتایبەت لە رووی ئیداری و خزمەتگوزاری وایكردووە گەنجەكانیان روو لە ئەوروپا بكەن». حەوت ساڵ بەسەر كۆمەڵكۆژی ئێزدییەكان تێپەڕی كە تائێستا 75%ی ئێزیدیەكانی شەنگال نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. لوقمان حسێن وتیشی:» هەموو كەسێك حەزدەكات لەسەر خاكی خۆی بژی، بەڵام ئەگەر دۆخی ئەمنی سەقامگیر نەبێت هیچ داهاتوویەكیان نەبێت ناچاردەبن ماڵ و خزم و كەسو كاری خۆیان بەجێبهێڵن و روو لەدەرەوەی وڵات بكەن». بەپێی لێكوڵینەوەی رێكخراوی هوارس لەشەنگال ئەو كەسانەی كۆچ دەكەن تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵدایە و گەنجان لەم تەمەنە بە بڕبڕەی پشتی كۆمەڵگا دادەنرێن. «هەركەسێك حەوت ساڵ لەژێر خێوەتێكدا بژێت و هیچ كارێكی دەستنەكەوێت بەدڵنیاییەوە بیر لەكۆچكردن دەكاتەوە، بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كۆچكردن لەناو ئێزدییەكان پێویستە حكومەت كۆمەڵێك هەلی كاریان بۆ دابین بكات»، لوقمان حسێن وا دەڵێت. بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزدییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی جەخت لە كۆچكردنی گەنجانی ئێزیدیی دەكاتەوە بۆ گەیشتنیان بەوڵاتانی ئەوروپا. خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزدییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، هێمای بۆ ئەوەكرد لە 2014 تا 2021 زیاتر لەسەد هەزار ئێزیدی كۆچیان كردوە بۆ دەرەوەی وڵات، وتیشی:» بەدڵنیاییەوە كۆچكردنی گەنجانی ئێزیدی رۆژ بەڕۆژ روو لە زیادبوونە، بەڵام هیچ ئامارێكی راست و ورد لای ئێمە نیە چونكە بەشێكی زۆریان بە رێگای قاچاغ روو لەدەرەوە دەكەن». «خەڵك وا دەڕوات ژیانی دەرەوە هەرچۆنێك بێت پێیان خۆشترو باشترە لەژیانی كەمپ، هیچ كەسێك ناتوانیت رێ لەئاوارەكان بگرێت تا كۆچ نەكەن»، خەیری بۆزانی وای وت.
سازدانی: هاوڵاتی كاندیدێكی هاوپەیمانی كوردستان كە پسپۆرییەكەی لەبواری ئابووریدایە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە لەبەغدا شەڕی بودجەو قوتی هاووڵاتیان دەكەن و داواش لەخەڵك دەكات بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان وەكو سەنگەرێك بیبینێت بۆ بەرگری كردن لەمافەكانیان. دكتۆرە نەرمین مەعروف، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لەبازنەی یەكی سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی، دەشڵێت:» هەموو خەڵك شاهیدی ئەوە دەدەن كە لەچەند ساڵی رابردوو ئێمە وەكو كورد غەدرێكی زۆر گەورەمان لێكراوەو بابەتە ئابوورییەكان تێكەڵی بابەتە سیاسییەكان كراوە، لەبەرئەوە ئومێد دەكرێت كە ئێمە بچینە بەغدا بتوانین داكۆكی لەمافەكانی خەڵك بكەین». هاوڵاتی: تاكە كاندیدی هاوپەیمانی كوردستانن كە پسپۆرییەكەتان بواری ئابووریە كەكورد بەردەوام شەڕی كردووە بۆ بەدەستهێنانی پشك و ئیستحقاقی خۆی لەپەرلەمان؟ د. نەرمین مەعروف: بەدڵنیاییەوە نەك لەبەرئەوەی خۆم كاندیدم بەشێوەیەكی گشتی ئەوانەی نوێنەرایەتی كورد دەكەن لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێك لەئەركە سەرەكییەكانی پەرلەمان پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەیە، كە وا دەكات حكومەت بەرنامەی دارایی بۆ ساڵێك بەكاربهێنێت. لێرەوە ئەوە پێمان دەڵێت مەسەلە داراییەكان پەیوەندیەكی گرنگیان بەسەر ژیانی هەموو خەڵكەوە هەیە، لێرەوە ئەو كەسانەی كە بەشداری گفتوگۆكان دەكەن لەپەرلەماندا پێویستە بەشێكیان لەو كەسانە بن كەپسپۆرییان لە بواری بودجەو داراییدا هەیە تا ئەو پرۆژە بودجەیەی كە پەسەنددەكرێت كەپەیوەندی بە قوت و گوزەرانی تاك بەتاكی كۆمەڵگەوە هەیە تا بەشێوەیەكی زانستیانەو پرۆفیشناڵانە بەلەبەرچاوگرتنی هەموو رەهەندەكانی پرۆژە یاساكە رەچاو بكرێت. ئێمە وەكو كورد یەكێك لەكێشە سەرەكییەكانمان پرسی بودجەی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی عێراقەوە بووەتە بابەتێكی موزایەدەی سیاسی و لایەنەكانی دیكەی عێراق زۆربەی كات وەكو كارتی فشار بەكاریانهێناوە یان هەوڵیانداوە رێژەكەی كەمبكەنەوە كە لەم چەندساڵەی رابردوو رێژەكە لە لەسەدا 17%وە كەمكرایەوە بۆ لەسەدا 12.67، هەموو ئەم شتانە پێمان دەڵێن سەرباری پسپۆرییەكانی دیكە پێویستە پسپۆری بودجەو دارایی زۆر زۆر گرنگە لەپەرلەماندا هەبێت، چونكە یەكێك لەئەركە سەرەكییەكانی پەرلەمان مەسەلەی بودجەیە كە مافێكی دەستوری و داراییەو موچەیە. هاوڵاتی: تاچەند هاوپەیمانی كوردستان بەگشتی كار بۆ سەرخستنی ئێوە دەكات؟ د.نەرمین مەعروف: هەر لەبەرئەوەی كاندیدی هاوپەیمانی كوردستانم پاڵپشتیمان دەكات بۆ سەركەوتنمان، كاندید بوونم لەسەر قەوارەیەكی سیاسی، كە مەسەلەی كاندید كردنەكەم بۆ ئەوەیە كە پسپۆری بواری دارایی و ئابووریم، پەیوەندی بەپرسی جێندەرییەوە نییە كە من ژنێكم، لەسەر ئەساسی كەفائەتە. هاوڵاتی: لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەریەككەوتنتان هەبووە لەگەڵ خەڵك، خەڵك چ داوایەكیان لێتان هەیە؟ د.نەرمین مەعروف: خۆشبەختانە لەماوەی سێ مانگی بانگەشەی هەڵبژاردندا لەگەڵ چین و تووێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگا پەیوەندیم هەبووە، سەردانم كردوون و ئەوان هاتوون بۆ لام، لەشۆسیال میدیا پشتگیری دەكرێم، هەموو ئەوانە سوپاس بۆ خوا پۆزەتیڤ بووە، خەڵكێكی زۆر بەگەشبینییەوە دەڕواننە ئەم هەڵبژاردنە، خەڵكێكی زۆریش بە ئومێدەوە دەڕواننە ئەم هاوپەیمانێتییە، ئەمە هەنگاوێكە بۆ یەكڕیزی گەلی كورد بەگشتی. هەموو خەڵك شاهیدی ئەوە دەدەن كە لەچەند ساڵی رابردوو ئێمە وەكو كورد غەدرێكی زۆر گەورەمان لێكراوەو بابەتە ئابوورییەكان تێكەڵی بابەتە سیاسییەكان كراوە، لەبەرئەوە ئومێد دەكرێت كە ئێمە بچینە بەغدا بتوانین داكۆكی لەمافەكانی خەڵك بكەین پشتبەستوو بەماددە دەستورییەكان و بەپێی پسپۆرییەكەمان لەبواری ئابووری و دارایی بتوانین بەرگری لەخەڵك بكەین و ببینە دەنگ و رەنگی ئەوان، بەدڵنیاییەوە ئەوەی دەنگم پێدەدەن و ئەوانەشی دەنگم پێنادەن ئەگەر سەركەوتوو بم دەبمە دەنگی هەر هەموویان، ئەوەی دەبێتە پەرلەمانتار تەنها نابێت بەدەنگی حزبەكەی خۆی، بەڵكو وەكو كورد ببینە دەنگ و رەنگی هەموو چین و تووێژە جیاوازەكان. تا رادەیەك گلەیی و گازندە لەئەدای حكومەتی هەرێم هەیە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا كە ئێمە بۆمان روونكردوونەتەوە كە عیلاقەی بە بەشە بودجەكەی هەرێمەوە هەیە كە بڕدراوە، حكومەتی هەرێم لەڕووی داراییەوە توانای نەبووە خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بكات، خەڵك ئەگەر بیانەوێت گلەییان نەمێنێت موچە بەردەوام بێت دەبێت بەشدارییەكی كارایان هەبێت لەهەڵبژاردنەكاندا، هەر كەس لەئاست خۆیەوە بە بەشداری كردنی داكۆكی بكات لەمافەكانی خۆی لەناو عێراقی فیدراڵدا، بەشداری نەكردن لەهەڵبژاردنەكاندا چارەسەری كێشەكان ناكرێت بەپێچەوانەوە هێندەی تر ئێمە وەكو كورد لاواز دەبین و مافەكانمان پێشێل دەكرێت. هاوڵاتی: پێتانوایە دەبێت نوێنەراتی كورد بەبێ جیاوازی رەنگ و حزب و سەربەخۆ لەپرسی مافەكانی كورد یەكهەڵوێست بن؟ د. نەرمین مەعروف: هیچ گومانی تێدا نییە ئەگەر بێت و سەیری بەرنامەو دروشمی حزبەكان و تەنانەت كاندیدە سەربەخۆكان بكەیت هەمووی باس لەبەرژەوەندی كوردو كوردستان دەكات، كەواتە ئێمە بەجیاوازی بیروبۆچوون و هەموو رەنگەكانەوە خاڵێكی هاوبەشمان هەیە كەئەویش پرسی بەرژەوەندییەكانی میللەتی كوردە، كەواتە ئێمە دەكرێت ئەم خاڵە هاوبەشە بكەینە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو تواناكانمان بۆ ئەوەی یەكی بخەین و بەیەك دەنگ و بەیەك هەڵوێست لە بەغدا هاودەنگی یەك بین و داوای مافەكانی گەلی كوردستان بكەین. كورد بەراورد بەنەتەوەی عەرەب وەكو ژمارەو كورسی پەرلەمانیمان كەمترە، بەڵام لەساڵانی رابردووش هەر وابووەو ئەوەی وای كردووە كورد هەر بەزیندوویەتی بمێنێت بەردەوام بین لەخەباتی خۆمان ئەوەبووە كە خاوەنی ئیرادەیەك بووین و بە خەباتی چەكداری تا ئێرەمان هێناوەو ئێستاش لەڕێگەی خەباتی مەدەنییەوە دەكرێت پارێزگاری لەدەستكەوتەكان بكەین كە چەندین قوربانیمان بۆ داوەو گەیشتوینەتە ئەم قۆناغە، بەڵام لێرە بەدواوە دەكرێت لەڕێگەی پرۆسەی دیموكراسییەوە لەگەڵ لایەنەكان بگەینە ئەنجامێك كە قازانجی گەلی كوردی تێدا بێت. هاوڵاتی: بەردەوام كورد هەندێك پۆستی وەك ئیستیحقاق وەرگرتووە، لەوانە سەرۆك كۆمار، جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیرێكی سیادی، لەگەڵ دوو وەزیرو چەندین پۆستی دیكە، پێتانوایە دەبێت نوێنەرانی كورد لەپەرلەمان موحاسەبەو چاودێری ئەوانە بكەن كە لەدەزگای جێبەجێكردندان؟ د. نەرمین مەعروف: ئێوەی باست كرد زۆر راستە، دیارە ئێمە لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا جگە لەوەی مافی ئەوەمان هەیە نوێنەرمان هەبێت لەپەرلەماندا، بەڵام وەكو شەریكێك لەحوكمڕانی عێراقدا چەندین پۆستی ئیداریمان لەدامەزراوە فەرمییەكاندا هەیە كە پشكی كوردە. لەماوەی رابردوودا زیاتر فۆكەس خراوەتەسەر ئەندامانی پەرلەمانی كورد لەبەغدا، هێندە فۆكەس نەخراوەتە سەر پۆستەكانی دیكە كە لەدەسەڵاتی جێبەجێكردندان، لەكاتێكدا ئەوانەی لەو پۆستەدان بەرپرسیارێتییەكەیان زیاترە لەئەندامانی پەرلەمان، تا رادەیەك كاری پەرلەمانتاری سنوردارە بەدەركردنی پرۆژەیاسا و یاسای بودجەو چاودێری كردنی ئەدای حكومەت، بەڵام دواجار ئەوانەی لەسوڵتەی تەنفیزیدان راستەوخۆ دەتوانن بڕیارەكان و یاساكان جێبەجێ بكەن. ئێمە بێجگە بودجەو مووچە مافی دیكەمان هەیە وەكو خۆراكی مانگانەو پشكی دەرمان و پارەی جووتیاران و چەندین شتی دیكە وەكو زەمالەی خوێندكاران كە لەسەر ئاستی عێراق بوونی هەیە و پشكی هەرێم دیاری نەكراوە، هەروەها ئەو قەرزانەی كەدەدرێت بەعێراق لەلایەن وڵاتانی نێودەوڵەتییەوە كورد مافی ئەوەی هەیە پشك و ئیستحقاقی خۆی وەربگرێت، ئەمانە هەمووی لەدامەزراوەكانی حكومەتەوە دەتوانرێت وەربگیرێت، خەڵكی زۆر زانیاریان لەسەر ئەمانە نەبێت. هاوڵاتی: دوا پەیامت بۆ خەڵك چیە لەبارەی بەشداری كردن لەدەنگداندا، رۆژی 10ی 10 كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت؟ د. نەرمین مەعروف: گلەییەكانی خەڵك رەوایە كەدەیكەن لەحكومەتی هەرێم ، ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی كوردستان و تەقیمی حكومەتی هەرێم نییە، ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراقە و بۆ مافی میللەتی كوردە، دەكرێت گلەییەكان هەڵبگرین بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەوكات خۆمان و دەسەڵاتی خۆمان دەتوانین گلەیی بكەین. هیوادارم هەموو خەڵك بچێت بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ بەرگریكردن لەمافی خۆی و خێزانی خۆی، چونكە بە بەشدارینەكردنی گلییەكان چارەسەر نابێت و خزمەتگوزارییەكان باشتر ناكات، بەڵكو بە بەشداریكردن هیوادارین وەك پێش ساڵانی 2014ی لێبێتەوەو قوت و بودجەو پشكی هەرێم وەكو پێشتر رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.
هاوڵاتی راوێژکاری باڵای سەربازیی عەلی خامنەیی، لەبارەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، هۆشداریی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات و رایگهیاند :" نابێت هیچ چەکدارێکی" دژبەر لە "ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا هەبێت" کە بیەوێ ئاسایشی سنورەکان تێکبدات". ئەمڕۆ چوارشهممه 6ی تشرینی یهكهمی 2021، یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری باڵای سەربازیی رێبەری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاندووە: "ئێران زۆر جار رایگەیاندووە کە نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی کۆبوونەوەی دژبەرانی شۆڕشی ئێران، تەنانەت پێش هێرشەکانی هێزی وشکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ناوەندەکانی کۆبوونەوەی ئەو گرووپانە لە هەرێمی کوردستان، بە فەرمی راگەیێندرا کە نابێت لەم ناوچانەدا دژبەرانی کۆماری ئیسلامی هەبن". ساڵی 1995 سوپای پاسداران هێزێکی زۆر و تۆپخانەی هێنایە نزیک کۆیە و هێرشیکردە سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات، کە بە فڕینی فڕۆکەی هاوپەیمانان بەسەر هێزەکانی ئێراندا، کشایەوە. لە چەند ساڵی رابردووشدا سوپای پاسداران زۆر جار بنکەکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومانکردووە. ئەمساڵیش هەڕەشەکان بەرپرسانی ئێران بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گوشارەکانیان بۆ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووردارکردنی جموجۆڵی ئەو حیزبانە چڕتر بووەتەوە. یەحیا رەحیم سەفەوی، کە 10 ساڵ فەرماندەی سوپای پاسدارانیش بووە، هۆشداری بە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوە کە "لەهەر شوێنێکی سنوورەکانی ئێراندا بن و حکومەتەکانی ئەو ناوچەیە پەنایان بدەن و پێداویستی و چەکیان پێبدەن، بەرەنگاری گرووپە دژبەرەکان دەبنەوە". سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەیش رۆژی 04.10.2021 وتی: "ئارامگرتنی ستراتیژی" و هەڵسوکەوتی "ژیرانەی" ئێران "بەردەوام نابێت" و ئێران "تەحەمولی دەستدرێژی" بۆ سنوورەکانی نییە. رۆژی 12-9-2021یش عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران، چالاکی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێگەی نیگەرانی لە قەڵەمدا و داوای "چەککردن و دەرکردنی بەپەلەی" ئەو حیزبانەی لە هەرێمی کوردستان کرد. رۆژی 6.9.2021 ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو شوێنانەی کە ئێران هەڕەشەی کردنە ئامانجیان دەکات، شوێنی ژیانی پەنابەرانی سیاسی و خەڵکی مەدەنین و سەتان ژن و منداڵی پەنابەر کە بەهۆی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتی ئێران خاک و وڵاتی خۆیان جێهێشتووە، لێیان دەژین. ناوەندەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، چالاکیی سیاسیی حیزبەکان و بوونی خەباتکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بیانوویەکە "کۆماری ئیسلامی بۆ کاولکاری و دەستێوەردانی زیاتر دەیگرێت و دەیەوێت بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی ناوچەکە و دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاران، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت. ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو هەڕەشانە کاریگەریی لەسەر چالاکییەکانی حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری نابێت کە لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێکهاتووە". ناوەندی هاوکاری داوا لە خەڵکی کوردستان و هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئێران دابنێن و دژی ئەو هەڕەشەیە بوەستنەوە. مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە بەرپەرچی هەڕەشەکەی ئێران بدەنەوە و رێگە نەدەن هێرش بکاتەسەر بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. بە گوتەی مەولوودی، "نابەرپرسیاربوونی دەسەڵاتی ئێران لە بەرپرسیارێتیی ئەو لایەنانە بۆ پاراستنی گیانی ئەندامانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەم ناکاتەوە". حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە دوو دەیەیە چالاکی چەکدارییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان راگرتووە و دەڵێن، رەچاوی بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و هێرش ناکەنە سەر هێزە سەربازییەکانی ئێران.
هاوڵاتی فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى رایگەیاند:" لە نێو فڕۆكەخانەی سلێمانی گروپێک كە بە نیازبوون بە بەڵگەنامەی ساختەوە بچنە وڵاتێكی ئەوروپیەوە دەستگیر کراون". ئەمڕۆ چوارشهممه 6ی تشرینی یهكهمی 2021، لەراگەیەندراوێکدا فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى بڵاویکردەوە: " بنکەی نشینگەى فڕۆکەخانە بەھۆی شارەزایی و لێھاتویی ئەفسەر و کارمەندەکانیان و بە هاوکارى ئاسایشی فڕۆکەخانە، دوێنێ دوشەممە لە گەشتى سلێمانی- دۆسڵدۆف توانیان ڕێگرى بکەن لە هەوڵێکى ساختەکارى گروپێکى گەشتیاران، لە چوارچێوەى جێبەجێکردنی کاروباری فڕۆکەخانە و کۆنتڕۆڵکردنی سەفەری گەشتیاران بۆ دەرەوەی وڵات ". لە ڕاگەیاندراوەکەشدا هاتووە: "گروپەکە کە ژمارەیان 25 گەشتیار بووە گواستراونەتەوە بۆ بنکەى پۆلیسى فڕۆکەخانە و لە ئێستادا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان و چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی لای دادگا دەبێت". ئەوەشخراوەتەڕوو، لە بەڵگەکانیان دەرکەوت هەڵگرى جۆرێک لە دۆکیۆمێنتن کە هیچ بەڵگەیەکى فەرمی نەبووە بۆ سەفەرکردن بۆ دەرەوەى وڵات".
عەمار عەزیز پارتی بەسەرۆكایەتی جەعفەر ئیبراهیم ئیمنیكی لەگەڵ كاندیدانی پارتی لەدهۆكەوە بەڕێدەكەون بۆ شەنگال، بەڵام بەشێك لە ئێزیدییەكان رێگرییان لە وەفدەكە كردو نەیانهێشت بچنە ناو شەنگال و گەڕانەوە دهۆك، دوای ئەم رووداوەش مەسرور بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە دەچنەوە خاكی شەنگال. ململانێكان و ناكۆكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) دوای رووداوەكانی داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە دروست بوو كە یەبەشە دەڵێن ئەوان رۆڵی سەرەكیان هەبووە لە رزگاركردنی خاك و خەڵكی ئێزیدیدا و پارتی لەشەنگالدا نەماوەتەوە. ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە لقی 17ی پارتی لەشەنگال كە ئێستا لە دهۆك دەوام دەكەن بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە رۆژی 2ی تشرینی یەكەم 2021 وەفدێكی باڵای پارتی كە پێكهاتبوون لە جەعفەر ئیبراهیم ئیمنیكی، بەرپرسی لقی 17ی پارتی لەگەڵ ژمارەیەك كادیرو لایەنگرانی پارتی و هەرسێ كاندیدی بازنەی شەنگال لە دهۆكەوە بەڕێكەوتن بۆ قەزای شەنگال، ئامانج لەسەردانەكەیان ناساندنی كاندیدانی پارتی بوو لە شەنگال و بەشداریكردنی لەئاهەنگی جەماوەری پارتی لەقەزاكە. ئیدریس زۆزانی پێشیوابوو ئەوەی ئەوان لەبەرامبەر وەفدەكەی پارتی كردوویانە دژی بڕیارو رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە. وتیشی:»رێكاری یاسایی دەگرینە بەرو بە رەسمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاگاداردەكەینەوە كە ئەوا رێگری لەحزبی پارتی كرا، بەداخەوە بەرپرسانی ئەمنی عێراق و نەینەواش نەیانتوانی رێگری لە پەكەكە بكەن تا وەفدەكەمان دەرباز ببێت، جارێ ناتوانین بڵێین جارێكی تر هەوڵدەدەینەوە كە بچینە شەنگال یان نا». « وەفدەكە نەیویست شەڕو كوشتن دروست بێت و جارێكی تر خوێنی كورد هەر بەدەستی براكەی بڕژێت، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و دروست نەبوونی شەڕ گەڕاینەوە دهۆك، نابێت چەند لایەنێك شەنگال كۆنتروڵ بكەن و رێگا نەدەین هێز و لایەنەكانی تر بانگەشە بۆ خۆیان بكەن ، مافی خۆمانە لە هەموو عێراق بانگەشە بۆ كاندیدانی خۆمان بكەین « ئدریس زۆزانی وا دەڵێت. جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لە شەنگال ئەوە دووپات دەكاتەوە كە دژی ئەوەن پارتی بگەڕێتەوە بۆ شەنگال. حەسۆ ئیبراهیم ، جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لە شەنگال بەهاوڵاتی وت: « بە روون و ئاشكرایی دەڵێن رێگا نادەین پارتی بگەڕێتەوە شەنگال، نەك تەنها ئێمە دژی ئەوەین كە پارتی بگەڕێتەوە، بەڵكو تەواوی خەڵكی شەنگال رێگا نادەین بگەڕێتەوە». هەروەها باسی لەوەشكرد ئەو رۆژەی وەفدەكەی پارتی هات خەڵكی شەنگال بە ژن و كچ و پیاو رژانە سەر شەقامەكان، وتیشی:»دەیا نجاری تر پارتی هەوڵبدات سەردانی شەنگال بكات بێسوودە، چونكە ئێمە قبوڵ ناكەین جارێكی تر پارتی بگەڕێتەوە «. حەسۆ ئیبراهیم وتیشی: « پارتی بەنیازی بانگەشە نەهاتبوو، بەڵكو دەیویست جارێكی تر بارەگای خۆی بكاتەوە، چونكە شاندەكە زیاتر لە 50 ئۆتۆمبێل بوون ، جگە لەمەش هێزێكی گەورەی لەگەڵ بووە، دەیانویست جارێكی تر ئیرادەی خۆیان لەسەر خەڵكی شەنگال بسەپێنن، ئێمەش ئەو شتە قبوڵ ناكەین، ئەگەر تەنها كاندیدەكانیان بێن و بۆخۆیان بانگەشە بكەن هیچ كێشەمان نیە و ئێمە بەرگرییان لێدەكەین تا دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، هەر كەسێك دەستدرێژییان بكاتە سەر یان رەفتارێكی ناشیرینیان لەگەڵ بكات ئێمە لێی بەرپرسین «. لەبەرانبەردا فەرماندەی هێزی ئێزدیخان لە شەنگال پێیوابوو ئەو رێگرییەی بەرانبەر وەفدەكەی پارتی كراوە هەڵەیەكی گەورە بووە. حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزدیخان لە شەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت «ئەو رێگرییەی بەرامبەر وەفدی پارتی كرا هەڵەیەكی زۆر گەورە بوو بەهەموو پێوەرێك دوورە لە بنەماكانی دیموكراتیەت و مرۆڤایەتی، مافی پارتییە لە شەنگال و هەموو عێراق بانگەشە بۆ كاندیدانی خۆی بكات». « ئەو هێزەی رێگری لە وەفدەكەی پارتی كرد یەبەشە بوون و خەڵكیان هاندا تا بچنە سەر شەقام، ئەمەش بۆ ئەوەی پەیامێك بگەیەننە هەموو لایەك و بڵێن سەیركەن ئەوە ئێمە نین رێگری لەپارتی دەكەین بەڵكو خەڵكی سڤیلە رێگا نادات جارێكی تر پارتی بگەڕێتەوە شەنگال «، حەیدەر شەشۆ وای وت
هاوڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سهرۆكی پارتی له بانگهشهی حزبهكهیدا له شاری سلێمانی رایگهیاند :"بهرد دهگیرێته بهرزهكان.. خهڵك هۆشیاره و ئهو سهردهمه بهسهرچوو قسه به پارتی بڵێیت و دهنگ كۆبكهیتهوه". دەڵێت:" پارتی سلێمانی لەبیر نەکردووە و ئەو دووانە پێکەوە سەردەکەون". ئەمڕۆ چوارشهممه 6ی تشرینی یهكهمی 2021، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستان لە سلێمانی بانگەشەی بۆ بەربژێرانی پارتەکەی کرد و رایگەیاند، "کوردستان نموونەی پێکەوەژیانە لەگەڵ پێکهاتەکان و ئایین و نەتەوەکانی تر، نابێت ئەو جیاکارییە لە نێوان خۆماندا بمێنێت و وەک کورد، وەک خەڵکی یەک شار و ناوچە دەبێت ئەو جیاکارییە لە ناو ئێمەدا بە هیچ شێوەیەک نەمێنێت." لە میانی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پارتی پەیامێکی بۆ لایەنە سیاسییەکان نارد و ئاماژەی بەوە دا، "بە هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەڵێین، ئێستا کاتی گونجاوە بە یەک بەرنامە و ستراتیژیی هاوکارییەکی راستەقینە لەگەڵ عێراقییەکاندا دروستبکەین لە پێناو جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و نەهێشتنی بێبەشکردنی کوردستان لە ماف و بەشەبودجەکەی لە عێراقدا". لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی وتی، "پارتی سلێمانی فەرامۆشنەکردووە، پارتی و سلێمانی پێکەوەبەستراون، پارتی و سلێمانی پێکەوە جوانن و بە دڵنیاییەوە پارتی و سلێمانی پێکەوە سەردەکەون". سەرۆكی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند:" له شۆڕشى گوڵاندا دهیان داستانى لهم ناوچهیه تۆماركراوه و یهكهم گولهى شۆڕشى گوڵان لهناوشارى سلێمانیهوه ئاراستهى دوژمن كراوه". نێچیرڤان بارزانی لە میانی پێشکەشکردنی وتارەکەی رایگەیاند: "کاتێک کەدێمە سلێمانی و سلێمانی دەبینم زۆر دڵخۆش دەبم، چونکە بەڕاستی سلێمانیم خۆشدەوێ، سلێمانی شاری دایکمە، شاری باپیر و خزمەکانمانە، سلێمانیم خۆشدەوێت چونکە شاری ئەدەب و کوردایەتی و شاری هونەر و رۆشنبیرییە، شاری هەڵمەت و قوربانییە. بۆیە ئەو مافەم پێبدەم کە من نیوە سلێمانیم و نیوەی خەڵکی شارەکەتانم". لە تەوەری قسەکانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دۆخی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوو و رایگەیاند، "ئێستا لایەنە عێراقییەکان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ دژایەتی کوردستان ناکەن، چونکە دوای خۆپێشاندانەکانی تشرین خەڵکی عێراق تێگەیشت کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق پەیوەندی بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات هەیە لەلایەن ئەو حزبانەی کە دەسەڵاتیان لەو سنوورەدا هەیە، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش وایە. ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە هیچ لایەنێک بیەوێت بە هێرشکردن و پەلاماردانی پارتی لەو ناوچەیە دەنگ کۆبکاتەوە." لە سنووری سلێمانی ململانێیەکی تووند لە نێوان لایەنەکاندا هەیە بۆ بردنەوەی 18 کورسییەکەی ئەو پارێزگایە و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڵبژاردنی رابردوو کورسییەکی بردووەتەوەو چاوی لەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر لە یەک کورسی بباتەوە. نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی پارزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانی کرد و وتی: "پارتی بە ژمارەی دەنگەکان و کورسییەکانی لەو ناوچەیە تەماشای ئێوە ناکات، پارتی بە چاوی وەفاداری، دڵسۆزی و خەبات تەماشای ئێوە دەکات". بۆ ئەم هەڵبژاردنە کە بڕیارە لە 10-10-2021 بەڕێوەبچێت لە هەر بازنەیەک تەنیا یەک بەربژێری هەیە و چوار لە بەربژێرەکانی ژنن لە بازنەکانی یەک و دوو و سێ و چوار، بە هیوای ئەوەی کۆتای ژنان بەدەستبهێنێت. تەنیا لە بازنەی پێنج (گەرمیان) بەربژێری پارتی پیاوە. لە سلێمانی 1.4 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بەسەر پێنج بازنەدا دابەشکراوە، 63 بەربژێر رکابەری دەکەن کە 49 بەربژێریان سەر بە 10 حیزب و هاوپەیمانی سیاسین، لەگەڵ 14 بەربژێری سەربەخۆ.
هاوڵاتی وهزارهتی دارایی رایگەیاند:" سبەینێ پێنجشەممە 7ی تشرینی یهكهمی 2021، ئەم شوێنانە موچە وەردەگرن: سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و خانەنشینی شارستانی. هاوكات بهپێی خشتهكهی وهزارهتی دارایی، ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی تشرینی یهكهمی 2021، ئەم وەزارەتانەی خوارهوه موچە وەردەگرن: شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن.