هاوڵاتی  قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی ڕایگەیاند:" په‌رته‌وازه‌یی زیانی به‌ سلێمانی گه‌یاندوه‌، قورسایی بۆ سلێمانی ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌، سلێمانی هەمیشە بە پێشەنگ دەمێنێتەوەو ناهێڵین سلێمانی بکەوێت سلێمانی تەسلیمی ھیچ ھێزێكی سیاسی نابێت، كە ھەڵقوڵاوی خۆی نەبێت". قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان له‌ وتارێكدا بۆ جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بوو وتی:" په‌رته‌وازه‌یی زیانی به‌ سلێمانی گه‌یاندوه‌، قورسایی بۆ سلێمانی ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌، سلێمانی هەمیشە بە پێشەنگ دەمێنێتەوەو ناهێڵین سلێمانی بکەوێت، "سلێمانی تەسلیمی ھیچ ھێزێكی سیاسی نابێت، كە ھەڵقوڵاوی خۆی نەبێت، ئێمە ھاتووین ئەو ھاوكێشەیە بگۆڕین كە تەنھا یەك حیزب بڕیار لەسەر چارەنووسی كورد بدات. وتیشی "هەر لێرەوە سەرکەوتنی هاوپەیمانی کوردستان رادەگەیەنین." له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا قوباد تاڵه‌بانی وتی: پەرتەوازەیی زیانی بەشاری سلیمانی گەیاندوە، بۆیە ئیتر بەیەک دەنگ و یەک دەست خۆمان بۆ سەرکەوتنی گەورە ئامادە دەکەین و کارەکانی رابردومان ئەوەی سەلماندوە کەدەتوانین لە رێگەی دانوستانەوە کێشەکانمان چارەسەر بکەین. راشیگه‌یاند كه‌ بە یەک ریزی ئەم هاوپەیمانییە سه‌رده‌كه‌وێت، چونکە "لەبەغدا تەنها حساب بۆ هێزی کاریگەر دەکرێت و گوێ لە موزایەدە چی و هاش و هوش ناگیرێت."

هاوڵاتی وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵای هەرێم ڕایگەیاند فه‌رمانێكی ده‌ركرد و رایگه‌یاند كه‌ بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان، کرێی‌ خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حکومی‌ و تایبەتەکان کەمدەکاتەوە.    ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، بەئیمزای‌ د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوو فەرمانی‌ جیا ده‌ركراو و تیایدا بڕیاردراوه‌ بە کەمکردنەوەی‌ کرێی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان و تایبەتەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان.   وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ بڕیاریداوه‌ كه‌ کرێی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی‌ کوردستان بەڕێژەی‌ (٤٥%) لەگشت قۆناغەکانی‌ خوێندنی‌ بەرایی‌ و خوێندنی‌ باڵا (پارالێل - ئێواران)، هەروەها کرێی‌ خوێندنی‌ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێی‌ ئەنجامەکانی‌ ڕێزبەندی‌ نیشتیمانی‌، بەڕێژەی‌ (١٠ بۆ ٢٠ %) بۆ سەرجەم قۆناغەکانی‌ خوێندن کەمکردەوە.   لە لێدوانێکدا وەزیری‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ ڕایگەیاند: هەرێمی‌ کوردستان بە بارودۆخێکی‌ تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان ڕەچاوی‌ بارو گوزەرانی‌ دارایی‌ خەڵکی‌ خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلی‌ خوێندن بۆ هەموان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتی‌: بۆ ئەوەی‌ روحیەتی‌ کێبڕکێی‌ زانستی‌ لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنی‌ باوردۆخی‌ هاوڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەی‌ کرێی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی‌ و تایبەتەکان.   وتیشی: ئامانجی‌ وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەی‌ کرێی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە لەبەر چاوگرتنی‌ باری‌ دارایی‌ هاوڵاتیانی‌ کوردستان و ڕەخساندنی‌ هەلی‌ زیاتری‌ خوێندن و پەرەپێدانی‌ تواناکانی‌ گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان.   کەمکردنەوەی‌ کرێی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی‌ و تایبەتەکان بەم شێوەیە دەبێت:   زانکۆ حکومییەکان:   داشکانی‌ ڕێژەی‌ (٤٥%) لە کرێی‌ خوێندنی‌ (پارالێل) و (ئێواران)ی‌ گشت قۆناغەکانی‌ خوێندنی‌ بەرایی‌ و خوێندنی‌ باڵا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دامودەزگاکانی‌ تری‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ بۆ ساڵی‌ خوێندنی‌ (٢٠٢١-٢٠٢٢).   زانکۆ تایبەتەکان:   بەپێی‌ ئەنجامەکانی‌ ڕێزبەندی‌ نیشتیمانی‌ زانکۆکانی‌ کوردستان دەبێت بەم شێوەی‌ خوارەوە:   - ئەو زانکۆیانەی‌ دەکەونە گروپی‌ B، بەڕێژەی‌ (١٠%) کرێی‌ خوێندن کەمدەکرێتەوە.   - ئەو زانکۆیانەی‌ دەکەونە گروپی‌ C، بەڕێژەی‌ (١٥%) کرێی‌ خوێندن کەمدەکرێتەوە.   - ئەو زانکۆیانەی‌ دەکەونە گروپی‌ D، بەڕێژەی‌ (٢٠%) کرێی‌ خوێندن کەمدەکرێتەوە.   - سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەی‌ (٢٠%) کرێی‌ خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.  

هاوڵاتی  مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بڵاوکردەوە و داوا لە جەماوەر و لایەنگرانی پارتی لە ناوچە کورستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکات "بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردن بن و بە دەنگی خۆیان وەڵامی واقیعی نایاسایی و سەپێندراوی ئەو ناوچانە بدەنەوە". دەقی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا گەلی كوردستان پاداشتی هەڵوێست و خۆڕاگری و قوربانیدانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی دایەوە و، بە پشتیوانیی گەلی كوردستان، پارتی بووە حزبی ژمارە یەك لە كوردستان و عێراق. هیوادارم لەو هەڵبژاردنەشدا گەلی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دووپات بكاتەوە. هەر لێرەشدا داوا لە هاووڵاتیانی ئازیزی كەركووك و شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و، بە تایبەت داوا لە جەماوەر و لایەنگرانی پارتی لەو ناوچانە دەكەم كە بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردن بن و بە دەنگی خۆیان وەڵامی واقعی نایاسایی و سەپێندراوی ئەو ناوچانە بدەنەوە. داواش لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان و جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم لە ڕۆژی دەنگداندا ئەركی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆیان جێبەجێ بكەن و دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن. بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی ئەندام و لایەنگران و سەرجەم ئۆرگانەكانی پارتی بكەم كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگەشەیەكی ئارام و مەدەنی و نموونەییان پەیڕەو كردووە. هیوادارم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كەشێكی هێمن و بێ كێشە بەڕێوە بچێت و ئەنجامەكانیشی لە خزمەت چەسپاندنی بنەماكانی شەراكەت و داواكاریی هاووڵاتیان بێت و، ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلانی عێراق جێبەجێ بكرێت. مسعود بارزانی ٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢١

سازدانی: شاناز حەسەن كاندیدێكی سەربەخۆ لەسلێمانی ئاماژە بەوە دەدات كە چوونیان بۆ بەغدا بۆ پارسەنگی هێزو دەنگی گەلە و بۆ سەفەقاتی بازرگانی نییە. نەورۆز عەباس ناسراو بە نەورۆزی مانگر كاندیدی سەربەخۆ، لە بازنەی دووی سلێمانی  ژمارە 21 لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» ئێمە ئەو شەڕە دەكەین كە حزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان جوڵانیان نیە بۆی و وەك بابەتی ئیستحقاقی سەیر ناكرێت و ئێمە لەبەغدا تەواوكەری ئەو پەرلەمانتارانە دەبین كە بەخۆیان و حزبەكانیانەوە نەیانتوانیوە بیكەن و ئێمە تەواوكەری ئەو شتانە دەكەین». هاوڵاتی: بۆچی بەڕێزتان وەك كاندیدێكی سەربەخۆ خۆتان كاندید كردووە؟ نەورۆز مانگر: وەك چالاكوانێكی مەدەنی، وەك كەسێك بەرگی كاری مافی  مرۆڤ و مافی رۆژنامەنووسیم و بەرگریكاری ناو چین و تووێژەكانی بەرگریكاران و كاری خێرخوازی دەكەم و رێكخراوم هەیە و لەهەمووشی گرنگتر هەوڵی راستكردنەوەی پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی و سەپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان دەدەم لەچوارچێوەی دەقی دەستوردا كەئەوە یەكێكە لەپلانە سەرەكیەكانم. هاوڵاتی: هەندێك لەپەرلەمانتار بانگەشەی جۆراوجۆر دەكەن لەكاتێكدا ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە؟ نەورۆز مانگر: ئەوە بابەتێكی راستە ئەرك و ماف تێكەڵكراوە، كە لەڕاستیدا هەندێك مافی دەستوری هەیە ئەركی پەرلەمانتاری كوردە لەپەرلەمانی كوردستان، بەڵام ئەم تێكەڵكردنە وەك موزایەدەیەكی سیاسی بەكاردێت، لەئێستادا چوونی ئێمە وەك كاندیدی سەربەخۆ بۆ بەغدا بۆ پارسەنگی هێزی گەلە نەك سەفەقاتی بازرگانی لەبەغدا، ئێمە ئەو شەڕە دەكەین كە حزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان جووڵانیان نیە بۆی و وەك بابەتی ئیستحقاقی سەیر ناكرێت و ئێمە لەبەغدا تەواوكەری ئەو پەرلەمانتارانە دەبین كە بەخۆیان و حزبەكانیانەوە نەیانتوانیوە بیكەن و ئێمە تەواوكەری ئەو شتانە دەكەین. هاوڵاتی: پێتان وایە خەڵك متمانە بەكاندیدی سەربەخۆ دەكات یاخود ئەو كاندیدانەی سەر بەحزبێكی سیاسین لەهەرێمدا؟ نەورۆز مانگر: زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە بێ ئەمەلیان لەو پەرلەمانتارانەی كە پێشتر چوونەتە بەغداو كە زۆرینەیان تەنیا ئیشیان بۆ خۆیان كردووەو هیچیان بۆ خەڵك نەكردووە.  بۆیە زۆرینە بڕوایان بەدەنگدان نیە، بەپێی ئەو ئامارەی ئێمە وەك رێكخراوی فریادڕەس لەناو خەڵكدا كردوومانە، لەسەدا 70ی خەڵك نایەوێت هەر دەنگ بدەن، ئەوەی كەئێستا دەگوزەرێت زۆربەی حزبەكان دەڵێن زۆربەی خەڵك دەنگ بەئێمە دەدات، بۆیە دیارە ئامارەكەی لەناو كۆمپیوتەر و شوێنی تایبەتی خۆیەوە كردووە، بەڵام بۆ سەربەخۆكان خەڵك ئەمەلێكی بچووكی هەیە كە سەربەخۆكان لەگەڵیان راستگۆبن، بۆیە زۆربەی ئەوانەی كە بڕیاریان نەداوە دەنگبدەن دەیانەوێت ئەمجارە دەنگ بەسەربەخۆكان بدەن و تاقی بكەنەوە. هاوڵاتی:  وەك بازنەكەی خۆت پلانت چییە  ئەنجامی بدەیت ئەگەر سەركەوتنت بەدەستهێنا؟ نەورۆز مانگر: گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە، كە پلانم هەیە كۆدەنگییەك دروست بكەین بۆ ئەو پرسەو بتوانین لەڕێگەی دروستكردنی بەنداوەوە چارەسەری بارودۆخەكە بكەین و كەرتەكە ببوژێنینەوە. هاوڵاتی: تاچەند هەماهەنگی لەنێوان كاندیدە سەربەخۆكاندا هەیە؟ نەورۆز مانگر: هەماهەنگیەكی زۆر توندوتۆڵمان هەیە، بۆ نموونە لەهەندێك ناوچە كە لایەنگرم هەیە لە رانیە و قەڵادزێ‌ و ئەو ناوچانە هاوكاری كەسێك دەكەم كە سەربەخۆیە و ئەویش لەبازنەی دوو هاوكاری من دەكات و بەو شێوەیە هاوكاری یەكتر دەبین. هاوڵاتی: كاردانەوەی هاووڵاتیان چۆنە بەگشتی بۆ هەڵبژاردن ؟ نەورۆز مانگر: بەگشتی كاردانەوەی خەڵك بەگومانە، چونكە سی ساڵە ئەم حزبانە بەڵێنیان پێدەدەن و خەڵك هەڵدەخەڵەتێنن، بەڵێنەكان هیچی وەك خۆیان نیە، بەڵام كە ئێمە كاردەكەین و لەنزیكەوە پلان و بەرنامەی خۆمانیان پێ دەڵێین گومانەكانیان دەڕەوێنێتەوە و ئێمەش ئەوەمان لەسەرە كە بۆ خەڵكی بسەلمێنین كەسانێكی تەواو سەربەخۆین، وەك خۆم بۆ خەڵكم سەلماندووە بەكارەكانی پێشوو كە تەواو سەربەخۆم. هاوڵاتی: پەیامی بەڕێزتان چییە؟ نەورۆز مانگر: لەڕۆژێكدا كە كوردستانمان رزگار كرد لەژێر دەستی حزبی بەعس هێنامانە دەرەوە، خەڵك شۆفڵی ئەدزی ئێمە مانمانگرت، ئێمە بڕیاری 688مان سەبارەت بە هێمنكردنەوەی كوردستان هێنایەدی، ئێمە توانیمان خەتی 36 بۆ 34 دروست بكەین كە تائێستا كاریگەری خۆی هەیە.  بۆیە دەمەوێت پەیامم ئەوەبێت بۆ خەڵكی كوردستان من دەمتوانی لەهەر حزبێك لە حزبەكانی كوردستان كە هەریەكەیان مەمنونن خۆم كاندید بكەم، بەڵام بە راستی حزبەكان ئەوەندە رەزا قورس و ناشرینن خەڵك حەزناكات دەنگیان پێبدات، ئەو دەنگەشی كە دەیهێنن هەمووی بە زۆرەملێیە، بۆیە حەزناكەم كەس بەو چاوە سەیرم بكات، بۆیە وەك مانگر و فریادڕەس داوا لەخەڵك دەكەم هەموویان بچن بۆ دەنگدان و دەنگبدەن بەكەسە سەربەخۆكان.

  هاوڵاتى هەپەگە ڕایگەیاند:"  بۆ تۆڵەکردنەوەی ئەو گەریلایانەی لە ناوچەکانی شاخە سور و مام ڕەشۆ بە چەکی کیمیایی شەهیدبوون، چالاکی بەرفراوان لە ناوچەی ئاڤاشین ئەنجامداوە و لە ئاکامدا بەلانیکەمەوە چوار داگیرکەر سزادراون". ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی گەریلاکان لەدژی سوپای تورک بڵاوکردەوە. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە: لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆسدا؛ رۆژی ٦ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١٣:٣٠  تیمەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی مام رەشۆ-ی ئاڤاشین چالاکییەکییان لە دژی داگیرکەران ئەنجامدا و گەریلاکانی یەکەی گەڕۆک لە دوو قوڵەوە لێیاندان. لە قۆڵی یەکەمەوە لە نزیکەوە لە دوو سەنگەر درا. لەو چالا کییەدا هەر دوو سەنگەرەکە تێکشکێنران و لانیکەم ٤ داگیرکەر لە سەنگەرەکاندا سزادران. هەروەها لە قۆڵی دووەمیشەوە لە نزیکەوە لە سەنگەرێک و داگیرکەرانی دەوروبەری سەنگەرەکە درا. لەو چالاکییەدا سەنگەرێک و کامێرایەکی چاودێری تێکشکێنران. ژمارەی ئەو داگیرکەرانەی لەو سەنگەرە و دەرووبەریدا سزادران ڕوون نەبووەتەوە. داگیرکەران دوای ئەنجامدانی ئەو چالاکییانە بە کۆپتەر کوژراوەکانیان لە ناوچەکە دوورخستەوە. ئەو چالاکییە بەرفراوانە، کە بەلانیکەمەوە ٤ داگیرکەری تیادا سزادران و ٣ سەنگەر و سیستمێکی کامێرای چاودێریی تێکشکێنران، بۆ تۆڵەکردنەوەی هەڤاڵانمان لە شاخە سوور و مام رەشۆ ئەنجامدرا، کە لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەهید بوو بووبن. رۆژی ٦ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٨:٣٠ هێزەکانمان دژی بنکەى سەربازیی شکێر لە ناوچەی چەلێی جۆلەمێرگ چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا سیستمێکی کامێرای چاودێری تێکشکێنرا. لە ٦ی تشرینی یەکەمدا لە نێوان کاتژمێر ٢٣:٥٠ بۆ ٠٠:٢٠ دا کۆپتەرەکان بە ئاسمانی ناوچەی مام رەشۆ لە ناوچەی ئاڤاشین دا سوڕانەوە. رۆژی ٦ی تشرینی یەکەم لە نێوان کاتژمێر ٠٨:٣٠ بۆ ٠٩:٣٠ لە گۆڕەپانی چیای رەش لە ناوچەی زاپ لەلایەن سوپای تورکیای داگیرکەرەوە بە چەکی قورس بۆردومان کرا. رۆژی ٦ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١٣:٥٠ گۆڕەپانی مام رەشۆ لەلایەن سوپای تورکیای داگیرکەرەوە لە ناوچەی ئاڤاشین بە تۆپی جۆری ئۆبووس و چەکی قورس تۆپباران کرا. لە ٧ی تشرینی یەکەمدا لە نێوان کاتژمێر ٠٩:٠٠ بۆ ٠٩:٢٠ دا فڕۆکە جەنگییەکان گۆڕەپانەکانی کۆنیشکا و سیدا-یان لە ناوچەى زاپ بۆردومان کرد.

هاوڵاتی  جێگری سەرۆکی نووسینگەی سیاسیی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند: " لە نێوان ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێککەوتنێک هەیە کە رێگری لە چالاکی ئەو گرووپانە بکرێ". ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، رەسوڵ سەنایی راد، جێگری سەرۆکی نووسینگەی سیاسی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند: "لە نێوان کۆماری ئیسلامی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێککەوتنێک هەیە کە رێگری لە چالاکی ئەو گرووپانە بکرێ، بەڵام سەرەڕای ئەوە بنکەیان داناوە و دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەجوڵێنەوە و لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و دوژمنانی ئێمە پەیوەندییان هەیە". رەسوڵ سەنایی راد باسی ئەزموونی رێکخراوی موجاهدینی خەڵقی لە عێراق کردووە و دەڵێت: "ئارامگرتنی ستراتژی ئێران کۆتایی هاتووە و دروستکردنی نائەمنی لەلایەن ئەو حزیبانەوە زەمینە بۆ دەرکردنیان و چەککردنیان دەڕەخسێنێت". دوو هەفتە لەمەبەریش ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران، لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای ورمێ وتی: بەپێی رێککەوتنی نێوان ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی چەک بکرێن و دەربکرێن.  ریکخراوی موجاهدینی خەڵق هێزێکی سیاسی – چەکداریی دژبەری کۆماری ئیسلامی بوو کە بنکەی لە عێراقدا هەبوو، بەڵام دوای رووخانی رژێمی بەعسی عێراق چەککران و دواتریش ناچار کران عێراق جێبێڵن و لە ئاڵبانیا جێگیر بن. حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیدەکەنەوە هەڕەشە بن بۆ سەر ئاسایشی ئێران و هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئێران. ئەوان دەڵێن، نزیکەی سێ دەیەیە رەچاوی بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن. بەرپرسانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵین، کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوخۆدا لەگەڵ قەیران بەرەوڕووە و بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی لە قەیرانەکان، هەڕەشە لەوان دەکات و گوشار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دێنێت. ئەمساڵ زۆر جاران بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئێران هەڕەشەیان لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری باڵای سەربازیی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران رۆژی 0601-2021 لەبارەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، هۆشداریی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دا و وتی، "نابێت هیچ چەکدارێکی" دژبەر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا هەبێت" کە بیەوێ ئاسایشی سنوورەکان تێکبدات. ئەمساڵ و ساڵانی رابردووش زۆر جاران کۆماری ئیسلامی ئێران بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە شوێنە جیاوازەکان بۆردوومانکردووە. ناڕەزایەتی ئێران بە بوونی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بە بەرزترین بەرپرسانی عێراقیش راگەیەنراوە. عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رۆژی 12-9-2021 لە کۆبوونەوە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای "چەککردن و دەرکردنی بەپەلەی" ئەو حیزبانەی لە هەرێمی کوردستان کردبوو. ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم هەڕەشە و داواکارییانە بە "زیادەڕۆیی" لە قەڵەم داوە و داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە سنوورێکی بۆ دابنرێت. ناوەندی هاوکاری پێشتر گوتبووی: کۆماری ئیسلامی بەم بیانووەوە دەیەوێت بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی ناوچەکە و دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاران، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت.

هاوڵاتى مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان رایگه‌یاند، ئه‌ركی ئه‌وانه‌ خزمه‌تی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان بكه‌ن، ده‌شڵێت: "گه‌رمیان رووبه‌ڕووی چه‌ندین كاره‌سات بووه‌ته‌وه‌". دەڵێت:" ده‌یانه‌وێت له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا كوردستان له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت". مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌راسیمێكدا له‌ كردنه‌وه‌ی سایلۆی قه‌زای كه‌لاری ئیداره‌ی گه‌رمیان، رایگه‌یاند: 126 ملیار دیناریان بۆ ئیداره‌ی گه‌رمیان خه‌رج كردووه‌. باسی له‌وه‌شكرد: ده‌یانه‌وێت له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا كوردستان له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت. مه‌سرور بارزانی وتیشی: "رێگه‌ ناده‌ین هیچ ناوچه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت بێت". دەقی گوتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناوی خوای گەورە و میهرەبان خوشک و برایانی بەڕێز، ئامادەبووانی هێژا، زۆر زۆر بەخێربێن، سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم. زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام. لە دەڤەری گەرمیانی سەربەرز هاتووین بۆ کردنەوەی پرۆژەیەکی دیکەی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گەرمیانەی کە پشکی زێڕی بەرکەوتووە لە قوربانیدان و بەرگریکردن لە خەڵکی کوردستان، ئەو گەرمیانەی کە خاوەن هەزاران شەهیدە و رووبەڕووی کارەساتی کۆمەڵکوژی و جینۆساید و ئەنفال بووەتەوە. بۆیە ئەرکی هەموومانە کە خزمەتی کەسوکاری بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان بکەین، خزمەتی حکومەتە بەبێ جیاوازی لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا خزمەتگوزاری بکات. ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆئەوەی ئەم پرۆژە ستراتیژییە بکەینەوە کە بەشێکە لە ستراتیژییەتی حکومەت بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز لە کوردستاندا. ئێمە گرنگییەکی زۆرمانداوە بە دروستکردنی سایلۆ و کۆگا بۆئەوەی بەرهەمی جووتیارانی ئێمە وەربگرنەوە و جووتیارانمان چیدیکە لە خەمی ئەوەدا نەبن بزانن بەرهەمەکانیان چییان لێدێت. ئەمە ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان دابیندەکات و وادەکات ببێتە ژێرخانێک بۆئەوەی کەرتەکانی دیکەی ئابووری لە کوردستاندا پێشبکەون. هەروەک دەزانن کشتوکاڵ بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پێشخستنی ئابووریی هەر وڵاتێک. ئەگەر کشتوکاڵ پێشبکەوێت و بەرهەمەکان زیادببن، بێگومان پیشەسازی و بازرگانییش لە وڵاتدا دەبووژێتەوە، بۆیە ئێمە گرنگیمان بەم ستراتیژییە داوە، لە ستراتیژییەتی حکومەتیش ئەوە بووە کە ئێمە زیاتر بیر لە پرۆژە گەورەکان بکەینەوە تاوەکو لە داهاتوویەکی نزیکدا کوردستان بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و سەرچاوەکانی داهات لە کوردستان هەمەجۆر بکرێت. ئێمە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە گرنگییەکی زۆرمان داوە بەم دەڤەرە، بۆئەوەی بتوانین تاڕاددەیەکی کەمیش بێت لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا بتوانین قەرەبووی ئەو هەموو زەحمەت و قوربانیدانەی خەڵکی گەرمیانی خۆشەویست بدەینەوە، ئێمە دەزانین کە گەرمیان بە چی نەهامەت و زەحمەتێکدا تێپەڕیوە. گەرمیان هەمیشە پێشەنگ بووە لەوەی کە بەرگری لە خاکی کوردستان بکات. هەمیشەش لە ریزی پێشەوە بووە کە شاڵاوی هێرشکردنی سەر کوردستان هاتووەتە هەرێم، گەرمیان پێش هەموویان بەرکەوتووە، بەڵام خۆڕاگری و قارەمانێتیی خەڵکی ئەم دەڤەرە وایکردووە کە هەموومان پێتان سەربەرز بین و ئێستاش خۆمان بە قەرزدارتان بزانین. ئێمە لە حکومەت بۆئەوەی بتوانین خزمەتێکی باشتری ئەم دەڤەرە بکەین، لە سەرەتاوە بە بڕی 126 ملیار دینار پارەمان تەرخانکردووە بۆ چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر و ستراتیژی لەم دەڤەرە، یەکێک لەوانەش دروستکردنی ئەم سایلۆ و کۆگایەیە کە ئێستا دەیبینن و دوای ماوەیەکی دیکە ئیشەڵڵا بە فەرمی دەیکەینەوە بۆئەوەی بکەوێتە خزمەتی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

سازدانی: شاناز حەسەن كاندیدێكی هاوپەیمانی كوردستان داوا لەهاووڵاتیان دەكات لە 10ی ئەم مانگە بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان تا باڵانسی هێز راستبكەنەوە، دەشڵێت:»هاوپەیمانی كوردستان باڵانسی هێز دەگەڕێنێتەوە». شوناس حسێن عەبدوڵا، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لەبازنەی یەكی سلێمانی ژمارە 32 لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئەوە دەخاتەڕوو كە»لایەنە سیاسییەكان تا بتوانن یەكڕیز و تەبابن لەبەغدا، باشتر دەتوانن دەستكەوتەكانی میللەتەكەمان بەدەستبهێنن، بەڵام یەكڕیزی نیشتیمانی كاتێك دروستدەبێت كە یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان بەگیانی لێپرسراوێتی و مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ یەكتردا بكەن». هاوڵاتى: هاوپەیمانی كوردستان دەتوانێت چی بكات بەگشتی؟ شوناس حسێن: زۆربەی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر خواستی بزوتنەوەكە تەكلیف كراون و دانراون، پێكەوەش لەگەڵ هاوپەیمانی كوردستان پلانێكی تۆكمەمان هەیە بۆ چارەسەركردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و گەڕاندنەوەی باڵانسی هێز بۆ كوردستانی عێراق و هەموو هەوڵەكانمان بۆ یەكڕیزی كوردە بۆ ئەوەی بتوانێت بەیەكڕیزیی ئەو دەستكەوتانەی هەیەتی لەبەغدا وەریبگرێت و هەرێمیش لەسایەی دیموكراسیدا مافەكانی بەدیبهێنێت. هاوڵاتى: پلانی بەڕێزتان چییە وەك كاندیدێكی گەنج لەناو هاوپەیمانی كوردستان؟ شوناس حسێن: كۆمەڵێك شت لەناو هاوپەیمانیدا كاری لەسەر دەكەین و دواتر وەك بەرەیەكی كوردستانی كاری لەسەربكەین، پێویستە گەنجانی هەرێم وەك گەنجانی عێراق بتوانن لەو قەرزانە سودمەند بن و چۆن گەنجانی بەشەكانی دیكەی عێراق دەتوانن لەهەموو ئەو قەرزە بچووكانە و پێشینانە سودمەند بن، گەنجی ئێمەش بتوانن سودی لێوەربگرن، ئەو زەماناتانەی كە لەلایەن كۆنسوڵەكانەوە بۆ خوێندن دیاریدەكرێت گەنجانی ئێمەش سودمەندی بن، بۆیە ئەوە یەكێكە لەكارەكانمان و كاری جددی بۆ دەكەین. هاوڵاتى: تاچەند دروستبوونی ئەم هاوپەیمانەتییە بەردەوام دەبێت لەدوای هەڵبژاردنەكان؟ شوناس حسێن: تەمەنامان كردووە ئەمە سەرەتایەك بێت بۆ لێكنزیكبوونەوەی زیاتر بۆ ئەوەی لەداهاتوودا هەنگاوی دیكە بنێین، یەكێك لە خاڵە جەوهەریەكانی هاوپەیمانی كوردستان ئەوەیە بەیەكەوە بەهێزترین. بۆیە تەمەننا ئەكەین ئەو رێككەوتنە وەك خۆی جێبەجێبكرێت و لەداهاتوودا هەنگاوەكان بۆ لێكنزیكبوونەوەی زیاتر بێت، لەنێوان  یەكێتی و گۆڕان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی دیكەی ناو هەرێمی كوردستان. هاوڵاتى: گلەییەكان زۆرتر روو لەحزبەكانی دەسەڵاتە، هاوپەیمانیەتیەكە كاریگەری نابێت لەسەر دەنگدەرانتان؟ شوناس حسێن: ئێمە بەیەكەوە هەنگاو دەنێین بۆ داهاتوو، ناگەڕێینەوە بۆ رابردوو، ئەم رێككەوتننامەیە درێژكراوەی ئەو دوو رێككەوتننامەیە لەسەردەمی مام جەلال و كاك نەوشیروان دا كراوەو تازە نیە و لایەنگران و دەنگدەرانی بزوتنەوەكەش ئەوە دەزانن و تێدەگەن كە ئەمە رێككەوتنێكی تازە نیە تا پێی نیگەران بن، بۆیە هیچ كاریگەریەكی لەسەر كەمكردنەوەی دەنگەكانی گۆڕان نابێت و بەڵكو بەشێكی زۆری خەڵكیش پێشوازیان لێكردووەو پێیان وایە دەبێتە خاڵی كۆكەرەوەی نێوان لایەنە سیاسییەكان، بتوانین لایەنەكانی دیكەش بێنە ژێر چەتری ئەم رێككەوتنەوە. هاوڵاتى: یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان لەبەغدا تاچەند گرنگە؟ شوناس حسێن: بێگومان مێژوو سەلماندویەتی لایەنە سیاسییەكان تا بتوانن یەكڕیز و تەبابن لەبەغدا، باشتر دەتوانن دەستكەوتەكانی میللەتەكەمان بەدەستبهێنن، بەڵام یەكڕیزی نیشتیمانی كاتێك دروست دەبێت كە یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان بەگیانی لێپرسراوێتی و مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ یەكتردا بكەن.، كاتێك بەرژەوەندییە نیشتیمانیە باڵاكان پێش بەرژەوەندی حزبی بكەوێت.  بۆیە بەدڵنیاییەوە كورد تا یەكڕیز بێت باشتر دەتوانێت شەڕی زیاتری دەستكەوتەكان بكات، بەڵام كە باڵی كوردی دابەش ببێت بەدڵنیاییەوە ژمارەی كورسییەكان دابەشدەبێت و بەو پێیەش قەبارەی كوردیش لەبەغدا وەك پێویست گوێی لێناگیرێت. هاوڵاتى: تاچەند هەوڵتان داوە لایەنگرە نیگەرانەكانی خوار گردەكە ئاشت بكەنەوە؟ شوناس حسێن: ئەم بزوتنەوەیە بزوتنەوەیەكی خەڵكی كوردستانە، بۆیە هەركەس لەناو بزوتنەوەكە كاربكات دەبێت بەو ئاراستەیە بیر بكاتەوەو كاربكات، بەردەوام ئەو سنگفراوانیە هەر هەبووە و لەلایەن رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەوە چەند جارێك ئەوە خراوەتەڕوو ئێمە لەجیاتی دەرگایەك دە دەرگامان كراوەتەوە بۆ هەر كەسێك كە رۆژگارێك لێمان زوویر بووەو قسەشی لەسەر كردوین، ئامادەین هەر كاتێك بێت بیانخەینە سەر چاومان، دووبارە پێكەوە كاربكەینەوە بۆ بنیاتنانی وڵاتێكی باشتر. بۆیە بەبەردەوامی تەماسمان لەگەڵ ئەو خەڵكانە و هەموو خەڵكانێكی دیكە هەبووە و پێمان خۆش بووە كە هەركات ویستیان بێنەوەو بەردەوام گفتوگۆمان لەگەڵ هەموو كەس كردووە، چونكە بڕوامان هەیە بزوتنەوەكە هی خەڵكە و لەپێناو خەڵك دروست بووە و مانەوەشی پەیوەستە بەخەڵكەوە، بۆیە دوركەوتنەوە لەخەڵك واتە دوركەوتنەوە لەمەبدەئەكانی كاك نەوشیروان كە ئەو بنیاتی ناوە. هاوڵاتى:  دەنگدان لەم هەڵبژاردنەدا تاچەند پێویستە؟چی بەخەڵكی ناڕازی و ئەوانە دەڵێن كە بایكۆتی دەنگدانیان كردووە؟ شوناس حسێن: دەنگنەدان واتە تەسلیم بوون بەو واقعە سیاسییەی كە هەیە لەعێراق و هەرێمی كوردستان، بۆیە زۆر زۆر گرنگە خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێراق بەتایبەت شاری سلێمانی دەنگبدات، چونكە شاڕێگەی گۆڕانكاری تەنیا دەنگدان و رووكردنە سەر سندوقەكانی دەنگدانە.  بۆیە خەڵك دەتوانێت لەسەر سندوقەكانی دەنگدان گۆڕانكاری ریشەیی و جوزئی بكەن، تائێستا بەدیلی دەنگدان نییە، گرنگە لەم واقیعە تێبگەن كە پرۆسەی دەنگدان دەتوانێت گۆڕانكاری بهێنێتە كایەوە، رۆژ بە رۆژ پشتیوانی هاوپەیمانی كوردستان لەزیادبووندایە، بۆیە ئومێد دەكەین لەڕۆژی 10ی مانگدا ئاهەنگی سەركەوتنی هاوپەیمانی كوردستانی بگێڕین. هاوڵاتى: دوا پەیامتان بۆ خەڵك چییە؟ شوناس حسێن: تەمەنا دەكەم خەڵكی بەشەرەفی شاری سلێمانی لە 10ی 10دا بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و وەك هەڵبژاردنێكی پیشوەختە لەسەر داوای شۆڕشێكی جەماوەریی دروست بووە كە دەیان شەهیدو برینداری لێكەوتەوە لەناوەڕاستی عێراقدا، بۆیە زۆر گرنگە خەڵكی هەرێم بچن دەنگ بدەن و باڵانسی هێز لەكوردستانی عێراقدا راستبكرێتەوە.

  هاوڵاتی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند :"هەڵبژاردن رێگایەكی نیشتمانییە بۆ بەهەمهێنانی ئەنجومەنێكی نوێنەرانی نوێ". ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پەیامێكی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاوكردەوە كە تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەران كۆتایی بەماوەی پەرلەمانی خۆی هێنا وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردن لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو 10ی تشرینی یەكەم. كازمی دەڵێت:"هەڵبژاردن رێگایەكی نیشتمانییە بۆ بەرهەمهێنانی ئەنجوومەنێكی نوێنەرانی نوێ، هەروەها بۆ پاراستنی نیشتمانەكەمان و بونیاتنانی دەوڵەت." سەرۆكوەزیرانی عێراق رووی دەمی لەدەنگدەران دەكات و دەڵێت:" لەسەر بنەمای بەها نیشتمانییەكان، ئازادانە ئەو كەسە هەڵبژێرن كە نوێنەراتیات دەكات." مستەفا كازمی لەكۆتایی تویتەكەیدا نوسیوویەتی :" بەویستی خۆتان گۆڕانكاری دروست بكەن."

هاوڵاتی بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی  رایگه‌یاند:"  پاڵپشتی خۆم بۆ داواکاری و خواستی ئێزدییه‌كان دووپات دەکەمه‌وه‌ بە قەرەبووکردنەوە و ئاساییکردنەوەی ژیان لە شنگال و سۆراغکردنی بێسەروشوێنان". ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2021، بافڵ تاڵەبانی بەبۆنەی هاتنی جەژنی جەمای ئێزیدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "وەک یەکێتی پاڵپشتی خۆمان بۆ داواکاری و خواستی خوشک و برایانی ئێزدی دووپات دەکەینەوە بە قەرەبووکردنەوە و ئاساییکردنەوەی ژیان لە شەنگال و سۆراغکردنی بێسەروشوێنان". ده‌شڵێت: "یەکێتی داکۆکیکاریش دەبێت بۆ پاراستنی کەلتوور و رەسەنایەتی ئاینی ئێزدییەکان، کە نموونەیەکە لە جوانی وێنا گەورەکەی ھەرێمی کوردستان، بۆ یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ھەموو ئاین، نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکان. ھەر شادبن و لە جەژن و خۆشیدابن". دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی: خوشک و برا ئێزدییەکان لە ھەرێمی کوردستان، عیراق و جیھان، بەبۆنەی ھاتنەوەی (جەژنی جەما) گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەم، ھیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خۆشی و شادیتان و لەکەشێکی ئارام و پڕ ئاسایشدا رۆژانی جەژن بەڕێبکەن. ئەم بۆنەیەش ھەنگاوێک بێت بۆ سارێژبوونی برینی کارەساتی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان. وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاڵپشتی خۆمان بۆ داواکاری و خواستی خوشک و برایانی ئێزدی دووپات دەکەینەوە بە قەرەبووکردنەوە و ئاساییکردنەوەی ژیان لە شەنگال و سۆراغکردنی بێسەروشوێنان و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش کە دەرحەق بە ئێزدییەکان ئەنجامیاندا. یەکێتی داکۆکیکاریش دەبێت بۆ پاراستنی کەلتوور و رەسەنایەتی ئاینی ئێزدییەکان، کە نموونەیەکە لە جوانی وێنا گەورەکەی ھەرێمی کوردستان، بۆ یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ھەموو ئاین، نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکان. ھەر شادبن و لە جەژن و خۆشیدابن. بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی ئێران لە نوسراوێكدا رایگەیاند ماوەیەكی نزیكدا ناردنی بەنزین و گازو بەرهەمە نەوتییەكان بۆ دەرەوەی وڵات رابگرێت. ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، وەزارەتی نەوتی ئێران لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی هەناردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی وڵاتەكەی كردوە و نوسراوەكە لە بەشێك لە میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاوكراوەتەوە تیایداهاتووە، لە ماوەیەكی نزیكدا ناردنی بەنزین و گازو بەرهەمە نەوتییەكان بۆ دەرەوەی وڵات رابگرێت. جێی ئاماژەیە، بەپێی ئەوەی هەرێمی كوردستان لە 80% بەنزین بۆ پێداویستی ناوخۆ لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە دەكات، لەئەگەری جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە قەیرانی بەنزین دروست دەبێت و جارێكی دیكە كێشە بۆ شۆفێران و هاوڵاتیانی هەرێم دروست دەبێتەوە.

   هاوڵاتی  دەستەی ئیدارەی کارەساتەکان لە پاکستان رایگەیاند:" لەئەنجامی ئەو بومەلەرزە بەھێزەی لە باشوری ئەو وڵاتەی داوە 20 کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەسی دیکە برینداربوون. ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، نەسیر ناسر، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی ئیدارەی کارەساتەکان لە پاکستان رایگەیاند، بومەلەرزەیەکی بەھێز لە باشووری ئەو وڵاتەی داوە و بەھۆیەوە 20 کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەسی دیکە برینداربوون. دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی رایگەیاند: گوڕی بومەلەرزەکەی پاکستان 5.7 پلە بووە بە پێوەری رێختەر و لە قوڵایی 20 کیلۆمەترەوەبووە و چەقی بومەلەرزەکەش 102 کیلۆمەتر لە دووری خۆرھەڵاتی کویتاوە بووە. لەلایەن خۆیەوە سوھەیل ئەنوەر جێگری پارێزگاری پارێزگای ھارنای بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، بەھۆی بومەلەرزەکەوە زیتر لە 100 خانوی لە قوڕ دروستکراو خاپوربوون و زیانێکی زۆر بە خانو و باڵەخانەکان گەیشتووە بە باڵەخانە حکومییەکانیشەوە. ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا سەدان کەس بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە. بومەلەرزە؛ رووداوێکی سروشتییە، بەھۆی جوڵانی پلێتەکانی ژێرزەوییەوە دروستدەبێت و لەسەر ئاستی جیھان چەند چرکەیەک جارێک بومەلەرزە روودەدات، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەمیان ئەوەندە بەھێزن کە ھەستیان پێبکرێت.

   هاوڵاتی  دەستەی سەرپەرشتیارانی ناڕەزایی ناوچەى باڵەکایەتی هۆشدارى دەدەنە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەگەرى دابیننەکردنى نەوتى سپى بەهەمان نرخى ساڵانى پێشوو، کات و شوێن بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندانی سەرتاسەری لە ناوچەکەیان رادەگەیەنن. ​ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، لە راگەیەندراوێکدا دەستەى سەرپەرشتیارانی ناڕەزایی ناوچەى باڵەکایەتی ئاماژە بەوە دەکەن حکومەتى هەرێم نرخى بەرمیلێک نەوتى سپى ماڵانى لە ٤٠ هەزار دینارەوە بۆ ٥٧ هەزار دینار بەرزکردۆتەوە. لە راگەیەندراوەکەدا دەستەکە ئەو نرخە رەتدەکاتەوە و داوا دەکەن نرخەکەى بۆ نرخى ساڵانى پێشوو بگەڕێنرێتەوە کە ٤٠ هەزار دینار بوو. داواش لە هاوڵاتیانى ناوچەکە دەکەن بە هیچ شێوەیەک بڕە پارەی داواکراو کە ٥۷ هەزارە ڕادەستی بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک نەکەن و ئەوانەشی پارەکەیان داوە، پارەکانیان وەربگرنەوە. لە راگەیەندراوەکەدا دەستەکە هۆشداری بەلایەنی پەیوەندیدار دەدەن ئەگەر بەزوترین کات و بە ئیجابی وڵامی داواکارییەکەی خەڵکی ناوچەکە نەدەنەوە و نرخی نەوتەکە کەمنەکرێتەوە بۆ نرخی ساڵانی پێشوو ، بێدەنگ و بێ هەڵوێست نابن و لەچەند ڕۆژی داهاتوودا، کات و شوێن بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندانی سەرتاسەری لەباڵەکایەتیی ڕادەگەیەنن.

  هاوڵاتى بڕیاروایه‌ ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانى به‌سه‌ردانێك بگاته‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان‌و له‌مه‌راسیمێكدا سایلۆى كه‌لار بكاته‌وه‌. ​ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، مه‌سرور بارزانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی گەرمیان دەکات. ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، سه‌ردانه‌كه‌ى بارزانى بۆ گه‌رمیان، تایبه‌ته‌ به‌كردنه‌وه‌ى سایلۆی کەلار بەگوژمەی 21 ملیار دینار کە توانای عەمبارکردنی 40 هەزار تەن گەنمی هەیەو دەتوانرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ گەنمی تێدا هەڵبگیرێت. باس له‌وه‌شكراوه‌، سایلۆى كه‌لار توانای تێستکردن‌و دیاریکردنی جۆرو کوالێتی گەنمیشى هەیە.

 هاوڵاتی وتەبێژی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی رەتیدەکاتەوە هیچ داوایەکی مەسعود بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە پێگەیشتبێت و رایگه‌یاند :" بەهیچ جۆرێک  مەسعود بارزانی داوای وای نەکردووە.مەسعود بارزانیش رەمزێکە و پێشەوایەکی بەرجەستەی کورد و کوردایەتییە. ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 6ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، وەفدێكی پارتی  بە سەرۆکایەتی عارف تەیفوور، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی-هەڵەبجە، سەردانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتی کەسنەزانییان کرد.  دوای ئەو سەردانە وا بڵاوکرایەوە کە شاندەکەی داوای سەرۆک بارزانییان گەیاندووەتە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتی کەسنەزانی بۆ پشتیوانی لە لیستی پارتی.  لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە 6-10-2021 بەناوی "قسەکەرێک بەناوی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی" بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە: "جەنابی شێخ نەهرۆ، سەرۆکی تەریقەتی قادریی کەسنەزانی ئەو هەواڵانەی بەدرۆخستەوە کە لە هەندێ سایت و دەزگای راگەیاندنەوە بڵاوکابووەوە کە لە میانی سەردانەکەی وەفدێكی پارتی  بۆ لای جەنابی گوایە بەڕێز مەسعود بارزانی لە رێگەی وەفدی پارتی داوای پشتگیریی کردبێت تاوەکو دەنگی لایەنگرانی بۆ پارتی کۆبکاتەوە". لە راگەیێندراوەکەدا ئەو هەواڵانە رەتکراوەتەوە و هاتووە: "ئەو هەواڵانە دورن لە راستییەوە و تەنها لەگەڵ ئەو وەفدە باسیان لە دۆستایەتیی کۆن لەگەل  بارزانی و دۆستایەتیی یەکڕیزی و یەک ماڵیی کورد کراوە و بۆ راگرتنی هاوسەنگیی لە پەرلەمانی عێراق هانی هاوڵاتیان دەدەینکە بە پەرۆشەوە بڕۆن بۆ بنکەکانی دەنگدان و باشترین و شایستەترین کەس هەڵبژێرن بە مەبەستی داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد لە رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە". جارێکی دیکە لە راگەیێندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی کە ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و وتەبێژی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دەڵێت: "بەهیچ جۆرێک  مەسعود بارزانی داوای وای نەکردووە لە رێگەی ئەو وەفدەوە، ئەو هەواڵانە لە کەسانێکەوەن تەنها ئاژاوەگێڕ و یاریکەرن لە تەنگەبەر و ئاوی لێڵدا بۆ تێکدانی یەکڕیزیی ماڵی کورد،  بارزانیش رەمزێکە و پێشەوایەکی بەرجەستەی کورد و کوردایەتییە".