هاوڵاتى سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند:" دەکرێت "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" هەلی نائارامی لە ئەفغانستان بقۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی دەستکەوت و بەوەش "شەڕ و ئاڵۆزیی رووبدات". جەنەراڵ مارک میڵی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فۆکسنیوز، نیگەرانی خۆی نیشاندا کە دەکرێت "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" هەلی نائارامی لە ئەفغانستان بقۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی دەستکەوت و بەوەش "شەڕ و ئاڵۆزیی رووبدات. جەنەراڵە ئەمریکییەکە هۆشداریشی دا لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئەلقاعیدە و رایگەیاند، "دواتر ئەمە سەردەکێشێ بۆ دووبارە رێکخستنەوەی ئەلقاعیدە یان داعش یان گرووپێکی هاوشێوەی تیرۆریستی." وتیشی کە لە ماوەی "ساڵێک تا سێ ساڵی دیکە" تیرۆر لەو ناوچەیە سەرهەڵدەداتەوە. لە ماوەکانی رابردوو چەندین جار لە هەردوو لایەنەوە هەوڵی ئەوە درا کە بە دانوستاندن کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، چەندین شەڕ و رووبەڕووبوونەوەش روویدا، بەڵام تاوەکو ئێستا تاڵیبان نەیتوانیوە باڵادەستیی خۆی لەو ناوچەیە بسەپێنێت. مارک میڵی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێشتنەوەی ئاسایشی ئەمریکی و کۆکردنەوەی هەواڵگری لە ناوچەکەدا "ئەرکێکی قورستر دەبێت لە کاتێکدا ئێستا ئەمریکا هیچ بوونێکی فەرمی لە ئەفغانستان نەماوە."  لە ئەگەری هەبوونی هەڕەشە بۆ سەریان، بە وتەی میلی، ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی هێرشە ئاسمانییەکانی بەردەوام دەبێت. پێشتریش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئەمریکا لە رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت و لەجیاتی هێرشی زەمینی، پشت بە هێرشە ئاسمانییەکان دەبەستێت.  جەنەراڵ میڵی لەبارەی ئەوەوە رایگەیاند، "دەکرێت ئەمە بکەین، بەڵام پێویستە ئاستی زۆر وردی دیاریکردن، ئاگادارکردنەوە، چاودێریکردن و هەواڵگری لە تەواوی ناوچەکەدا بەدەستبخەین."  

هاوڵاتى وەزارەتی بازرگانی و ئەنجوومەنی ھەناردەکارانی تورکیا ڕایگەیاند:"تورکیا لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی هەناردەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق پێنج ملیار دۆلارى تێپەرکردووە".  بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و ئەنجوومەنی ھەناردەکارانی تورکیا، لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی دووەم- ئابی 2021 هەناردەی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێی (بولگاریا، ئێران، عێراق، جۆرجیا، سووریا و یۆنان) بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی رابردوو 34.5% زیادیکردووە و بە بڕی 12.5 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی ئەو وڵاتانە کردووە.  لەو ماوەیەدا زۆرترین هەناردەی تورکیا بە بڕی 5 ملیار و 305 ملیۆن و 647 ھەزار دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بووە.   بەگوێرەی داتاکان ئاستی ھەناردەی تورکیا لە مانگی ئابی ئەمساڵ بە گشتیی بە بەراورد لەگەڵ هەمان وادە لە ساڵی رابردوو بە رێژەی 52٪ زیادیکردووە و بووەتە 18.9 ملیار دۆلار. هەروەها کۆی هەناردەی تورکیا لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی دووەم- ئابی 2021 بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی پار 37% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 140.2 ملیار دۆلار.  لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زۆرترین بەرھەمی ھەناردەکراوی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێی بەرھەمی کیمیايی بووە، لەو کەرتەدا بەبڕی 2  ملیار و 134 ملیۆن و 397 ھەزار دۆلار ھەناردە بۆ 6 وڵاتی دراوسێی کراوە.

هاوڵاتى وەزارەتی‌ گواستنەوە و گەیاندنی‌ هەرێم بڵاویکردەوە، لە رۆژی دووشەممە 6ی‌ ئەیلول تا 15ی‌ ئەیلوولی 2021، بەهۆی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی خوولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی، رۆژانە لە کاتژمێر 6:30 ی بەیانی تا 10:30 بەیانی سەرجەم هێلەکانی ئینتەرنێت رادەگیرێن. وەزارەتی‌ گواستنەوە و گەیاندنی‌ هەرێم رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەوە 6ی‌ ئەیلول تا 15ی‌ ئەیلول، رۆژانە لە کاتژمێر 6:30 ی بەیانی تا 10:30 بەیانی سەرجەم هێڵەکانی ئینتەرنێت رادەگیرێن. ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی خولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی. لە ماوەی رابردوودا و لەکاتی بەڕێوەچوونی خولی یەکەمی پۆلی 12ی ئامادەییدا بەهەمان شێوە رۆژانی تاقیکردنەوەکان هێڵەکانی ئینتەرنێت رادەگیران.

هاوڵاتى  وته‌بێژی فه‌رمی پارتی وەڵامی ڕاگەیاندراوەكەی دوێنێ‌ی هەپەگە دەداتەوە و دەڵێت:" ناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان". دوێنێ شه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلوول، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە رایگەیاند: "بەپێی زانیارییەکانمان، گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون". ئاماژەی بەوەشکردبوو: "هێزەکانی پارتی بۆسەیان بۆ هەڤاڵانمان داناوە و حەوت هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردوە، ئەم کردەوەیە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییەوە نییە". لای خۆیه‌وه‌ مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان شه‌وی رابردوو راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: ناوەندێکی سەر بە پەکەکە بە ناوی ھەپەگە، لە راگەیاندراوێکدا بانگه‌شه‌ی ئەوەی کردووە کە حەوت چەکداریان لە دەڤەری خەلیفان بەدەستی پارتی کوژراون!. ئه‌وه‌شی وتبوو: "لێرەدا بە گشت لایەکی رادەگەیەنین کە ئەو بانگه‌شه‌یە ھیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستی و، مەبەستیان لە ناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان". مه‌حمود محه‌مه‌د باسی له‌وه‌شكردبوو، كه‌ خەڵکی کوردستان دەپرسن و پێویستە پەکەکە وەڵامیان بداتەوە کە چەکدارانی پەکەکە چی دەکەن لە دەڤەری خەلیفان و ئیشیان چییە و پەیوەندییان بەو دەڤەرەوە چییە؟.

  هاوڵاتى براكەی مەلا كرێكار ڕایگەیاند:" ناهێڵن پارەی خەرجی رۆژانەی لە خێزانەکەیەوە پێبگات لەكاتێكدا بیەوێت تەلەفون بكات یان خواردنێك یاخود جلوبەریگَكی پێویست بێت دەبێت پارە بداتە ئیدارەی زیندانەكە تا بۆی دابین بكەن". خالید ره‌نجده‌ر له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "دوێنێ شەممە 4ی ئه‌یلوولی 2021، لەپەیوەندییەکدا بە سکایپ مامۆستام بینی و هەواڵی تەندروستیم لێپرسی، سوپاس بۆ خوا تەندروستی زۆر باشە و رۆژانە بە نووسین و وەرزش بەڕێدەکات". ئه‌وه‌شی وتووه‌: "ماوەیەکە رێگە نادەن پارەی خەرجی رۆژانەی لە خێزانەکەیەوە پێبگات، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ یەکێتی ئەوروپا پێداچوونەوەی بە لیستی تیرۆردا کردووە و، ئەو سزایانەی لەسەر ئەوکەسانە هێشتووەتەوە کە لە لیستی تیرۆردان، له‌كاتێكدا مامۆستا كرێكاری له‌ لیستی تیرۆری یه‌كێتی ئه‌وروپادا نییه‌". له‌ باره‌ی سزاكانه‌وه‌ نووسیویه‌تی: "یەکێک لەو سزایانە سڕکردنی پارە و ماڵی ئەو کەسانەیە کەناویان لەو لیستەدایە، هەروەها رێگریکردن لە گەیشتنی پارە پێیان، پێدەچێت ئیدارەی زیندانەکەی مامۆستا کرێکار ئەو سزایەی لەسەر زیندوکردبێتەوە بۆیە ناهێڵن پارەی خەرجی رۆژانەی لە خێزانەکەیەوە پێبگات". خالید ره‌نجده‌ر باسی له‌وه‌شكردووه‌: "مامۆستا کرێکار بۆ ئەوەی تەلەفۆن بۆ ماڵەوە بکات دەبێت بڕێک پارە بدات بە ئیدارەی زیندانەکە، هەورەها ئەگەر بیەوێت جلوبەرگ یان خواردنێک بکڕێت دەبێت بیکاتە لیستێک و بیدات بە ئیدارەی زیندانەکە بۆ ئەوەی بۆی بکڕن و دەبێ هەر خۆشی پارەکەی بدات". براكه‌ی مه‌لا كرێكار ئه‌وه‌شی وتووه‌: "لە چەند بانکێک لە ئەوروپاوە خێزانەکەی هەوڵیان داوە پارەی خەرجی بۆ بنێرن، بەڵام بانکەکان وتوویانە کە گەمارۆی ئابووری لەسەرە و ناتوانن پارەکەی بۆ رەوانە بکەن".

هاوڵاتى حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 113 ملیۆن دۆلار وەك شایستەی دارایی دەداتە سێ كۆمپانیای نەوتی كە لە كاتی خۆیدا بەهۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت نەیتوانیوە مانگانە بیداتە هەر یەك لە كۆمپانیاكان. کۆمپانیای شاماران کە لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی ئەترووش پێکەوە لەگەڵ کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی سەرقاڵی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ئەو کێڵگەیە، رایگەیاند 26 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری وەک شایستەی دارایی هەناردەکردنی نەوت لە مانگی شەشی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. کۆمپانیای شاماران رایگەیاندووە لەو پارەیە 9 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار پشکی کۆمپانیاکەیە و ئەوەی دیکە، کە دەمێنێتەوە پشکی کۆمپانیا هاوبەشەکانییەتی. لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن، کە لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای سەرکارە رایگەیاند لەبری هەناردەکردنی نەوت لە مانگی شەشی ئەمساڵ 37 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری وەک شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی کارکەر لە کێڵگەی شێخان وەرگرتووە، کە 29 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری پشکی کۆمپانیاکەیە. کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن روونیکردووەتەوە لەو بڕە پارەیە 6 ملیۆن دۆلاری بۆ قەرەبووی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی کارکەربووە لە کێڵگەی شێخان کە پەیوەستە بە مانگەکانی 11ی ساڵی 2019 تاوەکو مانگی 2ی ساڵی 2020 و حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگ بە مانگ بڕێک لەو شایستە داراییانە دەداتەوە. کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن رایگەیاندووە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا 50 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری وەک شایستەی دارایی کۆنی کۆمپانیا کارکەرەکانی لە کێڵگەی شێخان لاماوە. بەهۆی قەیرانی دابەزینی نرخەکانی نەوت لە ساڵی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کاتی خۆیدا بدات و ئێستا لە دوای دوو مانگ شایستە داراییەکانیان دەدات. هەروەها هەر مانگ بڕێک لە شایستەی دارایی کۆنی کۆمپانیا نەوتییەکان دەداتەوە، کە وەک قەرز لای ماوەتەوە.

هاوڵاتى سەرچاوەیەک لە مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی وەڵامی  ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) دەداتەوە و دەڵێت" یەکێتی ئەو حیزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە." ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بەئاژانسی هاوارنیوزی راگەیاندوە، هۆکاری سەرەکی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی یە "دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانەکانی تورکیا، چونکە ئەوان دەیانەوێت هێزی سەربەخۆیان (سەر بە تورکیا) دروستبکەن، ئامانجیشیان ئەوەیە جوڵانەوەی کوردی بەئامانج بگرن و لەناوی بەرن، بۆ نمونە سیاسەتی یەکێتی کەپشتیوانیکردن بوو لە جوڵانەوەی کورد و ئەوەش نەدەگونجا لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغان، بۆیە هەستان بە ئەنجامدانی کودەتایەکی ناوخۆیی و دروستکردنی ئاژاوەی ناوخۆیی لەناو حزبەکەدا". هاوکات لە لێدوانی سەرچاوەکەی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیدا هاتووە، "تانە شاراوەکانی لەبارەی گومانكردن لە هەڵوێستەكانی یەکێتی ئاماژەیەكی ناڕەوا و بێئاست و نەگونجاون. یەکێتی ئەو حیزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە." سەرچاوەکەی یەکێتی باسی لەوەشکردووە، "باشترە ئاڵدار خەلیل و پارتی یەكێتیی دیموكراتی هەوڵ و هێزیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو گرفت و ئاڵنگارییە زۆرانەی بەردەم گەلەكەمان و ناوچە كوردییەكانی سووریادایە و دەستوەردان لە كاروباری نێوخۆیی پارتە كوردستانییەكانی دیکەدا نەكات." دەقی راگەیێندراوەکە:  بەنیگەرانی و سەرسوڕمانێكی زۆرەوە گوێبیستی لێدوانی ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD بووین كە چەند وتەیەكی نەشیاوی ئاراستەی ی. ن. ك كردووە و دەستوەردانێكی قبوڵنەكراوە لە كاروباری ناوخۆی یەكێتی كە ھەموو لایەک بە حیزبەکەی ناوبراویشەوە دەزانێت چەند قوربانی و هاریكاری پێشكەشكردوون، هەرچەندە منەت لەوەدا نییە كە پشتیوانی دۆزی گەلەكەمان لە رۆژئاوا و تەواوی كوردستان بكەین و ئەوەش درێژەدانە بەو پرەنسیپانەی سەرۆك مام جەلال دارێژەرییەتی. ئاماژەكانی بەڕێز ئاڵدار خەلیل و تانە شاراوەکانی لەبارەی گومانكردن لە هەڵوێستەكانی ی.ن.ك ئاماژەیەكی ناڕەوا و بێ ئاست  و نەگونجاون. یەکێتی ئەو حزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتنمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە. لە جێی دەربڕینی ئەو هەلۆێستە شەرمەزاری  و ناڕاست و دنەدەرانەی نە پێش و نە دوامان دەخات، باشترە بەرێز ئاڵدار خەلیل و پارتی یەكێتی دیموكراتی هەوڵ و هێزیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو گرفت و ئاڵنگارییە زۆرانەی بەردەم گەلەكەمان و ناوچە كوردییەكانی سوریادایە و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی پارتە كوردستانییەكانی تردا نەكات. سەرچاوەیەك لە مەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك  

  هاوڵاتى ئەمڕۆ ساڵێك تێدەپەڕێت بەسەر كۆچی دوایی دكتۆر جەمال ئەمەد رەشید پسپۆری تایبەتی نەخۆشی منداڵان.  دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشید لە ساڵی ١٩٤٤ لە سلێمانی لەدایکبووەو ساڵی 1968 کۆلێژی پزیشكی تەواوکردووەو سەرەتا وەک پزیشكی گشتی لەبواری منداڵان کاریکردووە و دواتر بووەتە پزیشكی پسپۆڕی منداڵان و٥٠ ساڵ چارەسەری منداڵانی کوردستان بەگشتی و منداڵانی شاری سلێمانی بەتایبەتی کردووە. پسپۆڕە کوردەکەی دۆستی منداڵان بەهۆی کارکردنی بەشێوەیەکی دۆستی منداڵان و ئەنجامدانی چەندین کاری خێرخوازی و هەرزانی نرخی کلینیکە پزیشكییەکەی، لەساڵی 2016 لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پزیشكی ساڵ و پزیشكانی پێشەنگ، خەڵاتی پزیشكی پێشەنگی پێدرا. دوای زیاتر لە 45 ساڵ لە خزمەتكردنی منداڵانی نەخۆش، دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشید پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان پاش ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی 4/9/2018 لەتەمەنی 73 ساڵیدا لەئەڵمانیا كۆچی دواییكرد.

 هاوڵاتى ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان ڕایگەیاند :" نیگەرانین لە سوكایەتیكردن بە كچان و ژنان لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان له‌ هه‌رێمی كوردستان خەریكە  مه‌ترسی له‌سه‌ر دواڕۆژی كچان و ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی دروست دەكات". لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان  ڕایگەیاند:" مایه‌ی نیگه‌رانییه‌، جارێكی تر له‌لایه‌ن تاوانباران و كه‌سانی نه‌فس نزمه‌وه،‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ژنان و كچانی هه‌رێمی كوردستان به‌كارده‌هێندرێت". لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: به‌م دواییه‌ چه‌ندین حاڵه‌تی نایاسایی، دوور له‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، روویانداوه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ش كچان و ژنان كراونه‌ته‌ ئامانج. دیسان تاوانباران سنووره‌كانی ياساكان و ئیتیكیان به‌زاند، هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ و ڤیدیۆی قوربانیان ده‌كه‌ن بۆ سوكایه‌تیكردن و ئابرووبردنیان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵگه هه‌یه، ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵ و چه‌ندین ئاسه‌واری نه‌خوازراوی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان، به‌ نووسراوی فه‌رمیی‌ له‌ رێگه‌ی داواکاری گشتی سكاڵای له‌دژی تاوانباران تۆماركردووه و هەروەها، له‌ به‌دواداچوونه‌كانیان به‌رده‌وامین و هاوكارو هه‌ماهه‌نگن له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌یوندیداره‌كان، بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران، تا بیاندۆزنه‌وه‌و راده‌ستی یاسایان بكه‌ن. نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لەوەی،به‌م دواییه‌ له‌ یه‌كێ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا،‌ ژماره‌یه‌ك ژن و كچ به‌هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه ناچاركران قسه‌و ده‌سته‌واژه‌‌ی نه‌شیاو به‌خۆیان بڵێن، له‌به‌رامبه‌ر بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی ڤیدیۆ و وێنه‌كانیان، كه‌ له‌لایه‌ن تاوانبارێكه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرێت. ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان جەختدەكاتەوە، خه‌ریكه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسی له‌سه‌ر داوڕۆژی كچان و ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی دروست ده‌كات و هۆكاره‌ بۆ دابڕانی تاكه‌كانی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ نه‌ك بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ باشییه‌كانی.

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕێژه‌ى توشبوون و گیانله‌ده‌ستدانى به‌ كۆرۆنا ڕاگه‌یاندو به‌پێى ئاماره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كه‌مترین رێژه‌ى توشبوون و گیانله‌ده‌ستدان له‌ماوه‌ى یه‌ك مانگى ڕابردوو تۆماركراوه‌. به‌پێى ئاماره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى 6687پشكنینى نوێ له‌ماوه‌ى 24 كاتژمێردا ئه‌نجامدراوه‌و له‌و ڕێژه‌یه‌ 442 كه‌س توشى كۆرۆنابوون و 2128كه‌س ڤایرۆسه‌كه‌یان تێپه‌ڕاندوه‌ و 12 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. له‌ ئاماره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، له‌و 12كه‌سه‌ى به‌ كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ 4كه‌س له‌ سلێمانى 4كه‌س له‌دهۆك، 3كه‌س له‌هه‌ولێر، 1كه‌س له‌ هه‌ڵه‌بجه‌. توشبونى 442كه‌س به‌كۆرۆناو گیانله‌ده‌ستدانى 12 كه‌س به‌ڤایرۆسى كۆرۆنا كه‌مترین رێژه‌ى توشبون و گیانله‌ده‌ستدانه‌ له‌ماوه‌ى مانگى ڕابردودا كه‌ توشبوو له‌ سه‌رو 500كه‌س و گیانله‌ده‌ستدان له‌نێوان 14 تا 28 كه‌سدابوه‌.  

  هاوڵاتى فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری بەراوری باڵایان لە پارێزگای دهۆک بۆردوومانکرد. فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری هرووریان بۆردوومانکرد و لە بۆردوومانەکەدا گازێکی سپی بڵاوبووەوە کە گومانمان هەیە "کیمایی" بێت و گوتیشی" غازەکە بە پانتایی چەند کیلۆمەترێک بڵاوبووەتەوە.    

  هاوڵاتى نوسەرێكی كورد لە وتارێكیدا ڕایگەیاند :" من پشتگیری کەمپەینەکەم بێ ئەوەی شەڕی کەس بکەم، نەک هەربۆ منداڵانی باوک نادیار و چەسپاندنی ناوی دایک. بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەی ئەو مرۆڤانەی کە ناسنامەیان نییە". عومەر محەمەد، نوسەری كورد، لە دوا وتاریدا بە ناونیشانی "دەتوانیت مرۆڤ بیت، نەک شتێکی دی لەپەراوێزی کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە" رایگەیاندووە:" دوو ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئامانجەكە هەن. یان بەگفتوگۆ لەگەڵ حکومەت و پەڕلەمان بەبێدەنگی هەتا دەگەینە ئامانج، یان فشاری میدیایە. واتا وەک ئێستا دەیکەین بەبابەتی میدیاو سۆشیال میدیا، بەڵام بەبێ خۆنواندنی خەڵکی خۆشگوزەران بۆ فیزلێدان". وتار نوس لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە پشتیوانی ئەم کەمپەینە دەکات و دەڵێت:" دەبێت ئازاری مرۆڤی پەراوێزخراوت چەشتبێ و بزانیت کە نەبوونی ناسنامە واتا مرۆڤ لە دۆزەخدا، مەگەر هەر ئەو مرۆڤانە بزانن بێ ناسنامەیی چەندە سەختەو چۆن فڕێی داونەتە خوار هەژاریەوەو چۆن لە مرۆڤەوە کردونی بەکۆتەرەداری وشکهەڵاتوو". عومەر محەمەد لە وتارەكەیدا نمونەیەكی واقعی ناو ژیانی كوردستان دەگێڕێتەوە و وتویەتی:"کۆمەڵگای دوای جەنگ مرۆڤی دەوێ بۆ بونیاتنانەوە، کورد لە مێژە لە جەنگدایەو زیاد لە جارێک پەلاماری جێنۆساید دراوە، لەدوای روخانی ڕژێمی بەعسیش قۆناغی راگوزەری دادوەری (مرحلة العدالة الانتقالیة)ی بەخۆیەوە نەدیوە، قوربانیەکان بەمافەکانیان نەگەیشتوون، دەنا هەزاران دۆسێی تراژیدی هەن پێویستیان بەچارەسەرە، هەزاران قوربانی هەن پێویستیان بەگەڕانەوەی ماف و شکۆیە". لەكۆتایدا ئەوە ڕوندەكاتەوە:" بۆیە وای دەبینم کە یەکێک لەعەیبەکانی ئەم کەمپەینە ئەوەیە کە زەمینەسازی بۆنەکراوەو هێشتا نەیانتوانیوە بیکەن بەیاسا بەڵکو کردویانە بەژاوەژاو، فەرموون باتێبکۆشین زەمینەی یاسایی وکۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بۆسازدەین و بیکەین بەیاسا ئینجا نەک لە فەیسبوک بچۆ لەفەرمانگەی باری شارستانیش جێگۆڕکێ بەناوی باوک و دایکت بکە". كەمپینی "ناوی من ناوی دایکمە" ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە لەلایەن كۆمەڵێك كەسانی چالاكوان و ڕێكخراوە مەدەنیەكانەوە ڕاگەیاندرا و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بڵابۆتەوە و چەندەها كەس  پاڵپشتی كەمپینەكە دەكات بۆ بینینی تەواوی وتارەكە سەردانی ئەم لینكە بكە لە وێب سایتی هاوڵاتی هاوڵاتی - ناوەرؤکی هەواڵ (hawlati.co) عومەر محەمەد، نوسەری وتارەكە  

هاوڵاتى  سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگاری نەینەوا کرد، لە کۆبوونەوەیەکیشدا، باسی دۆخی گشتی نەینەوایان کرد. هەردوولا هاوڕابوون کە پێويسته‌ دۆخى شنگال "له‌ چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى حكومه‌تى هه‌رێمى كورستان و حكومه‌تى فيدراڵیی عێراقدا، چاره‌سه‌ر بكرێت." ئەمڕۆ شەممە، 4 ئەیلوولی 2021  بەپێی راگەیاێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، له‌ کۆبوونەوەکەدا دۆخى گشتي نه‌ينه‌وا، بارى ئاسايش، خزمه‌تگوزارييه‌كان، ئابوورى، پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كارييه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگاى نه‌ينه‌وا تاوتوێكران.  سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌رك و هه‌نگاوه‌كانى نەجم جبووری، پارێزگار و ئيداره‌ى نه‌ينه‌وا بۆ دابينكردنى ئارامی و سه‌قامگيرى، چالاكيى ئابوورى، كارى مرۆيى و پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكرنه‌وه‌ ده‌ربڕى. نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كردەوە كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دايه‌ "ئاواره‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌ خواست و بڕيارى خۆيان بگه‌ڕێنه‌وه‌ موسڵ و ناوچه‌كانى ديكه‌ى نه‌ينه‌وا، پاش ئه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كانيان جێگير ده‌بێت." دۆخى سياسى، هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر و كرده‌وه‌كانى داعش له‌ ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێکران.

هاوڵاتى ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، رایگەیاند:" گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون". دەڵێت:" لەلایەن چەکدارانی پارتیەوە بۆسەیان بۆ دانراوە". ئەمڕۆ شەممە، 4 ئەیلوولی 2021  ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چارەنووسی حەوت گەریلا، کە لە ڕۆژی ٣٠ی ئابەوە پەیوەندییان لەگەڵ پچڕاوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.  لە ڕاگەیاندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل، هاتووە: "بەپێی زانیارییەکانمان، گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون". هەروەها هەپەگە دەڵێت:" ئەم هێرشە زیانێکی گەورە بە دۆزی ئازادیی گەلی کورد دەگەیەنێت، ماوەیەکە دەسەڵاتدارانی پەدەکە، هێزەکانیان لە نزیک گەریلاکانمان جێگیردەکەن و بە پێداگرییەوە شەڕمان پێدەدەفرۆشن، بەڵام ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلەکەمان، ئەوانمان نەکردووەتە ئامانج". لە بەردەوامییدا لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: پێویستە هەموو گەلی کورد، پرسیار لە پەدەکە و بارزانی بکەن، لە شەڕێکی ناوخۆیی و ڕشتنی خوێنی گەنجانی کورد، چیی بەدەست دێنن؟ بۆچی قیزەونانە شەڕمان پێدەفرۆشن؟ لەم قۆناغەدا دروستکردنی شەڕی کورد بە کورد، ئایا نابێتە لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژووی گەلەکەماندا، پێویستە کورد و دۆستانی ئەم پرسیارانە لە پەدەکە و بارزانی بکەن. لە کۆتاییشدا هاتووە: لەم کاتەدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە ئیمرالی و زیندانەکانی تورکیا، دژی ڕێبەر و هەڤاڵانمان گۆشەگیریی و ئەشکەنجەکانی توند کردووەتەوە و لە هەموو گۆڕەپانەکاندا هێرشی فاشتیانە و قڕکەرانە دەکاتە سەر گەل و هێزەکانمان". هەپەگە جەختی لەوەشكردۆتەوە:" جیاواز لەو حەوت گەریلا، هێزەکانی پەدەکە لە ڕۆژی ٢٦ی تەمموز لەنزیک گوندی بێخمەی شارەدێی خەلیفان، سێ گەریلای هەپەگەیان گەمارۆ دا و هێرشیان کردنە سەر، لەوکاتەشەوە تا ئێستا، پەدەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووسی ئەو گەریلایانە ئاشکرا نەکردووە". هەپەگە پارتی تۆمەتبار دەكات بە مەترسی بۆ سەر هەپەگە و گەریلاكان و لەبەرامبەردا پارتی ڕەتیدەكاتەوە پەیوەندی بە ئەوانەوە هەبێت.   

هاوڵاتى نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی عەبدوڵا خەیات، هونەرمەندی کورد پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پرسه‌ و سەرەخۆشی له‌ بنەماڵە و کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی و له‌ هونەرمەندانی سلێمانی و کوردستان دەکەم و هاوخه‌ميانم." ئەمڕۆ شەممە 04-09-2021 عەبدوڵا خەیات، خەیات ھونەرمەندێکی دیاری شانۆ و سینەمای کوردی دوای نزیکەی 18 رۆژ تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانی لەدەستدا. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایيی هونەرمەندی ناسراوی بواری شانۆ و دراما خوالێخۆشبوو عەبدوڵڵای خەیاتم پێگەیشت." ئەو هونەرمەندە لە دوای هەشت رۆژ مانەوە لە ژێر ئامێری هەناسەدان، ئەمڕۆ لە تەمەنی 57ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایيی هونەرمەندی ناسراوی بواری شانۆ و دراما خوالێخۆشبوو عەبدوڵڵای خەیات ـ م پێگەیشت. پرسه‌ و سەرەخۆشی له‌ بنەماڵە و کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی و له‌ هونەرمەندانی سلێمانی و کوردستان دەکەم و هاوخه‌ميانم. لە خوای مەزن داواکارم گيانى خوالێخۆشبوو به‌ به‌زه‌يى و میهرەبانيی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.