نامۆ سەربەست دامەزراوەی عەبدولڕەحمان پرومەند، دامەزراوەیەكی ناحكومی و قازانج نەویستە لە راپۆرتێكدا ئەوە ئاشكرادەكات كۆماری ئیسلامی ئێران 380 ئۆپەراسیۆنی بۆ كوشتن و رفاندنی نەیارەكانی لەهەرێمی كوردستاندا ئەنجامداوە. لەسەرەتای ئەم مانگەدا كۆماری ئیسلامی رایگەیاند جەمشید شارمەهەد، چالاكوانی سیاسی ئۆپۆزسیۆن كە لەئەمریكا دادەنیشت رفاندووە، شێوازەكانی ئەو رژێمەی بیری خەڵك هێنایەوە كە بەرامبەر رۆژنامەنوس و چالاكوان و سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكانی دانیشتوی دەرەوەی ئێران دەیگرێتە بەر. جەمشید دوایەمین كەس بوو لەدەرەوە رفێندرا، سەرەتای ئەم مانگە، وەزارەتی هەوڵگریی ئێران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند «لە ئۆپراسیۆنێكی ئاڵۆزدا دەستگیریان كردووە» هەمان ئەو دەربڕینەی بۆ ئۆپراسیۆنە هاوشێوەكانی بەكاری دەهێنا. دامەزراوەیەكی مافپەروەریی ئێرانی لەسەرژمێرییەكدا ناوی 540 ئێرانیی ئەژماركردووە كە قوربانیی كوشتن و رفاندنی رژێمی وڵاتەكە بوون. دامەزراوەی عەبدولڕەحمان پرومەند، دامەزراوەیەكی ناحكومی و قازانج نەویستەو نزیكەی 20 ساڵە كار بۆ چەسپاندنی دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ دەكات لەئێراندا و هاوكات كار بۆ دۆكیۆمێنتكردنی لەسێدارەدانەكان و ئۆپراسیۆنەكانی تیرۆرو رفاندن لەلایەن ئاسایش و هەواڵگریی ئێرانەوە دەكات. عەبدولڕەحمان پرومەند سیاسییەكی ئۆپۆزسیۆن بوو ساڵی 1991 بریكارەكانی ئێران لەپاریس كوشتیان. دامەزراوەكە لەڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت ئەم ئامارانە هەموو قوربانییەكان لەخۆناگرێت و نووسیویەتی:»لە ساڵی 1979وە بریكارەكانی ئێران سەدان ئۆپراسیۆنیان لەدژی ئۆپۆزسیۆنە پەنابەرەكانی هەندەران ئەنجامداوە و ئەو ئۆپراسیۆنانەش بەردەوام دووبارە بوونەتەوە، چونكە زۆرینەی كات توانیویانە لەسزادان قوتاریان بێت». بەپێی راپۆرتەكە بریكارەكانی ئێران 380 ئۆپراسیۆنیان لەهەرێمی كوردستاندا ئەنجامداوە و 30 ئۆپراسیۆن لە ناوچەكانی تری عێراق و 30 لە پاكستان و 28 لەتوركیا و 13 لەفەڕەنسا و نۆ لەئەفغانستان و دانەدانەش لەوڵاتانیی دیكە بەكۆی گشتی، ئۆپراسیۆنەكان لە 20 وڵاتی جیاوازدا ئەنجامدراون. ئەگەرچی ئێران تێوەگلانی لە زۆرینەی ئەو ئۆپراسیۆنانەدا رەتدەكاتەوە، بەڵام شانازیی بەهەندێكیانەوە دەكات و وەك نیشاندانی هێزی دەزگا ئەمنییەكانی دەیاناسێنێت، لەوانە رفاندنی رۆژنامەنوس روحوڵا زەم ساڵی 2019 لەعێراق و چالاكوانی سیاسی حەبیب ئیسیود ساڵی 2020 لەتوركیا و تەلەڤزیۆنی ئێران وێنەی هەردووكیانی پەخشكرد. كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر بەگەرمیی پێشوازی لەئەوانە دەكات، كە لە دەرەوە بەتۆمەتی تێوەگلان لەتیرۆركردنەكانەوە دەگیرێن و كاتی سزاكەیان تەواودەكەن و دەگەڕێنەوە. لەوانە كازم دارابی كە لەشەهیدكردنی دكتۆر سادق شەرفكەندی و هاوڕێكانیەوە تێوەگلابوو. راپۆرتەكە هەندێك لەو وڵاتانەی پەناهەندە ئێرانییەكانیان لەخۆگرتووە، بە كەمتەرخەمیی تۆمەتباردەكات و دەڵێت حكومەتەكانیان دوای دەستگیركردنی بریكارە ئێرانییەكان یان ئاشكراكردنی پیلانەكانیان، رێگایان داون وڵاتەكانیان جێبهێڵن تا خۆیان لەوە بدزنەوە كە تۆمەت ئاراستەی ئێران بكەن. هاوكات، دامەزراوەكە هۆشداریش دەدات لە ئەوەی ئەگەر هەمەئاهەنگی و كارێكی جیهانیی هاوبەش نەبێت بۆ راگرتنی، ئەوا ئەو توندوتیژیەی ئێران لە دەرەوی سنورەكانی دەیكات بەردەوام و زیاتر دەبێت. بەردەوام دەزگای هەواڵگریی ئێران تۆمەتبار دەكرێت بە ئەنجامدانی كوشتن و رفاندنی ئاڵۆز لەدەرەوە، وێڕای ئەوەی رژێمی ئێران پەیوەندیی خۆی بەزۆرێك لەوانەوە رەتدەكاتەوە، بەڵام چەندین ئێرانی لەوڵاتانی دەرەوەدا بەتۆمەتی تیرۆركردنی چالاكوانان دادگاییكراون،. ساڵی 1989 رای گشتی ئەوروپا بەوردی چاودێریی شەهیدكردنی دكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملۆی كرد لەڤیەننای پایتەختی نەمساو دواتریش لەساڵی 1992دا شەهیدكردنی دكتۆر سادق شەرەفكەندی و دوو هاوڕێی لەچێشتخانەی میكۆنۆسی بەرلین لە ئەڵمانیا هەڵایەكی گەورەی نایەوەو شەهیدكردنی دكتۆر قاسملوشی هێنایەوە یادی خەڵك. لەئێستاشدا كە بەردەوام دۆسیەی مافەكانی مرۆڤ لەئێران لەسەر زیاتر لەئاستێك باسدەكرێت و رەخنەی لێدەگیرێت و وڵاتەكە بەچەندین پێشێلكاریی بەرامبەر هاووڵاتییەكانی تۆمەتبار دەكرێت.
هاوڵاتى وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بڕیاردراوە کرێی کارەبا بۆ خاوەنی نانەواخانە و سەمونخانەکان بەڕێژی 20% دابەزێنرێت و لەسەرەتای ئەم مانگەوە کاری پێدەکرێت. لەدواین نوسراوی وەزارەتی کارەبادا کە ئەمڕۆ دەرچوە و واژۆی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستانی لەسەرە ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاردراوە بە داشکاندنی 20%ی کارەبای بەکارهاتو بۆ سەرجەم نانەواخانە و سەمونخانەکان. ئەوەش هاتوە، ئامانجی بڕیارەکە بۆ بەرژەوەندی گشتی، کۆنتڕۆڵکردنی نرخی نان و نەهێشتنی قۆرخکاری لە گرانکردنی نرخی نان دەرکراوە. دوای ئەوەی لەماوەی هەفتەی رابردودا بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی ئارد و سوتەمەنی نرخی نان لەبەشێک لەنانەواخانە و سەمونخانەکانی کوردستان گران بو، 29ی ئابیش ئەنجومەنی وەزیران نۆ بڕیاری بۆ رێگریک ردن لەگرانبونی نرخی نان دەرکرد لەوانەش دابینکردنی سوتەمەنی و کارەبا بەنرخێکی هەزانتر بەنانەواخانەکان و دەستکردن بەبەرهەمهێنانی ئارد لەناوخۆدا لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا.
هاوڵاتى دەستەی دەستپاكی عێراق رایگەیاند:" لە هەوڵەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 253 ملیار دینار و زیاتر لە 4 ملیار دۆلاریان گەڕاندووەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت. لە بەیاننامەیەكدا دەستەی دەستپاكی عێراق بڵاویكردووەتەوە، لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2021دا دەستەكە چاوی بە 25 هەزار و 490 ئاگاداركردنەوە و هەواڵ و كەیسی تاواندا خشاندووەتەوە. رونیشكراوەتەوە، لە پرۆسەكاندا رێگە لە بە هەدەردانی زیاتر لە 253 ملیار و 586 ملیۆن دینار و زیاتر لە 4 ملیار و 920 ملیۆن دۆلار گیراوە و گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت. دەستەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا هەزار و 775 تۆمەتبار رادەستی دادگاكان كراون و 858 فەرمانی دەستگیر كردن دەركراون و 455 یان جێبەجێ كراون، هەروەها بانگهێشت كردنی دادوەریی 3 هەزار و 208 فەرمان بووە و 675 پەڕاوی راگرتن دەركراون.
هاوڵاتى وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:" پێویستە بەر لە بڕیاردان لەسەر کارکردن یان نەکردن لەگەڵ ئەو حکومەتەی کە بڕیارە تاڵیبان پێکیبهێنێت، دەبێت بزانین حکومەتەکە چ جۆرە حکومەتێكە". نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ تاڵیبان بە شێواز و جۆری ئەو حکومەتە بەندە، کە بڕیارە بزووتنەوەکە پێکیبهێنێت. نێد پرایس وتی: "بەر لەوەی قسە لەسەر شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ هەر حکومەتێكی نوێی ئەفغانستان بکەین، دەبێت چەند شتێك روون بکەینەوە، سەرەتا دەبێت حکومەتێکی نوێ لە ئەفغانستاندا هەبێت کە تاوەکو ئێستا پێکنەهێنراوە. دووەم دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تیشکبخاتەسەر نەک تەنیا ناوی حکومەتی ئەفغانستان بەڵکو شێوازی کارکردنی و هەروەها رەفتارەکانیشی، لەدوای ئەوە ئێمە دەتوانین هەڵسەنگاندن بکەین کە ئایا چ شتێک لە بەرژەوەندی ئێمەیە و چ شتێک بە زیانمانە." پرایس وتیشی: "ئەمریکا کار لەگەڵ حکومەتی تاڵیبان ناکات ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدا نەبێت، کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دانیشتنی چەند رۆژ لەمەوبەریدا، داینابوون". ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەکۆی 13 دەنگ لە 15 دەنگی وڵاتانی ئەندامیدا، بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا تاڵیبانی ناچارکرد بە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لە ئاست پاراستنی خەڵک و پێدانی دەرفەت بە ژنان لە نێو حکومەتدا. بەوتەی هەندێ سەرچاوە، پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا تاڵیبان حکومەتە نوێیەکەی رابگەیێنێت، کە چاوەڕێ دەکرێت حکومەتێكی ئاینی بێت و تێیدا هەیبەتوڵلا ئاخوندزادە، رابەری بزووتنەوەی تاڵیبان بە رابەری ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان دابنرێت. هاوکات چەند کەسێکی دیاری نێو بزووتنەوەکەش بەشداری حکومەتە نوێیەکە دەکەن وەک عەبدولغەنی برادەر یەکێک لە دامەزرێنەرانی تاڵیبان، سیراجەدین حەقانی، جێگری ئاخوندزادە و سەرۆکی تۆڕی چەکداری حەقانی، هەروەها مەولەوی محەممەد یەعقوب، کوڕی مەلا محەممەد عومەر، سەرۆکی پێشووتری بزووتنەوەی تاڵیبان.
هاوڵاتى جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" كۆگاكانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەسەر ئاستی عیراق دەبێتە گەورەترین ناوەندی بازرگانی و پیشەسازی كە پێنج هەزار هەلیكار دەڕەخسێنێت بۆ گەنجان و باشتریش دەتوانین قەبارەی بازرگانی زیاتر بكەین و بواری ئابووری گەشەپێبدەین". ئەمرۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لهمیانهی سەردانی كۆگاكانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگهیاند: "بەشێکی زۆری ئەو بەنزینەی کە دێتە هەرێمی کوردستان لەدەرەوەی وڵات دێت و بەنزینیش بەرهەمێکی نەوتە و کە نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە نرخی بەنزین بەرزدەبێتەوە". وتیشی: "هۆکاری دابەزینی نرخی بەنزین لە عیراق هۆکارەکەی ئەوەیە حکومەتی عیراق پاڵپشتییەکی باشی بەنزین دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت کە نرخەکەی کۆنترۆڵ بکات". جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: "دۆخی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ئاستەدا نییە کە بتوانێت وەک حکومەتی فیدراڵی پاڵپشتی کەرتی بەنزین بکات". وتیشی: "بەڵام ئێمە دەتوانین کار ئاسانی بکەین بۆ ئەوەی ئەو بەنزینەی کە لە دەرەوەی کوردستانەوە دێت بە ئاسانتر و بە تێچوویەکی کەمتر بێت، بەڵام دەبێت هاوسەنگییەک دروست بکەین لەنێوان کوالێتی بەنزینەکە و نرخەکەی". وتیشی: "هەندێک لە رسومات هەبوو لەسەر مەرزەکان کەممان کردوهتەوە و دەبێت رەچاوی کوالێتی بەنزین بکەین و نابێت لەپێناوی دابەزینی نرخەکەی قوربانی بە کوالێتی بەنزینەکە بدەین". له بارهی كۆگاكانی ژووری بازرگانی سلێمانی وتی: "كۆگاكانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەسەر ئاستی عیراق دەبێتە گەورەترین ناوەندی بازرگانی و پیشەسازی كە پێنج هەزار هەلیكار دەڕەخسێنێت بۆ گەنجان و باشتریش دەتوانین قەبارەی بازرگانی زیاتر بكەین و بواری ئابووری گەشەپێبدەین". لهسلێمانى 14 پڕۆژهى هاوشێوهى ئهم كۆگایانه ههیه كه لهڕێگهیهوه سلێمانى دهبێته سهنتهرى بازرگانى بۆ سهرجهم شارهكانى عێراقو بۆ ههموو بوارهكان كۆگاى تایبهت بونى ههیه لهژێر چاودێریى توندوتۆڵدا. راشیگەیاند: دروستكردنی پرۆژەكە یەكێك بووە لەو بەرنامانەی پێشتر دامانناوە، زۆر گونجاوە بۆ بازرگانی بەهۆی نزیكییەوە لەسنور، بۆیە بەئیدارەیەكی باشتر دەتوانین قەبارەی بازرگانی زیاتر بكەین و بواری ئابوری گەشەپێبدەین، هەموكاتیش هەوڵمانداوە ئارامی دابین بكەین كە هۆكاری سەرەكی گەشەی ئابورییە، وەك حكومەتیش پشتیوانی بازرگاكان دەبین. جێگری سەرۆك وەزیران راشیگەیاند: "چەند ساڵی رابردوو بۆ حكومەت و خەڵكی كوردستانیش ساڵانێكی ناخۆش بوو بەهۆی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی ئابورییەوە، بەڵام ئێستا سەرەتایەكی نوێیەو ئومێدەوارین داهاتوو بەرەو باشتر بڕۆین". جێگری سەرۆك وەزیران راشیگەیاند: بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمەوە پێماندراوە لەبارەی پێدانی مۆڵەت بەپرۆژەكان ئەگەر جێبەجێ بكرێت زیاتر لە 50 هەلیكار دەڕەخسێت، ئەوەش وا دەكات گەنجان بەتایبەت بەرهەمی زانكۆو پەیمانگاكان بەپێی پسپۆڕیان بۆ ئەو شوێنانە بگونجێت.
هاوڵاتى جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە كارەساتێكی مرۆیی دەدات لە ئەفغانستان بەهۆی وشكەساڵی و پێشكەش نەكردنی هاوكاری لەلایەن وڵاتانەوە و دەڵێت:" زۆر گرنگە کە رێگەنەدەین ئەفغانستان بڕواتەنێو قەیرانێکی گەورەتری مرۆیی". رامز ئەلئەکبەرۆڤ، جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان دەڵێت: "لە مانگی رابردووەوە، زەنگی هۆشداریمان لێداوە. بەخشینی کۆمەک بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی لەم ساڵدا 400 ملیۆن دۆلاری تێنەپەڕاندووە لەکاتێکدا کە داوای 1.3 ملیار دۆلارکراوە". جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان هەروەها دەڵێت: "زۆر گرنگە کە رێگەنەدەین ئەفغانستان بڕواتەنێو قەیرانێکی گەورەتری مرۆیی، ئەوەش لە رێگەی گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ ئەوەی ئەو پێداویستیانە دابینبکەین کە ئەو وڵاتە هەر ئێستا پێویستی پێیەتی." رامز ئەلئەکبەرۆڤ باسی لەوە کرد کە لانیکەم 200 ملیۆن دۆلاریان پێویستە بۆ ئەوەی بەپەلە خۆراک بۆ منداڵانی ئەفغانستان دابینبکەن. چونکە نیوەی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵانی ئەفغانستان بە دەست "بەدخۆراکیی تووندەوە" دەناڵێنن. رۆژی شەممە 14-08-2021، بزووتنەوەی تاڵیبان بەبێ شەڕکردن شاری جەلالئابادی کۆنترۆڵکرد، بەوەش توانییان یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکەن و رۆژی دواتر بە چوونە نێو کابوول سەرکەوتنی خۆیان راگەیاند.
هاوڵاتى وەزارەتی نەوتی عێراق رایگهیاند:"هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا 94 ملیۆن و 660 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، رۆژانە بۆ 3 ملیۆن و 54 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە و بەرمیلێک نەوتیش لەو مانگە بە 69 دۆلار فرۆشراوە. وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری هەناردە و داهاتی نەوتی مانگی ئابی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکان هەناردەی نەوت بە راورد بە مانگی تەممووز 154 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاترە. وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بە تێكڕا لە مانگی ئاب 94 ملیۆن و 660 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، کە رۆژانە دەکاتە 3 ملیۆن و 54 هەزار بەرمیل. لەو بڕە 2 ملیۆن و 950 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرە هەناردە کراوە. سەبارەت بە داهاتی نەوتی مانگی ئاب، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند؛ هەر بەرمیلێک بە 69 دۆلار فرۆشراوە، کۆی داهاتەکەشی 6 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە. عێراق دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتی نێو رێکخراوی ئۆپێکە و زیاتر لە 93٪ی داهاتەکەی لە رێگەی فرۆشتنی نەوت بەدەستدێنێت. دابەزینی نرخی نەوت، کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە دروستدەکات. وڵاتانی ئاسیا بە تایبەت چین و هیندستان کڕیاری سەرەکی نەوتی عێراقن. بەگوێرەی راوێژکارێکی دارایی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چین بە تەنیا ٪40 بۆ 44٪ی نەوتی هەناردەکراوی عێراق دەکرێت، کە دەکاتە زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. رۆژی سێشەممەی رابردوو 31ی 8ی 2021، لی کینگ شێنگو کونسوڵی بازرگانیی چین لە میانەی بەشداریکردنی لە هەواڵە ئابوورییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "لەساڵی 2020دا عێراق سێیەم هاوبەشی بازرگانی چین بووە لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان لەو ساڵەدا 30 ملیار و 177 ملیۆن دۆلار بووە. لەو ژمارەیە 10.9 ملیار دۆلاری هەناردەی چین بووە بۆ عێراق و 19.25 ملیار دۆلاریشی هەناردەی عێراق بووە بۆ چین کە بەزۆری پەیوەست بووە بە هەناردەکردنی نەوتی خاو". لە ساڵی رابردوو چین زیاتر لە 60 ملیۆن تۆن نەوتی خاوی لە عێراق کڕیوە.
هاوڵاتى زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی، فرۆشتنی نەوت لەچوارچێوەی چارەسەریی قەیرانە ئابورییەكانی ئێران بووەتە خەونێك بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام رەئیسی بەدەستنیشانكردنی كۆمەڵێك وەزیری بێ ئەزموون رەنگە ئەم خەونەی وڵاتەكە بكاتە مۆتەكە بەتایبەت یەكەم لێدوانی وەزیری نوێی نەوتی ئێران بەهای دۆلاری بەرانبەر بە تمەن بەرزكردەوە. وەزیری نوێی نەوت لەئێران یەكەم لێدوانی ئەوە بووە كە هەوڵدەدرێت نەوت لە بەرامبەر كاڵادا هەناردە بكرێت و شارەزایانی ئابوریی پێیانوایە ئەم لێدوانە واتا رێككەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمەریكاو رۆژئاوا زیندو ناكرێتەوە و رێگە بەفرۆشی نەوتی ئێران نادرێت و لە ئەنجامدا بەهای هەر دۆلارێك بۆ زیاتر لە (30) هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە. محافزكارانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە بوونەتە خاوەنی سێ دامەزراوەی (پەرلەمان، حكومەت، دادوەریی) لەوڵاتەكە، گەورەترین بەڵێنیان چارەسەری ئابورییە، بەڵام بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت پێشبینیی دەكرێت رێگە بەفرۆشی نەوتی ئێران نەدرێت و ئەو وڵاتە ناچار بێت رێگەی قاچاخ و ئاڵوگۆڕیی نەوتەكەی لە بەرامبەر كاڵا بگرێتەبەر، كە ئەمەش واتای لاوازبوونی وڵاتێكە كە (90%)ی بودجەكەی لە رێگەی نەوتەوە دابین دەكرد. ئاشتیی لەگەڵ سعودیە یەكێكی دیكەیە لەو هەنگاوانەی كە حكومەتی رابردوو بە نێوەندگیریی بەغدا دەستیپێكردبوو و بەیەكێك لەسەرەكیترین هەنگاوەكانی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەقەڵەمدەدرێت، چونكە سعودیە زۆرترین دژایەتیی ئەو رێككەوتنە دەكات و لەم رێگەیەوە فشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران زیاد دەكات، بۆیە ئەم هەنگاوی ئاشتیش سەرەڕای بەردەوامیی دانوستانەكان لەپەراوێزی كۆنفڕانسی بەغدا ساردوسڕیی تێكەوتووە. خامنەیی شكست بە ریفۆرمخوازان دەهێنێت عەلی خامنەیی، كە دوو ساڵە هەوڵدەدات ریفۆرمخوازان لەكۆی دەسەڵاتەكان و حوكمڕانییەكاندا نەمێنن و ركابەریی هەڵبژاردنەكان نەكەن لەقۆناغی یەكەمدا ئیبراهیم رەئیسی كردە سەرۆكی دەزگای داد، محەمەد باقر قاڵیباف، سەر بە محافزكاران كە بووە سەرۆكی پەرلەمان رای سپارد بەمەبەستی لاواز پیشاندانی سەرۆكی حكومەت سەردانیی مەیدانیی بۆ ناو خەڵك بكات بەجۆرێك گەشتەكانی زۆر لە حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری سەر بە ریفۆرمخوازان زیاتر بوو. هاوكات بەبڕیاری خامنەیی پڕۆژە یاسایەكی بەپەلە بۆ پاشەكشێ لە رێككەوتنی ئەتۆمیی پەسند كراو زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی كە خەونی ریفۆرمخوازن بوو بۆ بەدەستەوەگرتنی جارێكی دیكەی حكومەت لەبار برا، دوای ئەوەش ریفۆرمخوازان هەر كەسێكیان كاندید دەكرد بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی یان رەت دەكرایەوە یان لەژێر كاریگەریی خامنەیی پاشەكشێی دەكردو حەسەن خومەینی، كوڕەزای روحەڵڵا خومەینی یەكێك لەو نموونانە بوو كە دوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ خامنەیی، پاشگەزبوونەوەی خۆی بۆ كاندیدبوونی لە لایەن ریفۆرمخوازانەوە راگەیاند. كاتێك محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئێران ویستی خۆی وەك كاندیدی سەرۆك كۆماریی ریفۆرمخوازان بپاڵوێت، فایلێكی نهێنیی بڵاوكرایەوە كە تێیدا دژایەتیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس دەكات و ئەو بەسەركێش و سەر بە روسیا ناودەهێنێت، بۆیە ئەم فایلەش كە دەوترێ لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە دزەپێكرا وای لە زەریف كرد بۆ هەتاهەتایە دەستبەرداری گۆڕەپانی سیاسەت ببێت و رایبگەیەنێت كە تەنها سەرقاڵی لێكۆڵینەوەو وانەوتنەوە دەبێت. سەرۆك و كابینەی ئێستا بەرهەمی خامنەییە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەپلانێكی وردی دوو ساڵەدا ئیبراهیم رەئیسی كە پێشتر سەرۆكی دەزگای دادوەریی بوو، كردە سەرۆك كۆمار چونكە خامنەیی بە بەردەوامیی لەپەیامەكانیدا ئاماژەی دەكرد بە رۆڵی رەئیسی لەهەنگاونان بۆ حوكمڕانیی و هەر ئەمەش وای كرد رەئیسی وەك بەرهەمی خامنەیی ناوببرێت. بەوتەی شارەزایان لەساڵی (2009) تا ئێستا هەوڵدراوە ناوەندەكانی سەر بەدەزگای هەواڵگریی (ئیتلاعات) و سوپای پاسداران و دەزگای دادوەریی لە كەسانی نزیكی خامنەیی بن و ئەو بەم كارەی زۆربەی ئەو ناوەندانەی كە پێویستیەتی بەدەستی هێناوەو كەسانی نزیك لەخۆیی تێدا جێگیركردوون، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە پەرلەمانە كە لە رابردودا زۆربەی كات بەدەستی ریفۆرمخوازاناوە بووە، ئێستا بە تەواوەتیی كەوتووەتە دەست محافزكاران چونكە لەكۆی (290) كورسی، (227) كورسیی بەدەست محافزكارانەوەیەو تەنها (20) كورسیی بەدەست ریفۆرمخوازانەوە ماوە، بۆیە ئەمە وا دەكات خامنەیی لەهەموو كاتێك زیاتر دەسەڵاتی بەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانیی ئێراندا هەبێت. رەئیسی كە ئێستا سەرۆك كۆماری ئێرانەو پێشتر و لەسەردەمی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەئێران رایگەیاند كە لەو دۆخەی كۆرۆنا دروستی كردووە زۆر نیگەرانە و تەنانەت ئەو ناتوانێت دەستی خامنەیی ماچ بكات، لەیەكەم رۆژی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك كۆمار لە كۆبوونەوەی لەگەڵ خامنەیی رایگەیاند هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لەسەر رێبازی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاو بنێت و بەم لێدوانەشی بووە مایەی خۆشحاڵیی خامنەیی. رەئیسی لە رێوڕەسمی دەستبەكاربوونیدا رایگەیاند ئەركی ئەو پاراستنی میراتی كۆماری ئیسلامی ئێرانەو ئەم وتەیەشی لەلایەن محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمان و غوڵامحسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆكی دەزگای دادوەریی ئێران پێشوازیی و پشتیوانیی لێكرا، كەئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە هەموو دەزگاو دامەزراوەكانی ئێران لەهێڵێكدا سیاسەتەكانی خامنەیی جێبەجێ دەكەن بەبێ ركابەرو بەزمانێكی دیكە دەسەڵاتی ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێران یەكدەست بووە. كابینەی بێ ژنی رەئیسی.. رەئیسی دوای دەستنیشانكردنی (19) وەزیر بۆ پەرلەمان تەنها یەك وەزیر دەنگی متمانەی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا كە ئەویش وەزیری پەروەردە بوو، بەڵام زۆرینەی رەهای وەزیرەكان كە سەر بەباڵی توندڕەوەی محافزكارانن و ئەمیر حسێن رەحیمی، وەزیری داد بە (277) دەنگ و محەمەدڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی بە (274) دەنگ و ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوە بە (270) لە كۆی (290) دەنگ زیاترین دەنگی متمانەی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. كابینەی رەئیسی كە بەكابینەی بێ ژن لەقەڵەمدەدرێت تەنانەت یەك ژنیشن بۆ هیچ پۆستێكی هەستیار لەكابینەكەیدا پێشنیار نەكراوەو پێدەچێت ئەو كابینەیە بەبێ ژن لەكارەكانی بەردەوام بێت. شێوازی كابینەكەی رەئیسی وای كردووە كەخەڵكی ئێران هیوایەكی ئەوتۆیان بۆ چارەسەری قەیرانەكانیان نەبێت و رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) نزیك لە ریفۆرمخوازان لەژمارەیكی خۆیدا بەناونیشانی (حكومەت بەوەزیری بێ ئەزمونەوە؛ دووبارەكردنەوەی سەردەمی ئەحمەدی نەژاد) لەزاری د.ئیسماعیل گرامی موقەدەم، وتەبێژی حزبی (ئێعتیماد میللی)ی سەر بە ریفۆرمخوازان بڵاوی كردووەتەوە:» ئەو وەزیرانەی ئیبراهیم رەئیسی دەستنیشانی كردوون پەرلەمان متمانەیان پێبەخشیون بەپێچەوانەی بەڵێنەكانی، زۆربەیان لەڕەوتی راستڕەوی سەر بەمحافزكاران و ئەزموونێكی ئەوتۆیان نییە و پێناچێت بتوانن لە رووی نێودەوڵەتیشەوە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران زیندو بكەنەوە. «رەئیسی بەدەستنیشانكردنی كۆمەڵێك وەزیری بێ ئەزمون لە رووی حوكمڕانییەوە كە زۆربەیان توندڕەون، پێچەوانەی ئەو بەڵێنەبوو كە رایگەیاند كابینەكەی هەمەلایەنە دەبێت و تایبەت نابێت بەمحافزكاران، بەڵام ئەم هەنگاوەی رەئیسی سەلماندویەتی كە ئەویش سەردەمی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆك كۆماری پێشوتری ئێران دووبارە دەكاتەوە». لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵی (فارس) سەر بەتوندڕەوەكانی محافزكاران دەڵێت: ئەمەریكا هیوای بەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی نییە.. فارس بڵاوی كردووەتەوە؛ كە رۆژنامەی (هائارتز)ی ئیسرائیل ئاشكرای كردووە وەفدێكی ئەمەریكی بەسەرۆكایەتیی ویلیام جۆزێف بێرنز، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا (سی ئای ئەی) لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل كۆبوونەتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا وتوویانە هیوایان بەوە نییە كە رێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی (5+1) زیندو بكرێتەوە. هەروەها ئەو وەفدە رایانگەیاندووە شانسی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەگفتوگۆو دانوستانەكانی ڤیەننا زۆر كەمەو پێناچێت ئەو دانوستانانەی نێوان ئێران و ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا بگاتە ئەنجامێكی ئەوتۆ. یەكەم لێدوانی وەزیری نەوت بەهای دۆلاری بەرزكردەوە رۆژنامەی (ئیبتیكار) نزیك لە ریفۆرمخوازان: بەهۆی وەزیری نەوتەوە بەهای دۆلار لەئێران بەرز دەبێتەوە. رۆژنامەكە نووسیویەتی:» رۆژی چوارشەممە (25/8/2021) پەرلەمان جگە لە وەزیرێكی پێشنیاركراو متمانەی بە (18) وەزیری دەستنیشانكراوی كابینەی ئیبراهیم رەئیسی داوەو بە دەركەوتنی وەزیری نەوتی نوێ و لێدوانەكانی، ئاماژەكانی بەرزبوونەوەی دۆلار تا سنوری (30) هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێك دەركەوتووە. جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندووە پلانی هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی نەوت لەبەرامبەر كاڵاداو ئەم لێدوانەشی ئاماژەیە كە هیوا بۆ دانوستانەكانی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی كەمی كردووە و ئێران ناتوانی لەفرۆشی نەوت دۆلار بەدەستبهێنێت بۆیە دوور نییە ئەم لێدوانەی وەزیری نەوت، بەهای دۆلار جارێكی دیكە لەئێران بەرزبكاتەوە. پێشبینییەكی رۆژنامەی ئیبتیكار راست دەرچوو لەو رۆژەوە بەهای دۆلار لەئێران بەردەوام لە بەرزبوونەودایە و لەئێستادا نرخی هەر دۆلارێك زیاترە لە (28) هەزار تمەن لەكاتێكدا پێش لێدوانی ئەو وەزیرەی نوێی نەوت هەر دۆلارێك (25) هەزار تمەن كەمتر بوو. وەزیری بەرگریی محەمەدڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران كە تازە دەستبەكار بووە لە ساڵی (2019) لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە بە تۆمەتی تێكدانی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە و هاندان بۆ ئاڵۆزبونی ئەمنیی لەجیهان خراوەتە لیستی سزادراوانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەلای ئەمەریكا. ئاشتیانی كە دووەم دەنگی زیاترین ئاستی متمانەی لەپەرلەمان بەدەستهێناوە زیاتر لەسوپای رەسمیی ئێران (ئەرتەش) كاری كردووە و ئەزموونی لەگەڵ سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا نییە لەكاتێكدا زۆربەی هەرە زۆری دەسەڵاتە سەربازییەكان بۆ سوپای پاسداران دەگەڕێتەوە، بۆیە شارەزایان پێیان وایە رەنگە دەستنیشانكردنی ئاشتیانی بەمەبەستی گوێڕایەڵیی ئەرتەش بۆ سوپای پاسداران بێت كە راستەوخۆ لە خامنەییەوە فەرمان وەردەگرن چونكە، ساڵانێكە ئەو دوو هێزە چەكدارو سەربازییەی ئێران ناكۆكییان هەیە، ئەمەش هەنگاوێكە بۆ نەمانی ئەو ناكۆكییانە. چارەنووسی نادیاری ئاشتیی لەگەڵ سعودیە.. رێككەوتی (16/8/2021) ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی ئێران (ئیرنا) بڵاوی كردەوە كە ئێران و سعودیە باڵیوزخانەكانیان لە ریازو تاران دەكەنەوە و ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لەعێراق بە تەلەفیزیۆنی (ئەلعالەم)ی راگەیاند كە دانوستانەكانی نێوان ئێران و سعودیە بەمیوانداریی عێراق گەیشتووەتە قۆناغێكی باش و لەهەنگاوی یەكەمدا بڕیارە باڵیۆزخانەكانی سعودیە و ئێران لەتاران و ریاز بكرێنەوە.. مەسجدی روونیكردووەتەوە كە بەهۆی ئاڵوگۆڕی حكومەت لەئێران گفتوگۆو دانوستانەكانی نێوان سعودیەو ئێران بۆ ماوەیەكی كاتی راگیراوەو دوای كردنەوەی باڵیۆزخانەكانیش گفتوگۆو دانوستانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ ئاساییبوونەوەی ساردوسڕییەكانی نێوانیان بەردەوام دەبێت و هیوایان وایە هەنگاوی باشتر ببڕن. لە رێككەوتی (28/8/2021) ئاژانسی ئیرنا بڵاوی كردوە كە فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندوە دیداری نێوان سعودیەو ئێران بەنێوەندگیریی بەغدا بەڕێوەدەچێت.. فواد حسێن، لەوەڵامی پەیامنێری (ئیرنا) بۆ بەڕێوەچوونی دانوستان لەنێوان تاران و ریاز وتوویەتی:» ناتوانم وردەكاریی دانوستانەكانی نێوان سعودیەو ئێران بڵاو بكەمەوە، بەڵام چەندین كۆبوونەوە لە پەراوێزی كۆنفڕانسی بەغدا لەنێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە بەنێوەندگیریی عێراق بەڕێوەچووە و دەبێت ئەو بەرپرسانە وردەكاریی دانوستانەكانیان بڵاوبكەنەوە. لەلایەكی دیكەوە رێككەوتی (29/8/2021) رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) بەناونیشانی كۆنفڕانسی بەغدا لەگەرموگوڕیی كەوت. نووسیویەتی:» عێراق دەیەوێت دوای ساڵانێك جەنگ و ئاژەوە لەوڵاتەكەی پێگەی ناوچەیی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و ئەنجامدانی كۆنفڕانسی بەغدا لەو چوارچێوەیەدایەو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەم كۆبوونەوەیە وەك دوایین كارتی هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەی بۆ پیشاندانی بەهێزیی حكومەتەكەی دەخاتەڕوو ئەو كۆنفڕانسە كە بڕیاربوو ببێتە شوێنی ئاشتیی سعودیەو ئێران، بەڵام ئەو دوو وڵاتە لەئاستی باڵادا نوێنەری خۆیان رەوانە نەكرد. ئەمیر عەبدوڵاهیان جێگری وەزیری دەرەوەی پێشوو كە ئێستا بووەتە وەزیری دەرەوە توانایەكی زۆری لەزمانی عەرەبیدا هەیەو پێدەچێت ئامادەبوونی عەبدوڵاهیان لەكۆنفڕانسەكەدا بەمەبەستی دانوستانی لەگەڵ سعودییەكان بێت لەكاتێكدا بڕیاربوو ئەو دانوستانە لەئاستی باڵاترو سەركردەكاندا بێت. بۆ ئێران زیندبوونەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی زۆر گرنگەو لەو سۆنگەیە تاران دەیەوێت لەگەڵ سعودیە ئاشتیی بكات، چونكە ئەو وڵاتە یەكێكە لە نەیارە سەرەكییەكانی ئێران بەتایبەت لە دۆسیەی رێككەوتنی ئەتۆمییدا. بەدیهێنانی خەون یان گیرۆدەبوونی مۆتەكە.. شێوازی كابینەی حكومەتی ئێستای ئیبراهیم رەئیسی ئاماژەیە بۆ دەستنیشانكردنی كەسانی گوێڕایەڵ لەحكومەتەكەیدا، بۆیە محافزكاران بەپێشەنگیی خامنەیی هەنگاو دەنێنن بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتیی سیاسەتەكانی دەسەڵاتی یەكدەستی ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێران كە رەنگە خەونی چارەسەری قەیرانەكان لەلای خەڵكی ئەو وڵاتە بكەنە مۆتەكە.
هاوڵاتى ئاژانسی هەواڵی ئەفغانستان بڵاویکردەوە، لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا حکومەتی نوێی ئەفغانستان پێکدەهێنرێت و هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، رابەری باڵای بزووتنەوەی تاڵیبان دەبێتە سەرۆکی حکومەت. ئانامەڵا سمنکانی، ئەندامی لیژنەی کلتوری بزوتنەوەی تاڵیبان بە ئاژانسی هەواڵی ئەفغانستانی راگەیاندوە، "بێگومان ئەمیری بڕواداران هەیبەتوڵا ئاخوندزادە لەحکومەتی داهاتوودا بوونی دەبێت و دەبێتە سەرۆکی حکومەت، لەم بابەتەدا هیچ گومانێک نیە". دوێنێش ئاژانسی رایا نوڤوستی روسی لەسەرچاوەیەکی بەرپرسی بزوتنەوەی تاڵیبانەوە بڵاویکردەوە، لەحکومەتی نوێی ئەفغانستاندا کە لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا لەلایەن تاڵیبانەوە پێکدەهێنرێت، عەبدولغەنی بەرادەر سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەکەیان وەک وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان و مەلا یەعقوبی کوڕی دامەزرێنەری تاڵیبان وەک وەزیری بەرگری دیاریدەکرێن. ئاماژەی بەوەشكردوە، خەلیفە حەقانی کوڕی جەلالەدین حەقانی یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی تاڵیبان دەبێتە وەزیری ناوخۆ. سەرچاوەکە باسی لەوەشکردوە، لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەفغانستان تەواو دەکرێن و پێکهاتەکەی رادەگەیەنرێت. ئاژانسی رایا نوڤوستی روسی لەچەند سەرچاوەیەکی دیکەی تاڵیبانەوە وادەی راگەیاندنی حکومەتی ئەفغانستانی بڵاوکردوەتەوە و باسی لەوەکردوە، رۆژی 3ی ئەیلول حکومەتی نوێ رادەگەیەنێت. لەئێوارەی 15ی ئابەوە هەمو خاکی ئەفغانستان بەشێوەیەکی کرداری کەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی تاڵیبان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک دەسەڵاتی دیفاکتۆی ئەفغانستان مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، سەرکردەکانی بزوتنەوەکەش دەڵێن هەمو باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان و سەرکردەکانی پێشوی وڵات دڵنیادەکەینەوە کە هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە.
هاوڵاتى فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت: "کاریگەریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە "تاهەتایی دەمێنێتەوە". ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی دەڵێت: "کاریگەریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە "تاهەتایی دەمێنێتەوە". رۆژنامە ئەمریکییەکە نووسیویەتی، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و کەوتنی خێرای حکومەتی کابوول وایکرد کوردانی رۆژئاوای کوردستان بە هۆشیاریەوە لە دۆخەکە بڕوانن و هیوای چارەنووسێکی جیاواز بخوازن. ئێستا نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا هەن. ئەمریکا دەڵێت ئەو هێزانە بەشێکن لە شەڕی دژی داعش کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ژمارەی چەکدارەکانی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە بە 8 هەزار تاوەکو 16 هەزار کەس لە سووریا و عێراق مەزەندەدەکات. فەرماندەی گشتیی هەسەدە باسی لەوە دەکات لەم حەوت مانگەی سەرۆکایەتیی بایدندا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن باشتر بوون. هەروەها دەڵێت ئەوان چاوەڕێدەکەن سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت: "ئەگەر ئەمریکا بەڵێنەکانی بباتە سەر". مەزڵووم بە واشنتن پۆستی وتووە: "ئێمە ئێستا هەستدەکەین پشتیوانیێکی سیاسی و سەربازیی بەهێزترمان هەیە، زیاتر لەوەی کە لە ئیدارەی پێشووی ئەمریکامان پێدەگەیشت." بەرپرسانی ئەمریکی، بەگوێرەی واشنتن پۆست، مەزڵووم عەبدی بە هاوکارێکی بەردەوام و هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو لە شەڕی دژی داعشدا دەزانن. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لە هاوئاهەنگیی هەواڵگیری و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ هاوکاریکردنی هەسەدە لە ریشەکێشکردنی شانە نووستووەکانی داعش و بەئامانجکردنی سەرکردەکانی. هەروەها هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانیش هاوکاریی هەسەدە دەکات. واشنتن پۆست نووسیویەتی: "هاوسەنگیی هێز لە ململانێ فرەلایەنەکەی سووریا بەندە لەسەر ئامادەیی ئەمریکا. بەرپرسانی ئەمریکا وای دەبینن، ئەگەر هێزەکانی وڵاتەکەیان بکشێننەوە رێگە لە بەردەم سوپای سووریا یان هێزەکانی رووسیا و تورکیا دەکرێتەوە بۆ ئەوەی پێشڕەوی بکەن. ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە جێگیرکردنی هێزە ئەمریکیەکان رێگە لە هێزە ئێرانیەکان دەگرێت 'پردێکی وشکانی' دروستبکەن کە توانای ئەوەیان پێدەدات ئاسانتر چەک بۆ حیزبوڵڵای هاوپەیمانی لە لوبنان دەنێرێت". کشانەوەی بەشێكی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2019 نەخشەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری گۆڕی. بەشێک لەو ناوچانەی کە ئەو هێزە ئەمریکیانە دەیانپاراستن، کەوتنە ژێر دەستی هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و بەشێکی دیکەشیان لە لایەن سوپای سووریا و رووسیاوە پڕکرانەوە. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دوای ئەوە هات، کە دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ رەجەب تەیب ئەردوغان هەڵکرد بۆ ئەوەی بچێتە قوولایی رۆژئاوای کوردستان و سووریا تاوەکو ئەو ناوچانە لە هێزەکانی هەسەدە دابماڵێت. ئەوکاتە، نزیکەی 200 هەزار کەسی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، ئاوارە بوون.
هاوڵاتى وتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند:" لهكۆبونهوهی ئهمڕۆی ئهنجومهنی وهزیراندا بڕیاردرا گوژمەیەکی مانگانە بۆ روبەربونەوەی کێشەی ئاو تەخانبکرێ و یهكێكی دیکەش لهبڕیارهكانی ههرزانكردنی نرخی بهنزین و چارهسهری كێشهی نانهواخانهكانن. رۆژی چوارشەممە 1 ی ئەیلوولی 2021 جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: "لە چەند رۆژی داهاتوو لە عێراقەوە بەنزین دێت بۆ هەرێم و بەو جۆرەش نرخی بەنزین دادەبەزێت، ئەو بەنزینەی دەهات بۆ هەرێم کوالێتی زۆر خراپ بوو، بڕیارماندا لەگەڵ حکومەتی ناوەند ڕێبکەوین بۆ ئەوەی هەم پاڵاوگەی بەرهەم هێنانی بەنزین زیاد بکەین هەم لە عێراقەوە بەنزین بێت بۆ هەرێم بەوەش نرخی بەنزین دادەبەزێت". ئاماژهی بهوهشكرد، "لهماوهی رابردودا، كۆدی بێهاوتای فهرمانبهرانمان راگهیاند ولهو چوارچێوهیهشدا كۆدی 460 هەزار فهرمانبهر تهواو بونه و پهنجهمۆریان وهرگیراوه، ئهم بابهتهش لهقۆناغی یهكهم تهواو بوه، دهدرێته وهزارهتی دارایی بۆئهوهی ههژماری بانكیان بۆ بكرێتهوه، ئهمهش لهچوارچێوهی كارنامهو بهڵێنی حكومهتدایه سهبارهت به ئهلیكترۆنیكردنی مامهڵكردنه به پاره، بهمزوانهش قۆناغی كۆتاییهێنان بهدروستكردنی كۆدی بێهاوتا دهستپێدهكاتهوه و ههندێك وهزارهت و دامودهزگای ئهمنی دهگرێتهوه". ئهوهشی ئاشكراكرد، بڕیاریشدرا ههردوو وهزارهتی سامانه سروشتیهكان و بازرگانیهكان ههڵدهستن به هێنانهخوارهوهی نرخی گازی شل بۆ نانهواخانه و سهمونخانهكان بهههماههنگی لهگهڵ كۆمپانیاكانی بهرههمهێنان، ههروهها وهزارهتی كارهبا بهرێژهی 20% نرخی كارهبا لهسهر سهمونخانه و نانهواخانهكان كهمدهكاتهوه، وهزارهتی بازرگانیش ههڵدهستێت بهههماههنگیكردن لهگهڵ وهزارهتی بازرگانی عێراق بۆ دابینكردنی بهشه خۆراكی هاوڵاتیان بهتایبهت بهشه ئاردی مانگانه.
هاوڵاتى قوباد تاڵەبانی پەیامێکی دەربارەی هاوپەیمانی کوردستان و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن بڵاوکردەوە و دەڵێت، "داواتان لێدەکەم لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بەکاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان بدەن". ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی ئەیلولی 2021، قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان پەیامێکی دەربارەی هاوپەیمانی کوردستان و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن لەسۆشیاڵ میدیای خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" بەیەکەوە بەهێزترین تەنها دروشمێکی هەڵبژاردن نییە بەڵکو بیرۆکەیەکە کەبەدرێژایی چەندین نەوە پاڵنەر و هێزی ئەوان بووە وەک نەتەوەیەک". قوبادتاڵەبانی باسی لەوەشکردووە:" بەیەکەوە دەتوانن داکۆکی لەکوردستانی بوونی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بکەن و بەیەکەوە دەتوانن شەڕی پاراستنی مافی پێکهاتەکان و زامنکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆ هەمووان بکەن". دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی: بەیەکەوە بەهێزترین تەنها دروشمێکی هەڵبژاردن نییە بەڵکو بیرۆکەیەکە کەبەدرێژایی چەندین نەوە پاڵنەر و هێزی ئێمە بووە وەک نەتەوەیەک و بەیەکبوون و یەکگرتوویمان لەبەغدا دەتوانین مووچە و خزمەتگوزاری و سەقامگیری بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەربکەین. بەیەکەوە دەتوانین داکۆکی لەکوردستانی بوونی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بکەین و بەیەکەوە دەتوانین شەڕی پاراستنی مافی پێکهاتەکان و زامنکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆ هەمووان بکەین. داواتان لێدەکەم لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بەکاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان بدەن لەبەرئەوەی بەیەکەوە بەهێزترین و بەیەکەوە تیمێکی یەکگرتوو دەنێرینە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێوە کەخەمی ئێمەن. بەیەکەوە خەونی مام جەلال و کاک نەوشیروان بەدیدەهێنین و رێککەوتننامەی دەباشان سەردەخەین و بەیەکەوەش رۆحی ئەو دوو سەرکردە مەزنەش شاد دەکەین. بەیەکەوە بەهێزترین
هاوڵاتى لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وزیران جەخت لەوە كرایەوە لە داهاتویەكی نزیكدا وەزارەتی نەوتی عێراق بەنزینی ئۆکتان بەرز و نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت. رۆژی چوارشەممە 1 ی ئەیلوولی 2021 بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاماژەی بە سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان کرد و بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی ناویبرد کە پێیوایە "دووپاتکردنەوەی گرنگیدانی فەرەنسایە بە پەیوەندیی لە گەڵ هەرێمی کوردستان و نیشانەی پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا". بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، تیشکیان خستەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان لە وەرزی سەرما و چارەسەرکردنی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە رەچاوکردنی تەندروستیی و ژیانی هاووڵاتیيان و بەرگرتن لە هێنانی سووتەمەنی کوالیتی خراپ بۆ ناو هەرێمی کوردستان. هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە بۆ ناردنی بەنزینی ئۆکتان بەرز و نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پرۆژە و هەنگاوەکانی وەزارەتەکانیان بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان خستەڕوو، بە تایبەتی لە بواری پاراستنی ئاوی ژێر زەویی و بەرگرتن لە زیادبوونی دابەزینی ئاستیان و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی لە رێگای تەواوکردنی پرۆژەی بەنداو و پۆندەکان بۆ گلدانەوەی ئاو و دابینکردنی بودجەی بەکاربردنی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی شارەکان. دواتر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی باسیان لە ئامادەکاریی و رێکارەکانی خۆپارێزیی کردنەوەی قوتابخانەکان و دەستپێکی ساڵیی نوێی خوێندنی 2021-2022 بە ئاراستەی زیادکردنی سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایانی پەروەردە و مامۆستا و قوتابی و فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەنجوومەن وەزیران جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی گرنگیدان و برەودان بە پەروەردە و فێرکردن و مامۆستایان کە خولقێنەری نەوەیەکی خوێندەوار و تەندروست و رۆشنبیرن بە رەچاوکردنی پاراستنی ژیان و تەندروستیشیان. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، پوختەیەکیان دەربارەی گرنگی بەشداریی هەرێمی کوردستان لە دایەلۆگی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سوودەکانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
عەمار عەزیز زیاتر لە 20 ساڵە فڕۆكەكانی توركیا ناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك بۆردومان دەكەن و بەو هۆیەوە تا ئێستا 34 كەسی مەدەنی شەهیدكراون و 250 گوند چۆڵ كراون بێجگە زیانە مادییەكان، دوای ئەو هەموو قوربانییە هاووڵاتیانی بادینان و بەرپرسانی كارگێڕی داوای راگرتنی بۆردومانەكانی توركیاو راگرتنی لەشكركێشی بۆ سەرخاكی هەرێم دەكەنەوە. سوپای توركیا بەبیانووی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەمانگی نیسانی ئەمساڵەوە لەشكركێشی ئەنجامداوەو بەقوڵایی 25 كیلۆمەترو بەپانتایی 20 كیلۆمەتری دیكە ناوچەكانی بادینانی داگیركردووەو دەیان بنكەی نوێی سەربازیی دروستكردووەو سەدان ئەرتەشی لەو ناوچانە بڵاوەپێكردووە. بەپێی هەندێ سەرچاوە زیاتر لە 40 بارەگای میت لەهەرێمی كوردستاندا بوونی هەیەو زۆرینەیان لەپارێزگای دهۆك و هەولێردایە. توركیا بەردەوامە لە لەشكركێشی و بۆردومانەكانی بۆ ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و نوێترین بۆردومانی بۆ ناوچەكانی شارباژێرو پێنجوێن بوو كە زەوی كشتوكاڵی جووتیارانی كردبووە ئامانج. بەشێك لەهاووڵاتیانی بادینان دەڵێن بۆردومانەكانی توركیا ترس و دڵەڕاوكێی زۆری بۆ دروستكردوون، داوا دەكەن رابگیرێت. ساڵح زاهیر، چالاكوان و خوێندكاری ماستەر لەقەزای ئاكرێ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «بۆردومانەكانی توركیا چەندین ساڵە بەردەوامە، بەڵام ئێستا لەڕادەبەدەرەو هەر شوێنێكیان بەمەترسی ببینن توركیا بێ دوودڵی ئەگەر لەناوجەرگەی پارێزگاش بێت بۆردومانی دەكات». ساڵح زاهیر پێشیوابوو كە ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن و زیاتر بەرفراوانترو بەهێزتر دەبن لەناو هەرێمدا، چونكە هەولێرو بەغدا قسەیان نیە لەسەر بابەتەكە و تەنیا لەوشەی (دڵگرانین) زیاتریان پێناكرێت و لێرەدا خەڵكی ئاسایی بەماڵ و موڵكیانەوە زەرەرمەندی یەكەمن. «چارەسەر ئەوەیە پارتی و پەكەكە رێكبكەون و رێگەنەدەن توركیا زیاتر سود لەناكۆكی نێوانیان وەربگرێت، حكومەتی عێراق هەڵویست وەربگرێت و بەرپرسیاری سەروەری خاكی هەرێم وەك بەشێك لەعێراق لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەوڵبدات لە رێگای نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی و كۆنگرەی ئیسلامی فشار لەسەر توركیا بكات كە چیتر كوردستان بوردومان نەكات»، ساڵح زاهیر وای وت. هەروەها سدقی موحەمەد شەریف، خاوەنی یەكێك لەشوێنە گەشتیاریەكانی سنوری قەزای ئامێدی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « بوونی پەكەكە لەسنورەكەمان و هێرشەكانی توركیا بۆ سەریان بووەتە هۆی نەهێشتنی بژێوی ژیانمان، ژمارەیەك لەشوێنی نیشتەجێبوونم هەیە پێش ئەوەی دۆخەكە ئاڵوز بێت ژمارەیەكی زۆر لەخێزانەكان لەخواروو و ناوەڕاست عێراق تەنانەت لەژمارەیەك لەپارێزگاكانی تری كوردستان روویان لەقەزای ئامێدی دەكرد بەمەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش و لەكاتی پشودان و مانەوەیان لەم یەكە گەشتیارییانەی ئێمە نیشتەجێ دەبوون. « سدقی وتیشی وردە وردە ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەكەو زیادبوونی ئەم هێرشانە بووەتە هۆی كەمبوونی هاتنی گەشتیارەكان و مانەوەیان لەسنوری ئامێدی، ئەوەش بەهۆی ترسیان لە بەركەوتن و پاراستنی سەلامەتیان كە ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر كارەكەیان كردووە، وتیشی:» زیاتر لە 15 دەفتەر دۆلارم لە پرۆژەكەدا خەرجكردووە وا بڕوات بەنرخێكی زۆر هەرزان دەبێت بیفرۆشم، چونكە ئێستا لەجیاتی قازانج بكەم تووشی زیانێكی گەورە بووم». كچێكی دانیشتووی ناحیەی چەمانكێ رەخنەی توند دەگرێت لەداگیركارییەكانی توركیا بۆ ناوچەكانی بادینان و دەشڵێت:» توركیا دەیان شوێنیان گرتووەو ئێستا بەموڵكی خۆیان دەزانن». كاژین موحسین، دانیشتوی ناحیەی چەمانكێ سەر بەقەزای ئامێدی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « ئەوەندەی لەبیرمە توركیا بۆردومانی ناوچەكانی ئێمە دەكات، كەسیش نیە پێی بڵێت تاكەی ئەمە بەردەوام دەبێت، تەنها لەسنوری قەزای ئامێدی و ناحیەی كانێ ماسێ، توركیا بەدەیان كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكمان، ئەمەش داگیركارییە، ڕستە پەكەكە لەسنورەكەمان هەیە، بەڵام خۆ ناكرێت بەبیانوی بوونی پەكەكە خاكی ئێمەش داگیربكرێت». «هەڵوێستی عێراق وڵاتانی ئەوروپا زۆر شەرمنانەیە بەرامبەر بۆردومانەكانی توركیا، بیست ساڵە هەر دەڵێن نابێت توركیا خاكی هەرێمی كوردستان بۆردومان بكات، دەبێت هوشدارییەكی توند بدرێتە توركیاو رێگا نەدەن چیتر یەك بست سوپای توركیا بێتە ناوخاكی هەرێم، بەڵام هەموو ئەمانە هەر قسە بووە» كاژین موحسین وا دەڵێت. دانیشتوەیەكی شاری دهۆك پێیوابوو بەردەوامی بۆردومانەكانی توركیا كاریگەریی لەسەر هەموو سێكتەرەكانی ژیان كردووەو هاتنی گەشتیارەكان كەمیكردووە. عەبدولناسر حەسەن، پارێزەرو دانیشتووی دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « ئەوەی توركیا دەیكات بەتەواوی داگیركارییە، هەروەها بنكە سەربازییەكانی لە بامەڕنێ و كانی ماسێ و ناحیەی زێلكان سەر بەقەزای شێخان، سەروەری دەوڵەتی عێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە». ئەو پارێزەرە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە بەداخەوە توركیا سنورێكی زۆری بەزاندووە بەتایبەت لەپارێزگای دهۆك، ئەوەش بەبیانوی بوونی پەكەكە، بەردەوامی بۆردومانەكانی توركیا كاریگەری لەسەر هەموو سێكتەرەكانی ژیان كردووە و جوڵەی بازرگانی و هاتنی گەشتیارەكان و زۆر بواری دیكە كەمیكردووە. بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ داوا دەكات سنورێك بۆ توركیا دابنرێت و فشارێكی بەهێزی لێبكرێت تا چیتر ناوچەكانیان بۆردومان نەكرێت. سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد كە تەنها 2020 و 2021 لەسنوری ناحیەكە سێ كەسی سڤیل شەهیدكراون لەگەڵ برینداربوونی دوو كەس، بۆردومانی ناوچەكەش رانەگیراوە هەر ماوە ماوە توركیا سنوری ناحیەی كانێ ماسێ بۆردومان دەكات و ئەوەش كاریگەری نێگەتیڤی كردووەتەسەر كارو بژێویی هاووڵاتیانی سنورەكە، وتیشی:» هەر شاندێكی حكومی كە سەردانی ناحیەكەمان دەكات یان ئێمە بەشدار دەبین لەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان یەكەم داواكاریمان ئەوەیە كە سنورێك بۆ توركیا دابنرێت و فشارێكی بەهێزی لێبكرێت تا چیتر ناوچەكانمان بۆردومان نەكات، بەڵام بێسوود بووە».