هاوڵاتى بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند:" له‌مه‌ودوا ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ شاری هه‌ولێر بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دابین ده‌كرێت، بۆیە داوایان لەسەرجەم یەکە سەربازییەکان کردووە لیستی خۆیان بۆ وەزارەت بنێرن تاوەکو رۆژی وەرگرتنی ڤاکسینیان بۆ دیاریبکرێت.  رزگار علی، بەڕێوەبەری کاروباری تەندروستی له‌ وەزارەتی پێشمەرگە بەفەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی راگەیاندوە،  دوای ئەوەی، بەڕێوەبەرایەتیەکیان هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر کرد، توانیان نەخۆشخانەی پێشمەرگە بکەن بە بنکەیەکی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ پێشمەرگە. بۆیە لە ئەمڕۆ بەدواوە، دەتوانن رۆژانە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بۆ پێشمەرگە دابین بکەن، لە هەرسێ جۆری ڤاکسینەکان، کە لە سەر ئاستی جیهان بەکارده‌هێنرێن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردوە، " بۆ ئەو مەبەستە داوامان کردووە، هەر بەڕێوەبەراتیەك لیستی خۆی ئامادە بکات و بنێرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پزیشکی، تا رۆژ و کاتیان بۆ دیاری بکرێت. هەروەها داوامان کردووە، لیستی ئەو کەسانەمان بۆ بنێرن، كه‌ ڤاکسینیان وه‌رگرتووه‌ و چ جۆر ڤاکسینێكیان به‌كارهێناوه‌."                                      

  هاوڵاتى   مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەبۆنەی تێپەڕبوونی (25) ساڵ بەسەر رووداوەکانی 31ی ئابدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هێشتا برینەكانی ئەم تاوانە نیشتمانی و نەتەوەییە بە تەواوی ساڕێژ نەبووە"لە بەرامبەردا مەکتەبی سیاسیی پارتی، وەڵامی بەیاننامەکەی یەکێتی دەداتەوە :"31ـی ئابی مێژوویی (دفع الافسد بالفاسد) بوو". واتا وەدەرنانی خراپتر بوو بە خراپ". ئەمڕۆ 25 ساڵ بەسەر رووداوەکانی 31ی ئابی 1996 تێدەپەڕێت. ئەمڕۆ دووشەممە 30 ی ئابی 2021 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەیاننامەیەکی بەو بۆنەیەوە بڵاوکردەوە. وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەو پەلاماردانە دڕندانەیە و گەڕاندنەوەی سوپای بەعس تەنیا پاش تێپەربوونی شەش ساڵ بوو كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە دژی راپەڕیبوون، تەنیا شەش ساڵ بوو میللەتەكەمان ئەزموونێكی دیموكراتی بۆ خۆی بنیاتنابوو، كە جێی پشتیوانی و هاوسۆزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو." یەکێتی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە: "دوای چارەكە سەدەیەك لەو كارەساتە گەلی کوردستان بەدەست ئاسەوارە خراپە دەروونی و مەعنەوییەكانییەوە دەناڵێنێ كە پایتەخت و تەواوی كوردستانی خستە بەردەم مەحەكی هەڵوەشانەوە و تێكەڵبوونی بە كاغەز و ئەجێندەی سەپاندنی دیفاكتۆی هێز و دەست تێكەڵكردن و دەستتێوەردانی ئیقلیمی ناجۆرو تێكدانی هاوسەنگی هێز و ململانێ سرووشتی سیاسی." لە کۆتایی بەیاننامەکەی یەکێتیدا هاتووە: "یەكێتی بەتایبەتی و گەلەكەشمان بەگشتی بەپێویستی دەزانێت كە برینی تاوانی 31ی ئاب بەیەكجاری سارێژ بێت، ئەویش بە وازهێنان لە فەرهەنگی خۆسەپاندن، دیفاكتۆی ناڕەواو بەگرتنەبەری بژاردەی دیموكراسیی و ئازادی و دادپەروەری راستەقینە، دوور لە ستەمی گرتن و ئازاردانی كۆمەڵانی خەڵك." لە بەرامبەردا مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە بەیاننامەیەکی زۆر کورت کە تەنیا لە حەوت وشە وەڵامی بەیاننامەکەی یەکێتی دەداتەوە. لە بەیاننامەکەی پارتیدا هاتووە: "31ـی ئابی مێژوویی (دفع الافسد بالفاسد) بوو". واتا وەدەرنانی خراپتر بوو بە خراپ.

  هاوڵاتى وەزارەتی دارایی رایگەیاند:" ئەمڕۆ سێشەممە موچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەكرێت".  دابەشكردنی موچەی ئەم مانگە بەبێ لێبڕین، دەبێتە دووەم مانگ كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ لێبڕین موچە دابەش بكات، ئەمەش دوای ئەوەی لەگەڵ حكومەتی مستەفا كازمی رێككەوتن كرا بۆ موچە مانگانە بەغدا بڕێك پارە بنێرێت تاوەكو ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا لە بودجەدا كراوە بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.  15ی حوزەیران وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، ئەویش دوای وردبینیكردن لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان. 11-07-2021 وەزارەتی دارایی رایگەیاند، پارەكە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانكیی هەرێمی كوردستان.

هاوڵاتى  هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەسەر سووتانی دارستانەکانی دێرسم رایگەیاند:"  دێرسم ساڵی 1938 بە چ هۆکارێک بۆردومانکرابێت، دارستانەکانیشی بە هەمان هۆکار دەسووتێنرێن". سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە چەند توویتیکدا رەخنەی لە حکومەت گرتووە و دەڵێ کە بە دەستی ئەنقەست ئەو دارستانانە دەسووتێنرێن و دەڵێ: "کۆنترۆڵنەکردنی ئاگری دارستانەکانی دێرسم بێ توانایی نییە. زۆربەی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە بە دەستی ئەنقەست دەسووتێنرێت و رێگەش نادرێت ئەو ئاگرە کۆنترۆڵ بکرێت. ئەمە سیاسەتێکی فەرمییە دەیان ساڵە بەردەوامە. بەداخەوە کە هەمووان ئەم راستییە دەزانن بەڵام بوێریی باسکردنیان نییە. ساڵی 1938 بە چ هۆکارێک بۆردومانکرابێت، ئەو دارستانانەش بە هەمان هۆکار دەسووتێنرێن". دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی توویتەکەیدا نووسیوێتی، هەروەک چۆن دڵی لە میلاس، مارماریس و ماناڤگاتدایە، بە هەمانشێوەش دڵی لەگەڵ خەڵکی دێرسم، باشکالە و شەمزینان لێدەدات. هاوکات ئاماژەی بە جیاکاری ناوچەیی لەلایەن حکومەتەوە کردووە و نووسیوێتی:''بەدڵنیاییەوە کۆتایی بەو سیاسەتە دەهێنین کە دابەشکاری دەخەنە نێو وڵات و خەڵک. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەموو ئەوانەی خوازیاری دیموکراسی و ئاشتەوایین دەست بخەنە نێو دەستی یەکدی و لە تەک یەکدیدا بوەستن". زیاتر لە دوو هەفتەیە بەشێک لە دارستانەکانی دێرسمی باکووری کوردستان دەسووتێن. سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی شارەوانیی دێرسم لەڕێی گرتەی ڤیدیۆیی و میدیاکانەوە داوای لە حکومەت کرد، بەڵام بەپێی وتەکانی ئەو حکومەتی تورکیا کەمتەرخەمە و خەمساردە لە کۆنترۆڵکردنی ئاگری ئەو ناوچانە.

هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری رۆژانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و دەڵێت، 2010 تووشبووی دیکە تۆمارکراون و 16 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستداوە. بەپێی راگەیێندراوی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی،  12 هەزار و 310 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 2010 کەسیان پۆزەتیڤ بووە، زۆرترین تووشبوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و کەمترینیش لە هەڵەبجە. ئەو 16 تووشبووەی گیانیان لەدەستداوە، هەشتیان لە هەولێر، چواریان لە دهۆک و چوارەکەی دیکەشیان لە سلێمانی بوون، لە هەڵەبجەش هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا گیانی لەدەستنەداوە. هەروەها 2259 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە، زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین و کەمترینیان لە هەڵەبجە بوون. تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 839 هەزار و شەش پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 292 هەزار و 49 کەسیان پۆزەتیڤ بوون، 248 هەزار و 52 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و پێنج هەزار و 378 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، 38 هەزار و 619 تووشبووش لەژێر چارەسەردان.

  هاوڵاتى وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، ده‌ڵێت گه‌ر بیانه‌وێت له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كۆنتڕۆڵی ویلایه‌تی په‌نجشیر ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ هه‌وڵدان به‌ گفتوگۆ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن. زه‌بیحوڵڵا موجاهید وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان ئەمرۆ دووشەممە 30ی ئابی 2021. باسی له‌وه‌ كردووه‌ كاتێك هێزه‌ بیانییه‌كان هه‌موویان له‌ ئه‌فغانستان كشانه‌وه‌ و حكومه‌تی نوێ دامه‌زرا، هیچ رێكخراوێك بیانووی نامێنێت بۆ جه‌نگ. وتیشی، ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌فغانستاندا له‌ژێر چه‌تری داعشدا چالاكی ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ عێراق و سووریاوه‌ نه‌هاتوون، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ك ئه‌فغانستانین كه‌ هه‌ڵگری هزری داعشن. هاوكات موجاهید باسی له‌وه‌كردووە، دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی تاجیكی، ئه‌حمه‌د مه‌سعود به‌رده‌وامه‌ كه‌ به‌رگریی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ویلایه‌تی پەنجشیر راده‌ستی تاڵیبان نه‌كات، ئه‌گه‌ر دانوستان بێ ئه‌نجام بوو، ئه‌وا په‌نجشیر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی تاڵیبانه‌وه‌ گه‌مارۆدراوه‌.

  هاوڵاتى لەمەوبەر مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ڕوداوەکانی 31ی ئابی ساڵی 1996 بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە:"بیست و پێنج ساڵ بەسەر خیانەتی 31ی ئاب تێپەڕ دەبێت و هێشتا برینەكانی ئەم تاوانە نیشتمانی و نەتەوەییە بەتەواوی ساڕێژ نەبووە" لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئابی 2021 بڵاوکراوەتەوە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نوسیویەتی:" دوای چارەكە سەدەیەك لەو كارەساتە بەدەست ئاسەوارە خراپە دەرونی و مەعنەوییەكانییەوە دەناڵێنێ كە پایتەخت و تەواوی كوردستانی خستە بەردەم مەحەكی هەڵوەشانەوە و تێكەڵبوونی بە كاغەز و ئەجێندەی سەپاندنی دیفاكتۆی هێزو دەست تێكەڵكردن و دەست تێوەردانی ئیقلیمی ناجۆر و تێكدانی هاوسەنگیی هێز و ململانێی سروشتیی سیاسی " ئەم ڕاگەیەندراوەی یەکێتی لە کاتێکدایە کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی بەردەوامە و لە ئێستادا دەسەڵاتەکانی ئەو حزبە زیاتر لای بافڵ تاڵەبانییە کە بەردەوام خاوەنی گوتارێکی نەرم بووە بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان. دەقی ڕاگەیەندراوەکە: بیست و پێنج ساڵ بەسەر خیانەتی 31ی ئاب تێپەڕ دەبێت و هێشتا برینەكانی ئەم تاوانە نیشتمانی و نەتەوەییە بەتەواوی سارێژ نەبووە. ئەمەش دوای چارەکە سەدەیەك لە هێرشی سوپای ڕژێمی سەدام حسێن بەهاوكاریی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەر هەولێری پایتەختی خەونی ئازادی گەلەكەمان كە بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا و بەجەرگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و تێكۆشەرانی ڕێی ڕزگاری . ئەو پەلاماردانە دڕندانەیەو گەڕاندنەوەی سوپای بەعس تەنها پاش تێپەربوونی شەش ساڵ بوو كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە دژی ڕاپەڕیبوون، تەنها شەش ساڵ بوو میللەتەكەمان ئەزمونێكی دیموكراتی بۆ خۆی بنیاتنابوو كە جێی پشتیوانی و هاوسۆزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو. ڕاستە گەلەكەمان بەقوربانیدان و سوربوونی لەسەر درێژەپێدانی خەبات و بە لەخۆبردویی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پشتیوانیی دۆستان، توانی بەسەر ئەم ئازارە كەمەر شكێنەدا زاڵبێت و ڕێگای ئاشتی و لێبوردەیی بۆ پەرەپێدانی ئەزمونی كوردستان بدۆزێتەوە و ڕێی ئاوەدانی و ئاسۆی سەركەوتن بەسەر ڕێی تۆڵە و ناكۆكی و گرژی سەربخات، بەڵام هێشتا دوای چارەكە سەدەیەك لەو كارەساتە بەدەست ئاسەوارە خراپە دەرونی و مەعنەوییەكانییەوە دەناڵێنێ كە پایتەخت و تەواوی كوردستانی خستە بەردەم مەحەكی هەڵوەشانەوە و تێكەڵبوونی بە كاغەز و ئەجێندای سەپاندنی دیفاكتۆی هێز و دەست تێكەڵكردن و دەست تێوەردانی ئیقلیمی ناجۆر و تێكدانی هاوسەنگی هێز و ململانێی سروشتیی سیاسی .. یەكێتی بەتایبەتی و گەلەكەشمان بەگشتی بەپێویستی دەزانێت كە برینی تاوانی 31ی ئاب بەیەكجاری ساڕێژ بێت، ئەویش بە وازهێنان لە فەرهەنگی خۆسەپاندن، دیفاكتۆی ناڕەوا و بەگرتنەبەری بژاردەی دیموكراسیی و ئازادی و دادپەروەری ڕاستەقینە، دوور لە ستەمی گرتن و ئازاردانی كۆمەڵانی خەڵك. سڵاو لە شەهیدانی بەرەنگاریی سوپای بەعس و تێكڕای شەهیدانی گەلەكەمان. سڵاو لە سەب و خۆراگڕیی میللەتەكەمان كە چاوی لە ئایندە و دواڕۆژی گەشترە. سڵاو لە خەڵكی خۆڕاگری هەولێری پایتەختی كوردستان. مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

هاوڵاتى   لەعێراق ئاماری تووشبووانی رۆژانەی كۆرۆنا روو لە بەرزبوونەوە دەكات، وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەش ئاشكرایكرد، 65 تووشبووی ئەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا شەش هەزارو 778 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركراوەو لە بەرامبەریشدا هەشت هەزارو 193 تووشبوو چاكبوونەتەوەو 65 كەسیش بەهۆی كاریگەریی ئەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئامارەكە، كۆی گشتی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بۆ ملیۆنێك و 881 هەزارو 213 كەس بەرزبووەتەوە، لەو ژمارەیەش ملیۆنێك و 727 هەزار و 750 كەس چاكبوونەتەوە، كە دەكاتە رێژەی 91.8%ی كۆی تووشبووان، هاوكات ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتە 20 هەزارو 764 كەس.

هاوڵاتى   فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە نزیک پردی حەسۆ لە بناری قەندیل لەبۆردومانێکدا ئۆتۆمبێلیکی جۆری پیکاب-یان کردۆتە ئامانج. ئەمرۆ دووشەممە 30ی ئابی 2021. لە سنوری ناحیەی ژاراوە لە بۆردومانێکدا لە نزیک پردی حەسۆ لە بناری قەندیل ئۆتۆمبێلکی جۆری پیکاب- دەبڵ لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا کراوەتە ئامانج و تا ئێستا زیانەکان نادیارن. تاوەکو ئێستا زیانە گیانەکانی بۆردوومانەکە نەزانراون، بەڵام بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکە کەوتووەتەوە. پردی حەسۆ دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر و رێگای زیاتر لە 10 گوندی بەسەرەوەیە.

  هاوڵاتى جێگری سەرۆکی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" وەزارەتی تەندروستیم راسپاردووە کار لەسەر بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی بکەن و پلانێک دابڕێژن بۆ رێکخستنەوەی دابینکردنی دەرمان". ئەمرۆ دووشەممە 30ی ئابی 2021 بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکیحكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی دارایی و ئابووری وپلاندانان و تەندروستی کۆبۆتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی لەبارەی کار و پلانەکانی وەزارەتەی خستۆتەڕوو، هاوکات قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، "کە دەبێت چاکسازی بکرێت لە کەرتی تەندروستی بەتایبەت لەبواری دەرماندا. بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد كاری پەلەی لە‌سە‌ر بکەن". هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، "دەبێت هاوسەنگیی و کێبڕکێ هەبێت لە نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی تەندروستی بە شێوازێک کە هاوڵاتیان تێیدا سوودمەند بن". لەبارەی دابینکردنی دەرمان لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی، جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردوە کە پلانێک دابڕێژن بۆ رێکخستنەوەی دابینکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان. هاوکات بەپێی راگەیەندراوەکە، قوباد تاڵەبانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە کار لەسەر بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بکەن بەشێوازێک کە کەرتی تەندروستی باشتر بێت و خزمەتی باشتر بە هاوڵاتیان بکات.

هاوڵاتى  سەرۆکی فەرەنسا لە تویتێکدا رایگەیاند :" فەرەنسا هیچکات پابەندبوونی جەنگاوەرە کوردەکان لە شەڕی دژی داعش لەبیرناکات." ئەمڕۆ دووشەممە 30 ئاب ی 2021 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا وەڵامی تویتێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە و دەڵێت، "ویستم دوێنێ سەردانەکەی خۆم بۆ عێراق لە هەولێرەوە کۆتایی پێبهێنم.. نێچیرڤانی ئازیز، سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە". نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، "خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیکردنی دۆستم ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کوردستان. سوپاسگوزارم بۆ پاڵپشتیی نەگۆڕی فەرەنسا و دۆستایەتیی نێوان کوردستان و فەرەنسا بەردەوام دەبێت." ماکرۆن رۆژی شەممە 28 ئاب ی2021 بەشداریی لە کۆنگرەی لووتکەی بەغدا کرد و دواتر بەرەبەیانی یەکشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت و گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە باوەشێکی گەرم پێشوازیی لێکرا. دوێنێ سەرۆکی فەرەنسا سەردانی شاری موسڵی کرد و لەوێ لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی ئایینی کۆبووەوە. دواتر گەڕایەوە بۆ هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشیان ئەنجامدا کە تێیدا رایگەیاند، "دۆستایەتییەکی تایبەتی لە نێوان فەرەنسا و کوردستان هەیە. گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەرەنسا هەیە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کاتێک سەربازانی ئێمە هاتنە ئێرە و هاوشانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بوون و هاوئاهەنگییان کرد، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بوون". هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەناوی گەلی کوردستانەوە سوپاسی پشتیوانییەکانی سەرۆکی فەرەنسای کرد و گوتیشی "چاومان لە پشتیوانیی فەرەنسایە".

هاوڵاتى  هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە کوژرانی 3 سەرباز و برینداربوونی 4ی دیکەی لە ناوچەی حەفتانینی هەرێمی کوردستان راگەیاند و ناسنامەی سێ گەریلاشی بڵاوکردەوە کە لە ناوچەی مەتین گیانیان لەدەستداوە. هەپەگە کە باڵی سەربازی پەکەکەیە رۆژی 29ی ئابی 2021 راگەیێندراوێكی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی لەگەڵ سوپای تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە ئاماری رۆژانی 27 تاوەکو 29ی ئابی لەخۆگرتووە. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، رۆژی 27 ئاب لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری پارێزگای دهۆک ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان لە ناوچەی نێوان "دەریێ داوەتیا" و "گردی شەهید رێناس" کردووەتە ئامانج و 3 سەرباز کە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کوژراون و 4ی دیکەشیان برینداربوون، دواتر تەرم و بریندارەکان بە هێلیکۆپتەر لە ناوچەکە دوورخراونەتەوە.  بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، فڕۆکە و هێلیکۆپتەری جەنگی و تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە رۆژانی 28 و 29ی ئاب چەند شوێنێکیان لە ناوچەکانی حەفتانین، ئاڤاشین و زاپ بۆردوومان و تۆپباران کردووە و فڕۆکەی چاودێری بەردەوام بە ئاسمانی ئەو ناوچانەدا سووڕاونەتەوە.  لەلایەکی دیکەوە، هەپەگە ناسنامەی 3 گەریلای بڵاوکردەوە کە رۆژی 15ی ئابی 2021 لە "گردی کۆردینە" لە ناوچەی مەتین لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ سوپای تورکیا گیانیان لەدەستداوە. 

    هاوڵاتى وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند :"  ئەژمێری بانكی بۆسەرجەم موچەخۆران و هێزەكانی پۆلیس كراوەتەوەو چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە".  ئەمڕۆ دووشەممە  ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە لە 1-7-2020 چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەپێی ماددەی 13 لەیاساكە، وەزارەتی دارایی راسپێردراوە بە كردنەوەی ئەژمێری بانكی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم. وتیشی:" ئەمڕۆ  مژدەی ئەوەتان دەدەینێ كە ئەو یاسایەو ماددەی 13 چووە بواری جێبەجێكردنەوەو لەهەنگاوی یەكەمدا ئەژمێری بانكی بۆ سەرجەم موچەخۆرانی كەرتی شارستانی و پۆلیس چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە." وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەكرد، پرۆسەكە تەنها لەچوارچێوەی ئەژمێری بانكی بۆ موچە ناوەستێت بەڵكو پەرەی پێدەدرێـت و ژمارەی كەسی بێ هاوتای لەگەڵدایە . ئەوەشی رونكردەوە، ئەو هەنگاوە لەداهاتوودا فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت و هاوڵاتیانیش دەگرێتەوە.

  هاوڵاتى کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند:" ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ناکشێتەوە". رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەکی  رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند:" ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی هیزەکانی پێشمەرگە و لە ماوەی رابردووشدا بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاریان وەک کۆمەک پێشکەشی پێشمەرگە کردووە و لە هاوکاری کردنیشیان بەردەوام دەبن". ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆتایی ئەمساڵدا هێزە شەڕکەرەکانیان دەکشێننەوە، بەڵام هێزەکانی دیکەیان لە مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە بەردەوام دەبن. رۆبەرت پالەدینۆ باسی لەوەشکردووە، "ئێمە رێگایەکی دوورمان لە پێشە لەگەڵ عێراق و هەرێم و ناکشێینەوە"، دەشڵێت، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و پابەندە بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێم. راشیگەیاندووە، لە هەڵبژاردندا پاڵپشتی هیچ هێز و لایەنێک ناکەن، بەڵام جەخت دەکەنەوە لەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت. کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رێوشوێنی پێویست بۆ روبەڕوبونەوەی ساختەکاری لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە گیراوەتەبەر لەم هەڵبژاردنەدا"، دەشڵێت، "هیوادارین خەڵکی عێراق بەشداری کارا لە پرۆسەی سیاسی لە هەڵبژاردندا بکەن." بڕیارە لە رۆژی ١٠ی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان و وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەنەوە. رۆژی چوارشەممەی رابردووش، لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، جینین پلاسخارت نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و هەموو عێراقییەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن تاوەکو هیوایەکی نوێ بهێننە ئاراوە."

  هاوڵاتى  وەزارەتی‌ دارایی‌ هەرێمی‌ کوردستان رایگەیاند :" ئەمڕۆ دووشەممە موچەی چەند وەزارەتێک بەبێ لێبڕین دابەش دەکرێت". وەزارەتی‌ دارایی‌ هەرێمی‌ کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ مووچەی مانگی ھەشتی وەزارەتی ناوخۆ و ھەریەک لە رەگەزنامەی گشتی ھەرێم و ھێزەکانی زێڕەڤانی و بەرگری فریاکەوتن و لیوای نەوت و گاز دابەش دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ مووچەی‌ وەزارەتی‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان و مووچەی‌ کەسوکاری‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی‌ سیاسی‌ دابەش دەکرێت. رۆژی چوارشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی ھەرێم، دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی کرد بەبێ لێبڕین و وەزارەتی تەندروستی مووچەیان پێدرا و پێنجشەممەش مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان دابەشکرا. رۆژی یەکشەممەش، مووچەی‌ یەکەکانی حەفتا و ھەشتای‌ هێزەکانی‌ پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی دابەشکرا.