هاوڵاتى سەرۆکی فەرەنسا لە تویتێکدا رایگەیاند :" فەرەنسا هیچکات پابەندبوونی جەنگاوەرە کوردەکان لە شەڕی دژی داعش لەبیرناکات." ئەمڕۆ دووشەممە 30 ئاب ی 2021 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا وەڵامی تویتێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە و دەڵێت، "ویستم دوێنێ سەردانەکەی خۆم بۆ عێراق لە هەولێرەوە کۆتایی پێبهێنم.. نێچیرڤانی ئازیز، سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە". نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، "خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیکردنی دۆستم ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کوردستان. سوپاسگوزارم بۆ پاڵپشتیی نەگۆڕی فەرەنسا و دۆستایەتیی نێوان کوردستان و فەرەنسا بەردەوام دەبێت." ماکرۆن رۆژی شەممە 28 ئاب ی2021 بەشداریی لە کۆنگرەی لووتکەی بەغدا کرد و دواتر بەرەبەیانی یەکشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت و گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە باوەشێکی گەرم پێشوازیی لێکرا. دوێنێ سەرۆکی فەرەنسا سەردانی شاری موسڵی کرد و لەوێ لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی ئایینی کۆبووەوە. دواتر گەڕایەوە بۆ هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشیان ئەنجامدا کە تێیدا رایگەیاند، "دۆستایەتییەکی تایبەتی لە نێوان فەرەنسا و کوردستان هەیە. گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەرەنسا هەیە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کاتێک سەربازانی ئێمە هاتنە ئێرە و هاوشانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بوون و هاوئاهەنگییان کرد، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بوون". هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەناوی گەلی کوردستانەوە سوپاسی پشتیوانییەکانی سەرۆکی فەرەنسای کرد و گوتیشی "چاومان لە پشتیوانیی فەرەنسایە".
هاوڵاتى هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە کوژرانی 3 سەرباز و برینداربوونی 4ی دیکەی لە ناوچەی حەفتانینی هەرێمی کوردستان راگەیاند و ناسنامەی سێ گەریلاشی بڵاوکردەوە کە لە ناوچەی مەتین گیانیان لەدەستداوە. هەپەگە کە باڵی سەربازی پەکەکەیە رۆژی 29ی ئابی 2021 راگەیێندراوێكی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی لەگەڵ سوپای تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە ئاماری رۆژانی 27 تاوەکو 29ی ئابی لەخۆگرتووە. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، رۆژی 27 ئاب لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری پارێزگای دهۆک ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان لە ناوچەی نێوان "دەریێ داوەتیا" و "گردی شەهید رێناس" کردووەتە ئامانج و 3 سەرباز کە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کوژراون و 4ی دیکەشیان برینداربوون، دواتر تەرم و بریندارەکان بە هێلیکۆپتەر لە ناوچەکە دوورخراونەتەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، فڕۆکە و هێلیکۆپتەری جەنگی و تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە رۆژانی 28 و 29ی ئاب چەند شوێنێکیان لە ناوچەکانی حەفتانین، ئاڤاشین و زاپ بۆردوومان و تۆپباران کردووە و فڕۆکەی چاودێری بەردەوام بە ئاسمانی ئەو ناوچانەدا سووڕاونەتەوە. لەلایەکی دیکەوە، هەپەگە ناسنامەی 3 گەریلای بڵاوکردەوە کە رۆژی 15ی ئابی 2021 لە "گردی کۆردینە" لە ناوچەی مەتین لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ سوپای تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتى وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند :" ئەژمێری بانكی بۆسەرجەم موچەخۆران و هێزەكانی پۆلیس كراوەتەوەو چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە". ئەمڕۆ دووشەممە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە لە 1-7-2020 چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەپێی ماددەی 13 لەیاساكە، وەزارەتی دارایی راسپێردراوە بە كردنەوەی ئەژمێری بانكی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم. وتیشی:" ئەمڕۆ مژدەی ئەوەتان دەدەینێ كە ئەو یاسایەو ماددەی 13 چووە بواری جێبەجێكردنەوەو لەهەنگاوی یەكەمدا ئەژمێری بانكی بۆ سەرجەم موچەخۆرانی كەرتی شارستانی و پۆلیس چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە." وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەكرد، پرۆسەكە تەنها لەچوارچێوەی ئەژمێری بانكی بۆ موچە ناوەستێت بەڵكو پەرەی پێدەدرێـت و ژمارەی كەسی بێ هاوتای لەگەڵدایە . ئەوەشی رونكردەوە، ئەو هەنگاوە لەداهاتوودا فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت و هاوڵاتیانیش دەگرێتەوە.
هاوڵاتى کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند:" ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ناکشێتەوە". رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند:" ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی هیزەکانی پێشمەرگە و لە ماوەی رابردووشدا بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاریان وەک کۆمەک پێشکەشی پێشمەرگە کردووە و لە هاوکاری کردنیشیان بەردەوام دەبن". ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆتایی ئەمساڵدا هێزە شەڕکەرەکانیان دەکشێننەوە، بەڵام هێزەکانی دیکەیان لە مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە بەردەوام دەبن. رۆبەرت پالەدینۆ باسی لەوەشکردووە، "ئێمە رێگایەکی دوورمان لە پێشە لەگەڵ عێراق و هەرێم و ناکشێینەوە"، دەشڵێت، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و پابەندە بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێم. راشیگەیاندووە، لە هەڵبژاردندا پاڵپشتی هیچ هێز و لایەنێک ناکەن، بەڵام جەخت دەکەنەوە لەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت. کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رێوشوێنی پێویست بۆ روبەڕوبونەوەی ساختەکاری لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە گیراوەتەبەر لەم هەڵبژاردنەدا"، دەشڵێت، "هیوادارین خەڵکی عێراق بەشداری کارا لە پرۆسەی سیاسی لە هەڵبژاردندا بکەن." بڕیارە لە رۆژی ١٠ی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان و وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەنەوە. رۆژی چوارشەممەی رابردووش، لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، جینین پلاسخارت نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و هەموو عێراقییەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن تاوەکو هیوایەکی نوێ بهێننە ئاراوە."
هاوڵاتى وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند :" ئەمڕۆ دووشەممە موچەی چەند وەزارەتێک بەبێ لێبڕین دابەش دەکرێت". وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ مووچەی مانگی ھەشتی وەزارەتی ناوخۆ و ھەریەک لە رەگەزنامەی گشتی ھەرێم و ھێزەکانی زێڕەڤانی و بەرگری فریاکەوتن و لیوای نەوت و گاز دابەش دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەکرێت. رۆژی چوارشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی ھەرێم، دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی کرد بەبێ لێبڕین و وەزارەتی تەندروستی مووچەیان پێدرا و پێنجشەممەش مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان دابەشکرا. رۆژی یەکشەممەش، مووچەی یەکەکانی حەفتا و ھەشتای هێزەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی دابەشکرا.
هاوڵاتى حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک بۆ کۆنترۆڵکردن و نەهێشتنی قۆرغکاری نان دەردەکات و رایدەگەیێنێت، ھەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بازرگانی راسپێردران کە نرخی گازی شلی دابینکراو بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان بهێننە خوارەوە و وەزارەتی کارەباش نرخی ئێستای کارەبا 20% بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان کەم بکاتەوە. رۆژی یەکشەممە 29-08-2021 لە دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا. بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بازرگانی راسپێردران کە نرخی گازی شلی دابینکراو بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان کەمبکەنەوە، هەروەها وەزارەتی کارەباش نرخی ئێستای کارەبا 20% بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان کەم بکاتەوە. دەقی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1. ھەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بازرگانی هەڵدەستن بە هێنانەخوارەوەی نرخی گازی شلی دابینکراو بۆ نانەواخانە و سە موونخانەکان بەھەماھەنگی لە گەڵ کۆمپانیای وەبەرهێنانی غاز و کارگەکان. 2. وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێ بە کەمکردنەوەی 20%ی نرخی ئێستای کارەبای نانەواخانە و سەموونخانەکان. 3. وەزارەتی بازرگانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگاکان، چاودێری چڕی ئاشەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی کوالیتی ئەو ئاردەی بە ھاووڵاتیان دەدرێت دەستکاری نەکرێت. 4. وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان هەڵدەستێت بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ زامنکردنی دابینکردن و گەیاندنی بەشەخۆراکی هاووڵاتیان بە تایبەتی ئارد. 5. سەرجەم پارێزگاکان و بازگەکانی هەرێمی کوردستان ئاگاداربکرێنەوە کە رێگا نادرێت بەشە خۆراکی ئاردی مانگانە بازرگانی پێوەبکرێت و بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی هەرێم بە هەر جۆر و پێکهاتەیەک بێت. 6. راسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازێکی گونجاو لە بری ئەو بڕە کرێیەی کە کۆمپانیاکانی پشکنین لەسەر سنوورەکان وەریدەگرن بۆ بابەتی هاوردەکردنی ئارد، بەمەبەستی بارسووککردنی ئەو بازرگانانەی کە ئارد هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن و کەمکردنەوەی نرخی ئارد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. 7. سەبارەت بە کارگەکانی دروستکردنی ئارد لە هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە پێشکێشکردنی ئاسانکاری بۆ ئەم کارگانە بە مەرجێک دەبێت ئەم کارگانە بەرهەمەکانیان بە زووترین کات بخەنە ناو بازاڕی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی گونجاو. 8. پارێزگاکان لەڕێگەی لیژنەی قایمقامیەتەکانەوە چاودێری و بە دواداچوونی تووند بۆ نەهێشتنی گرانبوونی نرخی نان و کەمنەکردنەوەی کێشی نان و سزای سەرپێچیکاران دەکەن. 9. دوو هەفتەی دیکە کۆبوونەوەیەکی دیکە بە مەبەستی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکرێت.
هاوڵاتى فڕۆکەخانەی کابول لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە بە موشەک هێرشی کرایەسەر و ئەمریکاش دەڵێت، لەڕێگەی سیستمی بەرگرییەوە بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، لانیکەم پێنج موشەکیان خستوونەتە خوارەوە کە ئاراستەی فڕۆکەخانەکە کرابوون و تاوەکو ئێستاش ئاماژە بە هیچ زیانێکی گیانی نەکراوە. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دەڵێت، سەرەڕای هێرشە موشەکییەکان، فڕۆکەخانەی کابول بە کراوەیی ماوەتەوە. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 26-8-2021 لە هێرشێکی خۆکوژیدا 160 کەسی سڤیل و چەکداری تاڵیبان و 13 مارێنزی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی کابوول کوژران. رۆژی یەکشەممە 29-8-2021 ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویان لەڕێگەی هێرشێکی ئاسمانییەوە لەبەردەم فڕۆکەخانەی کابوول تەقاندووەتەوە. بەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن، لەئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئەمریکا لانیکەم 9 کەسی سڤیل کوژراون، لەنێویاندا منداڵ هەن و ئەمریکاش دەڵێت، لێکۆڵینەوە لەو بارەوە دەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە، هێشتا قسە و باس لەسەر هێرشە خۆکوژییەکەی رۆژی پێنجشەممە نەبڕاوەتەوە کە بووەهۆی کوژرانی زیاتر لە 160 کەسی سڤیل و چەکداری تاڵیبان. ژمارەیەک لە کەسوکاری کوژراوانی ئەو رووداوە بە میدیای بەریتانییان راگەیاندووە، ئەوان ئازیزانیان بە دەستڕێژی گوللـەی هەڕەمەکی دوای تەقینەوەکە لەدەستداوە، نەوەک خودی تەقینەوەکە. رۆژی سێشەممە 31-08-2021 کۆتایی بە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی کابول دێت؛ واشنتن رایگەیاندووە، نزیکەی 300 ئەمریکی لەگەڵ سەتان ئەفغانی ماون لە فڕۆکەخانە بیانبەنە دەرەوە، تاڵیبان جەخت لە دەرچونی هێزە بیانییەکان لە وادەی خۆی دەکاتەوە و دەڵێت، لە دوای 31ی ئابەوە بەرپرسیارییەتی سەلامەتی بەردەم فڕۆکەخانە لە ئەستۆ ناگرێت.
هاوڵاتى سەرۆکی فەرەنسادا، ئیمانوێل ماکرۆن بە نێچیرڤان بارزانیی راگەیاند "دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە لە وەفاداریی فەرەنسا بۆ کورد". ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا وتی "دۆستایەتییەکی تایبەتی لە نێوان فەرەنسا و کوردستان هەیە. گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەرەنسا هەیە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کاتێک سەربازانی ئێمە هاتنە ئێرە و هاوشانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بوون و هاوئاهەنگییان کرد، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بوون". دەقی قسەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا سوپاس.. زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە، لەگەڵ جەنابتان و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران و جێگرانی سەرۆکی هەرێم. زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەک. بەڕاستی بەلامەوە گرنگ بوو کە لەگەڵ ئێوەدام و خۆشحاڵیشم لە هەولێرم. دۆستایەتییەکی تایبەتی لە نێوان فەرەنسا و کوردستان هەیە. گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەرەنسا هەیە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کاتێک سەربازانی ئێمە هاتنە ئێرە و هاوشانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بوون و هاوئاهەنگییان کرد، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بوون. دەتوانم بڵێم سەربازانمان لەگەڵ هەسەدەش رۆڵێکی باشیان گێڕا. ئەمڕۆ جارێکی دیکە هاوسۆزیی گەلی فەرەنسام بۆ سەرۆک بارزانی دووپاتکردەوە و دڵنیاییم دا لە بەردەوامبوونمان لە هاوکاریکردن لە شەڕی دژی داعش، بۆئەوەی داعش لە سنوورەکانی عێراق و سووریا سەرهەڵنەداتەوە، چونکە ئەم شەڕە پەیوەندیدارە بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ئەوروپاش. هەرێمی کوردستان جوامێریی پیشاندا بەرامبەر بەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە سووریا و ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە لە ئێزدی و سوورییەکان، روویان لە ناوچەکە کرد. فەرەنساش لەگەڵ ئێوەدا بوو لە یارمەتیدانی ئاوارەکان. فەرەنسا جوامێر بوو لەو هاوکاریکردنە و لە رۆژانی داهاتووشدا هاوکاریی حکومەت دەگەیێنێتە نەخۆشخانەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە. لەمبارەیەوە هاوئاهەنگیمان بەردەوام دەبێت. دوێنێش بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقم دووپاتکردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانمان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی خەڵک بێت، بەتایبەتیش هەموو هەوڵێک بدەین لەپێناوی ئاوارە و پەنابەرانی ئێرە. لە بابەتی شنگالیشدا هەرێمی کوردستان لەسەر خەت بوو، جا لەگەڵ حکومەتی عێراقیش بە هەموومان لە هەوڵی دروستکردنی زەمینەیەکی وەهاین کە ئەو خەڵکە بگەڕێنینەوە زێدی خۆیان. بۆ کریستیانەکانیش بە هەمان شێوە، ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ گەڕانەوەیان. لە بابەتی رۆژئاڤاش بە هەمان شێوە لەگەڵتان دەبین بۆئەوەی ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی. بەگشتییش گرنگە کەشێکی ئاشتەوایی لە ناوچەکەدا دروستبکەین. ئێمە لەگەڵ سەقامگیریی ناوچەکەداین و لەگەڵ ئەوەداین ئاشتی بەدەستبهێندرێت. گرنگە ئەکتەرەکانی ئەو ناوچەیە بۆ ئەم مەبەستە بەیەکەوە کار بکەن، ئەوانەی دوێنێ لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی وڵاتان، بە گرنگییەوە هاوئاهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکرێت و رۆڵی کوردیش لەبەرچاو بگیرێت، کە ئێوە رۆڵێکی گرنگتان لەم بوارەدا هەیە. زۆر خۆشحاڵبووین کە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی کۆبووینەوە. لە ماوەیەکی نزیکیشدا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کۆدەبمەوە، دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە لە وەفای فەرەنسا بۆ ئێوە و دۆستەکانی، بەگشتی بۆ کوردەکان. زۆر سوپاس سەرۆکی هەرێم. زۆر سوپاس بۆ ئێوە.
هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا رایگهیاند:" لەم کاتەدا چاومان لەپشتیوانی فڕەنسایە". دوای کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و سەرۆکی فڕەنسا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا كۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسییان ئەنجامدا و باسیان لەناوەڕۆکی کۆبونەوەکە کرد کە پرسی بەردەوامی پشتیوانییەکانی پاریس بۆ شەڕی دژی تیرۆر، وەبەرهێنان، پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان و پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان لەتەوەرە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکە بون. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەكۆنگرە رۆژنامەنوسییەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، بەناوی گەلی کوردستانەوە بەخێرهاتنی ئیمانیۆل ماکرۆن دەکەن و سەردانەکەی رەنگدانەوەی پەیوەندییە مێژوییەکانی نێوان گەلی کورد و فڕەنسایە، هەروەها لەگەڵ سەرۆکی فڕەنسا ژمارەیە پرسیان تاوتوێ کردوە لەوانەش پرسی ئاشتی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا. ئاماژەی بەوەشكرد، سوپاسی دەستپێشخەرییەکەی ساڵی 2017ی سەرۆکی فڕەنسا دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئیمانیۆل ماکرۆن دەکەن.
هاوڵاتى وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستێکی نوێی موچەی مانگی هەشتی بڵاوکردەوە. وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویکردووەتەوە رۆژی دووشەممە 30-08-2021 مووچەی ئەم شوێنانە دابەشدەکرێت: - وەزارەتی ناوخۆ. - رەگەزنامە. - فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەرگریی و فریاکەوتن. - لیوای نەوت. - وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان. - کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانی سیاسی. رۆژی چوارشەممە 25-08-2021 مووچەی مانگی ئابی وەزارەتی تەندروستی بەبێ لێبڕین دابەشکرا. پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندبوو کە رۆژی پێنجشەممە، مووچهی مانگی ئابی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكان بەبێ لێبڕێن دابەشدەکرێت.
هاوڵاتى چەند كاتژمێرێك پێش ئێستا دەنگی تەقینەوە لە کابول بیستراو دوو بەرپرسی ئەمریکی بە میدیاکانیان راگەیاند:" ئەمریکا لە کابول هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە". دوو بەرپرسی ئەمریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، سوپای ئەمریکا هێرشی ئاسمانی لە کابول ئەنجامداوە، باسیان لەوەش کردووە کە لەو هێرشەدا چەکدارانی خۆراسانی داعش کراونەتە ئامانج. وتەبێژی تاڵیبان رایگەیاندووە، ئەمریکا لە هێرشەکەیدا کەسێکی خۆکوژی لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا کردووەتە ئامانج "کە ویستوویەتی بچێتە فڕۆکەخانەی کابول [بەمەبەستی خۆتەقاندنەوە]". بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەفغانستان بۆ میدیاکان، لە هێرشەکەدا منداڵێک کوژراوە و چەند کەسێکیش بریندار بوون. هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر شەقامی "شەهید" لەناوچەی هانگرە بوە کە ڕێگەیەکە دەچێتەوەسەر فڕۆکەخانەی کابوڵو بەپێنج موشەک هێرشەکە ئەنجامدراوە. پێشتر هەندێک سەرچاوە باسیان لەوە کرد کە دەنگی تەقینەوە لە کابول-ی پایتەختی ئەفغانستان بیستراوە. ئەمەش دوای چەند رۆژێک دێت لە چەند تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە نزیک فڕۆکەخانەی کابول، کە بەهۆیەوە لانیکەم 170 کەس کوژران و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون. رۆژی شەممە 28-08-2021 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا لە ئەنجامدانی "هێرشی تیرۆریستیی دیکە" لە کابوول، بەتایبەتی لە 24 بۆ 36 کاتژمێری دوای قسەکانیدا. وتیشی، هێرشەکانی ئەمریکا "کە بەهۆیەوە دوو ئامانجی داعشی پێکاوە" لە تۆڵەی کوژرانی 13 سەربازی ئەمریکی و 170 سڤیلدا بووە کە لە هێرشە خۆکوژییەکاندا کوژران.
هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماری رۆژانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگهیاند:" 1513 تووشبووی دیکە تۆمارکراون و 17 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستداوە". بەپێی راگەیێندراوی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 10 هەزار و 59 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 1513 کەسیان پۆزەتیڤ بووە، زۆرترین تووشبوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و کەمترینیش لە هەڵەبجە. ئەو 17 تووشبووەی گیانیان لەدەستداوە، هەشتیان لە هەولێر، حەوتیان لە سلێمانی و دووانیان لە دهۆک بوون، لە هەڵەبجەش هیچ تووشبوویەک گیانی لەدەستنەداوە. هەروەها 2129 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە، زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و کەمترینیان لە هەڵەبجە بوون. تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 826 هەزار و 696 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 290 هەزار و 39 کەسیان پۆزەتیڤ بوون، 245 هەزار و 793 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و پێنج هەزار و 362 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، 38 هەزار و 884 تووشبووش لەژێر چارەسەردان.
هاوڵاتى جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی لەبارەی 'کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی' بڵاوکردەوە و راگەیاند رۆڵی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا گرنگە. لە پەیامەکەیدا، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی کارەکانی لوتکەی بەغدا بوو، جۆ بایدن، پیرۆزبایی لە حکومەتی عێراق کرد بە بۆنەی میوانداریکردنی لووتکەکە و بە "پێشەنگ و مێژوویی" ناوی برد. بایدن وتی: "لووتکەیێکی لەو شێوەیە ئێستا لە هەموو کاتێک گرنگترە. لە کاتێکدا لە هەوڵداین گرژییەکانی نێوان وڵاتانی دراوسێی عێراق هێوربکەینەوە و هاوکاری لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرفراوان بکەین". لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق، جۆ بایدن وتی کە ئەمریکا لە چوارچێوەی "رێککەوتنی ستراتیژی" لەگەڵ هاوبەشەکەی دەبێت و بەردەوام دەبێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری زیاتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. بایدن باسی لە رۆڵی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ناوچەکەدا کرد و گوتی ئەو کاتەی من و سەرۆکوەزیران کازمی لە نووسینگەی سەرۆکایەتی یەکدیمان بینی، ئێمە رۆڵی گرنگی عێراق لە ناوچەکە و ئەو "هەوڵە گرنگانەی" لە لایەن حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دراون، تاوتوێ کرد بۆ بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان عێراق و دراوسێکانی. بایدن سوپاسگوزاریی خۆی دەربڕی بۆ هەبوونی هاوبەشێک (عێراق)، کە بە گوتەی ئەو تێڕوانینی هاوبەشی هەیە لە بارەی سیاسەتی دەرەوە.
هاوڵاتى وهزیری بهرگری عێراق رایگهیاند:" وهزارهتهكهی چاوهڕێی دهرخستهی توركیا دهكات بۆ كڕینی فڕۆكهی بێفڕۆكهوان و هەلیكۆپتهر و سیستمی بهرگری. جومعه عیناد وهزیری بهرگری عێراق لە چآوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقیەی فەرمی ڕایگهیاند، فڕۆكهی بێفڕۆكهوانی جۆری "بهیرهقدار"ی توركیا زۆر ورد و پێشكهوتون، لهچهندین وڵاتی وهك سوریا و ئازهربایجان و لیبیا سهركهوتنی گهورهیان بهدهستهێناوه. عیناد وتی:"داوامان له توركیا كردوه دهرخستهی تایبهت به فڕۆكهی جۆری (بهیرهقدار تی بی 2) لهگهڵ هەلیكۆپتهری جۆری (ئاتاك 1) و سیستهمی دژه درۆنمان بۆ بنێرن و بڕیارە ڕۆژی سێ شەممە بگاتە دەستمان" ناوەڕاستی ئەم مانگە، وهزیری بهرگری عێراق سهردانی پێشانگای پیشهسازی بهرگریی IDEF21ی له ئیستانبوڵ كرد. وهزیری بهرگری باسی له ئەوهشكرد، له پهراوێزی لوتكهی پێشانگاكهدا و لهمیانهی كۆبونهوهی لهگهڵ خڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری تورکیادا ئەم پێی ڕایگهیاندوه:"توركیا پێویسته دهرخستهكانی ئاماده بكات بۆئهوهی عێراق بتوانێت فڕۆكهكان بكڕێت".
هاوڵاتى سەرۆکى فەرەنسا ئاشکرایدەکات وڵاتەکەى کاردەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەى موسڵ، لەو چوارچێوەیەشیدا کونسوڵخانە لەو شارە دەکەنەوە. ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەرەنسا لە میانى سەردانەکەیدا بۆ موسڵ و لە کۆبونەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتى ئاینى مەسیحى لە کڵیساى ساعە رایگەیاند، کاردەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەى موسڵ لە ماوەیەکى کەمدا، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک پرۆژەمان هەیەن یەکێک لەو پرۆژانەش کردنەوەى کونسوڵخانەى فەرەنسایە لەوشارە. راشیگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانى عێراق کاردەکەن بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکانى موسڵ بۆ ناوچەکانى خۆیان. سەرۆکى فەرەنسا جەختیکردەوە، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە نێویشیاندا فەرەنسا، پابەندن بە پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى عێراق.