هاوڵاتى وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: " ئێمە قبوڵ ناکەین پەکەکە لەم ناوچەیە هەبێت و ببێتە هەڕەشە بۆ تورکیا، ئێمە پاڵپشتی تەواوی خۆمان ئاڕاستەی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی پەکەکە لە عێراق نەمێنێت". ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاب 2021 مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەمیانی وتارێکدا لە لوتکەی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی رایگەیاند، "لە ساڵی 2003 ئێمە سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی بەرفراوانمان کرد لەسەر ئاستێکی باڵا بۆ ئەوەی کە بتوانین سەقامگیری عێراق بپارێزین، وەکو لە چۆن هەوڵماندا پاڵپشتی لە عێراق بکەین بەهەمانشێوە ئەمڕۆش پشتیوانی دەکەین، عێراق برای ئێمەیە و هەمومان ئەمە باش دەزانین ئەگەر بێت و عێراق سەقامگیر نەبێت هیچ کەسێک ئاسودە نابێت لە ماڵی خۆی و بە ئاسودەیی لە ماڵی خۆی دانانیشێت و خۆشگوزەران نابێت". چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتەکەی مستەفا کازمی ھەنگاوی باشی ناوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلی عێراق و وتی، "ئامادەین بەشداری لە پڕۆژەکانی ژێرخان لە عێراقدا، بکەین". لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە بوونی پەکەکە لە عێراق و هەڕەشەکانی بۆ سەر تورکیا ئەوەشی خستەڕو: "گەشەی ئابوری و بازرگانی ناکرێت جێبەجێ بکرێت، ئەگەر بێت و ئەو ئاڵنگاریانەی کە لەناو عێراقدا هەیە بمێنێتەوە بەتایبەتی ئاڵنگاری گروپە چەکدارەکان، کە کێشەیەکی زۆر دروست دەکەن بۆ عێراق و ناوچەکە، ئێمە باش دەزانین کە گروپەکان داعش و پەکەکە و گوللەن کێشەیەکی زۆریان دروستکردوە لەم ناوچەیە، ئێمە قبوڵ ناکەین پەکەکە لەم ناوچەیە هەبێت و ببێتە هەڕەشە بۆ تورکیا، ئێمە پاڵپشتی تەواوی خۆمان ئاڕاستەی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی پەکەکە لە عێراق نەمێنێت". وتیشی، "ئومێد دەکەین ئەم لوتکەیە ببێتە مایەی زیادبوونی ھاریکارییەکانمان لەسەر ئاستی ھەرێمی". چاوشئۆغلو باسی لەوەشکرد، "ئێمە لە چوارچێوەی وڵاتێکی دراوسێ بەهەمو شێوەیەک پاڵپشتی براکانمان لە عێراق دەکەین، لە هەمان کاتدا تورکیا توانیویەتی لەم چوارچێوەیەدا لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتان بێت کە هیچ کاتێک پشتی لە عێراق نەکردوە، تورکیا بە هەمو شێوەیەک هەوڵ دەدات بازرگانی و ئابوری خۆی لەگەڵ عێراق بەهێز بکات و دەیەوێت دەروازەی سنوری زیاتر بکاتەوە لە روی وشکان و هێڵی ئاسنین و دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازی لە موسڵ و جێبەجێکردنی بەنداوی زۆر گەورە، ناکرێت هەموی بە یەکجار جێبەجێ بکرێت بەڵکو هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی بۆ دەدرێت، بۆ ئەمەش زۆر پێویستمان بەوەیە سەقامگیری ئەم وڵاتە بپارێزرێت و پێکەوە دەست لەناو دەست بنێین". لە لوتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی بەغدا، ھەریەکە لە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی کوێت، سەباح خالید ئەحمەد سەباح، سەرکۆماری میسر،عەبدولفەتاح سیسی، میری قەتەر تەمیم بن حەمەد ئال سانی، شای ئوردن عەبدوڵڵای دووەم و جێنشینی ئەبوزەبی، محەمەد بن زاید ئال مەکتووم، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت و وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئێران و سعوودیە و نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا، بەریتانیا بەشدارن.
هاوڵاتى سەرۆککۆماری فەرەنسا، رایگەیاند:" نێچیرڤان بارزانی هاوپەیمانی سەرەکی فەرەنسایە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر". لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی ئیلیزێدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە سەردانی بەغدا، هەولێر و موسڵ دەکات. لەم سەردانەیدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان ئێف لۆدریان، یاوەریی ماکرۆن دەکات. راگەیێندراوەکەی کۆشکی ئیلیزێ، هاتووە ئیمانوێل ماکرۆن جیاواز لە سەرکردەکانی دیکەی عێراق باسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و بە "هاوپەیمانیی سەرەکیی فەرەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" ناوی دەبات. کۆشکی ئیلیزێ دەڵێت، لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق، ئیمانوێل ماکرۆن تیشک دەخاتە سەر بەردەوامی هاوئاهەنگی هاوبەش لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ پێشکێشکردنی پاڵپشتی فەرەنسا بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسیی ئێستا و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەنێوان فەرەنسا و عێراق. دواتر ماکرۆن لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لیژنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی عێراقی – فەڕەنسی کۆدەبێتەوە. لەبارەی کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوئاهەنگی و هاوبەشی، لە راگەیێندراوێکەی کۆشکی ئیلیزێدا هاتووە: "ئامانجی ئەم کۆنگرەیە کە عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرەنسا رێکیدەخات بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێی عێراق، کارکردنە بۆ بەرژەوەندی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵات. بەڕێوەچوونی ئەم کۆنگرە بێوێنەیە دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە گفتوگۆی نێوان وڵاتان و گەیشتن بە تەواوکاریی هەرێمی". هەر لەو ماوەیەی ماکرۆن لە بەغدا دەمێنێتەوە، سەردانی ناوچەی کازمییەی شیعەنشین دەکات. دواتر لەگەڵ نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدی و باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کۆدەبێتەوە. لە موسڵیش ئیمانوێل ماکرۆن چاویدەکەوێت بە نوێنەرانی کریستییانەکانی رۆژهەڵات لە کاتیدرالی ئەلساعە، سەردانی شوێنی مزگەوتی نووری گەورەش دەکات کە ئێستا نۆژەن دەکرێتەوە. سەردانی زانکۆی موسڵیش دەکات. راگەیێندراوەکەی کۆشکی ئیلیزێ، جیاواز لە سەرکردەکانی دیکەی عێراق باسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و بە "هاوپەیمانیی سەرەکیی فەرەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" ناوی دەبات. ئیلیزێ دەڵێت، ماکرۆن لە هەولێر "لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان عێراق و هاوپەیمانی سەرەکی فەرەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کۆدەبێتەوە". لە ساڵی 2-12-2017 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا، یەکەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، ئەو کاتە ماکرۆن نێچیرڤانی بارزانی بانگهێشتی کۆشکی ئیلیزێ کرد لە پاریس. کۆبوونەوەی دووەمیش هەر لە کۆشکی ئیلیزێ بوو لە 10-7-2019، کۆبوونەوەی سێیەمیش لە بەغدا بوو لە 2-9-2020، کۆبوونەوەی چوارەمیش لە کۆشکی ئیلیزێ بوو لە 30-3-2021. سەرۆککۆماری فەرەنسا هەر لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانیش کۆدەبێتەوە، هەروەها نوێنەرانی پێشمەرگە. ئاماژە بەوەشکراوە کە ئیمانوێل ماکرۆن لە هەولێر لەگەڵ خێزانی یەکێک لە قوربانییەکانی داعشیش کۆدەبێتەوە "ئەوەش وەکو رێزلێنان و بەرزنرخاندن بۆ شەرڤانانی کورد لە دژی تیرۆر"، ئیلیزێ دەڵێت. دەقی راگەیێندراوی کۆشکی ئیلیزێی فەرەنسا: سەرۆککۆمار، رۆژانی شەممە 28 و یەکشەممە 29ی مانگی ئاب، سەردانی کۆماری عێراق دەکات، لە بەغدا و هەولێر و موسڵ. لەم سەردانەدا وەزیری دەرەوە ژان ئێف لۆدریان یاوەریی دەکات. سەرۆککۆمار لەگەڵ بەڕێز مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی کۆماری عێراق، ئینجا بەڕێز بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبێتەوە. سەرۆککۆماری فەرەنسا تیشک دەخاتە سەر بەردەوامی هاوئاهەنگی هاوبەش لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ پێشکێشکردنی پاڵپشتی فەرەنسا بۆ دووبارە بونیادنانەوەی وڵات و پشتیوانیکردنی پڕۆسەی سیاسی ئێستا و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەنێوان فەرەنسا و عێراق. ئیمانوێل ماکرۆن جیاواز لە سەرکردەکانی دیکەی عێراق باسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و بە "هاوپەیمانیی سەرەکیی فەرەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" ناوی دەبات. هەروەها لەگەڵ بەڕێز محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی عێراقی – فەڕەنسی کۆدەبێتەوە. سەرۆکککۆمار ئامادەی کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوئاهەنگی و هاوبەشی دەبێت. ئامانجی ئەم کۆنگرەیە کە عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرەنسا رێکیدەخات بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێی عێراق، کارکردنە بۆ بەرژەوەندی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵات. بەڕێوەچوونی ئەم کۆنگرە بێوێنەیە دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە گفتوگۆی نێوان وڵاتان و گەیشتن بە تەواوکاریی هەرێمیی. هەر لە بەغدا، سەرۆک سەردانی ناوچەی کازمییەی شیعە دەکات. لەگەڵ نادیە مورادیش کۆدەبێتەوە کە براوەی خەڵاتی 2018ی نۆبڵە بۆ ئاشتی، ئەوەش بۆ تاوتوێکردنی رەوشی پێکهاتەی ئێزدی و مافەکانی ژنان. لە موسڵ، سەرۆک چاویدەکەوێت بە نوێنەرانی کریستیانەکانی رۆژهەڵات لە کاتیدرالی ئەلساعە، سەردانی شوێنی مزگەوتی نووری گەورەش دەکات کە ئێستا نۆژەن دەکرێتەوە. سەردانی زانکۆی موسڵیش دەکات لەگەڵ گەنجە عێراقییەکان لە کچان و کوڕان، پیاوانی کار و قوتابییان. لە هەولێر، سەرۆککۆمار لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان عێراق و هاوپەیمانی سەرەکی فەرەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کۆدەبێتەوە. لەگەڵ سەرۆکی پێشووی هەرێمیش، بەڕێز مەسعوود بارزانی، کۆدەبێتەوە، هەروەها لەگەڵ نوێنەرانی پێشمەرگە. سەرۆک لەگەڵ خێزانی یەکێک لە قوربانییەکانی داعشیش کۆدەبێتەوە، ئەوەش وەکو رێزلێنان و بەرزنرخاندن بۆ شەرڤانانی کورد لە دژی تیرۆر.
هاوڵاتى وهزارهتى پهروهردهى حكومهتى ههرێمى كوردستان رایگەیاند: " لابردنی کتێبی پەروەردەی ئیسلامی لە قۆناغەکانی خوێندن، ئەو بابەتە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی نە لابراوە و نە لاشدەبرێت و نەهیچ بەرنامەیەکیشمان بۆ ئەم بابەتە هەیە. وهزارهتى پهروهردهى حكومهتى ههرێمى كوردستان ئهمڕۆ شهممه 28ى ئابى 2021، لهبارهى لابردنى كتێبى پهروهردهى ئیسلامى له راگهیهندراوێكدا ئاماژهى بهوهكرد، سەبارەت بە ئەو دەنگۆیانەی بڵاو بۆتەوە دەربارەی لابردنی کتێبی پەروەردەی ئیسلامی لە قۆناغەکانی خوێندن، ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە بە هەموولایەکی ڕادەگەیەنین کە ئەو بابەتە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی نە لابراوە و نە لاشدەبرێت و نەهیچ بەرنامەیەکیشمان بۆ ئەم بابەتە هەیە. له راگهیهندراوهكهشدا وهزارهتى پهروهرده ئهوهشى خستهڕوو، بەڵکو بایەخ و گرنگی زۆریشی پێدراوە، بەداخەوە هەندێک کەس ئەم بانگەشەیە دەکەن کە وەک کەرەستەیەکی سیاسی و بۆ مەرامی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنن
هاوڵاتى قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:" ئەم هاوپەیمانێتیەش دواین خەون و رۆئیای خوالێخۆشبوان مام جەلال و کاک نەوشیروانە، بۆیە دەبێت هەموان هەوڵی سەرخستنی بدەین و ئەو خەونە گەورەیەش بەدی بهێنین". نوسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لەرایەەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان کۆبوەتەوە و داوای لێکردون پێکەوە کار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستان بکەن لەپێناو بەدیهێنانی خواست و مافەکانی گەلی کوردستان و خزمەتی ھاوڵاتییان بكەن. قوباد تاڵەبانی لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومی یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی بە ئامادەبونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئاسۆ رەحیم و هەڤاڵ ئەبوبەکر و کاندیدەکانی سلێمانی هاوپەیمانی کوردستان، باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراقی کرد و ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنی بانگەشە و ئەرکی بەرپرسانی حکومی خستەڕو. لەکۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری دا و جەختی کردەوە خواستەکانی هاوڵاتیان بە ئێمەی یەکێتی و گۆڕان دێنەدی، بۆیە دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی. لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا داوای لە بەرپرسانی حکومی کرد، سەرەڕای ئەرکەکانیان لە کاری حکومی کە خزمەتکردنی هاوڵاتییانە، هاوکار بن لەگەڵ ئێمە و کاندیدەکان و کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی هاوپەیمانی کوردستان. وتیشی:" بەشێکی زۆری گرفت و کەموکوڕییەکانی هەرێمی کوردستان، چارەسەر کردنیان لە بەغدایە، بەتایبەت پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران". قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، "ئێمە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگداین و ئەم هاوپەیمانێتیەش دواین خەون و رۆئیای خوالێخۆشبوان مام جەلال و کاک نەوشیروانە، بۆیە دەبێت هەموان هەوڵی سەرخستنی بدەین و ئەو خەونە گەورەیەش بەدی بهێنین". قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە، "دەبێت کار بکەین لەسەر بەشداریکردنی زۆرترین دەنگدەر لەو هەڵبژاردنەدا، یەکگرتویی یەکێتی و گۆڕان لێرە و لە بەغدا کاریگەری دەبێت لەسەر باشتر خزمەتکردن و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان". هەروەها شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، وێڕای پشتگیریکردن لە وتەکانی قوباد تاڵەبانی، جەختی کردەوە کە "دەبێت پێکەوە کار بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان بکەین و ئەو ئەرکەش لەسەر گۆڕان و یەکێتییە و خواستی هاوڵاتیانیش بە کار و بەرنامەی هاوپەیمانی کوردستان بەدی دێت". شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوای کرد بەرپرسانی حکومی هەوڵ بدەن خزمەتێکی زیاتر بە دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە بکەن کە هەژار نشینن، کە خزمەتکردنی خەڵک هەژار و کەم داهات ئامانجی هاوپەیمانی کوردستانە. ئاسۆ رەحیم، ئەندامی جڤانی نیشتیمانی گۆڕان ئاماژەی بە گرنگی هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕاندا لەم هەڵبژاردنەدا و رایگەیاند، "خەڵکی کوردستان داوای خزمەتکردنمان لێ دەکەن و ئێمە لەبەردەم ئەو تەحەدایە داین وەک هاوپەیمانی کوردستان، بۆیە هەروەک چۆن دەبێت بە یەکگرتوییمان لە بەغدا چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکەین، ئاواش دەبێت لێرە لەڕێی نوێنەرانمان لە حکومەت خزمەتی زیاتر بە هاوڵاتیان بکەین". لایخۆیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە وردی باسی لە گرنگی سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستانی کرد و رایگەیاند، کە "دەبێت نوێنەرانی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت وێنە و ئاوێنەی ئەو دو حزبە بن لە بەردەم هاوڵاتییاندا و جێبەجێکاری پلان و بەرنامەی یەکێتی و گۆڕان بن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان". پارێزگاری سلێمانی وتیشی، "خەڵکی ئێمە خاوەن ئیرادەن و مافی خۆیانە داوای خزمەتمان لێ بکەن و ئەوەشیان لێ ڕادەبینین کە لەگەڵمان بن لەم هەڵبژاردنەدا".
هاوڵاتى سەرۆکی حكومەتی عێراق لە لووتکەی بەغدا رایگەیاند: "گرێدانی ئەو کۆنگرەیە لە بەغدا بەرجەستەی رۆڵی عێراق دەکات بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دونیا هەبێت کە لەسەر بنچینەی هاریکاری و تەواوکاری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و زاڵبوون بەسەر زمانی گفتوگۆ و هاوبەشی و رێزگرتنی بەرامبەر بونیادنرابێت". ئەمڕۆ شەممە 28-08-2021 کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی بە وتارێکی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکرد. سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "عێراق لە قۆناغی رابردوودا لەسەر ئاستی جیاواز رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەوە، بەڵام توانیی هەنگاوی فراوان بنێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانە بە ئیرادەی گەلەکەمان و پێداگری لەکارکردن و ژیان لە پێناو داهاتووێک کە شایستەی بێت، بە یارمەتی سەرجەم برایەکانی و دراوسێیەکانی."
هاوڵاتى ئاسیاسێڵ ڕێكەوتننامەیەکی ستراتیژی بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ فیدراسیۆنی عێراقی بۆ وەرزشە ئەلیکترۆنییەکان واژودەکات بۆ بەگەڕخستنی پلاتفۆرمێکی وەرزشیی ئەلیکترۆنی، بەرێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانو بەبازاڕکردن لهئاسیاسێڵ-یش دهڵێت:"لهمڕۆوه پلاتفۆڕمی گەیم سێڵ "GameCell" خراوهتهكار". بهگوێرهى ڕاگهیهنراوێكى كۆمپانیاى ئاسیاسێڵ، لەئیڤێنتێکدا کە لەشاری بەغداو لەکەشێکی تەواو جیاوازو کەموێنەدا سازکرابوو، بەتایبەتیش بۆ ئەو بۆنەیە ئامادەکرابوو، 250 کەس لەوانەی خولیای یاریکردنی ئۆنلاینن ئامادەی ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەیەکی کاری هاوبەشی ستراتیژی بون لەنێوان ئاسیاسێڵو فیدراسیۆنی عێراق بۆ وەرزشە ئەلیکترۆنییەکان. ئهوهش ڕونكراوهتهوه، مەبەست لەو ڕێكەوتننامەیە کە ڕێکەوتننامەیەکە تایبەت بەسپۆنسەرکردن، بەگەڕخستنی تازەترین پلاتفۆرمی ئاسیاسێڵە کە ئەویش گەیم سێڵ "GameCell"ە کە دەبێتە ماڵێك بۆ لەخۆگرتنی سەرجەمی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بەیاریکردنو گەیمینەوە هەیە لەعێراقدا، لەلایەن فیدراسیۆنی عێراقەوە بۆ وەرزشە ئەلیکترۆنییەکان ڕێكخراوەو ئاسیاسێڵ بەخێرایی خستویەتیەکار؛ کە یەکەمینو تەنها کۆمەڵەو پلاتفۆڕمی وەرزشی ئەلیکترۆنی فەرمییە لەعێراقدا. ئاماژه بهوهشكراوه، تاڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی ئاسیاسێڵ، ئامانجی گەیم سێڵ "GameCell"یش کۆکردنەوەی خەڵکە؛ ئەو خەڵکانەی چێژ لەڤیدیۆگەیمو تەماشاکردنی وەرزشی ئەلیکترۆنی دەبینن، یان ئەوانەی کە کۆمەڵگەی گەیمین شتێكی تەواو تازەیە بۆیانو بۆ کەشێكی دۆستانە دەگەڕێن بۆ فێربونی، گەیم سێڵ "GameCell" مەبەستیەتی باشترین ئەزمونی بەکارهێنان پێشکەشبکاتو داواکاری هەموو جۆرە یاریزانە ئۆنلاینەکانو گەیمەرەکان ڕایی بکات، چ کێبڕکێ بێت یان یاریکردنی ڕاگوزەرو ئاسایی یان هەرچییەك بێت لەنێوان ئەو دووانەدا کە ئەمانە هەمووی ئینتەرنێتە 4Gیه خێراترینەکەی ئاسیاسێڵ بەگەڕیدەخات کە فراوانترین تۆڕی ڕوماڵی هەیە لەعێراق. پلاتفۆڕمە نوێیەکەی ئاسیاسێڵ زنجیرەیەك لەخولی یاری هەفتانەو مانگانەو وەرزییانە پێشکەشدەکات کە لەلایەن فیدراسیۆنی عێراقی بۆ وەرزشە ئەلیکترۆنییەکانەوە ڕێکدەخرێنو تیایدا گەیمەرە بەناوبانگەکان دەکەونە کێبڕکێکردنەوە بۆ بردنەوەی خەڵاتی نەختینە. ئیڤێنتەکە خۆی یەکێك بوە لەگەورەترین ئەو بۆنانەی کە بەغدا بەخۆیەوە بینیوە، ئەزمونێکی تێروتەسەلە بەجۆرێك دیزاینکراوە کە هەموو بابەتەکانی گەیمین لەخۆبگرێت، یاری کۆسپلەی "Cosplay" (خۆگۆڕین بەجلوبەرگی تایبەت بۆ نمایشی کارەکتەری دیاریکراو)، ڕۆبۆتی گەورە، سەکۆی یاریکردن، نمایشکردنی فیگەرەکانی ئاکشن، نمایشکردنی ڕوناکیو لەیزەرو خولی یاری دۆستانە، ئەمانە ناوی چەند چالاکییەک بوو کە لەو شوێنە گەورەیەدا ئەنجامدرانو بۆ ئەو مەبەستە دروستکراوە، هەروەها ئەو ڕاستییە نیشاندەدەن کە چۆن ئاسیاسێڵ هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە خزمەتی بەشداربوانیو یاریزانانو گەیمەرەکانی بکات، دوای بەگەڕخستنی ئەم ئیڤێنتە سەرسوڕهێنەرەو نمایشی ڕوناکی تیایدا، چرا حسێن، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بەشی کۆمێرشاڵی ئاسیاسێڵو حەیدەر جەعفەر سەرۆکی فیدراسیۆنی عێراقی بۆ وەرزشە ئەلیکترۆنییەکان، ڕێكەوتننامەی شەراکەتی ستراتیژییان ئیمزاکرد لە نێوانیاندا. ئاسیاسێڵ تەنها کۆمپانیای عێراقی دەبێت کە پشتگیری یایزانانی ئۆنلاینو گەیمەرەکان بکات بەتەکنۆلۆجیا پلەیەکە پێشکەوتووەکەیو ئینتەرنێتە خێراکەی، لەکاتێكدا فیدراسیۆنی عێراقی بۆ وەرزشە ئەلیکترۆنییەکان هەڵدەسێت ڕێکخستنی خولی یارییەکان بەدرێژایی ساڵ کە لەڕێی ئینتەرنێتی 4G ئاسیاسێڵەوە بەگەڕدەخرێن. عومەر فالح بەرێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانو بەبازاڕکردن ڕایگهیاند، "یاریزانانی ئۆنلاینو گەیمەرەکان بەشێکی گەورەن لەبەشداربوانمان، بۆ ماوەیەکی کەم ڕازینەبون لەخێرایی ئینتەرنێت بەهۆی سنوربەندییەکانی ئینتەرنێتی 3Gوە". وتیشى:"لەوکاتەی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی 4G خراوەتەکارو ڕاستەوخۆ دوای مۆڵەتپێدانی 4G بەشێوەیەکی فەرمی چەند مانگێك لەمەوبەر، بارودۆخەکان گۆڕان، چونکە توانیمان ئەو خێرایی ئینتەرنێتەی کە بەشداربوانمان پێویستییان پێیەتی بۆیان دابین بکەین". ئهوهشى ڕونكردهوه، "بەدەم داواکارییەکانیانەوە چوینو شەوو ڕۆژما خستوەتەسەریەك بۆ بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانمان لەپێناو باشترکردنی خێرایی ئینتەرنێت بەجۆرێك کە لەئاستی پێداویستی خەڵكدا بێت، بەتایبەت ئەو خەڵکانەی سەرقاڵی یاری ئۆنلاینو گەیمینن، ئێمە دەزانین کە ئەو خەڵکانەی سەرقاڵی وەرزشی ئەلیکترۆنین هەمیشە بەشێوەیەکی دۆستانە لەلایەن کۆمەڵگەوە سەیرناکرێن؛ بەڵام ئاسیاسێڵ خۆشحاڵە بەوەی بەهرەی خۆی بخاتەگەڕو ببێتە تەنها کۆمپانیای پەیوەندی پشتگیرییان لێبکاتو بەرهەمو خزمەتگوزارییەکانی بەجۆرێك بگونجێنێت کە بەشێوەیەکی باشتر خزمەتیان پێبکات". ئهوهشى وت:"ئەوکارە گرانەی لەئەستۆمان گرتوەو ئەنجاممانداوە بەروبومەکەیمان چنییەوە بەوەی کە ئاسیاسێڵ وەکو یەکەمین کۆمپانیا لەعێراقدا پۆلێنکرا لەڕوی خێراییو ڕوماڵی تۆڕی پەیوندییەوە، ئێمە خۆشحاڵێن بەواژوکردنی ئەم ڕێکەوتننامەیەش لەگەڵ فیدراسیۆنی عێراقی بۆ وەرزشە ئەلیکترۆنییەکان وەکو نیەتێکی ڕاستەقینە لەئاسیاسێڵەوە بۆ پشتیوانیکردنی ئەو خەڵکانەی سەرقاڵی وەرزشە ئەلیکترۆنییەکانن ئهویش پلاتفۆرمی گەیم سێڵ "GameCell"ه کە ئەمڕۆ خستمانەکار". جهختیكردهوه، "ئێمە وەکو ئاسیاسێڵ سپۆنسەری یارییەکان دەکەینو پشتگیری تەکنیکیو داتا سەنتەر دابیندەکەین، بێجگە لەدابینکردنی پشتگیری بۆ ئەوانەی یاری نوێ پەرەپێدەدەن لەگەڵ چەندین سوپرایزی تر لەداهاتودا، ئاسیاسێڵ سورە لەسەر گۆڕینی تێڕوانینو بۆچونی خەڵك سەبارەت بەو خەڵکانەی خەریکی وەرزشی ئەلیکترۆنین". هاوكات حەیدەر جەعفەر سەرۆکی فیدراسیۆنی عێراقی بۆ وەرزشە ئەلیکترۆنییەکان ئاشكرایكرد، "شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە کە لەلایەن دامەزراوەیەکی گەورەی عێراقیو خێراترین کۆمپانیای پەیوەندییەوە لەعێراق پشتگیری دەکرێین کە ئەویش ئاسیاسێڵە، گەیمەرەکانو یاریزانانی ئۆنلاین هەمیشە دڵسۆزییان هەبووە بۆ براندی ئاسیاسێڵ، تەنانەت پێش ئەم هەنگاوە گەورەیەش، ئاسیاسێڵ هەمیشە ئینتەرنێتێکی خێراو جێگیری دابینکردوە کە ئێمە وەکو گەیمەرو یاریزانانی ئۆنلاین پێویستمان پێی بوە بۆ ئەنجامدانی یارییە وەرزشییە ئەلیکترۆنییەکانمان، ئەم پلاتفۆرمە نوێیە کە بۆ ئاسیاسێڵی بەڕێوەدەبەین؛ گەیم سێڵ "GameCell" پێویستییەکی زۆر هەنووکەییە بۆ کۆمەڵگەکەمان". دەربارەی ئاسیاسێڵ: ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکەری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایلو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لەعێراقو له1ى كانونى دوەمی 2021وه ژمارهى بهشداربوی ڕەزامەندی14.7 ملیۆنی تێپەڕاندوە، ئاسیاسێڵ وەکو یەکەم کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لەعێراق، یەکەم کۆمپانیاشە کە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێتو خزمەتگوزای 4G بەکوالێتی یەکی بەرز لەسەرتاسەری سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابینبکات. تۆڕى ئاسیاسێڵ زیاتر 99%ى دانیشتوانى عێراق دهگرێتهوه، ئهمهش وادهكات كه تۆڕهكهى ببێته فراوانترین تۆڕى مۆبایل لهبەرامبەر دوو كۆمپانیایەکەی تری مۆبایل لهعێراقدا، ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لەکانونی دوەمی 2015 بەباشترین دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دادەنرێت کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بەبەرزترین کوالێتی لەعێراق دابیندەکات. لەناوەڕاستی ساڵی 2021، ئاسیاسێڵ وەکو خێراترین خزمەتگوزاری 4G لەعێراق لەلایەن Speedchecker® و گشتگیرترین ڕوماڵی تۆڕی ئینتەرنێت لەOokla ®وە دەستنیشانکرا. سەبارەت فیدراسيۆنی عێراقیی بۆ وەرزشە ئەلیکترۆنییەکان "IQESF" سەبارەت بەفیدراسێۆنی عێراقیی بۆ وەرزشە ئەلیکترۆنییەکان "IQESF" دەستەیەکی قازانج- نەویستی نیشتمانییە کە توانای خۆی سەلماندووە بۆ برەودان بەوەرزشی ئەلیکترۆنیو بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی ئەو وەرزشەو باشترکردنی پێوەرەکانی لەعێراقداو بەخشینی ئیلهام بەکەسانی خاوەن بەهرە لەناوخۆی وڵاتدا لەداهاتوودا. فیدراسێۆنی عێراقیی بۆ وەرزشە ئەلیکترۆنییەکان ئامانجی پشتیوانیکردنی چالاکییەکانی وەرزشی ئەلیکترۆنییە لەعێراق لەگەڵ دابینکردنی شارەزاییو ڕاوێژ، ئەوان قورسایی کاری خۆیان خستوەتەسەر خەڵکی ئاسایی لەوانەی سەرقاڵی وەرزشە ئەلیکترۆنییەکانن، دەزگایەکی حکومی نین. بەوپێیەی فیدراسێۆنی عێراقیی بۆ وەرزشە ئەلیکترۆنییەکان "IQESF" ڕێکخراوێکی قازانج-نەویستە، هەموو ئەو داهاتانەی لێی بەرهەمدێت دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکەو فەندکردنی وەرزشە میللیەکان، لەوانە ڕێکخستنی خولی پاڵەوانێتی قوتابخانەو کۆلیژەکانو پشتیوانیکردن لەدامەزراندنی یانەو ئەنجامدانی دەستپێشخەری تر.
هاوڵاتى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:" لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی نزیکەی 500 ئەمریکی بەجێماو لە ئەفغانستان بکشێننەوە". نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی هەینی 8 هەزار و 500 کەس لە فڕۆکەخانەی کابوولەوە بە فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا و چوار هەزاری دیکە بە فڕۆکەی هاوپەیمانان گوێزراونەتە دەرەوەی ئەفغانستان. لە کۆی ئەو 8 هەزار و500 کەسەی کە بە فڕۆکەکانی ئەمریکا گوێزراونەتەوە، نزیکەی 300یان هاووڵاتیی ئەمریکین و تا ئێستا کۆی گشتی 5 هەزار و 100 ئەمریکی لە دوای 14ی ئابەوە ئەفغانستانیان جێهێشتووە. نێد پرایس باسی لەوەش کرد، بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە "چەند سەد" هاووڵاتیێکی ئەمریکی لە ئەفغانستاندا ماون کە دەیانەوێت ئەو وڵاتە جێبێڵن. دوێنێ جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا پێیوایە کە هێشتا هەڕەشە لەسەر فڕۆکەخانەکە ماوە، "بە دڵنیاییەوە ئێمە ئامادەین و پێشبینی هێرشی دیکە دەکەین."
هاوڵاتى بەپێی بڕیارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان باج لە رێستۆرانت و هۆتێلەكان وەردەگیرێت و ئەو پارەیەش راستەوخۆ لەو گەشتیارانە وەردەگیرێت كە سەردانی رێستۆرانت و هۆتێلە چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەكان دەكەن. مەحمود تۆفیق، بەرپرسی كۆمەڵەی رێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی رایگەیاند:" ئەو سیستمەی كە دانراوە بۆ وەرگرتنی باج لە رێستۆرانتە چوار و پێنج ئەستێرەكان، پارەكە راستەوخۆ لەو كەسە وەردەگیرێت كە لەو رێستۆرانتانە نان دەخوات و بڕەكەشی 10% دیاری كراوە. ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو پارەیە بەو شێوەیە دەدرێت بە حكومەت، كاتێك خاوەن رێستۆرانتێك حیساباتی مانگانەی خۆی دەكات، بۆ نمونە ئەو رێستۆرانتە لە یەك مانگدا پێنج ملیۆن دینار قازانجی بوە، جگە لە خەرجی، لەو بڕە پارەیەی كە بۆی ماوەتەوە، باج و چاودێری دارایی لە 10%ی ئەو پارەیە وەردەگرن، چونكە باج مانگانە دەگەڕێت بەسەر شوێنەكان. بەرپرسی كۆمەڵەی رێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی باسی لەوەشكرد، لیژنەی باج كە دەگەڕێن سەیری حیسابی مانگانەی ئەو شوێنە دەكەن، ئەوانەی لەسەر كاشێر كار دەكەن، ناتوانن فێڵ لە خاوەن رێستۆرانتەكە بكەن، بۆیە هەمو كارەكان بەپێی رێكاری خۆی دەڕوات و بەپێی حیسابات پارەكە وەردەگیرێت.
نامۆ سەربەست بزوتنەوەی تاڵیبان توانی لەماوەیەكی كورتدا زۆرینەی خاكی ئەفغانستان كۆنترۆڵ بكات، بەڵام هاوشێوەی ساڵی 1996 نەیتوانی تەواوی وڵاتەكە بخاتە ژێر دەستی خۆیەوەو دووبارە ویلایەتی پەنجشێر بووەوە پێگەی بەرهەڵستكارانی. ویلایەتی پەنجشێرو ئەفسانەی بەرگری ویلایەتی پەنجشێر كە مانای پێنج شێر دەگەیەنێت، دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی كابوڵی پایتەخت و تەنیا 150 كیلۆمەتر لێوەی دوورە، بەپێی دوا ئامارەكان، دانیشتوانەكەی نزیكەی 173 هەزار كەس دەبن و زۆرینەیان لەنەتەوەی تاجیكین. لەهەشتاكانی سەدەی رابردوودا كاتێك یەكێتی سۆڤیەتی ئەوكات ئەفغانستانی داگیركرد، پەنجشێر تاكە ویلایەت بوو نەیتوانی بچێتە ناوی و تاكاتی كشانەوەی بەسەربەخۆیی مایەوە، ئەوكات ئەحمەد شا مەسعود سەركردایەتی هێزی بەرگریكردنەكەی دەكرد و بەهۆیەوە بەشێرەكەی پەنجشێر ناسرا. دوای كشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت و شكستی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی فرەلایەنە و كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە، ئەحمەد شا مەسعود دووبارە گەڕایەوە ئەوێ و بەهەمان شێوەی یەكێتی سۆڤیەت نەیهێشت تاڵیبان دەستی بگاتە ئەو ویلایەتە. رۆژی 9ی ئەیلولی 2001، واتە تەنیا دوو رۆژ پێش رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر، لەكردەوەیەكی خۆكوژیدا ئەحمەد شا مەسعود لەلایەن رێكخراوی قاعیدەوە، كەئەوكات هاوپەیمانی تاڵیبان بوو لەبەڕێوەبردنی ئەفغانستاندا تیرۆركراو بەماوەیەكی كەم دوای ئەو رووداوە، ئەمریكا ئەفغانستانی داگیركرد. ئازایەتی و دڵسۆزیی ئەحمەد شا مەسعود وایكرد، وەك دیارترین و خۆشەویستترین سەركردەی ئەو وڵاتە بناسرێت و نازناوی شێرەكەی پەنجشێری لێنراو تائێستاش خەڵك وێنەكانی لەسەر تابلۆكان و دیواری ماڵان و تەنانەت جامی ئۆتۆمبێلەكانیشیان هەڵدەواسن. پەنجشێر ئەگەرچی سروشتێكی زۆر جوانی هەیە، بەڵام لەڕووی سەربازییەوە یەكێكە لەناوچە هەرە سەختەكان و دۆڵی پەنجشێر پڕە لە ئەشكەوت و گردو ناوچەیەكی بەردەڵانە. ئەوەش وایكردووە بەرگریكردن لێی ئاسانتربێت و هەموو هەوڵێك بۆ هێرشكردنە سەری شكست بهێنێت. ئەحمەد مەسعود شاو رێچكەكەی باوكی لەگەڵ چوونە ناوەوەی تاڵیباندا بۆ كابوڵ، ئەحمەد مەسعود شا كوڕی ئەحمەد شا مەسعود لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەركەوت بەهەلیكۆپتەر بەرەو ویلایەتی پەنجشێر بەڕێكەوت، دوای گەیشتنی پەیامێكی ئاراستەی ئەفغانییەكان كردو داوایلێكردن پەیوەندی پێوەبكەن بۆ بەرگریكردن دژی تاڵیبان. ئەحمەد مەسعود شا لەدایكبووی ساڵی 1989یەو بەهۆی پەیوەندییەكانی باوكییەوە، خوێندنی سەرەتایی لە تاجیكستان تەواوكردو دوای كوژرانی باوكی خوێندنی ئامادەیی لەئێران و پاشان روویكردە بەریتانیاو ساڵی 2012 ئەكادیمیای ساندهێرستی سەربازیی خوێند، كە یەكێكە لەڕاقیترین و ناودارترین ئەكادیمیاكانی جیهان. دواتر چووە زانكۆی كینكز كۆلێج Kings College و ساڵی 2015 بەكالۆریۆسی لە لێكۆڵینەوە سەربازییەكاندا بەدەستهێنا و ساڵێك دوای ئەوە ماجستێری لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە زانكۆی سیتی بەریتانی بەدەستهێنا. هەر ئەو ساڵە (2016) گەڕایەوە ئەفغانستان و بووە سەرۆكی دامەزراوەی ئەحمەد شا مەسعود. لەگەڵ دەستپێكردنی وتووێژەكانی نێوان ئەمریكا و تاڵیبان لە 2019 دا، ئەحمەد مەسعود چووە كایەی سیاسییەوە و لەویلایەتی پەنجشێر پارتێكی سیاسی بەناوی بەرەی بەرگری دروستكردو سەركردایەتی وتووێژی ئاشتیی نێوان لایەنە ئەفغانییەكانی كرد. داواكاریی ئەحمەد مەسعود بریتیبوو لەئەوەی ئەفغانستان ببێتە وڵاتێكی لامەركەزی و ئازادییەكان فەراهەم بكرێت و ئیسلامێكی میانڕەو پەیڕەوبكرێت و هەموو لایەنەكان كۆببنەوە بۆ لەناوبردنی یەكجارەكیی تاڵیبان. لەگەڵ رێككەوتنی تاڵیبان و ئەمریكادا، ئەحمەد مەسعود پێشبینی گەڕانەوەی بەهێزی تاڵیبانی كرد، بۆیە كەوتە دروستكردنی هێزی سەربازیی و كۆكردنەوەی چەك، ئەوەبوو پێشبینییەكەی هاتەدی و تاڵیبان زۆرینەی وڵاتەكەی كۆنترۆڵكردەوە. دوای كەوتنی كابوڵ، ئەحمەد چووە پەنجشێرو بە چەندڕۆژێك دوای ئەوە وەك راگەیاندنی دەستپێكردنی بەرگری وتارێكی لەڕۆژنامەی واشینتۆن پۆستی ئەمریكیدا بڵاوكردەوەو نووسی:» لەدۆڵی پەنجشێرەوە بۆتان دەنووسم ئامادەم لەسەر رێچكەكەی باوكم بڕۆم، ئەو چەكانەمان هەیە كە پشوودرێژانە لەڕۆژگارەكانی باوكمدا كۆمانكردەوە، چونكە دەمانزانی ئەم رۆژە دێت». هەروەها لەوتارەكەیدا باسی لەوەكردووە بەدەر لەو چەكانەی كۆیانكردووەتەوە، بەشێكی زۆری ئەو سەربازە ئەفغانییانەی توڕەو بێزاربوون لە خۆبەدەستەوەدانی فەرماندەكانیان، بەچەك و كەرەستەكانیانەوە پەیوەندییان پێوەكردوون و چەندین ئەندامی هێزە تایبەتەكانیش، كە بەنوخبەی هێزی سەربازیی ئەفغانستان دادەنران و تەنیا ئەوان توانییان لەچەند شوێنێك بەرگری بكەن دژی تاڵیبان، پەیوەندییان پێوەكردوون. هاوكات لەوتارەكەیدا ئەوەشی خستۆتەڕوو « ئەوانە بەس نین و دەبێت ئەمریكا دەستبەرداری دیموكراسیەتی ئەفغانستان نەبێت لەپێناوی تاڵیباندا و بە چەك و پارە هاوكارییان بكات، چەندڕۆژێك دوای ئەوە وتارێكی لەڕۆژنامەی لوفیگارۆی فەڕەنسیدا بڵاوكردەوەو هەمان داوای لە فەڕەنسییەكانیش كرد». بەرەی بەرگریی باكوور دوای هەڵاتنی ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان، ئەمەرڵا ساڵح جێگری یەكەمی سەرۆك چووە پەنجشێر و لەوێوە خۆی وەك سەرۆكی شەرعیی و كاتیی وڵات ناساندو رایگەیاند:»بەپێی دەستوری ئەفغانستان لەكاتی هەڵاتن یان دەستلەكاركێشانەوە یان مردنی سەرۆكدا، جێگری یەكەم دەبێتە سەرۆكی وڵات تاكاتی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ». لەوێ وێنەكانی لەگەڵ ئەحمەد مەسعوددا بڵاوبووەوە كە پێكەوە بەرەیەكی بەرگرییان دژی تاڵیبان دروستكردووەو بسمیلا موحەمەدی وەزیری بەرگریی ئەفغانستانیشیان لەگەڵدایە. ئەوە بەدەر لەچەندین سەرۆك هۆزو ئەندام و ئەفسەری هێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستان. ژمارەی ئەو هێزەی تائێستا كۆیانكردووەتەوە زۆر بەوردی دیاری نەكراوە، هەندێك دەڵێن زیاتر لەشەش هەزار جەنگاوەرەو هەندێكی تریش دەڵێن دەگاتە 10 هەزارو لەوانەیە زیاتریش بێت، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە رۆژانە ژمارەیان لەزیادبووندایە و بەپێی راپۆرتەكانی یەڵدا حەكیم پەیامنێری ئاژانسی بی بی سی و عزەتوڵا مهرداد پەیامنێری رۆژنامەی واشینتۆن پۆست لە ئەفغانستان، رۆژانە خەڵك لەناوچە جیاوازەكانی ئەفغانستانەوە پەیوەندییان پێوە دەكەن، بەتایبەتی ئەندامانی پێشووی سوپاو هێزە ئەمنییەكانی تر. لەڕووی چەك و پێداویستی سەربازییشەوە، ئەو پەیامنێرانە ئاشكرایانكردووە زۆرینەی ئەو چەكانەی لەبەردەستیاندایە، ئەوانەیە كاتی خۆی لەكشانەوەی سوپای سۆڤیەت دەستیان كەوتووەو بەشێكیشی سەربازەكان لەگەڵ خۆیان هێناویانە. لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش چەند ڤیدیۆیەك بڵاوكرایەوە تیایدا دەركەوت بەرەی بەرگریی چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازییان لەبەردەستدایە و چەندین ئۆتۆمبێل و زرێپۆشی كاتی سۆڤیەتییان نۆژەن كردووەتەوە و خستویانەتەوە كار. ئەوە بەدەر لەچەند هەلیكۆپتەرێكی سەربازیی كە بەر لە بەجێهێشتنی كابوڵا ئەحمەد مەسعود توانی دەستیان بەسەردابگرێت و نەهێڵێت بكەونە دەست تاڵیبان و بردنی بۆ پەنجشێر. ئەگەرەكانی رێككەوتن و سەركەوتن ویلایەتی پەنجشێر رووبەرەكەی سێ هەزارو 610 كیلۆمەتری چوارگۆشەیەو سنوری نێودەوڵەتی لەگەڵ هیچ وڵاتێكی دراوسێدا نییە، بەڵام هێزەكانی بەرەی بەرگری لەبری ئەوەی بەرەو ویلایەتەكانی بەدخشان و توخار بڕۆن تا بگەنە سنوری وڵاتی تاجیكستان و ئابڵوقەكەی سەریان بشكێنن و دەروازەیەك بۆ گەیشتنی هاوكاری و یارمەتی دەرەكی و نێودەوڵەتی بكەنەوە، بەرەو ویلایەتەكانی پەروان و بەگلان پێشڕەوییان كرد كە دەیانگەیەنێتە كابوڵی پایتەخت. سەبارەت بەو هێرشە، بیسملا موحەمەدی وەزیری بەرگری لە تویتێكدا نووسی:» «دەستگیرا بەسەر شارۆچكەكانی دیە سەڵاح و بانو و پولی حەسار لەویلایەتی بەگلانی هاوسنوری پەنجشێردا» لەلای خۆشیەوە ئەسەدوڵا بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی بانو رایگەیاند:»بەپشتیوانی خودا موجاهدینەكانمان توانییان سێ شارۆچكە ئازادبكەن و ئێستا ئێمە بەرەو ناوچەی خینجان بەڕێوەین و بەمزووانە ویلایەتی بەنگلان لەتاڵیبان پاكدەكەینەوە». هاوكات هێزێكی تریان بەسەرۆكایەتی ئەمەرڵا ساڵح توانییان ناوچەی جایكار لەویلایەتی پەروان كۆنترۆڵ بكەن. سەرەتای ئەم هەفتەیە بزوتنەوەی تاڵیبان لەڕێگای باڵیۆزی روسیاوە پەیامێكی نارد بۆ بەرەی بەرگری و داوای دانوستانی لێكردن، لەو بارەیەوە دیمیتری جیرنۆڤ باڵیۆزی روسیا لەو وڵاتە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:»نوێنەرێكی تاڵیبان سەردانی باڵیۆزخانەكەی كردین و بەوپێیەی دەزانن روسیا بارستاییەكی گەورەی لای هێزە سیاسییە جیاوازەكانی ئەفغانستان هەیە، داوای لێكردین نامەیەك بنێرین بۆ پەنجشێر كە بڵێت بزوتنەوەكە نایەوێت بەزەبری هێز بچێتە ناوچەكەوەو حەزی بەچارەسەری ئاشتییانەو رێككەوتنی سیاسی هەیە و چاوەڕێی دانوستانە و دەیەوێت بەڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەرڵا ساڵح كێشەكە چارەسەربكات». لەوەڵامدا ئەحمەد مەسعود شا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی شەرقول ئەوسەت رایگەیاندووە كە» لەپێناو ئاشتیدا ئامادەم لەخوێنی باوكیشم ببورم، بەمەرجێك تاڵیبان راست بكەن و مەرجەكانی ئاشتی جێبەجێبكەن، ئەوان دەڵێن ئەفغانستان نابێتەوە شوێنی توندوتیژی و تیرۆری نێودەوڵەتی، دەبێت ئەوانە بەكرداری ببینین». بزوتنەوەی تاڵیبان مۆڵەتی تەنیا چوار كاتژمێریدایە بەرگریكاران بۆ ئەوەی خۆیان بەدەستەوە بدەن و لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەكەدا سەدان چەكداری بەڕێكرد بۆ كۆنترۆڵكردنی و لەتویتێكدا لەلاپەڕەی فەرمی بزوتنەوەكەدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسییان:»دوای ئەوەی بەرپرسەكانی ویلایەتەكە رەتیانكردەوە بەئاشتییانە رادەستی بكەن، لەئێستادا سەدان موجاهیدی ئیمارەتی ئیسلامی بەرەو ویلایەتی پەنجشێر بەڕێوەن بۆ كۆنترۆڵكردنی». سەبارەت بەئەگەرەكانی سەركەوتن هەندێك چاودێری دۆزی ئەفغانستان باس لەئەوە دەكەن كە ئەحمەد مەسعود شا ناتوانێت وەكو باوكی سەركەوتوو بێت لەسەركردایەتیكردنی بەرەی بەرگریدا، لەوبارەیەوە جیل دۆرنسۆرۆ، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لەزانكۆی یەكەمی پاریس، بەئاژانسی فرانس 24ی راگەیاند:»بەرگریكردنەكە لە پەنجشێر بە سەركردایەتیی كەسێكە لە سێبەری ئەفسانەكەی باوكیدا دەژی و هێندەی ئەو پشتیوانیی و بارستایی سیاسی و خەڵكی نییە، لەگەڵ كەسێكی تر كە تەواو سیاسییە و بۆ چەندین ساڵ پێگەی سەركردایەتیی هەبووە، هاوكات پەیوەندی نێوان ئەحمەد مەسعود و ئەمەرڵا ساڵح تاڕادەیەك ئالۆزە و هەر لەسەرەتاوە جۆرێك لەنەگونجاندن هەبووە لەنێوانیاندا.» هەروەها ئەو لێكۆڵەرە فەڕەنسییە راشیگەیاند:» تاڵیبان لەهەر چوار لاوە ئابڵوقەی پەنجشێری داوە و تەنانەت پێویستی بەئەوەش نییە هێرشی بۆ بكات، هەر هێندەی بەسە ئابڵوقەكەی توند بكاتەوە تائەوان خۆیان بەدەستەوە دەدەن». هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێكی كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی، ئەو ئاماژانە وا دەردەخەن هێزەكانی بەرەی بەرگری رێگای نهێنییان هەبێت بۆ گەیشتنی چەك و خۆراك و پێداویستییەكانیان لەوڵاتانی دەرەوەو بەتایبەتی لە تاجیكستانەوە، بەهەمان شێوەی ئەوەی لە ساڵی 80 كان و 90 كانی سەدەی رابردوودا، ئەحمەد شا مەسعودی ئەفسانەی بەرگریی ئەفغانستان دەیتوانی لەدۆڵی پەنجشێری ئابڵوقە دراوەوە درێژە بەبەرگرییەكەی دژی یەكێتی سۆڤیەت و دواتریش تاڵیبان بدات. هاوكات بیل ڕۆجیۆ لەسەنتەری ئێف دی دی ئەمریكی بۆ لێكۆڵینەوە بە سی ئێن ئێنی راگەیاند:»ئەحمەد مەسعود بەرگرییەكەی لەسەر بناغەی نەتەوەی تاجیكی داناوە، بۆیە ئەفغانییەكانی تر پشتیوانی ناكەن و لەڕووی هاوكاری دەرەكییشەوە وڵاتانی وەك چین و هیندستان كە پێشتر هاوكاریی باوكیان دەكرد، لەیەكەمینی ئەوانە بوون ددانیان بەحوكمی تاڵیباندا نا». لەبەرامبەردا نووسەر و لێكۆڵەری ئەفغانی خودادە رۆزداری بەماڵپەڕی سكای نیوزی راگەیاند:»ئەحمەد مەسعود هاوشێوەی باوكیەتی لەكارێزما و سەركردایەتیكردنداو دەتوانێت هەموو ئەفغانییەكان یەكبخاتەوە. بەدەر لەئەوەش جوگرافیای سەختی ناوچەكە پاڵپشتێكی گەورەیانەو یەكێتیی نێوان خەڵك و سەركردایەتی سیاسیی و سەربازیی لەویلایەتەكەدا بۆ هەموو لایەك ئاشكرایەو ئەوەش گەورەترین چەكیانە». سەبارەت بەهێزی تاڵیبان و توانای كۆنترۆڵكردنەوەی ویلایەتەكە، جۆن بۆڵتۆن لێكۆڵەری سیاسیی دیار، لەلێكۆڵینەوەیەكیدا كە لەگۆڤاری ناشناڵ ئینترێستی ئەمریكیدا بڵاویكردەوە، نووسیویەتی:»تاڵیبان ئەو بەهێزە نین كە دەردەكەوێت و سەركەوتنی ئێستایان كۆتایی چیرۆكەكە نییە، هەستكردنیان بەسەركەوتن ئاوێنەی هێزو جەماوەرییان نییە، بەڵكو هی هاوكاریی پاكستانە». «ئەفغانەكان زۆر بەدەگمەن تا مردن شەڕ دەكەن، لەبری ئەوە پاڵ دەدەنە لای لایەنی باڵادەست، بۆیە نیشاندانی لاوازیی لەلایەن بایدنەوە دیارییەك بوو بۆ سەركردەكانی تاڵیبان تاحاكمی ویلایەتەكان قایل بكەن لەپێناو پاراستنی ژیانیاندا واز لەدەسەڵات بهێنن، ئەوە بەدەر لەخراپی و لاوازیی سەرۆك ئەشرەف غەنی كە دوای هەڵاتنی، بیسملا محەمەدی وەزیری بەرگری نووسی؛ لەپشتەوە دەستیان بەستینەوەو وڵاتەكەیان فرۆشت، نەفرەت لەغەنی و چەكدارەكانی»، جۆن بۆڵتۆن وای وتووە. سەبارەت بەهاوكاریی دەرەكییش، میكائیل كۆگمان شارەزای كاروباری باشوری ئاسیا لەسەنتەری ویلسۆنی ئەمریكی لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی DWی ئەڵمانی راگەیاند:»راپەڕینەكەی ئەحمەد مەسعود لەكاتێكدایە بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا بەماڵپەڕی ئێكسیۆسی راگەیاندووە، رێگا بەبزوتنەوەی تاڵیبان نادەن پارەو یەدەگی بانكی ناوەندیی ئەفغانستان بەكاربهێنێت كە دەگاتە 9.5 ملیار دۆلارو لەویلایەتە یەكگرتووەكان هەڵگیراوە، بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێستا ئەمەرڵا ساڵح سەرۆكی شەرعیی ئەو وڵاتەیە، پێدەچێت ئەو پارانە رادەستی ئەو بكرێن، ئەوە بەدەر لە ئەوەی ئەمجارەیان ئەحمەد مەسعود پشت بەئەمریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا دەبەستێت بۆ هاوكاریكردنی، نەك چین و هیندستان». ئەو شارەزایە پێشیوابوو كە لەڕووی چەك و تەقەمەنییەوە ئەفغانستان لانكەی قاچاغچییەتی چەكەو سەختیی ناوچەكە وادەكات هیچ ئابڵوقەیەك نەتوانێت رێگربێت لەگەیشتنی بە پەنجشێر. لەگەڵ بەڕێكەوتنی هێزەكانی تاڵیباندا بەرەو پەنجشێر، بێرنارد هێنری لیڤی نووسەری فەرەنسی، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، وێنەیەكی خۆی و ئەحمەد مەسعودی بڵاوكردەوەو نووسیویەتی: »بەتەلەفون قسەم لەگەڵ ئەحمەد مەسعود، كوڕی ئەحمەد شا مەسعودی سەركردەی بەرەی بەرگریی نیشتمانی ئەفغانستان كرد، پێی وتم، خۆبەدەستەوەدان لەفەرهەنگی ئێمەدا نیە، بەرگریكردن تازە دەستپێدەكات».
هاوڵاتى سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک وەزیرانی عیراق دوای کۆبوونەوەیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا، هەردوولا جەختیان لە کاری پێکەوەیی کردەوە. ئەمڕۆ شەممە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هەڵوێست و هەوڵەکانی فەرەنسا لە سەرخستنی کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی لە بەغدا بەرزدەنرخێنین". هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، "پێکەوەکارکردنی فەرەنسا و عێراق بۆ سەرخستنی دیموکراسی بەردەوامدەبێت". لە کۆنگرەکەدا مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشدا، بوونی فەرەنسا لە عێراق مێژووییە و کاریگەریی زۆر گەورەی هەیە. "ئێمە بە پەرۆشین تاوەکو لە وزە و کارەبا و بوارەکانی دیکە پێکەوە کاربکەین." سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەبارەی هاوکارییەکانی فەرەنسا لە شەڕی تیرۆر رایگەیاند،"فەرەنسا بەشداربووە لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە شەڕی دژی داعش، سوپاسی خۆمان بۆ هەوڵەکانیان لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی عێراق دووپات دەکەینەوە." . هەروەها وتیشی، "عێراق و فەرەنسا هاوبەشی سەرەکین لە شەڕی دژی داعش و شەڕی دژی تیرۆر، بە دڵنیاییەوە ئەو هاوبەشییە بەردەوام دەبێت بۆ بەرگریکردن لە بەها دیموکراتییەکان لە ئەزموونی عێراقی لاو." لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "سوپاسی هەڵوێستی حکومەتی فەرەنسا دەکەین لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە کەرتی تەندروستی لە ماوەی پەتای کۆرۆنا، جارێکی دیکەی بەخێرهاتنی سەرۆک دەکەم و سوپاسی بەشداریکردنی دەکەم لەو کۆنگرەیە." لە بەرامبەریشدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، "فەرەنسا رژدە لەسەر یارمەتیدانی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان". لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 10ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا، "گرنگە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بێگەرد و بێ کەموکورتی بێت".
هاوڵاتى بڕیارە لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی ئەمڕۆ لە كاتژمێر 12 نیوەڕۆ بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیران دەستپێبکات و ماوەی 2 كاتژمێر بەردەوام دەبێت، سەرۆکی وڵاتان وتاریان دەبێت. لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی لە دوای ساڵی 2003ـەوە فراوانترین کۆبوونەوەی سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی نۆ وڵاتە لە عێراق. ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە عێراق رۆڵی نێودەنگیری لە کێشە و ململانێکانی ناوچەکە ببینێت. لە دوای ساڵی 2003وە یەکەمجارە کۆبوونەوە و لووتکەیەکی فراوانی لەو شێوەیە لە بەغدا رێکبخرێت بە بەشداری سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی 9 وڵات، هەرچەند چاوەڕێی ئەوە دەکرێت لە پەراوێزی لووتکەکە کۆبوونەوەی دووقۆڵی بکرێت. ئامانجی سەرەکیی بەستنی ئەم لووتکەیە، پەیوەندیی بە پرسی ئابووری، سیاسییەکان و ئەمنی و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە هەیە.
هاوڵاتى ئەفغانستان كە نیو سەدەیە گیرۆدەی جەنگە بەگەڕانەوەی جارێكی دیكەی دەسەڵاتی تاڵیبان دوای (20) ساڵ بۆ ئەو وڵاتە بووە مایەی سەرنج، تاڵیبان كە لەتۆرابۆرا خۆی حەشار دەدا خۆی گیاندەوە دەسەڵات و خامنەیش پشتیوانییان دەكات. تاڵیبان لە رابردودا وەك دوژمنێكی ئایدیایی و ستراتیژیی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا بووەتە دۆست و دراوسێی دوژمنەكەی جارانی، بۆیە لەنێو گەرمەی ئەو رووداوانەی ئێستا لەئەفغانستان دەگوزەرێت گرنگە پەی بەنهێنیی پەیوەندیی تاران و تاڵیبان ببرێت. تاڵیبانێك كە تۆمەتبارە بە كوشتنی (10) دیپلۆماتكارو رۆژنامەوانێكی كۆماری ئیسلامی ئێران و گرتنەوەی ئاو لەئێران ئەویش لەكاتێك كە ئەو وڵاتە گیرۆدەی وشكەساڵیی بووە چۆنە ئەمڕۆ متمانەی تارانی بەدەستهێناوە لەكاتێكدا ئێرانیش لە رابردودا ئەوەی لەدەستی هاتبێت بۆ دوژمنایەتیی ئەو گروپە درێغی نەكردوە و ساڵی (1998) بە جێگیركردنی (270)هەزار سەرباز لە سنورەكانی چاوەڕییی فەرمانی كۆتایی بوو بۆ لێدانی تاڵیبان و تەنانەت ساڵی (2001) هاوكاریی ئەمەریكای كرد بۆ لێدانی ئەلقاعیدە و تاڵیبان لە ئەفغانستان، هەموو ئەم روداوانە لە رابردوودا وا دەكەن بڕواكردن بە رێككەوتنی تاڵیبان و تاران قورس بێت لە كاتێكدا راستییەكی حاشاهەڵنەگرە. رەنگە پرسی (شیعە، ئاو، سنوری هاوبەش، ماددە هۆشبەرەكان، دوژمنی دوژمنەكان) گرنگترین ئەو بابەتانە بن كەتاران و تاڵیبان لەیەك نزیك دەكاتەوە. چۆن تاڵیبانی دوژمن دەبێت بەدۆستی ئێران ساڵی (1998) دوای ئەوەی تاڵیبان توانی زۆربەی شارەكانی ئەفغانستان داگیربكات، لەشاری مەزار شەریف هێرش كرایەسەر كۆنسوڵخانەی ئێران و لەئەنجامدا (10) دیپلۆماتكاری ئێرانی و رۆژنامەوانێكی سەر بە راگەیاندنی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو روداوەدا كوژران و ئەمەش بەڕەشترین مێژووی نێوان ئێران و تاڵیبان لەقەڵەمدەدرێت، چونكە ئێران لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا نزیكەی (270) هەزار سەربازو سوپای پڕچەكی خۆی بۆ لێدانی تاڵیبان لەسەر سنورەكانی نێوانیان جێگیر كردو لە ئان و ساتی روودانی ئەو جەنگەدا تاڵیبان رایگەیاند ئەو روداوە پەیوەندیی بەهێزە چەكدارەكانی ئەوانەوە نەبووەو گروپێك بەناوی (سوپای سەحابە) كە سەر بەوڵاتی پاكستان بوون ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە، ئەم لێدوانەی تاڵیبان ئاوی كرد بە ئاگرەكەداو ئەو هەزاران سەربازو زرێپۆشانەی ئێران بۆ جەنگ لەدژی تاڵیبان ئامادەی كردبوو لەشێوازی مانۆڕێكی سەربازیی سەرجەمیان كشانەوە. ئەم روداوە بەئاستێك دۆخی ئێران و بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئاڵۆز كردبوو كە نوێنەرو نێردراوی تایبەتیی كۆماری ئیسلامی ئێران بەنهێنیی دەچێتە ئەفغانستان بۆ دڵنیایی لە راستیی روداوەكەو دواجاریش یەكێك لە كارمەند و دیپلۆماتكارە رزگاربووەكەی كۆنسوڵخانەی ئێران لە مەزار شەریف بەگێڕانەوە راستیی روداوەكە دەبێتە هۆی رێگریی لەو جەنگە، لەسەر ئەم رووداوە فیلمێك بەناوی (مەزار شەریف) لەئێران بەرهەمهێنراوە كە چیرۆكێكە لەهۆكاری وەستانی جەنگی نێوان ئێران و تاڵیبان. ئاشكرابوونی پەیوەندییەكانی تاڵیبان و تاران لەساڵی (2013) بۆ یەكەمجار بەئاشكرا گروپی تاڵیبان دوو وەفدی خۆیان لە ئاستی باڵادا رەوانەی ئێران دەكەن بە مەبەستی دانوستان و پەیوەندیی سیاسی و لە بەرامبەردا حكومەتی ئەو كاتی ئەفغانستان رەخنەی لە كۆماری ئیسلامیی ئێران گرت كە مەبەستی لەو دانوستاندنە ئەوەیە تاڵیبان بۆ تێكدانی دۆخی ئەمنیی لە ئەفغانستان بەكاربهێنێت. ئێران دوای ساڵی (2014) دوای سەرهەڵدانی داعش بۆ پاراستنی سنورەكانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاڵیبان بەرفراونتر كردو ئەمەش بووە هەنگاوێك بۆ پەیوەندیی سەربازیی و سیاسی و دیپلۆماسیی گەرم و گوڕتر لە نێوان تاران و تاڵیباندا. پەیوەندییەكانی تاران و تاڵیبان لەساڵی (2016) و دوای كوشتنی مەلا ئەختەر مەنسور یەكێك لەسەركردەكانی تاڵیبان لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمەریكا زۆر زیاتر ئاشكرا بوو ، بۆ یەكەمجار كۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی (2018) بوونی پەیوەندیی لەگەڵ ئەو گروپەدا رەت نەكردوەو رایگەیاند؛ ئێران بەئاگاداریی حكومەتی ئەفغانستان گفتوگۆو دانوستانی لەگەڵ تاڵیبان كردوە بەمەبەستی چارەسەری كێشە ئەمنی و ئاسایشییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە. پاكستان رایگەیاند لەو ئۆتۆمبێلەی كە مەلا ئەختەری تێدا كراوەتە ئامانج، پاسپۆرتێك دۆزراوەتەوە كە دەریدەخات ئەو بۆ ماوەی دوو مانگ لەئێران بووە. ساڵی (2017) جەنەراڵ شەریف یەفتەلی سەرۆك ئەركانی پێشوی سوپای ئەفغانستان رایگەیاند؛ زۆرینەی ئەو چەك و كەرەستەی سەربازییانەی گروپی تاڵیبان بەكاریان دەهێنێت لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرهەمهێنراوە یان دابین كراوە. لەلایەكی دیكەوە بەرپرسانی سەربازیی ئەفغانستان رایانگەیاندوە زۆربەی فەرماندە و سەركردەكانی گروپی تاڵیبان لەشاری مەشهەد لەئێران نیشتەجێن كەهاوسنورە لەگەڵ ئەفغانستان. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمەریكی لەساڵی (2012) و ساڵی (2015) بڵاوی كردوەتەوە كە ژمارەیەك لەسەركردەكان و ئەندامانی تاڵیبان لەساڵی (2014) لەشار مەشهەد جێگیربوون و تەنانەت نوسینگەی پەیوەندییەكانیان لەو شارە دامەزراندووە. ئەنتۆنیۆ جیوستاتس، نوسەری ئیتاڵی كە خاوەنی زیاترین لیكۆڵینەوەیە لەسەر تاڵیبان، ئاشكرای كردووە كە تاڵیبان چوار ناوەندی سەركردایەتیی هەیە كە بە (شورا) ناویان دەهێنێت و ئەو چوار شورایەش بریتین لەشوراكانی (پیشاوەر، میران شا، باكور، مەشهەد) بۆیە روونە كە بەشێك لە بڕیارو فەرمانەكان بۆ تاڵیبان لەشورای مەشهەدەوە دەردەكرێت. ئەو نووسەرە پێی وایە شورای مەشهەد كە لەلایەن (فەیلەقی قودس)ی سەر بەسوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانیی دەكرێت كێشەو ناكۆكیی لەگەڵ بەشەكانی دیكەی سەركردایەتیی تاڵیباندا هەیەو لەساڵی (2017) مەلا هەیبەتوڵڵا كە یەكێك لە ئەمیرو سەركردەكانی تاڵیبانە، بڕیاردەر و فتوادەری ئەو گروپە بووە بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ چەند سەركردەیەكی دیكەی ناو تاڵیبان، پەنایان بۆ ئێران هێناوەو لەو وڵاتە نیشتەجێبون. رۆژنامەی (تایمز)ی ئەمەریكی لەساڵی (2018) بڵاوی كردەوە كە بەهێزترین جەنگاوەرەكانی تاڵیبان لەئێران راهێنانی سەربازیی دەكەن و تائێستا نزیكەی (600) ئەندامی تاڵیبان لەبوارەكانی تەكنیكی بەرەنگاریی، توانای سەركردایەتی، هاندانی خەڵك بۆ پەیوەستبوون، بەكارهێنانی چەك و كەرەستەی سەربازیی، دروستكردنی بۆمب لەئێران راهێنانیان پێكرابێت. ساڵی (2019) وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەڕاپۆرتێكی تێروتەسەلی حەوت بەشیدا پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و تاڵیبانی بڵاوكردەوەو رایگەیاند تاران پشتیوانیی لەتاڵیبان و گروپە تیرۆریستییەكانی دیكەی ئەفغانستان دەكات. محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئێران لەساڵی (2019) لەكاتی دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكاو تاڵیبان لەوڵاتی قەتەر بەتەلەفیزیۆنی (NDTV)ی هندستانی راگەیاند؛ بەدڵنیاییەوە تاڵیبان بەشێكن لەداهاتووی ئەفغانستان نەك هەمووی، دواتر لەساڵی (2020) تاڵیبان و واشنتۆن گەیشتنە رێككەوتن لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەئەفغانستان. بەرپرسانی حكومەتی پێشوی ئەفغانستان لەساڵی (2015) رایانگەیاند كە كۆماری ئیسلامی ئێران ناوچەیەكی سەرسنوری نێوان وڵاتەكەی و ئەفغانستانی لەنزیك شاری هەرات بۆ چەكدارانی تاڵیبان تەرخان كردووە لەكاتێكدا پێشتر ئەو ناوچەیە وەك بنكەیەكی سەربازیی بۆ رێكخراوی موجاهیدنی ئەفغانستان بەكاردەهێنرا. بەرپرسێكی ئەمەریكا رایگەیاندووە كە ترس لەداعش و شەڕ لەدژی ئەمەریكا دوو هۆكاری سەرەكین كە كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر زیاتر لە رابردوو خۆی لەتاڵیبان نزیك كردووەتەوە. شیعە لەئەفغانستان ژمارەی دانیشتوانی ئەفغانستان كەدەگاتە نزیكەی (40) ملیۆن كەس و رێژەی شیعەكان لەنێوان (20%) تا (30%)ی دانیشتوانی ئەو وڵاتەیە كە رەچەڵەكی هەزارە زۆرترین شیعەیان تێدایەو دوای ئەوانیش (قزڵباش، سادات، هراتی، بلوچ، تاجیك، پەشتون) زیاترین ژمارەی شیعەی دوانزە ئیمامییەكانی ئەفغانستان پێكدێنن، چونكە هاوكات لەگەڵ شیعەی (12) ئیمامی، شیعەی جەعفەری و ئیسماعیلی لەو وڵاتە بوونیان هەیە كە ژمارەیان زۆر كەمەو دانیشتوی دوو ویلایەتی (بەدەخشان، بەغلان)ن لەئەفغانستان. لەنێوان ساڵانی (1297) تا (1318) لەجەنگی ناوخۆدا نزیكەی (60%)ی شیعەكانی ئەفغانستان لەسەر دەستی حكومەتی عەبدولڕەحمان خان و بەپشتیوانیی فەتوای زانایانی ئایینی سوننە لەو وڵاتە كۆمەڵكوژ كران، چونكە ئەوان شیعەكانیان وەك لایەنگری ئێران و مەترسیی بۆ سەر حكومەتی ئەفغانستان لەقەڵەمدەدا. تاڵیبان هاوشێوەی دەسەڵات و حوكمڕانییەكانی رابردوو دەستی هەبووە لەكۆمەڵكوژیی شیعەكانی سەر بەهۆزی هەزارەو چەند ویلایەتێك كە زۆرینەیان شیعە بوون و لەساڵی (2020) بەپێی ئەو بەڵگانەی كە لەكۆبوونەوەكانی نێوان تاڵیبان و حكومەتی ئەفغانستان لەدەوحەی قەتەر بڵاوبوونەوە، ئەو گروپە هەڵوێستی بەرامبەر شیعەكان توند بووەو رایانگەیاندووە نابێت شیعە بەشداریی حكومەت و دەسەڵاتی سیاسیی لەئەفغانستان بكەن. ئێران كە دەستی باڵای هەیە لەچەكداركردنی هێزە شیعەكانی جیهان بەتایبەت بۆ جەنگ لەسوریا گروپێكی بەناوی (فاتمیون) دروست كردووە كە زۆربەیان لەپێكهاتەی شیعەی ئەفغانستانن و لەسوریا دژی نەیارانی دەسەڵات دەجەنگن، بۆیە شیعە لەئەفغانستان رەنگە لەم سۆنگەیەوە بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگ بێت، چونكە ئێران بەتەنها وڵاتێكی دەسەڵاتی شیعە لەقەڵەمدەدرێت كە خەونی هیلالی شیعەو یەكگرتنی هەموو شیعەكانی جیهانی هەیە. تاڵیبان كە خۆی بەموسوڵمانی سوننە دەزانێت و پەیڕەوی رێبازی (حەنەفییە) لەئێستادا ژمارەیەك لەهۆزی هەزارەو شیعەكانی ئەفغانستانی خستووەتە ریزی خۆیەوە كەئەمەش هەنگاوێكی سەرنجڕاكێشە لەگروپێكدا كە بەسوننەی توندڕەوو دژە شیعە پێناسە دەكرێت، بۆیە بەم هەنگاوە رەنگە جۆرێك دڵنیایی بداتە كۆمارە شیعەكەی ئێران. ئاو لەپەیوەندیی نێوان تاڵیبان و تاران ئێران كێشەی كەمیی ئاویی هەیەو لەمێژووی خۆی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەفغانستان لە (100) ساڵی رابردوودا بەردەوام كێشەی پشكی ئاوی لە روباری هیرمەند لەئەفغانستان هەبوو دواجار دوای كۆمەڵێك كۆبوونەوە و دانوستان لەدەیان قۆناغی جیاوازدا لەساڵی (1972) رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتەكانی ئەو سەردەمی ئەو دوو وڵاتە واژۆ كراو بەپێی رێككەوتنەكە ئەفغانستان كە هەر چركەیەك (22) مەتر سێجا ئاو لە روباری هیرمەند بۆ روباری هامون لەئێران بەربدرێتەوە كەساڵانە دەكاتە (850) ملیۆن مەتر سێجاو بەم بڕە ئاوە دەوترێت مافی ئاو یان پشكی یاسایی. مێژوو پیشانی داوە كە لەگەڵ ئاڵوگۆڕی هەر حكومەت و سەركردەیەك لەدەسەڵات و حوكمڕانیی ئەو وڵاتەدا یەكەم كارتی فشار كە دژی دەسەڵاتی ئێران بەكاردەهێنرێت گرتنەوەی ئەو رێژە ئاوەیەو تەنانەت لەسەردەمی دەسەڵاتی تاڵیبان لەساڵی (1996) تاساڵی (2001) كە بە (ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان) ناو دەهێنرا چەندینجار ئاوی روباری هیرمەند لەسەر ئێران گیرایەوەو ئەمەش ناكۆكییەكانی نێوان تاڵیبان و ئەفغانستانی لەو سەردەمەدا قوڵ كردەوە، چونكە لەو سەردەمەدا ئێران رووبەڕووی وشكەساڵیی بووەوە و ئەو بڕە ئاوەش بەسەرچاوەیەكی گرنگ و پێویستی دەریاچەی هامون لەئێران ئەژماردەكرێت كە سێیەم گەورەترین دەریاچەی ئەو وڵاتەیە. تریاك و تاڵیبان داهاتی ساڵانەی بەرهەمهێنانی تریاك لە رووەكی (كۆكنار) كە بەخەشخاش دەناسرێت زیاتر لە چوار ملیار دۆلارەو ئەم داهاتەش بەشێوازی جیاواز دەچێتە گیرفانی تاڵیبانەوە، چونكە تاڵیبان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی زەكات لەو جوتیارانە وەردەگرێت كە تریاك بەرهەمدەهێن و هاوكات سەرانەو باج لەبازرگانەكان و زۆرجاریش لەقەبارەی گەورەدا باری تریاك لە رێگەی چەكدارانیەوە دەگوازێتەوە و هەموو ئەمانە دەبنە هۆی مسۆگەركردنی زیاتر لەچوار ملیار دۆلار داهات بەپێی راگەیەنراوی نەتەوەیەكگرتووەكان تاڵیبان لەساڵی (2018) تاساڵی (2019) تەنها بەگواستنەوەی تریاك (400) ملیۆن دۆلاری دەستكەوتووە. زۆبەی تریاكی بەرهەمهێنراوی ئەفغانستان كە دەكاتە (90%)ی هەموو تریاكی جیهان لەو وڵاتە پیشتر دەگوازرێتەوە بۆ ئێران و لەوێوە رەوانەی وڵاتانی توركیا و رۆژئاوا دەكرێت، بۆیە ئەمەش وەك كارتێكی فشار لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران دژی وڵاتانی ئەوروپاو رۆژئاوا بەكاردەهێنرێت، لەكاتێكدا ئەمەریكا تەنها بۆ بنبڕكردنی چاندنی كۆكنار لەئەفغانستان لەماوەی (15) ساڵدا نزیكەی هەشت ملیار دۆلاری تەرخان كردووە. بەم پێیە دەكرێت تریاك وەك خاڵێكی پێكەوە گرێدانەوەی تاران و تاڵیبان لێی بڕوانرێت. سنوری وشكانی ئێران لە رۆژهەڵاتەوە (954) كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئەفغانستان هەیەو تاڵیبان بنكەو هێزەكانیان لەپارێزكاكانی كرمان، سیستان و بلوچستان واتە لەو سنورانەدا جێگیر كردووە، بۆیە ئەفسەران و فەرماندەكانی هێزە چەكدارەكانی ئێران بەبەردەوامی ئەو سنورانە بەهەستیار ناودەهێنن و گرنگە كۆماری ئیسلامی ئێران لەو سنورانە دڵنیا ببێتەوەو ئەم دڵنیاییەش دەكەوێتە دەست فەرمان و بڕیاری چەكدارانی تاڵیبان. دوژمنی دوژمنەكەی ئێران تاران كە زیاتر لەهەشت ساڵە نەیتوانیوە بگاتە هیچ رێككەوتنێكی راستەقینە لەگەڵ واشنتۆن، رەنگە ئەمە بەس بێت بۆ نزیكبوونەوەی زیاتر لەتاڵیبان و سیاسەتی دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە پەیڕەو بكات، چونكە ئەو گروپە خۆیان بەجەنگاوەری رێبازی ئیسلام و نەیاری ئەمەریكا دەزانن، بەڵام ئەو كۆمەڵە پرسەی كە لەنێوان ئەفغانستان و ئێراندا هەیە بەسە بۆ ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رێككەوتن لەگەڵ هەموو هێزێكی باڵادەستی حوكمڕانی وڵاتانی درواسێی بكات. ئێستا سیاسەتی نێوەوڵەتیی بەشێوەیەكی خێرا لەگۆڕانكاریدایەو جەنگ و رێككەوتن لەنێوان سەرجەم هێزەكاندا ئەگەرێكی بەردەوامە كە بەئان و سات گۆڕانكاریی بەسەردا دێت لەم رووەوە چاوەڕوانكراوە: هێزێك كە رۆژانێك لەئەشكەوتەكانی تۆرابۆراوە دەركەوتبێت و هیچ ئەزمونێكی ئەوتۆی وڵاتداریی و حوكمڕانیی سیاسیی نەبێت، ئەمڕۆ بچێتە تاران و لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لەئاستی باڵای سیاسی و ستراتیژیدا رێككەوتن بكات.
هاوڵاتى وهزارهتی تهندروستی ههرێمی كوردستان رایگەیاند:" ئەمڕۆ هەزار و 546 كهس له ههرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونه و 25 تووشبوو گیانیان لهدهستداوه". ئهمڕۆ ههینی 27ی ئابی 2021، ئاماری كۆرۆنای بڵاوكردهوه و لهماوهی 24 كاتژمێری رابردوودا پشكنینی ڤایرۆسی بۆ 12 هەزار و 213كهس ئهنجامدراوه و دوو هەزار و 246 تووشبووش چاكبوونهتهوه. تووشبووەکان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشبوون: هەولێر: 390 تووشبوو سلێمانی: 478 تووشبوو دهۆك: 484 تووشبوو هەڵەبجە: 109 تووشبوو گەرمیان: 51 تووشبوو راپەڕین: 34 تووشبوو هاوکات 2246 تووشبووی پێشوو چاکبوونەتەوە: هەولێر: 420 چاکبوونەوە سلێمانی: 993 چاکبوونەوە دهۆك: 698 چاکبوونەوە هەڵەبجە: 40 چاکبوونەوە گەرمیان: 72 چاکبوونەوە راپەڕین: 23 چاکبوونەوە لەو ماوەدا 25 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە: هەولێر: 8 گیانلەدەستدان سلێمانی: 5 گیانلەدەستدان دهۆک: 9 گیانلەدەستدان گەرمیان: دوو گیانلەدەستدان راپەڕین: یەک گیانلەدەستدان
هاوڵاتى جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، پەیوەندی بەو کارمەندەی هاتوچۆ دەکات کە بەهۆی لێپێچینەوە لە سەرپێچیکارێک روبەروی دادگا دەکرێتەوە، رایگەیاند:" داكۆكیكار دەبێت لە مافەكانی ئەو كارمەندە". راگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئیدارەی گەرمیان رایگەیاندووە، دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا، کارمەندێکی هاتوچۆی گەرمیان لێپێچینەوە لە سەرپێچیکارێک دەکات و دواتر روبەروی دادگا دەکرێتەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیوەندی بە کارمەندەکەی هاتوچۆ دەکات و پشتیوانی خۆی بۆ دوپاتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە لەوەی، داکۆکیکاری سەرسەخت دەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ئەو کارمەندە و هەر کارمەندێک لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانی روبەری کێشە ببێتەوە، ئەوەش لەپێناو زامنکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ هەمووان. هاوکات ئاماژە بەوەشكراوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەئێستادا بە ووردی چاودێری کەیسەکە دەکات و بڕیاری دادگا یەکلایی کەرەوە دەبێت بۆ ئەو کەیسە. لەچەند رۆژی رابردوودا، کارمەندێکی هاتوچۆی گەرمیان بەناوی (ئەحمەد عادل) لەکاتی ئەرکدا و لێپێچینەوە لە هاوڵاتیەک کە سەرپێچی هاتوچۆی ئەنجامدابوو، روبەڕوی هەڕشە دەبێتەوە و کەیسەکەی دەباتە بەردەم داداگا، دواتر تۆمەتبار سکاڵای یاسایی لەسەر کارمەندەکەی هاتوچۆ تۆمار دەکات بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکدا، بەو تۆمەتەش کارمەندەکەی هاتوچوو لەلایەن دادگاوە داوادەکرێت و دواتر بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.
هاوڵاتى وهزارهتی تهندروستی و ژینگهی عێراق رایگهیاند:" له 24 كاتژمێری رابردوودا 79 توشبوی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، حەوت هەزار و 202 توشبوی دیكه تۆماركراون، زۆرترین حاڵەتی گیان لەدەستدانیش لەپارێزگاکانی هەرێم لەدهۆک تۆمارکراوە کە تێیدا 9 کەس گیانیان لەدەستداوە. وهزارهتی تهندروستی و ژینگهی عێراق لهراگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، له 24 كاتژمێری رابردودا حەوت هەزار و 202 توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون و كۆی گشتی توشبوان گهیشته یەک ملیۆن و 862 هەزار و 983 توشبو. ئاماژهی بهوهشكردوه، 8 ههزار و 202 توشبوی كۆرۆناش چاكبونهتهوه، ههروهها 79 توشبوی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.