هاوڵاتى قوباد تاڵەبانی، جیگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم رایگەیاند:" باوەڕی تەواویان بەوەیە کە دەبێت دامودەزگاکانی حکومەت رێكبخرێنەوە لەسەر بنەمای دامەزراوەیی بۆ باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی پلانەکانی چاکسازی حکومەت". به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 24ی ئابی 2021 له‌ هه‌ولێر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم، بە‌ ئامادە‌بوونی سە‌رۆكی دیوانی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، لەگەڵ بریکاری وەزارەتەکان و سەرۆکی دەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لە بارەی چۆنییەتی رێکخستنەوەی کاروباری دامودەزگاکانی حکومەت لەسەر بنەمای شۆڕكردنە‌وە‌ و دیاریکردنی دەسەڵاتەکان و دروستکردنی پەیوەندی پتەوتر لەنێوانیاندا. جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم تیشکی خستە سەر گرنگی بەکارهێنانی تەواوی دەسەڵاتەکان بە هەماهەنگی وەزیرەکان لەسەر بنەمای یاسا و رێنماییەکان بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکانی چاکسازی لەهەموو سێکتەرەکان. لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان باسیان لە پرسی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان کرد لەلایەن وەزیرەکانەوە و چۆنییەتی گونجاندنییان لەگەڵ پێگەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی چاکسازی حکومەت. کۆبووەنەوە جەختی کردەوە پێویستە سوود لە ئەزموون و توانای بریکارەکان و دەستەکان وەربگێرێت لە ئەنجومەنەکانی (ئابووری، چاکسازی، نەوت و غاز و وەبەرهێنان).  

هاوڵاتى بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە رایگەیاند:"چەند هاوەنێک  لە گوندەکانی دۆڵەبەکرە، دۆڵەزە و باشتەپە کەوتنە خوارەوە، هاوەنەکان بە چۆڵەوانی کەوتوون و هیچ زیانێکی ماددی و گیانییان نەبووە". ئەمڕۆ سێشەممە، 24 ئابی 2021  چەند هاوەنێک لە سنووری پارێزگای هەولێر لە گوندەکانی دۆڵەبەکرە، دۆڵەزە، عەلیاوا، تەتەراوە و باشتەپە کەوتنە خوارەوە، ستار ئاغا عومەر، بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ئاگادارکراینەوە کە چەند هاوەنێک لە نزیک قوشتەپە کەوتوونەتە خوارەوە و ئێستا تیمەکانی ئاسایش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن". بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە راشیگەیاند: "هێزەکانی ئاسایش ئاگاداریان کردووینەتەوە کە هاوەنەکان لە ناحیەی دوبزەوە ئاڕاستەی قوشتەپە کراون". ەکێک لە هاوەنەکان لە گوندی دۆڵەبەکرە کەوتووەتە نێو زەوییەکی کشتوکاڵی، هێزەکانی ئاسایش دەڵێن هاوەنەکان لە پالکانەوە ئاراستەی ئەو شوێنە کراون و یەکێکیان 500 مەتر لە دووری رێگەی هەولێر-کەرکوک کەوتووەتە خوارەوە.    

  هاوڵاتى كۆشكی سپی رایگەیاند:" لە 24 كاتژمێری رابردوودا، 10 هەزار و 900 كەسی دیكەیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی حامید كارازای لە كابولەوە گواستووەتەوە". ئەمڕۆ سێشەممە، 24 ئابی 2021 كۆشكی سپی ئەمریكا ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند:" لە 12 كاتژمێری رابردوودا، شەش هەزار و 600 كەس بە 15 فڕۆكەی سەربازیی و چوار هەزار و 300 كەسیش بە 34 فڕینی هاوپەیمانیی گواستراونەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە لە دەسپێكی پرۆسەی گواستنەوە لە ئەفغانستان كە لە 14ی ئاب-ەوە دەستی پێ كردووە تا ئێستا، نزیكەی 48 هەزار كەس لە ئەفغانستانەوە گواستراونەتەوە بۆ ئەمریكا. لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی كە لە كۆتایی مانگی تەمووزەوە تا ئێستا، نزیكەی 53 هەزار كەسی دیكە لە وڵاتانی دیكە جێگیر كراون. ئیدارەی ئەمریكا لە دەسپێكی پرۆسەی گواستنەوە لە ئەفغانستان كە لە 14ی ئاب-ەوە دەستیپێكردووە تا ئێستا، نزیكەی 48 هەزار كەسی لە ئەفغانستانەوە گواستووەتەوە بۆ ئەمریكا.

شاناز حەسەن زیادبوونی نرخی ئارد لەوڵاتانی دراوسێ بەتایبەت توركیا راستەوخۆ كاریگەری كردەسەر بازاڕی هەرێم و لەهەندێ ناوچە نرخی نان بۆ چەند رۆژێك گران كراو لەئێستادا خاوەنی نانەواخانەكان مۆڵەتێكی 15 رۆژییان بۆ حكومەت داناوە، لەحاڵەتی جێبەجێنەكردنیدا نرخی نان گران دەكەنەوە. لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق لەڕێی دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەوە بۆ هەر كەسێك نۆ كیلۆ گرام ئارد دابین دەكات، بەڵام ئارد لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لەوڵاتانی توركیاو ئێرانەوە نرخەكەی گران كراو بازرگانەكانی كوردستانیش نرخەكەیان لەسەر نانەواخانەكان زیاد كرد. رۆژی دووشەممە 23ی ئاب، خاوەنی نانەواخانەكان كۆبوونەوەیان لەگەڵ حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار كردووەو مۆڵەتی 15 رۆژیان داناوە بۆ وەڵامدانەوەو چارەسەركردنی كێشەی نانەواخانەو سەمونخانەكان. حكومەت بەڵێنی داوە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە، لەهەموو باج و رسوماتی نانەواخانەو سەمونخانەكان خۆش بێت وەك كارئاسانییەك بۆ خاوەنەكانیان و هەوڵبدات ئاردی گونجاویان بۆ دابین بكات. چالاك رەئووف، سەرۆكی سەندیكای كرێكاران، لقی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « بۆ داواكردنی مافی هەموو كرێكاران و خاوەن نانەواخانەو سەمونخانەكان بەردەوام لەگەڵ قایمقامیەت لەسەر هێڵین تا لەو رێگەیەوە حكومەت هاوكاریی ئەم چینەی كرێكاران بكات و مافیان بۆ دابین بكات». سەرۆكی سەندیكای كرێكاران ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، حكومەت ماوەی 15 رۆژی داناوە كە داواكاری نانەواخانەو سەمونخانەكان دابین بكات و وتی:» بەدەستخۆشییەوە خاوەن نانەواخانەو سەمونخانەكانیش تائەو 15 رۆژە نرخ و كێشی نان وەك پێشتر دەهێڵنەوە. ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە خاوەنی نانەواخانەو سەمونخانەكان لەهەرێمی كوردستان داوا دەكەن حكومەت هاوكارییان بكات و كارئاسانییان بۆ بكات، رایدەگەیەنن» ناچارن نرخ و كێشی نان كەمبكەنەوە». لەسنوری پارێزگای سلێمانی ماوەی دوو رۆژ شەش نان بەهەزار دینار فرۆشراو كێشی گونكە هەویرەكەش كرایە 110 بۆ 100 گرام‌و لەكاتێكدا پێشتر هەشت نان بە هەزار دینار بووەو كێشی هەر گونكێك 120 گرام بووە. داود عومەر نوێنەری خاوەن نانەواخانەكان لەسلێمانی لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» نرخی ئاردەكە زۆر بەرزبووەتەوە لەسەرمان، ئێستا فەردەیەكی 50 كیلۆیی كە بە 23 تا 27 هەزار دینار دەفرۆشراو ئێستا نرخەكەی بە32 تا 34 هەزار دینارەو بۆ هەر فەردەیەك شەش بۆ حەوت هەزار دینار چووەتەسەری». بەپێی خەمڵاندنی نوێنەری نانەواخانەكانی سلێمانی، فەردەیەك ئاردی 50 كیلۆیی 760 نانی بازاڕی لێ‌ بەرهەمدەهێنرێت ئەگەر هەشت نان بدرێتە هەزار دینار، ئەوا 95 هەزار دینار دەگیڕێتەوە بۆیان،»ئەو پارەیە بۆ تێچووی كرێكارو غازو پارەی ئاوو كارەبا و پێداویستی رۆژانەی دیكەی لێدەردەكرێت، بۆیە قازانجێكی وای نامێنێتەوە بۆ خاوەن نانەواخانەكان». هەروەها داود عومەر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «قایمقامیەتی ناوەندی سلێمانی و ئیدارە لەسلێمانیدا هیچ دەسەڵاتێكیان نیەو تەنیا هەموو بڕیارەكان لەلایەن پارتییەوە دەردەچێت، با بێت كارەبامان بۆ دابین بكەن یاخود غازەكە كە لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدایە بۆمان دابین بكەن، بەڵام چونكە دەسەڵاتیان نیە، بۆمان ناكەن». لەسلێمانی 650 نانەواخانەو 460 سەمونخانە هەیەو رۆژانە بەنزیكەیی پێنج هەزار فەردە ئارد بۆ دروستكردنی نان و سەموون بەكاردەهێنن، نرخی یەك فەردە ئارد لە 27 هەزار دینارەوە بۆ 42 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، بەپێی جۆری ئاردەكە نرخەكەشی دەگۆڕێت. سلێمانی مانگانە پێویستی بە 23 هەزار تۆن گەنم هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئارد، بەشێكی زۆری ئارد لەئێران، توركیا و روسیاوە هاوردە دەكرێن، لەدەروازە سنوورییەكان بۆ یەك تۆن ئارد 90 دۆلار گومرگ وەردەگیرێت. هاوكات لەپارێزگای هەولێر سەرەڕای ئەوەی تائێستا نرخی نان وەك خۆیەتی و هەشت نان بەهەزار دینار دەفرۆشرێت، بەڵام لەكێشی هەر گونكێكدا 20 گرامی بەراورد بەگونكی نانەواخانەكانی سلێمانی كەمترەو هەر نانێك تەنها 100 گرامە. سەرپەرشتیاری نانەواخانەیەك لەهەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەكرد چاوەڕوانی بڕیاری حكومەتن و داواكایەكان و كێشەكانیان بەیاداشت داوەتە لایەنی پەیوەندیدار. وشیار عەبدولوەهاب، سەرپەرشتیاری نانەواخانەیەك لەهەولێر، بەهاوڵاتى وت:» تائێستا گۆڕانكاریمان لەنرخی نان و كێشەكەی نەكردووە، چونكە قسەمان لەگەڵ حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار كردووەو چاوەڕوانین هاوكاریمان بكەن». ئەم سەرپەشتیارە جەختی لەوەكردەوە ئەوان باشترین ئارد بەكاردەهێنن و وتی:» نرخی ئارد هەر گران بووە، بەڵام پێویستە حكومەت هاوكارمان بێت لەنرخی غازو كارەباو ئاردی گونجاو كە بۆ نانی بازاڕی باش بێت تا كارئاسانییەك بكات بۆ ئێمە». لەپارێزگای دهۆك، نرخی نان لەهەندێك لەنانەواخانەكان گران بووەو لەهەندێك لە نانەواخانەكانی دیكە وەك خۆی ماوەتەوەو چاوەڕوانی بڕیاری حكومەتن. خاوەن نانەواخانەیەك لەدهۆك پێیوایە خەڵكەكە لەبەر ویژدانی خۆیان نرخەكەیان بەرزنەكردووەتەوە، یان نان گران ببێت، ئەگینا هیچ قازانجی بۆ خاوەن نانەواخانەكان نەماوە». موسا هیمداد، خاوەنی نانەواخانەی میلان لەدهۆك بەهاوڵاتى وت:» ئەوە مانگێكە نرخی ئارد گران بووە، هیچ قازانجێكی بۆ ئێمە نیە، چاوەڕوانی بڕیاری حكومەتین تا رێگەچارەییكیان بۆ بدۆزێتەوە». بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت:»گرانبوونی نرخی نان لەهەموو كێشەكانی دیكە گرنگترەو لەسەر خەتین بۆ ئەوەی چارەسەری بكەین». نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی سەر بەوەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بە وت:» ئێستا لەكۆبوونەوەداین و بەردەوام لەگەڵ حكومەت لەسەر هێڵین، تا بتوانین بەباشترین رێگەچارە چارەسەری كێشەی نانەواخانەو سەمونخانەكان بكەین». بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەكردەوە نابێت لەكوردستان كێشەیەك هەبێت بەناوی كێشەی ئاردو گەنم. نەوزاد شێخ كامیل، وتیشی:»ئەوەی لەتوانای حكومەتدایە ئاسانكاری تەواو دەكەین، چونكە ئەركی ئێمەیە هەموو رێگەچارەیەك بۆ كرێكارانی ئەو كەرتە بگرینەبەر». « كێشەی ئارد دوای ئەوە قوڵبووەتەوە كە ئەم دوو مانگە ئاردی بەشە خۆراكی مانگانە ئاردێكی باش بووەو لەبازاڕەكاندا نەفرۆشراوەتەوە، ئاردی بەشە خۆراكی مانگانە نەفرۆشراوەتەوەو لەدەرەوەش ئارد كەم هاتووە، تەنیا ئەوەیە ئەم گرانبوونەی دروستكردووە»، نەوزاد شێخ كامیل وا دەڵێت.

هاوڵاتى بڕیارە رۆژی چوارشەممە، موچەی وەزارەتی تەندروستی بەبێ لێبڕین دابەشبکرێت. بە پێی زانیاریەکان،  بڕیارە رۆژی چوارشەممە دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت بەبێ لێبرین، یەکەم شوێنیش موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت. پێشتریش، جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، "ئەولەویەتى ئەو داهاتەى کە دێتە دەستى حکومەت بۆ موچە دەبێت و موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە هەموو 25ى مانگێک موچە دابەشدەکرێت."

  هاوڵاتى بەیانی ئەمڕۆ فرۆكەی بێ‌ فرۆكەوان بۆردومانی گوندەكانی شارباژێر و سنوری پێنجوێنی كردووە، نەدەزانرا بوردومانەكە لەلایەن فڕۆكەی توركیا یان ئێران ەوە بووەو  هەر ئێستا وەزارەتی بەرگری توركیاش بۆردومانكردنی ئەو گوندانەی كردە ئەستۆی خۆی و ڕایگەیاند:" سوپای وڵاتەکەی بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی تورکیا - میت 28 ئامانجی لە شارباژێڕ بە درێژایی زنجیرە چیای ئاسۆس پێکاوە".  ئەمڕۆ سێشەممە،  24ى ئابى 2021، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەمیدیای فەرمی وڵاتەكەیەوە ڕایگەیاند:" سوپای وڵاتەکەی بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی تورکیا - میت 28 ئامانجی لە شارباژێڕ بە درێژایی زنجیرە چیای ئاسۆس پێکاوە". میدیای فەرمیی تورکیاش ڤیدیۆی بۆردوومانەکەی بڵاوکردووەتەوە وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە فڕۆکەکان بە قووڵایی 200 کیلۆمەتر ئامانجەکانیان پێکاوە. بۆردوومانەکەش لە رێگەی فڕۆکەی ئێف 16ـە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراوە. خولووسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا خۆی سەرپەرشتیی ژووری ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە. وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت:" فڕۆکەکانیان دوای پێکانی ئامانجەکانیان، "بەسەلامەتی" گەڕاونەتەوە بنکەکانی خۆیان". وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕاشیگەیاند:"ئەم پرۆسەیە بەبێ وەستان بەردەوام دەبێت."  ئەمە بۆ یەکەمجارە شارباژێڕ بەو چڕییە بۆردوومان دەکرێت. وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 20 فڕۆکە بەشدارییان کردووە.  هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی ئەو هێرشە بڵاونەکردووەتەوە.

    هاوڵاتى به‌یانى ئه‌مڕۆ قه‌زاى پێنجوێن بۆردومانكراو تائێستا نازانرێت ئه‌و بۆردومانه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ بوه‌ یان ئێران، به‌ڵام خه‌ڵكى گونده‌كانى كانى ماران‌و خونیانه‌ ترسێكى زۆریان له‌لا دروستبوه‌.  به‌یانى ئه‌مڕۆ سێشەممە هه‌ردوو گوندى خونیانه‌و كانى ماران له‌قه‌زاى پێنجوێن به‌چڕى‌و چه‌ندجارێك بۆردومانكراون.  به‌شێكى زۆرى بۆردومانه‌كان له‌شوێنى نیشته‌جێبونى هاوڵاتیانن‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ترسێكى زۆر لاى دانیشتوانى ئه‌و دوو گونده‌ دروستبون.

هاوڵاتى جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" قۆناغی داهاتووی بایۆمەتری سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی فەرمانبەرە بەسەر فەرمانگەكاندا". ئەمڕۆ 23-8-2021، لەهەولێر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ مێلانی سمارت كونسوڵی گشتی بەریتانیا بەوەكالەت و شاندێكی هاوڕێی كۆبووەوەو لەبارەی بارودۆخی ئابووری و وەبەرهێنان و چاكسازییەكان گفتوگۆیان كرد. بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی رۆژنامەوانیی جێگری سەرۆك وەزیران، لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی پلان و بەرنامەكانی چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندە بەریتانییەكە روونكردەوە، لەوانەش پرۆژەی بایۆمەتری و نەهێشتنی گەندەڵی و باسی لەوەشكرد قۆناغی داهاتووی بایۆمەتری سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی فەرمانبەرە بەسەر فەرمانگەكاندا. جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، داوای لە شاندە بەریتانییەكە كرد هانی كۆمپانیاكانی شانشینی یەكگرتوو بدەن وەبەرهێنانی زیاتر لە كوردستاندا بكەن، بەتایبەت كە ئێستا حكومەت سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بەو یاساو رێكارانەی رێگرو لەمپەرن لەبەردەم وەبەرهێناندا. هەروەها باسی لەوەكرد لە هەرێمی كوردستان هەندێك دەرفەتی وەبەرهێنان هەن تا ئێستا كاریان تێدا نەكراوە، لەوانەش وزەی خۆر و دروستكردنی بەنداوی جۆراوجۆر و چۆنییەتی بەرێوەبردنی سامانی ئاو.  لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، تیشك خرایە سەر سیستمی بانك لە هەرێمی كوردستان و كەموكوڕییەكانی خرانەبەرباس، لەوانەش نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان لقی بانكەكان، چاكسازیكردن لەم كەرتەش بە ئەركێكی هەنوكەیی لەقەڵەمدرا و شاندە بەریتانییەكە وەبەرهێنانیان لەم بوارە بەگرنگ دایە قەڵەم.

  هاوڵاتى  بەشێوەیەكی فەرمی ئاڵا تاڵەبانی لە لیستی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دووردەخرێتەوەو یەكێتی داواش لەسەرجەم رێكخستنەكانی لە كەركوك دەكات، بەهیچ شێوەیەك بانگەشەی هەڵبژاردن و كەمپینی بۆ نەكەن. بەگوێرەی نوسراوێك كە ئەمڕۆ 22-8-2021 بە واژۆی رزگار عەلی، سەرپەرشتیاری هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەكێتی لە سنووری پارێزگای كەركوك ئاراستەی گشت میحوەرەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن كراوە، تێیدا ناوی شەش كاندیدی ئەو حزبە هاتووە كە دەبێ هەڵمەتی هەڵبژاردن و كەمپینیان بۆ بكرێت. شەش كاندیدەكەی یەكێتی لە كەركوك بریتین لە دكتۆر سدیق، موئەید غازی، دكتۆر ئاشتی، شێخ سەباح، دیلان غەفورو دكتۆر گەیلان، بەڵام ناوی ئاڵا تاڵەبانی تێدا نییە، كە ئەویش كاندیدی یەكێتییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران. لە نوسراوەكەدا هۆشداری بە كادیرو ئەندامانی یەكێتی دراوە، هەر كەسێك بەدەر لەو شەش كاندیدە، بانگەشەی هەڵبژاردن و كەمپین بۆ هەر كاندیدێكی تر بكەن، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

    هاوڵاتى  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ببێتە ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت. ئەمڕۆ دووشەممە بە بریاری مەسرور بارزانی، ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بووە ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت. ئەو بڕیارەی مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا، تایبەتمەندە بە پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان و بابەتەکانی پەیوەست بە هەرێم و بەغداوە. پێشتر لەلایەن دادگای کەرکوکەوە ڕێبوار تاڵەبانی بە تۆمەتی "گەندەڵیی" فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو، بەڵام ناوبراو ئێستا لە شاری هەولێر دادەنیشێت.

هاوڵاتى  قایمقامی سلێمانی رایگەیاند:" بڕیاردراوە نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوە و هەشت نان بە هەزار دینار دەبێت".  دەشڵێت" رێگە نادەن بە هیچ جۆرێک ئارد ببرێتە دەرەوە و لە هاتنەناوەوەشدا هەوڵدەدەن رسوماتی لەسەر نەبێت". رۆژی دووشەممە 23-08-2021 نوێنەری نانەواخانەکان و سەندیکای کرێکاران لەگەڵ قایمقامی سلێمانی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی کێشەی نانەواخانەکان کرد کە خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سووتەمەنی دەبینێتەوە.  ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە رایگەیاند کە بڕیاردراوە نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوە و هەشت نان بە هەزار دینار دەبێت. قایمقامیەتی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە نوێنەرایەتی تەواوی خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان کێشەکانی باس کردووە کە "خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و زۆری باجی تازەکردنەوەی مۆڵەتدا دەبینێتەوە و فشاری زۆری لەسەر دروستکرد، لەهەمان کاتدا لە خەمی ژیانی هاووڵاتیانیشداین، بەڵام ئێستا فشاری زۆرمان لەسەرەو لە زەرەرداین." ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە کە لە کێشەکانی ئەوان تێدەگات و دەشڵێت "دەزانین بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە و شارەکەمانن و زەرەرمەندی یەکەم ئێوەن، لە چەند لایەکەوە هەوڵێکی زۆرمان بۆ چارەسەری کێشەکان داوە، ئومێد دەکەین لە ئایندەدا ئەنجامەکەی ببینین." قایمقامی سلێمانی ئەوەی گوتووە کە "رێگە نادەن بە هیچ جۆرێک ئارد ببرێتە دەرەوە و لە هاتنەناوەوەشدا هەوڵدەدەن رسوماتی لەسەر نەبێت." ئاوات محەممەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە خاوەن نانەواکانی گوتووە "دەزانم هەمووتان لە زەرەردان، بەڵام با هەوڵ بدەین بە هەموومان رێگە بگرین لە گرانبوونی نرخی نان، چونکە دواجار شارەکەمان و کۆمەڵگەکەمان زیان دەکات." بەپێی راگەیێندراوەکەی قایمقامی سلێمانی، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کە لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوە و "ژمارەی نان دەستکاری نەکرێت و 8 نان بە هەزار دینار دەبێت" و خاوەنی نانەواخانەکانیش "رەزامەند بوون."  ئەم هەفتەیە گرانبوونی ئارد و غاز لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە نانەواخانەکانی ناچارکرد نرخی نان بەرزبکەنەوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی بەشێک لە هاونیشتمانیانی بەدوای خۆیدا هێنا.  لە سلێمانی 650 نانەواخانە و 460 سەموونخانە هەن، رۆژانە بە نزیکەیی 5000 هەزار فەردە ئارد بۆ دروستکردنی نان و سەموون بەکاردەهێنن، نرخی یەک فەردە ئارد لە 27 هەزار دینارەوە بۆ 42 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیش هێندەی دیکە کاری نانەواکانی قورس کردووە. سلێمانی مانگانە پێویستی بە 23 هەزار تۆن گەنم هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئارد، بەشێکی زۆری ئارد لە ئێران، تورکیا و رووسیاوە هاوردە دەکرێن، لە دەروازە سنوورییەکان بۆ یەک تۆن ئارد 90 دۆلار گومرک وەردەگیرێت. کاریگەریی وشکەساڵی و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دوو هۆکاری سەرەکین بۆ گرانبوونی نان، هەرێمی کوردستان ساڵانە بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ ملیۆنێک و 670 هەزار تۆن ئاردی دەوێت و لەو بڕەش نزیکەی یەک ملیۆن تۆنی هاوردە دەکرێت. 700 هەزار تۆن گەنمی ناوخۆش لە ئاشەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنە ئارد.

  هاوڵاتى  ئەمڕۆ دوشەممە نرخی دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین گەیشتە زیاتر لە 50 هەزار دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستی دراوەکەیە لەماوەی سێ مانگی رابردودا. ئەمڕۆ دوشەممە نرخی دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین بەڕێژەی 2% بەرزبوەوە و نرخی یەک بیتکۆین گەیشتە 50,249.15 (پەنجا هەزار و دو سەد و چل و نۆ دۆلار و پازدە سەنت)، ئەوەش بەرزترین ئاستی دراوەکەیە لەو کاتەی  ئیلۆن مەسکی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای (تێسلا و سپەیس ئێکس) بڕیاریدا کارکردن بەو دراوە رابگرێت. شارەزایانی دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین پێشبینی دەکەن بەهای دراوەکە لەماوەی داهاتودا لەنێوان 40 بۆ 50 هەزار دۆلار بەجێگیری بمێنێتەوە و لەم کاتەدا بەهاکەی ناگەڕێتەوە بۆ بەرزترین ئاستی دراوەکە کە لەمانگی نیساندا تۆماریکرد، بەجۆرێک ئەوکات نرخی یەک بیتکۆین بە زیاتر لە 60 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ساتوشی ناکامۆتۆ لە ساڵی 2008 یەکەم دراوی دیجیتاڵی دروستکرد بە ناوی بیتکۆین، بەڵام کەس تاوەکو ئێستا نازانێت ساتوشی کێیە، تەنانەت دیار نییە کە یەک کەسە یان ناوی گروپێکە. لە سەرەتای دروستکردنی دراوەکە، 10،000 (دە هەزار) بیتکۆین بە هەشت دۆلار بو. وەبەرهێنەران پێیانوایە بیتکۆین دواجار دەتوانێت شوێنی خۆی وەک سەرەکیترین دراوی دیجیتاڵی جیهان بکاتەوە.

هاوڵاتى وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند:" لەگەڵ هاوکارەکانیان لە پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەندێک شوێنی دیاریکراو ئەرکە سەربازیەکانیان درێژە پێدەدەن بۆ لەناوبردنی داعش". ئەمڕۆ دوشەممە  23ى ئابى 2021، وەین مۆرتۆ وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تویتێکدا ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوکارەکانی دیکەیان لە عێراق و سوریا بەردەوام دەبن لە کردە سەربازیەکانیان لە هەندێک شوێنی دیاریکراوی هەندێک وڵات بۆ لەناوبردنی داعش و سەقامگیری زیاتر. وەین مۆرتۆ ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوان وەک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لەسەر ئەرکەکانیان تا دڵنیادەبنەوە لە شکستهێنانی داعش بە شێوەیەکی تەواو. هاوپەیمانی نێودوڵەتی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ پاش سەرهەڵدانی داعش دروستکراوە و زیاتر لە ٥٠ وڵات لە خۆدەگرێت.  

هاوڵاتى ئەمڕۆ لە دەروازەی فڕۆکەخانەی کابوول شەڕوپێکدادان لەنێوان هێزە ئەفغانییەکان و ژمارەیەک چەکداری نەناسراو رویدا و لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس بوونە قوربانی. ئەمڕۆ دوشەممە  23ى ئابى 2021، سوپای ئەڵمانیا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند:" لە دەروازەی باکووری فڕۆکەخانەی کابوول، شەڕوپێکدادان لەنێوان ژمارەیەک لە پاسەوانانی ئەفغانی و چەند هێرشبەرێكی نەناسراو روویدا و بەهۆیەوە پاسەوانێک کوژرا و سیانی دیکەش برینداربوون. سوپای ئەڵمانیا راشیگەیاند، هێزەکانی ئەڵمانیا و ئەمریکا کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەکەیان گرتووەتە ئەستۆ، تێکەڵ بە شەڕوپێکدادانەکان بوون. پێکدادانەکان لەدوای یەک رۆژ دێن لە هۆشدارییەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەگەری هەوڵی داعش بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە کابوول.  پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدایە ئەمریکییەکانی نێو کابوول و داوای لێکردن لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە دووربکەونەوە، ئەوەش بەهۆی ئەگەری هێرشکردنە سەر ناوچەکە لەلایەن داعشەوە.  ئەفغانییەکانی بەردەم دەروازەی فڕۆکەخانەی کابوول لەنێوان ژیان و مردندان و تێدەکۆشن بۆ گەیشتن بە ئەودیوی دیواری فڕۆکەخانەکە؛ بەڵام ئەوە کارێكی ئاسان نییە و هەندێک جاریش ژیانی لەسەر دادەنرێت. دوێنێ وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، لە ئاڵۆزییەکانی نێو فڕۆکەخانەی کابوول حەوت هاووڵاتیی ئەفغانستانی کوژراون و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی نێو فڕۆکەخانەکە "قورسە". فڕۆکەخانەی کابوول بۆ بەرەیەکی شەڕ گۆڕدراوە لە وڵاتێک کە لەسەر بەرمیلێکی پڕ لە بارووتدایە. ئەمریکا کە بڕیاربوو تاوەکو 31ی ئەم مانگە هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێتەوە، ئێستا هێزی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە دەنێرێت.

هاوڵاتى سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند:" ۆژانە خەرجی شەڕ و مانەوەمان لە ئەفغانستان لە نێوان 150 ملیۆن بۆ 300 ملیۆن دۆلاردا بووە. 20 ساڵە بەو جۆرە بووە". بایدن رۆژی یەکشەممە 22-8-2021  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن دی سی رایگەیاند، "رۆژانە خەرجی شەڕ و مانەوەمان لە ئەفغانستان لە نێوان 150 ملیۆن بۆ 300 ملیۆن دۆلاردا بووە. 20 ساڵە بەو جۆرە بووە. جگە لەوەش، 2448 ئەمریکی لە ئەفغانستان کوژراون و  20 هەزار و 772 ئەمریکی دیکەش برینداربوون". سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت:" هەموو رۆژێک کارتی ئەفغانستان بە دەستیەوە بووە و دەبوو بڕیارێک بدات و ئەویش بڕیاری کۆتاییهێنان بەو شەڕەی دا". بایدن جارێکی دیکە رایگەیاند، هەڕەشەی داعش لەسەر هێزەکانیان و خەڵک لە فڕۆکەخانەی کابوول هەیە و گوتیشی، تاڵیبان و داعش دووژمنی سەرسەختی یەکدین. سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پرۆسەی گواستنەوەی خەڵك پڕ ئازار و دەردەسەری و دیمەنی جەرگبڕ دەبێ، وەک ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا بینیویانە.