هاوڵاتى   مەلا بەختیار:" حزبەكانمان لەپەنجا بۆ شەست ساڵی رابردوو، بەرامبەر بەگۆرانكارییە پێویستییەكان كە زەمینەی كۆمەڵایەتی، زەمینەی هزر بۆ دیموكراسی خۆشبكات، زۆر لاواز بووە. بەداخیشەوە كە دەبوایە لەم بارەوە یەكێتی شۆڕشگێڕتر بوایە ، بەتایبەت كە سۆسیال دیموكراتە‌و رەگەزە چەپیەکەشی لەكۆمەڵەوە دەستپێدەكات. بەڵام ئەو شۆڕشگێڕێتییە لەیەكێتیشدا دەسەڵات خەفەی كرد، وەكو هەموو شۆڕشگێڕەكانی دونیا كە دێنە سەر دەسەڵات خەفە دەبن.  مەلا بەختیار، یٔەندامی یٔەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژوەندییەكانی یەكێتی، كفتوگۆیەكی لەگەڵ ژمارەیەك لە مامۆستا جیاوازەكانی زانکۆکانی کوردستان یٔەنجامدا، كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 22ى ئابى 2021، سەردانیان كردبوو. مەلا بەختیار، رونیشیكردەوە، رەنگە بۆ ئەوروپا، بزوتنەوەی رووناكبیری خەسڵەتی خۆی هەبێ‌ و رووناكبیر بەرەهایی سەربەخۆبێ‌ یٔاساییە، چونكە لەوێ‌ لەخەم رەخساون و قۆناغەكانیان هەموو بڕیوە. بەڵام ئێمە میللەتێكی ژێر دەستەین، لەچوار نەتەوەی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەدوای تورك و عەرەب و فارس كە دەوڵەتیان هەیە، كورد چوارەم نەتەوەین كە بێ‌ دەوڵەتین‌و تەنها ئەم باشورەمان هەیە، كە ئەویش بەدۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت. راشیگەیاند، ناتوانرێ‌ روناكبیری كورد لەخەونی ستراتیجی نەتەوەكە، لەرزگاری نەتەوەكەی، لەدیموکراسی نەتەوەكەی، لەكێشە كۆمەڵایەتیەكان، لەمۆدێرنەتە و لەئازادی‌و هەموو ئەو ئامانجانەی كە لەدنیای دیموكراسیدا هاتۆتەدی، داببڕیت! وتیشی، كوا فەیلەسوفەكانی دونیا، لەخەونی دیموكراسی دابڕابوون؟ كوا بیرمەندەكانی دنیا لەرێنیسانس و رۆشنگەری، لەسەردەمی ئایینسازی، تەنانەت لەسەردەمی شۆڕشی پیشەسازی، لەششۆڕشی دیموكراسی، كام فەیلەسوف و بیرمەند بەجیهانبینی جیاوازیشیانەوە، دابڕاون لەخەمی گەورەی سیاسەت، سیستەم، ستراتیج، ئەگەرچی ئینتیماشیان نەبوبێ‌!  مەلا بەختیار، تەئكیدیكردەوە: كە دەڵێم رووناكبیر نابێ‌ لەسیاسەت داببڕێت، مەبەستم ئەوە نییە بەزۆری زۆرداری ئینتیمای پێبكەیت، بەڵام ناكرێ‌ بەكۆپیكردنی فەلسەفەكانی ئۆرۆپا، لەخەمی نەتەوەی داببڕیت، با ئینتیمای سیاسیشی نەبێ‌، با حزبایەتیش نەكا.  وتیشی: باوەڕموایە تەڵاقدانی رووناكبیر لەسیاسەت، نەك بەهەڵە بەڵكو بەكارەساتیشی دەبینم و زیانێكی ئێجگار گەورە دەكەین، چونكە یەكەم روناكبیرەكە لەنەتەوەكەی دادەبڕێت و سیاسییەكەش وشك و برینگ دەبێ‌‌و نازانێ‌ دنیای رووناكبیری، کاریگەریەکانی چییە!  لەبەشێكی تری گفتوگۆ كراوەكەیدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ كۆی تابلۆی رووداوە ئاشكراو نهێنییەكانی ئەفغانستان كردو كاریگەرییەكانی ئەو دۆخەشی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكات وەكو كوردیش رونكردەوەو وتی: بەداخەوە لەساڵی (1958)ەوە، هەتا دەگاتە دوای راپەڕین، ئەم حزبانەی کوردستان روانگەیەكی شەرمنانەیان هەبووە بەرامبەر ئەو كەلتور و داب‌و نەریتە كە داسەپاوە لەوڵاتی بەبێ‌ فلتەر، بەبێ‌ هەڵسەنگاندن‌و رەخنەلێگرتن. سیكولارن، سیكلاریستێكی شەرمنن! دیموكراتن، دیموكراتخوازێكی شەرمنن! مەدەنین، مەدەنیخوازێكی شەرمنن! سەربەستی، باوەڕیان پێیەتی، بەڵام لەزۆر خاڵدا رێگە لەسەربەستی دەگرن. باوەڕیان بەمۆدێرنەتە هەیە، بەڵام تەنها لایەنەكانی تەكنیك‌و تەكنەلۆجیا دەگرن‌و، لایەنەكانی تری كرانەوەی ئەقڵ، لایەنەكانی فەلسەفە لەمۆدێرنەتە، پێوەرەكانی  بیركردنەوە، لەناو حزبەكانی ئێمە، لە بنچینەکانی مۆدێرنەتە دابڕاوە. كۆی ئەم هەڵانە لەساڵانی چل و پەنجاكانەوە، تا دەگاتە دوای راپەڕینی خۆمان، كۆی ئەم هەڵە فەلسەفەی و ئایدلۆجیانە كە گیراونەتەبەر، سەرەنجام لەهەناوی كۆمەڵی ئێمەدا، ئەندێشەی فێندەمێنتالیستی لە مەڵاسدا ماوە. مەلا بەختیار، جەختیشیكردەوە: بەداخەوە، حزبەكانمان لەپەنجا بۆ شەست ساڵی رابردوو، بەرامبەر بەگۆرانكارییە پێویستییەكان كە زەمینەی كۆمەڵایەتی، زەمینەی هزر بۆ دیموكراسی خۆشبكات، زۆر لاواز بووە. بەداخیشەوە كە دەبوایە لەم بارەوە یەكێتی شۆڕشگێڕتر بوایە ، بەتایبەت كە سۆسیال دیموكراتە‌و رەگەزە چەپیەکەشی لەكۆمەڵەوە دەستپێدەكات. بەڵام ئەو شۆڕشگێڕێتییە لەیەكێتیشدا دەسەڵات خەفەی كرد، وەكو هەموو شۆڕشگێڕەكانی دونیا كە دێنە سەر دەسەڵات خەفە دەبن. مەلا بەختیار، لەبارەی ئەوەی كوردستان و دەوروبەرمان بەرەو كوێ‌ دەڕوات، نیگەرانی و ترسی خۆی لەكوردستان نەشاردەوەو وتی: خۆشبین نیم بەرووداوەكان، خۆشبیننیم بەئاییندەوەو باوەڕموایە ئەم یارییەی ئەمریكا لەئەفغانستان كردی و ئەو گفتوگۆیەی لەگەڵ ئێران لەكۆنگرەی ڤییەننا هەیە، ئەو روداو باسانەی لەپشتی پەردەكانی سیناریۆی سیاسەت دەگوزەرێت، دیسانەوە، سیاسەتی نێودەوڵەتی لەدنیادا، لەگەڵ سیاسەتی هەرێمایەتی، دیسانەوە لەچۆنێتی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوە زلهێزەكان و هەرێمایەتییەكان، چڕ دەبێتەوە. تەئكیدیشیكردەوە: هیچ كام لەسیناریۆكانی رابردوو، بۆ گۆڕینی سیاسەتە خراپەكانی ناوچەكە، كە دژایەتی دیموكراسی بوو، نەگۆڕاو وەكو خۆیان مانەوە! دەبینین كە عیراق، سوریا، یەمەن، لیبیا، لوبنان شێواوەو میسریش هێشتا سەقامگیرنییەو لەولاشەوە بزوتنەوەی جیهادی تاڵیبان دێنەوە سەرحوكم! هەربۆیە لەناو دۆخێكی ئاوهاشدا دەوڵەتە گەورەكان بیر لەوە دەكەنەوە، سیاسەتی رابردوویان بپێچنەوەو سیاسەتی تازە بگرنەبەر. ده‌شڵێت، سیاسەتە تازەكەش، رێككەوتنەوەیە لەگەڵ هەمان ئەم حكومەتانەی ئێستا، نەك گۆڕینیان! ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئاسایش‌و بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەبێ. دیارە حکومەتەکانیش، بۆ ڕێکەوتنی ئاوای زلهێزەکان، مەرجی خۆیان دەبێ.. کە تەواوی مەرجەکانیان لە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازان نابێ.

هاوڵاتى  جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەبێ ئاگادارکردنەوە و له‌ناكاو سه‌ردانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی دابه‌شكردنی كاره‌بای سلێمانی کرد. ئەمڕۆ یەکشەممە 22-08-2021 بەپێى هه‌واڵى میدیاکانی یەکێتی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەبێ ئاگادارکردنەوە و له‌ناكاو سه‌ردانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی دابه‌شكردنی كاره‌بای سلێمانی کرد.  قوباد تاڵەبانی، له‌كێشه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانی كۆڵیوەتەوەو گوێی له‌ داواكاری هاوڵاتیان گرتووە. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی هەر ئەمڕۆ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانییشی كردووە.

هاوڵاتى فڕۆکەیەکی تورکیا ئۆتۆمبێلێک لە گوندی هیمۆی سەر بە پارێزگای قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج. ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 22ى ئابى 2021، فڕۆکەیەکی تورکیا ئۆتۆمبیلێک لە گوندی هیمۆی سەر بە پارێزگای قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج.  

هاوڵاتى لەسەر بریاری كازمی  دادگای تاوانه‌كانی كه‌ربه‌لا بڕیاریدا، به‌ جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر بكوژی عه‌بیر خه‌باجی سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ربه‌لا. ئەمڕۆ یەکشەممە 22-08-2021 سه‌رچاوه‌یه‌كى دادوه‌ری رایگه‌یاند:" له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی تاوانی كوشتن، دادگای تاوانه‌كانی كه‌ربه‌لا سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر عه‌بیر خه‌فاجی بكوژی سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ربه‌لا سه‌پاندوه‌". 10ی ئه‌م ئاب، عه‌بیر سه‌لیم سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ربه‌لا له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی شاره‌وانیدا سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌تێكی كرد بۆ لابردنی زیاده‌ڕۆیی له‌ژماره‌یه‌ك گه‌ڕه‌ك و شه‌قامی شاره‌كه‌دا، له‌و كاته‌دا له‌لایه‌ن خاوه‌نی یه‌كێك له‌ خانووه‌ زیاده‌ڕۆكانه‌وه‌، ده‌ستڕێژی گولـله‌ی لێكرا و كوژرا.  دوای روداوه‌كه‌، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی شوێنی روداوه‌كه‌ی كرد و سه‌رپه‌رشتی لابردنی سه‌رجه‌م زیاده‌ڕۆییه‌كانی كرد و داواشی له‌دادگا كرد، سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر بكوژه‌كه‌دا بسه‌پێنێت. ڕۆژی 12ی ئابی 2021 ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری ڕایگه‌یاند، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی كوشتنی عه‌بیر خه‌فاجی سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ربه‌لا ره‌وانه‌ی دادگا كراوه‌، به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی سزای یاسایی.

    هاوڵاتى  شەوی رابردوو کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بۆ ماوەی نزیکەی 30 خولەک زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و داوای لە خەڵک دەکرد لە پەنجەرە و شوێنە کراوەکان دووربکەونەوە،  ئەمڕۆ پشتڕاستکرایەوە کە درۆنێک خراوەتە خوارەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە،  22ی ئابی 2021،  سیستمی بەرگریی هێزەکانی هاوپەیمانان درۆنێکیان دەستنیشان کردووە، "پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت خراوەتەخوارەوە و هیچ زیانێکیشی نەبووە."    

  هاوڵاتى وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا  رایگەیاند:" لە ئاڵۆزییەکانی نێو فڕۆکەخانەی کابوول حەوت کەس کوژراون و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی نێو فڕۆکەخانەی کابوول "قورسە". ئەمڕۆ یەکشەممە 22-08-2021 وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە گرژییەکانی نێو فڕۆکەخانەی کابوول دا و رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئارامکردنەوەی دۆخی نێو فڕۆکەخانەکە. رۆژی شەممە 22-08-2021 بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا داوایان لە خەڵکی وڵاتەکەیان لە ئەفغانستان کرد کە نەچنە فڕۆکەخانەی کابوول و دەڵێن، زانیاریی هەواڵگرییان بەدەستگەیشتووە کە ئەگەری "هێرشی تیرۆریستی لە لایەن داعشەوە" لە دەرەوەی فرۆکەخانەکە هەیە". جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە سەرجەم ئەمریکییەکان و ئەو ئەفغانیانەش بگوازێتەوە کە هاوکاریی هێزەکانی ئەمریکایان کردووە. پێنتاگۆنیش دەڵێت، لە ماوەی 24 کاژێردا زیاتر لە 3000 کەسیان لە ئەفغانستان گواستووەتەوە.   

  هاوڵاتى   وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند:"  ڕۆژی ٢٥ی ئه‌م مانگه‌ ٢٠٠ ملیارەکە ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت  له‌گه‌ڵ داهاتی ناوخۆ و خاڵه‌ سنوریه‌كان، موچه‌ی مانگی ئابی فه‌رمانبه‌ران دابه‌شده‌كرێت". ئەمڕۆ یەکشەممە،  22ی ئابی 2021، جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ لێدوانێكدا به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی عێراقی راگه‌یاندووە:" له‌ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتودا، حكومه‌تی فیدڕاڵ ٢٠٠ ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كات له‌گه‌ڵ داهاتی ناوخۆ و خاڵه‌ سنوریه‌كان، موچه‌ی مانگی ئابی فه‌رمانبه‌ران دابه‌شده‌كرێت". جووتیار عادل ئاماژە بەوە دەدات، دڵنیایی هەیە بەغدا ئەو 200 ملیار دینارە بنێرێت، لەگەڵ داهاتی ناوخۆدا وا رێکخراوە مووچەی بە تەواوی پێ بدرێت وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم وتیشی،"ڕۆژی ٢٥ی ئه‌م مانگه‌ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ به‌بێ لێبڕین ده‌كرێت". 15ی حوزەیران وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەویش دوای وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. 11-07-2021 وەزارەتی دارایی رایگەیاند، پارەکە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان. بەپێی یسای بودجەی 2021، 12.67٪ـی زیاتر لە 130 تریلیۆن دینارەکەی بودجەی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستانە. هەولێر و بەغدا سەرەڕای پابەندییان بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە، لەسەر ناردنی مانگانە 200 ملیار دیناری بڕیارلێدراو کۆکن. لەگەڵ گەیشتنی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا، بۆ دووەم مانگە  حکومەتی هەرێم بێ پاشەکەوت مووچە دابەشدەکات.

   هاوڵاتى وتەبێژی تاڵیبان رایگەیاند:"تورکیا هاوبەشی سەرەکیانە و پێویستیان پێیەتی پاڵپشت و هاوکاریان بێت زیاتر لەهەر وڵاتێکی تر".  ئەمڕۆ شەممە 21ی ئابی 2021، سوهەیل شاهین، وتەبێژی تاڵیبان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سی جی تی ڤی چینی رایگەیاند:" بزوتنەوەکەی چین و تورکیا بەهاوبەشی سەرەکی دەزانێت لە ئاوەدانکردنەوە دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەی لەو دۆخەی کە بەهۆی شەڕەوە دووچاری بووە". ئه‌وه‌ششى خستۆته‌ڕوو: ''ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان پێویستی بە هاوڕێیەتی و پشتیوانی و هاوکاری تورکیایە وەک لەهەر دەوڵەتێکی تر''. وتیشى، ئەفغانستان دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی و توانای دەرهێنانیان نییە، ژێرخانی ئابوریان بەهۆی شەڕ و گەندەڵییەوە هەرەسی هێناوە. باسی لەوەشکردووە، پێویستیان بەهاواری تورکیایە لە بواری تەندروستی و پەروەردە و ئابوری و وزە و مامەڵەکردن لەگەڵ کانزاکاندا. میدیاکان بڵاویانکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ئامادەیی گفتوگۆکردنی لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان دەربڕیوە و هەرکەسێك لەدەرگایان بدات دەیکەنەوە، وڵاتەکەی بەردەوام لەپەیوەندیدایە لەگەڵ تاڵیبان و ئەنقەرە یارمەتی بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری پێشکەشکردووە.

هاوڵاتى  وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، لە (24) کاتژمێری رابردودا (722) حاڵەتی توشبون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە و (2044) توشبو چاکبونەتەوە، (33) حاڵەتی گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە. ئەمڕۆ شەممە 21-8-2021 بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا کەمیکردووە بەراورد بە رۆژانی رابردوو، کە 722 کەس بووە، بەڵام رێژەی مردن بەرزبووەتەوە. تاوەکو ئەمڕۆ 277 هەزار و 305 تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. لەو ژمارەیە 5 هەزار و 200 کەسیان گیانیانلەدەستداوە. هەروەها 227 هەزار و 750 کەسیش چاکبوونەتەوە.      

 هاوڵاتى  سەرۆكی نوسینگەی مەكتەبی سیاسی تاڵیبان ئەمڕۆ بۆ دروستكردنی حكومەتی نوێی  ئەفغانستان گەیشتە كابولی پایتەخت.  ئەمڕۆ شەممە 21ی ئابی 2021، بەپێی هەواڵێكی فرانس 24، عەبدولغەنی بەرادەر، سەرۆکی نوسینگەی مەکتەبی سیاسی تاڵیبان ئەمڕۆ شەممە گەیشتە کابوڵ-ی پایتەخت بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرکردە جیهادییەکان و سیاسەتمەداران کۆببێتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە وڵاتەکەدا. وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند:" بزوتنەوەکەیان لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا سیستەمێکی حکومڕانی نوێ لە ئەفغانستان رادەگەیەنێت، سیستەمەکەش دیموکراسی نابێت بەو مانایەی رۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵام مافی هەموانی تێدا پارێزراو دەبێت  و بۆ ئەو مەبەستەش راوێژ لەگەڵ سەرکردەکانی پێشوی وڵاتەکەیان دەکەن". ئەو بەرپرسە  ڕاشیگەیاندووە:" شارەزایانی بواری یاسایی و ئاینی و سیاسەتی دەرەوە لە تاڵیبان ئێستا کار دەکەن بۆ ناساندنی چوارچێوەیەکی نوێی حوکمڕانی لە چەند هەفتەی داهاتودا". رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، تاڵیبان چوونە نێو کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و کۆنترۆڵیان کرد، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەش و بەشێکی زۆر لە بەرپرسە باڵاکانیش هەڵهاتن.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"  ئێستا بۆمان دەرکەوتوە کە حکومەت هەمو شتێکی بۆ ناکرێت و ئەوە رونە، بەڵام ئەو کەموکوڕییانەی کە حکومەت هەیەتی رەنگە بەکەرتی تایبەت پڕ بکرێتەوە".  ئەمڕۆ شەممە 21ی ئابی 2021،  قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان  لەكاتی ئامادەبونی لە كۆنفرانسێكدا لە فێستیڤاڵ و پێشانگەی تەكنۆلۆژی تێكفێست رایگەیاند:"  سێ گۆشەیەک هەیە کە دەبێت پەیوەندیەکی زۆر باش هەبێت لە نێوانیاندا، ئەوانیش حکومەت، ناوەندەکانی خوێندن و کەرتی تایبەتە، ئەگەر پەیوەندیەکی باش لە نێوانیان هەبێت دەتوانین وڵات بەرەو پێشەوە بەرین، چونکە کاری حکومەت ئەوەیە سیاسەت دابڕێژێت و دۆخێک بڕەخسێنێت کە ئابوریەکی بەهێز و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری هەبێت، ئێستا بۆمان دەرکەوتوە کە حکومەت هەمو شتێکی بۆ ناکرێت و ئەوە رونە، هەموان رەخن و گلەییمان هەیە لە حکومەت بە خۆشمەوە کە خۆم حکومەتم، بەڵام ئەو کەموکوڕییانەی کە حکومەت هەیەتی رەنگە بەکەرتی تایبەت پڕ بکرێتەوە".  جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، "لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمەوە ئێمە نزیکەی 860 مۆڵەتی وەبەرهێنانمان داوە بە کۆمپانیا کە بەپێی هەڵسەنگاندنی کۆمپانیاکان کە بەنیازن جێبەجێی بکەن 48 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت، ئەو فشارەی کە ئەمڕۆ لەسەر حکومەتە کەمدەکاتەوە، تەنانەت کاتێک دەچنە کەرتی تایبەت زۆر شتی زیاتر فێر دەبن لەوەی کە بێنە ناو حکومەت، بۆیە توانا و بەرهەمی خۆیان زیاد دەکات، کە ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لە توانای ئابوری و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری کوردستان". ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارمەندێکی یەکجاری زۆری هەیە و ملیۆنێک و 250 هەزار کەس موچە لە حکومەت وەردەگرن، 750 هەزار فەرمانبەر هەیە بە مەدەنی و سەربازی، بۆیە توانای حکومەت بۆ وەرگرتنی دەیان هەزاری تر کەمە، بەڵام بازاڕی کار لە کەرتی تایبەت ئەو توانایە زۆر زیاترە.

  هاوڵاتى   کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" پێشبینی دەکەن لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە ناوچە شاخاوییەکان نمەباران ببارێت. ئەمڕۆ شەممە 21ی ئابی 2021، کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویكردەوە " ئێوارەی ئەمڕۆ ئاسمانی باکووری هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت بۆ پەڵە هەور و نیمچە هەور لەگەڵ ئەگەری کەمێک نمەباران و برووسکە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی هەولێر و دهۆک". ئەم هەفتەیە پلەکانی گەرما لە نزیک 40 پلەدا جێگیردەبن. گوتیشی، گەرما وەک خۆی دەمێنێتەوە و شەوان هەست بە دابەزینی پلەکانی گەرما دەکرێت و بەرەو فێنکی دەڕوات.  کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ئاماژەی بەوەشکردوە ناوچە شاخاوییەکان پلەکانیان نزمترە و لە 38 پلە بۆ خوارەیەوە بە جۆرێک نزمترین پلە تۆمار کرابێت حاجی ئۆمەرانە کە 30 پلەیە.  

  هاوڵاتى مەسرور بارزانی رایگەیاند:" ئێستا نۆرەی ئێوەیە ئەرکی خۆتان جێبەجێبکەن، ڤاکسین وەربگرن و کوردستان بپارێزن". مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نوسیوویەتی، "تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن پێکوتەی کۆرۆنامان دابینکردووە". سەرۆکی حکومەت رووی قسەکانی له‌ هاوڵاتییان کردووە و دەڵێت، "ئێستا نۆرەی ئێوەیە ئەرکی خۆتان جێبەجێبکەن، ڤاکسین وەربگرن و کوردستان بپارێزن". بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، تا ئێستا دوو ملیۆن و 725 ھەزار و 758 پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا، 276 ھەزار و 583 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە.

هاوڵاتى  نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەپێی بازاڕی نەوتی جیھانی بە 65 دۆلار و 18 سەنتە و بەراورد بە دوێنێ هەینی، هەر بەرمیلێك دۆلارێک و 59 سەنت دابەزیوە. هاوکات، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریكیش دابەزینى بەخۆیەوە بینى و بە 66 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت. بەتەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی نەوتی برێنت بەرێژەی 8% دابەزیوە. هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت رۆژی هەینی 1.27 دۆلار دابەزی و بە 65 دۆلار 18 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش لە ماوەی یەک هەفتەدا بە رێژەی 9٪ دابەزی و هەر بەرمیێک رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکان یەک دۆلار و 37 سەنت دابەزی بۆ 62 دۆلار و 32 سەنت ئەمە لەکاتێکدا پێنج شەممەی رابردوو نرخى بەرمیلێک نەوتى خاوى ئەمەریکی بە 67 دۆلار و 68 سەنت بوو و رۆژی 25ی مانگی رابردوو بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵدا نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە 76 دۆلار بەرزبووەوە. چین و وڵاتانی دیکەی وەک ئۆسترالیا دەستیان کردووە بە دانانی رێوشوێنی تووند بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو.

هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لەدوێنێوە 11047 پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنا ئەنجامدراون و لەو ژمارەیەش 1449 توشبوی نوێ تۆمارکراون و 23 توشبوی پەتاکەش مردون. وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردودا 1449 توشبوی نوێ تۆمارکراون کە زۆرترین ژمارەیان لەسنوری پارێزگای سلێمانی بون. ئەوەش هاتوە، لەو ماوەیەدا 2160  توشبو چاکبونەتەوە و 23  توشبوی پەتاکەش مردون کە بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە بون هەولێر 10 کەس، سلێمانی 5 کەس و لە دهۆکیش 8 توشبو مردوە.