هاوڵاتى  قایمقامی سلێمانی رایگەیاند:" بڕیاردراوە نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوە و هەشت نان بە هەزار دینار دەبێت".  دەشڵێت" رێگە نادەن بە هیچ جۆرێک ئارد ببرێتە دەرەوە و لە هاتنەناوەوەشدا هەوڵدەدەن رسوماتی لەسەر نەبێت". رۆژی دووشەممە 23-08-2021 نوێنەری نانەواخانەکان و سەندیکای کرێکاران لەگەڵ قایمقامی سلێمانی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی کێشەی نانەواخانەکان کرد کە خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سووتەمەنی دەبینێتەوە.  ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە رایگەیاند کە بڕیاردراوە نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوە و هەشت نان بە هەزار دینار دەبێت. قایمقامیەتی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە نوێنەرایەتی تەواوی خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان کێشەکانی باس کردووە کە "خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و زۆری باجی تازەکردنەوەی مۆڵەتدا دەبینێتەوە و فشاری زۆری لەسەر دروستکرد، لەهەمان کاتدا لە خەمی ژیانی هاووڵاتیانیشداین، بەڵام ئێستا فشاری زۆرمان لەسەرەو لە زەرەرداین." ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە کە لە کێشەکانی ئەوان تێدەگات و دەشڵێت "دەزانین بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە و شارەکەمانن و زەرەرمەندی یەکەم ئێوەن، لە چەند لایەکەوە هەوڵێکی زۆرمان بۆ چارەسەری کێشەکان داوە، ئومێد دەکەین لە ئایندەدا ئەنجامەکەی ببینین." قایمقامی سلێمانی ئەوەی گوتووە کە "رێگە نادەن بە هیچ جۆرێک ئارد ببرێتە دەرەوە و لە هاتنەناوەوەشدا هەوڵدەدەن رسوماتی لەسەر نەبێت." ئاوات محەممەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە خاوەن نانەواکانی گوتووە "دەزانم هەمووتان لە زەرەردان، بەڵام با هەوڵ بدەین بە هەموومان رێگە بگرین لە گرانبوونی نرخی نان، چونکە دواجار شارەکەمان و کۆمەڵگەکەمان زیان دەکات." بەپێی راگەیێندراوەکەی قایمقامی سلێمانی، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کە لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوە و "ژمارەی نان دەستکاری نەکرێت و 8 نان بە هەزار دینار دەبێت" و خاوەنی نانەواخانەکانیش "رەزامەند بوون."  ئەم هەفتەیە گرانبوونی ئارد و غاز لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە نانەواخانەکانی ناچارکرد نرخی نان بەرزبکەنەوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی بەشێک لە هاونیشتمانیانی بەدوای خۆیدا هێنا.  لە سلێمانی 650 نانەواخانە و 460 سەموونخانە هەن، رۆژانە بە نزیکەیی 5000 هەزار فەردە ئارد بۆ دروستکردنی نان و سەموون بەکاردەهێنن، نرخی یەک فەردە ئارد لە 27 هەزار دینارەوە بۆ 42 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیش هێندەی دیکە کاری نانەواکانی قورس کردووە. سلێمانی مانگانە پێویستی بە 23 هەزار تۆن گەنم هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئارد، بەشێکی زۆری ئارد لە ئێران، تورکیا و رووسیاوە هاوردە دەکرێن، لە دەروازە سنوورییەکان بۆ یەک تۆن ئارد 90 دۆلار گومرک وەردەگیرێت. کاریگەریی وشکەساڵی و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دوو هۆکاری سەرەکین بۆ گرانبوونی نان، هەرێمی کوردستان ساڵانە بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ ملیۆنێک و 670 هەزار تۆن ئاردی دەوێت و لەو بڕەش نزیکەی یەک ملیۆن تۆنی هاوردە دەکرێت. 700 هەزار تۆن گەنمی ناوخۆش لە ئاشەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنە ئارد.

  هاوڵاتى  ئەمڕۆ دوشەممە نرخی دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین گەیشتە زیاتر لە 50 هەزار دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستی دراوەکەیە لەماوەی سێ مانگی رابردودا. ئەمڕۆ دوشەممە نرخی دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین بەڕێژەی 2% بەرزبوەوە و نرخی یەک بیتکۆین گەیشتە 50,249.15 (پەنجا هەزار و دو سەد و چل و نۆ دۆلار و پازدە سەنت)، ئەوەش بەرزترین ئاستی دراوەکەیە لەو کاتەی  ئیلۆن مەسکی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای (تێسلا و سپەیس ئێکس) بڕیاریدا کارکردن بەو دراوە رابگرێت. شارەزایانی دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین پێشبینی دەکەن بەهای دراوەکە لەماوەی داهاتودا لەنێوان 40 بۆ 50 هەزار دۆلار بەجێگیری بمێنێتەوە و لەم کاتەدا بەهاکەی ناگەڕێتەوە بۆ بەرزترین ئاستی دراوەکە کە لەمانگی نیساندا تۆماریکرد، بەجۆرێک ئەوکات نرخی یەک بیتکۆین بە زیاتر لە 60 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ساتوشی ناکامۆتۆ لە ساڵی 2008 یەکەم دراوی دیجیتاڵی دروستکرد بە ناوی بیتکۆین، بەڵام کەس تاوەکو ئێستا نازانێت ساتوشی کێیە، تەنانەت دیار نییە کە یەک کەسە یان ناوی گروپێکە. لە سەرەتای دروستکردنی دراوەکە، 10،000 (دە هەزار) بیتکۆین بە هەشت دۆلار بو. وەبەرهێنەران پێیانوایە بیتکۆین دواجار دەتوانێت شوێنی خۆی وەک سەرەکیترین دراوی دیجیتاڵی جیهان بکاتەوە.

هاوڵاتى وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند:" لەگەڵ هاوکارەکانیان لە پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەندێک شوێنی دیاریکراو ئەرکە سەربازیەکانیان درێژە پێدەدەن بۆ لەناوبردنی داعش". ئەمڕۆ دوشەممە  23ى ئابى 2021، وەین مۆرتۆ وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تویتێکدا ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوکارەکانی دیکەیان لە عێراق و سوریا بەردەوام دەبن لە کردە سەربازیەکانیان لە هەندێک شوێنی دیاریکراوی هەندێک وڵات بۆ لەناوبردنی داعش و سەقامگیری زیاتر. وەین مۆرتۆ ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوان وەک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لەسەر ئەرکەکانیان تا دڵنیادەبنەوە لە شکستهێنانی داعش بە شێوەیەکی تەواو. هاوپەیمانی نێودوڵەتی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ پاش سەرهەڵدانی داعش دروستکراوە و زیاتر لە ٥٠ وڵات لە خۆدەگرێت.  

هاوڵاتى ئەمڕۆ لە دەروازەی فڕۆکەخانەی کابوول شەڕوپێکدادان لەنێوان هێزە ئەفغانییەکان و ژمارەیەک چەکداری نەناسراو رویدا و لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس بوونە قوربانی. ئەمڕۆ دوشەممە  23ى ئابى 2021، سوپای ئەڵمانیا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند:" لە دەروازەی باکووری فڕۆکەخانەی کابوول، شەڕوپێکدادان لەنێوان ژمارەیەک لە پاسەوانانی ئەفغانی و چەند هێرشبەرێكی نەناسراو روویدا و بەهۆیەوە پاسەوانێک کوژرا و سیانی دیکەش برینداربوون. سوپای ئەڵمانیا راشیگەیاند، هێزەکانی ئەڵمانیا و ئەمریکا کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەکەیان گرتووەتە ئەستۆ، تێکەڵ بە شەڕوپێکدادانەکان بوون. پێکدادانەکان لەدوای یەک رۆژ دێن لە هۆشدارییەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەگەری هەوڵی داعش بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە کابوول.  پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدایە ئەمریکییەکانی نێو کابوول و داوای لێکردن لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە دووربکەونەوە، ئەوەش بەهۆی ئەگەری هێرشکردنە سەر ناوچەکە لەلایەن داعشەوە.  ئەفغانییەکانی بەردەم دەروازەی فڕۆکەخانەی کابوول لەنێوان ژیان و مردندان و تێدەکۆشن بۆ گەیشتن بە ئەودیوی دیواری فڕۆکەخانەکە؛ بەڵام ئەوە کارێكی ئاسان نییە و هەندێک جاریش ژیانی لەسەر دادەنرێت. دوێنێ وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، لە ئاڵۆزییەکانی نێو فڕۆکەخانەی کابوول حەوت هاووڵاتیی ئەفغانستانی کوژراون و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی نێو فڕۆکەخانەکە "قورسە". فڕۆکەخانەی کابوول بۆ بەرەیەکی شەڕ گۆڕدراوە لە وڵاتێک کە لەسەر بەرمیلێکی پڕ لە بارووتدایە. ئەمریکا کە بڕیاربوو تاوەکو 31ی ئەم مانگە هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێتەوە، ئێستا هێزی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە دەنێرێت.

هاوڵاتى سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند:" ۆژانە خەرجی شەڕ و مانەوەمان لە ئەفغانستان لە نێوان 150 ملیۆن بۆ 300 ملیۆن دۆلاردا بووە. 20 ساڵە بەو جۆرە بووە". بایدن رۆژی یەکشەممە 22-8-2021  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن دی سی رایگەیاند، "رۆژانە خەرجی شەڕ و مانەوەمان لە ئەفغانستان لە نێوان 150 ملیۆن بۆ 300 ملیۆن دۆلاردا بووە. 20 ساڵە بەو جۆرە بووە. جگە لەوەش، 2448 ئەمریکی لە ئەفغانستان کوژراون و  20 هەزار و 772 ئەمریکی دیکەش برینداربوون". سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت:" هەموو رۆژێک کارتی ئەفغانستان بە دەستیەوە بووە و دەبوو بڕیارێک بدات و ئەویش بڕیاری کۆتاییهێنان بەو شەڕەی دا". بایدن جارێکی دیکە رایگەیاند، هەڕەشەی داعش لەسەر هێزەکانیان و خەڵک لە فڕۆکەخانەی کابوول هەیە و گوتیشی، تاڵیبان و داعش دووژمنی سەرسەختی یەکدین. سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پرۆسەی گواستنەوەی خەڵك پڕ ئازار و دەردەسەری و دیمەنی جەرگبڕ دەبێ، وەک ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا بینیویانە.

هاوڵاتى لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی سەباح ڕەزا گەرعاوی جێگری سەرۆکی لقی کەربەلای سەندیکای مامۆستایانی عێراق ئاشکرایکرد، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی 100 ملیۆن دینار بە قەرز و دانەوەی لە ماوەی 20 ساڵدا بە مامۆستایان، بە ئامانجی دروستکردنی خانوی نیشتەجێبونیان. وتیشی:"پێشبینیدەکرێت هەموو ئەندامانی سەندیکا بگرێتەوە لەسەرتاسەری عێراقدا" گەرعاوی ڕاشیگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنی ئەو پارەیە و بۆ وەرگرتنیشی پێویستی بە کەفیل نییە و تەنیا ئەوەندەی پێویستە مامۆستاکە بەڵگەیەک بهێنێت کە پارچەیەک زەوی وەرگرتووە، ئەوسا قەرزەکەی پێدەدرێت. جێگری سەرۆکی لقی کەربەلای سەندیکای مامۆستایانی عێراق ئاماژەی بە ئەوەشدا، ئامانجیان ئەوەیە پێشنیازەکە سەرجەم ئەندامانی سەندیکای مامۆستایان لە سەرتاسەری عێراق بگرێتەوە و لە ئێستادا چاوەڕێدەکەن چەکی پارەکانیان پێبدرێت، هەرکات پێیاندرا ڕاستەوخۆ داوا لەبانکی ناوەندی دەکەن قەرزەکەیان بۆ خەرج بکات کە لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا شەش هەزار مامۆستا سودمەند دەبن.

هاوڵاتى   وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند:" لە رۆژى ٤ى ئایارى ئەمساڵەوە پڕۆژەی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت دراوە بە ئەنجومەنی وەزیران و لە ئەنجومەنی وەزیران تیمێکی ڕاوێژکاریی کاری لەسەر دەکات و ئێستا ئەوان زیاتر پێوەی گرێ دراون" لە لێدوانێکدا کە ئەمڕۆ یەک شەممە 22ی ئابی 2021 کەمال محەمەد، وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ میدیای فەرمیی پارتی داویەتی وتی:"بڕیار دراوە کە بدرێتە کەرتی تایبەت، ئەمەش لەبەر ئەوەی بابەتێکی ھەستیارە و ساڵێک و دوو مانگە ئەو پڕۆژەیە کاری لەسەر دەکرێت". ئاماژەی بە ئەوەشکرد:"سودەکانی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت ئەوەیە کە ئەو کارەبایەی ون دەبێت دەگەڕێتەوە و بۆ ھاوڵاتییان دەبێت، ئەمەش کاتژمێرى کارەبا زیاد دەکات و کاتژمێرەکانى موەلیدەش کەم دەبێتەوە و چەندین کارمەندی ئێمە کە %70ی لەگەڵ ئەوان کار دەکەن موچەکەیان کەرتی تایبەت دەیدات" کەمال محەمەد، وتیشى، پڕۆژەکە لە قازانجی ھەموانە و گرنگ ئەوەیە لە خزمەت ھاوڵاتییاندایە. لەبارەى پێوەرى زیرەکى کارەباش، کەمال محەمەد ڕونیکردەوە کە:"سەرکەوتنی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت لە پێوەری زیرەکدایە، چونکە لە شوێنێکی وامان داناوە ئاسان نەبێت زیادەڕۆیی لەسەر بکرێت" وتیشى:"تا پێنج شەممەی ڕابردوو ٨٢٧ ھەزار پێوەر گرێدراوە و خۆی یەک ملیۆن و٥٠٠ ھەزارە و ڕەنگە تا مانگی دوو تەواو بێت"

هاوڵاتى  کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 180 پاڵاوگە دەبێت، نزیکەی 75 لە سنوری پارێزگای هەولێر، 32 لە سنوری پارێزگای دهۆک و 26 لە سنوری پارێزگای سلێمانین. هەر لەو بارەیەوە ئەمڕۆ دوو شەممە 22ی ئابی 2021، شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ڕوداوی ڕاگەیاند:"پێشتر 214 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام سێ ساڵ لەمەوبەر بەشێکی زۆریان داخران، سەرەڕای ئەوەش ماوەیەک لەمەوبەر ژمارەیان بۆ نزیکەی 180 پاڵاوگە زیادیکردەوە" زیاتربوونی ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەکان لە کاتێکدایە، مانگی نیسانی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیژنەیەکی باڵایان بۆ داخستنی 169 پاڵاوگەی نایاسایی پێکهێناوە.

هاوڵاتى  مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە و بەراوردکردنی سوپای ئەفغانستان بە هێزی پێشمەرگە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت:" جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە. جیاوازیەكی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە". لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئابی 2021 بڵاویکردەوە، بارزانی نوسیویەتی:" لێرەدا دەمەوێت خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە دۆخی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەكانی تر. شوكر بۆ خوای گەورە ئێمە پێشمەرگەی قارەمان و هێزمان هەیە و لە هەمووشی گرنگتر میللەتێكین خاوەن ئیرادە و قەزییەین". دەقی پەیامەکە. بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان دوای ڕووداوەكانی ئەفغانستان ماوەی چەند ڕۆژێكە تەوژمێكی سیاسی و میدیایی بە ئاراستەی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نائومێدی لەناو خەڵكی كوردستاندا كار بۆ بەراوردكردنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان دەكەن. لێرەدا پێویستە هەموو لایەك باش بزانن كە هەر میللەتێك ئەگەر پشت بە خۆی و تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچوونی لەسەرە. پاڵپشتیی خەڵكیش ئەو كاتە بەهای هەیە و كاریگەر دەبێت كە بە خۆمان هەبین و ئیرادەمان هەبێت. جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە. جیاوازیەكی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە. پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە. خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە. نموونەیان داستانی كۆڕێ و تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەكانی پردێ و سحێلان كە نەیارانی كوردستان پیلانی ئەوەیان هەبوو ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن. بەڵام پێشمەرگە و گەلی كوردستان بە خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینیان پیلانی نەیار و دوژمنانیان هەڵوەشاندەوە. لێرەدا دەمەوێت خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە دۆخی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەكانی تر. شوكر بۆ خوای گەورە ئێمە پێشمەرگەی قارەمان و هێزمان هەیە و لە هەمووشی گرنگتر میللەتێكین خاوەن ئیرادە و قەزییەین. ئەگەر دوژمنان و ناحەزانیش خەیاڵی ئەوەیان هەبووبێت ئازاری خەڵكی كوردستان بدەن ئەوە هەرگیز بە ئاسانی بۆیان نەچووەتە سەر و، بە دڵنیاییەوە لە ئاییندەشدا بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر. هەر كەسێكیش بیەوێ نائومێدی و خۆبەكەمزانین و بەراوردی نابەجێ لەناو خەڵك بڵاو بكاتەوە دیارە هێشتا نەیتوانیوە لە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەكەی تێبگات.

  هاوڵاتى  كۆمپانیای ئای كیو ئۆنڵاین، رەتیدەكاتەوە لە گەڕەكی كوردسات-ی شاری سلێمانی بە "زەبری هێز" زەوییەكی موڵكی گشتییان داگیركردبێت و دەشڵێت، هەواڵەكە "هیچ بنەمایەكی نییە"و لەسەر ئەوەش داوای یاساییان لەسەر سێ ئەندام پەرلەمان تۆماركردوە. كۆمپانیاكە لە رونكردنەوەیەكدا وتویەتی"لەماوەی چەند رۆژی رابردودا لەلایەن چەند ئەندام پەرلەمانێكەوە هەواڵێكی چەواشەكارانەو بێ بنەما بڵاوكراوەتەوە لە ماڵپەڕێكەوە بەمەبەستی لەکەدارکردنی شکۆی دامەزراوەکەمان." باسیانلەوەشکردووە، "بەگوێرەی ئەو هەواڵە بێ بنەمایە، گوایە كۆمپانیای (IQ online) زەوییەكی موڵكی گشتی بەزەبری هێز لە گەڕەكی كوردسات داگیركردوە." ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئێمە وەكو كۆمپانیای (IQ online) سەرلەبەری ئەو هەواڵە چەواشەكارییە رەتدەكەینەوە. بە هەمو لایەکی رادەگەیەنین کە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییەو لە ئێستاشدا داوای یاساییمان تۆماركردوە لەسەر هەر سێ ئەندام پەرلەمانەكەو ماڵپەڕێک هەیە.

هاوڵاتى   مەلا بەختیار:" حزبەكانمان لەپەنجا بۆ شەست ساڵی رابردوو، بەرامبەر بەگۆرانكارییە پێویستییەكان كە زەمینەی كۆمەڵایەتی، زەمینەی هزر بۆ دیموكراسی خۆشبكات، زۆر لاواز بووە. بەداخیشەوە كە دەبوایە لەم بارەوە یەكێتی شۆڕشگێڕتر بوایە ، بەتایبەت كە سۆسیال دیموكراتە‌و رەگەزە چەپیەکەشی لەكۆمەڵەوە دەستپێدەكات. بەڵام ئەو شۆڕشگێڕێتییە لەیەكێتیشدا دەسەڵات خەفەی كرد، وەكو هەموو شۆڕشگێڕەكانی دونیا كە دێنە سەر دەسەڵات خەفە دەبن.  مەلا بەختیار، یٔەندامی یٔەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژوەندییەكانی یەكێتی، كفتوگۆیەكی لەگەڵ ژمارەیەك لە مامۆستا جیاوازەكانی زانکۆکانی کوردستان یٔەنجامدا، كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 22ى ئابى 2021، سەردانیان كردبوو. مەلا بەختیار، رونیشیكردەوە، رەنگە بۆ ئەوروپا، بزوتنەوەی رووناكبیری خەسڵەتی خۆی هەبێ‌ و رووناكبیر بەرەهایی سەربەخۆبێ‌ یٔاساییە، چونكە لەوێ‌ لەخەم رەخساون و قۆناغەكانیان هەموو بڕیوە. بەڵام ئێمە میللەتێكی ژێر دەستەین، لەچوار نەتەوەی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەدوای تورك و عەرەب و فارس كە دەوڵەتیان هەیە، كورد چوارەم نەتەوەین كە بێ‌ دەوڵەتین‌و تەنها ئەم باشورەمان هەیە، كە ئەویش بەدۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت. راشیگەیاند، ناتوانرێ‌ روناكبیری كورد لەخەونی ستراتیجی نەتەوەكە، لەرزگاری نەتەوەكەی، لەدیموکراسی نەتەوەكەی، لەكێشە كۆمەڵایەتیەكان، لەمۆدێرنەتە و لەئازادی‌و هەموو ئەو ئامانجانەی كە لەدنیای دیموكراسیدا هاتۆتەدی، داببڕیت! وتیشی، كوا فەیلەسوفەكانی دونیا، لەخەونی دیموكراسی دابڕابوون؟ كوا بیرمەندەكانی دنیا لەرێنیسانس و رۆشنگەری، لەسەردەمی ئایینسازی، تەنانەت لەسەردەمی شۆڕشی پیشەسازی، لەششۆڕشی دیموكراسی، كام فەیلەسوف و بیرمەند بەجیهانبینی جیاوازیشیانەوە، دابڕاون لەخەمی گەورەی سیاسەت، سیستەم، ستراتیج، ئەگەرچی ئینتیماشیان نەبوبێ‌!  مەلا بەختیار، تەئكیدیكردەوە: كە دەڵێم رووناكبیر نابێ‌ لەسیاسەت داببڕێت، مەبەستم ئەوە نییە بەزۆری زۆرداری ئینتیمای پێبكەیت، بەڵام ناكرێ‌ بەكۆپیكردنی فەلسەفەكانی ئۆرۆپا، لەخەمی نەتەوەی داببڕیت، با ئینتیمای سیاسیشی نەبێ‌، با حزبایەتیش نەكا.  وتیشی: باوەڕموایە تەڵاقدانی رووناكبیر لەسیاسەت، نەك بەهەڵە بەڵكو بەكارەساتیشی دەبینم و زیانێكی ئێجگار گەورە دەكەین، چونكە یەكەم روناكبیرەكە لەنەتەوەكەی دادەبڕێت و سیاسییەكەش وشك و برینگ دەبێ‌‌و نازانێ‌ دنیای رووناكبیری، کاریگەریەکانی چییە!  لەبەشێكی تری گفتوگۆ كراوەكەیدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ كۆی تابلۆی رووداوە ئاشكراو نهێنییەكانی ئەفغانستان كردو كاریگەرییەكانی ئەو دۆخەشی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكات وەكو كوردیش رونكردەوەو وتی: بەداخەوە لەساڵی (1958)ەوە، هەتا دەگاتە دوای راپەڕین، ئەم حزبانەی کوردستان روانگەیەكی شەرمنانەیان هەبووە بەرامبەر ئەو كەلتور و داب‌و نەریتە كە داسەپاوە لەوڵاتی بەبێ‌ فلتەر، بەبێ‌ هەڵسەنگاندن‌و رەخنەلێگرتن. سیكولارن، سیكلاریستێكی شەرمنن! دیموكراتن، دیموكراتخوازێكی شەرمنن! مەدەنین، مەدەنیخوازێكی شەرمنن! سەربەستی، باوەڕیان پێیەتی، بەڵام لەزۆر خاڵدا رێگە لەسەربەستی دەگرن. باوەڕیان بەمۆدێرنەتە هەیە، بەڵام تەنها لایەنەكانی تەكنیك‌و تەكنەلۆجیا دەگرن‌و، لایەنەكانی تری كرانەوەی ئەقڵ، لایەنەكانی فەلسەفە لەمۆدێرنەتە، پێوەرەكانی  بیركردنەوە، لەناو حزبەكانی ئێمە، لە بنچینەکانی مۆدێرنەتە دابڕاوە. كۆی ئەم هەڵانە لەساڵانی چل و پەنجاكانەوە، تا دەگاتە دوای راپەڕینی خۆمان، كۆی ئەم هەڵە فەلسەفەی و ئایدلۆجیانە كە گیراونەتەبەر، سەرەنجام لەهەناوی كۆمەڵی ئێمەدا، ئەندێشەی فێندەمێنتالیستی لە مەڵاسدا ماوە. مەلا بەختیار، جەختیشیكردەوە: بەداخەوە، حزبەكانمان لەپەنجا بۆ شەست ساڵی رابردوو، بەرامبەر بەگۆرانكارییە پێویستییەكان كە زەمینەی كۆمەڵایەتی، زەمینەی هزر بۆ دیموكراسی خۆشبكات، زۆر لاواز بووە. بەداخیشەوە كە دەبوایە لەم بارەوە یەكێتی شۆڕشگێڕتر بوایە ، بەتایبەت كە سۆسیال دیموكراتە‌و رەگەزە چەپیەکەشی لەكۆمەڵەوە دەستپێدەكات. بەڵام ئەو شۆڕشگێڕێتییە لەیەكێتیشدا دەسەڵات خەفەی كرد، وەكو هەموو شۆڕشگێڕەكانی دونیا كە دێنە سەر دەسەڵات خەفە دەبن. مەلا بەختیار، لەبارەی ئەوەی كوردستان و دەوروبەرمان بەرەو كوێ‌ دەڕوات، نیگەرانی و ترسی خۆی لەكوردستان نەشاردەوەو وتی: خۆشبین نیم بەرووداوەكان، خۆشبیننیم بەئاییندەوەو باوەڕموایە ئەم یارییەی ئەمریكا لەئەفغانستان كردی و ئەو گفتوگۆیەی لەگەڵ ئێران لەكۆنگرەی ڤییەننا هەیە، ئەو روداو باسانەی لەپشتی پەردەكانی سیناریۆی سیاسەت دەگوزەرێت، دیسانەوە، سیاسەتی نێودەوڵەتی لەدنیادا، لەگەڵ سیاسەتی هەرێمایەتی، دیسانەوە لەچۆنێتی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوە زلهێزەكان و هەرێمایەتییەكان، چڕ دەبێتەوە. تەئكیدیشیكردەوە: هیچ كام لەسیناریۆكانی رابردوو، بۆ گۆڕینی سیاسەتە خراپەكانی ناوچەكە، كە دژایەتی دیموكراسی بوو، نەگۆڕاو وەكو خۆیان مانەوە! دەبینین كە عیراق، سوریا، یەمەن، لیبیا، لوبنان شێواوەو میسریش هێشتا سەقامگیرنییەو لەولاشەوە بزوتنەوەی جیهادی تاڵیبان دێنەوە سەرحوكم! هەربۆیە لەناو دۆخێكی ئاوهاشدا دەوڵەتە گەورەكان بیر لەوە دەكەنەوە، سیاسەتی رابردوویان بپێچنەوەو سیاسەتی تازە بگرنەبەر. ده‌شڵێت، سیاسەتە تازەكەش، رێككەوتنەوەیە لەگەڵ هەمان ئەم حكومەتانەی ئێستا، نەك گۆڕینیان! ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئاسایش‌و بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەبێ. دیارە حکومەتەکانیش، بۆ ڕێکەوتنی ئاوای زلهێزەکان، مەرجی خۆیان دەبێ.. کە تەواوی مەرجەکانیان لە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازان نابێ.

هاوڵاتى  جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەبێ ئاگادارکردنەوە و له‌ناكاو سه‌ردانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی دابه‌شكردنی كاره‌بای سلێمانی کرد. ئەمڕۆ یەکشەممە 22-08-2021 بەپێى هه‌واڵى میدیاکانی یەکێتی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەبێ ئاگادارکردنەوە و له‌ناكاو سه‌ردانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی دابه‌شكردنی كاره‌بای سلێمانی کرد.  قوباد تاڵەبانی، له‌كێشه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانی كۆڵیوەتەوەو گوێی له‌ داواكاری هاوڵاتیان گرتووە. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی هەر ئەمڕۆ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانییشی كردووە.

هاوڵاتى فڕۆکەیەکی تورکیا ئۆتۆمبێلێک لە گوندی هیمۆی سەر بە پارێزگای قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج. ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 22ى ئابى 2021، فڕۆکەیەکی تورکیا ئۆتۆمبیلێک لە گوندی هیمۆی سەر بە پارێزگای قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج.  

هاوڵاتى لەسەر بریاری كازمی  دادگای تاوانه‌كانی كه‌ربه‌لا بڕیاریدا، به‌ جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر بكوژی عه‌بیر خه‌باجی سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ربه‌لا. ئەمڕۆ یەکشەممە 22-08-2021 سه‌رچاوه‌یه‌كى دادوه‌ری رایگه‌یاند:" له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی تاوانی كوشتن، دادگای تاوانه‌كانی كه‌ربه‌لا سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر عه‌بیر خه‌فاجی بكوژی سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ربه‌لا سه‌پاندوه‌". 10ی ئه‌م ئاب، عه‌بیر سه‌لیم سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ربه‌لا له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی شاره‌وانیدا سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌تێكی كرد بۆ لابردنی زیاده‌ڕۆیی له‌ژماره‌یه‌ك گه‌ڕه‌ك و شه‌قامی شاره‌كه‌دا، له‌و كاته‌دا له‌لایه‌ن خاوه‌نی یه‌كێك له‌ خانووه‌ زیاده‌ڕۆكانه‌وه‌، ده‌ستڕێژی گولـله‌ی لێكرا و كوژرا.  دوای روداوه‌كه‌، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی شوێنی روداوه‌كه‌ی كرد و سه‌رپه‌رشتی لابردنی سه‌رجه‌م زیاده‌ڕۆییه‌كانی كرد و داواشی له‌دادگا كرد، سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر بكوژه‌كه‌دا بسه‌پێنێت. ڕۆژی 12ی ئابی 2021 ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری ڕایگه‌یاند، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی كوشتنی عه‌بیر خه‌فاجی سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ربه‌لا ره‌وانه‌ی دادگا كراوه‌، به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی سزای یاسایی.

    هاوڵاتى  شەوی رابردوو کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بۆ ماوەی نزیکەی 30 خولەک زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و داوای لە خەڵک دەکرد لە پەنجەرە و شوێنە کراوەکان دووربکەونەوە،  ئەمڕۆ پشتڕاستکرایەوە کە درۆنێک خراوەتە خوارەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە،  22ی ئابی 2021،  سیستمی بەرگریی هێزەکانی هاوپەیمانان درۆنێکیان دەستنیشان کردووە، "پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت خراوەتەخوارەوە و هیچ زیانێکیشی نەبووە."