هاوڵاتى   وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:" بەدواداچوون بۆ ئەو راپۆرتانە دەکەن لەبارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێم پێیاندەگات". داواشی‌ لە تورکیا کرد کە رێز لە سەروەری‌ خاکی‌ عیراق بگرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئابی 2021، نووسینگەی کاروباری خۆرهەڵاتی نزیکی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئاگاداری ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانیانەین لەبارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێم بڵاودەکرێنەوە، جارێکی تر جەختدەکەینەوە دەبێت ئۆپراسیۆنەکان رێز لەسەروەری عیراق بگرن". تویتەکەی‌ نووسینگەی کاروباری خۆرهەڵاتی نزیکی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە چەند مانگێکە سوپای تورکیا بە بیانووی هەبوونی بارەگا و بوونی پەکەکە چەند ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە.

 هاوڵاتى   هێزێکی ئەمنی بە مەبەستی دەستگیرکردنی دوو داواکراو، دەچنە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی قەرەهەنجیر تەقە لە یەكێک لەو ماڵانە دەكەن کە داواکراوێکی تێدابووە کادرێکی پارتی دەكوژرێت. کاتژمێر 1:15ی شەوی 19 ئابی 2021 هێزێکی دژەتیرۆر دەچنە شارۆچکەی قەرەهەنجیر، سەرەتا سەردانی بنکەی ئاسایشی شارۆچکەکە دەکەن، دواتر بەمەبەستی دەستگیرکردنی دوو کەس دەچنە گوندی بارزان. لەوێ کەسێک بەناوی شاهۆ عەزیز دەکوژرێت. شاهۆ عیزەدین، تەمەن 42 ساڵ، باوکی چوار منداڵ بوو، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. لە گوندی بارزانی سەر بە قەرەهەنجیر خەریکی بەخێوکردنی مەڕوماڵات بوو. بەڕێوەبەری پۆلیسی قەرەهەنجیر رایگەیاند :"سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لە رووداوەکە، تاوەکو ئیستا ئەنجامەکان بەتەواوی دەرنەکەوتن و بەڵام ئەو کەسەی کوژراوە پەیوەندی بە کێشەکەوە نەبووە".

 هاوڵاتى   ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمووزی لیوا هاوبەشەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە  دابەشدەكرێت و بڕیاره‌ له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ش موچه‌یه‌كی تر وه‌ربگرن. ئەمڕۆ پێنجشەممه‌ 19ی ئابی 2021، بڕیارە  موچەی لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش بكرێت.  بڕیاره‌ لیوا هاوبه‌شه‌كان له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا مووچه‌یه‌كی تریش وه‌ربگرن.   دابەشكردنی مووچەی ئەو مانگە بەپێی سیستمی بایۆمەتری دەبێت بۆ لیوا هاوبەشەكان، چونكە سەرجەم كارەكانیان تەواو بووە.

شاناز حەسەن تائێستا لەهەرێمی كوردستاندا تەنها لەسەدا 13ی دانیشتوان ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووەو بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت:» 650 هەزار كەس لەهەرێم چاوەڕێی وەرگرتنی ڤاكسینن». لەهەرێی كوردستاندا هەموو ئەوانەی هەردوو ژەمە ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە رای جیاوازیان لەسەری هەیەو بەشێكیان دەڵێن دوای وەرگرتنی كەتووشی پەتای كۆرۆنا بوون ئازاریان كەمتر بووە، بەڵام بەشێكیشیان دەڵێن بەقورسی تووشی كۆرۆنا بوون. بەشێك  لەو هاونیشتمانیانەی دوو ژەم ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە  باس لەوە دەكەن ئازاری توشبوون و نیشانەكانیان بەكۆرۆنا كەمتر لەسەر دەردەكەوێت. هێمن مەحمود، تەمەن 37 ساڵ، دانیشتووی سلێمانیەو دوو ژەم ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووەو دواتر تووشی پەتاكە بووە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ڤاكسینەكە وایكردووە ئازاری كۆرۆنا لەسەرم سوكتر بێت، ئەمجارە ئازارەكەی زۆر جیاوازی هەیەو كەمترە، پزیشكەكانیش پێیان وتووم بەهۆی بەكارهێنانی ڤاكسینەكەوەیە». هەروەها فەرحان مەولود، تەمەن 41 ساڵ، دانیشتوی شاری هەولێرەو دوو ژەم ڤاكسینی وەرگرتووە، بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد تووشی كۆرۆنا بووە زۆر بەسووكی و پزیشكەكان پێیان راگەیاندووە كە بەهۆی وەرگرتنی ڤاكسینەوەیە. فەرحان وتیشی:» لەدوای وەرگرتنی ڤاكسینەكە، تەندروستیم زۆر جێگیرەو بەرگریم بەرامبەر ڤایرۆسەكە زۆر بەرزە». هاوكات، شنیار ئەحمەد، كچێكی تەمەن 24 ساڵانەو دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە، تائێستا سێ جار تووشی كۆرۆنا بووەو دوو ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە، هێمای بۆ ئەوەكرد لەدوای وەرگرتنی ڤاكسین ئازاری كۆرۆناكە زۆر كەمتر بووەو وتی» پێش وەرگرتنی ڤاكسین و دوای وەرگرتنی تووشی كۆرۆنا بووم، واتا دووجار ڤایرۆسەكەم گرتووە، ئازارەكەی زۆر زۆر كەمترەو بەسوكتر تووشی ڤایرۆسەكە دەبیت». ئەم كچە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، جاری یەكەم ئازارێكی زۆری هەبووەو ماوەیەكی زیاتر ڤایرۆسەكە لەگەڵیدا ماوەتەوەو وتی» دوای وەرگرتنی ڤاكسینەكە دووجاری دیكە تووشی كۆرۆنا بوون، بەڵام بەنیشانەی زۆر كەمترو ئازارێكی كەمتر». لەلایەكی دیكەوە پیاوێكی تەمەن 61 ساڵ دەڵێت سەرەڕای وەرگرتنی ڤاكسین، بەقورسی تووشی پەتای كۆرۆنا بووە. سەعید عەبدوڵا، پیاوێكی تەمەن 61 ساڵی دانیشتووی دهۆكە، دوو ژەم ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە بەهاوڵاتی وت:» بەئاستێكی قورس تووشبووم لەكاتێكدا دوو ژەمە ڤاكسینیشم وەرگرتووە». ئەم پیاوە زیاتر وونیكردەوەو وتی:» راستە لەوانەیە بەتەواوی بەرگریم پەیدا نەكردبێت بۆ ڤایرۆسەكە، بەڵام هەر دەبوایە كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی ئازارەكەم هەبوایە». بەهەمان شێوە هێرۆ بابانی، تەمەن 31 ساڵ، دانیشتووی هەولێرەو دوو ژەمە ڤاكسینی وەرگرتوەو زۆر بەقورسی تووشی كۆرۆنا بووە. دایكی هێرۆ گێڕایەوە كە كچەكەی لەكۆمپانیایەك كاری كردووە بۆیە هەر زوو دوو ژەمە ڤاكسینی وەرگرتووەو وتی:» لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ماوەی دوو هەفتەیە لەنەخۆشخانەیەو باری تەندروستی جێگیر نیە». دایكی هێرۆ جەختی لەوەكردەوە لەناو خێزانەكەیاندا تەنیا هێرۆ ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووەو هەمووشیان تووشی كۆرۆنا بوون و وتی:»تەنیا هێرۆ لەگەڵ ئەوەی ڤاكسینی وەرگرتووە بەقورسی تووشی ڤایرۆسەكە بووە، ئەگینا خۆشم و كوڕو كچەكانی دیكەم زۆر بەسوكی توشبووین». ئەم دایكە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئێستا ترسی هەیە لەوەرگرتنی ڤاكسین و وتی:» دەترسم هەر منداڵێكی ترم ڤاكسینەكە وەربگرێت بەو شێوەیەی هێرۆ بەقورسی تووشی كۆرۆنا ببێت». سوارە عەلی، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی لەنەخۆشخانەی شار لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو كەسانەی تەنانەت یەك ژەم ڤاكسین وەردەگرێت، بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەكە پەیدادەكات، بۆیە كە دوو ژەمی وەرگرت دەیپارێزت لەڤایرۆسەكەو بەسوكی تووشی دەبێت». هەروەها ئەو پزیشكە پێشیوابوو ئەو كەسانەشی یەكەم ژەم ڤاكسینی وەرگرتووە باشترە لەوەی هەر هیچ ڤاكسینی وەرنەگرتووە. هاوكات پزیشكەكەی نەخۆشخانەی شار جەختی لەوەشكردەوە تەنیا ئەو كەسانەی گروپی مەترسیدارن (ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە) لەتوشبوون بەڤایرۆسەكە دەبێت بەردەوام خۆپارێزی تەواو بكەن و تەنانەت دوای وەرگرتنی دوو ژەمە ڤاكسینەكەش. تائێستا لەهەرێمی كوردستان لەسەدا 13ی دانیشتوانی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووەو هەزاران كەسی دیكە چاوەڕێن لەڕێگەی سیستمی ناو تۆماركردن بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكە. حەربی كەتۆ، بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لەوەزارەتی تەندروستی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەپێی ژمارەی دانیشتوان تائێستا نزیكەی لەسەدا 13ی دانیشتوانی هەرێم ڤاكسینیان وەرگرتووە». بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لەوەزارەتی تەندروستی جەختی لەوەشكردەوە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر ناوی خۆیان تۆماردەكەن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین و وتی:» تائێستا 650هەزار كەس ناویان تۆمار كردووە». حەربی كەتۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەوانەی ژەمی یەكەمی ڤاكسین وەردەگرن دوای 21 رۆژ لەڕێگەی سیستمەكەوە پەیوەندیان پێوە دەكرێت بۆ وەرگرتنی ژەمی دووەم و وتی:» خەڵكی خۆشیان زۆر چاوەڕێی وەرگرتنی ژەمی دووەمن و دێنەوە تاڤاكسینەكە وەربگرن». بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی تائێستا زیاتر لە 750 هەزار ڤاكسینی كۆرۆنا هاتۆتە هەرێمەوە بەهەرسێ جۆرەكەیەوە، كە زیاتر لە 450 هەزار ژەم بەكارهاتووە و پرۆسەكە بەردەوامە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیان ڤاكسین وەردەگرن.

عەمار عەزیز شەنگال بووەتە چەقی كێبڕكێ و ململانێی توندی هێزو لایەنە سیاسییەكان بۆ بەدەستهێنانی سێ كورسی قەزاكەو كورسییەكی كۆتای ئێزیدییەكان یەبەشەو پارتی و حەشدی شەعبی و لایەنەكانی دیكەش كاندیدیان هەیە. هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەسیستەمی فرە بازنەیە ئەوەش یەكەم ئەزمونی هاوشێوەی پرۆسەی دەنگدانە لەدوای 2003ەوە، بەو پێیەی پێشتر هەر پارێزگایەك یەك بازنە بوو، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە عێراق دابەشی 81 بازنە كراوە. سەعید بەتۆش، سەرۆكی حزبی پێشكەوتنی ئێزیدی لەشەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « ئێمە بۆ كورسی كۆتای ئێزیدی كاندیدێكمان هەیە». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد حەوت كاندید كێبڕكی دەكەن بۆ بەدەستهێنانی كورسی كۆتاو بۆ بازنەی شەنگال كە سێ كورسی بۆ دیاریكراوە، 18 كەس خۆیان كاندید كردووە  كە پارتی، یەكێتی، حەشدی شەعبی، یەبەشە، قائیمەی موحەمەد حەلبوسی، قائیمەی خەمیس خەنجەر، ئەمانەو چەند لایەن و هێزی تر هەموویان كاندید-یان هەیە. لەتەواوی پارێزگای نەنیەوادا، زیاتر لە دوو ملیۆن و 330 هەزار دەنگدەر هەیەو بەسەر هەشت بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراون، پشكی نەینەوا لەپەرلەمانی داهاتووی عیراق 31 كورسییە، كە هەشت كورسی بۆ ژنانە، ئەوەش بەبێ‌ كۆتای كەمینەكان كە چوار كورسییان هەیە، كۆمسیۆن ناوی 401 كاندیدی لەنەینەوا پەسەندكردووەو كێبڕكێی بەدەستهێنانی 31 كورسی دەكەن . لەخولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق 9 كورسی كۆتا بۆ كەمینەكان دانراوە كە 65 كاندید لەسەرتاسەری وڵاتدا كێبڕكێی بە دەستهێنانی دەكەن ، ئێزدییەكان بە حەوت كاندید چاویان لەكورسییەكی پەرلەمانی عێراقە. ئیدریس زوزانی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەلقی 17 پارتی لەشنگال كە ئێستا لەدهۆك دەوام دەكەن لەلێدوانێكدا  بە وت: « ئێمە سێ‌ كەسی زۆر بەهێزو كاریگەرمان كاندید كردووەو خەڵكی شەنگالن، بەدڵنیاییەوە هەرسێ‌ كاندیدمان دەردەچن و هەرسێ‌ كورسی شەنگال بۆ پارتی دەبێت». لەبارەی گەڕانەوەی ئەوان بۆ شەنگال، ئدریس زوزانی وتی: « بۆ گەڕانەوەمان بۆ شەنگال چاوەرێ‌ی بڕیاری سەرۆك بارزانی دەكەین، هەركاتێك سەرۆك بارزانی بڕیار بدات ئەوا بەدڵنیایەوە دەگەڕێنەوەو وەك پێش 2014 و باشتریش خزمەتی خەڵكی شەنگال دەكەین «. هەروەها عومەر ساڵح، سەرۆكی پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدییان كەسەر بە یەبەشە و ئاسایشی ئێزدیخانە، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» ئێمە یەك كەسمان هەیە ئەویش بۆ بازنەی شەنگالمان كاندید كردووە كە یەبەشەو ئاسایشی ئێزدیخان و تەواوی خەڵكی شەنگال پشتگیری دەكەن». عومەر ساڵح پێشیوابوو كاندیدەكەی یەبەشە دەنگێكی زۆر بەدەستدەهێنێت و دەچێتە پەرلەمانی عێراق، بڕوای وابوو كە» خەڵكی شەنگال خەبات و بەرخودانی ئێمە هەرگیز لەیاد ناكات». هاوكات، حەیدەر شەشۆ ، فەرماندەی هێزی ئێزیدخان، كە سەرۆكی حزبی دیمۆكراتی ئێزیدی لەشەنگالە بەهاوڵاتى وت:»كاندیدێكمان هەیە بۆ كێبڕكێی كورسی كۆتای ئێزدییەكان، پێشتر داوامان لەهەموو هێزو لایەنەكانی شەنگال كرد، رێككەوتنێك واژۆبكەین بۆ هەرسێ‌ كورسی بازنەی شەنگال، بەڵام لایەنەكان رازی نەبوون، بۆیە ئێمە بەجیا بەشداردەبین لەهەڵبژاردن و كێبڕكێ‌ لەسەر كورسی كۆتا دەكەین «. حەیدەر شەشۆ باسی لەوەشكرد سەرەتا لەگەڵ كورسی كۆتای ئێزدییەكان نەبوون و داوایانكرد ئەو كورسیە نەمێنێت و بخرێتە سەر بازنەی شەنگال  لەسێ‌ كورسییەوە بكرێتە چوار كورسی ، بەڵام قبوڵیان نەكردووە. «حەوت هێزو لایەن  كێبڕكێ‌ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی كورسی كوتا، رێككەوتن كرابا زۆر باشتر دەبوو ئەوكات دەنگی ئێزدییەكان پەرت و بڵاو نەدەبوو»، حەیدەر شەشۆ وای وت.

  هاوڵاتى  بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:"ھەر ھەنگاوێک نێردراوە بۆ راستکردنەوەی رێڕەو و ئاسایکردنەوەی ئەرکەکانی حزب بووە، و ئەو بارەلارەی بەدەستی ئەنقەست دروستکرابوو راستمان کردەوە". ئەمرۆ چوارشەممە، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەھەولێر بە بەشداریئەرسەلان بایز، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرینی ھەولێر کۆبۆتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان، حیزبییەکان، دۆخی یەکێتی ئامادەبووانی بەرچاوڕوون کردووە لە سیاسەتی نوێی یەکێتی، و ئاماژەی بەوەکردووە، "ھەر ھەنگاوێک نێردراوە بۆ راستکردنەوەی رێڕەو و ئاسایکردنەوەی ئەرکەکانی حزب بووە، و ئەو بارەلارەی بەدەستی ئەنقەست دروستکرابوو راستمان کردەوە و ئیتر لەمەودوا بەرپرسیارێتی و ئەرکی حزبی بەرێگایەکی تەندروستدا تێدەپەڕێت". هاوکات، ھاوسەرۆکی یەکێتی راشیگەیاندووە، "باشترین وەفا بۆ قوربانیدان و ماندوبوونی ئێوەی تێکۆشەر و پێشمەرگەی رۆژەسەختەکان پاراستنی ئەو یەکێتییەیە کە ئێوە خاوەنین و خەباتتان بۆ کردووە لەپێناو بەدیھێنانی مافەکانی گەلەکەمان". بۆ ھەڵبژاردنەکانیش بافڵ تاڵەبانی ھانی ھەموولایەکیداوە بە رۆحیەتی زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی مافە دەستوورییەکان کاربکەن بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و بەگەرموگوڕییەوە بانگەشە بکەن و ئەم وێستگەیەی خەباتیش بکەنە کەرنەڤاڵی نوێکردنەوەی پەیمانی ئاوەدانی و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک.

سازدانی: هاوڵاتى سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت حەوت بازنە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كاندیدیان هەیەو دڵنیان ئەنجامی دڵخۆشكەریان دەبێت. یاسین حەمەعەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی باڵای هەماهەنگی هاوپەیمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» پشتیوان بەخواو هەڵسوڕاوان و هاونیشتمانیانی ئازیز، پێمانوایە سەرجەم كاندیدەكانمان سەردەكەون». هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە وەكو هاوپەیمانی كوردستان هەموو هەوڵێكی خۆیان دەخەنەگەڕ، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و كورسی لە هاوپەیمانێتییەكەیاندا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیدا. ‌هاوڵاتى: بزوتنەوەی گۆڕان چۆن دەڕوانێتە هاوپەیمانێتی كوردستان لەگەڵ یەكێتی بەگشتی؟  یاسین حەمەعەلی: دیارە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی كوردستان، بەرهەمی چەندین گەڕی دانوستان و گفتوگۆ بوو لەنێوان ئێمەو یەكێتی نیشتمانی، دیدگای ئێمە لەسەر پرسە نەتەوەییەكان و چۆنییەتی مامەڵەكردنمان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی، چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ بەغدا بەكێشەی ناوچە كێشە لەسەرەكانیشەوە، هەروەها هەوڵەكانمان لەپێناوی بەدیهێنانی یەكڕیزی و یەك وتاری سەرجەم لایەنەكان دیدگایەكی روون و راشكاوە، بۆیە سەرەنجام ئەم هاوپەیمانێتیەمان پێكهێنا لەپێناوی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەدا. هاوڵاتى: گۆڕان‌ كاندیدەكانی لەچەند پارێزگاو لەكام بازنەدایە ئەگەر بەوردی باسی بكەن؟ یاسین حەمەعەلی: پاش خوێندنەوەی وردو بابەتییانەی یاسا نوێیەكەی هەڵبژاردن، هەوڵمانداوە كاندیدەكانمان لەو شوێنانە بن كە دڵنیاین لەئەنجامەكانیان و سەركەوتن بەدەستدەهێنین، لەنێو هاوپەیمانی كوردستان و لە (7) بازنەی هەڵبژاردن كاندیدمان پێشكەش كردووە، كە بازنەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك لەخۆدەگرێت. هاوڵاتى: لەهەندێ بازنە گۆڕان كاندیدی نییەو تەنها كاندیدی یەكێتی هەیە، كارتان بۆ ئەوە كردووە دەنگدەرانتان دەنگ بدەنە كاندیدەكانی یەكێتی، بەپێچەوانەشەوە؟ یاسین حەمەعەلی: ئێمەو یەكێتی نیشتمانی پێكەوە هاوپەیمانێتی كوردستانمان پێكهێناوەو هەموو هەوڵمان دەستەبەركردنی زۆرترین كورسییە بۆ هاوپەیمانێتییەكە، بەڵێ كارمان لەسەر كردووەو هەردوولامان رەزامەندین لەسەری. هاوڵاتى: ئایا هیچ گرفتێك لەتۆماری دەنگدەراندا بوونی هەیە، كە كێشە بۆ دەنگدەران دروستبكات؟ یاسین حەمەعەلی: دەتوانم بڵێم گرفتەكە لەوێدایە بەشێك لەدەنگدەران نەیانتوانیوە تۆماری بایۆمەتری بكەن و كارتی دەنگدانیان تازە نەكردووەتەوە، وەكو كۆمسیۆنیش ئاماژەی پێداوە بەشێك لەو كارتانەشی هاتوونەتەوە، هەڵەی تێدایەو نێردراونەتەوە بەو ئامانجەی راست بكرێنەوە، بەدڵنیاییەوە ئەمانە گرفتن و دەكرا كۆمسیۆن وردتر مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسەدا بكردایە، حاڵەتێكی تریش كەگرنگە كاری لەسەر بكرێت بەشێكی زۆری هاووڵاتیان كارتی بایۆمەترییان تەواو بووەو لەبنكەكانی تۆمارەو وەریان نەگرتووەتەوە، بۆیە زۆر گرنگە لەم وادەیەی كەماوە هەموان هاوكاربین لەوەی هاووڵاتیان بچن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان و بێبەش نەبن لەمافی دەنگدان. هاوڵاتى: هەڵسوڕاوانی گۆڕان بۆچوونیان چیە لەسەر هاوپەیمانێتییەكەتان لەگەڵ یەكێتی؟ ئایا روونكردنەوەی پێویستیان پێدراوە؟ یاسین حەمەعەلی: لەماوەی رابردوودا بەبەردەوامی گرنگی و ئامانجی بەستنی هاوپەیمانێتیەكەمان بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانمان روونكردووەتەوە، خۆشبەختانە فیدباك و ئامادەیی تەواو هەیە لەسەرجەم ئاستەكان. هاوڵاتى: پێتانوایە پێویستە بەرپرسانی گۆڕان و یەكێتی ان و دەنگدەران ئاشت بكەنەوە ئەوانەی كە نیگەرانییەكیان هەیە؟ یاسین حەمەعەلی: بەدڵنیاییەوەو بە بەردەوامی چ لەكۆبوونەوە هاوبەشەكانمان و چ وەكو بزوتنەوەكەشمان جەختمان لەوە كردووەتەوە، هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین زۆرترین كەس بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بەهاوپەیمانی كوردستان بدەن. هاوڵاتى: كورسییەكانی سێ پارێزگاكەی هەرێم روونە؟ پێتانوایە لەسلێمانی و هەولێرو دهۆك دەتوانن چەند كورسی بەدەستبهێنن؟ ئایا ئەمجارە لەكەركوك كورسی بەدەستدەهێنن؟ یاسین حەمەعەلی: پشتیوان بەخواو هەڵسوڕاوان و هاونیشتمانیانی ئازیز، پێمانوایە سەرجەم كاندیدەكانمان سەردەكەون. هاوڵاتى: بەشێك لەهاووڵاتیان كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە؟ چی دەكەن بۆ ئەوەی هۆشداری بدەنە هاووڵاتیان كە كارتەكانیان وەربگرنەوەو بەشداری دەنگدان بكەن؟ یاسین حەمەعەلی: هەڵبژاردن مافێكی سەرەتایی و دیموكراسی زۆر گرنگە، داوامان وایە هاووڵاتیان بە بایەخەوە ئەم مافە بەكاربهێنن و دەستبەرداری نەبن. داواكاریمان ئەوەیە هاونیشتمانیان كارتەكانیان وەربگرنەوەو بەشداری پرۆسەكە بكەن. هاوڵاتى: گۆڕان لەهەڵبژاردنی پێشووی عێراق پێنج كورسی بەدەستهێنا، پێتانوایە دەتوانن پارێزگاری لەو ژمارە كوردسییەتان بكەن یان زیاتری دەكەن؟ پێشبینیتان بۆ بەدەستهێنانی چەند كورسییە؟ یاسین حەمەعەلی: زۆر گەشبینین هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەینەگەڕ لەپێناو زیادكردنی كورسییەكانمان و بەدڵنیایی ئەنجامی دڵخۆشكەرمان دەبێت. هاوڵاتى: ئایا كاندیدەكانی گۆڕان جێی متمانەی هاووڵاتیانن؟ یاسین حەمەعەلی: كاندیدەكانی ئێمە كەسانی خاوەن پێگەو ئەزمونن و لەپسپۆڕی جیاوازن، بەدڵنیاییەوە جێگای متمانەی زۆرینەی هاووڵاتیانن. هاوڵاتى: دەوترێت میكانیزمێكتان لەگەڵ كاندیدەكانتان گرتووەتەبەر كە وەك پێنج ئەندامەكەی ئێستای گۆڕان لەبەغدا لەبزوتنەوەكە دوورنەكەونەوە؟ یاسین حەمەعەلی: متمانەی تەواومان بەكاندیدەكانمان هەیەو پێویست بەهیچ رێوشوێنێك ناكات. هاوڵاتى: هەموو دەزانین بەشێك لەهەڵسوڕاوانی گۆڕان زویرن لەبزوتنەوەكە‌، چی كراوە بۆ ئەوەی ئەوانیش لەم هەڵبژاردنەدا رۆڵیان هەبێت بۆ پشتیوانی لەبزوتنەوەكە؟ یاسین حەمەعەلی: بزوتنەوەكەی ئێمە هەمیشە دیدگای جیاوازی تێدابووە، ئێمە لەنیگەرانی هاوڕێكانمان تێدەگەین، بەڵام هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە كە سورین و بەردەوامین لەسەر ئەو ئامانجانەی كە رەوانشاد كاك نەوشیروان بناغەكەی داڕشتووە.

عەمارعەزیز گوللەی سوپای توركیا تەنها رووی لەگەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان نەكردووە، بەڵكو كەسانی سڤیل و مەدەنیش بوونەتە قوربانی و رۆژی 13ی ئاب هاونیشتیمانیەكی گوندی دێشیش لەكاتی ئاودانی باخەكەی بەتەقەی سوپای توركیا گیانی لەدەستداوە بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ناحییەكە. ئیبراهیم حەسەن محەمەد تەمەن 50 ساڵ، خاوەنی حەوت منداڵ خەڵكی گوندی دێشیشە سەر بەناحیەی كانێ ماسێ‌، بەڵام بەهۆی شەڕی پەكەكەو توركیا زیاتر لەچوار مانگ بوو لەزاخۆ دەژیا، رۆژی 13ی ئابی 2021 بەگوللەیەكی دۆشەكەی سوپای توركیا گیانی لەدەستدا. ئەبوبەكر حەسەن محەمەد، برای ئیبراهیمە كەئێستا لەشاری زاخۆ دەژی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت: «لەكاتژمێر 5ی بەرەبەیانی رۆژی 13ی ئاب برایەكەم لەگەڵ هاوڕێیەكی خۆی لەزاخۆوە دەچنە گوندی دێشیش بەمەبەستی ئاودانی باخەكەی، دوای گەیشتنیان بۆ ناو گوند، گوللەیەك بەسەری براكەم دەكەوێت و یەكسەر گیانی لەدەستدا». ئەبوبەكر حەسەن وتیشی: «دەمانەوێت خوێنی براكەم بەبەلاش نەڕوات و بەشەهید هەژمار بكرێت ، ناتوانین بچینە سەر گوندەكانی خۆمان بەردەوام شەڕو ئالۆزی لەنێوان پەكەكە و سوپای توركیا هەیە». گوندی دێشیش بەدووری 10 كم دەكەوێتە ناوەندی ناحیەی كانێ‌ ماسێ‌، پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی بادینان 30 تا 40 خێزان لەناو گوند دەژیان، بەڵام لەسەرەتای مانگی نیسانەوە تائێستا گوندەكە چوڵكراوە . سەربەرست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ‌ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» ئەو هاووڵاتیە بەتەقەی دۆشكەی سوپای توركیا كوژراوەو خاڵە سەربازییەكانی توركیا بەتەواوی گوندەكەیان كۆنتروڵ كردووە». سەربەست سەبری وتیشی:» لەكۆی 76 گوند لەسنوری ناحیەكە  36یان لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نەماون و  سوپای توركیا لەسەرەوەیەو پەكەكەش لەخوارەوەیە و ئارام نین، بۆیە داوامان لەخەڵك كردووە بەهیچ شێوەیەك سەردانی ئەو گوندانە نەكەن و خۆیان بەرپرسیار دەبن لەڕوودانی هەر رووداوێك». هاوكات، فەرهاد عەبدوڵلا خەڵكی گوندی دێشیشە، هەر لەدوای ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر ناوچەكە ماڵی خۆی گواستووەتەوە بۆ شاری زاخۆ بە  وت:»خاوەنی باخ و زەوی كشتوكاڵین، هەموو مانگێك چەند جارێك دەچنە گوند بۆ مەبەستی ئاودان، ئەگەر نەچین رەنجی ماندوبوونیان بەفیڕو دەڕوات».

  هاوڵاتى بریکاری وەزیری پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند:" بۆمبێكى چێندراو لە سنوری قەزای ئامێدی بە ئۆتۆمبێلێکی وەزارەتەکەدا تەقیوەتەوە". ​ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18ی ئابی 2021، سەربەست لەزگین بریکاری وەزیری پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند:" "لەسنوری قەزای ئامێدی چەکدارانی پەکەکە هەستاون بەدانانی مینێکى چێندراو لە رێگەی هاتووچۆی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە، لە ئەنجامدا مینە چێندراوەکە بە ئۆتۆمبیلێکی پێشمەرگەدا دەتەقێتەوە". هاوكات بریکاری وەزیری پێشمەرگەی هەرێم، راشیگەیاند :"تەنیا پێشمەرگەیەک بەسوکی بریندارە". دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە:  ئەمرۆ 18/8/2021بەرێز سەربەست لەزگین بریکاری وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند لەسنوری قەزای ئامێدی چەکدارانی پەکەکە هەستاون بەدانانی مینێکى چێندراو لە رێگەی هاتوو چۆی  پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە، لە ئەنجامدا مینە چێندراوەکە بە ئۆتۆمبیلێکی پێشمەرگەدا دەتەقێتەوە، ئەگەر چی خۆشبەختانە زیانی رۆحی لێ نەکەوتۆتەوە، تەنیا پێشمەرگەیەک بەسوکی بریندارە، هەروەها بریکاری وەزیری پێشمەرگە گوتی: دەمانەوێ ڕای گشتی و خەڵکی کوردستان ئاگادار بکەينەوە كەچەندین جارە پەکەکە ئەم رەفتارانە لە سنوری ئەرکی پێشمەرگە دووبارە دەکاتەوە ھەروەھا کاری تێکدارانە ئەنجام دەدات، بەم رەفتارانەیان مەترسی لە سەر سنورەکان و خەڵکی مەدەنی دروست دەکەن.

  هاوڵاتى وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم داوا له‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان ده‌كات ژمێره‌ی كۆتایی  ساڵی 2020 ره‌وانه‌ بكه‌ن و هه‌ر وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌یه‌كیش پابه‌ند نه‌بێت به‌ناردنی ئه‌و ژمێره‌ی كۆتاییه‌ گشت خه‌رجییه‌كانی راده‌گیرێت.  

شاناز حەسەن بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی دەڵێت:» هەوڵ بۆ دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێم و وەزارەتی داراییەوە هەیە، بەڵام  سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان پێیوابوو كە هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەر لەوبارەیەوە بوونی نییە. لەسەرەتای ساڵی 2014 و كاتێك حكومەتی هەرێم قەیرانی دارایی راگەیاند تائێستا كە زیاتر لەحەوت ساڵ دەكات پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی راگرتووە، بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی دەڵێت:» لە پرۆژە بودجەی 2021دا پلە بەرزكردنەوەی فەرانبەران وەك گرفتێكی میلاكات باسكراوە». سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوی بهێندرێت لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لە بودجەی 2021دا پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران وەك گرفتێكی میلاكات باسكراوەو هیچ بڕە بودجەیەكی تایبەتی بۆ تەرخان نەكراوە». هەروەها وتیشی:»  فەرمانبەر لەكاتی پلە بەرزكردنەوەدا شایستە داراییەكانی كە هەقی خۆیەتی بیدرێتێ‌،  بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی كە بەسەر هەرێمدا هاتووە پلەبەرزكردنەوە راگیرا و ئەمەش وایكرد چەندەها گرفت لەخانەنشین كردن و چۆنیەتی دابەشكردنی داهاتەكان و لەزۆر لایەنەوە كەموكوڕی دروست بوو لەموچەی فەرمانبەراندا». هاوكات ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو كە ئێستاش پڕۆژە بودجەیان ناردووە بۆ حكومەتی هەرێم، مەبلەغێكی دیاریكراویان دیارینەكردووە بۆ پلەبەرزكردنەوە، وتیشی:»هەوڵێكی باش هەیە لەلایەن حكومەتی هەرێم و وەزارەتی داراییەوە تا پلە بەرزكردنەوەی موچەی فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە». سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەر نییە بۆ دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران». زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەو كاتەوەی پلە بەرزكردنەوەی موچەی فەرمانبەران راگیراوە، تائێستا بەردەوام لەلایەن ئێمەی پەرلەمانتارانەوە یاداشت دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران و هەوڵمانداوە لەپرۆژەی بودجەدا جێی بكرێتەوە، بەداخەوە تائێستا پڕۆژە بودجەكە نەهاتۆتە پەرلەمان تا كاری لەسەر بكەین». هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی پێشیوابوو بەردەوام وەك ئەركی خۆیان داوایان كردووە حكومەتی هەرێم پێداچوونەوە بكات و ئەو مافە شەرعی و یاساییەی فەرمانبەران جێبەجێبكات. زیاد جەبار وتیشی:»تائێستا هەواڵی دڵخۆشكەر نیە و چاوەڕێین، بەو پێیەی حەوت ساڵە  پلە بەرزكردنەوە راگیراوە، بۆیە بێگومان كاریگەری لەسەر خەرجی حكومەت دەبێت چونكە گۆڕانكاریەكی زۆر لە موچەی فەرمانبەراندا روودەدات». هاوكات ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتى وت:»لەئێستادا هیچ پاساوێك بۆ راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی موچەی فەرمانبەران نیە، لەكاتێكدا كە سەرجەم فەرمانبەران  پلە بەرزكردنەوەی ئەو حەوت ساڵەیان بۆ بكرێت شتێكی وا لەداهاتەكان ناگۆڕێت لەكاتێكدا دەقی یاسای چاكسازی وەك خۆی جێبەجێبكرێت». هەڵەدنی پێشنیاری بۆ حكومەتی هەرێم كرد بەپێی زیادبوونی داهاتەكان پلە بەرزكردنەوەی موچەی فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە. 

هاوڵاتى لەسەر داواکاری ئەمریکا  حکومەتی ئۆگەندا ئامادەیی پێشاندا دوو هەزار هاوڵاتی ئەفغانی وەک پەنابەر بۆ ماوەیەك وەرگرێت. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18ی ئابی 2021، ئیستەر ئەنیاکۆن، وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی ئۆگەندا بۆ روبەڕوبوونەوەی کارەسات و پەنابەران بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاندووە:" حکومەتی ئەمریکا داوای لە سەرۆکی وڵاتی ئۆگەندا کردووە دوو هەزار پەنابەر وەرگرێت". ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەوان بۆ ماوەی سێ مانگ بە شێوەیەکی کاتی لێرە دەمێننەوە پێش ئەوەی حکومەتی ئەمریکا بیانباتە شوێنێکی تر." ئۆگاندا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە وەرگرتنی خەڵکی بەهۆی گرژی ناکۆکییەوە و لە ئێستادا میوانداریی نزیکەی یەك ملیۆن و ٤٠٠ هەزار پەنابەر دەکات کە زۆربەیان خەڵکی باشوری سودانن. پێشتریش ئەلبانیا و کۆسۆڤۆ داواکارییەکی ئەمریکایان بۆ وەرگرتنی پەنابەری ئەفغانی بەشێوەیەکی کاتی قبوڵ کرد.  

هاوڵاتى ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی و سیان لەبراكانی چوونە بەردەم دادگای سلێمانی و بە كەفالەت ئازادكران. به‌یانى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18ی ئابی 2021، لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى‌و سیان لە براكانى، چونه‌ته‌ بەردەم  دادگاو دواى ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌، دواتر بە كەفالەت ئازادكران. لاهور شێخ جه‌نگى بە دە ئوتۆمبێلەوە لەگەڵ سیان لە براكانی لەبەردەم دادگای سلێمانی ئامادەبوون و دواتر ئازاد كران. له‌ڕۆژى 8ى ته‌مموزى 2021یشدا كێشه‌و ململانێكانى یه‌كێتى له‌نێوان هه‌ردوو هاوسه‌رۆكدا سەریهەڵدا و بەشێوەیەك كێشەكانی نێوان هاوسەرۆكان تا ئێستا بەردەوامیان هەیە.  هاوكات ئەمڕۆ ژمارە (1931) ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوكرایەوە و لە چاوپێكەتنێكدا یەكێك لەئەندامانی دەستەی نێوەندگرانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی زانیاری نوێ و نەبیستراو بۆ هاوڵاتى ئاشكرا دەكات و دەڵێت:»میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەردوو هاوسەرۆكان جیاوازە «. بۆ خوێندنەوەی تەواوی چاوپێكەوتنەكە سەردانی ئەم لینكە بكە:.. https://www.hawlati.co/page_detail?smart-id=20715  

سازدانی: هاوڵاتى یەكێك لەئەندامانی دەستەی نێوەندگرانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی زانیاری نوێ و نەبیستراو بۆ هاوڵاتى ئاشكرا دەكات و دەڵێت:»میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەردوو هاوسەرۆكان جیاوازە «. ‌نیكولا ئەشرەف شاڵی یەكێك لەدەستەی نێوەندگرانی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» بافڵ تاڵەبانی لەناو مۆبایلەكەی خۆیەوە 11 تۆمەتباری پێنیشانداین كە بەرپرسی یەكێتی تێدایەو  فەرمانی دەستگیركردنیان هەیەو لەماڵی لاهور شێخ جەنگیدان، بەڵام لاهور شێخ جەنگی پێی وتین كە ماڵەكەی كراوەیەو هیچ تۆمەتبارێكی لانییەو دوو برای لایە كە چوونەتە بەردەم دادگا». هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی باسی لەوە كردووە كە ئەو هەنگاوانەی دەینێت بۆ چاكسازی و گەڕانەوەی شكۆیە بۆ یەكێتی و پێشی وتووین كە» بەدەرمانی دایۆكسین هەوڵی ژەهراویكردنم دراوە». هاوكات نیكۆڵا ئەشرەف شاڵی ئەوەشی روونكردەوە كە لاهور شێخ جەنگی پێی راگەیاندوون كە ملم لەموو باریكترە لەبەردەم یاسادا، هەر تۆمەتێكم بەسەردا ساغ بێتەوە بەڵێن بێت بەدەستی خۆم پەتی سێدارە دەخەمە ملم. هاوڵاتى: هەوڵی نێوەندگیری دەیان كەس پێكەوە سەردانی هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتیتان كردووە، ئامانجەكەی چی بووە؟ نیكولا ئەشرەف شاڵی: ئێمە وەك دەستەیەكی ناوەندگیری ئاشتەوایی بێلایەن رۆڵ دەگێڕین لەنێوان هەردوو هاوسەرۆكانی یەكێتیدا، چەندین كەسین لەئاست و پێگەی جیاوازدا. ئێمە كەسانی بێلایەنین لەنێوان هەردوولادا، هەرچەندە هەندێك كەس و لایەن تۆمەتبارمان دەكەن كە لایەنداری یەكێك لەهاوسەرۆكان دەكەین، ئەمەش هیچ بنەمایەكی نیە و تەواو دورە لەڕاستیەوە، چونكە ئەم دەستپێشخەریەی ئێمە تەنها لەڕوانگەی هەستكردنمانە‌ بەبەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەیی. هەروەها ئامانجمانە ئەوە بیری هەردوو هاوسەرۆكان بهێنینەوە، ئەوان لەم قۆناغەی كاری حزبیاندا لەبەردەم بەرپرسیارێتی‌ نەتەوەیی و نیشتمانی و مێژوویی و ئەخلاقی و پیشەیی حزبیەوەن، لەكۆی ئەو كارو هەنگاوانەی دەیگرنەبەر دەبێت ئاشتی و ئارامی شاری سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمی كوردستان بەگشتی بپارێزن. ئەوەی روویداوە لەنێوان هاوسەرۆكاندا، راستە بابەتەكە تەواو حزبیەو لەفۆرمی حزبیدایە، لایەنێكیان بەچاكسازی ناویدەبات و ئەوی دیكە بەكودەتا، بەڵام هەرچیەك بێت، كۆی ئەوەی روودەدات كاریگەری راستەوخۆی نەرێنی هەیە لەسەر دەروون و ژیان و بازاڕو ئابوری خەڵك بێ جیاوازی. ئێمە دەزانین لەكوردستاندا، حزب دابڕاو نیە لەكۆمەڵگا بەتایبەت حزبێكی خاوەن پێگەو باڵادەستی وەك (ی.ن.ك) كە سەنگ و قورسایی خۆی هەیە لەبڕیاری سیاسی چ لەناوخۆی هەرێم یان لەسەر ئاستی عێراق و تەنانەت هەرێمایەتیش، بۆیە هەرشتێك لەناوخۆی ئەو حزبەدا رووبدات كاریگەری و لێكەوتەی راستەوخۆی دەبێت لەسەر سەقامگیری كۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی. ئێمە لەواقعێكدا دەژین سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە بەكرداری لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم یەكنەخراون، بۆیە دەبینین حزبەكان بەتایبەت حزبێكی وەكو یەكێتی كەمێژوویەكی دورودرێژی هەیە لەخەباتی چەكداری تائێستا هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیان لەژێر دەستدا ماوە هەرچەندە ئەو هێزانە نیزامی و رێكخراون، بەڵام لەژێر فەرمانی چەند كەسانێكی دیاریكراوی حزبیدان و ئەوان دەتوانن بیانجوڵێنن. ئێمەومانان، وەك دەستەی ناوەندگیری بێلایەن، نیگەرانیمان هەبوو لەوەی ئەو هێزانە بەپێچەوانەوەی ئامانجەكانیان بەكاربهێنرێن لەیەكلاكردنەوەی ناكۆكیەكانی ناوخۆیی حزبدا، بەتایبەتی ئێمە بینیمان ئەو هەنگاوانەی نران لەلایەن هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی زیاتر مۆركێكی سەربازی پێوە دیاربوو، لەهەمان كاتدا بینیمان لەماڵی هاوسەرۆك لاهور جەنگی خەڵكانێك بەچەكی قورس و سوكەوە وێنەیان دەگرت و لەشۆسیال میدیا پەخشیان دەكرد، كۆی ئەمانە بووە هۆی ترس و دڵەڕاوكێ بەتایبەت لای خەڵكی شاری سلێمانی. لەڕوانگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی، بۆ ئەوەی خوانەخواستە هەنگاو نەنێین بۆ قۆناغێك ململانێكان تیایدا لەململانێی حزبییەوە بگۆڕێت بۆ ململانێی چەكداری، دەستەیەكی بێلایەن كۆبووینەوە و پەیوەندیمان بە بەڕێزان هەردوو هاوسەرۆكانی (ی.ن.ك)ەوە كرد. هاوڵاتى: هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ئەوەیان راگەیاند كە هێز بەكارناهێندرێت و دواتریش لاهور جەنگی ئەوەی دووپاتكردەوە كە كاری واناكەن؟ كەواتە تائێستا دۆخەكە ئارامە؟ نیكولا ئەشرەف شاڵی: سەبارەت بە بەڕێز قوباد تاڵەبانی، ئەو جێگری سەرۆكی حكومەتە، دەسەڵاتەكانی دەسەڵاتی فەرمین و بەیاسا دیاریكراوە، هەر بەیاساش دەسەڵاتەكانی بەكاردەهێنێت لەكاتی پێویستدا بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێم لەدۆخە نەخوازراوەكاندا. واتا تادۆخێك نەیەتە پێشەوە كە پێشێلكاری بێت بۆ ئەركەكانی حكومەت، بەتایبەتتر ئەو ئەركانەی پەیوەندیدارن بەپاراستنی ئارامی و ئاسایشی شارەكان و ژیان و سەرو ماڵی خەڵكەوە، بەهیچ جۆرێك خۆیان هەڵناقورتێنن و دەبێت دور بن لەكێشە حزبیەكانەوە. سەبارەت بە هاوسەرۆك لاهور جەنگی، ئێمە لە 7 و 9 ئاب 2021، سەردانمان كردو لەگەڵیدا كۆبووینەوە، داوامان لێكرد بەهێمنی كێشە حزبیەكانیان لەگەڵ هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی چارەسەر بكەن لەكۆی ئەو شتانەی روودەدات پێویستە ئارامی سلێمانی بپارێزیت، وتی «دڵنیاتان دەكەمەوە لەلایەن منەوە هەرگیز پەنا نابرێتە بەر هێز یان كارێك سەقامگیری سلێمانی و هەرێم تێكبدات». هەروەها وتی «من هێزی ئەمنیم دروستنەكردووە بۆ ئەوەی لەململانێ و بۆ بەرژەوەندی خۆم بەكاریان بهێنم، بەڵكو من هێزی دامەزراوەیم بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان بێ جیاوازی دروستكردووە، بۆ دەرخستنی نیازپاكی و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەموو دەسەڵاتەكانی خۆم بەشێوەی كاتی تا پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی حزبی رادەستی هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی كردووە»، هەروەها ئامادەیی دەربڕی لاپەڕەی سپیمان بۆ واژو بكات بۆ چارەسەركردنی كێشە حزبیەكان بەپێی پەیڕەوو پرۆگرامی (ی.ن.ك) و یاسا بەركارەكانی عێراق. جەختیشی كردەوە كەكوردستان جێناهێڵێت وەك ئەوەی داوایلێكراوەو لەبەردەم دادگادا بەرگری لەخۆی دەكات لەكۆی ئەو تۆمەتانەی خراونەتەپاڵی و جەختی كردەوە تاوانبار نیە و بەناهەق تۆمەتی بۆ هەڵدەبەستن، لەدادگا بێتاوانی خۆی دەسەلمێنێت و ئەگەر لەناوخۆی حزبیشدا بێت بەهەمان شێوە بەڵگەكان دەخاتەڕوو. سەبارەت بە هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی، بەهەمان شێوە لە 9 ئاب 2021 لەگەڵیدا كۆبووینەوە، دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ نزیكەی حەوت كاتژمێری خایاند، بەوردی كێشە ناوخۆییەكانی (ی.ن.ك)ی خستەڕوو كە خاڵی ناكۆكی بوون لەنێوانیاندا وەك هاوسەرۆكان. هەروەها باسی لەكۆی ئەو پاڵنەر و هەنگاوانە كرد كە بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی ناویەتی، وتی ئەو كارانەی دەیكات «بۆ گەڕاندنەوەی شكۆیە بۆ یەكێتی، لەهەمان كاتدا هەنگاونانە بۆ چاكسازی، چونكە لەدوو ساڵی رابردوودا دەستدرێژی زۆر كراوەتەسەر مافی خەڵك‌ و هەڕەشە لەبازرگان كراوەو دەستخراوەتە بینەقاقای بازاڕ، هێڵەكانی پەیوەندی چاودێری خراوەتەسەر‌، هێزەكانی دژە تیرۆرو زانیاری بۆ مەرامی تایبەتی و كۆكردنەوەی زانیاری ناپێویست و ناڕەوا بەكارهێندراون‌«. هەروەها وتی «سیخوڕ لەماڵەكەمدا دانراوەو بەدەرمانی دایۆكسین هەوڵی ژەهراویكردنم دراوە». هاوكات كاك بافڵ وتی:» هەنگاوەكانم بەردەوام دەبن بەئاڕاستەی چاكسازی و لەچارەسەركردنی كۆی گرفتەكان سەقامگیری هەرێم و شاری سلێمانی دەپارێزم»، بەڵێنیشی پێداین كە هەر هێزێك لەژێر فەرمانی حزبدا بێت هەرچەندە سەرجەمیان نیزامی و رێكخراون و میلیشیا نین، بەهیچ جۆرێك‌‌ فەرمان لەهیچ كەسێكی ئەوانەوە‌ وەرناگرن بۆ جوڵەپێكردنیان، ئەمما دەسەڵاتی حكومەت چی دەكات ئەوە پەیوەندی بەئەوانەوە نییە، چونكە ئەوان فەرمان لەحكومەتەوە وەردەگرن نەك سەركردەكانی حزب. جەنابیان وتیشی؛ «ئەگەر هێزی حكومی بجوڵێندرێت بۆ دەستگیركردنی ئەو (١١) تاوانبارەیە كە لەماڵی لاهور جەنگی خۆیان حەشارداوە، ئەوە پەیوەندی بەمنەوە نیەو دەسەڵاتی منی تێدا نییە». دوای سەردانمان بۆ لای هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی، بۆ تەواوكردنی كارەنمان راستەوخۆ لەهەمان رۆژدا، سەردانی هاوسەرۆك لاهور جەنگی-مان كردەوە، گفتوگۆیەكی ترمان لەگەڵ ئەنجامدا لەسەر ئەو بابەتانەی كەگرنگن بۆ پاراستنی سەقامگیری سلێمانی و هەرێم. سەبارەت بەو كەسانەی داواكراون لەلایەن یاساوە، من بە ‌بەڕێز لاهور شێخ جەنگی-م وت، «ئەو (١١) كەسەی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی باسیان دەكات و داواكراون لەماڵەكەتدان، لەڕووی یاساییەوە پێویستە رادەستیان بكەیت بۆ ئەوەی هێزی حكومی كە دەسەڵاتی سەپاندنی یاسایان هەیە، پاڵپشت بەفەرمانی دادوەر نەیەنە سەر ماڵەكەت و دەستبەسەریان بكەن بۆ بەردەم دادگا». لەوەڵامدا وتی «بفەرموون دەرگای ماڵەكەم واڵایە، بگەڕێن تیایدا هەر داواكراوێكی تیادا بوو بیبەن» وتیشی «من كەسی داواكراوم لا نییە، ‌تەنها ئەو دوو برایەم لایە كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوەو هەردووكیان ئامادەن بچنە بەردەم دادگاو  پێشتریش چوون و جارێكی دیكەش دەچنەوە بەردەم دادگا» هەروەها قسەمان لەگەڵ كرد سەبارەت بە بەكارهێنانی هێز و ئەو كەسانەی بەچەكەوە لەماڵەكەیدا لەڕێگای سۆشیال میدیاوە نمایش دەكەن، جەنابیان پێی راگەیاندین كە سەرقاڵەو ئاگاداری ئەو جۆرە نمایشانە نیە، وتی؛ «بەهیچ شێوەیەك چەكم بەكارنەهێناوەو هێزی سەربازیم نییە تا بەكاریبهێنم»، پێمان وت لەماڵەكەتدا خەڵكانێك بەچەكەوە ڤیدیۆو وێنەیان بڵاوبووەتەوە! ئەو بێئاگایی خۆی لەوە دەربڕی و وتی؛ «ئەوانەی لێرەن‌ میلیشیا نین، بەشێكی زۆری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگەی دێرینن و بەشێكی دیكەیان خەڵكی مەدەنین و هاوسۆزن». وە بەڵێنی بەهەمووماندا كەناهێڵێت كەس بەچەكەوە‌ ماڵەكەیدا نمایش بكات. دوای پەیامەكەی ئێمە،‌ بینیمان دیاردەی چەكداری لەماڵەكەیدا وەك پێشتر نیە، بۆ بەدواداچوون و دڵنیایی خۆتان دەتوانن بچنە ماڵەكەی بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بكەن. هاوڵاتى: پاش هەفتەیەك لەو پەیامەی ئێوە كە گەیاندوتانە هەردوو هاوسەرۆك، چ گۆڕانكاریە‌ك بەهۆی نێوەندگیریە‌كەوە روویداوە؟ ئایا میكانیزمی چارەسەر لای هەردوولایان جیاوازە؟ نیكولا ئەشرەف شاڵی: ئێمە لەچوارچێوەی پەیامەكەی خۆماندا كارمانكردوە، سەبارەت بەمیكانزمی چارەسەركردن، هەردوو هاوسەرۆكان میكانیزمی تەواو جیاواز بۆ چارەسەركردنی گرفتە حزبیەكان دەخەنەڕوو لەناو یان لەدەرەوەی حزب، واتا لەبەردەم دادگاكاندا.  لەئاستی حزبیش هەوڵدراوەو بەردەوام هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ناكۆكییەكان بەپێی پەیڕەوو پرۆگرامی ناوخۆی حزب و یاسا چارەسەر بكرێن‌، بەڵام دیارە تائێستا دەرەنجامی نەبووە. ئێمە وەك دەستەی ناوەندگیر هەست دەكەین گوێمان لێگیراوە، بەتایبەت لەو بابەتانەی پەیوەندیان بەنمایشی هێزو شەڕی راگەیاندنەوە هەیە كەتەواو خاوبوونەتەوە، هەر پێشوازی لێكردنمان لەلایەن بەڕێزان هەردو هاوسەرۆكانەوە نیشانەی رێزگرتن و بەهەند وەرگرتنی هەوڵەكانمانە، هەرچەندە ئێمە هەر چاوەڕوانی ئەو بەدەنگەوەهاتنەمان لێدەكردن. هاوڵاتى: بافڵ تاڵەبانی هیچ زانیارییەكی لەبارەی ئەو (١١) كەسەوە خستەڕوو بۆ ئێوە كە وەك دەستەی نێوەندگیر سەردانتان كردووە؟ نیكولا ئەشرەف شاڵی: جەنابی بافڵ تاڵەبانی هەموو فەرمانی دەستگیركردنی ئەو (١١) كەسەی لەمۆبایلەكەی خۆیەوە پیشانداین، كۆمەڵێكیان بەرپرسیارێتیان هەبووە، هەندێكی تێدایە بەناوی یەكێتی و دەزگا ئەمنییەكانەوە خەڵكی دەستگیركردووە، بەرپرسی باڵای حزبی یەكێتیش لەناو ئەو (١١) كەسانەدا بوونی هەبوو. هاوڵاتى: وتەی لاهور شێخ جەنگی لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكان چی بوو؟ نیكۆلا ئەشرەف شاڵی: وەك ئاماژەم پێدا، ئێمە لە ٧ و ٩ ئاب ٢٠٢١، جەنابیمان بینی، جەختی كردەوە ئامادەیە ملكەچی كۆی رێكارە حزبی و یاساییەكان بێت بەچوونە بەردەم دادگاشەوە، وتی «ملم لەموو باریكترە لەبەردەم یاسادا، هەر تۆمەتێكم بەسەردا ساغ بێتەوە بەڵێن بێت بەدەستی خۆم پەتی سێدارە دەخەمە ملم، چونكە هیچ كەموكورتیەك لەخۆم قبوڵ ناكەم چ بەرامبەر خەڵكی كوردستان بێت یان یەكێتی یان بەرامبەر ماڵی مام جەلال و هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی». وتیشی «بەهیچ جۆرێك ئامادەنیم كوردستان جێبهێڵم وەك ئەوەی داوام لێكراوە، چونكە ناكرێت تۆمەتبار بكرێم و داواكراوی دادگا بم، بەڵام بوارم نەدەن بەرگری لەخۆم بكەم و بێتاوانی خۆم بسەلمێنم. وتی؛ لەكوێی دنیادا بووە بەتۆمەتبار بوترێ بڕۆ وڵات جێبهێڵە!» هاوڵاتى: پێتانوایە یەكێتی ئەم دۆخەی ئێستای تێپەڕێنێت، یان پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق یەكلاببێتەوە؟ نیكولا ئەشرەف شاڵی: یەكێتی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە 1975،‌ لەسەر بنەمای رای جیاوازو لەیەكگرتنی سێ ئاڕاستەی‌ جیاواز دامەزراوە، تائێستا ئەو تێڕوانین و را جیاوازە تیایدا بەردەوامە، ئەوەش خاڵی جیاكەرەوەی یەكێتیە لەحزبە تەقلیدیەكانی تر. چارەسەركردنی ئەم دۆخە كاتی دەوێت، چونكە ئەم كێشانە لەبنەڕەتدا هەر هەبوون، بەڵام دوای كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال و بەستنی كۆنگرەی چوار زیاتر بەدەركەوتن و لەم ماوەیەدا دەرهاویشتەو لێكەوتەكانیمان بینی، بۆیە چاوەڕوان ناكرێت پێش هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق چارەسەر بكرێن. من پێم وایە ئەم كێشەیە زیاتر پەل ناكێشێت و وەك ئەوانی پێشتر‌ تێدەپەڕێت، متمانەمان بەهەردوو هاوسەرۆكانە كە بەرپرسیارانە مامەڵە دەكەن لەچارەسەركردنی كێشەكان. چونكە ئەوان وەك هەر تاكێكی ئەم كوردستانە دەزانن، كە ئەم ئەزمونەی هەرێم بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و بەری رەنج و ماندوبونی پێشمەرگە و رێكخستن و تێكۆشەرە دێرینەكانی كوردستانە. بۆیە دەبێت حەكیمانە و وردبینانە مامەڵە لەگەڵ كۆی كێشەكان بكەن‌. هاوڵاتى: پێتانوایە ئەم كێشانە كاریگەری دەكاتە سەر دەنگدەری یەكێتی؟ نیكۆلا ئەشرەف شاڵی: بەگشتی دەنگدەر، دەنگدەری یەكێتین كە بۆ ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆی كوردستان دامەزراوە‌‌، بەڵام دەبێت ئەوەمان بیرنەچێت بەشێكی زۆر لەدەنگدەران بەسۆز بیر دەكەنەوە، بۆیە‌ بێگومان ئەم كێشانە بەشی خۆی كاریگەری دەبێت لەسەریان و وەك لێكەوتەش كاریگەری دەبێت لەسەر كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق سەبارەت بە (ی.ن.ك)

ماردین نورەدین وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە دڵنیایی دەداتە موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە لەلایەن بەغداوە بەردەوام دەبێت و ئەمینداری گشتی حكومەتی عێراق بەفەرمی نووسراوی كردووە بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە. ‌سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بەپێی نوسراوی ژمارە (257) كە لەئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق حەمید ناعیم ئەلغەزی وەك بڕیار دەرچووە، كە لەكۆبونەوەی 3/8/2021 ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێكی داوە پەیوەستە بەهەرێمی كوردستانەوە كەخەرجكردنی 200 ملیار دینار مانگانە وەك شایستەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت». هەروەها وتیشی:»ئەمە كۆتا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە، لەسەر ئەم مەوزوعە لەكۆبوونەوەی سێی مانگ بڕیاری لێدراوەو چواری ئاب ئەمینداری گشتی حكومەتی عێراق كردوویەتی بەبڕیار و بڵاویكردووەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان». سەمیر هەورامی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە چاوەڕێین ئەم 200 ملیار دینارە مانگانە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان  بنێردرێت و بۆ موچەی موچەخۆران خەرجی بكەن. پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت:» رێكەوتنی سیاسی تا ئەوكاتەی خزمەت بەبەرژەوەندی هەردوولا بكات جێبەجێ دەكرێت «.  ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتى وت:» ئەگەر هەڵبژاردنەكان بكرێت لەبەر بوونی هەڵبژاردنەكان و جۆرێك لەهاوپەیمانی نێوان هەندێك هێزی سیاسی كوردی و عێراقی، ئەم 200 ملیارە ئەگەری ئەوەی هەیە بێت». ناوبراو پێشیوابوو هیچ شتێك  لەعێراقدا گرەنتی نییە، ئەگەر بچێتە چوارچێوەی قاڵبە یاساییەكەی ئەوا ناتوانێ ئیلتیزام بكات ئەگەری هەیە تاهەڵبژاردن بەردەوام بێت. بڕیارە 10ی 10ی 2021، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت كە دابەشبووە بەسەر 81 بازنەو سەدان كاندید كێبڕكێی بردنەوەی 329 كورسی پەرلەمان دەكەن.