هاوڵاتى لهدیدارێكی نێوان باڵیۆزی توركیا لهبهغدا، لهگهڵ ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دوایین پێشهاته سیاسی و ئهمنییهكانی ناوچهكهیان تاوتوێكردو: باڵیۆزی توركیا رایگهیاند، رهجهب تهیب ئهردۆغان سهرۆكی وڵاتهكهی بهنیازه سهردانی عێراق بكات . ئهمڕۆ یهكشهممه 5ی ئەیلولی2021، لهنووسینگهی تایبهتی خۆی قاسم ئهعرهجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، پێشوازی كرد له عهلی رهزا گونانی باڵیۆزی توركیا لهبهغدا، لهدیدارهكهدا دوایین پێشهاته سیاسی و ئهمنییهكانی ناوچهكهیان پهیوهست به ههماههنگی هاوبهشی نێوان بهغداو ئهنقهره تاوتوێكرد. له دیدارهكهدا، قاسم ئهعرهجی جهختی لهوهكردۆتهوه، پێویسته توركیا لهدۆخی تایبهتی عێراق تێ بگات سهبارهت بهدۆسیهی . لهلایهن خۆشییهوه باڵیۆزی توركیا رایگهیاند، رهجیب تهیب ئهردۆغانی سهرۆك كۆماری وڵاتهكهی بهنیازه سهردانێكی تایبهت بۆ عێراق ئهنجام بدات. باڵیۆزی توركیا له بهغدا وتیشی، سهقامگیری له عێراق، سهقامگیری بۆ سهرجهم وڵاتانی ناوچهكه دێنێت.
هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند:" تا کۆتایی ئەمساڵ 20 ملیۆن دۆزی تری ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق و پشکی ھەرێمی کوردستانیشی تێدایە". ئەمرۆ یەکشەممە 5ی ئەیلولی 2021 ریاز عەبدولئەمیر بەرێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندوە: وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق گرێبەستی کردووە بۆ کرینی 30 ملیۆن دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا و تا کۆتایی ئەمساڵ 20 ملیۆن دۆزی ڤاکسینی بەدەست دەگات، كە بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە. ئەگەرچی بەڕێەبەرە گشتیەكەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەجۆری ئەو ڤاکسینە نەکردووە كە بڕیارە بگاتە عێراق، بەڵام دەڵێت بەرھەمھێنانی ڤاکسین لەلایەن کۆمپانیاکانەوە کاتی زۆری پێویستە.
هاوڵاتى ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "دژەتیرۆری كوردستان پلانی هێرشێكی گروپی تیرۆریستی داعش لەهەولێر پوچەڵدەكاتەوە". رۆژی یەکشەممە 05-09-2021 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڤیدیۆی دانپێدانانی ئەو گرووپەی بڵاوکردەوە و دەڵێت "ئەو گرووپە تیرۆریستییەی داعش پێکهاتوون لە مەفرەزەیەکی ئەمنی و پیلانیان هەبووە لەناو شاری هەولێر کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن." بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان "ئەم گرووپە تیرۆریستە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لەلایەن ئەمنی عامی گرووپی تیرۆریستی داعش چالاک کراونەتەوە و لەلایەن ئەمیرێکی ئەمنی ناسراو بە (ئەبو حارس) فەرمانیان پێدراوە بۆ ئەوەی کردەوەی تیرۆریستی لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن." هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە گرووپەکە "هەوڵیانداوە بۆمبی چێندراو بۆ ناو شاری هەولێر بهێنن و لەنێو شاری هەولێر کردەوەی تیرۆریستی پێ ئەنجام بدەن و کەسانی بیانی و ئەمنی بکەنە ئامانج." ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە هەوڵی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر "توانراوە پێش ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکان، ئەندامی ئەم تۆڕە لەناو شاری هەولێر دەستگیربکەن و پیلانەکەیان پووچەڵ بکرێتەوە." لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە لە لێکۆڵینەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە کە "گرووپی تیرۆریستی داعش و سەرکردەکانیان وەک پیشەی پێشوویان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی مێردمنداڵ و گەنجەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پێشت یەکێک لە ئەندامانی خانەوادەکانیان ئەندامی داعش بوون تەجنید بکەن و کردەوەی تیرۆریستی پێ ئەنجام بدەن."
هاوڵاتى داواکاری گشتیی هەرێم لەسەر دۆسیەی "گۆڤەند" لیژنەیەکی پێکهێنا و دەڵێت، "ڕێکاری یاسایی دژ بەو کەسە دەگیرێتەبەر". لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم ئەمرۆ یەکشەممە 5ی ئەیلولی 2021)، ڕایگەیاند، "ئەمرۆ یەکشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەیەک ئەنجام درا لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لایەنی پەیوەندیدار". ئاماژە بەوەشکراوە، "وێرای سەر کۆنەکردنی ئەو کارە نەشیاوەی دەربارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە کەسێک بەناوی (گۆڤەند) بلاویکردووەتەوە لە سۆشیال میدیا بەم دواییە کە تەشهیرە بەو ئافرەتان و پیاوانەی کە لە گرتە ڤیدیۆکان ناویان هاتووە، بریاردرا بە پێک هێنانی لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەی ئەم بابەتە و چەند رێکارێکی یاسایی دژ بەو کەسە بگرێتەبەر". لەڤیدیۆکاندا کە بەشێوەیەکى خێرا و بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە چەند کچێک بەبێ شاردنەوەى روخسارى خۆیان و بە ئاشکرا دەردەکەون کە داواى لێبوردن لەکەسێک بەناوى "گۆڤەند" دەکەن تا ڤیدیۆ و وێنە تایبەتییەکانیان بسڕێتەوە کە لەبڵاویکردوەتەوە.
هاوڵاتى وەزیری نەوتی عێراقرایگەیاند:" لە کۆگاکانماندا بەنزین ئامادەیە، چاوەڕێی داواکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ ئەوەی رۆژانە یەک ملیۆن لیتر نەوت رەوانە بکەن. ئەمرۆ یەکشەممە 5ی ئەیلولی 2021. ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند: "ئەگەر ئەمڕۆ داواکارییەکەیان بەدەست بگات، ئەوا سبەینێ بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکەن". ئەو وتانەی وەزیری نەوتی عێراق دوای کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ناوبراو لەگەڵ پاتریک بویانیە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتاڵ هات لە کۆشکی حکومی لە بەغدا. رۆژی 28-08-2021 وەزارەتی نەوتی عێراق رەزامەندی دەربڕی رۆژانە بڕی هەزار و 80 مەتر سێجا بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و پارێزگای هەڵەبجەش لەگەڵ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی پشکی بۆ دیاریکراوە. بەپێی نووسراوێکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق کە ژمارە 8915ـی لەسەرە و لە رۆژی 28ی ئابی 2021 دەرچووە، رەزامەندی دەربڕاوە لەسەر ناردنی بڕی 1080 مەتر سێ جا لە بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەمشێوەیە پشکی پارێزگاکان دیاریکراوە: - پارێزگای هەولێر: 360 مەتر سێ جا لە رۆژێکدا - پارێزگای سلێمانی: 360 مەتر سێ جا لە رۆژێکدا - پارێزگای دهۆک: 216 مەتر سێ جا لە رۆژێکدا - پارێزگای هەڵەبجە: 144 مەتر سێ جا لە رۆژێکدا سەبارەت بە میکانیزمەکانی ناردنی ئەو بڕە بەنزینەش کە بڕیارە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت لەو نووسراوەدا هاتووە: - ناوی ئەو وێستگە و رێگەپێدراوەکانیان و ئەو لیستانەیشی کە ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی لەسەرە لەگەڵ ئەو وێستگانە کاردەکەن لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێتان دەگات و بەپێی ئەو بڕانەی دیاریکراون. - خاوەنی وێستگەکان بەهای ئەو بڕەی پێویستە پێیبدرێت دەخاتە هەژمارەکانی لقی دابەشکردنی مەبەست "ئەو ناوچەیەی کە لێوەی باردەکرێت و لەژێر رۆشنایی ئەوەدا ئەو بڕەی تەرخانکراوە لە رێگەی فۆڕمی بارکردنەوە دەدرێت، هەروەها ئەو وێستگەیەش دیاریدەکرێت کە لێیەوە باردەکرێت بەمەبەستی پێدانیان." - نرخی پشتپێبەستراو 650 دینار دەبێت بۆ هەر لیترێک
هاوڵاتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازی لە سەرۆکى پەرلەمانى ئوردن کرد و هەردولا پەیوەندییەکانى هەرێم و عەمانیان تاوتوێکرد سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە عەبدولمونعم ئەلعەودات سەرۆکى پەرلەمانى شانشینى ئوردنیى هاشمى و شاندێکى یاوەرى کرد، لە کۆبونەوەیەکدا کە سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرى کاروبارى پەرلەمان و باڵیۆزى ئوردن لە عیراق ئامادەى بون، پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و شانشینى ئوردنى و چۆنیەتیى بەرەوپێشبردنیان تاوتوێ کران و هەردولا پەیوەندییەکانیان بە مێژویى لە قەڵەم دا. ئەوەش هاتوە، شاندى ئوردنى، بەردەوامیى پشتگیریى شا عەبدوڵڵا و شانشینى ئوردنیى هاشمییان بۆ هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە و "ڕێز و پێزانینیان بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى تیرۆر و تێکشكاندنى داعش دوپاتکردەوە و بە بایەخەوە باسیان لە ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى عیراق و ناوچەکە بۆ پاراستنى هاوسەنگى و سەقامگیرى کرد". سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیریى بەردەوامى شا عەبدوڵڵاى دوەم و ئوردن چ لە سەردەمە سەختەکانى ڕابردو و چ ئێستا لە هەرێمى کوردستان دووپاتکردوەتەوە و خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە هەمو بوارەکانى پەیوەندیى لەگەڵ ئوردن دەربڕیوە. ئەوەش خراوەتەڕو، دۆخى سیاسى و ئەمنیى عیراق و هەرێمى کوردستان و برەودان بە بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشى، هەڵبژاردنەکانى داهاتوى عیراق، مەترسییەکانى تیرۆر و بەرەنگاربونەوەى داعش، پەتاى کۆڤیدـ19 و لێکەوتەکانى، دەرفەتى کار و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانیان لەگەڵ چەند بابەتێکى دیکە، تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە بون.
هاوڵاتى وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا بە خەرجكردنی بڕی زیاتر لە 499 ملیۆن دینار بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ شەقام و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی و زیاتر لە 380 ملیۆن دینار بۆ 14 پرۆژەی ئاو لە هەولێر. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار واژووی لەسەر خەرجكردنی بڕی 499 ملیۆن و 254 ههزار و 690 دینار كرد، كە ئەو بڕە پارەیە لەسەر داهاتی رێژەی 15%ی سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانییە. هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، کوردۆ عومەر، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"بە مەبەستی پەرەپێدانی سێكتەری ئاو و نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری خەرجكردنی زیاتر لە 380 ملیۆن دیناریدا بۆ جێبەجێكردنی 14 پرۆژەی تایبەت بە ئاو لە شاری هەولێر". کوردۆ عومەر وتی: "كۆی گوژمەكە بریتییە لە 380 ملیۆن و 477 هەزار و 50 دینار و لەسەر %17ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە مەبەستی جێبەجێكردنی 14 پرۆژەی ئاو لە شاری هەولێر خەرج دەكرێت". لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەهۆی مەبارانیەوە لە ساڵی رابردوو، هەرێمی كوردستان بەگشتی توشی وشكەساڵی بۆتەوە و كەمی زۆربەی گەڕەكەكانی شارەكانی گرتۆتەوە.
هاوڵاتى بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی سێ باندی ساختەکردنی دراوی راگەیاند، کە لە پێنج کەس پێکدێن و بڕێکی زۆریش پارەی ساختە دەستی بەسەرداگیرا. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانى رایگەیاند هێزەکانى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایش توانیویانە لە رۆژانى 11 و 16 ى ئابى 2021 لە چەند هەڵمەتێکدا سێ باندی ساختەکار دەستگیربکەن. هەروەها لە راگەیانراوەکەی ئاسایشی سلێمانی ئەوەش هاتووە لەم چەند چالاکییەدا توانراوە دەست بەسەر 40 هەزار یۆرۆى ساختە و حەوت هەزار دۆلارى ساختەدا بگیرێت. سەرجەم تۆمەتباران بە فەرمانى دادوەر و بەپێى ماددەى 281 لەیاساى سزاکانى عێراقى راگیراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.
هاوڵاتى پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و خێرا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت:" رفاندن، سەرانەوەرگرتن و هێرشکردنە سەر گوندەکان لەلایەن تیرۆریستانەوە بەردەوامە". ئەمڕۆ یەکشەممە 05-09-2021، راکان سەعید جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، "دۆخی ئەمنیی کەرکووک لاوازە، رۆژانە هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی هێرشی چەکداری دەبنەوە، بۆشاییەکی ئەمنیی زۆر هەیە کە لەلایەن تیرۆریستانەوە سوودی لێدەبیندرێت و لێیەوە هێرش دەکرێتە سەر هێزە ئەمنییەکانمان." بە وتەی راکان سەعید، ئەوان پێش دوو مانگ "بەدیاریکراوی لە مانگی تەممووز نووسراوی فەرمیمان بۆ سەرۆکوەزیران ناردووە، تێیدا سەرجەم خاڵە لاوازەکانمان دەستنیشانکردووە، هەموو چارەسەرێکیشمان پێشنیاز کردووە، لە راستیدا سەرۆکوەزیران ئەو نووسراوەی ئێمەی بەسەر سەرجەم فەرماندە ئەمنییەکان دابەشکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا جموجوڵێکمان بەدینەکردووە." شەوی رابردوو لە رەشاد چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان و بەهۆیەوە 13 پۆلیسی فیدراڵی کوژران. پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک راشیگەیاند، "هێزە ئەمنییەکانمان بە بەردەوام لە رۆژئاوای شارەکە لە چیای قەرەچووخ، هەروەها لە وادی نەفت، وادی ئەبو خەناجر و زخێتون و باشووری داقووق رووبەڕووی هێرشی چەکداری دەبنەوە، هەربۆیە داوا دەکەین سەرۆکوەزیران خودی خۆی دەستوەردان بکات، داوای بەستنی دانیشتنێکی خێرا و بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەکەین. خوێنی رۆڵەکانمان پێویستی بە هەڵوەستەیەکی جیددی هەیە لەلایەن فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە." راکان سەعید، ئاماژە بەوە دەدات، کە دیاردەی "رفاندن، سەرانەوەرگرتن و هێرشکردنە سەر گوندەکان لەلایەن تیرۆریستانەوە بەردەوامە، لەم دواییانەدا هێرشیان کردە سەر گوندی دۆگشمان و تەنانەت مەڕ و ماڵەتەکانیشیان کردنە ئامانج." بە وتەی راکان سەعید، سەرەڕای ئەوەی ئەوان فەرماندەی سەربازی نین و خاوەن تایبەتمەندی نین، "بەڵام بەپێی زانیارییەکانمان و لە رێگەی ئەو راوێژانەی کردوومانە، ئەو رێگەیەی بۆ چارەسەرکردنی تیرۆر بەکاردەهێندرێت، رێگەیەکی هەڵەیە، ئەو هەڵەیەش لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتەکە سەلمێندراوە."
هاوڵاتى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" تورکیا دراوسێ و وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە و جیهانە و هەرێمی کوردستانیش فاکتەرێکی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا. "هەمیشە خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ تورکیا کە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایین و پێکهاتەی جیاوازە، کە نیشانەی دەوڵەمەندیی وڵاتەکەیە". ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی گەلی کۆماریی تورکیا - جەهەپە بە سەرۆکایەتیی ئۆگوز کان سالیجی، جێگری سەرۆکی پارتەکە کرد. مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا وڵاتێکی گرنگ و فرە نەتەوەیە. بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێکراوە. جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، سڵاوی کەمال کلیچیدار ئۆغڵو، سەرۆکی پارتەکەی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە و خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕیوە کە یەکەمجارە شاندێکی باڵای پارتەکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئۆگوز کان سالیجی رایگەیاندووە، "ئامانجمان لە سەردانەکە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، تورکیا و خستنەڕووی بۆچوونی پارتی گەلی کۆمارییە دەربارەی چەند بابەت و پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش." لەلایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا دراوسێ و وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە و جیهانە و هەرێمی کوردستانیش فاکتەرێکی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا. "هەمیشە خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ تورکیا کە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایین و پێکهاتەی جیاوازە، کە نیشانەی دەوڵەمەندیی وڵاتەکەیە."
هاوڵاتى سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند:" دەکرێت "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" هەلی نائارامی لە ئەفغانستان بقۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی دەستکەوت و بەوەش "شەڕ و ئاڵۆزیی رووبدات". جەنەراڵ مارک میڵی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فۆکسنیوز، نیگەرانی خۆی نیشاندا کە دەکرێت "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" هەلی نائارامی لە ئەفغانستان بقۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی دەستکەوت و بەوەش "شەڕ و ئاڵۆزیی رووبدات. جەنەراڵە ئەمریکییەکە هۆشداریشی دا لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئەلقاعیدە و رایگەیاند، "دواتر ئەمە سەردەکێشێ بۆ دووبارە رێکخستنەوەی ئەلقاعیدە یان داعش یان گرووپێکی هاوشێوەی تیرۆریستی." وتیشی کە لە ماوەی "ساڵێک تا سێ ساڵی دیکە" تیرۆر لەو ناوچەیە سەرهەڵدەداتەوە. لە ماوەکانی رابردوو چەندین جار لە هەردوو لایەنەوە هەوڵی ئەوە درا کە بە دانوستاندن کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، چەندین شەڕ و رووبەڕووبوونەوەش روویدا، بەڵام تاوەکو ئێستا تاڵیبان نەیتوانیوە باڵادەستیی خۆی لەو ناوچەیە بسەپێنێت. مارک میڵی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێشتنەوەی ئاسایشی ئەمریکی و کۆکردنەوەی هەواڵگری لە ناوچەکەدا "ئەرکێکی قورستر دەبێت لە کاتێکدا ئێستا ئەمریکا هیچ بوونێکی فەرمی لە ئەفغانستان نەماوە." لە ئەگەری هەبوونی هەڕەشە بۆ سەریان، بە وتەی میلی، ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی هێرشە ئاسمانییەکانی بەردەوام دەبێت. پێشتریش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئەمریکا لە رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت و لەجیاتی هێرشی زەمینی، پشت بە هێرشە ئاسمانییەکان دەبەستێت. جەنەراڵ میڵی لەبارەی ئەوەوە رایگەیاند، "دەکرێت ئەمە بکەین، بەڵام پێویستە ئاستی زۆر وردی دیاریکردن، ئاگادارکردنەوە، چاودێریکردن و هەواڵگری لە تەواوی ناوچەکەدا بەدەستبخەین."
هاوڵاتى وەزارەتی بازرگانی و ئەنجوومەنی ھەناردەکارانی تورکیا ڕایگەیاند:"تورکیا لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی هەناردەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق پێنج ملیار دۆلارى تێپەرکردووە". بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و ئەنجوومەنی ھەناردەکارانی تورکیا، لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی دووەم- ئابی 2021 هەناردەی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێی (بولگاریا، ئێران، عێراق، جۆرجیا، سووریا و یۆنان) بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی رابردوو 34.5% زیادیکردووە و بە بڕی 12.5 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی ئەو وڵاتانە کردووە. لەو ماوەیەدا زۆرترین هەناردەی تورکیا بە بڕی 5 ملیار و 305 ملیۆن و 647 ھەزار دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بووە. بەگوێرەی داتاکان ئاستی ھەناردەی تورکیا لە مانگی ئابی ئەمساڵ بە گشتیی بە بەراورد لەگەڵ هەمان وادە لە ساڵی رابردوو بە رێژەی 52٪ زیادیکردووە و بووەتە 18.9 ملیار دۆلار. هەروەها کۆی هەناردەی تورکیا لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی دووەم- ئابی 2021 بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی پار 37% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 140.2 ملیار دۆلار. لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زۆرترین بەرھەمی ھەناردەکراوی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێی بەرھەمی کیمیايی بووە، لەو کەرتەدا بەبڕی 2 ملیار و 134 ملیۆن و 397 ھەزار دۆلار ھەناردە بۆ 6 وڵاتی دراوسێی کراوە.
هاوڵاتى وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم بڵاویکردەوە، لە رۆژی دووشەممە 6ی ئەیلول تا 15ی ئەیلوولی 2021، بەهۆی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی خوولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی، رۆژانە لە کاتژمێر 6:30 ی بەیانی تا 10:30 بەیانی سەرجەم هێلەکانی ئینتەرنێت رادەگیرێن. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەوە 6ی ئەیلول تا 15ی ئەیلول، رۆژانە لە کاتژمێر 6:30 ی بەیانی تا 10:30 بەیانی سەرجەم هێڵەکانی ئینتەرنێت رادەگیرێن. ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی خولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی. لە ماوەی رابردوودا و لەکاتی بەڕێوەچوونی خولی یەکەمی پۆلی 12ی ئامادەییدا بەهەمان شێوە رۆژانی تاقیکردنەوەکان هێڵەکانی ئینتەرنێت رادەگیران.
هاوڵاتى وتهبێژی فهرمی پارتی وەڵامی ڕاگەیاندراوەكەی دوێنێی هەپەگە دەداتەوە و دەڵێت:" ناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان". دوێنێ شهممه 4ی ئهیلوول، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە رایگەیاند: "بەپێی زانیارییەکانمان، گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون". ئاماژەی بەوەشکردبوو: "هێزەکانی پارتی بۆسەیان بۆ هەڤاڵانمان داناوە و حەوت هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردوە، ئەم کردەوەیە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییەوە نییە". لای خۆیهوه مهحمود محهمهد، وتهبێژی فهرمی پارتی دیموكراتی كوردستان شهوی رابردوو راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه و رایگهیاند: ناوەندێکی سەر بە پەکەکە بە ناوی ھەپەگە، لە راگەیاندراوێکدا بانگهشهی ئەوەی کردووە کە حەوت چەکداریان لە دەڤەری خەلیفان بەدەستی پارتی کوژراون!. ئهوهشی وتبوو: "لێرەدا بە گشت لایەکی رادەگەیەنین کە ئەو بانگهشهیە ھیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستی و، مەبەستیان لە ناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان". مهحمود محهمهد باسی لهوهشكردبوو، كه خەڵکی کوردستان دەپرسن و پێویستە پەکەکە وەڵامیان بداتەوە کە چەکدارانی پەکەکە چی دەکەن لە دەڤەری خەلیفان و ئیشیان چییە و پەیوەندییان بەو دەڤەرەوە چییە؟.