هاوڵاتى  وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت رایگەیاند:" لە‌ماوە‌ی ٢٤ سە‌عاتی رابردوو ھیچ جۆرە‌ كارێكی نایاسایی ئە‌نجام نە‌دراوە‌ و ھێزە‌كانی ئاسایش و ھێزە‌كانی تری دە‌روازە‌كان توانیویانە‌ رێگریی تە‌واو بكە‌ن لەهەر هەوڵێكی قاچاغچێتی". سە‌میر ھە‌ورامی وتە‌بێژی جێگری سەرۆکی حکومەت رایگە‌یاند:"پرۆسە‌كە‌ بە‌ردەوام دە‌بێت و خودی قوباد تاڵە‌بانی بە‌ردە‌وام لە‌سەر خە‌تە‌ لە‌گە‌ڵ ھێزە‌كانی ئاسایش و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كانی تر بۆ ئە‌وە‌ی رێگری تە‌واو بكرێت لە‌ھە‌ر یاسا شكێنییە‌ك كە‌ ئە‌گە‌ری روودانی ھە‌بێت. سە‌میر ھە‌ورامی ئە‌وە‌شی راگەیاند:" ھێزە‌كانی ئاسایش بە‌ردە‌وام دە‌بن لەئەرکەکانیان و لە‌دە‌روازە‌كان دە‌مێننە‌وە"‌. وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " ئەمە‌ ھەنگاوێكی گرنگە بە‌ئاڕاستە‌ی چاکسازی و سەروەری یاسا و پارێزگاریکردن لە مافی گشتی. دوو رۆژە بە فەرمانی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سە‌ر بە‌دە‌زگای ئاسایشی ھە‌رێم لەدەروازە سنورییەکانی باشماخ و پەروێزخان و چەندین خاڵی تری گومرگی جێگیر کراون ، لە‌دوێنێوە‌ ٩/٨ ھێزە‌كە‌ بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی و یاساشکێنی دەستبەکاربوون.

  هاوڵاتى بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کارەبای ئێران ڕایگه‌یاند:" هەناردەكردنی کارەبای وڵاتەکەمان بۆعێراق هەڵپەساردوە ". ئەمڕۆ سێشەممە10ى ئابى 2021، مستەفا رەجەبی مەشهەدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کارەبای ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی پڕكردنەوەی پێویستییە ناوخۆییەكانی ئێران هەناردەكردنی كارەبامان بۆ عێراق هەڵپەساردووە. ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو " لە ساڵی 2021 ەدا تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار مێگاواتمان هەناردەی عێراق کردوە دواتر کەمکرایەوە بۆ 150 مێگاوات". هاوكات عێراق نزیکەی لەسەدا چلی وزەی کارەبا لە تارانەوە هاوردە دەكات و تا ئێستا نزیکەی شەش ملیار دینار قەرزاری ئێرانە.

 هاوڵاتى رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند:" بەرپرسانی گینیا تووشبوونی کەسێکیان بە ڤایرۆسی ماربێرگ پشتڕاستکردووەتەوە، ئەوەش دەبێتە یەکەمین تووشبووی ڤایرۆسە کوشندەکە لە رۆژئاوای ئەفریقا. دکتۆر ماتشیدیزۆ مۆیتی، بەڕێوەبەری هەرێمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رۆژی دووشەممە ئاماژەی بەوە کرد، ڤایرۆسەکە توانای ئەوەی هەیە بە خێرایی بڵاوببێتەوە و دوور بڕوات، بۆیە هۆشداریی دا، کە پێویستە ڤایرۆسەکە پێش ئەوەی بگاتە ئەو ئاستە، رێگەی لێبگیرێت.   راگەیێندراوەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کە رۆژی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت تووشبووەکەی ئەو ڤایرۆسە لە باشووری گینیا تۆمارکراوە.  لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەم ڤایرۆسە یەکەمینجارە لەو وڵاتە و تەواوی رۆژئاوای ئەفریقادا تۆماربکرێت.  بەگوێرەی WHO، ڤایرۆسەکە بە خێرایی لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی گرانەتا و خوێنبەربوون.  ئەم ڤایرۆسە لە خێزانی ئەو جۆرەیە، کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی ئیبۆلا، کە ئەویش نەخۆشیێکی خێرا گوێزەرەوەی کوشندەیە. ئەم دۆزینەوەیەی گینیا تەنیا دوو مانگ دوای ئەوە دێت، کە رێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکە رایگەیاند بەرپابوونی دووەمی ئیبۆلا کۆتایی هاتووە، کە ساڵی رابردوو دەستیپێکرد و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس. 

   هاوڵاتى نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایيی ساڵی نوێی کۆچی لە موسڵمانان دەکات و ڕایگه‌یاند:" لە خوای مەزن داواکارم ساڵی نوێ کۆتایيی دەرد و بەڵا و مەینەتی و گرفتەکان بێت". دەقی پەیامەكەی   نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌ بۆنه‌ی یەکی موحەڕڕەم و سه‌ری ساڵی نوێی كۆچییەوە، پیرۆزبایی له‌ ته‌واوى موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌م. هیوادارم ساڵی نوێی کۆچی، ساڵێکی پڕ بەرەکەت و خێر و خۆشی بێت بۆ هەموو موسڵمانان و مرۆڤایەتی بەگشتی. لە خوای مەزن داواکارم ساڵی نوێ کۆتایيی دەرد و بەڵا و مەینەتی و گرفتەکان لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، بۆ کوردستان و عێراق و جیهان ساڵێکی پڕ ئاسوودەیی و ئارامى و خۆشبەختی بێت. دووبارە پیرۆزبایی لە هەموو لایەک دەکەم و هەموو ساڵێك بە خۆشى. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان 9ی ئابی 2021

    هاوڵاتى مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی رایگه‌یاند:" "ئێمەش ھەموو پەرۆشی ئەم دۆخەین، کە نەدەبوو ئەم یەکێتییە گەورەو گرانە، خۆی بخاتە بەردەم لۆمەی خەڵک"، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە "ئەم رووداوانە بونەتە مایەی نیگەرانی خەڵک، ھەربۆیە یەکێتی دەبێت یٔەم بابەتە بەزوویی چ بە لیژنەی لێکۆڵینەوەی حزبی یان حکومی ساغبکاتەوەو کۆتایی پێبھێنرێت، ئەوکات بڕیاری لێخۆشبوون یان سزابدرێت و کۆتایی بەم دۆخە بھێنرێت." ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌  9ی ئابی 2021،  ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی عه‌شیره‌تی میكائیلی سه‌ردانی مه‌لا به‌ختیاریان كرد و له‌سه‌ر دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی پێیان راگه‌یاند كه‌ "ئەو بارودۆخەی ئێستا لە سلێمانی و ناو یەکێتیدایە، مایەی نیگەرانی ھەموولایەکە". مەلا بەختیار رایگه‌یاند: "ئێمەش ھەموو پەرۆشی ئەم دۆخەین، کە نەدەبوو ئەم یەکێتییە گەورەو گرانە، خۆی بخاتە بەردەم لۆمەی خەڵک"، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە "ئەم رووداوانە بونەتە مایەی نیگەرانی خەڵک، ھەربۆیە یەکێتی دەبێت یٔەم بابەتە بەزوویی چ بە لیژنەی لێکۆڵینەوەی حزبی یان حکومی ساغبکاتەوەو کۆتایی پێبھێنرێت، ئەوکات بڕیاری لێخۆشبوون یان سزابدرێت و کۆتایی بەم دۆخە بھێنرێت."  مه‌لا به‌ختیار راشیگه‌یاند:"ئێستا دڵسۆزیی و پەرۆشی لەوەدایە چەندە دەبیت بە بەشێک لەچارەسەر، بۆ کورد و کوردستان، نەک تەرەفگیری و خۆ ھەڵواسین بەم لێپرسراو و ئەو لێپرسراودا، ببیتە بەشێکی چارەسەری نێوان ھێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، نەک ببیتە مایەی قوڵکردنی کێشەو گرفتەکان. ئێستا دڵسۆزیی ئەوەیە بەشێک بیت لەچارەسەر، نەک لەقوڵکردنی کێشەو ئازارەکان، کە ئەمەیان دواجار مایەی شەرمەزاری مێژووە". وتیشی:"بەداخەوە ھێشتا عیراق کە یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دوای 17 ساڵ لە ئازادبوون لە حوکمی بەعس، گەندەڵی بەرادەیەک بەربینی گرتووە، کە تەنانەت ئاوی خواردنەوەی نییەو لەدۆخێکی تەواو خراپدایە. ئەمەش سەلمێنەری ئەو واقیعەیە کە ھێشتا ئەم وڵاتە نەتیوانیوە سەرکردەی خۆی دروستبکات و حزبێکی راستەقینەی خەمخۆر لەم وڵاتەدا دروست نەبووە، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ كه‌ دەسەڵاتی باش و سیستەمی باش و دادپەروەر دروست نابێت و یاساش ناسەپێ".     

    هاوڵاتى  وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری ڕابردودا 2542كه‌س توشی كۆرۆنابون و 19 كه‌سیش به‌و ڤایرۆسه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. وه‌زیری ته‌ندروستی  ڕایگه‌یاند:" دۆخه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌و له‌ بازنه‌ی سوری بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌داین".  وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم ئاماری 24 كاتژمێری توشبووان و ئه‌وانه‌شی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ به‌ كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌پێی ئاماره‌كه‌ 13102كه‌س پشكنینی كۆرۆنایان بۆكراوه‌و له‌و رێژه‌یه‌ 2542كه‌س توشی كۆرۆنابوون و 19كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو،له‌و ژماره‌یه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ 6كه‌س له‌هه‌ولێر، 5كه‌س له‌سلێمانی، 6كه‌س له‌ دهۆك و 1كه‌س له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و یه‌ك كه‌س له‌ گه‌رمیان بووه‌. ئه‌مڕۆ وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، دۆخه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌و له‌ بازنه‌ی سوری بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌داین.

  هاوڵاتى وەزیری کشتوکاڵی ھەرێم  رایگه‌یاند:" زیاتر لە 100 ھەزار نەمام بۆ سەوزکردنی شەقامەکانی سلێمانی دابین دەکەن". بێگەرد تاڵەبانی  وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویەکان رایگەیاند: ''لە کۆبونەوەیاندا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئامادەیی وەزارەتەکەی نیشانداوە بۆ دابینکردنی زیاتر لە 100 ھەزار نەمام بەمەبەستی سەوزکردنی شەقام و شۆستەکانی سلێمانی. '' باسیلەوەشکرد، ھەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ ھێشتنەوە و فراوانترکردنی روبەری سەوزایی لەھەرێمی کوردستان.

  هاوڵاتى  سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان دەڵێت:' لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 54 کەیسی گەندەڵی لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکییەوە لە پارێزگاکانەوە بۆ دادگاکان نێردراون:"  ئەمڕۆ دووشەممە حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کار و چالاکییەکانی 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵی دەستەکەیانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوەو  وتی: "رۆژانە زۆر زانیاریمان لەبارەی هەندێک بابەت بۆ دێت؛ هەندێک بابەت گەندەڵییە واتە بە هەدەردانی دارایی تێدایە، بەڵام هەندێک بابەت زیاتر کێشەی کارگێڕییە. بۆ یارمەتیدانی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان، فەرمانگەی یاسایی بەشێک لەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆی خۆی و بەدواداچوون بۆ زانیارییەکان دەکات". حاکم ئەحمەد ئەنوەر وتیشی: "ئەگەر زانیارییەکان وەکو پێویست بەڵگەیان تێدابووم بە دڵنیاییەوە رەوانەی دادگا دەکرێت، بۆ نموونە ئەمساڵ 45 کەیس دراونەتە فەرمانگەی یاسایی بۆ دەرخستنی راستییەکان، لەوانە 7یان بەڵگەی تێدابووە و رەوانەی دادگا کراون، 17یان وردبینیان بۆ دەکرێت، 21 کەیسەکەی دیکە بابەتی کارگێڕی بوون و پەیوەست نەبوون بە کارەکانی دەستەی دەستپاکی". هەر سەبارەت بە داتاکانی 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵ، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بە دوا هەوڵەکان دا کە مەبەست لێیان وەکو حاکم ئەحمەد دەڵێت: "ئەو کەیسانەیە کە دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوە و وردبینیان تێدا دەکات، بەڵام هێشتا نەچوونەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە، کە لە ئەمساڵدا 53 داوای هەواڵدەرییمان هەبووە، بە گشتی 277 داوا تۆمارکراون، کە هی ساڵانی رابردووشی تێدایە". سەبارەت بەو داوا سزاییانەشی کە لە ئەمساڵدا تۆمارکراون، حاکم ئەحمەد ئەنوەر وتی : "لەو 6 مانگەدا 158 داوای سزایی تۆمارکراون؛ کۆی گشتی داوا سزاییەکان لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک 445 داوا بووە". کۆی گشتی داوا هەواڵدەری و سزاییەکان، کە ئێستا دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی تێدا دەکات، بە وتەی حاکم ئەحمەد "722 کەیسی گەندەڵییە". حاکم ئەحمەد ئەنوەر ئاماژە بەوەش دەدات کە "لە ئەمساڵدا 54 کەیسی گەندەڵی لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە پارێزگاکانەوە بۆ دادگاکان رەوانەکراون؛ چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن دادگاکانەوە بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدەن، ئەمساڵ لەو 6 مانگەدا تەنیا 5 کەیس لە دادگاکان یەکلایی بوونەتەوە، لە کاتێکدا 54 کەیس رەوانەی دادگاکان کراون".

هاوڵاتى  شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند، بە پشتیوانی خەڵك یەكێتی دەكەینەوە بە یەكێتییەكەی جاران و هەوڵی سەرخستنی ئەو یەكێتییە دەدەن كە هەموومانی كۆكردوه‌تەوە. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌  9ی ئابی 2021، لە مەڵبەندی یەكی سلێمانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، وەك سەرپەرشتیاری مەڵبەندی سلێمانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دەستبەكار بوو. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دوای ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ وتەیەكیدا رایگەیاند: "بە پشتیوانی خەڵك یەكێتی دەكەینەوە بە یەكێتییەكەی جاران و هەوڵی سەرخستنی ئەو یەكێتییە دەدەین كە هەموومانی كۆكردۆتەوە". شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتیشی: "هیوادارم كە كەسوكاری شەهیدان نائومێد نەكەین".  

هاوڵاتى  سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا دووپاتکردەوە و پاڵپشتی کابینەکەی بۆ کۆمسیۆن خستەڕوو بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی دەنگدان و پاک و بێگەردی هەڵبژاردنەکان. بەگوێرەی راگەیەنراوی نووسیگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی پێشوازیکردنی لە عەدنان زورفی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، باسی لەیەکخستنی تواناکان کردووە بۆ بەرەنگاربونەوەی سەرجەم ئاستەنگییەکان کە لە ئێستادا عێراق پیایدا تێپەڕ دەبێت. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان کراوە و هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا دووپاتکردووەتەوە و پشتیوانیان لە هەنگاوەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەکان کردووە، بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی دەنگدان و پاک و بێگەردی هەڵبژاردنەکان. 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە ئێستادا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە کاتی خۆیدا.

    هاوڵاتى  وەزیرى کارەباى هەرێم رایگەیاند:" لەمانگی ئەیلولەوە كارەبای نیشتیمانی دەدرێتە كەرتی تایبەت". ​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 9ی ئابی 2021، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکەی دواین هەنگاوەکانی دابەشکردنى کارەباى نیشتیمانیان لەرێگەی کەرتی تایبەتەوە تاوتوێ کردوە و دوا قۆناغى ئامادەکردنى گرێبەستەکان بۆ بەتایبەتى کردنى کەرتى دابەشکردنى کارەبا گفتوگۆی لەسەر کراوە. وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە:"  بەتایبەتی کردنی کەرتی دابەشکردنی کارەبا لە قۆناغی کۆتایی دایە و لە سەرەتاکانی مانگی ئەیلول بۆ پێدانی بە کەرتی تایبەت ئامادە دەکرێت، ئەوەش  دەبێتە هۆی "باشترکردنی دۆخی پێدانی کارەبا، کەمکردنەوەی سەرپێچی و بەفیڕۆدانی کارەبا".  لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و وەرزی هاوین، خواستی هاوڵاتیان لەسەر کارەبا وەک هۆیەکی فێنکردنەوە زیاتر دەبێت و بەهۆیەش ساڵانە لەمانگی حوزەیراندا گۆڕانکاری لەخشتەی پێدانی کارەبادا دەکرێت.  

  هاوڵاتى  وه‌زیری نه‌وتی عێراق ڕایگه‌یاند:" ئاماده‌ن بۆ چارەسەركردنی كێشە هونەری‌و داراییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان". به‌گوێره‌ی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق پێشوازی لەكەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم كردوەو ڕایگەیاندوە:' پێویستە هاوكاری هەبێت لەئیدارەدانی دۆسیەی نەوت بەوپێیەی سامانێكی نیشتیمانیە بۆ هەموو عێراق‌و پێویستیشه‌ پێكەوە كاربكەن لەپێناو بەرژەوەندی نیشتیمانیدا". هەربەپێی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌، وەزیری نەوتی عێراق لەدەستپێشخەریەكدا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ‌ لەگەڵ وەزیری سامانەسروشتیەكانی هەرێم‌و دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی بابەتیانە لەپێناو خزمەتكردن بەگەلی عێراق لەباكورەوە بۆ باشورو بەپێی دەستوری عێراق‌و پاراستنی مافەكانی پارێزگاو هەرێمەكان. لای خۆیشیەوە وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم ڕایگەیاندوە، ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاریەكن لەڕوی پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوت‌و ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش‌و هاریكاریكردن لەنێوان هەردولا لەبارەی گەشەپێدانی كێڵگە نەوتی‌و غازیەكان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی.

  هاوڵاتى وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم بڕیاریدا مانگانە نەخۆشخانە ئەھلییەکان 5٪ی باج بدەنە حکومەتی ھەرێم و نابێت ئەو باجە لەسەر ئەستۆی ھاوڵاتیان بێت. وەزارەتی دارایی ‌و ئابووری ھەرێم لە رێنماییەکی نوێدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لەمەودوا لە بری ساڵانە پێویستە سەرجەم نەخۆشخانە ئەھلییەکان مانگانە 5٪ی باج بدەنە حکومەتی ھەرێم ‌و ھۆشداریش دەدرێتە نەخۆشخانە ئەھلییەکان ئەو رێژە باجەی دیاریکراوە.  ئەوەشخراوەتەڕوو، ''نابێت ببێتە ھۆکارێک بۆ بارگرانی لەسەرشانی ھاوڵاتیان، بەڵکو لە داھات ‌و قازانجی نەخۆشخانەکان وەردەگیرێت، ئەگەر نەخۆشخانە و پزیشکان سەرپێچی بکەن، توشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە.'' وەزارەتی دارایی ‌و ئابووری راشیگەیاند، ''پێویستە 15ی ھەموو مانگێک ئەو رێژەی باجە بخرێتە سەر ژمێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان، ئەگەر ھەر نەخۆشخانەیەک پابەند نەبێت، مانگانە رێژەی باجەکەی بۆ 10٪ زیاد دەکرێت".

    هاوڵاتى هەپەگە ڕایگەیاند:" لە شاڕۆچکەی شاخ-ی سەر بە پارێزگای وان-ی باکووری کوردستان، گەریلاکانی یەژاستار ١٠ داگیرکەریان سزاداوە". ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پارستنی گەل (هەپەگە)، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:"ڕۆژی شەشی ئاب کاتژمێر ٥ی بەیانی، لە شارۆچکەی شاخ-ی سەر بە پارێزگای وان ناوەندێکی پەخشی ئەینتەرنێت و تەلەفۆنی دەوڵەتتی داگیرکەری تورک لە گوندی شامنس لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە تەقێندراوەتەوە، پاش ئەو چالاکییە سەربازەکانی سوپای دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە دوو ئۆتۆمۆبێلی سەربازییەوە هاتوونەتە شوێنی چالاکییەکە و کەوتوونەتەژێر چاودێریی هێزەکانمانەوە، ڕۆژی دواتر یەکێک لەو ئۆتۆمۆبێلانە لە کاتژمێر ٤ی ئێوارە بۆمبی چێندراوی پێدا تەقێندراوەتەوە و ١٠ داگیرکەر لەو چالاکییەدا سزا دراون". لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە هێزەکانی یەژاستار لە هەرێمی بۆتان، ئەو چالاکییەیان بۆ پیرۆزکردنی هەڵمەتی ١٥ی ئاب ئەنجام داوە. ئەوەش خراوەتەڕوو، لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی بازەکانی زاگرۆس لە ناوچەی خواکورک، زاپ و ئاڤاشین، ڕۆژی شەشی ئاب لە هەرێمی خواکورک، بە چەکی قورسەوە داگیرکەرانی سەر گردی شەهید شاهان کرانە ئامانج، لەم چالاکییەدا ئامانجەکە بە شێوەی سەرکەوتووانە، ئەنجامدرا. ڕاشیدەگەیەنێت، حەوتی ئاب لە کاتژمێر ١١:٠٠ لە ناوچەی زاپ هێزەکانمان بە چەکی قورسەوە داگیرکەرانیان لە جیلوی بچووک کردە ئامانج، ژمارەی ئەو داگیرکەرانەی کە لەم چالاکییەدا سزادران ئاشکرا نەبووە. هەپەگە دەشڵێت: ڕۆژی هەشتی ئاب کاتژمێر ١٠:٠٠ لە ناوچەی ئاڤاشین، لە دژی ئەو داگیرکەرانەی کە هەوڵدەدان سەنگەر لە هەرێمی گردی سوور دروست بکەن، چالاکییەک بەڕێوەچوو، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا داگیرکاران دەستبەرداری لە کارەکەیان بوون و کشانەوە. جەختیش کراوەتەوە، لەو هێرشانە دا هیچ زیانێک بەر هێزەکانیان نەکەوتووە.

هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" 2380 تووشبووی نوێی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراون و لەو ماوەدا 21 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، هاوکات 615 تووشبووی پێشووش چاکبوونەتەوە. بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 12 هەزار و 553 پشکنین کراون، ئەنجامی پشکنینی 2380 کەس پۆزەتیڤ بوون، زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای سلێمانی بووە.