هاوڵاتى كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رێکارەکانی بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند و دەڵێت، بەكارهێنانی فەرمانگە حكومییەكان و شوێنە ئاینییەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەیە. جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاماژەى بەوەکردووە، ئەنجومەنی كۆمسیاران سیستمی ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەسەندکردووە، بەپێی رێنماییەكی كۆمسیۆن: لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رێگا نادرێت كاندید و پارتە سیاسیەكان و هاوپەیمانێتیەكان زانیاری هەڵە و ساختە یاخود شێوازی ناوزڕاندن دژی كاندیدانی دیكە بەكاربهێنن. رێگا نادرێت رق و كینە و بیری توندوتیژی و ناكۆكی نەتەوەیی و تائیفی و دینی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا كاری لەسەر بكرێت. نابێت پۆستەر و بەرنامەی هەڵبژاردن و بە دووری كەمتر لە سەد مەتر لە ناوەندەكانی دەنگدان هەڵبواسرێن. بەكارهێنانی ماددەی لكێنەر بۆ هەڵواسینی وێنەی كاندید و پۆستەری بانگەشە و نووسین لەسەر دیوار قەدەغەیە. ئەوەشی خستەڕوو، لەبارەی چۆنییەتی ئەنجامدانی بانگەشە و ئەو شوێنانەی كە بانگەشەكردن تێیدا قەدەغەیە، لەگەڵ شارەوانییەکان هەماهەنگی دەكەن. بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، کە لە ٣١ی ئازاری ئەمساڵدا پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
هاوڵاتى وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ڕایگەیاند، لەلایەن حکومەتى عێراقەوە ئاگادارکراینەوە کە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بکرێت لە هەرێمی کوردستان. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەلایەن وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ ئاگادارکراینەوە، کە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بکرێت لەهەرێمی کوردستان بەپێی ئەوپلانەی کە دانراوە بۆ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان. ئاماژەى بەوەشکردووە، داوا لە سایلۆکان کراوە کە ڕۆژی ٢٢ – ٦ – ٢٠٢١، وەک یەکەم ڕۆژی دەستپێکی وەرگرتنی گەنم لە سە رجەم سایلۆ کانی هەرێم ڕادەگەیەنرێت. داواش لە جووتیاران دەکات، پابەندی ڕێکارە کانی دیاری کراوبن بۆ گەیاندنی گەنمەکانیان بەسایلۆکان. ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێکى زۆرى جووتیارانى هەرێمى کوردستان، پاش ئەوەى لەساڵانى رابردوودا گەنمیان ڕادەستى سایلۆکان کردووە، بەڵام تاوەکو ئیستا بەشێکیان پارەکەیان وەرنەگرتووە، سەرەڕاى ناردنى پارەکەیان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە.
هاوڵاتى ئەمڕۆ دووشه‌ممه 21ی حوزه‌یرانی 2021، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 73 دۆلار و 75 سەنتە. هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 71 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. پێشتر نرخی نەوت بۆ سەروو 70 دۆلار بەرزبووەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی رابردووەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەکارکەوتنی کارگە گەورەکانی جیهان و راگرتنی جموجوڵی ئامێر و ئۆتۆمبێلەکان، نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لە مێژوویدا دابەزی بوو.
هاوڵاتى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، عێراق به‌سوودوه‌رگرتن له هه‌ڵه‌کانى رابردوو و به گرتنه‌به‌رى روانگه‌یه‌کى نوێ له‌به‌ر رۆشنایى ده‌ستور ده‌تواندرێت "راسته‌ڕێ بکرێته‌وه". نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له کاتى به‌شداریکردنى له ئاهه‌نگى ده‌رچونى خوێندکارانى زانکۆى ئه‌مریکى - کوردستان له دهۆک رایگه‌یاند: "به سودوه‌رگرتن له هه‌ڵه‌کانى رابردو، به وازهێنان له لۆژیکى به‌سه‌رچوى به‌هێزى و بێهێزی، به گرتنه‌به‌رى روانگه‌یه‌کى نوێ له‌به‌ر رۆشنایى ده‌ستور و ئه‌و بنه‌ما و پره‌نسیپانه‌ى که عێراقى نوێیان له‌سه‌ر دروستبوه، ده‌تواندرێت عێراق راسته‌ڕێ بکرێته‌وه." هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:"هه‌ولێر و به‌غدا ده‌توانن بگه‌نه لێکتێگه‌یشتنێکى یه‌کجارى و ئێمه‌ش له‌ناو خۆى کوردستاندا ده‌بێت یه‌کڕیزى و پێکه‌وه‌یى و هاوکارى پته‌و بکه‌ین، که زامنى پاراستنى مافه ده‌ستورییه‌کانمان ده‌بێت." له‌باره‌ى بۆردومانکردنى ناوچه سنورییه‌کانیش سه‌رۆکى هه‌رێم وتی، پێویست ده‌کات په‌که‌که رێز له سه‌روه‌رییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بگرێت ، وه‌ک لایه‌نه‌کان و دامه‌زراوه‌کانى کوردستانیش ده‌بێت به‌یه‌که‌وه داوا له "په‌که‌که بکه‌ین که ئه‌م شه‌ڕه بێهوده‌یه و له یه‌خه‌ى گه‌لى کوردستان دور بخاته‌وه." ده‌قى وته‌کانى سه‌رۆکى هه‌رێم: ئاماده‌بووانى به‌ڕێز ده‌رچووان و قوتابيانى ئازيز خانه‌واده و كه‌سوكارى خوێندکاران و مامۆستايانى هێژا ئێواره‌تان باش و هه‌مووتان به خێر بێن.. زۆر خۆشحاڵم كه دواى زياتر له ساڵێكى سه‌خت بۆ هه‌موومان، جارێكى ديكه له بۆنه‌يه‌كى خۆش و گرنگدا پێكه‌وه‌ين. ژيان ئاوايه، خۆشى و ناخۆشى له‌گه‌ڵ خۆي‌دا ده‌هێنێت، گرنگ ئه‌وه‌يه هه‌ميشه به ئومێده‌وه بڕوانين و به بڕواوه به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێين. ڕاسته كۆرۆنا زۆر ئازيزى لێ سه‌ندين و دۆخێكى ناخۆشى له هه‌موو جيهان دروست كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موومان پێكه‌وه‌ين لێره بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى له خۆشى و كامه‌رانيى سه‌ركه‌وتنى پۆلێكى ديكه له قوتابیانى ئازيزى كوردستاندا بكه‌ين. به‌گه‌رمى، زۆر به گه‌رمی پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشيى ده‌رچوون له خوێندکارانى خۆشه‌ويست و له دايكوباوك و خانه‌واده و له مامۆستايانى به‌ڕێز و ستافى زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان ده‌كه‌م. ئه‌م سه‌ركه‌وتنه ئه‌نجامى هه‌وڵ و ماندووبوون و هاوكارى و پشتگيريى پێكه‌وه‌ى هه‌مووانه. هه‌مووان شايسته‌ى كامه‌رانيى سه‌ركه‌وتن و پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى و شانازين. ته‌واوكردنى خولێكى ديكه‌ى ده‌رچووان، نيشانه‌ى سه‌ركه‌وتنى ئه‌و ڕوانگه‌يه‌يه كه له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه ئه‌م زانكۆیه له‌سه‌ری دامه‌زراوه. پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له سه‌رۆك وه‌زيران به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئه‌ميندارانى زانكۆ، به‌ڕێز د. ڕاندال ڕۆدس، سه‌رۆكى زانكۆ و خاتوو د. ڕانيا مه‌جيد، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى كارگێڕيى زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان ده‌كه‌م بۆ ده‌رچوونى خولێكى ديكه‌ى قوتابيان و كار و هه‌وڵه‌كانيان له‌پێناو سه‌رخستنى زانكۆدا به گرنگ ده‌نرخێنم. هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم. قوتابيانى خۆشه‌ويست.. ویستم بەوە دەست پێبکەم بڵێم: ماندوو نەبن، بەڵام باشتان کرد خۆتان ماندوو کرد. ماندووبوونتان بووە مایەی سەرکەوتنتان لە خوێندندا. ئەمڕۆ ئێوە لە شێوەی بڕوانامەى زانکۆ‌دا، پاداشتی ماندووبوونی خۆتان وەردەگرن. بڕوانامەى ئەمڕۆ واتای کۆتایيهاتنی ماندووبوونتان نییە، بەڵکو گواستنەوەتانە لە قۆناغی خوێندن و فێربوون، بۆ بیرکردنەوە، بۆ قۆناغی کارکردن و پیادەکردنی زانست و تەکنەلۆژیا و هزر و ڕامان، بۆ دۆزینەوەى چارەسەری گونجاو بۆ هەر گرفتێکی ژیان کە دێتە پێشتان. حەز دەکەم بڵێم: ئەوە بەس نییە! لەمڕۆ بە دوواوە هه‌رچى لە زانکۆ فێر بوون، بە کاری بهێنن بۆ دیاریکردنی سەختی و گرفتی خۆتان و هاووڵاتييان و نیشتمانەکەتان. باش بگەڕێن، بزانن دەتوانن چارەسەر بۆ كامه گرفتی تەکنیکی، تەندروستی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵی، دارایی، لە بواری هاتوچۆ، کەشوهەوا، یان هەر بوارێکی تردا بدۆزنه‌وه كه پێویستى به وردبینى و وردەکارى و داهێنان و شارەزايى هەیە. ئه‌مه بکەنە پیشەی نوێتان. بەو پەڕی تواناتانەوە، بە کردەوە، بە نەوەی پێش خۆتان بڵێن: ئێمە بڕوانامە و زانست و تەکنەلۆژیا بۆ دۆزینەوه‌ى چارەسەری گونجاو لەو بوارانه‌ی كه كوردستان پێویستی پێیه‌تی، بەکار دەهێنین. هەر کەسێک لە ئێمە شارەزایی و لێهاتوویيی خۆی لە بواری تایبەت بە خۆیدا بەکار دەهێنێت، بە شێوەیەک کە ببینە مایەی پێشكه‌وتن و خۆشگوزەرانيی خۆمان و خانەوادە و کەسوکار و گەلەکەمان له كوردستان. کە من لە تەمەنی ئێوەدا بووم، دەردەسەری و نەهامەتی و ئەنفال، کوشتار و وێرانکاری، خەمی ڕۆژانەی نەوەی ئێمە بوو. كه باوكم لە تەمەنی ئێوەدا بوو، شۆڕشی پاراستنی کوردستان، خەباتی سەرەکيی نەوەی ئەوکاتە بوو. کە باپیرم لە تەمەنی ئێوەدا بوو، نەوەی ئەوان لە قۆناغی گۆڕانکاريی كه‌وتنى ئیمپراتۆريی عوسمانیيەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست، سەرقاڵی خەبات و ڕاپەڕینی فەرهەنگی و سیاسيی نوێ بوون. ئەمڕۆ ئێوە و ئێمە، هەموومان پێکەوە، لە سایەی قوربانی و خەبات و تێکۆشانی نەوەکانی پێش خۆماندا، بە ئازادی و سەربەستی دەژین، دەخوێنین و پلان بۆ ئایندەی خۆمان و کۆمەڵگە و گەلەکەمان و وڵاته‌كه‌مان داده‌نێین. بە لەبەرچاوگرتن و یادكردنەوەی ئەو ڕابردووە دوور و نزیکە، بەرپرسیاريه‌تيی ئێمە و ئێوەی نەوەی ئێستا و ئایندەمان، لەبیر ناکەین. خەبات و تێکۆشان و ماندووبوونی ئێوە، دەمانباتە قۆناغێکی نوێی ژیان بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵگە، بۆ سەرهەڵدانی مەدەنی و شارستانيی نوێ، بۆ دیالۆگی سەردەميانەى دوور لە بنکۆڵکردنی بنەمای کۆمەڵایەتیمان. بۆ پاراستن و قووڵكردنه‌وه‌ى كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و ته‌بايى و لێبورده‌يى له كوردستان. زانست و تەکنەلۆژیا و بير و هزری خۆتان، بخەنە خزمەتی گەلەکەتانه‌وه. لە دۆخى ژیانی ئێستاماندا، ئێوە دەتوانن و دەبێت ببنە کلیلی دۆزینەوەی چارەسەری سەردەميانە بۆ گرفتی کۆن و نوێی هاووڵاتيانى هەرێمى كوردستان. توانای هاوبەشتان یەک بخەن، چاوتان بکەنەوە، گرفتێک، سەختییەک، دەستنیشان بکەن و پێکەوە هەوڵ بدەن لەگەڵ هاوپۆل و لە دەرەوەی سنووری زانكۆش کەسانێک بدۆزنەوە تا ببنە هاوکارتان. به قووڵى بیر بکەنەوە. لە بیرکردنەوە و چارەسەردا، بێ‌سنوور بن. ئەمڕۆ (118) خوێندکار لە ئێوە بڕوانامەى خوێندن وەردەگرێت. ئەگەر هەر یەکێک لە ئێوە لەگەڵ چوار کەسی دیکەدا هاوکار بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لە هەر بوارێک‌دا بێت، پتر لە (550) کەس پێکەوە کار دەکەن. ده‌رفه‌تى کار بۆ یەکتر دەڕەخسێنن. لەوانەیە بەشێکی باش لەو هاوکارییە ببێتە هۆی دامەزراندنی كار و کۆمپانیای نوێ لە کوردستان. جموجۆڵ دەخەنە بازاڕی کار. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، کاركردن، هاوکاری و چارەسه‌ری، بکەنە پلانى كار و نه‌خشه‌ى سەردەمی نوێمان. بۆ نموونە، یەکێک لە ئێوە سەردانی نەخۆشخانەیەک يان هه‌ر شوێنێكى ديكه دەکات. هەندێک کەموکورتی دەبینێت. لەبری گلەیی و دڵتەنگی و ناڕەحەتی، بزانە گرفتی سەرەکی چییە کە بۆتە هۆی ئەو کەموکورتییە؟! بە شێوەیەکی زانستییانه دەستنیشانی بکە. لە خۆت بپرسە: ئەم گرفتە چۆن چارەسەر دەکرێت؟ ئايا بە من چارەسەر دەکرێت؟ کێ لە هاوپۆلی کۆن و هاوکاری نوێم، دەتوانێت لەگەڵ مندا بەشدار بێت لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەم چارەسەرە؟ كێ هه‌يه له بوارێكى جياى شاره‌زايى و تايبه‌تمه‌نديدا، هەوڵی دابێت لەو جۆرە گرفتە چارەسەر بکات؟ تەکنەلۆژیای بەردەست و ناو گیرفان و سەرمێزتان، هه‌موو سنوورێکی بەزاندووە، باشتر به‌كارى بهێنن. ئەوپەڕی توانای خۆتان بخه‌نه گه‌ڕ تا دەگەنە ئەنجام و ئامانجی گونجاو. شه‌رم مه‌كه‌ن، لە خەڵکی دیکە بپرسن و به به‌رده‌وامی فێر ببن. چارەسەرێک و دەیان و سەدان تاقی بکەنەوە، هەر دەگەنە ئەنجام. ئەمڕۆ نا، سبەی، دووسبەی، چەند ڕۆژێکی دیکە. ئەگەر گیرتانخوارد و تووشی بەربەست بوون يان هەستتان بە نائومێدی کرد، بیر لە تۆماس ئه‌دیسۆن بکەنەوە! ئه‌دیسۆن شەش هەزار کەرەستەی تاقيکردەوە تا دواجار توانى گڵۆپ دابهێنێت و دنیا ڕۆشن بکاتەوە. لەو پرۆسەیەدا گوتبووی: هه‌رگيز شكستم نه‌هێنا! من ده هه‌زار ڕێگه‌م دۆزييه‌وه كه سه‌ريان نه‌گرت! ديسان هەر ئه‌دیسۆن گوتبووی: له سه‌تا يه‌كى بلیمەتی، بريتييه له ئيلهام، نه‌وه‌د و نۆ له سه‌تيش ئارەقکردنەوه‌يە، تێكۆشانه. کۆڵمەدەن، خۆتان ماندوو بکەن. ئارەقەی نێوچەوانتان بسڕن و سەرلەنوێ بۆ وڵاته‌كه‌تان دەست پێبکەنەوە. هەر کەس و کۆمەڵگە و میللەت و گەل و نەتەوەیەک، کۆڵنەدات، به دڵنیاییه‌وه دەگاتە ئامانج، ده‌گاته ئارامی. خۆماندووکردن و کاری بەردەوام، چێژێکی تایبەت دەداتە ژیان! ئەگەر ژیانی کەسێک ڕزگار بکەن، ژیانی کەسێک خۆش و خۆشتر بکەن، چيرۆكى خەباتی نەوەی پێش خۆتان دەبەنە ئاستێکی بەرزتر و ئایندەیەکی ڕۆشنتر چاوه‌ڕوانتان ده‌بێت. خوێندنی باڵا، باڵاتر ده‌كه‌ن! ئەو کات ئێوە دەبنە سرووش و ئیلهام بۆ نەوەی پاش خۆتان. ئاماده‌بووانى به‌ڕێز.. خوێندن و په‌روه‌رده، كۆڵه‌كه‌ى سه‌ره‌كيى هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى سه‌ركه‌وتوون. كۆمه‌ڵگه و گه‌لان و وڵاتانى سه‌ركه‌وتوو، ئه‌وانه‌ن كه كواڵيتييه‌كى به‌رزى خوێندن و په‌روه‌رده و پێگه‌ياندنيان هه‌يه. ئێمه له هه‌رێمى كوردستان زياتر له هه‌موو شتێك، پێويستيمان به بنه‌مايه‌كى پته‌وى خوێندن و په‌ره‌وه‌رده و پێگه‌ياندن و كواڵيتييه‌كى به‌رزى ئه‌و كه‌رته هه‌يه. پشتگيريمان بۆ خوێندنى باڵا و باشتركردنى كه‌رتى په‌روه‌رده به‌گشتى به‌رده‌وام ده‌بێت. ده‌ستخۆشى و پشتگيرى له حكوومه‌ت و لايه‌نه په‌يوه‌نداره‌كان و سه‌رۆك وه‌زيران ده‌كه‌م بۆ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانيان له‌پێناو بره‌ودان به بوارى توێژينه‌وه و لێكۆڵێنه‌وه‌ى زانستيدا. خۆشحاڵين كه ده‌بينين سه‌ركرده‌ى داهاتوو له زانكۆ پێده‌گه‌يه‌نرێن و له هه‌موو بواره‌كاندا ڕۆڵى كاريگه‌ر ده‌بينن. ئه‌وانه‌ى ئه‌مڕۆ لێره و له زانكۆكانى ديكه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌م كواليتييه به‌رزه خوێندن و پێگه‌ياندن ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌رده‌چن، ئه‌وانه سه‌ركرده‌ى ئاينده‌ن. داهاتووى وڵات له ده‌ستى ئه‌واندايه. خواست و ئيراده‌يه‌كى جدديمان بۆ به‌ره‌وپێشچوون و بنياتنانى كوردستانێكى به‌هێز هه‌يه. هه‌ر ئه‌و ئيراده‌يه بوو وايكرد وێڕاى هه‌موو سه‌ختى و مه‌ترسييه‌كان، ئه‌م زانكۆيه له سه‌رده‌مى داعشدا دروست ببێت. ئه‌وه نيشانه و به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزه بۆ به‌رده‌وامی و گرنگیدان به خوێندن. خۆشحاڵم كه زانكۆ وێڕاى گرنگيدان به خوێندنى هه‌موو ئه‌و بواره زانستيانه‌ى بۆ ئه‌مڕۆ و داهاتووى كوردستان گرنگییان پێده‌دات كه زۆر پێويستن، گرنگيى به زانسته مرۆيييه‌كان و بوارى ژينگه‌ش ده‌دات. زۆر گرنگه زانكۆ به‌پێى پێويستييه‌كانى وڵات و بازاڕ و كار و په‌ره‌پێدان له هه‌موو بواره‌كاندا، ده‌رچووان ئاماده بكات و به‌پێى پلانێك پێداويستييه‌كانى ئێستا و داهاتووى وڵات پڕ بكاته‌وه. ئاماده‌بووانى به‌ڕێز.. هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا ده‌مه‌وێ هه‌ندێك باسى عيراق و هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى بكه‌م. ئێستا كوردستان و عيراق به قه‌یراندا تێده‌په‌ڕن، به‌ڵام بوونی نه‌خشه‌ڕێیه‌كی ڕۆشن و ئیراده‌یه‌كی جددی، زامنی چاره‌سه‌رن بۆ ئه‌و كێشانه و هاوكار و يارمه‌تيده‌ر ده‌بن بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى له هه‌موو ناوچه‌كه‌دا. به سوودوه‌رگرتن له هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو، به وازهێنان له لۆژیكی به‌سه‌رچووی به‌هێزی و بێهێزی، به گرتنه‌به‌ری ڕوانگه‌یه‌كی نوێ له‌به‌ر ڕۆشنایيی ده‌ستوور و ئه‌و بنه‌ما و پرنسیپانه‌ی كه عيراقی نوێیان له‌سه‌ر دروست بووه، عيراق ده‌توانێ ڕاسته‌ڕێ بكرێته‌وه، هه‌ر به‌و ڕوانگه‌یه‌ش به‌غدا و هه‌ولێر ده‌توانن پێكه‌وه بگه‌نه لێكگه‌یشتنێكی یه‌كجاری كه كۆتایی به بگره‌وبه‌رده‌ی نێوانيان بهێنێت. بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌بێ ئێمه له ناوخۆی كوردستاندا یه‌كڕیزی و پێكه‌وه‌یی و هاوكاری پته‌وتر بكه‌ين كه زامنی پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كان و مافه ده‌ستورییه‌كانمانه. ته‌نانه‌ت كێشه‌ی خۆسه‌پاندن و بوونى ناڕه‌وای په‌كه‌كه‌ش له هه‌رێمى كوردستان، ده‌بێ به هه‌ڵوێستێكی كوردستانییانه‌ی هاوبه‌ش، به په‌رۆشى بۆ به‌رژه‌وه‌نديی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری له سه‌روماڵی هاووڵاتیيان و دوورخستنه‌وه‌ی شه‌ڕ له هه‌رێمه‌كه‌مان، وه‌ڵام بده‌ینه‌وه. ده‌بێ به یه‌ك ده‌نگ و یەک هه‌ڵوێست به په‌كه‌كه بڵێین: چیتر به بێڕێزى له ئیراده‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمى كوردستان، له دامەزراوە شەرعییەكانی و له بەرژەوەندی و سەروماڵی خه‌ڵكى كوردستان نه‌ڕوانێت! ئەم شەڕە بێهوودەیە لە یەخەی گەلی كوردستان دوور بخاته‌وه. ڕێز لە سەروەریی عێراق و هەرێمى كوردستان و لە دەسەڵاتی شەرعيی كوردستان و پابەندییە یاساییيەكانی هه‌رێمی كوردستان بگرێت. چیتر نەبێته مایەی لەشكركێشی و زەرەر و زیان و كێشەی سەربار بۆ گەلی كوردستان كە خۆی بە دەست كۆمەڵیك كێشە و گرفتەوە گیرۆدەیە. به هيچ شێوه‌يه‌ك نابێ خاكى هه‌رێمى كوردستان و عيراق و سنووره‌كانى، ببنه سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه و بۆ هێرش دژى وڵاتانى دراوسێ و تێكدانى ئاسايش و سه‌قامگيرييان، به‌كار بهێنرێت. حكوومه‌تى فيدراڵى عيراقيش ده‌بێ ئه‌ركى خۆى له پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيريى وڵاتانى دراوسێ، جێبه‌جێ بكات. له كۆتاییدا دووباره پيرۆزبايى له ده‌رچووان ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم. لێره‌شه‌وه به‌تایبه‌تی به‌خێرهاتنی به‌ڕێز باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌م كه له به‌غداوه ته‌شریفی هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ئاهه‌نگه‌دا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا به‌شدار بێت، زۆر به خێر بێت. سوپاسی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م بۆ به‌شداربوونتان. دیسانه‌وه پیرۆزبایی له‌و خۆشه‌ویستانه ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ بڕوانامه وه‌رده‌گرن و هیوادارم له هه‌موو ژیانتاندا سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفراز بن و خوا پشت و په‌ناتان بێت. به خێر بێن. زۆر سوپاس..
هاوڵاتى قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، به ئه‌نجامدانى رێککه‌وتن و هاوپه‌یمانى نێوان یه‌کێتى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان " به‌هێزتر ده‌بین و به‌یه‌کگرتویشمان له‌به‌غدا ده‌ستکه‌وتى باشتر و زیاتر به‌ده‌ست ده‌هێنین". ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 20ى حوزه‌یرانى 2021، قوباد تاڵه‌بانى له‌په‌یجى تایبه‌تى خۆى له‌فه‌یسبوک له‌باره‌ى رێککه‌وتن و هاوپه‌یمانى نێوان یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان په‌یامێکى بڵاوکردوه‌ته‌وه و نوسیویه‌تی:"ئه‌و ده‌مه‌ى پێویست بکات یه‌کبگرین، یه‌کده‌گرین. ئێمه به‌یه‌که‌وه به‌هێزترین و به‌هێزتریش ده‌بین". هه‌روه‌ها نوسیویه‌تى:"به‌یه‌کگرتویمان له‌به‌غدا ده‌ستکه‌وتى باشتر و زیاتر به‌ده‌ست ده‌هێنین، له‌کوردستانیش خزمه‌تى زیاتر ده‌که‌ین و له‌ئاینده‌دا ئه‌نجامه‌که‌ى ده‌بینین، خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ هاوپه‌یمانیى کوردستان به‌فه‌رمى راگه‌یه‌ندرا". ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ به‌ئاماده‌بونى به‌رپرسانى باڵاى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌شارى سلێمانى رێککه‌وتنى پێکهێنانى هاوپه‌یمانى هه‌ڵبژاردن و به‌یه‌که‌وه‌کارکردن له‌نێوان هه‌ردو حزبه‌که‌دا بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق واژۆکرا تێیدا بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتیى رایگه‌یاند:" ده‌بێت پێکه‌وه ڕێبازه‌که‌ى مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان ته‌واو بکه‌ین".
هاوڵاتى له یه‌که‌م رۆژى ده‌وامى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا بانکى ناوه‌ندى عێراق بڕى فرۆشى دۆلارى بۆ 243 ملیۆن و 385 هه‌زار دۆلار به‌رزکردووه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ش به به‌رزترین ئاست داده‌نرێت له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵدا. له پاش به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى سه‌د دۆلار له بازاڕه‌کانى عێراق و هه‌رێم بۆ زیاتر له 150 هه‌زار دینارى عێراقى، بانکى ناوه‌ندیى به چوار رێگا هه‌وڵى دابه‌زاندنى به‌هاى دۆلار ده‌دات. ئه‌و رێگایانه‌ش بریتى بوون له، زیادکردنى فرۆشى رۆژانه‌ى دۆلار و زیادکردنى پشکى دۆلارى هه‌فتانه بۆ بانکه‌کان و کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو. هاوکات پێدانى دۆلار به نرخى فه‌رمى بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى به مه‌به‌ستى گه‌شت و چاره‌سه‌رى پزیشکى و خوێندن گه‌شتى ده‌ره‌وه ده‌که‌ن، جگه له‌وه‌ش، ته‌رخانکردنى بڕى سێ ملیار دۆلار بۆ کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریى له‌سه‌رتاسه‌رى عێراقدا.
هاوڵاتى یه‌کێتى و گۆڕان رێککه‌وتنى سیاسى نێوانیان واژۆ کرد به ئاماده‌بوونى به‌رپرسانى باڵاى یه‌کێتى و گۆڕان، بافڵ تاڵه‌بانى رایگه‌یاند:"پێکه‌وه ڕێبازه‌که‌ى مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان ته‌واو ده‌که‌ین". دوانیوه‌رۆِى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 20ى حوزه‌یرانى 2021، به‌ئاماده‌بونى به‌رپرسانى باڵاى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌شارى سلێمانى رێککه‌وتنى پێکهێنانى هاوپه‌یمانى هه‌ڵبژاردن و به‌یه‌که‌وه‌کارکردن له‌نێوان هه‌ردو حزبه‌که‌دا بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق واژۆکرا به‌ئاماده‌بونى بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى و عومه‌ر سه‌ید عه‌لى رێکخه‌رى گشتى گۆڕان رێککه‌وتنه‌که له‌شارى سلێمانى واژۆ کرا. عومه‌ر سه‌ید عه‌لی، رێکخه‌رى گشتى گۆڕان له‌وتارێکدا رایگه‌یاند:"دواى زنجیره‌یه‌ک کۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى گه‌یشتینه ڕێککه‌وتن، ڕێککه‌وتنه‌که‌شمان بۆ پێکهێنانى هاوپه‌یمانییه بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوى عێراق". ناوبراو راشیگه‌یاند:"ده‌رفه‌تى گونجاو له به‌رده‌ستدایه دواى هه‌ڵبژاردن هه‌مو لایه‌نه‌کان له به‌ره‌یه‌کى فراواندا کۆببینه‌وه، یه‌کێتى و گۆڕانیش به هه‌ستکردن به لێپرسراویه‌تى ڕێککه‌وتنه‌که‌یان په‌سه‌ند کردوه". هه‌روه‌ها بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان رایگه‌یاند: "به‌ڵێنماندا که هاوپه‌یمانییه‌که بۆ دژایه‌تى هیچ لایه‌ک نییه، به‌ڵکو ئه‌م هاوپه‌یمانییه بۆ به‌هێزکردنى پێگه‌ى کورده له به‌غدا و پێویسته کارێکى وا بکه‌ین کوردستان له‌گه‌ڵ وڵاته گه‌وره‌کان به‌راورد بکرێت". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" ده‌بێت پێکه‌وه ڕێبازه‌که‌ى مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان ته‌واو بکه‌ین". هاوکات لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆکى یه‌کێتیى رایگه‌یاند: "شه‌ره‌فێکى گه‌وره‌یه له ژێر سێبه‌رى هاوپه‌یمانى کوردستان کۆبوینه‌ته‌وه و هیوادارین ئه‌م هاوپه‌یمانییه ببێته مایه‌ى خۆشى بۆ کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان، به‌تایبه‌ت که ئه‌م هاوپه‌یمانییه ته‌واوکه‌رى ڕێککه‌وتنى مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروانه". لاهور شێخ جه‌نگى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که "ئه‌رکى هه‌موانه ئه‌م هاوپه‌یمانییه وه‌ک بیلبیله‌ى چاومان بیپارێزین". مانگى ئایارى ئه‌مساڵ یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بڕیاریاندا له هه‌ڵبژاردنى داهاتوى په‌رله‌مانى عێراق به یه‌ک لیست به ناوى لیستى "هاوپه‌یمانى کوردستان"ى به‌شداریى بکه‌ن و لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتیى سه‌رۆکایه‌تیى هاوپه‌یمانییه‌که ده‌کات.
هاوڵاتى لە سەر فەرمانی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا مانگانە بڕی ملیارێک و 27 ملیۆن و 600 هه زار دینار، بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، بۆ کڕینی دەرمان و دابینکردنی ئامێر و تاقیگە و پێداویستییە پزییشکییەکانی تر. بەپێی نووسراوی ژ (7291) کە ئەمڕۆ یەکشەممە 20 ی حوزەیرانی 2021 بە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کراوە، وردەکاری رەزامەندی خەرجکردنی بڕی پارەکە بۆ نەخۆشخانەکانی نانەکەلی، له هه‌ولێر، هیوا له سلێمانی، ئازادی له دهۆک. هەروەها بە پێی نووسراوی ژ (7293) لە 20 ی حوزەیران، سەرۆکی حکومەت رەزامەندی لە سەر خەرجکردنی (ملیارێک و 27 ملیۆن و 600 هەزار دیناری مانگانە) دا لە بری نۆرینگە ( بدل عیادە).
هاوڵاتى جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێویستە عێراق هەرێمی کوردستان لەداگیرکارییەکانی تورکیا بپارێزێت. ئەمڕۆ یەکشه‌ممه 20ی حوزه‌یرانی 2021، هێمن هەورامى جێگری سەرۆکى پەرلەمان لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ میری ئێزیدییان ڕایگەیاند،" پێویستە عێراق هەرێمی کوردستان لەداگیرکارییەکانی تورکیا بپارێزێت. راشیگەیاند: " تەواوی پەرلەمانتاران بە جیاوازیی بۆچوونیان پاڵپشتی لە مافی ئێزیدییەکان دەکەن". هێمن هەورامی باسی لەوەشکرد، هێشتا نەچوونەتە ناوەڕۆکی دەستووری هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام دەستوورێکی عەلمانی یان ئاینی ئیسلام بنەمای یاسا دانانی بێت گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دەبێت دەستوور کوردستان یەکبخات. بەبیانووی بوونى گەریلاکانی پەکەکەوە لەناو خاکى هەرێمدا سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکى لەناو هەرێمی کوردستانی دەستپێکردوەو زیاتر لە ٣٥ بنکەو بارەگانى لەناوچە سنورییەکان دروستکردوەو هاوکات دارستانەکانى ئەو ناوچانە دەبڕێتەوەو دارەکانیشى دەباتەوە وڵاتەکەی.
هاوڵاتى وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز و بەرز بونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەباش بە رێژەی (600) مێگاوات وایکرد کارەبای نیشتمانی کەمبێتەوە داواش لە هاوڵاتییان دەکات دەست بە بەکارهێنانی کارەباوە بگرن. ئەمڕۆ یەکشه‌ممه 20ی حوزه‌یرانی 2021، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی دەخاتەڕوو رایگه‌یاند:" لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو، بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز لە وێستگەی گازی خورمەلە و لە کارکەوتنی دوو وێستگەی دیکەی گازی لە هەولێر بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا بە رێژەی (400) مێگاوات لە (3400) بۆ (3000) مێگاوات نزمبووەوە". وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند: "لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەباش بە رێژەی (600) مێگاوات بەرز بووەو -لە سەرەتای مانگی حوزەیران، خواست لەسەر کارەبا (3800) مێگاوات بوو". لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوەشکراوە: "کێشە تەکنیکییەکانی وێستەگەکانی لە کارکەوتوو بەم زووانە چارەسەر دەکرێن و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە ئاستی جاران". دەقی روونکردنەوەی وەزارەتی کارەبا:.. - لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو، بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز لە وێستگەی گازی خورمەلە و لەکارکەوتنی دوو وێستگەی دیکەی گازی لە هەولێر بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی (400) مێگاوات لە (3400) بۆ (3000) مێگاوات نزمبووەوە. -هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەباش بە ڕێژەی (600) مێگاوات بەرز بووەوە. -لە سەرەتای مانگی حوزەیران، خواست لەسەر کارەبا (3800) مێگاوات بوو. -لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر کارەبا بۆ (4400) مێگاوات بەرزبووەوە. -کێشە تەکنیکییەکانی وێستەگەکانی لە کارکەوتوو بەم زووانە چارەسەر دەکرێن و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە ئاستی جاران. -بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕووی کارەبا و کەمکردنەوەی بۆشاییەکە بۆ پێدانی کارەبای زیاتر داوا لە هاوڵاتییان دەکەین دەست بە بەکارهێنانی کارەباوە بگرن و ئەو ئامێر و گلۆپانەی کە زۆر پێویست نین کەم بکەنەوە، بەتایبەتی ئەو هاوبەشانەی کە پێوەری زیرەکیان نەبەستووە و دەگاتە 52% هاوبەشانی کارەبا. وەزارەتی کارەبا
هاوڵاتى سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، وڵات لەهەنگاونان بۆ گرێبەستێکی نوێی سیاسی دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا عێراق گیرۆدەی چەندین ئاستەنگی سیاسیی مەترسیدارە کەدەبێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. سەرۆک کۆماری عێراق لەدیداری "بحر العلوم" بۆ گفتوگۆ لەبەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە لەهێنانەکایەی گرێبەستێکی نوێی سیاسی عێراق هەنگاوی گەورەیان ناوە، بەڵام لەئێستادا وڵات گیرۆدەی چەندین کێشە و ئاستەنگی سیاسی بووەتەوە کە بۆ چارەسەرکردنیان پێویستییان بەهەوڵی راستەقینە هەیە. بەرهەم ساڵح، باسی لەوەشکردوە، دەبێت لەم بوارەشدا سود لە ئەزمونی کەسانی ئەکادیمی، زانکۆکان، ناوەندەکانی توێژینەوە وەربگرن، چونکە پڕۆژەی عێراق دەبێت پڕۆژەیەکی نیشتیمانی بێت و لەرێگەی دامەزراوە دەوڵەتییەکانی کارەکانی رایی بکات و خزمەتی هاوڵاتیان بکات. سەرۆک کۆماری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، دەبێت دامەزراوە دەوڵەتییەکان بەجۆرێک بونیاد بنێرێنەوە کەمایەی رێزلێگیران بن لەسەر ئاستی دەرەوە و هەماهەنگیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت بۆ خزمەتکردنی گەل و پاراستنی ئاسایشی وڵات.
هاوڵاتى سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا پیرۆزبایی لە ئیبراهیم رەئیسی دەکات بەبۆنەی بوونە سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران. دوێنێ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان راگەیێندرا و ئیبراهیم رەئیسی، بەربژێری نەریتخوازەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا. مەسرور بارزانی لە تویتێکدا وێڕای پیرۆزبایی رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کاری پێکەوەییە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ماوەدرێژەکەمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، رێز و بەرەو پێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە. بەپێی ئەو ئامارانەی عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بڵاوکردەوە، لە کۆی 59 ملیۆن و 310 هەزار و 307 دەنگدەر، 28 ملیۆن و 933 هەزار و چوار کەس دەنگیان داوە. رێژەی بەشداریکردن 48.8٪. بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی 17 ملیۆن و 926 هەزار و 345 دەنگی بەدەستهێناوە، دوای ئەو موحسین رەزایی، بەربژێریكی دیکەی نەریتخواز بە 3 ملیۆن و 412 هەزار و 712 دەنگ بووە دووەم لە هەڵبژاردنەکان. عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران و تاکە بەربژێری ریفۆرمخوازەکان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و 2 ملیۆن و 427 هەزار و 201 دەنگی پێدرا. دوای ئەویش قازی زادە دێت کە 999 هەزار و 718 دەنگی بەدەستهێناوە. بەکۆی گشتی 3 ملیۆن و 726 هەزار و 870 دەنگی پووچەڵ خراوەتە سندووقەکانی دەنگدان.
هاوڵاتى ئەمڕۆ یەکشه‌ممه 20ی حوزه‌یرانی 2021، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 73 دۆلار و 51 سەنتە. هاوکات لە بۆرسە بازارە جیهانییەکان، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 71 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. پێشتر نرخی نەوت بۆ سەروو 70 دۆلار بەرزبووەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی رابردووەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەکارکەوتنی کارگە گەورەکانی جیهان و راگرتنی جموجوڵی ئامێر و ئۆتۆمبێلەکان، نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لە مێژوویدا دابەزی بوو.
هاوڵاتى رێکخراوى خۆراکى جیهانى سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان رایده‌گه‌یه‌نێت، پلانیان هه‌یه له ماوه‌ى ئه‌مساڵدا هاوکارى نزیکه‌ی850 هه‌زار که‌س بکه‌ن له ته‌واوى عێراق و هه‌رێمى کوردستان، که مانگانه چوار ملیۆن دۆلار ده‌ده‌ن به‌و خێزانانه‌ى پێویستیان به هاوکارییه. عه‌بدولڕه‌حمان میجاج په‌یکى رێکخراوى خۆراکى جیهانى سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان رایگه‌یاند، "بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له ماوه‌ى ئه‌م دوو ساڵه‌دا کارێکى دڵته‌زێن و مایه‌ى نیگه‌رانیه و ئه‌مه‌ش وایکردووه چه‌ندین خێزان پێویستیان به هاوکارى بێت له‌م کاته‌دا." به پێى وته‌ى په‌یکى رێکخراوى خۆراکى جیهانی، "بڵاوبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا له عێراقدا رێژه‌ى هه‌ژارى به‌رزکردووه‌ته‌وه، به جۆرێک له ئێستادا گه‌یشتووه‌ته ٣١.٧٪." عه‌بدولڕه‌حمان میجاج ، ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، به‌کۆى گشتى نزیکه‌ى چوار ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن رێکخراوى خۆراکى جیهانییه‌وه مانگانه ده‌درێت به‌و خێزانه هه‌ژارانه‌ى که پێویستیان به هاوکارییه. ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له به‌شێکى دیکه‌ى ئه‌و هاوکارییه وه‌کو سه‌به‌ته‌ى خۆراک دابه‌شده‌کرێت جگه له هاوکاریکردنى ئاواره و په‌نابه‌ران به گۆژمه پاره‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ژیانى ئاسایى خۆیان جێبه‌جێبکه‌ن.
هاوڵاتى سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراوى ئێران رایگه‌یاند:" له‌پلانمدایه حکومه‌تێکى شۆڕشگێڕیی و دژه گه‌نده‌ڵى پێکبهێنم". ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 19ى حوزه‌یرانى 2021، میدیاکانى ئێران، بڵاویانکرده‌وه که ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراوى ئێران له‌په‌یامێکدا رایگه‌یاند، له‌پلانیدایه حکومه‌تێکى شۆڕشگێڕیی، چاکه‌خواز و دژه گه‌نده‌ڵى پێکده‌هێنێت. هه‌روه‌ها سه‌رۆکى نوێى ئێران جه‌ختیشى له‌سه‌ر ئه‌وه کردوه، به‌ره‌و فراوانکردنى پانتایى دادوه‌ریى له‌وڵاته‌که‌ى هه‌نگاو ده‌نێت و به ئه‌رکى سه‌ره‌کى خۆى ده‌زانێت. دوێنێ هه‌ینى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمار له‌سه‌رتاسه‌رى ئێران‌دا ئه‌نجامدراو تائێستا به‌پێى ئه‌نجامه به‌راییه‌کان، ئیبراهیم ره‌ئیسى کاندیدى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌که‌بوو که 17 ملیۆن و 800 ده‌نگى له‌کۆى 28 ملیۆن و 900 هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ستهێناوه.