هاوڵاتى ئەفسەرێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی جه‌خت ده‌کاته‌وه هەژماربانكی نەخۆشخانەی هیوا زیاتر لە ٥٠ ملیاردی تێدایە ودەشلێت "مانگانە لە داهاتی هاتووچۆی سلێمانی زیاتر لە ملیاردێك دینار دەخرێتەسەرهەژماری بانكەکە". ئەمڕۆ شه‌ممه 19ی حوزه‌یرانی 2021، بەختیار محمد، عەقید لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی لە ڕێگەی نامەیەكی كراوەوە، كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی كردووە ڕایگەیاند:" لە ئێستادا دۆخی نەخۆشخانەی ھیوا لەوپەری خراپیدایە، تاکار گەیشتۆتە ئەوەی پیتاک وخێر سەدەقە و کەمپینی بۆ ڕێک و کۆبکرێتەوە. لە نامەكەدا نووسیویەتی: بەندە وەک نەخۆشێکی شێرپەنجە و قەرزدارباری ئەو نەخۆشخانەیە، لەھەمان کاتدا ئەفسەرێکی ھاتووچۆم و بەئاگام لەوەی کە مانگانە و تاکو ئێستا لەداھاتی ھاتووچۆی سلێمانی سەرووی ملیار دینار دەچێتە سەر هەژماری نەخۆشخانەی ھیوا و ھەر لەئێستاشدا زیاتر لە پەنجا ملیارد دینار لە هەژماریدا بوونی ھەیە، بۆیە ئەگەر وەك سەرۆكایەتی پەرلەمان بەئەرک و ڕۆڵی خۆتان ھەستن ھیچ پێویست بەو ھەڵا ئیعلامییە ناکات، کە دەکرێت بەناوی ھیوا و خێر و سەدەقەی کەسی ناوێت. ئاماژەی بەوەکردووە، یاسای ژمارە ١١ی ساڵێ ٢٠١٢ بڕگەی ٩ لە ٥٪ی داھاتی ھاتووچۆی تەرخان کردووە بۆ ھاوکاری سندوقی شێرپەنجە و لیژنەیەکی دیاریی کردووە بۆ خەرج کردنی ئەو پارەیە بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان. بەڵام نازانم ھۆکار چیە لێژنەی ناوبراو بەم کارەبۆچی ھەڵناسن؟ لە بارەی چارەسەری دۆخی نەخۆشخانەكەوە دەڵێت: ئەرکتانە لەئێستادا و بەپەلە ھەستن بە کارا کردنی ئەم کەیسە و لیژنەیەکی دەست نیشان و دیاری بکەن بۆ ھەر پارێزگایەک بەجیا و بەمەرجێک دەسەلاتی خەرجی ئەو ئەژمێرانەیان ھەبێت وباش وایە بەسەرۆکایەتی وئەندامێتی پارێزگارەکان و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندرووستی پارێزگارەکان و بەرێوەبەرانی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە کان پێک بھێنرێت. لە كۆتایی نامەكەدا بۆ دەستەی سەرۆكایەتی نووسیوە: ئێوە بەرپرسیارن بەرامبەر بەخودا وگەل ومێژوون بۆیە دواکارم لێتانە بێنە سەر خەت و بەشدار بن لەکەم کردنی ئازار وکۆژانی نەخۆشانێک کەتەنھا خوا و ئاگادارە لەحاڵ و گوزەرانیان.
هاوڵاتى هەریەک لە سەرۆک و بەرپرسانی ئێران لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان و سەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکان پیرۆزبایی ڵێ دەکەن. حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ پیرۆزبایی سەرکەوتن سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی کرد. ئەمڕۆ شەممە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بەپێی ماڵپەڕی روسیا تودەی لە بارەگای دادوەری چاوی بە ئیبراهیم ڕەئیسی کەوت و پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی لێکرد و باسی لە "بەشداری چڕ لە هەڵبژاردنەکاندا و کاریگەریان لە بەهێزکردنی هێزی وڵات " کرد. محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران پیرۆزبایی لێ دەکات و ڕایگەیاند، "پێویستە لەمەودوا هەموان لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراو کار بکەن"، هاوکات بە "پیاوێکی عەقڵانی ناوبرد، کە بە باشی سەرۆکایەتی وڵات دەکات". هاوکات لە راگەیاندراوێکدا، عەبدولناسر هیممەتی کە تەنیا رکابەری ریفۆرمخوازی ئیبراهیم رەئیسی بوو رایگەیاند: "پیرۆزباییتان لێدەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنتان وەک سێزدەیەمین سەرۆککۆماری ئێران. خەڵکی نەجیب و سەرفرازی ئێران چاوەڕوانییەکی بەجێیان هەیە کە ژیانێکی لێوان‌لێو لە ئومێد، ئارامی و خۆشگوزەرانییان هەبێت". هیممەتی لە پەیامەکەیدا ئومێد دەخوازێت کە حکومەتەکەی رەئیسی "بە هەنگاوەکانی خۆی لە گۆرەپانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و لەژێر رێبەریی ئایوتوڵڵا خامنەیی رێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێران، ژیانێکی پڕ لە ئاسایش و خۆشگوزەرانی و کاری باشتر بۆ گەلی گەورەی ئێران دەستەبەر بکات". ئیبراهیم رەئیسی دەنگی زیاتر لە 17.800.000 هاوڵاتی بەدەستهێناوە لەکۆی ئەو 28 ملیۆن دەنگدەرەی کە بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردوە. لە هەڵبژاردنەکەی دوێنێدا 28 ملیۆن و 600 هەزار کەس بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدانەکەدا کردوە و تا ئێستاش 90%ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە.
هاوڵاتى دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، قاچاخچییەکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند. دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەناران لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردەوە، قاچاخچییە کە "ئارمان یوسف رەحمانی"ە و تەمەنی ٢١ ساڵە. ئاماژەی بەوەشداوە، قاچاخچییەکە بەنیاز بووە لە فەرەنسا و بەلجیکاوە کۆچبەرەکان بۆ بەریتانیا بپەڕێنێتەوە، لە کاتی گەیشتنیاندا بۆ سنوری بەریتانیا ئەفسەرانی هێزی سەرسنوری بەریتانیا لۆرییەکانیان پشکنیوە و توانیویانە ١٢ کۆچبەری عێراقی خوار ١٨ ساڵیان بدۆزنەوە. دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشداوە، کریس فیڵیپ وەزیری یاسا و بڕیاردانی کۆچی بەریتانیا رایگەیاندووە، "وەک پەنابەرێک رەحمانی بێڕێزی بە یاسای بەریتانیا کردووە، لە کاتێکدا بەریتانیا ئارامی و پاراستنی بە رەحمانی بەخشیوە." دەزگاکە باسی لەوەشکردووە، بە گوێرەی زانیارییەکان، وەک سزایەک بۆ کردارەکەی پاش تەواو بوونی سزاکەی دیپۆرتی وڵاتەکەی دەکرێتەوە.
هاوڵاتى وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پێدانی ڤاكسین به‌گوێره‌ی دۆخی كه‌سی و ته‌مه‌ن چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد و رایگەیاند "دەبێت لەهەموو بەڕێوەبەرایەتیەکان کاری پێبکرێت". لە ڕاگەیاندراوەکەدا بە سێ خاڵ رونکراوەتەوە 1- ئافره‌تانی شیرده‌ر به ڤاكسینی كۆرۆنا بكوترێن، له‌به‌ر نه‌بوونی به‌ڵگه، كه بسله‌مێنێت كه‌وا ڤاكسینی كۆرۆنا زیانی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی ئه‌و منداڵانه هه‌یه، كه شیری دایكیان ده‌خۆن، بۆیه پێویسته هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێنه‌وه بۆ پته‌وكردنی ته‌ندروستی و راگه‌یاندن سه‌باره‌ت به گرنگی ئه‌و توێژه بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا. 2- پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا له جۆری ئه‌سترازینیكا ته‌نها بۆ ئه‌و كه‌سانه كه ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووی 40 ساڵییه و به‌رده‌وامبوون به پێدانی ژه‌می دووه‌م له‌و ڤاكسینه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ژه‌می یه‌كه‌میان وه‌رگرتووه و هیچ كاریگه‌ریی لاوه‌كییان بۆ دروست نه‌بووه. 3- ده‌كرێت ڤاكسینی كۆرۆنا له جۆری سینۆفارم به‌و كه‌سانه بدرێت، كه ته‌مه‌نیان له سه‌رووی 60 ساڵییه، له‌به‌ر بوونی راسپارده له‌وباره‌یه‌وه.
هاوڵاتى ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێرانی راگەیاند و ئیبراهیم رەئیسی بە نزیکەی 18 ملیۆن دەنگ دەبێتە سێزدەیەمین سەرۆککۆماری ئێران. ئەنجامی دەنگەکان 1- ئیبراهیم رەئیسی 17 ملیۆن و 800 هەزار دەنگ 2- موحسین رەزایی میر قاید 3 ملیۆن و 300 هەزار دەنگ 3- عەبدولناسر هیممەتی 2 ملیۆن و 400 هەزار دەنگ 4- ئەمیر حوسێن قازی زادەی هاشمی 1 ملیۆن دەنگ به‌به‌شدارى 59 ملیۆن که‌س زیاتر هه‌ینى 18ى حوزیران، خولى 13هه‌مى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارى ئێران به‌ڕێوه‌چوو.
هاوڵاتى سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگه‌یاند: " ئێمە حسابی هەموو ئەو کارانە لەبەردەم یاسادا دەکەین‌و هەرگیز دەست لەخەباتی دیموکراسی‌و ئاشتی خۆمان هەڵناگرین." پێنجشەممە، هێرشکرایە سەر باڵەخانەی هەدەپە لەشاری ئیزمیرو ئەندامێکی هەدەپە بەناوی دەنیز پۆیزار کە تەمەنی ٣٥ ساڵ بو کوژراو بەوتەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، دواتر توانیویانە هێرشبەرەکە دەستگیربکەن‌و لێکۆڵینەوەکانیان لەروداوەکە بەردەوامە. له‌كاردانه‌وه‌ی ئه‌و ڕوداوه‌دا سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە لەتویتەر بڵاویکردەوە، "من بۆ هاوڕێمان دەنیز پۆیراز کە بەشێوەیەکی ناشیرین کوژرا، نزا لەخودا دەکەم بۆی‌و سەرەخۆشی لەخانەوادەکەی دەکەم." ئه‌وه‌شی نوسیوه، "ئازاری گەورەی بەرخۆدانی ئێمە زۆر گەورەیە، ئێمە ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەناسین‌و دەزانین ئامانجیان چییەو ناکەوینەبەر هێرشی ئەوان‌و هەرگیز دەست لەخەباتی دیموکراسی‌و ئاشتی خۆمان هەڵناگرین." ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە حسابی هەموو ئەو کارانە لەبەردەم یاسادا دەکەین‌و خوازیارین هەمووان پێکەوە کۆمەڵگه‌یەکی ئاشتی‌و ئازاد مسۆگەر بکەین."
هاوڵاتى به‌پێى نووسراوێکى وه‌زاره‌تى دادى عێراق، که له 15ى ئه‌م مانگه ده‌رچووه و واژۆى مافپه‌روه‌ر صادق عبد حسین، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى پێشوازى و به‌ردانى زیندانیانى له‌سه‌ره، بڕیار دراوه به ئازادکردنى (جه‌مال مسته‌فا عه‌بدوڵا سوڵتان) و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و تۆمه‌ته‌ى ئاڕاسته‌ى کراوه به‌پێى یاساى تیرۆر به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌ڵگه‌ى پێویست له‌سه‌رى نه‌بووه. جه‌مال مسته‌فا عه‌بدوڵڵا سوڵتان هاوسه‌رى (حه‌لا)ى کچه بچووکى (صه‌دام حسێن)ى سه‌رۆکى له‌سێداره‌دراوى ڕ‌ژێمى پێشووى عێراقه و یه‌کێک بووه له‌و که‌سانه‌ى ناوى له لیستى تیرۆرى ئه‌مریکادا هاتبوو، که لیستێکى 52 که‌سیدا به ژماره 20 بوو. ئه‌و زاوایه‌ى صه‌دام حسێن له 20ى نیسانى 2003 ده‌ستگیرکرا و له ئێستاشدا دواى 18 ساڵ زیندانى ئازادکرا.
هاوڵاتى ئەنتۆنیۆ گوتێرس که له‌لایه‌ن پۆرتوگال وه‌ک هاووڵاتیى وڵاته‌که کاندید کرابوو و له ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان کاندیدبوونى په‌سه‌ندکرابوو، له کۆمه‌ڵه‌ى گشتیى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان که له 193ئه‌ندام پێکهاتووه، بۆ جارى دووه‌م وه‌ک سکرتێرى گشتیى رێکخراوه‌که هه‌ڵبژێردرایه‌وه. ئه‌و که له ئێستادا سکرتێرى گشتیى رێکخراوه‌که‌یه، خولى دووه‌مى سکرتێربوونى له 1ى کانوونى دووه‌مى 2022دا ده‌ستپێده‌کات. ئه‌نتۆنیۆ گوتێرس له خولى یه‌که‌مى سکرتێرییدا، یه‌کسانیى جێنده‌ریى و گۆڕ‌انى که‌شوهه‌واى خستبوویه نێو لیستى کاره له‌پێشینه‌کانییه‌وه. رێکخراوى هیومان رایتس ۆچ داوا له گوتێرێس ده‌کات له خولى دووه‌مى سکرتێریى گشتیى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا مافى مرۆڤ بکاته پێشینه‌ى کاره‌کانی، له‌به‌رامبه‌ریشدا ناوبراو به‌ڵێنى ئه‌وه ده‌دات له دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى قه‌یرانه‌کاندا ببێته نێوه‌ندگیرێکى سه‌ر ڕاست و رۆڵى بنیاتنه‌رى پردى به‌یه‌کگه‌یاندن بگێڕێت.
هاوڵاتى به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى هیوا له‌باره‌ى بایکۆتى کارمه‌ندان و کێشه‌کانى نه‌خۆشخانه‌که‌یان په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه و رایگه‌یاند: "به‌ڵێن ده‌ده‌ین نه‌هێڵین توشبوانى شێرپه‌نجه بێ هیوا بن، هه‌میشه له خزمه‌ت هیواین به‌بێ جیاوازی". یاد نه‌قشبه‌ندی، به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى هیوا له‌په‌یامێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردوه، "نه‌خۆشخانه‌ى هیوا هه‌میشه موڵکى هه‌موانه، هیوا ده‌گه‌ڕێنینه‌وه بۆ بێ هیواکان." هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: " به‌ڵێن ده‌ده‌ین نه‌هێڵین توشبوانى شێرپه‌نجه بێ هیوا بن، هه‌میشه له خزمه‌ت هیواین به‌بێ جیاوازی." 14ى ئه‌م مانگه به‌شێک له‌کارمه‌ندانى نه‌خۆشخانه‌ى هیوا له‌شارى سلێمانى گردبونه‌وه و رایانگه‌یاند، ماوه‌ى زیاتر له‌شه‌ش مانگه ئه‌و کارمه‌ندانه‌ى که ده‌وامى زیاده (به‌ده‌ل عه‌یاده)یان کردوه پاره‌یان بۆ خه‌رج نه‌کراوه و داوا ده‌که‌ن موچه‌کانیان بۆ خه‌رج بکرێت، تا خه‌رجکردنى موچه‌کانیشیان له‌مانگرتن به‌رده‌وام ده‌بن. دوێنێ پێنجشه‌ممه، عه‌لى حه‌مه ساڵح، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌په‌یامێکیدا رایگه‌یاند ڕۆژانه له کوردستان 19 که‌س توشى شێرپه‌نجه ده‌بن و نه‌خۆشخانه‌ى ھیوا له وه‌ستاندایه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى 150 ملیار دینار له سندوقى شێرپه‌نجه‌دایه، به‌ڵام حکومه‌ت ده‌ڵێت ته‌نها 2%ـى بۆده‌رمان خه‌رج ده‌که‌ن.
هاوڵاتى هێزه‌کانى ڕزگارى عه‌فرین رایانگه‌یاند که دژ به سوپاى داگیرکه‌رى تورکیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌کانى له عه‌فرین و ده‌وروبه‌ریدا، 11یان لێک کوشتوون. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى حوزه‌یرانى 2021، هێزه‌کانى ڕزگارى عه‌فرین له‌سه‌ر چالاکیى شه‌ڕڤانانى دژ به سوپاى داگیرکه‌رى تورکیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌کانى له عه‌فرین و ده‌وروبه‌ری، ڕاگه‌یه‌ندراوێکى بڵاوکرده‌وه. ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى هێزه‌کانى رزگارى عه‌فرین: ڕۆژى ٦ى ئه‌م مانگه، له عه‌فرین له‌سه‌ر ڕێگاى جندرێس له ئه‌نجامى چالاکییه‌ک چه‌ته‌یه‌ک سزادرا. ڕۆژى ٧ى ئه‌م مانگه، له شاره‌دێى ڕاعى له ناوچه‌ى باب، چالاکییه‌کى تایبه‌ت دژى چه‌ته‌کان ئه‌نجامدرا، له ئه‌نجامى چالاکییه‌که‌دا، سێ چه‌ته سزادران و نۆى دیکه‌ش برینداربوون و مۆتۆڕسکێڵێکیش تێکشکێندرا. ڕۆژى ٨ى ئه‌م مانگه، له گه‌ڕه‌کى مه‌حمودیه‌ى عه‌فرین، له ئه‌نجامى چالاکییه‌کدا، دوو چه‌ته برینداربوون و ئۆتۆمبێلێکیش که‌وته به‌ر گورزى شه‌ڕڤانان. ڕۆژى ١١ى ئه‌م مانگه، له گوندى تل جلبرین سه‌ربه ناوچه‌ئ عه‌زاز، خاڵێکى سوپاى داگیرکه‌رى تورک کرایه ئامانج، له ئه‌نجامیدا سێ چه‌ته سزادران و چه‌ته‌یه‌کیش برینداربوو. ڕۆژى ١٢ى ئه‌م مانگه، له جه‌رابلوس، دژى چه‌ته داگیرکه‌ره‌کان چالاکى ئه‌نجامدرا، له ئه‌نجامیدا سه‌رچه‌ته‌یه‌ک به‌ناوى ‘فه‌یسه‌ل خه‌لیل’ به‌سزاگه‌ینرا و چه‌ته‌یه‌کى دیکه‌ش برینداربوو. ڕۆژى ١٥ى ئه‌م مانگه، له گوندى که‌فه‌رجه‌نه سه‌ربه ناوچه‌ى شه‌را له ئه‌نجامى چالاکییه‌کدا سێ چه‌ته سزادران و ئۆتۆمبێلێک تێکشکێندرا. به گشتى له‌م چلاکییانه‌دا ١١ چه‌ته‌ى تورک سزادراون و ١٣ چه‌ته‌ى دیکه‌ش برینداربوون.
هاوڵاتى وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى پاراستنى ده‌ستورى ئێران رایگه‌یاند، هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تیى ئێران تاکاتژمێر 12:00ى شه‌و درێژده‌کرێته‌وه و رکابه‌رى سه‌ره‌کى له‌نێوان دوو کاندیدى پارێزگاران و ریفۆرمخوازه‌کاندایه. عه‌باس عه‌لى که‌دخودایى به‌ئاژانسه‌کانى هه‌واڵى وڵاته‌که‌ى راگه‌یاندووه به‌مه‌به‌ستى پێدانى ده‌رفه‌تى زیاتر به‌و هاوڵاتیانه‌ى تائێستا به‌شدارى هه‌ڵبژاردنیان نه‌کردووه، پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تیى ئێران تا کاتژمێر 12:00ى شه‌و درێژکرایه‌وه. ئاژانسى هه‌واڵى ئیرناى ئێران بڵاویانکرده‌وه، تائێستا زیاتر له 22 ملیۆن که‌س له‌هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا ده‌نگیانداوه و رێژه‌ى به‌شدارى هاوڵاتیان گه‌یشتووه‌ته 37%. به‌به‌شدارى 59 ملیۆن که‌س زیاتر ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى حوزیران، خولى 13هه‌مى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارى ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئه‌نجومه‌نى پاراستنى ده‌ستور شیاوبونى حه‌وت کاندیدى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌که په‌سه‌ندکردبو که ئه‌وانیش بریتین له ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌عید جه‌لیلی، موحسین ره‌زایی، عه‌لى ڕه‌زا زاکانی، ئه‌میرحسێن قازیزاده هاشمی، موحسین مێهرعه‌لیزاده و عه‌بدولناسر هیمه‌تی، به‌ڵام دوێنێ موحسین مێهرعه‌لیزاده و عه‌لیڕه‌زا زاکانى له‌هه‌ڵبژاردنه‌که کشانه‌وه. به‌پێى راپرسییه‌کى ناوه‌ندى هه‌ڵسه‌نگاندنى بیروڕاى خوێندکارانى ئێران رکابه‌رى سه‌ره‌کى هه‌ڵبژاردنه‌که له‌نێوان ئیبراهیم ره‌ئیسى سه‌رۆکى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و کاندیدى پارێزگاران و عه‌بدولناسر هیمه‌تى سه‌رۆکى بانکى ناوه‌ندیى ئێران که ریفۆمخوازه‌و و مامۆستاى ئابورى بووه زانکۆى تاران‌دا چڕتر بووه‌ته‌وه.
هاوڵاتى ئه‌دهه‌م بارزانى په‌یامێکى نوێى بڵاوکرده‌وه و جه‌خت ده‌کاته‌وه که، هه‌ڵویسته‌کانى نه‌گۆڕاوه و به‌رده‌وامه له‌سه‌ر دژایه‌تیکردنى داگیرکردنى کوردستان و ده‌شڵێت:" ده‌گه‌رێمه‌وه هه‌رێمى کوردستان". ئه‌دهه‌م بارزانى سه‌رۆکى پێشووى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى له شارى سلێمانى له هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک له بڵاوکراوه‌یه‌کدا نوسیویه‌تى:" دواى ئه‌وه‌ى به مه‌به‌ستى سه‌فه‌ر و ھه‌ندێک چاره‌سه‌رى پزیشکى بۆ ماوه‌یه‌ک له‌ده‌ره‌وه‌ى کوردستان بووم ئێستا به لوتفى په‌روه‌ردگارى مه‌زن باشم به‌ره‌و وڵات و خاکى پیرۆزى نیشتمان له ماوه‌یه‌کى که‌مدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه". هه‌روه‌ها نوسیویه‌تى:" ئه‌و سه‌فه‌ره، له راگه‌یاندنى کوردستان و ده‌ره‌وه‌شدا کۆمه‌ڵێک ده‌نگۆى زۆر و راو بۆچوونى جۆراوجۆر و جیاوازى لێکه‌وته‌وه، به ھۆى ھه‌لوێسته‌کانم له مه‌ر داگیرکردنى خاکى کوردستانى وڵاتمان، ئێستاش ئێوه‌ى خۆشه‌ویست دڵنیا ده‌که‌مه‌وه، که کوردستان وارگه‌ى پیرۆزى منه و ته‌نانه‌ت مردنیش من و وڵات له‌یه‌ک دوور ناخاته‌وه". هه‌روه‌ها له‌به‌شێکى تر‌ى په‌یامه‌که‌یدا ئه‌دهه‌م بارزانى ده‌شڵێت:" ئه‌وه‌ى من باسم لێکردووه و ھه‌لوێست و بۆچونه‌کانم گۆڕانکارییه‌کیان به سه‌ردا نه‌ھاتووه و ئه‌وه‌ى داکۆکى لێ ده‌که‌مه‌وه ئه‌وه‌یه، که لاى من پرسى پارێزگارى له نیشتمان و هه‌ڵوێستى دژه داگیرکاری، بڕیارى هه‌میشه‌یین و من به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته ده‌مێنمه‌وه و هه‌رگیز له‌و هه‌ڵوێسته نیشتمانیانه پاشه‌کشه ناکه‌م ".
هاوڵاتى پێشنیوه‌ڕۆى دوێنێ له شارى ئیزمیرى تورکیا هێرشێکى چه‌کدارى کرایه سه‌ر باره‌گاى هه‌ده‌په و ژنێکى ئه‌ندامێکى ئه‌و پارته به‌ناوى (ده‌نیز پۆیراز) ژیانى له‌ده‌ستدا، به‌ڵام وێنه‌ى هێرشبه‌ره‌که و په‌یوه‌ندییه‌کانى به‌رووداوه‌که‌وه ئاشکراده‌کرێت. میدیاکانى باکورى کوردستان ئاشکرایان کرد که ئه‌و که‌سه‌ى هێرشه‌که‌ى ئه‌نجامداوه به‌ناوى (ئۆنور گه‌نجه‌ر) چه‌ندین وێنه‌ى به‌چه‌کى جۆراوجۆره‌وه بڵاوبووه‌ته‌وه که هه‌ندێک له‌وێنه‌کانى له ناوچه داگیرکراوه‌کانى سوریا له‌لایه‌ن تورکیاوه گرتووه. والى ده‌وڵه‌تى ئیزمیر یاوز سه‌لیم کۆشگه‌ر دوێنێ له لێدوانێکى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:" ئه‌و که‌سه‌ى هێرشه‌که‌ى ئه‌نجامداوه کێشه‌ى ده‌روونى هه‌یه" به‌ڵام هه‌رزوو به‌شێک له دانپێدانانه‌کانى هێرشبه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاسایشى ئیزمیر ئاشکرا بوو که رایگه‌یاندوه" من په‌یوه‌ندیم به‌که‌سه‌وه نییه، ته‌نها ڕقم له په‌که‌که‌یه بۆیه ئه‌و هێرشه‌م ئه‌نجامداوه". به‌کوژه‌که ئه‌وه‌شى له دانپیانانه‌کانیدا ئاشکرا کردووه که بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت بێ کێشه چه‌ک هه‌ڵبگرێت له مانگى ئازارى ئه‌مساڵدا مۆڵه‌تى چه‌ک هه‌ڵگرتنى له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى غازى ئه‌میرى شارى ئیزمیر وه‌رگرتووه‌و به‌به‌ها سێ هه‌زار و 500 لیره‌ى تورکى چه‌کى کڕیووه بکوژه‌که ئه‌وه‌شى ئاشکرا کردووه که" 10 فیشه‌کم ناوه به‌باره‌گاى هه‌ده‌په‌وه‌و ئامانجم ئه‌وه بووه که چه‌ند که‌سێک له‌وێ بکوژم، به‌ڵام ته‌نها یه‌ک که‌س له باره‌گاکه‌دا هه‌بوو، ئه‌ویشم کوشت".
هاوڵاتى گه‌ریلا تیڤى ڤیدیۆى چالاکیى گه‌ریلاکانى له ئاڤاشین بڵاوکرده‌وه، که به چه‌کى قورس له دژى سوپاى داگیرکه‌رى تورکیا ئه‌نجامیان داوه. له ڤیدیۆیه‌که‌دا ئه‌وه ده‌بینرێت هێزه‌کانى گه‌ریلا به چه‌کى هاوه‌ن هێرش ده‌که‌نه سه‌ر سوپاى تورکیا و گه‌ریلایه‌ک پێش ئه‌نجامدانى چالاکییه‌که ده‌ڵێت:"سه‌رکه‌وتن بۆ ئێمه‌یه". دواى خوله‌کێکیش ئه‌وه له ڤیدیۆکه‌دا ده‌بینرێت، که کۆمه‌ڵێک سه‌ربازى تورکیا کراونه‌ته ئامانج و هاوه‌ن له ناوه‌ڕاستیان ده‌دات و ژماره‌یه‌کى زۆرى سه‌رباز له زه‌ویدا که‌وتوون و ژماره‌یه‌کى دیکه‌شیان ده‌ستیان به راکردن کردووه.
هاوڵاتى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، په‌یامێکى به‌بۆنه‌ى ساڵیادى په‌ڕینه‌وه‌ى مسته‌فا بارزانى باوکى له روبارى ئاراس بڵاوکرده‌وه و تێیدا ده‌ڵێت:"داستانى مێژویى په‌ڕینه‌وه‌ى بارزانیى نه‌مر و یاوه‌رانى له روبارى ئاراس ره‌تکردنه‌وه‌ى داگیرکارى و بنده‌ستى بو و ئومێدى مانه‌وه و خه‌باتى له دڵى گه‌لى کورد به زیندویى هێشته‌وه". ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى حوزه‌یرانى 2021، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى ده‌شڵێت:"ئیراده‌ى به‌رخودان و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دان له‌نێو ڕۆڵه‌کانى گه‌لى کورددا هه‌ر ده‌مێنێت و ئه‌و ئیراده‌یه له هه‌موو هێز و سوپا و پیلانێک به‌هێزتره". ده‌قى په‌یامى بارزانى له ساڵیادى داستانى په‌ڕینه‌وه له ڕوبارى ئاراس: به‌ناوى خوداى به‌خشنده و میهره‌بان ئه‌مڕۆ حه‌فتا و چوار ساڵ به‌سه‌ر داستانى مێژوویى په‌ڕینه‌وه‌ى بارزانیى نه‌مر و یاوه‌رانى له ڕووبارى ئاراسدا تێده‌په‌ڕێت. له ١٨ـى حوزه‌یرانى ١٩٤٧ـدا دواى په‌نجاوسێ ڕۆژ شه‌ر و بڕینى سنوورى ئێران و عێراق و تورکیا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سوپا و چه‌کدارانى سێ ده‌وڵه‌ت و پووچه‌ڵکردنى هه‌ڕه‌شه‌ى دوژمنان له ڕێڕه‌وێکى دوورودرێژ و سه‌ختدا بارزانیى نه‌مر و یاوه‌رانى توانیان له ڕووبارى ئاراس بپه‌ڕنه‌وه و بچنه خاکى یه‌کێتیى سۆڤییه‌ت. ئه‌و داستانه ڕه‌هه‌ندى نه‌ته‌وه‌یى و مێژوویى و سیاسى و سه‌ربازیى گه‌وره‌ى هه‌بوو و، کاریگه‌رییه‌کى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ى له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى دۆزى ڕه‌واى کورد له‌و کات و له قۆناغه‌کانى داهاتوو به‌جێهێشت. له‌دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان له مه‌هاباد هه‌موو هه‌وڵى دوژمنان ئه‌وه بوو که کۆتایى به خه‌بات و تێکۆشانى گه‌لى سته‌ملێکراوى کورد بهێنن و ئیراده‌ى مرۆڤى کورد بشکێنن. به‌ڵام له‌و داستانه مێژووییه‌دا ئیراده‌ى گه‌له‌که‌مان به‌سه‌ر پیلانى دوژمنان سه‌رکه‌وت و ئه‌وه سه‌لمێندرا که ئیراده‌ى به‌رخودان و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دان له‌نێو ڕۆڵه‌کانى گه‌لى کورددا هه‌ر ده‌مێنێت و ئه‌و ئیراده‌یه له هه‌موو هێز و سوپا و پیلانێک به‌هێزتره. داستانى مێژوویى په‌ڕینه‌وه‌ى بارزانیى نه‌مر و یاوه‌رانى له ڕووبارى ئاراس ڕه‌تکردنه‌وه‌ى داگیرکارى و بنده‌ستى بوو و، ئومێدى مانه‌وه و خه‌باتى له دڵى گه‌لى کورد به زیندوویى هێشته‌وه. مسعود بارزانی 18ـى حوزه‌یرانى 2021