هاوڵاتى کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی كه‌ له‌ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تى دیار پێكهاتوه‌ ڕایگه‌یاند سه‌ردانى هه‌ردوو لایه‌نى ناكۆكیه‌كانى ئێستا پارتى‌و په‌كه‌كه‌ یان كردوه‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى ڕویان له‌هه‌رێمى كوردستان كردوه‌، له‌بانگه‌وازیه‌كه‌شیاندا داواده‌كات، "هه‌ردولا هێرشى میدیایی بۆسه‌ر یه‌كتر ڕابگرن". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10 حوزەیرانی 2021  له‌بانگه‌وازیه‌كى به‌په‌له‌دا کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی ڕایگه‌یاندوه‌، "کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی‌و دەرەکیدایه‌و تائێستاش دەرفەتی گەورە لەبەردەم خەڵکی کوردستان‌و هێزە سیاسییەکانیدا هەیە کە دۆزی کوردستان بەئاقارێکی سەرکەوتووانەدا ببەن‌و دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستبێت، با پێکەوە هەوڵبدەین لەجێی شەڕی ناوخۆ سوود لەدەرفەتەکان بۆ پەرژەوەندی گەلی کوردستان ببینین". ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، "هەر لەسەرەتای گرژییەکانەوە دەستمان بەهەوڵی ناوبژیوانی‌و خۆشکردنی زەمینەی دیالۆگ کرد، شاندی کۆمیتەکە سەردانی هەردوولایەنی ناکۆک‌و زۆربەی لایەنە کوردستانییەکان کردو ئه‌وه‌شى به‌ئێمه‌ بكرێت بۆ دورخستنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسیانه‌ درێغى ناكه‌ین". ده‌قى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌: بانگەواز لەکۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆییەوە کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی‌و‌و دەرەکیدا  گەلی ئازادیخوازی کوردستان  هەروەک ئاگادارن گرژی‌و ئاڵۆزیی نێوان چەند هێزێکی کوردستانیی لەئاستێکی مەترسیداردایە. ئەم دۆخەش خەڵکی کوردستانی زۆر نیگەرانکردووە. ڕووبەڕوو وەستانەوەی هێزە کوردستانییەکان بەرامبەر یەکترو شەڕی میدیایی، خەڵکی کوردستانی خستۆتە دۆخێکی نالەباری ئەوتۆوە کە ڕۆژانی شەڕی نەگریسی ناوخۆیان بیردەخاتەوە. بێگومان ئەم دۆخە بۆ نەیارانی کوردستان دەرفەتێکە کە هەمیشە خەونیان پێوە بینیوەو کاریان بۆ کردووە، هەتا لەو رێگایەوە زیاتر درێژە بەداگیرکارییەکانیان بدەن‌و ئەو دەسکەوتانەش کە بەخوێنی سەدان هەزار شەهیدو رەنج‌و تێکۆشانی سەدان هەزار تێکۆشەر بەدەستهاتوون، لەناوببەن. لەهەلومەرجێکی ئاوادا سەرباری ئەوەی کە شەڕێکی ناوخۆ لەم قۆناغەی دنیای پێدا تێپەڕئەبێ، شەرمەزارییەکی گەورە بۆسەر گەلی ئێمە دێنێت، لەهەمانکاتدا هیچ کام لەدۆستەکانمان بەدەنگمانەوە نایەن‌و مێژوو نەوەی داھاتووش‌و دەستپێشخەران‌و بەرپرسانی شەڕی ناخۆیی نابەخشێت. سەرەڕای هەموو مەترسییەکانیش، تائێستا دەرفەتی گەورە لەبەردەم خەڵکی کوردستان‌و هێزە سیاسییەکانیدا هەیە کە دۆزی کوردستان بەئاقارێکی سەرکەوتووانەدا ببەن‌و دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستبێت، با پێکەوە هەوڵبدەین لەجێی شەڕی ناوخۆ سوود لەدەرفەتەکان بۆ پەرژەوەندی گەلی کوردستان ببینین. ئێمەوە وەک کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی کە لەچەند دەزگاو کەسایەتی کوردستانیی هەر چوار بەشی کوردستان پێکهاتووە، هەر لەسەرەتای گرژییەکانەوە دەستمان بەهەوڵی ناوبژیوانی‌و خۆشکردنی زەمینەی دیالۆگ کرد، شاندی کۆمیتەکە سەردانی هەردوولایەنی ناکۆک‌و زۆربەی لایەنە کوردستانییەکان کرد. ئێمە لەکارەکانمان بەردەوامدەبین‌و لەپێناو ئاشتی‌و ئارامیی لەکوردستان، هەر کارێک بەئێمە بکرێت، ئامادەین، داواش لەسەرجەم پارت‌و ڕێکخراوە کوردستانیەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ڕۆڵی جدی‌و ئەرێنی ببینن. هەروەها داوا لەکەسایەتی سیاسی‌و رۆشنبیریی‌و ئەکادیمیی کوردستان دەکەین، کە بەهەڵوێستی جوامێرانەی خۆیان ڕۆڵی ناوبژیوان‌و کاراکتەری ئارامکردنەوەی ئەم دۆخە ببینن، داوا لەئەندام‌و لایەنگرانی ئەو دوو هێزەو خەڵکی کوردستانیش بەگشتی دەکەین، زیاتر دان بەخۆیاندا بگرن، هێرشی میدیایی‌و کەناڵەکانی سۆشیال میدیا لەبەرامبەر یەکتر ڕاگرن‌و ئاگری ناکۆکیی زیاتر خۆشنەکەن. پێویستە هەموو کوردستانیان بەهەر شێوازێکی دیموکراسیی گونجاو، لەدژی فراوانکردنی گرژی‌و ناکۆکییەکان دەنگ هەڵپڕن. کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی

هاوڵاتى  هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت "بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10 حوزەیرانی 2021 بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەكەناڵی شەرقییەی راگەیاند "بەرهەم ساڵح توانیویەتی لە دۆخێكی زۆر قورسدا خزمەتی ئەم میللەتە بكات، بۆیە تاوەكو ئێستا كاندیدی حزبەكەمان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق تەنها بەرهەم ساڵحە". هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان راشیگەیاند "پێمان باشە لایەنێكی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان بكات، بەڵام سەروەری عێراق زۆر گرنگە بۆ ئێمە و پێمان وایە دەبێت دۆسیەی هەڵبژاردنەكان لە دەستی خۆماندا بێت."

هاوڵاتى موقتەدا سەدر لەپەیامێکدا ئاڕاستەى هێزەکانى حەشدى شەعبى کردووە، رایگەیاند "کەستان لەسەرووى هەڵەو سزاوە نین و گەر بەرپرسێکتان دووچارى لێکۆڵینەوە بوو زیادەڕەوى مەکەن لەبەرگرى کردن لێى و چاوەڕوانى ئەنجامەکەى بن".  ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10 حوزەیرانی 2021 موقتەدا سەدر، ڕێبەرى رەوتى سەدر (10ى حوزەیرانى 2021) لە پەیامەکەیدا بۆ حەشدى شەعبى داواى لێکردوون کە ئەوان نوێنەرى خەڵکانى تر بن هەر لەپابەندبوون بەئاین و شەرع و بیروباوەڕ و ئەخلاقەوە بۆ خزمەتى هەژاران و ستەملێکراوان بێ هیچ بەرژوەندییەک و بەدواى کورسى و پارە و ناوبانگەوە نەبن.   دەشڵێت، دەبێت ئێوە نوێنەر بن لە نمونەى عیماد موغنیە کە تا شەهید بوو بەدواى پلەو پایە و ماڵى دونیاوە نەبوو هەروەها دەبێت وەکو نمونەى ئەو پۆلە شەهیدە بن کە بەدواى بەرژەوەندى ئەم دونیاوە نەبوون بەڵکو لەپێناو خودا و نیشتیماندا خوێنى خۆیان بەخشى.   ڕابەرى ڕەوتى سەدر باسى لەوەش کردووە، ئەوەى دێتە ڕیزەکانتانەوە ئەوا لەو دونیا خودا مافى ون ناکات و ئەوەى لەڕیزەکانتانا خراپە دەکات پشتیوانى مەکەن و ئەوەشى کۆڵ نادات لەو کارانە سزاى بدەن و ئەوە بەرپرسەشتان بەر لێکۆڵینەوەیەک دەکەوێت چاوەڕوانى ئەنجامەکەى بن، زیادەڕەوەى مەکەن لەپشتتێکردن و هەروەها بەرگرى کردن لێى.     سەدر جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە " هیچ بەرگرییەک لەسەرووى هەڵە و سزادانەوە نیە و ئێمە و ئێوەش بانگەشەى یاخى بوون ناکەین و هەمووشتان هەڵە دەکەن و باشترینیش ئەوانەن کە تەوبە دەکەن". 

هاوڵاتى پۆلیسی هەولێر رایگه‌یاند دزێك چووەتە سەر ماڵێك و 200 مسقاڵ ئاڵتونی بردووە.  شەوی ڕابردوو،ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10 حوزەیرانی 2021  پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێكی بە ڕەگەز عەرەبی دەستگیر كرد، كە خەڵكی سووریایە و دووەم شەوی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ، 200 مسقاڵ ئاڵتونی لە ماڵێكدا دزیوە. هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند:" تۆمەتبارەكە دوای دزینی 200 مسقاڵ ئاڵتونەكە، فرۆشتوویەتی، ئێستاش پۆلیسی هەولێر دەستی بەسەر پارەكەدا گرتووە."  وتیشی:"تۆمەتبارەكە ڕۆژی 17/4/2021 لە سووریاوە هاتووەتە هەرێمی كوردستان، خۆی بە ئەندازیاری كشتوكاڵی ناساندووە، پێشینەی تاوانی لە سووریا هەبووە."

  هاوڵاتى پەرلەمانتارێکی پارتی چەپی ئەڵمانیا رایگه‌یاند لەبارەی دانپێدانانەكانی سەدات پەکەر داوا لە حكومەتی ئەڵمانیا دەكات چاودێری گروپەكانی سەر بە ئەردۆغان بكات. سەدات پەکەر تائێستا 10پارچە ڤیدیۆی لەسەر ئەردۆغان و پارتەكەی بڵاوكردۆتەوە و باسی كارە نایاساییەكانی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان (ئەپەكە) دەكات و ئێستا لە دوبەی ژیان دەكات. سەدات پەکەر لە دوا ڤیدیۆیدا وتبووی، "رێکخراوەکان لە ئەڵمانیا (گروپ وکۆمەڵە و رێکخراوەکانی سەر بە دەوڵەتى تورک) هاوڕێ باشن و من ئەوانم خۆشدەوێت. بۆ نمونە، ئەوان داوایانکرد پارەیان بۆ بنێرم، منیش بە نهێنی پارەم بۆ ناردن". پەکەر بەو وتەیە دانی بەوەدا نا، کە پارەی بۆ گروپەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە ئەڵمانیا ناردووە. ئولا یەلپکە پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا، کە زۆر جار کار و تاوانەکانی میت و گروپ و مافیاکانی سەر بە رژێمەکەى ئەردۆغانی لە ئەڵمانیا بە ناوی "دەستی درێژ" پێناسە کردبوو ئەمجارەش بابەتی دانپیادانانی سەدات پەکەری لەبارەی ئەو گروپ و مافیانەوە کردە تەوەری ئەمڕۆی پەرلەمانی ئەڵمانیا و داوایکرد، لێکۆڵینەوەى بەرفراوان لەو بابەتەدا بکرێت. راشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨دا گروپی عوسمانییەکانی ئەڵمانیا قەدەغە کران، بەڵام ئەوە بەس نییە و دەبێت گروپەکانی تریش قەدەغە بکرێن. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10 حوزەیرانی 2021 ئولا یەلپکە لەبارەی دانپیادانانەکانی پەکەر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و وتی، "ئەو رێکخراو و کۆمەڵانە لە ئەڵمانیا، کە پەکەر ئەوانی وەک کۆمەڵەى باش پێناسەکردووە، بە تایبەتی لە کاتی هەڵبژاردندا بۆ کۆکردنەوەى دەنگ لەلایەن ئاکەپەوە بەکار دەهێنرێن.  ئەوانە هەم لە تورکیا و هەم لە ئەڵمانیا بەکار دەهێنرێن تاوەکو کۆمەڵگە بکات بە گژی یەکتردا". یەلپکە رایگەیاند، دەبێت ئەڵمانیا وتەکانی ئەو سەرەک مافیایە بە جدی وەربگرێت و راشیگەیاند، "چاوەڕوانی من لە حکومەتی فیدراڵ و یەکەکانی ئاسایش ئەوەیە، کە دوای ئەو زانیارییانە لەلایەن پەکەرەوە، کە باس لە پەیوەندیی دەوڵەتی قوڵ لە تورکیا دەکات، دەبێت بە خێرایی لێکۆڵینەوە دەست پێ بکەن تاوەکو بزانرێت جگە لە عوسمانیەکانی ئەڵمانیا چەند گروپی تر پارەیان پێدراوە". یەلپکە باسی ئەوەیکرد، گروپە جیاجیاکانی سەر تورکیا، هەر وەک لە دانپیادانانەکەی پەکەردا باسیان کراوە، لە رێگەی مافیاکانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و دەشبێت چەکیان هەبێت، بۆیە دەبێت ئەو گروپانە بخرێنە ژێر چاودێری. ئەڵمانیا نابێت تەنها سەیری ڤیدیۆکانی پەکەر بکات، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئەو تەونە سیخوڕییە، کە لەلایەن دەزگای سیخوڕیی تورک (میت)ەوە بەرێوەدەبرێت، زۆر گرنگە. ئولا یەلپکە، کە هاوکات وتەبێژی کاروباری ناوخۆی حیزبی چەپی ئەڵمانیا لە کۆتایی وتەکانیدا داوای لە حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا و ئەنگێلا مێرکلی راوێژکاری ئەلمانیا کرد، کە گروپە فاشیست – نەژداپەرستەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە و یەکێتیى ئیسلامی تورک و کاری دیانەت (دیتیب - DÎTÎB) ئەوەندە لە ئامێز نەگرن و نەیان حەوێننەوە.

  هاوڵاتى ھاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند:" به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر ھێڵه‌ گشتی و ستراتیژییه‌كانمان ناكه‌ین ته‌نھا له‌سه‌ر مافی كورد و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مان نه‌بێت". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10 حوزەیرانی 2021 بەپێی راگه‌یاندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی، بافڵ تاڵه‌بانی، ھاوسه‌رۆكی یه‌كێتی به‌یاوه‌ری ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی سه‌ردانی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی به‌غدای یه‌كێتی كرد و رایگه‌یاند:"به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر ھێڵه‌ گشتی و ستراتیژییه‌كانمان ناكه‌ین ته‌نھا له‌سه‌ر مافی كورد و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مان نه‌بێت". هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی راشیگه‌یاند، "یه‌كێتی به‌هه‌مان رۆحییه‌ت و روئیای نیشتمانییانه‌ی مام جه‌لاله‌وه‌ كارده‌كات و هه‌ڵگری رێبازی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ ده‌بێت، بڕوای ته‌واومان به‌ كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌ش هه‌یه‌ و پێشوازی له‌ هه‌ر هه‌وڵێك ده‌كه‌ین كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان بكات، ده‌رگامان بۆ هه‌ر هێز و لایه‌نێك كراوه‌یه‌ كه‌ بیه‌وێت پێكه‌وه‌ له‌پێناو كوردستان و خه‌ڵكه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كاربكه‌ین". بافڵ تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌ گرنگی و پێگه‌ی سیاسی یه‌كێتی له‌ به‌غدا كرد و وتی، "چالاكییه‌ سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانمان له‌ به‌غدا زیاتر ده‌كه‌ین، چونكه‌ بڕوامان به‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت مافی گه‌له‌كه‌مان و كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ ناوه‌ند له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ده‌ستور جێبه‌جێبكه‌ین، ده‌بێت چالاكانه‌تر كاربكه‌ین و له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانمان به‌رده‌وام له‌په‌یوه‌ندیدابین له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكان". بافڵ تاڵه‌بانی وتی، "یه‌كێتی هه‌میشه‌ بڕوای به‌ دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن هه‌بوه‌، ده‌بێت په‌ره‌ به‌و په‌یوه‌ندییه‌ مێژوییه‌ بده‌ین كه‌ سه‌رۆك مامجه‌لال به‌ردی بناغه‌ی داناوه‌، به‌ھه‌مان رۆحییه‌ت له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانمان به‌رده‌وامبین و وه‌ك ھه‌میشه‌ یه‌كێتی ده‌بێت مه‌رجه‌ع و خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌ی جیاوازییه‌كان بێت، له‌پێناو گه‌له‌كه‌مان درێژه‌ به‌خه‌باتی نیشتمانی خۆمان بده‌ین و به‌ھیچ شێوه‌یه‌كیش سازش له‌سه‌ر ھێڵه‌ گشتی و ستراتیژییه‌كانمان ناكه‌ین ته‌نھا له‌سه‌ر مافی كورد و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مان نه‌بێت كه‌ئه‌مه‌ش شانازی یه‌كێتیبونمانه‌ له‌ھه‌مو قۆناغه‌كانی خه‌باتدا".

  هاوڵاتى دوای بۆردوومانکردنی بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، بە سێ فڕۆکەی درۆن فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرایە ئامانج. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-06-2021 شانەی راگەیاندن ئەمنی عێراق لە راگەیاندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە کە فڕۆکەخانەی بەغدا بە سێ درۆن کراوەتە ئامانج . شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق سەبارەت بە رووداوەکە دەڵێت "دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان، بە سێ مووشەک بنکەی ئاسمانی بەلەد-یان کردە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و ماددی هەبێت. جارێکی دیکە درەنگانێکی شەوی چوارشەممە فڕۆکەخانەی بەغدا-یان لەڕێگەی 3 فڕۆکەی درۆن کردە ئامانج، کە فڕۆکەیەک خراوەتە خوارەوە و دواتر وردەکاریی دوو فڕۆکەکەی دیکە رادەگەیێنین." شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هێزە ئەمنییەکان بەدوای هەموو ئەوانەن کە ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگەی عێراقی تێکدەدەن و دەیاندەنە دادگە، بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.   شەوی رابردوو 09-06-2021 شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند،" مووشەکەکان لە بنکەی ئاسمانی بەلەد کە دەکەوێتە باشووری پارێزگای سەلاحەدین کەوتنەخوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە. شانەی راگەیاندنی ئەمنی رۆژی 3ی حوزەیرانیش رایگەیاندبوو، بنکە ئاسمانییەکە بە سێ مووشەک کراوەتە ئامانج. رۆژی 24-05-2021 شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاندبوو کە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق کە هێزەکانی سوپای ئەمریکا تێیدا جێگیرکراون بە مووشەک کراوەتە ئامانج. مووشەکەکەش یەک دانە بووە و لە جۆری کاتیۆشا بووە. لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندەین جار بنکەی عەین ئەسەد و بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کرانە ئامانج و زیانیان لێکەوتەوە.

  هاوڵاتى  کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگه‌یاند:" 135 پاڵێواروی تریان بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکەی داهاتوو ڕەتکردۆتەوە کە وابڕیارە ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10 حوزەیرانی 2021 جەمانە غلای لەلێدوانێکدا بەئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاندووە، بڕیار لەسەر دوورخستنەوەی 135 پاڵێوراوی تر لەهەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکەی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دراوە. غلای هۆكاره‌كه‌ى ڕونكردۆته‌وه‌و وتویه‌تى:"ئەوکەسانەی دوورخراونەتەوە کەسانی سەربازیین، بەوپێیەی بەپێی ماددەی نۆی یاسای هەڵبژاردنەکان مافی خۆکاندیدکردنیان لەهەڵبژاردنەکاندا نییە". ڕۆژی 30 ئایاری رابردوو، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، ئەنجومەنی کۆمسیاران 20 کاندیدی دیكه‌ى بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق دورخسته‌وه‌، هۆکارەکەشی بۆ پێشێلکردنی حوکمەکانی بڕگەی سێی ماددەی 8ی یاسای هەڵبژاردنەکان گێڕابۆوە.

هاوڵاتى ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10ی حوزه‌یرانی 2021، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 71 دۆلار و 64 سەنتە. هاوکات لە بۆرسە بازارە جیهانییەکان، نرخی‌ بەرمیلێک نەوتی‌ خاوی ئەمریکیش بە 69 دۆلار و 44 سەنت مامەڵەی‌ پێوە دەکرێت. پێشتر نرخی نەوت بۆ سەروو 70 دۆلار بەرزبووەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی رابردووەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەکارکەوتنی کارگە گەورەکانی جیهان و راگرتنی جموجوڵی ئامێر و ئۆتۆمبێلەکان، نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لە مێژوویدا دابەزی بوو.

هاوڵاتى ‌وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى حکومه‌تى ھه‌رێم  به‌شه‌ خۆراکى مانگانه‌ى هاوڵاتیانى دیاریکرد و رایگه‌یاند:" هه‌رکه‌سێک سێ کیلۆ برنج و کیلۆیه‌ک شه‌کر و 400 گرام دۆشاوى ته‌ماته‌ى به‌رده‌که‌وێت". ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نۆى حوزه‌یرانى 2021، به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێکى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازی، نه‌وزاد شێخ کامیل به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بازرگانى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ به‌پێى نوسراوێکى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى خۆراکى وه‌زاره‌تى بازرگانى حکومه‌تى فیدڕاڵ که‌ ئاراسته‌ى لقى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانى خۆراک کراوه‌ داواکراوه‌، ئاماده‌کارى بکه‌ن بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و به‌شه‌خۆراکانه‌ى که‌ له‌ئاینده‌یه‌کى نزیکدا دابه‌شده‌کرێت به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا.   هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" به‌پێى ئه‌و نوسراوه‌ بۆ هه‌ر که‌سێک له‌مه‌ودوا سێ کیلۆ برنج، یه‌ک کیلۆ شه‌کر، یه‌ک ده‌به‌ رۆنى زه‌یت، 400 گرام دۆشاوى ته‌ماته‌، یه‌ک کیلۆ (فاسۆلیا و نیسک و نۆک)، نۆ کیلۆ ئاردى به‌رده‌که‌وێت.  

هاوڵاتى ‌دواى هێرشه‌که‌ى سه‌ر بنکه‌ى ئاسمانى به‌له‌دى سه‌ربازى له‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، له‌ڕێگه‌ى موشه‌که‌وه‌ بنکه‌ى فیکتۆریا که‌ تایبه‌ته‌ به‌ هاوپه‌یمانان له‌ نزیک فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌غدا کرایه‌ ئامانج. میدیاکانى عێراق بلآویانکرده‌وه‌ که‌ له‌ڕێگه‌ى موشه‌کى جۆرى کاتیۆشاوه‌ بنکه‌ى سه‌ربازى فیکتۆریا له‌ نزیک فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌غدا کراوه‌ته‌ ئامانج، زه‌نگى ئاگادارکردنه‌وه‌ له‌ناو بنکه‌ سه‌ربازیه‌که‌ لێدراوه‌. ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێ موشه‌ک ئاراسته‌ى بنکه‌ى ئاسمانى به‌له‌د له‌پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین کران و له‌راگه‌یه‌ندراوێکیشدا راگه‌یاندنى سه‌ربازى عێراق ئاشکلااى کرد که‌وتنه‌خواره‌وه‌ى موشه‌که‌کان هیچ زیانێکى گیانى لێنه‌که‌وتوه‌ته‌وه‌.  

هاوڵاتى ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان هۆشدارى له‌ هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى نێوان پارتى و په‌که‌که‌ ده‌دات و ده‌ڵێت: "یه‌کێتى و گوڕان هه‌قه‌ هه‌ڵوێستیان یه‌کبخه‌ن، بۆ رێگرتن له‌ رودانى نه‌خوازراوى شه‌ڕێکى دیکه‌ى ناو ماڵى کورد، ئه‌گه‌رنا که‌ شه‌ر قه‌وما، ئیداره‌ى یه‌کگرتوى کوردستان باجه‌که‌ى ده‌دات". ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نۆى حوزه‌یرانى 2021، مه‌لا به‌ختیار، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى یه‌کێتی، له‌په‌یامێکدا نوسیویه‌تی:" مه‌خابن، ساڵه‌ها تێپه‌ڕی، چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌ مه‌ترسیداره‌کانى ناوخۆیى نه‌دۆزرایه‌وه‌، به‌ تایبه‌تى له‌ نێوان یه‌کێتى و پارتی. هه‌روه‌ها له‌ نێوان پارتى و په‌که‌که‌، له‌ رۆژئاواى کوردستانیشدا، له‌نیوان په‌یه‌ده‌ و ئه‌نه‌که‌سه‌،  ئه‌گه‌رى ده‌ستێوه‌ردانى ئیقلیمى له‌ باشوردا، ئه‌گه‌ر به‌ حوکمى به‌ره‌سمى دانپێدانان به‌ فیدڕاڵیه‌ت، ده‌ستورى هه‌میشه‌یی، بازرگانى و ئابورى هه‌رێم و ده‌وروبه‌ر که‌متر بوبێت، بێگومان، تورکیا له‌گه‌ڵ گه‌ریلاکانى باکور له‌شه‌ڕدایه‌و تورکیاش ئه‌زمونى 200 ساڵه‌ى دوژمنایه‌تى کوردى هه‌یه‌، له‌ پیلانگێڕانیشدا کارامایه‌". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:" "په‌یوه‌ندى هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌ته‌کانى ده‌وروبه‌ر، مافى خۆمانه‌ بیپارێزین و ئه‌نجامه‌  ئه‌رێنیه‌کانى ئابورى و سیاسى و دیپلۆماسی، بۆ وڵاتانى ئیقلیمى و کوردستان و عێراقیش، ده‌رکه‌وتوه‌، به‌ڵام تورکیا، به‌ حوکمى ئه‌وه‌ى سوره‌ له‌سه‌ر نه‌سه‌لماندنى مافى دیموکراسی-نه‌ته‌وه‌یى کوردستان، ته‌نانه‌ت سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى یاساى لێبوردنیش بۆ گه‌ریلا ده‌رنه‌کات، به‌ڵکو وه‌کو زه‌مانى حکومه‌تى پاشایه‌تى عێراقیش ئاماده‌ نییه‌ دان به‌ زمانى کوردیدا بنێت هه‌مو چه‌شنه‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌کى ئاشتیش بۆ چاره‌سه‌رى  سیاسى ره‌تده‌کاته‌وه‌". هاوکات ئه‌وه‌ ده‌خاته‌روو که‌ له‌ ساڵانى 1993-1994 له‌ زه‌مانى مه‌رحوم تورگوت ئۆزاله‌وه‌، سه‌رۆک مامجه‌لال ئاسۆى ئاشتى پیشانى تورکیادا و عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیش شه‌ڕى یه‌ک لایه‌نه‌ى چه‌ندجارێک، له‌سه‌ر داواى مامجه‌لال راگرت، به‌ڵام له‌وکاته‌وه‌، 23 ساڵى ره‌به‌قه‌ خوێنڕشتن و ماڵوێرانى به‌رده‌وامه‌، زیندانه‌کان هه‌تادێن زیاتر ده‌کرێنه‌ قوتابخانه‌ى ئازادیخوازان، کۆخه‌مى گه‌وره‌ى زیندانیه‌کانیش سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشه‌. مه‌لا به‌ختیار له‌په‌یامێکدا که‌ ئاراسته‌ى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى و هاوسه‌رۆکانى په‌که‌که‌ى کردوه‌ ده‌شڵێت: "هێزه‌ سیاسی-چه‌کداره‌کان، کاتێک کێشه‌ سیاسیه‌کانیان چاره‌سه‌ر ناکه‌ن، له‌دوا ئاکامدا، په‌نا بۆ چه‌ک ده‌به‌ن، به‌ تایبه‌تى له‌ کوردستانێکى گه‌مارۆدراودا، که‌ کێشه‌ى دیموکراسی-نه‌ته‌وه‌یى به‌ چاره‌سه‌رنه‌کراوى ماوه‌ته‌وه‌، دوژمنانیشى به‌ده‌وام له‌ پلانگێڕاندان". مه‌لا به‌ختیار پێشیوایه‌ له‌ساڵى 1992 یه‌کێتى و پارتی، شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ تاقیکرده‌وه‌ بێهوده‌ بو، بێگومانیش په‌که‌که‌ دواى 37 ساڵ نه‌یتوانیوه‌ سه‌نگى سیاسى - گه‌ریلایى بباته‌وه‌ سه‌نگه‌رى راسته‌قینه‌ى خۆى که‌ باکورى کوردستانه‌، ئه‌مه‌ش مایه‌ى زیانه‌ بۆ خه‌باتى رزگارى مه‌ده‌نى باشور، چونکه‌ تاقیکردنه‌وه‌ى ته‌نانه‌ت دۆخێکى وه‌کو ئه‌نفالیش، که‌ تاقه‌ گوندێکى کوردستان نه‌مابو، رژێمى فاشى عێراقیش له‌ تورکیا که‌متر له‌ سه‌رکوتکردنى پێشمه‌رگه‌ شاره‌زا نه‌بو، که‌چى پارتیزانه‌کانى به‌ره‌ى کوردستانی، توانیان درێژه‌ به‌ چالاکى بده‌ن، "بۆچى په‌که‌که‌ تائێستا نه‌یتوانیوه‌؟ ئه‌مه‌یان له‌ روانگه‌ى ئێمه‌وه‌، په‌یوه‌ندى به‌ ستراتیژى چه‌کداریه‌وه‌، دواى جه‌نگى سارد هه‌یه‌، که‌ سه‌راپا پێداچونه‌وه‌ى پێویسته‌، خه‌باتى راپه‌ڕین و مه‌ده‌نییه‌تى شاره‌کان بوه‌ته‌ ستراتیژى دیموکراسی". مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌شى ئاشکراکردوه‌، "له‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا شه‌ش پێشمه‌رگه‌ ده‌بنه‌ قوربانى ئه‌گه‌ر په‌که‌که‌ کارى وایکردوه‌، که‌ تا ئێستا ره‌تیده‌کاته‌وه‌، تاوانێکى گه‌وره‌ى ئه‌نجام داوه‌، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا گریمان سه‌لمێنرا په‌که‌که‌ تاوانه‌که‌ى کردوه‌، ده‌ى له‌مکاته‌دا، حیکمه‌تى جه‌نابى مه‌سعود بارزانى و پارتى و حکومه‌تى کوردستان، له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا له‌وه‌دایه‌، نه‌هێڵن ئه‌م داچۆڕانه‌ى خوێن،  بکرێته‌ جۆگه‌له‌ى خوێنى کورد به‌ کورد به‌کوشتدان، با ئه‌مجاره‌ش، خوێنى رۆڵه‌کانى باشور، وه‌کو قوربانى کوردایه‌تى سه‌یر بکرێت و بکرێنه‌ قه‌زاوه‌گێرى راوه‌ستانى قوربانى تر، به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ک، هیچ لایه‌ک نه‌که‌وێته‌ ناو داوى ده‌وروبه‌ر، بۆ زیاتر خوێن رشتن، چونکه‌ ئه‌نجامه‌که‌ى بێهوده‌یه‌". مه‌لا به‌ختیار له‌په‌یامه‌که‌یدا باس له‌وه‌شده‌کات، "دواى ئه‌م روداوه‌، له‌ پێشه‌وه‌دا پێویسته‌ په‌که‌که‌ بیر له‌ چاره‌سه‌رى عه‌سکه‌ری-سیاسى بکات و گه‌ریلا  له‌ هێڵى روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ئیداره‌ى بنارى قه‌ندیل-گارا، دوربخاته‌وه‌و خه‌ڵکه‌که‌شى له‌ بۆردومانى فڕۆکه‌ى ناتۆ سه‌رفراز بکات، ئینجا پارتی، پشوى درێژتر بکات و سیاسه‌تى سه‌نگینى خۆى به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌، که‌ ساڵانى رابردو، په‌یڕه‌وى کردوه‌، له‌ده‌ستنه‌دات". ئه‌وه‌شى ئاشکراکردوه‌، "حزبه‌ کوردستانیه‌کان، له‌ پێشه‌وه‌دا یه‌کێتى و گوڕان، که‌ له‌ حکومه‌تدان، هه‌قه‌ هه‌ڵوێستیان یه‌کبخه‌ن، بۆ رێگرتن له‌ رودانى نه‌خوازراوى شه‌ڕێکى دیکه‌ى ناو ماڵى کورد، ئه‌گه‌رنا که‌ شه‌رقه‌وما، ته‌واوى حزبه‌کان، له‌ پێشه‌وه‌دا ئیداره‌ى یه‌کگرتوى کوردستان، باجه‌که‌ى ده‌ده‌ن".

هاوڵاتى  حکومه‌تى ئێران ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕى له‌سه‌ر لابردنى ڤیزا بۆ گه‌شتیارانى عێراق بۆماوه‌ى 45 رۆژ و بۆ لابردنى ڤیزاش؛ مه‌رجى هه‌یه‌. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نۆى حوزه‌یرانى 2021، ماڵپه‌ڕى فه‌رمى حکومه‌تى ئێران بڵاویکرده‌وه‌، ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر لیستێک رێنمایى ده‌ربڕیوه‌، که‌ بۆماوه‌ى 45 رۆژ ڤیزا له‌سه‌ر گه‌شتیارانى عێراق هه‌ڵبگیرێت، هۆکاره‌که‌شى بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌، که‌ گه‌شتیارانى ئێرانى به‌ ئاسانى بتوانن گه‌شتیه‌کانیان بۆ "شوێنه‌ پیرۆزه‌کانی" عێراق ئه‌نجام بده‌ن. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌، له‌به‌رامبه‌ردا، حکومه‌تى ئێران مه‌رجى داناوه‌ به‌وه‌ى حکومه‌تى عێراقیش ڤیزاى سه‌ر گه‌شتیارانى ئێرانى لاببات. له‌ماوه‌ى رابردوودا هه‌ردوو حکومه‌تى عێراق و ئێران چه‌ندینجار هه‌وڵیانداوه‌ پێدانى ڤیزا به‌ گه‌شتیارانى هه‌ردوو وڵات لاببه‌ن و هاوڵاتیانیان بتوانن بێ ڤیزا گه‌شته‌کانیان بۆ ئه‌و دوو وڵاته‌ ئه‌نجام بده‌ن.  

هاوڵاتى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:" هه‌نگاوى باشمان بڕیوه‌ به‌‌ ئاڕاسته‌‌ى دابه‌شکردنى مووچه‌ى موچه‌خۆرانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ڕێى بانکه‌وه‌". ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نۆى حوزه‌یرانى 2021، قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم، له‌‌گه‌‌ڵ وه‌زیرى دارایى و ئابورى و لایه‌‌نه‌‌کانى په‌‌یوه‌‌ست به‌‌ سیسته‌‌مى بایۆمه‌‌ترى کۆبوه‌وه‌ و چه‌ند بڕیارێک دران له‌باره‌ى پرۆسه‌ى دابه‌شکردنى موچه‌ و میلاکات و ڕێکخستنه‌وه‌ى په‌یکه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ى قۆناغى دووه‌مى بایۆمه‌تری. قوباد تاڵه‌بانى ڕایگه‌یاند:"هه‌نگاوى باشمان بڕیوه‌ به‌ره‌و دابه‌شکردنى موچه‌ى موچه‌خۆرانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ڕێى بانکه‌وه‌ پشت به‌ست به‌ سیسته‌مى بایۆمه‌تری". هه‌روه‌ها جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم، ده‌ستپێکردنى دروستکردن و دابه‌شکردنى "ژماره‌ى بێهاوتاى که‌سی" ڕاگه‌یاند که‌ بریتییه‌ له‌ ژماره‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ هه‌ر موچه‌خۆرێک و هاوکار ده‌بێت به‌ گه‌یاندنى خزمه‌تگۆزارى به‌ موچه‌خۆران که‌ یه‌کێکیان کردنه‌وه‌ى هه‌ژمارى بانکییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى دابه‌شکردنى موچه‌ به‌ ئه‌لکترۆنى بکرێت: "لیژنه‌ى باڵاى بایۆمه‌ترى قۆناغى باشیان بڕیوه‌ به‌و ئاڕاسته‌یه‌". هاوکات جه‌خت کراوه‌ته‌وه‌ که‌ پێدانى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌ماى داتاکانى بایۆمه‌ترى بێت وه‌ک له‌یاساى چاکسازییدا هاتووه‌.  

هاوڵاتى  سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌دیدارێکدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانى فلانده‌رز باس له‌کارنامه‌ى چاکسازى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم کرد و به‌ئامانجى ئاسانکاریکردن بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى ناوخۆیى و ده‌ره‌وه‌. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نۆى حوزه‌یرانى 2021، به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێکى حکومه‌تى هه‌رێم، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت، له‌ گه‌ڵ یان یامبۆن سه‌رۆک وه‌زیرانى فلانده‌رز کۆبوه‌وه‌ و له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا که‌ له‌ شارى بروکسل به‌ڕێوه‌چو، بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و فلانده‌رز له‌ هه‌مو بواره‌کاندا تاوتوێکرا.  سه‌رۆک وه‌زیرانى فلانده‌رز، خۆشحاڵى خۆى به‌ سه‌ردانى وه‌فدى هه‌رێمى کوردستان نیشاندا و رایگه‌یاند، شانازى به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن، ئاماده‌ییشى بۆ هه‌ر هاوکاریى و هه‌ماهه‌نگییه‌ک له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ربڕی. هاوکات، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم، تیشکى خسته‌ سه‌ر کارنامه‌ى چاکسازى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم، به‌تایبه‌تى له‌ بوارى هه‌مه‌جۆرکردنى سه‌رچاوه‌کانى داهات و په‌ره‌پێدان و ئاسانکاریکردن بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى ناوخۆیى و ده‌ره‌وه‌ و سود وه‌رگرتن له‌ شاره‌زایى و پسپۆڕیى وڵاتانى ئه‌وروپایى بۆ گه‌شه‌پێدانى ژێرخانى ئابورى هه‌رێمى کوردستان.  په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى فیدراڵی، گرنگى به‌رده‌وامبونى هاوکارى و پشتگیریکردنى پێشمه‌رگه‌ بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى تیرۆریستانى داعش و کۆمه‌ڵێک بابه‌تى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، چه‌ند ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى کۆبونه‌وه‌که‌ بون.