وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لەلایەن کەسوکاری عەبدوڵا ئۆجالانەوە داواکاری پێشکەشکراوە تاوەکو سەردانی ئیمراڵی بکەن، راشیگەیاند لەئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکە دەکەن. بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەى تی 24، یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندووە، هێشتا وادەى چوارەم دیداری شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجالان دیار نییە. راشیگەیاندووە، بەگوێرەى یاساکانى وڵاتەکەی، هەڵسەنگاندن بۆ داواکاریی کەسوکاری ئۆجالان دەکەن کە رەنگە لە جەژندا سەردانی دوورگەى ئیمراڵی بکەن. لە چەند مانگی رابردوودا، عومەر ئۆجالان برازای عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکی پەکەکە، سەردانی دوورگەى ئیمراڵی کردبوو. لە ماوەی رابردوودا کەسوکار و پارێزەرانی ئۆجالان سەدان داواکارییان پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار کردووە بۆ ئەوەى سەردانی ئۆجالان بکەن، بەڵام داواکەیان رەتکراوەتەوە، دواجاریش لە 2015 بوو رێگەدرا کەسوکار و پارێزەرانی ئۆجالان سەردانی دوورگەى ئیمراڵی بکەن.
وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت پێنج شەممە ( ٢٧ ی ئازاری ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار دەکرێت. لەڕاگەیەندراوێکیدا وەزارەتى دارایی ئەوە دەخاتەڕوو کەمێک لەمەوبەر بڕی (٩٥٤) نۆ سەدو پەنجاو چوار ملیار دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئازار خراوەتە سەر هەژملرى بانکییان. هەروەها دەشڵێت: ئەو مووچە خۆرانەی بەشێوەی کاش مووچە وەردەگرن، دوای گواستنەوەی پارە بۆ بانکەکان لە کەمترین ماوەدا ،ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەت. تەموویلی مووچەی مانگی ئازار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی. کەمێک لەمەوبەر بڕی ( ٩٥٤،٨٨٠،٤٦٧،٧٧٩ ) نۆ سەدو پەنجاو چوار ملیار و هەشت سەدو هەشتا ملیۆن و چوار سەدو شەست و حەوت هەزارو حەوت سەدو حەفتاو نۆ دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. سبەی پێنج شەممە ( ٢٧ ی ئازاری ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار دەکرێت. تیبینی؛ ١-ئەو مووچەخۆرانەی لە ڕێی پرۆژەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن ڕاستەوخۆ پارە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و لەڕێگای کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە. ٢- ئەو مووچە خۆرانەی بەشێوەی کاش مووچە وەردەگرن، دوای گواستنەوەی پارە بۆ بانکەکان لە کەمترین ماوەدا ،ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
ماڵپەڕی ئەنساروڵای سەر بە حوسييەکان بڵاویکردەوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمريکا 17 هێرشیان کردووەتە سەر پارێزگاکانی سەعدە و عەمران لە باکووری رۆژئاوای یەمەن. ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەيەکی ئەمنييەوە بڵاویکردووەتەوە، "فڕۆکەکانی ئەمريکا 17 هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سەعدە دەستپێکردووە، لەوانە دوو هێرش لە رۆژهەڵاتی شارەکە، سێ هێرش بۆ سەر شارۆچکەى سالم، شەش هێرشيش بۆ سەر شارۆچکەى سەحەر، سەرجەم هێرشەکانیش زیانی ماددییان بە ماڵ و سامانی هاوڵاتییان گەیاندووە". لە 15ـی ئازارەوە ئەمریکا هێرشی چڕی بۆ سەر حوسییەکان دەستپێکردووە، لە بەرامبەردا ئەو گرووپە وەڵامیان داوەتەوە و چەند جارێک کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکییان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج. لەو ماوەيەدا ئەمریکا چەندین هێرشی ئاسمانی بۆسەر حوسييەکان ئەنجامداوە و بانگەشەی ئەوە دەکات بەرپرسانی باڵای ئەو بزووتنەوەیە کراونەتە ئامانج، هاوکات بزووتنەوەکە کوژرانی 53 کەسی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا راگەیاندووە. هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەى لەناوبردنى حوسييەکان کرد، بە گوتەی ترەمپ، حوسییەکان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هۆشداريشيدا بە تاران لە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی ئەو گرووپە.
وتهبێژی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق ڕایگهیاند، بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق دهست به نوێكردنهوهی تۆماری دهنگدهران دهكرێت. هەورەها داوا له هاوڵاتیان دهكهن كه تۆمارهكهیان نوێ نییه سهردانی لقهكانی كۆمسیۆن بكهن له پارێزگاكان، دهشڵێت، "هاوڵاتیان له نێو پارێزگا دهتوانرێت ناوخۆیان بگۆڕن، بهڵام له كهركوك، ئهنبار، نهینهوا و سهڵاحهدین ناتوانرێت ناوهكانیان بگۆڕن". جومانه غهلای، وتهبێژی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق ئهمڕۆ چوارشهممه له كۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگهیاند، "دوێنێ پڕۆسهی نوێكردنهوهی تۆماری دهنگدهران له 179 ناوهند دهستیپێكرد تاوهكو ههڵبژاردنی داهاتو بهپێی تۆماری دهنگدهرانی نوێ بهڕێوهبچێت. ئەو وتیشى: ئهمه قۆناغی یهكهمی ههڵبژاردنه كه قۆناغێكی گرنگه، ئهوانهی پێشتر ناویان تۆمارنهكراوه مافی خۆیانه سهردانی نزیكترین بنكهی دهنگدان له ماڵی خۆیان بكهن بۆ ئهوهی زانیاری و داتای بایۆمهتریان نوێ بكهنهوه، كه یهكێك له فاكتهرهكانی پڕۆسهی ههڵبژاردنه". ئاماژهی بهوهشكرد، زیاتر له 29 ملیۆن دهنگدهر ههن كه دهتوانن دهنگ بدهن، ئهوانهی كه له دایكبوی ساڵی 2007ن دهتوانن سهردانی نزیكترین بنكه بكهن بۆ ئهوهی ناوی خۆیان تۆمار بكهن تا كاتی بایۆمهتر وهربگرن، ئهگهر ئهوانهی له دایكبوی 2007ن دهبێت كارتی نیشتیمانیان ههبێت و بهبێ ئهو كارته ناتوانن ناوی خۆیان بنوسن. لهبارهی گۆڕینی ناو له پارێزگایهك بۆ پارێزگایهكی دیكه، وتهبێژی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان وتی، "له نێو پارێزگا دهتوانرێت ناوخۆیان بگۆڕن، بهڵام له كهركوك، ئهنبار، نهینهوا و سهڵاحهدین ناتوانرێت ناوهكانیان بگۆڕن". ئهوهشی خستهڕو، ههر دهنگدهرێكی دیكه كه كارتی كۆبۆنی ههیه پێشت 9ی 12ی 2003 دهتوانێت شوێنی دهنگدانی خۆی بگۆڕێت و لهدوای ئهوه مافی نییه، گۆڕانكاری له نێو پارێزگایهك ئهگهر كهسێك كارتی كۆبۆنی نهبو بۆ 2020 -2021 ئهوا دهتوانێت له نێو پارێزگا شوێنی دهنگدانهكهی بگۆڕێت، ههر كهسێك ئهوهشی ههبێت دهتوانێت له بری كارتهكانی دیكه بهكاریبهێنێت.
حەشدى شەعبى لە عێراق دەبێتە خاوەنى دەسەڵاتى هاوتەریب لەگەڵ سوپا و راوێژى ئەمنى پێشکەشى حکومەت دەکات و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەواڵگری ئەنجام دەدات، ئەوەش بەپێی پڕۆژە یاساى دەستەى حەشدى شەعبى. بەپێی پڕۆژە یاساکە، دەستەى حەشدى شەعبى بەشێک دەبێت لە هێزە چەکدارەکان و پەیوەستە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە، لە هەمان کاتدا مافی چەکدارکردنی پێدەبەخشێت بۆ پاراستنی سیستەمی دیموکراسی و دەستووری لە وڵاتەکەدا. پڕۆژە یاساکە رۆژى 24ى ئازار لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق پڕۆژەى "خزمەت و خانەنشینی حەشدى شەعبى" کشاندەوە و ناوەکەى گۆڕى بۆ یاسای دەستەى حەشدى شەعبى. یاسا نوێیەکە پێناسەی "هێزەکانی حەشد" دەکات کە بەشێک لە هێزە چەکدارەکان، پەیوەستن بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و قەدەغەیە ئەندامەکانی سەر بە هیچ لایەنێک بن یان بەشداری چالاکیی سیاسی بکەن. پەسەندکردنی یاسا نوێیەکە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی یاسای پێشوو کە لە ساڵی ٢٠١٦ پەسەندکرا، هەروەها دەستەیەکى نوێ، کە لەسەر بنەمای یاسا هەموارکراوەکە دادەمەزرێنرێت، جێگەی دەستەى ئێستا دەگرێتەوە. بەپێی یاسا نوێیەکە، ئەرکی هێزەکانی حەشدى شەعبى بریتیە لە: بەشداریکردن لە پاراستنی سیستەمی دیموکراسی لە عێراق، بەرگریکردن لە وڵات، پاراستنی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکەکەی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە، بەشداریکردن لە دەستەبەرکردن و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی. هەروەها حەشد پابەند دەکرێت بە دروستکردن و ڕێکخستنی سیستمێکى سەربازی یەکگرتوو لە ڕووی مەشق و پەرەپێدان چەکدارکردن و دابینکردنی نوێترین ئامێری تەکنەلۆژی، تەکنەلۆژیای مۆدێرن و سیستەمی زانیاری بۆ پەرەپێدانی شێوازی کارکردنی. هەر بەپێی یاساکە، دەستەکە زانیاری و راوێژ پێشکەش بە حکومەت دەکات لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی عێراق، لەکاتێکدا ئەوە یەکێکە لە ئەرکەکانی دەزگای هەواڵگری کە بڕیارە ڕاوێژکار بداتە دەسەڵاتداران سەبارەت بە هەڕەشەکان.
هەردوو بانکی قەڵات و حەمرین لە هەولێر، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری خانەنشنینانی شارستانی دەکەن. بانکی قەڵات لــە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، “ئەمڕۆ چوارشەممە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری خانەنشنینانی شارستانی دەکەن”. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەیدا باســی لەوە کردووە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، دەرگای بانکەکەیان بۆ خەرجکردنی مووچەی خانەنشینانی شارستانی کراوە دەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچە کە بڕەکەی 954 ملیار و 467 ملیۆن و 779 ههزار دیناره، وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە تەواو کرا. باسی لەوەشکردبوو: بڕیارە رۆژی چوارشەممە پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق پێش جەژن مووچەی مانگی ئازاری سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، ڕایدەگەیەنێت دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی TNT، زنجیرەیەک ئەشکەوتی لە گوندی سگێرێ لە سنوری قەزای ئامێدی تەقاندەوە و ئەشکەوتەکانی خاپوور کردن. کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى ئاشکراکردوە، لە کاتژمێر ١:١٠ خولەکی دوانیوەڕۆی ڕۆژى سێ شەممە ٢٥ - ٣، سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی TNT، زنجیرەیەک ئەشکەوتی لە گوندی سگێرێ لە سنوری قەزای ئامێدی تەقاندەوە و ئەشکەوتەکانی خاپوور کردن. ئەو دەشلێت: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ەوە سوپای تورکیا، بارەگایەکی سەربازی لە گوندی سگێرێدا دروستکردووە کە بەهۆیەوە تەواوی دانیشتووانی گوندەکە، گوندەکەیان بەجێهێشتووە. کامەران عوسمان ئەوەشى خستەڕوو لە ئێستادا لە گوندەکانی دەوروبەر و قەزای ئامێدی و پارێزگای دهۆکدا نیشتەجێن. ئەندامەکەى ڕێکخراوی سی پی تی ئەوەشى نوسیوە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ئەوە دووەمجارە کە سوپای تورکیا ئەشکەوتەکانی سنوری قەزای ئامێدی بەئامانج دەگرێت. لە 15.6.2024ـەوە سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆنێکى نوێى بۆسەر خاکى هەرێم دەستپێکردووە سوپاى تورکیا بە قوڵاى 30 بۆ 35 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە 71 بنکە و بارەگاى سەربازیان کردووەتەوە لەسەرەتای کانوونی دووەمەوە تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی 2024، سوپای تورکیا یەک هەزار و 76 هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، لەم ژمارەیە 526 هێرش و بۆردوومان بۆسەر پارێزگای دهۆك، 405 هێرش و بۆردوومان لە سنوری پارێزگای هەولێر، 135هێرش و بۆردوومان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و 10 هێرشی تریان بۆسەر سنوری پارێزگای نەینەوا بوون.
ئامارى دەستگیراوانى خۆپیشاندانەکانى تورکیا بۆ زیاتر لە هەزار و 400 کەس بەرزبووەوە، سەرۆکى گشتى جەهەپەش جەخت لەبەردەوامى خۆپیشاندان دەکاتەوە و دەڵێت ئەم جەژنە دەبێتە سوپرایز بۆ ئەردۆغان. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە 19ی ئازاری 2025ەوە هەزار و 418 گومانلێکراو دەستبەسەرکراون، لەو رێژەیە 979 کەسیان لە زینداندان و 478یان دەدرێنە دادگا. خۆپیشاندانەکان ماوەى هەفتەیەکە بەردەوامن لە دژى دەستگیرکردنى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکى شارەوانى گەورەى ئیستانبوڵ و زیاتر لە 100 کەسى دیکە، بەتۆمەتى گەندەڵى و بەرتیل وەرگرتن، لەکاتێکدا جەهەپە دەڵێت پرۆسەکە بەکارهێنانى دادگایە بۆ مەرامى سیاسی و ئامانج لێی رێگریکردنە لەوەى ئیمامئۆغڵو نەتوانێت لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیدا کێبڕکێی ئەردۆغان بکات. خۆپیشاندانەکە گەورەترین خۆپیشاندانە لە تورکیا لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٣ کە لە ئەستەنبوڵ لەسەر ڕووخاندنی پارکێک سەریهەڵدا. ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە، رۆژى سێشەممە بۆ یەکەمجار لە زیندان چاوى بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کەوت، کە 19ى ئازار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستبەسەرکرا و چوار رۆژ دواتر لەلایەن دادگاوە بڕیارى زیندانیکردنى درا لەدۆسیەى تایبەت بە گەندەڵیدا، کە ئیمامئۆغڵو و جەهەپە رەتیدەکەنەوە. ئۆزگور جەختیکردەوە کە دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ پێشێلکردنی یاسایە و بڕیاریداوە وەک کاردانەوەیەک رۆژانی جەژن سەردانی سەرۆکى پارتەکانى ئاکپارتی و مەهەپە نەکات و دەڵێت، بەردەوام دەبن لەسەر هەڵوێستی خۆیان و ئەم جەژنە دەبێتە سوپرایز بۆ ئەردۆغان. رۆژى (19ـی ئاداری 2025)، لەسەر دوو دۆسیەی جیاواز و بە تۆمەتی ڕەخساندنی هەلی کار لە دامەزراوەکانی شارەوانی بۆ ئەندامانی پەکەکە و ئەنجامدانی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن، ئەکرەم ئیمامئۆعڵو کە دوو خولە لەسەریەک بە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ هەڵدەبژێردرێت دەستبەسەرکرا و دواى بڕیارى زیندانیکردنى لەلایەن دادگاوە، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ دورخرایەوە. دەستگیرکردنی ناوبراو لە کاتێکدایە ماوەیەکە ناوی ناوبراو پەسەند کراوە وەک کاندیدی کاندیدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا ئەمڕۆیش لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی جەهەپە توانی نزیکەی 15 ملیۆن دەنگ بە دەستبهێنێت. زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو'ی تەمەن 54 ساڵ دوای ئەوە دێت لە چەندین ناوچەی تورکیا ڕەتکراوەتەوە هۆڵی دیدار و کۆبوونەوە بە ئیمامئۆغڵو بدرێت تا وەک کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا، وتاری تێدا بدات و لە نوێترین پێشهاتیشدا ڕۆژێک بەر لە دەستگیرکردنی، بە گوشاری ئاک پارتیی دەسەڵاتدار سەرۆکایەتیی زانکۆی ئیستانبوڵ بڕیاریدا دانپێدانان بەو بڕوانامەیەی کاتی خۆی بە ئەکرەم ئیمامئۆعڵوی داوە هەڵبوەشێنێتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە گوایە هەڵەی زەق کراوە و نەدەبوو بڕوانامە بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 28 قوتابی دیکە بدرێت. لەو ڕۆژەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەستگیر کراوە، شارەکانی تورکیا بە تەواوی خرۆشاون، دەستگیرکردنی چەندین خۆپیشاندەر و ڕووبەڕووبوونەوەیان بە توندترین شێوە، شەقامەکانی بە خۆپیشاندەران چۆڵ نەکردووە.
ئەمریکا لیستی ئەو مەرجانەی ڕادەستی سوریا کردووە کە دەیەوێت دیمەشق جێبەجێی بکات لە بەرامبەر کەمکردنەوەی بەشێک لە سزاکان، ئەمەش بەپێى زانیاریەکانى ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەروەها ئەوەشیان ڕاگەیاندوە یەکێک لەمەرجەکات ئەوەیە دڵنیابن لەوەی بیانییەکان هیچ ڕۆڵێکی باڵایان نابێت لە حوکمڕانیدا. ئاژانسەکە رۆژى سێشەممە بڵاویکردەوە. ئەمەریکا لیستێکى پێشکەشى سوریا کردووە کە ژمارەیەک مەرجى لەخۆ گرتووە لەبەرانبەر هەڵگرتنى بەشێک لەسزاکانى سەر سوریا، کە بەشێکیان تایبەتن بە دورخستنەوەى چەکدارە بیانییەکان و دۆزینەوەى ئوستن تايس ئەو رۆژنامەنوسە ئەمەریکییەى کە لە ساڵى 2012 ەوە لە سوریا بێسەروشوێنە. بەپێی ئاژانسەکە، بەرپرسێکى باڵاى ئیدارەى ئەمەریکا چاوى بە وەزیرى دەرەوەى سوریا کەوتووە، لەیەکەم پەیوەندى راستەوخۆى ئیدارەى ترەمپ لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی سوریا. لە نێوان ئەو مەرجانەی ئەمریکا دایناون، لەناوبردنی هەر کۆگایەکی چەکی کیمیایی کە مابێتەوە لەلایەن سوریا و هاوکاریکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە. ئەمەریکا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٩ سزای بەسەر سوریادا سەپاند، بەهۆی داگیرکردنی لوبنان و پاڵپشتیکردنی لە حزبوڵڵای لوبنان، دواتر جۆرج بوشى کوڕ سزاکانى قورستر کرد بەهۆی بوونى چەکی کیمیایی قەدەغەکراو، دوای سەرهەڵدانى شەڕی ناوخۆش لە ساڵی ٢٠١١دا جارێکى تر سزاکان فراوانکران. رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ناوەڕاستى ئەم مانگە بڵاویکردەوە، سوریا دابەزینی ئابووری زۆرى بەخۆیەوە بینیوە و ئاسایشی وڵاتەکە لە مەترسیدایە، ئەمەریکا دەتوانێت ئەو وڵاتە ڕزگاربکات کە لە لێواری بوون بە دەوڵەتێکی شکستخواردوودایە، لەڕێگەى هەڵگرتنی سزاکانەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت. بەپێی رۆژنامەکە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ لە رووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، تا ئێستاش سوریا لە دۆخێکی نائومێددا ماوەتەوە. چواردە ساڵ شەڕی ناوخۆ ئابووری وڵاتەکەی وێران کردووە، 90%ی خەڵکی سوریا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و نزیکەی 16.5 ملیۆن کەسیش پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان. بەشێک لە چاودێران پێیان وایە، بوونی دەستەى تەحریر شام، لە لیستى تیرۆرى ئەمەریکا و ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە نەبوونى هەڵوێستێکى روونى واشنتۆن بەرانبەر حکومەتی نوێی دیمەشق.
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەدەچێت و کۆتایی بە "پلەبەرزکردنەوەی بەلێشاو و نایاسایی" هاتووە. نووسینگەی وەزیری پێشمەرگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە ساڵی 2019ـەوە زیاتر لە 20 خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کە پێشتر کەڵەکە ببوون، جێبەجێ کراون و پلەی شایستەی خۆیان وەرگرتووە. هەروەها چەند خشتەیەکی دیکەی پلەبەرزکردنەوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراون و چاوەڕێ دەکرێت بەم نزیکانە بگەڕێنەوە وەزارەت. راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە چوارچێوەی بنەما و مەرج و رێنماییە یاساییەکاندا دەبێت و هیچ ئەفسەرێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە پلەی بەرزناکرێتەوە. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئەوە رەتکراوەتەوە کە هیچ جیاوازییەک لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی 70 و یەکە سەربازییەکانی دیکەدا هەبێت: "هیچ جیاکارییەک لە پێدانی ئازووقە بە فیرقەی یەک و دوو نییە و سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ماف و شایستەکانیاندا یەکسانن". دەقی راگەیێندراوەکە: 1. دەربارەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی فەرماندەیی هێزەکانی 70، وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک لیست ساڵانە لە مانگی ئادار و ئەیلوولدا سەرجەم خشتەکانی پلەبەرزکردنەوە ئامادە دەکات و ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکات. (ساڵانی پێشوو پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بۆ ماوەی چەند ساڵ راگیرابوو و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە بێبەشبوون لە مافی پلەبەرزکردنەوەیان) بە هەوڵی تیمی باڵای وەزارەت توانراوە کاری جددی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بکرێت بە کۆی گشتیی لە ساڵی 2019ـەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە 20 خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کە لەوەوپێش کەڵەکەببون و نەکرابوون لە وەزارەت، توانراوە پلەکانیان بەرزبکرێتەوە و پلەی شایستەی خۆیان وەربگرن. لە ئێستاشدا چەند خشتەیەکی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و کارەکانیان تەواو بووە، چاوەڕوانین بەم نزیکانە بگەڕێنەوە وەزارەتی پێشمەرگە. بەم هەنگاوە بەردەوامانە توانیومانە دۆخی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگە بخەینەوە سەر راستەڕێی یاسایی و ئاسایی خۆی. لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کۆمەڵێک بنەما و مەرج و رێنمایمان داناوە کە لەو چوارچێوەیەدا ئەفسەران پلەیان بەرزدەبێتەوە وەکو تر هیچ ئەفسەرێک لە دەرەوەی رێنمایی و مەرجە یاساییەکان و بەبێ پایە، شایستەی پلەبەرزکردنەوەی جێبەجێ ناکرێت. بەمەش کۆتایی بە پلەبەرزکردنەوەی بەلێشاو و نایاسایی و ناسەربازیی هاتووە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا. 2- دەربارەی راگرتنی نووسراوەکانی هێزەکانی 70 لە ناو بەشە کارگێڕییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، رایدەگەیەنین ئەم بابەتە دوورە لەڕاستی نووسراوەکانی هێزەکانی 70 کاری یاسایی خۆی لەسەردەکرێت هەر نووسراوێکیان هەبێت لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکاندا جێبەجێ دەکرێت و کراوە. 3- دەربارەی جیاوازی لە پێدانی ئازووقە بۆ فیرقەی یەک و دوو لێرەوە رایدەگەیەنین؛ هیچ جیاکاریەکی بنەڕەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بوونی نییە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرجەم ماف و شایستەکانیان یەکسانن و بەبێ هیچ جیاوازییەک ئەوەی لەبەردەستی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت بەسەر هەموو یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابەشکراوە. 4- بەڕێز وەزیری پێشمەرگە، پارێزەری ماف و شایستەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و جێبەجێکارێکی سەرسەختی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەتاکو ئەمڕۆ بەردەوام سەرپەرشتی پرۆسەی چاکسازی و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکات، پێداگرە و ویستی جددیی و ئیرادەیەکی نیشتیمانی بەهێزی هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و دامەزراندنی ژێرخانی سەربازی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنیاتنانی ناوچەکانی سەرکردایەتی و فیرقەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا. بە چادێری و بەدواداچوونی بەردەوامی بەرێز وەزیری پێشمەرگە توانراوە پرۆسەی چاکسازی قۆناغی زۆرباش ببڕێت و ببێت بە بنەما و بەرنامەی کارکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ببێتە واقع و دەرئەنجامی زۆرباش بەدەست بهێنرێت. ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە لە قۆناخێکی بەهێز و سەرکەوتوودایە وەک یەک تیمی پێکەوەیی کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی. پێویستیشمان بە پشتیوانی و پاڵپشتی هەمووان هەیە و دەبێت هاوکارمان بن لەو ئەرکە سەختەی پێمان سپێردراوە نەک سەنگەری دژایەتیمان لێ بگرن. نووسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە
لە نێو بەشێک لە شیعەکانی عێراق ناڕەزایی بەرامبەر فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەریهەڵداوە، بەڵام مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، ئەگەر پەرلەمانتاران داوای لێپرسینەوە لە فوئاد حسێن بکەن، رەتیدەکاتەوە و ئامادە نییە بیخاتە بەرنامەی کارەوە. مەشهەدانی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی عەهد دەڵێت، ئەگەر ناڕەزایی بەرامبەر فوئاد حسێن بەهۆی ئەوەیە وەزیری دەرەوەی سوریای بانگهێشتی بەغداد کردووە، ئەوا پێویستە لێپرسینەوە لە تەواوی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، چونکە بڕیارەکە بڕیاری حکومەتە نەک تەنها وەزارەتی دەرەوە. هەروەها مەشهەدانی ستایشی فوئاد حسێن دەکات، پێیوایە وەزیرێکی “لێزان و دەستپاکە” و دەڵێت، باشترین وەزیری دەرەوەی عێراقە، بۆیە ئەگەر داوای لێپرسینەوە بێتە بەردەستی، وەکو سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتەکانی بەکاردەهێنێت و رەتیدەکاتەوە، چونکە پێیوانییە هیچ پاساوێکی یاسایی بۆ بانگهێشتکردنی فوئاد حسێن بۆ پەرلەمان هەبێت.
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، ئەوەدووپاتدەکاتەوە هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ نەکەوێتە ناو پەکەکەوە ناتوانێت کۆنگرە کۆبکاتەوە، ناتوانێت بڕیار بدات، ناتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، گەریلا ناتوانێت دەست لە چەک هەڵگرێت. ئەمەش ڕوونە. لەمیانى بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤیدا، بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە هەڵسەنگاندی بۆ پێشهات و ڕووداوەکانی دوای بانگەوازییە مێژوویەکی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ کرد. ئەو لەبەشێکى قسەکانیدا ئەوەى خستەڕوو، ڕۆژنامەوان، سیاسەتمەدار، ئەکادیمیستەکان، نووسەر، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، شاندە جیاوازەکان، یاساناسەکان؛ هەموو ئەو دەوروبەرە جیاوازانەی کە دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ ببینن، دەبوو توانای بینینیان هەبێت. هەروەها ئەوەشى وت: دەبوو هەر کەسێک کە دەیەوێت بتوانێت بچێتە لای ڕێبەر ئاپۆ و چاوپێکەوتن بکات. دەبوو ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەر کەسێک کە دەیەوێت دابنێت. دەبوو سیستەمی ئیمراڵی بە تەواوی بگۆڕدرایە. دەبوو ئەم سیستەمە، سیستەمی ئیمراڵی، سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجە بە تەواوی لا ببرێت. دەبوو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجی بکرێت. بەرپرسەکەى کەجەکە ئەوەشى خستەڕوو مەبەستمان لە هەلومەرجی تێکۆشان و ژیانی ئازاد ئەمەیە. ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. دەبوو ڕێبەر ئاپۆ ڕێکخستنەکەی لە ناویدا هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بیبینن دەبوو لە پەیوەندیدا بوایە. ئەمە دەبوو جێبەجی بکرێت. ئەمە جێبەجی کرا؟ جێبەجێ نەکرا. گۆشەگیری بەردەوامە. ٢٤ ڕۆژ لە ٢٧ی شوبات تێپەڕیوە. هێشتا گۆڕانکاری نییە. پەیوەندی زۆر نییە، زانیاریش نییە، زانیاریمان نییە. بەسێ هۆزات دەشڵێت: ئەمە چۆن دەبێت؟ بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەندراوێکی بڵاوکردەوە. هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ نەبێت، هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ نەکەوێتە ناو پەکەکەوە ناتوانێت کۆنگرە کۆبکاتەوە، ناتوانێت بڕیار بدات، ناتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، گەریلا ناتوانێت دەست لە چەک هەڵگرێت. ئەمە ڕوونە. هیچ لایەنێکی ئەمە بێ گفتوگۆکردن نییە. تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبات. هەڤاڵان گوتیان. بێگومان بەمجۆرەیە. بەڕێوەبەری پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕێبەر ئاپۆیە. ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبات. پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراتیک و سەرلەنوێ بونیاتنانەوە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە ئافرێنراوە و بەڕێوەدەبرێت. جگە لە ئەو، کەس ناتوانێت ئەم ئیرادە، هێز دەستپێشخەریی نیشان بدات. ئەمە ڕوونە. هەتاوەکو لەم بابەتەدا هەنگاوێک نەنرێت ئەم کۆنگرەیە ناتوانێت کۆبێتەوە، ناتوانێت بڕیارێکی لەو شێوەیە وەربگرێت. تاکەکەس دەتوانێت ئەمە بکات ڕێبەر ئاپۆیە. دامەزرێنەری پەکەکەیە. ئەوەی کۆتایی بەم پرۆسەیە بهێنێت، کۆتایی بە تێکۆشانی چەکدار بێنێت، ڕێبەر ئەپۆ خۆیەتی. ئەمە ڕوونە.
وەزارەتى دارایی ڕایدەگەیەنێت ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازار تەواو کرا. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو سبەی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. دواکەوتن و نەناردنى پارەى مووچەى مانگى ئادارى هەرێمى کوردستان، پەیوەندیدارە بە نەبوونى نەختینەى پێویستی وەزارەتى دارایی فیدراڵ. ئەو کێشەیەی نەختینە، وایکردووە مووچەى هەندێک دامەزراوە نزیکەى هەفتەیەک دوابکەوێت، تاوەکو ئێستاش خانەنشینانى عێراق مووچەى مانگى ئاداریان وەرنەگرتووە. سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى عێراق راگەیاند: ئەو کێشەیە بەهۆى ئەوەیە؛ بانکى ناوەندى نەیتوانیوە پارەی پێویست بۆ وەزارەتى دارایی فیدراڵ تەرخان بکات بۆ خەرجکردنى مووچەى مانگى ئادار. عێراق، مانگانە پێویستى بە 7.5 تریلیۆن دینارە بۆ مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى بە هەرێمى کوردستانیشەوە، کە پشکى لە مووچە مانگانە دەگاتە نزیکەى یەک تریلیۆن دینار. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازار تەواو کرا. کەمێک لەمەوبەر سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچە کە بڕەکەی ( ٩٥٤،٨٨٠،٤٦٧،٧٧٩ ) نۆ سەدو پەنجاو چوار ملیار و هەشت سەدو هەشتا ملیۆن و چوار سەدو شەست و حەوت هەزارو حەوت سەدو حەفتاو نۆ دینارە وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە تەواو کراو بڕیارە سبەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
بەهۆی بۆردومانەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەڕاست و باشووری غەزە، 23 هاووڵاتی دیکەی فەڵەستینی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. لە بۆردومانەکانیدا ئیسرائیل ئەو ماڵ و کەمپانەی کردووەتە ئامانج کە ئاوارەکانی تێدان، لە خان یونس لە باشووری کەرتەکە دوو فەڵەستینی کوژران کە یەکێکیان منداڵە، ژمارەیەکی دیکەش لە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە ناوچەی قیزان نەجار برینداربوون. لە ناوچەی حەمەد لە باکووری خان یونس، لە ئەنجامی بۆردومانێک بۆ سەر کەمپێکی ئاوارەکان، سێ فەڵەستینی دیکە کوژران کە لەنێویاندا منداڵێک هەیە، لە بۆردومانێکیی دیکەدا بۆ سەر چوارگۆشەی نیشتەجێبوون لە کەمپی بریج لە ناوەڕاستی غەزە، پێنج فەڵەستینی کوژران و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش برینداربوون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە 18ـی ئەم مانگەوە کە دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر غەزە کردووەتەوە تائیستا زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلیان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن حەماسەوە بەکارهێنراون.
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتنى دادبینى تایبەت بە سکاڵایەک دەکات کە لە دژى یەکێک لە مەرجەکانى فرەژنى لە هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە. دانیشتنەکەى دادگەى فیدراڵى، ئەمڕۆ (سێشەممە، 25ـی ئادارى 2025) دەکرێت، کە دادبینى سکاڵاکە دەبێت. سکاڵاکە لەلایەن هاونیشتمانیێکى هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە، تێیدا وەک "زەرەرمەندێک لە هەموارى یاساى بارى کەسى"، داواى کردووە بڕگەیەکى ئەو هەموارە هەڵبووەشێتەوە، کە رەزامەندیی هاوژینی یەکەمە لە بەردەم دادگە، بۆ هێنانى هاوژینی دووەم. ئاسۆ هاشم، یەکێک لە پارێزەرانى ئەو سکاڵایە دەڵێت: دادگەى باڵاى فیدراڵى یەکەم دانیشتنى دادبینى لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات و، ئەگەر هەیە دادگە دوابڕیار بدات." ئەو هەموارەى یاسای بارى کەسى لە ساڵی 2008 لە پەرلەمانى کوردستان پەسند کراوە، ئەوەش بۆ تووندکردنى مەرجەکانى فرەژنى. سکاڵاکە لە دژى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە کە هەموارەکەى کردووە، تاوەکو هەموارى ئەو بڕگەیە بە نادەستوورى بناسێنێت. شەرمین بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان، راگەیاند: وەڵامى تایبەت بەو سکاڵایەمان ئامادەکردووە و لە دانیشتنەکەدا ئامادە دەبین." پێشتر لە 11ـی شوباتى 2025، لەسەر داواى پەرلەمانى کوردستان، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق یەکەم دانیشتنى تایبەت بەو سکاڵایەى دواخست.