لە نێو بەشێک لە شیعەکانی عێراق ناڕەزایی بەرامبەر فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەریهەڵداوە، بەڵام مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، ئەگەر پەرلەمانتاران داوای لێپرسینەوە لە فوئاد حسێن بکەن، رەتیدەکاتەوە و ئامادە نییە بیخاتە بەرنامەی کارەوە. مەشهەدانی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی عەهد دەڵێت، ئەگەر ناڕەزایی بەرامبەر فوئاد حسێن بەهۆی ئەوەیە وەزیری دەرەوەی سوریای بانگهێشتی بەغداد کردووە، ئەوا پێویستە لێپرسینەوە لە تەواوی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، چونکە بڕیارەکە بڕیاری حکومەتە نەک تەنها وەزارەتی دەرەوە. هەروەها مەشهەدانی ستایشی فوئاد حسێن دەکات، پێیوایە وەزیرێکی “لێزان و دەستپاکە” و دەڵێت، باشترین وەزیری دەرەوەی عێراقە، بۆیە ئەگەر داوای لێپرسینەوە بێتە بەردەستی، وەکو سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتەکانی بەکاردەهێنێت و رەتیدەکاتەوە، چونکە پێیوانییە هیچ پاساوێکی یاسایی بۆ بانگهێشتکردنی فوئاد حسێن بۆ پەرلەمان هەبێت.
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، ئەوەدووپاتدەکاتەوە هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ نەکەوێتە ناو پەکەکەوە ناتوانێت کۆنگرە کۆبکاتەوە، ناتوانێت بڕیار بدات، ناتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، گەریلا ناتوانێت دەست لە چەک هەڵگرێت. ئەمەش ڕوونە. لەمیانى بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤیدا، بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە هەڵسەنگاندی بۆ پێشهات و ڕووداوەکانی دوای بانگەوازییە مێژوویەکی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ کرد. ئەو لەبەشێکى قسەکانیدا ئەوەى خستەڕوو، ڕۆژنامەوان، سیاسەتمەدار، ئەکادیمیستەکان، نووسەر، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، شاندە جیاوازەکان، یاساناسەکان؛ هەموو ئەو دەوروبەرە جیاوازانەی کە دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ ببینن، دەبوو توانای بینینیان هەبێت. هەروەها ئەوەشى وت: دەبوو هەر کەسێک کە دەیەوێت بتوانێت بچێتە لای ڕێبەر ئاپۆ و چاوپێکەوتن بکات. دەبوو ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەر کەسێک کە دەیەوێت دابنێت. دەبوو سیستەمی ئیمراڵی بە تەواوی بگۆڕدرایە. دەبوو ئەم سیستەمە، سیستەمی ئیمراڵی، سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجە بە تەواوی لا ببرێت. دەبوو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجی بکرێت. بەرپرسەکەى کەجەکە ئەوەشى خستەڕوو مەبەستمان لە هەلومەرجی تێکۆشان و ژیانی ئازاد ئەمەیە. ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. دەبوو ڕێبەر ئاپۆ ڕێکخستنەکەی لە ناویدا هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بیبینن دەبوو لە پەیوەندیدا بوایە. ئەمە دەبوو جێبەجی بکرێت. ئەمە جێبەجی کرا؟ جێبەجێ نەکرا. گۆشەگیری بەردەوامە. ٢٤ ڕۆژ لە ٢٧ی شوبات تێپەڕیوە. هێشتا گۆڕانکاری نییە. پەیوەندی زۆر نییە، زانیاریش نییە، زانیاریمان نییە. بەسێ هۆزات دەشڵێت: ئەمە چۆن دەبێت؟ بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەندراوێکی بڵاوکردەوە. هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ نەبێت، هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ نەکەوێتە ناو پەکەکەوە ناتوانێت کۆنگرە کۆبکاتەوە، ناتوانێت بڕیار بدات، ناتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، گەریلا ناتوانێت دەست لە چەک هەڵگرێت. ئەمە ڕوونە. هیچ لایەنێکی ئەمە بێ گفتوگۆکردن نییە. تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبات. هەڤاڵان گوتیان. بێگومان بەمجۆرەیە. بەڕێوەبەری پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕێبەر ئاپۆیە. ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبات. پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراتیک و سەرلەنوێ بونیاتنانەوە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە ئافرێنراوە و بەڕێوەدەبرێت. جگە لە ئەو، کەس ناتوانێت ئەم ئیرادە، هێز دەستپێشخەریی نیشان بدات. ئەمە ڕوونە. هەتاوەکو لەم بابەتەدا هەنگاوێک نەنرێت ئەم کۆنگرەیە ناتوانێت کۆبێتەوە، ناتوانێت بڕیارێکی لەو شێوەیە وەربگرێت. تاکەکەس دەتوانێت ئەمە بکات ڕێبەر ئاپۆیە. دامەزرێنەری پەکەکەیە. ئەوەی کۆتایی بەم پرۆسەیە بهێنێت، کۆتایی بە تێکۆشانی چەکدار بێنێت، ڕێبەر ئەپۆ خۆیەتی. ئەمە ڕوونە.
وەزارەتى دارایی ڕایدەگەیەنێت ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازار تەواو کرا. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو سبەی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. دواکەوتن و نەناردنى پارەى مووچەى مانگى ئادارى هەرێمى کوردستان، پەیوەندیدارە بە نەبوونى نەختینەى پێویستی وەزارەتى دارایی فیدراڵ. ئەو کێشەیەی نەختینە، وایکردووە مووچەى هەندێک دامەزراوە نزیکەى هەفتەیەک دوابکەوێت، تاوەکو ئێستاش خانەنشینانى عێراق مووچەى مانگى ئاداریان وەرنەگرتووە. سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى عێراق راگەیاند: ئەو کێشەیە بەهۆى ئەوەیە؛ بانکى ناوەندى نەیتوانیوە پارەی پێویست بۆ وەزارەتى دارایی فیدراڵ تەرخان بکات بۆ خەرجکردنى مووچەى مانگى ئادار. عێراق، مانگانە پێویستى بە 7.5 تریلیۆن دینارە بۆ مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى بە هەرێمى کوردستانیشەوە، کە پشکى لە مووچە مانگانە دەگاتە نزیکەى یەک تریلیۆن دینار. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازار تەواو کرا. کەمێک لەمەوبەر سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچە کە بڕەکەی ( ٩٥٤،٨٨٠،٤٦٧،٧٧٩ ) نۆ سەدو پەنجاو چوار ملیار و هەشت سەدو هەشتا ملیۆن و چوار سەدو شەست و حەوت هەزارو حەوت سەدو حەفتاو نۆ دینارە وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە تەواو کراو بڕیارە سبەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
بەهۆی بۆردومانەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەڕاست و باشووری غەزە، 23 هاووڵاتی دیکەی فەڵەستینی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. لە بۆردومانەکانیدا ئیسرائیل ئەو ماڵ و کەمپانەی کردووەتە ئامانج کە ئاوارەکانی تێدان، لە خان یونس لە باشووری کەرتەکە دوو فەڵەستینی کوژران کە یەکێکیان منداڵە، ژمارەیەکی دیکەش لە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە ناوچەی قیزان نەجار برینداربوون. لە ناوچەی حەمەد لە باکووری خان یونس، لە ئەنجامی بۆردومانێک بۆ سەر کەمپێکی ئاوارەکان، سێ فەڵەستینی دیکە کوژران کە لەنێویاندا منداڵێک هەیە، لە بۆردومانێکیی دیکەدا بۆ سەر چوارگۆشەی نیشتەجێبوون لە کەمپی بریج لە ناوەڕاستی غەزە، پێنج فەڵەستینی کوژران و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش برینداربوون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە 18ـی ئەم مانگەوە کە دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر غەزە کردووەتەوە تائیستا زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلیان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن حەماسەوە بەکارهێنراون.
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتنى دادبینى تایبەت بە سکاڵایەک دەکات کە لە دژى یەکێک لە مەرجەکانى فرەژنى لە هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە. دانیشتنەکەى دادگەى فیدراڵى، ئەمڕۆ (سێشەممە، 25ـی ئادارى 2025) دەکرێت، کە دادبینى سکاڵاکە دەبێت. سکاڵاکە لەلایەن هاونیشتمانیێکى هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە، تێیدا وەک "زەرەرمەندێک لە هەموارى یاساى بارى کەسى"، داواى کردووە بڕگەیەکى ئەو هەموارە هەڵبووەشێتەوە، کە رەزامەندیی هاوژینی یەکەمە لە بەردەم دادگە، بۆ هێنانى هاوژینی دووەم. ئاسۆ هاشم، یەکێک لە پارێزەرانى ئەو سکاڵایە دەڵێت: دادگەى باڵاى فیدراڵى یەکەم دانیشتنى دادبینى لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات و، ئەگەر هەیە دادگە دوابڕیار بدات." ئەو هەموارەى یاسای بارى کەسى لە ساڵی 2008 لە پەرلەمانى کوردستان پەسند کراوە، ئەوەش بۆ تووندکردنى مەرجەکانى فرەژنى. سکاڵاکە لە دژى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە کە هەموارەکەى کردووە، تاوەکو هەموارى ئەو بڕگەیە بە نادەستوورى بناسێنێت. شەرمین بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان، راگەیاند: وەڵامى تایبەت بەو سکاڵایەمان ئامادەکردووە و لە دانیشتنەکەدا ئامادە دەبین." پێشتر لە 11ـی شوباتى 2025، لەسەر داواى پەرلەمانى کوردستان، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق یەکەم دانیشتنى تایبەت بەو سکاڵایەى دواخست.
ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە خۆپیشاندانەکانی تورکیا لە دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ و کاندیدی چەهەپە بۆ سەرۆکایەتی تورکیا بەردەوامە، تائێستاش هەزار و 300 کەس دەستگیرکراون کە دەیان رۆژنامەنووسی تێدایە. بە گوێرەی هەواڵێکی فرانس 24، تەنها لە خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردوو ئیستەنبوڵ 43 خۆپیشاندەر دەسگیرکراون، دەیان رۆژنامەنووسیش لە ئیزمیر و ئیستەنبوڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون. ئاماژە بەوەشکراوە، سەرباری رێگرییەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا، بازنەی خۆپیشاندانەکان فراونتربووە و دەیان هەزار کەسیش لە ئیستەنبوڵ و 55 پارێزگای دیکەی تورکیا دەژی دەستگیرکردنی ئیمامئۆغلو بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەن. لە رۆژی 19 ئەم مانگە، ئیمامئۆغڵو، بەتۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر دەستبەسەرکرا، رۆژی یەکشەممەش لەدوای چوار رۆژ لەدەستبەسەرکردنی دادگا بڕیاریدا رەوانەی زیندانی بکات، وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش رایگەیاند، ئیمامئۆغڵو بەشێوەیەکی کاتیی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.
لەژێر رۆشنایی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەهەوڵەكانی ئەنقەرە دەكەن، بۆ زیاتركردنی بوونی سەربازی وڵاتەكە لە سوریا، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی ڕوبەڕووبوونەوەی توركیا لە سوریا دەكات. بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەرقاڵی گفتوگۆ و ڕاوێژی ئەمنییە، سەبارەت بەو ترسەی سەبارەت بە هەژموونی توركیا لە سوریا هەیە. بەوتەی سەرچاوەكان، پەیوەندییەكانی توركیا و سوریا سەبارەت بە ڕادەستكردنی ناوچەیەكی نزیك تەدمور لە ناوەڕاستی سوریا بە سوپای توركیا، لەبەرامبەر پشتیوانی ئابوری و سەربازی بۆ دیمەشق، هەروەها جوڵەی چاوەڕوانكراوی توركیا لە تەدمور دوودڵی گەورەی لای ئیسرائیل دروستكردووە. بەپێی هەواڵێكی پێگەی "والا" ئیدارەی نوێی سوریا هەوڵی گەڕاندنەوەی بنكەی سەربازی و توانای موشەكی و بەرگریی لە باشوری سوریا و نزیك سنورەكانی ئیسرائیل دەدات. بەپێی هەواڵێكی كەناڵی 12 ی ئیسرائیل، نەتەنیاهۆ لەڕێگەی ڕاوێژكارەكانیەوە داوا لە میدیاكانی وڵاتەكەی دەكات، جەخت لەوە بكەنەوە كە "ڕوبەڕووبوونەوەی نێوان توركیا و ئیسرائیل لە سوریا حەتمییە". ئەو كەناڵە ئیسرائیلییە ئاماژەی بە ڕاپۆرتێكی لیژنەی حكومی ئیسرائیل كردووە، كە ئامۆژگاری نەتەنیاهۆ دەكات ئامادەبێت بۆ جەنگی چاوەڕوانكراو لەگەڵ توركیا، لەچوارچێوەی ترسی تەلئەبیب لە هاوپەیمانێتی ئەنقەرە و دیمەشق لەدوای ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو. ئاماژەیەك بۆ نیگەرانی ئیسرائیل لە هەوڵەكانی توركیا ئەوەیە، بەرەبەیانی ئەمرۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند دوو بنكەی سەربازییان لە ناوەڕاستی سوریا بۆردومان كردووە كە یەكێكیان دەكەوێتە نزیك تەدمور، لەكاتێكدا پێش چەند ڕۆژێك ئیسرائیل هەمان ئەو شوێنانەی بۆردومان كرد. ئەو دوو بنكەیەی سوپای ئیسرائیل بۆردومانی كردوون، هەریەك لە بنكەكانی تەیفور و تەدموری سەربازیین كە 50 كیلۆمەتر لە ناوەندی تەدموری سەر بە پارێزگای حومسەوە دوورن. هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لە هەژموونی تورکیا لە سوریا لەکاتێکدایە، ئەو وڵاتە بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ دروزەکانی سوریا ڕاگەیاندووە و ناوبەناویش لە زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی پشتیوانی بۆ کورد لە سوریا دەردەبڕێت، کە ئەمەش تورکیای نیگەران کردووە.
لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕەتی دەکاتەوە پارەی کاشیان لەبەردەست نەبێت بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ. سەرچاوەیەک لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی ئاشکرایدەکات: ئێستا زیاتر لە یەک تریلۆن دینار لە بانک ئامادەیە، هەر کاتێک نووسراوی خەرجکردنی پارەمان بەدەست بگات خەرجی دەکەین و پارە بەسەر بانکەکان دابەش دەکەین. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە هیچ مانگێک پارەی کاش لە بەغداوە بۆ مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێت کە مانگانە بڕەکەی 950 بۆ 960 تریلۆن دینارە، بەڵکو لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق خۆی دەوڵەمەندە و بەردەوام پارەیەکی زۆری لەبەردەستە. لە چەند دەزگایەکی میدیایی عێراقی و کوردی دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە بەهۆی نەبوونی پارەی کاشەوە کێشە بۆ مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بووە. دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە تێمێکیان لەگەڵ فەرمانگەی بودجە و ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە قۆناخی تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانن. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی مانگی ئادار ـەوە دڵنیایی دا کە "لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی سێ دەنێردێت و راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، پێش جەژن هەموو فەرمانبەران مووچە وەردەگرن." 12ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا. بەمشێوەیە لەم مانگەدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوو مووچە وەردەگرن.
سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیارە لەو زیانانەی بەر موڵکی دەوڵەت و ئەندامانی پۆلیس کەوتووە، لەسەر ئەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی گوتی: ئۆپۆزسیۆن دەست لە هاندانی خەڵک هەڵگرێت، ئەوەی بۆی دەمێنێتەوە تەنها شەرمەزارییە. هەروەها دەشڵێت: خۆنیشاندانەکانی دژی لەکارلادانی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ گۆڕاوە بۆ توندوتیژی، زیان بەر موڵکی دەوڵەت و پۆلیس کەوتووە، ئۆپۆزسیۆن لەسەر ئەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەردۆغان گوتی: کارە لە پێشینەکانمان پاراستنی ئابووری تورکیایە و ڕێگە نادەین زیان بەر ئەو کەرتە بکەوێت، گوتیشی: نمایشەکانی ئۆپۆزسیۆن و خۆ نیشاندانەکانیان کۆتایی دێت، شەرمەزار دەبن لەوەی شەڕیان بۆ تورکیا هێنا. دوێنێ خۆپیشاندانەكانی توركیا چووە قۆناغێكی دیكەوە، پاش ئەوەی دادگا بڕیاریدا بە فەرمی تا كۆتایی هاتنی دادگایكردنەكەی ئەكرەم ئیمامئۆغلو دەستگیربكات، لەكاتێكدا لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە دەستگیركرابوو. ڕۆژی (19ـی ئاداری 2025)، لەسەر دوو دۆسیەی جیاواز و بە تۆمەتی ڕەخساندنی هەلی كار لە دامەزراوەكانی شارەوانی بۆ ئەندامانی پەكەكە و ئەنجامدانی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن، ئەكرەم ئیمامئۆعڵو كە دوو خولە لەسەریەك بە سەرۆكی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ هەڵدەبژێردرێت دەستگیر كرا. دەستگیركردنی ناوبراو لە كاتێكدایە ماوەیەكە ناوی ناوبراو پەسەند كراوە وەك كاندیدی كاندیدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەركۆماری توركیا ئەمڕۆیش لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی جەهەپە توانی نزیكەی 15 هەزار دەنگ بە دەست بهێنێت.
بڕیارە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەى تورکیا سەردانی واشنتۆن بکات، تەوەرەى سەرەکى گفتوگۆکانیشى بابەتى غەززە و سوریا و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانى ئەمریکا و تورکیا دەبێت. ئاژانسهكانى ههوالأى توركیا بڵاویانكردهوه بڕیارە ڕۆژی سێشەممە هاکان فیدان وەزیری دەرەوە بە سەردانێکی فەرمی دوو ڕۆژە بچێتە واشنتۆن و تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و هەروەها دوایین پێشهاتەکانی سوریا و غەززە دەکات، ئەمەش یەکەم سەردانی دوو قۆڵییە لە سەردەمی ئیدارەی نوێی ئەمریکا. فیدان لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی مارکۆ ڕوبیۆ و بەرپرسانی دیکە کۆدەبێتەوە و پلانی هەنگاوە ستراتیژییەکان دادەنێت کە دەتوانرێت لە تورکیا-ئەمریکادا بنرێت. پەیوەندییەکان و هەروەها سەردانەکانی داهاتوو لەسەر ئاستی سەرکردەکان. چاوەڕوان دەکرێت دیپلۆماتکاری باڵای تورکیا دیدگا و چاوەڕوانییەکانی تورکیە بخاتەڕوو، لەوانە هەڵگرتنی سزاکان لە سوریا و پەرەپێدانی هاریکاری نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن سەبارەت بە هاوکارییە مرۆییەکان و هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە جەنگاوییە. جگە لەوەش فیدان جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە هەماهەنگی پێویست بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەڕێوەبردنی کەمپەکان. تورکیە پێشتر ئەوەى ڕاگەیاندبوو کە دەتوانێت بەرپرسیارێتی ئاسایشی ئەو کەمپانە بگرێتە ئەستۆ، کە ئەندامانی پێشووی داعش و خێزانەکانیان تێیدا نیشتەجێن، بەڵام دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەبێت بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی خۆیان کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رێسایەکی سەبارەت بە شێوازی کارکردنی ئەو کەسانە دەرکرد کە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناسراون و بینەریان زۆرە. هەروەها باسی لەوەشکرد، دیاریکردنی رێژەی باج خستنە سەریان بە گوێرەی فۆڵۆوەرسەکانیان دەبێت بە شێوەیەک لەگەڵ ئەو یاسایانەی لەناو عێراقدا جێبەجێدەکرێت گونجاو بێت و سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنێت و دووربێت لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک کە لەگەڵ کۆمەڵگە نەگونجێت. هاوکات ئەو کەسانەی ناودارن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ئەم بڕیارە پابەندیان دەکات بەوەی نیشتیمان پارێزراو بێت لەهەر بابەتێکی نەگونجاو و پشتیوانی دەزگا ئەمنییەکان بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و هەروەها باس لەوەشکراوە کە دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە هەر وتارێک کە ئەگەرە بۆ دروستبوونی تێکدانی کۆمەڵگە. لە درێژەی یاساکاندا بڕیاردرا باج بە گوێرەی ژمارەی فۆڵۆوەرسەکان دانرێت بەم شێوەیە: ١. ساڵانە یەک ملیۆن دینار باج دەدرێت ئەگەر بێتو ژمارەی فۆڵۆوەرسەکان زیاتر لە پێنج ملیۆن بێت ٢. ساڵانە ٨٥٠ هەزار دینار باج دەدرێت ئەگەر بێتو ژمارەی فۆڵۆوەرسەکان لە نێوان ٣ بۆ ٥ ملیۆن بێت ٣. ساڵانە ٦٥٠ هەزار دینار باج دەدرێت ئەگەر بێتو ژمارەی فۆڵۆوەرسەکان لە نێوان ١ بۆ ٣ ملیۆن بێت ٤. ساڵانە ٤٥٠ هەزار دینار باج دەدرێت ئەگەر بێتو ژمارەی فۆڵۆوەرسەکان لە نێوان ٥٠٠ هەزار بۆ یەک ملیۆن بێت ٥. ساڵانە ٢٥٠ هەزار دینار باج دەدرێت ئەگەر بێتو ژمارەی فۆڵۆوەرسەکان لە نێوان ١٠٠ هەزار بۆ ٥٠٠ هەزار بێت
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما بە ئەمڕۆ و سبەینێوە نزیکەی شەش پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە. کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان بە گشتى ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت، پلەکانی گەرماش 1 بۆ 2 پلەی دیکە بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 22 پلەی سیلیزی سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی دهۆک: 19 پلەی سیلیزی کەرکوک: 23 پلەی سیلیزی زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 18 پلەی سیلیزی سۆران: 16 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 10 پلەی سیلیزی گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی سلێمانی ڕاگەیاند، بۆ ئەم مانگەش ئەو 100 هەزار دینارەی لە خانەنشینان بڕابوو بۆیان ناگەڕێتەوە، پێناچێت ئەمساڵیش 100 هەزاری دەرماڵەی خانەنشینان بگەڕێتەوە. ئەو سەرچاوەیەی خانەنشینی سلێمانی ئەوەش دەڵێت، ئەو خانەنشینانەی مووچەکانیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە مووچەی مانگی سێ بە لێبڕینی 100 هەزار دینارەکە وەردەگرن. گوتیشی، ئەو 100 هەزار دینارەی پێشتر بەشێک لە خانەنشینان بۆیان خرابووە سەر مووچەکانیان، دەرماڵەی بژێوی بوو، خەرجکردنی هەموو دەرماڵەیەک لە عێراق دەبێت محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی بدات و خەرجکردنی دەرماڵەکانی ساڵی 2025 لە سەرەتای ساڵەوە بڕیاریان لێدراوە، هەرچەندە داواکراوە ئەم 100 هەزارە بگەڕێتەوە، بەڵام پێناچێت ئەمساڵ بگەڕێتەوە. لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ، 100 هەزاری دەرماڵەی بژێوی خانەنشینان بڕدراوە. لەلایەکى دیکەوە، بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت، ئەوانەی خانەنشینبوون مووچەی مانگەکانی یەک و دوویان وەرنەگرتووە و زۆرینەیان مانگی سێش مووچە وەرناگرن. بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵانی 1962، 1963 و 1964 خانەنشین بوون. سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان، زۆرینەی ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، مووچەی مانگی ئاداریش وەرناگرن". ئەم ساڵ بەهۆی یاسای خانەنشینینیی عێراقەوە، زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون. سادق شێخ عوسمان گوتی: "دوو مانگی رابردوو کەمترین خانەنشین مامەڵەیان تەواو کراوە بۆ ئەوەی لە مانگی سێدا مووچەیان بۆ ببەسترێت؛ هۆکاری وەرنەگرتنی مووچەش هەر ئەوەیە". بە گوتەی سادق شێخ عوسمان، لە زیاتر لە 10 هەزار خانەنشین لە پارێزگای سلێمانی، کەمتر لە 200 کەسیان مامەڵەی خانەنشینییان تەواوکراوە و بۆ مانگی سێ مووچە وەردەگرن. سادق شێخ عوسمان گوتی: "بەڕێوەبردنی مامەڵەی خانەنشینان خاو بەڕێوەدەچێت، سەرەتا بڕیارێک درا کە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی پارێزگاکان خۆیان مامەڵەکان بکەن، دواتر کاری پێنەکرا، ئێستا دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی پارێزگاکان هەموویان مامەڵەکان ببنەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە هەولێر بۆ تەواوکردنی کارەکان، ئەوەش رێوشوێن و کاتی زیاتری پێویستە".
لە هەولێر و سلێمانییەوە رێژەى گەشتکردن بۆ تورکیا کەمیکردووە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ خۆپشاندانەکانی تورکیا کە لە دژى دەستگیرکردنى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کە ماوەى چوار رۆژە بەردەوامن و بوونەتە هۆى دابەزینى بەهاى لیرە. عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بەراورد بە ساڵانی رابردوو گەشتیارانی پشووەکانی جەژن بۆ وڵاتی تورکیا کەمیانکردووە و رێژەکە بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە. ئەو وتیشى، "ئەو دۆخێکی ناسەقامگیر لە تورکیا هەیە و دابەزینى بەهاى لیرەی تورکی کاریگەریی لەسەر گەشتیاریی هەیە، چونکە تاوەکو پارەی هەر وڵاتێک زیاتر لە بەهاکەی بێتە خوار نرخەکان بەرزدەبنەوە و گرانی زیاتر دەبێت، ئەمەش لە لایەکی دیکەوە خواست لەسەر گەشتکردن کەمدەکاتەوە". عەتا ئەنوەر، هۆکارێکى دیکەى کەمبوونەوەى گەشتیارانى بۆ گرانى نرخی ڤیزای تورکیا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق گەڕاندەوە، کە لەنێوان 140 بۆ 180 دۆلاردایە، لە کاتێکدا تورکیا ئاسانکاریی زیاتری بۆ خەڵکی وڵاتانی دیکە کردووە و نرخەکانی کەمکردووەتەوە". هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەى رێژەى گەشتیاران، نرخی تکتەکانی گەشتیاریش بۆ تورکیا کەمیکردووە، بەجۆرێک نرخی تکتەکان لە بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە 320 دۆلارەوە بۆ 220 بۆ 250 دۆلار دابەزیوە. شێرزاد زراری، بەرپرسی گەشتوگوزار لە کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەولێر دەڵێت: لاى ئەوان رێژەی گەشتیاران 60% کەمیکردووە و بەشێک لە گەشتیارانیش، کە پلانی گەشتیان هەبووە بۆ مانگی رەمەزان و پشووەکانی جەژن پلانی گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە". ئەوەشى بۆ دۆخى چەند رۆژى رابردووى تورکیا گەڕاندەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ساڵانی رابردوو لە پشووەکانی بەهار و جەژنی رەمەزاندا نرخی تکتەکانى تورکیا روویان لە بەرزبوونەوە دەکرد و گەشتیارێکی زۆر روویان لەو وڵاتە دەکرد. بەگوێرەی ئاماری گەشتیاریی تورکیا، ساڵی رابردوو تەنیا لە مانگی رەمەزاندا زیاتر لە 20 ملیۆن کەس گەشتیان بۆ وڵاتەکە کردووە، یان لەوێوە گەشتیانکردووە. بەهۆی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ لە 19ی ئەم مانگە، شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان زۆربەی شارەکانی تورکیای گرتووەتەوە و ئەمڕۆ دادوەرى دادگاى ئیستانبوڵ بە تۆمەتى گەندەڵى بڕیارى بەندکردنى بۆ دەرکرد.
لەژێر چاودێرى ئەمریکا و فەرەنسا و بە هەماهەنگى مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی هەسەدەو مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان، لایەنە کوردییەکانى رۆژاڤا (پارتى یەکێتى دیموکراتیی "پەیەدە" و ئەنجومەنى نیشتانى کوردى سوریا "ئەنەکەسە") رێککەوتن، ئەمەش ڕێککەوتنێکی مێژووییە کە دیدگایەکی یەکگرتوویان بۆ داهاتوویان خستەڕوو. ئەمڕۆ دووشەممە، کەناڵى ئەلعەرەبییە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: پەیەدە و ئەنەکەسە داڕشتنی ئەم ڕێککەوتنەیان تەواو کردووە. کەناڵی ئەلعەرەبییە بڵاوی کردەوە؛ بەسەرپەرشتی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە نێوەندگیریی ئەمەریکا و فەرەنسا، ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا و پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی گەیشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی و دوا داڕشتنەوەی رێککەوتنەکە ئامادەیە. لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان، رێککەوتنە هەشت خاڵییەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەریان وەک بنەمایەکی سەرەکیی بۆ دیدی هاوبەشی هەردوولا بۆ ئایندەی سوریا دیاریکردوە. بەشێکی دیکەی رێککەوتنی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان، دانپێدانانی مافی گەلی کوردە لە سوریا نوێ و بونی نوێنەرایەتی سیاسیان و لە دەستوریشدا پێویستە دان بە مافی کورددا بنرێت و سوریا دەوڵەتێکی دیموکراتی فرەیی و لامەرکەزی بێت. بڕیارە ئەو رێککەوتنە بکرێتە بنەما بۆ مامەڵەی داهاتوو لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و دانوستانەکان سەبارەت بە پرسی کورد و رۆژئاوای کوردستان لە ئایندەی سوریا. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی نزیکى داهاتوودا لایەنەکانى رۆژئاواى کوردستان "رێککەوتنى کۆتایی" لەسەر یەکڕیزیی و پێکهێنانى شاندێکى یەکگرتوو رابگەیەنن، بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی سوریا، ئەوەش دواى کۆبوونەوەى ئەرێنى نێوانیان کە تێیدا جەختیان لە یەکخستنى هەڵوێستەکانیان کردەوە. رۆژی سێشەممەی رابردوو (18ـی ئاداری 2025) لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، بە سەرپەرشتی و چاودێریی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئامادەبوونی نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کۆبونەوەی هاوبەشی پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) بەڕێوەچوو بە ئامانجی یەکخستنی گوتاری کورد لە سوریا. محەمەد ئیسماعیل سەرۆکى ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا رایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان ئەرێنى بووە و بەم نزیکانە رێککەوتنى کۆتایی لەنێوان لایەنە کوردییەکان رادەگەیەنرێت. گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانى شاندێکى یەکگرتوو بەمەبەستى رەوانەکردنى بۆ دیمەشق تەوەرێکى گفتوگۆکانى کۆبوونەوەى حەسەکە بووە، محەمەد ئیسماعیل دەڵێت، شاندەکانی هەردوولا گەشبینن بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر خاڵە هاوبەشەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ پێکهێنانى شاندێکی هاوبەش بۆ ئەوەی بچنە دیمەشق و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد بکەن. چاوەڕواندەکرێت شاندەکە لەدواى نەورۆز پێکبهێنرێت، ئەوەش بەوتەى فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا کە پێیوایە کۆبوونەوەکە هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی شاندەکە. مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە دواى کۆبوونەوەکە لە تۆڕى ئێکس ئاماژەى بەوەکرد، کۆبوونەوەکە ئەرێنى بووە بە ئاڕاستەى هەنگاونان بۆ یەکڕیزى کورد لە رۆژئاواى کوردستان لەپێناو بنیتنانى وڵاتێکى فرەیی و دیموکراسی کە مافى سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا پارێزراو بێت. کۆتایی ساڵی 2019 و دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش لە رۆژئاوای کوردستان، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێشخەرییەکی کرد بەناوی گفتوگۆی کوردی- کوردی، بە چاودێریی ئەمەریکا چەندین کۆبونەوە لەنێوان پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا، بەڵام کۆبونەوەکان ئەنجامێکی ئەوەتۆیان نەبوو. لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە هەشتی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، وەفدی هاوبەشی فەرەنسا و ئەمەریکا چەندجارێک لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد کۆبونەوە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی- کوردی کە ماوەی چوار ساڵ لەمەوبەر دەستپێشخەریی بۆ کرا و دواتر کارەکانی راگیرا، ئامانجیش هەڵوێستی یەکگرتوو و یەکخستنی داواکارییەکانی کورد بوو بۆ قۆناغی داهاتووی سوریا. لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە 35 حزب و لایەنى سیاسی هەیە، زۆرینەیان بەشێکن لە پارتەکانی یەکێتی نیشتمانی کورد (پەیەنەکە) کە بە نزیکی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێن. لایەنەکانی دیکەش بەشێکن ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) کە بە نزیکی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا دادەنرێن.