هاوڵاتى وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران ڕایگه‌یاند له 24 سه‌عاتی ڕابردوو 2180 كه‌س له ئێران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون. كیانووش جیهانپوور وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران ڕایگه‌یاند له 24 سه‌عاتی ڕابردوو 2180 كه‌س له ئێران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و 58 كه‌سیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیان له ده‌ستداوه. ڕاشیگه‌یاند تا ئێستا 135 هه‌زار و 700 كه‌س له ئێران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و 7417 كه‌سیش به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه مردوون.
هاوڵاتى عەبدوڵای كوێخا موبارەك، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان رایگەیاند بە ئومێدی ئەوەی ئیتر خەڵكی كوردستان تێگەیشتبێت و بەبێ جیاوازی بیروباوەڕی سیاسی یەكبگرن بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم دوو كۆمپانیا و دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەی كە كوردستان و خەڵكیان بەم دەرد و شكستی ئیداری و داراییە برد. عەبدوڵای كوێخا موبارەك، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە رایگەیاندووە، بە ئومێدی ئەوەی ئیتر خەڵكی كوردستان تێگەیشتبێت و بەبێ جیاوازی بیروباوەڕی سیاسی یەكبگرن بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم دوو كۆمپانیا و دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەی كە كوردستان و خەڵكیان بەم دەرد و شكستی ئیداری و داراییە برد. ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئیتر بەسە ئومێد ھەڵچنین و گوێگرتن لە پەیام و قسەی سواوی دەسەڵاتداران لە بۆنە ئاینی و نیشتیمانیەكاندا، وەك ئاشتەوایی و تەبایی و پێكەوەیی و چاكسازی، ئیتر بەسە بێدەنگی لە برسیكردنی خۆت و قەرزار كردنی نەوەكانت". عەبدوڵای كوێخا موبارەك وەك (تێبینی) وتویەتی "لە سەركردایەتی پارتی و یەكێتی، لە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، لە پینەچییەكانی گۆڕان و لایەنەكانی تر، ئەوەی یەك ڕۆژ لە دەسەڵاتدا بووبێت بێ گوناح نیە و ھەمویان وەكو یەك بەرپرسیارن لەم دۆخە".
هاوڵاتى ئەمڕۆ لە گەڕەكی عەسكەری شاری كەركووك تەرمی پۆلیسێك بە سەربڕاوی دۆزرایەوە و لە دوێنێوە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و مۆبایلەكەی داخراوە. ئەو پۆلیسە ناوی بەھجەت محەمەد-ە و كوردە، تەرمەكەی لەناو ئۆتۆمبێلەكەی دۆزرایەوە. لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەستیپێكردووە، بەڵام روداوەكە سەرەتایە و تائێستا پۆلیس ھیچ زانیارییەكی لەسەر ئەو رووداوە نەخستووەتەڕوو.
هاوڵاتى بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین رایگەیاند تووشبوویەكی سنوورەكەیان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەئێرانەوە گەڕاوەتەوە و ڕاستەوخۆ كەرەنتینە كراوە و تێكەڵی هاوڵاتیانی سنورەكە نەبووە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، ئەو هاوڵاتیەی كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ڕاگەیاندرا، دوای ئەوەی لەوڵاتی ئێران لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە گەراوەتەوە هەرێمی كوردستان لەشاری سلێمانی كەرەنتین كراوەو دوای ئەنجامدانی پشكنین دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە، بەڵام ئەو هاوڵاتیە بەهیچ شێوەیەك نەگەڕاوەتەوە سنوری ڕاپەڕین و تێكەڵی هاوڵاتیانی سنورەكە نەبووە. بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی كوردستان 475 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش 403 كەسیان چاكبوونەتەوە و 54 نەخۆشیش لە نەخۆشخانە ماون.
هاوڵاتى به‌بریارى داواکاری گشتی ئامەد 18 سیاسه‌تمه‌دار و پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە و دەبەپە بە تۆمەتی تیرۆر و جوداخوازی دەستگیرکران. دەستگیرکردنی ئەو 18 کەسە لەسەر بڕیاری داواکاری گشتی ئامەد و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێک بووە لە شارەکانی ئامەد، وان، روحا و ئەدەنە. میدحه‌ت سانجار، هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په رایگه‌یاند ئه‌وانه‌ی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته و سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی كۆماریان جێگیركردووه، رێگه‌ناده‌ن كێشه‌ی كورد باس بكرێت. هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په باس لەوەش دەکات "ده‌سه‌ڵات له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی توركیا سیاسه‌تی شه‌ڕانگێزی و ده‌مكوتكردن و داپڵۆسین به‌كارده‌هێنێت. بوار به گفتوگۆ و دیالۆگ نادات".
هاوڵاتى ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر و چالاكی مەدەنی لەقەزای رانیە، دژی خراپی دۆخی ژیان و فەوتانی مووچە، گردبوونەوەیەكیان سازكرد. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەشێك لەمامۆستایان و فەرمانبەران و چالاكوانانی مەدەنی لەناو بازاڕی قەزای ڕانیە لەبەرامبەر خراپی دۆخی ژیان و فەوتانی مووچە و بێباكی حكومەت و دەسەڵاتی سیاسی گردبوونەوەیەكی مەدەنی و هێمنانەیان ئەنجامدا. ئەو چالاكییەیان بەرەنگاربوونەوەی تەحەددای حكومەت بووە كە لەماوەی رۆژانی جەژن قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاندبوو بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە. ئەمڕۆ لە عێراق و كوردستان و زۆربەی وڵاتانی موسڵمان یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ دراوە.
هاوڵاتى سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا له ئۆتاوای پایته‌خت رایگه‌یاند جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان گرنگترین كه‌رنه‌ڤاڵی ئیسلامه. جه‌ستن ترودۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا په‌یامێكی پیرۆزبایی به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م موسڵمانان كرد و رایگه‌یاند "ئه‌م ئێواره‌یه دوای خۆرئاوا بوون ته‌واوی موسڵمانی كه‌نه‌دا و جیهان ئاهه‌نگی كۆتایی مانگی ڕه‌مه‌زان مانگی ڕۆژو و نوێژكردن ده‌گێڕن". راشیگه‌یاند جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان گرنگترین كه‌رنه‌ڤاڵی ئیسلامه ، له‌م كاته‌دا موسڵمانان ستایش و هاوسۆزی خۆیان بۆ كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی ده‌رده‌بڕن. موسڵمانان سه‌رله‌به‌یانی رۆژی جه‌ژن نوێژی تایبه‌تی جه‌ژن ئه‌نجام ده‌ده‌ن و خۆشه‌ویستی و لێبورده‌یی خۆیان بۆ یه‌كتر نیشان ده‌ده‌ن" . ترودۆ له‌به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند: ئه‌مساڵ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كورۆنا و پابه‌ندبوون به ڕێنمایی خۆپارێزی ته‌ندرووستی ، جه‌ژن و ئاهه‌نگێڕانی ئه‌م ساڵی موسڵمانان جیاواز ده‌بێت، موسڵمانانی كه‌نه‌دا به درێژایی مانگی ڕه‌مه‌زان له ماڵه‌كانی خۆیان مانه‌وه و نوێژ و تاعه‌تی خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌برد. له مانگی ڕه‌مه‌زاندا وێڕای پابه‌ندبوونیان به ڕێنماییه‌كانی خۆپارێزی په‌تای كورۆنا، به‌رده‌وام كۆمه‌ك و هاوكاریان گه‌یانده خه‌لكانیك كه پێویستییان به كۆمه‌ك ویارمه‌تی بووه. بۆیه به هاوكاری هه‌مووان ئه‌م رۆژگاره ناخۆشه‌ش له‌وڵاته‌كه‌مان تێده‌په‌ڕێنین . كه‌واته جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان بۆ هاوڵاتیان به‌گشتی هه‌لێكه بۆ ئاشنابوون كه موسڵمانانی كه‌نه‌دا له دوو بواری ته‌ندرووستی و ئاینیی كاری جوان پێشكه‌ش وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن ، به‌جۆرێك جه‌ژنی پێكه‌وه‌ژیانی هه‌مه‌ڕه‌نگ جوانتر ده‌كات . به‌ناوی خۆم و سۆفیای هاوسه‌رم هاوبه‌شی ئاهه‌نگ گێڕانی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز ده‌بین.
هاوڵاتى له په‌رله‌مانى چین بە زۆرینەی دەنگ، پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە هەرێمی هۆنگ کۆنگیان پەسندکرد. یاسای ئاسایشی نیشتمانیی چینە، کە گوایە بۆ رێکخستن و جێبەجێکردنی یاساکانە لە هەرێمی هۆنگ کۆنگ کە پەکین بە بەشێکی دانەبڕاوی وڵاتەکەی دایدەنێت. یاساکە، چوار کاری سەرەکی لە هەرێمی هۆنگ کۆنگ قەدەغه‌دەکات و بەڵێنی سزادانی سەرپێچیکارانی دەدات، کە ئەوانیش خیانەتکردن لە وڵات، هەوڵدان بۆ جیابوونەوە، ئاژاوە نانەوە و تێکدانن. ئەوانەی کە دژە چینییەکانن و بە لایەنگرانی دیموکراسی ناویان دەبەن، یاساکە بە دڕندەترین هێرشی پەکین بۆسەر هەرێمە نیمچە سەربەخۆکەیان دادەنێن. وچی وای، سەرۆکی پارتی دیموکراسی هۆنگ کۆنگ دەڵێ "سەروەریی یاسا لە هۆنگ کۆنگ کۆتاییهات، چونکە یاسای ئاسایشی نیشتمانیی چین جێبەجێکرا". بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، گردبوونەوەی زیاتر لە هەشت کەس تاوانە و سزای زیندانیکردنی لەسەرە. سەرۆکی پارتی دیموکراسی هۆنگ کۆنگ دەڵێ "یاسای قەدەخەکردنی گردبوونەوەی خەڵک لەلایەن پۆلیسەوە لەوانەیە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێی بکەن، بەڵام لەڕاستیدا ئەو یاسایە بۆ سەرکوتکردن و کۆتاییهێنان بە ئازادیی رادەربڕینە". دەرکردنی یاسای ئاسایشی نیشتمانیی چین، لەدوای شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی هۆنگ کۆنگییەکان دێت کە لە 15ی ئاداری ساڵی 2019وە دژ بە دەسەڵات و هەژموونی چینییەکان لە هەرێمەکە بەرپابووە.
هاوڵاتى رێبوار که‌ریم وه‌لى، رۆژنامه‌نوسى نزیک له نێچیرڤان بارزانى له وتارێکدا به ناونیشانى"ئه‌وه‌ى به که‌وچک کۆکرابۆوه!" به ته‌نزه‌وه باسى وتاره‌که‌ى مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆکى حکومه‌ت ده‌کات. رێبوار که‌ریم وه‌لى، رۆژنامه‌نوسى نزیک له نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ره‌خنه له‌وتاره‌که‌ى مه‌سرور بارزانى ده‌گرێت و ده‌نوسێت:"ئه‌گه‌رچى شتێکى تازه‌ى تێدا نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌ویش 27 ملیار دۆلارى وه‌ک قه‌رز ھه‌م له‌سه‌ر حکومه‌تى ھه‌رێم و ھه‌م له‌سه‌ر پارتى کرده ماڵ؛ ده‌رھاوێشته‌ی"چه‌وتییه‌کانی" کابینه‌کانى پێشوو بووه. ده‌قى وتاره‌که‌ى رێبوار که‌ریم وه‌لى: ئه‌وه‌ى به که‌وچک کۆ کرابۆوه! رێبوار که‌ریم وه‌لی وتارى سه‌رۆکى حکومه‌تى ھه‌رێمى کوردستان کاردانه‌وه‌ى زۆرى به‌دواى خۆیدا ھێنا. ئه‌گه‌رچى شتێکى تازه‌ى تێدا نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌ویش ٢٧ ملیار دۆلارى وه‌ک قه‌رز ھه‌م له‌سه‌ر حکومه‌تى ھه‌رێم و ھه‌م له‌سه‌ر پارتى کرده ماڵ؛ ده‌رھاوێشته‌ی"چه‌وتییه‌کانی" کابینه‌کانى پێشوو بووه. جارێ ئه‌و ٢٧ ملیاره ھه‌مووى قه‌رز نییه. به‌شێکى ئیلتیزامى حکومه‌ته به‌رامبه‌ر مووچه‌خۆر، سه‌رمایه‌دار و بانکى ناوخۆیى که خۆى له نزیکه‌ى ١٥ ملیار دۆلار ده‌دات و، کابینه‌ى ٩ که به به‌ڵێنى گێڕاندنه‌وه‌ى مووچه‌ى پاشه‌که‌وتکراو ھات، ده‌یتوانى ١٢ ملیار له‌و ئیلتیزامه وه‌کو چێکى بانک بداته مووچه‌خۆر و فه‌رمانبه‌ران تا ئه‌وانیش ئه‌و پاره‌یه بۆ کاره‌با، ئاو و خه‌رجیى دیکه به‌کار بێنن. بۆ نه‌یانکرد؟ قه‌رزدارى بانکه‌کان و سه‌رمایه‌دارانن؟ له‌برى ئه‌وه زه‌وییان پێبده‌ن، له‌باج و رسومات بیانبه‌خشن. * مه‌سه‌له‌که ته‌نھا پاره و موچه نییه. کابینه‌ى ھه‌شته‌میش له‌سه‌ر لێوارى ئیفلاس بوو، خه‌ڵک له‌سه‌ر جاده بوو(نه‌ده‌گیران)، بایکۆتى خوێندنیان ده‌کرد مامۆستایان، به‌ڵام ئه‌وکات"ئومێدێک" ھه‌بوو. ئێستا نه ئه‌و ئومێده ماوه و نه‌پاره. * دواى ریفراندۆم و ١٦ ئۆکتۆبه‌ر، کوردستان که‌وته دۆخێکه‌وه که که‌س حه‌سودى پێ نه‌ده‌برد.که‌س ئاماده نه‌بوو وه‌ڵامى ته‌له‌فۆنێکیش بداته‌وه. ھه‌موو ده‌سته‌که‌وته سیاسی، دیپلۆماسى و ئابورییه‌کان له چاوترووکانێکدا بوونه بڵقى سه‌رئاو. که‌س نه‌یبیست ئه‌و ٣٣ ده‌وڵه‌ته‌ى که ئاماده بوون ده‌ستبه‌جێ دان به سه‌ربه‌خۆیى کوردستاندا بنێن، چی‌یان لێ ھات؟ سوپاى داگیرى شیعه‌ش نه‌ک بستێک، بگره نیوه‌ى کوردستانى داگیر کرد! ئه‌و رۆژه نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵه‌بانی، به‌سه‌ر وێرانه‌یه‌ک که به‌رھه‌مى سه‌رکێشییه‌کان بوو، خه‌ریکى سڕینه‌وه‌ى جێ پێى ئه‌و بلدۆزه‌ره بوون که ھه‌موو شتێکى راماڵى بوو. * جێى سه‌رسوڕمانه که سه‌رۆکى حکومه‌ت وه‌ک که‌سێک قسه ده‌کات که ھه‌ست ده‌که‌ى ئه‌و و ستافه‌که‌ى دوور و نزیک په‌یوه‌ندییان به دوو ده‌یه له حوکمڕانیى کوردستانه‌وه نه‌بووبێت! ده‌ربڕینه‌کانى ئه‌و به ئاراسته‌ى چاکسازى له به‌ڕێوه‌بردندا، دڵخۆشکه‌ر نین؛ مێتۆده‌که راست نییه. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت ھه‌رچى رووى داوه و روو ده‌دات ئۆباڵه‌که‌ى بخرێته سه‌ر ئه‌وانه‌ى رابردوو، چ پێویستى ده‌کرد سه‌رۆکى حکومه‌ت خۆى بخاته ژێر ئه‌و ھه‌موو گوشاره‌وه؟ ھا ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له رزگارکردنى پارتى بێت، که‌واتا پارتى به‌و ئیداره خراپه‌ى کابینه‌کانى پێشوو، نه‌ده‌بوایه کورسییه‌کانى زیاد بکات! له‌گه‌ڵ مه‌نتیقدا ناگونجێ حوکمڕانیى پارتى ھێنده خراپ بووبێت، به‌ڵام پارتى براوه‌ى ھه‌ڵبژاردن بووبێ! * ئه‌وه قه‌ت دیفاع کردن نییه له نێچیرڤان بارزانی، به‌ڵام ھه‌قیقه‌تێک ھه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که به ھه‌موو که‌موکوڕییه‌کانى له ئیداره‌دا، ھه‌میشه زامنى پاراستنى ئاشتیى کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى بووه. ئه‌و ئاشتییه‌ش ئێستا له‌به‌رده‌مى ئه‌وه دایه به نووکه شۆفڵێک رابماڵدرێت. * به‌ڵێنى سه‌رۆکى حکومه‌ت به‌وه‌ى که له به‌ره‌ى خه‌ڵکدا ده‌بێت، سه‌نگى مه‌حه‌که‌که‌ى ئه‌وه‌یه که خه‌ڵک له‌ژێر زه‌ڕه‌بینى ئه‌منى و حوکمى پێشوه‌خته ده‌ربێن تا بڕوایان به حکومه‌ت و سیاسه‌ته‌کانى ھه‌بێت.
هاوڵاتى جه‌وهه‌ر هه‌رکى سه‌رۆکى عه‌شیره‌تى هه‌رکى له په‌یامێکدا که به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زانه‌وه بڵاویکرده‌وه و تێیدا باسى له‌و "زوڵم و سته‌م"ه کرد که له هۆزه‌که‌یان ده‌کرێت. جه‌وهه‌ر هه‌رکى له په‌یامه‌که‌دا به عه‌شیره‌ته‌که‌ى ده‌ڵێت: "تا دڵۆپێک خوێن له له‌شم دا بێت بۆ هیچ شتێک ده‌ستبه‌ردارى داواکاریه ڕه‌واکانتان نه‌بم و کارده‌که‌م بۆ به‌ده‌ستهێنانى سه‌رجه‌م داواکارییه‌کانتان، به‌م زوانه و له‌گه‌ڵ کۆتایى هاتنى ئه‌م دۆخه و نه‌مانى کۆرۆنا، ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ى که به درێژایى چه‌ندین ساڵه له ئێمه‌ى هه‌رکى ده‌کرێت به خۆڕ‌اگرى و کارکردنتان کۆتایى پێدێت". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "هه‌موو مافه‌کانى عه‌شیره‌تى هه‌رکى له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و ناوچه‌یه پێشێلکراوه ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌و سه‌رکه‌وتن نزیکه". ده‌قى په‌یامه‌که‌ى سه‌رۆکى عه‌شیره‌تى هه‌رکى: به‌ناوى خواى گه‌وره په‌یامێک له جه‌وهه‌ر محیه‌دین هه‌رکى بۆ خه‌ڵکى عێراق و کوردستان و پیاوماقولانى عه‌شیره‌تى هه‌رکى خۆڕاگر. به‌بۆنه‌ى هاتنى جه‌ژنى ره‌مه‌زانى پیرۆز گه‌رمترین پیرۆزبایمان ئاراسته‌ى ته‌واوى ڕیش سپى و که‌سایه‌تى و گه‌نج و لاوانى عه‌شیره‌تى هه‌رکى خۆڕاگر‌و وڵاتپارێز، و هه‌موو عه‌شیره‌ته‌کانى ناوچه‌که‌و عێراق ده‌که‌م. به‌هیوام ئه‌م جه‌ژنه ببێته ده‌رفه‌تێک بۆ لێبوردن و گه‌رده‌ن ئازادى و ته‌بایى و پێکه‌وه‌ژیان و خواى گه‌وره هه‌موو مرۆڤایه‌تى له هه‌موو ده‌ردو به‌لاو نه‌خۆشیه‌ک بپارێزێت، ئه‌و ده‌رده سه‌ریانه‌ى به‌سه‌ر جیهاندا هاتوه به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا، یه‌زدانى مه‌زن به میهره‌بانى خۆى هه‌موو مرۆڤایه‌تى به‌سه‌لامه‌تى له‌م به‌ڵا گه‌وره‌یه ده‌رباز بکات و بپارێزێت، به‌تایبه‌ت گه‌لى عێراق و کوردستان. ئه‌م جه‌ژنه کۆتایى هاتنى سه‌رجه‌م ده‌رده‌سه‌رى و نه‌خۆشیه‌کان بێت و به سه‌لامه‌تى کۆرۆنا تێپه‌ڕێنین. عه‌شیره‌تى هه‌رکى خۆڕاگر... هه‌روه‌ک ئاگادارن ئه‌م دۆخه‌ى به هۆى کۆرۆناوه هاتووته پێشه‌وه‌و کاریگه‌ریه‌کى نه‌رێنى کردوته سه‌ر سه‌رجه‌م سێکته‌رو بواره‌کانى ژیان، و کاریگه‌رى له‌سه‌ر پڕۆژه‌و چالاکیه‌کانمان هه‌بووه، به‌ڵام دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه که ئێوه هه‌میشه له بیر‌و زهنى من دان و تا دڵۆپێک خوێن له له‌شم دا بێت بۆ هیچ شتێک ده‌ستبه‌ردارى داواکاریه ڕه‌واکانتان نه‌بم و کارده‌که‌م بۆ به‌ده‌ستهێنانى سه‌رجه‌م داواکارییه‌کانتان، به‌م زوانه و له‌گه‌ڵ کۆتایى هاتنى ئه‌م دۆخه و نه‌مانى کۆرۆنا، ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ى که به درێژایى چه‌ندین ساڵه له ئێمه‌ى هه‌رکى ده‌کرێت به خۆڕ‌اگرى و کارکردنتان کۆتایى پێدێت و هه‌موو مافه‌کانى عه‌شیره‌تى هه‌رکى که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و ناوچه‌یه پێشێلکراوه ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌و سه‌رکه‌وتن نزیکه. گه‌نجان و لاوانى هه‌رکی... پشو درێژى و خۆڕاگریتان به نرخترین سامانه بۆ من، هه‌بوونتان هێزبه‌خش و هانده‌رێکى به‌هێزه بۆ من که زیاتر کار بکه‌م بۆ خزمه‌تکردنتان، به هیمه‌ت و خۆڕاگریتان سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر کۆرۆنادا هاوکات ده‌بێت له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر زوڵم و سته‌مداو ده‌رگاکانى گه‌یشتن به ئامانجه‌کانمان ده‌کرێنه‌وه. هه‌موو ڕۆژێکتان هه‌ر جه‌ژن و خۆشى و سه‌رفرازى بێت جه‌وهه‌ر محیه‌دین هه‌رکی
هاوڵاتى سه‌رۆک وه‌زیرانى نوێى عێراق په‌یامێکى پیرۆزبایى به کوردى بڵاوکرده‌وه‌و ده‌ڵێت" بۆ تێپه‌ڕاندنى ئاڵنگه‌رییه‌کان پێکه‌وه کۆمه‌کى یه‌کترى ده‌که‌ین". ئه‌مشه‌و شه‌ممه 23ى ئایارى 2020مسته‌فا کازمی، سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراق له تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر له په‌یامه‌که‌یدا به زمانى کوردى ده‌ڵێت:" جوانترین پیرۆزبایى بۆ گه‌له به‌ڕێزه‌که‌مان به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زانى پیرۆزه‌وه". هه‌روه‌ها، جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه"ئێمه پێکه‌وه کۆمه‌کى یه‌کترى ده‌که‌ین بۆ تێپه‌ڕاندنى ئاڵنگه‌رییه‌کان به‌ره‌و داهاتوویه‌کى گه‌شاوه و هه‌ر به سه‌ربه‌زرى بمێننه‌وه" کازمى ئه‌وه‌شى نوسیووه" چاوى منداڵه‌کان ماچ ده‌که‌ین، داواکارین له‌خوداى گه‌وره ڕێگاى ئاینده‌یان بۆ ڕۆشنکه‌ینه‌وه".
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده رایگه‌یاند خوێندنى ئه‌مساڵ کۆتایى پێده‌هێنرێت و خوێندکاران له پۆلى یه‌ک تا سێى به ده‌رچوو هه‌ژمار ده‌کرێن. وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده ئه‌مرۆ شه‌ممه، 23ئایارى 2020 له راگه‌یاندراوێکدا رایگه‌یاند" دوای خستنه‌ڕووی چوار بژارده بۆ حكومه‌ت و به ره‌چاوكردنی دواین راپۆرتی پزیشكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد". بڕیاردرا 1- قوتابیانی قۆناغی یه‌ك تا 3 به ده‌رچوو هه‌ژمار ده‌كرێن. 2- پۆله‌كانی چواری بنه‌ڕه‌تی تا 11ی بنه‌ڕه‌تی، ئه‌نجامی وه‌رزی یه‌كه‌میان بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت. 3- له 1ی حوزه‌یران ته‌نیا قۆناغی 12ی ئاماده‌یی و پێنجه‌می په‌یمانگه‌كان تاقیكردنه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن. 4- قوتابخانه نێوده‌وڵه‌تییه ناحكومییه‌كان ده‌بێت ته‌نیا ئه‌و تاقیكردنه‌وانه بكه‌ن، كه نێوده‌وڵه‌تین. 5- قوتابخانه لۆكاڵییه ناحكومییه‌كان كه سیستمی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئه‌م فه‌رمانه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. 6- قوتابخانه بیانییه ناحكومییه‌كان به گوێره‌ی سیستمی وڵاتی خۆیان تاقیكردنه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
هاوڵاتى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند" سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم وه‌ک چه‌ترێک ده‌بێت بۆ ته‌بایى و یه‌کگرتویى هه‌مو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کان و پێکهاته‌کانى کوردستان"، و ده‌شڵێت:" به ته‌بایى و کارى پێکه‌وه‌یى قه‌یرانه‌کان تێده‌په‌ڕێنین". ئه‌مشه‌و شه‌ممه 23ى ئایارى 2020 به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زانه‌وه په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌و ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه که:" ته‌نها به کارى پێکه‌وه‌یى و ته‌بایى و هاوکاریى هه‌موو لایه‌کمان، وه‌ک قه‌یرانه‌کانى پێشتر ده‌توانین ئه‌م دۆخه‌ش تێپه‌ڕێنین". ده‌قى په‌یامه‌که‌ى نێچیرڤان بارزانى: په‌یامى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان بۆ جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان له خانه‌واده و که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کان و له ته‌واوى موسڵمانان له کوردستان، عێراق و هه‌موو جیهان پیرۆز ده‌که‌م. هیوادارم هاتنه‌وه‌ى ئه‌م جه‌ژنه هانده‌رى زیاترى هه‌موومان بێت بۆ ته‌بایى، یه‌کڕیزى، لێبورده‌یى، پێکه‌وه‌ژیان و یه‌کترقبووڵکردن، له‌گه‌ڵ خۆیدا خێر و خۆشى بهێنێت و جه‌ژن و بۆنه‌کانى داهاتوومان له که‌ش و دۆخێکى باشتردا بکه‌ینه‌وه. جه‌ژن له کاتێکدا دێته‌وه که هه‌رێمى کوردستانیش وه‌ک وڵاتانى ناوچه‌که و جیهان، ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسیى بڵاوبوونه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنى زیاترى په‌تاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و لێکه‌وته هه‌مه‌لایه‌نه‌کانى بووه‌ته‌وه، بۆیه پێویسته هه‌موومان له هه‌رێمى کوردستان پێکه‌وه، یه‌کڕیز و ته‌با کار بکه‌ین و هاوکار و یارمه‌تیده‌ر بین بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه و تێپه‌ڕاندنى سه‌ختییه‌کان. ته‌نها به کارى پێکه‌وه‌یى و ته‌بایى و هاوکاریى هه‌موو لایه‌کمان، وه‌ک قه‌یرانه‌کانى پێشتر ده‌توانین ئه‌م دۆخه‌ش تێپه‌ڕێنین و پێکه‌وه به‌سه‌ریاندا سه‌رکه‌وین. له‌م بۆنه‌یه‌دا دووپاتى ده‌که‌ینه‌وه که سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان وه‌ک چه‌ترێک ده‌بێت بۆ ته‌بایى و یه‌کگرتووییى هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کان و پێکهاته‌کانى کوردستان و نوێنه‌رایه‌تیکردنى هاووڵاتیان به ته‌واوى جیاوازیى ئینتیماى حزبى و سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و کولتوورییه‌وه، له‌م پێناوه‌شدا و بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و باشترکردنى ژیان و گوزه‌رانى هاووڵاتیان، له کار و هه‌وڵه‌کانى به‌رده‌وام ده‌بێت. جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان له هه‌مووان پیرۆز بێت، هیواى سه‌لامه‌تى و ته‌ندروستییه‌کى باش بۆ هه‌مووان ده‌خوازم و داوا له هاووڵاتیانى خۆشه‌ویست ده‌که‌م ڕێنمایییه‌کانى خۆپارێزى ڕه‌چاو بکه‌ن. خواى مه‌زن کوردستان و هه‌موو لایه‌ک بپارێزێت. نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان 23/5/2020
هاوڵاتى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندى یه‌کێتى رایگه‌یاند" پێویسته حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رپرسانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌که بکات مووچه له‌کاتى خۆى دابه‌ش بکات". کسۆره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندى یه‌کێتى ئه‌مشه‌و شه‌ممه 23ى ئایارى 2020 به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زانه‌وه په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌و ده‌ڵێت:" ئه‌م دۆخه‌ى ئه‌مڕۆ له‌کوردستان هه‌یه‌و کوردستانیانى گیرۆده کردووه پێویستى به بڕیارى بوێرانه‌و حه‌کیمانه هه‌یه بۆ بنبڕکردنی، له سه‌رووى هه‌موویانه‌وه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و په‌ره‌پێدانى شه‌فافیه‌ت و چاکسازى له سێکته‌ره جیاوازه‌کانى حوکمڕانی ده‌قى په‌یامه‌که‌ى کۆسره‌ت ره‌سوڵ: به‌بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زانى پیرۆز، به‌ناوى خۆم و هه‌ڤاڵانم له یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان پیرۆزباییه‌کى گه‌رمتان ئاراسته ده‌که‌م، هیوادارم خواى گه‌وره ڕۆژوو تاعه‌ت و عیباده‌تى هه‌موو لایه‌کمانى قبوڵ کردبێ و ئه‌م جه‌ژنه ببێته مایه‌ى خێر‌و خۆشى بۆ گه‌له‌که‌مان و زاڵبین به‌سه‌ر قه‌یرانه‌کان. ئه‌مساڵ جه‌ژنى ڕه‌مه‌زانى پیرۆز هاوکاتى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆڕۆناو قه‌یرانى دارایى و وه‌ستانى جموجۆڵى بازرگانى و داراییه له جیهان و ناوچه‌که به‌شێوه‌یه‌کى گشتی، که بێگومان ئه‌مه‌ش کاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان و عێراق دروستکردووه‌و هاووڵاتیانى ڕووبه‌ڕووى ژیانێکى قوڕس کردۆته‌وه و کار‌و کاسبى وه‌ستاوه‌و ژیان شێوازێکى جیاوازتر له‌جارانى وه‌رگرتووه، ئه‌رکه له‌سه‌ر هه‌موومان له‌هێزو لایه‌نه سیاسییه‌کان هاوکارو پشتیوان بین بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌و پێویستیشه حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رپرسانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌که بکاو له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه به‌ده‌م داواکارى هاووڵاتیانه‌وه بێ و خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌کان دابین بکاو مووچه له‌کاتى خۆى دابه‌ش بکات. هاونیشتمانیانى خۆشه‌ویست.... ئه‌م دۆخه‌ى ئه‌مڕۆ له‌کوردستان هه‌یه‌و کوردستانیانى گیرۆده کردووه پێویستى به بڕیارى بوێرانه‌و حه‌کیمانه هه‌یه بۆ بنبڕکردنی، له سه‌رووى هه‌موویانه‌وه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و په‌ره‌پێدانى شه‌فافیه‌ت و چاکسازى له سێکته‌ره جیاوازه‌کانى حوکمڕانی، به جۆرێک سه‌رجه‌م داهات و سامانه‌کانى هه‌رێمه‌که‌مان له خزمه‌تى گه‌له‌که‌مان و بۆ خۆشگوزه‌رانى هه‌رێمه‌که‌مان به‌کاربێت، ئه‌رکێکى ئه‌خلاقى و نیشتمانیشه که لایه‌نه سیاسییه‌کان له‌برى ململانێ و شه‌ڕکردن له‌سه‌ر ده‌ستکه‌وته حزبییه‌کان، دانیشن و به‌یه‌که‌وه کێشه‌کانى نێوانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن و ئه‌م دۆخه تێپه‌ڕێنین و چیتر له که‌ناڵه‌کانى ڕاگه‌یاندنه‌وه هێرش نه‌که‌نه سه‌ر یه‌کترو ده‌روونى هاووڵاتیان له‌وه زیاتر ماندوو نه‌که‌ن و له‌برى چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى کێشه‌کان خه‌ڵک به پرس و کێشه‌ى لابه‌لا سه‌رقاڵ نه‌که‌ن و قه‌یرانى ده‌ستکرد دروست نه‌که‌ن. دووباره پیرۆزبایى خۆم ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م موسڵمانانى جیهان به‌گشتى و کوردستان به‌تایبه‌تى ده‌که‌م و ئه‌م جه‌ژنه پیرۆزه به ده‌رفه‌ت ده‌زانم سوپاسى تایبه‌تى پزیشکان و کارمه‌ندانى ته‌ندروستى و هێزه‌کانى ئاسایش و ناوخۆ‌و پێشمه‌رگه بکه‌م، که له‌کاتى قه‌یرانى کۆڕۆنادا ماندوونه‌ناسانه کاریان کرد بۆ ڕێگرتن له‌زیاتر ته‌شه‌نه‌کردنى ڤایرۆسه‌که، هه‌روه‌ها سوپاس بۆ خه‌ڵکى خۆڕ‌اگرى کوردستان که خۆڕاگرانه له‌ماڵ مانه‌وه‌و پابه‌ندى ڕێنماییه‌کان بوون. کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندى یه‌کێتی نیشتمانى کوردستان
هاوڵاتى سه‌رۆکى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ په‌یامێکى له‌سه‌ر وتاره‌که‌ى دوێنێى مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم بڵاوکرده‌وه و رایگه‌یاند که به‌پێى وتاره‌که بێت "سه‌رۆکى حکومه‌ت دانى نا به شکستى خۆى و حکومه‌ته‌کانى پێشووتر". شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆکى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ له په‌یامه‌که‌یدا ده‌ڵێت:" یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شێکن له‌و شکسته‌ى که پارتى دیموکراتى کوردستان به‌رپرسى یه‌که‌مه لێی". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:" له شه‌ش ساڵی رابردوودا حکومه‌ت بۆ هه‌موو موچه‌کان بڕى 30 ملیار دۆلار مووچه‌ی داوه، به‌ڵام جگه له‌داهاتی نه‌وت 33 ملیاری ده‌ستکه‌وتووه (له به‌غداد، هاوپه‌یمانان، داهاتى ناوخۆ)، ئه‌گه‌ر نه‌وته‌که‌ی به‌خۆڕاییش به‌خشى بێت هێشتا قه‌رزار نین و سێ ملیار دۆلارمان زیاد بوو. سه‌رۆکى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ راشیگه‌یاند که له‌دواى جه‌ژن جوڵانه‌وه‌که‌ى و هێز و که‌سایه‌تییه‌کانى دیکه، به‌نیازن خۆپیشاندانى سه‌رتاسه‌رى ساز بکه‌ن وجه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که"چیتر ئه‌م سته‌مه قبوڵ نه‌که‌ن"، داواشى له هاوڵاتیان کرد که چاویان له دواى جه‌ژن بێت و جه‌ختیکرده‌وه"بێ ده‌نگ نابین".