هاوڵاتی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکێکی قەزای کەلار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ماڵێک کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە. عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە هاوڵاتی راگەیاند "نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ لە گەڕەکی شەهیدانی قەزای کەلار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ماڵێک کراوەتە ئامانج، بەهۆی بۆردوومانەکەوە تەنها یەک کەس گیانی لەدەستداوە". وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد "هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستی پێکردووە". بەپێی ئەو زانیارییانەی هاوڵاتی لە سەرچاوەیەکی تایبەت دەستی کەوتووە، ئەو ماڵەی کراوەتە ئامانج بنکەی تەڤگەری ئازادی بووە لە قەزای کەلار.
هاوڵاتی دوێنێ فڕۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگالیان کردە ئامانج و دوو کەس برینداربوون، بەهۆی سەختی برینەکەی یەکێک لە بریندارەکان ئەمرۆ گیانی لەدەستدا. ناتق عەلو، لە راگەیاندنی پۆلیسی شنگال بە هاوڵاتی راگەیاند "دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگالی کردە ئامانج، بەو هۆیەوە دوو کەس برینداربوون، بەهۆی سەختی برینی یەکێک لە بریندارەکان ئەمرۆ گیانی لەدەستدا". ئەو کارمەندەی راگەیاندنی پۆلیسی شنگال ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی سەعدون میرزا-یە و ئەندامی یەکینەکانی بەرخودانی شنگالە". پێشتر خودێدا چوکی، بەرێوەبەری ناحیەی سنون بە هاوڵاتی وت بوو "دوای نیوەرۆی رۆژی 29ی شۆبات فرۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال کرده ئامانج".
هاوڵاتی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ٦٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و برینداربوون و لە ٨٥٪ی ئەو کەسانەی بریندار بوون یان کوژراون، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان پێکراون. بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە سنوورەکانی کوردستان چوار کۆڵبەر کوژراون و ٦٣ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون، هەروەها لانیکەم ٢ منداڵی خەڵکی شارەکانی بۆکان و دیواندەرە لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی راستەوخۆی هیزە سنوورییەکان بریندار بوون. رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٨٥٪ی ئەو کەسانەی بریندار بوون یان کوژراون، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان پێکراون، هەروەها بەراورد بە مانگی رابردوو ژمارەی کوژراو و بریندارانی کۆڵبەران لە ٣٤٪ زیادی کردووە. لە راپۆرتەکەی رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوەدراوە، نزیکەی لە ٥٤٪ی ئەو کۆڵبەرانەی بوونەتە قوربانی لە پارێزگای کرماشان بوون.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ١٢هەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران ئەنجام دەدرێت و پرۆسەکە دەستیپێکردووە. بەیانی ئەمڕۆ هەینی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ کاتژمێر ٨:٠٠ بە کاتی تاران لە ئێران پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ١٢هەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایان کە دەسەڵاتی هەڵبژاردن، چاودێری کردن و لەسەرکارلادانی رێبەری ئێرانی هەیە دەستیپێکرد. لە سەرانسەری وڵاتەکە و لە رێگەی ٥٠ هەزار ناوەندی دەنگدانەوە سندوقەکانی هەڵبژاردن بە رووی دەنگدەراندا کرانەتەوە، هەروەها زیاتر لە ١٥ هەزار کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٢٩٠ کورسی پەرلەمان، ١٤٤ کاندیدیش کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٨٨ کورسییەکەی ئەنجومەنی شارەزایان. عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشداری پرۆسەکەی کرد و داوای لە خەڵک کرد بڕۆن دەنگ بدەن و گومانیان نەبێت بۆ دەنگدان. خامنەیی وتی "خەڵکی زۆر لە دونیا چاویان لە سەر ئەم هەڵبژاردنەیە، چ جەماوەر و چ کەسە سیاسییەکان و ئەوانەی خاوەن پێگە و پلەی سیاسین، هەمویان بە هەستیارییەوە چاو لەم هەڵبژاردنە ئەکەن و داوا لە خەڵک ئەکەم دوژمنەکان نائومێد بکەن و دۆستەکانمان خۆشحاڵ". لە چەند مانگی رابردوودا کەمپەینی خەڵک دژ بە هەڵبژاردن و بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان زۆر چالاک بوو، بەپێی پێشبینییەکان رێژەی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان ٣٠ ٪ تێناپەڕێنێت، بەپێی راپرسی دامەزراوەی گومان لە رۆژی پێنج شەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ بڵاوی کردەوە ئاستی بەشداری خەڵک لە ٪٢٦ بۆ ٪٣٠ دەبێت. بە پێی راپڕسی دوو دامەزراوەی " ئیسپا" و "ئێستاسیس"، چاوەڕوان دەکرێت لە ٪٢٨ بۆ ٪٣٤ خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن. لە چەند مانگی رابردوودا خامنەیی بە بێ ئاماژە بە ناڕەزایەتییەکان و سەرکوتی بەربڵاوی خەڵک، داوای لە خەڵک کردبوو بەشداری بەرچاویان هەبێت لە هەڵبژاردنەکان. رادیۆ فەردا لەم بارەوە نووسیویەتی "پێش بینی ئەکرێت ئاستی بەشداری خەڵک دوای خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ و دوای کوژرانی ژینای ئەمینی زۆر لە خوارەوە بێت. تەلەفزیۆنی "ئێران ئینتەرنەشناڵ" لە زاری ژمارەیەک لە خەڵک لە ناوخۆی ئێرانەوە ئەوەی بڵاوکردووەتەوە تا ئێستا خەڵک زۆر کەم ئامادەی چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام داوا لە خەڵک ئەکەن بە زووترین کات بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بەپێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "هەنگاو" بڵاوی کردووەتەوە، ئێوارەی پێنجشەممە ٢٩ی شوبات، کەرەمڵڵا عەزیزی، بەرپرسی زیندانی قزلحەساری کەرەج، لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان سەردانی زیندانییەکانی کردووەو پێی وتوون، هەموان پێویستە لە هەڵبژاردنەکەدا بەشداری بکەن، هەرکەس بەشداری نەکات ئەبێ چاوەڕوانی دەرئەنجامەکەی بێت. هەروەها لە زیندانی سنە بە هەمانشێوە هەڕەشە لە زیندانییەکان کراوە کە پێویستە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و پێیان وتوون ئەگەر بەشداری نەکەن لە هەڵبژاردنەکاندا لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان وەک تەلەفۆن کردن بۆ بنەماڵە، دیداری لەگەڵ بنەماڵە بێبەری دەکرێن. هەروەها بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تەلەفۆن کردن بۆ مامۆستاکان پێیان وتوون :" پێویستە بەشداری بکەن لە هەڵبژاردندا، تەنانەت ئەگەر دژی دەسەڵاتیش دەنگ بدەن، بەڵام ئەبێ هەر بەشداری بکەن و هەر مامۆستایەک بەشداری نەکات لە سەر کارەکەی دەر ئەکرێت". هەروەها بە پێی هەواڵی راگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگای ورمێ ٥٠ کەس دەستگیرکراون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاک بوون و خوازیاری بایکۆتی هەڵبژاردن بوون.
هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێک لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە کە کارمەندی یەکێک لە رێستۆرانتەکانی ئەو گەڕەکەیە. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ هەینی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ ئاگادارکراینەوە لە بوونی تەرمێک لە گەڕەکی بەختیاری تیمەکانمان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری". بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی کەوتوون، گەنجەکە تەمەنی ٢٣ ساڵە و بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە، ئەو گەنجە کارمەندی رێستۆرانتی دەنیزە لە گەڕەکی بەختیاری، پێشتریش خاوەنی ئەو رێستۆرانتە بە دەستڕێژی گولـلە لەبەردەم شوێنی کارەکەی کوژراوە.
هاوڵاتی سەرۆکی گرووپی حوسییەکان لە یەمەن ئاشکرایکرد لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ٥٤ کەشتییان کردووەتە ئامانج. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "ئەلعەربییە" بێت رۆژی پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ عەبدولمەلیک ئەلحوسی، سەرۆکی گروپی حوسییەکان لە یەمەن رایگەیاند "گرووپەکەی لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانیانەوە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە غەزە ٥٤ کەشتییان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج". ئاماژەی بەوەشکرد "لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا گروپەکەی ٣٨٤ هێرشى مووشەکى و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەنجامداوە"، هەروەها جەختیشی لەوەکردەوە هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و گەرووی باب ئەلمەندەب. سەرۆکی گرووپی حوسییەکان لە یەمەن لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەریان وتی "هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا کاریگەری لەسەر توانا سەربازییەکانی حوسییەکان نەبوو". حوسییەکان دەڵێن ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە خاوەندارێتی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانن یان کەلوپەل بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە، ئەمەش وەک هاوسۆزییەک بۆ کەرتی غەزە کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە هێرشی ئیسرائیلی لەسەرە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو تونێلەکە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دادەخرێت، ئاماژە بەوەشدەکرێت رێگە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر نادرێت شاخی بەرانان بەکاربهێنن. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دەربەندیخان رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی ئاوەڕۆی ناو تونێڵ تێکچووە و جاری پێشوو کە نۆژەنکرایەوە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر تونێلەکە داخرا ئەوەش وایکرد بە باشی وشک نەبێتەوە و دووبارە تێک بچێتەوە، هەر بۆیە ئێستا داوای داخستنی تونێلیان کردووە بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر تا بەشێوەیەکی باش نۆژەن بکرێتەوە و کارەکە سەرکەوتوو بێت". ئاماژە بەوەکراوە "هەربۆیە رۆژی شەممە لە (٨:٠٠)ی بەیانییەوە تا (٨:٠٠) بەیانی رۆژی یەکشەممە تونێل بەڕووی شۆفێراندا دادەخرێت، هەروەها رێگە بە هیچ بارهەڵگرێک نادرێت شاخی بەرانان بەکاربهێنێت و ئۆتۆمبێلی بچوکیش دەتوانن لە بەنداوی دەربەندیخانەوە هاتووچۆ بکەن".
هاوڵاتی مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات بە هاوکاری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد لە سلێمانی تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە دزی لە چەند مارکێتێک کردبوو. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "دوای ئەوەی خاوەنی چەند مارکێتێک سکاڵایان تۆمارکرد کە دزییان لێکراوەو پارەو کەلوپەلی جۆراوجۆریان لێدزراوە، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکرد و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات بە هاوکاری نووسینگەی ئیبراهیم ئەحمەد بدۆزرێتەوەو دەستگیربکرێت". ئاماژە بەوەکراوە "لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستیشگیرا بەسەر بڕێک لەو کەلوپەلانەی تۆمەتبار دزیبوی، هەروەها دەستیشگیرا بەسەر ئوتۆمبێلێکدا کە بە تۆمەتبار بووە و تاوانەکانی پێ ئەنجامداوە". لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی هاتووشە "لەئێستادا تۆمەتبار (ش، م، ع) لەدایکبووی 1989 بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لەیاسای سزادان راگیراوە و دانی بەوەدا ناوە کە دزی زیاتر لە 10 مارکێت کردووە".
هاوڵاتی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس کۆبووەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و سێس مێڵتن و دۆن بەیکن و براد وێنسترەپ و ئەماتا کۆلمەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەشدابوون. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، کۆنگرێسمان بەیکن بە ناوی ئەندامانی کۆنگرێسەوە، بەخێرهاتنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی لە گرنگیی پاراستنیی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە. مەسرور بارزانی سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی ئەمەریکای کرد و ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدرالی هەرێمی کوردستان کردەوە. لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بۆ سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، وتیشی رێز و پێزانینمان بۆ ئازایەتیی و قارەمانیێتی و خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان هەیە. گۆنگرێسمان مۆڵتن دووپاتی کردەوە کە ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ بەهێزبوونی هەرێمی کوردستانین.
هاوڵاتی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند هاتووچۆی گەشتیاران بۆ ئێران رادەگیرێت، بەڵام دواتر ئێران بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە. بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند "ئاگاداری سەرجەم ھاوڵاتییان و گەشتیارانی دەکەین لە کاتژمێر ١٢ی شەوی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٩ی ٢ی ٢٠٢٤ ھاتووچۆی گەشتیاری رادەگیرێت تاوەکو کاتژمێر ٧ی بەیانی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢ی ٣ی ٢٠٢٤، بەھۆی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران". بەڵام دواتر لە راگەیەندراوێکی دیکەدا بڵاویکردەوە "ئاگادارییەک لەبەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە بۆ سەرجەم هاوڵاتییان و گەشتیارانی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاگادارکراینەوە کە ئەو بڕیارەی پێشوو هەڵپەسێردراوە و هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی ئاسایی دەبێت و راناگیرێت و بەردەوام دەبێت لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ".
هاوڵاتی ئیدارەی پارێزگای کەرکوک نرخی گۆشتی سوور و مریشکی لە بازاڕەکاندا بۆ مانگی ئازاری ٢٠٢٤ دیاریکرد و گۆشتی مەڕ بۆ هەر کیلۆیەک 18 هەزار دینارە. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ ئیدارەی پارێزگای کەرکوک نووسراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نرخی گۆشتی سوور و مریشکی لە بازاڕەکانی شارەکە بۆ مانگی ئازاری ٢٠٢٤ دیاریکرد. وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، کیلۆیەک گۆشتی گوێرەکە بە ئێسکەوە نرخەکەی تەنها ١٤ هەزار دینار دەبێت، هەروەها کیلیۆیەک گۆشتی نەرمەی گوێرەکە نرخەکەی ١٦ هەزار دینار دەبێت، کیلۆیەک گۆشتی بەرخیش، نرخەکەی ١٨ هەزار دینار دەبێت. ئاماژە بەوەشکراوە، نرخی کیلۆیەک گۆشتی مریشک لە بازاڕەکانی کەرکوک بە سێ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ مانگی ئازار دیاریکراوە.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە بەردەم چێشتخانەی وەستا حەسەن هاوڵاتییەک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا کە پیشەی پزیشکە و خەڵکی باکووری کوردستانە. بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بڵاویانکردووەتەوە، ئەو کەسەی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لە سلێمانی کوژرا ناوی "عەبدولقادر سەبری تۆپراق"ە و خەڵکی باکووری کوردستانە و بەهۆی کێشەی سیاسییەوە ساڵانێکە رووی لە باشووری کوردستان کردووە. هەر بەپێی زانیارییەکانی میدیای پارتی کرێکارانی کوردستان، عەبدولقادر خەڵکی شاری بەدلیسی باکووری کوردستانە و ئەندامی هەدەپە بووە لە باکووری کوردستان و ساڵانێكە بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە رووی لە باشووری کوردستان کردووە و لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە سلێمانی کاری کردووە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ئەوەش ئاشکرا کراوە، چەندینجار لەلایەن دەزگای میتی تورکیاوە هەڕەشەی لێکراوە و ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا و لەئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی سلێمانییە.
هاوڵاتی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند، نیگەرانن لە پێشێلکارییەکانی ئازادی راگەیاندن لە هەرێم. دەشڵێت، "رێگریکردن لە رۆژنامەنووسان کاتی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ هەڵەبجە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوەیە". لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکاشدا هاتووە کە پشتیوانی لە جێبەجێکردنی تەواوەتی هەردوو یاسای کاری رۆژنامەنووسی و یاسای بەدەستهێانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان و لە توانای ئازادانە و سنووردارنەکراوی رۆژنامەنووسان بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان دەکات. ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە هەرێم بەشێوەی جیاواز تووشی رێگری و پێشێلکاری لە بەرامبەر بەجێهێنانی پیشەکەیاندا دەبنەوە، لەسەر ئەو پرسەش رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی دەرەوە چەندین جار هۆشداری توندیان داوەتە بەرپرسانی هەرێم. دەقی ڕاگەیاندنەکەی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا: نیگەرانین بە بیستنی هەواڵی پێشێلکاریەکانی ئەم دواییەی سەر ئازادیی ڕاگەیاندن، لەوانە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لە شاری دهۆک لە هەفتەی ڕابردوودا و هەروەها ڕێگریکردن لە ڕووماڵی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە کاتی سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیران بۆ هەڵەبجە، کەوا دەردەکەوێت بە پاڵنەری سیاسی کرابێت. کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا پشتیوانی لە جێبەجێکردنی تەواوەتی هەردوو یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی و یاسای بەدەستهێانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لە توانای ئازادانە و سنوردارنەکراوی ڕۆژنامەنوسان بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان دەکات.
هاوڵاتی لە رووداوێکی تەقەکردندا لەسەر شەقامی چوارتا لە ناوشاری سلێمانی بەردەم چێشتخانەکەی وەستا حەسەن، کەسێک گیانی لەدەستدا. بەپێی زانیارییەکانیش، تەقەکەرەکە هەڵاتووە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتی لە شوێنی ڕوداوەکە ئەو کەسەی کوژراوە تەمەنی لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵ بووە و بە ڕەگەز تورکە هاوکات بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە فیشەک کوژراوە. هەروەها لە ئێستادا تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی داد و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، وتا ئێستا تاوانباری ڕوداوەکە دەستگیر نەکراوە .
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، خوێندکارانی خوێندنی عەرەبی و کەسوکاریان لە هەولێر و دهۆک، دژی بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتی پەروەردەکانی عێراق لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گردبوونەوە. لەم بارەیەوە ئەسعەد سلێمان حەسەن، نوێنەری خوپێشاندەرانە لە دهۆک به هاوڵاتی وت" گردبوونەوەی ئەمرۆمان لەسەر بڕیارێکی حکومەتی عیراقە ، عیراق بڕیاری داوە لە1ی مانگی ئابی ئەم ساڵ سەرجەم نوێنەراتییەکانی خوی لە هەرێمی کوردستان دابخات، بەپێی بڕیارەکە سەرجەم خوێندکاران و مامۆستا و فەرمانبەران دەبێت بچنەوە شوێنەکانی خۆیان و لەوێ دەوام بکەن". وتیشی ،" جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئەوە دەگەیەنێت کە حکومەتی عیراق دەیەوێت بە زۆر ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە بۆ زێدی خۆیان ئەوەش بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین" لە پارێزگای دهۆک 54هەزار خوێندکاری بەشی عەرەبی هەن کەدابەش بوونە بەسەر 137خوێندنگا. ئەسعەد سلێمان باسی لەوەشکرد کە ناوچەکانیان ئاوەدان نەکراوەتەوەو دەیان کێشەی خزمەتگوزارییان هەیە بۆیە ناتواننن و نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆی هاوکات جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە "ستەمکردن" لە ئاوارەکان وەسف دەکات.
