هاوڵاتی بەهۆی باران بارین و سەرمای چەند رۆژی رابردووەوە جوتیارانی سنووری قەزای بەردەڕەش تووشی زیانبوون و بەشێکی بەرهەمەکانیان لەناوچوون. کۆسرەت فەیسەڵ، جوتیار لە گوندی دولێجانی کەتو لە سنووری قەزای بەردەڕەش بە هاوڵاتی راگەیاند "ساڵانە بەرهەمی گەنم و جۆ و پەتاتەم هەیە، ئەمساڵ بەهۆی باران بارینی زۆر و ئەو سەرمایەی چەند رۆژی رابردوو هەرێمی کوردستانی گرتەوە بەرهەمەکانم زیانیان بەرکەوتووە". ئاماژەی بەوەشکرد "بەشێکی زۆری جوتیارانی ئەو سنوورە بەرهەمی پەتاتەیان لەناوچووە، هەروەها بەگشتی لەو سنوورە نزیکەی هەشت هەزار تۆن پەتاتە لەناوچوون، ئەمەش وادەکات بەرهەمی پەتاتەی بەردەڕەش ئەمساڵ کەمتربێت بەراورد بە ساڵەکانی دیکە". لە قەزای بەردەڕەش کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆکەوە نزیکەی ٢٠ هەزار دۆنم زەوی بۆ چاندنی پەتاتە تەرخانکراوە.
هاوڵاتی لیژنهی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان لە سلێمانی کۆبووەوە و نرخیان بۆ مانگی شوباتی 2024 دیاریکرد، هەروەها بڕیارە لە مانگی رەمەزاندا خشتەی کارپێکردنی پێدانی کارەبای موەلیدەکان بگۆڕێت. بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ئهمڕۆ یهكشهممه 3/3/2024 لیژنهی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان کۆبوونەوە و بهپێی نرخی سوتهمهنی له بازاڕهكاندا نرخی ههر كاتژمێرێك بۆ یهك ئهمپێر (41) دینارە، بهمهش نرخی یهك ئهمپێر كارهبای موهلیدهی ئههلی له ناو شاری سلێمانی لهنێوان (12.000) بۆ (13.000) دیناردایه، بەو پێیەى موەلیدەکان لە نێوان (285 بۆ 320) کاتژمێر کاریان کردوە، بههۆی جیاوازی كارکردنیان، نرخی ئهمپێرێك كارهبای موهلیدهی گهڕهكێك بۆ گهڕهكێكی دیكه جیاواز دهبێت. ئاماژە بەوەکراوە، هەهەندێک شوێن بەرنامەى کارکردنى موەلیدەکانیان لە (7)ى بەیانى بۆ (1)ى شەوە، نرخى ئەمپێریان (16.000 بۆ 17.000 ) دینارە، ئەو موەلیدانەش کە کارکردنیان 24 کاتژمێرییە نرخى ئەمپێریان (20.000) دینارە. ئاماژە بەوەشکراوە، خشتهی كارپێكردنی موهلیده بۆ مانگى (ئازار) تا 10/3/2024 لەنێوان 1ى پاشنیوەڕۆ تا 1ى شەو ئەگەر کارەباى نیشتمانى کوژایەوە کار دەکەن، بەیانیانیش لەکاتژمێر :6:30 تا 8:00 ى بەیانى کاردەکەن، له مانگی رهمهزانی پیرۆزدا خشتهی كاركردنیان دهگۆڕێت، هەروەها رۆژانى هەینى و شەممە و پشووە فەرمییەکان بەیانیان کارناکەن لەبرى ئەوە کاتژمێر 11ى پێشنیوەڕى بۆ 1ى شەو کاردەکەن.
هاوڵاتی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا، ئەمرۆ یەکشەممە 3/2/2024، لە سەر پەرەی فەرمی خۆی لە پێگەی ئێکس رایگەیاند ، کەشتی "روبیمار"ی بەریتانی کە لە 18 شوباتی 2024 دا لە دەریای سوور لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بە مووشەکێکی بالیستی بە ئامانج گیرا بوو، ژێرئاو کەوتووە. هەر لە راگەیاندنەکەدا هاتووە کە، کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە هەڵگری نزیکەی 21 هەزار تۆن مەتری لە پەینی ئامۆنیۆم سۆلفات بووە کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی لە دەریای سووردا دروست دەکات. هەروەها ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا هۆشداری لە بەرکەوتنی کەشتییەکانی ناو دەریای سوور لەگەڵ کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە داوە. لەلایەن خۆیەوە حکومەتی یەمەن رایگەیاند، دوابەدوای بە ئامنج گرتنی کەشتییەکە لەلەیەن حوسییەکانەوە ،حکومەت شانەیەکی قەیرانی بۆ مەترسییەکانی ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکە پیکهێنا ، بەڵام کە گوێی لە داواکاری و بەدواداچوونەکانی شانەکە نەگرت و بۆ ماوەی زیاتر لە 12 رۆژ کەس نەچوو بە لای کەشتییەکەدا و دواجار ژێرئاوکەوتنی ئەو کەشتییە ، مەترسییەکی راستەقینەی لە دەریای سوور درووست کرد. لەلایەن خۆیشیانەوە حوسییەکانی یەمەن بە تووندی ئەو تۆمەتانەیان رەت کردەوە کە باسیان لە دووبارە بە ئامانج گرتنی کەشتییە پێکراوە بەریتانییەکەی دەکرد لەلایەن گروپەکەیانەوە و هەر لەم بارەیەوە "تۆفیق حەمیری" راوێژکاری وەزارەتی راگەیاندن ی سەر بە حوسییەکان وتی: "رەنگە لایەنێکی سێیەم هەستا بێت بەو کارە و بە دیاریکراویس رەنگە ئەمریکا ئەم کارەی کردبێت". هەروەها "حەمیری " ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە پێشنیازێکی حوسییەکان رازی نەبووە کە لەبەرامبەر گەیاندنی یارمەتی بە کەرتی غەزە ، ئەوا ئەمانیش رێگەدەدەن کە پاشماوەی کەشتیەکە لە دەریای سوور دوور بخەنەوە. جێی ئاماژەیە دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە، هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی کە بە دەریای سووردا تێدەپەرن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەو گروپە رایانگەیاندووە ، تا وستانی جەنگ لە کەرتی غەزە لە هێرش و پەلامارەکانیان بەردەوام دەبن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ جارێکی دیکە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە لەبارەی پرسی دانانی پارێزگارێک بۆ ئەو شارە. پەروین فاتیح، ئەندامی سەرکەوتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە هاوڵاتی راگەیاند "دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لایەنە براوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دیاریکردبوو، ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی ئازاری ٢٠٢٣ جارێکی دیکە کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن". ئاماژەی بەوەشکرد "کۆبوونەوەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ کەسی یەکەمی حزبە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەو و لایەنەکان ئەو بەرنامە و بووچوونانەی ئامادەیان کردووە بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک و دابەشکردنی پۆستەکان پێشکەشی سەرۆک وەزیرانی دەکەن هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت". پەروین فاتیح وتی "رەنگە ئەمڕۆ لەو کۆبوونەوەیەدا لایەنەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق رێکبکەون و دواتر وادەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دیاریبکرێت". رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک کۆبووەوە و بڕیاردرا بە پێکهێنانی هاوپەیمانى ئیدارەدانى کەرکوک کە بەشێوەیەکى راستەوخۆ لەلایەن خودى سودانییەوە چاودێرى دەکرێت.
هاوڵاتی بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئێران کورد لە شاری ورمێ زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمانی بەدەست هێنا و ژمارەیەک لە چالاکوانانی سیاسیش دەڵێن دەسەڵات دەیەویت شەڕی کورد- تورک لەو شارە دروست بکات. رۆژی هەینی ١٢ هەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئەنجومەنی ئیسلامی و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی شارەزایانی رێبەری لە ئێران بەڕێوەچوو. بە پێی ئەنجامە بەراییەکان کە حکوومەت رایگەیاندووە لە سەدا ٤٠ی خەڵکی ئێران بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە. هاوکات زۆرترین رێژەی بەشداری کورد لە شاری ورمێ بووە. شاری ورمێ دوای کرماشان گەورەترین شاری کورد نشینە، و جگە لە کورد کەمینەیتری وەک ئەرمەنی لەم شارە نیشتەجێن. ورمێ ٣ نوێنەری هەیە لە پەرلەمانی ئێران، ساڵانی پێشتر نوێنەرەکان هەموویان تورک ئەبوون یان ئەوەی ژمارەی نوێنەرە تورکەکان زیاتر ئەبوو لە کوردەکان، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دوا بە دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان لە شاری ورمی، دەرکەوت لە ٣ نوێنەرەکە ٢ نوێنەری ئەو شارە کوردە و ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی کوردی شاری ورمێ بڕژێنە سەر شەقام و خۆشحاڵی خۆیان دەرببڕن. لەم بارەیەوە ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و میدیایش بە گومانەوە لەم دەرئەنجامەیان روانیوەو بۆ ئەوەیان گێڕاوەتەوە دەسەڵات دەیەویت شەڕی کورد- تورک لەو شارە دروست بکات. ئاگری ئیسماعیل نژاد رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دانیشتووی ورمێ بە گومانەوە لەم دەرئەنجامە ئەڕوانێت و نووسیویەتی :" کورد ئەبێ وریا بێت و نابێ فریوی ئەم پیلانگێڕییە بخوات". رۆژنامەنووسە تورکەکان باس لەوە ئەکەن زۆربەی تورک و ئازەرییەکانی ئەو شارە هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردووە. رۆژنامەنووسێکی تورکی خەڵکی ورمێ و دانیشتووی ئیستانبووڵ بەناو "مەتین" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی x نووسیویەتی :" بەشی زۆری ئازەرییەکانی ورمێ ئامادە نەبوون بەشدار بن ، کوردەکان چوون دەنگیان دا. ئەو نوێنەرانە بۆ ئێوە." لەم هەڵبژاردنەدا لە پارێزگای سنە لەسەدا٢٥ی خەڵک بەشداریان کردووە، هاوکات ئەم رێژەیە لای بەشێکی زۆر لەچاودێرانی سیاسی جێگەی گومانە و لایان وایە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان زۆر کەمتر بووە لەوەی راگەیەندراوەو تەنانەت لە پارێزگای سنە لایان وایە بەشداری خەڵک ژیر ١٠٪ بووە.
هاوڵآتی رێباز حهملان یاریدهدهری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان ڕایگەیاند سبەینێ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچە و داتای تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەنێرێت. رێباز حهملان یاریدهدهری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی كوردستان24 رایگهیاند، لیستی موچهی سهرجهم موچهخۆرانی ههرێم بۆ مانگی (شوبات/2)ی 2024 ئامادهكراوه و سبهینێ وهزارهتی دارایی حكومهتی ههرێم بۆ بهغدا رهوانهی دهكات وبەغدا " ئهو بیانوهشیان ههیه با نهمێنێت". باسی لهوهشكردوە، "چاودێری دارایی عێراق و ههرێم بههاوبهشی شهش بۆ حهوت مانگه پێداچونهوه بهلیستی موچهخۆرانی ههرێم دهكهن، ههر رۆژه و بیانویهك دهدۆزنهوه موچهی خهڵكی كوردستان دوابخهن، دهیانهوێت بارێكی نائارام بخهنه ناو خهڵكی كوردستانهوه، ئهوه لیستیشیان بۆ دهنێرین، ههموان بهشایهد بن بهغدا عوزرێكی دیكه دهدۆزێتهوه". لە لێدوانەکەدا باس لە قەوارەی هەرێم دەکات و دەڵێت، بەغدا نییەتی نییە هەرێمی کوردستان بمێنێت، هەروەها نییەتی نییە مووچەی بۆ بنێرێت و هەر رۆژە و بیانوێک بەو هەرێمە دەگرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو هەینی وەزارەتی دارایی ئابوری هەرێمی کوردستان بە نوسراوێک داوای لە وەزارەتەکان کرد لیستی موچەی مانگی (شوبات/2) ئامادە بکەن، بە مەبەستی ناردنی بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەر بە وەزارەتی دارایی عێراق.
هاوڵاتی بهرپرسێكی ئهمریكی ئهمڕۆ شهممه ڕایگهیاند، ئیسرائیل مهرجهكانی گرێبهستێکی پێشنیاركراوی قبوڵكردوه بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە بۆ ماوەی شەش هەفتە بەڵآم هێشتا حەماس وەڵآمی کۆتای نەداوەتەوە و مەرجەکانی بەدڵ نییە. ئاژانسی سکای نیوس لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بە مەرجی گرێبەستێکی پێشنیارکراو ڕازیبووە کە بە نێوەندگیری قەتەر و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە دانراوە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی شەش هەفتە و ڕێگەدان بە چونە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە. وتیشی یەکێک لە مەرجەکان ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانە لەلایەن حەماسەوە بەڵام ئەو هێزە هێشتا ڕازینەبوون و وەڵآمی کۆتایییان نەداوەتەوە. ئاماژهی بهوهشكرد، ئهم ڕێككهوتنه لهسهر مێزه، گفتوگۆكان لهگهڵ بزوتنهوهی حهماس له قهتهر بهردهوامن و هیوادارین تا مانگی ڕهمهزان بتوانین بگهینه ڕێككهوتن به ههمو شتێك كه له تواناماندا بێت". ئەو کاربەدەستە ئەمەریکییە باسی لەوەشکردوە کە لەم بارەیەوە ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک کۆبوونەوەی لە ئیسرائیل و کۆبوونەوەیەکی لە پاریس ئەنجامداوە هاوکات ئەمڕۆ شەمەش کۆبوونەوەکان لە دۆحه ی قەتەر بەردەوامبوون. هێرش و پەلامارە بەردەوامەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر دانیشتوانی كەرتی غەزە (148) رۆژی تێپەڕاندوە كە بەهۆیەوە نزیكەی (102) هەزار قوربانی لێكەوتەوەتەوە كە ژمارەیەك لە قوربانیان لە ژێر تەلار و باڵەخانە روخاوەكاندان و ئیسرائیل رێگری لە بەهاناوە چونیان دەكات. تەندروستی غەززە ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە، كۆی ژمارەی گیان لە دەستدان لە (7ـی تشرینی یەكەمی 2023) تا ئێستا گەیشتوەتە (30) هەزار و (320) كەس، هەروەها ژمارەی بریندارەكان (71) هەزار و (533) كەسی تێپەڕاندوە كە ژمارەیەكی زۆری قوربانیان ژن و منداڵن.
هاوڵاتی بانکەکانی رافیدەین و رەشید رێکارەکانیان بۆ کردنەوەی لقی بانکی لە ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن بەمەبەستى دەستکردن بە کردنەوەى هەژمارى بانکیى بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان . بە گوێرەی زانیارییەکان لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەچەند رۆژی رابردوودا هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید رێکارەکانی کردنەوەی لقێکی بانکەکەیان لە شاری ھەولێر دەستپێکردووە و لەئێستاشدا سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانن بۆ کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی بە میدیای یەکێتی وتووە ، بانکەکانى رەشید و رافیدەین باڵەخانەیان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەیە، بەڵام بەهۆى ئەوەى بانکە حکومییەکان تێیاندا جێگیرکراوە ناتوانن بگەڕێنەوە ئەو بانکانە، ئەگەرچى هەردوو بانکەکە بەفەرمى داواى باڵەخانەکانیان کردووە. سەرچاوەکە وتیشى، هەردوو بانکەکە رەزامەندییان دەربڕیوە نووسینگە لە هەرێمى کوردستان بکەنەوە بۆ کردنەوەى هەژمارى بانکیى بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەڵوێستى خۆى لەوبارەیەوە دەرنەبڕیوە. ئەمەشدوای ئەوەهات لە رۆژى 21ـى شوباتى 2024، دادگاى فیدراڵى عێراق بریاریدا بە پابەندکردنى حکومەتى فیدراڵ بە دابینکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان،داواشی کرد هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بکرێت بە مەبەستی پێدانی مووچەکانیان لە لایەن عێراقەوە و ڕاشیگەیاند ئەو بنکانەی دەتوانن بەشدار بن تەنها بانکی حکومین.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی ئاسایشی ههولێر دهستگیركردنی دوو بازرگانی ماددهی هۆشبهر و دهستبهسهرداگرتنی بڕی (٥) کیلۆگرام له ماددهی هۆشبهری راگهیاند. بەڕێوەبەرايەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بازگەکانی ئاسایش رۆژی 2-3-2024 دەستیان بەسەر پێنج کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گرتووە و دوو بازرگان دەستگیرکراون. بەڕێوەبەرايەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە، ماوەیەكی زۆر بو لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە بەدوای ئەم دو تۆمەتبارەوە بون. باسی لەوەشکردووە کە ئەوانەی دەستگیرکراون یەکێک بوون لەو سەرچاوانەی "مادەی هۆشبەریان دەگەیاندە ناو شاری هەولێر و لەوێش ساغیان دەکردەوە و گەنج و لاوی کوردیان بەهۆیەوە بەلاڕێدا دەبرد."
هاوڵاتی ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزى کۆڕبەندى دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بە میدیاکانی ڕاگەیاند لەگەڵ تورکیا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەکە لەسەر ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا وەستاوە. فەلاح مستەفا، راوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان،ئەمڕۆ شەممە لە پەراوێزى کۆڕبەندى دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بە میدیاکانی راگەیاند، هەر کاتێک هەولێر و بەغداد گەیشتنە رێککەوتنى کۆتایی، تورکیا ئامادەیە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان". وتیشى "کۆنووسێکى هاوبەش ئامادەکراوە و لە بەغدادە، هەر کاتێک پەسەند کرا، هەناردەکردنەوەى نەوت دەستپێدەکاتەوە". بەوتەی فەلاح مستەفا لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا، ولە کۆبونەوەکەید لەگەڵ سەرۆکی تورکیا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕێککەوتون. هاوکات سەبارەت بە دەستپێکردنەوەى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى بۆ تورکیا، و سەردانکردنی ئەردۆغان بۆ عێراق ئەو ڕاوێژکارە ڕایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنى پرسی فڕۆکەخانەکە و وتیشی، لەپاش هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات. رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیرا.هاوکات رۆژی 3ـی نیسانی 2023 ، هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاینز گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی راگرت، پاشان تورکیاش بڕیاریدا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات کە بیەوێت گەشت بۆ سلێمانی بکات.
هاەوڵاتی رۆژێک دوای هەڵبژاردنەکانی ئێران کە هەواڵەکان باس لە بەشداری کەمی خەڵک دەکەن لەم هەڵبژاردنەدا، هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕی تاران شەش هەزار تمەنی تێپەڕاند. بەپێی راپۆرتێک کە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، هەر دۆلارێک بە زیاتر لە ٦٠ هەزار تمەن، یۆرۆ بە ٦٥ هەزار تمەن و پاوەنی ئینگلتەرا بە ٧٦ هەزار تمەن مامەڵەیان پێوە کراوە. چوونە سەرەوەی نرخی دۆلار و دراوەکانی تر لە رۆژەکانی رابردوودا لە بازاڕی ئێران بە شێوەی جیاواز لە لایەن کاسبکاران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باسی لێوە کراوە. تمەنی ئێرانی لەئێستادا یەکێک لە بێ بەهاترین دراوەکانە لە جیهاندا بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان، هەروەها سیاسەتەکانی ئێران کە دژی رۆژئاوا وەستاوەتەوە رۆژ لەگەڵ رۆژ نرخی تمەنی ئێرانی روو لە دابەزینە. دەوڵەت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی بازاڕ دەستی کردووە بە چاپی بێ پشتیوانی پارە و ئەمەش بووە بە هۆی هەڵئاوسانی ئابووری . لە ئێستادا بە پێی ئامارە حکومەییەکان هەڵئاوسانی ئابووری نزکی لە ٪٥٤، ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی ئامارە جیاوازەکان نرخی هەڵئاوسان لە ئێران سەرووی لە ٦٠ ٪ ە. دوێنێ هەینی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی ١٢هەمین خولی پەرلەمان و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران ئەنجامدرا.
هاوڵاتی ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتاییهات کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە دیاریکرا بۆ مانەوەى کەرکوک بێ پۆستى پارێزگار. رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک کۆبووەوە و بڕیاردرا بە پێکهێنانی هاوپەیمانى ئیدارەدانى کەرکوک کە بەشێوەیەکى راستەوخۆ لەلایەن خودى سودانییەوە چاودێرى دەکرێت. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ماوەی ١٠ رۆژی بۆ لایەنەکان دیاریکرد تاوەکو پلان و نەخشەڕێگەی ئیدارەدانى کەرکوک بەپێى روئیاى خۆیان دیاریبکەن و بە نووسراو بیدەنە سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتایی هات. بڕیاریشە سبەینێ یەکشەممە ٣ی ئازاری ٢٠٢٤ دووبارە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنەکان کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی پارێزگاری کەرکوک و بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو شەش کەس برینداربوون و هێزە ئەمنییەکان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە. میدیا عیراقییەکان لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ شەممە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤ بۆمبێکی چێندراو لە نزیک زیندانی ئەبوغرێب لە رۆژئاوای بەغدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا شەش کەس برینداربوون. ئاماژە بەوەشکراوە، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، هاوکات هێزێکی ئەمنی چوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر و زانینی هۆکاری تەقینەوەکە.
هاوڵاتی ئەمرۆ بەئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی و نیشتەجێکردنی حکومەتی عیراق، نەخۆشخانەی شێرپەنجە و چاندنی مۆخی مێشک بۆ منداڵان کرایەوە. ئەم نەخۆشخانەیە لە 2019 پارەی بۆ دابینکراوە، بەهۆی کۆرۆنا و چەند پرسێکی تر دواکەوت، ئەمە دەبێتە یەکەم نەخۆشخانەی تایبەت شێرپەنجە لە شاری دهۆک، پێشتر بۆ وەرگرتنی چارەسەری و چاندنی مۆخی مێشک تووشبووان سەرەدانی شارەکانی تر هەرێم و دەرەوە یان دەکرد. تابان فازڵ، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک بە هاوڵاتی وت "ئەم نەخۆشخانەیە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی عێراق دروستکراوە، ئەمرۆ بینایەکە رادەستی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک کرا، بیناکە لە پێنج قات پێکهاتووە، چارەسەری منداڵانی توشبووی شێرپەنجە دەکرێت لەگەڵ چاندنی مۆخی مێشک". کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئاماری تەندروستی دهۆک تەنیا لەساڵی 2023 دا 59 منداڵ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، هاوکات ساڵانە 50 بۆ 60 منداڵ تووشی شێرپەنجە دەبن، هەروەها لە 2011 تا 2023 لە دهۆک 431 منداڵ تووشی شێرپەنجە بوون. تابان فازڵ دەشڵێت "قوناغی دووەمی نەخۆشخانەکە دابینکردنی ئامێری پێویستە بۆ نەخۆشخانەکە، هەروەها لە بەرنامەدایە ژمارەیەک پزیشکی ئێمە سەرەدانی ئیتاڵیا بکەن ئەوەش بۆ وەرگرتنی خولی تایبەت بە چاندنی مۆخی مێشک و نەخۆشی شێرپەنجە بە گشتی".
هاوڵاتی کەشناسی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە سبەی پروشکە باران دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی کەم دەبارێت. بە پێی راگەیاندنی کەشناسی هەرێم ئەمڕۆ شەممە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤ کەشی ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێ پەڵە هەوری جیا جیا، پلەکانی گەرما نزیک دەبێت لە تۆمارکراوی دوێنێ و خێرای با / لەسەرخۆ دەبێت (٥ – ١٥) کم/س. بەپێی راگەیەندراوەکەی کەشناسی سبەی یەکشەممە ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارینی پروشکە باران لە هەندێ کات، لە رۆژهەڵاتی هەرێم رێژەی بارانبارین زیاترە لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لە هەندێک ناوچە شاخاویە سنورییەکان. کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە کە پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی ئەمرۆ و خێرای با مامناوەند دەبێت ( ١٠– ٢٠)کم/س. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: ١٧ سلێمانی : ١٥ دهۆک : ١٦ کەرکوک : ١٨ هەڵەبجە : ١٦ زاخۆ : ١٧ سۆران : ١٦ حاجی ئۆمەران : ٧ گەرمیان :٢٢
